Draw Media

پارتی‌و یەكێتی هێزەكانیان یەكدەخەن ؟

پارتی‌و یەكێتی هێزەكانیان یەكدەخەن ؟

2019-04-27 18:21:19


راپۆرت: محەمەد رەئوف
جارێكی تر دەنگۆی یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دروستبووەتەوە، بەشێكی ئەم دەنگۆ نوێیە، پەیوەندی بە فشاری پارتی دیموكراتی كوردستانەوە هەیە.
پارتی دەیەوێت لە كابینەی نوێی حكومەتدا تەواوی هێزەكانی پێشمەرگە لەژێر كۆنترۆڵی سەرۆكی حكومەتی هەرێمدا بێت‌و بەشێكی تری دەنگۆكەش پەیوەندی بە فشاری نێودەوڵەتییەوە هەیە، ئێستا هەوڵێكی (ئەمریكا، بەریتانیا، ئەڵمانیا) لەئارادایە بۆ یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لەڕێگەی پڕۆژەیاسایەكەوە دەیەوێت كۆدەنگی دروست بكات، بۆ یەكخستنەوەی یەكەكانی (70و 80)ی هێزی پێشمەرگە، بەڵام پێناچێت ئەو هەنگاوەی پارتی بەئاسانی لای یەكێتی تێپەڕێت، چونكە یەكێتی پێیوایە پارتی بەم هەنگاوەی دەیەوێت هێزی پێشمەرگە لەدەستی ئەو دەربهێنێت. 
بەڵام هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكات، دەیەوێت لەڕێگەی چاكسازی‌و پشتیوانی ماددی‌و لۆجستییەوە هێزەكانی پێشمەرگە یەكبخات.

پرۆژەكەی هاوپەیمانان !
لە شوباتی 2017ەوە وەزارەتی پێشمەرگە بە پاڵپشتی راوێژكارانی سەربازی (بەریتانیا، ئەمەریكاو ئەڵمانیا) دەستیكردوە بە پرۆگرامی چاكسازیی‌و رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، پرۆژەكە خۆی لە (35) خاڵدا دەبینێتەوە‌و ناوی لێنراوە "پێشمەرگە لە ئایندەدا".
تائێستا (5) خاڵی پرۆژەكە جێبەجێكراون، كە ئەمانەن:
•    پرۆژەی ستراتیژی بەرگریی سەربازی
•    كارنامەی هێزی پێشمەرگە
•    بە ئەلیكترۆنیكردنی موچە
•    هەماهەنگی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق
•    یاساو بڕیارەكانی وەزارەتی پێشمەرگە

هاوپەیمانان دەیانەوێت لەرێگەی ئەم پرۆژەیەوە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكەنە هێزێكی نیزامی‌و بەتەواوی یەكیبخەنەوە، هەوڵەكانیشیان بەردەوامە.

هەوڵەكانی یەكخستنەوە
لەدوای دروستبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لە ساڵی 1992 باس لە یەكخستنی هێزی پێشمەرگە دەكرێت، دوای جەولەكانی شەڕی ناوخۆو لە ساڵی 2005و پێكهێنانی كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمەوە هەوڵی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە دەدرێت، بەڵام تا ئەمڕۆش هێزە سەربازییەكان لە هەرێمی كوردستان بەسەر یەكەی (70ی یەكێتی‌و 80ی پارتی)دا دابەشبوون، پێشمەرگە ئابوونەی حیزبی دەدەن‌و كادری حیزبی كۆبوونەوەی سیاسییان پێدەكات.
بەمدواییە دوو هەوڵی نوێ درا بۆ یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە:
هەوڵی یەكەم/ پەرلەمانی كوردستان
لەگەڵ دەستپێكردنی جەنگی دژ بە "داعش"، پەرلەمانی كوردستان بە بریاری ژمارە (19) لە 23ی تەموزی 2014دا تایبەت بە هێزی پێشمەرگەی كوردستانی (21) بڕیاری دەركرد.
لە بڕگەی چوارەمی بڕیارەكەی پەرلەماندا هاتووە:" پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێم هەموو هێزەكانی پێشمەرگە لەماوەی (6) مانگ لە دەرچوونی ئەم بڕیارەوە لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا وەك هێزێكی نیشتیمانی یەكبخات، بەتایبەتی یەكەكانی (70و 80)ی هێزی پێشمەرگەی كوردستان".
واتا بەپێی بڕیارەكە، دوا وادە 23/1/2015 بوو بۆ یەكخستنی هێزی پێشمەرگە، چوار ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕی‌و تائێستا پێشمەرگە یەكنەخراوە. 
لە شەڕی دژ بە "داعش"دا كە لە 2014 بۆ 2017 بەردەوام بوو، بەرەكانی جەنگ دابەشبوون بەسەر هێزەكانی یەكێتی‌و پارتیدا، لە خانەقین تا باشوری كەركوك لای هێزەكانی یەكێتی‌و لە رۆژئاوای كەركوك تا شەنگال لای هێزەكانی پارتی بوو، لەبری فەرماندەكانی پێشمەرگە، بەرپرسە حیزبییەكان دەكرانە فەرماندەی میحوەرەكان، لە سنوری یەكێتی (مەحمود سەنگاوی‌و عەبدوڵا بۆرو وەستا رەسوڵ) بەرپرسی میحوەرەكان بوون، لە سنوری پارتیش (كەمال كەركوكی‌و سیروان بارزانی‌و عارف تەیفور) بەرپرسی میحوەر بوون.   

هەوڵی دووەم/ سەرۆكی هەرێم
سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان (مەسعود بارزانی)، لە رۆ    ژی 14ی كانونی یەكەمی 2014دا (7) بڕیاری دەركرد بەمەبەستی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
لە خاڵی چوارەمدا ئاماژە بەوەكراوە:" پێویستە هەرچی زووترە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە رێكوپێكی یەكبخرێتەوە. بەشێوەیەك كە نابێ حزبایەتی تێدا بێت". لە خاڵی حەوتەمی بڕیارەكەشیدا ئەوە خراوەتەڕوو" هەر هێزێك لە دەرەوەی وەزارەت هەبێت، بەنایاسایی دەژمێردرێت‌و كەس بۆی نییە هێزی تازە لە دەرەوەی وەزارەت دروست بكات"، سەبارەت بە كاری حیزبایەتیش لەناو هێزەكاندا، لە خاڵی یەكەمدا ئاماژە بەوە كراوە" بەهیچ جۆرێك كاری رێكخستن‌و حزبایەتی لەناو وەزارەت ناكرێت‌و ئەو كەسەی بیەوێت لەناو وەزارەت حزبایەتی بكات، با دەست لەكاربكێشێتەوەو بگەڕێتەوە بۆ لای حزبەكەی خۆی"، بەڵام تەواوی بڕیارەكانی جێبەجێنەكراون، هێزی پێشمەرگە یەكنەخراوەیەوە، زۆرترین هێزەكانی یەكێتی‌و پارتی لەدەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەدان، تا ئەمڕۆ بەبەردەوامی لەناو هێزی پێشمەرگەدا حیزبایەتی دەكرێت‌و بە فەرمانی سەركردە حیزبیەكان هێزەكان دەجوڵێن، واتا تەواوی بڕیارەكانی مەسعود بارزانی لەلایەن یەكێتی‌و پارتییەوە پێشێلكراو سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمیش بەدواداچونی جدی نەكرد بۆ بڕیارەكانی خۆی. 
 
یەكخستن یان تێكەڵكردن ؟
ئەوەی تا ئەمڕۆ باسی لێوە دەكرێت سەبارەت بە یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، تێكەڵكردنی هێزەكانی سەربە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستانە، واتا یەكخستنەكە تەنها تێكەڵكردنە، واتا هێزەكانی یەكێتی‌و پارتی لەبری ئەوەی بە جیاو لە بەرەو بارەگای جیادابن، دەخرێنە یەك بەرەو لەیەك بارەگادا، بەڵام بە ئینتیمای حیزبی یەكێتی‌و پارتییەوە، ئەم فۆرمە لە یەكخستنەوە، زوو شكست دێنی، چونكە هەركات گرژی لەنێوان یەكێتی‌و پارتیدا دروستبێت، هێزەكان جیادەبنەوە،  ساڵی 1994 هێزی پێشمەرگەی یەكێتی‌و پارتی یەكخرابوو، لەیەك بارەگادابوون، بەڵام كاتێك شەڕی ناوخۆ دروستبوو، لەماوەی نێو كاتژمێردا تەواوی هێزەكە جیابوونەوەو روبەرووی یەكتر بوونەوە.
یەكخستنی هێزی پێشمەرگە پێویستی بە دروستكردنی هێزێكی تایبەتە، لەسەر بنەمای ئەكادیمی‌و تەمەن، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئینتیمای حیزبی‌و نەتەوەی جیاواز، دەكرێت وەزارەتی پێشمەرگە لە دروستكردنی ئەو هێزانەوە دەستپێبكات، نەك تێكەڵكردنی هێزی حیزبی.
 
پێشمەرگە بە ژمارە 
ئەگەرچی تائێستا بەرەسمی ژمارەی دروستی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان ئاشكرا نەكراوە، بەڵام  بەپێی پرۆژە بودجەی 2013ی هەرێمی كوردستان كە دواین پرۆژە بودجەی حكومەتی هەرێمە، ژمارەی هێزەكانی پێشمەرگە (118هەزارو 642) كەسە. 
جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان چەندجارێك لە لێدوانی رۆژنامەوانیدا بەتایبەتی بۆ میدیا عێراقییەكان باسی لەوەكردووە" ژمارەی هێزەكانی پێشمەرگە (160 هەزار)ە، بەجۆرێك پێشمەرگەی لیواكان دەگاتە (120) هەزار كەس، بێجگە لە (40) هەزار پێشمەرگەی دیكە كە هێزی یەدەگن، هەروەها (40) هەزار پێشمەرگەی خانەنشین. كۆی گشتی دەگاتە (200) هەزار پێشمەرگە". 
بڕبڕەی پشتی وەزارەتی پێشمەرگە هێزەكانی (70‌و 80)ە، كە بەهەردوكیان (114 هەزار) پێشمەرگەن، بەجۆرێك یەكەی 70ی یەكێتی زیاتر لە (56 هەزار) پێشمەرگەیەو یەكەی 80ی پارتیش زیاتر لە (58 هەزار) پێشمەرگەیە. 
ئەمە سەرەڕای لیوا هاوبەشەكان كە (42 هەزار) پێشمەرگە لەخۆدەگرێت، لیوا هاوبەشەكانی پێشمەرگە كە تێكەڵن لە یەكێتی‌و پارتی (14) لیوان، لە لیوای یەك تا لیوای (16)ی هێزی پێشمەرگەیە، بەڵام لیواكانی (13)و (15) دروست نەكراون، لەو ژمارەیەش فەرماندەی حەوت لیوایان پارتییەو حەوت لیواكەی دیكە یەكێتین‌و ئامری ئەو لیوایانەی پارتین جێگرەكانیان یەكێتین‌و بە پێچەوانەشەوە.

موچەی پێشمەرگە
بەپێی پرۆژە بودجەی 2013ی هەرێمی كوردستان (118 هەزارو 642) پێشمەرگە هەیە، كۆی بودجەكەیان بۆ موچە لەوساڵەدا (یەك ترلیۆن‌و 333 ملیارو 304 ملیۆن) دینارە، كە (11.49%)ی كۆی گشتی بودجەی ئەو ساڵەی بردووە.
ئێستا موچەی مانگانەی وەزارەتی پێشمەرگە (120 ملیار) دینارە، لە یاسای بودجەی ساڵی 2019ی عێراقدا، مانگانە بڕی (68 ملیار) دینار تەرخانكراوە بۆ هێزی پێشمەرگە، پارەی ئەمریكییەكانیش مانگانە (30 ملیار دینار)ە.

جیاوازی موچە !
جیاوازیەكی زۆر هەیە لەنێوان موچەی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەكانی عێراقدا:
•     موچەی پێشمەرگەیەكی ئاسایی لەنێوان (490 هەزار بۆ 560 هەزار) دینارە، بەڵام سەربازێكی عێراقی مانگانە (950 هەزار) دینار وەردەگرێت.
•    عەریفێك لە هێزی پێشمەرگە (627 هەزار دینار) وەردەگرێت، بەڵام عەریفێك لە سوپای عێراق (یەك ملیۆن‌و 11 هەزار) دینار وەردەگرێت.
واتا موچەی پێشمەرگەو ئەفسەرێكی وەزارەتی پێشمەرگە نیو ئەوەندەی موچەی سەربازو ئەفەسەرێكە لە سوپای عێراقی.

سەربازێكی ئەمریكی‌و پێشمەرگەیە
خۆ ئەگەر موچەی پێشمەرگەیەك بەراورد بكرێت بە سەربازێكی ئەمریكی جیاوازییەكە زۆر گەورەترە، چونكە هەر سەربازێكی ئەمریكی ساڵانە (99 هەزار دۆلار) وەردەگرێت، كە مانگانە دەكاتە (8250 دۆلار)، رێژەی 60%ی ئەم پارەیە بۆ خواردن‌و گواستنەوەو شوێنی نیشتەجێ بوون‌و گەرەنتی پزیشكی‌و باج دەڕوات، واتا سەربازێكی ئەمریكی مانگانە (3300) دۆلاری بۆ دەمێنێتەوە، ئەمە بۆ سەربازێكی مامناوەندی ئەمریكی.
پێشمەرگە مانگانە (500 هەزار) دینار وەردەگرێت، كە دەكاتە (400 دۆلار)، واتا موچەی سەربازێكی ئەمریكی (8) ئەوەندەی موچەی پێشمەرگەیەكە. ئەمە لەكاتێكدایە كەمترین موچەی سەربازێكی ئەمریكی بەبێ هیچ دەرماڵەیەك (1531) دۆلارە، بەڵام بەپێی پلەكان جیاوازە، بۆ نمونە:
•    ژەنەراڵێك مانگانە (12829) دۆلار وەردەگرێت
•    كاپتنێك كە 6 ساڵ خزمەتی هەبێت (4070) دۆلار
•    كۆڵۆنێلێك كە 15 ساڵ خزمەتی هەبێت (6567) دۆلار وەردەگرێت 

سەربازێكی ئیسرائیلی‌و پێشمەرگەیەك
سەربازێكی ئیسرائیلی مانگانە نزیكەی (11 هەزار شیكل) وەردەگرێت، (1 شیكل دەكاتە 0.2518 دۆلاری ئەمریكی)، واتە هەر سەربازێك مانگانە (2766) دۆلار وەردەگرێت، بەبەراوردكردنی ئەم موچەیە لەگەڵ موچەی پێشمەرگەیەكی هەرێمی كوردستان، دەردەكەوێت سەربازێكەی ئیسرائیلی  نزیكەی (7) ئەوەندەی پێشمەرگەیەك موچە وەردەگرێت. 

سەربازێكی كوەیتی‌و پێشمەرگەیەك
سەربازێكی ئاسایی لە كوەیت مانگانە (600) دیناری كوەیتی وەردەگرێت، كە (1 دیناری كوەیتی دەكاتە 3.3378 دۆلاری ئەمریكی)، واتە موچەی مانگانە هەر سەربازێكی كوەیتی (2000) دۆلارە، ئەم موچەیە (5) ئەوەندەی موچەی پێشمەرگەیەكە لە هەرێمی كوردستان، كە بەشداری چەندین جەنگی كردووە، دواهەمینیان جەنگی دژ بە "داعش" بوو.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand