Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

راپۆرت: محەمەد رەئوف جارێكی تر دەنگۆی یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دروستبووەتەوە، بەشێكی ئەم دەنگۆ نوێیە، پەیوەندی بە فشاری پارتی دیموكراتی كوردستانەوە هەیە. پارتی دەیەوێت لە كابینەی نوێی حكومەتدا تەواوی هێزەكانی پێشمەرگە لەژێر كۆنترۆڵی سەرۆكی حكومەتی هەرێمدا بێت‌و بەشێكی تری دەنگۆكەش پەیوەندی بە فشاری نێودەوڵەتییەوە هەیە، ئێستا هەوڵێكی (ئەمریكا، بەریتانیا، ئەڵمانیا) لەئارادایە بۆ یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.  بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لەڕێگەی پڕۆژەیاسایەكەوە دەیەوێت كۆدەنگی دروست بكات، بۆ یەكخستنەوەی یەكەكانی (70و 80)ی هێزی پێشمەرگە، بەڵام پێناچێت ئەو هەنگاوەی پارتی بەئاسانی لای یەكێتی تێپەڕێت، چونكە یەكێتی پێیوایە پارتی بەم هەنگاوەی دەیەوێت هێزی پێشمەرگە لەدەستی ئەو دەربهێنێت.  بەڵام هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكات، دەیەوێت لەڕێگەی چاكسازی‌و پشتیوانی ماددی‌و لۆجستییەوە هێزەكانی پێشمەرگە یەكبخات. پرۆژەكەی هاوپەیمانان ! لە شوباتی 2017ەوە وەزارەتی پێشمەرگە بە پاڵپشتی راوێژكارانی سەربازی (بەریتانیا، ئەمەریكاو ئەڵمانیا) دەستیكردوە بە پرۆگرامی چاكسازیی‌و رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، پرۆژەكە خۆی لە (35) خاڵدا دەبینێتەوە‌و ناوی لێنراوە "پێشمەرگە لە ئایندەدا". تائێستا (5) خاڵی پرۆژەكە جێبەجێكراون، كە ئەمانەن: •    پرۆژەی ستراتیژی بەرگریی سەربازی •    كارنامەی هێزی پێشمەرگە •    بە ئەلیكترۆنیكردنی موچە •    هەماهەنگی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق •    یاساو بڕیارەكانی وەزارەتی پێشمەرگە هاوپەیمانان دەیانەوێت لەرێگەی ئەم پرۆژەیەوە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكەنە هێزێكی نیزامی‌و بەتەواوی یەكیبخەنەوە، هەوڵەكانیشیان بەردەوامە. هەوڵەكانی یەكخستنەوە لەدوای دروستبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لە ساڵی 1992 باس لە یەكخستنی هێزی پێشمەرگە دەكرێت، دوای جەولەكانی شەڕی ناوخۆو لە ساڵی 2005و پێكهێنانی كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمەوە هەوڵی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە دەدرێت، بەڵام تا ئەمڕۆش هێزە سەربازییەكان لە هەرێمی كوردستان بەسەر یەكەی (70ی یەكێتی‌و 80ی پارتی)دا دابەشبوون، پێشمەرگە ئابوونەی حیزبی دەدەن‌و كادری حیزبی كۆبوونەوەی سیاسییان پێدەكات. بەمدواییە دوو هەوڵی نوێ درا بۆ یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە: هەوڵی یەكەم/ پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ دەستپێكردنی جەنگی دژ بە "داعش"، پەرلەمانی كوردستان بە بریاری ژمارە (19) لە 23ی تەموزی 2014دا تایبەت بە هێزی پێشمەرگەی كوردستانی (21) بڕیاری دەركرد. لە بڕگەی چوارەمی بڕیارەكەی پەرلەماندا هاتووە:" پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێم هەموو هێزەكانی پێشمەرگە لەماوەی (6) مانگ لە دەرچوونی ئەم بڕیارەوە لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا وەك هێزێكی نیشتیمانی یەكبخات، بەتایبەتی یەكەكانی (70و 80)ی هێزی پێشمەرگەی كوردستان". واتا بەپێی بڕیارەكە، دوا وادە 23/1/2015 بوو بۆ یەكخستنی هێزی پێشمەرگە، چوار ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕی‌و تائێستا پێشمەرگە یەكنەخراوە.  لە شەڕی دژ بە "داعش"دا كە لە 2014 بۆ 2017 بەردەوام بوو، بەرەكانی جەنگ دابەشبوون بەسەر هێزەكانی یەكێتی‌و پارتیدا، لە خانەقین تا باشوری كەركوك لای هێزەكانی یەكێتی‌و لە رۆژئاوای كەركوك تا شەنگال لای هێزەكانی پارتی بوو، لەبری فەرماندەكانی پێشمەرگە، بەرپرسە حیزبییەكان دەكرانە فەرماندەی میحوەرەكان، لە سنوری یەكێتی (مەحمود سەنگاوی‌و عەبدوڵا بۆرو وەستا رەسوڵ) بەرپرسی میحوەرەكان بوون، لە سنوری پارتیش (كەمال كەركوكی‌و سیروان بارزانی‌و عارف تەیفور) بەرپرسی میحوەر بوون.    هەوڵی دووەم/ سەرۆكی هەرێم سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان (مەسعود بارزانی)، لە رۆ    ژی 14ی كانونی یەكەمی 2014دا (7) بڕیاری دەركرد بەمەبەستی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. لە خاڵی چوارەمدا ئاماژە بەوەكراوە:" پێویستە هەرچی زووترە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە رێكوپێكی یەكبخرێتەوە. بەشێوەیەك كە نابێ حزبایەتی تێدا بێت". لە خاڵی حەوتەمی بڕیارەكەشیدا ئەوە خراوەتەڕوو" هەر هێزێك لە دەرەوەی وەزارەت هەبێت، بەنایاسایی دەژمێردرێت‌و كەس بۆی نییە هێزی تازە لە دەرەوەی وەزارەت دروست بكات"، سەبارەت بە كاری حیزبایەتیش لەناو هێزەكاندا، لە خاڵی یەكەمدا ئاماژە بەوە كراوە" بەهیچ جۆرێك كاری رێكخستن‌و حزبایەتی لەناو وەزارەت ناكرێت‌و ئەو كەسەی بیەوێت لەناو وەزارەت حزبایەتی بكات، با دەست لەكاربكێشێتەوەو بگەڕێتەوە بۆ لای حزبەكەی خۆی"، بەڵام تەواوی بڕیارەكانی جێبەجێنەكراون، هێزی پێشمەرگە یەكنەخراوەیەوە، زۆرترین هێزەكانی یەكێتی‌و پارتی لەدەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەدان، تا ئەمڕۆ بەبەردەوامی لەناو هێزی پێشمەرگەدا حیزبایەتی دەكرێت‌و بە فەرمانی سەركردە حیزبیەكان هێزەكان دەجوڵێن، واتا تەواوی بڕیارەكانی مەسعود بارزانی لەلایەن یەكێتی‌و پارتییەوە پێشێلكراو سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمیش بەدواداچونی جدی نەكرد بۆ بڕیارەكانی خۆی.    یەكخستن یان تێكەڵكردن ؟ ئەوەی تا ئەمڕۆ باسی لێوە دەكرێت سەبارەت بە یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، تێكەڵكردنی هێزەكانی سەربە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستانە، واتا یەكخستنەكە تەنها تێكەڵكردنە، واتا هێزەكانی یەكێتی‌و پارتی لەبری ئەوەی بە جیاو لە بەرەو بارەگای جیادابن، دەخرێنە یەك بەرەو لەیەك بارەگادا، بەڵام بە ئینتیمای حیزبی یەكێتی‌و پارتییەوە، ئەم فۆرمە لە یەكخستنەوە، زوو شكست دێنی، چونكە هەركات گرژی لەنێوان یەكێتی‌و پارتیدا دروستبێت، هێزەكان جیادەبنەوە،  ساڵی 1994 هێزی پێشمەرگەی یەكێتی‌و پارتی یەكخرابوو، لەیەك بارەگادابوون، بەڵام كاتێك شەڕی ناوخۆ دروستبوو، لەماوەی نێو كاتژمێردا تەواوی هێزەكە جیابوونەوەو روبەرووی یەكتر بوونەوە. یەكخستنی هێزی پێشمەرگە پێویستی بە دروستكردنی هێزێكی تایبەتە، لەسەر بنەمای ئەكادیمی‌و تەمەن، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئینتیمای حیزبی‌و نەتەوەی جیاواز، دەكرێت وەزارەتی پێشمەرگە لە دروستكردنی ئەو هێزانەوە دەستپێبكات، نەك تێكەڵكردنی هێزی حیزبی.   پێشمەرگە بە ژمارە  ئەگەرچی تائێستا بەرەسمی ژمارەی دروستی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان ئاشكرا نەكراوە، بەڵام  بەپێی پرۆژە بودجەی 2013ی هەرێمی كوردستان كە دواین پرۆژە بودجەی حكومەتی هەرێمە، ژمارەی هێزەكانی پێشمەرگە (118هەزارو 642) كەسە.  جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان چەندجارێك لە لێدوانی رۆژنامەوانیدا بەتایبەتی بۆ میدیا عێراقییەكان باسی لەوەكردووە" ژمارەی هێزەكانی پێشمەرگە (160 هەزار)ە، بەجۆرێك پێشمەرگەی لیواكان دەگاتە (120) هەزار كەس، بێجگە لە (40) هەزار پێشمەرگەی دیكە كە هێزی یەدەگن، هەروەها (40) هەزار پێشمەرگەی خانەنشین. كۆی گشتی دەگاتە (200) هەزار پێشمەرگە".  بڕبڕەی پشتی وەزارەتی پێشمەرگە هێزەكانی (70‌و 80)ە، كە بەهەردوكیان (114 هەزار) پێشمەرگەن، بەجۆرێك یەكەی 70ی یەكێتی زیاتر لە (56 هەزار) پێشمەرگەیەو یەكەی 80ی پارتیش زیاتر لە (58 هەزار) پێشمەرگەیە.  ئەمە سەرەڕای لیوا هاوبەشەكان كە (42 هەزار) پێشمەرگە لەخۆدەگرێت، لیوا هاوبەشەكانی پێشمەرگە كە تێكەڵن لە یەكێتی‌و پارتی (14) لیوان، لە لیوای یەك تا لیوای (16)ی هێزی پێشمەرگەیە، بەڵام لیواكانی (13)و (15) دروست نەكراون، لەو ژمارەیەش فەرماندەی حەوت لیوایان پارتییەو حەوت لیواكەی دیكە یەكێتین‌و ئامری ئەو لیوایانەی پارتین جێگرەكانیان یەكێتین‌و بە پێچەوانەشەوە. موچەی پێشمەرگە بەپێی پرۆژە بودجەی 2013ی هەرێمی كوردستان (118 هەزارو 642) پێشمەرگە هەیە، كۆی بودجەكەیان بۆ موچە لەوساڵەدا (یەك ترلیۆن‌و 333 ملیارو 304 ملیۆن) دینارە، كە (11.49%)ی كۆی گشتی بودجەی ئەو ساڵەی بردووە. ئێستا موچەی مانگانەی وەزارەتی پێشمەرگە (120 ملیار) دینارە، لە یاسای بودجەی ساڵی 2019ی عێراقدا، مانگانە بڕی (68 ملیار) دینار تەرخانكراوە بۆ هێزی پێشمەرگە، پارەی ئەمریكییەكانیش مانگانە (30 ملیار دینار)ە. جیاوازی موچە ! جیاوازیەكی زۆر هەیە لەنێوان موچەی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەكانی عێراقدا: •     موچەی پێشمەرگەیەكی ئاسایی لەنێوان (490 هەزار بۆ 560 هەزار) دینارە، بەڵام سەربازێكی عێراقی مانگانە (950 هەزار) دینار وەردەگرێت. •    عەریفێك لە هێزی پێشمەرگە (627 هەزار دینار) وەردەگرێت، بەڵام عەریفێك لە سوپای عێراق (یەك ملیۆن‌و 11 هەزار) دینار وەردەگرێت. واتا موچەی پێشمەرگەو ئەفسەرێكی وەزارەتی پێشمەرگە نیو ئەوەندەی موچەی سەربازو ئەفەسەرێكە لە سوپای عێراقی. سەربازێكی ئەمریكی‌و پێشمەرگەیە خۆ ئەگەر موچەی پێشمەرگەیەك بەراورد بكرێت بە سەربازێكی ئەمریكی جیاوازییەكە زۆر گەورەترە، چونكە هەر سەربازێكی ئەمریكی ساڵانە (99 هەزار دۆلار) وەردەگرێت، كە مانگانە دەكاتە (8250 دۆلار)، رێژەی 60%ی ئەم پارەیە بۆ خواردن‌و گواستنەوەو شوێنی نیشتەجێ بوون‌و گەرەنتی پزیشكی‌و باج دەڕوات، واتا سەربازێكی ئەمریكی مانگانە (3300) دۆلاری بۆ دەمێنێتەوە، ئەمە بۆ سەربازێكی مامناوەندی ئەمریكی. پێشمەرگە مانگانە (500 هەزار) دینار وەردەگرێت، كە دەكاتە (400 دۆلار)، واتا موچەی سەربازێكی ئەمریكی (8) ئەوەندەی موچەی پێشمەرگەیەكە. ئەمە لەكاتێكدایە كەمترین موچەی سەربازێكی ئەمریكی بەبێ هیچ دەرماڵەیەك (1531) دۆلارە، بەڵام بەپێی پلەكان جیاوازە، بۆ نمونە: •    ژەنەراڵێك مانگانە (12829) دۆلار وەردەگرێت •    كاپتنێك كە 6 ساڵ خزمەتی هەبێت (4070) دۆلار •    كۆڵۆنێلێك كە 15 ساڵ خزمەتی هەبێت (6567) دۆلار وەردەگرێت  سەربازێكی ئیسرائیلی‌و پێشمەرگەیەك سەربازێكی ئیسرائیلی مانگانە نزیكەی (11 هەزار شیكل) وەردەگرێت، (1 شیكل دەكاتە 0.2518 دۆلاری ئەمریكی)، واتە هەر سەربازێك مانگانە (2766) دۆلار وەردەگرێت، بەبەراوردكردنی ئەم موچەیە لەگەڵ موچەی پێشمەرگەیەكی هەرێمی كوردستان، دەردەكەوێت سەربازێكەی ئیسرائیلی  نزیكەی (7) ئەوەندەی پێشمەرگەیەك موچە وەردەگرێت.  سەربازێكی كوەیتی‌و پێشمەرگەیەك سەربازێكی ئاسایی لە كوەیت مانگانە (600) دیناری كوەیتی وەردەگرێت، كە (1 دیناری كوەیتی دەكاتە 3.3378 دۆلاری ئەمریكی)، واتە موچەی مانگانە هەر سەربازێكی كوەیتی (2000) دۆلارە، ئەم موچەیە (5) ئەوەندەی موچەی پێشمەرگەیەكە لە هەرێمی كوردستان، كە بەشداری چەندین جەنگی كردووە، دواهەمینیان جەنگی دژ بە "داعش" بوو.  


(درەو میدیا): بەپێچەوانەی كۆمەڵی ئیسلامی‌و جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە ئەم رۆژانە هەوڵی جیابونەوە بەخۆوە دەبینن، بزوتنەوەی ئیسلامی هەوڵی یەكگرتن‌و كۆبونەوە دەدات.  ئێوارەی ئەمڕۆ لە مەكتەبی رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی لە گەڕەكی كوردساتی شاری سلێمانی، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دەكرێت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەو كۆنگرەیەدا رابەری حزب‌و ناڕازییەكان ئاشتەوایی رادەگەیەنن.  سەرچاوەیەك لەناو بزوتنەوەی ئیسلامی كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، جگە لە راگەیاندنی ئاشتەوایی لەگەڵ سەركردە زویرەكان، ژمارەیەك بەرپرس‌و كادیری كۆنی بزوتنەوەی پەیوەندی بە حزبەكەیانەوە دەكەنەوە. تائێستا نازانرێت ئەوانەی پەیوەندی بە بزوتنەوەوە دەكەن كادیرە زویرەكانی كۆمەڵی ئیسلامین یاخود نا، كە بەمدواییە دەستیان لە كاركردن لەناو كۆمەڵ كێشایەوە. ئەم جموجوڵە نوێیەی ناوخۆی بزوتنەوەی ئیسلامی لەكاتێكدایە، پارتی دەیەوێت بزوتنەوەی ئیسلامی بەشداربكات لەكابینەی نوێی حكومەتدا‌و پێشبینی دەكرێت پۆستێكی وزاری لە پشكی خۆی بە بزوتنەوە بدات. لە هەڵبژاردنی 30 ئەیلولی رابردووی پەرلەمانی كوردستاندا، بزوتنەوەی ئیسلامی بە لیستێكی هاوبەش لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی بەشداری هەڵبژاردنی كرد، لەو هەڵبژاردنەدا بزوتنەوە تاكە كورسییەكەی پەرلەمانی كوردستانی لەدەستدا‌و ئێستا هیچ نوێنەرێكی لە پەرلەماندا نییە. كۆتایی ساڵی رابردوو، شەش ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی دەستیان لە پۆستەكانیان كێشایەوە. ئەوانەی دەستیان لەكاركێشایەوە بریتی بوون، لە هەریەكە لە (كامیل مەحمود- محمد ئەمین ئاشوری- محسن محمد ئەمین- عبدالغفور چەمچەماڵ- ئارام كەمال- سەرباز خۆشناو). ئەو بەرپرسانەی كە دەستیان لەكاركێشاوەتەوە هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەیان بۆ چەند خاڵێك گەڕاندەوە، كە ئەمانە بوون: •    كۆتاییهێنان بە تاكڕەوی‌‌و قۆرخكاری لە بڕیارو بەڕێوەبردنی حزبدا. •    ئاشكراكردنی سەرچاوەكانی داهات‌و دارایی‌و چۆنیەتی سەرف‌‌و خەرجی‌و سپاردنەوەی بە مەكتەبی دارایی. •    كۆتاییهێنان بەناڕوونی لە سیاسەتی بزوتنەوەدا لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە. •    كۆتاییهێنان بە كاری بێ سەروبەری‌‌و گێڕانەوەی رۆڵ بۆ سەرجەم ئۆرگانەكانی باسك‌‌و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردیەتی لەچوارچێوەی پەیڕەو و پرۆگرامی ناوخۆی بزوتنەوەی ئیسلامی.


درەو میدیا: سبەی یەكشەممە مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا بە سەردانێكی رەسمی دەگاتە عێراق‌و لە سەردانەكەیدا بەغدا‌و بەسرە‌و هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بەسەردەكاتەوە. بە گوێرەی میدیاكانی توركیا چاوشئۆغڵۆ لە یەكەمین وێستگەی گەشتەكەیدا لە بەغدا لەگەڵ هاوتا عێراقییەكەی  محەمەد عەلی حەكیم كۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێكردنی پرسی قەرزی 5 ملیار دۆلار كە بڕیارە ئەنكەرە بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكانی شەڕی داعش بیداتە عێراق، پرسی پارتی كرێكارانی كوردستانیش تەوەرێكی تری گفتوگۆكانی وەزیری دەرەوەی توركیا‌و وەزیری دەرەوەی عێراق دەبێت. میدیاكانی توركیا ئاشكراشیانكرد چاوشئۆغڵو لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمدا پرسی پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و توركیا تاوتوێدەكات كە لە دوای ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی 2017ەوە كەمێك پاشەكشەی كردووە. هەروەها وەزیری دەرەوەی توركیا سەردانی پارێزگای بەسرەش دەكات بۆ كردنەوەی كونسوڵگەری گشتی وڵاتەكەی لەو پارێزگایە.  


درەو میدیا:  " هەریەكە لە داواكاری گشتی سلێمانی و پەرلەمانتارەكەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سكاڵایان تۆماركردووە لەسەر خاوەنی ئەو ژمارەیەی هەڕەشەی لە پەرلەمانتارەكە كردووەو دەستگیركراوە، هەروەها دەستگیراوە بەسەر كەلوپەلی ئۆفیسەكەی بە مەبەستی پشكنین بەفەرمانی دادگا ئەو فەرمانەش بەشێوازێكی یاسایی جێ بەجێ كراوە بۆ ڕێگەگرتن لە تەشەنەسەندنی كێشە و ناخۆشی لە سلێمانی،هەروەها فەرمانی دەستگیركردنیش بۆ كەسێكی تر دەرچووە تا ئێستا دەستگیرنەكراوە، جگە لەوە هیچ كەسی تر دەستگیرنەكراوە، كەسیش بێ فەرمانی دادوەر دەستگیرنەكراوە." ئەمە وتەی دادوەر عومەر ئەحمەد وتەبێژی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانییە كە بۆ دەنگی ئەمریكا قسەیکردووە. دوای ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە شادی نەوزاد پەرلەمانتاری فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە بەردەم دەزگاكانی ڕاگەیاندنی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی وتی" لەلایەن "باندێكەوە" لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ و سەرۆكی جوڵانەوەكە"شاسوار عەبدولواحید" هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی مۆنتاژكراو، بەمەبەستی ئابڕوبردنی لێكراوەو لە زوترین كاتدا سكاڵا لەسەر سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ تۆماردەكات." دادوەر عومەر رایگەیاندووە " دۆسیەیەك هەیە لەلای دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی، دۆسیەكەش لەلایەن سكاڵای ئەندامێكی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و وە دۆسیەیەكیش لەلایەن داواكاری گشتی سلێمانیەوەیە لەسەر ئەو ژمارە تەلەفۆنانەی كە بەشێوازێك لە شێوازەكان هەڕەشەی ئابڕوبردنیان لەو پەرلەمانتارە كردووە لە دادگا جوڵێنراوە، وەكو وەڵامدانەوەیەكی دادگا بۆ ئەو سكاڵایە دادگا هەستا بەدەركردنی فەرمانی دەستگیركردنی خاوەنی ئەو هێڵە، هەروەها فەرمانی پشكنین بۆ شوێنی كاركردنی خاوەنی ئەو هێڵە ئەوەبوو هەر دوێنێ پێنج شەممە فەرمانی دەستگیركردنەكە جێ بەجێ كراوە." سەبارەت بەدەستبەسەرداگرتنی كۆمپیوتەر و ئامێرەكانی پەیوەندیكردن، وتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی وتی" ئەوكەسەی دەستگیركرا بەفەرمانی دادوەر چەند ئامێرێكی كۆمپیوتەر و پەیوەندی كردنی پێوەگیراوە وە ئامێرەكان لەقۆناغی پشكنیندان و دەستیان بەسەرداگیراوە بۆ دەسكەوتنی بەڵگەكان، هەروەها ئەو فەرمانەش بەشێوازێكی یاسایی جێ بەجێ كراوە بۆ ڕێگەگرتن لە تەشەنەسەندنی كێشەو ناخۆشی لە سلێمانی ." دەربارەی دەنگۆی دەستگیركردنی " خۆبەخشانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ" بێ فەرمانی دادوەر وەك ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ لە بەیاننامەكە باسیان كرد، دادوەر عومەر ئەحمەد ڕەتی كردەوە و وتی" ئێمە وەك سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی بەدواداچونمان كردووە هیچ شتێكی لەو بابەتەمان بەدی نەكردووە و نیە وە هیچ كەسێكیش بەبێ فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە نابێت دەستگیربكرێت وە وەكو زانراوە لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك بەڕیوەبەرایەتیەكمان هەیە كە بەڕێوەبەرایەتی گرتن و گواستنەوەیە لەوێش ئەندامێكی داواكاری گشتی چاودێرە بەسەر ئەو شوێنانەدا وە هیچ كەسێك نابرێتە ئەو شوێنە و ڕاناگیرێت ئەگەر یاداشتی دەستگیركردنی دادوەری بەڕێزی لێكۆڵینەوەی پێ نەبێت." دەربارەی ئەو كەسەی دەستگیركراوە حاكم عومەر ئاماژەی بەوەكرد" بەپێی ماددەی (2)ی ژمارە 6ی ساڵی 2008 یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی مۆبایل-ە وە بەفەرمانی دادوەر دەستگیركراوە و ڕاگیراوە." ڕونیشیكردەوە" تا ئێستا یەك كەس دەستگیركراوە، وە فەرمانی دەستگیركردنیش بۆ یەك كەسی تر دەرچووە بەپێی هەمان ماددەی یاسایی، بەڵام ئەو كەسە تا ئێستا دەستگیرنەكراوە ." دەربارەی ئەوەی دەوترێت ئەندامان و خەڵكی نەوەی نوێ بێ سەروشوێن و ڕفێنراون، وتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی وتی " لەگەڵ بڵاوبونەوەی ئەو دەنگۆیە لە سۆشیاڵ میدیا و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن، پەیوەندیمان بە دادوەری ئاسایش كرد، بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش-یش بەدواداچونی كرد ، دەركەوت هیچ كەسێك بێ فەرمانی دادوەر دەستگیرنەكراوەو دڵنیایی كردینەوە كە هیچ شتێكی لەو جۆرە نیە."  


درەو میدیا: بەیانی ئەمرۆ لە دادگای سلێمانی شادی نەوزاد پەرلەمانتاری نەوەی نوێ سكاڵای لەسەر شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ تۆماركرد. دوای ئەوەی دوێنێ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا شادی نەوزاد پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاند" شاسوار عەبدولواحید و باندەكەی هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی رووتمان لێدەكەن، بۆیە داوای یاسایی لەسەر شاسوار عەبدولواحید تۆمار دەكەم" بەیانی ئەمرۆ شادی نەوزاد بە هاوڕێیەتی سیروان بابان پارلەمانتاری نەوەی نوێ، لە دادگای سلێمانی سكاڵای لەسەر شاسوار عەبدولواحید تۆماركرد كە لە ئێستادا لەدەرەوەی وڵاتەو بڕیارە ئێوارەی ئەمرۆ بگەرێتەوە شاری سلێمانی. بەرپرسێكی باڵای نەوەی نوێ ئەوەی نەشاردەوە كە ئەگەری دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید هەیە لە كاتی گەڕانەوەیدا بۆ سلێمانی، بەو پێیەی هێزە ئەمنیەكان ئەمڕۆ سكرتێرەكەیان دەستگیركردووەو دەستیانگرتووە بەسەر كۆمپیوتەر و مۆبایلەكەیدا.     


راپۆرت: فازل حەمەرەفعەت - نامیق رەسوڵ – محەمەد رەئوف "زیاتر لە 40 گرتەی ڤیدیۆی سكانداڵی سێكسی سەرۆك‌و بەرپرسانی میسرو وڵاتانی عەرەبیم لایە، ئەگەر رێگری نەكەن لە دادگاییكردنی هاوسەرەكەم، هەموویان بڵاودەكەمەوە" سۆزان موبارەك هاوسەری حوسنی موبارەك سەرۆكی لەسەر كارلابراوی میسر ساڵی 2011 بەم هەڕەشەیە هەوڵیدا پارێزگاری لە هاوسەرەكەی بكات. ئەمە دوایین جار نەبوو كە سێكس وەكو چەكێكی هەڕەشە لەبواری سیاسەتدا بەكار بهێنرێت، ئێستا لەناو رەفەی كتێبخانەكانی جیهاندا چەندین پەرتوكی سەرگوزشتەی ئاوێتەبوونی سێكس‌و سیاسەت هەن، بەمدواییانە هەندێك لەو چیرۆكانە وەرگێڕدرانە سەر زمانی كوردی. نامەیەكی مەترسیدار ! ئەمڕۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان گوێبیستی لێدوانی ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان بوون كە دەڵێت" لەڕێگەی مەسجێكەوە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆی دروستكراوم لێدەكرێت". شادی نەوزاد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ ئەمڕۆ باسی گەرمی میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی هەرێمی كوردستانە، چەند رۆژێكە دۆخی ناوخۆیی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاڵۆزی تێكەوتووە، ژمارەیەك لە بەرپرس‌و پەرلەمانتارانی ئەو جوڵانەوەیە لەگەڵ سەرۆكی جوڵانەوەكەیان (شاسوار عەبدولواحید) لە ناكۆكییەكی قوڵدان، ئەم ژنە پەرلەمانتارە كە ئەمڕۆ قسەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی داگیركردووە، یەكێكە لەوانەی كە لەناو جوڵانەوەی نەوەی نوێدا پشتیوانی بەرەی نەیارانی سەرۆكی حزبەكەی دەكات. وەكو خۆی دەڵێت، ئەو ژنە پەرلەمانتارە بۆ بێدەنگكردن‌و بەمەبەستی سیاسی هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی لێكراوە. ئەو ژنە پەرلەمانتارە بڕیاریداوە لە دادگا سكاڵا لەسەر سەرۆكی جوڵانەوەكەی تۆمار بكات، بەوپێیەی ئەو بەتۆمەتبار دەزانێت لەو هەڕەشە سێكسیەی كە لەڕێگەی مەسجێكەوە پێی گەیشتووە. پێشینەیەكی خراپ ئەنجامی كەیسی ئەم پەرلەمانتارە هەرچیەك بێت، دیاردەی بەكارهێنانی گرتەی سێكسی وەكو چەكێك بۆ هەڕەشەی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا شتێكی نوێ‌و بێ پێشینە نیە. لەگەڵ گەشەكردنی خێرای ئامرازەكانی پەیوەندیكردن گواستنەوەی كامێرا بۆسەر مۆبایل‌و جێگیركردنی لە شەقام‌و ماڵەكاندا بۆ مەبەستی پاراستن‌و سكیوریتی، دیاردەی بڵاوكردنەوەی گرتەی سێكسی ژنان‌و پیاوان پەرەیسەند. ئێستا چەندین كەیس لەبەردەم دادگاكانی هەرێمی كوردستاندان، تایبەت بەم جۆرە لە تاوانكاریی، سیاسییەكانیش وەكو پێویست لە كاتە هەستیارەكاندا پەنایان بۆ ئەم دیاردەیە بردووە، بەمەبەستی لێدان لە نەیارە سیاسییەكانیان. چەند نمونەیەك لەم ساڵانەی دواییدا كە تەكنەلۆژیا زۆر گەشەی كرد، لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن‌و ساتە هەستیارە سیاسییەكاندا چەندین حاڵەتی بڵاوكردنەوەی گرتەی سێكسی كاندید‌و كارەكتەرە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان تۆماركراوە.  هەڕەشەكان لەم بوارەدا زیاتر بە ئاڕاستەی ژنانە، لەمەشدا دۆخی هەستیاری ژن لەمەڕ بابەتە سێكسییەكان لەناو كۆمەڵگەی كوردیدا قۆستراوەتەوە‌و هەوڵدراوە لەڕێگەی ئەو چەكەوە كۆتایی بە ژیانی سیاسی ژنێك بهێنرێت یاخود لە لایەن‌و ئاڕاستەیەكی سیاسی دیاریكراو بدرێت. بەڵام ئەم دیاردەیە بەتەواوەتی لە ژناندا قەتیس نەبووە، چەندین پیاویش هەن كە ئەم ساڵانەی دوایی بەهۆی پاڵنەری سیاسییەوە ڤیدیۆی سێكسییان بڵاوكراوەتەوە یاخود هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە ڤیدیۆیانەیان لێكراوە تاكو ناچار بكرێن بە ئەنجامدانی كار یان هەنگاوێكی سیاسی دیاریكراو كە ئەوان نەیانویستووە پێشترو لە دۆخی ئاساییدا بیكەن.  •    لە هەڵبژاردنی ساڵی 2013ی پەرلەمانی كوردستاندا هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی لە ژنە كاندیدێكی بزوتنەوەی گۆڕان كرا.  •    لە گەرمەی كێشمەكێشمەكانی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە 2015دا گرتەی ڤیدیۆیی پەرلەمانتارێكی پیاوی بزوتنەوەی گۆڕان بڵاوكرایەوە. •    كۆتایی ساڵی 2016 چەند وێنەیەكی سێكسی ژنە پەرلەمانتارێك بڵاوكرایەوە كە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان بوو لە پەرلەمانی عێراق لەوكاتەدا. •    بڵاوكردنەوەی گرتەی سێكسی‌و وێنەی ژنە كاندیدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 2018دا، بەمەبەستی ناچاركردنی بە كشانەوە لە پرۆسەی خۆكاندیدكردن.  لەسەر ئاستی عێراقیش بەمدواییە ئەم دیاردەیە زیادی كرد، بەتایبەتی لەكاتی بەڕێوەچوونی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا.  لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی عێراقدا، گرتەی ڤیدیۆیی ژنە كاندیدێكی هاوپەیمانێتی (نەسر) بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی بڵاوكرایەوە، بەوهۆیەوە ئەو ژنە لە هەڵبژاردنەكان‌و پرۆسەی سیاسیش دوورخراوەیە. لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی عێراقیشدا گرتەی ڤیدیۆیی ژنێك بڵاوكرایەوە كە كاندیدكرابوو بۆ وەرگرتنی یەكێك لە وەزارەتەكان، بەو هۆیەوە ئەو ژنە چانسی وەرگرتنی پۆستەكەی لەدەستدا.  تاوان‌و سزا بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، بڵاوكرانەوەی ئەم جۆرە ڤیدیۆیانە (گرتەی سێكسی كەسەكان)‌و هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە ڤیدیۆیانە بەمشێوەیە دیاریكراوە:  •    هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی هەر بابەتێك كە پەیوەندیداربێت بە شەرەفەوە بەپێی ماددەی (430)‌و (431)ی یاسای سزادانی عێراقی، سزای تاوانبار تا (7 ساڵ) زیندانی دەڕوات، بەپێی جۆری كەیسەكە. •    بڵاوكردنەوەی هەر بابەتێك كە پەیوەندیداربێت بە شەرەفەوە لە ماددەی (438)دا دیاریكراوە، لەم حاڵەتەدا تاوانبار سزا دەدرێت بە زیندانیكردن بۆ ماوەیەك كە لە (ساڵێك) زیاتر نەبێت. واتە بەپێی یاسا، هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی هەر بابەتێك كە پەیوەندیداربێت بە شەرەفەوە سزاكەی زیاتر لە بڵاوكردنەوەی بابەتەوە، ئەو كەیسەی كە پەرلەمانتارەكەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی پێكرد، لە قۆناغی هەڕەشەدایە، واتە بڵاونەكراوەتەوە. لە هەرێمی كوردستان كەیسەكانی بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی كەسایەتییەكان بەمەبەستی لێدانی سیاسی، هەمویان بەبێ هیچ سزایەكی یاسایی بەكراوەیی ماونەتەوە. دادگاكان تائێستا هیچ كەسێكیان لەسەر بڵاوكردنەوە ئەو جۆرە ڤیدیۆیانە سزانەداوە، بەڵام لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتی ناوبەناو پۆلیسی شارەكانی هەرێم دیمەنی چەندین كەس بڵاودەكەنەوە كە لەسەر پەنابردن بۆ هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەی سێكسی لە ژنان دەستگیركراون‌و سزای یاسایی دراون. دیمەنی هەرە گەشاوەی ئەم دیاردە مەترسیدارە، ئەوەیە، هەر كاتێك كەسایەتییەك دەكەوێتە بەردەم هەڕەشەی لەكەداركردنی ناوبانگی كۆمەڵایەتی، خەڵك بەبێ لەبەرچاوگرتنی بیروباوەڕی سیاسی، كەمپەینی گەورە دەكەن بۆ پاڵپشتیكردنی كەسە بەئامانجگیراوەكان، رەنگە هۆكاری ئەم پاڵپشتییە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە هەمووان لەوە تێگەیشتوون، دیاردەی بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەكان مەترسییە لەسەر تەواوی كۆمەڵگە نەك تەنیا ئەوانەی بەئامانجدەگیرێن، بەوپێیەی لەم جۆرە كۆمەڵگایانەدا پرسی سێكس هێڵی سورەو بابەتێكی داخراوە كە ناكرێت بە ئاشكرا گوزارشتی لێبكرێت.   


راپۆرتی: سەركۆ یونس - دلێر مەحمود   كۆڕبەندی داڤۆسی ئابوری جیهانی دەربارەی فێركردن لە ڕاپۆڕتی ساڵانەیدا ئاشكرایكرد، وڵاتی ( قەتەر) لەپێشەنگدایە و پلەی شەشەمە لەسەر ئاستی جیهانی و یەكەمە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و پاشانیشینی ئەردەنیش ئاستی لە ڕیزبەندییەكە دابەزیوە و وڵاتی میسر لە پێش كۆتایی ڕیزبەندییەكەیە! ئەمەش بەپێی ڕاپۆرتی كۆڕبەندەكە هەریەكە لە وڵاتانی (لیبیا و سودان و سۆماڵ و عیراق و سوریا و یەمەن) پۆڵین نەكراوە، ئەویش بەهۆی نەبوونی ئاسانترین پێوەری دڵنیایی جۆری كە لەسەر ئەو وڵاتانە جێبەجێ كراوە. ڕاپۆرتەكەی كۆڕبەندی داڤۆسی ئابوری جیهانی بۆ لایەنی كواڵیتی فێركردن (140) وڵات دەگرێتەوە. سەنگافورە، یەكەمی ڕیزبەندییەكەیە و قەتەر شەشەمی جیهانە و یەكەمی وڵاتانی عەرەبییە، ئاستی فێركردن لە وڵاتانی دیكەدا بەم شێوەیەیە: سەنگافورە پلەی یەكەمە و پاشان سویسرا و فنلەندا و هۆڵەندا و ووڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا پلەی هەژدەهەمینە و دواتر دانیمارك و سوید بەدوایدا دێن، هەروەها ئەڵمانیا پلەی بیستەمە و فەڕەنسا بیست ودوو ئوسترالیا سی و یابان سی و یەك و ئیسپانیاش پلەی چل و حەوتی وەرگرتووە. بەپێی ڕاپۆرتەكە توركیا لە پلەی نەوەد و پێنجەمە و لە وڵاتانی عەرەبیشدا ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو پلەی دەیەمی وەرگرتووە و سعودیەش پلەی پەنجا، لەكاتێكدا وڵاتی میسر پلەی پێش كۆتایی وەرگرتووە واتە (139)مین وڵاتە لەكواڵیتی لایەنی فێركردندا. ئەمەش لەكاتێكدایە ئەم ڕاپۆرتە پشتی بەستووە بە كۆمەڵێك پێوەر كە كۆڕبەندی داڤۆسی ئابوری جیهانی دایڕشتوە و پێكهاتووە لە (12) پێوەری سەرەكی: 1-دامەزراوەكان و بیناكان. 2-داهێنان. 3-ژینگە. 4-ئابوری هەموەكی. 5-تەندروستی فێركردن. 6-فێركردنی زانكۆیی. 7-ڕاهێنان. 8-توانای بازاڕی شمەك. 9-توانای بازاڕی كار. 10-پێشكەوتنی بازاڕی دارایی 11-ڕەگەزی تەكنۆلۆژیا. 12-قەبارەی بازاڕ و گەشەسەندنی كارەكان. ڕاپۆرتی پێودانگی بیرسون لەگەڵ سەرهەڵدانی پێشبڕكێی تەكنەلۆژی و زانیاری لە دونیادا، دڵنیایی جۆری فێركردن ناپێورێت بە ناوبانگی زانكۆكان و خوێندنگە نێودەوڵەتیەكان، بەڵكو پێوەر ئاستی پڕۆگرامی خوێندن و ئاستی خوێندكارە كە بەرهەمی كۆتایی سیستمی فێركردنە. لە هەموو وڵاتێكدا چەندین دامەزراوەی جیهانی هەیە كە هەڵدەستن بە هەڵسەنگاندنی ئاستی فێركردن و‌ئەم دامەزراوانە جیاوازییان هەیە لە ڕووی ئامانج و هۆكارو و ئەو لایەنە‌ی پڕۆژەكە پارەدار دەكات. بۆ نموونە پێوەی بیرسون ئاماژە بۆ فێركردن و كارامەیی و زانیارییەكان و بەدەستهێنانی توانای زانستی جیهانی لە پۆڵینەكەیدا پێنج ووڵات هەیە كە یەكەمن لە فێركردنی بنەڕەتی، بە پشتبەستن بە چەند تاقیكردنەوەیەكی نیودەوڵەتی لەوانە: 1.ئاستی پێشكەوتن لە خوێندن و نووسینی نێودەوڵەتی ناسراو بە(بیرلز- Progress in International Reading Literacy Study (PIRLS). 2.ئاڕاستەكانی‌ نێودەوڵەتی بەدەستهێنانی خوێندن لە بیركای و زانست ناسراو بە (تیمس- Trends in International Mathematics and Science Study (TIMSS). 3.بەرنامە‌ی نێودەوڵەتی هەڵسەنگاندنی خوێندكار ناسراو بە (بیزا-Program for International Student Assessment). لەئەنجامی بەشداریكردنی قوتابییەكان لەم تاقیكردنەوە نێودەوڵەتییانە بۆ ساڵـی (2018) ڕیزبەندی ( 10) ووڵاتی یەكەم بەمشێوەی بوو: كۆریای باشور بە پلەی یەكەم و‌ ژاپۆن لە پلەی دووەم و سەنگاپورە سێیەم و هۆنگ كۆنگ چوارەم و فنلەندا پێنجەم وە وڵاتەكانی بەریتانیا و كەنەدا و هۆڵەندا و ئیرلەندا و پۆڵەندا بەدوایاندا دێن. بە گەڕانەوە بۆ ڕاپۆرتی كۆربەندی ئابوری جیهانی دوو حاڵەتی نوێ بەدی دەكرێت كە پێویستە ئاماژەی بۆبكەین، كە لە ئەنجامی ئەو پێشكەوتنانە دێت لە سیستمی فێركردندا ئەنجام دراوە ‌پێگەیەكی بەرزیان بەدەستهێناوە لە لیستی دڵنیایی جۆری لە فێركرندا. میرنشینی قەتەر بە پلەی شەشەم لە جیهان و یەكەمی ووڵاتانی عەرەبیدایە، پێشكەوتنی قەتەر لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا لە ڕاكێشانی ئاسانی توانستە پیشەییەكان بۆ ناو بازاڕی ووڵاتەكە، بەپێی ڕاپۆرتی كۆڕبەندی ئابوری جیهانی لەژێر ناونیشانی (پاشەڕۆژی هەلـی كار و لێزانینەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا ئامادەكاری هەرێمایەتی بۆ شۆڕشی پیشەسازی چوارەم) ڕاپۆرتەكە توانستی بازاڕی كار و پێشكەوتن لەسەر ئاستی چاكسازی بەستوەتەوە بە دەرهاوێشتەی فێركردن، پاش ئەوەی قەتەر پێش وڵاتانی ناوچەكە كەوتووە‌ لەسەر ئاستی دڵنیایی جۆری، هەروەها لەسیستمی‌ فێركردن توانیویەتی پلەی ( 5.6‌)ی دڵنیایی جۆری بەدەست بهێنێت، هەروەها ئەزمونی وڵاتی قەتەر بەیەكێك بە ئەزمونە سەركەرتوەكان ئەژمار دەكرێت، دوای ئەوەی دەستپێشخەری و ئامانجەكانیان بۆ ساڵی (2030)دانا و داهاتی بەدەستهێنراو لە سامانی نەوت و غاز خرایە خزمەت بواری گەشەپێدان و فێركردنەوە و ئامانجیان پێشخستنی توانای مرۆڤ بوو لە ڕێگای پڕۆگرامەكانی خوێندنی زانكۆیی و سوود وەرگرتن لە هونەری فێركردنی زانكۆیی نوێ لەدەرەوە و جێبەجێكردنی ئەزمونی وڵاتە سەركەوتوو و پێشەنگەكانی جیهانی، وڵاتی قەتەر زیاتر لە (%12) خەرجییەكانیان بۆ بواری فێركردنە واتە بەنزیكەی (6 ) ملیار دۆلار ساڵانە و بڕیارە تا ساڵی (2025) خەرجی فێركردن بگاتە سەروو (41) ملیار دۆلار. سەنگافورە نمونەی سەركەوتن. وڵاتی سەنگافورە مۆدێلێكی دیكەی ئەم پێوەرانەیە و لەماوەی (50) ساڵی ڕابردوودا لە دوورگەیەكەی نەخوێندەواری هەژار بووە بە وڵاتێكی پیشەسازی گەشەسەندوو كە ئاستی ژیانی دانیشتوانەكەی هاوتای ووڵاتانی پێشكەتوویی پیشەسازیە. لەبواری فێركردندا لە پلەی یەكەمی جیهاندایە، هۆكاری ئەم گوڕانكارییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو باوەڕەی (لـی كوان یو) سەرۆك وەزیران هەیبوو كە فێركردن هۆكاری یەكلاكەرەوەیە لەگەشەپێدانی هێزی كاركردن و بەدیهێنانی ئامانجەكانی ئابوری و كۆمەڵایەتی. دەستی بە دوو دەسپێشخەری كرد: یەكەم: (خوێندنگا بۆ بیركردنەوە‌‌، نەتەوە فێردەبێت) مەبەست لێی دەستەبەركردنی خوێندن بۆ هەموو تاكێك. دووەم: (فێركردنی كەم، فێربوونی زۆر) كە زیاتر گرنگی بدرێت بە ناوەڕۆك. ئەم دوو دەستپێشخەریە لەسەر چوار ڕەهەندی سەرەكی كاری لەسەر كرا: 1- پێداچوونەوە بە كرێی مامۆستایان و فێركاراندا. 2-پێدانی دەسەڵاتی زیاتر بەسەركردە و بەڕێوەبەرانی خوێندنگاكان و سەربەخۆییان. 3-لابردنی پشكنین و نوێكردنەوەی جیاكاری خوێندنگاكان. 4-دابەشكردنی خوێندنگاكان بۆ بەش و كۆمەڵەكان. لەڕاستیدا هەستانەوە و پێشخستنی كواڵیتی فێركردن پێویستی بەگۆڕانكاری ڕیشەیی لەم هۆكارانەی خوارەوە هەیە: 1-ئامادەكردنی مامۆستایان بەشێوەیەك كەبەرزترین كواڵیتی بێت. 2-پێشكەشكردنی باشترین پڕۆگرامی فێركردن كە گەشە بدات بەلایەنی بیركردنەوە و ئامانج لێی پڕكردنەوە و داواكاری بازاڕی كار بێت. 3-هاندانی بەشداریپێكردنی خوێندكاران بۆ چالاكی و سوود وەرگرتن لەهۆكارەكانی بەردەست. 4-دابینكردنی ئامێرو هۆكارەكانی فێركردن لە بینای خوێندنگە و سەرجەم پێداویستییەكانی تر ئامانجی سەرەكی لەم بابەتە بەراووردكردنی هەرێمی كوردستان نییە لە دڵنیایی جۆری پەروەردەكردن و فێركردن، چونكە دەوڵەتی عیراقیش كە وەك هەرێم هەژماكراوین لەگەڵیدا لەم ڕاپۆرتەدا یەكێكە لەو شەش وڵاتەی كە دوور خراوەتەوە لە پۆڵینكردنەكەدا، بەڵكو ئێمە ئێستا لە كوێی كاركردن و خۆئامادەكردنداین بۆ ئەوەی پۆلێن بكرێن و بچنە پێشەوە یان بە واتایەكی تر ئایا دەستمان كردوە بە جێبەجێكردنی پێوەرەكان؟ لە پای ئەو دەرئەنجامانەی كە پڕۆسەی فێركردن لەو وڵاتانە بەدەستی هێناوە زۆر لە چاكسازی ڕامیاری و ئابوری و كۆمەڵایەتی و شارستانی وا دەردەكەوێت تەنها ئەوەی لە وڵاتی ئێمەدا دەگوزەرێت هەڵمەتێكی نەهێشتنی نەخوێندەواریە! وە بۆ هاتنەسەر ڕێگای دەستكردن بە چاكسازی و گۆڕانكاری هەنگاونان بۆ جێبەجێكردنی دڵنیایی جۆری لە فێركردندا. لە ساڵـی (2009) ‌وەزارەتی پەروەردەی عیراق و هەرێم پڕۆژەیەكیان دەستپێكرد لە ژێر ناونیشانی (پشتگیری كردن بۆ باشتركردنی كواڵیتی فێركردن لە قوتابخانەكانی عێراقدا) وە لە لایەن ناوەندی ڕۆشنبیری بەریتانی (British council) ڕاهێنەری بكرێت و بە دەستەبەركردنی دارایی ڕێكخراوی یونسیف و یەكێتی ئەوروپا. لەژێر ناوی (بنیادنانەوی تواناكانی فێركردنی سەرەتایی و دواناوە‌ندی) بە ئامانجی چاككردنی جۆری لە فێركردن و یەكسانی لە هەلـی كاردا. بەڵام بەداخەوە ئەم پڕۆژەیە نەتوانرا بەتەواوی جێبەجێ بكرێت لەبەر كۆمەڵێك هۆكار كەدەتوانین بڵێن یەكێك لە‌ گرفتەكانی جێبەجێنەكردن شەڕی نەخوازراوی تیرۆر بوو لەگەل (داعش) و قەیرانی دارایی و دەرئەنجامەكانی هەریەكە لە شەڕ و تەنگەژەی ئابووری و ئاوارەبوون هۆكار بوون، سەرەنجام پڕۆژەكە وەك ئەوەی بۆی دانرابوو جێبەجێ نەكرێت‌ و ڕاهێنەرە نێودەوڵەتییەكان گەڕانەوە بۆ بەریتانیا. خۆشبەختانە ‌لەسەرەتای ساڵـی خوێندنی (2017 _2018) دەستكرایەوە بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە لە هەرێم و عێراق، بۆ ئەم ‌مە‌بەستەش چەندین ڕاهێنەری سەركردە ئامادەكران و بەشداری پێكران لە خولـی تایبەتدا بۆ هەریەكە لە سەرپەرشتیاران و بەڕێوەبەر و مامۆستایان ئامادەكردنیان بۆ ووتنەوەی خولی تایبەت بۆ سەرجەم سەرپەرشتیاران و بەڕێوەبەر و ژمارەیەك لە مامۆستایان. لە هەرێمی كوردستان ساڵـی خوێندنی (2017 – 2018 ) قۆناغی كۆتایی پڕۆژەكە كەوتە بواری جێبەجێكردن كە پڕۆسەیەكی نوێ بوو بەناوی (هەڵسەنگاندنی دەرەكی) كە بەشێوەیەكی ئەزموونی لە (177 ) قوتابخانە ئەنجام درا. لە ساڵی خوێندنی (2018 – 2019 ) پڕۆژەكە لە (654 ) قوتابخانەدا جێبەجێ كرا بەشێوەیەكی پراكتیكی بە گۆڕینی شێوازی سەرپەرشتیكردن و هەڵسەگاندن كە بریتی بوو لە: 1- گۆڕینی شێوازی سەرپەرشتیكردنی پەروەردەیی و هێنانەكایەی چەمكی (هاوڕێی ڕەخنەگر– critical friend) 2-ئەنجامدانی هەڵسەنگاندن لە لایەن لیژنەیەك لە دەرەوەی قوتابخانە، ئاستی جێبەجێكردنی ئەو (25) ستاندارەیە دیاریكراوە بۆ جێبەجێكردنی. پۆڵێنێكی تر كە لە ڕاپۆرتەكەی كۆڕبەندی ئابووریدا هاتووە ئاستی دڵنیایی جۆری (زاست و بیركاری) وەك لە وێنەكەدا دەردەكەوێت دەركەوتن و هاتنەپێشەوەی بۆ لوتكەی ڕیزبەندیەكە لە كۆپی ساڵی (2018 ) ووڵاتانی نوێ و لە ناویاندا وڵاتانی عەرەبی، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ جێبەجیكردنی بنەماكانی دڵنیایی جۆری لە كارگێڕی و پڕۆگرامەكانی هەردوو وانەكە و بەشداریكردنی لە هەڵسەنگاندنە جیهانیەكان بە تایبەت كە تاقیكردنەوەی ئاڕاستەكانی‌ نێودەوڵەتی بەدەستهینانی خوێندن لە بیركای و زانست (TIMSS) كە تاقیكردنەوەیەكی جیهانییە (4 ساڵ) جارێك دەكرێت و لەلایەن دەستەی نێودەوڵەتی بۆ هەڵسەنگاندنی كارامەییەكانی پەروەردەیی(of Evaluation the for Association International Achievement Educational ) كە بارەگاكەی لە هۆلەندایە ئەنجام دەد‌رێت. لە هەنگاویكی تردا وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بە هاوكاری ڕێكخراوی (یونیسیف) لە خۆئامادەكردنداین بۆ بەشداریكردن لە تاقیكردنەوەی پێوەری (TIMSS) كە لەڕێگەی پسپۆری نێودەوڵەتی پێوەرەكە سەرپەرشتی دەكرێت، بۆ ئەم مەبەستە لە ڕێكەوتی (24 /4 ) تاقیكردنەوەیەكی ئەزموونی ئەنجام دەدرێت كە ژمارەیەك قوتابخانە دیاریكراوە بۆ پۆلی (4) لە وانەكانی بیركاری و زانست بە ئامانجی بەشداریكردن لەو پێوەرەدا، كە هەریەكە لە حكومەت و وەزارەت و پڕۆگرامەكان و هەموو كەسانی پەیوەندیدار دەخاتە ژێر ئەركی بەرپرسیارێتی و بەرزكردنەوەی ئاستی دڵنیایی جۆری لە فێركردندا. ئەمەش پرۆسەیەكی گەورەیە تائێستا چەند هەنگاوێكی بۆ نراوە، بەهیوای ئەوەی ڕۆژێك بێت لە ڕیزبەندی وڵاتاندا جێگەی خۆمان بكەینەوە.   سەركۆ یونس مامۆستای ئابووری دلێر مەحمود بەڕێوەبەری سەرپەرشتیكردن  


درەو میدیا:  لە ئێستادا ململانێی توند هەیە لە نێوان فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەبەغداو بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا و لایەنی بەرامبەر كە لەگەڵ شاسوار عەبدولواحیدن. سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ كە لە دوو رۆژی رابردوودا لەگەڵ فراكسیۆنی بەغدادی نەوەی نوێ راگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوە بە ( درەو میدیا)ی راگەیاند، هیچ پاشەكشەیەك لە هەڵوێیستەكانماندا نیەو فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە بەغداو ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا (ئارام سەعید ، كاوە عەبدولقادر، راڤۆ، رابون مەعروف، شادی نەوزاد، سیپان ئامێدی، هونەر جاسم ) خۆیان بە خاوەنی نەوەی نوێ دەزانن و گرفتیان لەگەڵ هیچ كەسێكدا نییە لە نەوەی نوێ و هیچ باڵێكیش لەناو نەوەی نوێدا بونی نییە و تەنیا نەوەی نوێ هەیە  بەرەكەی تر كۆمپانیای نالیایە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد" شاسوار عەبدولواحید نوێنەرایەتی بەرژەوەنییەكانی نالیا دەكات و  بە موچەو پارە كۆنترۆڵی بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێی كردووەو كە خۆی ماوەیەك لەمەوبەر دوریخستبونەوە بە تۆمەتی سیخوری" لەلایەن خۆشیەوە گوڵاڵە محەمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ " لەگەڵ كاك شاسوار عەبدولواحید كار دەكەین و زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵا لەگەڵ كاك شاسواردان" ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ بە روداوی راگەیاندووە" ئێمە وەك زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵا رایدەگەیەنین كە ئەنجوومەنەكەمان تاكە دامەزراوە و ئۆرگانی فەرمی جوڵانەوەكەیە، وە دەنگدان لەم ئەنجومەنە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ مادەی 13 بڕگەی 7 پێویستی بە نیوە زائید یەكی دەنگەكانی ئەندامەكانی هەیە لە كۆی 13 ئەندام، كە 7 ئەندام دەكات" دەشلێت" ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ لە 13 ئەندام پێكهاتووە، ئەوانەی لەگەڵ شاسوار ماون بریتین لە " د. محەممەد رەئووف، دۆستی ئەحمەد، گولاڵە محەممەد، هەوراز زاهیر، یوسرا مەحموود، سنوور ساڵح". لەلایەن خۆشیەوە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی لەدوای دوو رۆژ لە بێدەنگی ئەمشەو لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام بە ناراستەوخۆ هێرشی كردە سەر ئەوانەی راگەیەنراوێیان بڵاوكردۆتەوەو هەڵوێستیان وەرگرتووەو رایگەیاند: چاوەڕوان بن دوو ڕۆژی تر دێمەوە خزمەتتان هەمووتان دڵنیا بن كە ڕاستگۆیی و ئەخلاقی جوان و دڵپاكی سەردەكەوێت، خۆفرۆشی و نامەردی و نمەكسوێران بێبەهاترین خەڵكانێكن لای كۆمەڵگا"


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف لیژنەكەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵسەنگاندنی كاندیدەكانی بزوتنەوەكە بۆ پڕكردنەوەی پۆستە حكومییەكان، دەستبەكاربوو. لیژنەكە یەكەم كۆبونەوەی خۆی بەسەرپەرشتی عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجامدا. ئەندامانی لیژنەكە كێن ؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەم لیژنەیە لەسەر فەرمانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكە دروستكراوە‌و ئەندامەكانی لیژنەكە پێكهاتوون لە هەریەكە لە (سەفین مەلاقەرە، مستەفا سەلیم، د. محەمەد شوانی، چۆمان عەلی، د. دەرباز محەمەد، شێخ كامیل پێنجوێنی، ئاكۆ وەهبی، د. سنور قادر كۆكۆیی، لیوا جەلال). ناڕەزایەتی هەیە (درەو میدیا) زانیویەتی، لەناو جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕاندا ناڕەزایەتی لەسەر میكانیزمی دانانی لیژنەكە دروستبووە. بەشێك لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی دەڵێن دەبوو ئەو لیژنەیە لەلایەن جڤاتی نیشتمانییەوە دروستبكرایە، نەك خانەی راپەڕاندن، بەوپێیەی جڤاتی نیشتمانی بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لە بزوتنەوەی گۆڕاندا. كاندیدەكان چۆن یەكلادەكرێنەوە ؟ ئەو لیژنەیەی كە دروستكراوە، ئەركەكەی بریتییە لە جیاكردنەوەی ناوی كاندیدەكان بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان‌و كەمكردنەوەیان. ئێستا لەسەر ئەركی لیژنەكەش ناكۆكی هەیە، دیارنییە بەدیاریكراوی كاری لیژنەكە چییە، سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو گۆڕان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، هەندێك لە بەرپرسانی باڵای بزوتنەوەكە دەیانەوێت ئەو لیژنەیە ناوی كاندیدی هەموو پۆستەكان لەیەك پاكێجدا یەكلابكاتەوە‌و پاكێجەكە ببرێتە بەردەم جڤاتی نیشتمانی بۆ پەسەندكردنی، واتە لیژنەكە كاندیدی پۆستەكان یەكلابكاتەوە‌و جڤات تەنها دەنگیان لەسەر بدات. بەڵام لەبەرامبەردا هەندێكی تر لە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆران داوا دەكەن، بۆ هەر پۆستێك كە لە كابینەی نوێدا بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووە، لیژنەكە ناوی سێ كاندید دیاری بكات‌و جڤاتی نیشتمانی بە دەنگدان یەكێك لە كاندیدەكان بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكە یەكلابكاتەوە، واتە جڤاتی نیشتمانی بڕیاری كۆتایی بدات نەك لیژنەكە، ئەوانەی ئەم باوەڕەیان هەیە ترسیان هەیە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن كاندیدەكانی خۆیان بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان لە لیژنەكەدا یەكلابكەنەوە. پشكی گۆڕان لە كابینەی نوێدا رۆژی 18ی شوباتی ئەمساڵ بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتنی سیاسی نێوانیان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ئیمزا كرد. بەپێی ئەو رێككەوتنە، بزوتنەوەی گۆڕان ژمارەیەك پۆستی لە كابینەی نوێی حكومەتدا زامن كرد، تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە بزوتنەوەی گۆڕان ئەو بەشەی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی بڵاونەكردوەتەوە كە تایبەتە بە پشك‌و پۆستەكان، بەڵام بەپیبَی زانیارییەكان بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نوێدا ئەم پۆستانەی بەدەستەوە دەبێت:  •    جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان •    یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی •    وەزیری دارایی •    وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی •    وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی •    وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە  •    سەرۆكی سندوقی داهاتە نەوتییەكان •    ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە •    جێگری وەزیری ناوخۆ •    بریكاری وەزیری پەروەردە •    دوو نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە دەرەوەی وڵات  •    بەڕێوەبەری گشتی‌و بەرپرسی دیوانی هەموو ئەو وزارەت‌و دەستانەی كە گۆڕان وەریدەگرێت •    12%ی بەرێوەبەرە گشتی‌و راوێژكارەكان كاندیدەكانی گۆڕان  سەرباری ئەوەی تائێستا بە فەرمی هیچ كاندیدێك بۆ هیچ یەكێك لە پۆستەكان یەكلانەبوەتەوە‌و سیڤی كاندیدەكانیش رادەستی لیژنە راسپێردراوەكە نەكراوە، بەڵام هەندێك كارەتيكەری سیاسی هەن لە ناو بزوتنەوەی گۆڕاندا چانسی گەورەیان هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستەكان: •    پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم: مستەفا سەید قادر •    وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی: سەردار قادر- دكتۆر دارا  •    وەزارەتی دارایی: ئاوات شێخ جەناب •    وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی: كوێستان محەمەد- ئاراس وەلی •    وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی: سێ كەس كاندیدن (دانا عەبدولكەریم لە سلێمانی، برزۆ مەجیدو چالاكی موهەندیس لە هەولێر) •    یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی بۆ كاروباری چاكسازی: جەلال جەوهەر گۆڕان ناكشێتەوە ! بزوتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی دیاریكردنی كاندیدەكانیەتی بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان، ئەم هەنگاوە نیشانی دەدات گۆڕان قایلە بە زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم‌و بەهیچ جۆرێك لە رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی ناكشێتەوە. دەستبەكاربوونی لیژنەی دیاریكردنی كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەكاتێكدایە تائێستا بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی رێككەوتنی كۆتاییان نەكردووە لەسەر زیادكردنی جێگرێكی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كە بزوتنەوەی گۆڕان رەتیدەكاتەوە.    


راپۆرت: نامیق رەسوڵ- فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا لە نوسینگەكەی خۆی لە گوندی ئەڵمانی شاری سلێمانی لێمان پرسی " جوڵانەوەی نەوەی نوێ هاوشێوەی حزبەكانی تر لەبەردەم مەترسییەكی گەورەدایە، بەهۆی ئەوەی وابەستەیە بە ئابوری‌و خاوەندارێتی كەسێكەوە كە شاسوار عەبدولواحیدە، بە رۆشتن یان نەمانی ئەو لە شانۆكە، نەوەی نوێ چی بەسەردێت ؟". ئەوكات شاسوار عەبدولواحید بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكەی (درەو میدیا)ی دایەوە:" لە داهاتوودا نەوەی نوێ دەبێت ببێت بە دامەزراوە‌و خەڵكانی تر هەبن بێنەپێشەوە‌و قیادەیەكی هەبێت، ئێمە لەم چەندساڵەی داهاتوودا وردەوردە لێی بكشێینە دواوە، ئەگەر ئەمە بكەین زۆر زۆر سەركەوتوو دەبین، ئێمە لەبەر دوو هۆكار ئەم كارە دەكەین، یەكەم: من نە پیاوم كوشتووە كە سبەینێ بڵێم ئەگەر لە حزبەكە بێمەدەرەوە دەمكوژنەوە یان منداڵەكانم دەكوژنەوە، دووەم: نە پارەم لەم حزبە دەستدەكەوێت تاوەكو بڵێم ئەگەر چومەدەرەوە ئیتر موخەسەسات‌و نەسریە‌و بەنزین‌و حیمایەكانم نامێنێ". تەنیا پێنج مانگ بەسەر ئەم دیدارە رۆژنامەوانییەدا تێپەڕیوە، قەیرانی خاوەندارێتی بەرۆكی شاسوار عەبدولواحیدی گرتووە، ژمارەیەك لە هاوڕێكانی نیگەرانن‌و پەیوەندییان لەگەڵ شاسوار دابڕیوە. نیگەرانەكان كێن ؟ ئەوانەی لە شاسوار عەبدولواحید نیگەرانن بریتین لە: •    (8) ئەندامی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە كۆی (12) ئەندامی ئەنجومەنەكە. •    هەر (4) پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لەوانەن كە نیگەرانن، بە تاكە پەرلەمانتارەكەی سەربە (تەڤگەری ئازادی)یشەوە. •    بەشێك لە ئەندامانی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ ناڕازییەكاندان، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەكۆی (8) ئەندامی فراكسیۆنەكە، (6) كەسیان لەگەڵ رەوتی ناڕازییەكاندان، بەڵام تائێستا بەفەرمی هیچ شتێكیان نەوتووە. لەچی نیگەرانن ؟ تائێستا ناڕازییەكانی ناو جوڵانەوەی نەوەی نوێ تەنیا یەك رونكردنەوەیان بۆ رایگشتی بڵاوكردوەتەوە، رونكردنەوەكەش بەناوی (ئەنجومەنی باڵا)‌و (فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق)ەوە بڵاوكراوەتەوە. بەپێی ئەوەی خۆیان لە رونكردنەوەكەدا ئاماژەیان بۆ كردووە، ئەوانەی نیگەرانن لە شاسوار عەبدولواحید، نیگەرانییەكانیان لەم خاڵانەوە سەرچاوەی گرتووە: * نەوەی نوێ لە جوڵانەوەیەكی سیاسی جیاواز لە مۆدێلی سیاسی زاڵ، بەرەو باندێكی سیاسی تەنگەبەر براوە. * هەموو دەزگاو ئۆرگانە گرنگەكانی بڕیاردان لە نەوەی نوێ‌ پەراوێزخراون. * نەوەی نوێ‌ بڕیاری دەستەجەمعی تێدا نەماوە. * جوڵانەوەكە بەجۆرێك لەگەڵ خێزان‌و بزنس تێكەڵكراوە، ئیتر جیاكردنەوەیان سەخت بێت. پەیكەری رێكخراوەیی نەوەی نوێ پەیكەری دەسەڵات لەناو جوڵانەوەی نەوەی نوێدا بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكە لەم سێكوچكەیە پێكدێت: * سەرۆك * ئەنجومەنی باڵا * ئۆرگانەكان ئەوەی ئێستا لەم سێكوچەكەیەدا كێشەی تێكەوتووە، (ئەنجومەنی باڵا)یە، بەگوێرەی مادەی 11ی پەیڕەوی ناوخۆ، باڵاترین دەسەڵاتی كارگێڕی لەناو جوڵانەوەی نەوەی نوێدا بریتییە لە (ئەنجومەنی باڵا)، ئەم ئەنجومەنە پێكدێت لە: •    سەرۆكی جوڵانەوە: سەرۆكی جوڵانەوەكەو ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەكەیە، كە ئێستا (شاسوار عەبدولواحید)ە. •    جێگری سەرۆكی جوڵانەوە: تائێستا دانەنراوە، دەسەڵاتی دانانی ئەم جێگرە بەپێی پەیڕەو لەدەستی سەرۆكی جوڵانەوەكەدایە.  •    ئەندامانی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوە. •    بەڕێوەبەری نوسینگەكانی جێبەجێكردن‌و نوسینگەی پارێزگاكان. بەپێی ماددەی 13ی هەمان پەیڕەوی ناوخۆ، ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ پێكدێت لە (13) ئەندام بە سەرۆكیشەوە، لەگەڵ (2) ئەندامی یەدەگ، ئەم دوو ئەندامە یەدەگە تائێستا دانەنراون. ناڕازییەكان دەتوانن حزب هەڵوەشێننەوە ؟  مادەی 33ی پەیڕەوەی ناوخۆی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، چۆنیەتی هەڵوەشاندنەوەی حزبەكەی بەمشێوەیە دیاریكردووە: "حزب هەڵدەوەشێتەوە بەبڕیاری ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەكەو بەدەنگی دوو لەسەرسێی ئەندامەكانی، دواتر لە كۆنگرەی گشتی تایبەتدا دەنگی لەسەر دەدرێت، پارەو موڵكی حزب دەدرێتە ئەو لایەنەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەكە دیاری دەكات". بەپێی ئەم مادەیەی پەیڕەو بێت، ئەگەر ناكۆكی نێوان شاسوار عەبدولواحید‌و ناڕازییەكان چارەسەرنەكرێت، ناڕازییەكان دەتوانن حزبەكە هەڵوەشێننەوە، چونكە لەكۆی (12) دەنگی ئەنجومەنی باڵا، (8) دەنگیان لەگەڵدایە كە نیسابی یاسایی دوو لەسەر سێ پێكدەهێنێت بەوشێوەیەی لە پەیڕەودا دیاریكراوە. بەپێی هەمان پەیڕەو، دوو لەسەر سێ ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا دەتوانن كۆبونەوەی نائاسایی رێكبخەن بۆ بڕیاردان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی حزبەكە. دەسەڵاتەكانی سەرۆكی نەوەی نوێ ؟ یەكێك لە سەرچاوەی سەرەكی نیگەرانییەكان لەناو نەوەی نوێدا دەسەڵاتی بەرفراوانی شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆكی جوڵانەوەكەیە، ئەو، سەرباری ئەوەی بە پارەو میدیای خۆی ئەم جوڵانەوەی دروستكردووە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆش دەسەڵاتی فراوانی بۆ دیاریكراوە، دەسەڵاتەكانی شاسوار عەبدولواحید بەپێی ماددەی (17)ی پەیڕەوی ناوخۆ ئەمانەن: •    دەسەڵاتی دانانی جێگرێك بۆ خۆی.  •    دامەزراندنی بەڕێوەبەری نوسینگەی پارێزگاكان‌و بەڕێوەبەری نوسینگە جێبەجێكارییەكان. •    نوێنەرایەتی جوڵانەوەكە دەكات لەبەردەم دادگاو دەسەڵاتە حكومییەكان‌و فەرمانگەی كاروباری حزبەكان، دەتوانێت كەسێك دەستنیشان بكات بەشێوەیەكی یاسایی نوێنەرایەتی خۆی‌و جوڵانەوەكە بكات لەدەرەوەی وڵات‌و ناوەندە نێودەوڵەتییەكاندا. •    سەرۆك بەرپرسە لە جێبەجێكردنی راسپاردەو بڕیارەكانی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەكە. •    سەرپەرشتیكردنی چالاكییەكانی تایبەت بە جوڵانەوەكە. •    سەرۆك دەتوانێت داوای كۆبونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەكە بكات. •    بەڕێوەبردن‌و بانگهێشت بۆ كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەكەو كۆنگرەی گشتی. •    واژۆكردنی كۆنوسی كۆبونەوەكانی تایبەت بە ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەكە. •    پەسەندكردنی چەك‌و مامەڵە داراییەكان‌و پۆستەكانی تایبەت بە جوڵانەوەكە. •    سەرۆكی جوڵانەوە مافی كردنەوەی حسابی بانكی‌و جوڵەپێكردنیان‌و بەڕێوەبردنی تەواوی كاروبارو مامەڵە داراییەكانی هەیە لە تەواوی بانكە حكومی‌و ئەهلییەكانی ناوەوەو دەرەوەی عێراق، دەتوانێت بەنوسراوێكی رەسمی كەسێك لەبری خۆی سەرپشك بكات. سەرچاوەی دارایی حزبەكە ! سەرباری ئەوەی بۆ رایگشتی لە هەرێمی كوردستان ئاشكرایە كە جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەسەر دارایی شاسوار عەبدولواحیدی خاوەنی گروپی كۆمپانیاكانی (نالیا) دامەزراوە، بەڵام بەگوێرەی ماددەی 20ی پەیڕەوە ناوخۆ، جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ لە بواری داراییدا پشت بەم سەرچاوانە دەبەستێت: •    پشتیوانی خۆبەخشانەی دارایی لەلایەن ئەندامانی جوڵانەوەكەوە. •    بەخشش‌و كۆمەكی بێ مەرجی كەسایەتی‌و دامەزراوە نیشتمانییەكان. •    وەبەرهێنانەكانی تایبەت بە حزب بەپێی یاسا. •    سەرچاوەی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی حزب. •    پشتیوانی حكومەت بۆ حزبەكان. •    داهاتەكان لە حسابی بانكیی تایبەت بە حزب دادەنرێت . كورتەیەكی پێویست  نەوەی نوێ.. یەكێكە لە نوێترین هێزەكانی گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان، كە یەكەم جوڵەی سیاسی خۆی بە  كەمپەینی "نەخێر لە ئێستادا" دژ بە ریفراندۆم لە ساڵی 2017 دەستپێكرد. دوای وەرگرتنی مۆڵەتی كاركردن وەكو پارتێكی سیاسی نوێ لە حكومەتی عێراق، رۆژی 5/1/2018 نەوەی نوێ لە شاری سلێمانی یەكەمین كۆنگرەی دامەزراندنی خۆی بەست. نزیكەی (300) ئەندام بەشدارییان لە كۆنگرەكەدا كرد، شاسوار عەبدولواحید وەكو سەرۆكی جوڵانەوەكە هەڵبژێردرا، پرۆسەكە بێ كێشمەكێش تێنەپەڕی، بەر لە بەڕێوەچوونی كۆنگرە بە چەند رۆژێك، ژمارەیەك لە كارەكتەرە سەرەكییەكانی جوڵانەوەكە وازهێنانی خۆیان راگەیاندو شاسواریان تۆمەتبار كرد بە "تاكڕەوی"و هەوڵدان بۆ یەكلاكردنەوەی كۆنگرەكە لەبەرژەوەندی خۆی، لەبەرامبەردا شاسوار پەنای بۆ "تیۆری پیلانگێڕی" بردو هاوڕێكانی پێشووی خۆی تۆمەتبار كرد بەوەی "بەكرێگیراوی پارتی‌و یەكێتین"، واتە ئەمە دووەمجارە نەوەی نوێ جیابونەوە تێیدا رودەدات. بە شاسوارەوە (5) كەس خۆیان بۆ سەرۆكایەتی نەوەی نوێ كاندید كرد، بەڵام بە هەرچوار كاندیدە ركابەرەكەوە هێندەی شاسوار دەنگیان نەهێنا. دەنگی كاندیدەكانی پۆستی سەرۆكایەتی نەوەی نوێ: •    شاسوار عەبدولواحید: 176 دەنگ •    شادمان محەمەد: 28 دەنگ •    هانی عەونی: 25 •    شنیار ئەنوەر: 12 دەنگ •    دیار سدیق: 4 دەنگ (ئیبراهیم عەباس)و (شێروان شێروانی) كە بەر لە راگەیاندنی نەوەی نوێ وەكو پارتێكی سیاسی دوو كارەكتەری نزیك و هاوڕابوون لەگەڵ شاسوارو لە كەمپەینی "نەخێر لە ئێستادا" بەشداربوون، بەر لە بەڕێوەچوونی كۆنگرە كشانەوەی خۆیان لە جوڵانەوە نوێیەكە راگەیاندو باسیان لەوەكرد، شاسوار " بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنە كاتییەكان و رێكخستنەكان، ئەندامانی كۆنگرەی دیاریكردووە"، ئەمەش لەپێناو زامنكردنی بردنەوەی ئەنجامی كۆنگرەكە.


درەو میدیا:  " كابینەی نوێ بە شایستەی ئەوە نازانم كۆمەڵ تێیدا بەشداربێت" ئەمە نوێترین هەڵوێستی كۆمەڵی ئیسلامیە سەبارەت بە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم.  ئەمرۆ لە سلێمانی عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان لە میانی سیمینارێكدا بەناوی ( درەوشاوەیی ئیمان و پوچەڵی ئیلحاد) رایگەیاند "بە بۆچوونی تایبەتی خۆم بەشداریكردنی كۆمەڵ لە حكومەت لە ئێستادا خێری تێدانەماوەو پێم باشە بەشداریی نەكەن، چونكە چێشتی خۆش لە بەرەوە دیارە". ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی وتیشی:" كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بەهۆی چەند پۆست و پلەیەكەوە ئاوا ئاڵقاوە، بەدووری دەزانم خێربداتەوە بۆ جەماوەرو هاوڵاتیانی كوردستان".  هاوكات رێبوار حەمەد وتەبێژی رەسمی كۆمەلی ئیسلامی كوردستان رایگەیاند ئەوان موشتەری چونە حكومەت نین و تا ئێستا بۆ ئەو پرسە لە دەرگای كەسیشیان نەداوە. وتەبێژی كۆمەڵ لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی ئەمڕۆی كەناڵی ئاسمانی پەیام، دوایین بۆچونی ئێستای كۆمەڵی ئیسلامیی بۆ دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان و پرسیی پێكهێنانی حكومەت و ئەگەری بەشداری كردن یا نەكردنی كۆمەڵی راگەیاند و وتی"كۆمەڵ مامەڵە بەهەڵوێستەكانی ناكات".  


درەو میدیا:  ئەمڕۆ 22ی نیسان 121 ساڵ تێپەردەبێت بەسەر دەرچوونی یەكەم رۆژنامەی كوردی ( رۆژنامەی كوردستان) رەوشی رۆژنامەوانی لە هەرێمی كوردستان لە ئاستێكی باشدا نیە، بەپێی نەخشەو پلەبەندی ئازادی رۆژنامەوانی لە جیهاندا عێراق لە ناو نەخشەی سوردایەو لە پلەی 160 مینی ئازادی رۆژنامەوانیدایە لەنێو وڵاتانی جیهاندا . دیارە هەرێمی كوردستانیش لەگەڵ عێراق لەناو نەخشەی رەشی جیهاندایە بۆ ئازادی رۆژنامەگەری، بەپێی ئامارو داتاكان لە هەرێمی كوردستان  پێشێلكاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان بەردەوام روو لە زیاد بوونە، بەپێی راپۆرتی سەنتەری میترۆ لە ساڵاَی 2018 دا ( 349) پێشێلكاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە، بەڵام پێش پێنج ساڵ و لە ساڵی 2013 لە راپۆرتی سەنتەری میترۆدا ( 193 ) پێشێلكاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسانكراوە، بە بەراوردی ئەو دوو ئامارە زیادبوونی پێشێلكارییەكان بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان دەردەكەوێت.  هاوكات بەپێی ئامارەكانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لەماوەی 10 ساڵدا (2008 – 2018) لە هەرێمی كوردستان (5) ڕۆژنامەنووس تیرۆركراوە( عەبدولستار تایەر شەریف، سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، كاوە گەرمیانی، وەدات حسێن) هەروەها لە ماوەی ئەو دە ساڵەدا (898) حاڵەتی پێشێلكاری لە گرتن و لێدان و ڕێگری بەرامبەر (1440) ڕۆژنامەنووس كە (1328) ڕۆژنامەنووسی نێر و (64) ڕۆژنامەنووسی مێینە ئەنجامدراوە، كە (347) حاڵەت لە هەولێر و (285) حاڵەت لە سلێمانی و (107) لە دهۆك بووە.  ئەم ئامارانە لە كاتێكدایە كە ژمارەیەكی زۆری میدیاو دەزگای راگەیاندن لە هەرێمی كوردستان هەیە، بەپێی ئەو ئامارانەی لای وەزارەتی ڕۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانە ژمارەی ئەو دەزگایانەی كە تاوەكو ئێستا مۆڵەتیان وەرگرتووە بریتین لە: -     هەزار و 329 دەزگای راگەیاندن كە  -    40 كەناڵی ئاسمانی  -     122 كەناڵی لۆكاڵی -     180 رادیۆ ، 987 گۆڤار و رۆژنامە. -     30 نوسینگەی كەناڵی بیانی لە هەرێمی كوردستان هەیە  -     تاوەكو ئێستاش تەنها 3 ماڵپەر مۆڵەتیان لە سەندیكای رۆژنامەنووسان وەرگرتووە -     لە ساڵی 2018دا زیاتر لە 5 كەناڵی تەلەڤزیۆنی داخراون -     ئەمساڵیش 35 كەناڵی لۆكاڵی ئاگاداركراونەتەوە گەر مۆڵەت تازە نەكەنەوە دادەخرێن. -     لە كۆی زیاتر لە 987 رۆژنامە و گۆڤار لە هەرێمی كوردستان كە مۆڵەتیان هەیە لە سەندیكا، تەنها 30 بۆ 40 رۆژنامە و گۆڤار بەردەوامن  لە دەرچوون 


درەو میدیا:   دواجار نیگەرانی و ناكۆكیەكانی ناوخۆیی جوڵانەوەی نەوەی نوێ گەیشتنە تەقینەوەو لەیەكەم هەنگاویشدا ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ و فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەنراوێكدا نیگەرانی خۆیان لە خراپی بارودۆخی ناوحۆی جوڵانەوەكەیان راگەیاندووە. بەپێی زانیارییەكانی درەو میدیا، لە كۆی 12 ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ كە بەرزترین دەسەڵاتی سیاسی نەوەی نوێیە 8 ئەندامیان واژوویان كردووە بۆ ئەو راگەیەنراوە كە بەشێكیان پێشتر دەستیانلەكار كێشاوەتەوە، لەگەڵ هەر چوار ئەندامەكەی پەرلەمانی عێراقی نەوەی نوێ، نیگەرانن لە بەلارێدا بردنی نەوەی نوێ و قۆرخكردنی تەواوی كایەكانی جوڵانەوەكە لە ( دارایی و سیاسی و میدیای)ی . بەپێی خوێندنەوەی راگەیەنراوەكە هەڵوێستەكەیان ئینشیقاق و وازهێنانی كۆتایی نیە، بەڵكو هۆشداریدان و ئاگاداركردنەوەیە، بەتایبەت بۆ خودی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جولانەوەكە، كە لە ئێستا لەدەرەوەی وڵاتە.  لە راگەیەنراوەكەدا ئەنجومەنی باڵاو فراكسیۆنی نەوەی نوێ نیگەرانن و دەڵێن" ئێمە نیگەرانین، كە نەوەی نوێ لە جوڵانەوەیەكی سیاسی جیاواز لە مۆدێلی سیاسی زاڵ، بەرەو باندێكی سیاسی تەنگەبەری ئەوتۆ براوە، كە ھەمو دەزگا و ئۆرگانە گرنگەكانی بڕیاردان تێیدا پەراوێز خراوە و بڕیاری دەستە جەمعی تێدا نەماوە. جوڵانەوەكە بەجۆرێك لەگەڵ خێزان و بزنس تێكەڵ كراوە، ئیتر جیاكردنەوەیان سەخت بێت" راگەیاندنێك بۆ رایگشتی زیاتر لە ساڵ و نیوێك پێش ئێستا، لە ناو دڵی شكستی سەرتاپاگیریی ھەمو پرۆسەی سیاسیی كوردستانی عێراق بە ھەمو حزب و بزوتنەوە سیاسیە تەقلیدیەكانیەوە، ئێمە كۆمەڵێك كەسایەتی و گەنج، بە ئومێدی سەرھەڵدانی مۆدێل و ئەزمونێكی نوێی سیاسیی سەرتاپا جیاواز، پێكەوە جوڵانەوە و ئاراستەیەكی سیاسیی تازە و دواتر (نەوەی نوێ) مان دامەزراند. لە دیدی ئێمەوە، سێ ھۆكار، بنەما و پایە سەرەكیەكانی ھەمو شكستی پرۆسەی سیاسی و ئەزمونی حزبە تەقلیدیەكانن: نەبونی ئازادی و دیموكراسی لە ژیانی حزبی و رێكخراوەییدا: كردنی حزبەكان لە ئامراز و ئۆرگانی گشتی و ھاوبەشەوە، بۆ موڵكی بنەماڵە و خێزانەكان: تێكەڵكردنی حزب و بزنس، بە جۆرێك حیزبەكان وەك لقێكی كۆمپانیا گەورەكان بەڕێوەدەبرێن. ئەو سێ فاكتەرە، بۆ دەیان ساڵ، گەلی ئێمەیان لە شكست و كارەساتێكەوە گواستوەتەوە بۆ شكست و كارەساتێكیتر، تا لە ئێستادا، سیاسەت و ھەستی بەرپرسیارێتی و ئامانجی ھاوبەش لە وڵاتی ئێمە پایەماڵ كراوە و سیاسەت، لەبری بوار و ئامرازێك بۆ باشترین بەڕێوەبردن و باشتركردنی ژیان و گوزەرانی مادی و مەعنەویی ھاوڵاتیان و پاراستن و جێخستنی بنەماكانی دادپەروەریی، كراوەتە بوارێك بۆ بزنس و دابینكردنی بەرژەوەندیی تایبەتی و خێزانی. ئێمە بە ئامانجی تێپەڕاندنی ھەمو مۆدێل و ئەزمونی سیاسی تەقلیدی و زاڵ و باو دەستمان برد بۆ دامەزراندنی نەوەی نوێ. بەو ئومێدەوە ھاتین، كە نەوەی نوێ بكەین بە ئامرازی ھەستانەوەی گەلەكەمان لە شكست: كە ئەزمونێكی سیاسی جیاوازی ئەوتۆ پێشكەشی گەلەكەمان بكەین، ببێتە جێگەی شانازیی و نمونەی چاولێكردن. بەڵام، ئێمە نیگەرانین، كە نەوەی نوێ لە جوڵانەوەیەكی سیاسی جیاواز لە مۆدێلی سیاسی زاڵ، بەرەو باندێكی سیاسی تەنگەبەری ئەوتۆ براوە، كە ھەمو دەزگا و ئۆرگانە گرنگەكانی بڕیاردان تێیدا پەراوێز خراوە و بڕیاری دەستە جەمعی تێدا نەماوە. جوڵانەوەكە بەجۆرێك لەگەڵ خێزان و بزنس تێكەڵ كراوە، ئیتر جیاكردنەوەیان سەخت بێت. بۆیە، لێرەوە ئێمە ئۆرگانە سەرەكیە ھەڵبژێردراوەكانی نەوەی نوێ، لەبەردەم رایگشتی و گەلەكەمان رایدەگەیەنین كە دیدەگای ئێمە جیاوازە و سورین لەسەر بەردەوامی لەسەر ئەو بنەمایانەی بانگەشەمان بۆ كردن و نەوەی نوێمان لەسەر دامەزراند. ئیتر رێگە نادەین نەوەی نوێ لە بێدەنگیدا بكرێتە بازنەیەكیتری شكستی سیاسەت و ئامرازی خولیا و بەرژەوەندی تایبەتی. بۆ راستكردنەوەی سیاسەت لە زۆنگاوی ئێستا و میللەتەكەمان لە شكست، بۆ كۆتایی ھێنان بە دەسەڵاتی پارتی و یەكێتی و حوكمی بنەماڵە كە لە ٢٨ ساڵی رابردودا بونەتە مایەی شكست و كارەسات بۆ گەلەكەمان، وەك ھەمیشە بێسڵەمینەوە و شێلگیرانە، بەردەوام دەبین. ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ٢١ ی نیسانی ٢٠١٩


درەو میدیا:  لە تیف شێخ مستەفا پەرلەمانتاری پێشووی عێراق دەڵێت" حكومەتی هەرێم خیانەت لە ئەمانەتی موچەخۆران دەكات و پارەكەی بەغداد لەبری موچەخۆران دەدات بە كۆمپانیا هەڵتۆقیوەكانی" لەتیف شیخ مستەفا لە نوسینێكدا لە پەیجی فەرمی خۆی ئاماژەی بەوەكردووە" حوكمەتێك ھەموو ئیشەكەی ئەوەبێت موچەی خەڵك لە بەغدا وەربگرێت و بە ئەمانەت بیگەیەنێتە دەستی خاوەنەكانی كەچی ئەوەش نەكات بەڵكو خیانەتیش لەو ئەمانەتە بكات و لە جیاتی ئەوەی بیگەیەنێتە دەستی خاوەنەكانی ، دەیداتە دەستی مقاول و كۆمپانیا ھەڵتۆقیوەكانی خۆیان" دەقی نوسینەكەی لەتیف شێخ مستەفا حوكمەتێك ھەموو ئیشەكەی ئەوەبێت موچەی خەڵك لە بەغدا وەربگرێت و بە ئەمانەت بیگەیەنێتە دەستی خاوەنەكانی كەچی ئەوەش نەكات بەڵكو خیانەتیش لەو ئەمانەتە بكات و لە جیاتی ئەوەی بیگەیەنێتە دەستی خاوەنەكانی ، دەیداتە دەستی مقاول و كۆمپانیا ھەڵتۆقیوەكانی خۆیان ،ئایا حوكمەتی داھاتوو جیاوازتر دەبێت تاوەكو چاوەڕێی ئەوەمان لێی ھەبێت چاكسازیمان بۆ بكات و ژیانی خەڵك خۆش كات یان ھەر درێژەپێدەری ھەمان ئەو حوكمەتە دەبێت ؟ ئایا ئەوانەی بە تەما ی چاكسازین لە حكومەتی داھاتوو بەڕاستی پێیان وایە چاكسازی دەكات ؟ یان تەنھا قەناعەت بە خۆیان دێنن ؟  


راپۆرت: فازل حەمەرەفعەت  ئەم رۆژانە هەرێمی كوردستان جموجوڵێكی نوێی جیابونەوە‌و "ئینشیقاق" لەناو حزبە سیاسییەكان بەخۆوە دەبینێت. جموجوڵەكانی ئەمدواییەی ناو حزبە سیاسییەكان هاوكاتە لەگەڵ نزیكبونەوەی وادەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم‌و یەكلابونەوەی ئەو لایەنانەی بەشداری تێدا دەكەن لەگەڵ پشكەكانیان. ناڕەزایەتی ناوخۆیی ئەمجارە دوو هێزی سیاسی گرتوەتەوە كە یەكێكیان هێزێكی نوێیە لە گۆڕەپانی سیاسیدا‌و بۆ چوار ساڵی ئایندە خۆی بۆ بەرەی ئۆپۆزسیۆن یەكلاكردوەتەوە، ئەوی تریشیان هێزێكی ئیسلامییە كە هێشتا لەنێوان دەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆندا خۆی یەكلانەكردوەتەوە. كۆمەڵی ئیسلامی دوێنێ سێ ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی دەستلەكاركێشانەوەیان لە حزبەكەیان راگەیاند. ئەوانەی دەستیانلەكاركێشایەوە بریتی بوون لە هەریەكە لە (سەلیم كۆیی- سەعید هەركی- ئیسماعیل رەسوڵ)، ئەمانە لە بەرپرسە دیارەكانی كۆمەڵن لە زۆنی زەرد. ئەو سێ سەركردایەتییەكەی كۆمەڵ لە راگەیەندراوێكدا هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان بۆ چەند خاڵێك گەڕاندەوە، لەوانە: •    نەبوونی پرۆژەیەكی سیاسی گشتگیر. •    جێبەجێنەكردنی بنەما پیرۆزەكانی ئیسلام لەوانە (دادگەریی، یەكسانی، شورا، راوێژ). •    قۆرخكردنی دەسەڵات لەلایەن گروپ‌و باڵێكی ناو حزبەوە. •    دەركردنی بڕیاری نادادپەروەرانە بەسەر كادیرو ئەندامانی حزبدا. •    پشتگوێخستنی پێگەی سیاسی‌و ئابوری‌و دیپلۆماسی‌و جەماوەریی شاری هەولێر لەلایەن باڵی دەستڕۆیشتووی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن‌و بانگەوازەوە. •    دروستكردنی كێشە بۆ مەڵبەند‌و ئەنجومەنەكانی حزب لە سنوری هەولێر لەلایەن باڵی دەستڕۆیشتووەوە. •    ناڕوونی لە سیاسەتی حزبدا (تائێستا خەڵك بەرچاوی رۆشن نییە ئایا كۆمەڵ حیزبێكی ئۆپۆزسیۆنە یان بەشدارە لە حكومەت). سەرچاوەیەكی باڵا لە كۆمەڵی ئیسلامی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" كۆمەڵ بە هیچ جۆرێك دەستلەكاركێشانەوەی ئەو سێ ئەندامەی سەركردایەتی پەسەند ناكات‌و ئێستا هەوڵ هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان". لەبارەی كرۆكی كێشەی ئەو كەسانەی كە دەستیانلەكاركێشاوەتەوە، سەرچاوەكە وتی:" ئەو سێ ئەندامەی سەركردایەتی كێشەی كارگێڕی‌و بەڕێوەبردنیان هەیە، نەك كێشەی فیكری‌و ماددی".   نەوەی نوێ چەند هەفتەیەكە لەناو جوڵانەوەی نەوەی نوێ، جوڵانەوەیەكی ناڕەزایەتی سەریهەڵداوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، چەند كەسێك لەناو ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌و فراكسیۆنی جوڵانەوەكە لە پەرلەمانی عێراق‌و كوردستان نیگەرانن لە سیاسەتەكانی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەكە‌و هەندێكیان بەتەواوەتی پەیوەندییان لەگەڵ سەرۆكی جوڵانەوەكە دابڕیوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، سەرچاوەی نیگەرانییەكانی ئەمدواییەی ناو جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە چەند خاڵێكەوە   سەرچاوەی گرتووە، لەوانە: •    تاكڕەوی سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە بڕیارە سیاسی‌و ئابورییەكانی جوڵانەوەكەدا. •    كۆنترۆڵكردنی میدیای جوڵانەوەكە لەلایەن سەرۆكی جوڵانەوەكەوە. •    هاتنی سروە عەبدولواحید خوشكی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەكە بۆناو حزبەكە‌و دانانی لە دەستەی سەرۆكایەتی هاوپەیمانی چاكسازی‌و بونیادنان وەكو نوێنەری جوڵانەوەی نەوەی نوێ، كە زۆرینەی سەركردە دیارەكانی عێراق لەناو ئەو هاوپەیمانێتییەدان، ئەمە یەكێكە لەو هۆكارانەی كە نیگەرانی بەرپرسانی جوڵانەوەكەی لێكەوتوەتەوە. دانانی سروە عەبدولواحید لەو پۆستەدا، زیاتر ئەندامانی فراكسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق نیگەران كردووە، كە ژمارەیان (4) كەسە، چونكە هەندێك لەوانە دەڵێن دەبوو سەرۆكی فراكسیۆنی بەغداد (رابون مەعروف) نوێنەرایەتی جوڵانەوەكەی بكردایە لەناو هاوپەیمانێتییە عێراقییەكەدا، نەك سروە عەبدولواحید، هاوكات پێیانوایە شاسوار عەبدولواحید بە هێنانی سروەی خوشكی‌و پێدانی ئەو پۆستە لە بەغداد، جوڵانەوەكە بەرەو بنەماڵەیبوون دەبات. لەبەرامبەردا بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، شاسوار عەبدولواحید‌و كەسە نزیكەكانی دەڵێن، پۆستی نوێنەری جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەناو هاوپەیمانی چاكسازی‌و بونیادنان پۆستێكە كە نوێنەرایەتی حزبەكان دەكات، نەك نوێنەرایەتی فراكسیۆنەكان، بۆیە ناكرێت سەرۆكی فراكسیۆن لەو پۆستەدا دابنرێت.  لەبارەی دانانی سروە عەبدولواحیدیشەوە لەو پۆستە، بەهانە بەوە دەهێنرێتەوە، سروە بەرلەوەی ببێت بە ئەندامی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، خۆی كەسایەتییەكی سیاسی كاریگەر بووە لە شەقامی عێراقیدا‌و پێشتر سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان بووە لە پەرلەمانی عێراق. رابون مەعروف سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ شەوی پێنج شەممە لە چاوپێكەوتنێكدا لە كەناڵی (پەیام)ی سەربە كۆمەڵی ئیسلامی بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ‌و بەبێ ناوهێنان هێرشی توندی كردەسەر شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆكی جوڵانەوەكەی. رابون مەعروف وتی:" جارانی حزبەكان بازرگانیان دەكرد‌و كۆمپانیایان دادەمەزراند، ئێستا پێچەوانە بووەتەوە، بازرگان‌و خاوەن كۆمپانیا حزب دادەمەزرێنن‌و لەڕێگەیەوە پەرە بە بزنسەكەیان دەدەن". دوای ئەوەی مشتومڕ لەسەر ئەم قسانە دروستبوو، رابون مەعروف وتارێكی لە پەیجەكەی خۆیەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك  لەژێر ناوی "نا بۆ حیزب‌و حوكمڕانی بنەماڵە" بڵاوكردەوە، لە وتارەكەدا هیچ بەهانەیەكی بۆ قسەكانی لە تەلەفزیۆنی پەیام نەهێناوەتەوە‌و جەخت لەسەر ئەوەدەكات " خۆی‌و هاوڕێكانی بڕیاریانداوە لەگەڵ خەڵكدا راستگۆ بن، ئەوان وەكو جوت حیزبی حوكمڕان‌و حیزبە تەقلیدییەكان‌و باندە سیاسییە تازەكان، تۆڕی فراوانی میدیاییان نییە، بەڵام بە گرنگی دەزانن خەڵك لە دید‌و بۆچونی ئەوان ئاگاداربن". بەرپرسێكی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەبارەی نیگەرانییەكانی رابون مەعروفەوە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" بەشێك لە نیگەرانییەكانی رابون مەعروف پەیوەندی بەوەوە هەیە، ئەو نایەوێت بەشێك لە موچەكەی لە پەرلەمانی عێراق بە جوڵانەوەكە بدات، كە بەر لە كاندیدكردنیان بەڵێنیان داوە".  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand