سكانداڵی سێكسی.. دواین چەك لە سیاسەتدا

Draw Media

2019-04-24 17:28:24



راپۆرت: فازل حەمەرەفعەت - نامیق رەسوڵ – محەمەد رەئوف
"زیاتر لە 40 گرتەی ڤیدیۆی سكانداڵی سێكسی سەرۆك‌و بەرپرسانی میسرو وڵاتانی عەرەبیم لایە، ئەگەر رێگری نەكەن لە دادگاییكردنی هاوسەرەكەم، هەموویان بڵاودەكەمەوە" سۆزان موبارەك هاوسەری حوسنی موبارەك سەرۆكی لەسەر كارلابراوی میسر ساڵی 2011 بەم هەڕەشەیە هەوڵیدا پارێزگاری لە هاوسەرەكەی بكات.
ئەمە دوایین جار نەبوو كە سێكس وەكو چەكێكی هەڕەشە لەبواری سیاسەتدا بەكار بهێنرێت، ئێستا لەناو رەفەی كتێبخانەكانی جیهاندا چەندین پەرتوكی سەرگوزشتەی ئاوێتەبوونی سێكس‌و سیاسەت هەن، بەمدواییانە هەندێك لەو چیرۆكانە وەرگێڕدرانە سەر زمانی كوردی.

نامەیەكی مەترسیدار !
ئەمڕۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان گوێبیستی لێدوانی ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان بوون كە دەڵێت" لەڕێگەی مەسجێكەوە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆی دروستكراوم لێدەكرێت".
شادی نەوزاد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ ئەمڕۆ باسی گەرمی میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی هەرێمی كوردستانە، چەند رۆژێكە دۆخی ناوخۆیی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاڵۆزی تێكەوتووە، ژمارەیەك لە بەرپرس‌و پەرلەمانتارانی ئەو جوڵانەوەیە لەگەڵ سەرۆكی جوڵانەوەكەیان (شاسوار عەبدولواحید) لە ناكۆكییەكی قوڵدان، ئەم ژنە پەرلەمانتارە كە ئەمڕۆ قسەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی داگیركردووە، یەكێكە لەوانەی كە لەناو جوڵانەوەی نەوەی نوێدا پشتیوانی بەرەی نەیارانی سەرۆكی حزبەكەی دەكات.
وەكو خۆی دەڵێت، ئەو ژنە پەرلەمانتارە بۆ بێدەنگكردن‌و بەمەبەستی سیاسی هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی لێكراوە.
ئەو ژنە پەرلەمانتارە بڕیاریداوە لە دادگا سكاڵا لەسەر سەرۆكی جوڵانەوەكەی تۆمار بكات، بەوپێیەی ئەو بەتۆمەتبار دەزانێت لەو هەڕەشە سێكسیەی كە لەڕێگەی مەسجێكەوە پێی گەیشتووە.

پێشینەیەكی خراپ
ئەنجامی كەیسی ئەم پەرلەمانتارە هەرچیەك بێت، دیاردەی بەكارهێنانی گرتەی سێكسی وەكو چەكێك بۆ هەڕەشەی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا شتێكی نوێ‌و بێ پێشینە نیە.
لەگەڵ گەشەكردنی خێرای ئامرازەكانی پەیوەندیكردن گواستنەوەی كامێرا بۆسەر مۆبایل‌و جێگیركردنی لە شەقام‌و ماڵەكاندا بۆ مەبەستی پاراستن‌و سكیوریتی، دیاردەی بڵاوكردنەوەی گرتەی سێكسی ژنان‌و پیاوان پەرەیسەند.
ئێستا چەندین كەیس لەبەردەم دادگاكانی هەرێمی كوردستاندان، تایبەت بەم جۆرە لە تاوانكاریی، سیاسییەكانیش وەكو پێویست لە كاتە هەستیارەكاندا پەنایان بۆ ئەم دیاردەیە بردووە، بەمەبەستی لێدان لە نەیارە سیاسییەكانیان.

چەند نمونەیەك
لەم ساڵانەی دواییدا كە تەكنەلۆژیا زۆر گەشەی كرد، لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن‌و ساتە هەستیارە سیاسییەكاندا چەندین حاڵەتی بڵاوكردنەوەی گرتەی سێكسی كاندید‌و كارەكتەرە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان تۆماركراوە. 
هەڕەشەكان لەم بوارەدا زیاتر بە ئاڕاستەی ژنانە، لەمەشدا دۆخی هەستیاری ژن لەمەڕ بابەتە سێكسییەكان لەناو كۆمەڵگەی كوردیدا قۆستراوەتەوە‌و هەوڵدراوە لەڕێگەی ئەو چەكەوە كۆتایی بە ژیانی سیاسی ژنێك بهێنرێت یاخود لە لایەن‌و ئاڕاستەیەكی سیاسی دیاریكراو بدرێت.
بەڵام ئەم دیاردەیە بەتەواوەتی لە ژناندا قەتیس نەبووە، چەندین پیاویش هەن كە ئەم ساڵانەی دوایی بەهۆی پاڵنەری سیاسییەوە ڤیدیۆی سێكسییان بڵاوكراوەتەوە یاخود هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە ڤیدیۆیانەیان لێكراوە تاكو ناچار بكرێن بە ئەنجامدانی كار یان هەنگاوێكی سیاسی دیاریكراو كە ئەوان نەیانویستووە پێشترو لە دۆخی ئاساییدا بیكەن. 

•    لە هەڵبژاردنی ساڵی 2013ی پەرلەمانی كوردستاندا هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی لە ژنە كاندیدێكی بزوتنەوەی گۆڕان كرا. 
•    لە گەرمەی كێشمەكێشمەكانی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە 2015دا گرتەی ڤیدیۆیی پەرلەمانتارێكی پیاوی بزوتنەوەی گۆڕان بڵاوكرایەوە.
•    كۆتایی ساڵی 2016 چەند وێنەیەكی سێكسی ژنە پەرلەمانتارێك بڵاوكرایەوە كە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان بوو لە پەرلەمانی عێراق لەوكاتەدا.
•    بڵاوكردنەوەی گرتەی سێكسی‌و وێنەی ژنە كاندیدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 2018دا، بەمەبەستی ناچاركردنی بە كشانەوە لە پرۆسەی خۆكاندیدكردن. 
لەسەر ئاستی عێراقیش بەمدواییە ئەم دیاردەیە زیادی كرد، بەتایبەتی لەكاتی بەڕێوەچوونی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا. 
لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی عێراقدا، گرتەی ڤیدیۆیی ژنە كاندیدێكی هاوپەیمانێتی (نەسر) بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی بڵاوكرایەوە، بەوهۆیەوە ئەو ژنە لە هەڵبژاردنەكان‌و پرۆسەی سیاسیش دوورخراوەیە.
لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی عێراقیشدا گرتەی ڤیدیۆیی ژنێك بڵاوكرایەوە كە كاندیدكرابوو بۆ وەرگرتنی یەكێك لە وەزارەتەكان، بەو هۆیەوە ئەو ژنە چانسی وەرگرتنی پۆستەكەی لەدەستدا. 

تاوان‌و سزا
بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، بڵاوكرانەوەی ئەم جۆرە ڤیدیۆیانە (گرتەی سێكسی كەسەكان)‌و هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە ڤیدیۆیانە بەمشێوەیە دیاریكراوە: 
•    هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی هەر بابەتێك كە پەیوەندیداربێت بە شەرەفەوە بەپێی ماددەی (430)‌و (431)ی یاسای سزادانی عێراقی، سزای تاوانبار تا (7 ساڵ) زیندانی دەڕوات، بەپێی جۆری كەیسەكە.
•    بڵاوكردنەوەی هەر بابەتێك كە پەیوەندیداربێت بە شەرەفەوە لە ماددەی (438)دا دیاریكراوە، لەم حاڵەتەدا تاوانبار سزا دەدرێت بە زیندانیكردن بۆ ماوەیەك كە لە (ساڵێك) زیاتر نەبێت.
واتە بەپێی یاسا، هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی هەر بابەتێك كە پەیوەندیداربێت بە شەرەفەوە سزاكەی زیاتر لە بڵاوكردنەوەی بابەتەوە، ئەو كەیسەی كە پەرلەمانتارەكەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی پێكرد، لە قۆناغی هەڕەشەدایە، واتە بڵاونەكراوەتەوە.
لە هەرێمی كوردستان كەیسەكانی بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی كەسایەتییەكان بەمەبەستی لێدانی سیاسی، هەمویان بەبێ هیچ سزایەكی یاسایی بەكراوەیی ماونەتەوە.
دادگاكان تائێستا هیچ كەسێكیان لەسەر بڵاوكردنەوە ئەو جۆرە ڤیدیۆیانە سزانەداوە، بەڵام لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتی ناوبەناو پۆلیسی شارەكانی هەرێم دیمەنی چەندین كەس بڵاودەكەنەوە كە لەسەر پەنابردن بۆ هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەی سێكسی لە ژنان دەستگیركراون‌و سزای یاسایی دراون.
دیمەنی هەرە گەشاوەی ئەم دیاردە مەترسیدارە، ئەوەیە، هەر كاتێك كەسایەتییەك دەكەوێتە بەردەم هەڕەشەی لەكەداركردنی ناوبانگی كۆمەڵایەتی، خەڵك بەبێ لەبەرچاوگرتنی بیروباوەڕی سیاسی، كەمپەینی گەورە دەكەن بۆ پاڵپشتیكردنی كەسە بەئامانجگیراوەكان، رەنگە هۆكاری ئەم پاڵپشتییە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە هەمووان لەوە تێگەیشتوون، دیاردەی بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەكان مەترسییە لەسەر تەواوی كۆمەڵگە نەك تەنیا ئەوانەی بەئامانجدەگیرێن، بەوپێیەی لەم جۆرە كۆمەڵگایانەدا پرسی سێكس هێڵی سورەو بابەتێكی داخراوە كە ناكرێت بە ئاشكرا گوزارشتی لێبكرێت. 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand