Draw Media

چۆن کوردستانی باشور بە عێراقەوە لکێنرا؟

چۆن کوردستانی باشور بە عێراقەوە لکێنرا؟

2020-08-10 23:13:08


خەبات عەبدوڵڵا

یەکەم: عێراق وەکو زاراوە
عێراق وه‌كو ده‌وڵه‌ت به‌م قه‌واره‌یه‌ى ئێستایەوە، سەد ساڵى ته‌مه‌نى تێنه‌په‌ڕاندووه‌. ئه‌گه‌رچى ناوى (عێراق) زۆر كۆنه‌، به‌ڵام سەد ساڵ لەمەوبەر و به‌ درێژایى مێژوو، ده‌وڵه‌تێك نه‌بووه‌ ناوى عێراق بووبێت. پێش ئیسلام و له‌ كاتى سه‌رهه‌ڵدانى ئیسلامدا، نه‌ك قه‌واره‌یه‌ك نه‌بووه‌ ناوى عێراق بووبێت، به‌ڵكو شتێك نه‌بووه‌ ناوى (نیشتمانى عه‌ره‌ب)یش بووبێت.

كه‌ ئیسلام سه‌رى هه‌ڵدا، جگه‌ له‌ به‌شێكى جزیره‌ى عه‌ره‌ب، ئیتر ئه‌م وڵاتانه‌ى كه‌ ئێستا به ‌نیشتمانى عه‌ره‌ب ناسراون موڵكى چه‌ند ئیمپراتۆریه‌تێكى گه‌وره‌ى ئه‌و كاته‌ى دنیا بوون. بێزه‌نتیه‌كان هەموو وڵاتى شام و میسر و مه‌غریبیان لەژێرده‌ستدا بوو، ساسانییه‌كانیش کە بەشێکی زۆریان کورد بوون، ئه‌و زه‌وییانه‌ى باشور و ناوه‌ڕاستى ئێستاى عێراق و خاكى یه‌مه‌ن و هەموو كه‌نداویان لەژێرده‌ستدا بوو، ته‌نانه‌ت تا ئه‌و ده‌مه‌ش كه‌ عه‌ره‌به‌كان نه‌ببوون به‌ موسڵمان، نیمچه‌ دورگه‌ى عه‌ره‌ب بۆ خۆى ده‌وڵه‌تێكى یه‌كگرتوى عه‌ره‌به‌كانى پێك نه‌ده‌هێنا. دواى مردنى پێغه‌مبه‌رى ئیسلام و لە سەرده‌مى ده‌سه‌ڵاتى خه‌لیفه‌ راشدییه‌كانه‌وه‌ فتوحانى عه‌ره‌به‌ موسڵمانه‌كان به‌ره‌و شام و سه‌رزه‌مینه‌كانى ئێستاى عێراق ده‌ستى پێكرد. لە سەرده‌مى خه‌لیفه‌ عومه‌ردا سوپاى ئیسلام گه‌یشته‌ كوردستان، سه‌ره‌تا موسڵیان گرت و له‌وێشه‌وه‌ به‌ره‌و باكور و خۆرهه‌ڵات تا شاره‌زوور پێشڕه‌وییان كرد.
سه‌رزه‌مینه‌كانى باشور و ناوه‌ڕاستى عێراقى ئێستا به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ نیمچه‌ دورگه‌ى عه‌ره‌بدا، یه‌كێك بوو له‌و سه‌رزه‌مینه‌ به‌پیتانەی كه‌ پاش فتوحات به‌ لێشاو عه‌ره‌به‌ كۆچه‌ره‌كانى نیمچه‌ دورگه‌ى عه‌ره‌ب و موسڵمانه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كان تێیدا نیشته‌جێ بوون و دواتر جێیان نه‌هێشت(١).

به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى جگه‌ له‌ عه‌ره‌ب پێشتر ئه‌قوامى ترى غه‌یره‌ عه‌ره‌بیش نیشته‌جێى ئه‌و سه‌رزه‌مینانه‌ بوون، بۆیه‌ مێژونوسانى عه‌ره‌ب خۆیشیان زاراوه‌ى (عێراقى عه‌ره‌بى) و زاراوه‌ى (عێراقى عه‌جه‌مى)یان بۆ ناوچه‌ جیاجیاكانى ئه‌و سه‌رزه‌مینانه‌ به‌كارهێناوه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌و ده‌مه‌ش (عێراقى عه‌ره‌بى) یا (عێراقى عه‌جه‌مى) هێما نه‌بووە بۆ قه‌واره‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆ و دیاریكراو یا ده‌وڵه‌تێكى خاوه‌ن سنور، به‌ڵكو ته‌نیا وه‌كو زاراوه‌یه‌كى جوگرافیایى كه‌ سنورى باكورى له‌ شارى تكریت سه‌رى نه‌كردووه‌، به‌كارهاتووه‌.

ئه‌م مه‌وقیعه‌ى ئێستاى عێراق وایكرد، دواى نه‌مانى ده‌سه‌ڵاتى خه‌لیفه‌ راشدییه‌كان و پوكانه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌مه‌وییه‌كان، عه‌باسیه‌كان به‌غدا بكه‌نه‌ مه‌ڵبه‌ندى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان، به‌ڵام عه‌باسییه‌كانیش عێراقیان نه‌كرده‌ ده‌وڵه‌تێكى خاوه‌ن سنور، به‌ڵكو عێراقى ئێستا به‌شێكى بچوكى ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ پانۆپۆڕه‌ بوو كه‌ لە سەرووى ئه‌فه‌ریقاوه‌ تا هندستان ده‌كشا.
كه‌ مه‌غۆله‌كان به‌ سه‌ركردایه‌تى هۆلاكۆ له‌ ساڵى ١٢٥٨دا به‌غداى پێته‌ختى عه‌باسییه‌كانیان گرت، به‌شى هه‌ره‌ زۆرى سه‌رزه‌مینه‌كانى عێراقى ئێستایان كرده‌ ولایه‌تێك له‌ ولایه‌ته‌كانى ئیمپراتۆریه‌تى ئێلخانى، به‌ڵام له ‌ساڵی ١٣٣٧دا و پاش ململانێی ناوخۆی ئێلخانیه‌كان، به‌غدا و عێراقى ئێستا و نیمچه‌ دورگه‌ى عه‌ره‌ب و ئازه‌ربایجان كه‌وتنه‌ ژێرده‌ستى جه‌لائیرییه‌ به‌ بنه‌چه‌ مه‌غۆلییه‌كان. سه‌رۆكى جه‌لائیرییه‌كان شێخ حه‌سه‌ن كوڕى حسێن كوڕى ئامتوغانى جه‌لائیرى جیابوونه‌وه‌ى خۆى له‌ ئێلخانییه‌كان راگه‌یاند، له‌ ساڵى ١٣٨٣دا به‌غدا كه‌وته‌ ژێر ده‌ستى ته‌یمورله‌نگ و تا ساڵى ١٥٠٨ كه‌ شائیسماعیلى سه‌فه‌وى به‌غداى له‌ ده‌ستى مه‌غۆله‌كان سه‌نده‌وه‌، عێراقى ئێستا هه‌ر له‌ژێر ده‌ستى مه‌غۆله‌كاندا بوو(٢).

له‌ سه‌ده‌ى شازده‌ به‌ دواوه‌، سه‌رزه‌مینه‌كانى عێراقى ئێستا بووه‌ مه‌یدانى ململانێى توندى نێوان هه‌ر دوو ئیمپراتۆریه‌تى سه‌فه‌وى و عوسمانى.

ئیمپراتۆریه‌تى عوسمانى كه‌ تا ده‌مه‌ده‌مى جه‌نگى جیهانى یه‌كه‌م به‌شى هه‌ره ‌زۆرى گه‌لى عه‌ره‌ب و به‌شى هه‌ره‌ زۆرى گه‌لى كوردى له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتدا بوو، كوردستانى به‌سه‌ر چه‌ند ولایه‌تێكدا دابه‌ش كردبوو؛ له‌وانه‌ ولایه‌تى شاره‌زوور كه‌ پاشان خرایه‌ سه‌ر ولایه‌تى موسڵ، هه‌روه‌كو گه‌لى عه‌ره‌بیشى به‌سه‌ر ولایه‌ته‌كانى سوریا و به‌غدا و به‌سره‌ و حیجاز و به‌یروت و میسرى خدێوى و هى تردا دابه‌ش كردبوو. بۆیه‌ ئه‌و كاته‌ و تا دواى جه‌نگى جیهانى یه‌كه‌میش، عێراقى ئێستا نه‌ك هه‌ر گوزارە نه‌بووه‌ له‌ قه‌واره‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆى خاوه‌ن پێناس، به‌ڵكو سه‌رزه‌مینه‌كانى ئێستاى عێراق وه‌كو باقى ره‌عیه‌ته‌كانى ترى ده‌وڵه‌تى عوسمانى ته‌خشانوپه‌خشانى چه‌ند ولایه‌تێك كرابوون و ته‌نانه‌ت ناوى عێراقیش له‌ ئارادا نه‌بووه‌ و به‌شێكى ئه‌م خاكه‌ى ئێستاى عێراق هه‌ر بەناوی میسۆپۆتامیا یا وڵاتى نێوان دوو روبار، ناسرا بوو(٣).

بۆیه‌ عێراق وه‌كو ده‌وڵه‌ت، یا سنورێكى جوگرافیایى ده‌ستنیشانكراو و قه‌واره‌یه‌كى یه‌كگرتوو، پێش بیسته‌كانى سه‌ده‌ی پیشوو‌ نه‌بووه ‌و ده‌رنه‌كه‌وتوه‌.

دووه‌م: عێراق وەکو دەوڵەت
له‌ میانه‌ى جه‌نگى جیهانى یه‌كه‌مدا و پاش ئه‌وه‌ى عوسمانییه‌كان پاڵیان دایه‌ پاڵ ئه‌ڵمانیا، تا ده‌هات قه‌واره‌كه‌یان به‌ره‌و داوه‌شین ده‌چوو. ده‌وڵه‌ته‌ ئیمپریالیسته‌ گه‌وره‌كان؛ به‌ریتانیا و فەڕەنسا‌ و روسیاى تزارى له‌سه‌ر دابه‌شكردنى ئیمپراتۆریه‌تى کابرا نەخۆشەکە چه‌ند رێكه‌وتنێكى نهێنیان به‌ستبوو. سه‌ره‌تا له‌ نیسانى ساڵى ١٩١٦دا په‌یمانێكى نهێنى به‌ناوى په‌یمانى سۆزانۆڤ/بالیولۆچ له‌ نێوان روسیاى تزارى و فەڕەنسا‌دا به‌سترا، پاشانیش له‌ ئایارى هه‌مان ساڵدا په‌یمانێكى تر له‌ نێوان به‌ریتانیا و فەڕەنسا‌ و به‌ئاگادارى روسیا، بەناوی په‌یمانى سایكس/پیكۆ به‌سترا، كه‌ بەپێی په‌یمانى دوواییان به‌شى هه‌ریه‌ك له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ له‌ میراتییه‌كانى ده‌وڵه‌تى عوسمانى ده‌ستنیشان كرا(٤).

جه‌نگى جیهانى یه‌كه‌م به‌ تێکشكانى ده‌وڵه‌تانى میحوه‌ر كۆتایى هات و ئیمپراتۆریه‌تى عوسمانى له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شا. بەپێی رێكه‌وتنى ئاگربه‌ست ده‌وڵه‌تانى هاوپه‌یمان بۆیان هه‌بوو هه‌ر ناوچه‌یه‌ك كه‌ مه‌ترسى ده‌خاته‌ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان، داگیرى بكه‌ن. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌یه‌ ده‌وڵه‌ته‌ ئیمپریالیسته‌كان و له‌پێش هەمووشیانه‌وه‌ به‌ریتانیا و فەڕەنسا‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بۆ به‌شینه‌وه‌ى میراتییه‌كانى ئیمپراتۆریه‌تى عوسمانى، ده‌ستكراوه ‌بوون. به‌ریتانیا بەپێی رێكه‌وتنه‌ نهێنیه‌كه‌ى خۆى له‌گه‌ڵ فەڕەنسا‌دا ولایه‌ته‌كانى به‌غدا و به‌سره‌ى به‌رده‌كه‌وت و پاشانیش بەپێی رێكه‌وتنه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ى لوید جۆرج و كیلمانسۆ، به‌ریتانیا ژیرانه‌ له‌ گه‌مه‌یه‌كى دیبلۆماسیدا ولایه‌تى موسڵیشى خسته‌ ناو سنورى مانداته‌كه‌ى خۆیه‌وه‌(٥).

جه‌نگى جیهانى یه‌كه‌م ته‌واو ببوو، به‌ڵام هێشتا كوردستانى باشور كه‌ ولایه‌تى موسڵ به‌شى هه‌ره‌زۆرى خاكه‌كه‌ى ده‌گرته‌وه‌، له ‌ده‌ره‌وه‌ى چوارچێوه‌ى داگیركردنى سوپای به‌ریتانیادا بوو. ئه‌مه‌ لەکاتێکدا هه‌ر لەسەره‌تای جه‌نگدا و له ١٩١٤/١١/٥دا سوپاى به‌ریتانى شارى به‌سره‌ى گرتبوو، پاش ساڵێك و له‌ ١٩١٥/٦/٣دا عه‌ماره‌ و له‌ ٢٥ى ته‌مموزى هه‌مان ساڵدا ناسریه‌شى گرت. دواجار له‌ ١٩١٧/٣/١١دا به‌غداى گرت و له‌شكرى عوسمانى تا شارى موسڵ پاشه‌كشه‌ى كرد(٦).

به‌ ته‌واوبوونى جه‌نگ هێزه‌ سوپاییه‌كانى ئیستعمارى به‌ریتانى گه‌یشتبوونه‌ سنوره‌كانى كوردستانی باشور و ناوچه‌ى شرگاتى نزیك موسڵ. به‌ریتانیا بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت به‌ڕه‌نگارى پاشماوه‌كانى سوپاى عوسمانى ببێته‌وه‌ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى له‌ ناوچه‌ى ستراتیژى كوردستانى باشوردا بپارێزێت و مسۆگه‌ر بكات، سه‌ره‌تا ناچار بوو دان به‌ حاكمییه‌تى شێخ مه‌حموددا بنێت كه‌ پێشتر عوسمانییه‌كان به‌ حاكمى سلێمانییان دانا بوو.

به‌ریتانیا له‌ سۆنگه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ستراتیژى و ئابوورییه‌كانیه‌وه‌ ده‌مێك بوو تەماحی گرتنى ولایه‌تى موسڵی هەبوو. كاتێكیش كه‌ عوسمانییه‌كان له‌ ساڵى ١٩١٩دا به‌ یه‌كجارى ولایه‌ته‌كه‌یان چۆڵ كرد، به‌ریتانیا بێ سێ و دوو داگیری كرد.

به‌پێى په‌یمانى سان ریمۆ و پاش ئه‌وه‌ى كه‌ جه‌نگ پروزه‌ى له ‌ده‌وڵه‌ته‌ ئیمپریالیسته‌كان بڕیبوو، ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ به‌مه‌به‌ستى سوك كردن و ئاسانكردنى داگیركردن و به‌پاشكۆكردنى ناوچه‌كانى ژێر ده‌ستیان و خه‌فه‌كردنى هه‌ستى ناسیونالیستى عه‌ره‌بى، بڕیاریاندا چه‌ند ده‌وڵه‌تێكى عه‌ره‌بى وه‌كو عێراق و سوریا و ئوردون و لوبنان و سعودیه ‌و.. هتد، دابمه‌زرێنن. پێشتر به‌ریتانیا به‌پێى رێكه‌وتننامه‌ى مه‌كماهۆن/حسێن، په‌یمانى به ‌عه‌ره‌به‌كان دابوو ده‌وڵه‌تێكى عه‌ره‌بى دابمه‌زرێنن كه ‌سوریاى سروشتى و عێراقى عه‌ره‌بى (بێ كوردستانى باشور) و حیجاز، به‌ سه‌ركردایه‌تى حسێنی شه‌ریفى مه‌كه‌ بگرێته‌وه ‌و نه‌خشه‌ى ده‌وڵه‌ته‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ش كوردستانى باشورى نه‌ده‌گرته‌وه‌(٧). له‌ هه‌مان كاتدا به‌ریتانیا به‌ رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته‌ هاوپەیمانەکان له‌ ١٩٢٠/٨/١٠دا و له‌ چوارچێوه‌ى په‌یمانى سیڤه‌ردا، مافه‌كانى كورد و ئه‌رمه‌نیان سه‌لماند و په‌یمانى ئه‌وه‌یان دا كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ماوه‌ى ساڵێكدا كورده‌كان نیازى جیابوونه‌وه ‌و دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆیان هه‌بێت، ده‌بێت توركیا بێ قه‌یدوشه‌رت به‌و داوایه‌ قایل بێت(٨).

هه‌ڵگیرسانی راپه‌رینى بیست له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانى ئێستاى عێراقدا دژى به‌ریتانیا و ئه‌و زیانانه‌ى له‌ ئه‌نجامى ئه‌و شۆڕشه‌دا به‌ر به‌ریتانیا كه‌وتن و ئه‌و ئه‌ركه‌ دژوارانه‌ى كه‌ پاش ته‌واوبوونى جه‌نگ رووبه‌ڕووى سه‌رجه‌م ده‌وڵه‌ته‌ ئیمپریالیسته‌ ماندووه‌كان و له‌ پێش هەمووشیانه‌وه‌ به‌ریتانیا ببۆوه‌، هەموو ئه‌وانه‌ وایانكرد له‌ چۆنێتى ئیستعماركردنى عێراق و كوردستانى باشوردا، به‌ریتانیا چاو به ‌نه‌خشه‌كانى خۆیدا بگێڕێته‌وه‌ و په‌له‌ له‌ پێكێهنانى قه‌واره‌یه‌كى سیاسى بۆ ولایه‌ته‌ جیاجیاكانى سه‌ر خاكى عێراقى ئێستا بكاته‌وه‌.
دواى ئه‌و راپه‌رینه‌، به‌ریتانیا راسته‌وخۆ بڕیارى له‌كارخستنى حاكمى پادشایه‌تى به‌ریتانى ئارنۆڵد ویڵسن و دانانى پێرسى كۆكسى له‌ شوێنى ئه‌و، دا. پاشان له‌ ١٩٢٠/٦/١٧دا حكومه‌تى خاوه‌ن شكۆى به‌ریتانى له‌ به‌یاننامه‌یه‌كیدا بڕیارى دامه‌زرانى حكومه‌تێكى عه‌ره‌بى ده‌ركرد بەناوی حكومه‌تى عێراقه‌وه‌ و داوا له ‌پێرسى كۆكس كرا ئه‌ركى جێبه‌جێكردنى ئه‌و بڕیاره‌ له ‌ئه‌ستۆ بگرێت.

به‌شێوه‌یه‌كى ره‌سمیش له‌ ١٩٢١/٧/٢١دا به‌پێى بڕیاره‌كانى كۆنگره‌ى قاهیره‌، فه‌یسه‌ڵ به‌ یه‌كه‌مین شاى عێراق دانرا(٩).

سێیەم: داگیرکردن و لكاندنى زۆره‌ملێیانه‌ى كوردستانى باشور به‌ عێراقه‌وه‌
لەمەڕ داگیرکردنی كوردستانى باشور، به‌ریتانیا شێوازێكى دیاریكراوى نه‌بوو. تا ئه‌و ده‌مه‌ش كه‌ ده‌وڵه‌تى عێراق دامه‌زرا، كوردستانى باشور هه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ى چوارچێوه‌ى ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ تازه‌پێكهێنراوه‌دا مایه‌وه‌.

له‌ مایسى ساڵى ١٩٢١دا و لەژێر چاودێرى چه‌رچڵى وه‌زیرى موسته‌عمه‌راتى به‌ریتانیادا، كۆنگره‌ى قاهیره‌ به‌سترا. ده‌رباره‌ى عێراق چوار باسى سه‌ره‌كى كرانه‌ ته‌وه‌ر، ئه‌وانیش:
1. كه‌مكردنه‌وه‌ى خه‌رجى به‌ریتانیاى گه‌وره‌ له‌ عێراق.
2. باسى ئه‌و كه‌سانه‌ى خۆیان بۆ ته‌ختى پاشایه‌تى عێراق پاڵاوتبوو.
3. مه‌سه‌له‌ى كورد.
4. له‌شكرى داهاتوى عێراق(١٠).
سه‌باره‌ت به‌كوردستانى باشور، كۆنگره‌ دوو ئه‌لته‌رناتیڤى خسته‌ڕو، كه‌ بریتى بوون له‌:
1. ناوچه‌ كوردییه‌كان به‌شێك بن له‌عێراق.
2. هان بدرێن بۆ سه‌ربه‌خۆیى(١١).
به‌ڵام تاى ته‌رازو به‌لاى یه‌كه‌میاندا لار بوو.

كورد ئه‌گه‌رچى كه‌م تا زۆر له‌ پیلانى ئیمپریالیستیانه‌ى به‌ریتانیا بێخه‌به‌ر بوو، به‌ڵام رازى نه‌بوو مل بدات بۆ بارى ژێرده‌سته‌یى ئینگلیز و داگیركردنى وڵاته‌كه‌ى. ئه‌نجامى ریفراندۆمه‌كه‌ى كوردستانى باشور بۆ هه‌ڵبژاردنى مه‌لیك فه‌یسه‌ڵ، خۆى له‌ خۆیدا ره‌تكردنه‌وه‌ى بێ چه‌ندوچۆنى سیاسه‌ته‌كانى به‌ریتانیا بوو له‌ كوردستاندا. له‌و ریفراندۆمه‌دا به‌شى هه‌ره‌ زۆرى لیواى كه‌ركوك كه‌ ئه‌و ده‌مه‌ به‌شێكى گه‌وره‌ى لیواى هه‌ولێریشى له‌سه‌ر بوو، دژى مه‌لیك فه‌یسه‌ڵ ده‌نگیان دا. لیواى موسڵیش ئه‌وه‌یان كرده‌ مه‌رجى قایلبوون كه‌ مافى كه‌مایه‌تییه‌كان بۆ دامه‌زراندنى ئه‌و ئیداره‌یه‌ى كه‌ ده‌بوا له‌ ناوچه‌كانى ولایه‌تى موسڵدا پێك بهێنرێت، مسۆگه‌ر بكرێت. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا لیواى سلێمانى هه‌ر له ‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ به‌شدارى ده‌نگدانیان نه‌كرد(١٣).

به‌رگریكردنى كورد دژ به‌ ئینگلیز تا ده‌هات له‌ په‌ره‌سه‌ندندا بوو. به‌ریتانیا تواناى ئه‌وه‌ى نه‌ما بوو به‌ هێزى گه‌وره‌ په‌لامارى كورد بدات، بۆیه‌ له‌ تاكتیكێكى ژیرانه‌دا و بۆ كپكردنى ده‌نگى ناڕه‌زایه‌تى كورد و خوڵقانى كه‌شوهه‌وایه‌كى هێمن بۆ مه‌یسه‌ربوونى پیلانه‌كانی له‌ كوردستانى باشوردا، له‌ ساڵى ١٩٢٢دا بڕیارى هێنانه‌وه‌ى شێخ مه‌حمودى له‌ هندستانه‌وه‌ بۆ كوردستان دا. شێخ مه‌حمود كه‌ له‌ ساڵى ١٩١٨ بۆ ماوه‌ى ١٥٥ رۆژ حوكمدارێتى به‌شێكى كوردستانى باشورى ده‌كرد، پاش هێرشى سوپایى به‌ریتانى بۆ گرتنى شارى سلێمانى و به‌رگریكردنی كورد له‌و شاره‌، له‌ شەڕى ده‌ربه‌ندى بازیاندا به‌ بریندارى دەستبەسەركرا و بۆ هندستان نه‌فى كرا.

دامه‌زراندنه‌وه‌ى دووەمینجاری حكومه‌تى كوردستان له‌ ١٩٢٢/٩/٣٠دا، به‌ پله‌ى یه‌كه‌م بۆ به‌رقه‌رابوونى هێمنی و ئاسایش و نه‌هێشتنى ده‌سه‌ڵاتى توركه‌كان بوو له‌ كوردستانى باشوردا، بۆ ئه‌وه‌ى گه‌ر بڕیارى ریفراندۆمێكى گشتى سه‌باره‌ت به‌ چاره‌نوسى ولایه‌تى موسڵ درا، به‌ریتانیا ده‌نگى كورد به‌ لاى خۆیدا مسۆگه‌ر بكات. بۆیه‌ بۆ پشتگیرى كردن و جێگیربوونى حكومه‌تى كوردستان، هه‌ردوو حكومه‌تى عێراقى و به‌ریتانى له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا به‌شێوه‌یه‌كى ره‌سمى دانیان به‌ حكومه‌ته‌كه‌ى شێخ مه‌حمودا، نا(١٤).

به‌ڵام ئه‌وه‌ى نكۆڵى لێ ناكرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئیداره‌ى ئیستعمارى به‌ریتانى هه‌ر لەسەره‌تاوه‌ و بەتایبەتیش لەسەر ده‌ستى ئارنۆڵد ویڵسن، كارى بۆ پێكه‌وه‌نانى ئیداره‌یه‌كى عه‌ره‌بى كردووه‌ له‌ عێراقدا كه‌ جگه‌ له‌ هه‌ردوو ولایه‌تى به‌سره‌ و به‌غدا، ولایه‌تى موسڵیش بگرێته‌وه ‌و راسته‌وخۆ له‌ژێر سه‌رپه‌رشتى به‌ریتانیا خۆیدا بێت، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌و هەموو گفت و به‌ڵێنانه‌ى كه‌ به‌پێى كۆنگره‌ى ئاشتى له‌ پاریس و په‌یماننامه‌ى سیڤه‌ر سه‌باره‌ت به ‌مافەکانی كورد، قسه‌ى لێ كرابوو.
"ئه‌دمۆندس، كه‌ ئه‌فسه‌رى پێوه‌ندى بوو له‌و كۆمیته‌یه‌دا كه‌ كۆمه‌ڵەى گەلان بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كێشه‌ى موسڵ له‌ ساڵى ١٩٢٥دا پێكیان هێنابوو، ده‌ڵێت: هیچ كامێكمان گومان داینه‌گرتین كه‌ ئێمه‌ ئێستا له‌ شەڕى مان و نه‌مان داین به‌نسبه‌ت عێراقه‌وه‌، چونكه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌، له‌به‌ر هه‌ندێ هۆى ئابوورى و ستراتیژى، به‌سره‌ و به‌غدا ناتوانن بێ موسڵ (ئەڵبەتە مەبەستی ولایەتی موسڵە)، ده‌وڵه‌تێكى ماقوڵ پێك بێنن.(١٥)"

له‌و سۆنگه‌یه‌ى كه‌ نه‌ده‌كرا به‌ریتانیا واز له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابوورى و ستراتیژییه‌كانى خۆى له‌و به‌شه‌ گرنگه‌ى عێراقى ئێستا، واته‌ كوردستانى باشور بهێنێت، بۆیه‌ سه‌ره‌راى هەموو ئه‌و سیاسه‌ته‌ فریوده‌رانه‌یه‌ى به‌رامبه‌ر كوردستان و گه‌له‌كه‌ى نواندى، له‌ ساڵى ١٩٢٣دا سیاسه‌ته‌كانى خۆى ئاشكراتر كرد و به‌پێى ئه‌و رێكه‌وتنه‌ى له‌گه‌ڵ توركیاى كه‌مالیستدا له‌ میانه‌ى په‌یماننامه‌ى لۆزاندا ئه‌نجامى دا، به‌رامبه‌ر به‌ رازى بوونى توركیا بۆ سپاردنى كێشه‌ى موسڵ به‌ كۆمه‌ڵه‌ى گه‌لان، به‌ریتانیاش هەموو به‌نده‌كانى په‌یماننامه‌ى سیڤه‌رى تایبه‌ت به‌ كورد و كوردستانی ره‌ت كرده‌وه‌ و ئینكارى لێكردن.

ئیتر ئه‌و كاته‌ش كه‌ ئیستعمارى به‌ریتانى رازى بوونى توركیاى كه‌مالیستى سه‌باره‌ت به‌ سپاردنى كێشه‌ى موسڵى به‌ كۆمه‌ڵه‌ى گەلان و ره‌وینه‌وه‌ى مه‌ترسى توركیاشى له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى له‌ عێراق و كوردستاندا به‌شێوه‌یه‌كى عه‌مه‌لى مسۆگه‌ر كرد و له‌ هه‌مان كاتیشدا به‌كرێگیراوى و گوێرایه‌ڵى مه‌لیك فه‌یسه‌ڵ و حكومه‌ته‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ى به‌غداو ئاماده‌بوونیان بۆ پاسه‌وانیكردنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نه‌وتى و ستراتیژییه‌كانى به‌ریتانیا مسۆگەر كرد و گومانیشى له‌وه‌دا نه‌ما كه‌ كوردستانى باشورى (سه‌ربه‌خۆ) به‌كه‌ڵكى پاسه‌وانى و پاراستنى ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ نایه‌ت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ بوونى كوردستانى سه‌ربه‌خۆ كه‌مالیسته‌كان و ئێرانی سەردەمی ره‌زاخانى سەر بە به‌ریتانیای له‌ وڵاتى فارسدا نیگه‌ران ده‌كرد و ناسیونالیسته‌ ده‌مارگیره‌كانى عه‌ره‌بی بێزار ده‌كرد، پاش ئه‌وه‌ش كه‌ به‌ریتانیا دڵنیا بوو له‌وه‌ى كه‌ "ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆى كوردى" كرێگرته‌یى به‌ریتانیا ناكات و پاش ئه‌و ساتوسه‌ودا نێوده‌وڵه‌تییه‌ى سه‌باره‌ت به‌ ره‌تكردنه‌وه‌ى په‌یمانى سیڤه‌ر و گۆڕینى به‌ په‌یمانى لۆزان كرا، ئیتر ئه‌و ده‌مه‌ بۆ دواجار به‌ریتانیا پشتى كرده‌ سه‌لماندنى مافه‌كانى گه‌لى كورد(١٦).

دوابه‌دواى په‌یمانى لۆزان و رامكردنى كه‌مالیسته‌كان، له‌ ساڵى ١٩٢٤دا هه‌ردوو حكومه‌تى به‌ریتانیا و عێراق له‌ دانپێدانانه‌كه‌یان بۆ حكومه‌تى كوردستان پاشگه‌زبوونه‌وه‌ و بۆ روخان و له‌به‌ینبردنى هێزى سوپاى به‌ریتانیا هه‌ڵیكوتایه‌ سه‌ر كوردستان و به‌ هێزى چه‌ك و سه‌ره‌نێزه‌ى سوپاى به‌ریتانى و به‌ زۆره‌ملى و دوور له‌ خواستى خه‌ڵكى كورد له‌ كوردستاندا، كوردستانى باشور هێدى هێدى لكێنرا به‌ عێراقى ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بیه‌ داتاشراو و ده‌ستنێژه‌كه‌ى ئینگلیزه‌وه‌ و هه‌ر به‌ پیلانی به‌ریتانیا له ‌رۆژى ١٩٢٥/١٢/١٦دا كۆمه‌ڵه‌ى گه‌لان به ‌ره‌سمى ولایه‌تى موسڵ كه‌ به‌شى هه‌ره‌گه‌وره‌ى كوردستانى باشورى ده‌گرته‌وه(١٧)،‌ به‌ عێراقه‌وه‌ لكاند و له‌و رۆژگاره‌شه‌وه‌ ده‌وڵه‌تى ئێستاى عێراق به‌م قه‌واره‌یه‌ى ئێستایه‌وه‌ په‌یدا بوو.

لێره‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌م ئه‌نجامانه‌ى خواره‌وه:

1. ده‌وڵه‌تى عێراق، به‌م قه‌واره‌یه‌ى ئێستایه‌وه‌ ده‌وڵه‌تێكى تازه‌یه ‌و ته‌مه‌نى سەد ساڵى تێنه‌په‌راندووه‌. عێراق نه‌ له‌ كۆندا و ته‌نانه‌ت لە سەرده‌مى فه‌رمانڕه‌وایه‌تى عوسمانییه‌كانیشدا وه‌كو ولایه‌تێكى یه‌كگرتوو به‌م قه‌واره‌یه‌ى ئێستایه‌وه‌ بوونى نه‌بووه‌. عێراق وه‌كو ده‌وڵه‌ت ده‌ستكردى ئیمپریالیزمى به‌ریتانییه ‌و له‌ دیدى به‌ژه‌وه‌ندییه‌ ئابوورى و ستراتیژییه‌كانى به‌ریتانیا و بەتایبەتیش بەهۆی بوونى سه‌رچاوه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانى نه‌وت له‌ كوردستانى باشوردا پێكهات.
2. پێش دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت و حكومه‌تى عه‌ره‌بى عێراق، كورد له‌م پارچه‌یه‌ى كوردستاندا سه‌ره‌تا وه‌كو دوو ولایه‌ت و پاشان وه‌كو ولایه‌تێك شانبه‌شانى هەموو ولایه‌ته‌كانى ده‌وڵه‌تى عوسمانى و له‌وانه‌ش ولایه‌ته‌كانى به‌غدا و به‌سره‌ هه‌بووه‌. پێش ئه‌وه‌ى عێراق ببێته‌ حكومه‌ت، كوردستانى باشور له‌ ١٩١٨دا حكومه‌ت بووه‌، به‌وپێیه‌ كوردستان سێ ساڵ پێش دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى عێراق، بۆ خۆى قه‌واره‌یه‌كى سیاسى بووه‌.
3. کوردستان له‌ میانه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى وڵاته‌ ئیمپریالیسته‌كانى جیهان و به‌تایبه‌تیش ئیمپریالیزمى به‌ریتانیدا كرایه‌ قوربانى و وه‌كو قه‌واره‌یه‌كى له‌بیركراو حسابى بۆ كرا. ئه‌گینا به‌پێى هەموو رێكه‌وتن و په‌یماننامه‌كانى دواى جه‌نگ ده‌بوا كوردستانیش وه‌كو قه‌واره‌یه‌كى جیا و نه‌ته‌وه‌ى كوردیش وه‌كو سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌ سه‌رده‌سته‌كانى ئێستاى حسابى بۆ بكرایه‌. راپه‌رینه‌ چه‌كدارى و شەڕه‌كانى به‌رگریكردن له‌ كوردستان لە نیوەی یەکەمی سەدەی پێشودا، هەموو ئه‌وانه‌ خواستى كورد بۆ سه‌ربه‌خۆیى و ره‌تكردنه‌وه‌ى داگیركارى ده‌رده‌خه‌ن.
4. كوردستان به‌ زه‌برى چه‌ك و هێزى سوپا داگیركراوه‌. نەک هەر ئەمە، بەپێچەوانەی هەموو کۆڵۆنییەکانی دنیاوە، کوردستان مافی کۆڵۆنیشی پێ ڕەوا نەبینرا و هێزە ئیمپریالیستەکان به‌ زۆرى زۆرداره‌كى و دوور له‌ خواستى گه‌لى كورد، كوردستانیان بە دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستانەوە لكاند‌. کە ئەمەش دوو جار کارەسات بوو؛ جارێکیان خاکەکەیان داگیر و دابەش کرد، جاری دووەمیش مافیان دایە داگیرکەران گەلی کورد لە ناو خۆیاندا بتوێننەوە، خۆ ئەگەر نەکرا قڕی بکەن. ده‌وڵه‌تانی تازە پێکهاتوی تورکیا، عێراق، ئێران و سوریا هه‌ر لەسەره‌تاوه‌ وه‌كو ده‌وڵه‌تانی نەتەوەی سەردەست هاتونەته‌ كایه‌وه ‌و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك خواسته‌كانى گه‌لى كوردیان لە سەربه‌خۆیى و ژیانى ئاسایى وه‌كو گه‌لانى ناوچه‌كه ‌و جیهان بۆ فه‌راهه‌م نه‌كردووه‌.

سەرچاوە و پەراوێزەکان:
1.بۆ زۆرتر زانیارى بڕوانه‌: محمد امین زكى، كورد و كوردستان، جلد١، به‌غدا، چاپخانه‌ى دار السلام، 1931.
2.فه‌تاحى قازى، كورد له ‌ئینسكلۆپیدیاى ئیسلامدا، وه‌رگێڕانى حه‌مه‌كه‌ریم عارف، (ده‌ستخه‌ت).
3.اڵاتحاد الوطنی الكردستانی، اغد دیمقراطی آم حرمان شعب حتى من حق الحلم؟ من منشورات اڵاتحاد الوطنی الكردستانی، ل31.
4.كمال مظهر احمد (الدكتور): بعض قضایا الشرق اڵاوسط، بغداد.
5.بۆ زۆرتر زانیارى برِوانه‌: فاضل حسین (الدكتور)، مشكله‌ الموصل، بغداد مطبعه‌ الرابطه‌، 1955.
6.اڵاتحاد الوطنی الكردستانی، هه‌مان سه‌رچاوه‌ى پێشوو.
7.هه‌مان سه‌رچاوه‌. ل33.
8.بۆ ده‌قى هه‌رسێ به‌ندى په‌یماننامه‌كه‌ كه ‌پێوه‌ندییان به‌ كورده‌وه‌ هه‌یه‌، برِوانه‌: ولیم ایغلتن اڵابن، جمهوریه‌ مهاباد 1946 الكردیه‌، ترجمه‌ جرجیس فتح الله، بیروت، دار الطلیعه‌، 1972، ل30. هه‌روه‌ها: منذر الموصلی، عرب و اكراد، دمشق، دارالعلم، 1991، ل68.
9.كمال مظهر احمد (الدكتور): دور الشعب الكردی فی ثوره‌ العشرین العراقیه‌، بغداد، مطبعه‌ الحوادث، 1978.
10. بۆ زۆرتر زانیارى برِوانه‌: كه‌مال مه‌زهه‌ر ئه‌حمه‌د (دكتۆر)، چه‌ند لاپه‌رِه‌یه‌ك له‌ مێژووى گه‌لى كورد، به‌شى یه‌كه‌م، چاپخانه‌ى ئه‌دیبى به‌غدادى، بغداد، 1985، ل116.
11.اڵاتحاد الوطنی الكردستانی، هه‌مان سه‌رچاوه‌ى پێشوو. ل356.
12.هه‌مان سه‌رچاوه‌.
13.هه‌مان سه‌رچاوه‌.
14.چیا: ئەمنی ستراتیجی عێراق و سێ کوچکەی بەعسی یان: تەرحیل، تەعریب، تەبعیس، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای ناوەندی ڕۆشنبیری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، 1987.
15.الجمهوریه‌ العراقیه‌، وزاره‌ التخطیط، المجموعه‌ اڵاحضائیه‌ السنویه‌ لسنه‌ 1990، بغداد.
16.اڵاتحاد الوطنی الكردستانی ، هه‌مان سه‌رچاوه‌ى پێشوو. ل361.
17.بۆ زۆرتر زانیارى برِوانه‌: فاضل حسین (الدكتور)، هه‌مان سه‌رچاوه‌ى پێشوو.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand