Draw Media

خەونی وەرگرتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەدیهات

خەونی وەرگرتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەدیهات

2025-09-27 10:49:42


(درەو):
"خەونی وەرگرتنی نەوتی هەرێمی كوردستان و هەناردەكردنی لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە بەدیهات" وەزیری نەوتی عێراق بەمشێوەیە لەبەردەم ئاژانسی فەرمی هەواڵەكانی عێراقدا گوزارشتی لە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان كرد. 
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، رۆژی 25ی ئەم مانگە رێككەوتنی سێقۆڵی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و ئەو كۆمپانیایانە ئیمزا كرا، كە لە كێڵگە بەرهەمهێنەكانی هەرێمی كوردستان كاردەكەن، بۆ رادەستكردنی 180 بۆ 190 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم بە وەزارەتی نەوت و گلدانەوەی 50 هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ مەبەستی كارپێكردنی پاڵاوگەكانی ناوخۆی هەرێم. 
وەزیری نەوتی فیدراڵ بە ئاژانسی دەنگوباسەكانی عێراقی وت:" پێشبینی رێككەوتنمان دەكرد لەگەڵ هەرێم بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەو چاودێریمان دەكرد، ئەمڕۆ بە پەمپكردنی نەوتی خاو بەئاڕاستەی خاڵی وەرگرتن لە نزیك فیشخاپور لەسەر سنوری عێراق و توركیا، ئەو پێشبینییە بەدیهات". 
"پرۆسەی پەمپكردنی نەوتی خاو بەدرێژایی بۆری عێراق- توركیا بە ئاڕاستەی بەندەری جەیهان بەڕێوەدەچێت..ئاماژەی روون هەیە لەرێگەی وەزارەتی نەوت و كۆمپانیای نەوتی باكورو فەرمانگەی تەكنیكی لە بارەگای وەزارەت و كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوت (سۆمۆ) سەبارەت بەوەی بەرزبوونەوە هەیە لە ئاستی گەیشتنی نەوت بە خەزانەكانی بەندەری جەیهان" وەزیری نەوت وا دەڵێ. 
وەزیر باسلەوە دەكات" دوای كۆبوونەوەی بڕی پێویستی نەوت بۆ هەناردەكردن، ئەو كەشتییانەی رێككەوتنیان لەگەڵ كراوە نەوتەكە باردەكەن، بەمەش ئەو خەونە بەدی هات كە زۆرێك هەیانبوو بۆ وەرگرتنی نەوتی هەرێم و هەناردەكردنی لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە؛ كە خۆی لە كۆمپانیای بە بازاڕخستنی نەوتی عێراق دەبینێت". 
بەپێی قسەی وەزیری نەوتی فیدراڵ، رۆژانە لە 180 بۆ 190 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە هەناردە دەكرێت و ئەم ژمارەیەك كەڕەتی نرخی نەوتی خاو دەكرێت كە لەئیستادا 65 دۆلارە، لەبەرامبەر بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوتدا بڕی 16 دۆلار دەدرێت، ئەمەش بەگوێرەی هەمواری یەكەمی یاسای بودجەو، هەموو كۆمپانیاكانیش ئیمزایان لەسەر ئەم رێككەوتنە كردووە، بۆیە لەسەر هەموو ئەو كۆمپانیایانەی ئیمزایان كردووە پابەندكەرە. 
هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 25ی ئازاری 2023وە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا لەرێگەی بۆرییەوە راوەستا. 
راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس بوو، لەسەر بنەمای سكاڵایەك بوو كە عێراق دژ بە توركیا تۆماریكردبوو، لەسەر ئەوەی توركیا بەبێ رەزامەندی بەغداد بۆری نەوتی عێراقی بەكارهێناوە بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، بە دەرچوونی ئەم بڕیارەی دادگای پاریس پرۆسەی "ئابوری سەربەخۆی كوردستان" بەتەواوەتی ئیفیلج بوو، بەوپێیەی تا ئەوكات حكومەتی هەرێم نزیكەی 80%ی داهاتەكانی خۆی لەرێگەی هەناردەی سەربەخۆیانەی نەوتەوە دەستدەكەوێت.
لەدوای بڕیاری دادگای پاریسەوە، حكومەتی هەرێم لەرێگەی یاسای بودجەی گشتی عێراقەوە ملكەچ بوو بۆ ئەوەی پرۆسەی فرۆشی نەوت و داهاتەكەی بەتەواوەتی رادەستی بەغداد بكات لەبەرامبەر ئەوەی بەغداد بەشە بودجەی خۆی پێبدات، ئەوەی ئەمڕۆ هەناردەی نەوت دەستیپێكردەوە جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنەیە كە لە یاسای بودجەدا كراوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand