كامەران وریا قانع لهم ماوهی دوایدا برادهرانی بهغدا له فراكسیۆنی گۆڕان زۆر رۆمانسیانه دور له بهرپرسیارهتی تهماشای كێشهكانی كوردستان دهكهن. كشانهوهی بزووتنهوهی گۆڕان له حكومهتی ههرێمیان كردوه به گهورهترین خاڵ،گوایه تاوانێكی گهورهیه بهردهوام بوون لهو حكومهته. ئهم برادهرانه له بیریان چوو خۆشیان بهشداری پهرلهمانێك بوون كه ئهندامانی پارتی و یهكیهتی به ئهندامی ئهلكترۆنی ناسراون له ئهنجامی تهزویرێكی گهوره، واته ئهوانیش بهشدار بوون له دهزگایهك كه ئهساسهكهی پڕ دزی و گزی و درۆ وگهندهڵیه .ئیتر ئهم ههراج كردنهی ههڵوێست له پای چی؟ ههر ئهم برادهرانه بوون له درهنگانه شهوێ به فرۆكهكهی كابرای بارزانی بهرهو بهغدا فڕین. له چ شوێنكی دنیا و له چ هێزیكی سیاسی بینراوه ئهندامێك به سهرۆكهكهی و مهكهتب سیاسیهكهی بڵێت تۆ دهست له كار بكێشهوه منیش دهست له كار دهكێشمهوه، ئهمه گاڵته كردنه به ههموو پێوهرێك. ئهم برادهرانه تهنها داواكاریان كشانهوهیه له حكومهتی ههرێم، باشه بۆ ویژدان كامیان زیاتر گۆڕانی ئازار داوه، بهشداری گۆڕان له كامیان زیاتر كارتۆنیه له حكومهتی ههرێم یان حكومهتی خۆجێیهتی سلێمانی، ئهی بۆچی باسی كشانهوه له حكومهتی خۆجیهتی سلێمانی و دهوربهری ناكهن؟ بهردهوام بوون له كامیان سوكایهتیه به بزووتنهوهكه؟، كه بهرێوهبهری خاڵه سنوری گۆڕان بێت و پارێزگا و قائیقام گۆڕان بێ بهبهرچاوهیه مهوادی قاچاغ وئێكسپایهر به زهبری چهك بێنیته ژورهو حساب بۆ كهس نهكهیت، داهاتی گومرگهكان زۆربهی ون بێت ، یاخود له كابینهی حكومهتی ههرێم وهزیرێكت ههبێت .كه بههۆی قهیرانی داراییهوه (ههرچهنده قهیرانێكی دروست كراوه) سهدا ههفتاو نۆی موچه دابهش بكات. رووبكهینهوه شهقام، ئهمه دوا رستهی ئهم برادهرانهیه ، جارێك شهقام چهمكێكی زۆر فێڵاویه ، ههروهها شهقام ئهركی خۆی جێبهجێكرد و دووجار بزووتنهوهكهی كرده دوهم هێزی سیاسی له كوردستان . بزووتنهوهكهش ههموو رێگاكانی گۆرینی سیستمهكهی تاقی كردوه ههر له خهباتی پهرلهمانی بۆ میدیایهكی رهخنه گری قورس تاكو بهشدار بوو له حكومهت ههموویان ههمان ئهنجامیان ههبوو ئهویش به هێز بوونی نهیارهكانی و لاواز بوونی خۆی. لاواز بوونی بزووتنهوهكه چهندین هۆكاری ههیه كه لێرهدا جێگای باس نیه، كه به بۆچونی من بهشدار بوون له حكومهتی ههرێم یهكێكه له هۆكارهكان ، بهڵام هۆكارێكی لاوازه. ئهگهر رۆژێك كشانهوه بوو به بریاری بزووتنهوهكه با كشانهوه له ههردوو حكومهتهكه بێت له حكومهتی ههرێم و خۆجێیهتی سلێمانی ههروهها له پرۆسهی سیاسی له كوردستان و عێراق .ئهوكات بزانین دوای ئهوه چی دهبێت؟
سوارە سەدوبیستی ئەردۆغان تا دێت پەیوەندیەکانی ئاڵۆزتر دەکات و ئەمریکاش بێزاربوە لەوەی وەک جاران مامەلەی لەگەل بکات. لە سەرەتای پرۆسەی ڕوخانی سەدامەوە ، ئەمریکا بەردەوام ڕێگەی داوە تورکیا سەرکێشی بکات لە عێراق و ناوچەکە ، بەس گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی کە ئەوەی ڕێگرە لەبەردەم پلان و ستراتیژی ئەمریکا لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە ، تورکیایە. تورکیا لە کاتی لێدانی سەدام ڕیگربوو بۆ لیدانی عیراق لە بنکەکانی ئەنجەرلیکەوە، گرتنی قەشەکە و فشارکردن لە ئەمریکا، هاندانی خەڵکی فەلەستین و کێشە دروستکردن بۆ ئیسرائیل ڕیگریکردن لە ڕێکەوتی نیوان فەلەستین و ئیسرائیلدا، سنور بەزاندنی خاکی ئەو وڵاتانەی کە دۆست و هاوپەیمانی ئەمریکان وەک میسرو یونان و سعودییە، ئەمانەش بۆ ئەوروپاو ئەمریکاش ھێڵی سورن. دەست خستنە ناو شوڕشی سوریاو کلک گرێدانی لەگەڵ ئیران ڕوسیادا بەزاندنی سەروەری عیراق و سوریا، لەشکر کیشی بۆ ناو ڕۆژئاواو هەریمی کوردستان کە بە پێگەیەکی بەهیزی ئەمریکا لەناوچەکەدا ئەژمار ئەکریت، کردنی مۆزەخانەی سوڤیا بەمزگەوت و توڕەکردنی رۆژئاوایەکان بەو کردوە. ئەردۆغان ئەیەوێت چی بە ئەمریکا بڵین؟! دەیەویت وەک حەریفی دووەمی ئەمەریکا خۆی ئەژمار بکات تۆ لە غرب حاکمی موتلەقی منیش لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دونیایی ئیسلامی خەلیفە و خەلافەتی یەکەمم، ئەمریکا لەڕیگای هاوپەیمانەکانی وەک ئەورپا و ووڵاتە عەرەبیەکان ، هۆشداریدایە ئەردۆغاندا وەک ئینقلابەکەی ساڵی 2016 جوڵاندنی حەرەکە سیاسیەکانی ناوخوی تورکیا و گولەن بە ترساندنی ئەردۆغان لەدەستدانی دەسەڵاتی خەڵافەتەکەی، بە دەست تێوەردانی ناو کاروباری ناوخۆی تورکیا. ڕۆخاندنی دارایی و ئیفلاس بوونی بانکە گەورەکانی ناوخۆی تورکیا، داڕوخانی لیرەی تورکی لە ئاست دۆلاردا، ڕیگری کردن لە بازرگانی نەوت لە نێوان ئێران و تورکیا. بە بۆ چۆنی من پاشە کشێ کردنی تورکیا لە حەفتانینن یەکەم گەیاندنی زیانیکی زۆر لەلایەن گەریلاوە بە هیزی سەربازی توریکا و بێ توانابوونی تورکیا لە ڕووی ئابوری و لۆجیستەووە، هاتنی ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا بۆ عیراق ڕێک پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە لەشکرکیشی و ئابوری تورکیا و هەریمی کوردستانەوە هەبوو بەتایبەتی نەوت و غاز، چوونی سەرۆکی هەرێم بۆ تورکیا بەدوو ڕۆژ دوای هاتنی ماکرۆن ترسی لە دەستدانی ئەو ڕیکەوتنە پەنجا ساڵەیەی نیوان توریکا و هەریمی کوردستان بوو کە نچیرڤان بارزانی ئەندازیاری ئەو ڕیکەوتنەیە، پاشان تەسلیم کردنەوەی بە حکومەتی ناوەندەووە.
هیوا سەید سەلیم لە دوو مانگی ڕابردوو هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنی سوپای توركیا لە ناوچەكانی حەفتانین دەوڵەتی توركیا چەندین ئۆپراسیۆنی دیكەی سەربازی و سیاسی لە ناوچە جیاجیاكانی جیهان لە لیبیاوە بگرە تا ئەرمینیا و دەریای ناوەڕاست پێشتریش لە سوریا و رۆژئاوایی كوردستان دەستپێكردبوو. حكومەتەكەی ئەردۆغان لە لیبیا بە پشتیوانیكردنی لە هێزەكانی فائیز سەراج و ڕەوانەكردنی چەندین جۆر لە میلیشیای سەربازی كە پێكهاتبوون لە پاشماوەی هێزە تیرۆرستیەكان لە سوریاو پشتیوانی لۆجستی بۆیان ڕووبەڕووی ناڕەزایی توندی ناوخۆیی لیبیا و وڵاتانی دیكەی ناوچەكە و هێزە نێودەوڵەتیەكان بوویەوە، بە جۆرێك ئەگەر توركیا لە هەڵوێستی ناردنی هێزی زیاتر پەشیمان نەبایەوە، زۆر نزیك بوو شەڕ لە نێوان توركیا و میسڕ دروست بێت. لە لایەكی دیكەوە توركیا ئێستا لە دەریای ناوەڕاست لەنێو شەڕێكی ناڕاستەوخۆدایە، نمایشی سەربازی دوو بەرەی ناكۆك ئەگەری زۆری ئاڵۆزبوونی زیاتری ناوچەكەی لە نێوانی یۆنان بە پشتیوانی وڵاتانی ئەوڕپا بە گشتی و فەرەنسا بە تایبەتی، و توركیا و قوبڕسی توركی لێدەكرێت. جگە لەو قەیرانانە كە توركیا لە ئاستی سیاسی و سەربازی و دبلۆماسی تێیكەوتووە، لە ناوەخۆشدا رووبەڕووی قەیرانی ئابووری و داتەپینی بەهای لیرەی توركی و بەرزبوونەوەی ئاستی بێكاری بۆتەوە، بەشێوەیەك كە لەو كاتەی كە پارتی دادو گەشەپێدان لە دوای ساڵی ٢٠٠١ دەسەڵاتی گرتۆتە دەست، هەرگیز دراوەكەی هێندە بێ بەها نەبووە. لە نێو هەموو ئەو قەیرانانەی كە توركیا تێكەوتووە، تا چەند رۆژی ڕابردوو ئۆپراسیۆنی حەفتانین لەنیو قوڵایی خاكی هەرێمی كوردستان بە درێژایی ٤٠ كم درێژەی هەبوو. ئۆپراسیۆنێك كە لە ماوەی دوو مانگدا سوپای توركیا تەواوی هێزەكانی ئاسمانی و وشاكانی و هەواڵگری تیا بەكارهێنابوو، بەڵام بەهۆی خۆڕاگری هێزەكانی PKK سوپای توركیا لەچەند ناوچەیەكی كەم نەبێت نەیتوانی بوو پێشڕەویەكی ئەوتۆ بكات، بۆیە بە هەموو پێوەرێكی سەربازی بێت ئەو ئۆپراسیۆنە كە توركیا ناوی نابوو ئۆپراسیۆنی(چنگی پڵینگ) فەشەلی هێناوە. توركیا مەبەستی لە ئۆپراسیۆنی حەفاتانین ئەوە بوو كە نەگەڕێتەوە، بگرە ناوچەیەكی بەرفرەوان داگیربكات، هەر بۆیەشە لە دەستپێكی ئۆپراسیۆنەكەیان وەزیری ناوخۆی توركیا بۆ میدیاكان وتبووی: هاتووین ئەو ناوچەیە بخەینەوە سەر نەخشە مەزنەكەی توركیا. شایانی باسە ئەوەی لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی حەفتانین هاوكێشەكانی شەڕی گۆڕی و خەونەكانی ئەردۆغان و ژەنەڕالەكانی ئەكەپەی لەبار برد، وێڕای خۆڕاگری گەڕیلاكانی PKK و گۆڕینی شێوازەكانی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سوپای توركیا، گۆڕان بوو لە هاوكێشە سیاسیەكان كە بە زیانی ئەجێندای توركیا لە ناوچەكە شكایەوە. هەروەها لە نێو هەموو ئەو گۆڕانكاریانەدا هەڵوێستی ئەرێنی دەوڵەتی فەرەنسا بوو كە زۆر بە جددی بەڕووی پلانەكانی توركیا لە لیبیاوە تا دەریای ناوەڕاست و دواجاریش لە عێراق و هەرێمی كوردستان وەستایەوە. هاتنی سەرۆك كۆماری فەرنسا (ئیمانۆئێل ماكڕۆن) بۆ بەغدا و ناردنی پەیامێكی روون بۆ ئەردۆغان بەوەی دەبێت وڵاتەكەی ڕێز لە سەروەری عێراق بگرێت، ئەگینا فەرنسا بە هاوكاری نەتەوە یەكگرتووەكان ناچاردەبێت بۆ گێڕانەوەی سەروەری بۆ عێراق پلانی وڵاتەكەی جێبەجێ بكات، هەروا پشتیوانی لە حكومەتی عێراق بكات تا سنوورێك بۆ دەستوەردان و پێشێلكردنی سەروەری خاكی عێراق دابنێت. دوای ئەو پەیامەی ماكڕۆن بۆ ئەردۆغان و ئاڵۆزبوونی زیاتری بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوە لە دەریای ناوەڕاست و پێشبینیەكان بۆ سەپاندنی سزای ئابووری لەلایەن یەكێتی ئەورپاوە لە دژی توركیا، حكومەتی توركیا كۆتایی ئۆپڕاسیۆنی لە حەفتانین ڕاگەیاند. ئەوەی كە پێویستە بزانرێت ئەوەیە كە راستە ئۆپراسیۆنە سەربازیەكە لە مەیدانی جەنگدا ڕاگیراوە! بەڵام سوپای توركیا نەك هەر لەو ناوچانەدا نەكشاوەتەوە بگرە لە بۆردومانەكانی بەردەوامەو رۆژانەش فڕۆكەكانی قوڵایی هەرێمی كوردستان بۆردومان دەكەن، بۆیە دەبێت وا سەیری ڕاگرتنی ئەو ئۆپراسیۆنە بكرێت كە شكستێك بوو لە ئێستادا سوپای توركیا ڕووبەڕووی بۆتەوە بەڵام مەترسیەكەی هەر ماوە.
یادگار سدیق گەڵاڵی داهاتی هەرێم بەشیوەیەکی سەرەکی پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە. زۆرێک لەکۆمپانیا نەوتییەکان زانیاری لەسەر ئاستی بەرهەم هێنان و چالاکییەکانیان و ئەوشایستەدراییانەی وەری دەگرن لە هەرێم بەشێوەیەکی بەردەوام بڵاودەکەنەوە. لەم شیکردنەوەیەدا بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم هەوڵدەدەین لەسەر ڕۆشنایی ئەوزانیاریانە ئاستی بەرهەم و نرخی نەوت وداهاتی هەرێم بەنزیککراوەیی بۆ مانگی تەموز بدۆزینەوە. رۆژی ٢٠٢٠/٩/٤ کۆمپانیای شاماران شایستەی دارایی مانگی تەموزی بۆکێڵگەی ئەتروش ڕاگەیاند. کۆمپانیاکە دەڵێ کۆی شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان لەو کێڵگەیەدا بریتی بووە لە ٢١ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دۆلار . لەم بڕە کۆمپانیای شاماران کە خاوەنی پشکی ٢٧,٦% بڕی ٦,٥ ملیۆن دۆلاری بەردەکەوێت. ئەوی دەمێنێتەوە شایستەی کۆمپانیای تاقەی ئیماراتییە کە خاوەنی ٤٧,٤%ی پشکەکانە پشکی شایستە داراییەکەی دەکاتە ١٤,٩ ملیۆن دۆلار. ئەوەی دەمێنێتەوەپشکی هەرێمە. تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکە لە چارەکی دووەمی ٢٠٢٠ دا بریتی بووە لە ٤٦،٧ هەزار بەرمیل. بەرزترین ڕێژەی بەرهەم لە ٢٠٢٠/٣/٢٧ دا بووە کە گەشتووەتە ٥٤ هەزار و٥٥ بەرمیل نەوت. لە ساڵی ٢٠١٧ وە کێڵگەی ئەتروش دەستی کردووە بە بەرهەم هێنان، بەرهەمی بەپێی ئەم خشتەیەی خوارەوە زیادی کردووە. و لە کۆتایی ٢٠١٩ کۆی بەرهەم گەشتووەتە ٢٣ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیل و لە چارەکی یکەمی ٢٠٢٠ دا ٢٦ ملیۆنی تێپیڕاندووە. هەروەها کۆمپانیا بڕی ٤١،٧ ملیۆن دۆلاری لای حکوموتی هەرێمە وەکو شایستەی مانگەکانی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ تا شوباتی ٢٠٢٠. رۆزی ٢٠٢٠/٩/١ هەردوو کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی و گۆڵف کیستۆن شایستەی کێڵگەکانی تاوکی، تەقتەق و شێخانیان ڕاگەیاند و چەند رۆژێک پێش ئەوە ش کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن شایستەی کێڵگەی سەرسەنگی ڕاگەیاند.. کۆمپانیای وزەی گەنێڵ کە لە کێڵگەی تاوکی و تەق تەق پشکی هەیە ڕایگەیاند، شایستە دارایی کۆمپانیا خاوەن پشکەکان لە کێڵگەی تاوکی( تاوکی و پیشخاپور) بۆ مانگی تەموز بریتی بووە لە ٣٥٫٨ ملیۆن دۆلار، لەم بڕە ٨,٧ ملیۆن دۆلاری پشکی گەنێڵ بووە و ئەوەشی دەمێنێتەوە کە ٢٧,١ ملیۆن دۆلارە پشکیک کۆمپانیای(دی ئێن ئۆی) نەرویجییە کە خاوەنی ٧٥٪ پشکەکانەو گەنێڵ خاوەنی ٢٥٪ ی پشکەکانە. کێڵگەی تاوکی بەرهەمی لە چارەکی یەکەم و دووەمی ٢٠٢٠ دا بریتی بووە لە ١٠٠ هەزار بەرمیل، بەڵام لە حوزەیراندا بەرزبووەتەوە بۆ ١١٥ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا. شایانی ئاماژە پێکردنە حکومەتی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٧ دا وازی لە ٢٠٪ پشکەکانی خۆی هێناوە لە بری قەرزی ئەو دوو کۆمپانیایە. کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی خاوەن پشکی ٤٤% ی کێڵگەی تەق تەقە و کۆمپانیای (تی تی ئۆ پی سی ئۆ) کۆمپانیای کۆمپانیای سەرکارە لە کێڵگەکە. شایستەی دارایی کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە بۆ مانگی تەموز بریتی بووە لە ٤٫٧ ملیۆن دۆلارە، لەم بڕەش ٢٫٦ ملیۆن دۆلار پشکی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجییە. بەرهەم لەم کێڵگەیە بریتییە لە ١١,٩٦٠ بەرمیل. لەکێڵگەی شێخان کۆمپانیای ( ئێم ئۆ ئێڵ) ی هەنگاری و گۆڵف کیستۆنی بەریتانی پێکەوە ١٠ ملیۆن دۆلار شایستەی مانگی تەموزیان وەرگرت بە پێی بڵاوکراوەی کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن، کەلە بڵاوکراوکەدا کۆمپانیاکە دەڵێت لە وبڕە ٧٫٨ ملیۆن دۆلار پشکی ئێمە بووە و ئەوەشی دەمێنێتەوە بۆ کۆمپانیای (ئێم ئۆ ئێڵ) دەبێت کە دەکاتە ٢٫٢ ملیۆن دۆلار. کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن ٨٠٪ ی پشکەکان و ( ئێم ئۆ ئێڵ)پشکی ٢٠٪ ی هەیە لە و کێڵگەیەدا. هەروەها بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەی شێخان بریتییە لە ٣٧,١٥٩ بەرمیل. پێشتر لە 27/8/2020 دا کۆمپانیای (کەی ئێچ ئێن)ی ئەمەریکی کە وەبەرهێنان دەکات لە کێڵگەی سەرسەنگدا، لە ناو ڕاپۆرتی چالاکی شەش مانگی ئەکەمی ٢٠٢٠ دا ڕیگەیاند کە ٩ ملیۆن دۆلار شایستەی مانگی تەموزیان وەرگرتووە. پشکی ( کەی ئێچ ئێن) لەم کێڵگەیە بریتییە لە ٦٢% هەروەها کۆمپانیای (تۆتاڵ)ی فەرەنسی پشکی ١٨% ی کێڵگەکەی هەیەو هەرێمیش ٢٠%. بە هەڵسەنگاندنی ئێمە پشکی کۆمپانیای تۆتاڵ لە شایستەکان ٣ ملیۆن دۆلار دەبێت، بەمەش کۆی شایستەی کۆمپانیاکان لە کێڵگەی سەرسەنگ ١٢ ملیۆن دۆلار دەبێیت. ئاستی بەرهەمی کێڵگەکەش بریتییە لە ٢٢،٨٥٧ بەرمیل نەوت. کۆی بەرهەمی ئەو پێنج کێڵگە نەوتییە ٢٣٣ هەزار و ٦٧٦ بەرمیلە کە دەکاتە نزتکەی ٥٣% ی کۆی بەرهەمی هەرێم . کۆمپانیاکانی نەوت بڕی نزیلەی ٨٣ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دۆلاەیان وەک شایستەی دارایی ( خەرجی و قازانج) وەگرتووە. ئەو بەرهەمەی تر کە دەمێنێتەوە هەریەک لە کۆمپانیاکانی کار، گاز پرۆم و ئۆرێکس لە کێڵگەکانی خورمەڵە، گەرمیان وە هەولێر بەدوای یەکدا بەرهەمی دێنن. کۆمپانیای (ئۆرێکس) لەکێڵگەی هەولێر بەرهەم هێنان دەکات، بەشێوەی وەزی کۆمپانیا چالاکییەکان و ئاستی بەرهەم بڵاو دەکاتەوە بەڵام شایستەکانیان لە دووتوێی ڕاپۆرتەکانیاندا ڕادەگەیەنن نەک بەجیا. زۆرترین بەرهەمی ئەم کێڵگەیە ١٤ هەزار بەرمیل بووە. لەچارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بەرهەمی بۆ ٤ هەزار بەرمیل کەمی کرد، بەهۆی داخستنی چەند ناوچە و چەندبیرێکەوە وە بەڵام لەچارەکی دووەمدا بەرهەمی زیادی کردووە ،بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیاکە لە مانگی تەموزدا بەرهەمی بەرزبوبێتەوە بۆ١٠ هەزار بەرمیل و لە ئابدا بۆ ١١ هەزار و ٧٠٠ بەرمیل نەوت.. کۆمپانیای گازپرۆم لە گەرمیان وەبەرهێنان، دەکات تەنها زانیاری لەسەر بەرهەمی بڵاو کراوەتەوە نەک شایستەی دارایی، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا ئاستی بەر هەمی گەرمیان نزیکەی ٣٥ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بووە . نەوتی ئەم کێڵگەیە بە تەنکەر دەگوازرێتەوە بۆ پارێزگای هەولێر و لەوێوە داخڵی هێڵی بۆری هەرێم دەکرێت. کۆمپانیای کار کە کۆمپانیایەکی خۆماڵییە لە کێڵگەی خورمەڵە کۆمپانیای سەرکارە، تائێستا هیچ زانیارییەک لە سەر جۆری گرێبەست و ئاستی بەرهەم و چالاکییەکانیان بڵاو نەکراوەتەوە. بەڵام یەکێکە لە کێڵگە گەورەکان و بەگەورەترین کێڵگەی بەرهەم هێن لە کوردستان ئەژمار دەکرێت بەرهەمی لە نێوان ١٦٠ بۆ ١٧٠ هەزار بەرمیلێک مەزەندە دەکرێت. شایستەی کۆمپانیای کار بەراورد بە کۆمپانیاکانی تر دەبێت کەمتر بێت چونکە هاتووەتە سەر کێڵگەی ئامادە لە خورمەڵە و وەرگرتنەوەی خەرجییەکانی وەکو کۆمپانیاکانی تر زۆرنییە بۆ یە بەروارد بە کێڵگەی تاوکی کە دەکرێت بە گریمانەیی ٣٠ ملیۆن دۆلارێک دابنێین بۆ شایستەی کار و ١٢ ملیۆن دۆلار بۆ گازبۆرۆم و ئۆرێکس. تێچوی گواستنەوە لەسەر بنەمای ئەو نرخەی کەلە ڕاپۆرتەکانی دیلۆیتدا هاتووە بۆ وردبینی لە داهاتی نەوتی هەرێم، کرێی بەرمیلێک نەوت لە ناو هەرێم ٤,١٩ دۆلاری تێدەچێت وە لە ناو خاکی تورکیاشدا ٣ دۆلارە . گەر کۆی بەرهەمی رۆژێکی هەرێم ٤٣٠ هەزار بەرمیل بێت ئەوا لەمانگی تەموزدا بەرهەم ١٣ ملیۆن و ٣٣٠ هەزار بەرمیل بووە و کۆی کرێی گواستنەوە لە ناو هەرێم بە نزیککراوەیی بریتی بووە لە ٥٥ ملیۆن دۆلار وە تاریفەی تورکیاش بریتی بووە لە ٤٠ ملیۆن دۆلار . کۆی تێچوی گواستنەوە دەکاتە ٩٥ ملیۆن دۆلار. تێکڕا نرخی نەوتی برێنت لە بازارەکانی جیهاندا بۆ مانگی تەموز بریتی بووە لە ٤٣,٢ دۆلار بەپێی زانیارییەکانی دامەزراوەی زانیاری و وزەی ئەمریکی . ئەگەر هەرێم تێکڕا ١٠ دۆلار لە ژێر نرخی برێنتەوە نەوتی فرۆشتبێت کەواتە نرخی برمیلێلک نەوتی هەرێم بریتی بووە لە ٣٣,٢ دۆلار بەنزیککراوەیی. و داهاتی فرۆشی نەوتەکەش بریتی بووە لە ٤٤٢ ملیۆن و ٥٥٦ هەزار دۆلار کەواتە دوای لێدەرکردنی شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان (شایستەی ئەو ٣ کێڵگەیەی کۆمپانیای کار، گازپرۆم وە ئۆرێكس کاری تێدا دەکەن و خەرجی ڕانەگەیەنرەوە بەگریمانەیی ئەژمارکراوە) و خەرجی گواستنەوە، هەرێم لەمانگی تەموزدا بەنزیککراوەیی بڕی ٢٢٢ ملیۆن دۆلاری بۆ ماوەتەوە. هەمیشە لە ڕابوردودا هەرێم بڕێک لە داهاتی داوەتەوە بەقەرز. بەڵام بەهۆی ئەوەی هەرێم لەماوەی ئەم نۆ مانگەی ٢٠٢٠ داهیچ زانیارییەکی فەرمی لەسەر ئاستی بەرهەم و داهات بڵاونەکردووەتەوە و ڕاپۆرتی دیلۆیتیش بۆ ئەو مانگانە هێشتا ڕانەگەیەنراوە نازانین چەند قەرز دراوەتەوە. هەرێم بانگەشەی ئەوە دەکات کە بڕی ٢٧ ملیار دۆلار قەرزارە بەڵام وردەکاری ئەوقەرزە بڵاونەکراوەتەوە . قەرز لەکێ کراوە و بۆچی قەرز کراوە و لەچیدا خەرچ کراوە و چەندی ماوەتەوە؟ ئەو پرسیارانەن تا ئێستە بێ وەڵام ماونەتەوە.
جەلال جەوهەر بەشی دووەم : ٢-١: ململانێ و شەڕی نێوان هێزولایەنە چەکدارەکانی ھەرێمی كوردستان چاكتر وایە لێرەدا بەم پرسیارە دەست پێبكەین: كەی و چۆن ھێز و لایەنەكانی كوردستان دەبن بە ھەڕەشە بۆ سەر میللەت و خاكی كوردستان ؟ وڵامی ئەم پرسیارە لە چەند نیشانەیەكی ئەو ھەڕەشە و مەترسیانە كورت دەكەمەوە : ١- كاتێك ھێز و لایەنەكان سەرقاڵ و سەرگەرمی ململانێ و شەڕی یەكتربن، و بە لاوازی بكەونە بەر دەستی نەیار و دوژمن، وبەناچاری سازشیان لەگەڵدا بكەن، لە پێناو مانەوە و پاراستنی خۆیان، ئەنجام دەبن بەبەشێك لە ئەجندا وھاوكاری نەیار ودوژمنانی گەلی كوردستان. ٢- كاتێك بەرژەوەندی حیزب و دەسەڵاتداران دەكەوێتە سەرووی بەرژەوەندی گەل و نیشتیمان، دەسەڵاتداران داھات و سەروەت و سامانی میللەت پاوان دەكەن و بەتاڵانی دەبەن، وگەندەڵیش دەگاتە ھەموو جومگەكانی دەوڵەت، ئەنجام میللەت ودەسەڵاتداران دەكەونە دوو بەرەی جیاواز و دژ بەیەك تاڕادەیەك. ٣- كاتێك ھێزولایەنەكانی كوردستان سەركەتوو نابن لە ھەڵسەنگاندن و ناسینی خۆیان وتوانای دوژمنەكانیان، وبەھەڵەدا دەچن و دەكەونە ململانێ و شەڕی نابەرامبەر لەگەڵ ھێزی دوژمن، ئەنجام لە دۆخی وادا میللەتەكە و جولانەوەكەشی تێكدەشكێ، بە ھۆی خوێندنەوەی نادروستی دۆخ و واقعی كوردستان و دۆست ودوژمنەكان. میژوی سەد ساڵی ڕابردووی جوڵانەوەی سیاسی و چەکداری لە کوردستانی عێراق، پڕە لە شەڕو توندوتیژی و ململانێی حیزبی و ناوچەیی، لە پێناوی بەرژەوەندی تەسکی شەخسی و خێزان و بنەماڵەو حیزب، بەجۆرێ كەساڵانی ململانێی حیزبی وشەڕی نارەوا و نانیشتیمانیانە بەراورد ناکرێ لەگەڵ ساڵانی ئاشتەوایی و تەبایی و پێکەوەیی. لەدوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لە ئازارو بەهاری ساڵی (1991) ، و پێكھێنانی پەرلەمان و حکومەت و ئەم قەوارە سیاسیە، ناکۆکی و شەڕ لە نێوان هێزو لایەنە چەکدارەکانی کوردستان ھەڵگیرسا{(شەڕی پارتی وسوشیالیست لە ١١ /١٩٩٣/١٢) و (شەڕی بزوتنەوەی ئیسلامی ویەكێتی لە ١٩٩٣/١٢/٢٠) و (شەڕی پارتی و یەکێتی لە ١٩٩٤/٥/١)} ، وزۆر پەرەی سەند ودرێژە كێشا، بەجۆرێک دەوڵەتانی هەرێمایەتی ڕاستەوخۆ بوون بە بەشێک لەو شەڕو ململانێیانە، و بەرژەوەندییەکانیشیان بەشێوەیەک گرێدرا بە بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری دەوڵەتانی ناوچەکە... بەرژەوەندی حیزبی بە تەواوی جێگای بەرژەوەندییەکانی نیشتمانی و نەتەوەیی گرتەوە، دواجار ئەم شەڕە بەفشار ونێوەندگیری ئەمریكا كۆتایی ھات، بەڵام شوێنەوارەكانی تا ئەمڕۆ زۆر بەزەقی دیارە. لەماوەی سەرەتای مانگی ئابی ساڵی (2014) ەوە، تا ناوەڕاستی تشرینی یەکەمی ساڵی (2017) ، دەسەڵاتدارانی کورد (پارتی و یەكێتی) زیاتر لەنیوەی خاکی کوردستانیان (شەنگال، رەبیعە، زممار، مەخمور، دوبز، کەرکوک، داقوق، دوزخورماتوو، جەلەولا و خانەقین) لە دەستدا، و ناوچەكە بەتەواوی کەوتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵ، و ئێستا لە سایە ولە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدڕاڵدا شێوازێكی نوێ لە پاكتاوكردنی كورد لەو ناوچانە جێبەجێ دەكرێ. ئەمڕۆش ئەم ناکۆکی و ململانێیە لەنێوان هەردوولادا، ھەمیشە لە ھەڵچون وداچون وتوندبون وخابونەوەدایە، و بەجۆرێکە هیچ ئومێدی ئەوەی لێناکرێت بتوانن لە ئاستی ڕووداو و گۆڕانکاری وھەل و ھەڕەشە و ئاڵنگاریەکانی داهاتوو بن. لە داهاتووشدا مەترسی ئەوە هەیە، ئەو هێزو لایەنانە بەپێی جوغرافیا و بەرژەوەندی سیاسی ئابوری وئەمنی دابەشبن بە سەر دوو بەرەی جیاواز، ودوو دەوڵەتی جیاوازدا، و ئەگەر ئەوە ڕوو بدات، بێگومان ئەگەری دابەشبوونی تری خاک و میللەتەکەشمان لە کوردستانی عێراق لە ئارادا دەبێت. بەم پێیە؛ لانیكەم سێ لە نیشانەكانی ئەو ھەڕەشە و مەترسیانە دەركەوتووە، و بەزقی لە ئارادایە، لەبەر ئەوە ململانێ وشەڕی لایەنە چەكدارەكانی ھەرێم ھەمیشە لە سەرپێیە. چی بکەین بۆ نەهێشتنی هەڕەشەی لایەنە چەکدارەکان لەسەر هەرێم و ڕەواندنەوەی مەترسی دابڕانی جەماوەر لە لایەنە سیاسیەکان!؟ بە خوێندنەوەی سادەی من دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێم دوو موساڵەحە و ڕێکەوتنی ڕاستگۆیانە بکەن، گەر سەقامگیری تەواوی ئەم هەرێمەیان دەوێت. یەکەم : سوڵح و ڕێکەوتن لە نێوان لایەنەكانی كوردستان : ا/ رێكەوتن لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەسەر بنچینەی : 1- پاراستنی هەرێم وەک قەوارەیەکی سیاسی ودەستوری و سەربەخۆ لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ، و دروستکردنی هەرێمێکی یەکگرتوو، حکومەتێکی نیشتمانی یەکگرتوو، هێزی چەکداری نیشتمانی یەکگرتوو، ئابورێکی نیشتمانی یەکگرتوو و پەیوەندی سیاسی و دبلوماسی یەکگرتوو.... 2- دانانی بنەمای دروست بۆ چاکسازی ڕاستەقینە، و بە کردەوە ڕوبەڕوی گەندەڵی ببنەوە، و کار بکەن بۆ سەرخستنی بەرژەوەندی هەرێم و میللەت بۆ سەر بەرژەوەندی حیزبی. 3- پەیوەندی هەرێم و عێراق، و پەیوەندی هەرێم و دەوڵەتان لەسەر بنچینەی دەستوری عێراق ڕێکبخرێتەوە بە مەرجی پابەندبوونی هەردوولا. ب/ پارتی و یەکێتی ڕێکەوتنی سیاسی بکەن لەگەڵ لایەنەکانی تری کوردستان لەسەر بنەمای: 1- پابەندبونی پارتی و یەکێتی بە دیموکراسیەت و بنەماکانی دیموکراسیەت، و کۆتایی هێنان بە هەڵبژاردنی ساختە و پەرلەمان و حکومەتی یەک حیزب و ئیفلیج،.... 2- دانانی ڕێوشوێنی تەندروست بۆ چاکسازی ڕاستەقینە لە هەموو بوارەکان. ئاراستەیەکیش هەیە باسی بژاردەی گرێدانەوەی هەرێمی کوردستان دەکات بە حكومەتی ناوەندەوە، وەک چارەسەرێک بۆ کێشەکانی گەندەڵی و دیموکراسی، وەك ئەوەی لە حكومەتی ناوەند كێشەی گەندەڵی ودیموكراسی نەبێ،...!؟ من لەگەڵ گرێدانەوەی هەرێمی کوردستان نیم بە بەغداوە، بۆ چارەسەركردنی کێشەکان، لانیكەم لەبەر ئەم دوو ھۆیە: یەکەم : زیاتر لە دە ساڵە دەوڵەتی عێراق یەکێکە لە دەوڵەتە هەرە فاسد(گەندەڵ) و فاشییلەکانی دونیا (دەوڵەتی دووفا) ،بە پێی راپۆرتی ساڵانەی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەڵەتی. دووەم : دەولەت وحکومەتی عێراقیش (هی پێش بەڕێز مستەفا کازمی) فاشیل نەبوایە لە ئیدارەدان، دانیشتوانی دە پارێزگا (بەغداد + نۆ پارێزگای خوارووی عێراق) نە دەهاتە مەیدان و سەرشەقامەکان لە دژی حکومەتی عێراق بۆماوەی نزیكی دە مانگ . گەر حکومەتی عێراق بڕوای تەواوی بە دیموکراسیەت هەبوایە، بەو توندوتیژییە ڕوبەڕووی خۆپیشاندەران نەدەبووەوە، و ئەو هەموو قوربانییەشى نەدەبوو.
پەیكار عوسمان - خۆ ڕاستە تۆ بێ خواستی خۆت و هەر بە لەدایکبوون و تەسکەرە، موسوڵمانیت. بەڵام دنیایەك مزگەوت و مەلاو بانگخوازو جومعەو جەماعەت و دەزگاو مەراسیم.. بەردەوام لەکارایە بۆ مانەوەی تۆ لەناو مێگەلەکەدا. یان حیزب، بە خواستی خۆت چووبیت، یان بە ناچاری، دواجار دنیایەك بارەگاو ڕاگەیاندن و موچەو خیتاب و سیناریۆی هەیەو بەردەوام کاری لەسەر ئەکا، بۆ پاراستنی مێگەلەکەی خۆی. یان ئایدۆلۆژیا، خۆ هەر بەوە دانانیشێ کە فیکرێکت بداتێ، بەڵکو بەردەوام شەڕت بۆ دروستئەکاو بەردەوام شەیتانت بۆ ئەخولقێنێ، بۆئەوەی بەتەواوی لە مێگەلیی خۆتدا ڕۆچیت و شەڕەکانی ئایدۆلۆژیا ببن بە گرێ و شەڕی شەخسی خۆت و مەجالت نەبێ بیرێکیان لێبکەیتەوە! - ئەمەوێ بڵێم مێگەلیی جۆری زۆرەو ناشکوری نەبێ هەمووشیمان هەیە، بەڵام خێڵ سەرەتاییترین جۆری مێگەلە، چونکە بێ ئەرکترین و بێ بەرامبەرترین جۆریەتی بەراورد بە مێگەلەکانی تر! ئاخر مێگەلەکانی تر ئەرکێك و عەزێتێك ئەکێشن لە پرۆسەی بە میگەلکردنی تۆدا، ئەو ئەرکەش، خۆی لەخۆیدا بەرامبەرێکە کە بە تۆی ئەدەن، بەڵام خێڵ هیچ ئەرکێك ناکێشێ لە دروستکردن و پاراستنی مێگەلەکەیدا، بەڵکو هەربە خوێن و هەر بە تۆوێك کە لە پشتی باوکتایەو ئەگوازرێتەوە بۆ ڕەحمی دایکت، ئیتر تۆ ئەندامی مێگەلی خێڵیت و عەزێتەکە هەر ئەو چوار تەکانەیە کە باوكمان بەسەر دایکمانەوە داویەتی! - خۆ هەموو جۆرەکانی مێگەلبوون، هەر پووچەو هەر کۆبوونەوەیە لە دەوری هیچ. بەڵام مێگەلەکانی تر دنیایەك شتت بۆ دروستئەکەن بۆ شاردنەوەی ئەو هیچە. وەلێ خێڵ مێگەلێکە کە هیچەکەی بێ پەردەو ئاشکرایەو هیچیش ناکات بۆ شاردنەوەی، کەچی دەمارەکەشی لە هەموویان توندترە! چونکە مێگەلبوون پرۆسەی لێدانی عەقڵەو ئینسانیش لە دۆخی ناعەقڵیدا ئەگەڕێتەوە بۆ دۆخی سروشتی، دۆخی سروشتی ئێمەش، دۆخە ئاژەڵییەکەو مەسەلەی زۆربوونەو پەیوەندی خوێنە نەك هیچ حیکایەتێکی تر! - بەڵێ خێڵ مێگەلێکە، کە لە پرۆسەی مێگەلسازییەکەیدا، کەمترین ئەرك ئەکێشێ و زۆرترین دەسکەوتی هەیەو ڕەنجی مێگەلەکانی تریش هەر ئەچێتەوە گیرفانی خێڵ،، چونکە مێگەلەکان هەموویان هەر لە عەقڵ ئەدەن و مرۆڤیش تا لە عەقڵ دوورکەوێتەوە، لە خوێن نزیك ئەبێتەوەو ئەچێتەوە سەر پلێتی سروشت، کە لەوێدا پەیوەندییەکان خوێنییە! - بەڵێ مرۆڤ کائینێکی کۆمەڵایەتییە، بەڵام پێش کۆمەڵایەتیبوون، کائینێکی عاقڵەو بوونە عەقڵییەکەی پێش بوونە کۆمەڵایەتییەکەی ئەکەوێ. بوونە کۆمەڵایەتییەکەشی کاتێ مانای هەیەو مرۆییەو ئاژەڵیی نیە، کە لەسەر بوونە عەقڵییەکە دامەزرابێ، نەکئەوەی بوونە کۆمەڵایەتییەکە لەسەر حسابی بوونە عەقڵییەکەبێ و مرۆڤیش تەنیا ڕەقەم و مەڕێکی ناو ڕانەکەبێت! - یەعنی "عەقڵ" بۆ ئەوەنیە کە ئینسان بەتەنیا لە ئەشکەوتێکا بژی و پێویستی بەوانیتر نەبێت، بەڵکو بوونە تاکییە عەقڵییەکە هەر بۆئەوەیە کە بوونە کۆییەکانی لەسەر دامەزرێ و چیتر بوونە کۆییەکان، لەسەر شتە دروستەکە دامەزرابن کە عەقڵە، نەك مێگەلبن و لەسەر هیچە شاراوەو ئاشکراکان دامەزرابن!! - "بوونی کۆیی" قیتارێکە خۆی ئەڕواو کاری مرۆڤیش هەر ئەوەیە کە بۆ جارێکیشبێ دابەزێت. دابەزێ بۆئەوەی لە "هیچ سەنتەریی" پەیوەندییە کۆییەکە تێبگاو "عەقڵ" بخاتە شوێنی "هیچ"و جارێکی تر لەسەر ئەساسی عەقڵ سەرکەوێتەوە. یەعنی تۆ ناتوانی لە یەك کاتا لە دوو شوێن بیت، ناتوانی لە وەهمابیت و ئاگاشبیت بە وەهم، بەڵکو ئەبێ بچیتە دەرەوەی وەهم، بۆئەوەی ئاگابیت و خودی وەهم بناسیت! - جا کۆمەڵگایەك کە هەموو جۆرەکانی مێگەلی تێدایەو هەموو پەیوەندییە کۆییەکانی لەسەر لێدانی عەقڵ و ئیرادەی ئینسان دامەزرابێ، ئاساییە کە سواڵ و کڕوزانەوەو نەفسنزمیی ببێتە دەموچاوی هەرە دیاری کۆمەڵگاکە! مێگەل ئینسانی کۆیلەو دەربارو بێئیرادەو شکاوی ئەوێ و هەر ئەوە دروستئەکا. بۆ ئەوەشی "پەیوەندی کۆیی"، لە ئاژەڵی و مێگەلییەوە بکەین بە ئەخلاقی و ئینسانی، ئەبێ "وەکو تاك" بگەڕێینەوە بۆ عەقڵ و هۆشیاریی، چونکە ئەمەی کە هەیە لەسەر غیابی ئەوێمان دامەزراوە! - "مێگەل" پەیوەندی ستەمکارانەی سەردەست و بندەستە، بەڵام ستەم خۆی لەسەر جەهل دائەمەزرێ و ئێمەش ئەبێ لە لێدانی جەهلەوە لە ستەمکاریی بدەین. تەنیا لە عەقڵیشەوە ئەتوانی لە جەهل بدەیت. ستەمکاریی تەنیا بە شتێك لێ ی ئەدرێ، کە ئەو شتە خۆی ستەمکاریی نەبێت، تۆش تەنیا لە هۆشیارییدا ئەتوانی سەمکاریی بناسیت و بزانیت چی ستەمەو چی ستەم نیە. لە جەهلا، تۆ ئەو کاتەشی کە شەڕ لەگەڵ ستەم ئەکەیت، هەر ستەمکاریی قووڵئەکەیتەوە، چونکە لەوێدا تۆ ستەم ناناسیت و ئەشێ ئەوەی تۆش هەر ستەمێکی تربێ و هەر ستەمکارییەکی تری لەسەر دامەزرێ! - بۆ جارێکیشبێ لە قیتاری مێگەل دابەزەو سەرکەوە بۆ وێستگەی عەقڵی خۆت و لەوێ تۆزێك دانیشە. خۆ دواتر هەر ئەندامی خێڵەکەی خۆتیت و بەوە لە جافەوە نابیت بە گۆران، بەڵام بەوە لە وەحشەوە ئەبیت بە ئینسان و ئیتر خێڵیش تەنیا وەکو ڕەنگێکی ناو وێنەکە ئەبینیت، نەك وەکو ئەو دێوە بەلەسەیەی کە وێنەکە ئەدرێنێ. جارێك دابەزەو ببە بە بوونێکی هۆشیار بە سەر خێڵەکەتەوە، نەك ئەوەی خێڵ باری جەهل بێت بەسەر شانی نەبوونتەوە! - مێگەڵ شانۆیەکە تەنیا دوو ئەکتەری تێدایە، کۆیلەیەك و سەردارێك. بەزمانێکی شەعبی (نێرەکەرێك و گرینۆکێك). ئیتر کۆمەڵگا هەزار چینیشبێ هەر دوو چینە، چێنێك کە چینەکەی خوار خۆی ئەچەوسێنێتەوەو چینێك کە لە چینەکەی سەرو خۆی ئەپاڕێتەوە. ئەمە تا هەموو ئاستەکان ئەڕواو وەکچۆن کەسێك ئەگری و لە حکومەت ئەپاڕێتەوە، حکومەتیش ئەگری و لە بەغدا ئەپاڕێتەوە، بەغاش لە ئەمریکا.. - لێرەشدا خەلەلێکی ئەخلاقی هەیەو خەلەلەکەش هەر ئەوەیە کە، پەیوەندی ئینسانی نابێ ستونیی و زاڵێتی بێت، ئەبێ ئاسۆیی و پێکەوەژیان بێت. کە ئاسۆیی بوو، ئیتر لەبری چین، ڕەنگ هەیەو جیاوازەکانی کۆمەڵگا، ئەبنە ڕەنگ لە وێنەکەداو لە تەنیشتی یەکدا، لەکاتێکا لە پەیوەندی ستونیدا، چینەکان ئەچنە سەر یەك و ستەمکارانە پێ ئەنێن بە یەکتردا. - ئەو گۆڕینەی (ستوونی بە ئاسۆیی، ستەمکاریی بە پێکەوەژیان) ئەگەر لە دەرەوەو لە ئەرزی واقعیشدا خەیاڵ و یۆتۆپیابێت، لە ویژدان و ناوەوەماندا ئەبێ حەقیقەتبێ و ئیمانی پێبهێنین، چونکە شتەکە مەسەلەیەکی وجودییەو پەیوەندی بە بوون و نەبوونی مرۆڤانەی ئێمەوە هەیە! - یەعنی تا لەناو ئاگایی خۆماندا، پەیوەندی ئاسۆیی نەخەینە جێگای پەیوەندی ستوونی، ناتوانین مرۆڤبین، تا مرۆڤیش نەبین، واقعەکەی دەرەوە، هەر جەنگەڵەو نابیت بە شوێنی ژیان. ئینسان ئەبێ یەکجار لەوە تێبگات، کە جیهانی ڕاستەقینەی ئەو، جیهانەکەی ناوەوەیەتی و لەوێوە دەسکاری دنیا ئەکرێ. لەوێوە دەستپێبکەین، دنیای دەرەوە ئەگۆڕێ و ئیرادەی گۆڕانەکەمان بۆ دروستئەبێ. لەوێوە دەستپێنەکەین، هیچ لە حاڵی دەرەوە ناگۆڕێ و هەموو گۆڕانێکیشمان پێ خەیاڵ و یۆتۆپیایەو بێ ئیرادە ئەبین لە بەردەمیدا! - لەبەردەم نەبوونیدا، تۆ پێشئەوەی داوابکەیت، ئەبێ بیربکەیتەوە. لەبەردەم سواڵکەردا، تۆ پێشئەوەی نان بدەیت، ئەبێ بیربکەیتەوە. لەبەردەم خێڵدا تۆ پێشئەوەی هیچ بکەیت ئەبێ بیربکەیتەوە. بۆ تێپەڕاندنی "عەقڵی خێڵ" و "کەسایەتی سواڵکەر"، جگە لەبیرکردنەوە ڕێگایەکی ترمان نیە، چونکە خودی ئەوە، بەرهەمی بیرنەکردنەوەیەکی دوورو درێژی کەڵەکەبووە. - بەڵێ ئەبێ بیربکەیتەوە، چونکە لەبیرکردنەوەدا تێئەگەیت لەوەی کە خودی "نەبوونیی" لە ستەمکارییەوە هاتووەو بۆ چارەسەری نەبوونی نابێ لە ستەمکار بپاڕێیتەوە! ئەبێ بیربکەیتەوە، چونکە لەبیرکردنەوەدا لەوە تێئەگەیت کە "کەسایەتی سواڵکەر" پەیوەندی بە هەژاری و دەوڵەمەندییەوە نیەو کێشەی نان نیە، کێشەی ئیرادەیە. ئەبێ بیربکەیتەوە، چونکە لەبیرکردنەوەدا تێئەگەیت لەوەی کە "خێڵ" تەنیا پێکهاتەیەکی کۆمەڵگا نیە، بەڵکو عەقڵیەتی کۆی کۆمەڵگایە! - ئەبێ بیربکەینەوە بۆ ئەوەی "عەقڵیەتی چەندێتی" تێپەڕێنین و بگەین بە "عەقڵیەتی چێتی". لە چەندێتیدا ئێمە تەنیا ژمارەو سەرمەڕین و مێگەلەکان قەرەباڵغ ئەکەین. بەڵام لە چێتیدا تۆ لە خودی و مێگەل و مەڕیی تێئەگەیت و ماهیەت و چێتییەکەی ئەزانیت. ڕاستەوخۆ بە دوای چێتیشدا، چۆنێتی گۆڕانی بەسەردا دێ و لەم دەعبایەی ئێستاوە ئەبینە دەعبایەکی ماقوڵتر!
هیوا زێڕە "پەروەردە ئامادەکاری نییە بۆ ژیان، بەڵکو خودی ژیانە" جۆن دیوی ١٩٥٢. وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا یەکدەست کاردەکەن لە پێناو درووستکردنی تاکێکی لاوازی و سست، کە هەموو ئامانج و خەونێکیان کردۆتە نمرەی بەرز لە پێناو بەدەستهێنانی پلە و کارێکی گونجاودا. بێئاگا لەوەی کە ئایا ئەو تاکە تاچەندە شارەزا و کارامەیە لە جێبەجێکردندا، تاچەند دەتوانێت گۆڕانکاری بکات و کۆمەڵە بەهرەیەکی هەبێت کە ئەوانیتر نەیانبێت، واتا دیاریکردنی ئاستی خوێندکار دەبێت پێشبڕکێ بێت بۆ نۆڕین لە چۆنییەتی و چەندییەتی بەهرەکان نەک نمرەیەکی بەرزی سەر پەڕە کە پەلوپۆی دامەزراوەکان و کۆمەڵگە تێکدەشکێنێت و دەروەستی پێویستییەکانی کۆمەڵگە نایات. سیستەمی پەروەردە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان کاردەکات لەسەر ئاخنینی زانیاری بۆ ناو مێشکی فێرخوازان، تاکە ئامانجی ئەم سیستەمە دەرچوونە لە تاقیکردنەوەکان، بەدەستهێنانی نمرەی بەرزە و زەقکردنی یەکەمەکانە، نەگبەتی ئەو ڕوانگەیە بۆ تەواوی دانیشتوان گوازراوەتەوە کە توانای تاکەکان بەندە بەو نمرەیەیەی کە لە قۆناغەکانی خوێندندا بەدەستی دێنێت، هەر ئەوەش ئەرخەیانیان دەکات و ئەهوەنیان دەکاتەوە، نەک ئەوەی کە خۆی فێری دەبێت بە ئەزموونکردنی لە ژیاندا. ساڵانە لێشاوێک خوێندکار لە زانکۆکان دەردەچن بەڵام، سیستەمە چەوتەکەی فێرکردن بە هەمان شێوەی قوتابخانە هەر ئاخنین و توتی ئاسایە، کە دواتر ٤ جۆر مرۆڤ ئامادە دەبێت بۆ ناو کۆمەڵگە، ئەوانیش: نمرە بەرزێکی و بێتوانا، بێتوانایەکی نمرە کەم، بەتوانایەکی نمرە کەم و بەتوانایەکی نمرە بەرز، کۆمەڵگە پێویستی بە سێیەم و چوارەمە، وەلێ ئەم سیستەمە دنەی بوون بە یەکەم و دووەم دەدات، کە تاکێکی کڵۆڵن و جمەیان دێت لە کۆمەڵگەدا. ئەوەی ئێمە گەرەکمانە بۆ برەودان بە پیشەی تاکەکان و تەواوی کۆمەڵگە، برەودانە بە فێرکردنی تواناکانی تاک،نەک بەدەستهێنانی نمرەیەکی بەرز کە مێشکی خوێندکارانی ئیفلیج کردووە و لێبڕاوانە هەموو هەم و غەمیان بۆتە یەکەم بوون. نەک ئەوەی کە ئایا سبەی دەردەچن ئەو دامودەزگەیەی بۆی دەچن پێویستییان بە چ جۆرە تاکێکە. لە غیابی دانەمەزراندنەوەی یەکەمەکانی زانکۆدا ئەوە بە زەقی دیارە لە ناو کەرتە ئەهلییەکاندا کە ڕوانین و گەڕانێکی ورد دەکەن بۆ تاکێک کە توانا و بەهرەیەکی جیاوازی هەیە لەوانی تر، زانیاری عەمبار نەکردووە و پاڵیدابێتەوە، ورد و چالاکانە هەوڵی داوە برەو بەو توانایانە بدات کە لە ژیاندا گرینگن وەکو: فێربوونی زمان، شارەزایی کۆمپیوتەر،شێوازی ئاخافتن و خۆگونجاندن هتد. چۆن دەتوانین برەو بە توانا و کارامەییەکانی خوێندکاران بدەین و باریانبهێنین؟ ١- بە پڕاکتیکردنی وانەکان: ئەوەی کە تا ئێستا نەکراوە و دەبێت بکرێت گرنگیدانە بە ئەنجامدان نەک کۆپیکردنی زانیارییەکان،خوێندکار پێویستی بە ماتریاڵی زانستییە تاوەکو لەو بابەتانە بگات و ئەزموونیان بکات کە لە کتێبەکاندا جێگیرکراون. بۆ نمونە کاتێک باسی کۆمەڵەی خۆر دەکرێت لە قۆناغێکی زۆر سەرەتاییەوە، گرینگە بە پڕاکتیکی نیشانی بدرێت، چونکە لە ژیاندا قوتابی بەری ناکەوێت. ٢ - هۆشیاری تاک: هەموو ئەو کێشانەی کە لێرەدا گەشە و نما دەکەن بە هۆی نائاگایی و ناهۆشیاریی تاکەوە دێتە بەرهەم، ئەم ناهۆشیارییەش بەشێکی دەکەوێتە ئەستۆی سیستەمی پەروەردە کە نەیتوانیوە لە ناو بابەتەکاندا جێگیری بکات یان وانەیەک تایبەت بکات بە هۆشیاری تاک، بەشێکی دەکەوێتە ئەستۆی مامۆستا کە بیر ناکاتەوە چۆن قوتابییەکان هۆشیار ببنەوە بەوەی لە ناو ژینگەدا بەری دەکەون زەبری کوشندەیان لێدەدەن، بەشەکەی تری دەکەوێتە ئەستۆی خێزان کە بێباکانە تەقەلا و کۆشانی کەم دەکەن بۆ گرنگیدان بە منداڵەکانیان، بڕوایان وایە کە پارەپێدان و دابینکردنی خواردن و جلوبەرگ هەموو شتێکە بۆ منداڵەکەی، ئەوانە نەوەکان زل و مل ئەستور دەکەن، نەک پەڕجووی کارامەییان بخوڵقێنن،ئەمانە مافن و باسکردنیان نەنگییە. ٣- گۆڕینی سیستەمی هەڵسەنگاندن: گرینگە لە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندندا هەر بابەتە و بە شێوازێکی جیاواز هەڵسەنگاندنی بۆ ئەنجام بدرێت، بێ سڵەمینەوە دەڵێین: ناکرێت و کارەساتە بابەتەکانی وەکو میوزیک، هونەر، وەرزش، کۆمپیوتەر و ئایین بە شیوەی تاقیکردنەوەی نووسەکی هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت. ٤- گرنگی و بایەخدان بە زانکۆ و پەیمانگە پیشەییەکان: دەبێت حکومەت بە شێوەیەکی کاریگەرانە کار لەسەر کردنەوە کۆمەڵێک زانکۆ و پەیمانگەی پیشەیدا بکات، کە ئەمڕۆ بوونەتە مایەی گرنگیپێدان لە هەموو جیهاندا لەوانە: میکانیک، نێت، IT،کشتوکاڵ، کۆمپیوتەر، ئەندازیاری هتد. کە ئەمانە دەستی کارن لە کۆمەڵگەدا و دەبنە هۆکاری بوژانەوەی کۆمەڵگە. ٥- شارەزایی لە تەکنەلۆژیا: ئەوەی کە سیستەمی پەروەردە نایکات فێرکردنی کۆمپیتەر و ئامێرە زیرەکەکانە، کە ئەمڕۆ لە هەرە گرینگترین ئامرازەکانی فێربوون، گەشەکردن و ژیانکردنن. گرینگە تاک هۆشمەند بێت و بەر لە تەواوبوونی زانکۆ بە شێوەیەکی باش خۆی فێری کۆمپیوتەر و بەرنامە فێرکارییەکان بکات. ٦- زمانی دووەم و سێیەم: سیستەمی پەروەردەیی هەرێم نەیتوانیوە کەس فێری زمانێکی تر بکات. کەواتە هەم دیسان گەر بمانەوێت تاکێکی وریا و خاوەنکار بخەینە ناو ژیانەوە، دەبێت تاکەکانی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی چڕوپڕ و بەردەوام هانبدرێن بۆ فێربوونی زمانێکی تر کە هاوکاریان دەکات لە دەستکەوتنی کاردا و لە هەمان کاتدا لە ڕووی مەعریفییەوە کۆمەکییان دەکات. ٧- بازاڕسازی: بازاڕسازی وەکو باقی لێهاتووویەکانی تر لە ناو مەنهەجی خوێندنی حکومەتدا جێگیر نەکراوە و کاری لەسەر ناکرێت، بۆیە دەبێت خێزان و تاک هەوڵی کرانەوەی تاک بدەن بەرەو دنیانی مادەدا و فێربن چۆن پارە بەدەست دێت و چۆن دەتوانن ببنە خاوەنی پڕۆژە. ٨- توانای گفتووگۆ: بەشێکی زۆری خوێندنگەکانی هەرێمی کوردستان دوو تاک درووستدەکەن: یەکێکیان لاواز و سستە، دەچێتە زانکۆ ناتوانێت دەقەیەک قسە بکات، چونکە ژینگەیەکی لەباری بۆ نەڕەخساوە و ترسێندراوە لە قسەکردن. ئەوی تریان تاکێکی زۆربڵێ یە، کە بەدوورە لە هەموو ئەتەکیەتێکی قسەکردن و بەهایەکی باڵا. تەواوکردنی خوێندن بەدەستهێنانی شەهادەیەک و نمرەیەکی بەرز نییە، بەڵکو فێربوونی ژیانە، بە شارەزابوون لە کارامەییە گرنگەکانی ژیاندا، ئەو کارامەییانەی کە تاکێکی جیاواز و کاریگەر لە کۆمەڵگەدا درووستدەکەن، ئەو کارامەییانەی کە بێ سێ و دوو سەرجەم دامودەزگە ناحکومییەکان هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەن و فریادڕەسی دامودەزگە حکومییەکانیش دەبن.
ساڵح ژاژڵەیی سەرەتایەكی كورت: بە درێژایی 29 ساڵی حوكمرانی یەكێتی وپارتی هەر وەڤدێك بۆ هەر شوێنێك چوبێت هاولاِتیان بە گشتی كۆمەڵێك سەرنج و گومانیان هەبوە . دواجار دەریش دەركەوت كەوت هەموو سەرنج و گومانەكانیش لەشوێنی خۆیاندابون . ئەگەر چونی وەڤدەكە گرنگ بوبێت بۆ پارتی خۆی ، ئەوە سەرۆكی وەڤد دەبوو هەر پارتی بێت . خۆ ئەگەر ئەو مەبەستەی وەڤدەكەی بۆ ڕێك خرابێ زۆر گرنك نەبوێت و زیاتر پڕۆتۆكۆلی بوبێت و بەرژەوەندی تایبەتی پارتی تێدا نەبوبێت ، ئەوا وەڤدێكی گەورەیان لە هەموو حیزبەكان پێك هێناوە و هەمویانیان دەخەڵەتاند . خۆ ئەگەر بارودۆخەكە پێویستی بەوە هەبوبێت وەڤدێك پێك بهێنرێت و بە ناچاریش یەكێتی تێیدا بەشدار بوبێت ، ئەوا لە كاتی چونی وەڤدەكەدا بۆ ئەوشوێنە هەر چۆنیك بێت پاشقولێكیان لە ئەندامانی تری وەڤدەكە گرتوەو فرسەتیان هێناوە لە پشتی پەردەوە كاری خۆیان كردوە . بۆ زیاتر ڕون كردنەوەی ئەم بۆچونانە سەیری ئەم نمونانەی خوارەوە بكەن . یەكەم : جارێكیان وەڤدێكی هەرێم بە سەرۆكایەتی نێچیر بارزانی دەچنە بەغدا بۆ وتو وێژ لەسەر كیشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا . هەرچەندە مێژوەكەیم لەیاد نەماوە بەڵام ئەوەندەم لە یاد ماوە سەرۆكی لایەنی وەڤدی یەكێتی سەعدی ئەحمەد پیرە دەبێت . كۆبونەوەی ئاسایی تەواودەبێت . بەڵام لە شەودا نێچێر بارزانی و چەند كەسێك لە حیزبەكەی خۆی ، خۆیان دەگەیەننە لای سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران . دیارە بۆ دەسكەوتی تایەبتی حیزبەكەیان چون . بۆ بەیانی كە ئەوە ئاشكرا دەبێت و برادەرانی یەكێتی گلەیی دەكەن ، لەوەڵاما دەڵێن : كاك نێچیر هەندی قسەی تایبەتی خۆی هەبوو ، بەڵام لەبەر ئەوەی عەرەبی باش نازانێت ، ئێمە وەكو وەرگێڕ لەگەڵی چوین . سەعدی ئەحمەد پیرە عەرەبی زانێكی زۆر باشە . بۆ ئەوەی هیچ گومانیك دروست نەبێت ، ئەو بەشداری دانیشتنەكەی بكردبایە ، باشتر نەدەبوو ؟؟؟. دووەم : لەم چەند رۆِژەدا سەرۆكی فەڕەنسا سەردانی بەغدای كرد ، سەرۆكی هەرێمیش سەردانی سەرۆكی فەرەِنسای كرد لە بەغدا . دیارە چونەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ بەغدا لەسەر داوای سەرۆكی فەڕەنسا بوەو ئەوەش مانای وایە چیتر هەوڵیر بایەخی جارانی نەماوە . لەبەر ئەوەی ئەم كۆبونەەیە هەم ماوەكەی زۆر نەبوەو هەم شتی نەهینیشی تێدا باس نەكراوەو هیچ دەسكەوتێكی تایبەتی پارتیشی تێدا نەبوو ، سەرۆكی هەرێم هەردوو جێگرەكەشی لەگەڵ خۆی بردن . لە لایەك دڵی جێگرەكانی خۆش كرد . لە لایەك دڵی یەكێتی و گۆڕانیشی ڕازی كرد بەوەی گرنگی بە نوێنەرەكانیان دەدات . لە لایەكی تریشەوە پارتی هیچ زیانێك ناكات . بەڵام دوای گەڕانەوەی سەرۆكی هەرێم لە بەغدا یەكسەر سەفەری كرد بۆ توركیاو لەگەڵ سەرۆكی توركیاو وەزیری دەرەوەی توركیا كۆبونەوەی كرد . بەڵام ئەم جارەیان هیچ لە جێگرەكانی لەگەڵ خۆی نەبرد ، هەموو ئەندامانی وەڤدەكە لە نزیكەكانی خۆیی و سەر بە حیزبەكەی خۆی بون . كەواتە خەڵك حەقیەتی پرسیاریشی هەبێت و گومانیشی هەبێت لەم دوو سەردانەی سەرۆكی هەرێم . پێش ئەوەی بۆچونی خۆم لەسەر ئەم سەفەرەی سەرۆكی هەرێم دەربڕم ، پێم خۆشە ئەمانەشتان وەبیربێنمەوە بۆ ئەوەی بزانن چۆن پارتی هەمیشە خەرێكی پاشقول گرتنە . یەكەم : زوربەتان ئەوەتان لەبیرە كە وەڤدێك بە سەرۆكایەتی نێچیر بارزانی وەكو سەرۆكی حكومەت و قوباد تاڵەبانی وەكو جێگری سەرۆكی حكومەت سەردانی مۆسكۆیان كرد . وابزانم بڕی 3 ملیار دۆلار قەرزیان وەرگرت . لە بری ئەوە نەوتی خاویان پێدان. بۆری نەوتی هەرێمیان پێ فرۆشتن . ڕێگایان پێدان نەوتیش دەرێنن . ئەوەی زۆر گرنگە و دەمەوێت ئاماژەی بۆ بكەم كە پارتی هەمیشە یەكێتی خەڵە تاندوە ئەمەیە : نوێنەری ڕەسمی حكومەتی هەرێم لەو كاتەدا لە مۆسكۆ هەبوو ، ئامۆزای كاك قوباد خۆشی بوو ، ئەویان بەشداری پێنەكرد لەكاتی گفتوگۆ و ئیمزاكردنی گرێبەستەكە ، بەڵام نوێنەری پارتی وەكو حیزب بەشداری كۆبونەوەكە بوو . ئەگەر من بومایە لەشوێنی كاك قوباد هەرگیز ئەوسوكایەتیەم قبوڵ نەدەكرد و كۆبونەوەكەم جێ دەهێشت . بەڵام نازانم بۆچی ئەوەی نەكرد؟؟ دووەم : هەموتان ئەوەتان باش لە یادە كە ماوەی پیشو چەندین جار وەڤدی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدای دەكرد بۆ گفتوگۆ لەسەر پارەو بودجە . وەڤدەكە ئەوەندە زوو زوو دەچونە بەغدا وای لێهاتبوو پێیان دەگوتن ، تكایە تا ئاگادارتان نەكەینەوە مەیەنەوە بۆ بەغدا . بۆ ئەمەیان سەرۆكی وەڤد كاك قوباد بوو . دیار بوو زۆریشی لاگرنگ بوو كە كراوە بە سەرۆكی وەڤد . بەڵام ئەگەر پارتی بیزانیایە خێری بۆ خۆی تێدایە ، هەرگیزكاك قوبادیان نەدەكرد بەسەرۆكی وەڤد . دیارە حكومەتی بەغدا دیقە دیقەی بە وەڤدی هەرێم دەكرد . ئەوەیان لە بیر مابوو كە كاتی خۆی نێچیر بارزانی دەیگوت بەغدا پارەی نەماوەو ئیفلاسی كردوە . كە وەڤدەكە دەگەڕایەوە و بۆ كاك مەسرۆریان باس دەكرد ڕازی نەدەبوو بە مەرجەكانی بەغدا . دواجار كە ناچار بون و هیچ ڕێگایەكی تر نەما لەبەر دەمیان هەر بەو مەرجانە ڕازی بون كە لە كۆبونەوەكانی پێشو حكومەتی بەغدا ڕازامەندی دەربڕیبو. بەڵام مەسرور بارزانی هەموو ڕەنج و ماندوبونەكی كاكە قوبادی كرد بە هی خۆیی و تەلەفونی بۆ مستەفا كازمی كرد كە ڕازین بە مەرجەكانی ئێستای بەغدا . دوای ئەوە كرا بە هەڵڵاو گوایە ئەوەی ئەو وەڤدە بە چەندین جار كۆبونەوە نەیان توانی ئەنجامی بدەن و بگەنە ڕێكەوتن ، بەڵام كاك مەسرور بە یەك تەلەفۆن جێ بەجێی كرد . سەیركەن چۆن لیرەشدا كڵاویانكردە سەری كاك قوبادی زۆر گوناح .ئەگەر كاك قوباد كەسێكی شارەزای سیاسەت و فرت و فێل بوایە هەر نەدەبوو بچێتە ژێر ئەوەی ببیتَە سەرۆكی وەڤد و بچێتە بەغداو خۆی بكات بە خاوەنی ئەو كارەساتانەی كە پارتی بەسەر ئەم میللەتەی هێناوە . هیوادارم چیتر كاك قوباد نەچێتەوە بۆ بەغدا بۆ قسەكردن لەسەر بودجە و بە پارتی بڵێن : فەرمون چۆنتان وێران كردوە ئاواش چاكی بكەنەوە . بەڵام وەكو باس دەكرێت وەڤدەكە بە سەرۆكایەتی كاك قوباد دەچێتەوە بۆ بەغداو كە چەلەحانیەكەی تەواو كرد ، بۆئیمزا كردنی بڕیاری كۆتایی كاك مەسرور دەچێت و سەركەوتنەكە دەكات بە هی خۆی . سێیەم : لە دوای ڕاپەڕێن و ئەو كاتەی سێ پارێزگای هەرێمی كوردستان وەكو ناوچەی دژە فڕین دیاریكران ، فڕانسۆ میتران سەرۆكی ئەوكاتەی فەڕەنساو زۆر دۆستی كورد بوو . داوای وەڤدێكی كوردی كرد سەردانی فەڕەنسا بكەن . كە وەڤدەكەدەچنە فەڕەنسا پێشنیاری ئەوەیان بۆ دەكەن كە هەوڵ دەدەن كەركوكیش بخنە ناوچەی دژە فڕینی فڕۆكە جەنگییەكانی بەعس و هێزێكی تایبەتی پۆلیسیش بۆ ئیدارەدانی شارەكە دروست بكەن . ئەوەش بە مانای ئەوە دەهات هێواش هێواش كەركوكیش بخەنە سەر هەرێمی كوردستان . ئەگەر كورد سیاسەتی بزانیایە ئەوە هەنگاوی یەكەم دەبوو بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بە كەركوكیشەوە بە تەواوی سەر بەخۆ بێت . هەر كە كۆبونەوەكە تەواو دەبێت و وەڤدەكە دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان ، هوشیار زێباری لە توركیا لادەدات و دەچێتە لای بەرپرسانی تورك و لە هەموو ناوەرۆكی كۆبونەوەكە ئاگاداریان دەكەنەوە . ئەوكات توركیا دەیكاتە هاوار و عێراقیشی لێ ئاگادار دەكەنەوەو ئەو پرۆِژە گرنگەی فەڕەنسا بۆ كورد لە بار دەبەن . چوارەم: كاك نەوشیروان یادی بەخێر بۆی گێراینەوە و وتی بەرپرسە فەڕەنسیەكان ئامادەیی خۆیان نیشاندا كە باشترین كەسانی شارەزا لە بواری یاساو كاری پەڕلەمانێدامان بۆ بنێرن بۆ نوسینەوەی دەستور بۆ ئەوەی كاتێك لەگەڵ بەغدا ڕێكەوتن دەكەین و دەقە یاساییەكان دەنوسرێنەوە توشی هەڵە نەبین و بزانین داوای چی دەكەین . لە درێژەی قسەكانیدا وتی : پارتی ڕازی نەبوو لە ترسی ئەوەی بەغدا لێیان عاجز نەبێت . پێنجەم: هەموشتان لە بیرتان ماوە چۆن لە خولی یەكەمی پەڕلەماندا پارتی ڕازی نەبوو داوای فیدڕاڵی بكەین و ئەوان هەر سوور بون لەسەر حوكمی زاتی . ئەمانە كۆمەڵێك پرسی گرنگن و بەپێویستم زانین بیرتان بهێنمەوە . سەیری ئێستای پارتیش بكەن ، لە لایەك ڕاپرسی ئەنجام دەدەن بۆ سەربەخۆیی كوردستان و خۆیان كردۆتە قارەمان . هەر ئەم سەرۆكی هەرێمەی ئێستایە كاتی خۆی دەیفەرمو ئێمە ئابوری خۆمان سەربەخۆ دەكەین و نەوتی خۆمان بۆ خۆمان دەردێنین و دەیفرۆشین چونكە ناچارین ئەوە بكەین بەغدا ئیفلاسی كردوە . ئەم جارەش لە بەغدا لەبەر دەم مستەفا كازمیدا دەیفەرموو : من شانازی بە عێراقی بونی خۆمەوە دەكەم . ئێستا كاتی ئەوەیە بپرسین : چی لە پشتی سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمەوەیە بۆ وڵاتی توركێا ؟؟. هەموو كەسێك لە ئێمە حەقی خۆمانە گومانمان هەبێت لە سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ توركیا . حەقی خۆشمانە بپرسین بۆچی سەرۆكی هەرێم كتوپڕ دوای كۆبونەوەی لە گەڵ سەرۆكی فەڕەنسا ، گەڕایەوە بۆ هەولێر و سەفەری كرد بۆ توركیا . لەبەر ئەوەی سەرۆكی هەرێم پێشتر و لە كاتێكدا هیچ پۆستێكی حكومی نەبوە خۆیی و ئاشتی هەورامی چونە توركیاو گرێبەستی نەوت و غازی لە گەڵ توركیا بۆ ماوەی 50 ساڵ مۆر كردوە . نێچیر بارزانی هەرێمی كوردستانی توشی قەیرانی دارایی وئیفلاسبون كردۆتەوە . مەترسی لەناو چونی قەوارەی هەرێمی كوردستانیشی دروست كردوە . بۆیە هەر سەفەرێك بە تەنها ئەنجامی بدات ، گوماناوی و جێگەی موتمانەی جەماوەر نابێت . كێ ناڵێت لەم سەردانەشیدا پەندێكی لەوە خراپترمان پێ نادات ، كارەساتێكی گەورەی ترمان بەسەر دا ناهێنێت .لەوانەیە كارێك بكات بە حسابی خۆی هەڵەی پێشوی چاك بكاتەوە ، بەڵام خرابتریشی بكات. باشە بۆچی سەفەری كردوە ، ئایا پرسی بە پەڕلەمان كردوە ، ئایا سەردانەكەی حیزبییە ، بنەماڵەییە ، یان حكومییە ؟؟ ئەمانە هەموو پرسیارن و وەڵامیان دەوێت و نابێ وەكو مۆركردنی گرێبەستی 50 ساڵەی نەوت و غاز تێپەڕێت و كەس نەزانێت . ماوەتەوە ئەوەی بۆچونی خۆم دەربڕم لەسەر ئامانجی سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ توركیا: یەكەم : نێچیر بارزانی پەیوەندی شەخسی باشی لەگەڵ بەرپرسانی تورك هەیە و لە هەمان كاتیشدا مامەلەی بازرگانی زۆر گەورەشی لەگەڵ توركیا هەیە ، بۆیە خۆی بە دۆستی بەرپرسانی تورك دەزانێت ، لەوانەیە هەندی زانیاری گرینگی لە كاتی كۆبونەوەكەدا لە پەناوە دەست كەوتبێت و پەیوەندی بە توركیاوە هەبوبێت و بیەوێت بەرپرسانی توركیا ئاگادار بكاتەوە بۆ ئەوەی زیاتر ببێتە جێگای متمانەیان . دووەم :لەوانەیە بەرپرسانی توركیا خۆیان داویان لی َكردبێت سەردانی توركیا بكات و بیانەوێت زانیاری وردیان دەسكەوێت لە بارەی كۆبونەوەكەوە چونكە خۆیان دەزانن پەیوەندییان لەگەڵ مستەفا كازمی باش نییە. سێیەم :لەوانەیە بۆ قسەكردن بێت لەسەر پرسی پەكەكە . كێ ناَڵێت توركیا بڕیاری نەدابێت پەلاماری قەندیل نەداو داوای هاوكاریش لە پارتی بكەن . چوارەم : ئەی بۆچی بۆ مەبەستی هەڕەشە كردن نەبێت لەپارتی و ئاگاداریان بكەنەوە لەوەی نەبنە پاڵپشتی كازمی . پێنجەم : بە دووریش نازانرێت سەرۆكی هەرێم خەرێكی ئێمزاكردنی گرێبەستێكی تر بێت و وەعدیان بداتی ئەگەر هەرێمی كوردستانی عێراق داگیر بكەن و ئەوان بكەنە حاكمی هەرێم، ئامادەن پاڵ پشتییان بكەن . ئەمانەی كە من نوسیومن هەمویان ئەگەرن و پرسیارن . هەتا ئەو كاتەی بنەماڵەی بارزانی ئاوا بە نەهێنی پەیوەندی لەگەڵ ئەم وڵات و ئەو وڵات ، ئەم تاقم و ئەو تاقم ، ئەم كەس و ئەو كەس ببەستن و كەسی لێ ئاگادار نەكەنەوەو هەر خۆیان بیزانن ، گومانەكانیش هەر بەردەوام دەبن . هیوادارم سەردانەكەی ئەم جارەی سەرۆكی هەرێم بۆ زیان گەیاندن نەبێت بە هەرێمی كوردستان . هیوادارم هەردوو جێگرەكەشی بێدەنگ نەبن و لە گەڕانەوەیدا داوی لێ بكەن هۆكاری سەفەرەكەی بۆ توركیا بۆ پەڕلەمان و ڕای گشتی ڕون بكاتەوە .چونكە ئەگەر ئەنجامێكی خراپی هەبێ ، ئەوان وەكو نوێنەری دوو خیزبی بەشداری حكومەت ، ڕوبەڕوی بەرپرسیاریەتی دەبنەوە . 3/9/2020
كاروخ خۆشناو وڵاتانی جیهان (بەگشتی) چاویان بڕیوەتە سەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئهمهریكا، کە بڕیارە ڕۆژی سێ شەممە رێکكەوتی (3/11/2020) ئەنجام بدرێت، ئەم هەڵبژاردنە گرنگترین هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی جیهان، چونکە تاکو ئێستا ئهمهریكا زلهێزترین وڵاتی دونیایە و (واشنتن)ی پایتەختیش (چەق)ی داڕشتنی بڕیارە چارەنووسسازەکانی جیهانە. رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش (بەتایبەتی) لە چاوەڕوانی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئهمهریكا دایە، چونکە بە گۆڕانی سەرۆکی ئهمهریكا، چاوەڕواندەکرێت هاوکێشەی (باڵانسی هێز) لەم ناوچەدا بگۆڕێت لە نێوان هەردوو جەمسەری (شیعە و سووننە)دا، بە جۆرێک ئەگەر (بایدن و دیموکراتەکان) سەر بکەون ئەوا چاوەڕواندەکرێت ئێران گەشە بکات و رێکكەوتنی ئەتۆمی (5+1) زیندووبکرێتەوە، لەبەرامبەردا چاوەڕواندەکرێت تورکیا پاشەکشە بکات، چونکە پەلکێشیەکانی تورکیا بۆ (سووریا و لیبیا و هەرێمی کوردستان) بایدنی تەواو نیگەران کردووە، وەک لە چاوپێکەوتنی بایدن لەگەڵ (نیویورك تایمز New York Times)دا ڕایگەیاند "ئەگەر ببم بە سەرۆکی ئهمهریكا، هاوکاری ئۆپۆزیسیونی تورکیا دەکەم بۆ رووخاندنی دیکتاتۆر ئهردۆغان". بەڵام لە ئەگەری دووبارە هەڵبژاردنەوەی (ترهمپ و کۆمارییەکان) ئەوا چاوەڕواندەکرێت وەکو پێشتر ئێران پاشەکشە بکات، چونکە (ستراتیژیەتی ئەوپەڕی فشار) لەسەر ئێران بەردەوام دەبێت، تاکو ناچار بکرێت بێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و رێکكەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئهمهریكا واژوو بکات، لەبەرامبەردا چاوەڕواندەکرێت تورکیا گەشە بکات، بە هۆی ئەو پەیوەندییە دۆستانەیەی کە ترهمپ لەگەڵ ئهردۆغان هەیەتی. جیاوازی نێوان ترهمپ و بایدن (کۆماری و دیموکراتەکان) بەرامبەر دۆزی کورد: بە هۆی ئەوەی کورد لە رۆژهەڵات ناوەڕاستدا دابەشکراوە بەسەر چوار وڵاتدا، ناتوانین لە نێوان (ترهمپ و بایدن)دا بە دیاریکراوی بڵێین ئەم کاندیدە باشترە لەوەی دی، چونکە هەڵبژاردنی هەر کاندیدێک ئەگەری هەیە لە بەرژەوەندی پارچەیەکی کوردستان بێت و لەبەرژەوەندی پارچەیەکی دیكهی کوردستان نەبێت، بۆ نموونە لە بەرژەوەندنی کوردانی رۆژهەڵاتە کە (ترهمپ) دووبارە هەڵبژێردرێتەوە چونکە (ترهمپ) دژی ئێرانە، بەڵام لەبەرژەوەندی کوردانی باکوور نییە، چونکە (ترهمپ) هاوڕێی ئهردۆغانه، بەپێچەوانەشەوە لە بەرژەوەندی کوردانی باکوورە کە (بایدن) هەڵبژێردرێت، چونکە (بایدن) دژی ئهردۆغانه، بەڵام لەبەرژەوەندی کوردانی رۆژهەڵات نییە کە (بایدن) هەڵبژێردرێت، چونکە ئەگەری هەیە سزاکان لەسەر ئێران هەڵگرێت و رێكکەوتنی ئەتۆمی کارا بکاتەوە، لەم حاڵەتەشدا ئێران زیندوو دەبێتەوە. بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین لەسەر ئاستی کەسی (بایدن) شارەزاتر و ئاشناترە لە (ترهمپ) بەرامبەر بە دۆزی کورد، بەڵام لەسەر ئاستی حزبی (کۆمارییەکان) زیاتر لە (دیموکراتەکان) دۆستی کوردن، ئەگەرچی بە درێژایی مێژوو هەردوو حزب هەڵوێستی (ئەرێنی و نەرێنیان) بەرامبەر بە دۆزی کورد هەبووە، ئەویش چونکە بەرژەوەندییەکانی ئهمهریكا (پێودانگ و سەنگی مەحەک) بوون لە هەموو هەڵوێستەکانیان نەک شتی دیكه.
دارا محهمهد یەکێک لەو مەترسیە گەورانەی دنیای سیاسی ئێمەی تەنیوە پێدەچێت دامەزراندنی بنەماکانی ئەو فاشیزمە نوێیە بێت کە بە شێوەیەکی سیستماتیکانە لە کۆمەڵێک رێگەی جیاوازەوە لە لایەن هەردوو نوخبە سیاسیەکەی دەسەڵاتەوە بە ئەنجامدەگەیەنرێت. رۆژانە ئەو دیاردە سیاسی و رەفتار و پراکتیزە سەرکوتکاریانە دەبینین کە ئاماژەی گرنگن بۆ سەرهەڵدانی عەقڵیەتێکی فاشیخواز و هێڵ و تانوپۆ و بناغەکانی فاشیزمێکن کە هەوڵی رەگداکوتان دەدات لە ناو چەقی دەسەڵاتی کوردیدا و پاشان لە هەوڵی داگیرکردنی کۆمەڵگەدایە لە رێگەی بە چۆکپێدادانی تاکەکەسەکانەوە. ئەم هەوڵانە لەلایەن ئەم دوو نوخبە دەسەڵاتدارەی ناو پارتی و یەکێتیەوە بە شێوەیەکی بەرنامەڕێژکراو کاری لەسەر دەکرێت، کە دواترینینان ئەو پرۆژە یاسایە بوو لەسەر میدیای ئەلکترۆنی کە پەرلەمان ئامادەی کردبوو. پرۆژەیەک بوو تا سەر ئێسک ستەمکارانە و بنەماکانی دامەزراندنی دەوڵەتێکی پۆلیسی بۆ کۆمەڵگە دادەنێت کە خۆی لە دروستکردنی چاوەکانی چاودێریی و سەرکوتکردن و بە ئاسایشکردنی میدیایە بە گشتی و سەرجەم کەناڵەکانی دیکەی پەیوەندیکردن بە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیاوە و، دواجار ئاواکردنی فاشیزمی هەردوو نوخبە دەسەڵاتدارەکەیە بەسەر سەرجەم کایەی سیاسیدا. ئەم فاشیزمە نوێیەی کە لەلایەن زۆرێک لە نوخبە سیاسیەکانی وڵاتە ستەمکار و دیکتاتۆریەکانەوە دروستدەکرێت، بە دەسەڵاتی سیاسی کوردستانیشەوە، لە هەموو سیما و ناوەڕۆکەکانیەوە لەو فاشیزمە ناچێت، کە لەسەرەتاکانی سەدەی بیستدا هاتۆتەکایەوە، کە سەرکردەیەکی سەربازی حوکمی وڵات دەکات و سوپایەکی بێشومار دروستدەکات و دەستدەکات بە پاکتاوکردنی هەموو نەیارەکانی و لەناوبردنی هەر دەنگێکی ناڕازی و کوشتنی هەموو ئەوانەی دژایەتی سیستمەکە دەکەن. رەنگە ئەم کار و کردەوانە لەسەر هەموو ئاستێک لەبار نەبێت لە ئێستادا بۆ هەندێک لەم نوخبە سیاسیانە کە بەشێکیان لە دۆخێکی فرە حیزبی و جۆرێک لە پلورالیزمی سیاسیدا دەژین و رێگە لەم فاشیزمە عەسکەرتاریە دەگرێت. لێرەوە دامەزراندنی فاشیزمێکی نوێی سیاسی لە زۆرێک لەم سیستمە پاوانخوازانەی دەسەڵاتدا کارکردنە لەسەر نەهێشتنی نەیارەکانیان لە رێگەی دامەزراوە یاساییەکانەوە یان لە رێگەی مۆبیلیزەکردنی جەماوەر و ئەندامەکانی ئەم نوخبە حیزبیانەوە بۆ کپکردنی دەنگە ناڕازیەکان و سەرکوتکردنی ناڕازیبوونی جەماوەریی. یەکەم ئەرکی دامەزراندنی ئەم فاشیزمەی دەسەڵاتی سیاسی کوردستان لەلایەن هەردوو نوخبە سیاسیەکەوە بریتیە لە بەکارهێنانی ئەو دامەزراوانەی کە لەلایەن خودی حیزبەکانەوە کۆنتڕۆڵکراون و ئەم دامەزراوانەش لە زۆربەی بارەکاندا ئەوانەن کە بەرگێکی یاساییان لەبەردایە و بە دامەزراوە یاسایی و فەرمیەکان دادەنرێن، کە گرنگترینیان بریتین لە پەرلەمان و دادگە و دادوەری گشتی. ئەم پەرلەمانەی ئێستا راستەوخۆ لەلایەن پارتیەوە کۆنتڕۆڵکراوەو خاوەنی کارەکتەری سەربەخۆی خۆی نیە وەک دامەزراوەیەکی یاسادانەری نیشتمانی و کایەیەکی گشتی گرنگ بۆ سازدانی دیبەیتێکی راستەقینە لەسەر یاساکان و سیاسەتە گشتیەکان و بنیانتنانی کارەکتەرێکی بەهێز بۆ خۆی کە توانای لێپرسینەوەی لە حکومەت و کارەکانی هەبێت. ئەوەی ئەم پەرلەمانە پێیهەڵدەستێ بریتیە لە بەگەڕخستن و تێپەڕاندنی ئەو ئەجێندا سیاسیانەی پارتی وەک هێزێکی هەژمونکار بەسەر پەرلەمانەوە کە دەخوازێت بەرگێکی یاسایی پێ ببەخشێت و شەرعیەتی جێبەجێکردنی لەناو دامەزراوەکانی حکومەتدا هەبێت. بێگومان ئەم دەسەڵاتە سیاسیە هەمیشە لە هەوڵی لێدان و گرتن و کوشتنی خۆپیشاندەران و رۆژنامەنووسان و دەنگە ناڕازیەکاندا بووە و بە کردەوەیی لە هەوڵی دامەزراندنی چەندین دەزگای ئاسایشیدا بووە لە ژێر ناوی جیاوازدا کە ببێتە دەزگاکانی ترساندنی خەڵکی و چاودێریکردن بە مەبەستی رێگریکردن لە هەر جوڵە و خۆپیشاندانێکی جەماوەریی. ئەم جۆرە لە فاشیزم توانای داگیرکردنی راستی نیە و ناتوانێت سەرجەمی حەقیقەت بۆ خۆی مۆنۆپۆڵ بکات. ئەم دوو نوخبە سیاسیە بێ فەرهەنگە لەبەرئەوەی خاوەنی ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی دیاریکراو نین، توانای ئەوەشیان نەبووە کە تەنها یەک راستی لە رێگەی پەروەردە و خوێندنەوە بگەیەنن و بتوانن ئەوە بسەپێنن بەسەر زۆرینەی خەڵکدا کە ئەو ژیان و سیستمی حوکمڕانیەی ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت هەر ئەوەندە دەتوانرێت بۆ ئێستای کوردستان بەدیبهێنرێت. زۆرینەی هاوڵاتیان و کۆمەڵگەی ئەمڕۆی کوردستان هۆشیاری ئەوەیان هەیە کە ئەم حوکمڕانیە سیاسیە کە لەلایەن دوو نوخبەوە بەڕێوەدەبرێت بریتیە لە حوکمڕانیەکی بنەماڵەیی کە نوقمی گەندەڵیەکی رێکخراوە و سەرتاپای جومگە حیزبی و حکومیەکانی گرتۆتەوە و هەوڵی بە گەندەڵکردنی ئەندامانی کۆمەڵگەش دەدات. کەواتە هۆشیاری خەڵک لە ئاستێکدایە کە چیتر باوەڕ بەم دەسەڵاتە ناکات کاتێک دەیەوێت بە خەڵک بڵێت کە دۆخی هەنوکە دەکرێت باشتر بکرێت. لەبەرئەوەی ئەم جۆرە لە فاشیزم لە ناو دەسەڵاتی سیاسی کوردستاندا توانای زەوتکردنی حەقیقەت و گەیاندنی یەک راستی نیە بۆ کۆمەڵگە، بەڵکو لە رێگەی دیکەوە هەوڵی سەپاندنی هەژمونی سیاسی خۆی دەدات. واتە کاتێک توانای داگیرکردنی هۆشیاری خەڵکی نیە، هەوڵی شکاندنی ئەو رۆحیەتی بەرەنگاریی و بەرهەڵستکاریی و ئامادەییە بۆ روبەڕوبوونەوە دەدات کە زۆرینەی هاوڵاتیان و کۆمەڵگە بە شێوازی جیاواز مانیفێستی دەکەن. کاتێک ئەم گیانی بەرگریە کە گرنگترین خاڵی مەترسیە بۆ سەر ژیان و مانەوەی دەسەڵات توشی جۆرێک لە نائومێدی دەبێت سەبارەت بە گۆڕینی ئەم سیستمی حوکمڕانیە، لێرەدا دەسەڵات قسە لەسەر چاکسازیی دەکات. بەڵام لە هەمانکاتدا ئەم فاشیزمەی دەسەڵاتی سیاسی کوردستان کە لەلایەن دوو نوخبەوە بەڕێوەدەبرێت لە غروری پاوانکردنی دەسەڵاتەوە بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتێکی زیاتر و دروستکردنی هەژمونێکی گەورەتر بەسەر هەموو تاکێکی کۆمەڵگەدا، دەخوازێت لە رێگەی پرۆژە یاسای تۆتالیتاریانە و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی پڕ لە چاودێریی بەسەر تاکەکەسەکانەوە کۆنترۆڵی هەمووان بکات. کارێکی دیکەی ئەم نوخبە دەسەڵاتدارە دەستەمۆکردنی ئۆپۆزسیۆن و هێزە نەیارەکانە. ئەم پرۆسەی دەستەمۆکردنە بە چەند رێگەیەکی جیاوازدا دەڕوات و سەرەتا رەنگە لە دژایەتیکردن و جەنگێکی میدیایی و هەندێکجار لە پێکداداندا بەڕێوەبچێت و پاشان نوخبەی دەسەڵاتدار هەوڵی گرتنەخۆ یان ئیحتیواکردنی ئۆپۆزسیۆن بدات. هەروەها بەکارهێنانی دانوستاندن و پێشکەشکردنی پلە و پایە لەبەرامبەر بێدەنگبوون و پاشان خەساندن و دەستەمۆکردنی ئەم ئۆپۆزسیۆنە و کپکردنەوەی ئەو پرۆژە رادیکڵانەی بانگەشەیان بۆ کردووە. ئەمەش دەبێتەهۆی لێکترازانی ریزەکانی ئۆپۆزسیۆن و دروستبوونی جیابوونەوە لە نێو ئەندامەکانیاندا کە بەشێکی زۆریان ئەمە بە خۆ تەسلیمبوون بە نوخبەی دەسەڵاتی سیاسی دەبینن. ئەم پرۆسەی راهێنان و جڵەوکردن و دەستەمۆکردنەی ئۆپۆزسیۆن لەلایەن نوخبەی سیاسیەوە دوو مەبەستی سەرەکی دەپێکێت. یەکەم، ئەو پەیامە بە خەڵکی دەگەیەنێت کە ئۆپۆزسیۆنبوون و کردنەوەی بەرەی نەیاری بێهودەیەو دواجار بە دەستەمۆکردن و رازیبوون بە کەمترین داواکاریی کۆتایی دێت. دووەم، ئەو گیانی بەرەنگاریی و ئازایەتیە بۆ بەردەوامی ململانێکردن لەگەڵ دەسەڵاتدا لاواز دەکات، کە تاڕادەیەکی زۆر ئەم دوو خاڵە پێکەوە گرێدراون لە لای زۆرینەی تاکەکەسەکان و بە تایبەتی چالاکوانان. واتە لاوازبوونی ئۆپۆزسیۆن و دەستەمۆبوونی ئۆپۆزسیۆن دەبێتەهۆی لاوازبوون و دروستبوونی نائومێدیەکی گەورە لەناو بەشێکی گەورەی ئەوانەی ئومێدیان لەسەر ئەم هێزە ئۆپۆزسیۆنە بنیاتنابوو. دواجار ئەم بارە سیاسی و سایکۆلۆژیە ئەوە دروستدەکات کە بەشێکی زۆری کۆمەڵگە چیتر بڕوای بەوە نامێنێت ئۆپۆزسیۆن توانای بردنەوەی لە دەنگداندا هەبێت و نوخبەی دەسەڵاتدار لەوەدا سەرکەوتوو دەبێت کە خەڵکێکی زۆر نائومێد بکات و ئەو بڕوایەیان لا دروستبکات کە بێهودەیە دەنگ بە هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بدەن چونکە توانای بردنەوەیان نابێت. جگە لەمەش نائومێدیەکی گشتی لەلای خەڵک دروستدەکات سەبارەت بە کۆی پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان، هەروەک چۆن لە هەڵبژاردنی پێشودا رێژەی بەشداریکردن لە دەنگداندا لە کوردستان و عێراقیشدا رێژەیەکی زۆر کەمی نیشاندا. (لە دەرفەتەکانی داهاتودا باس لەوە دەکەم کە چۆن پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان و دامەزراوە فەرمی و یاساییەکان دەبن بە کەرەستەیەکی بەسوود بەدەست نوخبەی سیاسیەوە بۆ بەردەوامیدان بە سیستمی سەرکوتکاریی و فەرمانڕەوایی خۆیان). کەواتە ئەم دوو نوخبە سیاسیەی کوردستان لە هەوڵی دامەزراندنی فاشیزمێکدان کە پێیەکی لەسەر بەناو بەیاساییکردنی کۆمەڵێک بڕیار و پرۆژەی پاوانخوازی دەسەڵات داناوە و، پێیەکەی دیکەی لەسەر لاوازکردن و دەستەمۆکردنی ئۆپۆزسیۆن داناوە بە جۆرێک کە مەبەست و ئامانجی سەرەکی ئەم دەسەڵاتە دانانی سیستمێکی چاودێری و کۆمەڵگەیەکی برا گەورەیە کە نەک هەر ئۆپۆزسیۆن بێدەنگ و بێکاریگەر بکات، بەڵکو تاکەکەسەکانی ناو کۆمەڵگەش توانای دەربڕینی راوبۆچونەکانی خۆیان نەبێت لە رێگەی کەناڵەکانی گەیاندنەوە و، دواجار سزادانی ئەوانەی سەرپێچی دەکەن لە رێگەی یاسا سەرکوتکارەکانەوە کە سیستمێکی دادوەری حیزبی جێبەجێیدەکات. ئەمە ئەو فاشیزمەیە کە ئەگەر ئەم وتارە ببێتە جۆرێک لە هاندان بۆ خۆپیشاندان دژی ئەو پرۆژە یاسا تۆتالیتاری و مومارەسە سەرکوتکاریانەی کە دەخوازێ هەموو دەنگە ناڕازیەکان و مافی خۆپیشاندان و رەخنەگرتن کپبکات، ئەوا ئامانجی هەردوو نوخبەی سیاسی بریتی دەبێت لە توندکردنی هەموو نوسەر و قەڵەمێکی رەخنەگر و بەرپرسیار لە کونجی زینداندا. لێرەوە دەبێت ئەوە روون بێت کە تەنها هێزی شەقام و ناڕەزایەتی سەرتاسەریی دەتوانێت بەر بەم فاشیزمە بگرێت.
سهنگهر رسول توركیا وهكو دایناسورێكی زهبهلاحی ناوچهكه ههم لهرووی ئابووری و ههمیش لهرووی سهربازییهوه، تینووی گازی سروشتییه. بهشێوهیهك، ستراتیژییهتی ئاسایشی ووزهی توركیا لهداهاتوودا بهنده بهتواناكانی ئهو وڵاته بۆ دابینكردنی گازی سروشتی دوور لهههر مهترسییهك، ئهمهش پهیوهندی بهوه ههیه كه له ئێستادا 98% ئهو ووزهیه لهدهرهوهی سنوورهكانی توركیاوه دابین دهكرێت، فرۆشیارانیش بهپلهی یهكهم رووسیا و ئێرانه لهگهڵ ئازهربایجان. بهڵام دۆزینهوهی گازی سروشتی لهدهریای رهشدا، له 21ی ئاب لهلایهن سهرۆكی توركیاوه راگهیاندرا، دهرفهتێكی كاتی بهو وڵاته دهبهخشێ نهك ههمیشهیی. ئهم ههنگاوهش كۆمهڵێك هاوكێشهی سیاسی نێودهوڵهتی بهدوای خۆیدا دههێنێت. بهپێی لێكدانهوهكان، دۆزینهوهی 320 ملیار مهتر چوار گۆشه لهدهریای رهشدا، دوای دهرهێنان و كاره تهكنیكییهكان و تێچووی گونجاو، ئهگهر هیچ كێشهیهكی بۆ دروست نهبێت ئهوا لهباشترین باردا بهشی حهوت ساڵ ووزهی پێویست بۆ خواستهكانی توركیا دهستهبهر دهكات. كهواته لهدواجاردا توركیا ههر دهبێت لهدهرگای دهرهوه بدات بۆ وه دهستخستنی ووزه، بهڵام لهههمانكاتیشدا ئهم دۆزینهوهیه دهرفهتێكی زێرین بۆ توركیا دروست دهكات له دانووستانهكانی نوێكردنهوهی گرێبهستی دابینكردنی گازی سروشتی لهگهڵ رووسیاو ئێران كه لهچهند ساڵێكی كهمی ئاینده گرێبهستهكان كۆتاییان پێدێت. ئهگهر لهدهریای رهشیشهوه بپهرێینهوه بۆ ئاوهكانی دهریای ناوهراست، ئهوا دهبینین توركیا پرۆسهكانی گهران و دۆزینهوهو دهرهێنانی گازی سروشتی دهسپێكردووه، تهنانهت لهگهڵ حكومهتی لیبیاش گرێبهستی ئیمزاكردووهو لهئاوهكانی قوبرسیش پرۆسهكهی دهست پێكردووه. ئهمهش بۆته هۆی دروستبوونی ناكۆكی لهنێوان توركیا لهلایهك و یۆنان و ههروهها مسڕ و ئیسرائیل و فهرهنسا لهلایهكی دیكه. چونكه ئهستهمه سنووره ئاوییهكان بۆ مافی دهرهێنان هێنده بهسانایی دهست نیشان بكرێن و ئهم توندبوونی ململانێكانیش پهیوهندی بهگازی سروشتییهوه ههیهو دهكرێت لهبابهتێكی دیكهدا دهوڵهمهندتر لهوبارهیهوه بدوێین. بهتێروانین لهو خاڵانهی سهرهوه، ئهوه روون دهبێتهوه كه پێگهی ههرێمی كوردستان وهك هاوسنووری توركیاو پێگهی فیدراڵییهكهی لهعیراقدا، لهبهردهم مهترسییهكی گهوره دایه! چونكه پرسی گازی سروشتی بۆ توركیا تهنهاو تهنها پرسێكی ئابووری نییه، بهڵكو پهیوهست بووه بهئاسایشی نهتهوهییهوهو ههر سیناریۆیهكی خراپ ههبێت سڵ ناكاتهوه بۆ گهیشتن بهو سهرچاوهیه. ههرێم ئهگهر ژیرانهو زۆر ههستییارانه مامهڵه لهگهڵ پرسی گازی سروشتی نهكات، ئهوا بهدڵنیاییهوه كارهساتی خراپتر لهسیاسهتی دهرهێنانی نهوت چاوهروانی ههرێم دهكات! لهوبارهدا ههرێم چی بكات؟! لهكاتێكدا ههرێم بههۆی ئیتیفاقییهی 50 ساڵییهكهوه دهستی كهوتۆته بن سهری توركیاو ههروهها ههبوونی بنكه سهربازییه زۆرهكانی توركیا لهههرێم واقیعێكی دروست كردووه ناتوانرێت بهبێ توركیا لهوبارهیهوه هیچ جووڵهیهك بكات. لهلایهكی دیكهشهوه مافه دهستووری و فیدراڵییهكانی عیراق كه بهههرێم دراون ئهوهنده باش و دهستوورین، ناكرێت لهعیراق دوور بكهوێتهوهو دژ به بهغدا ههنگاو بنێت. ههروهها باشترین داهاتووش بۆ ههرێم روو لهبهغدایه! باشترین سیناریۆ جوڵه ههرێم بیكات ئهوا لهسهر دوو ئاست دهبێت. یهكهمییان ئهوهیه لهسهر ئاستی ههرێم لهرێگهی دروستكردنی لیژنهیهكی كه پێكبێت لهژمارهیهك ئهندامی پهرلهمانی كوردستان (زۆرینهی فراكسیۆنه گهورهكان)، لهگهڵ ئهنجومهنی نهوت و گازی ههرێم بۆ دارشتنی سیاسهتی گازی سروشتی ههرێم. دووهمییان لهسهر ئاستی عیراق لهرێگهی سهرۆك كۆمارو وهزیرهكان (وهك واقیعی سیاسی: بهمهرجێك یهكێتی بهشداری سهرهكی دارشتنی سیاسهتهكه بێت و روئیای ئهو حزبه رهنگدانهوهو جێكردنهوهی ههبێت لهرهشنووسهكه بۆ ئهوهی یهكدهنگی دروست بێت لهبهغدا)، ئهوا لهگهڵ حكومهتی عیراق راوێژ لهسهر رهشنووسی سیاسهت و پرۆژهكه بكرێت. دوای دروستكردنی رهشنووسی پرۆژهكه، دهكرێت دهرهێنانی گازی سروشتی بكرێته خاڵی سهرهكی دانووستانی ههرێم بۆ جێگیركردنی بودجهی ههرێم بهشێویهك له 10 ساڵ كهمتر نهبێت و لهپهرلهمان دهنگی لهسهر بدرێت بههۆكاری ئهوهی ئابووری عیراق دهبوژێنێتهوه. دوای گهیشتنه رێككهوتن لهگهڵ بهغدا دهكرێت بهغداو ههرێم پێكهوه لهگهڵ توركیا قسه لهسهر مهلهفی دهرهێنان و ههناردهكردنی گازی سروشتی بكرێت. ئهگهر بهپێی ئهم پلانهی سهرهوه بروات، ئهوا ههم لهرووی ئابوورییهوه سهقامگیرییهكی درێژ خایهن بۆ ههرێم دروست دهبێ وهك جێگیركردنی بهشه بودجهیهك بۆ زیاتر له 10 ساڵ، ههمیش لهرووی دهستوورییهوه دهرهێنانی گازی سروشتی كێشهی یاسایی بۆ دروست نابێت و لهلایهكی دیكهشهوه لهگهڵ بهغدا ههرێم بههێزتر دهبێ لهسهر مێزی دانووستاندنی فرۆشتنی گازی سروشتی بهتوركیا. ئهگهر بهووردی و ههستییاری و نیشتیمانییهوه بیر لهمهلهفی گازی سروشتی ههرێم نهكرێتهوه، ئهوا ئهگهری زۆره تاك لایهنه گرێبهستهكه هاوشێوهی 50 ساڵییهكه رووبدات! بۆیه سهرجهم پارت و لایهنه سیاسییهكان دهبێت ههوڵهكانییا بخهنه گهڕ ئهمه روونهدات و ههروهها دهبێت ئهو خاڵهش بزانن بهبێ توركیاش هیچ ناكرێت! سیاسهتی ژیرانه ئهوهیه ههرسێ لایهنی ههرێمی كوردستان و عیراق و توركیا پێكهوه رێكبكهون نهك دوولایهن بهتهنها! *شارهزا لهئابووری سیاسی
ئاسۆ حاجی لەو چەند رۆژە زۆرترین قسە دەربارەی بزاڤەکانی نێچیرڤان بارزانی کران و وەک هەمیشە بەسەر ستایش کردن و رەخنە لێگرتن دابەش ببوون،ئەمن بە شێوەیەکی رێژەیی لە هەردوو بەرەدا هاوبۆچوون و دژە بۆچوون بووم. حەزم نەدەکرد نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا دیدار لەگەڵ ماکڕۆن بکات،چونکە پێم وایە درێژکردنەوەی هەمان هەلەی زوو پیرۆزبایی کردنە لە کازمی کە دەرچوو شایەنی نیە،خاڵی گەش ئەوە بوو کە لایەنی عێڕاقی بەتەنیا و بە فەرمی لەگەل ماکڕۆن کۆبوونەوە و لایەنی کوردستانیش بە تەنیا و بە فەرمی لەگەڵی کۆبوونەوە و ماکڕۆن بەڵێنی ئەوەشی داوە کە لە دەرفەتێکی نزیکدا سەردانی کوردستان بکات. بەڵام دڵخۆش بووم کە رۆژی دواتر سەرۆک نێچیرڤان بارزانیم لەگەڵ ئەردۆغان لە ئەنقەرە بینی،کە ئاماژەیەکی روونە لەوەی هەرێمی کوردستان ئەگەر لەناوەخۆ دیسان تێکی نەدەنەوە پێگەی بەهێز دەبێتەوە و دەبێتەوە لایەنێکی بەهێزی هاوکێشە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست،رەنگە هەندێک بڵێن ئەردۆغان لە سەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لە خراپترین دۆخ دایە و ئەگەر لە دۆڕانی پارتەکەی لە هەڵبژاردن و خۆشی لە سەرۆکایەتی کۆمار زۆر نزیکە و منیش تەواو هاوڕای ئەو بۆچوونەم بەڵام ئەوە لە گرنگی دیدارەکە کەم ناکاتەوە. لەوانە لە هەموویان گرنگتر کە کەمترین قسەی دەەبارە کرا هێنانەوەی دوو منداڵی ئێزیدی بوو لە تورکیاوە بۆ کوردستان و شادبوونەوەیان بە کەسوکاریان،ئەوە قسە و هەڵوێستێکی نێچیرڤان بارزانی وەبیرهێنامەوە کە دوای جینۆسایدی شەنگال لە دیدارێکی دا لەگەڵ کەسوکاری ئەو ئێزیدیانەی داعش رفاندبوونی بەڵێنی پێدان کە ئەگەر چاکەتەکەی بەریشی بفرۆشێ ئەوە واز لە ئازادکردنی ئەو ژن و منداڵانە ناهێنێ کە کەوتوونەتە دەست داعش. ئەو هەڵوێستەی نێچیرڤان بارزانیم بۆیە لا جوان و گرنگە چونکە لە ناو سیاسیانی رۆژهەڵات زۆر کەمیان خاوەن قسە و بەڵێنی خۆیانن،بەڵکو زوو بەڵێن دەدەن و زووش لەبیریان دەچێتەوە،بەڵام سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەو جغزە دەرچووە و باسکردنی لە تەنها کارەکتەرێکی سیاسی تەقلیدی کورت ناکرێتەوە.
ئاگر ئەکرەم عێراق لە هەمو قۆناغەکاندا ئەگەر توشی قەیرانی سیاسی یان ئابوری بوبێتەوە ، لەبەر ئەوەی پێگەی جوگرافی و ژێرخانی ئابوری بەهێزە ، توانیویەتی بە خێراترین کات هەڵسێتەوە و ببێتە یەکێک لە وڵاتە بەهێزەکان ئەگەر چی ململانێ ی هەرێمایەتی لەسەر سەکۆی عێراق تا ئاستی داڕزانی گشتی عێراقی دوای سەدامی وێران کردوە، بەڵام بۆ هەڵسانەوە لەبەر بونی ماتریالی گشتی و بنەما ئابوریەکان دەتوانێت خێرا هەڵسیتەوە ، لە سایەی سیستەمێکی دروست و حکومێکی عادلی ئیداری عێراق هۆیەکانی پێشکەوتنی زۆر زیاترە لە سعودیە ، بۆیە دەتوانین بە زمانی داتاکان بڵێین ئەگەری خێرای هەیە کە عێراق لە زۆر ڕوەوە لە سعودیە باشتر بێت. پێشکەوتنی هەر وڵاتیک بەندە نبە یەک فاکتەری گرنگەوە ئەویش سیستەمی حکومڕانی ئەو وڵاتەیە کە دەتوانێ ڕێکخستن و ئیدارە و دەستەڵاتەکان وا ئاراستە بکات کە ئەو وڵاتە بتوانێت پێش بکەوێ و ئاستی گوزەران تیادا ببێتە باڵا ، دوای سیستەمی حکومڕانی و بە تایبەتیش سیکتەری ئابوری ئەو سەرچاوانە دەبێتە پێوەر کە بونیان هەیە ، بەو دەوڵەتە دەوترێت دەوڵەتێکی تەندروست کە سەرچاوەی داهاتی فرەیی و هەمەچەشن بێت و پشت بە یەک سەرچاوە نەبەستێت ، واتا سیکتەرەکانی گەشت و گوزار ، وزە ، پیشەسازی ، پزیشکی کشت و کاڵ ، ئاوو ...هتد ، لەم ڕوانگەیەوە وڵاتانی ڕٶژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت هەردو وڵاتی سعودیە و عێراق ئەگەر چی لە ڕوی ژیان و پێگەی حکومڕانی و نێودەوڵەتی جیاوازیان زۆرە وسعودیە سەدان قات بەرزترە لە عێراق بەڵام هیچ یەکی لەم وڵاتانە نەیان توانیوە بە هاوسەنگی پشت بە فرە سەرچاوەی داهات ببەستن بەڵام کە بێینە سەر دیتاڵی سەرچاوەکانی داهات ئەوا دەکرێ لەم وردە کاریەدا بە کورتی ، بەراوردکاریەک بکەین لە نێوان عێراق و سعودیەدا. ڕوبەرو ژمارەی دانیشتوانی عێراق 438000 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە ، دانیشتوانی عێراق نزیک ئەبێتەوە لە 40 چل ملێۆن، لەو ژمارەیە نزیکەی ٢٠٠ هەزاری بیانین و لە عێراق نیشتەجێن و لە سێکتەرە جیاوازەکاندا کار دەکەن. روبەرو ژمارەی دانیشتوانی عربستانی سعودی 2149690 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، کە روبەرەکەی چوار هێندە زیاتری روبەری عێراقە، ژمارەی دانیشتوان 33.5 لەو ژمارەیە نزیکەی ١٣ ملیۆن هاوڵاتی ئەو وڵاتە نین و لەو وڵاتە کار دەکەن. نەوت لە عێراق پێنجەمین وڵاتی جیهانە لە روی یەدەگی نەوتەوە، خاوەنی ١٤٥ ملیاربەرمیل یەدەگی نەوتی خەمڵینراوە، ٪٩٥ ی داهاتی گشتی وڵات لە ئێستادا لە هەناردەکردنی نەوتەوە سەرچاوە ئەگرێ، سەرەڕای فرە چەشنی داهات لە عێراق، ئەمەش بە خاڵێکی نێگەتیڤ دائەنرێ لە ژێرخانی ئابوری وڵات. نەوت لە عربستانی سعودی دوەمین وڵاتی جیهانە لە روی یەدەگی نەوتەوە، خاوەنی ٢٦٧ ملیار یەدەگی نەوتی خەمڵێنراوە، ٪٧٠ ی داهاتی گشتی وڵات لە ئێستادا لە هەناردەکردنی نەوتەوە سەرچاوە ئەگرێ، بەڵام عربستانی سعودی وەک عێراق فرەچەشنی داهاتی نیە. کشت و کاڵ لە عێراق عێراق هەر لە میژەوە لانکەی شارستانیەت بوە و بە وڵاتی نێوان دو ڕوبار ناسراوە و خاوەنی ئەو هەمو دەشتە بە پیت و بەرینەیە هەر لە باکوریەوە بۆ باشوری، کەشو هەواو رێژەی باران بارین لە بارە بۆ کشت و کاڵ بەتایبەت باکورو ناوەڕاستی وە باکور و بەشێکی ناوەراستی ئەم وڵاتە خاونی هەرچوار وەرزەکەی ساڵە، هەر ئەمەشە وای لە عێراق کردوە کە خەلکەکەی بە ژن و پیاوەوە خەریکی چالاکی کشتوکاڵی بن،59336 کیلۆمەتر چوارگۆشە زەوی کشتوکاڵی هەیە، زەوی کشت وکاڵی لە عێراق خاکێکی بە پیتی بێوینەیە و نزیکە لە ئاو هەر بۆیەش کشت و کاڵ لە عێراق تێچویەکی کەمی هەیە لە چاو وڵاتانی دەوروبەریدا. کشت و کاڵ لە عربستانی سعودی کشت و کاڵ لەم وڵاتە مێژویەکی پرشنگداری نیە لە چاو عێراق، چونکە خاکی بە پیتی نیە و کەش و هەواو رێژەی باران بارینی لەباری نیە بۆ کشتو کاڵ، ئەمە جگە لەوەی کە خاکەکەشی بە پیت نیە ، تەنانەت هێندەو نیوێکی خاکی هەموو عێراق لەم وڵاتە بیابانی وشکی بێ ئاوو بێ لەوەڕە، ئەو کشتوکاڵەشی کە لەم وڵاتە دەکرێت پشت بە خاکی دەستکرد و ئاودێری دەستکرد بەستوە، وە تێچویشی زۆرە، بەرهەمی ئەم کشتوکاڵەش لە روی کوالێتیەوە نزمە. ئاوی شیرین لە عێراق یەکێکە لە پڕ ئاوترین وڵاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست ئەگەرچی خۆی خاوەنی یەدەگێکی ئاوی ژێر زەوی زۆرە بەڵام ٪70 ی ئاوی سەرزەوی سەرچاوەکانی لە وڵاتەکانی تورکیاو ئێرانەوەیە، بونی ئەو سەرچاوە ئاویە دەوڵەمەندانە عێراقی کردوەتە خاوەنی ئەو شارستانیەتە دێرینە کە مێژوەکەی بۆ 10000 دەهەزار سال پێش ئێستا بگەرێتەوە، ئەو کانیاو و روبارانەی سەرچاوەکانیان لە خاکی عێراقدایە لە روی کوالێتی ئاوی شیرینەوە بە کەمترین تێچوو دەتونڕیت بکرێتە ئاوی کانزایی و بخرێتە بازاراکانی جیهانەوە. ئاوی شیرین لە عربستانی سعودی ئەم وڵاتە لە ڕوی ئاوی شیرینەوە هەژارە، ئاوی سەر زەوی کەمەو هیچ روبارێکیشی نیە، ٪٥٠ی ئاوی شیرینی عربستانی سعودی لە رێگەی بیرە قوڵەکانەوە دابین ئەکرێت، توێژەرێکی زانکۆی مەلیک فیصل لە توێژینەوەیەکیدا لە سالی 2016 پێشبینی ئەوەی کردوە کە عربستانی سعودی لە 13 ساڵی داهاتودا ئیتر ناتوانێت کەڵک لە ئاوی ژێر زەویەکەی وەر بگرێت، نەوت عربستانی سعودی دروست کرد بەڵام پێ ئەچێت کە کەم ئاوی وێرانی بکات، ٪50ی تری ئاوی عربستانی سعودی لە ڕێگەی دەریاوە دابین ئەکرێت ئەمیش بە هۆی 31 کارگەی زەبەلاحی پاڵاوتەکردنی ئاوی دەریا بۆ ئاوی شیرین، ئەم کارگانە تێچویەکی زۆریان هەیە و لە لایەکی تریشەوە دەبنە هۆی پیس کردنی ژینگەی دەورو بەریان، ساڵانە لەم وڵاتە خواست لە سەر ئاوی پاڵفتە کراو ٪14 زیاد دەکات. گەشت و گوزار لە عێراق عێراق خاوەنی چەندین شوێنی ئایینی و مێژویی و هاوینە هەوارە بۆ گەشت وگوزار، شوێنە ئایینیەکانی عێراق بۆ مەزهەبی شیعەی دوانزە امامی هیچی کەمتر نیە لە مەککەو مەدینە بە جۆرێک کە لە کۆی دوانزە امامی شیعە گۆرو مەرقەدی 6 شەشیان لە عێراقدایە ئەمە جگە لە گۆری یارانی اهل بەیت و چەندین مزگەوت و کتێبخانە و شوێنەواری دێرینی ئایینی کە لە شارەکانی نەجەف و کەربەلا و سامەرا و کوفە و بەغداد چەند شارێکی ترن، شوینە پیرۆزەکانی بە نسبەت مەزهەبی شیعەوە نزیکەی 500 شوینە لەم رێژەیە بەشێکی کەمی بەر سونیەکان ئایینەکانی تر ئەکەوێت، هەروەها شوێنەواری پێغەمبەرەکانی ئادەم و نوح وهود و صالح و مقامی یونس، ئەمە جگە لە چەندین شوێنەواری دێرینی مێژوویی کە لە جیهاندا کەم وێنەن و لە لایەن رێکخراوە نێو دەوڵەتیەکانی وەک یۆنسکۆ خراونەتە فهرستی ئەو رێکخراوە، وەک شوێنەواری سۆمەریەکان و ئەکەدیەکان و ئاشوریەکان و بابلیەکان، ئەمە جگە لە بونی چەندین هاوینە هەواری سەرنج راکێش کە کەم شاری باکوری عێراق هەیە کە خاوەنی چەند هاوینە هەوارێکی سەرنجراکێش نەبیت. گەشت و گوزار لە عربستانی سعودی عربستانی سعودی خاوەنی چەندین شوینەواری ئاینی و مێژوییە بەڵام هیچ هاوینە هەوارێکی نیە، شوێنەوارە ئایینیەکانی عربستانی سعودی قیبلەی موسڵمانانی جیهانن، حەج و عمرە یەکێکە لە پڕ داهاتترین سێکتەری گەشت و گوزاری ئاینی لەم وڵاتە، لەمێژوو دا ئەم وڵاتە شارستانیەتی کەم بوە، بەڵام رێگای بازرگانی نیوان شارستانیەتەکان بوە. سەرچاوەی مرۆیی لە عێراق سەرمایەی مرۆیی وەکو هێزی کارکردن گرنگترین هۆکارە بۆ پێشکەوتنی هەر وڵاتێک، لە عێراق دا ٪٥٦.٦ وەک هێزی کار توانای کارکردنیان هەیە، لەم رێژەیە بە هۆی نەبونی بەرێوەبردن و وەگەڕ خستنی توانای مرۆیی نەتوانراوە بە تەواوی ئەم هێزە مرۆییە بخرێتە گەڕ لە ئێستادا، بەڵام بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت عربستانی سعودی ئامادەگی هەیە بۆ تاکێکی وەبەرهێن، سەرەرای نەبونی سیستەمێکی تەندروست بۆ وەگەڕ خستنی ئەم هێزە و بونی بەتاڵەیەکی زۆر نزیکەی ٢٠٠ هەزار بیانی کار دەکەن، وە زەمینەی بەگەڕخستنی ئەم هێزی کارە لەبارە ئەگەر حوکمڕانیەکی تەندروست هەبێ لە عێراقدا، لە سەرچاوەی مرۆیی عێراقدا هێزی ژن ئامادەگی هەیە بۆ کارکردن بەپێی کلتوری عێراقی، جگە لە بواری سەربازی ژن لە تەواوی کایەکانی تری ئابوری کۆمەڵایەتی دەوری باڵای هەیە، ژنان لە عێراق لە بوارەکانی خوێندن و بروانامە باڵاکان هیچیان لە پیاوان کەمتر نیە. سەرچاوەی مرۆیی لە عربستانی سعودی لە عربستانی سعودی ٪٥٦.٥ وەک هێزی کار توانای کارکردنیان هەیە، بەڵام خەڵکی عربستانی سعودی بە سێیەم تەممەڵترین خەڵکی وڵاتانی دنیا هەژمار دەکرێن، بە جۆرێک لەم وڵاتە نزیکەی ١٣ ملیۆن دەستی کاری بیانی کار دەکەن، ئەمەش هۆکارێکە بۆ چونە دەرەوەی دراوی سعودی بۆ وڵاتانی تر، لە ڕوی فرهەنگەوە داب و نەریتی عەشایەری و خێڵەکی تا ئێستاش زاڵە ئەمەش هۆکارە بۆ کەمی دەستی کاری ژنان لە کایەکانی ئابوری،.لە بواری خوێندنی ژن لە عەرەبستان دەتوانین بڵێین یەكێکە لە وڵاتە دواکەوتوەکانی دنیا، بە جۆریک رێژەی خوێندکاری ئافرەت لە سەرەتایی ٪45 ە وە لە ناوەندی دا رێژەکە دادەبەزێت بۆ ٪21 و لە ئامادەیی دا زیاتر دادەبەزێت بۆ ٪19 لەمەوە بۆمان دەر دەکەوێت کە ژنان لە بونیاد نانی ئەو کۆمەڵگەیە رێژەیەکی زۆر کەمیان بەر کەوتوە، ژنان لەو وڵاتە تەنها لە کایەکانی پەروەردە و تەندروستی دەبینرێن لە سێکتەرەکانی تردا رێژەیان شایەنی باس نیە، کۆت و بەندی کۆمەڵایەتی وای کردوە کە تاوەکو چەند ساڵێک لەمەو پێش ژنان نەیائەتوانی شۆفێریش بکەن تەنانەت خاوەن ناسنامە نەبون بەڵکو لە ناسنامەی باوکیان دا ئاماژە بە ناویان ئەکرا. ئەنجام بە پێیی ئەو بەراوردانەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا بۆمان دەر دەکەوێت کە عێراق بە گشتی ژینگەی ئامادەگی بەرەو پێشچوونی خێرای لەبارترە بۆ پێشکەوتنی زیاتر لە عەرەبستانی سعودی، ئەگەر پێکهاتەکانی عێراق بە عەرەب و کورد و کەمەنەتەوایەتیەکانەوە دور بکەونەوە لە عەقڵی بەرێوەبردنی خێڵەکی و بونیادنانی عقڵێکی دەوڵەتمەداری سستماتیک لە سایەی دەستوردا، ئەوا عێراق ئەتوانێت ببێتە وڵاتێکی پێشکەوتوو لە سەر ئاستی هەموو سێکتەرەکاندا،وە لە ئێستادا سەرەتای کارکردن لە عێراقدا دەرکەوتوە بە پشتیوانی بەرژەوەندیە باڵاکانی دەوڵەتانی زلهێز،خەڵکی عێراق لە دوای روخانی سەدامەوە بەتەواوەتی ماندوو بوە بەدەست حکومرانی خێڵەکی و مەزهەبیەوە، بە گشتی لە ناوخۆودەرەوەی عێراقدا داواکاری بۆ بونیادنانی دەوڵەتداری لە ئاستی بەرزبونەوە دایە، سەرەتای ئەم داواکاریانەش لە جوڵەکانی کاڤمی دا لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە دەر کەوتوە.
شیوا میرەکی بۆ ناسینی هەر نەتەوەیەک سێ لقی ئەدەبیاتی ئەو نەتەوە واتە ئەدەبی فولکلۆر، شێعر و مێژووی ئەدەبی ئەو میللەتە زۆر گرینگە . یەکێک لە سەرچاوە جێگەی متمانە و باوەڕپێکراوەکان بۆ ناسین و ناساندنی مێژوو ، کولتوور و ئەدەبی میللەتەکان بێ گومان مۆسیقا ، شێعر و ئەدەبی فۆلکلۆرە. فۆلکلۆر لە دوو وشەی (folk) ( میللەت ) و lore)) (چیرۆک و هونەر ) پێکهاتووە. بۆیە فۆلکلۆر بە وێنەی ئاوینەی باڵانوێنێکە کە بەشێکی بەرچاو لە یاسا و داب و نەریتەکان کە لە درێژەی زەمان وەکوو دەسکەوت بۆ میللەتەکەمان ماوەتەوە، پیشان دەدات. ئەگەر فۆلکلۆری میللەتێک وەکوو کولتووری نەنووسراو یان "فەرهەنگی زارەکی " پێناسە بکەین ئەم بۆچوون و بانگەشەیە زیاتر خۆی نیشان ئەدات . زیاترین بەش لە تایبەتمەندییەکانی کولتووری لە هۆنراوە و گۆرانییەکاندا دیارە و سینە بە سینە نەقڵ کراوە پیشانی داهاتووانی دەدات . بە بڕوای د. عیزەدین مستەفا ڕەسوول گۆرانی کۆنترین بەش لە ئەدەبی فولکلۆر و غنایییە کە لە ڕۆژگارێکی زۆر کۆن کە هێشتا هۆشیاری میللەتەکان زۆر لە خوار بووە، درووس بووە و زانایان دەڵێن گۆرانی شوانی کۆنترین جۆری گۆرانییە. هەر میللەتێک، کە ئەدەبیاتی نەنووسراوی دەوڵەمەندی هەبێت، ئەوا کولتوورێکی پتەوتر و تایبەتمەندی زیاتری لە وانی دیکەی هەیە. یەکێ لەو میللەتانە کە بە درێژایی مێژوو خاوەنی کولتوور و ئەدەبیاتێکی دەوڵەمەند بووە و کێشە و جەفاکانی ڕۆژگار نەیتوانیوە ڕەسەنایەتی لێ بسێنێ کورد بووە .ئەدەبیاتێکی " سهل وممتنع " کە بۆ ڕۆح و مێشک و زمانی هەر تاکێکی کورد ئاشنایە و ئەتوانین بڵێین ڕەنجێکی هاوبەشە هەر لە لەیلاخ تا موکریان ،لە هەوشار تا لوڕستان و ... مرۆڤی کورد بە شێعر و گۆرانی لە دایک دەبێ ، بە شێعر و گۆرانی باڵا دەکات و بە شێعر و گۆرانی ئەمرێ کە ئەمە لە گۆرانی و بەیتە فولکلۆرەکان وەکوو لای لایە ، بەرتەونانە ، چەمەری و ... خۆی نیشان داوە . گۆرانی کوردی تووشیاری ژان و کێشەی ڕۆژگار نییە و نەبووە بەڵکوو گۆرانی کوردی خودی ئێش و ژانە . گۆرانی کوردی تەنیا کەرەستەیێک بۆ شادیکردن نییە بەڵکوو خۆی بەشێکە لە ئەلفوبێی ژیان . شێعر و گۆرانی کوردی ئەزموون و فەلسەفەی ژیانی میللەتی کوردە و یەکی لە باشترین سەرچاوەگەلی ناسین و ناساندنی میللەتی کوردە .هەر چەن کە ناسینی کولتووری یەک میللەت ئاسان نییە و خاڵگەلێکی زۆر لە درووسبوون ئەو ئەدەبیاتە نەخشی هەس ، بەڵام یەکێ لە ڕێگەگەلی ناسینی بنەمای کولتووری ؛ زمانی و ناسینی شتە باو دیرۆکییەکانە کە لە گۆرانیە فولکلۆرەکان خۆی شاردووتەوەو نیشاندەری شێوازی ژیان ، ڕەسم و یاساکانی ژیانی میللەتەکانە. کە بە جۆرێک وەکوو ئاوێنە ئەتوانین تێدا بڕوانین و مێژووەکەی شی بکەینەوە . یەکێ لە ناوچە دەوڵەمەندەکانی فۆلکلۆری کوردی ناوچەی چەرداوڕی ، ئەسپەن ئاوا و لەیلاخە (قوروەو دێولان) کە تایبەتمەندیێکی بەرچاوی لە باقی ناوچەکان هەس . یەکێ لە تایبەتمەندییەکانی بەرچاوەکانی فرە کولتووربوون و فرە زاراوەییە چۆن شاری قوروە لە لایێکەوە هاوسنووری ناوچەی گەڕووس ، لە لایێکەوە هاوسای هەمەدان و ئەسەدئاوا ، لە لایێکەوە بە سونڱور ،کولیایی و کرماشان و لە لایێکی ترەوە پاڵی داوە بە لەیلاخ و سنەی ئەردەلانەوە . لە ناوچەی لەیلاخ تێکەڵێک لە بن زاراوەکانی ئەردەڵانی و گۆرانی ، لە ئەسپەنئاوا یا قوروە تێکەڵێک لە بن زاراوەکانی ئەردەڵانی ، گۆرانی ، لەکی ( بە هۆی هاتنی کۆچبەرەکانی لەک ) کەلهوڕی ، هەورامی (قەڵای کامجورد،قەڵای ئەومەلەکی ) بوونی هەیە. بوونی تایفەی شێخ ئیسماییلی کە بەشێکیان لەشارەزوورەو و بەشێکیان لە جوانڕۆ بۆ ئەم ناوچەیە کۆچیان کردووە لە باشووری ئەم شارە و گوندەکانی نیشتەجێ بوون کە لە ئاڵۆگۆڕی زمانی ناوچە و فرەچەشنی کولتووریی نەخشێکی گرینگ و بەرچاویان بووە. هەرچەند کە زۆربەی گۆرانییە کۆنەکانی ناوچە ، گۆرانی کار بووە و سازیان لە گەڵدا نییە .گۆرانیە بەزمی و شادەکانیش زۆر سادە بووە و دەوڵ و زوڕنایان لێ داوە کە لە درێژەی زەمان لە دوزەلە ، زمارە (نی هفت بند) ، نەرمەنەی ، دومەک کەڵیان گرتووە .لە بەزمگەلێکی ئایینیدا سۆفی و دەروێشەکان دەفیان لێداوە و بڕێ جار لە زەماوندەکان و بەزمی بوێژگەل و دەلۊگەل کە لە کووچە و کۆڵان بەڕێ ئەچوو کەمانچە و دایرەیان بەکاربردووە . هەروەها له جەژنەکان و کۆبوونەوەی بنەماڵەیی لە "قاوەسینی" و "پووت هەژدەکیلوو" هاوکات لە گەڵ گۆرانی کەڵکیان گرتووە . گۆرانی لەم ناوچە وەکوو باقی ناوچەکان کوردەواری تەنیا بۆ کاتی شایی و خۆشی نەبووە بەڵکوو لە هەموو کاتێکدا بۆ کشتوکاڵ ، تەونکردن ، مناڵداریکردن ، عاشقی کردن ، تەنیایی و دەرددیدڵ ، دوینەنیانن ، بۆ مەڕوماڵات و ...گۆرانی و ئاوازیان خوێندووە کە زۆربەی ئەو گۆرانیگەلە سادە و ساکار و لە ناخی دڵدا جێگیر ئەبێ . بۆ ڕاو ، نەچیر یان شەڕکردنیش گۆرانی تایبەت لەم ناوچە باو بووە بۆ شەڕ ؛ ئەی خوا لەو ڕووژە دەور قەڵا گیریا عەبدولباقی خان تیرباران کریا بۆ ڕاو ؛ ئەڕا ناحوەیدەی گووشت شکارم چەن کۊییل گەڕام ئەڕای تو بارم بەزمی هوورە زیاتر لە نێوان کورد شێخ ئیسماعیلی (کوردپابنەوا) زیاتر بینراوە.بەزمی چەمەری لە کاتی ئازیەتباری بەتایبەت مردنی جوان بەڕێ ئەچوو . ژنان بۆ دامرکاندنی کوڵی دڵ گۆرانییان چڕیوە و مردوویان لاواندووە کە بڕێ جار هاوکات لە گەڵ هەڵپەڕکێیکی نەرم و ئارام و بە پێچەوانەی هەڵپەڕکی شاد لە چەپ بۆ ڕاس بووە کە زیاتر لە ناوچەی کولیایی باو بووە بەڵام بە گشتی لەزۆربەی ناوچەدا بەزمی چەمەری بوونی هەبووە . مەقام ئایینی و سۆز ئایینی لە لەیلاخ وئەسپەن ئاوا بە گشتی و لە بەشگەلێک ناوچەی چەرداوڕی لە شەوی مێعراج مەولوودی خوێندن بەڕێ چووە بەڵام تەکیە و خانەقاگەل ناوچە هەمیشە بەزمی دەفلێدانیان بووە . ئاڱر چۊسە لیم بەو خامووشم کە ئەڵقەی خوڵامید فەخر گووشم کە لەناوچەی چەرداوڕی بەزمی ئازیەتباری عاشوورا بووە کە ئەڵبەتە زۆربەی هەڵبەستەکانی بە زمانی فارسییە و وا دیارە دیاردەی ساڵانی نزیکە و مێژوویێکی لە پشتەوە نییە . ئایینی یارسان لە قوروەی کۆن بوونی هەبووە و یەکێ لە هێماکان ئایین یارسان تەموور بووە کە زیاتر یارسانەکان لە کەڵاژێران بوونە بەڵام لە تەواوی ناوچە بوونیان بووە. لە کاتی نووڕ و نزاکردندا دەیانگوت ؛ با کوسوارت بۆ نەچڕم (کوسوار جێنشین و دەلیل سوڵتان سەهاک پێغەمەر یارسانە ) کە نیشاندەری یارسان بوونی ناوچەس . لە گوندەکانی پیر باوە قەڵا ، پیرسلیمان ، خەنان ئاوا،باوە شووراو قەسڵان.باوە شیداڵە،باوە قشلاقی تووغان،باوه گوڕ گوڕ ، شەیای نازار ، پیر مکە یان پیر مکاییل میناوا ، پیر یوونس علیاوا ، باوە سورخاو مەلک ئاوا ، باوەسارۆ نەجەفاوا نیشتەجێ بوونە . لە شەوی چلەی زستانیش وەکوو دیکەی ناوچەکان بەزمی کووسە کووسە بەڕێ ئەچوا, بۆ مەشکەژەندن و تەون کردن هەروەها گۆرانی تایبەت ژنان بوو دار مەشکەگەم هەنارە ، مەشکەژەنەگەم بیمارە دار مەشکەگەم هەنجیرە ،مەشکەژەنەگەم چە پیرە بۆ تەون ؛ قەزات لە ماڵم گورد و پشت گوردی مرخەک ڕەنڱامە هیلمڱەل وردی قەتار مەزهەبی لە زۆربەی ناوچەکەدا بوونی بووە ؛ حەفت لە خوار و حەفت لە ژۊر پڕ تەوەقی پڕ لە نۊر هەر چێ جبرەییل بیکا هونەر سەڵوات بوو ڕۆح پەیغەمەر مەقام گۆرانیێکی بەسۆز و خەمین بووە کە نیشاندەری هەستی خەمین و عاتیفی لە ڕووداوێک یا بیرەوەریێکی شیرین بووە و لەو کاتە مەقامیان خوێندووە کە هاوتای "تصنیف" فارسییە وەکوو گۆرانی خاڵووڕێوار ، گەڕیان گەڕیان ، سەوزە سەوزە و هەوری لار . یەکێ لە ناوازەترین مەقامەکان مێرزام سەراوێیە کە نیشاندەری حاڵ و بیرەوەری کەسانێکە کە مەقامیان خوێندووە مێرزام سەراوێ ، مێرزام سەراوێ ڕووژێ ڕاگەم کەفت وە سەر سەراوێ دیم دانیشتیە ، باوان خراوێ کونەی پڕ ئەکرد یەی مەسە چاوێ زیاتر لە ناوچەی چەرداوڕی مەقامی مناڵان باو بووە کە لە کات کی کایەکردن گۆرانی کورت و یەک بەدوای یەکیان خوێندووە بەڵام قەتار مناڵانە و لایەلایە کە دایک بۆ کۆرپەی ئەخوێند لە تەواوی ناوچە بوونی بووە . کوورپەم خەفتیە خەو خەیری وێ دەس فریشتەگان لە ژێر سەری وێ گوروانە شەو ، گوروانە شەو لە ماڵ ئیمە دۊر وانە شەو گۆرانیگەلێکە کە بەدوورە مناڵێکی کورد ئەو گۆرانیانەی نەبیستوێ و بەو دەنگه خەوی لێ نەکەوتووێ . بالوورە کە گۆرانی خوێندن کچ و کوڕ لە جواوی یەکتر بووە و لەکاتی لەدەس داین ئازیزانیش کەڵکیان لێ بردووە قەتار شوانی و دەورەگەردی زیاتر لەناوچەی کرماشان بەڕێ چووە کە بەیت شاکە و مەنسوورخانیان خوێندووە و لە نێو خەڵکی "دەلۊ "ناوبانگی بووە خەڵکیان لە کووچە و کۆڵان کۆ کردووە و گۆرانییان خوێندووە کە بڕێ جار بەباڵای کەسانێک ئەیانخوێند و پووڵیان ئەسەند ، بڕێ جاریش بووکەڵەیان لەگەڵ بوو و گۆرانی ؛ مینا بوو خوەی مینایە خاڵێ لە سەر گوونایە یان ئەخوێند . گۆرانیبێژە بەناوبانگەکان ناوچە ؛ شاڕۆخ مەیهەمی ، ڕەمەزا کولیایی ، مەولوو کەرەمی ، ئەحمەد قادرمەرزی ، حەمە حسێن وەیسی ، ڕەمەزان خوسرەوی ، سەی حەمە حسێنی ، فەتحوڵا میرزایی ، لفتە سەحرایی ، عەبدوڵا قوربانی ناسراو بە عەبدوڵا ماچکەیی ، نەبی زەڕین ، حەبیبەڵا موفاخێری ناسراو بە حەبیب ملەیی و .. وەکوو یوونگ دەڵێ ؛ وێژە دەربڕینی هەست و نەستی گەلە .بۆیە دەبێ بۆ ناسینی فەرهەنگی نەتەوەکان پەنابەین بۆ وێژەی ئەو نەتەوە کە بەرهەمی هەرمان و زیندووی پێشنیانیانی ئەو گەلە نیشان ئەدات .بێ شک ئەم بەیت و باو و گۆرانیگەلە تایبەت بە یەک ناوچە نییە و زمانی هاوبەشی میللەتی کوردە.
سەهین موفتی ئاڵۆزییەکی تەواو باڵی کێشاوە بەسەر کۆی ناوەندە جیاجیاکانی نێو کۆمەڵگەی کوردی، لە سیاسەتەوە بگرە هەتا خواردنەوەی قومێک ئاو...! یا، لە پۆشینی دەرپێی ژێرەوە هەتا سێبەری هەوری ئاسمانی کوردی...! - خارم، دوای چل ساڵ بەرپرسیارێتی لە ناوەندی خەباتی قوتابیانڕا تا پەیوەندییەکانی دەرەوەو لەوێڕاش لەبۆ سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی، کەچی ماکڕۆن بەسەرۆکی ئەمریکا ناودەبات لەسەر شاشەی تێڤی...! - لەسەر لایێک، وێنەیەکی دەگەڵ ماکڕۆن بڵاوبۆتەوە لەمیانی کۆبوونەوەی سەرۆکی فەڕەنسا لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسییەکانی عێڕاق، کە حورمەتنەدارێک رێکی خستبوو، کەچی بەمنی دەفرۆشێتەوە کە کۆبوونەوەیەکی گرنگی لەگەڵ نوێنەری کەڵەشێرەکانی ئەوروپا هەبووە(لاهور جەنگی)...! - خارێکی دیکەمان، بەم دواییە پۆستی بریکاری وەزارەتی ناوخۆی پێدراو دڵخۆشبووین، ئەگەرچی لە سەر پشکی یەکێتی نیشتیمانییە، لێ چوونکێم خودان دەرزەنێک شەهیدە، گوتمان شایستەیەو حەتمەن شیاوی پۆستەکەیە، کەچی هاتگە، هەر بە نێرەکەری دەبێژێت پابەندی بڕیاری حکومەت نابین لە سنووری سەوزو نابێت فەرمانبەران دەوامییان ئاسایی بکەنەوە، تا مووچەی تەواویان پێ نەدرێت، واتە هەم حکومەتەو هەم موعاڕەزە(لیوا چەتۆ)...! - ئەم بێ سەروبەرییەی لەنێو مەملەکەتی ئێمەدا هەیە، دەکرێت گوێزی هەورامان لە بەسڕە بچێندرێت و خورمای عێڕاقی حەبیبیش لە هەورامانڕا سەوز ببێتەوە...!