Draw Media

ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)   هه‌ركاتێك باوكم باسی جووه‌كانی ده‌كرد، هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵی هه‌ڵده‌مژیی و حیكایه‌تی درواسێیه‌كی جووی بۆ ده‌گێڕاینه‌وه‌. ده‌یگوت پێشئه‌وه‌ی جووله‌كه‌كان عێراق به‌ره‌و ئیسرائیل به‌جێبهێڵن، كه‌لوپه‌لی ماڵه‌كه‌یان بۆ فرۆشتن هه‌ڕاجكردبوو. منیش له‌ ماڵی خۆمانم قه‌ده‌غه‌كرد یه‌ك پارچه‌ شتیان لێبكڕن. ئه‌و دراوسێیه‌مان هه‌رچه‌ندی كردبوو و كۆشابوو، قه‌ناعه‌ت به‌ باوكم بكات هیچ نه‌بێت شتێك وه‌ك دیاریی له‌ ماڵه‌كه‌یان هه‌ڵبگرنه‌وه‌، باوكم هه‌ر ڕه‌تیكردبووه‌. پێشئەوەی هاوڕێ جووه‌كه‌ی ماڵئاوایی لێبكات، سوپاس وپێزانینی بۆ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی باوكم دەربڕیبوو، بە دەنگێکی غەمباریشەوە پێی گوتبوو: مام ئه‌حمه‌د، ئێمه‌ی جوو هیچ نه‌بێت كات و فرسه‌تی ئه‌وه‌مان هه‌بوو،  پێشئه‌وه‌ی عێراق به‌جێبهێڵین، ماڵه‌كه‌مان بفرۆشین، به‌ڵام ئێوه‌ی كورد رۆژێك دێت ده‌ربه‌ده‌رده‌كرێن و کات و شانسی ئه‌وه‌شتان نابێت یه‌ك پارچه‌ی ماڵه‌كه‌تان بفرۆشنه‌وه‌.  له‌پاش نسكۆی شۆڕشی ساڵی 1974وه‌ باوكم له‌ خواداكه‌ی زۆر نائومێد بوو، چونكه‌ وایده‌بینی خودا له‌و جەنگە نابەرابەرەدا پاڵپشتی گه‌لێكی موسوڵمانی زوڵملێكراو نه‌بوو. دوای ئاشبه‌تاڵ و ئاوارەبوون له‌ ئێرانه‌وه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ و بووین به‌ „العائدون“ و خانووه‌كه‌مان له‌ كه‌ركوك داگیركرا و باوكمیان له‌ كرێكاریی كۆمپانیای نه‌وت ده‌ركرد و خێزاكه‌مانیان بۆ شاری سلێمانی تەسفیرکرد. باوكم ساڵانێكی درێژ ده‌ستبه‌رداری نوێژ و ڕۆژو و تەنانەت جه‌ژنیش بوو. دواتكاشی له‌ خوداكه‌ی بەم شێوەیە بوو: خودایە گەر جاڕێكی تر دونیایه‌كی ترت دروستكردەوە، تكاده‌كه‌م میللەتێک با ناوی کورده‌وه‌ دروستنه‌كه‌یت، چونکە پێناچێت تۆ میلله‌تانت له‌سه‌ر بناغه‌ی‌ „لتعارفوا“ دروستكردبێت، به‌ڵكو „لتقاتلوا“. باوكم لە دوای ڕاپه‌ڕینەوە جارێكی تر كه‌وته‌وه‌ نوێژ و ڕۆژوگرتن، ئەمجارەیان تا لەژیاندا بوو دوعا و نزای بۆ سه‌رخستنی گه‌له‌ چه‌وساوه‌كه‌ی له‌ پارچه‌كانی تری کوردستان دەکرد. باوکم کرێکارێکی موسڵمان بوو، بەڵام باوەڕی بە خەباتی چینایەتیش هەبوو. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی شویعییەکان بۆ ئه‌و کەسانی مولحیدبوون، به‌ڵام تێڕوانینی به‌رامبه‌ریان نێگه‌تیڤ نه‌بوو. ئه‌و ده‌یگوت شوعییەکان تاكه‌ هێز بوون كه‌ له‌ خزمەتی چینی کرێکاراندا خەباتیاندەکرد. کاتێک باوکم لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە بەناوبانگەکەی گاورباخیدا بەشدار بووبوو و له‌گه‌ڵ کرێکارە کوردەکانی تر دروشمیان بە کوردیی گوتبوەوە، یەکێک لە ڕێکخەرە شیوعییەکان هاتبوو و فه‌رمانی پێكردبوون كه‌ دروشمدان بە زمانی کوردیی قەدەغەیە و دەبێت تەنها بە زمانی عەرەبیی دروشم بگوترێت. لەو دوای ئه‌و ئه‌زموونه‌وه‌ باوکم بۆ هه‌میشه‌ له‌ شيوعییه‌كان تۆرا و تا هەرەسی شۆڕشی حەفتاوچوار ئەندامێکی چالاکی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو. باوکم ساڵانێکی زۆر ژێرزەمینەکەی ماڵمانی لە گەڕەکی ئازادی لە شاری کەرکوک، کردبوو بە شانەی رێکخستنەکانی پارتی. هەموو مانگێک لە سەدا دەی پارەکەی دەدا بە ئابوونەی حیزب، کاتێک دەستگیرکراو خرایە بەندیخانەوە، له‌ ماڵه‌كه‌ماندا جگه‌ له‌ نانە ڕەقە و ماست، هیچی تر نه‌بوو بیخۆین. ئه‌وكاته‌ی باوکم له‌ به‌ندیخانه‌ بوو، هاوڕێ حیزبییەکانی کە هەموو پێجشەممەیەک لە ژێرزەمینەکەمان کۆدەبوونەووە، ئاوڕیان لێنەداینەوە. له‌و رۆژه‌وه‌ دایكم به‌رده‌وام به‌ باوكمی ده‌گوت: تۆ ده‌تگوت حیزب و بارزانیی باوكی گەلە، به‌ڵام كه‌ تۆ سجن بوویت ئه‌و باوكه‌ نه‌ك هه‌ر نانێكی گه‌رمی بۆ منداڵه‌كان نەکڕی، بەڵکو تەنها جارێکیش نەهات بەسەریان بکاتەوە. له‌ سه‌ره‌تای هه‌شتاكاندا له‌ شاری سلێمانیی، هه‌موو چه‌ند مه‌ترێك دوو قوات خاصه‌ دانرابوون بۆ پشكنینی خه‌ڵك. ڕۆژێك پێكه‌وه‌ له‌ بازاڕكردن بووین، دوو له‌و قوات خاصانه‌ ڕایانگرتین و داوای شوناسنامه‌یان لێكردین، من شوناسنامه‌ی زانكۆم پێبوو و باوكم هیچی پێنه‌بوو. یه‌كێك له‌ قوات خاصه‌‌كان لێیپرسیی بۆچی هیچت پێ نییه‌؟ ئه‌ویش پێی گوت، له‌به‌رئه‌وه‌ی من پیاوێكی ئه‌ختیارم و ماوه‌ی شەست ساڵه‌ له‌م وڵاته‌ی خۆمدا ده‌ژیم و غه‌ریب نیم، ئه‌وه‌ی لێره‌ غه‌ریبه‌ ئێوه‌ن نه‌ك من.  هه‌موو خه‌ونی باوكم بریتیی بوو له‌ دروستبوونی كیانێك بۆ ئه‌م میلله‌ته‌، تاوه‌كو بتوانێت ژیان و كه‌رامه‌تمان بپارێزێت. جارێك له‌ نه‌وه‌ده‌كان گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ وڵات و پێكه‌وه‌ چوینە دەرەوە و ده‌مانویست له‌ شه‌قامێك بپه‌ڕینه‌وه‌. هیچ ئۆتۆمبیلێک نه‌وه‌ستا بۆئه‌وه‌ی بپه‌ڕینه‌وه‌، ناچار چاوه‌ڕوانمان كرد تاوه‌كو شه‌قامه‌كه‌ له‌ ئۆتۆمبیل خاڵیی بێت، بۆئه‌وه‌ی پێکەوە بپه‌ڕینه‌وه‌. ته‌ماشایه‌كی كردم و گوتی: باوكه گیان‌ گه‌ر دوای ڕاپه‌ڕین ئێوه‌ نه‌بوونایه‌، ئێمه‌ له‌ برسانا ده‌مردین و له‌وه‌ش ناخۆشتر بۆ منێكی ئه‌ختیار كه‌ هه‌موو تەمەن و ماڵی خۆم له‌سه‌ر كوردایه‌تیی دانا، به‌ندیخانه‌م بینی، ئه‌شكه‌جه‌ی زۆر، تەعریب و ته‌رحیل و ماڵوێرانیی و ئه‌نفالمان بینی، به‌ڵام له‌وه‌ته‌ی كوردستان رزگاری بووه‌ یه‌ك سه‌یاره‌ نه‌وه‌ستاوە،‌ بۆئه‌وه‌ی من له‌ شه‌قامه‌كاندا به‌ کەرامەت و ڕێزه‌وه‌ بپه‌ڕێمه‌وه‌ و ترسی ئه‌وه‌م نه‌بێت سه‌یاره‌ لێمبدات و بمكوژێت. من هیچ جارێك به‌ منداڵی باوكم نه‌بینیوه‌ بگری، تاكه‌ ساته‌وه‌ختێك کە بەنهێنیی دەگریا، ئه‌و كاتانه‌ بوو كه‌ گوێی له‌ گۆرانی كرمانجی ده‌گرت. ئەو سەردەمە، ئێمه‌ی منداڵ هیچ له‌و گۆرانییانه‌ تێنه‌ده‌گه‌یشتین و ته‌نانه‌ت دیالێکتەکەشمان پێ نامۆ بوو. کاتێک بۆ یەکمینجار باوكمم به‌دەم گوێگرتن لە لاوکێکی کرمانجیی بەگریانەوە بینی، لێمپرسیی: بابه‌گیان بۆ ده‌گریت؟ ئه‌و‌یش له‌ وه‌ڵامدا گوتی: كوڕم حاڵی گەلەکەمان خراپە، دوژمن ماڵی كوردانی وێرانكردووه‌، كه‌ گه‌وره‌بووی تێده‌گه‌یت بۆچی ده‌گریم. ئێستاش بابه‌گیان دینەکەی تۆ نەک پارچەپارچەتر بووە، بەڵکو توندوتیژبووە و ئەمجارەیان بەناوی نوێنەرانی خوداوە جارێکی تر گەلەگەتیان ئەنفالکردەوە، شۆڕش و پارتییەکەت تەنها تۆیان نائومێد نەکرد و تەنها پارەی تۆیان نەخوارد، بەڵکو منداڵەکانی خۆشیان خوارد، نوێنەرانی کوردایەتیی کە تۆ لە ژێرزەمینەکەتەوە تا یەکەم هەڵبژاردن خەباتت بۆ کردن و دەنگت پێدان، سلێمانییان لە شارخست و کردیان بە شوێنێکی نیشتەجێبوون کە نە شۆستەی تێدایە بۆ پیاسەکردن، نە خەتی زێبراش بۆ پەڕینەوە، سلێمانیی هاوشانی هەولێر و دهۆک وەک جارانی لێهاتوەتەوە، جگە لە دەستگیرکردنی هەڕەمەکیی، خاڵی پشکنینی زۆر، چەکداری زۆر و بێڕێزی زۆریان تێدادەکرێت، بابە گیان خەمت نەبێت تا ئێستا شيوعییەکان هەر خۆپیشاندان دەکەن و لەبەر کەمیی ژمارەشیان ئامادەن بە هەموو زمانی دونیا دروشم بدەن، لاوک و حەیرانە غه‌مگینه‌كانیش زۆرتر بوون، وێرانكردنی ماڵی كوردانیش هه‌ر به‌رده‌وامە و درێژەی هەیە‌.


(درەو): دادگای تەمیز ئەو تۆمەتانە لەسەر میران محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی هەڵگرت، كە لەسەر كەیسێكی گەندەڵی تایبەت بە تەندروستی سلێمانی ئاڕاستەی كرابوو.  ئازاد رەشید محەمەد پارێزەری میران محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند، رۆژی یەكشەممە دادگای تەمیز تۆمەتەكانی لەسەر دكتۆر میران هەڵگرتووە.  ئازاد رەشید وتی:" لەو كەیسەدا هیچ شتێك لەسەر دكتۆر میران نەسەلمێندرا، بۆیە دادگا گەیشتە ئەو بڕوایەی بانگهێشتی نەكات، چونكە لەو دۆسیەیەدا هیچ سیفەتێكی نییە‌و كەیسەكە پەیوەندی بەدوو كۆمپانیاوە هەیە‌و ژمێریارەكەیان دراوە بە دادگا".  كۆتایی تەموزی رابردوو لەسەر سكاڵایەك كە تایبەت بوو بە دۆسیەیەكی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی، فەرمانی دەستگیركردن بۆ میران محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەرچوو، میران محەمەد پێشتر بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بوو.  جوڵاندنی ئەم دۆسیەیە دژی میران محەمەد، دوای رووداوەكانی 8ی تەموزی ناوخۆی یەكێتی‌و تەقینەوەی كێشەی نێوان هاوسەرۆكەكان (بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی) بوو، میران محەمەد یەكێك لەو مەكتەب سیاسییانەی یەكێتی بوو كە پشتیوانی لە لاهور شێخ جەنگی دەكرد، بۆیە ئەوكات هەندێك لە كەسە نزیكەكانی لاهور شێخ جەنگی دۆسیەكەیان بە بابەتێكی سیاسی ناودەبرد. بەهۆی ئەم دۆسیە یاساییەوە، رۆژی 4ی ئابی رابردوو، مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەشێوەیەكی كاتیی دكتۆر میران محەمەدی لە پۆستی بەرپرسی رێكخراوە دیموكراتییەكان لابردو فەهمی بورهانی لە شوێنەكەی دانا. 


 شیكاری: درەو   بەپێی داتاکانی کومسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە پارێزگای سلێمانی زیاتر (ملیۆنێک و 361) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەیە و لە پێناو ئەو کۆکردنەوەی زۆرینەی ئەو دەنگانەدا لە (11) پارتی سیاسی (49) کاندیدیان هەیەو و (14) کاندیدی سەربەخۆش لە سەر ئاستی (5) بازنەی هەڵبژاردن لە ڕکابەریدان بۆ بردنەوەی (18) کورسی. لەم ڕاپۆرتەدا وردەکاری بازنەکانی هەڵبژاردن و ناو و ژمارەی سەرجەم کاندید و ژمارەی دەنگی پارتەکان لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو نوێترین ڕاپرسییەکان و چانسی کاندیدی پاتە سیاسییەکان دەخەینە ڕوو. سەرەتا 1.    بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠، پارێزگای سلێمانی (١٨) كورسی بۆ تەرخان کراوەو دابەشکراوە بۆ (٥) بازنەی هەڵبژاردن و کە پێویستە لە هەر بازنەیەک (١) ئافرەت سەربکەوێت (بە دەنگی خۆی یان بە کۆتا). 2.    لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی (63) کاندید ڕکابەری لەسەر بەدەستهێنانی (١٨) کورسی دەکەن، (40) کاندیدیان پیاوو (23)یان ئافرەتن، کە پێکدێن (14) کاندیدی سەربەخۆ و (49) کاندیدی پارتە سیاسییەکان . 3.    بۆ شیکردنەوەی چانسی بەربژێرەکان پشت بە دۆخی ئێستای لیستەكان و دەرەنجامەکانی دوایین هەڵبژاردن و راپرسیەكان  دەبەستین. 4.    ئەم سیستەمی هەڵبژاردنەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تەبەنی کردووە، بەشێوەیەکی تەواو بەستراوە بە توانای کۆکردنەوەی دەنگ لە لایەن بەربژێرەکان خۆیانەوە، پاشان پارتە سیاسییەکان، بۆیە ئەم ڕاپۆرتەی درەو میدیا تەنها خوێندنەوەیەکی ڕۆژنامەوانی و گریمانەییە بۆ توانای پارتە سیاسییەکان، لە بازنەکانی پارێزگای سلێمانی لەسەر بنەمای دەنگەکانی پێشوویان کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٣٠ی٩ی٢٠٢١ بەدەستیان هێناوە، بۆیە مەرجە هێزە سیاسییە سەرەکییەکانی (یەکێتی و گۆڕان و پارتی و یەکگرتوو و کۆمەڵ و نەوەی نوێ) بتوانن پارێزگاری کە دەنگەکانی پێشوویان بکەن. 5.     جگە لە سەنگی پارتە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨،  نوێترین ئامار و ڕاپرسییەکی (پلاتفۆرمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکان) کە لە مانگی ٨ی ٢٠٢١ لەسەر ئاستی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، کەرکوک)ئەنجام دراوە دەخەینەڕوو. 6.    بەربژێرە سەربەخۆکان، كە  بەشێكیان بەهۆی ئەزمونی پەرلەمانتاریەوە ئەگەری هەیە لە هەندێک بازنەی هەڵبژاردندا کاریگەری گەورە لەسەر ڕیزبەندی بەربژێرەکان دروست بکەن و گۆڕانکاری بەسەر ئەنجامەکاندا بهێنن. 7.    ئەگەر چی هاوپەیمانی کوردستان هەیە لە نێوان یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام دەنگدەری لایەنەکان دەنگ بە لایەنی سیاسی نادەن و دەنگ بە بەربژێرەکان دەدەن، بۆیە تا ڕادەیەک سەنگی لایەنەکان ون نابێت و بە ڕونی دەمێنێتەوە. بازنەی (1) بازنەی (1): کە ناسێنراوە بە بازنەی (باکوری قەزای سلێمانی + شارباژێڕ + ماوەت) زیاتر لە (373) هەزار کەس مافی دەنگدانی هەیە، لەم بازنەیەدا (13) کاندید کە لە (4) ئافرەت و (9) پیاو پێکهاتوون و (10) کاندیدیان سەربە (8) پارتی سیاسین و (3) کاندیدیان بەناوی کاندیدی  سەربەخۆوە تۆمار کراون و ڕکابەریدەکەن بۆ بەدەستهێنانی (4) کورسی تایبەت بە بازنەکە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای سلێمانی لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (١)) شیکردنەوەی بازنەی (١): 1.    لەم بازنەیەدا (٤) کاندیدو سەردەکەون، کە پێویستە (١) کاندیدیان ئافرەت بێت. 2.    لەم بازنەیەدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان كە لە  هەڵبژاردنی رابردوودا ڕێژەی (35.4%)ی دەنگەکانی هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای ناوخۆی یەكێتی و دۆخی گۆڕأن، ئەگەری هەیە تەنیا كاندیدێكی ژن و كاندێكی پیاو دەربچێت. 3.    دوو كاندیدی پیاو دەمێنێتەوە بۆ (3) كاندید كە كێبەركێكە توند دەبێت لە نێوانیان كاندیدی ( نەوەی نوێ، گۆڕان ، سەربەخۆ رێبوار كەریم)، لەسەر بەدەستهێنانی (2) كورسی. 4.    ئەگەر کاندیدە ئافرەتەکەی یەکێتی کەمتر لە دەنگی کاندیدە ئافرەتەکەی پارتی بەدەست بهێنێت، ئەوا ڕاستەوخۆ کانیدیدەکەی پارتی سەردەکەوێت. بازنەی (2) بازنەی (2): کە ناسێنراوە بە بازنەی (باشوری قەزای سلێمانی + قەرەداغ)) زیاتر لە (341) هەزار کەس مافی دەنگدانی هەیە، لەم بازنەیەدا (16) کاندید کە لە (8) ئافرەت و (8) پیاو پێکهاتوون و (9) کاندیدیان سەربە (7) پارتی سیاسین و (7) کاندیدیان بەناوی کاندیدی  سەربەخۆوە تۆمار کراون و ڕکابەریدەکەن بۆ بەدەستهێنانی (3) کورسی تایبەت بە بازنەکە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)).   ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای سلێمانی لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (2))    شیکردنەوەی بازنەی (٢): 1.    لەم بازنەیەدا (3) کانیدید سەردەکەون، کە پێویستە (١) کاندیدیان ئافرەت بێت. 2.    لەم بازنەیەدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێشتر ڕێژەی (37%)ی دەنگەکانی هەبوەو و بزوتنەوەی گۆڕانیش دووەمە کە خاوەنی ڕێژەی (29%) دەنگەکانە، پێناچێت گۆڕانكاری و بارودۆخەكانی سێ ساڵی رابردوو ئەو دەنگانە وەك خۆی بهێڵێتەوە. 3.    ململانێی توند لە نێوان دوو كاندیدە پیاوەكەی یەكێتی و كاندیدی سەربەخۆ سەركەوت شەمسەدین دەبێت بۆ بردنەوەی دوو كورسی پیاو. 4.    بۆ بەدەستهێنانی كورسیە كۆتاكەی ژنان، ململانێی توند دەكەوێتە نێوان كاندیدە ژنەكانی ( گۆڕان، نەوەی نوێ، كۆمەڵ، سەربەخۆ)  بازنەی (3) بازنەی (3): کە ناسێنراوە بە بازنەی (هەڵەبجە + سەیدسادق + شارەزوور + پێنجوێن) زیاتر لە (213) هەزار کەس مافی دەنگدانی هەیە، لەم بازنەیەدا (8) کاندید کە لە (3) ئافرەت و (5) پیاو پێکهاتوون و هیچ کانیدێکی سەربەخۆ لەم بازنەیەدا نییەو سەرجەم کاندیدەکان سەر بە (8) لایەنی سیاسی جیاوازن و لە کێبڕێکێدان بۆ بەدەستهێنانی (3) کورسی تایبەت بە بازنەکە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3))     ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای سلێمانی لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (3))   شیکردنەوەی بازنەی (٣): 1.    لەم بازنەیەدا (3) کاندید سەردەکەون، کە پێویستە (١) کاندیدیان ئافرەت بێت. 2.    لەم بازنەیەدا کێبڕکێکە گەرمترە یەكێتیو گۆڕان كە پێكەوە یەك كاندیدی ژنیان هەیە یەکێتی بە ڕێژەی (٢٦%)ی دەنگەکان و بزوتنەوەی گۆڕان بە ڕێژەی (١٩%) دەنگەکان كە دەكاتە (40%)ی كۆی دەنگەكانی ئەو بازنەیە، ئەگەری دەرچوونی كاندیدە ژنەكەیان زۆر بەهێزە رەنگە بەدەنگی خۆی دەربچێت و پێویستی بە كۆتا نەبێت، بەڵام بە پێی رێنمایی كۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن ( ئەگەر كاندیدَكی ژن بەدەنگی خۆشی سەربەكەوێت ئەوا كورسی كۆتا تەواو دەكات). 3.     ململانێكە لەسەر دوو كورسی بۆ پیاوان دەبێت، ئەگەر كاندیدەكەی كۆمەڵی دادگەری سەربكەوێت ئەوا ململانێكە بۆ كورسیەكەی تر دەكەوێتە نێوان كاندیدەكەی یەكگرتوو و كاندیدەكەی نەوەی نوێ، كاندیدە ژنەكەی پارتیش دەچێتە ململانێكەوە ئەگەر دەنگەكانی لەو دوو كاندیدە پیاوەی تر زیاتر بێت ئەوا سەردەكەوێت.  4.    بەڵام لەبەر ئەوەی جۆرێك لە تێگەیشتن لە نێوان (یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتوو) هەیە، ئەگەری ئەوە هەیە كاندیدە ژنەكەی هاوپەیمانی سەربكەوێت لەگەڵ هەردوو كاندیدە پیاوەكەی یەكگرتوو كۆمەڵ. بازنەی (٤) بازنەی (4): کە ناسێنراوە بە بازنەی (پشدەر + ڕانیە + دوکان)  زیاتر لە (282) هەزار کەس مافی دەنگدانی هەیە، لەم بازنەیەدا (11) کاندید کە لە (3) ئافرەت و (8) پیاو پێکهاتوون و (9) کاندیدیان سەربە (8) پارتی سیاسین و (2) کاندیدیان بەناوی کاندیدی سەربەخۆوە تۆمار کراون و ڕکابەریدەکەن بۆ بەدەستهێنانی (4) کورسی تایبەت بە بازنەکە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (4)) ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای سلێمانی لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (4)) شیکردنەوەی بازنەی (4): 1.    لەم بازنەیەدا (٤) کاندید سەردەکەون، کە پیویستە (١) کاندیدیان ئافرەت بێت. 2.    لەم بازنەیەدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕێژەی (40.9%)ی دەنگەکانی هەیە، دوو كاندیدی هەیە (1) كاندیدی پیاوو (1) كاندیدی ژنی هەیە، لەو بازنەیەدا یەكێتی ئەگەری دەرچونی هەردوو كاندیدەكەی هەیە (ژن و پیاوێك) بەڵام ئەگەر كاندیدە ژنەكەی نەوەی نوێ بەدەنگی خۆی دەربچێت و كە كاندیدێكی بەهێزە ( سروە عەبدولواحید) ئەوا یەكێتی تەنیا یەك كاندیدی پیاوی دەردەچێت. 3.    ململانێكە لەسەر دوو كورسی پیاو دەبێت لە نێوان كاندیدەكەی كۆمەڵی دادگەری و بزوتنەوەی گۆڕان، خۆ ئەگەر كاندیدە ژنەكەی پارتی یان یەكێتی بتوانن دەنگەكانیان لەو دوو كاندیدە پیاوە زیاتر بێت ئەوا ئەوان سەردەكەون.  بازنەی (٥) بازنەی (٥): کە ناسێنراوە بە بازنەی (کەلار + دەربەندیخان + کفری + چەمچەماڵ + بەشێکی خانەقین) زیاتر لە (250) هەزار کەس مافی دەنگدانی هەیە، لەم بازنەیەدا (15) کاندید کە لە (5) ئافرەت و (10) پیاو پێکهاتوون و (13) کاندیدیان سەربە (8) پارتی سیاسین و (2) کاندیدیان بەناوی کاندیدی سەربەخۆوە تۆمار کراون و ڕکابەریدەکەن بۆ بەدەستهێنانی (4) کورسی تایبەت بە بازنەکە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (5))   ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای سلێمانی لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (5))   شیکردنەوەی بازنەی (5): 1.    لەم بازنەیەدا (٤) کاندید سەردەکەون، کە پێویستە (١) کاندیدیان ئافرەت بێت. 2.    هەریەک لە کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی كاندیدیان لەم بازنەیە پێشکەش نەکردووە، کە بەشێکی پەیوەندی بە لێكتێگەیشتن هەیە لەگەڵ یەكێتی و بەشێکیشی پەیوەندی بە سەنگی دەنگەکانیانەوەیە لەم بازنەیە. 3.    لەم بازنەیەدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕێژەی (37.5%)ی دەنگەکانی هەیە، یەكێتی لەم بازنەیە سێ كاندیدی هەیە (2) كاندیدی پیاوو (1) كاندیدی ژنی هەیە، لەو بازنەیەدا یەكێتی ئەگەری دەرچونی دوو كاندیدی هەیە ژن و پیاوێك. 4.    بەدوایشیدا بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی ڕێژەی (23.9%) دەنگەکانی هەیە، بزوتنەوەی گۆڕان بەرەسمی كاندێكی هەیە لە گەرمیان بەڵام كاندیدێكی سەربەخۆ كە تا ئێستاش پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕانە ( غالب محەمەد) دەنگەكانی گۆڕان لە گەرمیان دەكات بە دوو بەشەوە.  5.    ئەگەر لەو بازنەیەدا غالب محەمەد سەركەوێت و كورسیەك بەرێت، ئەوا ململانێكە بۆ بەدەستهێنانی كورسیەكەی سێەمی پیاو دەكەوێتە نێوان كاندیەكانی بزوتنەوەی گۆڕأن و نەوەی نوێ و پارتیەوە.    ڕاپرسی پلاتفۆرمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکان نوێترین ڕاپرسی تایبەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران کە لە لایەن  (پلاتفۆرمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکان) مانگی ٨ی ٢٠٢١ لەسەر ئاستی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، کەرکوک)ئەنجام دراوە. لێرەدا بەشێک لە زانیارییەکانی تایبەت بە پارێزگای (سلێمانی و هەڵەبجە) دەخەینەڕوو، چونکە بەتەنها پشت بەستن بە سەنگی پارتە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨ بەس نیە، جیاوازی گەورە لە بۆچون و ڕای هاوڵاتیان دروست بووە لە شێوازی بیرکردنەوەیان. ژمارەو ڕێژەی گشتی بەشداربوون، کە لە تەمەن و ڕەگەز و ئاستی خوێندەواری جیاوازدان، بەم شێویەیە (بڕوانە خشتەی ژمارە (6))    ئەو ژمارەو ڕێژەیەی هاوڵاتیان کە لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بەشدارییان کردووە لە وەڵامیان بۆ پرسیارەکانی دەزگاکە بەم شێوەیەی خوارەوەیە بڕوانە (خشتەی ژمارە (7)) ئەم خشتەیەی سەرەوە چەند ڕاستییەک ئاشکرا دەکات. 1.    پاشەکشەیەکی گەورەی ڕێژەی بەشداری هاوڵاتیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن ڕوودەدات، چونکە بەپێی ئەنجامی ڕاپرسییەکە، لە سنوری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە (70%) متمانەیان بە هەڵبژاردن نییەو نزیکەی (50%) دەنگ نادەن و دەنگەکانیان دەسوتێنن. 2.     ئەگەر چی سەرو (50%)ی بەشداربووان دەنگ بە کاندیدی سەربەخۆ نادەن، نزیکەی (30%)یش خۆیان یەکلا نەکردووەتەوە، بەڵام (20%) دەنگدەران ئامادەبن دەنگ بە کاندیدی سەربەخۆ بدەن گۆڕانکاری لەسەر ئاستی چەندێتی کاندیدە حیزبییەکان دروست دەکات. 3.    هەر بەپێی ڕاپرسییەکەی پلاتفۆرمی کوردستان پاشەکەشەیەکی گەورە لە دەنگەکانی یەکێتی و گۆڕان لە چوارچێوەی (هاپەیمانی کوردستان)  ڕودەدات و (نەوەی نوێ) دەنگەکانی بەڕادەیەکی گەورە هەڵدەکشێت و بەپێی ڕاپرسییەکەبێت نەوەی نوێ لە پارێزگای هەڵەبجە واتە لە بازنەی (3)ی سلێمانی دەبێت بە هێزی یەکەم.  


مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) مێژوو، ھەموو مێژوویەک، مێژووی ھەر کۆمەڵگا و کۆمەڵە مرۆڤێک کە بڕیاربێت پێکەوەبژین، پێویستیی بە چەندان ”شت“ی بنەڕەتیی و سەرەکیی ھەیە،  بەر لە ھەمووشتێک پێویستی بە کار و ئیشکردن و بەرھەمھێنان ھەیە، پێیوستیی بە ھاریکاریی و کۆمەکی کۆمەڵایەتیی و بە بڕێک لە ململانێی و ڕکابەرایەتیی تەندروست ھەیە. ھەروەھا پێویستیی بە کۆمەڵێک خەون و ئومێد و ھەندێک یۆتۆپیای کۆنکریت و ئاسۆی کراوە، بەرەو جیھانێکی باشتر ھەیە. وەکچۆن پێویستیی بە فیکر و مەعریفە و ھونەر و ئەدەبیات ھەیە ھەم بۆ ناسینیی خۆی و ھەم بۆ ناسینی ئەو ژینگەیەی تیایدادەژیی و ناسینی جیھانەش کە تیایدا ئامادەیە. بەسەریەکیشەوە پێویستی بە جۆرێک لە ئیتیمای ئینسانیی ھەیە کە بیانکات بە خەڵکی سەرزەمینێکی دیاریکراو و بتوانن لەڕێگای ھاریکاریی و ھاوکارییەوە ئەو سەرزەمینە بگۆڕن بۆ ماڵێکی دەستەجەمعی بتوانن تیایدا بەختەوەربن.  ھاوکات ھەموو مێژوویەک پێویستی بە بڕێکی تایبەت لە حەماسەت ھەیە، حەماسەت وەک یەکێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ناو ژیانی کۆمەڵایەتیی. کە باس لە حەماسەت دەکەم باس لا مانا سایکۆلۆژییە تاکەکەسییەکانی ئەم دیاردەیە ناکەم، باس لە ھەڵبەز و دابەزیی دەرونیی ئەم یان ئەو تاکەکەس ناکەم، بەڵکو باس لە حەماسەت“ دەکەم وەک وزەیەک بۆ گۆڕانکاریی، وەک خواست و ئارەزوی دروستکردنێکی دەستەجەمعیی مێژوویەکی ھاوبەش، وەک دۆخی پاڵنان بە کەسەکانەوە بۆ بوون بە بکەری مێژوویی. بە کورتییەکەی حەماسەت وەک وزەیەکی مەعنەوی دەستەجەمعیی بۆ چالاکبوون و بەرپاکردنی گۆڕانکاریی.   بەڵام ئایا کە باس لە حەماسەت دەکەین، باس لە چ جۆرە حەماسەتێک و کام فۆرمی حەماسەت دەکەین؟  ئەوەی من لێرەدا بەرگریی لێدەکەم ئەو شێوازەیە لە حەماسەت کە فەیلەسوفی ئەمریکیی ڕیتشارد ڕۆرتی ناوی ”حەماسەتی ئەخلاقیی“ لێدەنێت. حەماسەتێک کە ناچێتەوە ناو حەماسەتی دینیی، یان حەماسەتێک لەناو دینەوە ھاتبێت، بەڵکو حەمەساتێک لەناو ڕوانین و دیدگایەکی نادینییەوە ھاتبێت و وەک زەمینەیەکی ھاوبەشیش بۆ دیندار و بێدین ئامادەبێت و کاربکات. ”حەماسەتی ئەخلاقیی“ جیاوازە لەو ”حەماسەتە دینیی“ەیەی کەسانێک کە خۆیان بە دەمڕاست و نوێەر و پارێزەری خودا دەزانن، دروستیدەکەن و دەیوروژێنن. حەماسەتێک جیاواز لەوەی ”خۆ بە وەکیل زانەکانی خوداوەند“ دروستکەری نەبن. ”حەماسەتی ئەخلاقیی“ بنەماکانی لەسەر ”ڕێزی ھاوڵاتیان بۆ یەکتریی“ و ”پاراستنی ژیانی پێکەوەیی“ و ”دەستەبەرکردنی مافەکان“ دروستدەبێت. ئەم جۆرە حەماسەتە ”حەماسەتێکی مەدەنیی“ە، خەمخۆریی لەیەکتر و مشورخوردن لە پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتیی و ئینتیمایەکی مەدەنییانە بۆ یەکتریی و بۆ کۆمەڵگا دەیجوڵێنێت. ئەمانەش وادەکەن لە باتی ئینتیمایەکی توندڕەوانە بۆ ئەم یان ئەو دین و ئەم یان ئەو ئایدیۆلۆژیا، ئینتیمایەکی تر لەئارادابێت بۆ کۆمەڵێک پرۆژەی مێژوویی ھاوبەش و بۆ کۆمەڵێک دەزگا کە بشێت ژیانی پێکەوەیی ئەو مرۆڤانە بە شێوەیەکی ھێمن و مانادار ڕێکبخەن و ەبسەریەکیشەوە کەرامتیان بپارێزێن و مافەکانیان دەستەبەربکەن.  ”ڕێزی ھاوڵاتیان بۆ یەکتریی“ بنەمای ئەم شێوە تایبەتەیە لە حەماسەت، ھاوکات ژێرخانی شێوازە جیاوازەکانی ”ھاریکاریی کۆمەڵایەتیی“ و ”بەدەمەوەچوونی ئینسانیی“.و ”مشورخواردنی دەستەجەمعیی“ە ئەوەی لەم جۆرە حەماسەتەدا پێویستە، جۆری تازەی ھاریکاریی کۆمەڵایەتییە کە لەسەر بنەمای ئینتیمای دینیی و ئەتنی دروستنەبووبێت، یاخود لەسەر بنەمای ئینتیما بۆ خێڵ و بنەماڵە و پەیوەندیی خوێن، بەڵکو لەسەر بنەمای ئیتیما بۆ ئەو ژیانە پێکەوەیی و ژیانە گشتییە دروستبووبێت، کە خەڵکانێک لەناو سەرزەمینێکی دیاریکراودا بەیەکەوە کۆدەکاتەوە. ئەم شێوازە لە ئەخلاقیات و لە ئیتیما ئەخلاقیات و ئینتیمای دینیی نییە(ئەگەرچی دەشێت چەندان پرنسیپی ئینسانی تێدابێت لە دینەوە ھاتبن) بەڵکو ئینتیما و ئەخلاقیاتێکە لەسەر بنەمای پاراستنی ئازادیی و پاراستنی ڕێز و پاراستنی کەرامەت کاردەکات. لەمەشدا دەتوانرێت ئەوەی لە دیندا سودبەخش و ھاریکاربێت وەربگیرێت و ئەوەشی دژ بە ھاریکاریی و ھاودەردیی  و ڕێز و ئازادیی و پاراستنی کەرامەت بێت وەلابنرێت. بە کورتییەکەی ئەم جۆرە لە ”حەماسەتی ئەخلاقیی“ بەرگریی لەوەدەکات کە ئینسان، دیندار و بێدین، ھەم ڕێزدار و ئازاد و خاوەن مافن، ھەم یەکسان و خاوەن شانسی یەکسان لەگەڵیەکدا.   دەزانم کە ئەم شتانە دەڵێم ھەم سوپایەک لە دیندارانی پەڕگیر و ھەم سوپایەک لە چەپگەرانی ڕادیکاڵ، دێنە قسە و دەڵێن. ئەمە کوفری عەلمانیەتە پێمان دەفرۆشرێتەوە، یاخود درۆیەکی بۆرژوازیانەی ناو سیستمی کاپیتالیزمە، بەرگریی لێدەکرێت. سەرەڕای ئەو جۆرە قسانە، کە لەمڕۆدا قسەی باڵادەستی ناو دونیای ئێمەن، مێژووی ئێمە پێویستییەکی گەورەی بەو جۆرە لە ”حەماسەتە ئەخلاقیی“ە کە باسمکرد. 


شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو)   گەرچی مێژووی کاری پەرلەمانیی عێراق تەمەنی وا ٩٧ ساڵ تێدەپەڕێنێت، بەڵام خەباتی سیاسیی و چەکداری کورد، بۆ دەستخستنی مافە سیاسیی و کولتوورییەکان، تەمەنێکی درێژتری هەیە و سەرەتاکەی لە عێراقدا بە چەکداری دەستی پێکرد و پاشان خەباتی پەرلەمانی و سیاسیی مەدەنییانەی هاتە پاڵ و لە ماشەوە (پەلەپیتکەی تفەنگ) تا وشە(قسەکردن) و چەلەحانێی نێو پەرلەمان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان درێژەی کێشاوە، بە جۆرێک لەم ساڵانەی دواییدا تەنها وشەکە بەدەست کوردەوە مایەوە و ماشەی چەکەکانی هەم بێدەنگ کران و گوتاری پەرلەمانتارانیشی پەرت و بێ ئامانج، هەم زۆرتر ڕووگەی پەرلەمانتارانیش بەرامبەر خودی کورد کەوتەکار و خۆڕنین. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، هەوراز و نشێو و ئاستی داواکاریی کورد و ڕۆڵی پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا چۆن بووە و لەکوێوە بە کوێ گەیشتووە؟ بۆ وەڵام، گرنگە زەمینەی مێژوویی هەڵبژاردن و لایەنە ڕکابەرەکانی کورد لە بەغدا و ئاستبەندیی خواستەکانی کورد لە سەردەمی پاشایەتییەوە تا سەردەمی سەرۆکایەتی کۆمار لە عێراقدا بخرێتەڕوو. کورد لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی عێراقدا یەکەمین نیمچە هەڵبژاردنێک لەعێراقی هاوچەرخدا، دەگەڕێتەوە بۆ سڵی ١٩٢١ کە ڕاپرسی دانانی فەیسەڵی کوڕی حسێن بوو وەک شای عێراق، کە تێیدا زۆرینەی کورد بە نەخێر و بایکۆت بەشداری ئەو هەڵبژاردنەیان کرد(لازاریف: مسالە الکردیە). بەڵام لە دووەمین هەڵبژاردنەوە ئیتر کورد تێکڕا بەشدارییەکی دیاری کردووە، تەنانەت گەر هەڵبژاردنەکانیش  "کارتۆنی" بووبن لە کورد خاڵی نەبوون. دووەمین هەڵبژاردن بە گشتی و یەکەمین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی دامەزراندن  و یاسادانان، دەگەڕێتەوە بۆ  ٢٥ی شوباتی ساڵی ١٩٢٤ و عەبدولموحسین سەعدوون بووە یەکەم سەرۆکی ئەنجوومەنی دامەزراندن. ساڵێک پاش ئەوەش یەکەمین ئەنجوومەنی نوێنەران (پەرلەمان) هەڵبژێردرا (احمد و حمیدی(1989): تاریخ العراق المعاصر، ص٣٨)،  پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ١٩٢٥ەوە تا ١٩٥٨(سەردەمی پاشایەتی)، شانزە(١٦)جار هەڵبژاردنی بۆ کراوە.  هەر لەو پەرلەمانی دامەزراندنەوە، تا هەنووکە کورد بەشداریی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی کردووە. لە نموونەی پەرلەمانتارانی خولە یەکەمینیەکانیش دەتوانرێت ئاماژە بە چەند کەسایەتییەک بکرێت کە ڕۆڵی کارایان لە چەسپاندنی مافە کولتووریی و سیاسییەکانی کورد لەو دەمەدا بینی، وەک: ئەمین زەکی بەگ، مەعروف جیاوک، جەمال بابان، ئیسماعیل ڕەواندزی، محەمەد ساڵح، سەبری عەلی ئاغا و سەیفوڵا خەندان و ..تاد.(کریم(2009): القضية الكردية في سياسة العراقية1932-1945) ململانێی سێکوچکەیی کورد-ئینگلیز-بەغدا خواستەکانی کورد یان ڕاستتر مافە زەوتکراوەکانی، کەوتبوویە دەستی ئینگلیز بە پلەی یەکەم و پاشتریش عەرەبە دامەزرێنەرەکانی عێراق. دۆسێی کورد و ململانێکانی، بەر لەوەی لەگەڵ عەرەبدا بێت، لەگەڵ ئینگلیزدا بوو، عەرەبی عێراق هێشتا سنوور و سەروەری و چارەنووسیشی ڕوون نەبوو، نە ململانێی و پێداگرییەکی دیاریکراویشی بەرامبەر کورد هەبوو، بە پێچەوانەوە لە چەندین جەنگ و بۆنە و رووداو و ڕاپەڕیندا پێکەوە بۆ مافەکانیان بەرامبەر ئینگلیز دەجەنگان، وەک جەنگی شوعەیبیە، ڕاپەڕینی ١٩٢٠، دامەزراندنی عێراق و پێکهێنانی حکومەت و ...تاد. بەڵام کێشەی یەکەم و ئاستەنگی یەکەمی جوڵانەوەی سیاسیی کورد لەگەڵ ئینگلیزدا بوو، کاتێک یەکەمین حکومەتی شێخ مەحموودی لەباربرد و هێزە کوردستانییەکانی دیکەشی لە ڕەواندز و کۆیە و بادینان سەرکوت کرد. لە پرسی کەرکوکیشدا دیسانەوە هەر ئینگلیز (نەک عەرەب) ڕێگری یەکەم بوو کە کەرکوک بەشێک بێت لە قەڵەمڕەوییەکەی حکومەتەکەی شێخ مەحموود و شێخیش هەر لەبەر ئەو خاڵەبوو کە ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئینگلیزدا زەقکردەوە. بەڵام بە یەکلابوونەوەی ویلایەتی موسڵ و لکاندنی بەشێکی باشووری کوردستان بە عێراقەوە، ئەوکات ململانێکە بووە سێکوچکەیی و عەرەب و ئینگلیز لەلایەک و کورد لەلایەکی دیکەوە بەرامبەر وەستان. لەو ئانەوە تا ئێستا خواستی کورد چەندین هەوراز و نشێوی بەخۆووە دیووە  و خەباتەکەی ئاستەکانی چەکداری و پەرلەمانی و کارگێڕی و یاسایی و میدیایی لەخۆگرتووە. خەباتی پەرلەمانی سەرەتاکانی دامەزراندنی عێراق، بۆ پەرلەمانتارانی کورد سەختترین خەبات بووە، بەوپێیەی کە سەرەتای دامەزراندنی یاریگای ململانێ و چەسپاندن و ڕێکخستنی خواستی کوردستان بووە. لەلایەک لەگەڵ ئینگلیزدا کە زلهێزی جیهان بووە و لەلایەکی دیکەوە لەگەڵ گروپگەلێکی عەرەبی جیاوازیشدا دیسانەوە لە ململانێدا بووە و لەگەڵ ئەوەشدا کورد ئەودەم نە لۆبی نێودەوڵەتی و نە پشتیوانی و نە میدیایەکی کاریگەر و نە پرسی مافی مرۆڤیش وەک دەسکەلایەک بە دەست دۆستانی کوردەوە بووە تا ببێتە بیانوو بۆ کۆمەک، بۆیە پەرلەمانتارانی کورد و جوڵانەوە سیاسییەکەی لە سفرەوە خۆیان و خودا و کێوەکان دەستیان پێکرد، لەوەش گەڕێ کە نێوخۆی کورد ماڵێکی پەرتەوازە و ناهۆشیارییەکی باڵا و نەخوێندەواریی و کولتووریی سیاسیی دواکەوتووی کورد ئاستێکی نزمی هەبووە. پەرلەمانتاران، لەبەرزە خواستەوە بەرەو نزمەخواست لە سەرەتای دامەزراندنی عێراقەوە، لانیکەم پاش چوارلەت بوونی جوڵانەوەی سیاسیی کوردستان و جیا لە ناتەبایی خواستی کورد لەگەڵ زلهێزانی نێودەوڵەتی، لە جێدا بەرامبەر چوار پایتەختیش کەوتە سەنگەرەوە (تاران، ئەنکەرە، بەغدا و شام)، ئیدی خەباتی کوردی باشوور تا هەنووکە لەڕووی پۆلێنبەندییەوە لە پەرلەمانەکانی عێراقدا چەندین ئاستی بەرز و نزمی لە باشەوە بۆ خراپ و لە کاراییەوە بۆ پاسیڤی بە خۆیەوە دیووە. لێرەدا دەکرێت گوتاری سیاسیی و خواستەکانی کورد بەگوێرەی ئاستی داواکارییەکانی لە ڕووی کرۆنۆلۆژییەوە بەم شێوەیە دابەش بکرێن: ١. قۆناغی دامەزراندنی گوتاری سیاسی و مافی کولتووریی(1924-1932): پەرلەمانتارانی کورد لەم قۆناغەدا، جەختییان لەسەر  مافە ئیداری، سیاسیی، کولتووری و دەستوورییەکانی کورد لە عێراقدا دەکردەوە، گەرچی لەڕووی دەستوورییەوە کەمیان هێنا، بەڵام لەڕووی بەشداریی سیاسی و مافی کولتوورییەوە توانییان زمانی کوردی وەک زمانی نێوچە کوردستانییەکان لە ئاخافتنی کارگێڕی و پەروەردەدا بچەسپێنن  (تا هەنووکەش تەنها باشوور ئەم مافەی بە هیممەتی پەرلەمانتارانی پێشین دەست خست). هەروەها  نەریتی بەشداری کورد لە حکومەت و پەرلەمانی عێراقدا دابهێنن و وا بکەن خەباتی کورد لە شاخ و چەکدارییەوە بگوازنەوە بۆ خەباتی پەرلەمانی و مەیدانی سیاسەت و چەندین یانە و ڕێکخراوی مەدەنیش بۆ داکۆکی لە مافە سیاسییەکان دامەزران وەک ڕێکخراوەکانی سەرکەوتن و کۆمەڵەی زانستی و ...تاد. بەر لەم قۆناغە کوردی باشوور زیاتر ئاسۆیی و لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا  نەک ستوونی و لەدڵی جوگرافیای نەیاردا  خەبات بکات. ئەمین زەکی و مەعروف جیاوک و ...تاد نموونەی باڵای ئەم خەباتەن. سیمایەکی تری ئەم قۆناغە ئەوەبوو پەرلەمانتارە کوردەکان زۆرتر دەچوونە پاڵ لیست و سەرکردە دیارە عێراقییەکان بۆ دەستخستنی مافەکان (وەک چۆن لە ساڵی ١٩٢٨دا چوونە پاڵ موحسین سەعدوون لەپێناو دابینکردنی لانیکەمی مافی خوێندن و زمانی کوردی و چەسپاندنی) ٢.قۆناغی بەشداریی دەسەڵات(١٩٣٢-١٩٥٨): لەم قۆناغەدا کوردەکان بە رێژەیەکی بەرچاو لە پەرلەمانەکانی عێراقدا بەشدارییان کردووە، خواستی سەرەکییان بەشداریی لە دەسەڵات و چەسپاندنی دەستووری مافە مەدەنی و سیاسییەکان بووە، جیا لە هەوڵ بۆ چەسپاندنی  مافە کولتوورییەکان کە پێشتر جێگیرکرا، داوای پێکهێنانی ئیدارەی ئۆتۆنۆمی و نیمچە سەربەخۆیان بۆ پارێزگاکانی کوردستان لە عێراقدا کردووە لانیکەم وەک یەکەیەکی سەرپەرشتیارێتی باکووری عێراق، تا سرووشتی نێوچەکە رەچاو بکرێت لە ڕووی دابونەریت و خواستی دانیشتووانییەوە. ئەم قۆناغە بەرزی و نزمی بەخۆیەوە دی، بەڵام گرنگترین کار لەم قۆناغەدا و جیاوازی لەگەڵ پێش خۆیدا، دامەزراندنی حزبی سیاسیی بوو بۆ ئیدارەدانی ململانێکان بەرامبەر بەغدا، نەک ئەوەی ڕاستەوخۆ خۆیان ببنە ئەندامی حزبە عێراقییەکان، وەک دامەزراندنی حزبی هیوا و لقی ژێ کاف و حزبی ڕزگاریی و پارتی دیموکراتی کورد. پەرلەمانتارانی کورد لەم قۆناغەدا سەرلەبەر داواکاری حزبە کوردییەکانیان دەکردە گوتاری سیاسیی و بەو گوتارە ڕووبەڕووی پەرلەمانتاران و دەسەڵاتی بەغدا دەبوونەوە. ٣. قۆناغی کوژانەوەی کاری پەرلەمانی (1958-2003): لەم قۆناغەدا بەهۆی کودەتاکان و دەرکەوتنی هێز و کەسایەتی پەڕگیر، یەکلاکردنەوەی ململانێ سیاسییەکان لەڕێگەی چەکەوە، هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول1961 و شۆڕشی نوێ1975 پەنابردنەوەی ناچاریی کورد بۆ چەک، بوارێکی نەهێشتەوە بۆ کاری پەرلەمانی و کاری پەرلەمانی لاوازتر کرد. گەرچی لە قاسمەوە تا سەدام سەرلەبەر بەڵێن و دروشمی ئەوەیان بەرزدەکردەوە کە دیموکراسیی ڕاستەقینە و پەرلەمانێکی کارا  دەهێننە کایەوە، بەڵام خول دوای خول سستتر بوو، بەجۆرێک لەسەردەمی بەعسدا گەیشتە لوتکەی ناکارایی و  لەنێوان ساڵانی ١٩٧٩-٢٠٠٣ بەتەواوی کاری پەرلەمانی لە بەغدا بووە بەڵێکردن بۆ شەرعاندنی پەڕگیرییەکانی سەدام حسێن و حزبەکەی.  کوردەکانی نێو جولانەوەی ڕزگارییخوازیش خولی نیوان ساڵانی ١٩٧٠-١٩٧5ی لێدەرچێت کە سەربە پارتی دیموکرات و حزبی شیوعی بوون و ڕۆڵی کارا و گرنگیان بینی لە مۆدێلی بەدەنگهێنانی پەرلەمان لەو ئانەدا، چیتر بەشدارییان نەکرد و هەر کوردێکیش بەشداریی بکردایە لەنێو ڕای گشتیی کوردستاندا پەرلەمانتار و پەرلەمانەکەش بە کارتۆنی ناودەبران (وەک تەنزێک بۆ بێدەسەلاتییان). خواست و گوتاری پەرلەمانتاری کورد لەم خولانەدا ئۆتۆنۆمی بووە بۆ کوردستان و بەهێزترین دەستکەوتی خەباتی مەدەنی ئەم سەردەمە ڕێککەوتنی ئازار  و دروستکردنی ئیدارەی ئۆتۆنۆمی بۆ باشوور بوو لە سێ پارێزگادا، گەرچی تەمەنی کەم بوو. ئەڵبەت ئەمە دەستکەوتی کاری پەرلەمانی نەبوو هێندەی بەرهەمی نزیکبوونەوە ئیرادەی سیاسیی و دانوستاندنی کورد و بەغدا بوو. ٤. قۆناغی عێراقی فیدراڵی (2003-2017): لەم قۆناغەدا کاری پەرلەمانتاری کورد و بەرزکردنەوەی خواستی کورد لەسەردەستی ئەمان بەپشتیوانی هێزە سیاسییەکانەوە وەرچەرخانی ئەرێنی بەخۆیەوە بینی، کورد لە ئۆتۆنۆمییەوە بۆ فیدراڵی و لە پشکداریی حکومەتەوە بۆ شەراکەتی دەسەلات خواستی بەرزکردەوە، لەوەش گرنگتر هەرێمی کوردستانی وەک هەرێمێکی دەستووری چەسپاند و دۆسێی کەرکوکیشی کردە ململانێیەکی ڕەسمی و دەستووری. سەرجەمی ئەمانەش لەڕێ پەرلەمانتارەکانەوە بە ئیرادەی سیاسیی هاوبەشی حزبەکانەوە پەرەیان پیدرا و چەسپێنران، سەرکردە سیاسییەکانیش خۆیان دەچوونە بەغدا و راستەوخۆ لە مەیدانی پەرلەماندا ململانێیان دەکرد. گەرچی لەم قۆناغەدا سەرجەم مافەکان وەک ئەوەی لە پەرلەمان و دەستووردا هاتوون  دابین نەبوون، بەڵام باشووری کوردستانی لەڕووی مافی مەدەنی و برزکردنەوەی خواستەوە بەرزکردەوە و پرسی کوردی لەڕێگەی دەروازەی بەغداوە تا ڕادەیەک لە ئاستێکی جیهانییدا خستە ڕوو و وەک هێزێکی دیموکرات و دژەتیرۆر و مەدەنی خۆی پێناسە کردەوە. 5. قۆناغی پەرتەوازەیی کاری پەرلەمانی کورد لە بەغدا (2017 بەدوا): پاش ئەنجامدانی ڕیفراندەم و رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، چوونەوەیەک و داکشانێکی گەورە لە کاری پەرلەمانی لە ئاست ئەو ڕێچکە باوەی کە بەخۆیەوە دیوویەتی لە مێژووی کاری پەرلەمانیی کوردستانیدا لە عێراق بەدی دەکرێت، کە پێشتر داکۆکی بووە لە خاک و شوناس و دەسەڵاتی کورد  لە بەغدا، بەڵام لەم قۆناغەدا، شوناس و خاک (نێوچەدابڕاوەکان) و سنووری سیاسیی هەرێم و مافە فیدراڵییەکانی، پاشەکشیان کرد و مەسەلەی پێشینە و پارە و بودجەی مانگانە و ساڵانە و شەڕی پۆست و لیژنەکان جێگەی ئەوانەی پێشتری گرتەوە، ئەوەی هۆکاری سەرەکی ئەم داکشانە سیاسییە بوو، بە پلەی یەکەم بەڕێوەبردنی حزبییانەی هەرێم و گەندەڵی، غرووری سیاسیی سەرکردەکانی کورد و جێهێشتنی بەغدا و بەشدارینەکردنی خۆیان و ناردنی پلە دوو سێیەمەکانی حزبەکانیان، پەرتەوازەیی و نەبوونی گوتارێکی هاوبەش، چەند سەرەیی و ململانێی ئاست نزمی پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا، بوژانەوەی مەیلی ناوەندگەرێتی عەرەبانی بەغدا و دۆخی هەرێمایەتی دراوسێکان، بە ڕیز ڕۆڵیان هەبووە لەو دابەزینەی ئاستی ئەدای کاری پەرلەمانی و بەجۆرێک پەرلەمانی وا لێکرد لەبری سەنگەری بەرگری لە شوناس و خاک بووە سەرچاوەی "یۆقلەمەی گیرفانی" نائیبەکان و بڵندگۆی وشەهاویشتن و بۆڵەبۆڵی ململانێی کورد-کورد لە قوبەی پەرلەماندا. هەر ئەمەیە وەرچەرخانی کاری پەرلەمانی لە ماشەی تفەنگەوە بۆ وشەهاویشتن و هیچی تر.  ئایا خولی دادێی 2021-2025 دەتوانن بکەونەوە سەر ڕاستەڕیی کاری پەرلەمانتاریی وەک ئەرک نەک ئیمتیاز و قسەهاوێژی؟ با بمێنێت.  


راپۆرت: بی بی سی وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت ویلایەت یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە زلهێزی جیهان ئەژمار دەكرێت، تەنیا لە سوپاكەیدا ساڵانە بڕی زیاتر لە (700 ملیار) دۆلار خەرج دەكات، هەروەك ژمارەی ئەو چەكە ئەتۆمییانەی كە هەیەتی زیاتر لە (7 هەزار) چەكە، لەنێوان 150 بۆ 200 هەزار سەربازی هەیە كە بەسەرتاسەری جیهاندا بڵاوبونەتەوە، ئەمە سەرباری سیخوڕە باش راهێنراوەكانی كە چاودێری وردی دوژمنەكانیان دەكەن لە زۆرێك لە ناوچەكانی جیهان.  ویلایەتە یەكگرتووەكان چوەتە ناو چەندین جەنگی درێژخایەنەوە لەو وڵاتانەی كە وەكو سەرچاوەی هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی خۆی ئەژماریان دەكات، لەم شەڕانەشدا نوێترین جۆری چەكی بەكارهێناوە.  بەڵام ئەوەی لە 11ی سێپتێمبەر رویدا، قەوارەی ئەم زلهیێزەی لەرزاند، برینێكی بەجێهێشت كە بۆ سەدان ساڵی تر ساڕێژ نابێت. ئەوە رۆژێك بوو كە تێیدا جیهان دركی بەوە كرد دەكرێت فڕۆكەكەكان وەكو چەكێك بەكاربهێنرێن، ئەو سوتەمەنیەشی كە هەڵیانگرتووە دەكرێت بگۆڕدرێت بۆ تەقەمەنی.  چوار فڕۆكە رفێندران. دوانیان خۆیان كێشا بە تاوەری سەنتەری بازرگانی جیهانیی لە نیویۆرك.  "دەستمان بەسەر چەند فڕۆكەیەكدا گرتووە" "هەندێك فڕۆكەمان لەبەردەستدایە، هەموو دانیشوانی شارەكە لەبەردەم مەترسیدان" ئەمە ئەو قسانە بوو (محەمەد عەتا)ی تیرۆریست كردی، كە فڕۆكەیەكی كۆمپانیای (ئەمریكان ئیرلاینز)ی رفاندربوو، ئەمە گەشتی ژمارە (11)ی فڕۆكەكە بوو، ئەو ئەم قسانەی بۆ هۆشداریدان بە سەرنشینەكانی فڕۆكەكە كرد.  بەرپرسان لەسەر زەوی‌و لە هۆبەی چاودێریی بەڕوونی گوێیان لەم قسانە بوو، بەڵام نەیانزانی مەبەست لێی چییە، كاتی زۆر لەبەردەستدا نەبوو.  لە 11ی سێپتێمبەری 2001دا چوار فڕۆكە رفێندران، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا گورزێكی ئازاربەخشی بەركەوت، لەبەر ئەوەی دركی بەوە نەكرد مەبەستی قسەی تیرۆرستی ناو فڕۆكەكەدا چی بوو.  فڕۆكەكە رفێندراوەكەی كۆمپانیای (ئەمریكان ئێرلاینز) لەكاتی خۆكێشانیدا بە تاوەكو باكوری سەنتەری بازرگانی جیهانیی، تێكشكا.  فڕۆكەكەی تر لەرێگەدا بوو بەرەو نیویۆرك، لە سەكۆیەكی تری هەمان ئەو فڕۆكەخانەیەوە هاتبوو كە فڕۆكەی یەكەم لێیەوە هاتبوو.  فڕۆكەی (یونایتد ئایرلاینز) كە ژمارەی گەشتەكەی 175 بوو، لە فڕۆكەخانەی لۆگانەوە لە بۆستن، بەرەو لۆس ئەنجلس رۆیشت.  فڕۆكەكە لەلایەن پێنج كەسەوە رفێندرا، دوو پیاوی ئیماراتی‌و سێ پیاوی سعودی، (مەروان شحی) رێبەرایەتی ئۆپراسیۆنی رفاندنەكەی كرد لەگەڵ (فایز بن حەمەد)ی هاوڵاتی وڵاتەكەی‌و (موهەند شهری) سعودیی‌و دوو برای تری سعودی بەناوەكانی (ئەحمەد و حەمزە غامدی).  بەر لە سەركەوتن بۆ ناو فڕۆكەكە توشی هەندێك بەربەرست بوون، چونكە هەندێكیان زمانی ئینگلیزییان بەشێوەیەكی باش نەدەزانی، لەو پرسیارانە تێندەگەیشتن كە لەلایەن ئەو لایەنەی بلیتی گەشتەكەی بۆ دەركردبوون لێیان كرا، یاخود بە سەختی وەڵامی پرسیارەكانیان دابووەوە.  سیستمی كۆمپیوتەر كە پشكنینی بۆ ناسنامەی سەرنشینەكان دەكرد بەر لە سەركەوتنیان بۆ ناو فڕۆكەكە هیچ كێشەیەكی بەدی نەكرد لەبارەی ناسنامەی رفێنەرانی فڕۆكەی دووەمەوە، وەكو ئەوەی لەگەڵ رفێنەری فڕۆكەی یەكەمدا (محەمەد عەتا) رویدا، بۆیە توانییان بە ئاسانی سواری فڕۆكەكە ببن. تێڵاو چەقۆی بچوك ئەو پێنج رفێنەرە جگە لە تێڵاو چەقۆی بچوك هیچ شتێكی تریان پێنەبوو، ئەوە تاكە چەكی دەستیان بوو، بۆیە توانییان بە ئاسانی لە پشكنینی ئاسایشی فڕۆكەخانە دەرباز ببن.  وادەی دەرچوونی گەشتی ئاسمانی ژمارە 175 لە كاتژمێر 8ی بەیانیدا بوو، بەڵام تۆزێك دواكەوت‌و لە كاتژمێر 8:14 خولەكدا لە فڕۆكەخانەی لۆگان فڕی.  لەناو فڕۆكەكەدا (51) سەرنشین‌و نۆ كەس لە تیمی فڕۆكەكە هەبوون، كاتێك فڕۆكەكە 31 هەزار پێ لە زەوی بەرز بووەوە، وەكو هەمیشە خزمەتكارانی ناو فڕۆكەكە دەستیان بە پێشكەشكردنی خزمەت بە میوانەكان كرد. لە كاتژمێر 8:42 خولەكدا فڕۆكەوانەكان پەیوەندییان بە هۆبەی چاودێریی‌و كۆنترۆڵەوە كرد لەسەر زەوی، وتیان ئەوان گوێیان لە پەیوەندی گوماناویی بووە لە فڕۆكەیەكی ترەوە، وا دەزانرا ئەو پەیوەندییە لە فڕۆكەی ئەمریكان ئێرلاینزەوە بووە، كە گەشتی ژمارە 11 بووە‌و لەلایەن محەمەد عەتاوە رفێندراوە.  لەكاتژمێر 8:42 خولەدا هۆبەی چاودێریی‌و كۆنترۆڵ هیچ زانیارییەكی لەبارەی فڕۆكەوانەكانی گەشتی 175ەوە بەدەست نەگەیشت.  لەو ساتەدا، رفێنەرەكان دەستیان بە تۆقاندن‌و هەڕەشەكردن لە سەرنشینەكان كرد بەو چەقۆیانەی كە پێیان بوو.  لە كاتژمێر 8:47 خولەكدا، بەرپرسانی هۆبەی چاودێری هەستیان كرد بەوەی رەنگە جوڵەیەكی گوماناویی لەناو فڕۆكەكەدا هەبێت، ئەمەش كاتێك بوو كە فڕۆكەكە لە ئاڕاستەی خۆی لایدا‌و گوێی بۆ ئەو فەرمانانە نەگرت كە دەسەڵاتداران پێیان دەدا.  پەیوەندی تەلەفۆنی لەناو فڕۆكەوە لە كاتژمێر 8:52 خولەكی بەیانیدا، لی هانسۆن لە ویلایەتی كونتیكتی ئەمریكاوە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە پیتەری كوڕییەوە بۆهات، كە لەناو فڕۆكە رفێندراوەكەی گەشتی 175دا بوو.  پیتەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بە باوكی وت:" لەو بڕوایەدام ئەوان دەستیان بەسەر كۆنترۆڵی فڕۆكەكەدا گرتووە، بە چەقۆ لە كەسێكی تیمی فڕۆكەكەیان داوە‌و رەنگە هەندێكیان لە بەشی پێشەوەی فڕۆكەكە كوشتبێ، بەخێرایی پەیوەندی بە كۆمپانیای یونایتد ئیرلاینز بكە‌و  ئاگاداریان بكە لەو روداوانەی لەناو گەشتی 175دا رودەدەن كە بەرەو لۆس ئەنجلس دەفڕێت".  لی هانسۆن بەپەلە پەیوەندی بە پۆلیسەوە كرد‌و ئاگاداری كردن لەو بابەتەی كە كوڕەكەی پێی وتبوو.  لەكاتژمێر 8:52 خولەكدا، یەكێك لە تیمی فڕۆكەكەی یونایتد ئیرلاینز پەیوەندی بە بارەگای كۆمپانیاكەوە كرد لە سان فرانسیسكۆ، ئاگاداری كردن دوو فڕۆكەوانەكە كوژراون‌و فڕۆكەكە رفێندراوە، لەو كاتەدا دەسەڵاتداران زانییان رفێنەرەكان فڕۆكەكە لێدەخوڕین. لەكاتژمێر 8:59 خولەكدا، سەرنشینێكی تر بەناوی بریان سوینی هەوڵێدا پەیوەندی بە هاوسەرەكەیەوە بكات، بەڵام بەردەست نەبوو، پەیوەندی بە دایكییەوە كرد‌و ئاگاداری كرد لەوەی فڕۆكەكەیان رفێندراوە، باسی لەوە كرد هەموو سەرنشینەكان لەبارەی ئەوە پرسیار دەكەن ئایا دەتوانن هەڵبكوتنە سەر كۆنترۆڵی فڕۆكەكە‌و فڕۆكەكە لە دەستی تیرۆرستەكان رزگار بكەن.  كاتێك پیتەر بۆ جاری دووم پەیوەندی بە باوكییەوە كردەوە، زیاتر شڵەژا بوو وتی:" چەقۆیان بەدەستەوەیە، دەڵێن بۆمبیشیان پێیە، وابزانم دەیڕفێنن بۆ ئەوەی بیكشێن بە بینایەكدا لە شوێنیك، بابە نیگەران مەبە، ئەگەر شتی وا رویدا، هەموو شتەكان بە خێراییەكی زۆر كۆتاییان دێت"، پیتەر پەیوەندییەكەی تەواو نەكرد‌و پچڕا.  بەر لەوەی پەیوەندییەكە بپچڕێت، باوكی پیتەر لە تەلەفۆنەكەوە گوێی لە هاواری ژنێك بوو، تەلەفزیۆنەكان دیمەنی خۆكێشانی فڕۆكەی دووەمی بە تاوەری سەنتەری بازرگانی جیهانی نیشاندا.  گوێ لە چەندین پەیوەندی سەرنشینەكانی فڕۆكەكە گیرا لەگەڵ كەسانێكەوە لەسەر زەوی، تێیدا جەخت لەسەر ئەوە دەكرا رفێنەرەكان چەقۆ‌و كەرەستەی توندیان بەدەستەوەیە، سەرباری ئەوەی هەڕەشەی ئەوە دەكەن كە بۆمبیان پێیە، بەڵام لێكۆڵینەوەكان دەریانخست ئەوە راست نییە، لە راپۆرتی لێكۆڵینەوە لە 11ی سێپتێمبەردا هاتووە، هیچ شوێنەوارێكی ماددەی تەقەمەنی لە شوێنی هێرشەكە نەدۆزراوەتەوە.  لێكۆلێنەوەكان دەڵێن هەڕەشەكەیان ناڕاست بووە‌و بۆمبیان پێ نەبووە.  بەپێچەوانەی گەشتی هێڵی ئاسمانی ئەمریكا 11، ئاڕاستەی گەشتی یۆنایتد ئیرلاینز 175 بەرەو نیویۆرك گۆڕدرا، ئامێری ناردن‌و وەرگرتنی زانیاری ناو فڕۆكەكە لەكارنەخرا، ئەمە وایكرد رادارەكان بە ئاسانی چاودێری بكەن.  فڕۆكەكە نزم بووەوە، بەسەر دورگەی ستاتن لە كەنداوی نیویۆركدا دەفڕی، بەرەو ئاڕاستەی بینای ئیمپایەر ستەیت رۆیشت، لە ساتی كۆتایدا لایدا بە ئاڕاستەی تاوەری سەنتەری بازرگانی جیهانیی. فڕۆكەكە خۆی تاوەری باكور لادا‌و خۆی بە تاوەری باشوردا كێشا. لێدانی تەپڵی مەرگ لە كاتژمێر 9:39 خولەكدا كاتێك فڕۆكەكە خۆی كێشا بە تاوەری باشوردا (38 هەزار) لیتر سوتەمەنی هەڵگرتبوو لەگەڵ (5) رفێنەرو دوو فڕۆكەوان‌و (9) كەس لە تیمی فڕۆكەكە‌و (51) سەرنشین‌و لەگەڵ پیرەژنێكی تەمەن 80 ساڵ‌و منداڵێك كە تەمەنی دوو ساڵ‌و نیو بوو.  كامێراكان بەشێوەیەكی راستەوخۆ روداوەكەیان دەگواستەوە، پارچەی ئەو فڕۆكەیەی كە تاوەری باشوری بڕی، بە بەرچاوی خەڵكەو لە ئاسمان دەكەوتە خوارەوە.  بیناكە بەتەواوەتی گڕی گرت‌و ستونی دوكەڵی لێ بەرز دەبووەوە.  دوای نزیكەی 50 خولەك، بیناكە داڕما‌و لەگەڵ زەوی یەكسان بوو، نزیكەی (2 هەزارو 600) كەس لە هەردوو هێرشەكەدا كوژران، زیاتر لە (300) كەسیان كارمەندانی فریاگوزاری بوون. لەكاتێكدا پرۆسەی فریاگوزاری بەڕێوەدەچوو، لەناو خەڵكدا ترس هەبوو لە ئەگەری روودانی هێرشێكی تر، ئەمەش دوای ئەوەی تیرۆرستەكان سەركەوتوو بوون لەوەی پلانەكەیان جێبەجێ بكەن‌و دەزگای هەواڵگری لە ئاشكراكردنی شكستی هێنا.  پلانەكەیان خەڵەتاندنی ئەمریكا بوو، كە چوو بووە ناو چەندین جەنگەوە لە وڵاتان لەرێگەی گواستنەوەی جەنگ بۆ ناو خاكی ئەو وڵاتانە.  ئەوكات بەهانەی تر بۆ مەترسییەكانی ئەمریكا هەبوو، فڕۆكەیەكی رفێندراوی تر برەو واشنتۆنی پایتەخت رۆیشت.   


(درەو):  میشاڵ عەون سەرۆكی لوبنان‌و نەجیب میقاتی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو ئیمزایان لەسەر مەرسومی پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەت لە لوبنان كرد، نەبیە بڕی سەرۆكی پەرلەمانیش ئامادە بوو لەم مەراسیمەدا.  لەماوەی یەكساڵی رابردوودا، ناكۆكی سیاسی لەبارەی پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەتەوە، بووە هۆی تەقینەوەی گەورەترین قەیرانی ئابوری لەمێژووی لوبناندا.  پێشبینی دەكرێت پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت رێگا لەبەردەم دانوستانی لوبنان لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بكاتەوە لەبارەی بڕیاردان لەسەر چەند رێوشوێنێك بۆ رزگاركردنی ئابوری وڵات لەو قەیرانەی تێیكەوتووە.  لەماوەی چەند مانگی رابردوودا، دراوی لوبنانی رێژەی 90%ی بەهای خۆی لەدەستداوە، بەپێی ئامارە فەرمییەكانیش ئێستا سێ لەسەر چواری خەڵكی لوبنان گەیشتونەتە ئاستی هێڵی هەژاریی.  پێكهاتەی كابینەی نوێی حكومەتی لوبنان بەمشێوەیە:  •    محەمەد نەجیب میقاتی- سەرۆك وەزیران •    سەعادە شامی- جێگری سەرۆك وەزیران •    بەسام مەولەوی- وەزیری ناوخۆو شارەوانییەكان •    یوسف خەلیل- وەزیری دارایی •    عەبدوڵا ئەبوحەبیب- وەزیری دەرەوەو رەوەندی دەرەوە •    وەلید فەیاز- وەزیری وزەو ئاو  •    جۆنی قرم- وەزیری پەیوەندییەكان •    عەباس حەلەبی- وەزیری پەروەردەو خوێندنی باڵا •    هێنری خوری- وەزیری داد •    موریس سەلیم- وەزیری بەرگری نیشتمانی •    عەلی حمیە- وەزیری ئەشغال‌و گواستنەوە •    فراس ئەبیەز- وەزیری تەندروستی گشتی •    هیكتۆر حەجار- وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی •    ناسر یاسین- وەزیری ژینگە •    مستەفا بیرم- وەزیری كار •    ئەمین سەلام- وەزیری ئابوری‌و بازرگانی •    وەلید نەسار- وەزیری گەشتوگوزار •    عەباس حاجی حەسەن- وەزیری كشتوكاڵ •    محەمەد مورتەزا- وەزیری رۆشنبیری •    جۆرج دباكیان- وەزیری پیشەسازی •    جەجلا ریاشی- وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری گەشەپێدانی كارگێڕیی •    جۆرج قەرداحی- وەزیری راگەیاندن •    عسام شەرەفەدین- وەزیری كۆچبەران •    جۆرج كلاس- وەزیری وەرزش ‌و لاوان  


راپۆرت: ئیدریس ئەلبای- بی بی سی وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت پرسیاری سەرەكی كە ئێستا‌و پاش گەڕانەوەی بزوتنەوەی تالیبان بۆ دەسەڵات لە ئەفغانستان خۆی نمایش دەكات، پەیوەندی تالیبانە لەگەڵ هاوپەیمانە دورمەوداكەیدا "قاعیدە". قاعیدە پابەندە بە لایەنداریی خۆی بۆ تالیبان، ئەمەش دوای ئەوەدێت بەیعەتی پێدا، بەیعەتێك كە ئوسامە بنلادن رێبەری كۆچكردنی قاعیدە لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا بە مەلا عومەری رێبەری تالیبانی دا.  سەرباری ئەوەی لەلایەن تالیبانەوە بەشێوەیەكی ئاشكرا دانی پێدا نەنراوە، بەڵام لەوكاتەوە ئەم بەیعەتە چەندجارێك نوێكراوەتەوە. بەپێی رێككەوتنی ئاشتی ساڵی 2020 لەگەڵ ئەمریكا، تالیبان رەزامەندی نیشاندا لەسەر ئەوەی رێگە بە قاعیدە یاخود هەر گروپێكی توندڕەوی تر نەدات لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیدا كاربكات، دوای دەستگرتن بەسەر كابولدا لە 15ی ئابی رابردوو، تالیبان جارێكی تر جەختی لەسەر ئەم بابەتە كردەوە.  بەڵام بزوتنەوەكە بەشێوەیەكی ئاشكرا خۆی لە قاعیدە بێبەری نەكردووە‌و قاعیدەش ئاستی دژایەتی خۆی بۆ ئەمریكا نەرم نەكردوەتەوە. بایەخی بەیعەت بەیعەت پابەندییەكی دووسەرەیە لەنێوان ئەو كەسەی بەیعەت دەدات لەگەڵ ئەو كەسەی بەیعەتەكەی پێدراوە، ئەمەش ملكەچبونی كەسێك بۆ سەركردە یاخود رێبەرێك دەخوازێت كە بەیعەتی پێدراوە. لە ئیسلامدا شكاندنی بەیعەت تاوانێكی گەورەیە.  قاعیدە، بەیعەت دەیسبەستێتەوە بە تالیبانەوە، ئەمەش لەژێر نازناوی " أمیر المۆمنین" كە بە رێبەری تالیبان‌و جێنشینەكانی دراوە.  رەنگە ئەمە یەكێك لە هۆكارەكان بێت كە لەدوای هێرشەكانی 11ی سێپتێمبەری 2001ەوە مەلا عومەر رەتیكردەوە بنلادن رادەستی ئەمریكییەكان بكات‌و بەوهۆیەوە ئەمریكا سەركرایەتی شەڕی دژی ئەفغانستان كرد.  یەكێك لە نمونە دیارەكان بۆ شكاندنی بەیعەت، رەتكردنەوەی پابەندبوون بوو بە سەركردایەتی ناوەندیی لەلایەن لقی قاعیدەی عێراقەوە، كە بووە هۆی جیابونەوەی ئەم لقە‌و دواتر رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" لێ دروست بوو.  ململانێیەكی قورس لەنێوان قاعیدە‌و رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیدا هەیە كە خۆی لە "ویلایەتی خۆراسان"ی سەربە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئەفغانستان‌و پاكستان‌و وڵاتانی دراوسێدا دەبینێتەوە.  قاعیدە تاكە گروپی جیهادی نییە كە بەیعەتی بە تالیبانی ئەفغانستان بەخشیوە. بزوتنەوەی تالیبانی پاكستانیش پێشتر بەیعەتی بە تالیبانی ئەفغانستان بەخشی‌و ئەمدواییەش دوای كۆنترۆڵكردنەوەی ئەفغانستان لەلایەن تالیبانەوە، جارێكی تر بەیعەتەكەی نوێكردەوە.  بەیعەتی پیاوی مردوو  دوای مردنی بنلادن لە ساڵی 2011دا، ئەیمەن زەواهیری جێگری بەنوێنەرایەتی رێكخراوی قاعیدە‌و هەمو لقە هەرێمایەتییەكانی، بەیعەتی بە مەلا عومەر بەخشی.  بەیعەتەكە لە ساڵی 2014دا دوای راگەیاندنی "خەلافەت" لە عێراق‌و سوریا، نوێكرایەوە.  لە تەموزی 2015دا بزوتنەوەی تالیبان رایگەیاند مەلا عومەر بەر لە دوو ساڵ كۆچی دوایی كردووە، بەیعەتی زەواهیری بۆ مەلا عومەر لەدوای مردنی، بووە هۆی شەرمەزاركردنی قاعیدە.  زەواهیری لە 13ی ئابی 2015دا جارێكی تر بەیعەتەكەی بۆ مەلا (ئەختەر محەمەد مەنسور) رێبەری نوێی تالیبان نوێكردەوە، بەڵێنی "جیهاد بۆ ئازادكردنی بست بە بستی خاكی داگیركراوی ئیسلام"ی پێدا.  مەنسور بەشێوەیەكی خێرا دانی بەوەدا نا لەلایەن "رێبەری رێكخراوێكی نێودەوڵەتی جیهادی"یەوە بەیعەتی پێدراوە، ئەمەش وەكو دانپێدانانێكی روون بوو بە ئامانجی كاری "جیهادی نێودەوڵەتی" لەلایەن رێكخراوی قاعیدەوە. ئەم هەڵوێستەش بەتەواوەتی دژی ئەو پەیامەیە كە تالیبان دەیەوێت بە جیهانی دەرەوەی بگەیەنێت كە پەیامەكەش ئەوەیە تالیبان تەنیا دەیەوێت ئیسلام لە ئەفغانستان جێبەجێ بكرێت‌و دەخوازێت پەیوەندی ئاسایی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەبێت.  كاتێك دوای مردنی مەنسور لە هێرشێكی ئاسمانی ئەمریكادا لە ئایاری 2016، هیبەتوڵڵا ئاخوندزادە رێبەرایەتی تالیبانی گرتەدەست، تالیبان بە ئاشكرا دانی بەوەدا نەنا زەواهیری بەیعەتی پێداوە، هەروەك رەتیشی نەكردەوە.  ئەم ناڕوونییە كە بەدەوری دۆخی ئێستای بەیعەتەكەدا هەیە، بوەتە هۆی مشتومڕو نادڵنیایی بەردەوام لەبارەی پەیوەندی نێوان ئەم دوو گروپەوە.  دواتر چی ؟ لەگەڵ كۆنترۆڵكردنی ئەفغانستان لەلایەن تالیبانەوە، دوو رەوت هەن كە لەململانێدان لەبارەی ئاڕاستەی بزوتنەوەكەوە.  سەرەتا ئەو پەیوەندییەی كە تالیبان بە قاعیدەوە دەبەستێتەوە، مسداقیەت‌و پێگە بە تالیبان دەبەخشێت لەناو بازنە جیهادییەكەدا، هەروەك پابەندبوونی مێژوویی بزوتنەوەكەش بە رێكخراوی قاعیدەوە وای لێدەكات سور نەبێت لەسەر دەستبەرداربوون لە هاوپەیمانەكەی دوای ئەوەی گەیشتوەتە دەسەڵات.  بەڵام بزوتنەوەكە پابەندە بەو بەڵێنانەی بەگوێرەی رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئەمریكا داویەتی لەگەڵ ئەو رێبازە پراگماتییەی كە تالیبان بۆ حوكمڕانی ئەفغانستان بەكاریدەهێنێت.  بزوتنەوەی تالیبان بەبۆنەی ئەو "سەركەوتن"ەی بەدەستیهێنا، لەلایەن رێكخراوی قاعیدە‌و ئەو گروپانەی لەناو فەلەكی قاعیدەدا دەسوڕێنەوە نامەباران كرا‌و جەخت لەسەر پێگەی "هیبەتوڵلا ئاخوندزادە"ی رێبەری تالیبان كرایەوە وەكو " أمیر المۆمنین".  تالیبان بە ئاشكرا باسی لەم نامەی پیرۆزباییانە نەكرد، ئەمە لەكاتێكدا بوو ئاماژەی بەو نامانە كرد كە لەلایەن گروپە ئیسلامییەكانی تر لە نمونەی بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینییەوە، بۆی نێردرابوو. بەڵام هەواڵی گەیشتنی (ئەمین حەق) كەسایەتی نزیك لە بنلادن بۆ ئەفغانستان، ئەوەی نیشاندا بزوتنەوەكە نایەوێت نكولی لە پەیوەندی خۆی لەگەڵ قاعیدە بكات‌و خۆی لێ بێبەری بكات.  دەوترێت قاعیدە پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ تۆڕی "حەقانی"دا هەیە، كە یەكێك لەو گروپانەیە كە لەژێر ئاڵای تالیباندایە.  ئەم مەسەلەیە تەنگژەیەك نیشان دەدات كە ئێستا روبەڕووی بزوتنەوەكە دەبێتەوە، لەلایەك ئەوەی لەتوانایدایە دەیكات بۆ ئەوەی دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە حوكمی خۆی لە ئەفغانستان‌و دەستكەوتەكانی دواتری بەدەستبهێنێت، كە ئەمە تاڕادەیەكی زۆر لەسەر ریشەكێشكردنی توندڕەوی راوەستاوە، لەلایەكی ترەوە، ناتوانێت بە ئاسانی خۆی بێبەری بكات لەو هاوپەیمانێتییەی كە بۆ ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە لەگەڵ قاعیدە هەیەتی.  هەڵگرتنی هەنگاوی لەمجۆرە، رەنگە ببێتە هۆی دوركەوتنەوەی توندڕەوەكان لەریزی بزوتنەوەكە‌و گروپە توندڕەوەكانی تر كە بەبۆنەی كۆنترۆڵكردنی ئەفغانستان لەلایەن تالیبانەوە، خۆشی زۆریان دەربڕی.   


ئامادەكردنی: درەو بەپێی داتاکانی کومسیۆنی هەڵبژاردن زیاتر کە (25) ملیۆن هاوڵاتی عێراقی مافی دەنگدانی هەیە و لە پێناو ئەو کۆکردنەوەی زۆرینەی ئەو دەنگانەدا لە چوارچێوەی (21) هاوپەیمانی و (167) پارتی سیاسی کە (58) یان لەنێو هاوپەیمانیدان و سەدان کاندید سەربەخۆو بێ لایەن و لە سەر ئاستی (83) بازنەی هەڵبژاردن (3 هەزار و 171) کاندید ڕکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی (320) کورسی و (67) کاندیدیش لەسەر ئاستی عێراق ڕکابەری بەدەستهێنانی (9) کورسی کۆتای پێکهاتەکان دەکەن، وردەکاری سیستمی هەڵبژاردن چۆنییەتی دابەشکردنی بازنەکان بەسەر هەر (18) پارێزگاکەی عێراق لە ڕاپۆرتەدا بەردەستە. عێراق لەبەردەم سیستمێکی نوێی هەڵبژاردن دواجار و دوای کۆمەڵێک ئاڵنگاری و ململانێ و کێشمەکێشمی لایەنە سیاسییەکان، عێراق بەرەو هەڵبژاردنی گشتی ئەنجومەنی نوێنەران هەنگاو دەنێت و بڕیارە ڕۆژی 10ی تشرینی یەکەمی 2021، خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراق بەڕێوەبچێت، بەپێ یاسای نوێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (9)ی ساڵی 2020، هەڵبژاردنەکە تەواو جیاواز دەبێت بەراورد بە خولەکانی پێش خۆی ئەویش بە پەیرەو کردنی؛  یەکەم: دابەشکردنی عێراق لە (18) بازنەی هەڵبژاردنەوە بۆ (83) بازنەی هەڵبژاردن، لەسەر دوو بنەما؛ 1.    پاراستنی پێگەی (25%)ی کۆتای ئافرەتان لە ئەنجومەنی نوێنەران، بەو پێیەش دەبێت لە هەر بازنەکی هەڵبژاردن لانی کەم ئافرەتێک سەربکەوێت و (83) ئافرەت کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانیان هەبێت لە کۆی (320) کورسی گشتی و (9) كورسی كۆتای (پێكهاته‌كان). 2.    پاراستنی دەقی ماددەی (49)ی بڕگەی یەکەمی دەستوری هەمیشەیی عێراق کە تێیدا هاتووە (ئەنجومەنی نوێنەران لە ژمارەیەک ئەندام پێکدێت بە ڕێژەی یەک کورسی بۆ سەد هەزار کەس لە دانیشتوانی عێراق...)، بەم پێیەش هیچ بازنەیەکی هەڵبژاردن ژمارەی ئەو کورسییانەی بۆی تەرخان کراوە کە لە نێوان (3-4) کورسیدایە، ژمارەی دانیشتوانەکەی کەمتر نییە لە (400) هەزار کەس. دووەم: گۆڕانکاری لە سیستمی هەڵبژاردن وهەڵوەشاندنەوەی سیستمەکانی پێشوو، پەیڕەو کردنی سیستمێکی نوێ، وەک لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (9)ی 2020دا هاتووە:  ماددەی (15) یەکەم: هەر پارێزگایەک بۆ چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن دابەش دەبێت. دووەم: پاڵێوراو بەشێوەی تاکەکەسی دەبێت لە بازنەیەکی هەڵبژاردن.  سێیەم: ڕیزبەندی پاڵێوراوان لە بازنەیەکی هەڵبژاردن بە بەدەستهێنانی زۆرترین ژمارەی دەنگ (اعلی اصوات) براوە دەبێت، بەپێی سیستمی براوەی یەکەم، بۆ پاڵێوراوەکانی دوای ئەویش هەر بەو شێوەیە دەبێت. بەپێی ئەم ماددەیە: 1.    عێراق بەسەر (83) بازنەی بازنەی هەڵبژاردن دابەش دەبێت. 2.    پاڵێوراو بەشێوەی تاکەکەسی دەبێت لە بازنەیەکی هەڵبژاردن، بەم پێیەش خۆپاڵاوتن لە لیستی حزبەکانەوە گۆراوە بۆ پاڵێوراوی تاکەکەسی (حیزبی و بێ لایەن) و لەم حاڵەتەشدا دەنگدەر تەنها یەک دەنگ بە پاڵێوراو دەدات و دەنگ بە لیست یان قەوارەی سیاسی نادات. ئەمەش ئەمانباتە بەردەم بنەمایەکی دیکە؛ 3.    کار بە سیستمی (تاک دەنگی نەگوێزراوە) دەکرێت، واتە ئەو دەنگە زیادانەی لە پاڵێوراوێکی سەربەخۆ یان سەر بە لایەنێکی سیاسی دەمێنێتەوە ناگوێزرێتەوە بۆ کەسی تر یان کەسێكی تری لایەنه سیاسییه‌كه‌. 4.    کام پاڵیوراو زۆرترین دەنگەکانی بازنەکەی خۆی بەدەست بهێنێت بەشێوەی ڕیزبەندی سەردەکەوێت، بۆ نمونە ئەگەر بازنەیەک چوار کورسی بۆ تەرخان کرابوو، ئەوا لەو بازنەیەدا (4) پاڵێوراوی خاوەن زۆرترین دەنگ سەردەکەون به‌شێوه‌ی ڕیزبه‌ندی، بە مەرجێ: ‌‌ا. یەکێک لە سەرکەوتووەکان ئافرەت بێت. ب. ئەگەر هەر چواریان لە ڕەگەزی نێربن، ئەوا کەسی چوارەمیان جێی دەهێڵێت بۆ ئافرەتێک کە زۆرترین دەنگی نێو ئافرەتەکانی بازنەکەی خۆی بەدەستهێنابێت. ج. ئەگەر دوو پاڵێوراوی کۆتایی (کێبڕکێ لەسەر کورسی چوارەم) دەنگەکانیان یەکسان بوو، ئەوا بەپێ هەمان یاسا و ماددە، تیروپشکیان بۆ ئەنجام دەدرێت. د. ئەگەر بازنەیەک سێ کورسی بۆ تەرخان کرابووە ئەوا هەموو ڕێوشوێنەکانی خاڵەکانی (‌ا، ب، ج) ڕاستن، بە کەمکردنەوەی کورسییەک لەو بازنەیە.   دابەشبوونی بازنەکانی هەڵبژاردن و ژمارەی کاندیدە ڕکابەرەکان بەپێی داتاکانی کومسیۆنی هەڵبژاردن (25 ملیۆن و 139 هەزارو 375) هاوڵاتی عێراقی مافی دەنگدانی هەیەو لە پێناو ئەو کۆکردنەوەی زۆرینەی ئەو دەنگانەدا لە چوارچێوەی (21) هاوپەیمانی و (167) پارتی سیاسی کە (58) یان لەنێو هاوپەیمانیدان و سەدان کاندید سەربەخۆو بێ لایەن و لە سەر ئاستی (83) بازنەی هەڵبژاردن (3 هەزار و 171) کاندید ڕکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی (320) کورسی و (67) کاندیدیش لەسەر ئاستی عێراق ڕکابەری بەدەستهێنانی (9) کورسی کۆتای پێکهاتەکان دەکەن، لەم خشتانەی خوارەوە چۆنییەتی دابەشکردنی بازنەکان بەسەر هەر (18) پارێزگاکەی عێراق و دابەشکردنی کورسییەکان و ژمارەی کاندیدە ڕکابەرەکان ڕونکراوەتەوە.      .................................


ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)   بەشی چوارەم و کۆتایی ئەزموونی سی ساڵەی دەسەڵاتدارێتیی نەوەی شۆڕشگێڕانی شاخ  و پاشان منداڵەکانیان، گەواهی شکستێکی گەورەی هەمەلایەنە. ئەم ئەزموونە کوردییە هەم لەڕووە سیاسییەکەی و هەم لەڕووە ئەخلاقییەکەی و هەم لەڕووە ئابوورییەکەیەوە شکستی گەورەی هێنا. لەڕووی سیاسییەوە دەسەڵاتدارێتیی کوردیی شکستی هێنا لەوەی ئەزموونی تۆتالیتاریزمی بەعسیزم دووبارەنەکاتەوە کە تیایدا سەرۆک لەسەرووی یاساوە بوو، حیزب لەسەرووی دادگاوە و خێڵ و خێزانە سیاسییەکانیش لەسەرووی نەتەوەوە بوون. دەوڵەتی بەعس یەک سەرۆکی دیکتاتۆری هەبوو، یەک لەشکر و یەک جوگرافیای سیاسیشی هەبوو کە تیایدا سەروەر بوو. دەسەڵادارێتی کوردییش چەند سەرۆکێکی لۆکاڵیی هەیە کە یەک خەسڵەت کۆیان دەکاتەوە، ئەویش تەنها لەناوچەکەی خۆیان دەسەڵاتگەرن و لەو سنوورە تێپەڕێت دەسەڵات و خەونی دیکتاتۆربوونیان کۆتایی دێت. هەریەک لەم سوڵتانە لۆکاڵییانە خاوەن دەزگای لەشکر و پۆلیس و هێزی ئاساییش و دژەتیرۆری تایبەت بەخۆیەتی و سنووری سەروەرییشیان لەو چوارچێوە جواگرافیا لۆکاڵییەی تیایدا دەسەڵاتدارن، تێپەڕناکات. ئەم ئەزموونە کوردییە شکستی هێنا خیانەت لە دروشمە سەرەکییەکانی خۆی نەکات، کە ئازادیی و یەکسانیی و دادپەروەریی بوو بۆ کوردستانێک، کە خاوەنی یەک گەل و یەک لەشکر و یەک حکومەتی دیموکراسیی بێت. دەسەڵاتدارێتیی کوردیی شكستێکی گەورەی ئەخلاقیی هێنا، چونکە نە تاوانبارانی ئەنفال و شەنگالی دادگاییکرد و نە توانی بڕێک لە دادپەروەریی و ئارامیی ویژدانیی بۆ دەربازبووانی کۆمەڵکوژییەکان بگێڕێتەوە بەوەی کار بۆ بەجینۆسایدناساندنییان بکات و نە توانی چارەسەری ئەخلاقیی و یاسایی بۆ ئەو لێکەوتە و دەرکەوتە کۆمەڵایەتیی و سایکۆلۆژیی و ئەخلاقییانە بدۆزێتەوە کە شکستی سەربازییان دژ بە داعش بەرهەمیهێنا. لێرەدا هەم کەیسی ژنانی ئەنفال و هەم کەیسی ژنانی شەنگال دوو حاڵەتی تایبەتی زۆر شەرمائاوەرە بۆ سیاسەتی کوردیی. ئەمەو چەندان کەیسی تر لەوێنەی بێسەروشوێنانی جەنگی ناوخۆ و هتد. حوکمڕانانی شۆڕشگێڕانی دوێنێ شکستێکی ئابووریی گەورەیان هێنا، چونکە لەبری ئەوەی ئابوورییەکی نیشتیمانیی دابمەزرێنن کە تیایدا ماف و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی هاوڵاتیانی لەشێوەی ئاو و کارەبا و موچە زامنبکرێت و ئابووری قاچاخ لەناوببرێت، خۆیان بوون بە بکەری سەرەکیی ئابوورییەکی رەیعیی چەتەگەریی. ئەو ژێرخانە سیاسیی و سەربازیی و ئابوورییەی ئەم سیستەمە سوڵتانییە لەماوەی سی ساڵی ڕابردوودا بەرهەمیهێناوە، هێز و توانای روبەڕووبونەوەی هیچ تەحەدایەکی ناوخۆییی و هەڕەشەیەکی دەرەکیی نییە. سیاسەتی کوردیی کورتبووەتەوە بۆ مۆدێلێک لە ئۆپورتونیزمی سیاسیی کە بۆ مانەوە و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەم نوخبە سوڵتانییە، لەناوەوە هێز بەکاردەهێنێت و لە دەریشەوە ملکەچیی.  لەم قۆناغەی ئێستادا هەموو خێزانە سیاسییەکانی هەرێم بە نەوەی یەکەم و دووەمیانەوە، حیزب و دەزگاکانی تری حوکمڕانیی وەک کەرەسەیەک بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایە و سامان و کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان تەماشادەکەن و بەکاردەھێنن. لەم قۆناغەدا گروپە ستراتیژییە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوازی جیاواز بەشدارن لە دەسەڵات و کەڵەکردنی ساماندا. هاوشێوەی پارتی و بنەماڵەی بارزانیی، لەناو هەموو حیزبەکانی گروپە ستراتیژییە شارییەکانیشدا تەوریسی سیاسیی جێبەجێکراوە و بەپرۆسەی جیاواز گۆڕاون بۆ دەزگایەکی خێزانیی. میکانیزمی پەیوەندی نێوان سەرۆکی حیزبەکان و ئەندامەکانیان لەڕووی وەزیفەوە هاوتایە بە پەیوەندی شێخ و موریدەکانی یان سەرمایەدار و کارمەندەکانی. وەزیفەی سەرەکیی حیزب لە هەرێمی کوردستاندا بووە بە بەخشینی پۆستە هەرەباڵاکان بە سەرۆکەکان و پێگەی سیاسیی و ئیداریی گەورەش بە منداڵەکانیان و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ خزم و کەسوکار و ئەندامانی حیزبەکانیان. لەناو ئەم مۆدێلە دەسەڵاتدارێتییە و لەناو هەردوو کایەی دەسەڵات و ئابووریی رەیعییدا، گروپە ستراتیژییەکان بە پرۆسەیەکی خێرا گەشەدەکەن بۆ چینێکی ئۆرستۆکراتیی کۆمەڵایەتیی نوێ. بە پێی ئامارەکانی دەزگای یەکێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان لە ساڵی 2016 لە هەرێمی کوردستاندا (30) ملیاردێر و (10) هەزار و (800) ملیۆنێر هەبووە. زۆرترین ژمارەی ملیاردێرەکان لە سنووری پارێزگای هەولێردا بوون كە ژمارەیان دەگاتە (18) و لە سنووری پارێزگای سلێمانی (5) ملیاردێرە و (5) ملیاردێریش لە سنووری پارێزگای دهۆك وەبەرهێنانیان کردووە. بەپێی ئەو داتایانەی کە لەبەردەستدان زۆرینەی دەوڵەمەندەکانی هەرێم دانیشتووی پارێزگای هەولێرن و پاشان دهۆک بە پلەی دووهەم دێت و سلێمانیش پلەی سێهەمی بەردەکەوێت. ئەمەش مانای ئەوەیە کە چ گروپێکی ستراتیژیی و چ ناوچەیەک لە نێوەندی دەسەڵاتدا بێت یان نزیک بێت لێی، شانسی دەوڵەمەندبوونی خێرا و کەڵەکەکردنی سەرمایەی زیاترە. ئەو ڕاستییەی کە ژمارەی دەوڵەمەندەکانی هەرێمی کوردستان لە دەوڵەتێکی وەک هۆڵەندا زیاترە مانای ئەوە نییە کە هەرێم خاوەن ئابوورییەکی بەهێز و بەرهەمهێنە، بەڵکو تەوا بەپێچەوانەوە، گەواهی ئەوەیە کە دابەشکردنی سامان لە هەرێمی کوردستاندا وابەستەی شوێنگە و چەشنی پەیوەندی و خزمایەتییە بە حیزب و خێزانە سیاسییەکانەوە. بەم چەشنە ئەم چینە ئۆرستۆکراتییە نوێیە ناو کۆمەڵگای کوردستان کە لە ماوەی تەمەنی سیاسیی ئەم دەسەڵاتدارێتییە سوڵتانییەدا دروستبووە، چینێکە ڕاستەوخۆ وابەستەی پێگەی دەسەڵاتە کە لە ڕێگای پەیوەندیی خێزانیی ئەو گروپانەوە مۆنۆپۆڵی کایەی ئابوورییان کردووە. واتە بوونی ئەم حیزبە بنەماڵەییانە لەناو کایەی دەسەڵاتدا چینێکی سوڵتانیی نوێی لە هەرێمی کوردستاندا بەرهەمهێناوە، نەک گەشەی ئابووریی ئاسایی و وەبەرهێنانی سەرمایەی خۆیان.


ئامادەكردن: هەڵمەت محەمەد شكور - ئەندامی ژوری توێژینەوەكان     كابـینەی یـــەكەم (04/07/1992)     كابــــینەی دووەم (25/04/1993)     كابینەی ســـێیەم، كابینەی چوارەم: •    حكومەتی هەرێمی كوردستان/ هـەولێر  أ‌.    كابینەی: د. ڕۆژ نوری شاوەیس - 26/09/1996 ب‌.    كابینەی: نیچیرڤان ئیدریس بارزانی – 20/12/1999 •    حكومەتی هەرێمی كوردستان/ سلێمانی  أ‌.    كابینەی: كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی - كۆتاییەكانی/ 1996 ب‌.    كابینەی: د. بەرهەم ئەحمد صالح - 20/01/2001، لە 04/07/2004 (عمر فتاح حسین – بە وەكالەت)، درێژەی بەم كابینەیە داوە.     كابینەی پێنجـەم (07/05/2006)  - یەكگرتنەوە     كابینەی شـەشـەم (28/10/2009)     كابینەی حەوتەم (05/04/2012)     كابینەی هەشتەم (18/06/2014) – حكومەتی بنكە فراوان     كابینەی نۆیەم (10/7/2019 – تا ئێستا) كابینەی یەكەم و دووەم - هاوبەش دوای راپەرینە جەماوەرییەكەی باشوری كوردستان (باكوری عێراق)، دژ بە ڕژێمی بەعس، لە (50/30/1991) كە لە قەزای ڕانیەوە دەستی پێكردو لە (21/30/1991) گەیشتە پارێزگای كەركوك. هاوكاتیش، لەلایەكی دیكەوە ئەنجومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان، بڕیاری ژمارە (688) دەركرد لە بەرواری (50/40/1991)،  ناوەڕۆكی بڕیارەكەش ئیدانەی رژێمی بەعسی كردبوو بەرامبەر بەو سەركوتكارییەی گرتبوویەبەر دژ بە هاوڵاتیانی عێراق و بەتایبەتیش لە ناوچە كوردییەكان، و تیایدا داوای ڕاگرتنی ئەو سەركوتكارییەی كردبوو كە ڕژێم ئەنجامی دەدا، بە بەڵگەی ئەوەی ئەم كارانە هەڕەشەیە بۆسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی. دوو هۆكاری پێشوو كە ناوخۆی و دەرەكی بوون فشاری زۆری بۆ سەر ڕژێمی پێشوو هێنا و ناچاری كرد، كە بڕیاربدات بە پاشەكشە پێكردنی دامودەزگا ئیدارییەكانی لە هەرسێ پارێزگای (هەولێر، سلێمانی و دهۆك) لە (23/10/1991)، ئەم بڕیارەی ڕژێم بووە هۆی دروستبوونی بۆشایی گەورەی ئیداری و سیاسی و یاسایی لە ناوچەكەدا، ئەم هۆكارە پاڵنەری گەورە بوو بۆ ئەزمونی خود موختاری "الحكم الژاتی" كوردانی عێراق، بۆیە دواتر ئەم ئەزمونە ڕێگە خۆشكەربوو بەرەی كوردستانی كە یاسای هەڵبژاردن و كۆمەڵێك یاسای پێویست دابڕێژێت لەپێناو ڕێخۆشكردن بۆ دروستكردنی حكومەتێكی خۆماڵی لە داهاتووی نزیكدا.  هەرچۆن بوو لە (19/50/1992) یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی "دیموكراسیانە" بە چەند كەموكوڕیەكەوە لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، بەڵام دواتر بەهۆی ڕێكنەكەوتنی لایەنەكان، هەردوو حیزب (پارتی و یەكێتی) بڕیاریاندا پێكەوە پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبەرن و بە سیستمی فیفتی بە فیفتی (پەنجا بە پەنجا) پەرلەمانیان پێكبهێنا، پەرلەمانیش یەكەم دانیشتنی خۆی گرێدا لە (40/60/1992)، تیایدا دەیان یاساو بڕیارو تعلیماتی دەركرد و لە (50/70/1992) متمانەی بە كابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەخشی، هەردوو حیزب پۆستە حكومییەكانیشیان لە نێوان خۆیان و چەند پارتێكی بچوك دابەشكرد، بۆ پێكهاتەی كابینەكەش (بڕوانە خشتەی ژمارە -1-)، پاش ڕاپەڕاندنی كۆمەڵی ئەركی ئیداری و هەوڵدان بۆ ڕێكخستنەوەی بارودۆخەكەو دامەزراندنی كارمەندی نوێ لە دام دەزگا حكومییەكان، كە لەو كاتەدا گرفتی گەورە هاتبووە بەردەم حكومەت، بۆ پڕكردنەوەی ئەو پۆستانەی پێویستی بە پسپۆڕی بوو، بۆیە پاش ماوەیەك هەوڵیاندا هەندێك لەو كارمەندانەی پێشتر لەسەردەمی حیزبی بەعسدا كاریانكردبوو، بیانگێڕنەوە بۆ كارەكانی خۆیان، هەرچۆن بوو، هەردوو حیزبی باڵادەست پارتی و یەكێتی ئەم كابینەیەیان بەڕێكرد سەرەڕای كۆمەڵێك ناكۆكی كابینەی دووەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان پێكهێنا، لە (25/04/1993)، بەڵام گۆڕانكارییەكان زیاتر لە سەر ئاستی شەخسەكان بوو. بە بەراورد لەگەڵ كابینەی یەكەمدا، دابەشكردنەوەی پۆستەكان شتێكی ئەوتۆیان نەگۆڕی، سەبارەت بە چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان (بڕوانە خشتەی ژمارە -2-). خشتەی ژمارە (1) خشتەی ژمارە (2) كابینەی سـێیەم و چوارەم – جیابوونەوە •    حكومەتی هەرێمی كوردستان/ هـەولێر  أ‌.    كابینەی: د. ڕۆژ نوری شاوەیس - 26/09/1996 ب‌.    كابینەی: نیچیرڤان ئیدریس بارزانی – 20/12/1999 •    حكومەتی هەرێمی كوردستان/ سلێمانی  أ‌.    كابینەی: كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی - كۆتاییەكانی/ 1996 ب‌.    كابینەی: د. بەرهەم ئەحمد صالح - 20/01/2001، لە 04/07/2004 (عمر فتاح حسین – بە وەكالەت)، درێژەی بەم كابینەیە داوە. دوای بەروپێشچوونێكی كەم لە حكومڕانی خۆماڵی، ئەزمونەكە شكستی خواردو توشی شەلەل بوو، ئەویش بەهۆی ململانێی نێوان هەردو پارتی دەسەڵاتدار (پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان)، سەرەڕای ئەوەی حكومەتێكی هاوبەشیان دروستكردبوو، ململانێكەیان هێند گەرم بوو لە (01/05/1994) گڕی گرت،  دروستبوونی شەڕی ناوخۆ ڕێگربوو لەبەردەم هەر پێشكەوتنێكی سیاسی یاسایی ئابووری ... هتد لە هەرێمی كوردستان، ئەم شەڕەش تا كۆتاییەكانی 1996ی خایاند، هۆكاریش بوو بۆ جیاكردنەوەی كوردستان لە نێوان سەوز و زەردداو، هەر لایەنەو لە نفوزی خۆی حكومەتی هەولێر و سلێمانیان پێكهێنا، پارتی دیموكراتی كوردستان لەماوەی نێوان (26/09/1996 – 06/05/2006) دوو كابینەی حكومەتی لە ناوچەی زەردا دروستكرد (بڕوانە: هەریەك لە خشتەی ژمارە – 3 – و ژمارە – 4 –) سەبارەت بە دابەشكردنی پۆستەكان. یەكێتیش بە هەمان شێوە لە (كۆتاییەكانی 1996 – 06/05/2006) دوو حكومەتی دروستكرد، كە دووەمیان لەلایەن د.بەرهەم ئەحمد صالح - 20/01/2001 پێكهێنراوەو دواتر لە 04/07/2004 (عمر فتاح حسین – بە وەكالەت)، جێگەی گرتووەتەوە. دەربارەی دابەشكردنی پۆستەكانیش لە حكومەتەكانی سلێمانی (بڕوانە: هەریەك لە خشتەی ژمارە – 5 – و ژمارە – 6 –)  خشتەی ژمارە (3) خشتەی ژمارە (4) خشتەی ژمارە (5) پێكهاتەی كابینەی سێیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان/سلێمانی خشتەی ژمارە (6) كابینەی پێنجـەم- یەكگرتنەوە دوای ئەوەی شەڕی ناوخۆ لە 01/05/1994 لە نێوان یەكێتی و پارتی هەڵگیرسا، ئەم شەڕە درێژەی هەبوو تا ڕێككەوتنی واشنتۆن لە 17/09/1998 لە نێوان هەردوولادا، ئەو ڕێككەوتنەش لە ژێر فشاری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بوو، باردۆخەكەی پێشوو (دووئیدارەیی) هەر بەردەوام بوو، ڕێككەوتنی واشنتۆنیش تەنها بوو بە هۆی غیابی شەڕ لە نێوان ئەم دوو پارتەدا، تا پەرلەمانی كوردستان لە ساڵَی 2002، یاسای ژمارە (16)ی ساڵی 2002ی پەسەند كرد بەناوی ( قانون تصدیق اتفاقیە واشنگن لإحلال السلام فی إقلیم كوردستان العراق المبرمە بین قیادتی الحزب الدیقراگی الكوردستانی وأتحاد الوگنی الكوردستانی).     ئەم هەنگاوانە تەنها ڕێگربوون لە هەڵگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆ، ئەگەر نا لە ڕووی گۆڕانكاری ئیداری و بەڕیوەبردنی هەرێمی كوردستان، هیچ گۆڕانكاری دروست نەكرد، بارودۆخەكە بە دۆگمایی مایەوە تا پرۆسەی ئازاد كردنی عێراق لە (19/04/2003) لە لەیەلان ئەمریكاو هاوپەیمانەكانییەوە، لێرە بەدواوە زەرورەتی گۆڕنكاری ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە ڕووی بەڕێوەبردنەوە زۆر زیادی كرد،  دیسانەوە پرسی هەڵبژاردن هاتە كایەوەو لە (15/09/2005) یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە ئەنجامدرا بووە خولی دووەمی پەرلەمان، دواتریش لە (21/01/2006) تاڵەبانی و بارزانی ڕێككەوتننامەیەكیان مۆركرد بە ناوی (رێككەوتنی سەرلەنوێ‌ یەكگرتنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان)، لە (07/05/2006) پەرلەمانی كوردستان متمانەی بە كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێم بەخشی. (سەبارەت بە پێكهاتەی ئەم كابینەیەش بڕوانە خشتەی ژمارە - 7 -). ئەم كابینەیەش زۆرترین قسەوباسی لێكرا لەكاتی خۆی، چونكە تەنها بە ناو یەكگرتنەوە بوو، بەبەڵگەی ئەوەی چەند پۆستێكی نوێی وزرای سەریهەڵدا ئەویش بەهۆی ڕێكنەكەوتنی پارتی یەكێتی سەبارەت بە چونییەتی دابەشكردنی پۆستەكان بەتایبەت پۆستی وەزارەتەكانی دارایی و ناوخۆ و پێشمەرگە، بەهەر حاڵ ئەم هەنگاوە گرنگ بوو، چونكە بەلای كەمەوە هەرێمی كوردستانی لەو بارودۆخە دۆگماییەی پێشتر توشی ببوو، ڕزگاری بوو. خشتەی ژمارە (7) كابینەی شەشەم: خولی سێیەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە (25/07/2009) قۆناغێكی نوێ بوو لە هەرێمی كوردستان، ئەویش بەهۆی سەرهەڵدانی تەوژمێكی نوێی سیاسی، كە بووە یەكەمین ئەزموونی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز لە هەرێمی كوردستان، هەرچۆن بوو پارتی و یەكێتی بەهۆی ئەوەی پێشتر ڕێككەوتننامەیەكی ستراتیجیان ئیمزا كردبوو لە نێوان خۆیاندا، بەپێی ئەو رێككەوتنەو بەدەستهێنانی زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان، كابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان پێكهێنا، كە لە (28/10/2009) متمانەی لە پەرلەمانی كوردستان وەرگرت. (سەبارەت بە پێكهاتەی ئەم كابینەیەش بڕوانە خشتەی ژمارە - 8 -).  هەر بەپێی هەمان ڕێككەوتنی ستراتیجی هەردوو حیزب لەسەر ئەوە ڕێككەوتبوون كە هەریەكەیان (2) ساڵ حكومەت بەڕێوەبەرن، بۆیە دوای ئەوەی كابینەی شەشەم لە (28/10/2009 – 04/04/2012) یەكێتی پۆستی سەرۆك وەزیرانی لەلابوو، لە (05/04/2012) ئەم پۆستە درایەوە بە پارتی و كابینەی حەوتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان پێكهێنا. (سەبارەت بە پێكهاتەی ئەم كابینەیەش بڕوانە خشتەی ژمارە - 9 -). خشتەی ژمارە (8) خشتەی ژمارە (9) كابینەی هەشتەم: خولی چوارەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە (21/9/2013) بەڕێوەچوو، پێكهێنانی ئەم كابینە گفتوگۆیەكی زۆری لە بارەوەكراو نزیكەی نۆ مانگی خایاند تا ئەوەی لایەنە سیاسییەكان گفتوگۆی خۆیان بكەن و بگەنە ڕێككەوتنێك بۆ دروستكرنی حكومەتێكی بنكە فراوان ، سەرئەنجام كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان لە (18/06/2014) متمانەی لە پەرلەمانی كوردستان وەرگرت. (سەبارەت بە پێكهاتەی ئەم كابینەیەش بڕوانە خشتەی ژمارە -10-).  خشتەی ژمارە (10) كابینەی نۆیەم: خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە (31/9/2018) بەڕێوەچوو، دوای گفتووگۆی لایەنەكان بە بەشداری (پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان) لە (10/07/2019) كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان متمانەی لە پەرلەمانی كوردستان وەرگرت. (سەبارەت بە پێكهاتەی ئەم كابینەیەش بڕوانە خشتەی ژمارە -11-).  خشتەی ژمارە (11)     كێن ئەوانەی بە فعلی وەزیربوون ..كابینەی یەكەم تا كابینەی نۆیەم http://file:///D:/444/%DA%A9%DB%8E%D9%86%20%D8%A6%DB%95%D9%88%D8%A7%D9%86%DB%95%DB%8C%20%D8%A8%DB%95%20%D9%81%D8%B9%D9%84%DB%8C%20%D9%88%DB%95%D8%B2%DB%8C%D8%B1%D8%A8%D9%88%D9%88%D9%86.pdf


درەو: مانگی رابردوو تالیبان  هێرشیكردە سەر كابوڵی پایتەختی ئەفغانستان و لەماوەیەكی كورتداو بەبێ‌ شەڕ كۆنترۆڵی كرد,هەرەسهێنانی خێرای سوپای ئەفغانستان جیهانی توشی شۆك و سەرسوڕمان كرد كە چۆن سوپایەكی مەشقپێكراو‌و هاوكاریكراو لەلایەن خۆرئاواوە بەو ماوە كەمە هەرەسی هێنا‌و داڕما. چەند بەرپرسێكی دیاری حكومەتی پێشووی ئەفغانستان لە لێدوانیاندا بۆ  ئاژانسی فرانس پرێس دەڵێن سەركەوتنی بروسكە ئاسای تالیبان بە تەواوەتی پێشبینی نەكراو نەبوو ئەوە دەرەنجامی شكستی سەركردایەتی‌و گەندەڵی بەرفراوان‌و پروپاگەندەی تالیبان بوو لەگەڵ " خیانەتی" ئەو هێزانەی كە ئەمریكا فەرماندەیی دەكردن بە خێرا كشانەوەیان. بەرپرسێكی گەورەی نزیك لە ناوەندی دەسەڵات دەڵێت كە دوو رۆژ پێش ئەوەی چەكدارەكانی تالیبان بگەنە كابوڵ ئامادەی كۆبوونەوەیەكی بەپەلە بووە كە ئەشرەف غەنی سەرۆكی پێشوو  لەگەڵ وەزیرەكانو فەرماندەكانی سوپا‌و دەزگاكانی هەواڵگری ئەنجامیداوە. بەرپرسەكە دەڵێت:" پێیان وتین كە چەك‌و تەقەمەنی‌و پارەی ئەوتۆ لەبەردەستدایە كە بتوانن بۆ ماوەی 2 ساڵ بەرگری پێ لە كابوڵ بكەن".  ئاماژە بەوەشدەدات كە 100 ملیۆن دۆلار پارەی نەقد لە بەردەستدا بووە بۆ گەرەنتیكردنی پاراستنی كابوڵ بەڵام نەتوانرا شارەكە بۆ دوو رۆژ بپارێزرێت. " درۆ" ئەو بەرپرسە ئەفغانیە كە لە ترسی تۆڵەكردنەوە نەیویستووە ناسنامەی خۆی ئاشكرا بككات دەڵێت بە رادەستكردنی كابوڵ شۆك نەبووە و دەڵێت" وەزیرەكان درۆیان بۆ ئەشرەف غەنی دەكرد‌و دەیانوت هەموو شتێك باشە بۆئەوەی بتوانن پارێزگاری لە پۆست‌و ئیمتیازەكانیان بكەن, لە كاتێكدا بزوتنەوەی تاڵیبان لە سەرتاسەری وڵاتدا هێرشی دەكرد بازنەی ناوخۆ گفتوگۆیان لەسەر چاكسازیی سیاسی دەكرد." دەشڵێت: " بە شێوەیەكی دروست كارە لە پێشینەكانمان دیاری نەكردبوو, لەگەڵ كەوتنی یەك لەدوای یەكی شارەكانی ئەفغانستان, ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی كۆبوەوە بۆ تاوتوێَكردنی سەربازیی زۆرەملێ‌‌و چاكسازی دامەزراوەیی". هێزەكانی تالیبان تەنها لە ماوەی دوو هەفتەدا هەموو ئەفغانستانیان كۆنترۆڵ كرد لە زۆربەی جارەكاندا بەبێ‌ تەقاندنی یەك فیشەك پایتەختی ویلایەتەكانیان دەگرت, بەرپرسێكی تری حكومەتی پێشووی ئەفغانستان دەڵێت: هیچ كام لەوانەی لە لوتكەی هەرەمی دەسەڵاتدا بوون رۆڵی سەركردایەتیكردنیان نەگێڕا, هیچیان قسەیان بۆ میدیاكان نەكرد بۆئەوەی دڵنیایی بدەین بە سەربازەكانمان, هیچیان نەچوونە مەیدان". ئەم راوێژكارە نزیكەی سەرۆكی پێشوو ئاماژە بەوەشدەدات كە ئەشرەف غەنی سەرۆكیش هەڵەی ستراتیژی بنەڕەتی كردووەو دەڵێت:" پێشنیازم كرد باشوور بەجێبهێڵین چونكە هێزی مرۆیی تەواوەتیمان نییە بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ بەرگری بكەین. بەڵام سەرۆك رەتیكردەوەو وتی ئەفغانستان هەمووی سەر بە حكومەتە". " گەندەڵی"  بەلای سوپای ئەفغانستانەوە وەستانەوەو خۆراگرتن بەرامبەر بە تالیبان لە هەموو ناوچەیەك ئەركێكی ئەستەم بوو, سەرەڕای چەندان ملیار دۆلار لە هاوكاری سەربازیی‌و پێشكەشكردنی كەرەستەی سەربازییو مەشقو راهێنان لەلایەن ئەمریكاوە تواناكانی سوپا بەهۆی گەندەڵییەوە زۆر كەمبوەتەوە. ئەفسەرە باڵاكانی سوپا دەستیان بۆ دزینی موچەی سەربازەكان بردووەو سوتەمەنی‌و تەقەمەنیان دەدزی و كاتێكیش شوباتی 2020 ویلایەت  یەكگرتووەكانی ئەمریكا رێككەوتنەی لەگەڵ تالیبان ئیمزاكرد بۆ كشانەوەی هێزەكانی دۆخەكە ئاڵۆزتربوو. ژەنەراڵ سامی سادات كە یەكێكە لەو فەرماندانەی سوپای ئەفغانستان كە بە ئازایەتی لە شەڕی دژ بە تالبیان بەناوبانگەو چەند رۆژێك پێش كەوتنی كرا بە فەرماندەی هێزە تایبەتەكان لە كابوڵ دەڵێت:" خیانەتمان لێكرا", نەمانی هاوكاریی ئاسمانی ئەمریكی‌و وەستانی فڕۆكەوانی سەربازی ئەفغانی دوای ئەوەی واشنتۆن كارمەندە گرێبەستەكانی بواری سیانەی فڕۆكەكانی كشانەوە, سوپای ئەفغانستان تایبەتمەندییە ستراتیژییەكەی لەدەستدا. " سریالی" سادات لە لێدوانیدا بۆ رۆژنامەی نیویۆرك تایمز دەڵێت: رێككەوتنەكەی ئەمریكا تالیبانی هاندا, چەكدارەكانی هەستی سەركەوتنیان لا دروست بوو, پێش ئەو رێككەوتنە تالیبان لە هیچ شەڕێكی گرنگدا دژی سوپای ئەفغانستان سەركەوتنی بەدەستنەهێناوە, بەڵام دوای رێككەوتنەكە رۆژانە دەیان سەربازمان لەدەست دەدا. سادان ئاماژە بۆ رۆژەكانی دوایی شەڕ دەكات‌و دەڵێت " سریالی" بوو, ئێمە لەسەر زەوی بە سەختی شەڕمان لەدژی تالیبان دەكرد, فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا بەسەرسەرمانەوە وەك تەماشەكەر دەهاتن‌و دەچون". سادات پاساوەكانی جۆ بادینی سەرۆكی ئەمریكای رەتدەكاتەوە كە وتبووی سوپای ئەفغانستان بەبێ‌ شەڕ هەرەسی هێناوەو دەڵێت: زۆر ئازایانە هەتا كۆتایی شەڕمان كرد. لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا 66 هەزار  سەربازمان لەدەستدا كە دەكاتە یەك لەسەر پێنجی هێزی شەڕكەرمان". دەربارەی سەربازانی هێڵی پێشەوەی شەڕیش هیچ هۆكارو پاڵنەرێك نەبوو رووبەڕووی مەرگ ببنەوە كاتێك دەبین فەرماندە باڵاكانیان رادەكەن‌و ئەفسەرێكی سوپا دەڵێت:" كاتێك تالیبان گەیشتە دەروازەكانی كابوڵ سەربازەكان زانیان كە سەرۆك وڵات بەجێدەهێڵێت لەبەرئەوە شەڕیان نەكرد". بزوتنەوەی تالیبان لە جەنگەكەدا زۆر بەباشی دەزگاكانی راگەیاندنی بەكارهێنا بۆئەوەی سەربازانی سوپای ئەفغانستان خۆیان رادەستبكەن‌و ئەوەش ورەی سوپای زۆر دابەزاند, ئەو ئەفسەرە دەڵێت: ئێمە بە تەواوەتی جەنگی  نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانمان لەدەستدا, تالیبان بە سەربازەكانی دەوت كە بەبێ‌ هودە دەجەنگن چونكە لەسەر ئاستی باڵا رێككەوتن ئیمزاكراوە".  


وەرگێڕانی . ئەنوەر کەریم سەرچاوەکانی ژیاندن لە  ئابوریدا کەم و بچووکبۆتەوە  کە نیاز وابوو تەنها کاتی بێت بە هۆی کۆڕۆناوە  ساڵی داهاتوو . ئێستا وا دەردەکەوێت  بەردەوامبێت  بەهۆی بەرزبونەوەی ڕێژەی دەلتای گٶڕاوەوە.  بەرهەمی  ئاسیای  هەڵگێڕاوەتەوە بۆ کەمبونەوە لە جیاتی بەرزبونەوە  هەروەها کێشەی  پاپۆرەکانیش   بۆتە  شۆک بۆ ئابوری جیهان   چاوچنۆکی کارگەکان و  کەمی سەرچاوە پێکهێنەرەکان و  وە بەرزی نرخی  سووتەمەنی    ئەمەوایکردوە  شەڕ لەسەر  جێگەی بارەکان دروستبێت لە ناو پاپۆرەکاندا  . ئەمەش بۆتە هۆی بەرزکردنەوەی نرخی گواستنەوەی  بۆ ڕێژەیەکی زۆر بەرز  یان  جاری واهەیە  هەرگەشتی  پاپۆرەکان   کانسڵ دەکرێنەوە بەهۆی بەرزی نرخەوە.   یەکێک لە بەڕێوبەرە جێیەجێکارەکان لە کۆمپانیایەکی  میوزیکی  ئەلکترۆنی  لە هۆنگ کۆنگ  ووتی  کەرەسە سەرەتایەکانمان دەستناکەوێت  وە  کۆنتەینەرمان دەستناکەوێت وە نرخەکان ئەوەندەبە رزبونەتەوە فڕیون ،  ووتی  موگانتیس کە  لەیاری منداڵاندا بەکاردەهێنین بەڕێژەی 50%بەرزبۆتەوە . ( لەمانگی ئازارەوە) ئەمەش وایکردوە ڕێژەی بەر‌هەمهینان بەڕێژەی 7% زیادیکردوە ، ووتی  نازانم دەتوانین پارە پەیدابکەین بەهۆی ئەوەی کەنرخەکان بەردەوام  لەگۆڕاندایە .   سووربوونی  حكومەتی چین  بۆ لە ناوبردنی  كۆڤید    تەنانەت بۆ ژما رەیەکی کەمی تووشبووان  وایکردوە   کە ببێتە هۆی پەکخستنی بازرگانی . هەر ئەم مانگە حكوومەتی  چین    گەورەتین بەندەری بارکردنی شتومەک  کە سێهەمە لەسەر ئاستی جیهان،  بەناوی (نینگبۆ) بۆ ماوەی دوو هەفتە داخست   دوای ئەوەی کەزانیان یەک کەس تووشی دەلتا بووە هەر سەرەتایی ئەمساڵ ڕێڕەوێکی تری پاپۆڕیان داخست دوای ئەوەی زانیان کە ژمارەیەک کرێکار تووشی  کۆڕۆنا بووە لە ناوچەی ( شینزان).  جەنجاڵی بەندەرەکان و  کەمی ژ مارەی کۆنتەینەرەکان  بەردەوامدەبێت تا کۆتای ئەمساڵ وە لەوانەیە بگاتە نیوەی ساڵی 2022.  سەرۆكی  کۆمپانیای(ئێڤەر گرین )کە حەوتەمین پاپۆڕی گەورەی جیهانە لە ڕۆژی  20-8-2021بە ڕۆژنامەنووسەکانی ووت ئەگەر  ئەم پەتا گشتگیرە  کۆنتڕۆل نەکرێت بە کاریگەری تەواوەوە  ئەم قەرەباڵخیەی بەندەرەکان بەردەوام دەبێت.   تێچووی گواستنەوەی  کۆنتەینەرێک لە ئاسیاوە بۆ ئەوروپا  بەراورد بە  مانگی مایسی ساڵی  2020   نزیکەی 10 جار بەرزبۆتەوە ، لە کاتێکدا تێچووی گواستنەوەی  کۆنتەینەرێک لە  شەنگەهای چینەوە بۆ  لۆس ئەنجلس لە ئەمریکا  4 جار بەرزبۆتەوە . . سەرچاوەی تەزویدی  شتومەک  گواستنەوە زۆر  ناسکە بە بچوکترین ڕووداو  ئەتوانێت  ئەنجام و کاریگەری     قورس دروستبکات  لەسەر گواستنەوە .  بانکی  (HSBC)تێبینی داوە.   بەرزی نرخی گواستنەوە و  هەروەها بەرزی نرخی ( سیمی کۆنداکتەر) کە لە  لە هەموو ئالاتێکی کارەبای و  وە زۆرترین ژمارە لە ئۆتۆمبێلدا   بەکارئەهێنرێت و بەتایبەتی ئۆۆتۆمبێلی کارەبایی   ئەمە بۆتە هۆی دروستبوونی هەڵئاوسان  بەگشتی   یە كێک لە ئابوریناسانی  لە (Maybank kim) لە سنگاپورە  ووتی .  لە ئیستادا ئابوریناسانی  ئەمریکا  پێشبینیەکانیان بۆ گەشەی ئابوری کەمکردۆتەوە  ڕێژەی   پێشبینی هەڵئاوسانیان بەرزکردۆتەوە  بۆ ساڵی 2022 بە پێێی ڕاپۆرتەکانی بلومبێڕگ   رێژەی هەڵئاوسان  بۆ کۆتایی ئەمساڵ  دەگاتە 4.1% کە دوو ئەوەندەی رێژەی  سەرۆکی بانکی ناوەندیە کە 2%  بەڕێوبەرێکی تری جێبەجێکار لە هۆنگ کۆنگ  ووتی ئێمە  زەخیرەمان خستوە لە هەندێ پارچەی گرنگدا  بۆ ئەوەی بتوانین ئامێرەکانمان دروستبکەین  چونکە ئەگەر پارچەیەکمان دەستنەکەوێت  ناتوانین بەرهەمبهێنین  کە بەڕێوبەری کۆمپانیای  Town Ray Holding Ltd  کە لە 90% فرۆشیاری پێویستیەکانی  لە ناو ماڵاکانی ئەوروپادایە.   بڵاوبونەوەی ( ڤایرۆسی دێلتا)  بەتایبەتی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا   قورسی کردوە کە کارگەکان  بتوانن بکرێنەوە  . لە ڤێتنام  کە دووهەم گەورەترین بەرهەمهینەری  ( پێڵاو وجلوبەرگ) حکومەت بڕیاری دەرکردوە بۆ کرێکارەکان کە لە کارگەکاندا بخەون  بۆ ئەوەی بتوانن هەناردە بەردەوامبیت .   کۆمپانیای    ئۆتۆمبێلی تۆیۆتا   ئەڵیت  ئێمە کاریگەریمان   لەسەرە.    کۆمپانیاکە  ئاگاداری دەرکردوە  لەم مانگەدا   14 پلانتی بەرهەمهینانی   ئۆتۆمبێل لە یابان     کاری  تێدانکرێت   وە بەرهەممان بەڕێژەی 40% کەمدەکات بەهۆی نەبوونی ( CHIP) وە.   وە هەروەها لە بەریتانیا کۆمپانیاکان تووشی زەحمەتی زۆربوون بەهۆی  ئەوەی کە مەخزەنەکانیان  کەمترین  کەرەسەی تیاماوە  وەنرخەکان لەبەرزبوونەوەدان بەهەنگاوی  گەورە   لە مانگی نۆڤمبەری ساڵی 2017وە.   وە هەروەها   ئەو گەڕانەوەیە بۆ گەشە ی ئابوری ئەڵمانیادا لە ژێر هەڕەشەدایە  کە گەورەترین ئابوری   ئەوروپایە  بەشیکی بەهۆی کەمی ( ئاسن و پلاستیک و   سیمی کۆنداکتەر) وەیە.    ئابوریناسانی بلومبێرگ چی ئەڵێن ؛   قورسە ئەم کێشانەی تەزویدی  ژیانەوەی ئابوری وا بەئاسانی  چارەسەربکرێت.  کە هەندێ لەدەوڵەتە هەناردەکەرەکانی وەک ئەندەنوسیاو ڤێتنام ، تائێستاش ناتوانن کۆنتڕۆڵی  ڤایرۆسی پەتای دێلتا بکەن . ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی گەشەکردنی  بەرهەمهێنان هێواشبکاتەوە ئابوری  هێواشبکاتەوە   وە نرخی تێچوەکان بەرزبکاتەوە.    ( چانگ شوو)  بەرپرسی ئابوری ئاسیا    توخمی سەرەکی گرانبوونی شتومەکەکان دەگەڕیتەوە بۆ تێچووی گواستنەوەی شتومەکەکان . سوپەرمارکێتە گەورەکان کۆنتراکتی دوورودرێژیان هەیە  لەگەڵ ئەو کۆمپانیای کۆنتێنەرەکان .  بەلام بەرهەمهینەرەئاسیایەکان   پشتدەبەستن بە نیتۆرکی کارکرددن کە دەیان هەزار کارگەی بچوک  و مامنەوەندی  وە  ئەم بەرهەمهینارەناش  کارەکانیان ڕێکدەصەن لە گەڵ کۆمپانیای لۆجستی  بۆ گواستنەوەیان  بەڵام ئەمانەش تووشی زەحمەتی زۆردەبن  بۆ ئەوەی جتیگایان بۆ بگیرێت  لە بەرئەوەی خاوەنی پاپۆڕەکان  جێگای کۆنتێنەرەکان دەفرۆشن بە  بەرزترین نرخ ،   بەپێی  قسەکانی مایکڵ وانگ کەسەرۆکی  کۆمپانیای  Capital Management  ئەڵێت لە 60%-70 %   معامەلەی پاپۆرەکان  لە نێوان ئاسیاو ئەمریکادا    بە  ڕێکەوتنی  SPOT   ئەوکات و شوێنە یان ڕێکەوتنی   کورت مەودا.  هەتا مانگی  شوباتی ساڵی 2022 .    لە ڕوپێوێکی  ژوری پیشەسازی و بازرگانی ئەڵمانیادا کەلە نێوان 3000 کۆمپانیادا کراوە  پێشبینی ئەوەدەکەن سەرچاوەکانی تەزوید ی ئابوری کێشەکانیان بەردەوامدەبن ساڵێ داهاتوو.  بژاردە نیە پاپۆڕەکانی گواستنەوەی شتومەک  لەئێستادا    کۆنتراکتی درێژخایەن ناکەن  ، یەکێکە لە بەڕیوبەرکانی  دروستکردنی  ئامێرەکانی وەرزشی  لە تایوان  ئەڵێن زۆر زەحمەتە  بتوانرێت پلانی دارایی دابنرێت  و نرخی تێچونی گواستنەوە پێشبینی بکرێت.   زۆربەی  کۆمپانیا  چینیەکان لە ئیستادا  ئەو نرخەی  کە ئەیدەن بەگواستنەوە زیاترە  لە نرخی بازاڕ تەنها بۆ ئەوەی بتوانن هەناردەی شتومەک  بکەن ، قسەکەری گەورەترین کۆمپانیای گواستنەوە کۆریایی باشور ووتی کاتێک کەبانگیان کردین بۆ بەندەری چین  بەنزیکەی  پاپۆڕەکە پڕبوو .    ئیمە باسی پارەیەکی گەورەدەکەین بۆ  گواستنەوەی شتومەک لە ناوجیهاندا  ( سونای تان )  کە جێگری بەڕیوبەری کۆمپانیایەکی تایلاندیە بۆ دروستکردنی جل و بەرگ و جانتای دەستی  بۆ مارکە گەورەکان .   لە کاتیكدا (تان ڤان لیون) کە  جیگری بەڕیوبەری  ( فیدراسیۆنی پیشەسازی هۆنگ کۆنک) بیر لەوە دەکاتەوە کە جٶن بتوانێت  بازاڕەکان پڕبکات بۆ  بۆ ( چەژنی کریسمس ) وە هەروەها ووتی  هیوادارام  کڕیارەکان کە  شتومەکاکان  لە ناو  ڕە فەی دوکانەکاندا ئەبینن   ماچی بکەن   تابزانن ئەو شتومەکانە چەند بەزەحمەت  گەیشتونەتە ئەوێ .  سەرچاوە: https://www.bloomberg.com/news/articles/2021-08-25/the-world-economy-s-supply-chain-problem-keeps-getting-worse      


درەو: عومەر بن لادن كوڕی چوارەمی ئوسامە بن لادن سەرۆكی رێكخراوی قاعیدە كە لەلایەن ئەمریكاوە كوژرا لە شارۆچكەیەكی ناوچەی نۆرماندی لە فەرەنسا دەژی‌و سەرقاڵی هونەری شێوەكارییە. عومەری تەمەن چل ساڵ لە ماوەی رابردوودا لە كۆگایەكی فرۆشتنی كەلوپەلی بەكارهێنراودا دوووەمین پێشانگای بۆ تابلۆكانی كردەوە. عومەر وەك كەسێكی ئاسایی دەردەكەوێت بەڵام ناوەكەی بووە بە یەكێك لە ناوە بەناوبانگەكانی سەر زەوی  تابلۆكانی هەمووی ئیمزاكراون بە هەرسێ‌ پیتی  كەOBL  كە ئاماژەن بۆ ناوی خۆیی‌و ئوسامە بن لادنی باوكی. عومەر بن لادن لە بارەی هونەر‌و ناوبانگەكەیەوە دەڵێت:" باوەڕم وایە كە دەبمە شێوەكارێكی بەناوبانگ, رەەنگە لە ڤان كوخ  زیاتر ناوبانگ پەیدا بكەم". عومەر دووەمین پێشانگای خۆی لە كۆگایەكی هاوڕێیەكیدا كردەوە, لە پێشانگای یەكەمیدا لەماوەی یەك هەفتەدا 17 تابلۆی فرۆشتوە بە 700 بۆ 1000 یۆرۆ‌و پێدەچێت ئەمجارە تابلۆكانی پارەی زیاتر بكەن‌و بگاتە 1450 یۆرۆ. باسكاڵ مارتن خاوەنی ئەو كۆگایەی عومەر بن لادن پێشانگاكانی تێدا دەكاتەوە دەڵێت دوای كڕینی تابلۆكانی عومەر لە پێشانگاكانی پاریسدا بە نرخێكی بەرزتر دەفرۆشرێنەوە, ئیمزاكەی عومەر  بەتەنها بەسە بۆئەوەی كارە هونەرییەكانی بەرزبكاتەوە". عومەر بن لادن لەگەڵ زینەی هاوسەری لە شارۆچكەی " Domfront – en- Poiraie" فەرەنسا دەژی, زینە بەرتیانییەو تەمەنی 65 ساڵەو ساڵی 2007 لە قاهیرە هاوسەرگیری لەگەڵ عومەردا كردووە. پێكەنین قەدەغەیە عومەر بن لادن لە چاوپێكەوتنێكی دورودرێژدا كە ساڵی 2010  لەگەڵ گۆڤاری رۆلینگ ستۆن ئەنجامیداوە باس لەوردەكارییەكانی ژیانی دەكات لە ئەفغانستان‌و دەڵێت لە ماڵەكەیاندا میوزیك‌و سینەما‌و خواردنەوە گازییەكان‌و تەنانەت پێكەنینیش قەدەغە بووە. هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە  لەمنداڵیدا دووچاری نەخۆشی رەبۆ بووەو ئوسامە بن لادنی باوكی رێگەی پێنەداوە ئامێری هەناسەدان بەكاربهێنێت, بەڵكو ئامۆژگاری كردووە حەبی هەنگوین بەكاربهێنێت‌و هەتا سەگەكانیشی كوشتووە لە تاقیكردنەوەی كارایی چەكی كیمیایدا. لە تەمەنی 15 ساڵیدا عومەر پەیوەندی كردووە بە بنكەی مەشق‌و راهێنانی هێزەكانی قاعیدەو فێری بەكارهێنانی چەكی كڵاشینكۆف‌و تانكی سۆڤیەتی بووەو باوكی هانیداوە بچێتە ریزی ئەو كەسانەی خۆیان دەتەقێننەوە. لەكۆی 11 كوڕی ئوسامە بن لادن تەنها عومەر  هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەری ئەمریكای ئیدانە كردووە كە باوكی پلانداڕێژەری سەرەكی بوو, عومەر دەڵێت باوكی ڕێگایەكی جیاوازی گرتوەتەبەرو ئەمیش بووە بە قوربانیی ئەوەو توشی سەرسوڕمان بووە كە بەردەوام لە وڵاتە عەرەبییەكاندا بەهۆی ناوەكەیەوە بەڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵ ناكەن.


مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) ھەر کەسێک کەمەکێک سەروکاری لەگەڵ مێژووی فیکری سیاسیدا ھەبێت، بە تایبەتی لەگەڵ مێژووی فەلسەفەی سیاسییدا، ئەو دیدە ئەفلاتونییە دەناسێت کە باس لە ئایدیالترین و باشترین فۆرمی حوکمڕانیی دەکات. ئەفلاتون پێیوابوو ”حوکمڕانیی ئایدیالیی“ و ”بێ عەیب“ و ”بێ نوقسانیی“ سەر بەم ھەسارەیە نییە و تەنھا لە جیھانی ئایدیال و نموونە نەمرەکاندا بوونی ھەیە. بەڵام  ئەگەر ”حوکمڕانیی بێ عەیب“ و ”بێنوقسانیی“ مەحاڵ بێت، ئەودەم دەبێت بەدوای باشترین جۆرەکانی حوکمڕانیدا بگەڕێین. لای ئەفلاتون باشترین حوکمڕانییەک بکرێت لەسەر زەوی دابمەزرێنرێت ”حوکمڕانیی حەکیم“ەکانە، حوکمڕانیی ئەوانەی ”خاوەنی مەعریفەی کامڵ“ و ”ئەخلاقی کامڵ“ن. لای ئەفلاتون پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان زانایی و حەکیمبوون لەلایەکەوە و ئەخلاقیبوون لەلایەکی ترەوە ھەیە. باوەڕیشی وایە ئەو کەسانەی ئەم دوو شتەیان لە کەسایەتی خۆیاندا بەیەکەوە کۆکردبێتەوە تەنھا ”فەیلەسوفەکان“ن، تەنھا ئەوانن ھەم ”مەعریفەی کامڵی بێ عەیب و بێ نووقسانیی“ و ”ھەم ئەخلاقیی کامڵ و بێ عەیب و بێ نوقسانیان“ ھەیە. بۆیە حوکمڕانییە ھەرەباشەکەی ئەفلاتون ”حوکمڕانی فەیلەسوف“ان بووە، ئەو مۆدێلە لە حوکمڕانیی بە ناوی حوکمڕانیی ”پادشا-فەیلەسوف“ەوە ناسراوە. ئەم ”فەیلەسوف-پادشایە“  کەسێکە ھەم حەکیم و لێزان و شارەزایە، ھەم خاوەن مەعریفە و زانیارییەکە کە قابیلی گومانلێکردن و ھەڵەبوون نییە. ھەم خاوەن ئەخلاقێکی کامڵ و بێ عەیبە. باشترین حوکمڕانیی بەم مانایە حوکمڕانیی تاکەکسێکی زانا و حەکیم و بەئەخلاقە، ئەوەی دەیجوڵێنێت خۆشەویستیی شار-دەوڵەتەکەی و خۆشەویستی حیکمەت و زانایی و پاڵنەری ئەخلاقیی بێ عەیبە.  ئەم مۆدێلە ئەفلاتوونییە لە سەدەی بیستەم و دونیای ئەمڕۆدا دوو فۆرمی سەرەکیی لەخۆی گرتوە. یەکەمیان ئەو فۆرمەیە کە لەناو پارتە مارکسییە لێنینیستەیەکانی سەدەکەدا لەخۆی دەگرێت، فۆرمی ”سکرتێری گشتیی حیزب“ کە ھەم تیوریست و زانا و حەکیمی ژمارە یەکی ناو حیزبە، ھەم لە ڕووی ئەخلاقییەوە بێ نووقسانیی و عەیب و عارە و خەمی چینی پڕۆلیتاریا و شۆڕشی جیھانیی لەپێش ھەموو خەمە شەخسییەکانی خۆیەوەیەتی. دووھەمیان ئەو فۆرمە دینیی و نیمچەدینییە کەناوی ”مەرجەع“ی لێدەنرێت. ئەمەیان لەناو کەلەپوری شیعیزمەوە دێت و لە سەردەستی خومەینیدا بەسیاسیی دەکرێت و بەم ناوچەیەی ئێمەدا بڵاودەبێتەوە. لە ھەردوو دۆخەکەدا ”مەرجەع“ ھێما بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی و مەعریفیی و ئەخلاقیی دەکات، کە لەسەرو ھەموو دەسەڵاتەکانی ترەوەیە و کەس ناتوانێت و بۆی نییە لەو ”حەکیم- فەیەلسوف-دەسەڵاتدارە“، یان لەو ”سکرتێری گشتیی“ و ”دەبیرکول“ و ”سەرۆکی حیزبە“، بپرسێتەوە.  ئەوەی ئەمڕۆکە لە دونیای ئێمەدا قسەی لێدەکرێت و ناوی ”مەرجەع“ی لێدەنرێت، گەڕانەوەیە بۆ ئەم کەلەپوەرە تایبەتە، کە جگە لە کۆمەڵێک خومەینی و کۆمەڵێک مەلا عومەری تاڵیبان و چەند سەدام حوسەینێک و چەند ستالینێک، شتێکی تری لێ سەوزنەبووە و لێ سەوزنابێت. دروستکردنی کەسێک خاوەنی دواھەمین بڕیاربێت و ھەمووان ناچاربن گوێڕایەڵی بن و ھیچ ئامراز و میکانیزمێکیش لەئارادانەبێت بتوانێت لە بڕیار و دەسەڵاتەکانی ئەم ”مەرجەع“ە بپرسێتەوە، پرۆژەی تێکەڵکردنی خومەینیی و ستالینە بەیەکتریی.  بەڵام لەناو مێژووی فیکری سیاسیی خۆیدا، یەکەمین کەسێک ئەم دیدە ئەفلاتونییەی بۆ حوکمڕانیی ڕەخنەکردبێت و بە ھەڵەی زانیبێت، ئەرستۆی قوتابی ئەفلاتونە. ئەرستۆ پێیوابوو مەحاڵە ئەو سیفەتە پۆزەتیڤانەی ئەفلاتون باسیاندەکات لە کەسێکدا کۆببنەوە، کەسانی لەو بابەتە کە لەیەککاتدا ھەم فەیلەسوف و حەکیم و مرۆڤی تەواو ئەخلاقیی و ھەم حوکمڕان بن، ھێجگار دەگمەنن. ئەوەشی کە دەبێت بە فەیلەسوف بە دەگمەن دەبێت بە حوکمڕان، یان ئەگەری  ئەوەی پێدەبەخشرێت ببێت بە حوکمڕان. جگە لەوە گەر بە ڕێکەوتکەسێکی واش دەسکەوت، مەرج نییە دوای مردنی جێگرەوەیەکی وەک خۆی ھەبێت. مەرجنییە بەدوای حوکمڕانێکی حەکیم و ئەخلاقیدا حوکمڕانێکی حەکیم و ئەخلاقیی تر بدۆزرێتەوە. بۆیە ئەرستۆ لەباتی تەرکیزکردنە سەر کەسی حوکمڕان تەرکیز دەکاتە سەر ئەو میکانیزم و ئامرازانەی دەتوانن ڕێ لەوەبگرن حوکمڕان ببێتە کەسێک دەسەڵاتەکانی بە شێوەیەکی خراپ و ترسناک، بەکاربھێنێت. بۆیە ئەرستۆ پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت لەباتی گەڕان بەدوای ”کەسێکی باش“دا بۆ حوکمڕانیی، دەبێت ”دەستورێکی باش“ دروستبکرێت کە نەھێڵێت تەنانەت کەسە خراپەکانیش ببنە دەسەڵاتداری خراپەکار. دەستور و یاسا و دەزگا ھەبێت و نەھێڵێت ئەو کەسەی دەبێت بە دەسەڵاتدار، ببێت بۆ ستەمگەر و تاکڕەو و نابەرپرسیار. ئەرستۆ پێیوابوو دەستور و یاسا و پرنسیپە نووسراوەکان بە مردنی حوکمڕانەکە یان لاچوونی، دەمێننەوە و لەناو ناچن. ئەم وانە ھەرە سەرەتایی و دێرینە لەسەر چۆنیەتی ڕێکخستنی ژیانی سیاسیی و سیستمی حوکمڕانیی، ئەمڕۆ لە دونیای ئێمەدا لە ھەموکات زیاتر ھەنوکەیی و ئێستاییترە. ھەموو ئەوانەی باس لە پێداویستی بوونی ”مەرجەع“ دەکەن، دەمانبەنەوە بۆ دوو شوێن: بۆ سەردەمی بەر لە ڕەخنەکانی ئەرستۆ. بۆ ناو کەلەپوری ستەمگەرە دینیی و نادینییەکانی سەدەی بیستەم. 



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand