هەولێر لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران عێڕاق 2010 – 2025

2025-09-12 19:20:45
راپۆرتی: درەو
🔻 لە بازنەی پارێزگای هەولێر؛
🔹 خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2010)دا (5) لیست و قەوارەی سیاسی، خولی سێیەم لە ساڵی (2014)دا (4) لیست و قەوارەی سیاسی، خولی چوارەم لە ساڵی (2018)دا (6) لیست و قەوارەی سیاسی، خولی پێنجەم لە ساڵی (2021)دا (3) لیست و قەوارەی سیاسی توانیویانە کورسی ئەنجومەنی نوێنەران مسۆگەر بکەن.
🔹 لە (7ی3ی2010)ەوە کە (917 هەزار و 685) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەبوو، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە بڕیارە لە 11/11/2025 بەڕێوەبچێت و (ملیۆنێک و 410 هەزار و 112) هاوڵاتی مافی بەشداری هەیە، بەو مانایەی ژمارەی گەشەی دەنگدەران لە بازنەی پارێزگای هەولێر گەیشتووە بە (492 هەزار و 427) هاوڵاتی و ڕێژەی گەشەی (53.7%).
🔹 ژمارەی بەشداری هاوڵاتیانی پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە (680 هەزار و 408) بەشداربووەوە بۆ (444 هەزار و 253) بەشداربوو لە خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران دابەزیوە، واتا بە بڕی (236 هەزار و 155) بەشدابوو بە ڕێژەی (35%) کەمی کردووە.
سەرەتا
لەگەڵ ئەوەی چەندین هەڵبژاردنی گشتی بۆ (پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) لە سەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان و لە نێویشیدا لە پارێزگای هەولێر لە دوو دەیەی ڕابردوودا بەڕێوەچووە، بەڵام سەرجەم خولەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەپێی یاسا بە سیستمی یەک بازنەیی بەڕێوەچووە، جگە لە دواین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە 20/10/2024 بەشێوەی فرە بازنەیی بەڕێوەچوو.
ئەوەشی پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە هەیە، هەمیشە هەڵبژاردن بەشێوەی فرە بازنەیی بەڕێوەچووە، پارێزگای هەولێرش بازنەیەکی سەربەخۆ بووە تا دواین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10/10/2021 کە تێدا پارێزگای هەولێر کرا بە (4) بازنەی هەڵبژاردن.
لەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەخەینە سەر هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە تێیدا پارێزگای هەولێر وەک بازنەیەکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، وردەکاری و ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان لەو بازنەیە ڕووندەکەینەوە، لەڕووی ژمارەی دەنگدەر، ڕێژەی بەشداری، ڕکابەری لایەنەکان و بەشداربووە سەرکەوتووەکان.
یەكەم/ بازنەی پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 7/3/2010
خولی دووەمی هەڵبژادنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (7/3/2010)دا بەڕێوەچووە، بەپێی راگەیەنراوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە پارێزگای هەولێر (917 هەزار و 685) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (680 هەزار و 408) هاوڵاتی دەنگیانداوە، بەڕێژەی (74%). پارێزگاكە (14) كورسی گشتی و کورسییەکی کۆتای مەسیحییەکانی لە پەرلەمانی عێراق بەردەكەوت، ئەنجامی هەڵبژاردنەکەش بەم جۆرە بوو؛
- لیستی هاوپەیمانی كوردستانی، کە لە یەکێتی و پارتی و چەند لایەنێکی دیکەی پێکهاتبوو (458 هەزار و 403) دەنگی بەدەستهێنا و (10) كورسی پەرلەمانیان بردەوە، بە شێوەیەک؛ تەنها پارتی و یەکێتی (431 هەزار و 407) دەنگیان بەدەستهێنا، بەجۆرێک؛ پارتی دیموكراتی كوردستان (306 هەزار و 775) دەنگی بەدەستهێناو (8) كورسی بردەوە، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (124 هەزار و 632) دەنگ و (2) كورسی بردەوە.
- لیستی گۆڕان (103 هەزار 397) دەنگی بەدەستهێنا و (2) كورسی پەرلەمانی عێراقی بردەوە.
- كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان (70 هەزار و 662) دەنگ و (1) كورسی پەرلەمانی بردەوە.
- یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (51 هەزار و 65) دەنگی بەدەستهێناوە (1) كورسی مسۆگەر کرد.
لەسەر ئاستی دەنگی حیزبەكان بەو پێیەی ئەگەر حیزبەكان لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیشدا بووبن دەنگی هەر حیزبە و دەنگی بەكاندیدی خۆیداوە، بۆیە لێرەدا دەنگی راستەقینەی سەرجەم حیزبە بەشداربووەكان دەخەینە، بەو پێەیە لەم شیكاریەدا كار لەسەر دەنگی حیزبەكان دەكەین لەگەڵ ئەوەی لە خشتەكەدا رێژەی دەنگی حیزبەكان (100%) دەرناچێت، بەو پێیەی دەنگی كۆتا و هەندێك حیزبی بچووكی ناو هاوپەیمانێتییەكانی تیانییە، تایبەت بە دەنگی و کورسی لایەنە بەشداربووەکانی بازنەی پارێزگای هەولێر (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 1)
خشتەو چارتی ژمارە (1)
دووەم/ بازنەی پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 30/4/2014
لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا کە لە (30/4/2014) بەڕێوەچوو، لە بازنەی پارێزگای هەولێر (936 هەزار و 557) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (744 هەزار و 489) هاوڵاتی دەنگیانداوە، بەڕێژەی (79.5%)، بازنەی پارێزگای هەولێر (15) كورسی بەرکەوتبوو. ئەنجامەکەش بەجۆرێک (4) لیست توانیان کورسییەکانی پارێزگاکە ببەنەوە لەو هەڵبژاردنەدا، بەجۆرێک؛
- لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان توانی (354 هەزار و 735) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەرێژەی (48%) و توانی (7) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر بكات.
- یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (168 هەزار و 688) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (23%) كە (4) كورسی بەدەستهێنا.
- لیستی گۆڕان توانی (104 هەزار و 59) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (14%) و (2) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.
- لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی (80 هەزار و 492) دەنگ بەڕێژەی (11%) توانی (2) كورسی بەدەستبهێنێت.
- لیستی یەكگرتووی ئیسلامی (26 هەزار و 323) دەنگ و بەڕێژەی (4%) و هیچ کورسییەکی مسۆگەرنەكرد.
تایبەت بە دەنگی و کورسی لایەنە بەشداربووەکانی بازنەی پارێزگای هەولێر (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 2)
خشتە و چارتی ژمارە (2)
سێیەم/ بازنەی پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 12/5/2018
هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، لە 12/5/2018 بەڕێوەچوو، لە هەولێر (ملیۆنێک و 123 هەزار و 219) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (642 هەزار و 232) كەس بە دروستی دەنگیانداوە، بەڕێژەی (57.2%) و (15) كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دیاریكرابوو، شەش لیست و قەوارەی سیاسی توانیان کورسی مسۆگەر بکەن، بەجۆرێک؛
- لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان توانی (321 هەزار و 920) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەرێژەی (50%) و (8) كورسی مسۆگەر بكات.
- یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (79 هەزار و 945) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (12%)ی دەنگە دروستەكان و (2) كورسی بەدەستهێنا.
- نەوەی نوێ توانی (70 هەزار و 833) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڕێژەی (11%) و (2) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.
- لیستی گۆڕان توانی (40 هەزار و 863) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڕێژەی (6%) و (1) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.
- لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی (36 هەزار و 784) دەنگی بەڕێژەی (6%)ی دەنگە دروستەکانی هێناو توانی (1) كورسی بەدەستبهێنێت.
- هاوپەیمانی لەپێناو دیموكراتی و دادپەروەری (50 هەزار و 537) دەنگی بەڕێژەی (8%) بەدەستهێناو توانی (1) كورسی بەدەستبهێنێت.
- لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (24 هەزار و 475) دەنگ و بەڕێژەی (4%) و هیچ کورسییەکی نەبردەوە.
تایبەت بە دەنگی و کورسی لایەنە بەشداربووەکانی بازنەی پارێزگای هەولێر (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 3)
خشتە و چارتی ژمارە (3)
چوارەم/ بازنەی پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 10/10/2021
رۆژی 10ی تشرینی یەكەمی 2021، خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراق بەڕێوەچوو، بەپێ یاسای نوێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (9)ی ساڵی 2020، هەڵبژاردنەكە تەواو جیاواز بوو بەراورد بە خولەكانی پێش خۆی، یەکێک لەو جیاوازییانەش دابەشكردنی عێراق بوو لە (18) بازنەی هەڵبژاردنەوە بۆ (83) بازنەی هەڵبژاردن، هەر پارێزگایەك بۆ چەند بازنەیەكی هەڵبژاردن دابەش کرا.
لەسەر ئەو بنەمایەش پارێزگای هەولێر كرا بە (4) بازنەی هەڵبژاردن، لەسەر ئاستی هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردن، بەپێی داتاكانی كۆمسیۆنی عێراق لە پارێزگای هەولێر (ملیۆنێک و 238 هەزار و 379) كەس مافی دەنگدانی هەبووە و (444 هەزار و 253) كەس دەنگی دروستیانداوە، بەرێژەی (35.9%) و (15) كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دیاریكراوە، سێ لیست و قەوارەی سیاسی توانیان کورسی مسۆگەر بکەن، بەجۆرێک؛
- لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان توانی (262 هەزار و800) دەنگ بەدەست بهێنێت بەرێژەی (59.2%)ی دەنگە دروستەكان و توانی (11) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر بكات.
- نەوەی نوێ توانی (79 هەزار و 245) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (17.8%) و (3) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.
- یەكێتی نیشتیمانی كوردستان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەرچەندە هاوپەیمان بوو لەگەڵ گۆڕان بەڵام بەتەنها (65 هەزار و 862) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (14.8%) كە (1) كورسی بەدەستێنا.
- لیستی كۆمەڵی دادگەری (19 هەزار و 517) دەنگی بەڕێژەی (4.4%) و هیچ كورسییەکی بەدەستنەهێنا.
- بزوتنەوەی گۆڕان كە هاوپەیمانی یەكێتی بوو بەڵام كاندیدەكانی (4 هەزار و 245) دەنگیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (1%) و هیچیان سەرنەكەوتن.
- كاندیدەكانی یەكگرتووی ئیسلامیی (3 هەزار و 990) دەنگ و بەڕێژەی (0.9%) و هیچ كورسییەکی لە پارێزگای هەولێر مسۆگەرنەكرد.
- پارتی سۆسیالست دیموكراتی كوردستانیش (2 هەزار و 167) دەنگی بەدەستهێنا بە ڕێژەی (0.5%) و هیچ كاندیدێکی سەرنەكەوت.
- سەرجەم لایەن و كەسایەتییە سەربەخۆكانیش لەو پارێزگایە (6 هەزار و 427) دەنگیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (1.4%) و هیچیان سەرنەكەوتن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران.
تایبەت بە دەنگی و کورسی لایەنە بەشداربووەکانی بازنەی پارێزگای هەولێر (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 4)
خشتە و چارتی ژمارە (4)
پێنجەم/ ژمارەی دەنگدەر و ڕێژەی بەشداری بازنەی پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2010 – 2025
لەگەڵ ئەوەی بەردەوام لەسەر بنەمای گەشەی دانیشتوان، ژمارەی دەنگدەریش ڕوو لە هەڵکشان دەکات، بەجۆرێک لە پارێزگای هەولێر، لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە کە لە 7/3/2010 بەڕێوەچوو (917 هەزار و 685) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەبوو، بەڵام بەپێی دواین ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم، کەوا بڕیارە لە 11/11/2025 بەڕێوەبچێت (ملیۆنێک و 410 هەزار و 112) هاوڵاتی لە پارێزگای هەولێر مافی بەشداریکردنی پرۆسەکەیان هەیە، بەم پێیە ژمارەی گەشەی دەنگدەران لە بازنەی پارێزگای هەولێر گەیشتووە بە (492 هەزار و 427) هاوڵاتی و ڕێژەی گەشەی (53.7%) لە ماوەی نێوان (2010 – 2025).
هاوکات ژمارەی بەشداری هاوڵاتیانی پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە (680 هەزار و 408) دەنگدەرەوە بۆ (444 هەزار و 253) بەشداربوو لە خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران دابەزیوە، واتا بڕی (236 هەزار و 155) بەشدابوو بە ڕێژەی (35%) کەمی کردووە.
بۆ بەرچاوڕوونی دەربارەی گەشەی ژمارەو ڕێژەی دەنگدەر و قەبارەی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە خولەکانی ڕابردوودا لە بازنەی پارێزگای هەولێر (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 5)
خشتە و چارتی ژمارە (5)
