راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم دوای ئهوهی له ئهنجامی كۆبوونهوهكانی ڕابردووی پارتی و یهكێتیی، بڕیاری كۆبوونهوهی 18ی شوباتی پهرلهمانی كوردستان و ئهنجومهنی پارێزگای كهركوكی لێكهوتهوه، له ئێستادا ئهو بڕیارانه ڕووبهرووی چهند گرفتێك بۆتهوه، ههربۆیه ئهگهری ههیه كۆبوونهوهی پهرلهمان و ئهنجومهنی پارێزگای كهركوك له كاتی خۆیدا ئهنجامنهدرێت، یاخود بهتهواوی ناوهڕۆكهكهی جێبهجێنهكرێت. یهكێك له ڕێگرییهكانی كۆبوونهوهی پهرلهمانی كوردستان، یهكلاینهبوونهوهی یهكێتیه بۆ دیاریكردنی كاندیدی سهرۆكی پهرلهمان، چونكه ههردوو كاندیدهكه ( ڕێواس فایهق و بێگهرد تاڵهبانی) لهڕووی خاڵی لاوازو بههێزیان بۆ بوون بهسهرۆكی پهرلهمان لهیهكهوه نزیكن، بۆیه ئاسان نابێت سهركردایهتی و مهكتهبی سیاسی ئهو حزبه ئهو پرسه لهماوهی ههفتهیهكدا یهكلابكهنهوه. بهشێك له یهكێتی لهگهڵ ئهوهدان، مهكتهبی سیاسی كاندیدی سهرۆكی پهرلهمان یهكلابكاتهوهو بهشێكیش لهگهڵ ئهوهن له كۆبوونهوهی ئهنجومهنی سهركردایهتی ئهم كارهبكرێت، بۆچوونێكی دیكهش ئهوهیه ئهوبابهته له نێو پهرلهمان چارهسهبكرێت، ئهوان سهرپشك بن كێ دهبێته سهرۆك لهو دوو كاندیدهی یهكێتیی. تاوهكو ئێستا بڕیاری 18ی شوبات، كه وادهی كۆبوونهوهی پهرلهمانه وهك خۆیهتی، بهڵام ئهگهر له حاڵهتێكدا ئهو كۆبوونهوهیه ئهنجامنهدرێت، ئهگهری ههیه دانیشتنهكهو ههڵبژاردنی دهستهی سهرۆكایهتی پهرلهمان ههفتهیهك دوابخرێت. یهكێتیی لهگهڵ ئهوهیه ههردوو كۆبوونهوهكهی پهرلهمان و ئهنجومهنی پارێزگای كهركوك لهیهك ڕۆژدا ئهنجامبدرێت، بۆیه ئهگهر پارتی گرفت بۆ دانیشتنی ئهنجومهنی پارێزگای كهركوك دروستبكات، ئهوانیش كۆبوونهوهی پهرلهمان پهكدهخهن. بههۆی ناڕهزایی لایهنه توركمانی و عهرهبییهكان و ترسی تهواونهبوونی رێژهی یاسایی بۆ ئهنجامدانی كۆبوونهوهكه، ئهگهری زۆره كۆبوونهوهكهی ئهنجومهنی پارێزگای كهركووك ،كه وابڕیاربوو له ڕۆژی 18هی شوبات ههولێر ئهنجامبدرێت، بگۆڕدرێت به دانیشتنی لیستی برایهتی له ههولێر، كه ئهمهش دیسانهوه دهبێته گرفت لهبهردهم ڕێككهوتنی پارتی و یهكێتیی. پارتی و یهكێتیی و ههندێك له ئهندامانی ئهنجومهن، لهگهڵ ئهوهدان لهو كۆبوونهوهی لیستی برایهتی بڕیار لهسهر كۆبوونهوهی ئهنجومهنی پارێزگا بدرێت. بهشێك لهیهكێتیی به هیچ شێوهیهك لهگهڵ ئهوهدانین كۆبوونهوهی ئهنجومهنی پارێزگا له ههولێر ئهنجامبدرێت، چونكه لهڕووی سیاسی و یاسایهوه كێشه دروستدهكات، بهپێچهوانهی ئهمهش ههندێك پێیانوایه: پێویسته ئهو كۆبوونهوهیه له ههولێر ئهنجامبدرێت، تاوهكو بهرپرسیاریهتهكه بهتهواوی بكهوێته ئهستۆی پارتی و به ناچاری و بهزوویی به دانانی پارێزگار ڕازیبێت. پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادهنییه، تهنها یهك كاندید له یهكێتیی وهرگرێت بۆ پۆستی پارێزگار، مهرجیان ئهوهیه چهند كاندیدێك پێشكهشبكرێـت، پاشان بهیهكهوه لهسهر كهسێك ڕهزامهندی دهرببڕن. لهبارهی رێككهوتنی سیاسی نێوانیان، كه وابڕیاره لهم ههفتهیهدا له نێوان شاندی باڵای ههردوولا واژووبكرێت، له ئێستادا ڕهشنووسی ئهو رێككهوتنه كۆتایی پێهاتووهو ههر ئهمڕۆش مهكتهبی سیاسی لهسهر ئهو مهسهلهیه كۆبۆوه، چاوهڕێدهكرێت ڕهزامهندی كۆتایی لهسهر بدرێت. سهبارهت به بزوتنهوهی گۆڕان بهرپرسانی پارتی ئاماژهبهوهدهكهن: گۆڕان لاری نییه لهو نزیكبوونهوهی پارتی لهگهڵ یهكێتیی، ههر ههنگاوێكی نزیكبوونهوهی پارتی لهگهڵ یهكێتیی گۆڕانی لێ ئاگاداركراوهتهوه. ڕێككهوتنی پارتی و گۆڕان لهبارهی بهژداریكردنی گۆڕان له حكومهتی نوێ، كێشهی گهورهی لهبهردهمدا نییه، چونكه لهدوای گهیشتنی پارتی به ئهنجامێك لهگهڵ یهكێتیی، لهماوهیهكی كهمدا دهتوانن لهگهڵ گۆڕانیش ڕێككهوتنی كۆتایی ئهنجامبدهن.
( درەو میدیا): فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی كەركوك پێكدەهێنرێتەوە و هێزی پێشمەرگەش بەشدار دەبێت تێیدا. سەرچاوەیەكی سەربازیی ئاگادار، ئەمڕۆ یەكشەممە بە میدیا عێراقییەكانی راگەیاندووە كە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی كەركوك پێكدەهێنرێتەوە و لیوا روكن سەعد حەربیە فەرماندەیی دەكات و بارەگاكەشی لە بنكەی " كەی وەن" دەبێت لەباكوری خۆرهەڵاتی كەركوك. ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشیكرد، هەریەك لە هێزەكانی پێشمەرگە، دەزگای دژە تیرۆری عێراق، فیرقەی تایبەت و راوێژكارانی سوپای ئەمریكا بەشداردەبن لەو فەرماندەییەدا. رۆژی سێشەممەی رابردوو، بە فەرمانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و فەرماندەی باڵای هێزە چەكدارەكان، هێزەكانی دژە تیرۆری عێراق لە كەركوك پاشەكشێیانكرد و دۆسیەی ئەمنی پارێزگاكە رادەستی فەریق روكن كەریم تەمیمی، فەرماندەی فیرقەی تایبەت كرا.
( درەو میدیا): وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، وەڵامی ئەمیر كینانی، راوێژكاری سەرۆكایەتی كۆمار دەداتەوە كە رایگەیاندبوو "ئێران بۆ سەرخستنی كاندیدی مەسعود بارزانی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ئامادەبووە 100 ملیۆن دۆلار بدات". مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت:" ئەگەر ئێران حەزی لێ نەبا و نەیویستبا نە بەڕێزت ئێستا ڕاوێژكاری سەرۆك كۆمار دەبووی و نە ئەوەی ئێستا بووەتە سەرۆك كۆمار، دەبوو بە سەرۆك كۆمار". دەقی راگەیەندراوەكە: وەڵامێك بۆ ئەمیر كینانی ڕاوێژكاری سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق قسەكانی ڕاوێژكاری سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق (ئەمیر كینانی) لەبارەی بابەتی سەرۆككۆمار و بارزانی و پارتی لەگەڵ تەلەفزیۆنی ئەلعێراقیە جێگەی سەرسووڕمانە. پێدەچێ ئەو كابرایە لەوەتای بووەتە ڕاوێژكار، ھەوڵی گەوجاندن و شۆردنی مێشكی درابێت. لە وەڵامی قسە ناڕاستەكانیشیدا دەڵێین، ئەگەر ئێران حەزی لێ نەبا و نەیویستبا نە بەڕێزت ئێستا ڕاوێژكاری سەرۆك كۆمار دەبووی و نە ئەوەی ئێستا بووەتە سەرۆك كۆمار، دەبوو بە سەرۆك كۆمار. مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان
( درەو میدیا): ئەمیر كینانی، یەكێك لە سەركردەكانی رەوتی سەدر رایگەیاند ئێران لە پێناوی ئەوەی كورسی سەرۆكایەتی كۆمار بۆ كاندیدەكەی مەسعود بارزانی بێت، ئامادەبووە 100 ملیۆن دۆلار بدات. كینانی لە بەرنامەیەكدا لە كەناڵی عێراقییە وتی:" مەسعود بارزانی بە ریفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆیی زیادەڕەوی كرد و ئەمریكاش پشتی تێكردو دوای شكستهێنانی پرۆژەكەی ئێران گرتییە خۆی، و بە ئێرانییەكانی وت لەگەڵتاندا رێكدەكەوم بە مەرجێك هەموو دەستكەوت و ئیمتیازاتەكانم بۆ بگەڕێننەوە بۆئەوەی گەلی كورد قایل بكەم كە پاڵەوان بووم لە پرۆژەكەمەدا". كینانی لە بەشێكی تری قسەكانیدا وتیشی:" رێكەتنی سیاسی لەگەڵ ئێراندا بوو پاشان بوو بە رێككەوتن لەگەڵ هاوپەیمانی بونیاتناندا، دەقی رێككەوتنەكە دەڵێت كە سەرۆكایەتی كۆمار پشكی بارزانی دەبێت، بەڵام شكستیهێنا، چونكە هێزەكانی بونیاتنان رەتیانكردەوە سەرۆكایەتی كۆماری بدەنێ و دەستكەوتنی چەند وەزارەتێكیان لە حكومەتەكەی عەبدولمەهدی هەڵبژارد". ئەو سەركردەی رەوتی سەدر ئاشكراشیكرد ئێران ئامادەیی خۆی دەربڕی 100 ملیۆن دۆلار بدات بە ركابەرەكانی كاندیدەكەی بارزانی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بەڵام ئەوان رەتیانكردەوە و ئەوەبوو بەرهەم ساڵح بە سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرا.
( درەو میدیا): سوپای ئەمریكا كۆتایی مانگی نیسانی داهاتوو بە تەواوەتی لە سوریا پاشەكشێ دەكات، ئەوەش بە گوێرەی چەند بەرپرسێكی ئێستا و پێشووی سوپای ئەمریكا كە قسەیان بۆ رۆژنامەی " وۆڵ ستریت جۆرناڵ" كردووە. ئەو بەرپرسانە ئاشكراشیانكردەووە كە تا ناوەڕاستی مانگی ئازار بەشێكی زۆری سوپای ئەمریكا لە سوریا پاشەكشێ دەكات و كۆتایی مانگی نیسان پرۆسەكە بە تەواوەتی كۆتایی دێت. هاوكات بەرپرسێكی ئەمریكی لە رێگەی تەلەفۆنەوە بە ئاژانسی " رۆیتەرز"ی راگەیاند پاشەكشێی سوپای ئەمریكا لە سوریا بنكەی " تەنەف" یش دەگرێتەوە كە خاڵی سنوریی بەیەكگەیشتنی سوریا و عێراق و ئوردنە. لایخۆشیەوە بەرپرسێكی توركیا رایگەیاند ئەمریكا هیچ زانیارییەكی دەربارەی كاتی كۆتاییهاتنی كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا نەداوەتە ئەنكەرە. بەرپرسێكی هێزەكانی سوریای دیموكراتیش لە لێدوانێكیدا بۆ رۆیتەرز وتی:" ئەوەی دەیزتنین هەتائێستا هیچ پاشەكشێییەك نەبووە، دۆخەكە لەسەر زەویی وەك خۆی وایە، هیچ گفتوگۆیەك بۆ دیاریكردنی وادەیەك یان سەقفێكی زەممەنی بۆ كشانەوەكە لە ئارادا نیە".
( درەو میدیا): ئەوپۆلراتانا ماهیدول، خوشەكە گەورەی پادشای تایلاند، ئەو كچە شازادەیەی لە پێناوی خۆشەویستیی و هاوسەرگیریكردن لەگەڵ پیاوێكی ئەمریكی دەستبەرداری نازناوی شاهانەی بوو، نەریتە باوەكانی وڵاتەكەی تێكدەشكێنێت و لە هەڵبژاردنی گشتی وڵاتدا خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت كاندیدەكات كە مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، ئەمەش هەنگاوێكی بێ پێشینەیەو ئەندامانی خانەوادەی شاهانە لە تایلاند، خۆیان لە سیاسەتكردنی راستەوخۆ بەدوورگرتووە. ماهیدولی تەمەن 67 ساڵ لەسەر پارتی " تای راكسا چارت" خۆی كاندیدكرد كە هاوپەیمانی سەرۆك وەزیرانی پێشووی تایلاند " تاكسین شیناواترایە" و سوپای تایلاند پێنج ساڵ لەمەوبەر لە پۆستەكەی دووریخستەوە. ماهیدول، بەرپرسیاریەتێكی زۆر گەورەی دەكەوێتە سەرشان، چونكە ئەو هەڵبژاردنەی مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، هەلێكە بۆئەوەی دوای پێنج ساڵ لە حكومی سەربازیی، دیموكراتیەت بۆ ئەو وڵاتە بگەڕێتەوە. لەو هەڵبژاردنەدا، ئەو ژنە شازادەیە ركابەرێكی بەهێز و سەرسەخت دەبێت بۆ هەموو كاندیدەكانی تر، لەسەروو هەموشیانەوە " برایۆت چان ئۆ چا" سەرۆكی ئەنجومەنی سەربازی كە پێنج ساڵە فەرمانڕەوایی تایلاند دەكات. برایۆت لە ماوەی رابردوودا لە هەوڵێكیدا بۆ داڕشتنەوەی كۆی سیستمی سیاسی وڵات دەستورێكی نوێی دانا، بۆئەوەی رۆڵی سوپا لەدەسەڵاتدا لە دوای هەڵبژاردنەكانی 24ی ئازاری داهاتوو، گەرەنتی بكات، بەڵام بەوتەی جۆناسان هید، پەیامنێری "بی بی سی" لە بانكۆك، وادەردەكەوێت خۆكاندیدكردنی ماهیدول گورزێكی بەهێز بێت بۆ ستراتیژیی سوپا كە هەوڵدەدات هەژمونی خۆی لە جیهانی سیاسەتدا بهێڵێتەوە. " برایۆت چان ئۆ چا" سەرۆكی ئەنجومەنی سەربازی تایلاند شازادە ئەوپۆلراتانا ماهیدو كێیە؟ شازادە ئەوپۆلراتانا راجاكانیا سیریڤاندانا پاراناڤادی ساڵی 1951 لە دایكبووە، كچە گەورەی " پۆمیپۆل ئەدۆلیادیچ" پادشای كۆچكردووی تایلاندەو خوێندنی لە پەیمانگای تەكنیكی ماساچوستس لە ئەمریكا تەواوكردووە. ماهیدول، هەمیشە بە كەسێكی رۆشنبیر و سەرنجڕاكێش وەسفدەكرێت، جگە لە سادەیی و تێكەڵاویی لەگەڵ خەڵك, بە پێچەوانەی براكەیەوە " ماها ڤاجیرالۆنگۆرن" كە ئێستا پادشای تایلاندە. شازادە ماهیدول، ساڵی 1972 لە پێناوی هاوسەرگیریكردن لەگەڵ هاوڵاتییەكی ئەمریكیدا، دەستبەداری نازناوی شاهانەبوو، پاشان لە ئەمریكا نیشتەجێبوو، دوای جیابوونەوەی لە هاوسەرەكەی گەڕایەوە بۆ تایلاند. شازادە ئەوپۆلراتانا ماهیدول ٢٠١٠ سەرەڕای ئەوەی هێشتا بە فەرمی نازناوی شاهانەی بەدەستنەهێناوەتەوە، بەڵام لەلایەن گەلی تایلاندەوە وەك هەر ئەندامێكی تری خانەوادەی شاهانە مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێتو دوای گەڕانەوەشی بۆ وڵاتەكەی، بڕیاریدا پەیوەندیی لەگەڵ خەڵكدا پتەوتربكات و ئێستا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا كەسێكی زۆر چالاكە و لە ژمارەیەكی زۆری فیلمە تایلاندییەكاندا دەردەكەوێت و بە شێوەیەكی رێكخراویش چەندین چالاكی خێرخوازیی ئەنجامداوە لە بوارەكانی چاودێری كۆمەڵایەتی و تەندروستی، چەند هەڵمەتێكیشی بۆ نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكان دەستپێكردووە. ماهیدول كە ساڵی 2004 یەكێك لە سێ كوڕەكەی بەهۆی شەپۆلی تسۆنامییەوە لەدەستداوە، خەڵكانێكی زۆر بەراوردی دەكەن بە سەركردە مێژووییە بەهێزەكان، خۆشی خوازیاری ئەوەیە كەسایەتی لەبەرچاوبگرن نەك نازناوی شاهانە كە دەستبەرداری بووە و لە یەكێك لەو چاوپێكەوتنە تەلەفزیۆنیانەی لەگەڵیدا ئەنجامدراوە بە شۆخییەوە دەڵێت ئومێدەوارە لەبری رستەی " سڵاو شازادەی خاوەن شكۆ" گوێی لە رستەی " سڵاو قەدباریكەكە" بێت و لەو كاتەشە و لایەنگرانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چەندین هاشتاگیان بەناونیشانی " #LongLiveSlender." داناوە.
(درەو میدیا): كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە بڕیارە لە 18ی شوبات لە هەولێر بكرێت، كۆبونەوەی لیستی برایەتیە نەك ئەنجومەنی پارێزگا. بەپێی رێكکەوتنی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت لە 18ی شوباتی داهاتوو هاوكات لەگەڵ كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستاندا كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیش بەرێوەبچێت و رێوشوێنەكانی دانانی پارێزگای كەركوك بگێرێتە بەر. سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە "درەو میدیا"ی راگەیاند: كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە هەولێر دەكرێت و بەسەرپەرشتی رێبوار تاڵەبانی دەبێت، ئەو كۆبونەوەیە زیاتر كۆبونەوەیەكی راوێژكاری دەبێت و تایبەتە بە لیستی برایەتی كەركوك، چونكە لایەنە عەرەبی و توركمانیەكان ئامادەی كۆبونەوەكە نابن. "درەو میدیا" زانیویەتی كە رێكکەوتنەكەی نێوان پارتی و یەكێتی، ناڕەزایی بەشێک لە سەركردەكانی پارتی و بەتایبەت كەركوكییەكانی لێكەوتوەتەوە بەو پێیەی ئەنجامی كۆبونەوەكە زۆرینەی جێبەجێكردنی داواكاریەكانی یەكێتیەو لە قازانجی یەكێتیدایە، هەربۆیە وتەبێژی پارتی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا شوێنی كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی دیاریكرد كە لە هەولێر دەبێت، ئەمەش بۆ ئەندامانی وەفدی یەكێتی شۆك بوو، چونكە لە كۆبونەوەكەدا باسی شوێنی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك نەكرابوو. ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە نوسینێكیدا لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی“باشتروایە كۆبونەوەكەی 18ی شوبات ناوبنرێت كۆبونەوەی لیستی برایەتی بۆ خۆئامادەكردن بۆ كۆبونەوەیەكی سەركەوتوی ئەنجومەن لە كەركوك، بۆئەوەی ھیچ بیانویەك نەمێنێت بۆ بەشدارینەكردنی ھیچ لایەنێك”. هاوکات، محەمەد عوسمان ئەندامی خولی پێشووی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات رایگەیاند ئەو کۆبونەوەیەی دەکرێت کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک نییە، بەڵکو کۆبونەوەی ڕاوێژی لایەنە کوردییەکانی کەرکوکە" وتیشی:" کۆبونەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەبێت لە شاری کەرکوک بکرێت هەرکۆبونەوەیەکیش لە دەرەوەی ئەو شارە بکرێت نابێتە کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک هیچ فەرمیەتێکی نییە و ناتوانێت هیچ بریارێک دەربارەی کەرکوک بدات. هەرچەندە بەرلە كۆبونەوەكەی 18ی شوبات رێكکەوتنی سیاسی یەكێتی و پارتی دەكرێت لەسەر تەواوی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، پێشتریش بەرپرسێكی یەكێتی بە "درەو میدیا"ی راگەیاند، پۆستی پارێزگای كەركوك لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی هەرێمە، ئەگەر پارتی رێگری بكات لەوەی پارێزگاری كەركوك بۆ یەكێتی بێت، یەكێتیش ئامادەنیە دەنگ بەسەرۆكی هەرێم بدات. ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك هەڵبژێردراوی هەڵبژاردنی 2005 و لیستی برایەتی لەو هەڵبژاردنەدا 26 كورسی بەدەستهێنا كە ئێستا ئەندامانی ئەو لیستە كوردیە دابەشبوون بەسەر حزبەكاندا( پارتی 12 ئەندام، یەكێتی 6 ئەندام، یەكگرتوو 3 ئەندام، 2 ئەندامی شیوعی كە ئێستا لەناو یەكێتیدان، یەك زەحمەتكێشان، عەرەبێك و توركمانێك و مەسیحیەك). ئێستا كەركوك پارێزگاری نیەو پارێزگارێكی بەوەكالەتی هەیەو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاو جێگرو سكرتێری ئەنجومەنی نیە.
(درەو میدیا): لە شانۆگەرییەكدا كە لە شانۆی نیشتمانی شاری كەربەلا نمایشكرا، بینەرانی شانۆگەرییەكە هێرشیانكردەسەر ئەو ئەكتەرەی كە رۆڵی عومەری كوڕی خەتاب خەلیفەی دووەمی موسوڵمانانی دەگێڕا. ساتی تەقینەوەی روداوەكە، ئەوكاتەبوو، ئەو ئەكتەرەی كە رۆڵی عومەری كوڕی خەتابی دەگێڕێت، دەچێتەسەر ماڵی فاتیمەی كچی پێغەمبەری ئیسلامو دەرگای ماڵەكەیو دەستی فاتیمە دەشكێنێت، بەڵام عەلی كوڕی ئەبو تالب بێدەنگە لەو هێرشەی كە عومەر دەیكاتەسەر فاتیمەی هاوسەری. ئامادەبوانی شانۆگەرییەكە هێرشیانكردەسەر ئەو ئەكتەرەی كە رۆڵی عومەری كوڕی خەتابی دەگێڕا، بەپێی هەواڵی هەندێك لە میدیاكانی عێراق، ئەو ئەكتەرە برینداربووەو رەوانەی نەخۆشخانە كراوە. ڤیدیۆی روداوەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی عێراق بڵاوبوەتەوە، وەك لە ڤیدیۆكەدا دەردەكەوێت ئەو ئەكتەرەی كە رۆڵی عەلی كوڕی ئەبو تالب دەگێڕێت، لەكاتی پەلاماردانی عومەردا داوا لە خەڵك دەكات هێورببنەوە. روداوەكە قسەوباسی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، هەندێك داوا دەكەن رێز لە ئازادی هونەرو رەخنەی هونەری بگیرێت، هەندێكی تر ئیدانەی كارە شانۆییەكە دەكەنو دەڵێن شانۆكە دەستی بۆ پیرۆزییەكان بردووەو سوكایەتی بە ئیمامەكان كردووە. كەربەلا زۆرینەی دانیشتوانەكەی شیعەمەزهەبن، شارەكە یەكێكە لە سیبولەكانی شیعە لەسەر ئاستی جیهان. ئەم رووداوە دوای ئەوەدێت رۆژی شەممەی رابردوو لە كەربەلا ژمارەیەك چەكدار تەقەیان لە چالاكوانو رۆماننوس (عەلا مەشزوب) كردو كوشتیان، ئەو رۆماننوسە بەوە ناسرابوو بەردەوام رەخنەی لە دەستوەردانی دەرەكی لە كاروباری ناوخۆی عێراقو رۆڵی پیاوانی ئاینی دەگرت. لە خوارەوە كلیك بكە بۆ بینینی ڤیدیۆكە:
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف یۆبیلی زیوینی تەمەنی لەدوای كارەساتی داڕمانی دەنگەكانی لە هەڵبژاردن بەڕێدەكات، مانگی 11ی ئەمساڵ كۆنگرە دەبەستێت، كۆنگرەیەك بۆ هەستانەوە لەدوای شكست یاخود درێژەدان بە واقیعی باو، ئەمە چیرۆكی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانە. 25 ساڵ لەمەوبەر لەسەرەتای شەڕی ناوخۆی كوردستاندا حزبێكی سیاسی نوێ لە دایكبوو، لەناو بۆنی باروتی شەڕدا سیاسەتكردنی بەچەك رەتكردەوە، بۆ ئەو كات ئەم بیرۆكەیە جێگای گاڵتەجاڕی بوو، ئەو حزبە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بوو. قەیرانی ناسنامە ئەمڕۆ 25 ساڵ تێپەڕی بەسەر راگەیاندنی یەكگرتوو وەكو حزبێكی سیاسی، حزبێك كە تاوەكو 10 ساڵی یەكەمی تەمەنی خۆی تەواوكرد كێشەی هەرەگەورەی ناسنامەكەی بوو، لایەنە سیاسییەكانی بەرامبەری وەكو حزبێكی نوێ ناویان دەهێنا، كە بەشداری خەباتی چەكدارانەی لە دژی رژێمی بەعس نەكردووە، بەڵام ئەمڕۆ ئیتر یەكگرتوو وەكو حزبێكی گەنج مامەڵەی لەگەڵ ناكرێت. رزگاربوون لە لیستی رەشی تیرۆر یەكگرتوو كە هێشتا رزگاری نەبوو لە تۆمەتی نوێبوونو بەشدارینەكردن لە خەباتی چەكداری، لەدوای ساڵی 2000وە روبەڕووی قەیرانێكی تر بووەوە، هەڵمەتێكی گەورەی جیهانی لەژێر ناوی "شەڕی دژ بەتیرۆر" دەستیپێكرد، نەیارە سیاسییەكانی یەكگرتوو هەوڵیاندا بەهۆی ناو و پاشخانە ئیسلامییەكەیەوە ئەم حزبە بخەنە لیستی تیرۆری جیهانییەوە، بەڵام سەركردەكانی یەكگرتوو توانیان حزبەكەیان لەو لیستە رەشە رزگار بكەن، بەڵام ئەمە بەبێ باج كۆتایی نەهات. سەردەمی گەشانەوە ساڵی 2003و روخانی رژێمی سەددام لەسەر دەستی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمریكا، سەرەتای سەردەمێكی زێڕین بوو بۆ یەكگرتوو، ئەم حزبە كە پێشترو بەرلە روخانی سەددام بەشداری كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقیی كرد لەژێر چاودێری وڵاتانی خۆرئاوا، دوای روخانی رژێم پێگەی بەهێزی (لەئاست قەبارەی خۆیدا) لە عێراقی نوێدا زامن كرد، سەلاحەدین بەهادین ئەمنیداری حزبەكە، بوو بە ئەندامی ئەنجومەنی حوكمی عێراقو یەكێك لە كەسایەتییە سیاسییە دیارەكانی عێراق. بەرەو ژیانی پەرلەمانیی تاوەكو ساڵی 2005 كە تەمەنی ئەوكات 11 ساڵ بوو، یەكگرتوو هیچ نوێنەرایەتییەكی لە پەرلەمانی كوردستان نەبوو، بەڵام لەو ساڵەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، یەكگرتوو بە لیستێكی هاوبەش لەگەڵ حزبە كوردستانییەكاندا بەشداریكرد، لیستەكە ناوی " لیستی نیشتیمانی كوردستان" بوو، جگە لە كۆمەڵی ئیسلامیو حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، هەموو لایەنەكانی تر لەو لیستەدا كۆبونەوە، یەكگرتوو كە لە یەكەم ئەزمونی بەشداریكردنی لە هەڵبژاردندا شەریكایەتی لەگەڵ یەكێتیو پارتی كرد (9 كورسی) پەرلەمانی بردەوە. 11 مانگ دوای هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی كوردستان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، یەكگرتوو بەپێچەوانەی كوردستانەوە لەسەر ئاستی عێراق بە لیستی جیا لە یەكێتیو پارتی بەشداری هەڵبژاردنی كرد، ئەمە شەپۆلێك توڕەیی یەكێتیو پارتی بەدوای خۆیدا هێنا، لە ناوچەی بادینان پەلاماری بارەگاكانی یەكگرتوو درا، ئەندامێكی سەركردایەتیو (4) كادری یەكگرتوو كوژران، لە سلێمانیش هەوڵێك هەبوو بۆ پەلاماردانیان، بەڵام دواتر كۆنترۆڵكرا، لەم پرۆسەیەدا دەنگی راستەقینەی یەكگرتوو دەركەوت، لە سێ پارێزگاكەی هەرێم یەكگرتوو (133 هەزارو 206) دەنگی بەدەستهێناو 4 كورسی پەرلەمانی عێراقی بردەوە. لە دووەم ئەزمونی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە ساڵی 2009 بەڕێوەچوو، یەكگرتوو شێوازێكی نوێی بەشداری تاقیكردەوە، ئەمجارە بە لیستی هاوبەشی لەگەڵ (كۆمەڵی ئیسلامی، حزبی زەحمەتكێشان، حزبی سۆسیالیست) بەشداریكرد، لیستەكە ناوی "خزمەتگوزاریو چاكسازی" بوو، بە هەرچوار حزبەكەوە (13) كورسییان بەدەستهێنا، ئەم پرۆژەیەش شكستی هێنا، یەكگرتوو لەم هەڵبژاردنەدا (6) كورسی بەركەوت، هەندێك هۆكاری پاشەكشەی ئەو لیستەیان بۆ دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی رادیكاڵی ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر بە یەكێتیو پارتیو هەندێكی تر هاودەنگی یەكگرتوویان لەگەڵ حزبە نائیسلامیو چەپەكان گەڕاندەوە. 2010 ساڵێكی زێڕین بوو بۆ یەكگرتوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، لەم هەڵبژاردنەدا یەكگرتوو بە لیستی سەربەخۆ بەشداریكرد، بۆ یەكەمجار دەنگەكانی هەڵكشا، (214 هەزارو 222) دەنگی بەدەستهێناو، 4 كورسی پەرلەمانی عێراقی بردەوە. لە ساڵی 2013ەوە سەردەمی پاشەكشەی یەكگرتوو دەستیپێكرد، لە هەڵبژاردنی 2013ی پەرلەمانی كوردستاندا، یەكگرتوو كورسییەكانی زیادی كرد (10 كورسی)، بەڵام دەنگەكانی پاشەكشەی كرد، لەو هەڵبژاردنە دەنگەكانی یەكگرتوو بۆ (186 هەزارو 741) دەنگ دابەزی. ئەم پاشەكشەیە بەردەوام بوو، ساڵی 2014 ژمارەی دەنگەكانی یەكگرتوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ (155 هەزارو 92) دەنگ دابەزی. لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە ئەیلولی ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، یەكگرتوو بە لیستی هاوبەش لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی بەشداریكرد، لەم هەڵبژاردنەدا پرسی یەك لیستیی ئیسلامییەكان شكستیهێناو یەكگرتوو بەتەواوەتی بووە هێزێكی بچوك، ژمارەی دەنگەكانی ئەم حزبە بۆ (79 هەزارو 913) دەنگی دابەزی، بەبەراورد بە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان، رێژەی دەنگەكانی یەكگرتوو (120%) دابەزی، كورسییەكانیش بەڕێژەی (50%). پاشەكشە بۆچی؟ لەدوای هەڵبژاردنی ئەیلولی رابردووی پەرلەمانی كوردستان، سەركردایەتی یەكگرتوو بەیاننامەیەكی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە، بەفەرمی دانی بەوەدانا شكستیهێناوەو بەرپرسیارێتییەكە دەگرێتەئەستۆ، ئەمە هەنگاوێكی دروست بوو، دوبارەكردنەوەی نەریتی پارتە سیاسییەكانی خۆرئاوا بوو دوای هەڵبژاردنو شكست. (درەو میدیا) لە یادی دامەزراندنی یەكگرتوودا بەدواداچوونی بۆ هۆكارەكانی پاشەكشەی ئەو حزبە لە هەڵبژاردندا كرد، بەپێی زانیارییەكان سەركردایەتی یەكگرتوو تەنیا وەكو نیشاندانی فەزیلەتێك دانیانیان بە كەموكورتی خۆیان وەكو هۆكاری شكستی هەڵبژاردندا ناوە، بەشێوەی كرداری هیچ هەنگاوێكی ئەوتۆ نەنراوە بۆ دەستنیشانكردنی هۆكارەكانی پاشەكشێكردنو تائێستا روئیایەكی رون نییە بۆ چارەسەركردنی ئەو دۆخەی ئەو حزبە پێیدا تێدەپەڕێت، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی دەتوانرێت هۆكاری پاشەكشەی دەنگەكانی یەكگرتوو لەم خاڵانەدا كورتبكرێتەوە: • دواكەوتن لە بڕیاردن لەسەر وەختی رودانی روداوە سیاسییەكانو لە هەندێك باردا ناڕوونی هەڵوێستی یەكگرتوو لەسەر پێشهاتەكان (ئەمە بوەتە كێشەیەكی ئەزەلی بۆ یەكگرتوو، دەربازبون لێی بوەتە كارێكی ئەستەم). • سەركردەكانی ئەم حزبە هەمیشە چارەنووسی حزبەكەی خۆیان خستۆتە گرەوی پاراستنی یەكڕیزی (بەتایبەتیش یەكڕیزی یەكێتیو پارتی)، هەمیشە پێگەی سیاسی حزبەكەیان كردوەتە قوربانی ترسی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆو ململانێی چەكداری دوو پارتە دەسەڵاتدارەكە. • هەنگاونەنان پێ بە پێی گەشەی فكری كادیرانی حزبو ئیدارەنەدانی توانای لاوان، كە بنچینەو كۆڵەكەی سەرەكی حزبەكە بوون لەسەرەتاوە تائێستا، بەجۆرێك وای لێهاتووە یەكگرتوو وەكو كارگەیەك بۆ پێگەیاندنی كادری حزبی بۆ پارتە سیاسییەكانی تر تەماشادەكرێت. • دروستبوونی جیاوازی چینایەتی لەنێوان توێژی سەرەوەی بەرپرسانی یەكگرتوو و كادیرانی خوارەوە، یەكگرتووەكان هەمیشە لە خوارەوە قوربانیان داوەو توێژەكەی سەرەوە بەروبومەكەیان چنیوەتەوە، زۆرێك لەو بەرپرسانەی یەكگرتوو كە پۆستی حكومی و پەرلەمانیان وەرگرتووە، دوای تەواو بوونی كارەكانیان و زامنكردنی سەرچاوەی بژێوی باش، لە كاری حزبی كشاونەتەوە خەریكی بازرگانین، یاخود وازیان لە حزب هێناوەو چونەتە ناو حزبی ترەوە. • یەكلاینەكردنەوەی هێڵی كاركردنی حزب لەنێوان كاری بانگخوازيیو كاری سیاسیدا، یاخود نەتوانراوە هەردوو بوارەكە وا لێبكرێت لەیەك بازنەو لەچوارچێوەی بەرژەوەندی حزبەكەدا بسوڕێنەوە، وەك ئەمە نەكراوە، نەتوانراوە ئەو دوو كایەیە بەتەواوەتی لەیەكتری جیابكرێتەوە. • یەكێك لە روخسارە گەشەكانی یەكگرتوو هاوسەنگی بنكەی جەماوەریەتی لە هەردوو زۆنی سەوزو زەرد (بادینان)، یەكگرتوو لەپێناو پاراستنی ئەم هاوسەنگییەدا قوربانی زۆری داوە، بەڵام بە قەبارەی قوربانییەكانی، دەستكەوتی سیاسی نەچینوەتەوە، سەركردەكانی ئەو حزبە نەیانتوانیوە وەك پێویست سود لەم خاڵی هێزە وەربگرن. • لاوازی بنكەی جەماوەری یەكگرتوو لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، ئەمە لە حاڵێكدایە تەواوی سەنگی سەركردایەتی یەكگرتوو و راگەیاندنەكەی لەو شارەدایە. • لاوازی گوتاری ئیعلامی یەكگرتوو ئیسلامی، ئەمە لە حاڵێكدایە كە زۆرینەی ئەو میدیاكارانەی ئێستا میدیای لایەنە سیاسییەكانی تر بەرێوەدەبەن، لە كارگەكەی یەكگرتووەوە بەرهەمهێنراون. • یەكگرتوو لەسەرەتای دامەزراندنییەوە خاوەنی تۆڕێكی رێكخستنی بەهێز بوو كە كاری لەسەر خێزان دەكرد، ئەم ساڵانەی دوایی لەم بوارەشدا پاشەكشەی كردووە. • لەڕووی ئابوریو سەرچاوەی داراییەوە دوای 25 ساڵ تەمەن، هێشتا نەیتوانیوە ئابورییەكی خۆبەڕێوەبەر دروستبكات، لەسەرەتای درووستبونییەوە یەكگرتوو سودی لە كۆمەكی رێكخراوە خێرخوازییەكانی وڵاتانی دەرەوە وەردەگرت، لەدوای راگەیاندنی جیهانی "شەری تیرۆر"ەوە، زۆرێك لەو سەرچاوە داراییانەی لەدەستداوە، ئەوەش بەهۆی سەختی حەواڵەی دارایی رێكخراوە ئیسلامییەكانەوە، كۆكردنەوەی ئابونەوە لە كادرانی حزب، سەرچاوەیەكی سەرەكی داهاتی یەكگرتوو بووە، ئەم سەرچاوەیەش ئێستا لاواز بووە. • یەكلانەبوونەوەی سیاسەتی یەكگرتوو لەگەڵ یەكێتیو پارتی وەك دوو لایەنی دەسەڵاتدار، نەبوونی میكانیزمێكی روون بۆ روبەروبونەوەی گەندەڵیو پرسی چاكسازیكردن، بەجۆرێك وای لێهاتووە ئێستا خەڵكو دەنگدەر چاوەڕێی هیچ موفاجەئەیەكی سیاسی لە یەكگرتوو ناكات. • پێشكەشنەكردنی نمونەیەكی جیاواز لە كاری پەرلەمانیو حكومیدا. • سیاسەتی یەكگرتوو لەدوای دەركەوتنی ئۆپۆزسیۆنەوە، جۆرێك لە سەرلێشێوانی پێوە دیارە، ئەم حزبە پێگەی خۆی لەناو گەمە سیاسییەكاندا نادۆزێتەوە، هەمیشە چاوەڕێی تەواوبونی یاری ئەوانی تر دەكات، لەسەر بنەمای ئەوە بڕیار لەسەر رۆڵی خۆی دەدات. • یەكگرتوو لەسەرەتای دروستبوونییەوە وەكو درێژكراوەی رەوتی ئیخوان (اخوان المسلمین) نماییشكرد، بەمدواییانە لەم پرسەشدا دووچاری گێرمەو كێشە بووە، هەندێك داوای كۆتاییهێنان بەو ئەڵقەی پەیوەندییە لەگەڵ ئیخوان دەكەن، هەندێكی تر هێشتنەوەی پەیوەندی بە پێویست دەزانن، پابەندبوونی یەكگرتوو بە خەتی ئیخوانەوە لەسەر ئاستی پەیوەندییەكانی دەرەوە، ئەو حزبەی كۆتو بەند كردووە. • نەبوونی بەرچاوڕونی لەبارەی پێشهاتە سیاسییەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستانو عێراقو ناوچەكەوە. كۆنگرەو یەكگرتوو خاڵی سەركەوتنو گەشانەوەی یەكگرتوو لە كۆنگرە حزبیەكانیدایە، ئەم حزبە لەدوای راگەیاندنییەوە لە 6/2/1999وە تاوەكو ئێستا بەردەوام بەبێ دواكەوتنێكی زۆرو بەپێچەوانەی حزبەكانی ترەوە هەموو كۆنگرەكانی لەوادەی خۆیدا كردووە. لە كۆنگرەی شەشەمدا كە لە ساڵی 2012 بەڕێوەچوو، یەكگرتوو داهێنانێكی نوێی كرد، تەواوی كۆنگرەكەی بە پرۆسەی دەنگدانیشەوە بەشێوەی راستەوخۆ بۆ خەڵكی كوردستان پەخشكرد، ئەوە یەكەمجاربوو لە هەرێمی كوردستان حزبێك بەوشێوەیە ناكۆكیو بۆچونە جیاوازەكانی ناو كۆنگرەكەی بۆ خەڵك پەخشبكات. تا ئێستا یەكگرتوو (7) كۆنگرەی كردووە، ئێستا سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ گۆنگرەی هەشتەم، كە بڕیارە مانگی 11ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، كۆنگرەیەك كە پێشبینی دەكرێت پڕكێشمەكێش بێت، بەتایبەتیش دوای ئەو شكستە گەورەیەی بەمدواییە لە هەڵبژاردندا بەسەر ئەو حزبەدا هات. تائێستا یەكلانەبوەتەوە ئاخۆ سەلاحەدین محەمەد بەهادین جارێكی تر خۆی بۆ ئەمیندارێتی یەكگرتوو كاندید دەكاتەوە یاخود نا، بەڵام بەپێی زانیارییەكان، ئەبوبەكر عەلی (كاروانی) ركابەری سەرسەختی سەلاحەدین محەمەد بەهادین دەبێت لە كۆنگرەی داهاتوودا، ناڕازییەكانی ناو یەكگرتوو بە پێچەوانەی كۆنگرەی پێشوو، لە كۆنگرەی ئەمجارەدا بەهانەی پێویستیان بەدەستەوەیە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە پەیكەری حزبو سیاسەتەكانیدا، بەتایبەتیش دوای داڕمانی دەنگەكانی حزب لە دواین هەڵبژاردندا. ناكۆكیەكانی ناو یەكگرتوو بەشێوەیەكی كەم دەكەونە بەردەست میدیاكان، پتەویی رێكخستنو پەیكەری رێكخراوەیی یەكگرتوو وایكردووە ناڕازییەكان، نەتوانن بە ئاشكرا بۆ میدیاكان باس لە ووردەكاری بۆچوونە جیاوازەكانو كێشەو گرفتەكانی حزبەكەیان بكەن، رەنگە پابەندبوونی ئایینیو پەروەردەیی ئەو حزبە، پاڵنەری سەرەكی بێت لەم بوارەدا. هەر پرسی كۆنگرەدا یەكگرتوو لە كۆنگرەی شەشەمی خۆیدا رەچەشكێنیەكی تری كرد، كاتێك بۆ یەكەمجار لە دوای راگەیاندنییەوە، سەلاحەدین محەمەد بەهادینی لە ئەمیندارێتی حزب لابرد، بەڵام لەم رەچەشكێنیەدا شكستی هێناو دوای چوار ساڵ جارێكی تر سەلاحەدین بەهادین گەڕایەوە بۆ ترۆپكی حزب، لەماوەی (25) ساڵی تەمەنی یەكگرتوودا (21) ساڵی سەلاحەدین بەهادین ئەمیندار بووەو تەنیا بۆ ماوەی چوار ساڵ ئەو پۆستەی جێهێشتووە كە (محەمەد فەرەج) ئەو چوار ساڵەی بەڕێوەبردووە.
(درەو میدیا): دوای چەند كاتژمێرێك لە رێككەوتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان بەدگومانی خۆی لە بەدیهاتنی "شەراكەتی راستەقینە" نیشان دەدات. جەلال جەوهەر سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان لە وتارێكدا لەژێر ناوی "شەراكەتی سیاسی لە جوڵانەوەی چەكدارییەوە بۆ حوكمڕانی"، باس لە شكستی پرسی "شەراكەتی سیاسی"ی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات لە قۆناغی خەباتی چەكداری لەدژی بەعسەوە تاوەكو قۆناغی پێش راپەڕین. جەلال جەوهەر ئاماژەی بەوەكردووە، لەناو جوڵانەوەی چەكداری كوردستاندا شتێك نەبووە بەناوی شەراكەتی راستەقینە لەنێوان لایەنەكاندا، لە پێش راپەڕینیش لایەنەكان بەناچاری شەراكەتیان كردووە، بۆیە شەراكەتەكە بەردەوام نەبووە. "شەراكەتی راستەقینە" یەكێكە لەو دەستەواژانەی كە وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پرسی پێكهێنانی حكومەت لە كۆبونەوەكانیاندا لەگەڵ پارتی جەختیان لەسەر كردووە. دروستكردنی گومان لەسەر دەستەواژەی "شەراكەتی راستەقینە" لەلایەن سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕانەوە، دوای چەند كاتژمێرێك دێت لەو رێككەوتنەی كە دوێنێ لەنێوان پارتیو یەكێتیدا كرا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. بزوتنەوەی گۆڕان سەرباری ئەوەی هێشتا بەفەرمی هەڵوێستی خۆی رانەگەیاندووە لەبارەی ئەوەی ئاخۆ بەشداری كابینەی نوێی حكومەت دەكات یاخود نا، بەڵام بەفەرمی چوەتە ناو چەندین كۆبونەوەوە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پشكەكانی لە حكومەتی نوێدا. جەلال جەوهەر بەڕوونی هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕانی لەبارەی رێككەوتنەكەی پارتیو یەكێتی ئاشكرانەكردووە، بەڵام لە كۆتا بەشی وتارەكەیدا نوسیویەتی" پارتیو یەكێتی كامیان هەڵدەبژێرن؟ پرۆسەیەكی سیاسیو تەندروستو بێ غەل و غەشو شەراكەتێكی راستەقینەی سیاسی، یان كارەساتو ماڵوێرانیو هەرەسێكی تر ؟". بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، مەبەستی لە دەستەواژەی "شەراكەتی راستەقینە" كە وەفدی دانوستانكاری گۆڕان داوایان لە پارتی كردووە، ئەوەیە، گۆڕان تەنیا پۆستی باڵاو وزاری پێنەدرێت، بەڵام پشكەكانی لە حكومەت شۆڕبكرێتەوە بۆ پۆستەكانی (بەڕێوەبەرە گشتییەكان، بریكارەكان، راوێژكارەكان). لە كابینەی پێشووی حكومەتی هەرێمدا چەندین پۆستی بچوك لە نمونەی بەڕێوەبەرە گشتییەكان دران بە بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام پارتی تا كۆتایی ئەو پۆستانەی رادەستی گۆڕان نەكرد، سەرباری ئەوە گۆڕان گلەیی لە پارتی دەكرد بەوەی لە بڕیارە سیاسییەكاندا بەشداری پێناكات.
( درەو میدیا): یورام ڤان كلاڤێرێن، پەرلەمانتاری پێشووی هۆڵەندا كە بە هەڵوێستەكانی دژی ئیسلام و موسوڵمانان ناسرابوو، موسوڵمان بوونی خۆی راگەیاند. كلاڤێرین وەك دەستەراِستی سیاسەتمەداری هۆڵەندی " خیرت ڤیڵدەرز" دادەنرا كە ئەویش بەوە ناسراوە زۆر رقی لە موسڵمانانەو سەرۆكی پارتێكی توندڕەوی هۆڵەندایە. كلاڤێرێنی تەمەن 40 ساڵ لە چاوێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی " ئێن ئاڕ سی" هۆڵەندی كە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوكرایەوە رایگەیاند لە كاتێكدا كە سەرقاڵی نوسینی كتێبێك بووە دژی ئیسلام، بیروباوەڕی گۆڕانی بەسەردا هاتووە و كتێبەكەی گۆڕیوە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو رەخنانەی كە ناموسوڵمانەكان لە ئاینی ئیسلامی دەگرن. كلاڤێرێن دەڵێت:" ئەگەر ئەوەی هەتا ئێستا نوسیومە راست بێت، كە باوەڕم وایە راستە، كەواتە لەم حاڵەتدا من بە حكومی ئەمری واقیع موسوڵمانم". كلاڤێرین هەروەها لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رادیۆی " NPO" هۆڵەندی دەربارەی پەیوەندی موسوڵمانان بە هێرشە تیرۆریستییەكانەوە جەختیكردەوە توندڕەوەكان بە شێوەیەكی دروست لە ئیسلام تێنگەیشتوون. ناونیشانی كتێبەكەی كلاڤێرێن " هەڵگەڕانەوەیە" لە مەسیحیەتەوە بۆ ئیسلام لە نێو ترسی عەلمانیدا" و بڕیارە بەمزوانە بڵاوبكرێتەوە. بە گوێری نوسینگەی ناوەندیی راپرسییەكان، دانیشتوانی هۆڵەندە 17 ملیۆن كەسە و لەو ژمارەیەش 5%یان موسوڵمانن و پێشبینشدەكرێت تا 2050 ئەو رێژەیە ببێتە دوو هێندە. كلاڤیرێن یەكەم ئەندامی پارتی ئازادی نییە كە موسوڵمان دەبێت، ساڵی 2013 ئەرنۆ ڤان دۆرن، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی شارەوانی لاهای لەو حزبە موسوڵمان بوونی خۆی راگەیاند. لە ساڵی رابردووەوە دەسەڵاتدارانی هۆڵەندا پۆشینی پەچەیان لە شوێنە گشتییەكان و نەخۆشخانە و خوێندنگەكاندا قەدەغەكردووە. سەرچاوە: سایتی كەناڵی ئەلحوڕە
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف -نامیق رەسوڵ دواجار وادەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دیاریكرا، دوو ژن لەسەر كورسی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە ململانێدان، یەكێكیان لەچكەكەی سەری، ئەوی تریان پاشناوەكەی (تاڵەبانی) بووەتە خاڵی لاواز بۆی. بەپێی ئەو رێككەوتنەی ئەمڕۆ لەنێوان پارتیو یەكێتیدا كرا، دوای سێ مانگ راوەستان، رۆژی 18ی ئەم مانگە پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی دووەم دەكات، كە بەپێی یاسا دانیشتنەكە درێژكراوەی دانیشتنی یەكەمەو تێیدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت. رۆژی 6ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، پەرلەمانی كوردستان دوای هەڵبژاردنی، بە سەرۆكایەتی (رێڤینگ هروری) بەتەمەنترین ئەندامی خولی پێنجەم، یەكەم كۆبونەوەی خۆی كرد، لەو كۆبونەوەیەدا تەنیا پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خواردو بەهۆی ئەوەی هیچ رێككەوتنێكی پێشوەختە لەنێوان لایەنەكان نەكرابوو، دەستەی سەرۆكایەتی هەڵنەبژێردراو كۆبونەوەكە بەكراوەیی هێڵرایەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پێش كۆبونەوەكەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە رێككەوتنێكی سیاسیدا كاندیدی پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان یەكلادەكەنەوە. بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە لەنێوان پارتیو یەكێتی كراوە، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی دەبێت، پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتی، پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانیش بۆ پێكهاتەكان دەبێت. كێ دەبێتە سەرۆكی پەرلەمان؟ یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دوو كاندیدی هەیە كە هەردوكیان ژننو ئەندامی سەركردایەتی حزبن. (بێگەرد تاڵەبانی) ئەم ژنە كە لە خولی پێشوودا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیو لە كۆتایی خولەكەشدا ماوەیەك سكرتێری پەرلەمان بووە، خاڵی لاوازی بێگەرد تاڵەبانی ئەوەیە لەناو ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا پێگەی لاوازە، ئەنجومەنێك كە بڕیارە كاندیدەكانی یەكێتی بۆ پۆستەكان یەكلابكاتەوە. بێگەرد تاڵەبانی هاوكات لەناو فراكسیۆنی یەكێتیشدا لە پەرلەمانی كوردستان كە بەخۆیەوە ژمارەیان (21) ئەندامە پێگەی لاوازە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) تەنیا (5) ئەندام پشتیوانی دەكەن بۆ ئەوەی ببێت بە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان. (درەو میدیا) زانیویەتی، رەنگە دواجار بێگەرد تاڵەبانی لە ململانێی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بكشێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر لە ئەنجومەنی سەركردایەتی كاندیدەكان یەكلابكرێتەوە، لە حاڵی كشانەوەی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، لە پەرلەمانی كوردستان نامێنێتو چاوی لە وەرگرتنی پۆستێكی وزارییە. بەڵام خاڵی بەهێزی بێگەرد تاڵەبانی ئەوەیە پارتی دیموكراتی كوردستان پشتیوانی دەكات لەناو یەكێتیدا ئەو پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەرگرێت، بەوپێیەی ئەو لە خولی پێشوودا سەرسەختانە پشتیوانی لە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان كرد كە مەسعود بارزانی رێبەرایەتی دەكرد، هاوكات بەبێ رەزامەندی فراكسیۆنەكەی خۆی، یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی لەناو پەرلەمان تێپەڕاند كە بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی بە هاوبەشی پرۆژە یاساكەیان ئامادەكردبوو. بێگەرد تاڵەبانی خاڵی بەهێزی تریشی هەیە، لەوانە سەربە بنەماڵەی تاڵەبانییە كە ئێستا ئەو بنەماڵەیە خاوەنی دەسەڵاتی گەورەن لەناو یەكێتیدا، بەڵام وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت لەلایەن تاڵەبانییەكی ترەوە كە (قوباد تاڵەبانی)یە، رەنگە ببێت بە خاڵی لاواز بۆ بێگەرد تاڵەبانی، چونكە ئەگەر بنەماڵەی تاڵەبانی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت ببەن، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ باڵێكی تری یەكێتی دەبێت. (رێواس فایەق) ئەم ژنە لەلایەن كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتییەوە پشتیوانی دەكرێت، لەناو ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا پاڵپشتی گەورەی هەیە، زیاتر لە (20) ئەندامی سەركردایەتی پاڵپشتی دەكەن پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت. یەكێكی تر لە خاڵە بە هێزەكانی رێواس فایەق، وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتە لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە، چونكە ئەگەر قوباد تاڵەبانی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەربگرێت، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ كۆسرەت رەسوڵ دەمێنێتەوە. هاوكات لەناو فراكسیۆنی یەكێتیدا رێواس فایەق پشتیوانی زۆری هەیەو زیاتر لە (15) ئەندام پاڵپشتی دەكەن. لەبەرامبەردا رێواس فایەق لای پارتی دیموكراتی كوردستان پاڵپشتی نییە، ئەمە لەلایەك بووە بە خاڵی هێز بۆی، لەلایەكی تر خاڵی لاواز، لێدوانەكانی ئەم ژنە بەرامبەر بە پارتی وایكردووە لای پارتییەكان دڵگیر نەبێت، ڤیتۆی پارتی لەسەر رێواس فایەق رەنگە دواجار بە سود بۆ ئەو كۆتایی بێت، چونكە ئێستا لەناو یەكێتی رەوتێك دروستبووە كە پشتیوانی ئەو كەسانە دەكەن كە پارتی ڤیتۆی لەسەریان هەیە، هاوشێوەی ئەوەی لەناوی ئەندامانی وەفدی دانوستاكاری یەكێتیدا لەگەڵ پارتی رویداو دواجار یەكێتی ڤیتۆكەی پارتی شكاند. رێواس فایەق ژنێكی باڵاپۆشە، رەنگە لەچكەكەی سەری كاریگەری هەبێت لەسەر دانانی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەماندا، پارتیو هەندێك لە كەسایەتییەكانی ناو یەكێتی پشتیوانی ئەوە ناكەن كەسێك لە پۆستێكی باڵای هەرێمی كوردستاندا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە لەچكەوە دەركەوێت. دوو جێگرەكە لە كۆتایی خولی چوارەمدا، پەرلەمانی كوردستان پەیڕەوی ناوخۆی هەمواركردەوە، لەو پیڕەوەدا پۆستی سكرتێری پەرلەمان لابراو لەبری ئەو پۆستی (جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان) دانرا. بەپێی رێككەوتنی نێوان پارتیو یەكێتی، پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بۆ پارتی دەبێت، كاندیدی پارتی بۆ وەرگرتنی پۆستەكە مشتومڕی لەسەر نییەو (هێمن هەورامی) سەرۆكی فراكسیۆنی پارتییە، پارتی بە دانانی هێمن هەورامی دەیەوێت پاڵپشتێكی بەهێز بۆ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لە سەرۆكایەتی پەرلەماندا جێگیر بكات. پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان دانراوە بۆ پێكهاتەكانو پارتی سورە لەسەر ئەوەی ئەو پۆستە بدرێت بە پێكهاتەكانو لەماوەی دوو ساڵی یەكەمی خولی پێنجەمدا دەدرێت بە كەسایەتییەكی توركمانی كە پێی زانیارییەكان (ئایدن مەعروف) پەرلەمانتاری بەرەی توركمانی پۆستەكە وەردەگرێت، بۆ دوو ساڵەكەی تریش دەدرێت بە پەرلەمانتارێكی مەسیحی.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت لە یەك رۆژدا سەرۆكی هەرێمو پارێزگاری كەركوك هەڵدەبژێردرێت، ئەمە كرۆكی رێككەوتنەكەی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستاتنو یەكێتی نیشتمانییە، لەم رێككەوتنەدا بزوتنەوەی گۆڕان (ستاند بای) كرا، (درەو میدیا) وردەكاری رێككەوتنەكە ئاشكرادەكات. ئەمڕۆ وەفدی دانوستانكاری پارتی و یەكێتی لە هەولێر كۆبونەوە. كۆبونەوەكە بڕیاری كرداری تێدا درا سەبارەت بە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازی ئاگادارەوە دەستیكەوتووە، پارتیو یەكێتی بەر لە رۆژی 18ی ئەم مانگە، رێككەوتنێكی سیاسی ئیمزا دەكەن. لەو رێككەوتنە سیاسییەدا، تەواوی پرسەكانی تایبەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتو هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوكو پۆستی وەزارەتی دادی حكومەتی عێراق یەكلادەكرێتەوە. رێككەوتنە سیاسییەكە ! (درەو میدیا) زانیویەتی، هەفتەی داهاتوو، لیژنەیەكی هاوبەش، دەقی رێككەوتنی سیاسی نێوان پارتیو یەكێتی ئامادە دەكات، واتا بەر لە رۆژی 18ی مانگ كە پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە، لە رێككەوتنەكەدا ناوی كاندیدەكانی پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان، كێشەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكو كاندیدی پۆستی وەزیری دادی عێراق یەكلادەكرێتەوە. هەر لەو رەشنوسەدا كە ئامادە دەكرێت بۆ رێككەوتنە سیاسییەكە، جگە لە یەكلاكردنەوەی پۆستەكان، بەرنامەی حكومەتو چۆنیەتی شەراكەتی نێوان پارتیو یەكێتی یەكلادەكرێتەوە. پارێزگاری كەركوك چۆن یەكلادەكرێتەوە؟ بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە ئەمڕۆ لەنێوان پارتیو یەكێتی كرا، ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رۆژی 18ی مانگ هاوكات لەگەڵ كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان، لە هەولێر كۆدەبێتەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، گواستنەوەی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ هەولێر، وەكو دڵنەواییەكی یەكێتی بووە بۆ پارتیو بەشداربوونی ئەندامەكانی پارتیش لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ شكاندنی مەرجەكەی یەكێتییە كە وتویەتی بەبێ چارەسەركردنی پرسی پارێزگاری كەركوك بەشداری لە حكومەتی هەرێمدا ناكات. بەرپرسێكی باڵای یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لەو رێككەوتنەی كە بڕیارە لەنێوان پارتیو یەكێتی ئیمزا بكرێت، یەكێتی چارەنوسی پۆستی سەرۆكی هەرێمی بەستوەتەوە بە چارەنوسی پارێزگاری كەركوكەوە، واتا تاوەكو پارتی پشتیوانی كاندیدی یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركوك نەكات، نێچیرڤان بارزانی كە كاندیدی پارتییە، ناتوانێت ببێت بە سەرۆكی هەرێم. پێشتر لە رێككەوتنی نێوان پارتیو یەكێتیدا، پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بە پۆستی سەرۆك كۆمار بوو، بەڵام دوای ئەوەی بەرهەم ساڵح لەدرەوەی رێككەوتنی سیاسی وەك سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرا، ئەو هاوكێشەیە هەڵوەشایەوە. رێككەوتنەكە چۆن جێبەجێ دەكرێت؟ بەر لە رۆژی 18ی ئەم مانگە، رێككەوتنی نێوان پارتیو یەكێتی ئیمزا دەكرێت، رۆژی 18ی مانگ لە كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستاندا یەكەمین هەنگاو بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە بە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەنرێت، هەنگاوی دووەمی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە هەمواركردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەدوای كۆبونەوەكەی 18ی مانگو هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، پەرلەمان كۆبونەوەیەكی تایبەت دەكات بەمەبەستی هەمواركردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمو گەڕاندنەوەی دەسەڵاتە دابەشكراوەكان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم. هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هاوكات دەبێت لەگەڵ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی كەركوك، ئەم هاوكاتبوونە بەهۆی ئەوەیە یەكێتیو پارتی هێشتا متمانەی تەواوەتییان بە یەكتر نییە، واتا ئەگەر لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پارتی دەنگ بە كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگار نەدات، یەكێتیش لە پەرلەمانی كوردستان دەنگ بۆ نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم نادات. پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (درەو میدیا) كەوتوون، لە رێككەوتنەكەی نێوان پارتیو یەكێتیدا پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەمشێوەیە دابەشدەكرێن: • پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی • پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتی • پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پێكهاتەكان سەرۆكایەتی حكومەت پۆستی سەرۆكی حكومەت بۆ لایەنی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن كە پارتییە یەكلابوەتەوەو مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی كابینەی نوێی حكومەت دەكات، پارتی كە پێشتر وەكو گوشارێك بۆسەر یەكێتی باسی لەوە دەكرد جێگری دووەم بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران زیاد بكرێت، ئێستا یەكلابوەتەوە كە سەرۆك وەزیران یەك جێگری هەبێتو ئەو پۆستەش بۆ یەكێتی دەبێت (قوباد تاڵەبانی). پۆستە وزارییەكان لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستە وزارییەكان، هێشتا پارتیو یەكێتی نەگەیشتوەنەتە رێككەوتنی كۆتایی، پارتی پۆستەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانو وەزارەتی ناوخۆی بۆخۆی داناوە، پێدەچێت (ئاشتی هەورامی) بۆ ماوەی یەك ساڵ لە شوێنی خۆی لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بمێنێتەوە، چونكە كێشەی قەرزەكانی حكومەتی هەرێم بەستراوەتەوە بە پرۆسەی نەوتەوە، سەرباری ئەوەش ئەو رێككەوتنەكەی نێوان هەرێمو بەغداد لەبارەی نەوتو بودجەوە بۆ ماوەی یەك ساڵەو تەنیا ئاشتی هەورامی دەتوانێت ئیدارەی ئەو دۆسیەیە بدات كە خۆی پێشتر ئەندازیاری بووە. یەكێتی سەرەنجی لەسەر وەگرتنی پۆستی وەزارەتی ناوخۆیە، ئەگەر پارتی دەستبەرداری وەزارەتی ناوخۆ ببیت، پۆستەكە لە یەكێتی دەدرێت بە (دەرباز كۆسرەت رەسوڵ)، بەڵام پێناچێت پارتی وەزارەتی ناوخۆ بۆ یەكێتی بەجێبهێڵێت. پۆستی وەزارەتی داراییش یەكێكە لەو پۆستە وزارییانەی كە پارتی دەیەوێت لە كابینەی نوێدا لە دەستی خۆیدا بێت، (درەو میدیا) زانیویەتی، ئەگەر پارتی ئەو پۆستە زامن بكات، بۆ ماوەی یەك ساڵی تەمەنی وەزارەتەكە (رێباز حەملان) لە پۆستەكەیدا دەهێڵێتەوە، ئەمەش بەهەمان هۆكاری مانەوەی ئاشتی هەورامی. پشكی گۆڕان لە حكومەت بەپێی رێككەوتنی نێوان پارتیو یەكێتی، لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا بزوتنەوەی گۆڕان هیچ پۆستێكی لە سەرۆكایەتی پەرلەماندا پێنادرێت. لە حكومەت، بزوتنەوەی گۆڕان پۆستێكی سیادیو دوو وەزارەتی خزمەتگوزاری وەردەكرێت لەنێوان دوان لەم سێ پۆستە وەزارییەدا: • وەزارەتی شارەوانییەكان • وەزارەتی پەروەردە • دەستەی وەبەرهێنان لە وەزارەتە سیادییەكەدا، یەكلانەبوەتەوە ئاخۆ وەزارەتی پێشمەرگە یان وەزارتی دارایی بە بزوتنەوەی گۆڕان دەدرێت، ئەگەر وەزارەتی دارایی بەر گۆڕان بكەوێتو پارتی لێی بكشێتەوە، كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەو پۆستە بریتی دەبێت لە هەریەكە لە (ئاوات شێخ جەناب) لێپرسراوی ژوری كارگێڕیو دارایی بزوتنەوەی گۆڕانو (هاوار شێخ رەئوف) بەڕێوەبەری پێشووی بانكە بازرگانییەكان لەسەر پشكی گۆڕان. سەرباری ئەمانە، بڕیارە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بدرێت بە بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ ئەم خولە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم لە دەرەوەی چاودێری دارایی مانگانە بڕی (405 ملیۆن) دیناری بۆ دابینكراوە، كاندیدی بەهێزی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم (مستەفا سەید قادر)ە وەزیری پێشووی وەزیری پێشمەرگەیە.
( درەو میدیا): عەمر موسا، ئەمینداری پێشووتری كۆكاری عەرەبی وردەكاریی كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ سەددام حسێن پێش ساڵی 2003 و هەوڵی تیرۆركردنی لە عێراق دەگێڕێتەوە. موسا لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی " ئیندیپێندنتی" عەرەبی بەریتانی دەڵێت:" كاتێك لە عێراق بووم، هەڕەشەی زۆرم بۆ تیرۆركردن و دەستدرێژیكردنە سەرم بەدەست گەیشت، بەڵام نەگەیشتە ئاستی هەوڵی پراكتیكی بۆ تیرۆركردن و منیش زۆر بایەخم پێنەدا و بەردەوامیش پارێزگاریم لێدەكرا و زۆرینەی هەڕەشەكانیش لە عێراقەوە بوون". موسا ئاشكراشیدەكات كە لەمیانی سەردانەكانیدا بۆ عێراق هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، ئەركی پارێزگاریكردنیان لەئەستۆگرتووە و پاراستویانە. دانوستانی پرسی ئەتۆمیی موسا لە میانی چاوپێكەوتنەكەیدا دەڵێت:" لە ساڵی 2001ەوە سەرقاڵی ئەوە بووم لە وەزیری دەرەوەی میسرەوە بچە پۆستە تازەكەم وەك ئەمینداری گشتی كۆكاری وڵاتانی عەرەب و بە دیاریكراوی حوەزیرانی 2001 و هاوڕێەیتی و دۆستایەتی دوورودرێژم لەگەڵ كوفی ئەنان سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان هەبووە". موسا بەردەوام دەبێت لە قسەكانی و دەڵێت:" بەردەوام پەیوەندیم بە ئەنانەوە دەكرد و ئەو كاتەدا پێم راگەیاند كە وەك ئەمینداری گشتی كۆكاری عەرەبی سەردانی 22 دەوڵەتی ئەندام دەكەم و عێراق دواهەمین وێستگەی سەردانەكەم دەبێت و گەیشتینە ئەوەی كە من نامەیەكی ئەنان بگەیەنمە عێراق". موسا لە درێژەی گێڕانەوەكەیدا دەڵێت:" بە تونس دەستم بە سەردانەكەم كرد و پاشان وڵاتانی خۆرئاوا و خۆرهەڵاتی عەرەبی و پێش گەیشتن بە دوا وێستگەی گەشتەكەم كە عێراق بوون لە نیویۆرك سەردانی كوفی ئەنانم كرد و پێم وت بە باشی دەزانم نامەیەكی بگەیەنمە سەددام حسێن، دەربارەی پرسی چاودێرە نێودەوڵەتییەكان و هەوڵدان بۆ چەكی ئەتۆمیی". موسا جەختدەكاتەوە:" رۆژی 19ی كانوونی دووەمی 2002 نامەكەی ئەنانم گەیاندە سەدادم حسێن و پێم وت كە بابەتی توانا ئەتۆمییەكان و چاودێرەكان بنچینەی ناكۆكی تۆیە لەگەڵ نەتەوە یەكگرتوەكان، ئەمەش كارێكە پێویستە گرنگی پێبدرێت و بەهەند وەربگیرێت، ئاسا پرۆژەی ئەتۆمیت هەیە؟ پێی وتم: نەخێر، پاشان لەسەر داوای خۆی دووجار پرسیارەكەم لێكردەوە و ئەویش هەر هەمان وەڵامی دایەوە، ئەحمەد بن حلی كە ئەوكات یاریدەدەری ئەمینداری كۆكاری عەرەبی بوو لەو دیدارەدا لەگەڵمدا بوو، بە شۆخییەوە پرسیاری لێكردم كە بۆچی دووجار هەمان ئەو پرسیارەم كردەوە، دەتەوێت لەناومان بەریت؟ وتەم جەنابی باڵیۆز، دەبێت لە وەڵامەكەی دڵنیاببمەوە چونكە دۆخەكە لەدژی عێراق زۆر هەستیارە". پاشان موسا دەڵێت:" پرسیم لە سەددام حسێن، كەواتە بۆچی گەڕانەوەی چاودێری نێودەوڵەتییەكان رەتدەكەیتەوە؟ پێی وتم لەبەرئەوەی هەموویان سەر بە هەواڵگری ئەمریكا " سی ئای ئەی" ین، پێم وت كەواتە ئەگەر لە رێگەی دانوستانی نێوان تۆو نەتەوە یەكگرتووەكانەوە ئەوە چارەسەربكرێت و گەرەنتی دیاریكراو دەربارەی چاودێرە نێودەوڵەتییەكان بكرێت، ئەویش وتی: ئەو كاتە رێگر نیم" دوای چاوپێكەوتنەوە موسا لە درێژەی قسەكانیدا دوای چاوپێكەوتنەكەی سەددام دەڵێت:" دوای كۆبوونەوەكە چووم بۆ دیداری شا عەبدوڵای دووەم پاشای ئوردن بەوپێیەی كە سەرۆكی لوتكەی عەرەبی بوو، راپۆرتێكم دەربارەی ئەوەی روویدا پێشكەشكرد و پاشان چاومكەوت بە كوفی ئەنان بۆئەوەی وردەكاری كۆبوونەوەكەی سەددامی بۆ باس بكەم، پێی وتم كە ئەوە قسەیەكی گرنگە، پێویستە لەگەڵ ئەمریكییەكاندا گفتوگۆی لەسەر بكەین، هەروەها گفتوگۆم لەگەڵ كۆڵن پاوڵ وەزیری ئەوكاتەی دەرەوەی ئەمریكا كرد و ئاگادارم كردەوە لەوەی روویداوە، بەڵام وەڵامی پاوڵ زۆر شۆكهێن بوو چونكە وتی:" سەدام حسێن گاڵتەی بە تۆ و كوفی ئەنان كردووە و پێتان پێكەنیوە، سەددام چەكی ئەتۆمیی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی دیدارەكەی منەوە لەگەڵ سەددامدا دانوستانی سەركەوتوو لە نێوان نەتەوە یەكگرتووەكان و سەددام حسێندا بەڕێوەچوو، بەڵام بەداخەوە بڕیاری شەڕەكە كە درابوو، تەنها مەسەلەی كات بوو، ئەوەی روویدا، روویدا".
ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ نەجیب بوكیلە، كە بە زمانی ئیسپانیی بە " ناییب بوكیلی" ناودەبرێت، و بەرەگەز فەلەستینییە، سەركەوتنی خۆی لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی سلڤادۆر راگەیاند، دوای جیاكردنەوەی زۆرینەی دەنگەكان. بوكیلە كە پێشتر سەرۆكی شارەوانی "سان سلڤادۆر"ی پایتەخت بوو بەڵێنیدا بە نەهێشتنی گەندەڵی و مافیاكانی تاوان لە وڵاتێكدا زۆترین رێژەی تاوانی كوشتنی تێدا تۆماركراوە. بوكیلە پێش راگەیاندنی ئەنجامە فەرمییەكانی هەڵبژاردن لە وتەیەكیدا بۆ لایەنگرانی وتی:" ئێمە ئێستا مێژوو دروست دەكەین، دەتوانین بەوپەڕی متمانەوە سەركەوتنمان بۆ بەدەستهێنانی سەرۆكایەتی كۆمار رابگەیەنین". لە بەیت لەحمەوە بۆ سلڤادۆر نەجیب بوكیلەی تەمەن 37 ساڵ لە باوكێكی فەلەستینی و دایكێكی سلڤادۆری لە دایكبووە و ئەحمەد بوكیلەی باوكی لە شاری بەیت لەحم لە كەرتی خۆرئاوای فەلەستین كۆچی كردووە بۆ سلڤادۆر كە دەكەوێتە نێوان هەردوو وڵاتی گواتیمالا و هندۆراسەوە لە ئەمریكای ناوەڕاست. ئەحمەد بوكلیە وەك سەرمایەدارێكی بەناوبانگ لە نێوان رەوەندی فەلەستینیدا بەوە بەناوبانگ بووە كە كاری كردووە بۆ پرسی فەلەستین لە سلڤادۆر و پشتیوانی گەلەكەی بووە و مزگەوتێكیشی لە سان سلڤادۆر بونیادناوە و دواتر نازناوی " ئیمامی سلڤادۆر"ی پێدراوە. بوكیلە لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ لایەنگرانی وێنەی سێڵفی دەگرێت " مایەی مشتومڕ" نەجیب بوكیلە جگە لەزمانەكانی عەرەبی و ئیسپانیی، زمانی ئینگلیزیش دەزانێت و ساڵی رابردوو وەك سەرۆكی شارەوانی سان سلڤادۆر لەگەڵ هاوسەرەكەیدا بە رەسمی سەردانی ئیسرائیلی كرد و ئەوەش توڕەییو نیگەرانی فەلەستینییەكانی لێكەوتەوە. بە گوێرەی فەرمانگەی كاروباری ئاوارەكانی رێكخراوی رزگاریخوازی فەلەستینی، سەردانەكەی بوكیلە ناڕەزایەتی توندی فەلەستینییەكانی وڵات و تاراوگەی لێكەوتوەتەوە، چونكە ناوبراو كوڕی پیاوێكە كە كاری زۆری لە پێناوی پرسی گەلی فەلەستیندا كردووە، بە تایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی وێنەیەكی كە بەشداری مەراسیمی ئاینی جولەكەكان دەكات لە دیواری بوراق و مۆنۆمێنی هۆڵۆكۆست لە شاخی هێرتزل لە قودس. فەلەستینییەكان باوەڕیان وایە كە ئەو رەفتاری بوكیلە دانپێدانانە بە مافی ئیسرائیل بەسەر شوێنە پیرۆزەكانەوە و هەروەها رەخنەی ئەوەشیان لێگرت كە لە لەبەردەم مۆنۆمێنی هۆڵۆكۆستدا گریاوە بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەك بە نەهامەتی فەلەستینییە مەسیحیی و موسوڵمانەكان بدات. لایەنگرانی بوكیلە ئاهەنگی سەركەوتن دەگێڕن " بردنەوەیەكی مێژوویی" نەجیب بوكیلە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی سلڤادۆردا، سەركەوتنیێکی مێژوویی بەسەر دوو حزبە تەقلیدییەكەی ئەو وڵاتەدا تۆماركرد، كە لە ساڵی 1992 ەوە و دوای كۆتایی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە بە نۆرە دەسەڵاتیان گرتوەتەدەست. حزبەكەی نەجیب كە بە هاوپەیمانی نیشتمانی گەورە " گانا" ناودەبرێت، لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنەكەدا بەسەر هەریەك لە پارتی" بەرەی فارابۆندۆ مارتی" چەپڕەو و پارتی " هاوپەیمانی نیشتمانی كۆماری" كۆنسێرڤاتیڤدا سەركەوت و گەڕەی دووەمیش ئازاری داهاتوو بەڕێوەدەچێت. ساڵی 2015 بۆ 2018 بوكیلە وەك نوێنەری بەرەی فارابۆندۆ مارتی بۆ رزگاریی نیشمانی سەرۆكی شارەوانی سان سلڤادۆری پایتەخت بوو، بەڵام دواتر لەو حزبە دەركرا و هاوپەیمانێكی نوێی بەناوی "بیری نوێ" پێكهێنا كە پارتێكی راستڕەوە و 11 كورسی پەرلەمانی هەیە. ئەگەر بوكیلە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتەی سلڤادۆر بباتەوە، ئەوا دەبێتە شەشەم سەرۆكی ئەو وڵاتە لە دوای كۆتاییهانی شەڕی ناوخۆوە. بوكیلە لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنیدا كە وەبەرهێنانی زیاتر بكات لە كەرتی پەروەردە و فێركردن و نەهێشتنی گەندەڵی و بەهێزكردنی ئاسایشی وڵات، ئەوەش لە كاتێكدایە ئەو وڵاتە بەدەست زۆری مافیاكانی تاوانكارییەوە دەناڵێنێت. بوكیلە خاوەنی جەماوەرێكی زۆرە بە تایبەتی نەوەی نوێی سلڤادۆر كە دەخوازن وڵاتەكەیان گرنگی بە كەرتی فێركردن و سەقامگیركردنی ئاسایش بدات. رێژەی بەرزی تاوان لە گرنگترین ئەو ئاڵنگاریانەی كە رووبەڕووی بوكیلە دەبێتەوە، سنوردانان و كەمكردنەوەی باند و مافیاكانە كە بەسەرتاسەری ئەو وڵاتەدا بڵاوبونەتەوە و ساڵانە ژمارەیەكی زۆر تاوانی جۆراوجۆ بە تایبەتی كوشتن تۆماردەكرێت. وڵاتی سلڤادۆر، یەكێكە لەو وڵاتانەی كە زۆرترین توندوتیژی و هەڕەشە و قاچاخچێتی مادە هۆشبەرەكان و كوشتنی تێدایە و ساڵانە هەزاران كەس لە دانیشتوانەكەی كە ژمارەیان شەش ملیۆن كەسە بەرەو ئەمریكا كۆچدەكەن بەهۆی بڵابوونەوەی هەژاری و تاوانانەوە. مانگی تشرینی یەكەم و دووەمی 2018 كاروانێكی سێ هەزار كەسی لە خەڵكی سلڤادۆر گەیشتە ئەمریكا و ئەوەش توڕەیی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەو وڵاتەی لێكەوتەوە. سەرچاوە: بی بی سی