دیبلۆماتكارێكی توركیا كوژرا
2019-07-17 20:05:58
درەو:
ئەمڕۆ لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان دیبلۆماتكارێكی كونسوڵگەری گشتی توركیا لە ریستۆرانتێكی توركی لە شاری هەولێر كوژرا.
لەدوای روداوەكەوە، تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لە هەرێمی كوردستان راگیرا، ئەو شوێنەی كە دیبلۆماتكارەكەی تێدا كوژرا ریستۆرانتێكە بەناوی رستۆرانتی "هۆقەباز- HUQQABAZ"، ئەم رێستۆرانتە دەكەوێتە بەرامبەر شاری خەونەكان، خواردنگەیەكی توركییەو زیاتر كەسانی سەرمایەدارو بازرگانەكان لەوێ دادەنیشنو گفتوگۆ دەكەن، واتە شوێنی خەڵكی ئاسایی نەبووە.
بەپێی هەواڵێك كە تۆڕی (BBC) لەزاری چەند سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردوەتەوە" چەكدارەكان لە مێزێكی نزیك دیپلۆماتكارە توركەكان دانیشتوون، پاشان بە چەكی سوكی بێدەنگ (كاتم) تەقەیان لە دیپلۆماتكارەكان كردووە.
ئەو كەسەی لە روداوی تەقەكردنەكەی ئەو ریستۆرانتەدا كوژرا، "مستەفا بێگ" بوو، دەوترێت ئەم پیاوە كونسوڵی فیعلی توركیا بووە لە هەولێر، (هاكان كەرەچای) تەنیا بەناو رۆڵی كونسوڵی بینیوە.
سەرەتای رووداوەكە تۆڕی هەواڵی (CNNTURK) لە زاری سەرچاوە ئەمنییەكانەوە رایگەیاند، تەقەكەرەكە كوژراوە، دواتر هەمان سەرچاوە باسی لەوەكرد، تەقەكەرەكە كچێكی تەمەن (20) ساڵانە، رەنگە بەناوی هێنانی كچێك وەكو هێرشبەر، سەرچاوە ئەمنییەكانی هەرێم ویستبێتیان رووداوەكە بەسەر پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)دا ساغ بكەنەوە، بەتایبەتیش دوای كوژرانی ژمارەیەك لە فەرماندەكانی پەكەكە لە هێرشی فڕۆكەكانی توركیاو تۆمەتباركردنی پارتی بە تێوەگلان لەو هێرشانەدا لەلایەن پەكەكەوە.
سەرباری ئەمە، هەردوای بڵاوبونەوەی هەواڵی كوژرانی دیپلۆماتكارێكی توركیا لە هەولێر، میدیاكانی ناوخۆو جیهان بەخێرایی سەرەنجیان خستە سەر (پەكەكە) وەكو هێزێكی نەیاری دەوڵەتی توركیا، بەڵام (پەكەكە) زوو لەزاری دیار دەنیز بەرپرسی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل, باڵی سەربازی پەكەكەوە رایگەیاند" ئاگاداری روداوەكە نینو پەیوەندیشیان پێوەی نییە".
دواتر بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو ئیدانەی هێرشەكەی كردو دڵنیایی بە دیپلۆماتكارانی بیانی دا كە پارێزراو دەبن، بەڵام هیچ زانیارییەكیان لەبارەی وردەكاری هێرشەكەی ریستۆرانت "هۆقەباز" ئاشكرانەكردو هیچ ئاماژەیەكی بە چارەنوسی تەقەكەرەكە نەكرد.