Draw Media

کورد لە كوێی ئەجێندای ئەمریكادایە

کورد لە كوێی ئەجێندای ئەمریكادایە

2020-03-02 11:45:09


کۆکردنەوەو و ئامادەکردنی: چیا عەباس


لەم بەشە دەرباری ئەمریکا و کورد تا ساتی دەستبەکاربونی ترەمپ وەک سەرۆک کۆمار دەخەمە بەرچاوی خوێنەرانی بەرێز.
لە دوا بەشدا باسی ئیدارەی ترەمپ و کورد و هاوکاتیش ئەمریکا و بزوتنەوەی گۆڕان دەکەم.

پێشه‌کیه‌ک
له‌ سه‌ر په‌یوه‌ندی ئه‌مریکا و کوردی باشور زۆر نوسین و توێژینه‌وه کراوه‌، ده‌یان پسپۆر و شاره‌زا به‌ درێژایی مێژو چاودێریان کردوه‌ و وڵاتانی ناوچه‌که‌ و په‌یوه‌ندار له‌ هاوکێشه‌ سیاسیه‌کانیاندا حسابیان بۆ کردوه‌ و مامه‌ڵه‌ی هه‌مه‌ جۆریان له‌ گه‌ڵدا کردوه. ئه‌م نوسینه هه‌وڵێکه‌ بۆ تیشک خستنه‌ سه‌ر به‌شێک له‌‌و په‌یوه‌ندیانه‌ و به‌لایه‌نی که‌مه‌وه‌ کۆکردنه‌وه‌ی راستیه‌کان و گرێدانیان‌ به‌یه‌که‌وه‌ تا خوێنه‌ری به‌رێز هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆی بۆ بکات.
هینری کیسینجه‌ر خاوه‌نی قسه‌یه‌که‌ پاش نزیکه‌ی نیو سه‌ده‌ له‌ وتنی هێشتا سه‌داکه‌ی له‌ دنیای سیاسه‌تدا ده‌زر‌نگێته‌وه‌‌: " ئه‌وه‌ی دوژمنی ئه‌مریکایه‌ به‌رده‌وام  له‌ به‌رده‌م مه‌ترسی شه‌ر و نه‌ماندایه‌ و ئه‌وه‌شی دۆستمانه‌ هه‌مو ساتێک تا لێواری گۆری ده‌به‌ین". دۆستایه‌تی كردن ونزیكیوونه‌وه‌ له‌ ئه‌مریكا كارێكی قورسه،‌
ئه‌م وته‌ به‌نرخه‌ی كیسنجه‌ر قسه‌ی سه‌رده‌می شه‌ری سارده، ئێستا ئه‌مریكا بەهێزترین دەوڵەتی دنیایە‌ و له‌ زۆر روه‌وه‌ ده‌ستی زۆر واڵا تر و جه‌زره‌به‌رتره‌ له‌و سەردەمەی كیسنجه‌ر، لە گەڵ ئەوەشدا هەمان رەفتار پێرەو دەکات‌.
ئه‌وه‌ی له‌نزیكه‌وه‌ له‌ ئه‌مریكا وردبوبێته‌وه‌ تێده‌گا كه‌ ئه‌و وڵاته‌ ئۆقیانوسێكه‌ له‌ هێز و ده‌ریاكه‌ له‌ گومان و روبارێكه‌ له‌ فرت وفێل وجۆگه‌له‌یه‌كه‌ له‌ متمانه‌ ودڵۆپێكه‌ له‌ وه‌فایی.

ئه‌مریکا و کورد
Noam Chomsky  ده‌ڵێت: له‌ مێژوی نزیکدا ده‌رده‌که‌وێت ئه‌مریکا چی به‌ کورد کردوه‌، بۆ نمونه‌ له‌ ساڵی 1975 پشت لێکردنی‌ کیسینجه‌ر له‌ کورد به‌ قازانجی سه‌دام، ده‌ ساڵ دواتر پشتگیری ئیداره‌ی رۆنالد رێگن له‌ سه‌دام که‌ کوردی له‌ ناوده‌برد، پشتکردن له‌ راپه‌رینی خه‌ڵکی کوردستان له‌ 1991 و چاونوقاندن له‌ سه‌رکوتکردنی له‌ لایه‌ن سه‌دامه‌وه‌ و پشتگیری بێئه‌ندازه‌ی کلینتۆن له‌ تورکیا له‌ نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی پێشو که‌ شه‌رێکی خه‌ستی دژ به‌کورد به‌رپا کردبو. 
Joost Hilterman له‌ کتێبه‌که‌یa Poisonous affair America Iraq and the gassing of Halabja په‌نجه‌ راده‌کێشیت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ به‌‌کارهێنانی چه‌کی کیمیاوی و ئه‌نفال به‌ئاگابوه‌ و بێده‌نگیش بوه‌ لێیان و سزاکانی بۆ رژێمی سه‌دام بێ بایه‌خ و به‌ها بون.  
له‌ سه‌ردێکی په‌له‌ی ئه‌و مێژوه‌دا ده‌رده‌که‌وێت که‌ ئه‌مریکا له‌ شکست و نه‌هامه‌تیه‌ گه‌وره‌کانی کوردا ئاماده‌بونێکی به‌رچاوی هه‌بوه‌. 
بابزانین یه‌کێک له‌ سه‌رکرده‌ ناوداره‌کانی کورد، به‌رێز تاڵه‌بانی، چۆن په‌یوه‌ندی ئه‌مریکا و کورد هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت. له‌ چاوپێکه‌وتنێکیPublic Broedcasting Services - PBS له‌ ساڵی 2000 دا به‌رێزی ده‌ڵێت:
" من وه‌ک خه‌ڵکی تر نیم، لۆمه‌ی‌ ئه‌مریکا ناکه‌م که‌ خیانه‌تی له‌ کورد کردوه‌، ئه‌مریکا نه‌یوتوه‌ ئێمه‌ یارمه‌تیتان ده‌ده‌ین تا‌ ده‌وڵه‌تی خۆتان هه‌بێت، ئێمه‌ ده‌بێت لۆمه‌ی‌ خۆمان بکه‌ین بۆچی له‌ لایه‌ن شای ئێرانه‌وه‌ فێڵمان لێکرا، ئه‌وه‌ به‌رپرسیاریه‌تی ئێمه‌یه‌ نه‌ک ئه‌مریکا. بێگومان سه‌باره‌ت به‌ به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌مریکا ده‌توانین به‌شێوه‌یه‌کی تر گله‌ییان لێ بکه‌ین". له‌ درێژه‌ی چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا ده‌ڵێت: " ئه‌مریکا پارێزه‌ری کورد نیه‌، ده‌وڵه‌تێکی گه‌وره‌یه‌ سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی خۆی هه‌یه‌، ده‌بێت ئێمه‌ له‌ جیاوازیه‌کانی نێوانمان تێبگه‌ین و پێگه‌ و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆمان بزانین". له‌ سه‌ر چۆنیه‌تی په‌یوه‌ندی له‌ گه‌ڵ ئه‌مریکادا به‌رێزی ده‌ڵێت: " ته‌نها په‌یوه‌ندیکردن به‌رێگه‌ی  CIA ه‌وه‌ کارێکی ئاقڵانه‌ نیه‌، ده‌بێت ئێمه‌ په‌یوه‌ندی ئاشکرا و داخراویشمان هه‌بێت، ده‌بێت دۆ‌ستمان له‌ کۆنگرێس و سینات و دنیای میدیا له‌ ئه‌مریکا هه‌بێ، ئه‌مانه‌ ئێمه‌ لێی به‌رپرسیارین. ده‌بێت پشتئه‌ستور بین به‌ خۆمان. ناشێت چاوه‌روان بین ئه‌مریکا کوره‌کانی خۆی‌ بنێرێت تا‌ شه‌ر بۆ ئێمه‌ بکه‌ن، چاوه‌روانین له‌ ئه‌مریکا رێگری له‌ کاره‌کانمان نه‌کات و پشتگیری مه‌عنه‌وی و سیاسیمان بکات".
لەگەرمەی بایەخ و هاریکاری جدی و فراوانی نێودەوڵەتی لەمێژوی کورد و بزافەکەی و دانوستاندنی بەرەی کوردستانی لەگەڵ سەدام و هه‌روه‌هاش داواکردن لە هێزەکانی هاوپەیمان، کە بۆ گەرانەوەی کوردەکانی ئاوارەی کۆڕەوەکە وپاراستنیان هاتبون، کوردستان بەجێبهێڵن، ئا لەو دۆخەی دوای ڕاپەرین بەهرەیی وتوانای سیاسی سەرکردەکانی کورد لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورسدا بون. 
لەگەرمەی ئەو ڕوداوانه‌دا رۆژنامەگەری بەناوبانگی ئەمریکیWilliam Saffair لە رۆژنامەی Washington Post لە مانگی ئازاری ١٩٩١دا ستونێکی نووسی، زۆر بەوردی لە عەقڵیەتی سیاسی سەرکردەکانی کورد تێگەیشتبو، یەقینی هەبو کە بونی ئەو دو سەرکردەیە لە یەک کەشتی سیاسیدا کێشەی لێدەبێتەوە، بۆیە داوای له‌ کۆشکی سپی کردبو بانگهێشی هەر دو سەرکردەی کورد بۆ ئەمریکا بکات وداویان لێبکات بەهەماهەنگی لەم دۆخە تازەیەدا کاربکەن. سەفایر پێشنیازی کردبو مام جلال، نازناوی Mr. Outside ی پێبەخشیبو، خەریکی کاری دەرەوە بێت و مەسعود بارزانی، نازناوی Mr. Inside ی پێبەخشیبو خەریکی کاری ناوەوە بێت. بەداخەوە ئەمریکیەکان و ئەو دو بەرێزە گوێیان بۆ ئەو دۆستەی کورد شل نەکرد. دوای روخاندنی سەدام ئەمریکیەکان گوێرایەڵی ئەم بۆچونە بون وبەشێوەیەکی گونجاوتر لەدۆخی عێراقدا چەسپاندیان. 

ئه‌مریکا و شه‌ری ناوخۆ
بۆچونەکەی سەفایر دوای سێ ساڵ بوە ئەمری واقیع کاتێک له‌ مانگی مایسی 1994 شه‌ری ناوخۆ هه‌ڵگیرسا، سیاسه‌تی ئه‌مریکاش به‌رامبه‌ر به‌کورد توشی ئاڵۆزی و کێشه‌ بو: چۆن ئه‌مرکا یارمه‌تیان بدات و بیان پا‌رێزێت له‌ کاتێکدا یه‌کتر ده‌کوژن. له‌ کۆتایی مانگی یه‌کی 1995 بیڵ کڵنتۆن سه‌رۆکی ئه‌مریکا نامه‌یه‌کی بۆ تاڵه‌بانی و بارزانی نارد که‌ تێدا هوشیاری دابونێ: " ئه‌گه‌ر شه‌ر به‌رده‌وام بێت چی زیاتر له‌ گه‌ڵ وڵاتانی تر هاوکاری ناکه‌ین بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچه‌که‌ ".  ئه‌مریکا قورسایی خۆی بۆ راگرتنی شه‌ر خستبوه‌‌ گه‌ر و له‌ چه‌ند سیناریۆیه‌کدا بۆ ناوبژیکردن و وه‌ستانی شه‌ره‌که‌ کاری ده‌کرد ( کۆبونه‌وه‌کانی ئه‌نکه‌ره، ئیرله‌ندا، له‌نده‌ن و پاریس به‌ نمونه‌) و تا راده‌یه‌ک سه‌رکه‌وتو بو. له‌ مانگێ ئۆگۆستی 1996 کتوپڕ شه‌ر ده‌ستی پێکرده‌وه‌ و ئاراسته‌کانی سه‌رکه‌وتنی یه‌کێتی نیشان ده‌دا به‌کاریگه‌ری ئه‌و چه‌کانه‌ی له‌ ئێرانه‌وه‌ هێنابونی.             
بێ هیوا و رو له‌ شکستێکی گه‌وره‌ بارزانی په‌نای بۆ سه‌دام برد، ئه‌مریکا دوچاری دیلێمایه‌کی قورس بو: له‌ کاتێکدا ئه‌و خه‌ڵکه‌که‌‌ له‌ سه‌دام ده‌پارێزێت خۆیان با‌نگێشی سه‌دام ده‌که‌ن. ئه‌مریکا به‌ هاویشتنی کوێرانه‌ی چه‌ند موشه‌کێک بۆ‌ هه‌ندێ شوێنی باشوری عێراق وه‌لامی31 ئابی دایه‌وه‌. 
پاش ئه‌وه‌ی له‌ ئۆگۆستی 1998 نزیکبونه‌وه‌ و لێكتێگه‌یشتن نێوان پارتی و یه‌کێتی له‌ ئارادا بون، بارزانی و تاڵه‌بانی به‌جیا رویان له‌ واشنتۆن کرد. پاش دو رۆژ له‌ کۆبونه‌وه‌ و دانیشتنی به‌رپرسانی ئه‌مریکا به‌جیا له‌ گه‌ڵ هه‌ر دو سه‌رکرده‌ رێکه‌وتنێکیان ساز کرد. پاشان مادلێن ئۆلبرایت، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا، چه‌ند به‌ڵێنێکی گشتی سه‌باره‌ت به‌ پشتگیری ئه‌مریکا بۆ کوردی باشور راگه‌یاند، ئه‌ویش پابه‌ند به‌ یه‌کریزی کورد و شه‌رنه‌کردن. مادلێن ئۆلبرایت به‌ زمانێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ به‌ بارزانی و تاڵه‌بانی وت: " ئه‌مریکا بریار له‌ کات و چۆنیه‌تی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی کاره‌ مه‌ترسیداره‌کانی به‌غدا له‌ سه‌ر دراوسێکا‌نی و ئاسایشی ناوچه‌که‌ و به‌رژه‌وه‌ندیه زیندوه‌کانی ئه‌مریکا و له‌ سه‌ر خه‌ڵکی عێراق، به‌وانی باکوریشه‌وه‌، ده‌دات". 
سه‌رۆک بڵینتۆن له‌ 6 نۆڤه‌مبه‌ری 1998 و له‌ 19 مایسی 1999 دو نامه‌ی به‌هه‌مان ناوه‌رۆکی به‌ڵێنه‌کانی ئۆلبرایت بۆ کۆنگرێس نارد. وێرای ئه‌وه‌ی ئه‌م راگه‌یاندنانه‌ به‌ڵێنی توند و تۆکمه‌ی پاراستنی کو‌رد نه‌بون، وه‌لێ به‌ پێچه‌وانه‌ی کاره‌ ژێر به‌ژێره‌کانی ئه‌مریکا له‌ سه‌رده‌می نیکسۆن و کیسینجه‌ر به‌رامبه‌ر به‌ کورد بون، چونکه‌ ئاشکرا کران و نه‌ده‌کرا پشتگوێ بخرێن یا نکۆڵیان لێ بکرێت.


ڕێککەوتنامەی واشنتۆن وکۆدەکانی ئەمریکا بۆ قوناغی نوێی شەڕی سارد
لەئاکامی داوا و فشاری ئەمریکا هەر دوو کاپتنی کەشتی کورد بۆ واشنتۆن بەڕێکەوتن. بە سەرپەرشتی وچاودێری خاتو مادلین ئۆلبرایت، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە ساڵی 1998 ڕێککەوتنامەی واشنتۆن یان بە بەرێزان بارزانی وتالەبانی ئیمزاکرد. بەمەش خولێکی تری شەڕی گەرم ساردکرایەوە وقۆناغێکی نوێی شەڕی سارد دەستی پێکردەوە. ئەمجارە ئۆلبرایت کۆدەکانی ئەو شەڕەی بۆ هەر دوو سەرکردە دەستنیشان کرد: چاوبرکێ وشەڕ لەگەڵ سەدام وئێران قەدەغەیە، شەڕکردنی یەکتر قەدەغەیە، کاری یەکلایەنی وتاکڕەوانەو وبێ مۆڵەتی ئەمریکا قەدەغەیە وئیدارە وپارە وپول وداهاتیش دابەش کەن. بۆ یەکەمجار لە مێژوی کورد دا شەڕی خۆخۆری وشەڕی سارد و ئاشتی ناو ماڵی کورد لەلایەن زلهێزێکی دنیاوە چاودێری دەکرا. بە هەڵسەنگاندنی دەسەڵاتدارانی کورد
ئەمریکا لە عێراق وناوچەکە ئەوەندە پێویستی پێیان هەبو کە نازکردن وداواکاری و گەمەکانیان بەناچاریەوە قبوڵ دەکات، بە هەلێکی گونجاویان دەبینی تا لەسایەی دۆخی سیاسی ناوچەکە و ڕۆڵی ئەمریکادا درێژە بە گەمەکانیان بدەن وتا بۆیان بکرێت لەو کەش وهەوایەدا هەریەک بەجیا خۆی بەهێزبکات وئامادە بێت بەشی گەورەی کێکەکەی بەرکەوێت. 
لەم قۆناغەدا تەرەفی پارتی بۆ ئەمریکا وهاوپەیمانەکانی هێزێکی ناسراوتر و باوەر پێکراوتر بو لە یەکێتی، کە بە هێزێکی تێکەڵاو لە چەپرە و رادیکاڵ وپشتئەستور بە ئێران وسوریا دەیان ناسی.
لە راستیدا سەرانی یەکێتی لەم گەمە ژیرانەی سەرانی پارتی لەو قۆناغە تازەیەی شەڕی ساردی نێوانیان باش حاڵی نەبوبون: شەڕی ساردی ئەمجارەی پارتی شەڕی ئیستینزاف بو، پارتی په‌له‌ی نەبو بۆ هاوپەیمانیەتی ویەکلاییکردنەوەی ڕاستەوخۆی ناکۆکیەکان ورێکخستنەوەی پارسەنگی هێزی نێوانیان. ئەمریکا چاودێرێکی بەهێزی ئەو شەرە ساردە بو، ئاڵۆزی بەرژەوەندیەکانی وای لێکردبو لە گۆمی شەڕ و ململانێی کوردیدا ڕاو نەکات. 
لوتکەی دەسەڵاتی پارتی لەدوای کارەساتی 31 ئابەوە زۆر وردبینانە لەو کرۆکەی سیاسەتی ئەمریکا تێگەیشتبو، بێگومان بەتیشکی سەوزی ئەمریکا توانرا ڕوداوی31 ئاب ئەنجام بدرێت. دواتریش وڵاتانی ناوچه‌که‌ وهێزەکانی تری دنیاش هەوڵیان دا خۆیان لەم دۆخە تێهه‌ڵکێش بکەن، بەڵام ئیرادەی ئەمریکا و تورکیا رێگەی ئەم هەوڵانەیان بنبەست کرد. 
ئەم قۆناغەی شەڕی سارد بەردەوامبو تا ئەو کاتەی هەر دولا دڵنیا بون کە ئەمریکا جدیە لە لێدانی سەدام بەمەبەستی ڕوخاندنی. 

هه‌لێکی له‌بار..؟‌ 
له‌ 1 ئازاری 2003 په‌رڵه‌مانی تورکیا بریاری دا تورکیا به‌شداری ئۆپه‌راسیۆنی ئازادی عێراق نه‌‌کات، ئه‌م بریاره‌ هه‌لێکی بۆ هه‌رێمی کوردستان ره‌خساند تا په‌یوه‌ندیه‌کانی له‌ گه‌ڵ ئه‌مریکا به‌ ئاراسته‌یه‌کی‌ به‌رفراوانتردا به‌رێت. له‌ بری گواستنه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا به‌خاکی تورکیادا له‌ فرۆکه‌خانه‌ی‌ هه‌ریر دابه‌زین. له‌ یه‌که‌م هه‌نگاوی ئازادکردنی که‌رکوکدا ناکۆکیه‌کی گه‌وره‌ و توند له‌ نێو ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد به‌رپا بو، له‌ ئاکامدا له‌ ژێر هه‌ره‌شه‌ی جدی هێزه‌کانی ئه‌مریکا هێزی‌ پێشمه‌رگەی یەکێتی کە که‌رکوکی رزگار کرد‌ ناچار کرا بکشێته‌وه‌. ماوه‌یه‌ک دوای روخاندنی سه‌دام چه‌ند رۆژنامه‌یه‌کی‌ ئه‌مریکی به‌ زنجیره‌یه‌ک نوسین به‌ ناوی " بۆچی خیانه‌ت له‌ کو‌رد کرا"    Why the Kurds are betrayed به‌ به‌ڵگه‌و دۆکیۆمێنته‌وه‌ پرۆسه‌ی مامه‌ڵه‌کرنی ئەمریکا لە گەڵ کورد له‌ سه‌عاتی سفری په‌لاماردانی سه‌دامه‌وه‌ تا بریاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بۆ گه‌رانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ عێراقیه‌کان بڵاوکرده‌وه، به‌شێکی خه‌تاباری و گوناهه‌کان راشکاوانه‌ ‌له‌ ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردا بوه‌. 
کۆندۆلێز رایز، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ راوێژپێکراوی سه‌رۆک بوش بو بۆ ئاسایشی نیشتمانی، ده‌ڵێت: کورد بۆ ئه‌وه‌نده‌ بۆڵه‌بۆڵ ده‌که‌ن، هیچ کات ره‌وشیان وه‌ک ئێستا باش نه‌بوه‌، ئه‌گه‌ر زۆر نیگه‌رانیش بن They have no place to go. به‌م شێوه‌یه‌ بیریان له‌ کورد کردۆته‌وه و مامه‌ڵه‌یان کردوه‌‌.
له‌ سه‌رده‌می بو‌شی کور دۆکترینی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ Transformative diplomacy دو بنه‌مای سه‌ره‌کی له‌خۆ گرتبو: (به‌رفراوان کردنی کاری دیبلۆماسی و ده‌ربازکردنی له‌ قه‌واغه‌ کلاسیکیه‌که‌ی) و به‌دیموکراتیزه‌کردن، کورد له‌ سایه‌ی گۆرانکاری ناوچه‌که‌ و سیاسه‌تی نوێی ئه‌مریکا په‌یوه‌ندیکردنی راسته‌وخۆی له‌ گه‌ڵ ئه‌مریکا و زۆربه‌ی وڵاتانی خۆرئاوا بۆ ره‌خسا.
Marriana Charountaki پسپۆرێکی په‌یوه‌ندیه‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌کان و ئه‌تروحه‌ی دکتۆراکه‌ی له ساڵی 2011‌ به‌ کتێبێک بڵاوکردۆته‌وه‌ به‌ناوی " کورده‌کان و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا: په‌یوه‌ندیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست له‌ 1945 ه‌وه‌" و له‌ لایه‌ن ده‌زگای چاپی ئاراس له‌ هه‌لێر بۆ کوردی وه‌رگێراوه‌، ده‌ڵێت: په‌یوه‌ندی کورد و ئه‌مریکا مایه‌ی سه‌رسامیه چونکه‌ پیشانی ده‌دات که‌ چۆن زلهێزێک پێویستی به‌ گروپی بچوک و بێ هێز هه‌یه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی‌ و خاڵی دوه‌میش ئه‌م په‌یوه‌ندیانه‌ بیرۆکه‌ی که‌ سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تی ته‌نها له‌ نێو وڵاته‌کاندا به‌رێوه‌ ده‌چێت‌ وردوخاش ده‌کات. 


بوش و بارزانی
لە ٢٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٥ جۆرج بوش سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە مسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد.
هەر دوکیان باسیان لەوە کرد کە لێدوانەکانیان کراوە بو، بوش جەختی کردەوە لەوەی کە ئەمریکا پشتیوانی ئەوانە دەکات کە خوازیاری عێراقێکی ئازاد و دیموکراتن. بارزانیش لە بەرامبەردا سوپاسی سەرۆک بوشی کرد و گوتی بوێری و عەزمی سەرکرداتیتان بەرز دەنرخێنین.
لە دوا سەردانی جۆرج بوش وەک سەرۆک کۆمار بۆ عێراق، لە ١٨دیسەمبەری ٢٠٠٨  پاش چاوپێکەوتنی جلال تاڵەبانی، سەرۆک کۆماری عێراق، چاوی بە مسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کەوت. لەو چاوپێکەوتنەدا باسی دۆخی عێراق و پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان حکومەتی عێراقیان کرد. جۆرج بوش رۆڵی بارزانی بەرزنرخاند لە پشتیگیریکردنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و رێکەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئەمریکا.   


کورد و‌ ده‌سه‌ڵاتی کاتی هاوپه‌یمان CPA
ئه‌مریکا دوای روخاندنی سه‌دام بیرۆکه‌ی Wolfowitz Paul ، جێگری وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریکای جێبه‌جێ کرد، ئه‌ویش " ئاستێک له‌ فیدراڵیزم بچه‌سپێت تا‌ دڵنیا بن عێراق وه‌ک وڵاتێکی یه‌کپارچه‌ ده‌مێنێته‌وه‌". ئه‌م سیاسه‌ته‌ له‌ نۆڤه‌مبه‌ری 2003‌ به‌ سیسته‌می فیدراڵی پارێزگاکان له‌ رێکه‌وتنێکی فه‌رمی نێوان ده‌سه‌ڵاتی کاتی هاوپه‌یمان و ئه‌نجومه‌نی حوکمرانی عێراق (برێمه‌ر و تاڵه‌بانی) دا چه‌سپێنرا. برێمه‌ر سه‌ردانی بارزانی له‌ پیرمام کرد و داوای لێکرد به‌ رێکه‌وتنه‌که‌ رازی بێت، به‌ڵام بارزانی داواکه‌ی ره‌تکرده‌وه. هه‌ڵوێسته‌ جیاوازه‌کان له کۆنترۆڵکردنی که‌رکوک دوای رزگارکردنی و له‌م رێکه‌وتنه‌ نیشانی ده‌ده‌ن که‌ کورد به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نه‌ته‌وه‌ییان یه‌کلا نه‌کردبوه‌وە و یه‌کگرتوش نه‌بون.
بۆب ۆدۆرد، رۆژنامه‌گه‌ری به‌ناوبانگی ئه‌مریکا، له‌ چاوپێکه‌وتنێکی که‌ناڵی BBC ی ئینگلیزی له‌ سه‌ر کتێبه‌که‌ی (بوش له‌ جه‌نگدا) ده‌ڵێت: " جارێک برێمه‌ر ته‌له‌فۆن بۆ بوش ده‌کات و گله‌یی و گازه‌نده‌ی مه‌جلیسی حوکمی پێ ده‌ڵێت، له‌ وه‌لامدا بوش به‌ برێمه‌ر ده‌ڵێت: تۆ خۆت شای شاکانی، چیت ده‌وێت بیکه‌".

نامه‌ی هاوبه‌ش بۆ بوش
له‌ 1 حوزه‌یرانی 2004 به‌رێزان تاڵه‌بانی و بارزانی نامه‌یه‌کی هاوبه‌شیان بۆ جۆرج بوش سه‌رۆکی ئه‌مریکا نارد، هه‌ر دو سه‌رکرده‌ چه‌ند گله‌یی و نار‌ه‌زاییان سه‌باره‌ت به‌ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی‌ برێمه‌ر ده‌ربریوه‌ و چه‌ند داواکاریه‌کیان لێ کردوه‌، له‌وانه‌ پۆستێکی‌ سیادی بۆ کورد و پشکی گلدراوه‌ی سێ پارێزگای هه‌رێم له‌ داهاتی نه‌وت به‌خۆراک و کردنه‌وه‌ی کۆنسوڵخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ هه‌ولێر و خستنه‌گه‌ری سامانه‌ سروشتیه‌کانی هه‌رێم. به‌پێی هه‌واڵێکی رۆژنامه‌ی القرار له‌ 15 ته‌موزی 2004 دا بوش به‌ توند‌ و وشکی وه‌لامی داونه‌ته‌وه‌.
له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌رێز نه‌وشیر‌وان مسته‌فا له‌ نوسینێکی به‌ناونیشانی: " کورد و قانونی به‌رێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی عیراق له‌ ماوه‌ی گواستنه‌وه‌دا" له‌ ژماره‌ 3264 ی کوردستانی نوێ له‌ به‌رواری 7-1-2004 دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ دۆخه‌که‌ ده‌ڵێت: " کاتی گوڵبارانی (موجامه‌له‌) کاربه‌ده‌ستانی ئه‌مریکی به‌سه‌رچو، کاتی پێداگرتنه‌ له‌ سه‌ر چه‌سپاندنی مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کورده‌... ئه‌گه‌ر سوڵته‌ی ئیتلاف و مه‌جلیسی حوکم ده‌سته‌ده‌ستی به‌ مافه‌کانی کو‌رد بکه‌ن، ئه‌وا رێگه‌ی عوسیانی مه‌ده‌نی له‌ به‌رده‌ستماندایه‌". له‌ کاتی خۆیدا برێمه‌ر به‌ توندی وه‌لامی ئه‌م بۆچونه‌ی دایه‌وه‌.

بوشی کور و په‌یامی " كتاب وسوننه‌ت"
له‌دوای نه‌مانی شه‌ری سارد وبه‌تایبه‌تی دوای 11 سێبته‌مبه‌ری 2001 به‌شێك له‌ ئاراسته‌ نوێكانی ئه‌مریكا بونه‌‌ ناوه‌رۆكێكی نه‌گۆراو بۆ سه‌رجه‌م سیاسه‌ت وكاره‌كانی و ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌رده‌وامیان له‌سه‌ریان هه‌بو‌. جاران به‌پێی سات وكات ویاساكانی ململانێكان و گه‌مه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ سیاسه‌ته‌كانیان داده‌رشت وهاوپه‌یه‌مانیه‌تی وكاریان ده‌كرد، لەو سەردەمەدا‌ خه‌تمی " كتاب وسوننه‌ت" له‌ په‌یام وسیاسه‌تی سه‌ركرده‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ كۆنسێرڤه‌تیزمه‌ نوێكانی واشنتۆن به‌زه‌قی به‌رچاو بون، ئەمە رەگ و ریشەی ئاینی هەبو. 
جۆرج بوش پاش هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی له‌خولی دوه‌مدا بە هۆکاری چەندین هۆکاری سیاسی و ئابوری و ئەمنیەوە یه‌كلایانه‌ و بێ بریاری نێوده‌وڵه‌تی په‌لاماری عێراقی دا و رژێمەکەی سەدامی روخاند. ئەم روداوە گرنگە کاریگەری بێئەندازەی لە سەر دۆخی کورد لە عێراق  و پەیوەندیەکانی لە گەڵ ئەمریکادا کرد.

دروێنه‌ی سیاسه‌ت
به‌درێژایی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مریكا له‌عێراق و بۆ جێبه‌جێكردنی سیاسه‌ته‌كانی بێجگه‌ له‌وه‌ی كه‌ هه‌وڵی داوه‌ هه‌مو پێكهاته‌كانی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌وافق خركاته‌وه‌ و هاریكاری حكومه‌تی عێراقی بكەن و یەکپارچەیی وڵاتەکە بپارێزن، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ پارەی رشتوه‌ و چاوی لە گەندەڵی پۆشیوە بۆ ئه‌وانه‌ی ئاماده‌بون وئاماده‌ن كاره‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن ( برێمەر لە بیرەوەریەکانیدا راشکاوانە باسی ئەم تەوەرە دەکات)، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئه‌مریكا لای گرنگ نیە كێن ئه‌وانه‌ی جێبه‌جێی ده‌كه‌ن به‌مه‌رجێك گوێرایه‌ڵی بن وئه‌ملا و ئه‌ولا نه‌كەن.      
كورد له‌و به‌شه‌ رزگاركراوه‌ بچوكه‌ی باشوری كوردستان به‌ حوكمی گۆرانكاریه‌كان له‌ ئه‌مریكا نزیك بوەوە‌ و ئه‌مریكاش به‌حوكمی رۆلی وبه‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ پێویستی كاتی به‌ كورد هه‌بو‌ و هه‌یه‌.
تێگه‌یشتنی په‌یوه‌ندی نێوان دو لایه‌نی ئه‌م دراوه‌ كارئاسانی زۆر ده‌كات بۆ تێگه‌یشتنی گۆرانكاریه‌كانی ئێستا و ئه‌گه‌ره‌ به‌هێزه‌كانی ئاینده‌ش.
ئه‌م جۆره‌ په‌یوه‌ندیه‌ دارژراوه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای " نزیكبونه‌وه‌ وپێویستی كاتی" ناچێته‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانیه‌كی سیاسی درێژخایانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر كورد شوێنی خۆی له‌ هاوكێشەی ستراتیژی باڵای ئه‌مریكادا نه‌سه‌پێنێت ونه‌چه‌سپێنێت. 

نمونه‌كانی مێژو
كاتێك شه‌ری سارد له‌كاڵبونه‌وه‌دا بو و دیواری به‌رڵین روخێنرابو، خاتو مادلێن ئۆلبرایت كه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بو رایگه‌یاند كه‌ چیتر ئه‌مریكا له‌مه‌ر ئیسرائێل وكێشه‌ی له‌ گەڵ عه‌ره‌بدا پایده‌ر له‌ ئاو نادات. به‌واتایه‌كی تر چیتر زیاتر وه‌ك پێشو حساب بۆ ئیسرائیل له‌ نێو تۆری به‌رژه‌وه‌ندی باڵای ئه‌مریكادا ناكرێت. ئه‌مه‌ سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی كه‌ جوه‌كان ولۆبی زایۆنیزم له‌ ئه‌مریكا به‌هێزترین وكاریگه‌ریترین توانای فشاریان هه‌یه. 
دواتر كه‌ ده‌سه‌ڵات له‌ ئه‌مریكا كه‌وته‌ ده‌ست كۆنسێرڤه‌تیزمه‌ نوێكان و دواتریش ترەمپ به‌شێوه‌یه‌كی نه‌رمتر هه‌مان سیاسه‌تیان له‌گەڵ ئیسرائیل پێره‌و كردوه‌. 
توركیای دۆستی دێرینی ئه‌مریكا وئه‌ندام و ده‌روازه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناتۆ له‌ لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ ئه‌زیه‌ت دراوه‌ وجاریش هه‌بوه‌ ته‌نگی پێهه‌ڵچنیوه‌. تورکیا‌ ئه‌ندامی ناتۆ‌ و گه‌وره‌ترین سوپای هەیە، به‌ڵام ئه‌مریكا بۆماوه‌ی چه‌ند ساڵێك چه‌ك و تفاقی سوپاكه‌ی تازه‌ نه‌ده‌كرده‌وه‌ ویارمه‌تیه‌ ئابووریه‌كانی بۆی كه‌مكردبوه‌وه‌ وهانی ئه‌وروپای نه‌ده‌دا تا توركیا له‌یه‌كێتی ئه‌وروپادا وه‌ربگرن. ئێستاشی لە گەڵدا بێت ئیدارەی ترەمپ گەمەی پشیلە و مشک لە گەڵ تورکیا دەکات. 
كاتێك فه‌ره‌نسا وئه‌ڵمانیا وه‌ك دوو گه‌وره‌ وڵاتی ئه‌وروپا ناره‌زاییان ده‌ربری له‌مه‌ر په‌لاماردانی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ بێئه‌وه‌ی بریارێكی نێوده‌وڵه‌تی هه‌بێت، ئه‌مریكا زۆر به‌ كوێخایانه‌ وبێگوێدانه‌ ئه‌و مێژوه‌ درێژه‌ی هاوپه‌یمانیه‌تی له‌گەڵ ئه‌م دو وڵاته‌دا، كه‌ كۆڵه‌كه‌ی ستراتیژی ئاسایشی ئه‌وروپای خۆرئاوا و ئه‌مریكا بون له‌پشت هێڵی ئوراڵه‌وه‌، ئه‌وانی به‌ پیاوه‌ پیره‌كانی ئه‌وروپا ناوبرد. زۆر كارامه‌ سه‌ركه‌وتوش بو له‌ په‌راوێزكردنی رۆڵی وگاریگه‌ری ئه‌و وڵاتانه‌ له‌ كێشه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست ولاوازكردنی شوێن ده‌ستیان. 
ئه‌مانه‌ نمونه‌ی زیندون بۆ ره‌فتار و سیاسه‌تی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ی له‌ ناو جه‌رگی به‌رژه‌وه‌ندی ستراتیژی ئه‌ودا هاریكاریان كردوه‌ ورۆڵی گرنگیان هه‌بوه‌، ده‌بێت به‌رامبه‌ر میلله‌تێكی بێده‌سه‌ڵاتی دابه‌شكراوی و بێ ده‌وڵه‌تی وه‌ك كورد یا وڵاتێكی كه‌لاوه‌ی وه‌ك عێراق چی بكات؟


كورد و هەڵوێست لە ئەمریکا و رەفتارکردنی !
له‌گه‌ڵ داگیركردنی كوێت له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه‌ و وه‌لامی توندی ئه‌مریكا بۆ ئه‌و كاره‌، لە ناو سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد له‌مه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندن و هه‌ڵوێست و ره‌فتاركردن له‌گەڵ ئه‌مریكادا دو بۆچونی سه‌ره‌كی سەریان هەڵدا‌:
بۆچونێک پێی وابو كه‌ واشنتۆن بۆته‌ سه‌نته‌ری بریاردان له‌ دنیا و پێویسته‌ كورد به‌ په‌له‌ به‌ سود وه‌رگرتن له‌ دوژمنایه‌تی مێژویی له‌گەڵ سه‌دام عه‌رزی خۆی له‌ پایته‌ختی بریاردان بكات. لە دوای کۆرەوەکە، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان بە رەزامەندی ئەمریکا بریاری ٦٨٨ ی دەرکرد بۆ پاراستنی کورد، دواتر دانانی ناوچەی ئارام و هێلی ئاسمانی بۆ نەفرینی فرۆکەکانی عێراق واشنتۆن هێدی هێدی ده‌روازه‌كانی بۆ كورد زیاتر واڵا دەکرد كه‌ جاران له‌ درزه‌كانیشیه‌وه‌ رێگا نه‌ده‌درا بۆ سه‌رنجدان وتێروانینێك. ئه‌م بۆچونە‌ لە خۆشباوه‌ریەوە و له‌ ئیفۆریای لاوازبونی سه‌دام دا وپساندنی ئه‌ڵقه‌کانی گه‌مارۆی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ لە سەر کورد و ده‌سه‌ڵاتی رەهای ئەمریکا هیوایه‌كی رۆمانتیكی وفانتازیایه‌كی سیاسی لە سەر ئەمریکا هەڵچنیبو.
بۆچونی دوه‌م لای وابو كه‌ کورد ئەزمونی تاڵی لە گەڵ ئه‌مریكا هەیە و شوێنی متمانه‌ نیه‌ و هێزێکی بێ ئامانە، ئه‌م بۆچونه،‌ پشتئه‌ستور به‌هه‌ڵسه‌نگاندنی رۆڵی ئه‌مریكا له‌ مێژوی كورد، لای باشبو به‌ ترس وحه‌زه‌ر‌ و خۆماتكه‌رانه‌ له‌ درزه‌كانی ده‌روازه‌كانه‌وه‌ بروانێته‌ ئه‌مریكا و مامەڵەی بکات. له‌نێو به‌رداشی ئه‌م دو بۆچه‌نه‌دا وبۆ ماوه‌یه‌كی درێژ په‌یوه‌ندیه‌كانی كورد له‌گەڵ ئه‌مریكا هاردرا‌ و ئه‌مه‌ش هۆكارێكی گرنگی درێژه‌پێدانی شەری ناوخۆ بوه‌ له‌ كوردستان. 
له‌ دانیشتن ولێدوان و دانوستانەکانی كه‌ به‌سه‌رپه‌رشتی ئه‌مریكا وبه‌ریتانیا وبه‌شداریكردنی توركیا و فه‌ره‌نسا به‌رێوه‌ده‌چون بۆكۆتایی هێنان به‌شه‌ری ناوخۆ خاڵێكی زۆر سه‌رسورمێنه‌ر به‌رچاو ده‌كه‌وێت، به‌تایبه‌تی له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی پاریس دا و تا راده‌یه‌ك له‌ لێدوانه‌كانی ئیرله‌ندەشدا، ئه‌ویش ئه‌و وڵاتانه، تایبەت ئەمریکا،‌ هه‌وڵیان داوه‌ هه‌ر دو لایه‌نی شه‌ر رێكبخه‌ن وەک‌ دارشتنی پلانی چاره‌ی كێشه‌ی كورد له‌ باشور له‌كاتێكدا شه‌ری ئەو دو لایەنە بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی وپاره‌ بوه‌ له‌ هه‌رێم، ئەمە لە کاتێکدا چاره‌ی كێشه‌ی كورد به‌رای ئه‌و كاته‌ی ئه‌مریكا وئێستاش له‌گەڵ ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا ئه‌نجام ده‌درێت. ئه‌م ره‌فتاره‌ پارادۆكسانه‌ له‌گەڵ كورد ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و نارێكی‌ و په‌رته‌وازه‌یی فیكری و سیاسی سه‌ركردایه‌تی كورد بوه‌ له ‌مه‌ر ئه‌مریكا و رۆڵی ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا. به‌كورتی ئه‌مریكا هه‌وڵیداوه‌ له‌ ده‌روازه‌ی سیاسی خۆیەوە‌ هه‌ر دو لا رازی بكات بۆ مه‌رامه‌كانی بێئه‌وه‌ی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك خۆی له‌قه‌ره‌ی چاره‌ی ره‌وای ناوه‌رۆكی مه‌سه‌له‌ی كورد بدات. بۆچونی ئه‌وان بۆ كورد له‌روانگای دیدگای خۆیانه‌وه‌یە‌ بۆ ئه‌و عێراقه‌ی مه‌به‌ستیانه‌ بیخوڵقێنن وشوێن وپایه‌ی كورد له‌و عێراقه‌دا دارشتوە.
کاتێک دۆنالد رامسفیلد و پاول ۆلڤۆڤیتز وەک دو بەرپرسی باڵا لە کۆتایی هەشتاکان و تا ١٩٩٣ لە پنتاگۆن کاریان دەکرد راپۆرتێکی تایبەتیان دەرباری ناوچەی کەنداو و عێراق و ئایندەیان ئامادە کردبو، تێیدا کە باسی کورد دەکەن جەخت دەکەنەوە لەوەی بە حوکمرانیەکی خۆماڵی و چەند دەسکەوتێک رازی بکرێن، بێگومان تا ئەم چرکەیەش ئەمریکا ئەو سیاسەتە پێرەو دەکات. 
سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد ته‌نانه‌ت له‌ كۆنگره‌ی ئۆپزیسۆن له‌ له‌نده‌ن له‌ كۆتایی 2002 دا نه‌یتوانی یه‌ك په‌یامی یه‌كگرتو بدات به‌گوێی ئه‌مریكادا، ته‌نانه‌ت له‌سه‌رده‌می رێككه‌وتنی واشنتۆن به‌سه‌ر په‌رشتیكردنی ئه‌مریكا، خاتو مادلین ئۆلبرایت زۆر به‌ راشكاوانه‌ هه‌ر دوو سه‌ركرده‌ی كوردی له‌و جیاوازیه‌ جه‌وهه‌ریه‌ به‌ئاگا هێنابوه‌وه‌، كاتێك به‌ هه‌ردو به‌رێزان خوالێخۆشبو مام جلال وكاك مه‌سعودی وتبو: كارێك مه‌كه‌ن عێراق بهروژێنن یا ئێران ده‌ست له‌ كاروبارتان وه‌ردات و له‌ خۆشتانه‌وه‌ به‌ ته‌نیا بریاری شه‌ر وئاشتی مه‌ده‌ن. 

ئه‌مریكا و كورد و عێراق
دوای ڕوخاندنی سەدام وباڵادەستی ئەمریکا لە عێراقدا گەمەکردن وملمڵانێ وچاوبرکێی سەرکردەکانی کورد لەناو عێراق و لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ بەرتەسک بونەوە ولەقاڵب دران و بەچاودێری ئەمریکا خزێنرانە چوارچێوەی عێراقی دوای سەدامەوە‌. سەرکردەکانی کورد بەشداریان لە حوکمرانی عێراقدا کرد وبە پێی یاسا و پرۆتۆکۆڵەکان کۆمەڵێک ئیلتزاماتیان بۆ دیاری کران. دواتر لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە لە بەغدا و لە هەرێم دەسەڵاتەکان دابەشکران. هەر دو سەرکردەی کورد درکیان بەم راستیانە کرد و بۆئەوەی لە قافڵەکە دوانەکەون رێککەوتنیان کرد و بە لیستێکی هاوبەش بەشداریان لە هەڵبژاردنەکانی کوردستان وعێراقدا کرد. 
لە دوای روخاندنی سەدامەوە ئەمریکا بەردەوام لە گرژی و قه‌یرانەکانی په‌یوه‌ندیەکانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ده‌سه‌ڵاتدارانی بەغدا جەختی کردۆتەوە کە سەروەری و یەکپارچەیی عێراق پارێزراو بێت، پرەنسیپی سازان لە حوکمرانی عیراق پێرەو بکرێت، کێشەکان بە دانوستان و لێدوان چارە بکرێن. 
بۆ ئه‌م مه‌به‌ستانەش چه‌ند یاسایه‌ك له‌ عێراق بۆ ئه‌مریكا زۆر گرنگن بون کە په‌سند بكرێن، له‌وانه‌ پرۆژه‌ یاسای هایدرۆكاربۆن (نه‌وت وگاز) کە تا ئێستا بە تەم و لێڵی ماوەتەوە، یاسای هه‌ڵبژاردنی پاریزگاكان کە پەسند کراوە و رێككه‌وتنی ستراتیژی نێوان عێراق وئه‌مریكا کە لە سەردەمی ئۆباما سازکرا. 
ئەمریکا له‌سه‌رجه‌م ئه‌م سێ خاڵه‌دا فشاری زۆریان خستە‌ سه‌ر كورد بۆ په‌سه‌ندكردنیان به‌ شه‌رت ومه‌رجی ئه‌وان. به‌شێك له‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد  به‌ ئاراسته‌ی خواستی ئه‌مریكیه‌كان کاری کرد، بەشێکی کەم لێیان، بۆ نمومە خوالێخۆشبو نەوشیروان مستەفا بە گومان و دڵەراوکێیەکی ئاشکرا دەیروانیە مەرامەکانی ئەمریکا ( نوسینی خوالێخۆشبو: خوێندنەوەیەکی کوردی بۆ رێکەوتنی 
ئەمریکی– عێراقی )، لە پرسی رێکەوتنی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمرێکا.  
به‌شێك له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مریكی، به‌تایبه‌تی کۆندۆلێزا رایز و گێتس و حاشیه‌كانیان، لایان وابو‌ كه‌ كورده‌كان هه‌ندێك سنووریان به‌زاندوه‌ كه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر سیاسه‌تی ئه‌وان له‌عیراق وناوچه‌كه‌ دروستكردوه‌. له‌وانه‌ گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت، بەهێزبونی ده‌سه‌ڵاتی حزبی و سه‌ربازی و ئابوری کورد له‌ ناوچه‌كانی ململانێ له‌ كوردستان، پێداگرتن له‌ رێژه‌ی كورد له‌ بودجه‌ی عێراق و له ‌سه‌روی هه‌موشیانه‌وه‌ گه‌مه‌ سیاسیه‌كانی كورد له‌گەڵ هێزه‌كانی تری عێراق و وڵاتانی دراوسێ به‌تایبه‌ت ئێران.
بێجگه‌ له‌م هۆكار و فشارانه‌ی ناوخۆی ئه‌مریكا وعێراق، وڵاتانی ناوچه‌كه‌، به‌تایبه‌تی عه‌ره‌بی سوننه‌ و توركیا فشارێكی زۆریان خستبوە‌ سه‌ر ئه‌مریكا بۆئه‌وه‌ی هه‌م " ناسنامه‌ی عه‌ره‌بی" عێراق له‌ده‌ست ده‌رنه‌چێت وبرا سوننه‌كانی عێراق له‌ مه‌رحه‌مه‌تی خۆی بێبه‌ری نه‌كات و ئه‌و " زیادەرۆییه‌ی" كورد سنورداربكات وته‌وژمی بوژاندنه‌وه‌یه‌كی راسته‌قینه‌ی كوردایه‌تی دابمركێنێته‌وه‌.
دواتر زۆربەی ئەم خاڵانە لە دەستوری هەمیشەیی عێراقدا چەسپێنران.
چەندین بەڵگەنامەکانی ویکیلیکس دەیسەلمێنن چۆن ئەمریکا دەستی لە ورد و درشتی کورد لە بەغدا هەبوە و چۆن خواست و داواکاریەکانی لە لایەن سەرکردایەتی سیاسی کوردەوە جێبەجێکراون.
 
حوکمرانی ئۆباما و کورد لە باشور
هەشت ساڵ حوکمرانی سەرۆک ئۆباما (٢٠٠٩ – ٢٠١٧ )  بە هەستیارترین قۆناغی دوای روخاندنی سەدام بۆ کورد لە باشور دەژمێرێت، لە ماوەی حوکمرانیدا چەندین گۆرانکاری و روداوی گرنگ رویانداوە. 

بارزانی  و تاڵەبانی نێوان به‌غدا و واشنتۆن
جاران
دوای گه‌رانه‌وه‌ی به‌رێز مسعود بارزانی له‌ به‌غداد‌ بۆ کوردستان وه‌ک سه‌رۆکی شاندی کورد له‌ خولی دوه‌می دانوستانی به‌ره‌ی کوردستانی ساڵی 1991 له‌ گه‌ڵ رژێمی سه‌دام نوسه‌ر و رۆژنامه‌گه‌ر Jonathan Kaplan له‌ هه‌ولێر‌ چاوپێکه‌وتنێکی له‌ گه‌ڵ سازده‌کات و وتاره‌که‌ی به‌ناونیشانی " کو‌رد دژ به‌ کورد" له‌ گه‌وره‌ رۆژنامه‌کانی دنیادا بڵاوده‌کرێته‌وه. رۆژنامه‌ی de Volkskrant ی هۆڵه‌ندی رۆژی 14 ته‌موزی 1991 یش بلاویکرده‌وه‌.‌  
کاپلان ده‌ڵێت به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی بارزانی پێشنیازی عێراق که‌ داواده‌کات کو‌رد په‌یوه‌ندیه‌کانیان له‌ گه‌ڵ حکومه‌ته‌ بیانییه‌کان بوه‌ستێنن به‌باشترین خاڵی رێکه‌وتن‌ بۆ میلله‌ته‌که‌ی ده‌زانێت. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ تاڵه‌بانی ئه‌م پێشنیازه‌ی راسته‌وخۆ ره‌تکرده‌وه‌ و پێی وابو رۆژئاوا ته‌نها زامنه‌ بۆ مافه‌کانی کورد.
له‌و رۆژه‌وه‌ تا ئه‌م ساته‌ش رۆژئاوا، تایبه‌ت ئه‌مریکا، رۆلی کاریگه‌ریان له‌ پاراستنی کورد له‌ باشور بینیوه‌، به‌غدا، ته‌نانه‌ت دوای روخاندنی سه‌دامیش، جۆرێک له‌ مه‌ترسی به‌رده‌وام بوه‌ له‌سه‌ر کورد و حوکمرانی له‌ باشور. 
پێده‌چێت مام جلال تا کاره‌ساتی 31 ئاب 1996 که‌ به‌ ره‌زامه‌ندی بێده‌نگی ئه‌مریکاش رویدا، هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ رۆڵی ئه‌مریکا واقیعی نه‌بوبێت. بارزانی به‌هۆی ئه‌زمونی زۆر تفتوتاڵی شۆرشی ئه‌یلول و خوالێخۆشبو مه‌لا مسته‌فا تا دوا ساته‌کانی ژیانی له‌ گه‌ڵ ئه‌مریکا ئه‌وه‌نده‌ باوه‌ری به‌ رۆژئاوا نه‌مابو، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا توانیویه‌تی تا راده‌یه‌ک مامه‌ڵه‌ی سیاسی له‌ گه‌ل ئه‌مریکادا بکات و سود له‌و مامه‌ڵه‌کردنه‌ وه‌ربگرێت.
بۆچونه‌که‌ی مام جلال له‌و سه‌رده‌مه‌دا زاده‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنێکی ستراتیژی بو و ته‌نها له‌ روانگای شه‌خسی خۆیه‌وه‌ داینه‌رشتبو، چونکه‌ گه‌یشتبوه‌ ئه‌و باوه‌ره‌ی ئه‌مریکا بۆته‌ سه‌نته‌ری سه‌ره‌کی بریاردان له‌ دنیادا، بۆیه‌ ده‌بێت کورد روی لێبکات. مسعود بارزانی له‌ ئاکامی شکستی شۆرشی ئه‌یلول بۆ ساڵانێکی درێژ خۆی له‌ قه‌ره‌ی ئه‌مریکا نه‌ده‌دا، ته‌نانه‌ت له‌ گێژاوی دۆخی کورد له‌ 1975 ه‌وه‌ تا راپه‌رین کونجی قه‌ناعه‌تی گرتبو و زۆر به‌حه‌زه‌ره‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ئه‌گه‌ره‌کانی ئاینده‌ ده‌کرد. کاتێک ئه‌مریکا رێگای دا سه‌دام راپه‌رینه‌کانی عێراق به‌ کوردستانیشه‌وه‌ به‌زه‌بری هێز دامرکێنێته‌وه‌ حه‌زه‌ر و دوره‌په‌رێزی مسعود بارزانی له‌ ئه‌مریکا زۆر به‌هێزتر و ره‌واتر به‌رچاو بون و ره‌نگدانه‌وه‌ی خه‌ستیان له‌سه‌ر دانوستانه‌کانی به‌رێزی له‌ گه‌ڵ رژێمی سه‌دام هه‌بو. زه‌مینه‌یه‌کی پته‌وی ئه‌م بۆچونه‌ ئه‌زمونه‌ تاڵه‌کانی خودی خۆی و باوکی و بنه‌ماڵه‌که‌ی له‌ گه‌ڵ ئه‌مریکادا بون، تا ئه‌م ساته‌ش ئه‌و راستیه‌ له‌ مامه‌ڵه‌کردنیدا له‌ گه‌ڵ ئه‌مریکا هه‌ستی پێده‌کرێت، وه‌ک له‌ توندبونی کێشه‌کان له‌ گه‌ڵ به‌غداد و پرسی نه‌وت و بانگه‌شه‌ی سه‌ربه‌خۆیی کوردستاندا ده‌رکه‌وتن.

دواتر 
کاتێک ئه‌مریکا به‌ رێگه‌ی جۆزیف بایدنی جێگری ئۆباما بارزانی خسته‌ ژێر فشارێکی زۆره‌وه‌ تا له‌ گه‌ڵ مالیکی رێکه‌وتن بکات، بارزانی به‌ناچاریه‌وه‌ رێکه‌وتنی هه‌ولێری په‌سندکرد. بارزانی هه‌میشه‌ له‌ نیه‌ته‌کانی حوکمرانی شیعه‌ دڵنیا نه‌بوه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و ساڵانه‌ی مام جلال وه‌ک سه‌رۆک کۆمار له‌ به‌غداد بوه‌ مسعود بارزانی ئه‌و پێگه‌یه‌ی مام جلالی به‌ ئامرازێکی سیاسی بینیوه‌ بۆ راگرتنی هاوسه‌نگی هێز و وه‌ک کلیلێکی ئه‌ڵته‌رنه‌تێڤی سیاسی ئه‌گه‌ر به‌ته‌واوی له‌ ئه‌مریکا و تورکیا بێ ئومید بێت. له‌ سه‌ره‌تای تێکچونی باری ته‌ندروستی مام جلال کاک مسعود چه‌ندین جار مه‌راقی خۆی سه‌باره‌ت به‌ غیابی ئه‌و رۆڵه‌ی مام جلال به‌ گه‌وره‌ دیبلۆماتکاره‌کانی ئه‌مریکا راگه‌یاندوه. بارزانی له‌ دیدێکی ته‌کتیکیه‌وه‌ هیچکات نه‌یویستوه‌ له‌ به‌غداد داببرێت، بۆیه له‌ ئاڵۆزترین ساته‌ وه‌خته‌کانی په‌یوه‌ندیدا له‌ گه‌ڵ به‌غداد یه‌ک کارمه‌ندی بچوکی پارتیشی له‌ به‌غداد نه‌کشانۆته‌وه‌. 
هه‌ر دو سه‌رکرده‌، وێرای جیاوازی بنه‌ره‌تییان له‌مه‌ر به‌غداد و ئه‌مریکا و ئێران و تورکیا، به‌ڵام له‌ ئاکامی دۆخه‌که‌ و تایبه‌ت به‌کاریگه‌ری رێکه‌وتنی ستراتیژی، به‌جیا و به‌یه‌که‌وه‌ کاریان ده‌کرد تا له‌ گه‌مه‌ی سیاسی نێوان به‌غداد و تاران و ئه‌نقه‌ره‌ و واشنتۆن پێگه‌ی خۆیان له‌ گۆره‌پانه‌که‌دا‌ بپارێزن، له‌ چه‌ند حاله‌تێکی تایبه‌ت و هه‌ستیاردا هه‌ماهه‌نگی ئاراسته‌ی ستراتیژی هاوبه‌شیان هه‌بوه، له‌ باقی حاڵه‌ته‌کانی تردا هه‌ر یه‌ک لێیان به‌جیا ئاراسته‌ی موفه‌زه‌لی خۆی گرتۆته‌به‌ر. 
کاتێک بارزانی هه‌وڵیدا مالیکی له‌ حوکمرانی دورخاته‌وه‌ سنورێکی گرنگی سیاسی به‌زاند، مام جلال پشتگیری نه‌کرد و پلانه‌که‌ شکستی هێنا. 
هه‌رچۆنێک بێت بارزانی ئه‌و ئه‌زمونه‌ی تێپه‌راند، ئه‌مجاره‌ به‌ئاراسته‌ی خۆیدا گوزه‌ری کرد و به‌‌غداد و یه‌کێتیی پشتگوێخست و به‌کارتی نه‌وت کاری له‌سه‌ر سازدانی میحوه‌رێکی ئابوری و سیاسی به‌هێز له‌ گه‌ڵ تورکیا ده‌ستپێکرد، ئه‌م سیاسەته‌ گه‌یشته‌ ئاستێک که‌ به‌رێز نێچیرڤان بارزانی له‌ چاوپێکه‌وتنێک له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌گه‌ر Jay Newton-Small  له‌ هه‌ولێر له‌ 21 دیسه‌مبه‌ری 2012 بۆ WorldTIME    تورکیای به‌ ده‌روازه‌ی هیوا وه‌سف کرد.

ئێستا
شه‌ری داعش و پاڵپشتی ئه‌مریکا و خۆرئاوا بۆ به‌رگریکردن له‌ کوردستان و وقه‌یرانی بودجه‌ و موچه‌ و شکستهێنان بە پرۆسەی ریفراندۆم و کارەساتی ١٦ ی ئۆکتۆبەر و شکستی سەربەخۆیی ئابوری بارزانی یان ناچارکرد له‌ گه‌ڵ حکومه‌ته‌که‌ی‌ عه‌بادی رێكه‌وتن بکات.
هه‌فته‌یه‌ک پێش سه‌ردانی بارزانی بۆ ئه‌مریکا عه‌بادی له‌ واشنتۆن بو، ئیداره‌ی ئۆباما جارێکی تر جه‌ختی له‌ یه‌کپارچه‌یی و سه‌روه‌ری عێراق کرده‌وه‌.    
هه‌رچۆنێک بێت له‌ دوا سه‌ردانیدا بۆ ئه‌مریکا پێکهاته‌ی شانده‌که‌ی بارزانی باشتر بو له‌ جاران و نمایشکردنی یه‌کریزی کوردی تێدا پێشنیاز ده‌کرا. بارزانی له‌ واشنتۆنه‌وه‌ جه‌ختیکرد‌ که‌ پلانی راسته‌وخۆیان بۆ پچراندنی په‌یوه‌ندیه‌کان له‌ گه‌ڵ حکومه‌تی عێراقدا نیه‌. به‌رپرسه‌ باڵاکانی ئه‌مریکا له‌ میانه‌ی ئه‌م سه‌ردانه‌دا‌ رایانگه‌یاند: 
"  باوه‌ر ناکه‌ن له‌ ئێستادا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریکا یا عێراق بێت و به‌ره‌چاوکردنی دۆخی کوردیش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی کورد دا بێت کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ هه‌بێت". 
Stefan Grobe په‌یامنێری EuroNews له‌ واشنتۆنه‌وه‌ نوسیویه‌تی: " بارزانی وه‌ک هاوپه‌یمانێکی سه‌رکه‌وتو له‌ شه‌ری داعشدا له‌ واشنتۆن میوانداری کرا. هه‌رچه‌نده‌ کۆشکی سپی هێشتا پشتگیری سه‌ربه‌خۆیی کورد ناکات، بارزانی پێی وتین له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دڵنیایی پێدراوه‌ که‌ هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ هه‌مو ئه‌و چه‌کانه‌ی پێویستیانه‌ وه‌ریان ده‌گرن".  
دوای سه‌ردانه‌کانی بارزانی و شانده‌که‌ی یاوه‌ری بۆ ئه‌مریکا و هه‌نگاریا و چیک زمانی زبری به‌رپرسانی عێراق به‌ عه‌بادیشه‌وه‌ به‌رامبه‌ر کورد و بارزانی توندتر بو، هه‌وڵی که‌مکردنه‌وه‌ی پشکی هه‌رێمیان له‌ داهاتی نه‌وت دەدا.
حوکمرانی شیعه به‌پاڵپشتی ئێران و بێده‌نگی سوننه‌کان و هاندانی به‌شێک له‌ ئیداره‌ی ئۆباما زۆر ژیرانه‌ و ژێربه‌ژێر و هێمنانه‌ گه‌مه‌که‌یان به‌رێوه‌ده‌برد. تێوه‌گلانی کورد به‌ شه‌ری داعش و هاوکات به‌ده‌نگه‌وه‌چونی تا له‌سه‌ر لێواری مان و نه‌ماندا بمێنێته‌وه و به‌رده‌ام پێویستی به‌ هاوپه‌یمانان هه‌بێت‌، زیاده‌ بۆ ئه‌مه‌ش ئیستنزافکردنی حوکمرانی کورد به‌ کێشه‌کانی موچه‌ و بودجه‌ و نه‌وت و ئاوارە و حه‌شدی شه‌عبی و ئاینده‌ی ناوچه‌ دابرێنراوه‌کان، هه‌وڵدان بۆ لێکترازانی زیاتری نێوماڵی کورد. مه‌زهه‌بچیه‌کانی عێراق سه‌ردانه‌که‌ی بارزانی به‌ پلانگێری بۆ دابه‌شکردنی عێراق دەزانی، ته‌نانه‌ت زاهر عه‌بادی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له چه‌له‌حانێکی شۆڤێنیزمدا‌ ده‌لێت: " ده‌بێت بارزانی دادگایی بکرێت بۆ ئه‌و لێدوانه‌ی له‌ ئه‌مریکا وتی: سه‌ربه‌خۆیی کوردستانی ئه‌مرێکی ئه‌کیده‌".  هه‌روه‌ها پرۆژه‌ یاسای پرچه‌ککردنی راسته‌وخۆی پێشمه‌رگه‌ به‌مه‌ترسی بۆ یه‌کپارچه‌یی عێراق ده‌زانی. کورد نەیدەتوانی به‌ره‌کانی شه‌ر به‌فراوانتر بکات، پێویستی به‌ راگرتنی هاوسه‌نگیه‌کی مه‌عقول‌ له‌ گه‌ڵ به‌غداد و ئه‌مریکا و وڵاتانی ناوچه‌که بو‌. 

ئه‌مریکا و کێشه‌کانی یه‌کێتی
دوای ئه‌وه‌ی مام جڵال توشی ئه‌و نه‌خۆشیه‌ قورسه‌ بو باس و لێدوانێکی زۆر له‌ سه‌ر جێگره‌وه‌ی پۆسته‌کانی کرا.      
له‌ راپۆرتێکی نهێنی و تایبه‌ت له له‌لایه‌ن به‌شی کاری نهێنی01 OF 03  BAGHDAD 003836  له‌ رۆژی 08-12-2008 دا ئاماده‌ کراوه‌ و له‌لایه‌ن مفه‌وزی سیاسی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ به‌غدا به‌ناوی Robert S. Ford  ئاراسته‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ له‌ واشنتۆن DC کراوه، راپۆرته‌که‌ له‌‌ 12 خاڵدا باس له‌ دۆخی ناوخۆی یه‌کێتی و ئه‌گه‌ره‌کانی دوای تاڵه‌بانی و هه‌ڵوێستی پارتی ده‌کات. لێره‌دا ده‌قه‌ گرنگه‌کانی خاڵه‌کان ده‌خه‌مە‌‌ به‌رچاوی خوێنه‌ری به‌رێز.
پوخته‌:  تاڵه‌بانی له‌ دوا کۆبونه‌وه‌ی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی ده‌سه‌ڵاتی یه‌کسانی به‌هه‌ر یه‌ک له‌ جێگری سه‌رۆکی هه‌رێم، کۆسره‌ت ره‌سوڵ و جێگری سه‌رۆک وه‌زیران به‌رهه‌م ساڵح داوه‌ بۆ به‌رێوه‌بردنی کاره‌ ناوخۆییه‌کانی یه‌کێتی. له‌ کاتێکدا تاڵه‌بانی له‌ به‌غدا سه‌رقاڵی کاره‌کانیه‌تی.
ململانێ زۆر وزه‌به‌نه‌کان له‌ ناو یه‌کێتیدا زۆر ماندویان کردوە، داواکاریه‌کان بۆ چاکسازی بێ وه‌لام ماونه‌ته‌وه‌. گرنگی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی تاڵه‌بانی‌ له‌وه‌دا بو‌ که‌ به‌رهه‌م ساڵح و کۆسره‌ت ره‌سوڵی وه‌ک سه‌رقافڵه‌ی کاندیده‌کان بۆ سکرتێری گشتی له‌ سیناریۆی دوای خۆی هێناوه‌ته‌ پێشه‌وه، هه‌روه‌هاش ئه‌گه‌ری به‌رهه‌م ساڵح وه‌ک جێگره‌وه‌ی تاڵه‌بانی بۆ سه‌رۆک کۆماری عێراق. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م که‌سانه‌‌ له‌ هێڵی یه‌که‌مدان، به‌ڵام له‌ راستیدا هێچ کام لێیان ناتوانێت شوێنی تاڵه‌بانی بگرێته‌وه. ‌ 

جێگره‌وه‌ له‌ یه‌كێتیدا
لاوازی دۆخی ته‌ندروستی تاڵه‌بانی لوتکه‌ی یه‌کێتی ناچار کردوه‌ بیر له‌ جێگره‌وه‌ی بکه‌نه‌وه‌. لوتکه‌ی پارتی و یه‌كیتی رێکن له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی سێ کاند بۆ پۆستی سکرتێری گشتی هه‌ن‌: کۆسره‌ت ره‌سوڵ جێگری سه‌رۆکی هه‌رێم، به‌رهه‌م ساڵح جێگری سه‌رۆک وه‌زیران و نه‌وشیروان مسته‌فا جێگری پێشوی سکرتێری گشتی. به‌بۆچونی فریاد ره‌واندزی له‌ 26 نۆڤه‌مبه‌ردا باسی کرد که‌ وێرای ئه‌وه‌ی یه‌كێتییه‌ دێرینه‌کان مه‌یلیان بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌یه‌ به‌ڵام به‌هۆی په‌لاماردانه‌کانی دژ به‌ تاڵه‌بانی له‌و هاوکێشه‌یه‌ ده‌رچوه‌.    
لە کۆمێنتی راپۆرتەکەدا هاتوە:
جێگره‌وه‌ بۆ مام جلال تاڵه‌بانی نیه‌ و کاتێک نه‌مێنێت حزبه‌که‌ی پارچه‌پارچه‌ ده‌بێت. رێکه‌وتنی نێوان دو‌ پارتی سه‌ره‌کی بۆ دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات ده‌بێت دابرێژرێته‌وه‌ و پێده‌چیت پارتی که‌ زۆرتر تینوی ده‌سه‌ڵاته‌ و که‌متر دیموکراسیه‌ پاش هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی ئاینده‌  پێگه‌ی له‌ حکومه‌تی هه‌رێم و له‌ به‌غدا به‌هێزتر بێت. وێرای ئه‌وه‌ی‌ سه‌رکردایه‌تی پارتی پێی وایه‌ ئه‌مه‌ بۆ حکومه‌تی هه‌رێم یاخود بۆ په‌یوه‌ندیه‌کان له‌ گه‌ڵ حزبه‌ عه‌ره‌به‌کان له‌ به‌غدا باش نیه، به‌ڵام ئه‌م به‌‌هێزبونه‌ به‌ده‌وری خۆی پارتی، له‌ ژێر سه‌رکردایه‌تی مسعود بارزانی که‌ زۆربه‌ی جار عیسامیه‌، دوچاری ناکۆکی زیاتر له‌ گه‌ڵ حکومه‌تی به‌غدا ده‌کاته‌وه‌.
مسعود بارزانی خه‌می زۆری خۆی ده‌ربریوه‌ که‌ بێ مام جلال که‌س نیه‌ بتوانێت مامه‌ڵه‌ی مالیکی (سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق) و ئێران بکات. کێبرکێی نێوان پارتی و یه‌کێتی به‌‌توندی له‌ کوردستان ده‌مێنێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ هه‌ستیاره‌کان وه‌ک که‌رکوک که‌ هه‌ردو لا تێدا شه‌ر بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن، یه‌کێتییه‌کی لاواز و پارچه‌پارچه‌ له‌ مه‌دای کورتدا و له‌ ئاستی لۆکاڵیدا یارمه‌تی پارتی ده‌دا، به‌ڵام له‌ مه‌دای دوردا ئاکامی نائارامی بۆ حکومه‌تی هه‌رێم و عێراقی لێده‌که‌وێته‌وه‌. 


کۆتایی راپۆرتەکە.
ئۆباما و بارزانی 

 روداو و گۆرانکاریه‌کان نیشانی ده‌ده‌ن که‌ په‌یوه‌ندی بارزانی له‌ گه‌ڵ به‌شێکی زۆری ئیداره‌ی بوش هێو‌رتر بوه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵ ئیداره‌ی ئۆبامادا هه‌یبوە. 
له‌ 4 نۆڤه‌مبه‌ری 2010 سه‌رۆک ئۆباما ته‌له‌فۆنی له‌ گه‌ڵ سه‌رۆک تاڵه‌بانی کردوه‌ و داوای لێکردوه‌ که‌ واز له‌ پۆستی سه‌رۆکایه‌تی کۆمار بهێنێت تا رێگه‌ خۆش بێت عه‌لاوی ببێت به‌ سه‌رۆک کۆمار، تاڵه‌بانی داواکه‌ی ره‌تکردۆته‌وه‌. به‌پێی سه‌رچاوه‌ فه‌رمیه‌کانی ئه‌مریکا و عێراق ئۆباما هه‌مان رۆژ داوای له‌ مسعود بارزانی کردوه به‌عه‌لاوی وه‌ک سه‌رۆک کۆمار رازی بێت، له‌و په‌یامه‌دا ئۆباما دوپاتی به‌رده‌وامبونی یارمه‌تیدانی کوردی بۆ بارزانی کردۆته‌وه. 
جۆزیف بایدن له‌ به‌رامبه‌ر پۆستی سه‌رۆک کۆمار پێشنیازی پۆستی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی بۆ کورد کردوه‌. بۆ هه‌مان مه‌به‌ست سێ سیناتۆر،Lindsey Graham  و John McCainو Joe Lieberman له‌ سه‌ردانێکی بارزانیدا فشاریان خستۆته‌ سه‌ری تا به‌ گۆرینی‌ تاڵه‌بانی رازی بێت.  بارزانی داواکانی ره‌تکردۆته‌وه‌ و رازی نه‌بوه‌ کێشه‌ی نێوان شیعه و سوننه‌ له‌ سه‌ر حسابی کورد چاره‌ بکات. 
ئیداره‌ی ئۆباما له‌ ئاکامی پاشه‌کشه‌ی پێگه‌ی له‌ کۆنترۆڵکردنی دۆخی عێراقدا لاواز بو‌ و هه‌وڵی پینه‌کردنی‌ ده‌دا، بۆ ئه‌وه‌ پێشنیازی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی کرد که‌ عه‌لاوی سه‌رۆکایه‌تی بکات. له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌نه‌که‌ لایه‌نه‌کان رێک نه‌که‌وتن و له‌و ساته‌وه‌ش ئیداره‌ی ئۆباما له‌ سیاسه‌تی به‌رامبه‌ر به‌ عێراق و کو‌رد ده‌ست کراوه بوە‌ و به‌هیچ گرێبه‌ستێکه‌وه‌ خۆی‌ پابه‌ند نه‌کرد‌.

کورد وقەیرانەکە
مسعود بارزانی لە ژێر فشاری ئەمریکا ئەو رۆڵەی لە سازدانی کابینەی دوەمی مالیکی بەرێگەی ریکەوتنی هەولێرەوە بینی. رێکەوتنێک کە مەبەست لێی حکومەتی نیشتمانی شەراکەت بو لە گەڵ سنوردارکردن ودیاریکردنی دەسەڵاتەکانی مالیکی وچارەی کێشەکانی نێوان هەرێم وبەغدا. 
رۆڵی جلال تاڵەبانی بەهۆی دۆخی خۆی وحزبەکەی وفشاری بێئەندازەی ئێرانیەکان یەکلاکەرەوە نەبو لە دیاری کردنی ئاراستەی قەیرانەکە.
بەشداری مالیکی لە لوتکەی عەرەبی زیاتر بۆ هێورکردنەوەی پەیوەندیەکانی لە گەڵ وڵاتانی عەرەبی سوننە و سەرکردەکانی بەکارهێنرا، پەیامێکیش بو کە عێراق لە ژێر سەرکردایەتی ئەودا لە دنیای عەرەب دانەبراوە. هەنگاوێک کە مایەی دەسخۆشیکردن بو لە لایەن ئۆباماوە.
بارزانی تەنها کەسایەتی سیاسی دەسەڵاتدار بو کە دەیتوانی کار بۆ "هێورکردنەوە" وئاراستەکردنی تەنگەژە وئاڵۆزیەکان بەرەو "چارەکردن" ببات. بێهودەیی مالیکی ومتمانە نەکردن پێی بارزانی ناچار کرد‌ نه‌یەوێت قورسایی سیاسی خۆی بێ زەمانات وبەرچاورونیەکی تەواو بۆ ئەو مەبەستە بەکار بهێنێت. 
ئەم هەڵوێستە بارزانی روبەروی دیلێمایەکی سیاسی ئاڵۆز کردەوە وبانگێشکردنی بەپەلەی لە لایەن ئیدارەی ئۆباماوە سەختترین وێستگەی ئەو دیلێمایە بو. 
لە لایەکی ترەوە سەردانی بەرێز نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران ودانیشتنی لە گەڵ موقتەداسەدر، پیاوە توندرەوەکەی شیعەکان، وێستگەیەکی سەختی تری ئەو دیلێمایە بو، چونکە بێ رازیکردنی ئێران ئەستەمە گۆرانکاری لە حوکمرانی عێرقدا بکرێت وبۆ بەدەستهێنانی ئەو گلۆپە سەوزەی ئێران دەبێت بارزانی نرخێکی زۆر بە ئێرانیەکان بدات. ئەمانە بێجگە لە بەرچاوکەوتنی درزێک لە هەڵوێستی هێزە سیاسیەکانی باشوری کوردستان لە مەر ئەم قەیرانە. پرسیاری سەرەکی ئەوە بو بارزانی تا چ رادەیەک دەتوانێت بەردەوامی بەهەڵوێستی خۆی بدات، ئەو هێز وهاوکێشانە چین کە بارزانی پشتیان پێدەبەست لەو هەڵوێستەیدا. 

سه‌ردانی بارزانی بۆ ئه‌مریکا
له‌ سه‌ردانی مسعود بارزانی بۆ ئه‌مریکا له 4 مانگی نیسانی 2012 و به‌پێی راپۆرتێکیUSA Today و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا ئیداره‌ی ئۆباما فشاری خستۆته‌ سه‌ر بارزانی بۆ به‌شداری چالاکانه‌ی له‌ چاککردنی په‌یوه‌ندیه‌کانی له‌ گه‌ڵ به‌غدا و به‌پێی هه‌مان سه‌رچاوه‌ بینینی ئۆباما بۆ بارزانی کورت بوه. 
‌رۆژێک دوای دانیشتنه‌که‌ بارزانی له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا له‌ گه‌ڵ رۆژنامه‌ی "الحیاە" وتی که‌ له‌ چاوپێکه‌وتنی ئۆباما و بایدنی جێگری داوای لێ کردون کۆنفرانسێک که‌ هه‌مو لایه‌نه‌ عێراقیه‌کان به‌شداری بکه‌ن له‌ هه‌ولێر له‌ کاتی گه‌رانه‌وه‌یدا (ناوه‌راستی مانگی نیسانی 2012) ساز بکرێت و راشیگه‌یاند که‌ هه‌رد دو به‌رپرسی ئه‌مریکی پشتگیری خۆیان بۆ کۆنفرانسه‌که‌ ده‌ربریوه‌. 
بێجگه‌ له‌ باسکردنی کێشه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بارزانی خوازیار بوه‌ پێناسه‌ی جۆزف بایدن بۆ په‌یوه‌ندیه‌کانی هه‌رێم و ئه‌مریکا که‌ له‌ سه‌ردانی مانگی دیسه‌مبه‌ری 2011 بۆ هه‌ولێر به‌ "په‌یوه‌ندی تایبه‌ت" وه‌سف کردوه‌ ورد بکرێته‌وه. له‌م سه‌ردانه‌دا بارزانی چاوی به‌ شاندێکی ئێکسۆن مۆبایل و ژوری بازرگانی ئه‌مریکا که‌وت و داوای وه‌به‌رهێنانی زیاتری له‌ کوردستان لێکردن.
له‌و سه‌ردانه‌دا بارزانی به‌ سه‌رسورمانه‌وه‌ بیستی که‌ ئه‌مریکیه‌کان سورن له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنی سه‌فقه‌ی فرۆشتنی فرۆکه‌ی ئێف- 16 به‌ عێراق و له‌ ره‌تدانه‌وه‌یه‌کدا وتی: هه‌ست به‌ هه‌ره‌شه‌کردن ده‌که‌م ئه‌گه‌ر مالیکی ئه‌و چه‌کانه‌ی ده‌ست که‌وێت. 
راسته‌ عێراق سوپایه‌کی نیزامی هه‌یه‌ که‌ چه‌ند سه‌د هه‌زار سه‌ربازی هه‌یه‌. له‌ کۆتایی ساڵی 2008 حکومه‌تی عێراق زیاتر له‌ 200 تانکی M-1  ئابرامسی ئه‌مریکی کریوە، که‌ یه‌کێکه‌ له‌ مۆدێرێنترین تانکی ئه‌م سه‌رده‌مەیە‌ و نرخی سه‌فقه‌که‌ 10.9 ملیارد دۆلار بو. ‌پرسیارێکی ره‌وا ئایا بارزانی له‌ ئاکامی ئه‌و سه‌فقه‌یه‌ هه‌ستی به‌مه‌ترسی نه‌کرد؟ بۆچی ئه‌و ساته‌ لای ئه‌مریکا ناره‌زایی پیشان نه‌دا؟  
له‌ دوای کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا بارزانی له‌ به‌ڵێنه‌کانی ئه‌مریکا و ئاستی په‌یوه‌ندیه‌کان دڵنیا نەبو‌. ئه‌و سه‌ردانه‌ی نه‌یتوانی خه‌م و قه‌له‌قی بارزانی بره‌وێنێته‌وه.
دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بارزانی بۆ کوردستان له‌ گه‌ڵ تا‌ڵه‌بانی گه‌یشتنه‌ رێکه‌وتنێک له‌ سه‌ر چاره‌کردنی کێشه‌کان له‌ چوارچێوه‌ی خاڵه‌ بنه‌ره‌تیه‌کانی رێکه‌وتنی هه‌ولێر (ئه‌م رێکه‌وتنه‌ له‌ ژێر فشاری بێئه‌ندازه‌ی ئه‌مریکا له‌ سه‌ر بارزانی سازکرا). دواتر هه‌وڵه‌کان بۆ به‌ستنی کۆنفرانسه‌که‌ له‌ هه‌ولێر شکستی هێنا.
بارزانی پاش گه‌رانه‌وه‌ی له‌ واشنتۆن له‌ چاوپێکه‌وتنێک له‌ گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵ Associated Press له‌ نیسانی 2012 دا له‌ ئۆفیسی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم ئاماژه‌ی دا به‌وه‌ی که‌ سه‌بری ته‌واو بو به‌رامبه‌ر داواکانی ئۆباما و جۆزف بایدنی جێگری بۆ کارکردن له‌ گه‌ڵ حکومه‌ته‌که‌ی مالیکی، وتی: " زۆر دو‌باریان کردۆته‌وه‌ که‌ پشتگیری عێراقێکی فیدراڵی دیموکراتی یه‌کگرتو ده‌که‌ن. من دڵنیام کردونه‌ته‌وه‌ ئه‌گه‌ر عێراق دیموکرات و فیدراڵ و پلوراڵ بێت ئه‌وا عێراق یه‌کگرتوش ده‌بێت، بێگومان ئێمه‌ ته‌حه‌فوزاتمان سه‌باره‌ت به‌ سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستیان هه‌یه‌".  
به‌پێی هه‌واڵی سه‌رچاوه‌یه‌ک نزیک له‌ ده‌زگای هه‌واڵگری ئیسرائیڵ ئاڵۆزی و گرژێ نێوان ئۆباما و بارزانی گه‌یشتونه‌ته‌ لوتکه‌. له‌ هه‌واڵه‌که‌دا هاتوه‌ که‌ مسعود بارزانی له‌ ناوه‌راستی مانگی یه‌کی 2012 نامه‌یه‌کی ئاراسته‌ی ئۆباما کردوه‌ و تێدا داوای کردوه‌ که‌ گرێبه‌ستی کرینی چه‌ک به‌بڕی 11 ملیار دۆلار نێوان عێراق و ئه‌مریکا‌ ئیلغا بکرێت و له‌ هه‌مان کاتیشدا بارزانی جه‌ختی له‌ سکاڵای خۆی کردۆته‌وه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئه‌مریکا چه‌کی پێویستی بۆ پێشمه‌رگه‌ دابین نه‌کردوه‌. به‌پێی گریبه‌سته‌که عێراق ئاماده‌یه‌ فرۆکه‌ جه‌نگیه‌کانی جۆری ( F-16‌ ‌) و تانکی جۆری (MIAI Abramaz ) و تۆپ و که‌لوپه‌لی سه‌ربازی له‌ ئه‌مریکا بکرێت، هه‌روه‌ها مه‌شق پێکردنی سوپای عێراق له‌ لایه‌ن ئه‌مریکیه‌کانه‌وە به‌شێکه‌ له‌ گرێبه‌سته‌که‌.
ئه‌مریکا ئه‌م داواکاریانه‌ی بارزانی ره‌تکردۆته‌وه‌ و به‌پێی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ک یه‌کێک له‌ داواکانی ئه‌مریکا له‌ بارزانی وه‌ستاندنه‌وه‌یه‌تی دژ به‌ ئێران. ‌
هه‌واڵه‌که‌ باس له‌وه‌ کردوە که‌ بارزانی به‌م هه‌ڵوێسته‌ گۆراوه‌ی ئه‌مریکا سه‌رسورماوه‌ و پێشی وابوە‌ که‌ مالیکی و سوپاکه‌ی ده‌توانن له‌ ماوه‌ی دو‌ ساڵدا به‌و چه‌که‌ ئه‌مریکیانه‌ هه‌رێم داگیر بکه‌ن و گه‌مار‌ۆی که‌رکوک و موسڵ و کێڵگه‌کانی نه‌وت له‌ هه‌رێم بده‌ن. 

پۆسته‌که‌ی تا‌ڵه‌بانی 
لەو سەردەمەدا قه‌یرانی سیاسی سه‌ر‌تاپای عێراقی گرتبوەوە، سوننه‌ و سه‌دریه‌کانیش هێدی هێدی دۆخه‌کەیان‌ ده‌قۆستەوە‌ و ئه‌گه‌ره‌کانی مه‌ترسی له‌ سه‌ر کورد تا  دەهات رو له‌ زیادبون بو.، پێده‌چو غیابی درێژی‌ تا‌ڵه‌بانی به‌هۆی نه‌خۆشیه‌وه‌ بۆ چه‌ند لایه‌نێک هه‌لێک بو تا‌ به‌ پرکردنه‌وه‌ی پۆسته‌که‌ی پینه‌ی ئه‌م قه‌یرانه‌ سیاسیه‌ی پێبکه‌ن.‌ 
بارزانی له‌ پشت په‌رده‌وه‌ سه‌رقاڵی لێدوان و ئاڵوگۆری بیرورا بو‌ له‌ گه‌ڵ کۆنسوڵگه‌ری ئه‌مریکا به‌مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ رێکه‌وتنێک بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌یادعه‌لاوی پۆسته‌که‌ی تاڵه‌بانی وه‌ربگرێت. سه‌رچاوه‌ سیاسیه‌کان ئاماژەیان دەکرد بەوەی که‌ عه‌لاوی ئیشاراتی له‌ لایه‌نی ئه‌مریکا له‌ دانیشتنه‌که‌دا وه‌رگرتوه‌، دانیشتنه‌که‌ له‌ لایه‌ن بارزانی له‌ ده‌وروبه‌ری ١٠ مانگی شوباتی ٢٠١٢  له‌ هه‌لێر رێکخرابو‌ و شاندێکی باڵای کۆنسۆڵخانه‌ی ئه‌مریکیش ئاماده‌ی بوه‌. به‌پێی هه‌مان سه‌رچاوه‌ بارزانی رونیکردۆته‌وه‌ که‌ دانانی عه‌لاوی به‌سه‌رۆک کۆمار رێگه‌ خۆشکه‌ره‌ بۆ چاره‌ی کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی عێراق، به‌تایبه‌ت ئاراسته‌یه‌کی‌ به‌هێز هه‌یه‌ که‌ هاوپه‌یمانی لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان جڵه‌وی حوکمرانی بگرێته‌ ده‌ست و دانانی عه‌لاوی هاوسه‌نگیه‌ک نێوان سێ پێکهاته‌ی سه‌ره‌کی عێراق دروست ده‌کات. به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی بارزانی کورد له‌م ئاڵوگۆره‌دا زۆر سودمه‌ند ده‌بێت چونکه‌ دانانی عه‌لاوی دۆخی تێکچوی عێراق راست ده‌کاته‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا بو‌ که‌ سه‌رجه‌م هێزه‌کانی عێراق کۆک بون له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ پله‌ و پێگه‌کان دابه‌ش بکرێنه‌وه‌. 

داعش و کورد و ئەمریکا
دوای داگیرکردنی موسڵ و روداوه‌کانی تر گه‌لێک پرسیار سه‌باره‌ت به‌توانا سه‌ربازی و لۆجیستیک و راگه‌یاندن و داراییه‌کانی داعشه‌وه‌ ده‌کرێت. 
له‌ ساڵی 2007  دارێژه‌رانی سیاسه‌تی ئه‌مریکا و سعودیه‌ پێیان وابو بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی نفوزی ئێران که‌ له‌ عێراق و سوریا تا باشوری لوبنان درێژده‌بێته‌وه‌ شه‌ر و ئاڵۆزی له‌ ناوچه‌که‌ باشترین ئامرازه‌ بۆ تێکدانی ئه‌و هاوکێشه‌یه‌ و دانانی سنور و کۆسپ له‌ به‌رده‌میدا. له‌و ساڵه‌وه‌ به‌دواوه‌ داعش مه‌شقی پێکراوه‌ و چه‌کدار کراوه و پاره‌یه‌کی زۆری له چه‌ند وڵاتێکی ئەنجومەنی هاریکاری که‌نداوه‌وه‌ پێبه‌خشراوه‌ و چه‌ندین کارئاسانی بۆ کراوه‌ و یارمه‌تیش دراوه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامێکی ناتۆ که‌ تو‌رکیایه.
هاوکات له‌ گه‌ڵ ئه‌و سیاسه‌ته‌ تازه‌یه‌ له‌ ساڵی 2007 نوسینێک له‌ رۆژنامه‌ی New
 Yorker ‌‌بڵاوکرایه‌وه‌‌، نوسه‌ره‌که‌ی،Seymour Hersh، که‌ له‌ سه‌نته‌ره‌کانی بریاردان له‌ واشنتۆن نزیکه‌ نوسیویه‌تی: " بۆ پوچه‌لکردنی رۆڵی ئێران ئیداره‌ی بوش بریاریداوه‌ پێداچونه‌وه‌ به‌ ئه‌فزه‌ڵیه‌تی سیاسه‌تیان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا بکه‌ن. له‌ لوبنان له‌ گه‌ڵ سعودیه‌ به‌یه‌که‌وه‌ کاریان کرد تا حزب الله‌ لاواز بکه‌ن که‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پشتگیری ده‌کرێت، هه‌روه‌ها ئه‌مریکا رۆڵی به‌رچاوی هه‌بوه‌ له‌ چه‌ند ئۆپه‌راسیۆنێکی تایبه‌ت دژ به‌ ئێران و سوریا". یه‌کێک له‌ ئاکامه‌کانی ئه‌م سیاسه‌ته‌ به‌هێزبونی گروپه‌ رادیکاڵه‌ سوننه‌کان بو که‌ ئه‌وکات هه‌واداری رێکخراوی ئه‌لقاعیده‌ بون. 
پێشتر ئه‌مریکا له‌ ئه‌فغانستان هه‌مان سیاسه‌تی پێره‌و کردبوZbigniew Brzezinski  راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی سه‌رۆک جیمی کارتر (1977-1981) له‌ ساڵی 1979 پاش داگیرکردنی ئه‌فغانستان له‌لایه‌ن یه‌کێتی سۆڤیه‌ته‌وه‌ پرۆگرامێکی یارمه‌تی سه‌ربازی و پاره‌ی بۆ موجاهیدینی ئه‌فغانستان ده‌ست پێکرد، له‌ ئاکامدا سه‌رهه‌ڵدانی گروپه‌ ئیسلامیه‌ توندره‌وکانی لێکه‌وته‌وه‌. ئوسامه‌ بن لادن یه‌کێک بو له‌وانه‌ی ئه‌مریکا له‌ ئه‌فغانستان به‌چه‌ک و پاره‌ دژی سۆڤیه‌ت پشتگیری ده‌کرد.
به‌هه‌مان شێوه‌ش ئه‌مریکیه‌کان چه‌ندین جار له‌ گه‌ڵ گروپه‌ یاخبیوه‌کانی سوریا به‌‌ توندره‌وه‌کانێشه‌وه‌ دانیشتون،‌ که‌ پێده‌چیت له‌ به‌شێک لێیان نوێنه‌رانی داعش به‌شداریان کردوه، ئه‌مریکا و رۆژئاوا و دۆسته‌ نزیکه‌کانیان له‌ ناوچه‌که‌ چه‌ک و یارمه‌تی تریان به‌و گروپانه‌ داوه‌ دژ به‌رژێمه‌که‌ی ئه‌سه‌د. ‌


سیاسه‌تی ئیداره‌ی ئۆباما بەرامبەر بە داعش
له‌ سه‌ره‌تای سێپته‌مبه‌ری 2014 سه‌رۆک ئۆباما رایگه‌یاند که‌ به‌رفراوانکردنی جه‌نگ دژ به‌ داعش مانای ته‌عه‌هود نیه‌ بۆ به‌کارهێنانی هێزی پیاده‌، جه‌ختیشی کرده‌وه‌ که‌ هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ عێراق ئه‌رکی شه‌رکردنیان نیه‌. 
ماوه‌یه‌کی کورت دوای ئه‌م وتاره‌ی ئۆباما، ژه‌نه‌راڵ Martin Dempsey سه‌رۆکی هه‌یئه‌ی ئه‌رکانی هاوبه‌شی ئه‌مریکا په‌یامێکی پێچه‌وانه‌ی هه‌بو کاتێک له‌به‌رده‌م لیژنه‌ی سه‌ربازی کۆنگرێس رونکردنه‌وه‌ی ده‌دا، وتی: " ئه‌گه‌ر بگه‌ینه‌ ئه‌و ساته‌ی  باوه‌رم لا دروست بێت که‌ راوێژکاره‌کانمان ده‌بێت له‌ گه‌ڵ هێزه‌کانی عێراقدا بن بۆ په‌لاماردانی ئامانجه‌ تایبه‌کانی داعش ئه‌وا داوا له‌ سه‌رۆک ده‌که‌م ره‌زامه‌ند بێت". ئه‌م وتانه‌ ئاماژه‌یه‌ک بون بۆ هه‌وڵه‌کان بۆ گرتنه‌وه‌ی موسڵ. 
مایه‌ی سه‌رسورمان بو که‌ ژه‌نه‌راڵ دێمپسی رای خۆی ده‌ربریوه‌ و کۆشکی سپیش رایگه‌یاند که‌ قسه‌کانی راسپارده‌ی کۆشکی سپی نین. 
ماوه‌یه‌کی کورت دوای ئه‌م روداوانه‌ ئیداره‌ی ئۆباما ده‌رگای بۆ رۆلی زیاتری ئه‌مریکا له‌ شه‌ری داعشدا واڵاکرد. ‌له‌ چاوپێکه‌وتنێکی ئۆباما له‌ گه‌ڵ به‌رپرسی به‌شی هه‌واڵی CBS له‌ مانگی نۆڤه‌مبه‌ری 2014 له‌سه‌ر جه‌نگ دژ به‌ داعش وتی: 
" هێرشه‌ ئاسمانیه‌کان کاریگه‌ری زۆریان هه‌بوه‌ له‌ په‌کخستنی به‌شێک له‌ تواناکانی داعش و راگرتنی به‌ره‌وپێشچونیان، ئه‌وه‌ی ئێستا پێویستمانه‌ هێزی سه‌ر ئه‌رزه‌، هێزه‌ پیاده‌کانی عێراق ده‌توانن پاشه‌کشه‌ به‌ داعش بکه‌ن، ئه‌وه‌ی نه‌گۆراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ هێزه‌کانمان به‌شداری شه‌ر ناکه‌ن". 
ئۆباما جه‌ختیکرده‌وه‌ له‌وه‌ی که‌ ناردنی 1500 سه‌ربازی تری ئه‌مریکی بۆ عێراق بۆ مه‌شق پێکردنی عێراقیه‌کانه‌ له‌ چوار سه‌نتەری مه‌شق و بۆ یا‌رمه‌تیدانی لۆجیستیکیانه‌ له‌ شه‌ری دژ به‌ داعش. وتیشی کاتێک هێزه‌ عێڕاقیه‌کان هێڕش بکه‌ن هێرشه‌ ئاسمانیه‌کان خه‌ستتر ده‌که‌ین.
واشنتۆن هیوادار بو به‌م پلانه‌‌ ده‌رفه‌ت بره‌‌خسێت بۆ پرچه‌ککردن و مه‌شقکردنی هێزه میانره‌وه‌کانی‌ ئۆپزسیۆنی سوریا تا بتوانن به‌ره‌نگاری داعش ببن و له‌ دوا مه‌تافیشدا رژێمی ئه‌سه‌د، به‌ڵام سوپای ئازادی سوریا له‌ دو به‌ره‌دا شه‌ری ده‌کرد، دژ به‌ هێزه‌کانی ئه‌سه‌د و دژ به‌ هێزه‌ تونده‌ره‌وه‌کانی وه‌ک داعش و به‌ره‌ی نوسره‌‌. 
له‌ ئه‌رزی واقیعدا ده‌رکه‌وت ئه‌م پلانه‌ له‌سه‌ر حساباتی هه‌ڵه‌ دارێژرابو. 
ئیداره‌ی ئۆباما له‌ ئاکامی روداو و گۆرانکاریه‌کان له‌ ئه‌رزی واقیعدا گه‌یشتنه‌ ئه‌و باوه‌ره‌ی که‌ کاتیان بۆ " یه‌که‌مجار عێراق First Iraq" نیه‌، چونکه‌ کاتێک داعش له‌ عێراق ده‌ربکرێت و به‌ره‌و سوریا هه‌ڵبێن و له‌ هه‌مان کاتیشدا ئۆپزسیۆنی میانره‌وی سوریا له‌ شوێنی خۆی چه‌قی بێت و داعش له‌ سوریا چالاک بێت مانای ئه‌وه‌یه‌ شتێکی ئه‌وتۆ به‌ده‌ست نه‌هێنراوه‌. 
له‌ ناوه‌راستی مانگی ئۆکتۆبه‌ری ساڵی ٢٠١٢ ئۆباما نامه‌یه‌کی بۆ ئایه‌توڵڵا علی خه‌ماینی نارد و تێیدا باسی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ر دو وڵات له‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی داعش له‌ عێراق و سوریا ده‌کات.
به‌هۆکاری ‌ته‌ده‌خولی سه‌بازی راسته‌وخۆی سنورداری ئه‌مریکا سنورێک بۆ پێشه‌وه‌چون و په‌لاماره‌کانی داعش بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان دانرابو‌، بابزانین ئیداره‌ی ئه‌مریکا بۆچی ئه‌و بریارانه‌ی دابو‌ و چۆن به‌شێک له‌ چاودێرانی دنیا هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ ده‌کرد، کوردیش چۆن چاوه‌روانیه‌کانی له‌و ته‌ده‌خوله‌ی ئه‌مریکا دارشتبو.

ئۆباما و راگه‌یاندنی بریاره‌که‌
سه‌رۆک ئۆباما سه‌باره‌ت به‌بریاره‌که‌ی رونکردنه‌وه‌یه‌کی‌ دا و له‌ سه‌ره‌تادا وتی:
" له‌ مانگی حوزه‌یران وتم – کاتێک گروپی تێرۆریستی داعش موسڵی گرت و ده‌ستی به‌ پێشکه‌وتن له‌ عێراق کرد – ئه‌مریکا ئاماده‌سازی بۆ کاری سه‌ربازی له‌ عێراق ده‌کات، هه‌ر کاتێک زانیمان که‌ دۆخه‌که پێویستی به‌و کارانه‌ هه‌یه‌ ئه‌وا ئه‌نجامیان ده‌ده‌ین. له‌ دوا رۆژه‌کاندا ئه‌م تێرۆریستانه‌ به‌رده‌وامبون له‌ پێشه‌وه‌چونیان له‌ عێراق و له‌ شاری هه‌ولێر نزیکبونه‌ته‌وه، له‌و شاره‌ دیبلۆماتکار و کارمه‌ندانی سیڤیلی ئه‌مریکی له‌ کۆنسوڵخانه‌ کارده‌که‌ن و هه‌روه‌هاش رواێژکارانی سه‌ربازی ئه‌مریکی بۆ سوپای عێراق له‌وێ کاری خۆیان ده‌که‌ن". له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا وتی: 
"To stop the advance on Erbil, I've directed our military to take targeted strikes against ISIL terrorist convoys should they move toward the city”.
 " به‌مه‌به‌ستی وه‌ستاندنی پێشره‌وی بۆ هه‌ولێر فه‌رمانم به‌هێزی سه‌ربازی داوه‌ تا هێرشی ئاسمانی بۆ سه‌ر قافڵه‌کانی داعشی تێرۆریست بکه‌ن له‌ حاڵه‌تیكدا به‌ره‌و شاره‌که‌ جوڵه‌ بکه‌ن.‌‌ ئێمه‌ به‌ئاگا ده‌بین و ئه‌گه‌ر ئه‌م هێزه‌ تیرۆریستانه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر کارمه‌ندانمان و کاره‌کانمان له‌ هه‌ر  شوێنێکی عێراق دروست بکه‌ن، به‌ کونسوڵخانه‌که‌شمانه‌وه‌ له‌ هه‌ولێر و باڵیۆزخانه‌که‌مان له‌ به‌غداد ئه‌وا کاری پێویست ده‌که‌ین ، هاوکاتیش یارمه‌تی به‌په‌له‌ی حکومه‌تی عێراق و هێزه‌ کوردیه‌کان ده‌ده‌ین تا چالاکانه‌تر شه‌ری داعش بکه‌ن. پێشتر رامگه‌یاندوه‌ ئه‌مریکا ناتوانێت و ناشبێت له‌ هه‌ر قه‌یرانێک له‌ دنیا دروستبو ته‌ده‌خول بکات. کاتێک خۆم بۆ ئه‌م کاره‌ کاندید کرد به‌شێک له‌ کارنامه‌که‌م کۆتاییهێنانی‌ ‌شه‌ره‌که‌مان بو له‌ عێراق و گه‌رانه‌وه‌ی هێزه‌کانمان، ئه‌مانه‌مان ئه‌نجامدا، من وه‌ک فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌کان رێگا ناده‌م ئه‌مریکا جارێکی تر توشی شه‌رێکی تر له‌ عێراق ببێته‌وه‌، له‌ گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا پشتگیری عێراقیه‌کان له‌ شه‌رکردنیان له‌ گه‌ڵ ئه‌م تیرۆریستانه‌ ده‌که‌ین، هێزه‌کانی ئه‌مریکا ناگه‌رێنه‌وه‌ تا له‌ عێراق شه‌ر بکه‌ن، چونکه‌ ئه‌مریکا چاره‌ی سه‌ربازی بۆ قه‌یرانی گه‌وره‌ی عێراق نیه‌، ته‌نها چاره‌ی تۆکمه‌ ئاشتبونه‌وه‌ی پێكهاته‌کانی عێراق و هێزێکی ئاسایشی به‌هێزی عێراقه"‌.

هه‌ڵسه‌نگاندنی چاودێران
به‌هه‌ڵسه‌نگاندنی چه‌ند چاودێرێک کاتێک سه‌رۆک ئۆباما بریاری هێرشی هێزی ئاسمانی دژ به‌ داعش دا، ده‌سته‌واژه‌ی " هێڵێ سو‌ر" ی به‌کارنه‌هێنا، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا په‌یامی بریاره‌که‌ زۆر ئاشکرا بو.
ولایه‌ته‌ یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا هێزی سه‌ربازی دژ به‌ داعش به‌کارده‌هێنێت ته‌نها له‌ حاڵه‌تێکدا ئه‌گه‌ر داعش هه‌ره‌شه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان بکات. ئه‌مه‌ هێڵه‌ سوره‌که‌یه‌. 
له‌ مانگی حوزه‌یران کاتێک داعش موسڵ و چه‌ند ناوچه‌یه‌کی تری سوننه‌نشینی گرت ئه‌مریکا ته‌نها راوێژکاری سه‌ربازی بۆ عێراق ره‌وانه‌کرد و به‌شێکی زۆری دیبلۆماتکاره‌کانی بۆ هه‌رێمی کوردستان گواسته‌وه‌، ئه‌مریکا ئه‌وسات هیچ هه‌نگاوێکی سه‌ربازی دژ به‌ داعش نه‌کرد.

زه‌مینه‌ی بریاره‌که
کاتێک له‌ هه‌فته‌ی یه‌که‌می مانگی ئۆگۆست داعش په‌لاماری چه‌ند ناوچه‌یه‌کی هه‌رێمی کوردستان دا و چه‌ند شار و شارۆچکه‌ی گرت و له‌ هه‌ولێری پایته‌خت نزیک ده‌بوه‌وه‌ و کاره‌ساتێکی مرۆیی ده‌رهه‌ق به‌ ئێزیدیه‌کان دروست کرد حسابه‌ته‌کانی ئیداره‌ی ئۆباما گۆرانکاریان به‌سه‌ردا کرا.
داگیرکردنی هه‌رێمی کوردستان هێڵی سور بو‌ بۆ داعش، چه‌ندین هۆکاری گرنگ بۆ ئه‌م هاوکێشه‌یه‌ له‌ ئارادان، له‌وانه‌: هه‌رێم له‌ بواری سیاسیه‌وه‌ زۆر له‌ ناوچه‌کانی تری عێراق ئارامتر بو‌، هه‌رێمی کوردستان ناوچه‌یه‌کی بچوکه‌ و له‌ ساتی روخاندنی سه‌دام له‌ 2003 دا ‌ نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆییه‌کی هه‌بوه‌‌‌ و له‌و ساته‌وه‌ش زیاتر له‌ به‌غداد دورکه‌وتۆته‌وه‌، هه‌رێم خاوه‌نی حوکمرانیه‌کی خۆماڵی و هێزێکی سه‌ربازی گه‌وره‌ و کاریگه‌ره‌، هه‌رێم به‌پێچه‌وانه‌ی حکومه‌تی عێراقه‌ که‌ نائارام و زۆر گه‌نده‌ڵ و ده‌سه‌ڵاتێکی ئۆتۆریته‌ر به‌رێوه‌ی ده‌بات. زیاده‌ بۆ ئه‌مانه‌ش هێزه‌‌ سیاسی و سه‌ربازیه‌کانی هه‌رێم په‌یوه‌ندی به‌رده‌وام و دۆستانه‌یان له‌ گه‌ڵ ئه‌مریکا هه‌یه‌، بۆیه‌ مه‌ترسیه‌کان له‌سه‌ر ئه‌مریکیه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان‌ زۆر که‌مه، ئه‌مه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی به‌شه‌کانی تری عێراق که‌ فه‌وزا و بێسه‌روبه‌ری باڵاده‌ستن.
به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی پسپۆری شاره‌زای خۆ‌رهه‌ڵاتی ناوه‌راست Kirk Sowell ، ئه‌و شوێنانه‌ی داعش داگیری کردون گرنگیه‌کی ئه‌وتۆیان نیه، بۆ نمونه‌ پارێزگای ئه‌نبار که‌ پارێزگایه‌کی سوننه‌ی یاخیبوه‌ نزیکه‌ی 95% داهاتی پاره‌ی له‌ به‌غداد وه‌رده‌گرێت، نه‌ینه‌واش که‌ پارێزگایه‌کی یاخیبوه‌ دوچاری دارمانێکی ته‌واوی ئابوری ده‌بێت، بۆیه‌ ئه‌و سوننانه‌ی له‌م پارێزگایانه‌ و شوێنه‌کانی تر ده‌ژین زیاتر له‌ خه‌ڵکی تر به‌ده‌ست دۆخه‌که‌وه‌ ده‌ناڵێننن. پێده‌چیت ئه‌م واقیعه‌ و چه‌ند هاوکێشه‌یه‌کی سیاسی نێوان ئه‌مریکا و وڵاتانی دۆستی له‌ ناوچه‌که‌ له‌پشت ئه‌و بێده‌نگیه‌ی ئه‌مریکاوه‌ بن سه‌باره‌ت به‌ رۆڵی داعش له‌ ناوچه‌کانی سوننه‌.
چاودێران پێیان وابو‌ به‌هۆی ئه‌و زه‌مینه‌ و هۆکارانه‌وه‌یه‌ ئیداره‌ی ئۆباما بریاری به‌رگریکردنی له‌ هه‌رێمی کوردستان دا و ئه‌و بریاره‌ی بۆ به‌شه‌کانی تری عێراق نه‌دا‌. بۆیه‌ به‌که‌وتنی هه‌ولێر و گرتنی له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ کاریگه‌ری ئه‌مریکا له‌ عێراق و ناوچه‌که‌ش بێئه‌ندازه‌ که‌مده‌بوەوە‌. 
به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌رێم به‌رگریکردن له‌ عێراق دژ به‌ داعش زۆر ئه‌سته‌متره‌، هێزه‌ سه‌ربازیه‌کانی عێراق تا سه‌ر ئێسکیان گه‌نده‌ڵن، له‌ رابوردوشدا به‌کۆمه‌ڵ به‌ره‌کانی شه‌ر و ئه‌رکه‌کانیان به‌جێهێشتوه‌. داعش به‌شێکی گه‌وره‌ی عێراقی کۆنترۆڵ کردبو‌ و ده‌رکردنیان پێویستی به‌ داگیرکردنێکی تری عێراق‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه هەبو‌. 
هاوکاتیش بۆ ئه‌مریکا گرتنه‌وه‌ی هه‌مو باکوری عێراق کارێکی پر مه‌ترسی بو‌‌، ئه‌مه‌ش له‌ گه‌ڵ سیاسه‌تی ئۆباما یه‌کیان نەدەگرتەوە‌ کاتێک هێزه‌کانی ئه‌مریکای له‌ کۆتایی ساڵی 2011  له‌ عێراق کشانده‌وه‌. 
وێرای ته‌حه‌فوزی ئه‌مریکا بۆ کاری سه‌ربازی به‌رفراوان له‌ هه‌رێم وه‌لێ په‌یامێکی کۆنکرێت و رونیان به‌ داعش گه‌یاند: له‌ هه‌رێمی کوردستان نزیک مه‌به‌ره‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌به‌شه‌کانی تری عێراق ده‌بێت هێزه‌ سیاسیه‌کان پێشوه‌خت چه‌ند به‌ڵێنێکی سیاسی جێبه‌جێ بکه‌ن. به‌ واتایه‌کی تر ئه‌مریکا ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی دژ به‌ داعش ناکات ئه‌گه‌ر داعش له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوری هه‌رێمی کوردستان بمێنێته‌وه‌‌، له‌ ئه‌رزی واقیعدا ئه‌مه‌ ئه‌وهی‌ ده‌گه‌یاند کە داعش به‌رده‌وام ده‌بن له‌ تاوانه‌کانیان له‌و شوێنانه‌ی که‌ داگیریان کردبون‌ یا به‌رده‌وام له‌ژێر هه‌ره‌شه‌ و په‌لاماردانی داعشدا  بون.
 

کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا 
بەدرێژایی مێژو شەری مەزهەبی وتایفی ونەتەوەیی وستەمکاری دکتاتۆرەکان هاوڵاتیانی عێراقیان تەفروتونا وسەرگەردان وماڵوێران کردوە. لە زۆربەی ئەو ئەزمونانەدا دەرکەوتوە کە عێراقیەکان ناتوانن خۆیان لە خۆیان بپارێزن. ئەمجارەش راستەوخۆ دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا خۆخۆری وشەر وپەلاماردان لە باڵاترین ئاستی سیاسی عێراقدا سەریان هەڵهێنا وبە ئاراستەیەکی نادیاردا گوزەر دەکه‌ن. هۆکارەکانی دیار وزانراون، ئەوەی شیانی ئاماژە پێکردنە رۆڵی ئەمریکایە لە خۆشەکردنی زەمینەی سیاسی بۆ ئەم قەیرانە.
پاشگەزبونەوەی ئەمریکا لە رێکەوتن وبەڵینەکانی بە کورد، لە لایەکی ترەوە ئۆباما داوای سەرەکی کورد بۆ بەڵێن نامەیەک  بۆ پاراستنیان لە هەر مەترسیەک لە حکومەتی ناوەندەوە رەتکردۆتەوە ودوای کشانەوەی هێزەکانی کوردی بەتەنیا لەو هەریسەیەی عێراقدا جێهێشت. 
ئێکسۆن مۆبایل
ناشێت لە گەرمەی ئەو دۆخ و قەیرانەدا گرێبەستی حکومەتی هەرێم لە گەڵ ئێکسۆن مۆبایل لە بەرچاومان نەبێت. 
ئەم کۆمپانیایە یەکەم کۆمپانیای نەوتی گەورەی دنیایە هاتە کوردستان. کۆمپانیا گەورەکانی تر، وەک شێڵ وبریتیش پێترۆڵیەم بوێری هەنگاوێکی لەو جۆرەیان نەکردوە.
لە گەڵ ئیمزاکردنی گرێبەستەکەی لە گەڵ حکومەتی هەرێم، ئێکسۆن ئەو گرێبەستەی کە لە ساڵی 2009 دا وپاش 30 ساڵ دابراندنی کۆمپانیا نەوتەکانی ئەمریکا لە پیشەسازی نەوت لە عێراق، لە گەڵ حکومەتی عێراق بۆ گەشەپێدانی کێڵگەی نەوتی خۆرئاوای قورنە سازکردبو خسته‌ مەترسیەوە. بەرەچاوکردنی ئەوەی کێلگەی خۆرئاوای قورنە یەکێکە لە گەورەترین کیڵەگەکانی عێراق  کورد بە گەرمیەوە پێشوازی لەم هەنگاوەی ئێکسۆن مۆبایل کرد. 
گرێبەستەکەی ئێکسۆن شەش کێلگە دەگرێتەوە وسێ لەو کێلگانە دەکەونە ناوچە دابرێنراوەکانی کوردستانەوە، ئەم راستیە بۆ ئایندەی کورد بەهای گەورەی هەیە وبۆیەش دەسەڵاتدارەکانی بەغدا، وەک‌ مالیکی وشه‌هرستانی ئاگریان تێبەربو.
بەشێک لە نارەزایی وتوندی پەیامی سیاسی کورد بۆ مالیکی لەو سەردەمەدا پابەندبو بە مەترسی هەڵوەشاندنەوە یاخود راگرتنی گرێبەستەکەی ئێکسۆن لە گەڵ هەرێمدا. 


خیتابی یه‌کنه‌گرتوی کورد  
له‌ سه‌ره‌تاوه‌ کار‌ته‌کانی کورد تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵ بون و بێسه‌روبه‌ریه‌کی پێوه‌ دیاره،‌ چونکه‌ یه‌ک خیتابی نه‌ته‌وه‌یی له‌ باشور نیه‌ تا بخرێته‌ به‌رده‌م ئه‌مریکا. ‌‌هێزه‌کانی کورد له‌ باشور هه‌مویان پشتگیری ئه‌مریکایان ده‌وێت و موجامه‌له‌ی ده‌که‌ن بۆ پاراستن و زامنی نمونه‌ی حوکمرانی خۆماڵی و چاره‌ی كێشه‌ هه‌ڵسپێردراوه‌ بنه‌ره‌تیه‌کان له‌ گه‌ڵ به‌غدا و له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ردا هه‌مو کۆک نین له‌ سه‌ر بینینی رۆڵیان له‌ به‌شه‌که‌ی تری هاوکێشه‌که‌ که‌ ئه‌ویش به‌رژه‌وه‌ندی و داوکاریه‌کانی ئه‌مریکایه‌. له‌ گێژاوی غیابی یه‌ک ختابدا‌ پێگه‌ی هه‌رێم‌ لاواز و له‌رزۆک بوه‌ و‌ کاتێک بیه‌وێت به‌رگری له‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی بکات روبه‌روی چه‌ندین ئه‌سته‌نگ و کێشه‌ ده‌بێته‌وه‌. 

بۆ نمونه‌:
بە هەڵسەنگاندنی چەندی چاودێری سیاسی و ئەمنی له‌ گه‌رمه‌ی دۆستایه‌تی و نزیکبونه‌وه‌ له‌ ئه‌مریکا ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد چه‌ندین کارئاسانی و کاری ژێر به‌ژێریان کردوه‌ که‌ دژ به‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ باڵاکانی ئه‌مریکا‌ بون، وه‌ک‌ کارئاسانی  بۆ ده‌زگا و هێزه‌ تایبه‌ته‌کانی ئێران که‌ به‌شێک له‌ کاره‌کانیان په‌لاماردان و کوشتنی ئه‌مریکیه‌کا‌ن بوه‌ له‌ عێراق (وه‌ک گواستنه‌وه‌ی بۆمبی تایبه‌ت به‌رێگه‌ی کوردستانه‌وه‌ و به‌کارهێنانی له‌ به‌غدا و چه‌ند شوێنێکی تری عێراق، ژماره‌یه‌کی زۆر سه‌ربازی ئه‌مریکی پێی کوژراون). له‌ سه‌ره‌تای نیسانی 2004 دا کوردستان بوه‌ کۆریدۆرێک بو گواستنه‌وه‌ و جموجۆڵی گروپه‌ تێرۆریسته‌کان، وه‌ک گروپی (انصار السنە)‌، ئایا ئه‌وه‌‌ ئاکامی لێکتێگه‌یشتن (رێکه‌وتن) بوه ؟ و به‌وپێیه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد له‌ به‌رامبه‌ر جێبه‌جێنه‌کردنی کاری تیڕۆریستی له‌ هه‌رێم رێگه‌یان پێداون. 
به‌پێی چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی باوه‌رپێکراو ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد دزه‌یان به‌زانیاری گرنگ و هه‌ستیار کردوه‌‌، بۆیه‌ ئه‌مریکا له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ تایبه‌تیه‌کانی هێزه‌کانی له‌ هه‌رێم پێشوه‌خت ئاگادری ده‌سه‌ڵاتیان نه‌کردوه‌‌، وه‌ک له‌ 11 کانونی دوه‌م و 20 ئه‌یلولی 2007 که‌ هێزه‌کانی ئه‌مریکا 6 کارمه‌ندی ده‌زگا هه‌واڵگریه‌که‌نی ئێرانیان له‌ هه‌ولێر و سلێمانی ده‌ستگیر کرد. بریارده‌رانی ئه‌مریکا‌ گه‌یشتبونه‌ ئه‌و باوه‌ره‌ی که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد له‌و روه‌وه‌ شوێنی متمانه‌ نین.
ئه‌مریکا لای خۆیه‌وه‌ رایگه‌یاندوه‌ که‌ تێگه‌یشتنی هه‌یه‌ بۆ په‌یوه‌ندی ئاسایی هه‌رێم له‌ گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ به‌ڵام ناشێت ئه‌وه‌ له‌ سه‌ر حسابی ئه‌مریکا بکرێت.
ئه‌مریکا دو جار به‌راشکاوی پشتی له‌ کو‌رد کردوه‌ و له‌ ئاکامدا کورد دوچاری سه‌رگه‌ردانی و ماڵوێرانی بێئه‌ندازه‌ بوه‌، ساڵی 1975 و ساڵی 1991، له‌ دیسه‌مبه‌ری 2006 کاتێک راپۆرته‌که‌ی بێکه‌ر- هامڵتۆن ئاشکرا کرا، ترسی دوباره‌بونه‌وه‌ی ئه‌و مێژوه‌ به‌په‌له‌‌ زیندو بوه‌وه‌ ( له‌ راپۆرته‌که‌دا هاتبو که‌ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند له‌ به‌غدا به‌سه‌ر هه‌مو عێراقدا به‌ ناوچه‌کانی کوردیشه‌وه‌ زیندو و تۆکمه‌ بکرێته‌وه)، خۆشبه‌ختانه‌ ئیداره‌ی بوش ئه‌م خاڵانه‌ی راپۆرته‌که‌ی په‌سند نه‌کرد، لێره‌وه‌ هه‌میسان ده‌رکه‌وت که‌ پشتگیری ئه‌مریکا بۆ کورد چه‌ند ناجێگیر و شوێنی متمانه‌ نیه و ئه‌گه‌ری وه‌رچه‌رخاندنی 360 پله‌ی له‌ شه‌و و رۆژێکدا به‌رده‌وام له‌ ئارادایه‌‌‌. 
Brendan O'Leary پرۆفیسۆری زانستی رامیاری له‌ زانکۆی Pennsylvania و راێژپێکراوی پێشوی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پێی وایه‌ ده‌بێت په‌یوه‌ندی ئه‌مریکا و کورد تۆکمه‌ بێت و له‌ سه‌ر بنه‌مای رێزگرتن دابرێژرێت، به‌بۆچونی ئه‌م پسپۆره‌ ده‌بێت حکومه‌تی هه‌رێم پێداگری بکات له‌وه‌ی که‌ ئه‌مریکا رێزی ته‌واو له‌ مافه‌ ده‌ستو‌ریه‌کان کوردستان له‌ عێراقدا بگرێت نه‌ک ئه‌وه‌ی به‌دڵی بێت هه‌لیبژێرێت. بۆ نمونه‌ رازیبونی کورد له‌ سه‌رده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراق له‌ 2005 (وێرای ته‌مولێڵی و که‌موکوریه‌کی زۆر سه‌باره‌ت به‌ مافه‌کانی کورد) گه‌وره‌ترین سه‌رکه‌وتن بو بۆ سیاسه‌تی ئه‌مریکا له‌ پاراستنی عێراق به‌ یه‌کگرتویی.  

کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا و کورد
سه‌باره‌ت به‌کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا و رێکه‌وتنی ئه‌منی نێوان ئه‌مریکا و عێراق بارزانی وه‌ک سه‌رجه‌م سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد نیگه‌رانیه‌کی به‌رچاوی هه‌بو و پێی وابو ناشێت بێ زه‌مانات جارێکی تر کورد بکه‌وێته‌ به‌ر ره‌حمه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا. به‌رێز نێجیرڤان بارزانی له‌ چاوپێکه‌وتنێک له‌ گه‌ڵ رۆژنامه‌ی " الشرق الاوسگ" سه‌با‌ره‌ت به‌ده‌نگۆی ئه‌وه‌ی که‌ مسعود بارزانی داوای کردبێت هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ کوردستان جێگیر بکرێن، جه‌ختی کرده‌وه‌ که‌ هه‌وڵه‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێم له‌ چوارچێوه‌ی لێدوان و باسکردنی ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ گه‌ڵ هێزه‌کانی عێراق ده‌رنه‌چوه‌ و هه‌ڵوێست و‌ داوای یه‌کلایه‌نه‌ی نه‌بوه‌. 
    

هه‌رێم و به‌غدا
له‌ دوای بردنه‌وه‌ی بارزانی له‌ 25 ته‌موزی 2009 بۆ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم پێشنیازه‌کانی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کانی بۆ چاره‌ی کێشه‌ی ناوچه‌ دابرێنراوه‌کان ره‌تکرد‌وه‌ و جه‌ختیشی له‌ مافی کورد بۆ وه‌به‌رهێنان و هه‌نارده‌کردنی‌ نه‌وت و گازی هه‌رێم کردوه‌. 
دوای کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا گرژبونی په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا سه‌ری هه‌ڵدا. سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم له‌ هه‌وڵی به‌هێزکردنی پێگه‌ی بو به‌رێگه‌ی هه‌وڵدان بۆ تۆکمه‌کردنی په‌یوه‌ندیه‌کانی له‌ گه‌ڵ واشنتۆن و تا ئه‌م ساته‌شی له‌ گه‌ڵدا بێت کارتڵی‌ نه‌وتی ئه‌مریکا و تورکیا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌کار ده‌هێنێت. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م هه‌وڵانه‌‌ قه‌تماغه‌یه‌کی گومان و ترسیشی تێدا به‌دی ده‌کرێت.
له‌ کێشه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا کۆشکی سپی هه‌وڵی داوه‌ گری ئاگره‌که‌ دابمرکێنێته‌وه‌ و جه‌ختی کردۆته‌وه‌ که‌ ئه‌مریکا پاراستنی ئاسایش و ئارامی و یه‌کپارچه‌یی عێراقی زۆر مه‌به‌سته‌. Antony Blinken رواێژپێکراوی جۆزیف بایدن رایگه‌یاند که‌ کارمه‌ندی باڵای ئه‌مریکاJames Jeffrey چه‌ندین جار بۆ چاره‌ی کێشه‌کان چاوی به‌ مالیکی که‌وتوه‌ و دیپلۆماته‌کانی ئه‌مریکا له‌ سه‌رانسه‌ری عێراقدا بۆ ئه‌و مه‌به‌ستانه‌ رۆژانه‌ زۆر چالاکن.
له‌ کۆبونه‌وه‌یه‌کی رۆبه‌رت گێتس، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریکا، له‌ گه‌ڵ مسعود بارزانی له‌ 11 دیسه‌مبه‌ری 2009 دا، گێتس دڵنیایی بارزانی کرد‌ و رایگه‌یاند: " ئێمه‌ ده‌رک به‌ بایه‌خاکانی ئێوه‌ بۆ ئاینده‌ی گه‌له‌که‌ت ده‌که‌ین و ئێمه‌ یارمه‌تیتان ده‌ده‌ین بۆ به‌رقه‌رارکردنی ئاشتی و گه‌شه‌کردن له‌ عێراقدا، ئێمه‌ به‌جێتان ناهێڵین". به‌ته‌نیشت ئه‌مه‌وه‌ گێتس سێ به‌ڵێنی به‌ بارزانی دابو‌:
1-    به‌کارهێنانی کاریگه‌ری ئه‌مریکا بۆ چاره‌ی کێشه‌کانی نێوان حکومه‌تی هه‌رێم و حکومه‌تی عێراق به‌ کێشه‌ی که‌رکوک و ناوچه‌کانی تر و کێشه‌ی داهاتی نه‌وتیشه‌وه‌ به‌ پێی ده‌ستوری عێراق و ماده‌ی 140.
2-    به‌رده‌وامبونی ئه‌مریکا له‌ کاره‌کانیان له‌ گه‌ڵ هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق و له‌ گه‌ڵ هێزه‌کانی ئاسایش له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامی ئاسایشی هاوبه‌ش.
3-    ئاماده‌یی ئامریکا بۆ پشتگیری و یارمه‌تیدان بۆ گه‌یشتن به‌ رێکه‌وتن له‌ ساڵی 2010 دا.
 چه‌ند رۆژێک دوای ئه‌م دانیشتنه‌ ئیداره‌ی ئۆباما ئاماده‌یی پیشان دا که‌ بکه‌وێته‌ نێوان کورد و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ پاش ئه‌وه‌ بو که‌ سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ ژێر فشاری ئه‌مریکا یاسای هه‌ڵبژاردنی بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق په‌سند کرد وێرای ئه‌وه‌ی له‌ یاساکه‌دا غه‌درێکی زۆر له‌ له‌ کورد کرابو.
له‌ کاتی رزگارکردنی که‌رکوک له‌ 2003 دا و پاشان ناچارکردنی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ که‌ له‌ شاره‌که‌ بکشێنه‌وه‌ هێزه‌کانی ئه‌مریکا کارئاسانیان ده‌کرد بۆ گه‌رانه‌وه‌ی عه‌ره‌به‌ هاورده‌کان که‌ له‌ که‌رکوک هه‌ڵهاتبون و‌ به‌پاساوی ئه‌وه‌ی ئه‌و کێشه‌یه‌ "چاره‌یه‌کی‌ یاسایی" پێویسته‌ دیمۆگرافی شێواو و تێكچوی که‌رکوک و ناوچه‌کانی تریان ده‌پاراست.  
سه‌باره‌ت به‌ ناوچه‌ دابرێنراوه‌کان نێچیرڤان بارزانی هه‌ڵوێستی حزبه‌که‌ی سه‌باره‌ت به‌ رۆڵی ئه‌مریکا به‌م جۆره‌ وه‌سف کرد: ته‌نها حکومه‌تی عێراق به‌رپرس نیه‌ له‌ چاره‌ی کێشه‌کانی ئه‌و ناوچانه‌، به‌ڵکو ئه‌مریکاش پشکی‌‌ له‌و به‌رپرسیاریه‌ته‌دا هه‌یه‌، ئه‌مریکا ته‌واوی به‌رپرسیاریه‌تی له‌و باره‌وه‌ له‌ ئه‌ستۆ نه‌گرتوه‌ و رایگه‌یاند: " ئێمه‌ هیچ هه‌نگاوێکی جدیمان له‌ ئه‌مریکیه‌کان نه‌بینیوه‌ بۆ یارمه‌تیدانی عێراقیه‌کان له‌ چاره‌کردنی ئه‌و کێشانه‌دا، به‌ ناکۆکیه‌کانی سه‌ر که‌رکوک و شوێنه‌کانی تریشه‌وه‌". ‌ 

بازرگانی هه‌رێم و ئه‌مریکا 
بارزانی له‌ دیداری شاندێکی بازرگانی ئه‌مریکی له‌ سه‌ڵاحه‌دین له‌ 16 ئۆکتۆبه‌ری 2012 جه‌ختی له‌ پێویستی هه‌رێم به‌ کۆمپانا ئه‌مریکیه‌کان کرد له‌ بنیاتنانی ژێرخانی ئابوری کوردستان. ئه‌م شانده‌ نوێنه‌رانی زیاتر له‌ 25 کۆمپانیاکانی نه‌وت و گاز و کشتوکاڵ و پیشه‌سازی و بواری وه‌به‌رهێنانی ئه‌مریکی تێدا بون و ئه‌م شانده‌ گه‌وره‌ترین شاندی بازرگانی ئه‌مریکا بوه‌ سه‌ردانی کوردستانی کردوه‌. Alex Lari سه‌رۆکی گروپی Claremont Group بۆ وه‌به‌رهێنان و یه‌کێک له‌ دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌نجومه‌نی بازرگانی ئه‌مریکا – کوردستان له‌ کاتی سه‌ردانی بارزانی بۆ ئه‌مریکا رایگه‌یاند: America- Kurdistan Business Council  رێکخراوێکی گه‌وره‌ و به‌‌هێزه‌ بۆ هاندانی وه‌به‌رهێنان و بازرگانیکردن له‌ هه‌رێمی کوردستان و کارئاسانی و یارمه‌تی کۆمپانیا ئه‌مریکیه‌کان ده‌دات له‌ کوردستان.
پارێزه‌ر و راوێژپێکراوێکی رێکخراوه‌که‌ش  David Tafuri رایگه‌یاند:  بارزانی له‌ گه‌ڵ هه‌مو ئه‌ندامانی دامه‌زرێنه‌ری ئه‌نجومه‌نه‌که‌ دانیشت، ئێمه‌ دڵخۆشین که‌ ئێستا دامه‌زراوه‌یه‌کی فه‌رمی له‌ واشنتۆن هه‌یه‌ که‌ یارمه‌تی وه‌به‌رهێنان ده‌دات که‌ به‌رژه‌وه‌نی هه‌ر دو لای تێدایه. کوردستان لیبراڵترین یاسای وه‌به‌رهێنانی له‌ ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست هه‌یه‌ و زۆرترین پێویستی به‌ هه‌مو بواره‌کانی پیشه‌سازی هه‌یه‌. ‌‌به‌ پێی راپۆرتێکی رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست هه‌رێمی کوردستان هه‌له‌ی زۆری به‌کارنه‌هێنراوی وه‌به‌رهێنان بۆ کۆمپانیا ئه‌مریکیه‌کان ده‌ره‌خسێنێت. ئه‌م ئه‌نجو‌مه‌نه‌‌ بازرگانیه‌ ئه‌مریکیه‌ زۆر له‌ نزیکه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان کارده‌کات.
وێرای ئه‌م جموجۆڵه‌ بازرگانیانه‌ گه‌وره‌ کۆمپانیاکانی نه‌وتی ئه‌مریکی گرێبه‌ستی ئاڵتونیان له‌ گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم ساز کردوه‌.
به‌پێی چه‌ندین سه‌رچاوه‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا راکێشانی بۆری گواستنه‌وه‌ی نه‌وت و گاز بۆ تورکیایان پێ باش نەبوە‌ چونکه‌‌ ئه‌و کاره مه‌ترسی له‌ سه‌ر سه‌روه‌ری عێراق دروست ده‌کات. لە ئێستادا بێگومان یاستی بازرگانی نێوان هەرێم و ئەمریکا لە زۆر بواردا گەشەی کردوە. 

ئه‌مریکا و ده‌وڵه‌تی کوردی
ئه‌مریکا سیاسه‌تێکی درێژخایانی دیار و چه‌سپاوی به‌رامبه‌ر به‌ کورد نیه‌ و نه‌یبوه‌‌، چونکه‌ هه‌ر یه‌ک له‌ وڵاتانی داگیرکه‌ری کورستان بۆ ئه‌مریکا گرنگی و پێگه‌ی جیاوازی هه‌یه‌ و ئه‌مریکاش له‌و روانگایه‌وه‌ ره‌فتار و هه‌ڵوێست و سیاسه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر کوردی به‌شه‌کانی کوردستان دیاری کردوە و ده‌کات. له‌ دوای روخاندنی دیواری به‌رڵینه‌وه‌ و شه‌ری یه‌که‌می که‌نداوه‌وه‌ بایه‌خێکی‌ سنوردار به‌ کوردی باشور دراوه‌ و تا راده‌یه‌ک چه‌مکه‌کانی مافی مرۆڤ و هاندانی دیموکراسیه‌ت و ئارامی ناوچه‌که‌ کاریگه‌ریان له‌ سه‌ر ئه‌م بایه‌خدانه‌ هه‌بوه‌. له‌ گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا سیاسه‌تی ئه‌مریکا کوردی له‌ روانگای به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیه‌وه‌ دابه‌ش کردوه: کوردی باشور کوری باشن و په‌یوه‌ندی تایبه‌تیان له‌ گه‌ڵدا هه‌یه‌ و کوردی باکور خراپ و تێرۆریستن.... تاد.
قۆناغی نوێی په‌یوه‌ندیه‌کانی ئه‌مریکا له‌ گه‌ڵ کوردی باشور پێی ناوه‌ته‌‌ ده‌یه‌ی سێیه‌مه‌وه‌. زۆر له‌ مێژه‌‌ دژایه‌تیکردنی توندی تورکیا بۆ مافه‌کانی کورد له‌ لایه‌ک و هاوپه‌یمانیه‌تی ستراتیژی توندی له‌ گه‌ڵ ئه‌مریکا له‌ لایه‌کی تره‌وه‌‌ ( له‌ دۆ‌کترینی ترومان له‌ ساڵی 1947 که‌ تێدا یارمه‌تی ئابوری و سه‌ربازی تورکیا و یۆنان بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی هه‌ڵکشاندنی کۆمینیزم ده‌ستی پێکرد) دو سه‌ختترین رێگر بون له به‌رده‌م کو‌رد بۆ دروستکردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆی. له‌و ساته‌وه‌ش هه‌رچه‌ند ناو به‌ناو له‌ زاری ئه‌مریکا باسی مافه‌کانی کورد به‌ چرپه‌چرپ بیستراوه به‌ڵام به‌رده‌وام پشگیری زه‌قی تورکیای کردوه‌. کاتێک ئه‌مریکا پێویستی به کورده‌کانی باشور هه‌بو دژ به‌ سه‌دام ئاوری لێداونەتەوە، ئه‌م ئاوردانه‌وه‌یه‌ رێگر نه‌بو تورکیا به‌رده‌وام بێت له‌ ده‌ستتێوه‌‌ردانی سه‌ربازی و هه‌مه‌ جۆره‌ له‌ باشور و دژایه‌تیکردنی بزافی کوردایه‌تی.‌ 
سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی ئه‌مریکا له‌ دروستبونی ده‌وڵه‌تێکی کوردی،Stephen Zunes سه‌رۆکی پرۆگرامی دراساتی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست له‌ زانکۆی  San Francisco ده‌ڵێت: " به‌بیرکردنه‌وه‌ی واشنتۆن دروستکردنی ده‌وڵه‌تێکی کوردی ئارامی ناوچه‌که‌ زیاتر تێک ده‌دات و ئه‌گه‌ری زۆره‌ ئه‌مریکا دژ به‌هانگاوێکی له‌و جۆره‌ بێت، ته‌نها بوار که‌ من به‌دیده‌که‌م له‌ کاتێکدایه‌ که‌ په‌یوه‌ندیه‌کانی به‌غدا و واشنتۆن به‌ راده‌یه‌ک خراپ بن که‌ کورده‌کان وه‌ک ئامرازێک دژ به‌به‌غدا به‌کار بهێنن". 

نوێنه‌رایه‌تی هەرێم له‌ ئه‌مریکا
به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی چه‌ندین پسپۆر و چاودێر و دۆستی کورد نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم له‌ ئه‌مریکا گه‌شه‌یان کردوه‌ و به‌ره‌وپێش چون. وێرای ئه‌مه‌ کاره‌کانیان له‌ ئاستی پێویست و دروستدا نه‌بون، به‌تایبه‌ت ئه‌و ستافانه‌ی نوێنه‌رایه‌تی ده‌که‌ن له‌ لایه‌ن هه‌ر دو حزبی‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌ داده‌نرێن و له‌ پراکتیکدا زیاتر سه‌رقاڵی ته‌شریفات و فه‌رمان و کاری سه‌روی حزبی خۆیانن، چونکه‌ ئه‌مریکا بو‌نێکی سیاسی و هه‌واڵگری به‌هێزی له‌ عێراق و کوردستان هه‌یه‌ و ئه‌وه‌نده‌ پێویستیان به‌ بازنه‌ی په‌یوه‌ندی نیه‌ له‌ واشنتۆن تا‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد بگه‌ن.
ئه‌و نوێنه‌رانه‌ له‌ واشنتۆن له‌ رابو‌ردودا هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌یان کردوه‌ کاتێک به‌پێیی هه‌ڵکشان و داشکانی هێزی دو‌ حزبی سه‌ره‌کی ئه‌و وڵاته مامه‌ڵه‌ و سیاسه‌تیان له‌ گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ زه‌به‌لاحه‌ی دنیادا کردوه. 
جگه‌ له‌ مانه‌ش ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌رامبه‌ر به‌ جه‌بروتی ئه‌مریکای سه‌رکه‌وتو له‌ عێراق زۆر لاو‌از بو، بۆیه‌ که‌وتنه‌ هه‌وڵی لۆبی دروستکردن به‌و شێوازه‌ی خۆیان لایان مه‌به‌ست بو، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ چه‌ند به‌رپرس و ئه‌فسه‌ری ئه‌مریکیان به‌کارهێنا، له‌وانه‌ Robert D. Blackwill جێگری پێشوی راوێژپێکراوی ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مریکا، ژه‌نه‌راڵ Harry Schute  کۆماندۆێه‌کی پێشوی ئه‌مریکا له‌ هه‌ولێر (خۆی خانه‌نشین کرد و بو به‌ راوێژپێکراوی نێچیرڤان بارزانی)، ژه‌نه‌راڵ Jay Garner و کۆڵۆنێڵ Dick Naab که‌ هه‌ر دوکیان له‌ دوای کۆره‌وه‌که‌ و روخاندنی سه‌دام به‌رپرسیاریه‌تی باڵایان له‌ کوردستان و به‌غدا هه‌بوه، پێته‌ر گاڵبرایت باڵیۆزی پێشوی ئه‌مریکا له‌ کرواتیا و خه‌لیلزاد باڵیۆزی ئه‌مریکا له‌ عێراق و ده‌ڵاڵیکی نه‌وت. ئه‌م هه‌نگاوه‌ بێگومان کارێکی ئاساییه‌ له‌ پرۆسه‌ی لۆبی کردندا، ئه‌وه‌ی دواتر ئاشکرا بو زۆربه‌ی ئه‌م به‌رێزانه‌ خانه‌نشین بون و هه‌ندێک لێیان له‌ گه‌نده‌ڵیه‌وه‌ تێوه‌گلابون و مه‌به‌ستیشیان زیاتر بازرگانی کردن بو له‌ کوردستان. 

ئەمریکا و چەکی کیمیاوی
له‌ 13/9/1988 دا كۆنگرێسی ئه‌مریكی بریارێكی له‌مه‌ر به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیاوی له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ دژ به‌ كورد وه‌رگرت. له‌برگه‌ی سێیه‌می بریاره‌كه‌دا ورده‌كاری سزادانی عێراق باسكراوه‌ له‌بواری بلۆككردنی قه‌رزدان به‌ عێراق وچه‌ند ئیجرائاتێكی ئابوری تر و هه‌روه‌ها یارمه‌تیدانی توركیا بۆ جێكردنه‌وه‌ ودابینكردنی پێویستیه‌ مرۆڤایه‌تیه‌كان بۆ كورده‌كانی عێراق كه‌ رویان له‌ توركیا كردوه‌. له‌ برگه‌ی 7 ی بریاره‌كه‌دا داوا له‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كراوه‌ كه‌ به‌په‌له‌ به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیاوی له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان باس بكات وبه‌ گونجاوی له‌گeL بریاری ژماره‌ 620 ی ئه‌نجومه‌ن ئیجرائاتی كاریگه‌ر دژ به‌ عێراق له‌و بواره‌وه‌ وه‌ربگیرێت.
له‌ راپۆرتی كۆمسیۆنی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سێناتی ئه‌مریكی له‌ 21/9/1988 دا به‌ ووردی باس له‌ كه‌مپینی ئه‌نفال وهه‌ڵهاتنی زیاتر له‌ 65.000 كورد وپێشمه‌رگه‌ ده‌كات بۆ توركیا وله‌ كۆتایی راپۆرته‌كه‌دا ده‌ڵێت:
له‌ ساڵی 1984ه‌وه‌ عێراق چه‌كی كیمیاوی به‌ به‌رفراوانی به‌كارهێناوه‌ بێئه‌وه‌ی هیچ نرخێكی ئابوری یا سیاسی بۆ ئه‌م كارانه‌ی له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا بدات. ئه‌م بێده‌نگیه‌ زۆرتر هانده‌ر بوه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق باوه‌ر به‌وه‌ بكه‌ن كه‌ ده‌توانن كیمیاوی به‌رامبه‌ر به‌ كورد به‌كار بهێنن بێئه‌وه‌ی مه‌ترسیان له‌ ئاكامه‌كانی هه‌بێت.
ئیداره‌ی رێگان دانی نه‌نا‌ به‌وه‌دا كه‌ عێراق له‌ 1984 چه‌كی كیمیاوی به‌كارهێناوه‌ وهیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی نه‌بو‌ تا رێگربێت له‌ به‌كارهێنانی.
له‌ 16/9/1988 رژێمی عێراقی رازی نه‌بو كه‌ لیژنه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بێته‌ عێراق ولێكۆڵینه‌وه‌ له‌مه‌ر به‌كارهینانی چه‌كی كیمیاوی بكات وهه‌روه‌ها حكومه‌تی توركیاش ره‌تی كرده‌وه‌ كه‌ شاندێكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان سه‌ردانی كامپەکانی په‌نابه‌ره‌ كورده‌كان بكات بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌مه‌ر به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیاوی.
رۆژنامه‌نوسی به‌ناوبانگی ئه‌مریكی ودۆستی كورد Jim Hoagland له‌ نوسێنیكدا له‌ رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست له‌ به‌رواری 27/3/1988 له‌ رۆژنامه‌ی International Herald Tribune  یشدا بڵاوكرایه‌وه‌ به‌ درێژی باس له‌ به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیاوی دژ به‌ كورد ده‌كات. له‌ میانه‌ی نوسینه‌كه‌دا ده‌ڵێت: 
كورده‌كان به‌شێك بون له‌ كێشه‌كانی عێراق، رژێمی به‌عس ده‌یه‌وێت هه‌مو كه‌سێك ئیمزا بۆ : " سۆشیالیزمی عه‌ره‌بی" بكات. كورده‌كان به‌رده‌وام شۆرشیان كردوه‌ وداوای ئۆتۆنۆمیان كردوه‌. له‌بیرتان نه‌چێت چۆن له‌ ساڵانی هه‌فتاكاندا له گەڵ یارمه‌تی ئه‌مه‌ریكاشدا دۆرانیان. 
ئه‌مجاره‌ ئه‌عسابی عێراقیان تێكدا به‌ هۆی كاری هاوبه‌شیان له‌گەڵ ئێراندا له‌ میانه‌ی شه‌ری ئێران – عێراق دا، ده‌رده‌كه‌وێت یارمه‌تی ئێرانیه‌كانیان دابێت له‌ هه‌فته‌ی رابوردودا له‌ گرتنی چه‌ند گوندێكی كوردی له‌ناو عێراقدا. لەوە ه‌ده‌چێت ئه‌مه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ فرۆكه‌كان وفرۆكه‌وانه‌كان گازی ژه‌هراویان به‌سه‌ردا رشتون، ساڵی رابوردو به‌رپرسانی عێراق به‌ دڵێكی كراوه‌ ده‌یانوت كه‌ ته‌نها مێشكوژ بۆ ئه‌و گه‌له‌مێشه‌ی له‌ ئێرانه‌وه‌ بۆیان دێن به‌كارناهێنن. 
هۆخلاند له‌ درێژه‌ی نوسینه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: ئێستا به‌غدا په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گەڵ سۆڤیه‌تدا به‌لادا داوه‌ و له‌گەڵ واشنتۆن په‌یوه‌ندی باشه‌. واشنتۆنیش ئه‌وه‌نده‌ ناره‌حه‌ت نابێت به‌بینینی كێشه‌كان له‌ كوردستان. راپۆرته‌كانی ساڵی رابوردو له‌سه‌ر له‌ناوبردنی گوندی كورده‌كان وبه‌كارهێنانی چه‌كی كیمیاوی له‌لایه‌ن عێراقیه‌كانه‌وه‌ دژ به‌ خه‌ڵكی سیڤیلی كوردی بونه‌ هۆكار تا مولحه‌قی سه‌ربازی سه‌فاره‌تی ئه‌مركا بچێت سه‌یرێكی ئه‌و ناوچانه‌ بكات. كه‌ گه‌راوه‌ته‌وه‌ به‌ دیبلۆماسه‌كانی تری وتوه‌ كه‌ گوندی روخێنراوی بینیوه‌، به‌ڵام به‌ رۆژنامه‌گه‌ره‌كانی وتوە كه‌ شتی وای نه‌دیوه‌.
بۆ ئه‌مریكا كاتی ئه‌وه‌ نه‌بو له‌ عێراقی توندبكات، به‌ڵكو ئه‌مریكا چه‌پڵه‌ی بۆ سه‌رۆكی عێراق سه‌دام حسێن لێدا كاتێك ئه‌م داوای لێبوردنی كرد له‌مه‌ر " روداوی هه‌ڵه‌ تراجیدیایه‌ی كه‌ یه‌كێك له‌ فرۆكه‌كانی سه‌دام موشه‌كێكی ئێكسۆسیت له‌ یه‌كێك له‌ پاپۆره‌كانی ئه‌مریكا ده‌دات و37 ئه‌مریكی ده‌كوژێت". 
دۆسته‌كانی عێراق له‌ سۆڤیه‌ت ورۆژئاوا ئه‌وه‌نده‌ی مه‌ترسی سه‌ركه‌وتنی ئێرانیان هه‌یه‌ كێشه‌یه‌كی وایان نیه‌ له‌گەڵ به‌كارهێنانی چه‌كێك كه‌ به‌ موعاهه‌ده‌ی جنێف قه‌ده‌غه‌ كراوه‌. (کۆتایی نوسینەکەی هۆخلاند)
له‌ راپۆرتی كۆمسیۆنی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سێناتی ئه‌مریكی له‌ 21/9/1988 دا به‌ ووردی باس له‌ كه‌مپینی ئه‌نفال وهه‌ڵهاتنی زیاتر له‌ 65.000 كورد وپێشمه‌رگه‌ ده‌كات بۆ توركیا وله‌ كۆتایی راپۆرته‌كه‌دا ده‌ڵێت:
له‌ ساڵی 1984ه‌وه‌ عێراق چه‌كی كیمیاوی به‌ به‌رفراوانی به‌كارهێناوه‌ بێئه‌وه‌ی هیچ نرخێكی ئابوری یا سیاسی بۆ ئه‌م كارانه‌ی له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا بدات. ئه‌م بێده‌نگیه‌ زۆرتر هانده‌ر بوه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق باوه‌ر به‌وه‌ بكه‌ن كه‌ ده‌توانن كیمیاوی به‌رامبه‌ر به‌ كورد به‌كار بهێنن بێئه‌وه‌ی مه‌ترسیان له‌ ئاكامه‌كانی هه‌بێت.
ئیداره‌ی رێگان دانی نه‌ناوه‌ به‌وه‌دا كه‌ عێراق له‌ 1984 چه‌كی كیمیاوی به‌كارهێناوه‌ وهیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی نه‌بوه‌ تا رێگربێت له‌ به‌كارهێنانی.


کۆماریەکان و کورد
لەسەردەمی ئیدارەی بوشی کور وبەتایبەت دوای 11 سێپتەمبەر دۆکترینێکی کاوبۆ ئاسا سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکای دیاری دەکرد، ئەویش: یا لەگەڵ ئەمریکایت یا دژیت. دواتر روداو و گۆرانکاریە گەورە و هەستیارەکان نیشانەکانی ئەو دروشمە بون کە کۆنسێرڤەتێزمە نوێکانی ئەمریکا بەرزیان کردبوەوە: سەدەی بیست ویەک سەدەی ئەمریکایە وبۆ بەدەستهێنانی هێز ودەسەڵاتی رەهای ئەمریکا خرانە گەر. 
کورد لە باشوری خاکەکەی وپێش لێدانی سەدام لەم هاوکێشەیەدا قورساییەکی ئەوتۆی نەبو تا بتوانێت شتێک بۆخۆی بچەسپێنێت. بەپێی نوسینەکانی نوسەر ورۆژنامەگەری بەناوبانگی ئەمریکا Bob Woodward نوسیویەتی ئیدارەی بوش لە گەرمایی ئامادەکاری بۆ لێدانی سەدام و لە کۆبونەوەکانی لوتکەی حوکمرانی لە واشنتۆن ئیعازی بە دەزگا هەواڵگری وتایبەتیەکانی ئەمریکا داوە کە یارمەتی کوردەکان بە چەک وپارە بدەن ولەبەرامبەردا زانیاریان لێ وەربگرن. وێرای ئەم نزیکبونەوەیە لە کورد سەرکردایەتیەکەی دید ورای جیاوازیان لەمەر کارکردن لەگەڵ ئەمریکادا هەبو، بەتایبەت دەسەڵاتدارانی پارتی لە ئەزمونەکانی پێشودا دەستیان لەلایەن ئەمریکاوە داغان کرابون. 
لە کۆتایی ساڵی 2002، سێ مانگ پێش پەلاماردانی عێراق، کۆبونەوەیەکی فراوانی هێزەکانی ئۆپزسیۆنی عێراقی لە لەندەن سازکرا، لەو کۆبونەوەیەدا ئەمریکا سەرە داوەکانی بەدەستەوە گرتبون وبریارەکان وپلانی کارکردن بۆ قۆناغی دوای سەدام لەو دەرفەتەدا سەپێندران. مەخابن لەگەڵ بەشداری چالاکانەی بەرێزان مسعود بارزانی وجلال تاڵەبانی بەڵام بریار وبەرنامەکان زۆر مەتاتی وتەماوی بە ویستی ئەمریکا دارێژرابون. نە لەو کۆبونەوەیە ونە دواتر کە ئەمریکیەکان بانگهێشی هەر دو سەرکردەیان کرد بۆ بنکەیەکی سەربازی ئەمریکی بۆ ئامادەکاری بۆ پەلاماردانی سەدام، ئەو دو سەرکردەیە نەیانتوانی باشترین سود لەو هەڵومەرجە بۆ کورد بپچرێنن وبەلایەنی کەمەوە داوای بەڵێننامەیەکی نوسراو لەمەر ئایندەی کورد لەعێراقی دوای سەدام لە ئەمریکیەکان بکەن. 
عێراق دوای روخاندنی سەدام کەوتە ژێر حوکمرانی راستەوخۆی ئەمریکاوە و برێمەر بە حاکمی مەدەنی عێراق دانرا. دواتر ئەم بەرپرسە ئەمریکیە لە کتیبه‌کەی بەناوی "ساڵەکەم لە عێراق" تیشکی زۆری خستۆتە سەر مامەڵەکردنی لەگەڵ سەرکردەکانی کورد وپێگەیان. بە پێی قسەکانی ئەو زاتە بێت ئەو پێگەیە ئەوەندە لەرزۆک ولاواز بوە کە خودی خۆی لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆک بوش پێی وتوە: " لە مەجلیسی حوکمدا کەسێکی تێدا نیە بتوانێت بریارێک بدات"، بەقسەی برێمەر بوش وەلامی داوەتەوە وتویەتی: "خۆت شای شاکانیت".
کۆماریه‌کان بەم شێوازە لەگەڵ سەرکردەکانی عێراق بە کوردیشەوە رەفتاریان کردوە وپشتگوێان خستون وحسابێکی جدیان بۆ نەکردون، بێجگە لە موجامەلە وئێتیکێتی دبلۆماسی نەبێت. تەنانەت بەچاوی گومانەوە سەیری پێکهاتە نەتەوەیی وئاینی وسیاسیەکانی عێراقیان کردوە،. پێداگری ئەمریکا لە هەلوێست وسیاسەتی خۆی بێگوێدان بە بەرژەوەندیە باڵاکانی نەتەوەی کورد لەو سەردەمەدا لەچەند راستیەکدا دەردەکەوێت:
کوڵن پاوڵ، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی ئەمریکا، لە رزگارکرنی کەرکوکدا لەلایەن هێزی پێشمەرگەی یەکێتیی یەوە نامەیەک ئاراستەی بەرێز مام جلال دەکات وداوای لێدەکات بەزوترین کات هێزەکانی لەکەرکوک بچنە دەرەوە وئەمەش لەلایەن تالەبانیەوە جێبەجێکرا.
لە چەند خاڵێکی تریشدا سیاسەتی ئەمریکا جەختی لە پشتگوێخستنی کورد کردۆتەوە، وەک یاسای بەرێوەبردنی عێراق بۆ ماوەی ئینتقالی ودواتر لە بریاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بۆ عێراقیەکان زوڵمێکی زۆر لە کورد کراوە. لەسەروبەندی ئەو روداوەنەدا کۆندۆلێزا رایس کە راوێژکاری بوش بو بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ودەستێکی باڵای لە دارشتنی سیاسەتی وڵاتەکەی لە عێراقدا هەبو، پێی وابو کە " کورد هیچ شوێنێکیان نیە روی تێبکەن" مەبەستی ئەو خاتونە ئەوەبو کە کورد بواری گەمەکردنیان نەماوە وهەر بۆ باوەشی ئەمریکا دەگەرێنەوە. هەروەها رایس چەند جارێک رایگەیاندوە کە 
" کورد بۆ ئەوەندە بۆڵەبۆڵ دەکەن، هیچ کاتێک ئەوەندە وەزعیان باش نەبوە". 
ئەم بێباکی وکەڵەگایەتیەی ئەمریکا نەک هەر بەرامبەر بە کوردی لاوازی پارچەپارچەکراو وبێهێزی ئابوری وسەربازی بو، بەڵگو زۆر بێمنەتیش بو کاتێک تورکیای هاوپەیمانی لە ناتۆدا رێگەی بە ئەمریکا نەدا تا هێزەکانی بە خاکی تورکیادا بۆ ناو عێراق بنێرێت. ئەمریکا کەدەستی بەسەرشانی کورد دا دەهێنا بۆ دەستەمۆکردنی بو و بۆشی چوە سەر، دەسەڵاتدارانی کوردیش لەئاکامی ئەو رەفتارکردنەی ئەمریکا لایان وابو ئەمریکا ئەوەندە پێویستی پێیانە کە بێئەوان  ئیفلیج دەبێت وناتوانێت لە عێراقدا کارەکانی خۆی ئەنجامبدات. لەو کاتانەدا ناوچە رزگراوەکانی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی کوردی گرنگیەکی ستراتیژی سەربازی و لۆجیستیکی وئابوری نەبو. دەمێک بو ئەو ناوچەیە  لەلایەن ئەمریکاوە پارێزرابو و بودجەی گوزەرانی خەڵکەکەی بۆ دابینکرابو. کورد وەک نەتەوە وبزافەکەی ئەو سەردەمە وئێستاش بۆ ئەمریکا ئامانج نەبوە، بەڵکو دەسەڵاتەکەی سوچێکی بچوکی سیاسەتی ئەمریکای لە ناوچەکە گرتوە. 
گرنگی هەرێمی کوردستان ودەسەڵاتەکەی بۆ ئەمریکا لەوەدا بو کە جارێکی تر ببێتەوە بە بەشێکی دانەبراو لەعێراق ولە دەسەڵاتی عێراقدا بەشدار بێت، تابتوانێت مەترسی ودڵەراوکێی تورکیا و وڵاتانی عەرەبی لە پارچەپارچەبونی عێراق وئایندەی دیفاکتۆی حوکمرانی کوردی بیانرەوێنێتەوە. ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەمریکا ئەم ئامانجەی بەباشی پێکاوە.  
سیاسەتی ئەمریکا لەعێراق رو لە داکشان بو ورەخنە وگلەییەکی زۆر ئاراستەی بوش دەکرا. بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە کومسیۆنی بێکەر- هامیلتۆن دروستکرا ولە ساڵی 2006 راپۆرتێکی درێژیان پێشکەش بە ئیدارەی بوش کرد. راپۆرتەکە دەیان خاڵی وەک تەوسیە لەخۆ گرتبو وزۆربەیان لەسەر حسابی مافەکان ودەسکەوتەکانی کورد بون، وەک بۆچونیان لەمەر کەرکوک وهێزی پێشمەرگە ونەوت وسامانە سروشتیەکان وچەند بابەتێکی تر.
ئەم راپۆرتە دەبو زەنگێک بوایە بۆ بەخەبەرهێنانەوەی سەرکردایەتی کورد وبەوردی لێکۆڵینەوە وبەدواداچونیان بۆ بکردایە. دواتر کاتێک ئۆباما بوە سەرۆک کۆمار زۆربەی خاڵەکانی راپۆرتەکەی کردە بناغەی سیاسەتی بەرامبەر بە عێراق. راپۆرتەکەی بێکەر-هامیڵتۆن لەسەر بنەمای بەرژەوەندیە باڵاکانی ئەمریکا دارێژرابو وپەیامێک بو تا هەڵمەتی سەربازی توندو تۆڵ لە عێراق بگۆرن بە هەڵمەتی دیبلۆماسی چر وخەست و وڵاتانی ناوچەکەی پێوە سەرقاڵ کەن. 
دەسەڵاتدارانی کورد هاوتەریب لەگەڵ نیەت وحەزی خۆیان بانگەشەی سیاسەتێکی نەسجی خەیاڵیان بۆ ئەمریکا دەکرد وبۆ میللەتیان عەرز دەکرد. ئەوان ئەوکات وئێستاش خۆیان لەو راستیە دەشارنەوە کە بۆ هێزێکی بچوکی وەک کورد پەیوەندی وکارکردن لەگەڵ ئەمریکای زلهێز وزەبەلاح کارێکی زۆر ئەستەم وهیلاککەرە.


دیموکراتەکان و کورد 
ئۆباما لە کامپینی هەڵبژاردنەکەیدا کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق راگەیاند. لەگەڵ سەرکەوتنی ئۆباما و جدیەتی بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی، سەرکردایەتی سیاسی کورد دەستی لەژێر چەناگەی چەقاندبو وچاوەروانی ئاوردانەوەی "پیاوچاکان لە بازرگانە سیاسیەکان" لە واشنتۆن دەکرد لەبەرامبەر بەخشینی ئیمتیازات وگرێبەستی نەوت وبازرگانی گەورە پێیان.  
ئۆباما سیاسەتی دەرەوەی بەگشتی لەسەر چەند بنامەیەک دارشتبو و بە بەراوردکردن لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی بوش گۆرانکاری پێوە دیاربو. چەمکەکانی ئەم سیاسەتە لە دو ئاراستەدا بون، یەکەمیان بیرکردنەوەی جیهانگیری وئەوی تریشیان لەسەر ئاستی ناوچەیی بۆ دۆزینەوەی جومگە و هێلەکانی بەیەکەوە گرێدانی بەرژەوەندی وململانێکان، تا وڵاتەکان ونەتەوەکان بە چاودێری ئەمریکا لەیەکتر نزیک بکەنەوە.
لەم روەوە خاتون هیلاری کلنتۆن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە وتاریکیدا لە 8/9/2010 لە کۆنسۆڵی پەیوەندیە بیانیەکان دەڵێت: " رێگەم پێبدەن بە راشکاوی بلێم: ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەتوانێت ودەبێت لەم سەدە نوێیەدا سەرکردایەتی بکات ". هەر لەو بارەیەوە بەرێزی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا ئەندازیاری دارشتنەوەیەکی نوێی دنیایە کە یارمەتی نەتەوەکان دەدات هاوکاری یەکتر بکەن وکێشە هاوبەشەکانیان چارەبکەن.
بە هەڵسەنگاندنی ئیدارەی ئۆباما بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە پێویستیان بە تۆرێکی هاوپەیمانی وشەریک و رێکخراوە ناوچەییەکان ودەزگا نێودەوڵەتیەکان هەیە. لەو سەردەمەدا ئاشتی لە نێوان زلهێزەکاندا بەرقەرار بو، بەڵام گەمەکەرە تازەکان بە چاک و خراپەوە رۆڵی کاریگەریان لە کاروباری نێودەوڵەتیدا دەبینی، ئەمریکاش روبەروی تەحەدای هەمەچەشنە بوبوەوە. ئەمریکا وەک دارێژەری ئەو نەخشە جیهانیە جۆرەها کارئاسانی وهەماهەنگی ویارمەتی بۆ چارەی کێشەکان پێشکەش دەکرد و بەشێکی گرنگی تری ئەو پرۆسەیەیان دەخستە ئەستۆی لایەنە پەیوەندارەکانەوە.  
لەم روانگایەوە ئیدارەی ئۆباما مامەڵەی سیاسی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا کردوە وبەچاوێکی جیاواز سەیری پێکهاتەکانی عێراقیان نەکردوە، ئەگەرچی لەوانەیە مەیلیان بۆ پێکهاتەیەک جیاوازتر بوبێت لەوانی تر.
ئیدارەی ئۆباما لەکاتی قەیرانی سیاسی لەعێراقدا لەگەڵ هەمو پێکهاتەکان پەیوەندی دەکرد وهەوڵی دەدا لەیەکتریان نزیک بکەنەوە تا ئەو سەقامگیریە لەرزۆکەی عێراق بپارێزرێت.


سەلەفیەتی مۆدێرن 
ئۆباما لە ئیدارەی بوشەوە ئیرسی تەوافقی نەتەوەیی ومەزهەبی وتایفی لەعێراق ئیرسکردبو و پێرەوی کردوە. لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا دەرکەوت کە راگرتنی هاوسەنگی هێز بەرادەی سەرەکی نێوان شیعە وسوننە کۆڵەکەی سەرەکی ئەو تەوافقەیە وپێدانی دەسەڵاتی تەواو ویەکسان بەو دو پێکهاتەیە رۆح بەو تەوافقەدا دەکات. ئەم سیاسەتە گەرانەوەیەکە بۆ سەردەمانێکی کۆن لە مێژوی ئەو دو پێکهاتەیەی ئاینی ئیسلامدا، سەردەمانێک وەک یەک دەسەڵات وغەنیمەیان هەبوە، بە واتایەکی تر ئەم تەوافقە سەلەفیەتێکی مۆدێرنە بەبەرگی دیموکراسیەوە. دەسەڵاتدارانی کورد لە نێو بەرداشی ئەو سەلەفیەتەدا ولەژێر فشاری ئەمریکادا دەنگێکی کزیان هەبو. لە هەموشی سەرنج راکێشتر ئەمریکا دەسەڵاتدارانی کوردی خۆبەخشانە بۆ سەرلەنوێ دارشتنەوە وتۆکمەکردنی ئەو سەلەفیەتە بەکارهێناوە. بەچاوی خۆمان بینیمان لە بەغدا سەرۆکێکی شیعەی حکومەت ودەسەڵاتێکی سوننەی یەکسان بەو حکومەتە لە مەنجەڵی کوڵانی سیاسیدا قوڵپەیان دەهات و دێت، دەسەڵاتدارانی کوردیش بە بەرکوڵ وبۆن و به‌رامی رازی کراون. ئەمان بەدوای سیاسەتێکدا هەناسەبرکێیانە کە دارێژەرانی نە شوێنی متمانەن، بێ ئامانن وئەزمونەکانی ١٧ ساڵی رابوردو دەیسەلمێنن کە دارێژەرانی ئەو سیاسەتە خاوەنی قسە وبەڵێنی خۆشیان نین. بەداخەوە ئەو دەسەڵاتدارانە بە هاندان وپشتگیری ئەمریکا کەوتونەتە لەو داوەدا گیرساونەتەوە، شکسیهێنان بە پرۆسەی ریفراندۆم بە تایبەت لە لایەن ئەمریکاوە و دواتر رۆڵیشی لە کارەسەتەکانی ئۆکتۆبەر چروپڕی ئەو داوە دەسەلمێننەوە. 
خەونی عێراقی یه‌کگرتوی دیموکراسی فیدراڵ. خەونێکە مەحاڵە لەسایەی سەلەفیەتی مۆدێرندا تروسکایی تێدا بەدی بکرێت.      
هەمو کوردێکی دڵسۆز دەبێت بە گەشەکردنی پەیوەندیەکانی کوردستان لەگەڵ دنیای دەرەوە وبەتایبەت لەگەڵ ئەمریکادا گەشەبکات وئەمەش کاتێک ئەو گەشەکردنە لەخزمەتی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەییدا بێت. کەس ناتوانێت نکۆڵی بکات کە کورد لەو پەیوەندی وشەراکەتەدا سودی کردوە. بەتەنیشت ئەم راستیەوە پرسیارێک خۆی دەسەپێنێت، ئەویش: لە پەراوێزی ئەم هاوکێشەیەدا چەند سازش لەسەر مەسەلە نەتەوەییە چارەنوسسازەکان کراوە. با چاوەروان بین ئایندە وەلامەکانمان پیدەڵێت.
هه‌ر که‌سێک تامه‌زرۆی روداوه‌کانی په‌یوه‌ندار به‌ کورده‌وه‌ بێت له‌ یه‌که‌م چرکه‌ی لێدانی سه‌دام و تا ما‌وه‌ی چه‌ند مانگێکی دواتر ده‌توانێت به‌دوای زنجیره‌یه‌ک نوسین و شرۆڤه‌ و دۆکیۆمێنتی چه‌ند رۆژنامه‌ی به‌ناوبانگی ئه‌مریکادا بگه‌رێت که‌ به‌ ناونیشانی بڵاوکراونه‌ته‌وه‌، له‌ میانه‌ی باسه‌که‌دا تێده‌گات بۆچی کورد نه‌یتوانیوه‌ سود له‌و ده‌رفه‌ته‌ زێرینه‌ وه‌ربگرێت، به‌کورتی به‌شێک له‌ سه‌رکرده‌کانی کورد و ناکۆکی و ململانێکان هۆکاره‌ سه‌ره‌کیه‌کانی ئه‌و ره‌وشه‌‌ بون. 


کوردستان و نەوت و ئەمریکا 

برێمه‌ر


کاتێک Paul Bremer دوای روخاندنی سه‌دام و راگرتنی شه‌ر گه‌یشته‌ به‌غدا 6 ملیار دۆلار له‌ داهاتی پرۆگرامی نه‌وت به‌ خۆراک و به‌لایه‌نی که‌میشه‌وه‌ 10 ملیار داهاتی کۆکراوه‌ له‌ فرۆشتنی نه‌وتی عێراقی له‌ به‌ر ده‌ستدا بو. به‌پێی بریاری 1483 ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان له‌ 22 مایسی 2002 دا سه‌رجه‌م ئه‌م پارانه گوێزرانه‌وه‌ بۆ حسابێکی‌ بانک له‌ 
Federal Reserve Bank in New York  ‌به‌ناوی سندوقی گه‌شه‌پێدانی عێراق، دواتر ته‌رخان کرا تا له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی کاتی هاوپه‌یمانیه‌وه‌ بۆ خه‌ڵکی عێراق سه‌رف بکرێت. له‌ هه‌مان کاتدا کۆنگرێسی ئه‌مریکی بری 18،4 ملیار دۆلار بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی عێراقی ته‌رخان کردبو. کاتێک له‌ 28 حوزه‌یرانی 2004 برێمه‌ر به‌په‌له‌ عێراقی به‌جێهێشت حکومه‌ته‌ کاتیه‌که‌ی نزیکه‌ی 20 ملیار دۆلاری له‌ پاره‌ی عێراق و 300 ملیۆن له‌ یارمه‌تیه‌کانی سه‌رف کردبو. 
پرۆگرامی بنیاتنانه‌وه‌ی عێراق گه‌وره‌ترین پرۆگرامی ئه‌مریکا بو دوای پلانی مارشاڵ بۆ ئه‌وروپا و له‌سه‌ر ده‌ستی دیبلۆمات و کۆماندۆکانی شکستی هێنا.
دواتر له‌ لێکۆڵینه‌ووه‌ و به‌دواداچونه‌کان ده‌رکه‌وت که‌ چ دزی و گه‌نده‌ڵی و بێسه‌روبه‌ری له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی برێمه‌ردا کراوه،‌ به‌کۆی گشتی شێوازه‌کانی سه‌رفکردنی زیاتر له‌ 12 ملیار دۆلار دیار نه‌بون، له‌و لێکۆڵینه‌وانه‌دا، ده‌رئه‌نجامه‌کانی به‌ کۆنگرێسی ئه‌مریکی دراون، ده‌رکه‌وتوه‌ که‌ جاشه‌ عێراقیه‌کانی برێمه‌ر و ئه‌مریکیه‌کانی ده‌وروبه‌ری و بانده‌کانی تاوان و مافیا و گرو‌پ و کۆمپانیاکانی شه‌به‌ح  که‌ بونیان نه‌بوه‌ چه‌ندیان هه‌ڵلوشیوه‌. ئێستاشی له‌ گه‌ڵدا بێت عێراق که‌لاوه‌ و وێرانه‌یه‌کی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راسته‌ و شتێکی ئه‌وتۆ له‌ بنیاتنه‌نه‌وه‌ی عێراق به‌رچاو ناکه‌وێت. وه‌ک کورد وتویه‌تی : "گه‌وره‌ ئاو ده‌رێژێت و بچوک پێی تێده‌خات" بزانین پاشماوه‌کانی برێمه‌ر چیان کردوه‌؟‌ 
به‌رده‌وام له‌ دوای روخاندنی سه‌دامه‌وه‌ سیاسه‌تی ئه‌مریکا له‌ ئێراق روبه‌روی چه‌ند مه‌ترسیه‌کی گه‌وره بۆته‌وه‌، له‌وانه‌: شه‌ری تایه‌فی و مه‌زهه‌بی، که‌رکوک و ناوچه‌ دابرێنراوه‌کان و ده‌رنه‌چونی یاسایه‌کی‌ نیشتمانی‌ بۆ نه‌وت و گاز. به‌تایبه‌ت که‌ دوا خاڵ تا ئه‌م ساته‌ش نه‌هاتۆته‌دی ره‌وشێک هاتۆته‌ ئاراوه‌ که‌ هه‌مو لایه‌ک به‌ شێوازێکی نیمچه‌ یاسایی له‌ پانتاییه‌کی خۆڵه‌مێشیدا کار بۆ خۆی ده‌کات. 
عێراقی ئەو سه‌رده‌مه، ئێستاشی لەگەڵدا بێت،‌ ‌ به‌سه‌ر چه‌ند ده‌سته‌ و تاقمێکدا‌ دابه‌شکراوە‌ هه‌ر یه‌ک لێیان مۆنۆپۆلی ته‌واوی نه‌وت و مۆبایل و گرێبه‌سته‌ گه‌وره‌کان له‌ سنوری ناوچه‌که‌یدا ده‌کات. ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد سودیان له‌و پانتاییه‌ کردوه‌ و وێرای ناره‌زایی و توره‌بونی ده‌سه‌ڵاته‌ شۆڤینزمەکان له‌ به‌غدا چه‌ندین گرێبه‌ستی نه‌وتیان له‌ گه‌ڵ کۆمپانیا بیانیه‌کان ساز داوه‌‌. ئه‌م هه‌نگاوه‌ شایانی ده‌ستخۆشی و پشتگیری بو له‌ لایه‌ن هه‌ر کوردێکی دڵسۆزه‌وه‌. دواتر که‌ ورده‌کاری و پێج و په‌نای ئه‌و پرۆسه‌یه‌ که‌وتنه‌ به‌رچاو ناره‌زایی و ره‌خنه‌ و نیگه‌رانی له‌مه‌ر سه‌رجه‌م پرۆسه‌که‌ بۆته‌ بابه‌تێکی گه‌رمی دۆخی سیاسی له‌ کوردستان.‌  
له‌م نوسینه‌دا، پشتئه‌ستور به‌ چه‌ندین دۆکیومێنت و‌ به‌ڵگه‌، هه‌وڵ ده‌ده‌م تیشک بخه‌مه‌ سه‌ر چه‌ند لایه‌نێک له‌ شێوازی ما‌مه‌ڵه‌کردن به‌ نه‌وته‌وه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم له‌ گه‌ڵ چه‌ند دۆست و که‌سانی پایه‌ به‌رز له‌ بیانیه‌کان و زۆر تایبه‌ت ئه‌مریکیه‌کان. ئه‌م مامه‌ڵه‌کردنه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌و ‌ که‌سانه‌ له‌ پاداشتدانه‌وه‌یان بۆ هه‌ڵوێست و کاره‌کانیان که‌ بۆ کورد کردویانه‌ ده‌رچوه‌ و چۆته‌ بواری بازرگانیکردنی ناره‌وا و ژێربه‌ژێر به‌ سامانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک. 
زۆربه‌ی ئه‌م که‌سانه‌ له‌ ئیداره‌ی بوش به‌رپرسی باڵای سه‌ربازی و دیبلۆماسی بون و له‌ توندره‌وه‌کانی ره‌وتی کۆنسێرڤه‌تیزمی نوێ بون‌ و له‌ ئه‌ندازیارانی جه‌نگ و روخاندنی رژێمی سه‌دام بون. دوای ئه‌و روخاندنه‌ ئه‌م که‌سایه‌تیانه له‌ عێراق و کوردستان به‌رپرسیاریه‌تی هه‌ستیاریان هه‌بوه‌ و تا ئه‌و ساته‌ی ئۆباما ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ ده‌ست له‌ پۆستی باڵادا کاریان کردوه‌.
له‌و ده‌یان کۆمپانیا بیانیانه‌ی نه‌وت که‌ له‌ کوردستان کارده‌که‌ن چه‌ند کۆمپانیایه‌کی ئه‌مریکی گه‌وره‌ و مامناوه‌ندیان تێدایه‌، ئه‌وانه‌ش: ExxonMobil, Murphy Oil, Marathon Oil, Hess, HKN, Hunt Oil.
جگه‌ له‌ سوده‌ ئابوریه‌کانی ئه‌م کۆمپانیانه له‌ هه‌مان کاتدا وه‌ک ئامرازێکی سیاسیش سودیان بۆ ئه‌مریکا و سیاسه‌تی له‌ عێراق و ناوچه‌که‌ هه‌یه‌. به‌هێزبونی ژێرخانی ئابوری ده‌سه‌ڵاتی کوردی رێگری له‌ باڵاده‌ستی سه‌نگی شیعه‌ له‌ به‌غدا و ره‌وته‌ ناسیۆنالیسته‌ عه‌ره‌به‌کان دەکات، ده‌کرێت ده‌سه‌ڵاتی ئابوری و سیاسی ئێران به‌م رێگه‌یه‌وه‌ سنوردار بکرێت و پێگه‌ی تورکیا به‌هێزتر بکرێت، خاڵیکی تریش کاتێک کوردستان بتوانێت گازی سروشتی بۆ ئه‌وروپا هه‌نا‌رده‌ بکات ئه‌وا ئه‌وروپا،‌ کە نزیکەی 30% گازی پێویستی له‌ روسیا ده‌کرێت، ده‌توانێت تا راده‌یه‌کی‌ باش خۆی له‌و داوه‌ ئابوریه بپچرێنێت.‌    ‌  ‌ 


Zalmay Khalilzad
زاڵمای خه‌لیلزاد

نێچیرڤان بارزانی و ئاشتی هه‌ورامی و زاڵمای خه‌لیلزاد له‌ سیرۆمێنی کردنه‌وه‌ی کێڵگه‌ی نه‌وتی خۆرمه‌له‌ له‌ 18 ته‌موزی 2009
زه‌ڵمای خه‌لیلزاد ساڵی 1951 له‌ شاری مه‌زاری شه‌ریف له‌ ئه‌فغانستان له‌ دایکبوه‌، خوێندنی زانستیه‌ سیاسیه‌کانی له‌ زانکۆی ئه‌مریکی له‌ به‌یروت و دواتر له‌ سه‌ره‌تای هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابردو له‌ زانکۆی کۆڵۆمبیا خوێندوه.‌ کاتێک بوشی باوک له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا به‌رامبه‌ر کلینتۆن دۆرانی خه‌لیلزاد ده‌ستی کرد به‌کارکردن بۆ توێژینه‌وه‌ی سه‌ربازی و دواتر توێژینه‌وه‌ له‌ سه‌ر مه‌ترسیه‌کان له‌ سه‌ر پیشه‌سازی نه‌وت بۆ کۆمپانیای Unocal. ئه‌م کۆمپانیایه‌ له‌ ساڵی 2005  له‌ گه‌ڵ کۆمپانیای Chevron یه‌کیان گرت.  
دوای بردنه‌وه‌ی بوشی کور له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی 2000 خه‌لیلزاد بوه‌ ‌راوێژپێکراوی Donald Rumsfeld وه‌زیری به‌رگری. خه‌لیلزاد یه‌کێک بوه‌ له‌ به‌رپرسه‌ باڵاکان که‌ له‌ سه‌رده‌می ئیداره‌ی کڵینتنه‌وه‌ داوای گۆ‌رینی رژێمی‌ سه‌دامی کردوه‌. 
وێرای ئه‌وه‌ی ئیداره‌ی بوش و که‌سایه‌تیه‌ ناوداره‌کانی کۆنسێرڤه‌تیزمی نوێ، به‌ خه‌لیلزادیشه‌وه‌، جه‌ختیان ده‌کرده‌وه که‌ : " نه‌وتی عێراق بۆ عێراقیه‌کانه‌"، وه‌لێ پسپۆرانی ئابوری لهHeritage Foundation که‌ نزیک بو له‌ ئیداره‌ی بوش و‌ کۆنسێرڤه‌تیزمه‌کان پلانێکیان بۆ گۆرانی که‌رتی نه‌وت له‌ ئێراق بۆ که‌رتێکی تایبه‌ت دارشتبو. خه‌لیلزاد یه‌کێک بو له‌ ئه‌ندازیارانی ئه‌و بۆچونه‌. ئه‌م گروپ و ده‌سته‌ کۆنسیرڤه‌تیزمانه‌ و به‌ رێگه‌ی په‌یوه‌ندی توند و تۆڵیان له‌ گه‌ڵ باڵی راستره‌وی حزبی لیکودی ئیسرائیڵی ئاینده‌ی عێراقی دوای جه‌نگیان دارشتبو‌. 
له‌ سه‌رده‌می ئیداره‌ی بوش خەلیلزاد باڵیۆزی ئه‌مریکا بو‌ له‌ ئه‌فغانستان، دواتر له‌ 2005 تا 2007 له‌ به‌غدا، دوای ئه‌م پۆسته‌ نوێنه‌ری ئه‌مریکا بوه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان تا‌ ئه‌و‌ ساته‌ی ئۆباما بو به‌ سه‌رۆک کۆمار. دواتر زو زو له‌ عێراق ده‌رده‌که‌وت و زۆربه‌ی جار له‌ کۆشکه‌که‌ی تاڵه‌بانی له‌ به‌غدا میوان بو‌. 
کاتێک خه‌لیلزاد باڵیۆز بوه له‌ به‌غدا‌ رۆڵێکی به‌رچاوی بینیوه‌ له‌ سازکرن و رێگه‌خۆش کردن و کارئاسانی بۆ یاسایه‌کی نه‌وت به‌ ره‌زامه‌ندی هه‌مو لاکان. پێش ئه‌وه‌ی کاره‌که‌ی وه‌ک باڵیۆز له‌ مانگی ئازاری 2007 کۆتایی بێت خه‌لیلزاد له‌ مانگی شوباتی ئه‌و ساڵه‌دا ره‌شنوسی رێکه‌وتنێکی ته‌وافقی برده‌ هه‌ولێر. به‌پێی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ک خه‌لیلزاد له‌و هه‌وڵدانه‌یدا پێداگری‌ و فشاری کردوه‌ بۆ تێپه‌راندنی رێکه‌وتنه‌که‌. دواتر مانگێک پێش به‌جێهێشتنی عێراق بۆ وه‌رگرتنی پۆسته‌ نوێکه‌ی له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان رایگه‌یاند که‌ لایه‌نه‌کان رێکه‌وتون. دواتر به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا‌ رێکه‌وتنه‌که‌ سه‌قه‌ت و پڕ کێشه‌ بو. پاشان پرۆژه‌ یاساکه‌ مرد و هه‌رێمیش یاسای نه‌وتی بۆ هه‌رێم ده‌رکرد و چه‌ند گرێبه‌ستێکی نه‌وتی له‌ گه‌ڵ کۆمپانیا بیانیه‌کان سازدا.


خه‌لیلزاد و کورد
دوای نه‌مانی له‌ پۆسته‌که‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان خه‌لیلزاد وه‌ک راوێژپێکراوێک و له‌ ژێر چه‌تری ده‌زگا بازرگانیه‌که‌ی Khalilzad Associates ‌ بۆ په‌یداکردن و هاندانی وه‌به‌رهێنه‌ران گه‌رایه‌وه‌ بۆ‌ عێراق. خه‌لیلزاد بۆ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی کوردستان و بۆ ماوه‌ی 7 مانگ وه‌ک راوێژپێکراوێک به‌ موچه کاری کردوه‌.‌
یه‌کێک له‌ بیرۆکانی راکێشانی‌ بۆری نه‌وت بو که‌ هه‌رێم به‌ به‌شه‌کانی تری عێراق ببه‌ستێته‌وه‌. وه‌ک خۆی له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا له‌ نوسینگه‌که‌ی خۆی له‌ واشنتۆن ده‌ڵێت: " به‌ته‌نیشت به‌ده‌ستهێنانی پاره‌وه‌ لاشم گرنگه‌ له‌و وڵاتا‌نه‌ی کاتێکی زۆرم تێاندا به‌سه‌ر بردوه به‌دوای ئه‌گه‌ره‌کاندا بگه‌رێم بۆ وه‌به‌رهێنانی ده‌ره‌کی بۆ گه‌شه‌کردنی ئابوری". له‌ ناوه‌راستی ساڵی 2010 کرا به‌ئه‌ندامی بۆردی به‌رێوه‌به‌ره‌کانی کۆمپانیایPetroleum  RAK ی نه‌وت له‌ راس الخیمه‌ی ئیمارات. له‌ هه‌مان کاتیشدا ئه‌ندامیه‌تی له‌ بۆردی به‌رێوه‌به‌ره‌کانی کۆمپانیای نه‌وتی نه‌رویژی DNO په‌سندکرا. کۆمپانیا‌یRAK خاوه‌نی 30% پشکه‌کانی کۆمپانیای DNO ه‌یه که‌ یه‌که‌م کۆمپانیایه‌ له‌ کوردستان ده‌ستی به‌کار کردوه‌‌. 
له‌ کاتێکدا خه‌لیلزاد باڵیۆزی ئه‌مریکا بو له‌ عێراق هانی گرێبه‌ستی نه‌وتی له‌ گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمدا نه‌ده‌دا. دواتر که‌ پۆسته‌ فه‌رمیه‌که‌ی نه‌ما ته‌واوی هه‌ڵوێست و ره‌فتاری 360 پله‌ گۆری. 
له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا له‌و روه‌وو ده‌ڵێت: " کۆمپانیاکه‌م - Khalilzad Associates- نوێنه‌رایه‌تی هیچ لایه‌نێک له‌م پرۆژه‌یه‌دا ناکات" و جه‌ختیشی کردوه که‌ مه‌عمیله‌کانی ئه‌و له‌ شوێنه‌کانی تری عێراق کارده‌که‌ن نه‌ک له‌ کوردستان.
Sam Daghen له‌ رۆژنامه‌ی New York Times له‌ 14 ته‌موزی 2010 له‌ نوسینه‌که‌یدا به‌مجۆره‌ باسی خه‌لیلزاد ده‌کات: " له‌ گه‌ڵ هێوربونه‌وه‌ی ره‌شه‌بای شه‌ر له‌ عێراق، خه‌لیلزاد له‌ نێو لیستی گه‌وره‌ی ئه‌و دیبلۆمات و کۆماندۆ سه‌ربازانه‌ی ئه‌مریکایه‌ که‌ چاویان له‌ ناوچه‌ی کورده‌کانی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌نه‌وت بریوه و وه‌ک راوێژپێکراو کار بۆ حکومه‌ته‌که‌یان ده‌که‌ن. سودمه‌ندن له‌ شه‌رێکی گران به‌ها که‌ رۆڵیان تێدا هه‌بوه‌. هه‌رچۆنێک بێت بازرگانی و سیاسه‌ت له‌ ناوچه‌یه‌ک که‌ له‌ لایه‌ن دو حزب و دو بنه‌ماڵه‌وه‌ کۆنترۆڵ کراوه‌ له‌ یه‌ک جیا ناکرێنه‌وه‌ و تاوانباریش ده‌کرێن به‌ گه‌نده‌ڵی . کورده‌کانیش به‌ده‌وری خۆیان به‌شێوازێک مامه‌ڵه‌ له‌ گه‌ڵ په‌یوه‌ندیه‌ ئه‌مریکیه‌کانیان ده‌که‌ن که‌ ده‌مان گه‌رێنێته‌وه‌ بۆ ده‌یان ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌‌ چۆنیه‌تی لۆبی‌ کردن له‌ واشنتۆن".  
داگێن له‌ درێژه‌ی نوسینه‌که‌دا ده‌ڵێت: " دوای ئه‌وه‌ی مه‌عمیلی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ده‌زگا بازرگانیه‌که‌ی دۆزیه‌وه‌ کاری راوێژپێکراوی بۆ حکومه‌تی هه‌رێم وه‌ستاند و‌ هه‌وڵ ده‌دا‌ تا کرێی شوقه‌که‌ی له‌ هه‌ولێر په‌یدا بکات، شوقه‌که‌ موڵکی وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌کانه‌ بێ به‌رامبه‌ر پێی دراوه‌. جگه‌ له‌م کارانه‌ش ئه‌ندامی بۆردی زانکۆی ئه‌مریکایه‌ له‌ سلێمانی". 
له‌ ته‌موزی 2009 له‌ سێرێمۆنی کردنه‌وه‌ی پاڵاوگه‌ی نه‌وت خه‌لیلزاد بانگهێشت کرابو، بارزانی له‌ وتاره‌که‌یدا وتی: " ئه‌م پرۆسه‌یه‌ که‌ ئه‌مرۆ ئاهه‌نگی بۆ ده‌گێرین ئه‌و کاته‌ ده‌ستی پێکرد که‌ (خه‌لیلزاد) له‌ به‌غدا بو. زاد به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌که‌وه‌ به‌ته‌نێشت بارزانیه‌وه‌ وه‌ستابو، وه‌ک ئه‌وه‌ی بڵێت ئه‌و‌ له‌م روداوه‌ هه‌ستیاره‌ دور نیه‌. 
خه‌لیلزاد به‌ رێگه‌ی کۆمپانیا راوێژکاریه‌که‌یه‌وه‌‌ کارتێکی ئاڵتونی به‌ده‌سته‌وه‌ بو‌‌ و زۆر نزیکه‌ له‌ دو بنه‌ماڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ کوردستان و لابه‌لاش بۆ مەرامەکانی تری به‌رپرسه‌ عێراقیه‌کان ده‌بینێت، وه‌کو بینینی شه‌هرستانی له‌ کاتی کۆنفرانسی وه‌به‌رهێنان له‌ ئێراق له‌ ئۆکتۆبه‌ری 2009 له‌ واشنتۆن ساز کرابو.
له‌ لێدوانێکی به‌رێز دکتۆر محمود عوسمان بۆ په‌یامنێری (نقاش) له‌ 20 ئۆکتۆبه‌ری 2009 ده‌ڵێت:
خه‌لیلزاد هاتوه‌ بۆ عێراق و مه‌به‌ستیشیه‌تی پشتگیری کۆمپانیا نه‌وته‌کانی ئه‌مریکا بکات که‌ به‌دوای  گرێبه‌ستی زۆر باشدا ده‌گه‌رێن. 
سه‌رکرده‌کانی کورد خه‌لیلزاد به‌ "دۆستێکی به‌ئه‌مه‌ک" وه‌سف ده‌که‌ن. هه‌رچه‌نده‌ بونی خه‌لیلزاد له‌ عێراق زور به‌رچاو بو‌، به‌ڵام مه‌عمیله‌کانی ئاشکرا نین و‌ شوێن په‌نجه‌شی له‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتیه‌کان له‌ عێراق و کوردستان به‌رچاو نین. ئاشکرا نیه‌ خه‌لیلزاد توانیویه‌تی‌ چی بۆ  DNO ی نه‌رویژی به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌وه‌ی گومانی لێ ناکرێت که‌ خه‌لیلزاد پێگه‌ و ناوداری و په‌یوه‌ندیه‌کانی له‌ گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تایبه‌تیه‌کانی به‌کار هێناون.  

Peter Woodard Galbraith
پێته‌ر گالبرایت
  

گاڵبرایت ساڵی 1950 له‌ بۆستن له‌ ئه‌مریکا له‌ دایکبوه‌، باوکی John Kenneth Galbraith یه‌کێک بوه‌ له‌ ئیکۆنۆمیسته‌ زۆر به‌ناوبانگه‌کانی سه‌ده‌ی بیست. گاڵبرایت له‌ زانکۆکانی هارڤارد و ئۆکسفۆرد و جۆرج تاون خوێندویه‌تی. له‌ 1979 تا 1993 کارمه‌ندێکی پسپۆر بوه‌ له‌ لیژنه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی سیناتی ئه‌مریکا. له‌ ساڵی 1993 کڵنتۆن کردی به‌ باڵیۆزی وڵاته‌که‌ی له‌ کرواتیا و دواتریش له‌ پۆسته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌‌ باڵاکاندا کاری کردوه‌. 

گاڵبرایت و کورد
 له‌ ساڵی 1987 رۆڵی به‌رچاوی هه‌بوه‌ له‌ ناسینی دنیا به‌ سیاسه‌تی هه‌مه‌جی سه‌دام به‌رامبه‌ر به‌ کورد. له‌ ساڵی 1988 پرۆژه‌ یاسایه‌کی بۆ ته‌حریم کردنی جینۆساید ئاماده‌کرد و تێدا ئابلوقه‌یه‌کی به‌رفراوان و توندی دژ به‌ سه‌دام پێشنیاز کردبو. پێشنیازه‌که‌ به‌کۆی گشتی ده‌نگی سینات په‌سند کرا، به‌ڵام ئیداره‌ی ریگان رێگری کرد له‌وه‌ی ببێت به‌ یاسا. له‌ راپه‌رین و کۆره‌وه‌که‌دا هاته‌ کوردستان و رۆڵی له‌ سازدانی ناوچه‌ی ئارام بۆ کورد هه‌بو. له‌ ساڵی 1992 گاڵبرایت 14 ته‌ن به‌ڵگه‌ و دۆکیۆمێنتی حکومه‌تی عێراقی له‌ سه‌ر تاوانه‌کان ده‌رهه‌ق به‌ کورد برده‌ ئه‌مریکا. 
کاره‌کانی گاڵبرایت له‌ سه‌ر کورد له‌ کتێبی: کێشه‌یه‌ک له‌ دۆزه‌خه‌وه‌: ئه‌مریکا و سه‌رده‌می جینۆساید، A Problem from Hell: America and the Age of Genocide  نوسراو له‌ لایه‌ن نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوسی به‌ره‌گه‌ز ئیرله‌ندی Samantha Power، کۆکراونه‌ته‌وه‌. 
له‌ 2003 تا 2005 گاڵبرایت وه‌ک راوێژپێکراوێکی کورد رۆڵی به‌رچاوی بینیوه‌ له‌ دارشتنی ده‌ستوری کاتی‌ و هه‌میشه‌یی عێراق و هانی سه‌رکرده‌کانی کوردی داوه‌ که‌ کار بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی حکومه‌تی عێراق بکه‌ن. له‌ کتێبه‌که‌ی به‌ناوی کۆتایی ئێراق: چۆن لێنه‌هاتویه‌تی ئه‌مریکا شه‌رێکی بێ کۆتایی به‌رپا کرد، له‌ 2006 دا بڵاو کرایه‌وه‌، له‌ لاپه‌ره‌ 166 دا گاڵبرایت نوسیویه‌تی: " له‌ مانگی مایسی 2003 ده‌رکم به‌وه‌ کرد که‌ سه‌رکرده‌کانی کورد کێشه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی به‌رته‌سکیان هه‌یه‌ له‌ پلاندانان بۆ عێراقێکی فیدراڵ. ئه‌وان بیریان له‌ شۆرکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌کرده‌وه، به‌ واتایه‌کی تر به‌غدا مافه‌کانیان پێ ببه‌خشێت. من جه‌ختم ده‌کرده‌وه‌ هاوکێشه‌که‌ پێچه‌وانه‌ بکرێته‌وه‌ .. تاد". گاڵبرایت نایشارێته‌وه‌ که‌ هه‌واداری دابه‌شکردنی عێراقه‌ و سیاسه‌تی ئه‌مریکا بۆ  هێشتنه‌وه‌ی عێراق به‌ یه‌کپارچه‌یی به‌ هه‌ڵه‌یه‌کی‌ گه‌وره‌ ده‌زانێت.‌

گاڵبرایت و نه‌وت
له‌ مانگی ئۆکتۆبه‌ری 2009 چه‌ند رۆژنامه‌نوسێکی نه‌رویژی له‌ رۆژنامه‌یDagens Naeringsliv  چه‌ند دۆکیۆمێنتێکیان له ‌سه‌ر په‌یوه‌ندی گاڵبرایت له‌ گه‌ڵ کۆمپانیای DNO نه‌وتی نه‌رویژی بڵاوکرده‌وه‌ که‌ گرێبه‌ستی نه‌وتی گه‌وره‌ی له‌ کوردستان هه‌یه‌. رۆژنامه‌ی نیۆرک تایمس له‌ وتارێکدا که‌ له‌ 11 نۆڤه‌مبه‌ری 2009 دا بڵاوی کرده‌وه‌‌ نوسراوه‌: له‌و چاوپێکه‌وتنانه‌ی رۆژنامه‌که‌ له‌ گه‌ڵ زیاتر له‌ 10 به‌رپرسی ئێستا و پێشوتری حکومی و بازرگانی له‌ نه‌رویژ و فه‌ره‌نسا و عێراق و ئه‌مریکا ئه‌نجامی داون و پشتئه‌ستور به‌ به‌ڵگه‌ و دۆکیومێنته‌ فه‌رمیه‌کان ده‌رکه‌وتوه‌ که‌ به‌لایه‌نی که‌مه‌وه‌ مافی پشکێکی گه‌وره له‌ یه‌کێک له‌ کێڵگه‌کانی نه‌وت له‌ کوردستان له‌ به‌هاری 2004 دا به‌ گاڵبرایت دراوه‌. گاڵبرایت ئه‌م پشکه‌ی وه‌رگرتوه‌ پاش ئه‌وه‌ی سه‌رکه‌وتوانه‌ یارمه‌تی کۆمپانیاکه‌ی داوه‌ له‌ دانوستانه‌کاندا بۆ گرێبه‌ستێکی زۆر باش. گاڵبرایت خۆی ده‌ڵێت که‌ کاره‌کانی دروست بون چونکه‌ ئه‌و کاته‌ به‌رپرسیاریه‌تی فه‌رمی‌ نه‌بوه‌ و وه‌ک هاوڵاتیه‌ک زۆر به‌خه‌ستی تیكه‌ڵی دۆزی کورد بوه‌. 
له‌ که‌سایه‌تیه‌ نزیکه‌کان له‌ گاڵبرایت، وه‌ک بایدن، جێگری ئۆباما، و جۆن کێری، کاندید بۆ سه‌ر‌ۆک کۆمار له‌ هه‌ڵبژاره‌کانی 2004، بێئاگا بون له‌ بازرگانیه‌کانی گاڵبرایت له‌ عێراق. به‌هۆی ئه‌م بازرگانیه‌وه‌یه‌ که‌ میسداقیه‌تی وه‌ک راوێژپێکراوی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد بۆ ده‌ستوری هه‌میشه‌یی ئێراق که‌وتۆته‌ به‌ر پرسیاری چه‌ندین سیاسه‌تمه‌دار و چاودێری سیاسیه‌وه‌.     
سه‌رۆکی ده‌سته‌ی به‌رێوه‌بردنی DNO، Helge Eide ، دانی به‌وه‌دا ناوه‌ که‌ گاڵبرایت یارمه‌تی داون له‌ دانوستانه‌کان بۆ گرێبه‌ستی کیڵگه‌ی نه‌وتی تاوکه و راوێژپێکراوی‌ کۆمپانیاکه‌ بوه‌‌. گاڵبرایت له‌ نامه‌یه‌کی وه‌ڵامدانه‌وه‌دا بۆ رۆژنامه‌ی The Times له‌ کۆتایی ساڵی 2009 دا ناردویه‌تی دانی ناوه‌ به‌وه‌دا که‌ وه‌سیت بوه‌ له‌ نێوان حکومه‌تی هه‌رێم و کۆمپانیای DNO و ده‌شڵێت: " له‌ کاته‌کانی دانوستان بۆ ده‌ستور و دواتریش به‌رده‌وام بوه‌ له‌ په‌یوه‌ندی‌ بازرگانی له‌ گه‌ڵ کۆمپانیه‌که‌دا.
گاڵبرایت له‌ وه‌لامی ئه‌م هه‌مو ره‌خنه‌ و بریندارکردنه‌دا ده‌ڵێت: " باوه‌رم هه‌یه‌ که‌ کارکردنم له‌ گه‌ڵ DNO – و کۆمپانیاکانی تریش – یارمه‌تی کو‌رده‌کانی داوه‌ له‌ دروستکردنی پیشه‌سازی نه‌وت له‌ کوردستان که‌ زه‌مینه‌ی ئابو‌ری بۆ‌ کورده‌کان دابین ده‌کات بۆ سه‌ربه‌خۆییان که‌ هه‌مویان له‌ مێژه‌وه‌ خوازیارین". گاڵبرایت راشی گه‌یاندوه‌ که‌ کورده‌کان له‌ کاته‌کانی دانوستانه‌کان بۆ ده‌ستور به‌ئاگابون له‌ کارکردنی له‌ گه‌ڵ DNO و ئه‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ کورده‌کان پاره‌ی وه‌رنه‌گرتوه‌. 


Jay Garner
جای گارنر

 


گارنر له‌ ساڵی 1938 له‌ ویلایه‌تی فلۆریدا له‌ دایکبوه‌، خوێندنی مێژو و کارگێری گشتی ته‌واو کردوه‌. له‌ ساڵی 1962 بۆته‌ ملازمی دوه‌م و له‌ شه‌ری ڤێتنام به‌شداری کردوه‌ و دواتر چه‌ندین پۆستی هه‌ستیاری سه‌ربازی هه‌بوه‌. گارنر به‌شداری له‌ گه‌شه‌پێدانی موشه‌کی پاتریۆت کردوه‌ و له‌ شه‌ری یه‌که‌می که‌نداو به‌شداری کردوه. دوای ئه‌م جه‌نگه‌ پاراستنی به‌شێکی‌ کوردستانی پێ راسپێردرا. له‌ ساڵی 1997 خانه‌نشین کراوه‌.‌ 
گارنر دوای خانه‌نشینکردنی بۆته‌‌ به‌رێوه‌به‌ری کۆمپانیایه‌ک بۆ دروستکردنی چه‌ند به‌شێکی گرنگ بۆ سیسته‌می موشه‌کانی پاتریۆت و ئارۆ. 
له‌ ساڵی 2003 گارنر دانرا بۆ سه‌رپه‌رشتیکردنی بنیاتنانه‌وه‌ی عێراق، له‌م کاره‌یدا سه‌رکه‌وتو نه‌بو و دواتر پاوڵ برێمه‌ر شوێنی گرته‌وه‌. 

گارنر و کورد
له‌ دوای راپه‌رین و کۆره‌وه‌که‌دا گارنر بۆ به‌رێوه‌بردنی پرۆگرامی یارمه‌تیدانی کورد به‌ناوی Provide Comfort دانرا. له‌م کاره‌یدا په‌یوه‌ندی باشی له‌ گه‌ڵ سه‌رکرده‌کانی کورد سازدا. 
گارنر په‌یوه‌ندی کۆن و توندی له‌ گه‌ڵ دیک چێنی جێگری بوش، و رامسفیڵد، وه‌زیری به‌رگری، هه‌بوه‌. چه‌ندین گرێبه‌ستی بنیاتنه‌نه‌وه‌ی له‌ ئێراق پێداون که‌ گومانی زۆری چاندوه‌ که‌ عێراقی دوای جه‌نگ به‌کار ده‌هێنرێت بۆ پاداشتدانه‌وه‌ی به‌شداربوه‌کان له‌ حزبی کۆماری ئه‌مریکا. بۆ نمونه‌ گرێبه‌ستێک به‌به‌های 7 ملیارد دۆلار درا به‌ کۆمپانیایه‌کی پێشوی دیک چێنی به‌ناوی Halliburton بۆ کوژاندنه‌وه‌ی ئاگری بیره‌ نه‌وته‌کان که‌ سه‌دام ئاگری تێبه‌ردابون. گرێبه‌ستێکی‌ تر به‌بری 680 ملیۆن دۆلاربه‌ کۆمپانیایه‌کی‌ سه‌ر به‌ کۆماریه‌کان به‌ناوی ‌ And Bechtelدراوه‌ بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی چه‌ند سێکتۆرێکی ژێرخانی عێراق، جۆرج شولتز George Shultz وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ ئیداره‌ی ریگان به‌رێوه‌به‌ری ئه‌م کۆمپانیایه‌ بوه‌ و له‌ هه‌مان کاتیشدا سه‌رۆکی کۆنسۆڵی نێوده‌وڵه‌تی JP Morgan Chase بوه‌ که‌ وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌کانی هه‌رێم مامه‌ڵه‌ی بازرگانی له‌ گه‌ڵدا کردون، ئه‌م ده‌زگا بازرگانیه‌ له‌ ساڵی 1983 500 ملیۆن دۆلاری ‌قه‌رز به‌ سه‌دام داوه‌. 


گارنر و نه‌وت

|ژه‌نه‌راڵ گارنر به‌رێوه‌به‌ری بۆردی به‌رێوه‌به‌ره‌کانی کۆمپانیای نه‌وتی Vast Exploration  بوه‌ و لەو سەردەمەدا یه‌كیک له‌ ئه‌ندامانی بۆرده‌که‌ی ژه‌نه‌راڵ ئه‌بو زه‌ید بوه‌ که‌ له‌ عێراق و کوردستانیش کاری کردوه‌. 
کۆمپانیای Vast Exploration 37% له‌ بلۆکی قه‌ره‌داغی هه‌یه له‌و گرێبه‌سته‌ی ساڵی 2008 واژۆ کراوه‌ له‌ گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێمدا. بلۆکه‌که‌ پانتایی 846 چوارگۆشه‌ کیلۆمه‌تره‌. کۆمپانیاکه‌ ته‌نها 15 ملیۆن دۆلاری له‌ به‌رده‌ستدا بوه‌ بۆ ده‌ست به‌کارکردن. کۆمپانیاکه‌ له ساڵی 2011 رایگه‌یاند که‌ بۆ به‌رده‌وامدان به‌ کاره‌کانی پێویست ده‌کات 5 ملیۆن دۆلار قه‌رز بکات. شایانی پرسیار بو‌ که‌ حکومه‌تی هه‌رێم گرێبه‌ستێکی له‌و جۆره‌ ده‌دات به‌ کۆمپانیایه‌ک له‌و ئاسته‌ لاوازه‌دا کاتێک ده‌یانزانی به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی گرێبه‌سته‌که‌ پێویستی به‌ ده‌یان ملیۆن دۆلار هەبو‌. بۆچی ئه‌م کۆمپانیایه‌ یه‌ک دۆلار شیرینی نه‌داوه‌. 

مشتێک له‌ خه‌روارێک
زنجیره‌ی ناوی ئه‌مریکیه‌کان که‌ ‌دوای نه‌وتی کوردستان که‌وتون و ده‌سه‌ڵاتدارنی نه‌وتی هه‌رێم کارئاسانیان بۆ کردون به‌م چه‌ند که‌سایه‌تیه‌ ناودارانه‌ پڕ ناکرێته‌وه. له‌و که‌سایه‌تیانه‌ی ژیرانه‌تر هه‌وڵی بۆ هه‌مان ‌مه‌به‌ست داوه‌ ریشارد پێرل یاریده‌رێکی وه‌زیری به‌رگری له‌ ئیداره‌ی ریگانه، ئه‌م زاته‌ به‌نازناوی شازاده‌ی تاریکیش ناسراوه‌، گومان لێکراوه‌‌ کە پەیوەندی ژێربەژێری دەرەکی هەبوە، راوێژپێکراوی موعه‌مه‌ر قه‌زافی بوه‌ له‌ 2006 دا و یه‌کێک بوە‌ له‌ سیاسه‌تمه‌دار و لۆبیست و پسپۆره‌ ناوداره‌کانی بواری ئاسایش و یه‌کێک بو‌ له‌ داڵەکانی ره‌وتی کۆنسێرڤیتزمی نوێ. پێرڵ ئه‌گه‌ره‌کانی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی له‌ گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێم و نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم له‌ واشنتۆن باس کردوه‌ و له‌و روه‌وه‌ قوباد تاڵه‌بانی له‌ رونکردنه‌وه‌یه‌کدا ئه‌و هه‌و‌ڵانه‌ی سه‌لماندوه‌. 
ته‌ماعه‌که‌ له‌ ناوچه‌یه‌که‌ ناسراو به‌  K18نزیکه‌ له‌ شاری هه‌ولێر‌. به‌پێی دۆکیۆمێنته‌کان له‌ رێگه‌ی کۆمپانیای تورکی AK Group International هه‌وڵ بۆ سازدانی گرێبه‌سته‌که‌ دراوه‌. 
له‌ رونکردنه‌وه‌که‌ی قوباد ته‌ڵه‌بانیدا هاتوه‌: " یه‌کێک له‌ ئه‌رکه‌کانم گه‌رانه‌ به‌دوای وه‌به‌رهێنه‌ران بۆ ئابوری نوێی کوردستانی عێراق که‌ له‌ گه‌شه‌کردندایه‌ و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌مو داوایه‌کی ره‌وایه‌ بۆ وه‌به‌رهێنان".

 کۆکردنەوەو و ئامادەکردنی: چیا عەباس
رۆتەردام: سەرەتای مارچی ٢٠٢٠


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand