درەو: زۆرینەی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بایكۆتی هەڵبژاردنیانكرد، بەجۆرێك ژمارەی ئەو دەنگانەی كە دراوە بە لایەنەكان (35%) بووەو (65%)ی هاوڵاتیان بایكۆتیان كردووە یاخود دەنگەكەیان سوتاندووە. دەندان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان كۆی گشتی: 3,486,787 دەنگ بەلایەنەكان: 1,219,284 35% بایكۆت و پوچەڵ : 2,267,503 65% پارتی: 522,635 یەكێتی: 309335 نەوەی نوێ: 209774 یەكگرتوو: 92553 كۆمەڵ: 60423 گۆڕان: 18369 سۆسیالیست: 6065 پارێزگای هەولێر: مافی دەنگدان: 1238379 دەنگدەری لایەنەكان: 396162 بایكۆت : 842217 پارتی: 236351 دەنگ 11 كورسی نەوەی نوێ: 72205 دەنگ 3 كورسی یەكێتی: 60169 دەنگ 1 كورسی كۆمەڵ: 17880 دەنگ یەكگرتوو: 2288 دەنگ گۆڕان: 3874 سۆسیالیست: 1980 پارێزگای سلێمانی: مافی دەنگدان: 1425705 دەنگیداوە بە لایەنەكان: 355666 بایكۆت : 1070039 یەكێتی: 116007 دەنگ 8 كورسی نەوەی نوێ: 94686 دەنگ 5 كورسی پارتی: 48919 دەنگ 2 كورسی كۆمەڵ: 42543 دەنگ 1 كورسی یەكگرتوو: 19616 دەنگ 2 كورسی گۆڕان: 13113 دەنگ سۆسیالیست: 2313 دەنگ پارێزگای دهۆك: مافی دەنگدان: 822703 دەنگیداوە بە لایەنەكان: 358614 بایكۆت : 464089 پارتی: 237365 دەنگ 8 كورسی یەكگرتوو: 72937 دەنگ 2 كورسی یەكێتی: 22364 دەنگ 1 كورسی نەوەی نوێ: 17490 دەنگ سۆسیالیست: 1772 دەنگ
شیكاری: درەو لە خولی دووەمی هەڵبژاردن ساڵی (2010 )لیستی عێراقیە بە سەرۆکایەتی (ئەیاد عەلاوی) بە بردنەوەی (91) کورسی یەکەم و لە خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەران دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکاتی (نوری مالکی) بە بردنەوەی (92) کورسی یەکەم و لە هەڵبژاردنی ساڵی (2018) هاوپەیمانی سائیرون بە سەرۆکایەتی (موقتەدا سەدر) یەکەمو لەم خولەی ئێستاشدا بە پێی ئەنجامە بەراییەکان لیستەکەی (موقتەدا سەدر) بە بردنەوەی () کورسی لە پلەی یەکەمدایە لایەنە کوردییەکان لە خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی (2010) (57) کورسی و لە خولی سێیەمی هەڵبژاردنی ساڵی (2014) (64) کورسی و لە خولی چوارەمی ساڵی (2018) (58) کورسی، بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی 10/10/2021 کورسییەکانی لەیەنە کوردییەکان دەگاتە (63) کورسی، لە سەرجەم خولەکاندا پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرینەی کورسییەکان و بە دوایشدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان زۆرینەی کورسییەکانی بردووە. خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2010 لەم خولەی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی عێراق (9) هاوپەیمانی و لایەنی سیاسی گەیشتنە ئەنجومەنی نوێنەران و (لیستی عێراقیە بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەلاوی) بە بردنەوەی (91) کورسی پلەی یەکەم و (دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالکی) بە بردنەوەی (89) کورسی پلەی دووەمی هێنا. لایەنە کوردستانییەکانیش (57) کورسییان بردەوە بە جۆرێک (پارتی و یەکێتی) بە (هاوپەیمانی کوردستان) بەشدارییان کردوو پێکەوە (43) کورسی و بزوتنەوەی گۆڕان (8) کورسی و یەکگرتووی ئیسلامی (4) کورسی و کۆمەڵی ئیسلامیش (2) کورسی بەدەستهێنابوو. خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2014 لەم خولەی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی عێراق (35) هاوپەیمانی و لایەنی سیاسی گەیشتنە ئەنجومەنی نوێنەران و (دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالکی) بە بردنەوەی (92) کورسی بە جیاوازییەکی گەورە پلەی یەکەمی هێنا. لایەنە کوردستانییەکانیش (64) کورسییان بردەوە بە جۆرێک پارتی دیموکراتی کورستان (27) کورسی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان (21) کورسی و بزوتنەوەی گۆڕان (9) کورسی و یەکگرتووی ئیسلامی (4) کورسی و کۆمەڵی ئیسلامیش (3) کورسی بەدەستهێنابوو. خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2018 لەم خولەی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی عێراق (31) هاوپەیمانی و لایەنی سیاسی گەیشتنە ئەنجومەنی نوێنەران و (هاوپەیمانی سائیرون بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر) بە بردنەوەی (54) کورسی پلەی یەکەمی هێنا، بەدویدا (هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری) (47) کورسی و (هاوپەیمانی نەسری عەبادی) (40) کورسی و (دەوڵەتی یاسای نوری مالکی) (26) کورسییان بەدەست هێنابوو. لایەنە کوردستانییەکانیش (57) کورسییان بردەوە بە جۆرێک پارتی دیموکراتی کورستان (25) کورسی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان (18) کورسی و بزوتنەوەی گۆڕان (5) کورسی و نەوەی نوێ (4) کورسی و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی یەکی (2) کورسیان بەدەستهێنابوو. خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2021 بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی کۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە 10/10/2021 بە ڕێوەچوو، تا ئێستا ئەنجامەکان بەم شێوەیەن. جگە لە کاندیدە سەربەخۆکان کە ژمارەیان (33) کەسە لەم خولەی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی عێراق (37) هاوپەیمانی و لایەنی سیاسی دەگەنە ئەنجومەنی نوێنەران و (کوتلەی سەدری بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر) بە بردنەوەی (73) کورسی پلەی یەکەم دێت، بەدویدا (هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی) (38) کورسی و (دەوڵەتی یاسای نوری مالکی) (36) کورسی دەبەنەوە لایەنە کوردستانییەکانیش (63) کورسی دەبەنەوە بە جۆرێک پارتی دیموکراتی کورستان (32) کورسی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان (17) کورسی و نەوەی نوێ (9) کورسی و یەکگرتووی ئیسلامی (4) کورسی و کۆمەڵی ئیسلامی (1) کورسی دەباتەوە.
راپۆرت: درەو عومەر سەید عەلیو ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان هێشتا لە پۆستەكانیان بەردەوامن، بەڵام بەشێوەی "كاربەڕێكەر"، چارەنوسی بزوتنەوەكە رادەستی "دەستەیەكی كاتیی" دەكرێت كە دیار نییە كەی دروست دەكرێت، سەرلەنوێ ململانێی كۆنو نوێیەكان دەستی پێكردوەتەوە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتە. سفربوونی كورسییەكان ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق نسكۆ بوو بۆ بزوتنەوەی گۆڕان، ئەم هێزە كە 2010 لە یەكەمین بەشداریكردندا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق (8) كورسی بردەوە، لەدووەم بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كە 2014 بەڕێوەچوو، ژمارەی كورسییەكان بۆ (9) كورسی بەرزبووەوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2018دا ژمارەی كورسییەكانی بۆ (5) كورسی دابەزیو لە هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەریشدا كورسییەكانی (سفر) بوو. ئەم پاشەكشێ گەورەیە، ناڕەزایەتی لەناو بزوتنەوەی گۆڕان دروستكرد، داوای دەستلەكاركێشانەوەی رێكخەری گشتیو خانەی راپەڕاندن كرا، هەندێك لەمە زیاتریش رۆشتنو داوای كشانەوەی بزوتنەوەی گۆڕانیان كرد لە حكومەتی هەرێمو حكومەتە خۆجێییەكان، پرسی كشانەوە لەحكومەت كە زۆربەی لایەنگرانی گۆڕان بە هۆكاری هەستانەوەی بزوتنەوەكەی دەزانن لە ئێستادا بە كراوەیی بەجێهێڵدراوە بۆ دوای گۆڕانكارییە حزبەكان رەنگە تا ئەوكاتەش ئیتر وادەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كۆتایی بێت و پرسی كشانەوەی گۆڕان لە حكومەت نەكەوێتە بواری جێیەجێكردنەوە. دوو كارنامەی رەتكراوە بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە رۆژانی دوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقو سفربوونی كورسییەكانی گۆڕان، دوو كارنامە هەبووە بۆ چۆنیەتی روبەڕووبونەوەی ئەو قەیرانە ناوخۆییەی دروستبووە: كارنامەی یەكەم: ئەمە كارنامەی عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتیو مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بووە، ئەم كارنامەیە داوای كردووە لیژنەیەكی كاتیی بە سەرۆكایەتی (جەلال جەوهەر) دروست بكرێت، ئەم كارنامەیە كە سەركردە كۆنەكان تێیدا باڵادەست دەمانەوە، رەتكرایەوە. كارنامەی دووەم: ئەم كارنامەیە لەلایەن چیا نەوشیروان مستەفاوە پێشنیازكراوەو بەپێی كارنامەكە داوا كراوە (یوسف محەمەد سادق) بكرێت بە رێكخەری گشتی، ئەمە لەلایەن كاستە كۆنەكەوە رەتكراتەوە. لەدوای رەتكردنەوەی ئەم دوو كارنامەیە، ئێستا میحوەرێكی نوێ دروستبووە كە میحوەری چیا نەوشیروان مستەفایە لەگەڵ مستەفا سەید قادردا. بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەسەرەتای قەیرانەكەدا عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دوو پێشنیازی هەبووە: یەكەم: دەرفەت بدرێت رێكخەرو خانەی راپەڕاندن لەسەر كاری خۆیان بەردەوام بن تاوەكو دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، وادەی فەرمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان مانگی ئەیلولی ساڵی داهاتووە، بەڵام بەمدواییە بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لەناو پارتییەوە خواستێك هەیە بۆ ئەوەی هاوشێوەی عێراق، لە هەرێمی كوردستانیش هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان بكرێت. دووەم: رێكخەرو خانە بەردەوام بنو لەماوەی سێ مانگدا دیراسەی پاشەكشێی دەنگی گۆڕان لە هەڵبژاردن بكرێتو دواتر بڕیار بدرێت. هەردوو پیشنیازەكەی رێكخەری گشتی رەتكرانەوەو كێشەكە خرایە بەردەمی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان. جڤاتی نیشتمانی چی كرد ؟ دوێنێ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بڕیاردان لەبارەی بارودۆخی ناوخۆییو ئەو شكستەی توشی بزوتنەوەكە، كۆبووەوە. لەم كۆبونەوەیەدا، رێكخەری گشتیو خانەی راپەڕاندن دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەش كرد، تا ئەو كاتەی دەستەیەكی "كاتیی" بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەكە دروست دەكرێتو ئامادەكاری بۆ كۆنفرانسی نیشتمانی دەكرێت. واتە بەگوێرەی بڕیارەكەی جڤاتی نیشتمانی، رێكخەری گشتیو خانەی راپەڕاندن لەسەر كاركردنی خۆیان بەردەوام دەبن تا ئەو كاتەی دەستە كاتییەكە بۆ بەڕێوەبردنی گۆڕان دروستدەكرێت. دیار نییە ماوەی قۆناغی كاربەڕێكەر چەند دەخایەنێت، بەڵام بەپێی ئەوەی باسدەكرێت ئەو دەستەیەی كە بڕیارە بەشێوەیەكی كاتیی بۆ بەڕێوەبردنی گۆڕان دروست بكرێت ژمارەی ئەندامەكانی لەنێوان (9 بۆ 13) كەس دەبێتو رێكخەرو ئەندامانی دەستلەكاركێشاوەی خانەی راپەڕاندن ئەندام نابن تێیدا. بەگوێرەی دەستوری ناوخۆیی، جڤانی نیشتمانی بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام كێشەكە ئەوەیە ئەم جڤاتە خۆشی لە ساڵی 2014وە وادەی یاسایی بەسەرچووەو نوێ نەكراوەتەوە. چیرۆكی بزوتنەوەی گۆڕان دوای چەند ساڵێك ناكۆكی لەگەڵ جەلال تاڵەبانی، نەوشیروان مستەفا ساڵی 2009 لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەكانی تری یەكێتی، جیابونەوەی خۆی راگەیاندو بزوتنەوەی گۆڕانی دروستكرد. 25ی تەموزی 2009 بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری یەكەمین هەڵبژاردنی كرد كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بوو، لەم هەڵبژاردنەدا (25) كورسی بردەوەو بەسەر یەكێتیدا سەركەوتو لەدوای پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بوو بە دووەمین هێز لەسەر ئاستی هەرێم. بزوتنەوەی گۆڕان تەمەنی دەبێت بە (12) ساڵ، لەم ماوەیەدا تەنیا یەك كۆنفرانسی كردووە، ئەم كۆنفرانسە كۆتا رۆژەكانی ساڵی 2013 لە هەولێر بەڕێوەچوو، لەم كۆنفرانسەدا یەكەمین دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەكە پەسەندكراو لەم دەستورەدا بڕیار لەسەر دروستكردنی خانەی راپەڕاندان درا. خانەی یەكەم تاوەكو نەوشیروان مستەفا دامەزرێنەری بزوتنەوەی گۆڕان لە ژیاندا بوو، خانەی راپەڕاندن دروست نەكرا، ئایاری 2017 نەوشیروان مستەفا كۆچی دوایی كرد، دوای مردنی، ئەو موڵكو ماڵانەی كە بەناویەوە بوو، كوڕەكانی گواستیانەوە سەر ناوی خۆیان، پاش ئەم رووداوە كە كاردانەوەی هەندێك لەسەركردەكانی بزوتنەوەكەی لێكەوتەوەو وەكو "تەوریسی سیاسی"و "دەستگرتن بەسەر موڵكو ماڵی بزوتنەوەكە" ناویان برد، رۆژی 25ی تەموزی 2017 جڤاتی نیشتمانی بۆ یەكەمجار ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی هەڵبژاردو شوێنەكەی نەوشیروان مستەفاشی بە (عومەر سەید عەلی) پڕكردەوە. بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، خانەی راپەڕاندن "بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیارو راسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی لەنێوان دوو كۆبونەوەدا"، واتە ئەم خانەیە دەسەڵاتی جێبەجێكردنی هەیە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا. یەكەمین خانەی راپەڕاندن لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا ئەندامەكانی لە (7) پێكدەهات كە بریتی بوون لە: • عومەر سەید عەلی: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە • عوسمان حاجی مەحمود: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری باژێڕەكان (دوای 10 مانگ كاركردن، بەهۆی ناڕازیبوون لە چۆنیەتی سیاسەتو ئیدارەكانی بزوتنەوەكە، پەیوەندی كۆمپانیای وشەو بزوتنەوەكە، تاپۆكردنی گردی زەرگەتە لەسەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، خراپی مامەڵەی خانەی راپەڕاندن لەسەر پرسەكان، دەستی لە ئەندامێتی خانە كێشایەوەو بە فەرمی دوركەوتنەوەی لە بزوتنەوەی گۆڕان راگەیاند) • جەمال حاجی محەمەد: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری جڤاتی نیشتمانی • جەلال جەوهەر: ئەندامی خانەی راپەڕاندن، سكرتێری فراكسیۆنەكان • محەمەد تۆفیق رەحیم: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری ژورەكان • شۆڕش حاجی: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری كاروباری خەڵك • رەئوف عوسمان: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سەرۆكی جڤاتی گشتی دیارترین كارێك رێكخەری گشتیو یەكەمین خانەی راپەڕاندن كردی، بەشداریكردن بوون لە كابینەی (نۆیەم)ی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمە ناڕەزایەتی لەناو بزوتنەوەكەدا دروست كرد، چونكە كابینەی (هەشتەم)ی حكومەت بە شكست بۆ بزوتنەوەی گۆڕان كۆتایی هاتو پارتی رێككەوتنی خۆی لەگەڵ گۆڕان هەڵوەشاندەوەو گۆڕانی لە حكومەت دەركردو دەرگای پەرلەمانی كوردستانیشی داخست، بەڵام گۆڕان سەرباری ئەمانە جارێكی تر لەگەڵ پارتی تێهەڵچووەوەو رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ ئیمزا كرد. خانەی دووەم خانەو رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بەگوێرەی دەستوری ناوخۆیی بۆ خولێكی (دوو ساڵ)ی هەڵدەبژێردێن، وادەی یەكەمین خانەی راپەڕاندن لە تەموزی 2019دا تەواو بوو. جڤاتی نیشتمانی كە هێشتا خۆشی هەر وادە بەسەرچوو بوو، دوو مانگ دوای وادەی دیاریكراو و لە رۆژی 14ی ئەیلولی 2019دا ئەندامانی نوێی خانەی راپەڕاندنی هەڵبژارد، ئەمە دووەمین خانە بوو لە مێژووی بزوتنەوەی گۆڕاندا، پێكهاتەی نوێی خانە كە تائێستاش هەندێكیان بەردەوامن ئەمانە بوون: • عومەر سەید عەلی: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان • عەدنان عوسمان: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری جڤاتی نیشتمانی (دوای ساڵێك كاركردن دەستی لەكاركێشایەوەو شێخ كامیل پێنجوێنی لە شوێنەكەی دانراو تائێستا بەردەوامە) • جەلال جەوهەر: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان (دەستی لەكاركێشایەوەو سەفین مەلا قەرە لە شوێنەكەی دانراو تائێستا مەلا قەرە بەردەوامە) • دەرباز محەمەد: ئەنجامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری كاروباری ژورەكان • شەماڵ عەبدولوەفا: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری كاروباری باژێڕەكان (دەستی لەكاركێشایەوەو ئاسۆ رەحیم لە شوێنەكەی دانراو ئاسۆ رەحیم تائێستا بەردەوامە) • برزۆ مەجید: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری كاروباری خەڵك خانەی دووەمی راپەڕاندن بە رێكخەری گشتیشەوە، لە 14ی ئەیلولی ئەمساڵدا، واتە بەدیاریكراوی رێك یەك مانگ لەمەوبەر وادەی یاسایی بەسەرچوو، واتە رێكخەرو ئەم خانەیە لەكاتێكدا دەستیان لەكاركێشاوەتەوە كە خۆیان لەڕووی یاساییەوە وادەكەیان تەواو بووە. چارەنوسی رێكخەرو داهاتووی گۆڕان ئێستا كە رێكخەرو خانەی راپەڕاندنی ماوە بەسەرچوو دەستیان لەكاركێشاوەتەوەو بەشێوەی "كاربەڕێكەر" بەردەوام دەبن تا ئەو كاتەی دەستەیەكی كاتیی دروستدەكرێت بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەكەو بڕیاردان لەسەر چارەنوسی ئەم هێزە سیاسییەو پەیكەری بزوتنەوەكەو شێوازی بەڕێوەبردنی. بەر لەوەی گۆڕان توشی شكست ببێت لە هەڵبژاردن، رێكخەری گشتیو خانەی راپەڕاندن وادەی سازدانی دووەمین كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەكەیان بۆ كۆتایی ئەمساڵ دواخست، بڕیاربوو لەم كۆنگرەیەدا گۆڕانكاری لە پەیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوەكەدا بكەن كە لەسەردەمی نەوشیروان مستەفادا نوسراوەتەوە، بەجۆرێك دەسەڵاتی مەركەزیی لەناو بزوتنەوەكە بەهێز بكرێتو رۆڵی خانەی راپەڕاندن بەهێزترو رۆڵی جڤاتی نیشتمانی لاواز بكرێت، بەڵام هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقو ئەنجامەكانی، ریسەكەی لە عومەر سەید عەلیو هاوباوەڕەكانی لەناو خانەی راپەڕاندن كرد بە خوری. ئاسۆی چارەسەر بۆ قەیرانەكانی گۆڕان هێشتا لەناو گردی زەرگەتەدا دەسوڕێتەوەو ئەو هەڵسوڕاو بەرپرسانەی كە لەماوەی رابردوودا لە بزوتنەوەكە دوركەوتونەتەوە هێشتا لەناو ئەجێندای چارەسەردا نین. گۆڕان لەكاتێكدا توشی ئەم تەقینەوە ناوخۆییە بووە، كە ماوەیەكەو بەر لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقیش، فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمانی كوردستان دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا، بەرەیەكیان لەگەڵ سیاسەتەكانی بزوتنەوەكەیو ئەوی تریان دژە، فراكسیۆنەكەشی لە پەرلەمانی عێراق پەیوەندی خۆیان لەگەڵ بزوتنەوەكەدا دابڕیوە. ئەم دوو بەرەیە، فراكسیۆنەكەی بەغدادو نیوەی فراكسیۆنەكەی هەولێر، لەگەڵ هەندێك لەو هەڵسوڕاوانەی كە هێشتا لەچوارچێوەی بزوتنەوەكەدا ماونەتەوە ئێستا نیمچە بەرەیەكیان دروستكردووە، بەپێی بەدواداچونی (درەو)، ئەمانە مەرجیان هەیە بۆ بەشداریكردن لە هەر پرۆژەیەكی نوێ لەناو گۆڕاندا، یەكێك لە مەرجەكانیان ئەوەیە "چارەنوسی گردی زەرگەتە یەكلابكرێتەوەو بخرێتەوە سەر موڵكی گشتی"، ئەمە داواكاری یوسف محەمەدو هۆشیار عەبدوڵاو عەلی حەمەساڵحو هاوڕێكانیانە، داواكارییەك كە لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاوە بۆ یەكەمجار لەلایەن عوسمان حاجی مەحمودو كۆچكردوو قادر حاجی عەلییەوە جەختی لەسەر دەكرا، بهڵام ئهوان داوایان دهكرد موڵكهكان بخرێتهسهر بزوتنهوهی گۆڕان.
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت) بە شێوەیەکی گشتیی حوکمڕانێتیی لەسەر دوو جەستە کاردەکات، یەکەمیان جەستەی مرۆڤە وەک تاک و دووهەمیان جەستەی کۆمەڵگایە وەک کۆ. گەر سەردەمی پێش مۆدێرنە سەردەمی کۆنترۆڵکردنی مرۆڤ وەک تاک و کۆمەڵگاش وەک کۆ بووبێت بە تەکنەلۆژیای تەقلیدیی، ئەوا سەردەمی ئێمەی مرۆڤی مۆدێرن لەلایەن ڕژێمێکی نوێوە ئاراستە و کۆنترۆڵدەکرێین کە هێز و توانا نامادییەکەی لە هێزو وتوانای مادییەکەی زۆر گەورەتر و قووڵترە، ئەو ڕژێمەش ناوی ڕژێمی زانیارییە. بە بۆچوونی فەیلەسوفی ئەڵمانی کۆریی، بیۆنگ چول هان، قەیرانی سەرەکیی دیموکراسیی بریتییە لە نەمانی ڕەهەندی گوێگرتن و کێشەیەی قووڵی سەردەمی دیجیتاڵییش، بریتییە لە کێشەی ونبوون و نەمانی کەسی بەرامبەر بۆ پەیوەندیبەستن و قسەکردن. ئەو ڕای وایە کە لە ڕژێمی زانیارییدا تۆ فەرماندەردەکەیت و دەزگاکەت جێبەجێیدەکات. گەر ئەم بۆچوونە وەربگێڕینە ناو واقیعی کۆمەڵایەتیی خۆمان، دەتوانین بڵێین چەمکی سەرەوەریی و دەسەڵات رەهەندێکی ئایدیۆلۆژیی وەردەگرێت و هەمان وەزیفەی فانۆسە سیحرییەکەی عەلادین جێبەجێدەکات، بەڵام بەشێوەیەکی دیجیتاڵیی و بە تاکەکان دەڵێت تۆ سەروەریت، فەرمانبکەن بۆئەوەی جێبەجێیبکەم و ئارەزووی چیت هەیە بۆئەوەی بۆت دابینکەم. بۆ نموونە سیری ناو ئایفۆنەکەت خۆت دەنگەکەی دیاریدەکەیت مێ بێت یان نێر، وەک سکرتێرێکی گوێڕایەڵ کاروبارەکانت بۆ جێبەجێدەکات. سیری دەتوانێت نامەت بۆ بنووسێت، ئیمەیلی ئەو کەسە بدۆزێتەوە کە دەتەوێت بۆی بنێریت، مۆسیقای دڵخوازت هەڵبژێرێت، ئەو یارییەی دەتەوێت کاتی پێبەسەربەریت بۆت ئامادەبکات، ئەو دەزانێت ئایا کە دەچیتە دەرەوە پێویستت بە چەتر هەیە یان نا، ئەو زۆر شتی تریش دەزانێت، بۆ نموونە دەزانێت ئاووهەوای چەمچەماڵ چۆنە، لەدوا ڕوبەڕوبوونەدا بەرشەلۆنە چۆن یاریکرد و دۆلار بە چەند دینارە و پشکی کۆمپانیاکان چ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا هاتووە و هتد، سیری هەموو ئەم کارانەت بۆ جێبەجێدەکات بەبێئەوەی گفتوگۆت بکات، پرسیار و ڕەخنەت ئاراستەبکات و گازندە یان جنێوبارانت بکات. بە سمارت هۆمیش دەڵێیت چی کارێکی ناو ماڵەکەت بۆ بکات، گلۆپەکان بکوژێنێتەوە، پەردەکات دابخات، دەرگای گەراجەکەت پێش گەیشتنەوەت بۆ ماڵەوە بکاتەوە، فەرمان بە گسکی کارەباییە سمارتەکەت دەکەیت، پێشئەوەی بگەیتە ماڵەوە ماڵەکەت بۆ پاکبکاتەوە. گەر تەختەی نوستنەکەشت سمارت بێت، دەتوانێت باری تەندروستیت پرۆتۆکۆلبکات و داتاکات بخاتە بەردەست، ئەمانەو چەندین دەزگای دیجیتاڵی ترمان هەیە کە ژیانی بۆ ساکار کردووین و کوردوینی بە بکەرێکی هەستسوڵتانیی. ئەم جیهانە جیهانێکە پڕاوپڕ لە ئازادییەکی ڕەها بۆ کەسی بەکاربەر، بەڵام ئەم کەسە بێئاگایە لەوەی کە لەناو بەندیخانەیەکی دیجیتاڵی گەورەدا دەژیی، بەندیخانەیەک کە وشیارییەکی درۆزنانەی ئازادیی بۆ بەرهەمهێناوین. زیادکردنی رەهەندی دیجیتاڵیی بۆ هەڵبژاردن و کۆکردنەوەی لەناو فلاش میمۆرییدا، مانا ئازادیی بژاردەی تاکەکان نییە، بەڵکو دەتوانێت تەواو بەپێچەوانەوە بێت و مانای بەرهەمهێنانی وشیارییەکی درۆزنانەی پرۆسەیەکی بێگەرد و کۆنترۆڵکردنی خواست و ئیرادەی تاکەکان بێت بەبێئەوەی خۆیان بەرامبەر بەو لەسەدەستدانە وشیاربن. هەڵبژاردن لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا کێشەی سەرەکیی حوکمڕانێتیی بووە، چونکە هیچ یەکێک لە هەڵبژاردەنەکان پاک و بێگەردنەبوون. مێژووی هەڵبژاردنەکان مێژووی دابەزینی بەشداریی ژمارەی دەنگدەران و دەنگسوتێنەرانە بە شێوەیەکی دراماتیکیی. لەراستییدا مێژووی هەڵبژاردن لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا مێژووی دوو تەکنیکی جیاوازی تەزویر بووە، یەکێکیان تەزویری خۆماڵیی و ناوەکییە، ئەوی تریشیان تەزویری بیانیی و دەرەکییە. ئەم دوو تەکینیکەش لە تەزویر یان هێزە سەرەکییەکان کە خاوەن دەسەڵات و چەک و سەرمایەن پێیهەڵساون، یان بە پاڵپشتی مادیی و تەکنەلۆجیی دەوڵەتانی دراوسێ پیادەکراوە و یاری بە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان کراوە. هەڵبژاردن لە عێراق و هەرێمی کوردستان مانای سەرەوربوونی تاکەکان و ئیرادەی گەل نییە بەسەر دەسەڵات و حیزب و خێزانە سیاسییەکان لەسەر سندوقەکانی دەنگدان، بەڵکو هەڵبژاردن بووە بە چرکەساتی لەدەستدانی سەروەریی و ئیرادەی تاکەکانی کۆمەڵگا وەک ئاکتێکی دیموکراسیی لە دواوێستگەی پێشڕاگەیاندنی دوادەرئەنجامەکان. کێشەی حوکمڕانیی لە عێراق بەپلەی یەکەم بریتییە لەوەی سیاسەت توانای کارکردنی لەسەر جەستەی کۆی کۆمەڵگا نەماوە، بەڵکو کۆمەڵگا بووە بە چەندین پارچەی جوگرافیی کە هەر پارچەی لەلایەن گروپێکەوە حوکمڕانیی دەکرێت و هەر جوگرافیایەکیشی لەلایەن دەوڵەتێکی ئیقلیمییەوە کۆنترۆڵدەکرێت. لە عێراقدا جگە لە کاتیگوریی سوننە و شیعە و کورد، لەناو سوننە چەندین گروپی جیاوازی مەدەنیی و توندتوتیژ و لەناو شیعە چەندین گروپی سیاسیی و چەکداریی فەناتیک و لەناو کوردیشدا دوو هێزی چەکداری سەرەکیی و چەندین گروپی تری چەکدار و بێچەکی تر بە فۆرمی جیاواز و لەناوچەی جیاوازی جوگرافییدا دەسەڵات پیادەدەکەن. دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەم لە عێراق و هەم لە هەرێمی کوردستاندا بەبەردەوامیی ئەو ڕاستییە کۆمەڵایەتییە دەسەلمێنن کە ئیختراقکردنی سیاسیی حیزبەکان بۆ جوگرافیای یەکتری کارێکی زۆر دژوارە. واقیعی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی پێماندەڵێت کە چەمکی سەروەریی و حوکمڕانێتیی لە عێراق و کوردستاندا مانا عەقلانییەکانی خۆیان لەدەستبداوە و رەهەندێکی لۆکاڵیی و جوگرافیی و ئەتنیی و تائیفییان وەرگرتووە. لەپاڵ ئەم ڕەهەندەی حوکمڕانێتیی، دەسەڵات لە عێراقدا لەوە کەوتووە مانایەکی نیشتیمانیی هەبێت بۆ سەرەوەریی، چونکە بکەرە سەرەکییەکانی ناو دەسەڵات بە هەموو تەکنیک و تەکنەلۆژیاکانیی کە لەبەردەستدایە ئاراستە و دەستکارییدەکرێن. هەر ئەمەشە وادەکات کە هەڵبژاردن لە عێراقدا چ لە فۆرمە نادیجاڵییەکەی و چ لە فۆرمە دیجاڵییەکەیدا نە ڕەنگدانەوەی سەرەوریی تاکەکان بێت بەسەر ئیرادەی خۆیان و نە دەربڕی ئازادیی بژاردەی سیاسییشیان بێت. گەر ساڵانی رابردوو لە تارانەوە دەستکاریی دیجیتاڵییانەی هەڵبژاردن کرابێت و گەورەیی و بچووکیی کوتلەکان دیاریکرابێت، ئەوا ئەمجارە گومانەکان پێچەوانە بوونەتەوە، چونکە لە ئیمارات داتاکان کۆکرانەوە و هێزە دڵخوازەکانی خەلیج و تورکیا سەرکەوتن. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەم هەڵبژاردنە سەرەتای لاوازبوونی هەیمەنەی ئێرانیی و سەرەتای بەهێزبوونی هەیمەنەی خەلیجی و تورکییە یان داننەنانی گروپە شیعییە توندڕەوەکانە بە نەخشەی سیاسیی نوێ و سەرەتای جەولەیەکی تری ململانێیەکی توندی ناو کۆمەڵگای داوەشاوی تائیفیی و ئەتنیی عێراقییە.
درەو: یەكێتی لە پارێزگای سلێمانی كە پێگەی سەرەكی خۆیەتی، لە هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەردا رێژەی (57%) دەنگەكانی كەمیكردووە، بەڵام بەم حاڵەشەوە پارێزگاری لە ژمارەی كورسییەكانی كردووە. یەكێتیو هەڵبژاردن یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەناو قەیرانێكی قوڵی ناوخۆیدا كە تەقینەوەی ناكۆكیی نێوان هاوسەرۆكەكانی بوو، چووە ناو هەڵبژاردنەوە، سەرباری ئەمە قایلە بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، یەكێتییەكان خۆشحاڵ بوون بە ئەنجامەكان، بەڵام بەهۆی نیگەرانی بزوتنەوەی گۆڕانی هاوپەیمانیان، ئاهەنگی سەركەوتنیان نەگێڕا. خۆشحاڵی یەكێتییەكان بە ئەنجانی هەڵبژاردن لەكاتێكدایە، ئەم حزبە لە پارێزگای سلێمانی (57%)ی دەنگەكانی كەمیكردووە، بەڵام رەنگە خۆشحاڵییەكە بەهۆی ئەوەوە بێت یەكێتی توانیویەتی بەم دۆخەشەوە لە سلێمانی پارێزگاری لە ژمارەی كورسییەكانی بكاتو (8) كورسییەكەی وەك خۆی مایەوە. یەكێتی لە سلێمانی - بازنەی یەك: (17 هەزارو 390) دەنگ و یەك كاندیدی دەرچووە • نەرمین مەعروف: 7074 • دانا ئەحمەد: 5453 • شاسوار ئەمین:4863 - بازنەی دوو: (24 هەزارو 905) دەنگ و دوو كاندیدی دەرچووە • بڕیار رەشید : 13923 • ئاسۆ فەرەیدون: 10982 - بازنەی سێ: (14 هەزارو 599) دەنگ یەك كاندیدی دەرچووە • چرۆ حەمە شەریف:14599 - بازنەی چوار: (36 هەزارو 555) دەنگ و دوو كاندیدی دەرچووە. • بەدریە حسێن: 17054 • غەریب ئەحمەد: 19501 - بازنەی پێنج: ( 19 هەزارو 484) دەنگ دوو كاندیدی دەرچووە • سروە محەمەد: 6632 • رزگار محەمەد: 6644 • كاروان یاروەیس: 6208 لە پارێزگای سلێمانی • كۆی گشتی دەنگەكانی یەكێتی 2021: (122 هەزارو 933) دەنگ • كۆی گشتی دەنگەكانی یەكێتی 2018: (259 هەزارو 378) دەنگ • جیاوازی دەنگەكانی یەكێتی 2018 – 2021: (146 هەزارو 445) دەنگ • دەنگەكانی یەكێتی 2018 – 2021 بەرێژەی (57%) كەمیكردووە دەرەنجام یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پارێزگای سلێمانی (57%)ی دەنگەكانی كەمیكردووە، بەڵام توانی پارێزگاری لە ژمارەی كورسییەكانی بكاتو (8) كورسییەكەی وەك خۆی مایەوە، یەكێتی هەڵبژاردنی 2018دا بە (259 هەزار) دەنگەوە (8) كورسی مسۆگەركرد، لە هەڵبژاردنی 2021دا بە (91 هەزار) دەنگەوە (8) كورسی بەدەستهێناوە. واتا بەهای كورسییەك بۆ دەنگەكانی یەكێتی لە 2018دا (32 هەزار) دەنگ بووە، بەڵام بەهای كورسییەك لە 2021دا (14 هەزار) بووە.
(درەو): سەرباری ئەوەی دەنگدەرانی عێراق لەرێگەی سندوقەكانی دەنگدانەوە هاوپەیمانەكانی ئێرانیان رەتكردەوە، بەڵام هێشتا تاران شەڕ لەسەر هەژمونی خۆی دەكات لە عێراقدا، ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) وای نوسیوە. ئاژانسەكە لە راپۆرتێكی شیكاریدا باس لەوە دەكات" دەنگدەرانی عێراقی هۆشدارییەكی بەهێزیان بە هاوپەیمانەكانی ئێران داوە لە هەڵبژاردندا، بەڵام سوككردنی چەپۆكی میلیشیا شیعەكان بەسەر دەوڵەتەوە، ئامانجێكی هەستیاری سیاسییەو بەردەوام هەڕەشەی توندوتیژی دروست دەكات لەلایەن ئەو میلیشیایانەوە". راپۆرتە شیكارییەكە دەڵێ" موقتەدا سەدر كە رێبەرێكی شیعەو هەڵمەتی دژی هەژمونی ئێران كردووە لە عێراقدا، زۆرترین كورسی پەرلەمانی بردوەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا ئاماژە هەن بۆ بەردەوامبوونی هەژمونی گەورەی ئێران لە عێراقدا، چونكە نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشتر كە هاوڕێی تارانە، ئەویش دەستكەوتێكی پێشبینی نەكراوی گەورەی چنیوەتەوەو پلەی سێیەمی لەسەر ئاستی عێراق بەدەستهێناوە". قائانی لە بەغداد بووە دیپلۆماتكارێكی خۆرئاوایی بە ئاژانسی رۆیتەرزی وتووە" ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لەكاتی راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردندا، لە بەغداد بووەو هێشتا هەوڵی ئەوە دەدات رێگەیەك بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی هاوپەیمانەكانی تاران لەسەر دەسەڵات لە عێراق بهێڵێتەوە". "بەگوێرەی زانیارییەكانمان، قائانی بەشداربووە لە كۆبونەوەیەك لەگەڵ لایەنە شیعەكاندا كە رۆژی دوو شەممە بەڕێوەچووە، ئەوەی لە توانایاندا بێت دەیكەن بۆ دروستكردنی گەورەترین كوتلە، هەرچەند ئەم كارە لەگەڵ دەسەڵاتی موقتەدا سەدردا زۆر سەختە" دیپلۆماتكارەكە وای وتووە. بەغدادو تارانی هەردووكیان رەتیدەكەنەوە ئیسماعیل قائانی لە عێراق بوبێت، بەڵام دوو سەرچاوەی ئێرانیی كە (رۆیتەرز) پەیوەندی پێوەكردوون پشتڕاستی دەكەنەوە. بە مالیكی شەڕی سەدر دەكەن فەرماندەی یەكێك لە گروپەكانی سەربە حەشدی شەعبی لایەنگری ئێران، هەڕەشەی پەنابردن بۆ توندوتیژی دەكات ئەگەر پێویست بكات، ئەمە بەوتەی خۆی بۆ ئەوەیە، حەشد هەژمونی خۆی لە "هەڵبژاردنێكی ساختە"دا لەدەست نەدات. ئەو فەرماندەیە وتویەتی" لە ئێستادا پەنا بۆ یاسا دەبەن، ئەگەر سەركەوتوو نەبوو، پەنا بۆ شەقام دەبەینو هەمان ئەو شتە دەكەین كە لەكاتی خۆپیشاندانەكاندا كرا، كە ئەوەش سوتاندنی بارەگای حزبەكانە بەتایبەتیش سەدرییەكان". حەمدی مالیك كە شارەزای كاروباری میلیشیا شیعەكانی عێراقە لە پەیمانگای واشنتۆن بە (رۆیتەرز)ی راگەیاندووە، مالیكی پارەیەكی زۆری لە بانگەشەەی هەڵبژاردندا خەرجكردووە، دەیەوێت هێزە چەكدارەكانی بەلای خۆیدا رابكێشێتو وێنەی خۆی وەكو سەركردەیەكی بەهێز نیشان بدات. بەرپرسێكی رێكخراوی بەدر كە بۆ ماوەیەكی زۆر ئەم رێكخراوە یەكێك لە گروپە سەرەكییەكانی سەربە ئێران بوو دەڵێ" یەكێك لە هۆكارەكانی پاشەكشێی هاوپەیمانی فەتح كە باڵی سیاسی رێكخراوی بەدرە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لایەنگرەكانی دەنگیان بە مالیكی داوە، چونكە پێیان وایە مالیكی چالاكترە لەدژی موقتەدا سەدر، لەڕاستیشدا مالیكی بە كردەوە ئەوەی نیشان داوە دەتوانێت بەڕووی سەدردا بوەستێتەوە". پێشتر رۆژنامەەی (وۆڵ ستریت ژۆرناڵ) نوسیبووی" سەدر روبەڕووی ركابەرێتییەكی توندی توندڕەوەكانی سەربە ئێران دەبێتەوە، كە دەیانەوێت عێراق جارێكی تر ببەنەوە بۆ ناو فەلەكەكەی ئێران". ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پێشوەختە ئاماژە بە سەركەوتنی رەوتی سەدر دەكات، ئەم رەوتە لەكۆی (329) كورسی پەرلەمان (73) كورسی بردوەتەوە، بەمەش سەدر بە جیاوازییەكی گەورە بەسەر نوری مالیكی ركابەری مێژوویدا سەركەوتووە، لەم نێوەندەدا پێگەی میلیشیا شیعەكان كە خۆی لە (هاوپەیمانی فەتح)دا بەیان كردووە بە سەرۆكایەتی هادی عامری، بەتەواوەتی لاواز بووە، هاوپەیمانی "هێزەكانی دەوڵەت" كە هاوپەیمانێتی نێوان حەیدەر عەبادیو رەوتی حیكمەی عەمار حەكیمە، ئەوانیش دەنگەكانیان پاشەكشێی كردووە، ئەم ئەنجامانە وادەكات لە پرسی دانانی پۆستی سەرۆك وەزیراندا موقتەدا سەدر دەستی كراوە تر بێت. لە خولی ماوەتەواوبووی پەرلەمانی عێراقدا، هاوپەیمانی (فەتح)ی هادی عامری لەڕووی ژمارەی كورسییەوە دووەم هێز بوو، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق هاوپەیمانی "پێشكەوتن"ی سوننەكانی كرد بە هێزی دووەم لە پەرلەماندا، ئەم هاوپەیمانێتییە محەمەج حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی ماوە تەواوبوو سەرۆكایەتی دەكاتو (38) كورسی بردوەتەوە.
راپۆرت: درەو تەنانەت پارتییەكانیش لە سلێمانی (بایكۆت)یان كردووە، بەراوردكاری رێژەی دەنگەكانی پارتی لە هەڵبژاردنی 10ی ئەم مانگە لەگەڵ دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە 2018 بەڕێوەچوو، دەریدەخات رێژەی دەنگەكانی پارتی لە زۆنی سەوز بەرێژەی 42% كەمیكردووە، ئەم ئەنجامانە پێچەوانەی خەونی سەركردەكانی پارتییە بۆ كۆنترۆڵكردنی سلێمانی، تەنیا لەم هەڵبژاردنەكانی ژمارەی دەنگەكانی پارتی لە زۆنی سەوز (28 هەزارو 599) دەنگ كەمی كردووە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. سنوری سەركردایەتی سلێمانی- هەڵەبجە سنوری ئەنجومەنی سەركردایەتی سلێمانی- هەڵەبجەی پارتی، هەردوو پارێزگای هەڵەبجەو سلێمانی دەگرێتەوە بەبێ (ئیدارەی راپەڕین)، لەم سنورەدا پارتی (34 هەزار) موچەخۆری حزبیو حكومی هەیە. • لە بازنەی (1)ی باكوری سلێمانی كە بەرپرسیارێتییەكەی بە لقی (4)ی پارتی سپێردراوە، پارتی یەك كاندیدی هەبوو بەناوی (یادگار مەحمود) كە سەركەوت بۆ پەرلەمانی عێراق، كاندیدەكەی پارتی لەم بازنەیە بە (6 هەزارو 69) دەنگ سەركەوت، ئەمە لەكاتێكدایە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا رێژەی دەنگەكانی پارتی لەم بازنەیە (14 هەزارو 616) دەنگ بووە، واتا ژمارەی دەنگەكانی پارتی لەم بازنەیە، لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا (8 هەزارو 547) دەنگ كەمیكردووە، واتا (58%) كەمیكردووە. • لە بازنەی (2)ی باشوری سلێمانی كە بەرپرسیارێتییەكەی بە لقی (21)ی پارتی سپێردراوە، پارتی یەك كاندیدی هەبوو بەناوی (شنۆ نوری) كە سەرنەكەت بۆ پەرلەمان، كاندیدەكەی پارتی لەم بازنەیە (7 هەزارو 238) دەنگی بەدەستهێنا، ئەمە لەكاتێكدایە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا ژمارەی دەنگەكانی پارتی لە سنوری ئەم بازنەیە (13 هەزارو 750) دەنگ بووە، واتا پارتی لەم بازنەیە (6 هەزارو 512) دەنگ كەمیكردووە، واتا (47%) كەمیكردووە. • لە بازنەی (3)ی هەڵەبجە كە بەرپرسیارێتییەكەی بە لقی (12)ی پارتی سپێردراوە، پارتی یەك كاندیدی هەبوو كە (ئەشواق جاف) بوو، سەرنەكەوت بۆ پەرلەمانی عێراق، كاندیدەكەی پارتی لەم بازنەیە (8 هەزارو 275) دەنگی بەدەستهێنا، ئەمە لەكاتێكدایە ژمارەی دەنگەكانی پارتی لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا لەم بازنەیە (13 هەزارو 815) دەنگ بووە، واتا پارتی (5 هەزارو 540) دەنگ لەم بازنەیە كەمیكردووە، واتا (40%) كەمیكردووە. پاشەكشێی دەنگەكانی پارتی لە بازنەی (3)ی هەڵەبجە لەكاتێكدایە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەم بازنەیە ژمارەیەكی زۆر لە لایەنگرانی بزوتنەوەی ئیسلامیو حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لەچوارچێوەی رێككەوتنی زارەكیدا، دەنگیان بە كاندیدەكەی پارتی داوە. • لە بازنەی (4)ی راپەڕین، كە بەرپرسیارێتییەكەی بە لقی (11)ی پارتی سپێردراوە، پارتی یەك كاندیدی هەبوو بەناوی (ناسكە عەبدوڵا)، كە سەرنەكەوت بۆ پەرلەمان، كاندیدەكەی پارتی لەم بازنەیە (11 هەزارو 742) دەنگی بەدەستهێنا، ئەمە لەكاتێكدایە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا ژمارەی دەنگەكانی پارتی لەم بازنەیە (16 هەزارو 676) دەنگ بووە، واتا دەنگەكانی پارتی لەم بازنەیە (4 هەزارو 934) دەنگ كەمیكردووە، واتا (27%) كەمیكردووە، ئەمە لەكاتێكدایە هاوشێوەی بازنەكەی هەڵەبجە، لەم بازنەیەش لایەنگرانی بزوتنەوەی ئیسلامیو حزبی سۆسیالیست لەچوارچێوەی رێككەوتندا لەگەڵ پارتی، دەنگیان بۆ كاندیدەكەی پارتی داوە. سنوری سەركردایەتی كەركوك- گەرمیان لە بازنەی (5)ی گەرمیان كە بەرپرسیارێتییەكەی بە هەردوو لقی (چەمچەماڵ)و (گەرمیان)ی پارتی سپێردراوە، پارتی یەك كاندیدی هەبوو بەناوی (شوان محەمەد) كە سەركەوت بۆ پەرلەمانی عێراق، كاندیدە سەركەوتووەكەی پارتی لەم بازنەیە (6 هەزارو 335) دەنگی بەدەستهێناوە، ئەمە لەكاتێكدایە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا پارتی لەم بازنەیە (9 هەزارو 701) دەنگی هەبووە، واتا لەم هەڵبژاردندا پارتی لەم زۆنە (3 هەزارو 366) دەنگ كەمیكردووە، واتا (35%)ی دەنگەكانی كەمیكردووە. تەنانەت پارتیەكانیش بایكۆتیان كرد! ئەنجامی دەنگەكانی پارتی لە سنوری زۆنی سەوز نیشانی دەدات، لەم زۆنە كە زۆرترین رێژەی بایكۆت هەبووە، تەنانەت پارتییەكانیش بایكۆتیان كردووە. كۆی گشتی دەنگی پارتی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا كە 10ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، لە سنوری زۆنی سەوز (39 هەزارو 659) دەنگ بوو، ئەمە لەكاتێكدایە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە 2018 بەڕێوەچوو، ژمارەی دەنگەكانی پارتی لە زۆنی سەوز (68 هەزارو 258) دەنگ بوو. پاشەكشێی دەنگی پارتی لە زۆنی سەوز لەكاتێكدایە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا سێ تەمەنی نوێ مافی دەنگدانیان هەبوو، واتە ژمارەی دەنگدەران زیادی كرد. ژمارەكان ئاماژە بەوە دەكەن لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەنگەكانی پارتی لە سنوری زۆنی سەوز (28 هەزارو 599) دەنگ بەرێژەی (42%) كەمیكردووە. ئەم ئەنجامانە پێچەوانەی خەونی سەركردەكانی پارتییە بۆ كۆنترۆڵكردنی سلێمانی، بەتایبەتیش لەكاتێكدا بزوتنەوەی گۆڕان پاشەكشێی گەورەی كردووەو یەكێتی دەستەویەخەیە لەگەڵ قەیرانێكی ناوخۆیی گەورەدا. پارتیو پاشەكشێی بەردەوام لە زۆنی سەوز ! سەرباری ئەوەی ئەم چەند ساڵەی دوایی بانگەشەی بەهێزبوونی پێگەی جەماوەریی پارتی دەكرێت لە سنوری زۆنی سەوزو ماوە لەدوای ماوە روخسارە دیارەكانی ئەم سنورە پەیوەندی بە ریزەكانی پارتییەوە دەكەنو پارتی هەوڵی ئەوە دەدات جێ پێی خۆی لەم سنورە قایم بكات، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنە یەك لەدوای یەكەكان نیشانی دەدات پارتی لەم زۆنە تەنیا خەرجییەكانی زیادی كردووە نەك پێگە جەماوەرییەكەی. لیستی دەنگەكانی پارتی لە زۆنی سەوز لە 1992ەوە بۆ 2021 • دەنگەكانی پارتی لە هەڵبژاردنی 1992ی پەرلەمانی كوردستان: (92 هەزارو 449) دەنگ • دەنگەكانی پارتی لە هەڵبژاردنی 2005 لە پارێزگای سلێمانی: (91 هەزارو 578) دەنگ • دەنگەكانی پارتی لە هەڵبژاردنی 2010 لە پارێزگای سلێمانی (82 هەزارو 121) دەنگ • دەنگەكانی پارتی لە هەڵبژاردنی 2014 لە سلێمانی: (86 هەزارو 655) دەنگ • دەنگەكانی پارتی لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستان: (68 هەزارو 258) دەنگ • دەنگەكانی پارتی لە هەڵبژاردنی 2021 لە پارێزگای سلێمانی: (39 هەزارو 659) دەنگ
(درەو): هاوشێوەی بزوتنەوەی گۆڕان، پاشەكشێی پێگەی كۆمەڵی دادگەریی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، ناڕەزایەتی لەناو رێكخستنەكانی كۆمەڵ دروستكردووەو داوای سازدانو ئەنجامدانی كۆنفرانس دەكرێت. ئەنجومەنی باڵای سیاسی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان ئێستا لە شاری هەولێر لە كۆبونەوەدایە، فشارێكی زۆر لەسەر سەركردەكانی كۆمەڵ هەیە لەلایەن كادیرەكانیەوە، داوای سازدانی كۆنفرانسو سزادانی ئەو بەرپرسانەی حزب دەكەن كە هۆكار بوون بۆ پاشەكشێی دەنگی كۆمەڵ لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق. كۆمەڵی دادگەریی لە هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەردا دەنگو كورسییەكانی پاشەكێی كرد، ژمارەی كورسییەكانی لە پەرلەمانی عێراق لە دوو كورسییەوە بۆ كورسییەك دابەزی. محەمەد حەكیم وتەبێژی كۆمەڵی دادگەریی كە هاوكات ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی كۆمەڵە، دوای ئەو پاشەكشێی حزبەكەی لە هەڵبژاردن، داوای لێبوردنی لە دەنگدەرانی كۆمەڵ كرد، بەڵام ئەمە دڵی كادیرەكانی كۆمەڵی ئاو نەداوەو داوای سزادان دەكەن. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەناو كۆمەڵی دادگەریدا، ئاماژە بە چەند خاڵێك دەكرێت وەكو هۆكاری پاشەكشێی پێگەی كۆمەڵ لەم هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەردا لەوانە: • كۆمەڵ رێگایەكی هەڵەی هەڵبژاردووە كە بۆ هەڵبژاردن لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی رێككەوتنی نەكردووەو بە غرورەوە مامەڵەی لەگەڵ یەكگرتوو كردووە، بەوهۆیەوە كورسییەكی گرەنتیكراوی بازنەی (3)ی هەڵەبجەی لەدەستداوە. • ئەحمەد حاجی رەشید ئەگەر لە بازنەكانی ناو شاری سلێمانی خۆی كاندید بكردایە، چانسی گەورەی هەبووە جارێكی تر بۆ پەرلەمانی عێراق سەربكەوێتەوە، بەڵام سەرچڵی كردووەو لە هەڵەبجە كەوتوەتە ركابەرێتی لەگەڵ موسەنا ئەمینو بەمەش كورسییەكەی لەدەستداوەو زیانی بە كۆمەڵ گەیاندووە. • ژوری هەڵبژاردنی كۆمەڵ سەركەوتوو نەبووە لە تێگەیشتن لە سیستمی نوێی هەڵبژاردنو لەئاستی بەرپرسیارێتییەكەدا نەبووە. • لێكتێگەیشتنی كۆمەڵ لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی لەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن بە زیان بۆ كۆمەڵ شكاوەتەوە، بەهۆی ئەم رێككەوتنەوە كۆمەڵ لە ژمارەیەكی زۆر بازنەی هەڵبژاردن كاندیدی دانەناوەو لەبەرامبەر ئەمەدا هیچی دەست نەكەوتووە، بۆ نمونە لە بازنەی (5)ی گەرمیان كۆمەڵ خاوەنی زیاتر لە (9) هەزار دەنگ بووە، بەڵام كاندیدی نەبووە، ئەمە لەكاتێكدایە لە گەرمیان كاندیدی لایەنەكانی تر لە گەرمیان بە (5 هەزار) دەنگ سەركەوتوون بۆ پەرلەمانی عێراق. • قسەكانی عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی دژی بزوتنەوەی گۆڕان لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، بەزیان لەسەر دەنگەكانی كۆمەڵ شكاوەتەوە. • هەندێك لە كاندیدەكانی كۆمەڵ گلەییان لەسەر ئەو بازنانە هەیە كە تێیدا كاندیدكراون، مرواری محەمەد كە خەڵكی سنوری راپەڕینە، لە بازنەی (2)ی باشوری سلێمانی دانراوە. • هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی كۆمەڵ لە ئاستی پێویستدا نەبووە. كۆمەڵی دادگەریی كە لە بنەڕەتەوە ناوی كۆمەڵی ئیسلامی بوو، 31ی ئایاری 2001 داوای جیابونەوە لە بزوتنەوەی ئیسلامی دامەزراوە، لەدوای دامەزراندنیەوە تا ئێستا یەك سەرۆكی هەیە كە (عەلی باپیر)ە. شوباتی ئەمساڵ كۆمەڵ كۆنگرەی (چوارەم)ی خۆی بەست، لەم كۆنگرەیەدا ناوی خۆی لە كۆمەڵی ئیسلامییەوە گۆڕی بۆ "كۆمەڵی دادگەریی كوردستان" واتە پاشگری ئیسلامی لەخۆی كردەوە، سەرباری ئەمە هەر لەم كۆنگرەیەدا ناوی كەسی یەكەمی حزب لە "ئەمیر"ەوە گۆڕدرا بۆ "سەرۆك". هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق یەكەمین تاقیكردنەوە بوو لەبەردەم دەرەنجامەكانی كۆنگرەی چوارەمی كۆمەڵدا، بەڵام بەزیان شكایەوەو كۆمەڵ بەپێچەوانەی هەڵبژاردنەكانی پێشووەوە كە بەردەوام دەنگەكانی گەشەی دەكرد، تا ئەو رادەیەی كە پێش یەكگرتووی ئیسلامی كەوت، لەم هەڵبژاردنەدا پاشەكشێیەكی گەورەی كرد.
درەو: بە پێی بریاری دادگای فیدراڵی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی كە ئەركی پێكهێنانی حكومەتی پێدەستپێردریت، دەبێت لەیەكەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێدا وەك گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی لە رووی ژمارەی كورسیەكانیەوە خۆی رابگەیەنێت. هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كۆتایی هات, ئەنجامە بەراییەكانی راگەیەندرا و ئێستا ئیتر لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق ململانێی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی ناو پەرلەمان كە هەنگاوی یەكەمی پێكهێنانی حكومەتە دەستپێدەكات, چونكە بە گوێرەی دەستوری هەمیشەیی عێراق سەرۆك كۆمار كاندیدی گەورەترین كوتلە رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. قۆناغەكانی پێكهێنانی حكومەت بە گوێرەی دەستوری عێراق دوای پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ئەنجومەنی نوێی نوێنەران بە داوای سەرۆك كۆمار كۆدەبێتەوەو لە یەكەمین دانیشتنیدا سەرۆكێكو دوو جێگر هەڵدەبژێرێت. دوای ئەو هەنگاوە ئەنجومەنی نوێنەران بەگوێرەی مادەی 70ی دەستور سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێرێتو ئەوەش لەماوەی 15 رۆژدا كاندیدی گەورەترین كوتلەی ئەنجومەنی نوێنەران رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق. گەورەترین كوتلە كامەیە؟ لە خولەكانی پێشووتری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا راگەیاندن و پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمان مشتومڕ و ململانێی زۆری لێكەوتوەتەوە. لە ساڵی 2010 لیستەكەی ئەیاد عەلاوی بووە یەكەمی هەڵبژاردن و لە هەموو لیستەكانی تر كورسی زیاتری هێنا, بەڵام نوری مالیكی بە پێكهێنانی حكومەت راسپێدرا. بۆ یەكلایكردنەوەی پرسی پێكهێنانی گەورەترین كوتلە پەنا بۆ دادگای باڵای فیدراڵی براو دادگاش بەكۆی دەنگ ئەو پرسەی بەمشێوەیە یەكلاكردەوەو دەڵێت گەورەترین كوتلە ئەو كوتلەیەیە كە پێش هەڵبژاردن پێكهێنراوەو زۆرترین كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە یان ئەو كوتلەیە كە چەند لیستێك بەجیا بەشداری هەڵبژاردنیان كردووەو دواتر لە ئەنجومەنی نوێنەران دەبنە یەك كوتلەو یەك قەوارەو سەرۆك كۆماریش بەگوێرەی مادەی 76ی دەستور كاندیدی ئەو كوتلەیە رادەسپێرێت كە لە یەكەم دانیشتنی پەرلەماندا زۆرترین كورسی پەرلەمانی هەیە. شیعەكان و پێكهێنانی گەورەترین كوتلە لەدوای ساڵی 2003ەوە وەك نەریتێك پۆستی سەرۆك كۆمار دەدرێت بە كوردو پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەدرێت بە پێكهاتەی سوننەو پۆستی سەرۆك وەزیرانیش دەدرێت بە شیعەكان. لە خولەكانی سەرەتای ئەنجومەنی نویًَنەرانی عێراق شیعەكان بەیەك هاوپەیمانێتی بەشداری هەڵبژاردن دەبوون و زۆرترین كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بەدەستدەهێناو پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمان ئاسان بوو, بەڵام لە خولەكانی دواتردا ركابەری لەسەر بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیران وایكرد شیعەكان بە چەند لیستێكی جیا بەشداری هەڵبژاردن بكەن, ئەوەش پێكهێنانی گەورەترین كوتلەو پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ئاڵۆزكرد كە چەندین جار عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان قسەی یەكلاكەرەوەی هەبووەو كاندیدی سەرۆك وەزیرانی یەكلاكردوەتەوە. ساڵی 2014 دوو كوتلەی جیاوازی شیعە بە رابەرایەتی حەیدەر عەبادی لەلایەك و هادی عامریی لەلایەكی تر كەوتنە ململانێیەكی توند بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران و هەردوولاش ئیدیعای ئەوەی دەكرد كە گەورەترین كوتلەی ئەنجومەنی نوێنەرانی پێكهێناوەو دواتر هەردوولا رێككەوتن لەسەر كاندیدێكی سەربەخۆ بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت كە ئەویش عادل عەبدلمەهدی بوو, ئەویش دواتر بە فشاری خۆپیشاندەران دەستی لەكاركێشایەوەو حكومەتێكی نوێ بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی پێكهێنراو بڕیاردرا هەڵبژاردنی پێشوەخت بكرێت و ئێستا هەڵبژاردنەكە كراوەو لە داهاتوویەكی نزیكدا پێكهێنانی حكومەت دەستپێدەكات. سەدر یان مالیكی؟ ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران عێراق راگەیەندرا, كوتلەی سەدری پلەی یەكەمی هێناوەو زیاتر لە 75 كورسی بەدەستهێناوەو دوای ئەویش لیستەكانی دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی و تەقەدومی محەمەد حەلبوسی دێت كە یەكی 37 كورسییان بەدەستهێناوەو دوای ئەوانیش پارتی دیموكراتی كوردستان دێت كە 32 كورسی بەدەستهێناوە. سەدر هەر لەسەرتای بانگەشەوە جەختدەكاتەوە كە ئەم خولەی سەرۆك وەزیرانێكی سەدری عێراق بەڕێوەدەبات و لە پێش هەڵبژاردن دانوستانی لەگەڵ لایەنەكاندا كردوەو ئێستاش دەیەوێت بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەو بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیران لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانی تەقەدوم و چەند لیستێكی بچوك بگاتە رێككەوتن. لەبەرامبەر سەدردا نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساش لەمیانی بانگەشەی هەڵبژاردندا نەیشاردوەتەوە كە هەوڵدەدات پۆستی سەرۆك وەزیران بەدەستبهێنێت و بۆئەوەش چاوی لە كوتلەكانی سوننەو فراكسیۆنە كوردستانییەكانە. بەوتەی سەرچاوەیەك لە دەوڵەتی یاسا ئێستا ئەو هاوپەیمانێتییە سەرقاڵی ئامادەكردنی وەرەقەیەكی دانوستانە بۆئەوەی لەگەڵ سوننەو كورد بگاتە رێككەوتن و گەورەترین كوتلە پێكبهێنێت. لە رۆژانی داهاتووا ململانێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆمار لەناو كوردو پۆستی سەرۆك وەزیران لەناو شیعەكان و پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لەناو سوننەكاندا زیاتر توند دەبێتەوەو لەكۆتاییدا رەنگە هەژمونی وڵاتانی جیهانیو ئیقلیمی یارمەتیدەر بێت بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پۆستانەو نەهێشتنی ململانێكان.
درەو: لە دوای شكستەكەیان لە هەڵبژاردنەكەی 10/10، بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆ لەسەر دوو كشانەوە لە حكومەت و حكومەتی خۆجێی و، دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی خانەو رێكخەری گشتی دەكرێت و سپاردنی گۆڕان بە دەستەیەكی كاربەڕێكەر. لەدوای شكستەكەیان لە هەڵبژاردنەكانە پەرلەمانیەكەی 10/10/2021ی عێراق كە بزوتنەوەی گۆڕان نەیتوانی هیچ كورسیەك بەدەستبهێنێت، لە ئێستادا سەركردایەتی ئەو حزبە لەژێر فشارێكی توندی لایەنگرانیایەتی بۆ گۆڕانكاری بنەڕەتی. ئەمڕۆ جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بەسەرپەرشتی عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوەوە، لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر هۆكاری شكستەكەیان كرد لە هەڵبژاردنەكاندا. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) باس لە هۆكارە سەرەكیەكانی شكستەكیەان كرد لە هەڵبژاردنداو چەندین هۆكار خرایە روو، گفتوگۆكراوە لەسەر دەستلەكاركێشانەوەی رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن و كشانەوەی گۆڕان لە حكومەت و حكومەتە خۆجێییەكان، بە پێی زانیارییەكانی (درەو) دوو خاڵ خراوەتە بەردەم خانەی راپەڕاندن: یەكەم: دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتی كەلە 14/9ەوە وادەكەیان بەسەرچووە، ئەركەكان بسپێردرێت بە دەستەیەكی كاربەڕێكەر. جەماوەری گۆڕان پێیان وایە بەشی گەورە شكستەكانی حزبەكەیان سەركردایەتی حزبەكە بووە كە نەیتوانیوە بزوتنەوە جەماوەریەكە بە دروستی ئاراستە بكات. دووەم: كشانەوەی گۆڕان لە حكومەتی هەرێم و حكومەتی خۆجێیی كە جەماوەری گۆڕان پێی وایە پشكی شێری شكستەكەیان بەشداریكردنی گۆڕان بوو لە حكومەت و وەرگرتنی پۆستە بێ شومارەكانی گۆڕان لە حكومەت و حكومەتە خۆجێیەكانە كە نەك دەنگی بۆ گڕان زیاد نەكردووە بەڵكو گۆڕانی توشی شكستكردووە. بەڵام تا گۆڕان دڵنیا نیە لەوەی تەواوی خاوەن پۆستەكانی پەیوەست دەبن بە بڕیارەكەوە یان نا كە ئێستا گۆڕان پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم و وەزیری دارایی و بازرگانی و كۆمەڵایەتی و ئاوەدانكردنەوەی لەلایە، لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و دەیان پۆستی بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و راوێژكار و پۆستی باڵا. لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆكراو راسپاردەكان ئاراستەی جڤاتی نیشتمانی دەكرێت كە بڕیارە سبەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان كۆببێتەوە بڕیار بدات. بزوتنەوەی گۆڕان لە 2014 دا زیاتر لە (472 هەزار) دەنگی بەدەستهێناو (9) كورسی مسۆگەر كرد. لە هەڵبژاردنی 2018دا بزوتنەوەی گۆڕان (199 هەزار) دەنگ و (5) كورسی بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنی 10/10/2021 بزوتنەوەی گۆڕان (18 هەزار) دەنگ و هیچ كورسیەكی بەدەستنەهێنا.
درەو: پارتی (22%) و نەوەی نوێ (125%) و یەكگرتوو (100%)ی كورسیەكانیان زیادی كردووە، یەكێتی (6%) و گۆڕان (100%)و كۆمەڵ (50%) كورسیەكانیان كەمی كردووە. بەراوردی كورسی لایەنەكان لە نێوان هەڵبژاردنی 2018 – 2021 : پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستان (25) كورسی گشتی بەدەستهێنا، لە هەڵبژاردنی 2021 ژمارەی كورسیەكانی گەیشتوەتە (32) كورسی واتا (7) كورسی زیادیكردووە بەرێژەی ( 22%)ی كورسیەكانی زیادی كردووە. لە سلێمانی كورسیەك زیادی كردووە 1 كورسی بووە بە 2 كورسی لە هەولێر سێ كورسی زیادیكردووە 8 كورسی بووە بووە بە 11 لە كەركوك كورسی نەبوو 2 كورسی زیادی كردووە لە دهۆك دوو كورسی كەمیكردووە 10 كورسی هەبووە بووە بە 8 یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی عێراق، یەكێتی نیشتمانی كوردستان (18) كورسی گشتی بەدەستهێنا، لە هەڵبژاردنی 2021 ژمارەی كورسیەكانی بووە بە (17) كورسی واتا (1) كورسی كەمیكردووە بەرێژەی ( 6%)ی كورسیەكانی كەمی كردووە. لە سلێمانی وەك خۆیەتی 8 كورسی هەبووە هەر 8 كورسیە لە هەولێر كورسیەك كەمیكردووە 2 كورسی هەبوو كردی بە 1 كورسی لە كەركوك سێ كورسی كەمیكردووە 6 كورسی هەبووە كردی بە 3 كورسی لە دهۆك كورسیەك زیادیكردووە كورسی نەبوو یەك كورسی بەدەستهێنا جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی عێراق، جوڵانەوەی نەوەی نوێ (4) كورسی گشتی بەدەستهێنابوو، لە هەڵبژاردنی 2021 ژمارەی كورسیەكانی گەیشتوەتە (9) كورسی واتا (5) كورسی زیادیكردووە واتا زیاتر لە دوو ئەوەندە بەرێژەی ( 125%)ی كورسیەكانی زیادی كردووە. لە سلێمانی سێ كورسی زیادی كردووە 2 كورسی هەبوو كردی بە 5 كورسی لە هەولێر كورسیەك زیادی كردووە 2 كورسی هەبوو كردی بە 3 كورسی لە كەركوك كورسی نەبوو كورسیەكی بەدەستهێنا یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی عێراق، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (2) كورسی گشتی بەدەستهێنابوو، لە هەڵبژاردنی 2021 ژمارەی كورسیەكانی گەیشتوەتە (4) كورسی واتا (2) كورسی زیادیكردووە واتا دوو ئەوەندە بەرێژەی ( 100%)ی كورسیەكانی زیادی كردووە. لە سلێمانی كورسیەك زیادی كردووە 1 كورسی هەبوو كردی بە 2 لە دهۆك كورسیەك زیادیكردووە 1 كورسی هەبوو كردی بە 2 بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی عێراق، بزوتنەوەی گۆڕان (5) كورسی گشتی بەدەستهێنا، لە هەڵبژاردنی 2021 ژمارەی كورسیەكانی بووە بە (0) هیچ كورسیەكی بەدەست نەهێنا بەرێژەی ( 100%)ی كورسیەكانی كەمی كردووە. كۆمەڵی دادگەری كوردستان لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی عێراق، بزوتنەوەی گۆڕان (2) كورسی گشتی بەدەستهێنا، لە هەڵبژاردنی 2021 ژمارەی كورسیەكانی بووە بە (1) كورسی بەدەست هێنا بەرێژەی ( 50%)ی كورسیەكانی كەمی كردووە. لە سلێمانی 1 كورسی هەبوو یەك كورسی بەدەستهێنایەوە لە هەولێر كورسیەكی هەبوو لە دەستیدا
(درەو): پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا گورزێكی گەورە لە پارێزگای دهۆك بەر پێگە جەماوەرییەكەی كەوت، رەنگە بەپلەی یەكەم هۆكاری ئەم پاشەكشێیە بۆ سزادانی گیراوانی بادینان بگەڕێتەوە. بەپێی ئەنجامی بەرایی پەسەندكراوی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا پارێزگای دهۆك، پارتی بەتێكڕا (197 هەزارو 6) دەنگو (8) كورسی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێناوە. ئەمە لەكاتێكدایە لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی عێراقدا، ژمارەی دەنگەكانی پارتی لەم پارێزگایە (354 هەزارو 102) دەنگ بووەو (10) كورسی پەرلەمانی عێراقی لە دهۆك بردوەتەوە. بەگوێرەی ئەم بەراوردكارییە، لەدواین هەڵبژاردندا كە 10ی ئۆكتۆبەر بەڕێوەچوو، رێژەی دەنگەكانی پارتی لە سنوری پارێزگای دهۆك (157 هەزارو 96) دەنگ كەمیكردووە، واتا بەرێژەی (44%) دەنگەكانی دابەزیوەو (2) كورسی پەرلەمانی عێراقی لە دهۆك لەدەستداوە كە دەكاتە (20%)ی كورسیەكانی لەو پارێزگایە. لەم هەڵبژاردنەدا، یەكێتی كورسییەكو یەكگرتووی ئیسلامی كورسییەكی دهۆكیان لە پارتی سەند، بەمەش یەكگرتوو ژمارەی كورسییەكانی لە دهۆك بۆ دوو كورسی بەرزبووەوەو یەكێتیش بوو بە خاوەنی كورسییەكی دهۆك. پاشەكشێی دەنگەكانی پارتی لە دهۆك، رەنگە بەپلەی یەكەم پەیوەندی بەو رووداوانە بوو كە ساڵی رابردوو لە سنوری دهۆك رویانداو بەهۆیانەوە پارتی ژمارەیەك چالاكوانو رۆژنامەنوسی دەستگیركردو لەرێگەی دادگاوە حوكمی زیندانیكردنی بەسەردا سەپاندن، ئەم رووداوانە كاردانەوەی توندی ناوخۆییو دەرەكی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام سەركردەكانی پارتی سوربوون لەسەر سزادانی دەستگیركراوەكان.
تەنیا دەنگی یەكگرتوو زیادی كردووە پارتی 300 هەزارو یەكێتی 214 هەزار و نەوەی نوێ 17 هەزارو دەنگ كەمیانكردووە درەو: جگە لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان تەواوی حزبەكانی تری هەرێمی كوردستان بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو ئاستی دەنگەكانیان زۆر كەمیكردووە: پارتی دیموكراتی كوردستان (304 هەزار) دەنگ كەمیكردووە یەكێتی نیشتمانی كوردستان (214 هەزار) دەنگ كەمیكردووە بزوتنەوەی گۆڕان (177 هەزار) دەنگ كەمی كردووە نەوەی نوێ (17 هەزار) دەنگ كەمیكردووە كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان (41 هەزار) دەنگ كەمیكردووە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (7 هەزار) دەنگ زیادیكردووە .
(درەو): هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق ژمارەیەكی پێوانەیی نوێی لە ئاستی بایكۆتی پرۆسەی هەڵبژاردن تۆماركرد، لە هەرێمی كوردستان هەردوو پارێزگای هەولێرو سلێمانی بەرزترین ئاستی بایكۆتیان تۆماركرد. بایكۆت لە هەولێر • ژمارەی ئەوانەی لە هەولێر مافی دەنگدانیان هەبوو: ملیۆنێكو 238 هەزارو 379 دەنگدەر بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن، رێژەی بەشداری لە هەولێر 44% بووە، واتە لە كۆی (ملیۆنێكو 238 هەزارو 379) كەس كە مافی دەنگدانیان هەبووە، (544 هەزارو 886) كەس چونەتە سەر سندوقەكانی دەنگدان، لەبەرامبەدا (693 هەزارو 492) دەنگدەر بایكۆتی پرۆسەی هەڵبژاردنیان كردووە، واتە 56%ی كۆی دەنگدەران بایكۆتی پرۆسەی هەڵبژاردنیان كردووە. بایكۆت لە سلێمانی • ژمارەی ئەوانەی لە پارێزگا سلێمانی مافی دەنگدانیان هەبوو: ملیۆنێكو 425 هەزارو 705 دەنگدەر بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن، رێژەی بەشداری لە سلێمانی 37% بووە، واتە لە كۆی (ملیۆنێكو 425 هەزارو 705) كەس كە مافی دەنگدانیان هەبووە، (527 هەزاو 510) كەس چونەتە سەر سندوقەكانی دەنگدان، لەبەرامبەردا (898 هەزارو 194) دەنگدەر بایكۆتی پرۆسەی هەڵبژاردنیان كردووە، واتە 63%ی كۆی دەنگدەران بایكۆتی پرۆسەی هەڵبژاردنیان كردووە. بایكۆت لە دهۆك • ژمارەی ئەوانەی لە پارێزگای دهۆك مافی دەنگدانیان هەبوو: 822 هەزارو 703 دەنگدەر بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن، رێژەی بەشداری لە دهۆك 54% بووە، واتە لە كۆی (822 هەزارو 703) كەس كە مافی دەنگدانیان هەبووە، (444 هەزارو 259) كەس چونەتە سەر سندوقەكانی دەنگدان، لەبەرامبەردا (378 هەزارو 443) دەنگدەر بایكۆتی پرۆسەی هەڵبژاردنیان كردووە، واتە 46%ی كۆی دەنگدەران بایكۆتی پرۆسەی هەڵبژاردنیان.
(درەو): بزوتنەوەی گۆڕان دوچاری شكستێكی مێژوویی بووەوە، هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ یەكێتی نەیتوانی گرەنتی سەرخستنی هیچ یەكێك لە كاندیدەكانی بۆ پەرلەمانی عێراق بكات، لەناو یەكێتی قسەوباس هەیە لەبارەی چۆنیەتی قەرەبوكردنەوەی شكستەكەی بزوتنەوەی گۆڕان، ئایا گۆڕان بە قەرەبوو قایل دەبێت یان جارێكی تر تێهەڵدەچێتەوە ؟ ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بۆ بزوتنەوەی گۆڕان شۆكێكی مێژوویی بوو. ئەم بزوتنەوەیە كە لەدوای كۆچی دوایی دامەزرێنەرەكەیەوە (نەوشیروان مستەفا) وردە وردە دەنگەكانی پاشەكشێی كرد، لەم هەڵبژاردنەدا بەتەواوەتی پێگەی جەماوەریی خۆی لەدەستدا. لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی گۆڕان ژمارەی كورسییەكانی لە پەرلەمانی عێراقەوە (9) كورسییەوە بۆ (5) كورسی دابەزی، لەم هەڵبژاردنەدا ئەو (5) كورسییەشی لەدەستدا. بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكدا لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی بەناوی "هاوپەیمانی كوردستان" بەشداری كرد، ئەم هاوپەیمانێتییە نەیتوانی هیچ كورسییەكی پەرلەمانی داهاتووی عێراق بۆ گۆڕان مسۆگەر بكات. ئەنجامە خراپەكانی دەنگدانی ئەمڕۆ، ناڕەزایەتی لەناو لایەنگرانی گۆڕان دروستكردووە، یەكێتی دركی بە توڕەیی گەورەی گۆڕان كردووەو بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لەناو یەكێتیدا قسەوباس هەیە لەبارەی ئەوەی یەكێتی قەرەبووی ئەو زیانە گەورەیە بۆ گۆڕان بكاتەوەو لە پشكی خۆی چەند كورسییەكی پەرلەمانی نوێی عێراق بۆ بزوتنەوەی گۆڕان چۆڵ بكات. یەكێتی چاوی لەوەیە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان یەكبگرێتەوە، هەرجۆرە مامەڵەیەك لەبارەی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراقەوە پابەند دەبێت بە ئاستی هاتنەپێشەوە گۆڕان بۆ گەڕانەوە بۆناو یەكێتی. چیرۆكی گۆڕانو یەكێتی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر دەستی كۆچكردووە نەوشیروان مستەفا لە ساڵی 2009دا دروستكرا، نەوشیروان مستەفا كاتێك لە یەكێتی جیابووەوە، جێگری سكرتێری گشتی ئەوكات (جەلال تاڵەبانی) بوو، دوای جیابونەوە لە یەكێتی، نەوشیروان مستەفا چوار هەڵبژاردنی لەسەر یەكی (دوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەڵبژاردنێكی پەرلەمانی عێراق، هەڵبژاردنێكی ئەنجومەنی پارێزگاكان)ی لە جەلال تاڵەبانی بردەوە، بەڵام لە ساڵی 2014وە كە بزوتنەوەی گۆڕان كۆتایی بە ئەركی ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆی هێناو چووە ناو كابینەی حكومەتەوە، وردە وردە پێگەی جەماوەری لاواز بوو. بزوتنەوەی گۆڕان لەسەردەمێكدا كە نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا بوو، دوو رێككەوتنی لەگەڵ یەكێتی ئیمزا كرد، رێككەوتنی یەكەم بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی بوو كە رۆژی 12ی تشرینی دووەمی 2014 ئیمزا كرا، ئەم رێككەوتنە وادە یاساییەكەی بەسەرچووە، بەڵام هێشتا بزوتنەوەی گۆڕان گلەیی هەیەو دەڵێ یەكێتی پابەند نەبووە بە كرۆكی رێككەوتنەكەو هەموو پۆستەكانی سنوری سلێمانی بەپێی رێككەوتنەكە رادەستی گۆڕان نەكردووە، هەر لەسەردەمی نەوشیروان مستەفادا گۆڕانو یەكێتی رێككەوتنێكی تریان ئیمزا كرد، ئەمە رێككەوتنێكی سیاسی بوو كە ناوی لێنرا "رێككەوتنی دەباشان"، ئەم رێككەوتنە لە 17ی ئایاری 2016 ئیمزا كرا، بڕیاربوو هەردوو حزب قۆناغ بەقۆناغ تائاستی یەكگرتنەوە هەنگاو بنێن، بەڵام هەر لە بنەڕەتەوە رێككەوتنەكە بەمردوویی لەدایكبوو، پارتی دانی پێدا نەناو لەناو یەكێتیو گۆڕانیش هەندێك نەیاری هەبوو. دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، بزوتنەوەی گۆڕان بە رێبەرایەتی عومەر سەید عەلی بەمدواییە رێككەوتنێكی سیاسی تری لەگەڵ یەكێتی ئیمزا كرد، ئەمە رێككەوتنی بەشداریكردن بوو لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لەچوارچێوەی یەك هاوپەیمانێتیدا كە "هاوپەیمانی كوردستان"ە، ئەم رێككەوتنەش ئێستا بەهۆی ئەنجامە خراپەكانی گۆڕانەوە لە هەڵبژاردندا، دوچاری كێشە بوەتەوە. سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان كە پێشتر رەخنەیان لە یەكێتی دەگرت بەوەی پابەند نەبووە بە دوو رێككەوتنەوە كە لەسەردەمی نەوشیروان مستەفادا ئیمزا كراوە، كەچی بەم دۆخەوە رێككەوتنی سێیەمیان لەگەڵ یەكێتی ئیمزا كرد، دەقی رێككەوتنی پێكهێنانی هاوپەیمانی كوردستان گرەنتی سەرخستنی هیچ كاندیدێكی گۆڕانی نەكردووە، بەڵام وەكو دەوترێت بەرپرسانی یەكێتی بەزارەكی بەڵێنی سەرخستنی (4) كاندیدیان پێدابوون.