Draw Media

هۆشیار عەبدوڵا یەک: هیچ کات مەلا بەختیار ئەوەی بۆ نەشاردراوەتەوە کە گرێی رابردو و شەری کۆنە قینی بۆ تێناپەرێنرێ،ئافەرۆزەبونیشی لەناو یەکێتی هێندەی تر خوێی کردوە بە برینی گرێ دەرونیەکانیدا بۆیە بە دیدی من جواب نەدانەوە و بە هەند وەرنەگرتنی شیاوترین جوابە چونکە هەمو ئامانجی ئەو ئەوەیە بێتەوە ناو باسان.  دو: کاک نەوشیروان لە چەند کتێبێکی سەنگیندا بەو پەری بێمنەتیەوە قسەی خۆی بۆ مێژو کردوە،ئەگەر هەن پێیان وایە دەبێ جواب بدرێتەوە ئەوا بە پلەی یەکەم ئەرکی ئەمانەیە:۱.ئەوانەی لە شاخ هاوڕێی کاک نەوشیروان بون و ئێستا لە گۆڕاندان. ۲.ئەوانەی لە ئاش هاورێی کاک بەختیار بون و ئێستا لە گۆڕاندان. جواب نا چەند وردە سەرنجێکی کورت و خێرا: ئەگەرچیی بە جدی پێم وایە مەلا بەختیار بە ئیهمالکردن وەڵامی راستەقینە وەردەگرێ بەڵام بۆ ئەوەی ئەو دو گروپەی ناو گۆڕان کە لە سەرەوە باسمکردن نەڵێن باسی جوابی ئێمە دەکا و شانی خۆی خاڵێ دەکا ئەم چەند دێرەی خوارەوە یاداشت دەکەم. لە دوای دروستبونی گۆڕانەوە و لە باسی سەردەمی ئێستادا هیچ کات هێرشی مەلا بەختیارمان بۆسەر گۆڕان بێ وەڵام جێنەهێشتوە بەس کە دێتە سەر باسی سەردەمی شاخ و ئاش تەمەنی ئێمە هی ئەو سەردەمە نیە و رەوا نیە باسی بکەین دەبێ هاوزەمانەکانی جوابیان هەبێت. چاوپێکەوتنێک بە تەکلیفی کاک نەوشیروان و بە دڵی مەلا بەختیار! بەش بە حاڵی خۆم شایەتی روداوێکم کە بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە لەسەر ئەوەی کاک نەوشیروان هیچ کات شەری کۆنە قینی لەگەڵ مەلا بەختیار نەکردوە، کە لە کەی ئێن ئێن بوم جارێک ( بە پێکەنینەوە ) پێی وتم بەشێک لە سەرکردەکانی ناو یەکێتی کە رۆیشتون بەلای پارتییدا لە ترسی ئێوەیە ( مەبەستی کەی ئێن ئێن ) بو. وتم: بۆچی؟ وتی: لەبەر ئەوەی پێیان وایە ئێمە دەسەڵاتمان هەبێت دانیشتنیان ناکرێ لەم شارە و دەریان دەکەین. بە پێکەنینەوە وتم: کەواتە لە تۆ دەترسن نەک ئێمە. وتی: کاکە گیان ئێوە لە کەی ئێن ئین دەتوانن کەمێک دلنیاییان بدەنێ کە هێندە نەترسن. وتم: چۆن؟ وتی: موقابەلەیان بکەن،ئێوە بەدرێژایی ساڵ دەیان کوتن سەعاتێکیان بدەنێ با داکۆکی لە خۆیان بکەن چیی دەبێت؟! وتم: بەڵێ باشە. لە فەیسبوکەوە بە چاتی ماسنجەر قسەم لەگەڵ مەلا بەختیار کرد کە دەمانەوێ چاوپێکەوتنێکت لەگەڵدا بکەین. سەرەرای ئەوەی دڵنیایم دایە هەستم بەوە کرد قەلەقە و پێی وایە دەمانەوێ بیشکێنین یا پرسیارەکان نەوعێک بێ. سەرەتا وتی باشە لە دەرفەتێکدا پاش ماوەیەک جوابی گێرایەوە رازی بو. هاتم بۆ لای کاک نەوشیروان پێم گوت مەلا رازی بوە و بە نیازی ئەو پرسیارانەم. سێ چوار پرسیارم بۆ خوێندەوە باسی وەعدی کارەباکە و کوشتنی خۆپیشاندەر لە ۱۷ ی شوبات و ئەو دیموکراسیەی کاک بە ختیار ئیدیعای دەکا . کاک نەوشیروان توڕە بو. وتی ئەوە دەرفەتێک نیە کە ئەو هەست بە دڵنیای بکا لە بەرامبەر ئێمە تۆ دەرۆی موحاسەبەی دەکەیت ئەگەر بۆ ئەوە دەچیت زیاتر پاڵی پێوەدەنێی بەلای پارتیدا بکەوێ هەر مەیکە باشترە. وتم ئەی چیی بکەم خۆت لە قسە کردندا ئەو لەهەمومان باشتر دەناسی دەبێ سنورێکی بۆ دانێم. پێی وتم بڕۆ چی دەڵێ با بڵێ جوابی مەدەرەوە تەنانەت ئەگەر قسەی بە منیش گوت. بە نا بەدڵیەوە رۆیشتم و دەمزانی لەسەرم دەکەوێت بەڵام وەک خۆی قسەکەی کاک نەوشیروانم جێبەجێ کرد. کە چوم بۆ چاوپێکەتنەکە زۆر ئاکاری بەد و ناشرینم لێی بینی . بۆ نمونە کامێرایەکی خۆی دانابو گوایە نەبادا قسەکانی ببرین! بە سەرەتایەکی پڕ لە منەت و خۆ بەزلزانی دەستی پێکرد! من تەنها یەکجار و لە فەیسبوکەوە داوای چاوپێکەوتنم کردبو ئەو وای باسکرد ماوەیەکی زۆر و چەندین جارە داوامان کردوە،قسەکەیەم بە ناراست گێرابا لە دەقەی یەکەمەوە گفتوگۆکە تێک چوو بو. بەڵام چونکە دەست و پێم بەو وەعدە بەسترابو کە بە کاک نەوشیروانم دابو دانم بە خۆمدا گرت و خراپترین چاوپێکەوتنم لە ژیانی رۆژنامەوانیمدا ئەنجامدا و بە هۆیەوە لە لایەن گۆڕانخوازانەوە هێرشیكی زۆرم کرایە سەر کە بێگومان حەقیان بوو بەڵام هیچ داکۆکیەکم نەکرد لە خۆم . ئێستاش ئەوە یەکەمجارە باسی دەکەم. بەداخیشەوە ئەم هەوڵە و هەوڵەکانی تری کاک نەوشیروان لەگەڵیدا رێگەی لەوە نەگرت نەبێتە بەشێک لە ئەجێنداکانی پارتیی. مەلا بەختیار وەک پرۆپارتیەکی دڵسۆز! تا مامجەلال لە ژیاندا بو خۆی وەک دڵسۆزترین کەسی رێکەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕان نیشانی مامجەلال و کاک نەوشیرواندا، کە مامجەلال نەخۆشکەوت بە ئاشکرا کەوتە دژایەتی رێکەوتنەکە و ئەمەشی تەنها بۆ پارتی و لەبەر پارتی کرد! کاک بەختیار لەو چاوپێکەتنەی روداو دەیان دژیەکی لە قسەکانیدا هەیە کە زۆر ئاسان باس لە حەقیقەتی خۆی دەکا. بەرنامەکەی پڕە لەو نمونانەی کە بە دەمی خۆی ئیدانەی خۆی دەکا.هیوادارم دەرفەت هەبێت سەروەختێک بە دەمی خۆی و لە فاصیلێکی میدیاییدا قسە دژەکانی نیشانی رایگشتی بدەم. بۆ نمونە دەڵێ مام جەلال نەیهێشتوە بمکوژن!لە جێگەی تر دەڵێ نەوشیروان چیبکردایە دەیکرد و مامجەلال ئاگای لێی نەبو زۆریش لە کارەکانی بێزار بو. راستیەکە ئەوەیە کە گەورەترین رێگر لە کوشتنی مەلا بەختیار خودی کاک نەوشیروان بوە چونکە بە قسەی خودی مەلا خۆی ئەو چیی ویستبێ کردویەتی خێرە تەنها نەتوانیوە کوشتنی ئەو جێبەجێبکا. جیا لەوەی نامەی دەستخەتی مامجەلال هەیە بۆ دکتۆر کەمال فوئاد کە باری سەرنجی مامجەلال لەسەر مەلا بەختیار دەر دەخات. لەو چاوپێکەوتنەی روداو لە باسی ئەوەی بۆ لە چونە ناو زەحمەتکێشان پەشیمانە مەلا بەختیار بە تەواوی باسی حەقیقەتی ئەوە دەکات کە بۆ سیاسەت دەکا و ئامانجی چیە و چاوی لە چیە؟ ئەو دەڵێ سێ هۆکار وایانکرد لە زەحمەتکێشان پەشیمان بم، دوانیان ئەمانەن: یەک: بە موئامەرە نەیانهێشت ببمە پەرلەمانتار یا وەزیر. ( واتە لەبەر پۆست). دو: نامەم نوسی ( گوایە بۆ دایکی شەهیدێک بوە بەس ناڵێ کێیە ئەو دایکی شەهیدە؟! ) دو سەد دینارئ بۆ سەرف بکەن، نەکراوە. جا دەڵێ بۆ مامجەلالم نوسیبا ۲٠ هەزار دیناری(سویسری، پارەی ئەو کاتە)ی بۆ سەرف دەکرد. واتا زانیویەتی لای مامجەلال چەورترە تا زەحمەتکێشان .هەر دوای ئەوە چۆتەوە ناو یەکێتی ( کێشەی پارە). خۆزگە کاک بەختیار جورئەتی ئەوەی دەکرد تا مامجەلال و کاک نەوشیروان لە ژیاندان ئەو هەمو رق و کینەیە هەڵرێژێ و مێژویەک هەڵبداتەوە کە بۆ سود لێبینین نیە بۆ ژیاندنەوە و کولاندنەوەی دوژمنایەتی و کۆنە قینە. یەکێتی باکی بە مێژوی خۆی نیە!؟ شتێک کە جێگەی سەرنج و رەخنەیە ئەمەیە؛ ئەوەی مەلا بەختیار لە بەرنامە تەلەفزێۆنیەکەی لە کەناڵێکی پارتییەوە و لە کتێبەکەشیدا هەوڵی رەشکردن و ناشرینکردنی ئەدا هەر مێژوی نەوشیروان مستەفا نیە مێژوی یەکێتیە بەگشتی کەچیی دەبینی هەر گۆڕانەکان هاتونەتە جواب و یەکێتیەکان هەست بەو هەمو ئیهانەیە ناکەن کە بە مێژوی حزبەکەیانی کردوە؟!هەندێکیان خۆیان بە دڵسۆزی یەکێتی دەزانن کەچی بۆ هێرشەکانی مەلا بەختیار بۆ سەر مێژوی حزبەکەیان ئەلێی رۆنت لە جەستەیانداوە هیندەیان پێ خۆشە! دو خاڵ لە کۆتاییدا: یەک: مەعلومە ڕای من لەسەر کوردایەتیەکەیان و مێژوی شاخ بەگشتی چیە و ڕونە لای هەمو کەس کە پڕیەتی لە ناشرینی و بە دڵنیاییەوە کاک بەختیار یەکێک نیە لە دەموچاوە جوانەکانی ئەو مێژوە وەک خۆی ئیدیعای دەکا. دو: تاکە یەکجار و لە هیچ نوسین و بۆنە و موناسەبەیەکدا نەوشیروان مستەفا خۆی بێبەری نەکردو و نەیوتوە من فریشتەم هەمو جارێک وتویەتی من بەرپرسیار بوم و تەحەمولی هەمو باشیی و خراپیەک دەکەم. ئەمەش گەورەترین جیاوازی نێوان مەلا بەختیار و کاک نەوشیروانە،یەکەمیان بەردەوام کتێب دەنوسێ و دەڵێ من قوربانی بوم و من فریشە بوم کەچی خەڵک باوەری پێ ناکا! دوەمیشیان دەڵێ من بەرپرسیارم لە هەمو باشی و هەڵەیەکی ئەم مێژوە کەچیی بینیمان لە ژین و مەرگدا خەڵک چیان بۆ کرد؟! دوای ئەوەی نەبو بە سەرۆک کۆمار و نسکۆی کۆنگرەشی بەسەردا هات هەستم بە زەبرێکی دەرونی گەورەکرد لەسەر ئاکار و جوڵە و قسەکانیی مەلا بەختیار،ئێستا و دوای ئەو بەرنامە و کتێبە ئاسەواری ئەو زەبرە دەرونییە زۆر رونتر و ئاشکراترە لای هەموان. کێشەکەش ئەوەیە ئەم هەوڵەی راستە کاردانەوەی هێنا بەدوای خۆیدا بەڵام سەرەنجام هیچ ناچنێتەوە جگە لەوەی لە ئافەرۆزەبونی قوڵی ناو حزبەکەیەوە هێندەی تر لە مێژودا کەنار دەکەوێ و ئافەرۆزەتر دەبێ!  


مەجید ساڵح لە نیسانی 1995 "مەکارسەر ویلەر" لە شاری پیتسبورگ بە بێ ئەوەی سەروچاوی داپۆشێ بە رۆژی روناک بەدەمانچەیەکەوە دای بەسەر بانکێکدا ، لە رێگەی وێنەکانی لە کامیراکانی چاودێری ناسرایەوە و لە هەواڵی تیڤیەکاندا بڵاوکرایەوە و دەستگیر کرا، بەڵام ئەو هەر هاواری دەکرد من بە ئاوی لیمۆ خۆم داپۆشیوە چۆن دەمبینن!!! لەدادگا پێیان وت ئەم ئاوی لیمۆیە چییە لەکاتی دەستگرکردنتا باست دەکرد؟ لە وڵامدا وتی: من بابەتێکم خوێندوەتەوە گەر بە ئاوی لیمۆ لەسەر کاغەزێک شتێک بنوسی کەس نایبینێ تا نەدرێتە بەر تیشکی خۆر، منیش بە ئاوی لیمۆ دەموو چاوی خۆم تەڕ کردوە و پێم وابوو کەس لە ناو بانکەکەدا روخسارم نابینێ و ناناسرێمەوە، هەر بەراستی چۆن منتان بینی؟! ساڵی 1999 ئەم رووداوە سەرنجی زانای دەرونناسی "دیفید دوننگ"ی لە زانکۆی كورنیل نیۆرک و جوستین كروجر خوێندکاری خوێندنی باڵای هەمان زانکۆی راکێشا و دوای لێکۆڵینەوەیەک گەیشتنە ئەو دەرئەنجامەی مرۆڤ تا نەزان و بێ مەعریفە بێت لە ململانێ و  رەفتارەکانیاندا زیاتر موبالەغە دەکات و  توشی نەخۆشی وەهمی سەرکەوتن و پێشکەوتن دەبێ... ئەو کەسانەی توشی ئەم نەخۆشیە دەبن وادەزانن دائیمەن خۆیان لەسەر حەقن و خەڵکی دیکە لەسەر هەڵەن. ئێستا لە زانستی دەروون ناسیدا بەوانە دەڵێن لە ژێر کاریگەری نەخۆشی (دوننگ كروجر)دان..  دوننگ كروجر جۆرێکە لە لایەنگری مەعریفی، کەسێک توشی ئەم نەخۆشیە بێت پێی وایە ئەو کەسێکی زۆر زانا و ژیر و عاقڵترە لەوەی خەڵک دەزانن. ئەم کەسانە نکۆڵی دەکەن لەوەی شارەزاییان کەمە و هەرگیز و لە ژێر هیچ بارێکدا دان بە کەم توانایی خۆیاندا نانێن. لاوازی هۆشیاری و کەمی مەعریفەتیان وایان لێ دەکات زیادەڕەوی بکەن لە تواناکانیان، ئەم جۆرە کەسانە لە کەم ئەندامێک دەچن کە نکۆڵی لە کەم ئەندامێتی خۆی دەکەن و بۆ داپۆشینی ئەو کەموکوڕییەی خۆیان نەک هەر دانی پێدا نانێن، بگرە رێک پەلاماری ئەو کەسانەش دەدەن کە لەوان بەتواناتر و شارەزاتر و لێهاتوو ترن، ئیرەیان بەو کەسانە دێت کە لەناو خەڵکدا رێزدار و جیگەی پەسەندن.. گەر بەوردی گوێ لە چاوپێکەوتنەکەی مەلا بەختیار بگریت ڵە تەلەفزیونی رووداو کە باس لە  کتێبی "لەبری بیرەوەی" دەکات، بۆت دەردەکەوێ بە هەموو ماناکانی وشە تووشی نەخۆشی (دوننگ كروجر) بووە.. ئەو دەمێکە لەبەرامبەر گەورەیی نەوشیروان مستەفادا هەست بە کەم ئەندامێتی خۆی دەکات، بەڵام وادیارە کەمی ئاستی مەعریفە و ناکارایی فیکری و نا شارەزایی لە خوێندنەوەی مێژوو وای لێکردوە وەک "مەکارسەر ویلەر" پێی وایە بە نووسینی کتێبێکی لەو جۆرە دەتوانێت بە مەرەکەبی رەشی لاپەڕە تەرخان کراوەکانی بۆ لێدانی نەوشیروان مستەفا روخسار و رەفتار و کەمووکوڕییەکانی خۆی بشارێتەوە لە شکۆی نەوشیروان مستەفا لە ناو دڵی خەڵکدا کەم بکاتەوە و بەوەش شکۆیەکی وەهمی بۆ خۆی دروست بکات.


کاروان عەلی شامار  ھیچ ھێزێک نییە لە ناوچەکەدا بارتەقای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان مێژوویەکی جوان و پرشنگداری ھەبێ، زۆرێک لە شۆرشەکانی کورد کە سەریان ھەڵداوە زیاتر رەھەندی دینی و خێلەکی زاڵبووە بەسەریانەوە. وەلێ شۆرشی نوێ جیاواز لەوانەی پێش خۆی زادەی فکر و لۆجیک بووە. شۆرشی نوێ لەدوای نسکۆی شۆرشی ئەیلوول سەریھەڵداوەو کە ئەو کات گەلی کورد لەوپەری نائومێدیدابووەو ھیچ ئاسۆیەکی نەمابوو بۆ ئەوەی جارێکی تر شۆرش لە چیاکانی کوردستان سەرھەڵبداتەوە. وەلێ ئەوە یەکێتی بوو کە توانی ئومێد بەبەر نائومێدیدا بکاو لەشەوە زەنگی عەدەمدا ببێ بە ئاسۆیەکی گەش و روناک بۆ خەڵکی کوردستان.  شۆرشی نوێ زۆرترین سەروەری تێدا تۆمارکراوە و لەبەرامبەردا کەمترین حەقی پێدراوە، بۆ نموونە شۆرشی فەرەنسی تەنھا دە ساڵی خایاند لێ ھەزاران کتێب و فیلم و دۆکۆمێنتاری لەسەر کراوە، لێ بەداخەوە بەرپرسانی یەکێتی نەیانتوانیوە گەورەیی شۆرشی نوێ بەشێوەیەکی بابەتی تەوزیفکەن بۆ نەوەکانی ئایندە! سەرباری ئەوەش ماوەیەکە ھەندێک فیگەری حیزبەکە، بەدەستی لایەنێکی دیاریکراو بۆمەرامی سیاسی دەیانەوێ دەلاقەو نەنگی لەسەر رابردووی (ی ن ک)دروست بکەن، ھەر لەمێژە ئەو کەسانە شۆرشیان وەک کەرەستەو ئامرازو بۆ مەرامی تایبەتی بەکارھێناوە! وە لە شاخیش لە ھەوڵی ترازان و کەرتکردنی شۆرشەکەدا بوون، ھەرکات بۆیان لوابێ درێغیان نەکردووە لە ھەڵرشتنی ناخی رەش و ژەھراویان بۆ سەر مێژووی پاک و بێگەردی یەکێتی! خولاصە: ١. خراپ باسکردنی مێژووی شۆڕشی نوێ لەلایەن ھەر بەرپرسێکی یەکێتیەوە ھیچ ماناو تەفسیرێکی تر ھەڵناگرێ جگە لە جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی مونەزەم و رێکخراو کە لەلایەن نەیارانی یەکێتیەوە ئاراستە و تەبەنی دەکرێ بەمەبەستی بچوکردنەوەو لەکەدارکردنی ئەزموونی شۆرشەکە!  ٢. ھەڵدانەوەی پەرەکانی مێژوو نیشانەی گرفتی شەخسی و شەری کۆنەقین و بیماری دەرونیە، سیاسی باش و دڵسۆز ھەوڵی چارەسەری تەحەداو ئاڵنگارییەکانی بەردەم ھەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی دەداو ھیچ پێویستی بەھەڵدانەوەی لاپەرەی مێژوو نییە! ٣. بێڕێزی و سوکایەتی لەھەمبەر نیو سەدە لەخەباتی مام جەلال و کاک نەوشیروان و شەھیدانی رێگای رزگاری خەریکە دەبێ بە دیاردەو حەق وایە سەرکردایەتی نوێی یەکێتی رێگربن و سنورێک بۆ ئەو کەسانە دابنێن کە بە پلان دەیانەوێ رەوڕەوەی مێژوو بگۆرن و ئاوەژووی روداوەکان بکەنەوە!


پەیكار عوسمان ١- لەبارەی هەرێمی سلێمانییەوە: ئەوەی ئێمە ئەبێ بیکەین، باشکردنە نەك بەشکردن، پرسی هەرێمی سلێمانیش، ئەگەرچی بڕێك ڕەوایەتی و پاساوی هەیە، بەڵام شتێکی شکڵییەو جەوهەریی نیە، چونکە کێشەی ئێمە، ئەوەنیە کە هەڵەبجە پارێزگابێت یان قەزا، سلێمانی محافەزەبێت یان هەرێم، باشور هەرێمبێ یان دەوڵەت.. تا ئێرا تەنیا ناوەو تەنیا شکڵ و قەپاغی پاکەتەکەیە، کێشەکە ناوەڕۆکەو ئەوەیە کە لەناو پاکەتەکەدایە، پاکەتەکەی ئێمەش هەر فۆڕم و ناوێکی هەبێت، ناوەڕۆکەکەی هەر ئەو زبڵەیە کە هەیەو ئێمەش ئەبێ خودی زبڵەکە پاك بکەینەوە نەك ناوی زبڵخانەکە بگۆڕین! خۆ ئەگەر بەشکردنەکە یەکسانبێ بە باشکردن و گۆڕانی جەوهەریی لێبکەوێتەوە، ئەوە شتێکی باشە. بەڵام ئەگەر تەنیا شتێکی ڕوکەشیبێ و هەر ناوێکی تربێ بە هەمان ناوەڕۆکەوە، ئەمە کارێکی زیادەیەو ئێمە لێرەدا تەنیا شتێكی ناپێویستمان کردوە، لەبری شتێکی پێویست کە گۆڕینی ناوەڕۆکەکەیە. بەبێ گۆڕینی ناوەڕۆکەکەش باشکردنێك ناکرێ و لێرەدا سەربەخۆبوونی هەولێر لە بەغدا چەنێك مانای هەبوو، سەربەخۆبوونی سلێمانیش لە هەولێر هەر ئەونە مانای هەیە! دواتر هەر خودی ئەمەی کە هەیە بەشە. دوو بەشی جیایە بە هەمان ناوەڕۆكی خراپەوە، خۆ ئەگەر بەشکردنێك لە ئارادابێت، ئەبێ بۆ باشکردن و بۆ هێنانە کایەی ناوەڕۆکێکی ماقوڵتربێت، نەك بۆ بەدەستوریکردنی بەشێك لە بەشەکانی شەڕی ناوخۆ، کە هەمان ناوەڕۆکی بەشەکەی تری هەیە! ئەی باشکردن بە چی و چۆن؟ باشکردن بە هەرشتێك و هەرچۆنێك کە بۆت ئەکرێ. مەسەلەن باشکردنی دنیا بە خۆت، هەر بەوەی کە جارێ لەو گەڕێ و چیتر تەنیا خۆت خراپ نەبیت، بەمەش ئینسانێکی ترو ئەخلاقێکی تر هاتۆتەبوون، کە هەر ئەمە بۆ خۆی، ناوەڕۆکێکی ترە. ٢- لەبارەی کازمییەوە: مادەم شتەکە هەڵمەتی پێشوەختەی هەڵبژاردنە، با یەکسەر بچینە سەر باسی هەڵبژاردن. لەڕاستیدا ئەو دەنگەی تۆ لە ڕقی پارتی و یەکێتی ئەیدەی بە کازمی، دواتر کازمی، ئەیکاتەوە بە کارتی گفتوگۆو دانوستان لەگەڵ پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو. ئەو دەنگەشی کە پارتی و یەکێتی و حیزبەکانی خۆمان، بە جنێودان بە کازمی و بە عەرەب کۆی ئەکەنەوە، دواتر ئەیکەنەوە بە کارتی گفتوگۆو دانوستان لەگەڵ کازمی و برا عەرەبەکان، بۆ بەشداریکردن لە بەغدا. بەڵام هەرچۆنێكبێ ئاوەکە لەبەری بڕوا باشترە، تەنانەت گەنوگوشی لەبەر بڕوا باشترە لە گەنوگووی وەستاو. لەڕاستیدا کێشەی عێراقی نوێ، پێشئەوەی تائیفی بێت، ئەخلاقییە. کێشەکە، کوردو عەرەب و سونەو شیعە نیە، کێشەکە دزی کوردو دزی عەرەب و دزی سونەو دزی شیعەیە. یەعنی دزی تائیفە سەرکەوتووە بەسەر خودی تائیفەداو مەسەلە تائیفییەکەش هەر ئەم دزانە تۆخی ئەکەنەوە بۆ داپۆشینی دزییەکان، ئەگینا عێراقییەکان بە تائیفەکانیشیانەوە، ئەکرێ وەکو براو وەکو گوڵ بژین ئەگەر دزی لێگەڕێت. مەسەلەکەش کازمی نیە، مەسەلەکە ئەمریکایە، یەعنی ئەگەر ئەمریکا بڕیاری دابێت کە دەستی دزەکانی تائیفە کورتکاتەوە، ئەوکات تائیفەکان خۆیان کێشەنین و ئەتوانن پێکەوە بژین، چونکە ئەوکات نانێك لەسەر سفرەی هەمووانە کە ئەبێتە خاڵی هاوبەش و ئاشتی ماڵ، بەڵام ئێستا ئەو خاڵە هاوبەشە نیەو دزراوە. لەبری نانە دزراوەکەش، ڕقیان داوەپێت، بۆیە تائیفە لە جیاوازییەوە بووە بە شەڕو کێشەو تائیفیەت! ٣- لە بارەی بیرەوەرییەکانەوە: (مەرجی سەرەکی کەسایەتی شۆڕشگێڕو سیاسی، ئەوەیە کە خۆی تێپەڕێنێ بۆ گشت) ئەمە پێوەرەکەیەو تۆ چەنێك لە خۆت دوورکەویتەوە، ئەونە لە گشت نزیك ئەبیتەوەو ئەونە شۆڕشگێڕو سیاسیت. چەنێکیش لە خۆت نزیك بکەویتەوە، ئەونە لە گشت دوور ئەکەویتەوەو ئەونە ناشۆڕشگێڕو ناسیاسیت. لەوپەڕی دوورکەوتنەوە لە خۆدا، ئیتر مەسافە نامێنێ و بەتەواوی لەگەڵ گشتا ئەبیتەوە بە یەك، ئەمەش لە ڕێگەی قوربانیدان و خۆبەختکردنەوە! لەمپەڕی نزیکبوونەوەش لە خۆدا، دیسان مەسافە نامێنێ، بەڵام ئەمجارەیان بەدیوە خراپەکەیدا، یەعنی گشت لە خۆتا سفرئەکەیتەوەو ئەیکەیتە قوربانی خۆت! سیاسی و شۆڕشگێری ئێمەش لەم جۆرەی دووەمن، بە دوو بەڵگەی زۆر سادە: یەکەم بە دەلیلی ئەو دۆخە خراپەی کە هەیە، کە بەرهەمی نوخبەیەکی سیاسی و شۆڕشگێڕە کە هەرگیز نەیانتوانی سیاسی و شۆڕشگێڕبن و خۆیان تێپەڕێنن، بەڵکو پەنجا ساڵە لە خۆیاندا چەقیون و هەموو شتێکیشیان کردە قوربانی خۆیان. دووەم بە دەلیلی بیرەوەری سەرکردەکان، کە لە هەموویاندا حیکایەتخوان خۆی بێخەتایەو ئەویتر خەتابارە، کە ئەمەش هیچ نیە جگە لە گرێ ی چەقین لە خۆداو لێرەشدا مەبەستم هەموویانە نەك تەنیا ئەمەی ئەخیریان. لەڕاستیدا سەدەیەکە ئێمە گیرۆدەی نوخبەیەکین کە نەك هەر نەیانتوانیوە خۆیان تێپەڕێنن، بەڵکو کۆی سیاسەت و چارەنوسی میلەتێکیشیان لەناو ڕق و عوقدەو کێشە شەخسییەکانی خۆیاندا چەقاندوە. وڵات ئەوانە دروستی ئەکەن کە تا دوا خاڵ لەخۆیان دوور ئەکەونەوە لە بەرژەوەندی گشت. وڵات ئەوانە کاولی ئەکەن و ئەیفەوتێنن، کە تا دوا خاڵ لە گشت دوورئەکەونەوە لەبەرژەوەندی خۆیان. مەسەلەن ئەمریکا جۆرج واشنتۆن دروستی ئەکات، کە بەڕادەیەك لە خۆی دوور ئەکەوێتەوە، کە دەستورێکی دیموکرات دانێ و ڕازی نەبێت ببێ بە دیکتاتۆر، ئەگەرچی زەمینەو دەرفەتی ئەوەشی هەبووە! ترەمپیش بە نزیکبوونەوە لە خۆ، خەریکە تێکی ئەداو لە ئێستاوە قسە لەسەر ئەوەیە کە ئەگەر دەرنەچێ ئەنجامەکە قبوڵ ناکاو ئەمریکا ئەشێوێ!


ساڵح ژاژاڵەیی بۆ بەڕێز/   پارێزگاری سلێمانی ، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ، داواكاری گشتی پارێزگای  سلێمانی  ،سەرۆكی شارەوانی  پارێزگای سلێمانی ،سەرۆكی بەڕێوەبەرایەتی  گشتی وەبەرهێنانی  پارێزگای سلێمانی ،  وەزیری شارەوانی ، بەرپرسی هێزەكانی 70 پێشمەرگە ، وەزیری پێشمەرگە ،ئەنجومەنی وەزیرانی  هەرێمی كوردستان ، پەڕلەمانی كوردستان ، لایەنی بەرپرسیار . سەرەتا سڵاوێكی گەرم لە هەموتان .  دیارە بابەتی تاڵانی نەوت وگومرگەكان بابەتێكی گەرمەو هەمومان ئاگامان لێی هەیە . ئەمە هۆكاری سەرەكی ئیفلاسبونی هەرێمی كوردستانەو خولقاندنی ئەم بارودۆخەی ئێستا یە كەَ هاوڵاتیانی تێكەوتون . دیارە ئەوەش لە خۆوە نەبوەو هەموی بە بەرنامە بوەو  ئەوەتا ئێستا بە ئاشكراو بە بەرچاوی هەمومانەوە  داهاتی گومرگەكان بەتاڵان دەبرێت وپارەش نییە بۆ موچە . ئەوەتا لە ناچاریدا خەڵك پەنا دەبات بۆ كازمی و پێی دەڵێن : تكایە وەرە بە فریامانەوە . بزانن ئەوە  كاریكی چەن بە ئازار و  چەند ئابڕوبەرانەیە  بۆ بەرپرسانی ئەم هەرێمە.   لە بازگەی شیراوی  نزیك شاری  هەولێر لە هەموو سەیارەیەكی بارهەڵگر بە تایبەتی  ئەوانەی چیمەنتۆی سلێمانی دەگوێزنەوە ، بڕی 30 هەزار دینار  وەردەگرن وەك سەرانەو بۆ حكومەتیش نییە  . داهێنان لە جۆری  دزی و تاڵانی لەلایەن حیزبەكانەوە  بەردەوامی هەیە .  دیاردەی زیادەڕەوی لەسەر موڵكو ماڵی گشتی  دیاردەیەكی گشتگیر بوە لە هەموو شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بە گشتی . لە دوای ڕاپەڕێن  لە بری  ئەوەی یەكێتی و پارتی گوندەكان ئاوەدان بكەنەوەو  گرنگی بە كەرتی كشتوكاڵ بدەن ، هەرچی گەنج و لاوی گوندەكان هەبون كردیانن بە چەكدارو موچە خۆری سەر بەخۆیان لە پێناوی بەرژەوەندی خۆیاندا . دوای ئەوە لێشاوی  كۆچ كردن  لە گوندەكانەوە بۆشارە گەورەكان دەستی پێكرد و زیادەڕەوی و دەست درێژی بۆ سەر موڵكی گشتیش دەستی پێكرد .   لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا  بۆ بەدەست هێنانی دەنگی هاولاِتیان چاو پۆشییان لە زیادەڕەوی  دەكرد بۆ سەر موڵكی گشتی لەپێناوی بەدەست هێنانی دەنگی خەڵكدا . هەر دوای تەواو بونی هەڵبژاردنەكە یەكسەر قەدەغە دەكرا.  كێشە گەورەكە هەر لەوەدا نەبوو كە زیادەڕەوی دەكرایە سەرموڵكی گشتی ، بەڵك و  كارەسات لەوەدایە  لە ناوەڕاستی شاردا گوندێك دروست بكرێت و سیماو جوانی شار تێك بدات و دواجار  ببێتە ئەمری واقیع و  نەتوانرێت  ئەوهەموو خانوانە تێك بدرێنەوە .  گوندی كانی سپیكەی كۆن كەئێستا كەوتۆتە ناوڕاستی شارەوە  بە شێوەیەكی ئەوەندە ناڕێك  خانوەكانی دروست كراون جوانی شاریان تێكداوەو تا ئێستاش بە شێك لە خانوەكانی بە لەوح سەریان گیراوە.  بۆ نمونە تۆسپی نزیك كانی گۆران كە ئێستا نزیكەی 5 هەزار خانودەبیت  لە گوندێكی گەورە دەچێت .   بە هەزاران  زیادە ڕەوی لەم  بابەتانە لە دەورو بەری شاری سلێمانی  ئەنجام دراوەو تا ئێستاش زیادە ڕەوی بەردەوامە .  چونكە حكومەت جدی نەبوو لە ڕێگری كردن . چاوپۆشی بەرپرسانی حیزبی و حكومی  لە پێناوی وەرگرتنی بەرتیلدا هۆكاری سەرەكی ئەوەبوو  .  لە دوای هەموو ئەو ڕوداوی زیادە ڕەویانە  لە پڕ فەزیحەیەكی زیادەڕەوی  گەورە لە ناوچەی ڕاپەڕینی ناو شاری سلێمانی بە تایبەت دەورو بەری گوندی قۆڵەرەیسی  ئاشكرا بوو . بەسەدان و  هەزاران پارچە زەوی بە زیادە ڕەوەی دابەش كراو  فرۆشرا  بە بێ  ئاگاداری شارەوانی . دەركەوت بەرپرسانی گەورەی حیزبیشی تێدایە . كار گەیشتە ئەوەی زانای قایمقامی لەسەر  گیراو لە سجنی ئاساییشدا بە شێوەیەكی گوماناوی  كوژرا  .  زیادە ڕەوی بۆ سەرموڵكی گشتی بە درێژایی دوای ڕاپەڕین  تا ئێستا هەر بەردەوامە . ئیدارەی گشتی و بەرپرسە دەست ڕۆیشتوەكان  هەر شوێنێكی  بەنرخی ناو شار هەیە دەستی بەسەردادەگرن . بەرپرسانی حیزبی و حكومی بە ئەنواعی فرت و فێڵ بەردەوام خەریكی ئەوەن ئەرزە بەنرخەكانی ناو شار بۆخۆیان بەرن . بەناوی بەرهەم هێنانەوە ئەرزەكان دەدەنە ئەم ئەو خۆشیان دەبن بە شەریكیان . ئاخر لە كوێی دنیا هەیە حكومەت بە یاسا موڵكی گشتی  هەڕاج بكات  . وەبەرهێنان بە مانای ئەوەیە  كەسێك سەرمایەكەی لە كارگەیەكدا یان هەر پڕۆژەیەكی تردا لەناو وڵات  بخاتە گەر ِو  هەلی كار  بۆ خەڵك .فەراهەم بكات  . بەڵام تۆ  بێی بە سەدان  دۆنم زەوی بە خۆڕایی بدەی بە خەڵك خۆشت قەرەبوەكەیان بۆ بدەیتەوە . ئەوكەسەش خاوەنی هیچ نەبێت و پێشەكی پارە لە خەڵك وەرگرێت و شوقەی پێ دروست بكات ، كە بڕی تێچوی  شوقەیەك 5 دەفتەر دۆلار بێت و بیفرۆشیتەوە  بە 10 هەتا 15 دەفتەر دۆلار . باشە بەرهەمهێنانی ئەم كارە لە كوێدایە ؟؟ .ئاخر جگە لەشوقە دروستكردن  بەرهەم هێنان لە چی تردا كراوە ؟ باشە حكومەت دەسكەوتی چییە لەم كارەدا ؟؟.  ئەی ناكرێت لە بڕێ‌ پێدانی ئەم هەموو زەویانەو دەوڵە مەند كردنی خەڵك لەسەر حسابی گشتی ، گرێبەستیان لەگەڵ بكرێت  چەند قۆتابخانەیەك  یان خەستەخانە دروست بكەن ، یان زەویەكان بە موزایەدە بفرۆشن و بە پارەكەی شاری پی َجوان بكەن ؟.بۆ ئاگاداریتان لە شاری هەولێر شوقە هەیە لەیەك كاتدا بە چەند كەسێك فرۆشراوە . یان  خاونەی كۆمپانیاكە پَێشەكی پارەی زۆری لە خەڵك وەر گرتوەو شوقەكانیشی دروست نەكردوەو هەر خۆی شاردۆتەوە .  تەنها وەكو نمونە . شاسوار ئەو هەموو زەویانەی بە خۆڕایی وەرگرتوە . خاوەنی یەك دۆلار نەبوە . نرخی تێچوی شوقەكانی وەكوپێشەكی وەرگرتوە . دوایش بڕی 40 ملیۆن دۆلاری بەقەرز لە حكومەت وەرگرتوەو تا ئێساش ئەو پارەیەی نەداوەتەوە . تكایە پێم بڵێن لێرەدا چی بەرهەم هێنراوەو بۆكێ‌  ؟. كۆمپانیای بەڕێز كە كە بەناو سوڕەت قەیدی كۆمپانیاكەی لەسەرەو بەرپرسی حیزبی لە پشتەوەیە  نەك هیچ سودێكی نەگەیاندوە ، بەشێك لەو ئەرزانەشی فرۆشتۆتەوە كە بە خۆڕایی پێی دراوە .  ئەگەر پرسیارێك ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتی وەبەر هێنانی سلێمانی بكەم و پێی بڵێم  ئەو دوو تاوەرە بەرزەی نزیك پردی كۆبانی  كە دروست كراون ، ئایا ئەرزەكەیان كڕیوە ، یان بە ناوی وەبەر هێنانەوە وەریان . گرتوە ؟؟. كە تەواوكران  و شوقەكان فرۆشران ، چ بەرهەمێكیان بۆ بەرژەوەندی گشتی دەبێت ؟ . حكومەت دەسكەوتی چی دەبێت ؟؟.  پرسیارێكی ترم ئەوەیە ئەوزەویە بەتاڵەی كە لە دوای تاوەرەكانەوە  تا  نزیك دیواری قەبرستانەكەی شێخ ئەحمەدی هیندی  ماوەو ئیستا پەڕژین كراوە ، ئەگەر بە موزایەدە بفرۆشرێت بایی دوو ملیۆن دۆلارە ، ئایا ئەویش بەناوی وەبەرهێنانەوە بە تاڵان دراوە یان فرۆشراوە ؟ ئەگەر فرۆشراوە پارەكەی چەندە ؟  ئەگەر نەفرۆشراوە دراوە بە كێ‌ و بۆچی پێی دراوە ؟  لە بنەڕەتەوە یاسای وەبەر هێنان  بۆ تاڵانی زەوی وزاری گشتی و بۆ بەرژەوەندی كەسانی دەست ڕویشتوی حیزبی و حكومی دانرەوە ، نەك بۆ گەشە كردی وڵات  بەرژەوەندی گشتی . چونكە دزی و تاڵانی دەست درێژی بۆ سەر موڵكی گشتی هەر بەردەوامەو  كەسیش فزەی لێوە نایەت .  . عەقڵی كێ‌ ئەوە قبوڵ دەكات  بەرپرسێك لەم سەردەمی گەندەڵی و  تاڵانی و پاشا گەردانیەدا  ئاسان كاری بۆ كەسێك بكات بە خۆڕایی ئەرزێك بایی یەك ملیۆن دۆلار بێت و لە ڕاهی خوادا پێی ببەخشێت . زوربەی شوقەو ڤیلاكانی بەرزایەكانی قەیوان كڕاون و بە هەدیە دراون بەو بەرپرسانەی ئاسان كارییان  كردوەوە بۆ بەخشینی موڵكی گشتی بە خۆڕایی .  لە نێوان بەرپرسانی حیزبی و بواری وەبەر هێنان و خاوەن بەرژەوەندیەكان تۆڕێكی دەڵالی بە هێز هەیەو  كاری ئەوانە دابەش كردن و ڕێك خستنی بەرژەوەندی ئەو كەس ولایەنانەیە .   حكومەتێك ئەمە دامو دەزگاكانی بێت و خۆی خەریكی تاڵانی و دزی بێت و شەرعیەتیش بەو دزی كردنە بدات ، چاوەڕوانی چی لێدەكرێت بۆ میللەتی بكات .ئیش ئیستا كە من ئەمە دەنوسم بە دوور نازانرێت بەیانی تۆمەتبارم نەكەن  بەوەی تەشهیرم كردوەو  پەروەندەیەكی  باشم بۆ بهۆننەوەو  بمدەن بە دادگا وەكوچۆن سۆران عەمەریشیان دا بە دادگا . بۆ ئەمەیان داواكاری گشتی وەك تفەنگ لە سەر پێیە . یەكسەر دێتە سەر خەت و  فەرمانی گرتنت بۆ دەردەكات بە پێیی یاسای ژمارە فڵانو برَگەی ئەوەندە لە یاسای عێراقی .  داواكاری گشتی لە ئێستادا ئیشی ئەوەیە گەندەڵیەكانی  بەرپرسانی حكومی و حیزبی بشارێتەوە ، نەك بەرگری لە مافی گشتی بكات .  كاتی خۆی لەسەر  دامەزراندنی كارگەی بەردی مەڕمەڕی ماوەت  لەلایەن  وەزارەتی پیشەسازییەوە  كە ئەو كات خاتو پەروین بابەكر ئاغا وەزیر بوو ، ڕاپۆرتێكم دا بە فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی و نە كارگەی بەردی مەڕ مەڕ دروست كراو ، نە پرسینەوەش لە كەس كرا .  كۆمپانیا ئیتالیەكەش بە خۆڕایی  بڕی 5 ملیۆن دۆلاری كاشی برد . گرێبەستەكەش بە  بڕی 13 ملیۆن یۆرۆ مۆر كرابوو . بەڵام لەو كاتەدا خەڵك هەبوو ئامادەبوو  هەمان كارگە بە دوو ملیۆن و نیودۆلار تەواو بكات .  ئەگەر ئەو 5 ملیۆنە دۆلارەی خاوەن كۆمپانیاكە  بە بەلاش بردی ، وەكو هاوكاری بدرایا بە كارگەكانی  بەردی مەر ِمەڕی ناوخۆ ، دەیانتوانی بەشی هەموو خلیچ بەرد دابین بكەن .  كاتێك ئێمە لەسەر دامەزراندنی ئەو كارگەیە شتمان دەنوسی خاتو پەروین  وەڵامی دەداینەوەو دەیگوت :چیتر ناهێلم خەڵك بەردی مەر ِمەڕ بە گران بكڕێت .  هەموو كارگەكە هاتە سەر ئەوەی دیوارێك لەسەر  شەقامەكە دروست بكەن  بۆ ئەوەی خەڵك وا  بزانیت  لەودیو دیوارەكەوە كارگە دروست دەكرێت . دوایی هەموو كارگەكە هەر ئەو دیوارە دەرچوو  . خۆ ئەو كاتیش داواكاری گشتی هەبوو ، بۆچی هیچیان نەكرد .  ئەوەندە بەنزینخانە  زۆر بوە  لە سنوری پێویست  تێپەڕیوە . چەندین بەنزینخانە هەیە هەربەبێ مۆڵەت و بە كەڵەگایی دروستكراوە  بەپشتیوانی بەرپرسانی حیزبی .  لە گوندی ئەڵمانیەوە  تا دەگاتە  دوڕیانی سەرچنار كە تەنها 8 كیلۆمەتر دەبێت ، 8 بەنزینخانەی لێیە . ئەگەر سەرنج بدەن تاكە شوێنێك لەناوشاری سلێمانی كە بەجوانی مابۆوە   لەگەڵ ئەوەشدا كە هیچی تێدا دروست نەكرابوو  ،ئەو بەشەی شەقامی 60 مەترییە  كە دەكەوێتە نێوان خەستەخانەی هەرێم و ئوتیل تایتانیك . بەڵام هەر ئەوەندەمان زانی لە ناوڕاستی ئەو شوێنەو لەسەر شەقامە گشتییەكە  بەنزینخانەیەك   قوت كرایەوە .  ئەگەر ئەم شارە ئیدارەی هەبێت و كەسێك هەبێت بە تەنگ جوانی سیمای شارەوەبێت وخەمخۆری  ئەم شارەبێت  ڕێگا دەدات بەنزینخانە لەو شوێنە دروست بكرێت ؟  . دەبوو بەرپرسانی شار پلان دانین كە ئەو مەسافەیە  بكەن بە  جوانترین و سەرنج ڕاكێشترین شوێنی شار .  دەبوو بكرایە بە ڕێزێك باڵەخانەی بەرز ، هەموی وەكو یەك بەرز ، هەموی بە یەك ڕەنگ.  بەڵام كێ‌ لەخەمی شاردایەو كێ‌ ئەوە بكات . هەر ئەوەندەت زانی دوو بەیانی و سێ بەیانی  بەرپرسێكی تر مەلهایەك لە تەنیشت بەنزینخانەكە بكاتەوەو ، یەكێكی تریش قومار خانە . لە وڵاتانی پێشكەوتوی دنیادا لەسەر هەڵواسینی تابلۆیەك لەسەر شەقامێك ئەنجومەنی شار كۆبونەوەی لەسەر دەكات و سەیری شوێنەكە دەكەن  بۆ ئەوەی بزانن ئەم تابلۆیە سیمای  شەقامەكە  ناشیرین ناكات . با هەموو ئەوانە بخەینە پشتی سەرو باسی تازەترین سكاندال  واتە فەزیحەی ئەم شاری هەڵمەت و قوربانییە بكەین و سەرنج بدەن  چی لەم شارەدا دەكرێت و دەگوزەرێت . لە گەڕەكی ئاوبارەو  مەلا داود و ڕاپەڕێن  بە هەزاران پارچە زەوی  تەنها بە فۆڕم دابەش كراوە بەسەر ئەندامانی دژە تیرۆردا .  بەبێ ئەوەی  ئەم زەویانە لە لایەن شارەوانییەوە ئیفراز كرابن .  لەساڵی 2013 حكومەت ئیفرازی وەستاندوە  بۆ دابەشكردنی زەوی بۆ فەرمانبەران . ئێستا هاتون داهێنان دەكەن . بە فۆڕم زەوی دابەش دەكەن و دوای ساڵێكی تر  فرت و فێڵێك دەدۆزنەوەو فەرمانێك دەردەكەن  بۆ تاپۆ كردنیان . قسەكە لەسەر ئەوە نییە ئەوانەحەقی وەرگرتنی زەویان هەیە یان نیانە ، قسە لەسەر ئەوەیە بە دەر لەیاسا ئەم زەویانە داەبەش دەكرێن .  لە لایەكی تریشەوە فەرماندەكانی پێشمەرگەش   خەرێكی  ئیفرازكردنی ئەو زەویانەنەن  كە گوایە موڵكی فەرماندەین ، بەڵام بێ ئاگاداری شارەوانی و فەرمانگەی بەرپرسیار . كار گەیشتۆتە ئەوەی فەرماندەكانی پێشمەرگە كەوتونە مونافەسەو ململانێ‌ لەگەڵ  یەكتری و ئەمیان دەڵێت بۆ ئەو بۆی هەیە زەوی دابەش بكات بۆچی بۆمن  نییە . گوایە ئەمە  بۆ كەس و كاری شەهیدانی شەڕی داعشە , بەڵام زۆر دوورە لە ڕاستیەوەو ئەمە كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرێت .  بیر لەوە بكەنەوە كە بەبێ ئاگاداری شارەوانی ئەم زەویانە ئیفڕاز دەكەن ، چۆن شوێنی قوتابخانەوباخچەو خەستەخانەو پانی شەقامەكان  دیاری دەكەن . ئایا ئەمانەش نابنە گوند لە ناوەڕاستی شاردا .  لەم ڕۆژانەشەدا  لە  دەروازەی  ڕاپەڕێن گردبونەوەیەك ئەنجام دراو بە ئاشكرا داوا لەحكومەت و پەڕلەمان دەكەن  فریای دەڤەری ڕاپەڕین و دەشتی بیتوێن بكەن چونكە هەرچی بەرپرس هەیە خەریكی داگیر كردنی موڵكی گشتییە . گومانی تێدا نییە ئەم دیاردەیە لە سنووری پارتی  دوو ئەوەندەی  ئەم سنورەیە .  بە ئاشكرا دەست درێژی كراوەتە سەر مڵك و ماڵی مەسیحیەكانیش و ئەوانیش بارەیان لی َ هەستاوە . دیاردەكە بەردەوام لە گەشە سەندندایە چونكە  دیاردەی دەست بەسەراگرتنی  موڵكی گشتی لە كەسە یەكەمەكانی ئەم وڵاتەوە دەستی پێكردوە . سەیری مسعود بارزانی و نیچیری برازایی و مامجەلال و  دارودەستەكەیان بكەن و بزانن چ كارەساتێكیان بەسەر ئەم وڵاتەدا هێناوەو چەند هەزار دۆنم زەوییان بۆ خۆیان داگیر كردوە .  داوا لە هەموو ئەو كەس و لایەنانە دەكەم كە لەسەرەوە ناوم هێناون  هەتا زوە بەپیر ئەم فەزیحەیەوە بچن و لێكۆَلێنەوەو بە دواداچون بكەن پێش ئەوەی كارەساتێكی وەكو زانای قایمقام دوو بارە ببێتەوە . دڵنیان  هەر لەناو ئەوانەدا كێشە دروست دەبێت كە خەریكی دابەشكردنی زەویەكانن .  بە دوادا چون بكەن بزانن  كێن ئەوانەی ئەم كارانە دەكەن و لە حكومەت گەورەترن . بۆ ئەوەی چیتر شكۆی حكومەت  ڕیسواتر و سوكتر نەبێت . ماوەتەوە ئەوەی ڕو بكەمە جەنابی پارێزگارو لێی بپرسم : جەنابتان كەسی یەكەمی  ئەم پارێزگایەن  ئایا ئاگاداری  ئەم ڕوداوانە نێت ، یان ناوێرێت قسە بكەی ؟ ئەگەر ئاگاداری بۆچی ڕێگا دەدەی  ئەو سەرپێچیانە  بكرێت؟ ئەگەر ئاگاداری و ناتوانی  قسە بكەیت ، باشتر وایە بچیتە ماڵەوەو ڕێز  لە كەسایەتی خۆت بگرێت .  ئەم قسەیەم بۆ جەنابی پارێزگار بەو مانایە نییە كە بڵێم  بی َتوانایە یان پیاوێكی دەست پاك  نییە . بەڕاستی نمونەیە  لە چاكیدا .  بەڵام لە پارێزگای سلێمانی ئەگەر پارێزگار لەسەر پشكی یەكێتی  نەبێـت ، هەر رۆِڵی  پێشوازی كردنی دەبێت و  شێریش بێت هیچی پێناكرێت . پارێزگار بیت و نەتوانی ڕێگری  لەكردنەوەی بەنزینخانەیەك بكەی  لە شێوێنێكی  نەگونجاو بە هۆی ئەوەی بەر پرسێكی حیزبی لەپشتەوەیە ، ئەوپۆستە چ بایەخێكی هەیە .  بەڕێزان ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا  ئەوە ساڵێكە  خۆتان و ئێمەشتان سەر قاڵ كردوە گوایە پرۆژەی لامەركەزیتان بۆ پارێزگاكان ئامادە كردوەو دەتانەوێت  دەسەڵاتی زیاترتان هەبێت . باشە ئێستا كێ‌ ڕێگای لە ئێوە گرتوە چاوپۆشی لەو هەموو سەرپێچیانە بكەن ؟؟  باشە لە هەولێرەوە  فەرمانتان پێ كراوە ئێوە لەم شتانە نەپێچنەوە ؟ ئەگەر وایە قسەیەكم نییە . ئەگەر وانیەو دەستان كراوەیە بۆچی بێدنگن ؟ ئایا ناوێرن قسە بكەن ؟ خۆ ئەگەر  لامەركەزیش بەدەست بهێنن  هەر ئەوانەی ئێستا  بە كەڵەگایی ئەم سەرپێچیانە دەكەن ،حاكمی ئەم شارە دەبن . ئەی ئەوكات چی دەكەن و چی دەڵێن؟؟؟ . وابزانم هیچتان پێ ناكرێت و  بەم سیناریۆیە دەتانەوێت  خۆڵ بكەنە چاومان وپێمان بڵێن ئێمە دەستمان بەستراوەو ئەگینا هەموو شتێكمان پی َدەكرێت . دەڵێن لە شاری سلێمانی  فەرمانگەی  داواكاری گشتی و داواكاری  گشتی هەیە . نازانم ئەوە ڕاستە یان درۆیە چونكە  تا ئێستا  هیچیان نەكردوە . ئەگەر بڵێن  كەس لە هیچ ئاگادارمان ناكات  ، فەرمون ئەمە هەیە و وەكو دەڵێن ئەمەش ئیشی ئەوانە . با بەفەرمون  بەدوادا چون بكەن .  پرسیارێكیشم لەبەڕێزان  بەرپرسی هێزەكانی 70 و وەزیری پێشمەرگە هەیە ئایا ئاگاداری ئەم تەخشان وپەخشانی زەویانەن  لە لایەن فەرماندە سەربازیەكانیانەوە  ؟ حەق وایە ئەوانیش بێنە دەنگو قسەیەكیان  هەبێت  هیچ نەبێ  بۆ ئەوەی وەڵامێكیان هەبێت و ڕاستییەكان بۆ هاولاِتیان رون بكەنەوە و كێ ناڵێت ئەم قسەو باسانە دوورن لە ڕاستییەوەو دروست  كراونین .  وەكو هەمومان دەزانین سەرۆكی شارەوانی بەرپرسی  كاری دابەشكردنی زەوی وزارە بە هەما هەنگی لەگەڵ فەرمانگەكانی تر . نازانم ئاگاداری ئەم فەزیحەیە نییە ، یان ئاگادارەو چاوپۆشی لێ دەكات ، یان ناوێرێ  قسە بكات ؟  یان لەبەر ئەوەی حیزب دایناوە ، چی پێ بڵێن ئەوە دەكات ؟  چۆن پارتی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان بە هیچ لایەنێك نادات ، بە هەمان شێوەش یەكێتی پۆستی شارەوانیەكان بە تایبەتی شارەوانی سلێمانی بەكەس نادات و ئامادەشە بە پۆستی پارێزگار بیگۆڕێتەوە  چونكە نان لە زەوی زاردایە نەك پۆستی پارێزگاری بێدەسەڵات .  تكایە وەڵامێكی خەڵك بدەرەوەو  بۆئەوەی بزانین كاری جەنابتان چییەو با بە خۆڕایی  تۆمەتبار نەكرێی .  حەق وایە سەرۆكی شارەوانی  لەسەر ئەمە بێتە دەنگ نەك خەریكی دانانی  كۆمپانیای  قەبر هەڵكەندن بێت و خەڵكی پی َدەوڵەمەند بكات  . حاڵی خەڵك زۆر جوانە، ماوەتەوە ئەوەی ئەركی خاوەن مردوكانیش قورستر بكەی .  هیوادارم جەنابی وەزیری  شارەوانیش  بێتە سەرخەت و  قسەی خۆی هەبێت . خۆ ئەگەر بڵێت ئێمە حكومەتێكی  دوو ئیدارەییمان  هەیەو ئەوەی لە سلێمانی ەگوزەرێ ، پەیوەندی بە منەوە نییە ، ئێمەش قسەیەكمان نابێت .  ئێستاش كاتی ئەوەیە ئەنجومەنی وەزیرانیش قسەیەكیان هەبێت و بەدوادا  چون بۆ ئەم كارەو ئەوانەشی  لەم شێوەیە لە هەوڵیر و دهۆكیش هەیە . خۆ ئەگەر حسابی دوو ئیدارەیش بكرێت  ئەوە  ئەركی جەنابی كاك قوبادە بە پیر  ئەم كێشەیەوە  بچێت و تازوە  ڕێگری بكات لە داگیر كردن و بە تاڵان بردنی  موڵكی گشتی . ئەوەی ئەم كارانە دەكەن سەر بە حیزبەكەی و بنەماڵەكەی خۆنی . بۆیە زۆرترین بەرپرسیاریەت دەكەوێتە سەرشانی بەڕێزیان . لە ناچاریدا  دەبێ باسێكی پەڕلەمانیش بكەم هەرچەندە ئەندامانی پەڕلەمانی ئەم خولە بە تایبەتی ئەوانەی حیزبەكانیان بەشداری دەسەڵاتن ،  بە تەواوی  خۆیان ساخ كردۆتەوە كە نوێنەری حیزبەكانی خۆیانن ، نەك میللەت .  بەو بۆنەیەوە قسەیەكی ونستۆن چەرچڵتان  وەبیر دێنمەوە كە وتویەتی : ئەگەر ویستان هەر میللەتێك  وەك خۆی بناسن  ، سەیری ئەندام  پەڕلەمانەكانی بكەن و بزانن شایانی گوڵ باران كردنن یان پێڵاو تێگرتن .  ئایا ئەندامانی پەرلەمانی ئێمە شایانی كامیانن ؟؟ وەڵامەكەی  بۆ  ئێوەی  بەڕێَز جێ دێڵم . وڵاتی سەنیگال  پەڕلەمانێكی وەكو پەڕلەمانی ئێمەی هەبوو .  سەرۆكی وڵات  بڕیاری حەل كردنی پەڕلەمانی دا . لێیان پرسی بۆچی ئەم بڕیارەت دا ؟؟.  لە وەڵاما وتی : ئەو پارەیەی  لە پەڕلەمانێكی  ئاوا بێ كەڵكدا خەرج دەكرێت ، باشتر نییە  بە پارەكەی یەكەیەكی بەرهەم هێنانی كارەبای  بۆ هاولاتیان پی َدروست بكرێت . هەمومان  زۆر باش دەزانین پەڕلەمانەكەی ئێمە لە پەڕلەمانەكەی  سەنیگال زۆربێ كەڵك ترە ، خۆزگەی  كەسێك دەبوو ئەو بڕیارەشی بۆ پەڕلەمانەكەی ئێمەش دەر بكردایەو  یەك دوو سەعاتێك كارەبای نیشتمانی زیادی بكردایە .  ئەم خولەی پەڕلەمانی كوردستان بێ كەڵكترین  خولی پەڕلەمانە لەسەر گۆی زەوی .  بەڕاستی ئابڕوی ناوی پەڕلەمانیان بردوە . ئاوی  خواردنەوەیان پێ حەرامە نەك موچە . لە بری ئەوەی سەرۆكی پەڕلەمان و دەستەی بەناو سەرۆكایەتی پەڕلەمان هەوڵ بدەن  لەسەرۆكی حكومەت و بەرپرسانی تری  حكومەت بپرسنەوە لەسەر ئەم كارەساتەی  بەسەر ئەم میللەتەیان هێناوە . بونەتە بەرگریكاری حكومەت . سەرۆكی پەرلەمان تەرفیعی كردوە وئێستا ڕێگاش نادات  ئەندام پەڕلەمانەكانیش قسە بكەن . سەیر لەوادایە لایەنی ئۆپۆزسیۆن لەناو پەڕلەمان داوا دەكەن پرسینەوە لە حكومەت بكەن ، سەرۆكی پەڕلەمان و دەستەی سەرۆكایەتی  دژایەتییان دەكەن ،  چونكە ئەوان نوینەری   هەردوو حیزبی  دەسەڵاتدارن نەك هاولاِتیان .   لە ڕاستیدا دەوڵەت داری ئاوا ناكرێت .حوكمڕانی لە پارێزگایەكدا بەم شێوەیە دەكرێت : هەموو بەرپرسێك كاری تایبەتی خۆی هەبیت  ، بەڵام نابێـت هیچ كەسێك دەسەڵاتی هەبێت بە ویستوئارەزوی خۆی  بڕیار بدات . كەسی یەكەمی پارێزگا ، پارێزگارەو دەبێ ئاگاداری هەموو بڕیارێك بێت و ڕیگاش نەدات  كەس بڕیاریك بدات یان كاریك بكات زیان بە پارێزگاك بگەیەنێت . دەبێ پلان هەبێت بۆئیدارەكردن و  بەڕێوەبردنی شارەكان و دەبێ  بە هەما هەنگی وئاگاداری یەكتری كارەكان بكرێت . بەڵام لە ئێستادا هەموو شتێك لە گرێژەنە چوەو  كەس لە كەسەو هەر بەرپرسەو چۆنی بوێت و دەسكەوتی چۆن بێت ئاوا دەكات .  ئەگەر پارێزگاریش لە حیزبی دەسەڵات نەبێ ، هیچی بۆ ناكرێت . تا ئێستا پارێزگاری سلێمانی  لە خانوی حكومەتدا نییەو  لە ماڵی باوكیدایە و خانوی پارێزگار لە لایەن بەرپرسی حیزبەوە داگیر كراوە . كەواتە  زۆر زەحمەتە بەم پاشا گەردانیە بتوانرێت  ئەم هەرێمە بەڕێوە ببرێت  .   دواجار ئەوەی زەرەر مەندی یەكەمە ، هاولاِتیانن . ماوەتە سەر ئەوەی تا كەی هاولاِتیان ئەم سوكایەتی و غەدر لێكردنەی دەسەڵاتی گەندەل َكارانیان قبوڵە ؟؟  كات درەنگەو هیوادارم غیرەتیان بجوڵێت .        


كارۆخ خۆشناو  وڵاتانی جیهان (بەگشتی) چاویان بڕیوەتە سەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، کە بڕیارە ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی (٢٠٢٠/١١/٣) ئەنجام بدرێت، ئەم هەڵبژاردنە گرنگترین هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی جیهان، چونکە تاکو ئێستا ئەمریکا زلهێزترین وڵاتی دونیایە و (واشنتن)ی پایتەختیش (چەق)ی داڕشتنی بڕیارە چارەنوسسازەکانی جیهانە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش (بەتایبەتی) لە چاوەڕوانی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەمریکا دایە، چونکە بە گۆڕانی سەرۆکی ئەمریکا، چاوەڕواندەکرێت هاوکێشەی (باڵانسی هێز) لەم ناوچەدا بگۆڕێت لە نێوان هەردوو جەمسەری (شیعە و سونە)دا، بە جۆرێک ئەگەر (بایدن و دیموکراتەکان) سەر بکەون ئەوا چاوەڕواندەکرێت ئێران گەشە بکات و ڕێکەوتنی ئەتۆمی (٥+١) زیندووبکرێتەوە، لەبەرامبەردا چاوەڕواندەکرێت تورکیا پاشەکشە بکات، چونکە پەلکێشیەکانی تورکیا بۆ (سوریا و لیبیا و هەرێمی کوردستان) بایدنی تەواو نیگەران کردووە، وەک لە چاوپێکەوتنی بایدن لەگەڵ (نیویورك تایمز New York Times)دا ڕایگەیاند "ئەگەر ببم بە سەرۆکی ئەمریکا، هاوکاری ئۆپۆزۆسیونی تورکیا دەکەم بۆ ڕوخاندنی دیکتاتۆر ئۆردوگان" بەڵام لە ئەگەری دووبارە هەڵبژاردنەوەی (تڕەمپ و کۆماریەکان) ئەوا چاوەڕواندەکرێت وەکو پێشتر ئێران پاشەکشە بکات، چونکە (ستراتیژیەتی ئەپەڕی فشار) لەسەر ئێران بەردەوام دەبێت تاکو ناچار بکرێت بێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و ڕێکەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئەمریکا واژوو بکات، لەبەرامبەردا چاوەڕواندەکرێت تورکیا گەشە بکات، بە هۆی ئەو پەیوەندیە  دۆستانەیەی کە تڕەمپ لەگەڵ ئۆردۆگاندا هەیەتی. جیاوازی نێوان تڕەمپ و بایدن (کۆماری و دیموکراتەکان) بەرامبەر دۆزی کورد: بە هۆی ئەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات ناوەڕاستدا دابەشکراوە بەسەر چوار وڵاتدا، ناتوانین لە نێوان (تڕەمپ و بایدن)دا بە دیاریکراوی بڵێین ئەم کاندیدە باشترە لەوەی تر، چونکە هەڵبژاردنی هەر کاندیدێک ئەگەری هەیە لە بەرژەوەندی پارچەیەکی کوردستان بێت و لەبەرژەوەندی پارچەیەکی تری کوردستان نەبێت، بۆ نموونە لە بەرژەوەندنی کوردانی ڕۆژهەڵاتە کە (تڕەمپ) دووبارە هەڵبژێردرێتەوە چونکە (تڕەمپ) دژی ئێرانە، بەڵام لەبەرژەوەندی کوردانی باکور نیە چونکە (تڕەمپ) هاوڕێی ئۆردوگانە، بەپێچەوانەشەوە لەبەرژەوەندی کوردانی باکورە کە (بایدن) هەڵبژێردرێت چونکە (بایدن) دژی ئۆردوگانە، بەڵام لەبەرژەوەندی کوردانی ڕۆژهەڵات نیە کە (بایدن) هەڵبژێردرێت چونکە ئەگەری هەیە سزاکان لەسەر ئێران هەڵگرێت و ڕێکەوتنی ئەتۆمی کارا بکاتەوە، لەم حاڵەتەشدا ئێران زیندوو دەبێتەوە. بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین لەسەر ئاستی کەسی (بایدن) شارەزاتر و ئاشناترە لە (تڕەمپ) بەرامبەر بە دۆزی کورد،  بەڵام لەسەر ئاستی حیزبی (کۆماریەکان) زیاتر لە (دیموکراتەکان) دۆستی کوردن، ئەگەرچی بە درێژایی مێژوو هەردوو حیزب هەڵوێستی (ئەرێنی و نەرێنیان) بەرامبەر بە دۆزی کورد هەبووە، ئەویش چونکە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا (پێودانگ و سەنگی مەحەک) بوون لە هەموو هەڵوێستەکانیان نەک شتی تر.


دكتۆر بكر صدیق     كێشە هەلواسراوەكانی نیوان هەولێرو بەغدا تارادەیەكی زۆر بەودەسەلاتەی سەرەك وەزیران لە عیراقدا هەیەتی، بەردەوام لەژێر رەحمەتی دەسەلاتی سەرەك وەزیرانی عیراقی ئیتیحادیدا توشی چەقبەستن و هەلواسران هاتون . چونكە سەرەك وەزیر لە عیراقدا لە سەر ئاستی حكومەتی ئیتیحادی خاوەنی دەسەلاتی بریاری سیاسی و دارایی و كارگێریە. ئەوكێشە هەلواسراوانەش چ ئەوەی پەیوەستە بە مادەی 140 و چە ئەوەی پەیوەستە بە شەراكەتی سیاسی و چە ئەوەی پەیوەندی بە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانەوە هەیە ، بەهۆی عینادی سەرەك وەزیرە یەك لە دوای یەكەكانەوە كە دوای پەسندی دەستوری 2005 هاتونە سەر كورسی دەسەلات ، بەردەوام قەوارەی هەرێمی كوردستانیان لەرێگەی خۆدزینەوە لە و پابەندیە دەستوریانە لە قالبی شۆڤینی خۆیان داوە ، كە خودی دەستوری 2005 دەرهەق بە مافە سیاسی و ئەرزی و داراییەكانی هەریمی كوردستان بەسەر سەرەك وەزیرانیدا دەسەپێنێت . هەمیشەش كورد یان سونە كۆششی سیاسی و پەرلەمانی ئەوە دەكەن كە سەرەك وەزیران لەو كەسانەبێت كە پابەندیەدەستوریەكانی ئەو دوپێكهاتەیە وەك خۆی جێبەجێبكات . لە ئێستادا كە كازمی هاتوەتە سەر تەختی شانۆی سیاسی عیراق ، كە یەكێكە لەو پیاوە سیاسیانەی زۆرترین تێگەیشتنی بۆ كێشەی كورد هەیە و پتر گوێلەمستی ئەمریكایە تا ئیران و توركیا ، لە ناو سیاسیە كانی هەموو پێكهاتەكانی عیراقیشدا بەتین ترین پەیوەندی لەگەل سەرەك كۆمار هەیەو وەك راگەیاندنەكان باس دەكەن بە نەخشەی سەرۆك كۆمار بوەتە سەرەك وەزیر . كەوابێ زۆرترین بوار بۆ ئەو سەرەك وەزیرە رەخساوە تا بەرامبەر هەریم پابەندێتیە دەستوریەكان جێبەجێبكات . هاتنی كازمی بۆ هەرێم دەبوو بۆ راگەیاندنی مژدەی دەركردن یان كاركردن بێت بۆ كرانەوەی عیراقی سایەیكازمی -وەك بژاردە سیاسیەكەی سەرەك كۆمار – دەرهەق بە كێشەو پرسە هەڵواسراوە دەستوریەكانی نیوان هەولێرو بەغدا . بەلام كازمی هیچ هەنگاوێكی كردەیی یان ئیمزایەكی لەكوردستان و لە مێرگەپانەكەی سەرەك كۆمار فرێنەدا .  كەواتە حەقمانە  هاتنی كازمی وەك كاراكتەری نەخشەی ئەو سیاسیانە لێكبدەینەوە كە بیانەوێ لەدەروازەی كازمی و گەندەلیەسیاسی و دارایی و كارگێریەكانی سیستمی سیاسی هەرێمی كوردستانەوە ، بازارێكی سیاسی بۆخۆیان گەرمبكەنەوەو خۆیان وەك مەرجەعی هەموو سەركردەی حیزبەكانی سلێمانی لەبەردەم كازمی و رای گشتی عیراق و كوردستاندا نمایش بكەن . پێدەچێت بەدیقەتەوە نەخشەو پلانی ئەو سەفەرەی كازمی دارێژرابێت ، هەربۆیە پێدەچێت پێی وترابێت لە پێشەوە برۆهەولیرو سێ مەرجەعەكەی هەولێر ببینە بۆ پیشاندانی دۆستایەتی لەگەلیاندا و ئنجا بچۆرە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل تا بۆ رای گشتی عەرەبی شیعە و جەماوەرو سەركردایەتی یەكێتیش بلێی تەلیسمی رەمزو سەرچاوەی داهاتی زۆنەكەی پارتی لەمەودوا لەژێر رەحمەتی بەغدادایەو پارتی لەبەر چاوی ئەوانە بەبچوكی پیشان بدات . لەملاشەوە ویستراوە پیشانی كازمی و رای گشتی عیراق بدرێ كە تەنها مێرگەپان ناوەندی بریاری زۆنی سەوزە .  لەولاشەوە ویستراوە بە پارتی بوترێ كە مێرگەپان دان دەنێ بەمەرجەعیەتی سەری رەشدا ، بەلام زۆنی سەوز لەمەودوا میرگەپانە ، نەقەلاچوالان و دەباشان . ئەگەر ئەوە نیازو مەرامی سیاسی هێنانی كازمی نەبێت ، ئایا نەدەكرا ئەو لیدوانانەی كازمی لە كۆشكی كومار و لە ناوچەی سەوز درابان ؟! لەكاتێكدا هیچ كام لە وتەو هەلوێستەكانی كازمی لە هیچكام لە بریاری سیاسی و ئیداری و داراییدا بەرجەستە نەبون ! بۆیە بەرای ئێمە تاكە سودمەنی بنەرەتی لە هاتنی كازمی بۆ هەرێم تەنها بەقازانجی مێرگەپانە بۆ ئەوەی دەروازەیەكی جەماوەری لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عیراقدا بدۆزیتەوە تالە ناو كۆشكی كوماردا جارێكی تر چانسی مانەوەی بۆ بمێنێتەوە لەسەر حیسابی كازمی و دەستەوستانی حكومەتی هەرێم لەئاستی قەیرانە داراییە جەرگبرەكەدا و هیچیتر .   


 رزگار شێخ حه‌سه‌ن  هه‌میشه‌ گرنگی و بایه‌خی په‌روه‌رده‌ له‌ پێشینه‌ی كاره‌كانی حكومه‌تداریدایه‌ ، چونكه‌ له‌ رێگای په‌روه‌رده‌وه‌ هه‌م ئه‌توانرێت بینای كه‌سایه‌تی تاك بكرێت و فه‌لسه‌فه‌ی حوكمڕانی له‌ هۆشیاری تاكه‌كه‌سدا ره‌نگبداته‌وه‌ ، هه‌میش‌ پرۆسه‌ی فێربوون به‌ ئاكام بگات   ، له‌ هه‌رێمی كوردستاندا له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی هه‌ر كابینه‌یه‌كی نوێ هه‌مووان به‌ په‌رۆشین له‌ ژماره ‌و پرۆژه‌كانی  حكومه‌ت بڕوانین بۆ كه‌رتی په‌روه‌رده‌ ، بێگومان بایه‌خدان به‌ كه‌رتی په‌روه‌رده‌ پێوه‌رێكی زۆر گرنگه‌ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌دا و كار و چالاكی  كابینه‌كه‌ ،  به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ سه‌رده‌می كابینه‌ی نۆیه‌مدا پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ و فێركردن گه‌وره‌ترین زیانی پێگه‌یشت ، راسته‌ قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی وه‌ك كۆڕۆنا یه‌خه‌ی هه‌رێم و ناوچه‌كه‌ و جیهانی گرتوه‌ ، ئه‌و قه‌یرانه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی داهات و  قوڵبوونه‌وه‌ قه‌یرانی دارایی هه‌بوه‌ ،  به‌ڵام روئیا و دیدگایه‌كی زانستیمان بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كه‌ نه‌بوه‌ له‌ ئاستی په‌روه‌رده‌یدا ، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بڕیاره‌كانی بواری په‌روه‌رده‌ به‌ شێوه‌ی خۆبه‌خۆ و دوور له‌ دیراسه‌كردن و لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی دراون ، سه‌ره‌نجام  ساڵێكی خوێندن به‌ فێرۆ چوو ، نه‌وه‌یه‌ك بێ فێربوون و شاره‌زایی پێویست  قۆناغێكی خوێندنی بڕی. سه‌باره‌ت به‌ ساڵی نوێی خوێندن ، هه‌موان چاوه‌روانی ئه‌وه‌ بووین ساڵی نوێی خوێندن  هاوكات له‌گه‌ڵ گرتبه‌ری كۆمه‌ڵێك رێگا و شوێنی تایبه‌ت بۆ  ده‌سپێكردنی خوێندن ، ئه‌گه‌ر هاتنی كۆرۆنا له‌ سه‌ره‌تاوه‌  جۆرێك له‌ موفاجه‌ئه‌ی تیادا بوبێت ، ئه‌وا بۆ ئه‌مساڵی نوێی خوێندن شتێكی چاوه‌روانكراو بوو ، پێویست بوو رێگا و هه‌نگاوی پێویست بگیرایه‌ته‌ به‌ر ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هیچ ئاماده‌كارییه‌كه‌ نه‌كراوه‌، نه‌ كه‌ره‌سته‌ی پێویستی خۆپارێزی و رێكاری ته‌ندروستی دابینكراوه‌ ، نه‌ كه‌ره‌سته‌ی به‌ ئۆنلاینكردنی خوێندن ، نه‌ هیچ رێگا و شێوازێكی دیكه‌  بۆ به‌رێوه‌بردنی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ و فێركردن له‌ هه‌رێمه‌كه‌دا ، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ په‌روه‌رده‌ رووبه‌رووی فه‌شه‌لێكی راسته‌قینه‌ بۆته‌وه‌ و ئایینده‌ی نه‌وه‌یه‌ك ئه‌كات به‌ قوربانی .  له‌ راستیدا  سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم نه‌ك ئاماده‌كاری بۆ بوژانه‌وه‌ی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌  و چاره‌سه‌ری كاریگه‌رییه‌ نێگه‌تیڤه‌كانی كۆرۆنا نه‌كردوه‌ ، به‌ڵكو هه‌ندێك هه‌نگاو هه‌ن كه‌ ئاماژه‌ی مه‌ترسیدارن بۆ ئایینده‌ی په‌روه‌رده‌ له‌م هه‌رێمه‌دا   ، له‌وانه‌: یه‌كه‌م :  به‌هێزكردنی كه‌رتی تایبه‌ت له‌سه‌ر حسابی كه‌رتی حكومی  ئه‌مرۆ به‌ ئاشكرا ئه‌وه‌ هه‌ست پێده‌كری كه‌رتی تایبه‌ت له‌ بواری په‌روه‌رده‌ پشتیوانی ئه‌كریت ، حكومه‌ت خه‌رجییه‌كانی بواری په‌روه‌رده‌ به‌ بارگرانی بۆ خۆی ئه‌بینی و بۆیه‌ ئه‌یه‌وی ورده‌ ورده‌ هه‌نگاو بنی بۆ به‌تایبه‌تكردنی كه‌رتی په‌روه‌رده‌ ، وه‌ك چۆن هه‌نگاوی ناوه‌ بۆ به‌ تایبه‌تكردنی كه‌رته‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی  كاره‌با و ته‌ندروستی دووه‌م : هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سیسته‌می به‌ ئینگلیزیكردن و یه‌ك ده‌وام .    پشتیوان بۆ خاڵی یه‌كه‌م هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و قوتابخانه‌ هاوشێوانه‌ی كه‌له‌سه‌ر سیسته‌می كه‌رتی تایبه‌ت دامه‌زرابوو  به‌ بیانوی نایه‌كسانی له‌ خوێندندا ، كه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ژماره‌ی به‌شدار بوو  لــه‌ قوتابخانه‌ ئه‌هلیه‌كاندا زیاد له‌ سێ به‌رامبه‌ر زیادیكردوه‌.. سێیه‌م : ئاماده‌كاری بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یران .  دوای كۆتایهاتنی  4 مانگ له‌ پشوی هاوینه‌ ، وه‌زاره‌ت ته‌نها یه‌ك وه‌رك شۆپ  یا میتینگ یا زانیاریه‌كی تۆمار كراو ئاڕاسته‌ی مامۆستایان نه‌كراوه‌ تا ئاماده‌كراو بن بۆ تێپه‌راندنی ئه‌م قه‌یرانه‌، یان رابهینرین بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌ركی په‌روه‌رده‌یی له‌سه‌رده‌می كۆرۆنادا ، یان هه‌ر ئاماده‌كارییه‌كی دیكه‌ ..  چوارام : لێبڕینی موچه‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌وام .   سیاسه‌تی لێبڕین و كه‌م كردنه‌وه‌ی موچه‌ ، ئه‌مه‌ سه‌ره‌رای كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجیه‌كانی بواری په‌روه‌رده‌ له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا ، سه‌ره‌نجام په‌روه‌رده‌یه‌كی فشۆڵ و بێ كوالیتی دروست ئه‌بیت ، ئه‌مه‌ش دایكان و باوكان هان ئه‌دات كار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی مناله‌كانیان بگوازنه‌وه‌ كه‌رتی تایبه‌ت   پێویسته‌ دڵنیابن، من وه‌ك نوسه‌رێكی بواری په‌روه‌رده‌ هه‌میشه‌ نه‌م ویستوه‌ وه‌ك سیاسیه‌ك  قسه‌ بكه‌م  یان روانگه‌یه‌كی سیاسیم هه‌بیت ،به‌ڵام هێنده‌ به‌ ئازارم به‌رامبه‌ر منداڵانی ئه‌م نیشتمانه‌ خه‌می مردنی هاوڵاتیه‌ك یان مندالێكم به‌ كرۆنا بیرچۆته‌وه‌ ،ئایا ده‌كرێت له‌م خه‌م ساردی ده‌وڵه‌ت بێده‌نگ بین به‌رامبه‌ر به‌ منداڵ و لاوانمان ، ئه‌كرێت وه‌زیرێك جگه‌ له‌ وتار  بێژی  و ستایشی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كه‌ی هیچ خه‌مێكی په‌روه‌رده‌یی  نه‌بێت  ، به‌رێزانی وه‌زاره‌ت بفه‌رمون و ڕونی بكه‌نه‌وه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ئێوه‌ ده‌فه‌رمون  وه‌رزی ئه‌لیكترۆنی به‌كام سیسته‌می زانستی په‌روه‌رده‌یی رێكخراوه‌ ، ئایا ڕێكارو ئاماده‌كاریه‌كانی ته‌نها به‌ چه‌ند ڕۆژێك ئاماده‌ ده‌بێت  ، ئایا له‌وه‌ تێگه‌یشتون كه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران وه‌ك بڕیاری دروستكردنی ئه‌نده‌ر پاسێك له‌م كیشه‌ په‌روه‌رده‌یه‌ ده‌ڕوانێت واتا بڕیار  واده‌بینێت ته‌نها به‌ نوسراو كاره‌كه‌ ده‌گاته‌ ئامانج ، دواجار هیچ ڕونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌ جێبه‌جێكردنی قوتابخانه‌ی ئه‌لیكترۆنی نیشان نه‌داین له‌ وه‌رزی ڕابوردوو  ، ده‌كریت لێره‌دا سه‌رنجی چه‌ند  خاڵ بده‌ین،  یه‌كه‌م : وه‌زاره‌ت پێی نه‌وتین قوتابخانه‌ی ئه‌لیكترۆنی بۆ ساڵی ڕابوردو  چ ئاكامێكی هه‌بوو،  كوا داتاو به‌ دوادا چونه‌كان له‌ ئاگاداركردنه‌وه‌ی   ئه‌نجامی پرۆسه‌كه‌ ، واتا داتایه‌ك له‌ ڕێگای دام و ده‌زگا بێلایه‌نه‌كان ،دواتر به‌رچاومان ڕونبێت و سه‌رنج و ڕاسپارده‌ پێشكه‌ش بكه‌یت بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند بونی .. دووه‌م : به‌ڕێزان له‌ به‌رێوبه‌رایه‌تیه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان ، ئێوه‌ كوا ژماره‌و داتای زانستیتان  كه‌ نیشانده‌ری  ئاستی جێبه‌ جێكردنی ئه‌م سیسته‌مه‌ بێت  ، جیاكاری ناوچه‌یی و توانا داراییه‌كان و ئاماده‌كاری مامۆستایان له‌ قوتابخانه‌كاندا  هۆكاری بنه‌ڕه‌تی سه‌ركه‌وتن و سه‌ر نه‌كه‌وتنی بڕیاره‌كه‌یه‌ ، ئایه‌ به‌ڕێزانتان له‌م بواره‌دا چیتان كردوه‌  ، به‌ ڵكو خه‌می ئێوه‌ له‌ به‌رپرسیارێتیتان بۆشارێك ته‌نها ناكرێت به‌ فه‌رمانكردن بێت و هیچ ئه‌ركێك له‌ خۆ نه‌گرن.. سێیه‌م : به‌ڕێز وه‌زاره‌ت  تۆ ده‌زانی چ پێشنارێكت كردوه‌ ،چۆن  ده‌كرێت پێنج مامۆستا ده‌وام بكات و چل پێنچ له‌ماڵه‌وه‌ بن ، ئه‌وه‌ی ئێوه‌ پێشنیارتان كردوه‌ له‌ سیسته‌می دوو ئیداری وه‌رتانگرتوه‌ كه‌ كۆمه‌ڵه‌ بندیوارێكی به‌رهه‌م هێنا ، دڵنیام جگه‌ له‌ كیشه‌ هیچ به‌رهه‌مێكی تری په‌روه‌رده‌یی نابێت ..


كامیار سابیر کە دەگوترێ کورد، مەبەست لە هەموو میللەتی کورد نییە، بەڵکو مەبەست لە نوخبە حیزبیی، سیاسیی و رۆشنبییرییەکانی کوردە کە تێڕوانیینیان بۆ عێراق و بۆ عەرەب ( بە شیعە و سوننەوە) چەند راسیستیی و فاشییانەیە!؟ کاظمیی کە خەڵکی کوردستانی عێراق، پێشوازییەکی گەرمی لێ دەکەن، بە تەنیا نیشانەی فەشەلی پارتیی، یەکێتیی، گۆڕان، یەکگرتوو، حشك، حسک، چەپ، راست، نەتەوەیی، ئیسلامیی...تاد نییە، بەڵکو فەشەلی سەرجەم سیستەم و کەینونەی کوردایەتیی و قەوارەکەیانە( هەرێم)، فەشەلی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنە، بەڵام رەخنەگرتن لەم پێشوازییکردنە، یان کەمکردنەوە و لاقرتێکردن بەم پێشوازییە، بۆ دەبێ لە روئییەی راسیستانە و روئیای فاشییانە و نەهجی ناعەقڵانییبوونی نەژادییەوە بێت؟ سەرۆک وەزیرانی عێراق، جارێ هێشتا مەعلوم نییە چیی پێ دەکرێ و چیی پێ ناکرێ! ناشکرێ هیوای لەسەر هەڵبچنرێ و بە فریادڕەس بزانرێ، بەڵام ناشکرێ ئیدانەی ئەو جەماوەرە زۆرە بکەیت کە بە رزگاربەخشی دەزانن! خەڵک ژیان و کەرامەتی ئینسانیی دەوێت، فشەی نەتەوەیی و درۆی نەژادیی و مورتەزیقەی ئیقلیمیی ناوێت. وێڕای ئەوەی پیاوێکی موخابەراتییە و دەیەوێ باڵانسی نێوان ئێران و ئەمێریکا رابگرێت، بەڵام دیدی سیاسیی بۆ قەضییەی کورد، لە زۆربەی هەرە زۆری سیاسییەکانی کورد، لە نوخبەکانی کورد و حیزبەکانی کوردایەتیی، باشتر نەبێت، خراپتر نییە. هەندێک دەڵێن بۆ شۆ و نماییشی سیاسیی هاتووە، هەندێک دەڵێن بۆ رێککەوتن هاتووە لەگەڵ دزە گەورەکانی کوردایەتیی، هەندێکی تریش دەڵێن هیچ نییە و هەمووی فشەی مێدیایە و تەنیا پرۆتۆکۆلیی و خۆناساندن بووە... ئەمانە هەموویان ئاسایین، بەڵام ئەوەی نائاساییە کە ئەم قسانە هەرچۆنێک دەکەن، ناتوانن زووخاوە راسیزمەکەی ناو هەناویان بشارنەوە، ناتوانن فاشیزمە نەژادییەکەی ناو ئیستیحماری کوردایەتییەکەیان، بەیان نەکەن. هۆکاری سەرەکییش ئەوەیە کە کاظمیی بە نەژاد عەرەبە و بە دیینیش سەر بە طائیفەی شیعەیە و خۆیشی بە عێراقیی دەزانێت و فەضڵی وەطەنییەت و عێراقییبوون بەسەر ئایدیۆلۆژیای قەومییەت و عیرقییەت و طائیفییەتدا، دەدات. پەیامی ئەم جۆرە نوخبە سیاسیی و رۆشنبیرییەی کورد، ئەم گرووپانە لە مێدیاکاران و چالاکوانان، رێک ئەوەیە کە قەیناکا ئەمانەی خۆمان! دزیی و تاڵانییش دەکەن، بەس نییە کوردن، ئەمان سووکایەتییمان پێ دەکەن و نیشتمان دەفرۆشن و مورتەزیقەی موخابەراتی وڵاتانی ئیقلیمیین هەر قەیناکە، چونکە کوردن و بە کوردیی تەعدا لە خەڵک دەکەن و بە کوردیی کەرامەتی ئینسانی کورد دەشکێنن، بەڵام کاظمیی چونکە عەرەبە و چونکە شیعەیە و چونکە عێراقییە، ئەوە نیشانەی زەلیلیی و ریسواییە بۆ کورد، پەنای بۆ بەرن! رەخنەی من لە کاظمیی ئەوەیە کە لەگەڵ کۆمەڵێ سیاسیی کوردد رێکە کە تا بیینەقاقایان لە گەندەڵیی و لە دزییدا نوقم بووە، خۆیان هیچ ئیعتیبارێکی سیاسییان نییە و دەیانەوێ لە رێگەی کاظمییەوە، ببنەوە بە رەقەم و لە ئاییندەدا، پۆستی باڵا لە بەغداد، وەرگرنەوە. مەترسیی هەرە گەورەش لە کاظمیی ئەوەیە کە مل بۆ میلیشیاکانی کوردایەتیی و میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی بدات و سەرەنجام لەگەڵ دوو طائیفییتریین پیاوی عێراقدا( مالیکیی و بارزانیی) خۆی بگونجێنێتەوە؟ رەخنەی من لە خۆمانە، لەو هەزاران گەنجەیە کە برغوویان بەم سیستەمە چەتەگەرییە ئابوورییەوە نەهێشتووە، لە باری سیاسیی و فیکریی و ئەخلاقییەوە، حەشریان پێی کردووە، کەچیی بەهۆی نا مونەظەمییەوە، ئەوەتا کۆمەڵێ سیاسیی فاشیل و فاسید ، دز و جەبان، دەیانەوێ بەرهەمی ئەو دەیان ساڵە لە رەخنەگرتن و کوتانەوەی فاشیزمی کوردایەتیی، بچننەوە! سەرەنجام، بەشێکی زۆری ئەو رەخنانەی لە کاظمیی دەگییرێت، بە هۆی عوقدەی عیرقیی، طائیفیی( کوردایەتیی سوننیی) و حەماقەتی قەومییبوونەوەیەوە، دەی بەڕاستیی ئەم جۆرە رەخنانە، ئەم جۆرە دەردەدڵییانە، فاشیزمی کوردیی و راسیزمی کوردیی و طائیفییەتی کوردیی نەبن، ئەی چیین؟ ئەم جارەش وەکو سەردەمی ریفراندۆمەکە، جەوهەری زۆر حیزب، نووسەر، رۆشنبییر، سیاسیی، چالاکوان و ژۆرناڵیستی کورد کەشف بوون کە لە ناخەوە، فاشیزم و راسیزم و نەژادپەرستیی، چۆن دایڕزاندوون؟ چەند ماکیاژیشی بکەن، لە دوو پێچی ئاوهادا، جەوهەریان، حەقیقەتیان، فیکر و مەعریفەی سیاسییان، ناتوانن تا سەر بشارنەوە.


رێبوار کەریم وەلی شانۆگەریی ھاتنی مستەفا کازمی، لە نووسین و دەرھێنانی دکتۆر بەرھەم ساڵح و، بە بەشداریی ژمارەیەک سیاسی و خەڵکی رەشوڕووت، نیشانەی قوڵایی ئیفلاسی سیاسییە. * (دەست)ەکانی مستەفا لەسەر سینگ بۆ سەرکردە و سیاسییەکان، خەڵکیش (دەست)لەسەر سینگ بۆ مستەفا! مستەفا دەیزانی بۆ چی ھاتووە، چی (دەست) کەوتبێ قازانجە. خەڵکەکە وەک فریادڕەس بینیان. (دەست)ەکانی مستەفا دەرەکی نەبوون، خۆماڵی بوون. باش سریواندییە بناگوێیان! * بەرھەم ساڵح وەک باوکی مەعنەویی مستەفا کازمی، (دەست)ی لە پشت دا و ئەو پیاوەی بۆ مەرامی شەخسیی خۆی ھێنایە کوردستان. لە لایەک بای خستە بن ھەنگڵی کازمی و، لە لایەکی دیکەوە ویستی لە شانۆگەرییەکەیدا، رۆڵی مام جەلالیش ببینێ. نەیتوانی. پەیامی ئەوەشی دایە بەرپرسانی کورد کە کۆنتڕۆڵی بەسەر ھەموو شتێکەوە ھەیە. * فەخامەت و دەوڵمەتدار لە دوایین پەردەی شانۆکەیان لە مێرگەپان.بە جوڵەی(دەست)ەکانیان کۆمەڵێک پەیامیان پێ بوو...... فەخامەت دەتوانێ ھەموو لایەنەکان (دەست) لەناو(دەست) لەسەر مێزێک کۆبکاتەوە! ئەگەر بافڵ تاڵەبانیش(دەست)ی نەھێشابایە، مێرگەپان دەبووە ماڵی(دەست)ی دووی مام جەلال. بەڵام... -دەبینن لەگەڵ کازمی چۆنین، ئەگەر ئەمجارەش نەمکەنەوە بەسەرۆک، لیست درووست دەکەم و بەو مستەفایەی کوڕم تەپڵتان پێ لێدەدەم. -لە ناو یەکێتی و سنوورەکەیدا، دەتوانم ببم بە مەرجەعی سیاسی و دەمڕاستیان. کێتان پێ کۆنتڕۆڵ نەکرا(مەبەست یەکێک لە ھاوسەرۆکەکانە) بیدەنە (دەست)خۆم، چۆنتان دەوێ وایلێدەکەم. -لەکاتێکدا کە خۆشی وەک کاراکتەرێکی سیاسیی دۆڕاو و لاواز ، کراوە بەسەرۆکی عێراق و ، ئەمیش جورئەتی چوونە ناو خەڵکی نییە، دەیەوێ راددەی بێزاریی خەڵک و بێدەرەتانییان نیشانی شەقامی عێراقی بدات. ئەویش سیاسەت بە قوتی خەڵکەوە دەکات و لەئاوی لێڵدا ماسی دەگرێت. * ھاتنی کازمی دەبێ زەنگێکی وشیار کەرەوە بێت بۆ ئەوانەی ئەو میللەتە دەچەوسێننەوە و دەبێ بزانن ئەوە بەڕێوەبردن نییە. رێگاکانی ھەستانەوەی میللەتێکی تێکشکاو بەو گەمە سیاسیانەی کە سەرێکی پەتەکەی بە بژێوی و ژیانی خەڵکەوە بەستراوەتەوە، جگە لە دۆڕانی زیاتر ھیچی دیکەی لێ شین نابێ. * وە ئاخیر (دەست)! (دەست)ی ماڵومنداڵ و کەسوکارتان لە تیجارەت و قۆرخکاریی ئەو وڵاتە کورت بکەنەوە، ھەمووتان دۆڕاوی ئەو (دەست)انەن. (دەست)ێکی دیکەش بدۆڕێن رەنگبێ دەربکرێن.


دانا رەشید   وەک ئاشکرایە کە سەرۆک وەزیرانی نوێی عیراق مسته‌فا کازمی، بەو گوڕە هاتۆتە مەیدان، کە خاڵێک بۆ هەتا ئێستەی پڕ گەندەڵی و فەسادی ئیداری و دارایی دابنێ و، دەستپێکێکی نوێ لە کۆی عیراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەست پێ بکات، ئەمما بۆ ئەو دەستپێکردنە نوێیە کە ئەم سەرۆک وەزیرانە لەم زەمەنە پڕ لە قەیرانی  ئابوری و دارایی و سیاسیە، لە عێراقێک کە ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری ئابوری بەندە بە رۆژهەڵاتی ناوەراستەوە، بە دیوێکی تر تا قەیرانە سیاسی و ئابوری و جەنگیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەلا نەکەوێ، گەلۆ عێراق دەگات بەو عێراقەی کە  مسته‌فا کازمی دەیخوازێ؟ ئەمە پرسیارەکەیە، چونکە تا ئێستا پرۆژەو بەرنامەی کاری ئەم سەرۆک وەزیرانە لە تاریکیدا حەشار دراوە و بە ئاشکرا بەرچاو ڕونی بە رەسمی  و بە پرۆژەی نوسراوو ئامادە کراو لە ڕوی کارو ئاکارەوە، نەخراوەتە بەرچاوی گەلانی عیراق، تا لەسونگەیەوە خوێندنەوەیەکی بابەتی و کارا بۆ کارەکانی ئەم سەرۆک وەزیرانە بکرێ ، کە جیاوازە لەوانی پێش خۆی.  کازمی خۆی لە بەغداو لە باشوری عیراق تەواو شارەزای ئەو قەیران و فەسادەیە کە چۆن ناو بە ناو کڕو کڵپەی خۆپیشاندەرانی بەش مەینەت، بڵێسەی ئا‌و ناڵەیان دەنیا دەسوتێنێ، بە تەواویش ئەگەر خۆی لێ هەڵە نەکات بە ناوی رێکەوتن و سازان و هاوکاری و چی و چی، گیرۆدەی ئەم تاقمە خۆسەپێنە بوون ،کە دەستیان گرتوە بەسەر هەرێمی باشوی کوردستانداو  هەرچی سەر زەوی و ژێر زەوی وڵات هەیە  لە تاریکیدا دەیبەن، داوای 17% کۆی گشتی بوجەی عێراقیش دەکەن بۆ پێدانی موچە، ئەویش هەر دەخۆن و بە 3 مانگ جارێ نیو موچە دەدەن،  سنورەکان  لەبەردەم سوپای بکوژی تورک و ئێران، هیچ بەربەستێکیان نیه‌، بە هیچ یاساو دەستورێکی راگرتنی پیرۆزی خاکی عیراق کار ناکەن. هەرێمی کوردستان لە ئێستادا هیچ رەپتێکی بە بەغداوە نییە، تەنها ئەوە نەبێ کە  کۆمەلێ موچەخۆری لە بەغدایە بە ناوی بەشداری هەرێم لە حکومەتی بەغدا، بەڵام کارکردنی حکومەتی بەغدا و پێکهاتە دەسەڵاتدارەکانی بەغدا، بە شیوەیەکی جیاوازتر دەبینرێ لەوەی کە هەیە، ئەوە دیارە کە دەسەڵاتی هەرێم  کە یەکێتی و پارتی نوێنەرایەتی دەکات لە ژێر هەیمەنەی پارتی و بنەـاڵەی بارزانیدایەو بە ویستو خواستی تورکیا  هەڵدەسورێ ،کە بە هیچ جۆرێ کار بۆ سەربەخۆیی کوردستان ناکات 29 ساڵی ڕابوردوش ئەوەی دەرخستوە، ریفراندۆمە شکست خواردوەکەش دەری خست کە بۆ کۆتایی هێنان بە خەونی سەربەخۆیی بوو نەک بۆ سەربەخۆیی. بەغدا دەیەوێ و لە بەرژەوەندی عەرەبی عیراقدایە بە شیعەو سونەوە، کوردستان ببێت بە چەند هەرێم، بۆ ئەوەی لە لایەک کەرکوکیش ببێت بە هەرێم هەروەک  چەند ساڵ لەسەر دەستی دوکتۆر نەجمەدین هەوڵی بۆ دەدار، تا ئیدی لە کێسەی مادەی 140ی دەستور نەجاتیان ببێت و بە تەواویش لە دەست کوردی بسەننەوە و  ئیتر کورد بوون دەبێتە کێسەیە ناو هەرێمی کەرکوک لە نێوان پێکهاتەکانیدا،  ئەگەر سلێمانی ببێت بە هەرێم، ئەوا دەستی پارتی و بنەماڵەی بارزانی لە بەشێکی گەورەی داهاتی هەرێمی کوردستان دەبرێن، کەواتە لێرەدا  کێسەی پارێزگای هەڵەبجە دروست دەبێ وەک پارێزگایەکی نوێ، ئایا  هەڵبجەو دەوروبەری  سەر بە هەرێمی هەولێر دەمێننەوە، یاوخود  وەک هەرێمێکی لامەرکەزی دەکەونە سەر  هەرێمی سلێمانی ؟ یان ئەویش دەبێت بە هەرێم، بێ گومان بەشێکی  قسەو باسی نێوان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم سەرۆکی پارتی سەرۆک وەزیران ، سەرۆک خێڵ .... هتد، ئەم بوون بە هەرـ بوونەی سلێمانی بوە لەگەڵ کازمی، وەک دەزانرێ سیاسەت بریتییە لە دانوستاندن، ئەگەر کازمی هەوڵی بوون بە هەرێمی سلێمانی لە گۆڕ بنێ، بارزانی چی پێ دەدات، چونکە کازمی وەک ئەو پاڵەوانە دەردکەوتوە کە فریاد رەسی عێراقە لەم  قەرانگەلە بێ هاوتایە ، کازمی بە بەڵێن گەورەو دوایش  شتی پچوک رازی نابێ، بە فیعلی ئەنجامی کاری دەوێ، کار چی یە ئەی چارە چی یە ؟.   ئەگەر کازمی پشتی سلێمانی بەردا کەواتە دەبێ ببیتە عامیلی خێر لە نێوان هەردوو ئیدارەی سەوز نیلی و زەرد ، سنوری دێگەڵە دەستوری نییە، ئەکرێ کازمی دەستی نۆ بەرێ و هەڵیوەشێنێتەوە بە دەستور، ناشەفافیەتی سەروەتی کوردستان دەستوری نی یە ئەکرێ کازمی دەستی بۆ بەرێ بە دەستور، بەزاندنی سنوەکانی هەرێمی کوردسان کە پارتی رێگەی بە تورکیا داوە هەرێم بکاتە موڵگەی سوپا دەستوری نییە ئەکرێ کازمی دەستی بۆ بەرێ بە دەستور ، بەڵام بوون بە هەرێم و دروست کردنی هەرێمی نوێ لەسەر بنەمای دەستوری نوێێ عێراق دانی پێدا نراوە لە رێگەی ئوسوڵی و یاسایی واتە دەستوریە کازمی ناتوانێ رێگەی لێ بگرێ، لێرەوە هەم دەڤەری سلێمانی لە دۆخێکی دژواردایە هەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، هەم خودی مصگفی کازمی، گەلۆ چۆن دەگاتە نەتیجە، بانگهێشتنە خێراکەی تورکیا بۆ نێچیرڤان بارزانی دوای سەردانە خێراکەی ماکرۆن سەرۆک کماری فەرەنسا ، زۆر شتی لێ دەخوێندرێتەوە،  هەم دژی ماکرۆن کە فەرەنسا بە ئاشکرا دژی ئەردۆگانە ، هەم کازمی کە هەرەشەیەکی جدی لە دەسەڵاتی قۆرخکاری بارزانی دەکات ، هەڵوەشێنەرەوی  پلانەکانی ئەردۆگانە.  ئەمە زینجیرە درامایەکە کۆتایەکەی نادیارە دەبێ مرۆڤ و بینەر خۆی مێسکی بۆ بەکار بهێنێت و شرۆڤەی بکات ، چونکە لەدەست دەرهێنەرەکەی دەرچوە .


سیروان گەردی ئەوەی تۆزێک ئازاری چەشت بێت بە دەست دەسەڵاتدارانی عێراق ، هیچ رۆژێک چاوەڕێ ئاو لە بیابانی عەرعەر و پێدانی گوڵ لە زیندانی ئەبوغرێب ناکات. سیاسی هەڵتۆقیو بەو کەسانە دەوترێت کە لە پڕ خۆیان دەکەن بەناو سیاسەت و بە رێگای میدیا و هەندێ خەڵکی بەرژەوەند خواز وەک باڵۆن پڕ دەکرێن و ئەیانەوی رووناکی لە ئاسمان ببینین ! لە دوای رووداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەر دۆخی کوردستان بەرەوو قۆناخێکی دژوار و ناجێگیر لە رووی " سیاسی ، ئابوری " هەنگاوەکانی دەست پێکرد و تا ئێستاش لەنگەری نەگرتۆتەوە ، ئاسانیش نیە وا بە ئاسانی بکەوێتەوە سەرخۆی دوای ئەو شەقەی بەریکەوت و بە دەستی خۆشی هێزی شەقەکەی زیاد کرد و دەمێکی باش بورایەوە ، هەر دوای بورانەوەکەشی دەست و قاچیان بەست ! دابەش بوونی هەرێمی کوردستان بۆ دوو بەرە وایکردووە بەرژەوەندییەکانی هەرێم لە یەک بابەت کۆ بکرێتەوە ئەویش تەنها مووچەیە ، کە مافێکی ڕەوای خەڵکە دەبوایە و دەبێت شتی ترمان بکردبایە قوربانی وەک چۆن پێغەمبەر ابراهیم بۆ رزگارکردنی اسماعیلی کوری "سەلامی خوایان لەسەر بێت" فەرمووی خوا ئەمری پێکردووم بە قوربانی کردن بە بەرانێک لە جیاتی تۆ ئەی اسماعیل . ئێمەش لە جیاتی ئەوەی هەیە و نیمانە بیکەینە قوربانی سێ سەد ملیارێک کە دیاریش نیە دەنێرن یان نا ، حزبەکان سەرووەت و کۆمپانیاکانیان بکردبایە قوربانی ئەو کات خەڵک گەر دڵنیابە خۆی و خانەوادەیەکی بەرپرس و بازرگان جیاوازێکی زۆر لە ژیانیان نیە ئەوە داوایە ڕەوایەکان بەردەوام نەدەبوون لە دۆخەکە دروستتر تێدەگەیشتن ، واز لەو قورمیشکراوانەی شەقام بێنن کە نان و ژیانیان بە هۆی دژایەتی حکومەتی کوردستانە ، بەڵام بەداخەوە ئەم کاریگەرە نەرێنیەمان لە چینی خوا پێداو نا ، بەڵکو چینی خوار بردراو نەبینی بگرە ئەوان زیاتر کەوتنە خۆدەوڵەمەندکردن ! رێکەوتن لە پێناو چی ؟  جیا لە هەموو بیرکردنەوەکان رێکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بە دۆخێکی ئیجباری دەزانم لە لایەن هەرێمەوە کە بەدڵی نیە بەڵام ناچارە ، بۆیە لە کاتی ناچاریش دەبێت ئەو کەلەگاییەی ئێستای  عێراقمن قبوڵ بێت ! گەر نا دوای ۲۰۰۳ یەک سەرۆکوەزیرانی عێراق جورئەتی نەکردووە سەردانی مەرزەکانی هەرێم بکات و بەوپەری هێزەوە "کە بەتاڵە" نمایشی عێراقی بوون هەرێمی کوردستان لێبدات ، بۆیە دڵنیاشم فشاری هاوڵاتیانی مووچەخۆر هەرێمی ناچارکرد لە دەوڵەتی دیفاکتۆوە بگۆڕین بۆ هەرێمی کۆماری عێراق. دەنگێک هەیە کە پێیان وایە رێکەوتنی هەولێر و بەغدا لەگەڵ حکومەتی کاتی مستەفا کازمی نەکرێت چاوەڕێ هەڵبژاردنی عێراق بین ، بەڵام ئەمەش هەرێمی کوردستانی توشی کۆمەلێک ئاڵنگاری دەکات : ٭لە دابینکردنی مووچەی هاوڵاتیان . ٭لە ئەنجامی پاڵپشتیەکانی نێودەوڵەتی لە کازمی .  ٭دۆخی خراپتربوونی نێوان پارتی و یەکێتی لەوەی هەیە هەڵکشێت. بۆیە ئەوەی دەگوزەرێت لە نمایشە جوانەکانی کازمی ئەوەیە ئەو هیچی نیە لە دەستی بدات ، ئەوەی پێشی گەیشتووە لە تەوەقع نەبووە ، بۆیە نمایشێکی سیاسی و سەرباز و دەولی وا دەکات کە سەرنجی نەک خەڵکی سادە بگرە لە ئاستی هەندێ سەرکردە سیاسیەکانی کوردیشی بۆ خۆی ڕاکێشاوە وەک فریادڕەس دەبینین ، کەئەمەش وا دەکات هەستی نەتەوایەتی و بەرگە گرتنی ئەو میللەتە لە رژێمەکانی عێراق تا ئێستا بە با بدەین و نەوەی داهاتووش فێر دەکرێت مووچە و ژیانی پێش کەرامەت و خاک و نیشتیمان بێت . بۆیە واینابینم ئەو دیدارنەی کازمی لە هەولێر کە لە وێنەکان دەبینران لە دڵەوەش وا بێت ، چونکە لە پەیوەندی نێودەوڵەتی بەو دیدارانه دەوترێت ناچاری و چوونە ژێر باری داخوازی لە پێناو خواستی هاوڵاتیان کە لە ئێستادا مووچەیە ، لە سەدا حەڤدە پاشەکشەمان کرد بۆ سێ سەد ملیار کە ئەمە خواستی هیچ تاکێکی هۆشیاری کوردستان نیە ، بەڵام هەموو ئەوانە پێمان دەلێت نەبوونی متمانە لە هەرێمی کوردستان لە نێوان خەڵک و دەسەڵات ، پارتە سیاسیەکان ئێمەی گەیاند بەو دۆخە کە هیچ دڵسۆزێک دڵی پێخۆش نیە. بۆیە پێش بەهێزکردنی ئابوری و ئاشتەوایی سیاسی لە کوردستان پێویستە متمانە و خۆشەویستی بونیاد بنێنەوە لە جیاتی شەڕی تیکتۆک بگەڕێنەوە بۆ وانە "هەرەووزی " .


كارۆخ خۆشناو  لە سەرەتای سەدەی (٢١) و لە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە (٢٠٠١/٩/١١) ئەمریکا ڕووبەڕووی گەورەترین و دڕاندانەترین و بەناوبانگترین هێرشی تیرۆرستی بوویەوە، لەڕێگای چوار فڕۆکەی سڤیلی نەفەرهەڵگر، چەند پێگەیەکی ستراتیژی ئەمریکا کرانە ئامانج، لە ناویاندا هەردوو تاوەری بازرگانی جیهانی لە نیویوڕک و بارەگانی پەنتاگۆن لە واشنتن، بە هۆیەوە (٢٩٧٧) کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی (٢٥٠٠٠) کەس بریندار بوون. کاردانەوەی ئەمریکا بۆ ئەم هێرشانە وەرچەرخانێکی مێژووی دروستکرد، بە جۆرێک مێژووی مرۆڤایەتی پێش و دوای هێرشەکانی (١١ی سێپتەمبەر) لە هەموو ڕووەکانەوە گۆڕانکاری زۆری بەدوای خۆیەوە هێنا، لە یەکەم گوتاریدا سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا (جۆرج W بۆش) جیهانی دابەشکرد بەسەر دوو بەرەی دژ بەیەکدا (بەرەی تیرۆر و بەرەی ئەمریکا) لەسەرەتای هێرشەکانەوە، ئەمریکا رێکخراوی تیرۆرستی  قاعیدەی تۆمەتبار کرد، دواتر ئەم ڕێکخراوە بەرپرسیاریەتی هێرشەکانی لەئەستۆی خۆی گرت. پەرچەکرداری ئەمریکا بریتی بوو لە ڕاگەیاندنی شەڕێکی سەرتاسەری هەمەجۆر (سەربازی، ئابوری، ئایدۆلۆژی.....هتد) بەرامبەر بە تیرۆریستان لەسەر ئاستی جیهان، لە دەرەنجامی ئەم هیرشانەدا ئەمریکا هەردوو ڕژێمی ئەفغانسان و عێڕاقی ڕوخاند و کۆمەڵێک بنکە و پێگەی سەربازی نوێی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستکرد، لە ئێستادا ئه‌مه‌ریكا زیاتر لە (١٦٠) هەزار سەربازی لە (١٥٠) وڵاتدا بەسەر (٨٦٥) بنکەدا دابەشکردووە، کە  لە (٨٠) وڵاتدا دژایەتی تیرۆر دەکەن. ئەم هێرشانە پرسی پاراستنی ئاسایشی کردە پرایۆرتی (ئەولەویەت) و گرنگی ئەم پرسەشی خستە پێش پرسەکانی تری وەک ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ، واتە بە هۆی ئەم هێرشانەوە ئازادی تاکەکان سنوردار کران و لە ڕێگای ئامێرە ئەلیکترۆنیەکانەوە مرۆڤەکان خرانە ژێر چاودێریەوە. شەڕی تیرۆر تاکو ئێستاش بەردەوامە، ئەگەرچی ڕێکخراوی تیرۆرستی قاعیدە لاواز بووە، بەڵام گروپی تیروریستی تر لە فۆڕمی تردا دروست بوون، وەک لە چەند ساڵی ڕابردوودا (داعش) سەری هەڵدا و بووە مەترسیەکی ڕاستەقینە لەسەر ئاستی جیهان بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی، لەو کاتەدا ئەمریکا بۆ لە ناوبردنی ئەم مەترسیە هاوپەیمانیەتێکی لە (٧٠) وڵات پێکهێنا و بە هاوکاری و قوربانیدانی هێزەکانی پێشمەرگە و شەڕڤانان، توانرا ئوستوڕەی داعش تێکبشکێنرێت. دوای نزیکەی دوو دەیە لە شەڕی تیرۆر، ئەمریکا ستراتیژیەتێکی نوێی گرتۆتەبەر، کە بریتیە لە میکانیزمی پشت بەستن بە هاوپەیمانەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکانیان، واتە ئەمریکا چیتر بەشدار نابێت لە شەڕە بێکۆتاکان  و پێویستە وڵاتانی ناوچەکە خۆیان ئاسایشی خۆیان بپارێزن، لەم چوار چێوەیەدا ئەمریکا بڕیاریداوە هێزەکانی لە عێڕاق و ئەفغانستان بەڕێژەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە، هەروەها گفتوگۆشی دەست پێکردووە لەگەڵ بزوتنەوەی تاڵیبان. یەکێک لە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ستراتیژە نوێیەکەی ئەمریکا بریتیە لە ئاسایکردنەوە پەیوەندی (عەڕەب-ئیسڕائیل) و بەرقەرارکردنی ئاشتی لەژێر چەتری (گرێبەستی سەدە) بە مەبەستی دروستکردنی بەرەیەک لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی هەژموونی (چین و ڕوسیا و ئێران) و دەستەبەرکردنی ئاسایش و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەگەرچی ئەمریکا قوربانی زۆری داوە لە شەڕی تیرۆردا، بە جۆرێک مەزەندە دەکرێت زیاتر لە (۷) هەزار سەربازی کوژرا بن و نزیکەی (۷) ترلیۆن دۆلاریشی خەرج کردبێت، بەڵام تاکو ئێستاش دەرهاویشتە و لێکەوتەکانی هێرشەکانی (۱١)ی سێپتەمبەر بەردەوامن و هەرشەی گروپە تیرۆرستیەکانیش هەر بەردەوامن.


سەهین موفتی - ئامانجی سەرەکی هاتن تا ئێستێ، هیچ کوتلەو گروپێکی پەرلەمانی لە عێڕاق، یا هیچ حیزبێکی گۆڕەپانی سیاسی لە پشتی مستەفا کازمی نییە، ئەوەی هەیە، نمایش و جم و جۆڵی مێدیاو چەند کەسایەتییەکی سیاسین هەوڵی کاریزمایی ناوبراو نیشاندەدەن. لە کۆبوونەوەی دەگەڵ مەسڕور بارزانی چەند تەوەرێک گفتوگۆی لەبارەکراوە، تا ئێستا هیچ راگەیانراو یا مێدیایێک باسی لێوە نەکردوون..!  لە هەموان گرنگتر، کێشەی ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و گەڕانەوە بۆ دەستوورو بە دیاریکراویش ماددەی سەدو چل..! پاشان بە وردی باس لە شنگال و ئاوەدانکردنەوەی ئەم دەڤەرە کراوە. بارزانی کۆبوونەوەیەکی درێژی لەگەڵ کازمی کردووەو راشکاوانە پێی راگەیاندووە" هەر کێشەیەکی سیاسی، دەستووری، یا ناکۆکی لەنێوان هەولێرو بەغداد هەبێت، ناکرێت مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان ببڕدێت، وەک ئەوەی پێشتر هەبووە، پێویستە کۆتایی پێ بهێندرێت".  لە بەرامبەردا کازمی، کۆی کێشەکانی گەڕاندۆتەوە بۆ کابینەکانی پێشووتری حکومەتی بەغداد، و بۆ چارەسەرکردنی مووچە، بەڵێنیداوە کە کۆتایی پێدەهێنێت..! پرسی بوونی  پەکەکە، تەوەرێکی سەرەکی دیکەی گفتووگۆ بووەو بە سەرۆکی حکومەتی کوردستانی راگەیاندووە، کە ئەم بەرامبەر تورکیا فشارێکی زۆری لەسەرەو داوای کردووە بە یەکەوە سنوور بۆ چالاکییەکانی پەکەکە دابنێن(بەغداد - هەولێر)، تا بیانووی هێرشەکانی تورکیاو بەزاندنی سنووریش لەلایەن حکومەتی ئانکەڕە کۆتایی پێ بهێندرێت. ئامانجێکی دیکەی سەردانی کازمی، کە نەیشاردۆتەوەو داوای لە سەرکردایەتی کوردستان کردووە، پشتیوانی لێ بکەن بۆ دەرباز بوون لە هەموو ئەم دۆخە چەقبەستووە(سیاسی، ئابووری، تەندروستی، ناکۆکیی لایەنەکان)، ی دووچاری کۆی عێڕاق بۆتەوە. ئەوەی کە لەمێدیاکاندا بە ئامانج بڵاوکرایەوە، گوایە داهاتی خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بەشێکی سەرەکی گفتووگۆی کۆبوونەوەکان دەبێت، بە پیتێک، نەک وشەیەک باسی لێوەنەکراوە. -  سەردانی کامپ، کەس و کاری ئەنفالکراوان، هەڵەبجە لە رابردوودا، جەعفەری، مالیکی، عەبادی، عەبدولمەهدیش،هەمانشێوە لە مەڕاسیمە تایبەتییەکانی ئەم یادەوەرییە ناخۆشانەی بەسەر گەلی کوردستانداهاتووە، بەشداربووون، هەندێکجاریش وەک ئێستای کازمی تاجەگوڵینەیان لەسەر مۆنۆمێنتەکانی ئەنفال و کیمیاباراندا داناون، کەچی هەر ئامادەی واژۆکردنی قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی ئەم یادە نەبوون...! ئامانجی، سەردانیشیان بۆ ئەم شوێنانە روونە، کە دەیانەوێت وەها نیشانی دونیای دەرەوەو وڵاتانی بدەن، جیاوازی لەنێوان  پێکهاتەو ئایین و نەتەوەکان ناکەن، بەڵام لە واقیعداو لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێڕاقەوە لە ژێرەدستی حیزبی بەعس، کورد لە حکومەتەکانی عێڕاقیدا تەنها وەک( تەشریفی، ناو، بوون)، بەشداربووون...! - سەردانی کازمی لەسەر ئاستی ناوەخۆی هەرێمی کوردستان زۆر لە مێدیا ئامانجدارە کوردەکانی خۆمان، یا چەند پەرلەمانتارێکی کوردی لە بەغداد کە دژی ئەم قەوارەو پێگەیەن کە هەیە، وەها لەبنی گوێی رای گشتی و خەڵکی سادەوساکارییان دەخوێند کە کازمی لەبۆ بچووککردنەوەی پێگەی هەرێمی کوردستان و دانانی سنوور بۆ دەستەڵاتی کوردی، تەشریف دەهێنێت و ئیدی تەواوی ئەزموونی سیاسی کوردستان دەگەڕێنێتەوە سەر بەغداد، هێندەیان بە شان و باڵدا هەڵدا، بێ ئاگا لەوەی سەردانی کازمی لەبۆ  دوو زۆنەکەی کوردستان  ئۆتۆماتیکی دەرخەری دوو ئیدارەیی کوردستانە...!دەنا خۆ دەکرا هەموو هێزولایەنە سیاسییەکان لەژێر چەتری حکومەتی کوردستان یا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەگەڵ کازمی کۆ ببووبانەوە..! نەک ئەوەی نانی بەیانی لەهەولێرو نیوەڕۆی لە مێرگەپان لەبۆ خوان بکرێت..!  یا لێی بپاڕێنەوە، تاوەکێ سەردانی گڵکۆی رەحمەتی مام بکات..! ئاخر ئەم جوڵەیە، بۆنی دوو هەرێمی لەنێو هەرێمێکی لێ دێت. - کڕووزانەوەی چین و تێوژەکانی کوردستان لە کازمی  وەک پێشتر، نووسیم مێدیا ئامانجدارو پەرلەمنتارەکانی بەغداد کە دژی کیانی کوردستان، (خۆماڵییەکان)، هێندەیان کازمی لە قاڵبی خۆی گەورەکرد، تا ئەو ئاستەی دایک و خوشکی ئەنفالکراوان، یا کەس و کاری قوربانییانی شنگال لە بادینان و چەند مامۆستایێک و جووتیارێک لە زۆنی سەوز بێنە بەردەمی کازمی و لێی بکڕوزێنەوەو ئەمیش بەتەنها ئەمە وەڵامی بێت" عێڕاق کێشەی ئابووری هەیە، سەبر بگرن، بۆتانی چارەسەر دەکەم"، دروستە بەشێکی زۆری ئەم کڕوزانەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ خەمساردی بەرپرسانی کورد لە ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان و خزمەتنەکردنی هاونیشتیمانییان، بەڵام زەلیل نیشاندانی کوردیش بوو لەهەمانکاتدا لە بەرامبەر دەستەڵاتی بەغداد لە کاتێکدا، نیوەی عێڕاقییەکان لە پشتی حەمڕینەوە هەتا بەسڕەو فاو لە برسا دەمرن، بێجگە لە لاوازی بواری ئەمنی کە رۆژانە چەندان چالاکوان و بەرپرسانی سلکی ئەمنی لەوێ تیرۆر دەکرێن. بنۆڕن، لەو گەشتیارانەی باشوورو ناوەڕاستی عێڕاق کە روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن، بیاندوێنن، بزانن بەراوردی نێوان هەرێمی کوردستان و عێڕاق لەزاری خۆیانەوە ببیستن...! - کۆتایی و پوختەی ئامانجی سەردانییەکەی وەک، کازمی خۆی لە کۆبوونەوەی نێوانی و مەسڕور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان رایگەیاندووە" هیچ حیزب و کوتلەیەکی پەرلەمانی، لە پشتییەوە نین" پێویستە پشتیوانی لە هەنگاوەکانم بکەن، بە ئاشکرا دیارە کە دەیەوێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێڕاقدا کە بەهەڵبژاردنی پێشوەختە ناوی جێگیرکرا، دەنگ بۆ خۆی کۆ بکاتەوەو بتوانێت پێگەیەکی هیچ نا مامناوەندی لەنێو سیاسی عێڕاقیدا وەدەستبهێنیت، ئەمەیش بەبێ پشتیوانی کورد ئەستەم دەبێت بۆ کازمی . - لەکۆتاییدا،  بۆچوونی من وەهایە، کازمیش هەمان ئەو رێییە دەگرێت، کە ئەمانی پێشی خۆی پێیدا تێپەڕین، چوونکێم ئەمانیش هەزاران بەڵێن و دروشمی زەقییان نەک تەنێ نیشانی کورستان، بەڵکێ عێڕاق و وڵاتانی دراوسێ و دونیاشدا کەچی هەر لەسەر وەزنی ربەی تەق تەقێ هاتن و چوون.


ئەبوبەكر كاروانی  (نیشتمان) وەك چەمكێكی مۆدێرنەی سیاسی، خولگەی چەندین (بیرۆكە)‌و (هەست)‌و (ناسنامە)‌و هەڵوێستگرتنە. (نیشتمان) ژێرخانی كەرەسەی دوو چەمكی ترە ئەوانیش (نیشتمان پەروەری)‌و (هاونیشتمانی)ین . نیشتمان پەروەری ئاماژەیە بە هەڵوێستگرتن‌و ئاراستەیەكی پاك‌و دڵسۆزانە‌و ئەخلاقی ژیان‌و كاری سیاسی‌و خۆنەویستی. (هاونیشتمانی)یش ئاماژەیە بە یەكسانی تاكەكان لە ماف‌و ئەركدا لەبەردەم سیستمی سیاسیدا لە سۆنگەی ژیانیان لەسەر نیشتمان‌و دەسەڵاتێكی سیاسی هاوبەشدا. بۆیە بەشێكی بنەڕەتی خەبات لە پێناو هاوڵاتێتی ئازاد‌و یەكسان‌و شەڕكردن لەگەڵ جیاكاری لە سۆنگەی جیاوازەوە لەنێو تاكەكانی كۆمەڵگەیەكدا، دەبێت ئاراستەی نیشتمانسازی‌و رواندن‌و بوژاندنەوەی گیانی نیشتمان پەروەریەتێكی پاك‌و راستەقینە بکرێت. كێشەیەكی قوڵی واقیعی سیاسی هەرێمی كوردستانیش، پەیوەستە بەم خاڵ‌وپرسەوە. پەیوەندی هەیە بە شێواندنی ناوەڕۆك‌و ئاماژەكانی چەمكی نیشتمان لە سۆنگەی دابەشبوونی هەرێم‌و هاتنە كایەی چەمكی (دەڤەر)‌و ناوچەی كۆنترۆڵكراوی حیزبی‌و كاركردن بە گیانی ناوچەگەری پاڵنەری دەستكەوتی ماددی ‌و گروپیی نانیشتمانیەوە. هەڵبەت بۆ ئەوەی (نیشتمان) مانای تەواوی خۆی پەیدا بكات‌و پرۆسەی نیشتمانسازیش سەركەوتووتر بێت، پێویستمان بە بوونی دەوڵەتە. بەڵام نەبوونی دەوڵەت نابێتە بیانوو بۆ لێكدانەوەی واقیعی نانیشتمانی‌و دژ بە سەرەتاكانی نیشتمان پەروەری ئێستای هەرێم. چونكە ئێمە لە (30)ساڵی رابردوودا نیمچە دەوڵەت بووین. دەمانتوانی شەڕی ناوخۆ نەكەین‌و كوردستان دابەش نەكەین‌و سنورێ‌ بۆ ناكۆكیە دواكەوتووەكان دابنێین‌و نەهێڵین گەندەڵی بەو جۆرە تەشەنە بكات‌و دام‌و دەزگا نیشتمانیەكانمان بەو جۆرەی ئێستا لاواز بن‌و ئەو ناعەدالەتیە هەبێت، كە لەئێستادابەرۆکی گرتوین و هەموومان دەیبینین‌و هەستی پێدەكەین. كە هەموو ئەو دیاردانەی سەرەوە پێچەوانەی رێزگرتن لە ئاماژەكانی چەمكی (نیشتمان) ‌و بەهاكانی نیشتمانپەروەرین. بەوەش دەتوانین بڵێین (نیشتمانمان) بەناوەرۆك ‌و ئاماژە مەدەنیەكانیەوە ، بە واتای ئەو چوارچێوە جوگرافییەی هاوڵاتێتی یەكسان‌و دەسەڵاتێكی مەدەنی دادپەروەر دەگرێتە خۆ دزراوە. یاخود لانی كەم پێخوست كراوە‌و رێگا لە گەشانەوە‌و بوژاندنەوەی گیراوە. هەر بە گوێرەی ئەم پێشەكیەش سەرەتای هەموو بزوتنەوەیەكی گۆڕانخواز یاخود ریفۆرمخواز دەبێت لەم خاڵانە ژێرخانی‌و بنە ڕەتیەوە دەست پێبكات ، دەبێت سەرلەنوێ‌ پێناسەی (نیشتمان) بكاتەوە‌و بەها بۆ (ئینتیما) بۆ نیشتمان‌و (ناسنامەی نیشتمانی)‌و (بەهاكانی نیشتمان پەروەری) بگێڕێتەوە. رەخنە لە فۆرمی لە خۆبەخاوەنكردنی (نیشتمان)‌و (نیشتمانپەروەری كوردستانی) بگرێت كە دەیان ساڵە دەستەوسانە‌و بێ‌ ئیرادەیە لەوەی شار‌و دەڤەرەكانی كوردستان ، هێزە چەكدارەكانی یەكپێبگرێتەوە ‌و ستراتیژێكی نیشتمانی راستەقینەی بۆ دژایەتی گەندەڵی‌و رواڵەتەكانی ناعەدالەتی هەبێت، بۆ ئەوەی خەڵك هەست بە كەرامەت‌و كەسێتی پارێزراو‌و ئایندەی رۆشنی خۆیان بكەن. وە خۆبەخاوەنكردنێكی تازەی (نیشتمان)‌و بەها‌و لێكەوتەكانی بكاتە هێزێكی كۆكەرەوە ‌و جۆشدەر. بەمەش خەبات بۆ چاكسازی‌و حوكمڕانیەتی مەدەنی‌و دەستووری دادپەوەر‌و یاساسەروەری ‌و كۆتاییهێنان بە قۆرخكاری ‌و جیاكاری ،ببێتە فۆرمێكی نوێ‌ی نیشتمان پەروەریی كوردستانی. بەدەر لەمە پشتكردنە (نیشتمان)‌و پەراوێزخستنی بیناكردنەوەی (ناسنامەی نیشتمانی)‌و (نیشتمان پەروەرێتی كوردستان) خەبات بۆ گۆڕانكاری لە بارودۆخەكەدا دەكات بە كارێكی نائومێدانەی بێهودە‌و هەڵچووانەی كاتی، تێكەڵ بە تۆڵە سەندنێكی بێ‌ ئاسۆ ‌و ناعەقڵانی . تەنانەت وریا نەبین دەمانخاتە خزمەت بەرژەوەندی دەرەوەی بازنەی هەرێم‌و خودی هێزە حوكمڕانەكانی هەرێمەوە. وە ئاو دەكەین بە ئاشی هێز‌و كەسانێكدا، جگە لە دروشمی فریودەر ،دەستكەوتێكی راستەقینەیان بۆ ئێمە پێ‌نییە. لەم ڕوەشەوە گرنگە پەندێ‌ لە شەقامی ناڕازی‌و خۆپیشاندەرانی عێراق وەربگرین . هەموومان دەزانین هەڵوەشاوەیی‌و مێلیشیا‌و تایەفەگەری‌و گەندەڵی‌و ناعەدالەتی لە ناوەڕاست‌و باشووری عێراق لە هەرێم زۆرتر‌و گەورەتر نەبێت کەمتر نیە. تاكو ئێستاش زیاتر لە (600) خۆپیشاندەر‌و ناڕازی كوژراوەنو دەیان چالاكوان تیرۆركراون.كەچی سەرەڕای ھەمووئەوە دروشمی ناوەندی خۆپیشاندەرەكان (نیشتمانمان دەوێت)ە . واتە هەموو ئەو تاوان‌و واقیعە نەخوازراوە دەبەستنەوە بە دزینی نیشتمان ‌و سوكایەتی پێ‌كردن‌و پوكانەوەی ناسنامەی نیشتمانێتی عێراقی وەك چوارچێوەیەك بۆ بەیەكەوە گرێدانی ناسنامە‌و پێكهاتەكانی عێراق‌و پێش هەموویان عەرەبەكان خۆیان ‌و مامەڵە لەگەڵ كردنی تاكەكان وەك هاوڵاتی و گێڕانەوەی هەیبەت بۆ دەوڵەت وەك نوێنەری بەرژەوەندی هاوبەشی هەمووان. بۆیە هەروەكو رۆشنبیرێكی پێشەنگی ئێران (قالیباف)دەڵێت : راست نیە خراپە‌و گەندەڵی دەسەڵاتداران وامان لێبكات رقمان لە نیشتمان بێت. ئەم وتەیە بۆ ئێستای ئێمەش هەتا خوا حەزكات راستە، چونكە بەبێ‌ نیشتمان ‌و گەل سازی، بەبێ‌ بوونی ناسنامەیەكی نیشتمانی بەهێز‌و كۆكەرەوە لەنێوان گروپ وتاكەكانی كۆمەڵگە‌و تێپەڕاندنی دابەشبوونە دینی‌و نەتەوەیی‌و مەزهەبی‌و ناوچەیی‌و سیاسی‌و حیزبی‌و كۆمەڵایەتی‌و رەگەزییەكان، ئەستەمە حوكمڕانیەكی باش‌و دیموكراسی‌و دادپەروەر‌و خەڵكیی بینا بكرێت. چونكە حوكمڕانیەنیەكی لەوجۆرە، پێویستی بە دووبارە بوژاندنەوە ‌و كاراكردنەوەی بەها سیاسی‌و فیكرییە باڵاكانە. لە پێش هەمووشیانەوە بەهاكانی پەیوەست بە نیشتمان پەروەری ‌و هاوڵاتێتی ئازاد‌و یەكسان. بەڵكو هەر قسەكردنێك لەسەر دیموكراسی‌و گەشەپێدانی‌و باڵادەستكردنی بەهاكانی لەچوارچێوەی ئەزموونێكی حوكمڕانیدا ، لە دەرەوەی نیشتمانێكی ئازاد‌و بیناكراو، كارێكی بێ‌ هودەیە. هەموو ئەمەش وامان لێدەكات ، نەبین بە قوربانی هەڵچوون‌و ڕقە كاتیەكانمان، ئەگەر چاكسازی‌و گۆڕانكاری‌و سەركەوتنی خەبات دژی قۆرخكاری ‌و گەندەڵی وبیناکردنی حوکمڕانی باشمان دەوێت،دەبێت لەبیری بوژاندنەوەی گیانی نیشتمانپەروەریەکی کوردستانی نوێدا بین. نابێت خۆمان بخڵەتێنین. ئێمە دوای سەد ساڵ هەست بە (ئینتیمامان) بۆ عێراق بۆ دروست نەبووە، دوای جیینۆسایدی گەلەكەشمان لە ئەنفال و وکیمیاباران ووێرانکردنی کوردستان وجۆرەھا سزای دەستە جەمعی تر، ئەستەمە ببێتە نیشتمانی جێگرەوە بۆ ئێمە. بەڵكو زەحمەتە ببێتە نیشتمان بۆ خودی عەرەبەكانیش، دیموكراسیش بەو ئاسانیە لەو واقیعە ئاڵۆزە هەلاهەلایەدا سەرناگرێت، مێژووش پێمان دەڵێت :هەمووزیندووبوونەوەیەكی هەستی نیشتمان پەروەری ‌و ناسیونالیزمی عێراقی، هاوشان دەبێت لەگەڵ كەڵكەڵەی ناوەند گەرایی‌و دەسەڵاتگەرایی‌و تەماح كردنە ئێمە. بۆیە ناكرێت‌و نابێت دڵمان بەوە خۆش بێت شتێ‌ لە دەست هەرێم دەرچێ‌ ‌و بكەوێتە دەست بەغدا. چونكە دواتر دەبێت شەڕێكی تر بۆ وەرگرتنەوەی بكەین. بەڵكو دەبێت هەوڵدەین ئەو دەستكەوتانە بكەونەوە دەست خاوەنە راستەقینەكە یان كە گەلی كوردستانە.ئێمەی ناڕازی شەڕمان لەگەڵا (نیشتمان) ‌و (گەلی خۆمان)دا نیە و نابێت هەمانبێت. راستیش نیە پێمان وابێت لە دەرەوەی یەكێتی ‌و پارتی شتێ‌ بەناوی (گەل) ‌و (نیشتمان) بوونی نیە. بۆیە واچاكە ئێمەش دروشمێكی هاوشێوەی دروشمەكەی ناڕازیانی عێراقمان هەبێت و بەرز بکەینەوە. بزوتنەوەی ناڕازی خەڵكی كوردستانیش یان بێ‌ئایندە دەبێت ،یاخوددەبێت نیشتمانی ریفۆرمخواز بێت



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand