( درەو میدیا): دوای هەشت ساڵ، حكومەتی توركیا رێگەیدا بە پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان كە لە زیندانی ئیمراڵی سەردانی بكەن. بە گوێرەی بەیاننامەیەك كە نوسینگەی پارێزەرانی ئۆجەلان بڵاویانكردوەتەوە رۆژی دووی ئەم مانگە پارێزەران ئۆجەلانیان بینوەو رێگەپان پێدراوە سەردانی گرتوخانەی ئیمراڵی بكەن. پارێزەرانی ئۆجەلان راشیانگەیاندووە لە كاتێكی ترداو لەبەیاننامەیەكی تر دەربارەی دیدارەكەیان لەگەڵ ئۆجەلان بڵاودەكەنەوە. لە ساڵی 2011ەوە دەسەڵاتدارانی توركیا رێگەیان بە پارێزەرەكانی ئۆجەلان نەداوە سەردانی بكەنو بۆ ناڕەزایەتی دەربڕینیش لە دژی ئەوە لە زیندانەكانی توركیاهەڵمەتێكی مانگرتن دەستیپێكردووەو تائێستاش بەردەوامە.
راپۆرت: محەمەد رەئوف، نامیق رەسوڵ ئەمڕۆ گەرمترین و سەختترین گفتوگۆی نێوان ( یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان) لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بەڕێوەچوو، گۆڕان و یەكێتی داوای جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازیان دەكرد، نێچیرڤان بارزانیش بە جێگری بێ ناونیشان هەردووكیانی رازیكرد و سوپاسێكی گەرمی بزوتنەوەی گۆڕانیشی كرد. پارتی لە سلێمانی یەكلایكردەوە پێش هاتنی وەفدی پارتی بۆ سلێمانی، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتیو كاندیدی ئەو حزبە بۆ سەرۆكی هەرێم سەركردایەتی یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان ئاگاداردەكاتەوە رۆژی یەكشەممە سەردانیان دەكات لە سلێمانی و داوای دوایین رەشنوسی رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی دەكات. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە دەستی كەوتووە، شەوی شەممە عیماد ئەحمەد وەك سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری یەكێتی رەشنوسی رێككەوتنەكەی داوەتە كەمال كەركوكی سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری پارتی، بەڵام لە رەشنوسەكەدا هەندێك گۆڕانكاری تێدا دەبێت كە بە دڵی پارتی نابێت و پێشتر لە رێككەوتنی زارەكی نێوان یەكێتی و پارتی باس نەكراوە، بۆیە گفتوگۆی تەلەفۆنی نێوان وەفدی پارتی و یەكێتی دەستپێدەكاتەوەو ناگەنە ئەنجام، دوای گەیشتنی وەفدی پارتی بە سلێمانی و كۆبوونەوەیان لەگەلًَ بزوتنەوەی گۆڕان ناكۆكییەكانیان لەگەڵ یەكێتی بەردەوام دەبێتو دەگاتە ئاستی بە بنبەست گەیشتن و هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی نێوانیان. جێگری بێ ناونیشان بەپێی زانیاریەكانی (درەو میدیا)، بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆبونەوەیاندا لەگەڵ وەفدی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان، رەزامەند دەبن بە زیادكردنی جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم، بە مەرجێك جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی بدرێتە كاندیدەكەی گۆڕان، بەڵام وەفدی پارتی رایدەگەیەنن یەكێتی بەو پێشنیازە رازی نیە، بۆیە لەوێدا وەفدی پارتی پێشنیازی جێگری یەكەم و دووەم دەخاتە بەردەم گۆڕان و بەتەلەفۆنیش لەگەڵ وەفدی یەكێتی، بەڵام یەكێتی ئەو پێشنیازەش رەتدەكاتەوە، یەكێتی سور دەبێت لەسەر وەرگرتنی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی، بەهەمان شێوەش بزوتنەوەی گۆڕان، تەنانەت گۆڕان بە وەفدی پارتییان راگەیاندووە، بۆ ئیحراج نەبوون لەبەردەم جەماوەرەكەیانو رازی بونیان بە زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێم بەبێ وەرگرتنی هیچ پۆستێكی دیكە لەبری، بۆیە پێویستە جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی بدرێتە گۆڕان، بەڵام یەكێتی بەتەواوەی رەتیکردوەتەوە. لەبارەی هۆكاری رازی نەبوونی یەكێتی بەو پێشنیازە سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" ئەوان لەبەر دوو هۆكار ئەو پێشنیازی پێدانی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی بە بزوتنەوەی گۆڕان رەتدەكەنەوە کە بریتین لە: - یەكێتی خاوەنی هێزی سەربازییەو گۆڕان هیچ هێزێكی سەربازیان نیە, بۆیە لە حاڵەتی وەرگرتنی ئەو پۆستە لەلایەن گۆڕانەوە، هێزەكانی یەكێتی بەهیچ شێوەیەك پەیوەست نابن بەو بڕیارەوە. - پێشنیازی هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی ( 70) و ( 80)ی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە لەبەرامبەر رازی بوونیان بە زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێم، بەرپرسانی یەكێتی بەتەواوی توڕەكردووەو ئەوان وەك ( ئیستفزازكردن) لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یەكێتی لێی دەڕەواننو بەهیچ شێوەیەك لەم قۆناغەدا رازی نابن بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێزانەو رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، كە ئێستا بە هەوڵی هێزەكانی هاوپەیمانان دەستیپێكردووە، بۆیە سوربوونی یەكێتی لەسەر وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی بە پلەی یەكەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پێشنیازەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە لەدوایین كۆبونەوەیدا كردی بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی 70ی یەكێتی و 80 ی پارتی. هەر بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) نێچیرڤان بارزانی بە وەفدی یەكێتی راگەیاندووە" با جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم هیچ ناونیشانێكی دیاریكراویان نەبێت (نە جێگری یەكەم و دووەم، نە جێگری سەربازی و ئیداری)، تەنانەت بە بەرپرسانی یەكێتی راگەیاندووە، لەكاتی چۆڵ بوون یاخود چونە دەرەوەی سەرۆكی هەرێم، جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی شوێنی ناگرێتەوە، بەڵكو جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سیاسیو ئیداری جێگەی دەگرێتەوە، بۆیە لە كاتی چوڵبونی پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆئەوەی جێگرەكەی یەكێتی شوێنی بگرێتەوە، پێویستە جێگرەكان ناونیشانیان نەبێت، تەنانەت پێشی وتوون بە پێی ئەمری واقیع جێگرەكەی یەكێتی دەسەڵاتی تەواوی سەربازیو ئیداری پیادە دەكات، ئیتر بۆچی جێگرەكەی خۆتان تەنها لە كاروباری سەربازیدا قەتیس دەكەن، بەم پێشنیازە یەكێتی رازی دەكات، كە جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم هیچ ناونیشانێكیان نەبێت. ئەم پێشنیازە تا ئاستێك بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕانیش رازی دەكات و لەبەرامبەر رازی بونیشیان وەفدی باڵای پارتی سوپاسی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەن لەبەرامبەر نەرمی نواندنیان و رازی بوونیان هەروەك چۆن شۆڕش حاجی، وتەبێژی گۆڕان لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا رایگەیاند" برایانی پارتی هاتبون ستاییش و پێزانین بەرامبەر گۆڕان دەرببڕن"، وتەبێژی پارتیش دەڵێت " ئەمڕۆ بۆیە هاتوین بۆ لای بزوتنەوەی گۆڕان تا سوپاسیان بكەین لە ئاسانكاریكردن و رازیبونیان بۆ پێكهێنانی حكومەت" دۆخێكی هەستیار سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە ( درەو میدیا)ی راگەیاند"لە ساتی كۆبونەوەی وەفدی یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان، بەبەردەوامی وەفدی پارتی لەگەڵ وەفدی یەكێتی لە گفتوگۆدا بوون لەسەر چارەسەری كێشەكانی نێوانیان، سەرەرای كێشەی جێگری سەرۆكی هەرێم، وەفدی دانوستانكاری یەكێتی لەگەڵ وەفدی دانوستانكاری پارتی كێشەیان دەبێت لەسەر چەند بڕگەیەكی دیكەی رێككەوتنەكەی نێوانیان بەتایبەتیش لەسەر جێگری وەزیرەكان. وەفدی یەكێتی داوایانكردووە ئەو جێگرانەی كە بەر یەكێتی دەكەون دەبێت لەسەرو ئەو جێگرانەوە بن كە ئێستا لای یەكێتین و بەردەوامن لە كاركردن، بەڵام وەفدی پارتی بەتەواوی ئەمەیان رەتكردوەتەوەو پێیان راگەیاندوون كە جێگرو ئەو پشكانەی بەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكەون بەوانەشەوەیە كە ئێستا لای یەكێتین، ئەم ناكۆكیە وا دەكات بارودۆخێكی ئاڵۆز دروست ببێت و گفتوگۆكان دەگەنە ئاستی بنبەست، بەتایبەتیش ئەم كێشانە تێكەڵ بە كێشەی جێگری سەرۆكی هەرێم دەبن و یەكێتی هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكەی نێوانیان دەكات، پاشان لەدوای چارەسەركردنی كێشەی جێگری سەرۆكی هەرێم كێشەی پۆستەكانی دیكەش چارەسەر ەبن بەڵام وەك سەرچاوەكەی (درەو میدیا) ئاماژەی بۆ دەكات " بە نابەدڵی". بەركەوتەی یەكێتی • سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان • جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم • وەزارەتی پلاندانان • وەزارەتی خوێندنی باڵا • وەزارەتی كشتوكاڵ • وەزارەتی رۆشنبیری • وەزارەتی پێشمەرگە • وەزارەتی هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمو بەغداد • دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم • دەستەی گەشتوگوزار • دەستەی مین • ژمارەیەك جێگر وەزیرو راوێژكارو نوێنەرایەتی دەرەوە
( درەو میدیا): پێنج فراكسیۆنی كوردستانی لە بەغدا پارتی دیموكراتی كوردستان تۆمەتباردەكەن بە كاركردن بۆ بەرژەوەندییە حزبییەكانو پشتگوێخستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان. ئەو پێنج فراكسیۆنە كە بریتین لە فراكسیۆنەكانی ( گۆڕان، نەوەی نوێ، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، سەربەخۆ) لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا دەڵێن:" دەمانەوێت بە راشكاوی رایگشتی ئاگادار بكەینەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان، لە بەغداد ھیچ بایەخێك بۆ پاراستن و تەئمینكردنی بەرژەوەندی باڵای گەلی كوردستان دانانێت و لە بری ئەوە ھەموو ھێزی خۆی بۆ دابینكردنی بەرژەوەندی تەسكی حیزبی تەرخانكردوە ئەگەر بە نرخی پەرتكردن و دروستكردنی ناكۆكیش بێت لە نێوان فراكسیۆنە كوردستانیەكان". ئەو پێنج فراكسیۆنە لە كۆتایی راگەیەندراوەكەیاندا هۆشداری دەدەن و دەڵێن:" دەمانەوێت بە راشكاوی ھەموان لەو سیاسەتەی پارتی دیموكرات ئاگادار بكەینەوە و ئەنجامە خراپەكانی پارتی لێی بەرپرسیارە". ناڕەزایەتی ئەو پێنج فراكسیۆنە دوای ئەوە دێت كە پۆستی سەرۆكو جێگرو بڕیاردەری لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمانی عێراق یەكلاكرایەوەو زۆرینەی ئەو پۆستانەی بەر كورد دەكەوێت دراون بە پارتی دیموكراتی كوردستان، لەوانە، سەرۆكی لیژنەی یاسایی، بڕیاردەری لیژنەی دارایی، بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری.
بهدواداچوون: نیاز عهبدوڵڵا "یهكێك له دكتۆرهكان وتی براكهی خۆت دهناسیتهوه؟ وتم بهڵێ، لهناو هۆڵی مردووهكانی نهخۆشخانهكه نزیكهی 150 پیاوی مردووی لێ بوو، كه چوومه ژوورهوه ئهو له لای دهرگاكه داندرابوو و هێنامانه دهرهوه، قاچ و دهستهكانی ههر بهسترابوونهوه و خۆم كردیانمهوه". سهردار عوسمان برای چوارهمی سهردهشت كه له تهنیشت گڵكۆی براكهی ئهم قسانهی دهكرد دهنگی له گهروویییهوه نووسابوو و چاوهكانی پڕ له فرمێسك بوون. ئهو یهكهم كهسی خانهوادهكهیانه تهرمی برای ههشتهمی بینیوه، سهرهڕای ئاگاداركردنهوهی زۆری له مهترسیداری رێگاكه و ئهوبهری شاری موسڵ كه ئهوكات به شوێنی چالاكی تیرۆریستهكان ناوبانگی ههبوو، بهڵام بهرهبهیانی 6ی ئایاری 2010 به ئۆتۆمبێلێكی ئهمبۆلانس لهگهڵ دراوسێیهكیان و شوفێرهكه بهرهو نهخۆشخانهی پزیشكی داد رۆیشتن. وهك سهردار به (درهو میدیا)ی وت "ئێوارهی 5ی ئایار له ژێرنووسێكی كوردستان تیڤی نووسرابوو، ئهوانهی بهشوێن كوڕه رفێندراوهكهی پێش كۆلیژی ئهدهبیات دهگهڕێن پهیوهندی بهم ژماره تهلهفۆنهوه بكهن كه ژمارهیهكی كۆڕهك تیلیكۆم بوو، ئێمه له رێگای هاوڕێكانی سهردهشت لهو نووسراوه بڵاوكراوهی كهناڵهكه ئاگاداركراینهوه بۆیه پهیوهندیم بهو ژمارهیهوه كرد، كهسێكی كوردی زابت پۆلیس دهرچوو له موسڵ تا هێنانهوهی تهرمهكه چهند جارێك بهیهكهوه قسهمان كرد". ئهو ئهفسهرهی پۆلیس به سهرداری وتبوو تهرمی سهردهشتی له كاتژمێر 5:30ی ئێواره له گهڕهكی وهحده (حی الوحدە) به دهست و قاچ بهستراوی كه كیسهیهكی رهشی خراوهته سهر و گوللهیهك به دهمییهوه نراوه و لهسهرییهوه دهرچووه، لهسهر پردی4ی موسڵ دۆزیوهتهوه و داوای كردووه بچن تهرمهكهی له نهخۆشخانهی دادوهری موسڵ وهربگرنهوه. بۆ هێنانهوهی تهرمهكه له ههولێرهوه برای چوارهم و باوكی سهردهشت لهگهڵ ههشت خزم و دراوسێیهكیان دهڕۆن بۆ موسڵ، لهوێ له رێگای پهیوهندییه خێزانییهكانیان مهڵبهندی یهكێتی نیشتمانی كوردستان له موسڵ ئۆتۆمبێلی ئهمبۆلانسیان بۆ دابین دهكات تا بچن له نهخۆشخانهكه تهرمهكه بهێننهوه، دواتر ههر بهو ئۆتۆمبێله به یاوهرهی سهرداری برا و عوسمانی باوك تا بهردهرگای ماڵهكهیان تهرمی سهردهشتی تیرۆركراو دههێننهوه. سهردهشت عوسمان رۆژنامهنووس و خوێندكاری قۆناغی چوارهمی بهشی زمانی كۆلیژی ئهدهبیات تهنیا دوای 8كاتژمێر و 20 خولهك تێپهڕبوون بهسهر یادی رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامهگهری، لهپێش كۆلیژهكهی له 4ی ئایاری 2010 كاتژمێر 8:20ی بهیانی له كاتی چوونی بۆ خوێندن له لایهن چهند كهسێكی نهناسراوی جلوبهرگ مهدهنی به ئۆتۆمبێلێكی جۆری هۆندا سپی 12 نهفهری ژماره كاتی بهغداد رفێندرا و، له ئێوارهی دووهم رۆژی رفاندنهكهیدا ههواڵی بوونی تهرمهكهی له شاری موسڵ به خێزانهكهی راگهیهندرا. سهردار وهك ئهوهی یهكهم ئهندامی خێزانهكهیان بوو تهرمهكهی بینی، دوایین كهسیش بوو كه ئهوی به زیندوویی بینی، چونكه ئهو رۆژی 4ی ئایار سهردهشت دهباته زانكۆ و چهند خولهكێك له دوای جێهێشتنی ئهوێ رفاندنهكه ئهنجام دهدرێت. بهپێی قسهی خوێندكاره شایهتحاڵهكانی پێش كۆلیژی ئهدهبیات كه سهردهشت له سهیارهی براكهی دادهبهزێت "دوو پیاوی جل مهدهنی لهگهڵ سهردهشت دهكهونه قسه، دیاره ئهوان مهبهستیان بووه بیخافڵێنن و نهچێته ناو كۆلیژهكهی تا سهردار دهڕوات، بۆیه له دوای رۆیشتنی چهند كهسێكی تر لهناو سهیارهیهكی جۆری كیا-هۆندای سپی دادهبهزن و لهگهڵ دوو كهسهكه به زۆر و لێدان دهیخهنه ناو سهیارهكه و دهیڕفێنن". بهشدار برای حهوتهمی خێزانهكهی به گێڕانهوهی رووداوی رفاندنه بۆ (درهو میدیا) دهیویست ئهوهش بگهیهنێت كه بهپێی شێوهی رفاندنهكهی، پێشتر چاودێری و ئامادهكاری ورد كراوه بۆ رفاندن و كوشتنی براكهی. سهردهشت له وتاری "یهكهمین زهنگی كوشتنم لێی دا" لهبارهی ئهو رێكارانهی گرتبوویهبهر بۆ ئاگاداركردنهوهی لایهنه بهرپرسهكان له ههڕهشه و مهترسییهكانی سهری، نووسیبووی "دوێنێ راگری كۆلیژهكهم ئاگادار كردهوه كه شهوی رابردوو ئیهانه و تههدیدی كوشتنیان كردووم، بهڵام ئهو وتی ئهمه كێشهی پۆلیسه، دوای ئهوهش پهیوهندیم به عهمید عهبدولخالقی بهڕێوبهری پۆلیسی ههولێركرد پێمی گووت لهوانهیه ئهم ژمارهی مۆبایله هی دهرهوهی وڵات بێت، یان كێشهیهكی شهخسی بێت، لهوانهیه چهند جارێكی دیكهش دووباره بێتهوه، بهڵام ههولێر ئارامه و شتی ئاوای لێ روونادات". ههمان رۆژ دوای ئهوهی خێزانهكهی به رفاندنهكهی دهزانن له نزیكترین بنكهی پۆلیسی نزیك كۆلیژهكهی كه بنكهی پۆلیسی ئازادییه سكاڵای یاسایی تۆماردهكهن و پۆلیس به فهرمی له رفاندنی كوڕهكهیان ئاگاداردهكهنهوه. بهڵام له سێیهم رۆژی پاش تۆماركردنی سكاڵاكه له 6ی ئایار و دوای هێنانهوهی تهرمهكهی له موسڵ، له ههولێر لهنێو هاوار و شیوهن و گریانی هاوڕێ و خوێندكارهكان و خزمهكانی، تهرمی سهردهشت عوسمان له دواوهی ئۆتۆمبێلێكی جۆری گازی سپی دوو تهنی داندرا و بۆ ماڵئاواییكردن برایهوه ناو كۆلیژهكهی و ئهو شوێنهی كه چیرۆكی رفاندنهكهی لێیهوه دهستیپێكرد، دواتر بهرهو گوندی گردعازهبان بهڕێكرا تا لهوێ بهخاك بسپێردرێت. برا گهورهی خانهوادهكهی سهردهشت، بهكرعوسمان ناسراو به ئارام عهلی كه تهنیا ئهندامی خێزانهكهیه بههۆی نیشتهجێبوونی له وڵاتی سوید نهیتوانی دوایین ماڵئاوایی بهر له به خاكسپاردنی له براكهی بكات و هێشتا لهگهڵ ئازاری ساتی ههواڵی پێڕاگهیاندنی مهرگی براكهی دهژی، لهبارهی راپۆرتی پزیشكی دادهوری موسڵ و جیاوازی ناوهڕۆكی راپۆرتهكه به (درهو میدیا)ی وت " لەگەڵ هێنانەوەی تەرمی سەردەشت، هیچ راپۆرتێکی پزیشکی دادوهری نەدرا، ئێمە پەیوەندیمان بەو نهخۆشخانهیه کردەوە بۆ وەرگرتنی راپۆرتهكه، دکتۆرێک وەڵامی دایەوە، وتی وەرن راپۆرتەکە ئامادەیە و بیبهن". بهڵام خانهوادهی سهردهشت كاتێك دهچنهوه ههمان نهخۆشخانه پێیان رادهگهیهنن "کە کەسی تر هاتووە و راپۆرتەکەی بردووە". ئهوان پرسیاری ئەو دکتۆرە دهكهن كه پێشتر قسهیان لهگهڵ كردووه بهڵام پێیان دهڵێن "ئەو دکتۆرە لێرە نەماوە" دوای گهڕان بهدوای شوێن و كاری نوێی هیچ زانیارییهكیان دهست ناكهوێت. سهركهوت عوسمان برای سێیهمی سهردهشت به (درهو میدیا)ی وت "له دوای هێنانهوهی سهردهشت بهڕێوبهری پۆلیسی ههولێر داوایكرد تهرمهكهی ببهینه پزیشكی دادوهری ههولێر، بهڵام ئێمه ئهوهمان رهتكردهوه". دوای تێپهڕبوونی 4 هەفتە بەسهر رووداوهكه بهناوی پزیشكی دادوهری موسڵ و به رێككهوتی 4/5/2010 راپۆرتێك لە لایەن (لیژنهی لێكۆلینهوه له دۆسیهی كوشتنی قوتابی سهردهشت عوسمان) بڵاوكرایهوه. ئارام عوسمان له بارهی راستی ناوهڕۆكی راپۆرتهكه وتی "ئاسایشی هەولێر لێدوانێکی تەمومژاویان دا و راپۆرتێکی پزیشیکیان بڵاوکردەوە، ئەو لێدوان و راپۆرتە راستی رووداوەکەی تیادا دەستکاری کرابوو بە سیناریۆیەکی ناڕاست رووداوهکەیان گێڕابووهوه، بهشێكی پێچهوانهی كاتی رووداوهكهیه و راپۆرتهكه به رێككهوتی 4ی ئایار رۆژی رفاندنهكهی نووسراوه له كاتێكدا 5ی ئایار گهیهندرابووه نهخۆشخانهكه". ئهو سهرنجی زیاتری لهسهر ئاسهوارهكانی ئهشكهنجهدان و پێوهنانی فیشهكهكه ههبوو كه له راپۆرتهكهدا بهجۆرێكی تر نووسراوه، بۆ نموونه "سهردهشت فیشهك به دهمییهوه نرابوو كهچی له راپۆرتهكه دهڵێ بهر سهری كهوتووه، له كاتێكدا شوێنی پێوهنانی فیشهكهكه بۆناو دهمی ئاماژهیه بۆ ههڕهشه و سهركوتكاری نووسین و وتن و بۆئهو بابهتانهی كه نووسیونی". له ژێر فشاری میدیا و چالاكوانانی مهدهنی و ناڕهزایی شهقام و خانهوادهی سهردهشت، مهسعود بارزانی سهرۆكی ئهوكاتی ههرێمی كوردستان بریاری دروستكردنی لیژنهیهكی دا به ناوی (لیژنهی لێكۆلینهوه له دۆسیهی كوشتنی قوتابی سهردهشت عوسمان) به سهرۆكایهتی وهزیری ناوخۆ كهریم سنجاری، كه ئهوكات ناوی لیژنهكه بههۆی پێكهاتهی ئهندامان و فهرامۆشكردنی رۆژنامهنووس، بوونی كهوته بهر رهخنه و لیژنهكهش نهبووه هۆی دهستگیركردنی بكوژان. رۆژی 15ی ئهیلولی 2010 ئاسایشی ههولێر راگهیهندراوێكی به ناونیشانی "ناسنامهی بكوژانی قوتابی سهردهشت عوسمان ئاشكرا دهكات" بڵاوكردهوه بهبێ هیچ ئاماژهكردنێك به رفاندنهكهی لهنێو بازگهكانی دهزگای ئاسایش، تیایدا هاتبوو "پاش كۆكردنهوه و تاوتوێكردن و شیكردنهوهی چهندین زانیاری له سهرچاوهی جیاجیا له لایهن لیژنهی لێكۆڵینهوه دهركهوت كهسێكی سهر به گرووپی ئهنسار ئهلئیسلام -انصار الاسلام به ناوی هیشام مهحمود ئیسماعیل تهمهن 28 ساڵ به رهگهز كورد، دانیشتووی شاری موسڵ پیشهی فیتهره له پیشهسازی شارۆچكهی بێجی دهستی ههبووه له شههیدكردنی ناوبراو". له یهكهم رۆژی دادگاییكردنی تاوانباركراو له لایهن ئاسایشی ههولێر، پهڕاوی لێكۆڵینهوهی هیشام مهحمود برایه بهردهم دادوهر عهبدولباست فهرهادی له دادگای تاوانەکانی ههولێر. بهڵام بهپێی زانیارییه بڵاوكراوهكانی رۆژنامهی رووداو بههۆی ههبوونی ههڵه له دۆسییهكه بهوهی نووسرابوو "له رۆژی 30/8/2010 ئیفاده له تۆمهتبار وهرگیراوه بهڵام له رۆژی 7/9/2010 دهستگیركراوه" دادوهر دانیشتنی دادگاییكردنی دۆسییهكهی دواخست. ماڵپهڕی ئاوێنه له 14ی ئایاری 2013 بڵاویكردهوه كه "هیشام مهحمود ئهو كهسهی تۆمهتباركرابوو به كوشتنی رۆژنامهنووس سهردهشت عوسمان بههۆی نهبوونی شاهید و بهڵگه لهسهری ئازادكراوه". بههۆی رهتكردنهوهی بڕیارهكانی لیژنهی لێكۆڵینهوهی ئاسایشی ههولێر له لایهن خانهوادهی سهردهشت و جهختكردنهوه لهسهر ئهوهی كوڕهكهیان "بههۆی نووسینهكانی و رهخنهگرتن له بنهماڵهی بارزانی و پارتی دیموكرات و سیستهمی سیاسی" تیرۆركراوه، ئامادهی هیچ یهكێك له دانیشتنهكانی دادگاییكردنی هیشام نهبوون. بۆیه عوسمان حهسهن باوكی سهردهشت به ماڵپهڕی سبهی وتبوو "ههر كاتێك بكوژی راستهقینهی كوڕهكهمان برایه بهردهم دادگا ئهو كات ئێمهش به خۆشحاڵییهوه ئاماده دهبین". سهردهشت له 25/12/1987له گهڕهكی كرێكارانی شاری ههولێر له دایكبووه، خێزانهكهی پێكهاتوون له سێ خوشك و ده برا كه ئهو ههشتهمین له دایكبووی كوڕیان بووه. سهردهشت پێشتر له وتاره رۆژنامهوانییهكاندا ئاماژهی بهو ههڕهشانه كردووه كه بههۆی وتارهكانی "من عاشقی كچهكهی بارزانیم" و "نه سهرۆك خوایه نه كچهكهی" لێی كراوه، وتاری یهكهمی 348 وشه بوو و وتاری دووهمی 804 وشه بوو، بهڵام له دوای تیرۆركردنی له دوو بهرگی كتێبدا بهناوی "سهردهشت عوسمان" لهبهرگی یهكهمدا 1049 لاپهڕه و لهبهرگی دووهمدا 866 لاپهڕه له دژی تیرۆركردن و لهدژی بكوژانی و پاڵپشتیكردنی ئازادی نووسراوه و بڵاوكراوهتهوه. به زمانی كوردی و زمانه زیندووهكانی جیهان له رێگای بهدواداگهڕانی گۆگڵهوه چهندین ههزار لاپهڕهی نووسراوی لهسهر دهدۆزرێتهوه. بهشدار لهگهڵ برا تیرۆركراوهكهیدا ژوورێكی هاوبهشیان ههبووه بۆ خوێندن و خهوتن له ماڵهكهیاندا، ئهو تائێستاش ئهو كهلوپهلانهی پاراستووه كه له كاتی كوشتنی له نێوگیرفانی دابوون و پێكهاتبوون له وێنهیهكی خۆی و سێوهی دایكی لهگهڵ ناسنامهی زانكۆ و تهنیا 12ههزار دیناری عێراقی. سێوه حهمهدهمین كه له دوای تیرۆركردنی كوڕهكهیهوه به تهواوی بووهته دایكێكی رهشپۆش، زوو زوو فرمێسكی چاوهكانی دهسڕێت، وهك ئهوهی ئومێدی به دادگان نهمابێت دهست بۆ ئاسمان بهرزدهكاتهوه دهڵێ "حهقی سهردهشتم لهو خودایه دهوێ، ئیللا هاواری ئهو خودایه دهكهم، نوخشهی سهدامیان لێ بێت ههر ئهوهنده دهڵێم". سێوهی دایك لهسهر گڵكۆی كوڕهكهی سهبارهت هاودهنگی و هاوخهمی خهڵك لهگهڵیان به (درهو میدیا)ی وت "ئهو خهڵكه دهستبارییان گرتووه لهگهل خهمهكانمان، ئهو كوڕه زۆربێ گوناه بوو، دهچووه مهكتهب و دههاتهوه". ئهو گێڕایهوه رۆژێك لهسهر زۆر خوێندن گلهیی له كوڕهكهی كردووه پێی وتووه "رۆژێك چاوی خۆت لهسهر ئهو كاغهزانه دادهنێی، ئهو وتی دایه خوێندن ئهوهای دهوێ، زۆر مهراقی خوێندن بوو، لهو رۆژهی چووه مهكتهب ساقیت نهبوو تا ئهو رۆژهی ئهوهایان لێكرد". دوای تێپهڕبوونی 8 ساڵ بهسهر كوشتنی كوڕهكهیان، خانهوادهی سهردهشت سوورن لهسهر ئهوهی وتارهكانی "من عاشقی كچهكهی بارزانیم" و "نه سهرۆك خوایه نه كچهكهی" لهگهڵ نووسینهكانی تری هۆكاری سهرهكین بۆ رفاندن و تیرۆركردنی. بۆیه بهشدار وتی" ئێمە هەمان خواست و ویستی یەکەمین رۆژەکانی لەدەستدانی رۆڵەکەمان دووپات دەکەینەوە دەبێت بکوژان و نەخشەداڕێژەرانی تیرۆری سەردەشت ئاشکرا و دادگایی بکرێن چونكه تیرۆری سهردهشت تهنیا له كوشتنی فیزیكی و گوله بۆ ناودهمی كۆتایینههات بهڵكو ههموو ئیمكانییهتێكی حكومهت و دهزگا ئهمنییهكان و دادگاكان خرانه خزمهت ونكردنی بكوژانی راستهقینه لهبهرچاوی ئێمه و كۆمهڵگا". لهبهرئهوه "دوای 8 ساڵ ئهو دۆسیهیه له لای ئێمه و خهڵكی كوردستان به كراوهیی دهمێنێتهوه و سهردهشت لهوه تێپهڕیوه بهتهنیا كوڕی خانهوادهیهك بێت، ئهو ئێستا كوڕی ههموو كۆمهڵگایه".
راپۆرتی: محەمەد رەئوف – نامیق رەسوڵ مەسرور بارزانی كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، دەیەوێت لەگەڵ خۆی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بەرێتو نێچیرڤان بارزانیش دەیەوێت ئەو دامەزراوەیە وەك چۆن پێشتر سەربە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بووە هەروا بمێنێتەوە، ئەمەش بەشێك لە ناكۆكییەكان بووە كە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی دواخستووە. ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێدا گۆڕانكاری لە پۆستەكانیدا دەكرێتو بزوتنەوەی گۆڕانیش بە پێی رێككەوتنی چونە حكومەت پشكی دەبێت لەو دامەزراوەیەدا. ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان, بەپێی یاسای ژمارە ( 4)ی ساڵی 2011 ی یاسای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانی عێراق پێكهاتووەو راوێژكارەكەی تائێستا مەسرور بارزانییە. ئەم دامەزراوەیە لە دامەزراندنیەوە بەستراوەتەوە بە سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوەو راوێژكارەكەی پلەی وەزیری هەیە, هەروەك لە بڕگەی یەكەم مادەی دووەمی ژمارە ( 4)ی سالی 2011 ی یاسای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانی عێراقدا هاتووە" ئەنجومەنێك بەناوی ( ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان) دادەمەزرێتو بەسەرۆكی هەرێمەوە گرێدەدرێت". هۆكاری بەستنەوەی ئەو دامەزراوەیە بە سەرۆكی هەرێمەوە، پەیوەست بوو بە خودی مەسرور بارزانییەوە كە رازی نەبوو دامەزراوەكەی بچێتە ژێر دەسەڵاتی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، هەربۆیە لە بڕگەی یەكەمی مادەی چوارەمدا هاتووە" ئەنجومەنی ئاسایش راوێژكارێكی دەبێت و لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە بە پلەی وەزیر دادەمەزرێنرێت" پێكهاتەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لە بڕگەی یەكەم مادەی دووەمی یاسای ژمارە ( 4)ی ساڵی 2011 ی یاسای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستاندا ئەنجومەنەكە پێكدێت لە: - دەزگای ئاسایشی هەرێم - بەرێوەبەری هەواڵگری سەربازی - ئاژانسی پاراستنو زانیاری بەهۆی دابەشبوونی دەزگاو هێزە ئەمنییەكان بەسەر یەكێتیو پارتیدا, هەر یەك لەو دامەزراوانە دوو ئەندامیان هەبووە یەكێكیان یەكێتی و ئەویتریان پارتی، ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش پێكهاتوون لە : - راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان / مەسرور بارزانی - سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان / د. خەسرەو گوڵ محەمەد - سەرۆكی دەزگای پاراستنو زانیاری- زانیاری / لاهور شێخ جەنگی - سەرۆكی دەزگای پاراستن و زانیاری- پاراستن/ نەزهەت حالی - سەرۆكی دەزگای هەواڵگری هێزەكانی 70ی یەكێتی - سەرۆكی دەزگای هەواڵگری هێزەكانی 80ی پارتی لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تائێستا ئەم ئەنجومەنە بەهۆی ناكۆكیەكانیەوە كۆنەبوەتەوەو هەماهەنگی تەواوەتی لە نێوان ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستاندا نیە. ئەنجومەنی ئاسایش بە ژمارە بەپێی دوایین پرۆژە یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان، ژمارەی كارمەندانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ( 6 هەزار و 476 ) كارمەندەو بودجەكەشی ( 344 ملیارو 630 ملیۆن ) دینارە. هەربە بەپێی دوایین پرۆژە یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان ژمارەی كارمەندانی ( 31 هەزارو 421 ) و بودجەكەشی ( 487 ملیارو 443 ملیۆن ) دینار بووە. بەڵام لەدوای ساڵی 2013 ەوە تا ئێستا بەهۆی نەبوونی یاسای بودجەوە نازانرێت بودجەی ئەو دەزگایانە چەندەو چۆن خەرجدەكرێت. چارەنووسی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ئێستاو لەسەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمو هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، چارەنووسی ئەنجومەنی ئاسایش ناڕوونەو نازانرێت مەسرور بارزانی لەگەڵ خۆی دامەزراوەكەش دەباتە ناو حكومەتی هەرێمەوە یاخود وەك خۆی دەمێنێتەوەو دەكەوێتە ژێر دەستی نێچرڤان بارزانی؟. بە كشانەوەی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم، جموجوڵی دەسەڵات لەناو بنەماڵەی بارزانیدا دەستیپێكرد، مەسرور بارزانی كە دەبێتە سەرۆكی كابینەی نوێی حكومەت، شوێنەكەی خۆی وەكو (راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان) چۆڵ دەكات، پڕكردنەوەی ئەم پۆستەش كێشەیەكی تر بۆ پارتی دروستدەكات. بەپێی زانیارییەكان بڕیارە (وەیسی مەسعود بارزانی) بكرێت بە راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، بەپێی یاسا، ئەم پۆستە پلەكەی وەزیرەو سەربە سەرۆكایەتی هەرێمە، مەسرور بارزانی كە خۆی كەسایەتی ئەمنیی ژمارەیەكی پارتی بووە، نایەوێت لەداهاتوودا جڵەوی ئەو دۆسیەیە لەرێگەی یاساوە بكەوێتە دەستی نێچیرڤان بارزانی لە سەرۆكایەتی هەرێم، بۆیە تا ئێستا روون نیە كە ئایا مەسرور بارزانی رازی بووە لەبەرامبەر سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ئەو دەزگا ئەمنییە هەستیارە رادەستی نێچیرڤان بارزانی بكات، یاخود فێڵێكی یاسایی بۆ دەدۆزێتەوە بۆئەوەی جڵەوی سەرۆكایەتیەكەی هەر لای خۆی بمێنێتەوە، چونكە ئەو دامەزراوەیە لە داهاتوودا گۆڕانكاری تیادا دەكرێت و پۆستەكانی ناو ئەو دامەزراوەیە دابەشدەكرێنەوەو بزوتنەوەی گۆڕانیش پشكی دەبێت لەناو ئەو دامەزراوەیەدا، كە دەوترێت بەشێك لە ناكۆكییەكانی دواكەوتنی حكومەت بۆ رێكنەكەوتنی نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانی دەگەڕێتەوە لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو دامەزراوەیە.
(درەو میدیا): ئارام سەعید، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی دەستلەركێشانەوەی خۆی لەو حزبە راگەیاند. ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ لە رونكردنەوەیەكدا لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك دەستلەكاركێشانەوەی لە ئەنجومەنی باڵاو جوڵانەوەی نەوەی نوێ راگەیاندووەو دەڵێت:" هەر لە سەرەتاوە بەشداری هەموو جومگەو كارەكانی نەوەی نوێ بوم، لە پێناسە و ستراتیژ و كاركردنی سیاسی و مەیدانیی بەشداربووم حەزدەكەم پێتان بڵێم بەهۆی سەرنجەكانم لەسەر ئەو ئاراستەیەی ئێستا نەوەی نوێ گرتوێتیە بەر ناتوانم بەشێك بم لەو جوڵانەوەیە ،بۆیە بەم نامەی ماڵئاواییە وەك هاوڕێیەكی خۆتان". ئارام سەعید جەختیشدەكاتەوە وازهێنانی ئەو لەلایەك نیە دژی ئەوەی تر و وەك هاوڕێی هەموان دەمێنێتەوە. دەقی رونكردنەوەكەی ئارام سەعید: هاوڕێیانم لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ هاوڕێیانم لە ئەنجومەنی باڵاو فراكسیۆنەكانی نەوەی نوێ لە پارلەمانی عێراق و كوردستان من وەك یەكێك لە دامەزرێنەرانی نەوەی نوێ هەر لە سەرەتاوە بەشداری هەموو جومگەو كارەكانی نەوەی نوێ بوم، لە پێناسە و ستراتیژ و كاركردنی سیاسی و مەیدانیی بەشداربووم حەزدەكەم پێتان بڵێم بەهۆی سەرنجەكانم لەسەر ئەو ئاراستەیەی ئێستا نەوەی نوێ گرتوێتیە بەر ناتوانم بەشێك بم لەو جوڵانەوەیە ،بۆیە بەم نامەی ماڵئاواییە وەك هاوڕێیەكی خۆتان، سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ ئەرك و ماندوبوون و شێلگیریتان لە پێشخستنی نەوەی نوێدا دەرببڕم . سوپاس و ڕێزم بۆ هەموو لایەك و داواكارم لەمەودوا بۆكاری نەوەی نوێ پەیوەندی بەو ئازیزانەی ترەوە بكەن كە بەردەوامن. گەر جاروبار و لە بۆنەی جیاوازیشدا بەد لێكحاڵیبوون و جۆرێك لە بارگرژیی دروست بووبێت، ئەوا دڵنیاتان دەكەم كە بەشێكی زۆری لەپێناو پێشخستن و ڕێكوپێكتركردنی كارەكاندا بووە، بەڵام لەهەمانكاتیشدا وەك هاوكارێكی خۆتان بە هەمان هەستی دڵسۆزییەوە داوای لێبوردن لە هەریەكێكتان دەكەم كە بە جۆرێك لە جۆرەكان لە كاتی كاركردندا لێم دڵگران بوبێت و هاوكاتیش ئەو رۆژانەی پێكەوە كارمان كردوە بەرز و پڕبەها دەنرخێنم. بە دڵنیاییەوە گەر ئەو گیانی كاركردن و هاریكارییەی ئێوە نەبوایه و بەو گیانی خۆبەخشیی و خۆنەویستییەوە كارتان نەكردایە، ئەوا بێگومان جولانەوەكە ئەم قۆناغە سەختانەی تێنەئەپەڕاند. . من هاوڕێتان بوم و وەك هاوڕێشتان دەمێنمەوە تێبینی: ١. وازهێنانی من لەلایەك نیە دژی ئەوی تر وەك هاوڕێی هەموان دەمێنمەوە ٢. بۆهاوڕێیانم لە میدیا ،جگە لەوەی بڵاومكردۆتەوە هیچ وردەكاریەكی ترم لە ئێستادا نیە لەسەر دەست لەكاركێشانەوەم. . هاوڕێتان، ئارام سەعید ٢/٥/٢٠١٩
( درەو میدیا): نوسینگەی رزگاركردنی رفێندراوە ئێزدییەكان ئەمڕۆ پێنجشەممە ئامارێكی نوێی دەربارەی ئێزدییە رفێندراوەكانەوە ئاشكراكردو رایگەیاند ئەم ئامارە لە سێ ئابی 2014ەوە تا ئەمڕۆ دووی ئایار دەگرێتەوە. نوسینگەكە لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت:" ئامارەكەمان ئەنجامەكانی دڕەندەترین تاوانە كە رێكخراوی " داعش" بەرامبەر بە ئێزدییەكان ئەنجامیداوە لە سێ ئابی 2014ەوە تا ئەمڕۆ 2ی ئایار و لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانیشەوە پشتی پێدەبەسترێت. بە گوێرەی ئامارەكە: * كۆی ئێزدییەكان لە عێراق: 550 هەزار كەس * ژمارەی ئاوارەكان بەهۆی داعشەوە: 360 هەزار كەس * ژمارەی شەهیدەكان لە رۆژەكانی سەرەتای هاتنی داعش: 1293 شەهید * ژمارەی ئەو منداڵانەی باوكیان لەدەستداوە: 1759 منداڵ * ژمارەی ئەو منداڵانەی دایكیان لەدەستداوە: 407 منداڵ * ژمارەی ئەو منداڵانەی باوكو دایكیان لەدەستداوە: 359 منداڵ * ژمارەی ئەو منداڵانەی دایكو باوكیان لای داعشن: 220 منداڵ * كۆی ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانەی بە شەنگال دۆزراونەتەوە: 80 گۆڕ و دەیان گۆڕی تاكەكەسی * ژمارەی ئەو مەزارگەو شوێنە ئاینییانەی لەلایەن داعشەوە تەقێندراونەتەوە: 68 مەزارگە * ژمارەی ئەو ئێزدییەكانی كۆچیان كردووە بۆ دەرەوەی عێراق: زیاتر لە 100 هەزار كەس * ژمارەی ئێزدییە رفێندراوەكان: 6417 كەس، 3548 نێر، 2869 نێر * ژمارەی ئەو ئێزدییانەی لە دەستی داعش رزگاركراون: 3451 كەس، 1178 ژن، 337 پیاو، 1010 منداڵی كچ، 926 منداڵی كوڕ * ژمارەی ئەو رفێندراوانەی ئازادنەكراون: 2966، 1360مێ، 1606 نێر. رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش" 3ی ئابی 2014 هێرشیكردە سەر قەزای شەنگالو شارۆچكەو گوندەكانی دەوروبەریو تاوانی كۆمەڵكوژی دژ بە ئێزدییەكان ئەنجامداو ژنان و كچانو منداڵانانی ئەو كەمایەتییە ئاینییەیان كردە كۆیلەو سەبایا و لە بازاڕەكانی رەقەدا كڕینو فرۆشتنیان پێوەكردنن و كردنیانە كۆیلەی سێكسی.
درەو میدیا: چراخان رەفیق هاوسەری پێشوی ئاشتی هەورامی سكاڵای یاسایی لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەكان، لە دادگای نێودەوڵەتی لەندەن تۆماركرد و دەڵێت " هەر لایەنێك و حزبێك و حكومەتێك توهمەتێك یان رێگیریم لێ بكەن ئەوە ئەوانیش شەریكە دزی ئاشتی هەورامین و دەیانەوێ بەردەوام بن لە دزێتی" لە نوسێنێكدا كە لە پەیجی رەسمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك بڵاویكردۆتەوە چراخان رەفیق دەڵێت" من وەك و چراخان رەفیق عومەر سكاڵای رەسمیم تۆمار كرد لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتێكانی هەرێم لە دادگای نێودەوڵەتی لەندەن( tribunal of the London Court of International Arbitration )هەمان ئەو دادگایەی كە جاری پێشۆ دانا غاز وزارەتەكەی روبەروو بوەوە ..وەسەجەم بەڵگەو موستەمسەكاتی گەندەڵێكانی ئاشتی هەورامی تەسلیمی دادگای نێو دەوڵەتی لەندەن كران بۆ لێكۆڵینەوە وە دەیسەلمێنم بۆ دونیاو هەرێمیش كە كێ ئەو هەموو گەندەڵی و دزێتیەی كردوە لە مەلەفی نەوتی هەرێم" چارخان رفیق رونیدەكاتەوە كە ئاشتی هەورامی هەمیشە وای پیشانداوە گەر ئەو نەبێت سەرجەم كۆمپانیای بیانیەكانی نەوت لە هەرێم دەكشێنەوە بەڵام " راستیەكەی ئەوەیە ئەو رێككەوتوە بە پارە لەگەڵ چەند بەرێوبەرێكی كۆمپانیاكان وە ئتفاقی شەخسیان هەیە و هیچ پەیوەندی بە مانەوەی كۆمپانیا نێو دەولەتیەكانەوە نیە لە هەرێم دا" دەقی نوسینەكەی چراخان رەفیق من وەك و چراخان رەفیق عومەر سكاڵای رەسمیم تۆمار كرد لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتێكانی هەرێم لە دادگای نێودەوڵەتی لەندەن( tribunal of the London Court of International Arbitration )هەمان ئەو دادگایەی كە جاری پێشۆ دانا غاز وزارەتەكەی روبەروو بوەوە ..وەسەجەم بەڵگەو موستەمسەكاتی گەندەڵێكانی ئاشتی هەورامی تەسلیمی دادگای نێو دەوڵەتی لەندەن كران بۆ لێكۆڵینەوە وە دەیسەلمێنم بۆ دونیاو هەرێمیش كە كێ ئەو هەموو گەندەڵی و دزێتیەی كردوە لە مەلەفی نەوتی هەرێم و ئاشتی هەورامی تا ئێستا هەوڵی داوە گەندەڵێكانی خۆی بەسەر خەڵكانی كەیە ساغ بكاتەوە و كەسانی كە تاوان بار كات و ئێستاش كار بۆ ئەوە دەكات دوبارە لەكابینەی نوێی هەرێم وەك و وەزیر دابمەزرێتەوە و دووبارە خەڵكانێكی كە تاوان باركات بە گەندەڵی بۆ مانەوەی خۆی و هەمیشە وای پیشان داوە گەر ئاشتی هەورامی نەبێ ئەوە سەرجەم كۆمپانیا بیانێكانی نەوت لە هەرێم دەكشێنەوە بەڵام راستێكەی ئەوەیە ئەو رێككەوتوە بە پارە لەگەڵ چەند بەرێوبەرێكی كۆمپانیاكان وە ئتفاقی شەخسیان هەیە و هیچ پەیوەندی بە مانەوەی كۆمپانیا نێو دەولەتێكانەوە نیە لە هەرێم دا . وە چەندین ساڵە بێدەنگ بونی من لەم كەیسەدا ئەوەیە كە كەسانی زۆر بەرێز منیان راگرتوە وە من بە شەخسی روبەروی ئاشتی هەورامی دەبمەوە لە دادگا وە هەر لایەنێك و حزبێك و حكومەتێك توهمەتێك یان رێگیریم لێ بكەن ئەوە ئەوانیش شەریكە دزی ئاشتی هەورامین و دەیانەوێ بەردەوام بن لە دزێتی وە لەم رۆوە هەر توهمەتێك یان بەربەستێكم بۆ دروست بكرێ لە حكومەت و حزب و لایەنەكانەوە ئە وە دەستی ئاشتی هەورامی لە پشتە و بە پارەی دزینی نەوت چاویان دادەپۆشێ.
(درەو میدیا): دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێ" چەند كەسێك كە تاوانی رێكخراویان ئەنجامداوە، لەناو ئۆفیسی سەرەكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە سلێمانی خۆیان حەشارداوە". پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزێكی دەزگای ئاسایش لە سلێمانی، چونەناو ئۆفێسی سەرەكی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ. هێزە ئەمنییەكە چەند كەسێكیان لە ئۆفێسی سەرەكی سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەستگیركرد. دەستگیركراوەكان بریتی بوون لە: • رەوەند نەجمەدین- بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای نالیا • هێژا- برای شۆخانی هاوسەری شاسوار عەبدولواحید • دوو كارمەندی تر بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە ساتی چوونی هێزەكە بۆ ناو ئۆفێسی سەرەكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، شەڕەقسە لەنێوان هێزەكەو شاسوار عەبدولواحیدو شۆخانی هاوسەریدا دروستبووە. هێزەكەی ئاسایش، دەستگیركراوەكانی ئۆفێسی سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێی گواستەوە بۆ بارەگای ئاسایش، لەوێ هێژا برای شۆخانی هاوسەری شاسوار عەبددولواحیدو دوو كارمەندەكەی تری ئۆفێسەكە ئازادكران، بەڵام رەوەند نەجمەدین بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای نالیا دەستبەسەركرا. دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە رونكردنەوەكەیدا رایگەیاند" بەبڕیاری بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوە، دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونی وردی دەستپێكرد، بۆ تاوانێكی رێكخراو كە لەلایەن چەند كەسێكەوە ئەنجام دراوە". دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێ" پاش كۆكردنەوەی زانیاریو بەدواداچوونی ورد، چەند كەسێك لەو تۆمەتبارانەی لە ئۆفیسی سەرەكی سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە سلێمانی حەشاردرابوون، بە چاودێریی دادوەری لێكۆڵینەوە هێزەكانمان دەستگیریانكردن". دوای كاتژمێرێك لە دەستگیركردنی ئەو كارمەندو "خۆبەخش"انەی نەوەی نوێ، شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەكە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رێكخستو وتی:" بە دادوەرمان وتووە هەر كەسێكتان دەوێت، رادەستان دەكەین، پێویست ناكات ئاسایش هەڵبكوتێتە سەر ئۆفیسی نەوەی نوێ". شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند" ئەم جۆرە كارانە نامانترسێنێت، بە ورەیەكی زیاترەوە لە كاری خۆمان بەردەوام دەبین، دەسەڵاتدارانی یەكێتی دڵنیادەكەمەوە بەم كارانە تەسلیمیان نابینو ڕۆژێك دێت تەرمی دەسەڵاتدارانی یەكێتی لە بەردەركی سەرا دەكەوێت".
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف ناكۆكی نێوان مەسرور بارزانیو نێچیرڤان بارزانی لەسەر دۆسیەكانی (پاكتاوكردنی حساباتی كابینەكانی پێشوو، ئیدارەدانی دۆسیەی نەوت، دۆسیەی ئەمنی) پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێ حكومەتی هەرێمی ئیفلیج كردووە. پارتی هەموو گرێكوێرەكانی بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتی نیشتمانی لەبەردەم پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت كردەوە، بەڵام گرێكوێرەكانی خۆی ئێستا پرۆسەكەی ئیفلیج كردووە. بڕیاربوو ئەمڕۆ وەفدی پارتی سەردانی سلێمانی بكات بۆ رێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتی نیشتمانی، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، سەردانەكە بۆ سەرەتای هەفتەی داهاتوو دواخراوە. سستبوونی پارتی بۆچی ؟ پارتی وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن لەسەرەتاوە بە گەرموگوڕی دەستی بە دانوستان كردو دەیویست لە كورتترین ماوەدا كابینەی نوێی حكومەت پێكبهێنێت، كابینەیەك كە مەسرور بارزانی كوڕە گەورەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی سەرۆكایەتی دەكاتو پارتییەكان دەبێت هەموو هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ سەرخستنی. پارتی كە پێشتر یەكێتی تۆمەتبار دەكرد بە هەوڵدان بۆ دواخستنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، ئێستا خۆی روبەڕووی هەمان تۆمەتو گومان دەبێتەوە. هۆكاری سیستبوونی هەوڵەكانی پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەتی نوێ بۆچی دەگەڕێتەوە ؟ ئەمە پرسیاری سەرەكی ئەم رۆژانەی زۆربەی ئەوانەیە كە چاودێری دۆخی سیاسی هەرێم دەكەن. دۆسیەی نەوت بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو پارتیو یەكێتی دەستیكەوتووە، ئەم رۆژانە ناكۆكییەكانی نێوان نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بازانی لەسەر پرسی چۆنیەتی ئیدارەدانی دۆسیەی نەوت، پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێوە. نێچیرڤان بارزانی كە دەبێتە سەرۆكی داهاتووی هەرێم كوردستان، دەیەوێت جڵەوی دۆسیەی نەوتی هەرێم لای خۆی بمێنێتەوە. لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا، بڕیاری كۆتایی لە دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستاندا لای نێچیرڤان بارزانی بووە، پێناچێت دوای جێهێشتنی سەرۆكایەتی حكومەت بیەوێت بە ئاسانی ئەو دۆسیەیە بەتەواوەتی رادەستی مەسرور بارزانی ئامۆزای بكات كە كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حكومەتی داهاتوو. كەسە نزیكەكان لە نێچیرڤان بارزانی دەڵێن، بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، چارەسەركردنی كێشەی نەوت لە نێوان هەرێمو بەغدا، یەكێك لە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم. رەنگە نێچیرڤان بارزانی بیەوێت لەم رێگەیەوە جڵەوی دۆسیەی نەوت لەدەستی خۆیدا بهێڵێتەوە، ئەگەر ناكۆكییە ناوخۆییەكانی پارتی لەسەر دۆسیەی نەوت بەمشێوەیە بەردەوام بێت، دور نییە لە داهاتوودا كاریگەری نەرێنی لەسەر پرسی چارەسەری دۆسیەی نەوت لەنێوان هەرێمو بەغداد دابنێت. هێشتنەوەی ئاشتی هەورامی وەكو وەزیری سامانە سروشییەكان لە كابینەی نوێی حكومەتدا، بەواتای مانەوەی دەستی نێچیرڤان بارزانییە لە دۆسیەی نەوتدا لەناو كابینەكەی مەسرور بارزانیدا. لەبەرامبەر هەموو هەوڵەكانی نێچیرڤان بارزانیدا، مەسرور بارزانی قایلە بە دانانەوەی ئاشتی هەورامی لە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان، بەڵام دەیەوێت جڵەوی دۆسیەی نەوت بەتەواوەتی لەدەستی خۆیدا بێت. هەر لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە، زانیاری هەن، توركیا بە فەرمی پارتی ئاگاداركردوەتەوە لەوەی ئەوان لە دۆسیەی نەوتدا تەنیا مامەڵە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا دەكەن نەك كەسی تر. ساڵی 2010 بۆ 2012 كە بەرهەم ساڵح سەرۆكی حكومەتی هەرێم بوو، ئەوكاتیش هەر نێچیرڤان بارزانی مامەڵەی نەوتی لەگەڵ توركیادا دەكرد. دۆسیەی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغداد رۆژی 28ی مانگی رابردوو وەفدێكی حكومەتی عێراقی كە ژمارەیەك وەزیری لەخۆگرتبوو، سەردانی هەولێری كرد، نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانی پێكەوە لەگەڵ وەفدەكە دانیشتن، كۆبونەوەكە تایبەت بوو بە پرسی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێرو بەغداد. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، دۆسیەی ئیدارەكانی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغداد، یەكێكە لە دۆسیە كێشە لەسەرەكان لەنێوان نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانیدا. بەگوێرەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكی هەرێم دۆسیەی هەماهەنگی نێوان هەرێمو بەغداد بەڕێوەدەبات، بەڵام مەسرور بارزانی دەیەوێت ئەو دۆسیەیە لە دەستی حكومەتدا بێت كە خۆی سەرۆكایەتی دەكات. ئەنجومەنی ئاسایش كشانەوەی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم، هێندەی بایەخی بۆ راگرتنی پارسەنگی دەسەڵات هەبوو لەناو بنەماڵەی بارزانی، هێندەش هاوكێشە چەقبوستوەكانی دەسەڵاتی لەناو ئەو بنەماڵەیە خستوەتە مەترسییەوە. بە كشانەوەی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم، جموجوڵی دەسەڵات لەناو بنەماڵە دەستیپێكرد، مەسرور بارزانی كە دەبێتە سەرۆكی كابینەی نوێی حكومەت، شوێنەكەی خۆی وەكو (راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان) چۆڵ دەكات، پڕكردنەوەی ئەم پۆستەش سەرئێشەیەكی تر بۆ پارتی دروستدەكات. بەپێی زانیارییەكان بڕیارە (وەیسی مەسعود بارزانی) بكرێت بە راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، بەپێی یاسا، ئەم پۆستە پلەكەی وەزیرەو سەربە سەرۆكایەتی هەرێمە، مەسرور بارزانی كە خۆی كەسایەتی ئەمنیی ژمارەیەكی پارتی بووە، نایەوێت لەداهاتوودا جڵەوی ئەو دۆسیەیە لەرێگەی یاساوە بكەوێتە دەستی نێچیرڤان بارزانی لە سەرۆكایەتی هەرێم. تەسفیە حساباتی دوو ئامۆزاكە یەكێك لەو دۆسیەیانەی تر كە ئێستا بووەتە بەربەست لەبەردەم پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، دۆسیەی دانانی وەزیرەكانو پاكتاوكردنی حساباتی دارایی كابینەكانی پێشووی حكومەتە كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی كردوون. مەسرور بارزانی دەیەوێت حكومەتێكی خاوێن وەرگرێت كە لەداهاتوودا بە هیچ دەزویەك بە نێچیرڤان بارزانی ئامۆزایەوە نەبەسترابێتەوە. شەڕی كوڕەكان هاوكات لەگەڵ ئیفلیجبوونی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، لە چەند رۆژی رابردوودا بۆ یەكەمینجار (ئارین مەسرور بارزانی) بەشێوەیەكی فەرمی دەركەوتو لە بۆنەیەكی وەرزشیدا لە هەولێر خەڵاتی دابەشكرد. پێشتر خەڵكی هەرێمی كوردستان زیاتر ئاشنیابوون بە (ئیدریس نێچیرڤان بارزانی) كە رێكخراوێكی هەیە بەناوی "روانگە"و زۆر لە میدیاكانی پارتییەوە دەردەكەوێت. دەركەوتنی ئەم چەند رۆژەی رابردووی كوڕەكەی مەسرور بارزانی، رەنگە ئەلقەیەكی نوێی ئەو ناكۆكییانە بێت كە لەسەر پرسی چۆنیەتی دەسەڵات لەنێوان دوو ئامۆزاكەدا دروستبووە.
درەو میدیا: " ئەگەر كێشەی ناوخۆیی پارتی نەبوایە ئەوا دەمێك بوو حكومەت پێكهاتبوو، چونكە لەسەر دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم لەناو خودی پارتی كێشە هەیە بۆتە هۆی دروستبونی ڕای جیاواز بۆیە ئەگەر بابەتی سەرۆكایەتی هەرێم نەبووایە حكومەت زوتر پێكدەهنرا، دەشڵێت" ئەمە وتەی ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە كە بەدەنگی ئەمریكای راگەیاندوەو ئاماژەی بەوەشكردووە" پارتی دیموكراتی كوردستان نەیتوانی لەماوەی یاسایی خۆی كە سێ مانگە حكومەت پێكبهێنێت ناكرێت ماوەی پێكهێنانی حكومەت لەبەردەم حیزبێكدا كراوە بێت بۆیە پێویستە ڕێگە خۆش بكات ڕێگە بەربدات كە لایەنی دووەم بێت كە( لێرەدا یەكێتی نیشتمانی كوردستان)ە هەوڵبدات حكومەت پێكبهێنێت ئەگەر ئەویش نەیتوانی لایەنی سێیەم دواتر ئەگەر ئەویش نەیتوانی پێویستە هەڵبژاردنەكان دووبارە بكرێتەوە، دەشڵێت" بەبۆچونی من كوردستان لەقەیرانی سیاسی و حكومڕانیدایە مادام لەماوەیەكی ئاسایی و یاسایی نەتوانرا حكومەت پێكبهێنرێت پێویستە هەڵبژاردن دوبارە بكرێتەوە ئەوجارە خەڵك دەنگی بە كێ دا با ئەوە حكومەت پێكبهێنێت، هەروەها وتی" ڕێككەوتنەی یەكێتی كە لەگەڵ پارتی كراوە، ئیتر واژۆ بكرێت یا نا ڕێككەوتنەكە كراوە، لەسەرەتای مانگی نیسانەوە تا ئێستا لەسەر پارتی وەستاوە پێكهێنانی حكومەت، واتە ڕێككەوتن بكرێت یا نا هیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نیە ." ئارێز عەبدوڵا ئەوەشی راگەیاندووە" ئەو هۆكارە سەرەكیانەی كەبۆتە هۆی دواكەوتنی حكومەت ئەمانەن: یەكەم هیچ حیزبێك لەهەڵبژاردن نەیتوانی نیوەی زیاتری دەنگەكان بهێنێت تا خۆی بەتەنها حكومەت پێكبهێنێت، دووەم بەیەكەوە بەستنەوەی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم و پێكهێنانی حكومەت، كە پارتی دوای هەڵبژاردن یەكسەر بڕیاری دا سەرۆكایەتی هەرێمیش كارابكرێتەوە، هەروەها پەلەكردن لەڕێككەوتنی نێوان گۆڕان و پارتی دوای ئەو كێشانەی كەهەبوو دەركەوت دروستكردنی حكومەت بێ یەكێتی كارێكی ئاسان نیە ڕاستە بەپێی پڕنسیب و یاسا دەكرێت، بەڵام بە پێی واقیع سەختە، وە دوای ئەوەی یەكێتی و پارتی ڕێككەوتن،گۆڕان نیگەران بوو لەو ڕێككەوتنە لەبابەتی بوونی جێگرێكی سەرۆكی هەرێم، جارێكی تر پارتی دوای خستەوە واتە ئێستا پێكنەهێنانی حكومەت لای پارتیە، پارتی دەبێت ڕێكبكەوێت." ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی دەشڵێت " پارتی دیموكراتی كوردستان نەیتوانی لەماوەی یاسایی خۆی حكومەت پێكبهێنێت، وە ئەو مافەشی بەلایەنەكانی تر نەدا، دوای ئەوە بڕیاریدا سەرۆكایەتی هەرێم یەكلایی بكاتەوە و یەكسەر كاندیدیشی بۆ دیاریكرد لەگەڵ یەكلایی كردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆكی حكومەت وەك ئەوەی ئەو مافە بەتەنها هی پارتی بێت بەڵێ ئەو مافە هی پارتیە وەك حیزبی براوەی هەڵبژاردن بەڵام تا هەتا هەتایە ئەو مافە هی پارتی نیە مادام نەیتوانی لەماوەی یاسایی كە (سێ مانگە) حكومەت پێكبهێنێت لایەنەكانی تریش چاوییان لەو مافە پۆشیووە بەتایبەت ئەو ڕێككەوتنە زووەیی كە لەنێوان پارتی و گۆڕان كرا ئەو مافەی لەدەستی یەكێتی و گۆڕان-یش سەندەوە." ئاماژەی بەوەشكردووە " یەكێتی تا ئێستاش پێی وایە پێویستە بەڕێككەوتن لەگەڵ پارتی حكومەت پێكبهێنرێت بەو ڕێككەوتنەی كە لەگەڵ پارتی كراوە، ئیتر واژۆ بكرێت یا نا ڕێككەوتنەكە كراوە، لەسەرەتای مانگی نیسانەوە تا ئێستا لەسەر پارتی وەستاوە پێكهێنانی حكومەت، واتە ڕێككەوتن بكرێت یا نا هیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نیە دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت پەیوەندی بەخودی پارتیەوە هەیە، چونكە لەناوخۆی ئەو حیزبە ڕای جیاواز و كێشە هەیە ئەگەر كێشەی ناوخۆیی پارتی نەبوایە ئەوا دەمێك بوو حكومەت پێكهاتبوو."
راپۆرتی : محەمەد رەئوف ئێستا هەرێمی كوردستان جارێكی كە كەوتۆتەوە ناو مشتومڕی شێوازی سیستمی حوكمرانیەكەی لە نێوان شێوازی سیستمی سەرۆكایەتی یان پەرلەمانی، پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەم خولە رازی بووە سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، ئەو لایەنانەی كە پێشتر خوازیاری سیستمی پەرلەمانی بوون بۆ هەرێم، پێیان وایە بەهێنانی سەرۆك بۆناو پەرلەمان سیستمەكەیان كردووە بە پەرلەمانی، بەڵام هێشتنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆك بەو شێوەیەی كە پێشتر هەبووە، كۆكنیە لەگەڵ ئەم بۆچونەدا، لەگەڵ ئەوەی دەستور ئەو پرسە یەكلا دەكاتەوە، بەڵام دەسەڵاتە زۆروزەوەندەكانی سەرۆكی هەرێم فۆرمی حوكمرانی لە هەرێمدا بەرەو سەرۆكایەتی كێش دەكات نەك پەرلەمانی. پرسیاری جەوهەری ئەوەیە سیستمی پەرلەمانی چی كاریگەریەكی لەسەر ژیانی سیاسی و حوكمرانی هەرێم دروست دەكات؟, ئەگەر سیستمەكە سەرۆكایەتی بێت چی كاریگەریەكی دەبێت؟ لە نێوان پەرلەمانیی و سەرۆكایەتییدا ژینگەی سیاسی و كۆمەڵایەتی جۆر و شێوازی سیستمی حوكمڕانی وڵات دیاریدەكات شیكردنەوەی جۆرەكانی سیستمی حوكمڕانیش باشیو خراپی سیستمەكە بۆ هەرێمی كوردستان روندەكاتەوە, بەتایبەتیش سیستمی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی و نیمچە سەرۆكایەتی، لە سیستمی پەرلەمانیدا تیایدا دەسەڵات لە پەرلەمانەوە دیاریدەكرێت و حیزبی براوە لە پەرلەماندا كابینەی حكومەتی پێدەسپێردرێت سەرۆك دەسەڵاتێكی تەشریفاتی هەیە، لە پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، لە نمونەی وڵاتانی ئیسرائیل و عێراق و بەریتانیاو ئوسترالیا، هەروەها لە سیستمی سەرۆكایەتییدا دەسەڵاتی جێبەجێكردن سەربەخۆیەو ناچێتە ژێر دەسەڵاتی یاسادانان ( پەرلەمانەوە ) واتا دەسەڵاتی جێبەجێكردن دەكەوێتە ژێر دەستی سەرۆكەوەو سەرۆك راستەوخۆ لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێت، لە نمونەی ئەمریكا. لە سیستمی پەرلەمانیدا حكومەت لە پەرلەمانەوە متمانە وەردەگرێت، پەرلەمان لێپێچینەوەی لێدەكات، متمانەی لێدەسەنێتەوە، سەرۆك لە پەرلەماندا هەڵدەبژێرێت، چاودێری دەزگای راپەڕاندنو دەسەڵاتەكان دەكات، یاسا دەردەكات و هەمواردەكاتەوە. هەماهەنگی، هاوسەنگی و چاودێریی دەسەڵاتەكان فەراهەم دەكات ، بەمجۆرە پەرلەمان دەبێتە دەسەڵاتی باڵای گەل. بەڵام لە سیستمی سەرۆكایەتیدا پەرلەمان و سەرۆك لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێن. بۆیە سەرۆك دەسەڵاتی هەرە باڵای راپەڕاندنە. لەهەمان كاتدا سەرۆك مافی ڤیتۆكردنی یاساكانی هەیە. لەم نێوەندەشدا چانسی گروپە ئایینی و ئەتنیكییەكان لەبڕیاردان و بەشداریكردنی دەسەڵات بەرتەسكدەبێتەوە. دەرفەتی سیاسەتكردن و بەشداری لە بڕیاردان بۆ پارتە بچوكەكان نامێنێت. گۆڕەپانەكە بۆ حزبە باڵادەست و خاوەن توانای دارایی، ئابووری و سەربازییەكان دەمێنێتەوە. بەمجۆرە زۆربەی پارتە سیاسییەكان ماڵئاوایی لە سیاسەت دەكەن. گروپە ئەتنیكی و ئاینییەكان لەژێر ویژدانی سەرۆكدا دەمێننەوە. بۆ روونكردنەوەی زیاتری سیستمی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی پشت بە چەند توێژینەوەیەكی ئەكادیمی دەبەستین بەتایبەتیش هەڵسەنگاندنی دۆخی وڵاتەكان لەگەڵ ئەو سیستمەی دەگۆنجێت، كە ئایا دۆخی هەرێمی كوردستان لەگەڵ چی سیستمێكدا دەگونجێت،. توێژینەوەیەك كە لەلایەن پرۆفیسۆر ( ئەلفرێد ستێپان (Alfred Stepan)) پسپۆری بواری دیموكراتیزەكردن لە زانكۆی كۆڵۆمبیاو پرۆفیسۆر ( سیندی سكاچ (Cindy Skach) ) پسپۆری بواری بەراوردكاری دەستوریی لە زانكۆی هارڤارد ئەنجامدراوە. ئەم دوو پرۆفیسۆرە بەراوردێكیان لە نێوان سیستمی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی كردووە لەسەر بنەمای ئەزمونی وڵاتانی جیهان مەبەستی توێژینەوەكەشیان رێنماییكردنی ئەو وڵاتانەیە كە تازە رزگاریان بووەو بەرەو دیموكراسی هەنگاودەنێن، بۆ سود وەرگرتن لە سیستمی حوكمرانی . لە نێوان ساڵانی 1979 تا 1989 تەنها 43 وڵاتی دیموكراسی هەبوون لەو 43 وڵاتە 34 وڵاتیان سیستمی حوكمڕانیان پەرلەمانی دیموكراسی و 5 وڵاتیشیان سەرۆكایەتی بوون ، لە 34 وڵاتەكەی كە سیستمیان پەرلەمانی بوو 3 تا 11 حیزب چالاكی سیاسیان هەبوو بەڵام لە 5 وڵاتی سیستمی سەرۆكایەتیەكەدا تەنها 2 بۆ 3 حزبی سیاسی لە كێبركێدا بوون، ئەمەش ئەوە دەخاتەروو كە سیستمی پەرلەمانی زیاتر لە سەرۆكایەتی فرە حیزبی بەرهەم دێنێت و قبوڵی دەكات چانسی حیزبە بچوكەكان زیاتر دەكات بۆ بەشداریكردن لە پەرلەماندا. هاوكات لە نێوان ساڵانی 1973 تا 1989 دا 53 وڵاتی دیكە بەشێوەیەك لە شێوەكان ئەزمونی دیموكراسیان بەخۆوە بینیوە لەو 53 وڵاتە 28 وڵاتیان سیستمی پەرلەمانیان هەڵبژاردووەو 25یان سیستمی سەرۆكایەتیان هەڵبژاردبوو، لەو وڵاتانەی سیستمی سەرۆكایەتیان هەڵبژاردبوو تەنها 5 وڵاتیان واتا 20% یان توانیان بۆ ماوەی 10 ساڵ بە دیموكراسی بمێننەوەو دوای 10 ساڵ لە دیموكراسی هەڵگەڕانەوە ، بەڵام ئەو وڵاتانەی سیستمی پەرلەمانیان وەك مۆدێلێك بۆ خۆبەرێوەبردن هەڵبژاردبوو 17 وڵاتیان واتا 61% یان بۆ ماوەی 10 ساڵ بە دیموكراسی مانەوە، بەو پێیەش بەردەوامبوونی پەیڕەوكردنی دیموكراسی لە سیستمە پەرلەمانیەكاندا 3 ئەوەندەی سیستمە سەرۆكایەتیەكانە. هەر بەپێی توێژینەوەكە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی لە نێوان ساڵانی 1945 تا 1979 ئەو وڵاتانەی لەژێر كۆلۆنیالیزم رزگاریان بوو دوای سەربەخۆبوونیان 41 وڵاتیان سیستمی پەرلەمانی پەیڕەوكردوو 36 وڵاتیان سیستمی سەرۆكایەتی هەڵبژارد ، لەو 41 وڵاتەی كە سیستمی پەرلەمانیان هەڵبژارد 15 وڵاتیان واتا لە 36% بە فیعلی بوون بە وڵاتی دیموكراسی، بەڵام ئەو 36 وڵاتەی سیستمی سەرۆكایەتیان هەڵبژاردبوو یەك دەوڵەتیان نەبوونە بە وڵاتی دیموكراسی، توێژینەوەكە گەیشتوەتە ئەو بڕوایەی كە سیستمی پەرلەمانی چانسی گەشەكردنی بۆ دیموكراسی زۆر زیاترە لە سیستمی سەرۆكایەتی، هاوكات لە توێژینەوەكەدا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە ئەگەری كودەتای سەربازی لەو وڵاتانەی سیستمی سەرۆكایەتیان هەڵبژاردبوو، دوو ئەوەندە زیاتر بوو لەو وڵاتانەی كە سیستمی پەرلەمانیان پەیرەو دەكرد.. ئەم توێژینەوەیە بەوردی رۆشنایی دەخاتە بەردەم گەلی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی سیستمی حوكمڕانیەكەی كە سەرۆكایەتی بێت یان پەرلەمانی.. بەو پێیەش هەرێمی كوردستان كە دەچێتە چوارچێوەی وڵاتە تازە گەشەكردووەكانەوەو بە قۆناغێكی راگوزەری سیاسییدا تێپەڕدەبێت، سیستمی پەرلەمانی تا ئاستێك گونجاوترە لە سیستمی سەرۆكایەتی بەو پێیەی لە وڵاتە رۆژهەڵاتیەكاندا سەرۆك بەهۆی بارودۆخی كۆمەڵایەتی و سیاسیەوە دەبێتە سەنتەری بڕیاردان و تەواوی دەسەڵاتەكان لای ئەو كۆدەبێتەوەو لەوێشەوە بەرەو تاكڕەویو دیكتاتۆری هەنگاودەنێت. وڵات لە سایەی سیستمی سەرۆكایەتیدا ئەگەرچی شارەزایان ئاماژەبەوەدەكەن لە سیستمی پەرلەمانیدا چانسی گەشەكردنی دیموكراسی و مەدەنی و فرە حیزبی زیاترە, بەڵام لە سیستمی سەرۆكایەتیشدا ئەو چانسە فەراهەم دەبێت لە نمونەی ئەمریكا بەڵام بارودۆخی شەڕو شۆڕش و نائارامی كاریگەری هەیە لەسەر سیستمەكە بۆیە بە بڕوای شارەزایان بۆ ئەو وڵاتانەی كە لە دۆخی جەنگ و نائارامی و راگوزەریدان سیستمی پەرلەمانی گونجاوترە بەوەی چانسی گەشەكردنی دیموكراسی و فرەحیزبی زیاتر دەكات، بە پێچەوانەشەوە سیستمی سەرۆكایەتی چانسی تاكڕەوی و دیكتاتۆری زیاتر دەكات، بەو پێیەی تەواوی ئەو وڵاتانەی كە بەر بەهاری عەرەبی كەوتن و شۆڕش و راپەڕینیان تێدا بوو سیستمەكەیان سەرۆكایەتی بوو. هەرچەندە ئەو سەرۆكانە هەموویان لە هەناوی شۆڕشەوە هاتونەتە دەرەوەو بە بیانووی شۆڕشگێڕییەوە هەنگاویان بۆ دیكتاتۆریو قۆرخكردنی دەسەڵات ناوە، زۆرینەی ئەو وڵاتانەی لە رێگەی شۆڕشەوە رزگاربوون و دەوڵەتیان دروست كردووە بە تونێلی دیكتاتۆریدا رۆیشتوون یاخود بونەتە دیكتاتۆر. چەند نمونەیەك: یەكەم: لە میسر حوسنی موبارەك لە 1981 -2011 سەرۆك بوو واتا 30 ساڵ سەرەڕای ئەوەی هەمواری دەستوری بۆ كرا بۆئەوەی بەردەوام بێت لە خولی سەرۆكایەتی لە دوایین هەڵبژاردندا لە 2014 دا 88.7% دەنگی بەدەستهێنا، میسر كە سیستمە حوكمڕانییەكەی كۆماریی سەرۆكایەتییە لە سەردەمی موبارەكدا تەواوی دەسەڵاتەكان لەلای سەرۆك بوون، بۆیە سیستمەكە بەرەو دیكتاتۆری هەنگاوی نا. دووەم: لە تونس زینولعابدین بن عەلی لە 1987 – 2011 واتا بۆ ماوەی 24 ساڵ سەرۆكایەتی كردو دەستوریشی هەمواركرد بۆئەوەی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوەو خۆی هەڵبژێرێتەوەو لە دواین هەڵبژاردنیدا لە 2009دا 89.6%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا, ئەگەر راپەرینی خەڵك نەبوایە هەرگیز دەستبەرداری كورسییەكەی نەدەبوو، تونس كە سیستمی حوكمڕانییەكەی كۆماری بوو, بووە رژێمێكی دیكتاتۆری . سێیەم: عەلی عەبدوڵا ساڵح لە ساڵی 1990 – 2012 سەرۆكی یەمەن بوو بۆ ماوەی 22 ساڵ سەرۆك بوو لە هەوڵا بوو بۆ خولی دیكەش خۆی كاندید بكاتەوەو لەسەر كورسی دەسەڵات دابنیشێتەوە, لە دواین خولی هەڵبژاردندا لە 2006 دا 77%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، ئەم وڵاتەش نمونەیەكی سیستمی سەرۆكایەتی بوو. چوارەم: بەشار ئەسەد، سەرۆكی سوریا لە 2000 ەوە سەرۆكە تا ئێستا واتا ماوەی 19 ساڵ و دەستوری هەمواركردەوە بۆئەوەی بەردەوام بێت لە دەسەڵات، لە دوایین هەڵبژاردندا لە 2014 دا 88.7% دەنگەكانی بەدەستهێناو چاوەڕوانیش ناكرێت بە ئاسانی دەستبەرداری كورسی سەرۆكایەتی بێت. سیستمی سەرۆكایەتی لەناو وڵاتانی رۆژهەڵات هەمیشە بەرەو دیكتاتۆری هەناوی ناوەو دیكتاتۆری بەرهەمهێناوە، بۆیە دۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستانیش زۆر باشتر نیە لە دۆخی ئەو وڵاتانە لەبەرئەوە سیستمی سەرۆكایەتی یان نیمچە سەرۆكایەتی لە هەرێمی كوردستان سەرۆك بەهۆی زۆری دەسەڵاتەكانیەوە بەرەو دیكتاتۆری و تاكڕەوی كێش دەكاتو وادەكات سەرۆك دەستبەرداری كورسییەكەی نەبێت. خۆ ئەگەر سیستمە سیاسییەكەی هەرێم بەتەواوی بكرێتە پەرلەمانی بەڵام سەرۆك ئەو هەموو دەسەڵاتەی هەبێت كە ئێستا بۆی دیاریكراوە ئەوا راستەوخۆ سیستمەكە دەبێتە سەرۆكایەتی بەو پێیەی سەرۆكی هەرێم فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و دەسەڵاتی باڵای جێبەجێكردنە، واتا تەواوی دەسەڵاتی وەزارەتی ناوخۆو پێشمەرگەو ئاسایشو هەموو هێزە چەكدارەكان لەگەڵ تەواوی دەسەڵاتی حكومەت و جێبەجێكردنی هەیە تەنها ئەم دوو دەسەڵاتە بەسن بۆئەوەی سیستمەكە بكاتە سەرۆكایەتی . ئەمە سەرەرای ئەوەی سیستمی سەرۆكایەتی لە هەرێم پێچەوانەی سیستمی عێراق دەبێت كە پەرلەمانیە و پێچەوانەی دەستوری عێراق دەبێت كە دەڵێت "نابێت هیچ بڕگەو یاسایەك دەربچێت پێچەوانەی دەستوری عێراق بێت"، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر سیستمی هەرێم بە تەواوی ببێتە پەرلەمانی ئەوا سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان وەكو دەزگایەكی دەستووریی هەرێم سەربەخۆیی خۆی دەپارێزێتو ناچێتە ژێرباری حوكمە رۆتینو ئیدارییەكانی حكومەتی ناوەندەوە. بەڵام لە سیستمی سەرۆكایەتیدا پێچەوانەی ئەمەیە، سەرۆك وەكو تاكە دەزگای راپەڕاندن دەبێتە لایەنی پەیوەنداریداری كارە رۆتینو ئیدارییەكانی حكومەتی بەغدا. لەڕووی سەروەریو سیاسەتی نەتەوەییشەوە ئیرادەی گەلی كوردستان دەبێتە پاشكۆی حكومەتی ناوەندی بەغدا.
درەو میدیا: عەبدولڕەزاق شەریف رایدەگەیەنێت" بەلاڕێدابردنی بزوتنەوەی گۆڕانو دوركەوتنەوەی لە گشت پرەنسیپەكانی نەوشیروان مستەفاو دژایەتیكردنی كەسایەتیو ژیانو تێكۆشانو بیرو روانینە سیاسییەكانی ئەو زاتە" ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە ئەمرۆ لەلایەن خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕانەوە لە ریزەكانی ئەو بزوتنەوەیە دورخرایەوە دەڵێت" لەناو بزوتنەوەی گۆڕان برەودراوە بە گەندەڵی مالیو ئیداریو ئەخلاقیو گلان لە سەفەقاتی بازرگانی بەدگومانو ناڕون". ئەمەش دەقی روونکردنەوەکەیە: رونكردنەوەیەك لە (عەبدولڕەزاق شەریف)ەوە بێ رەچاوكردنی گشت پرەنسیپە دەستوریو یاساییەكان، گشت عورفە سیاسیو كۆمەڵایەتیو ئەخلاقییەكان، دوای كۆتایی كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی لە ئێوارەی 28/4 دا، بەیانی رۆژی دواتر وەكو هەر هاوڵاتییەك هەواڵی دورخستنەوەم لە بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیاندنەكانەوە بیست. ئەوەی لەمڕۆدا پێویستی وتن بێت، تەنیا ئەم خاڵانەیەو لە ئایندەیەكی نزیكدا، بۆ هەریەكە لەوانە بەبەڵگەوە درێژەو وردەكاری دەخەمەڕو. یەكەم: بەلاڕێدابردنی بزوتنەوەی گۆڕانو دوركەوتنەوەی لە گشت پرەنسیپەكانی نەوشیروان مستەفاو دژایەتیكردنی كەسایەتیو ژیانو تێكۆشانو بیرو روانینە سیاسییەكانی ئەو زاتە. دووەم: برەوپێدانی گەندەڵی مالیو ئیداریو ئەخلاقیو گلان لە سەفەقاتی بازرگانی بەدگومانو ناڕون. سێیەم: نەمانی سادەترین پابەندبون بە كاری دەستوریو رێكخراوەییو عورفو ئەخلاقی سیاسیو هاوڕێیەتی، لەبری كاركردن بە گیانی كۆنەقینو پاراستنی بەرژەوەندی تاكو گروپی جیاجیا. بەندە لە تەمەنی كاری سیاسی خۆمدا، لەچوارچێوەی پەیڕەو و دەستوری رێكخراوەیدا، هەمیشە بە ئەركی خۆمەوە پابەندبومو لە هەر ئۆرگانێكدا كارم كردبێت، بەگژ دیاردە دزێوو ناشیرینەكاندا چومەتەوەو باجەكەشیم داوە، ئەو بڕیارەی گروپێكی خانەی راپەڕاندنیش كاردانەوەی هەڵوێستەكانم بوەو شانازی پێوە دەكەم، چونكە دوای مردنی نەوشیروان مستەفا، ئەو ئەركەی سەرشانی خۆمو هاوڕێكانم قورستر بوە، نە یەكەم كەسو نە دوا كەس دەبم لەو بەگژاچونەوەو تەسفیەكردنە. پرۆفایل: عەبدولڕەزاق شەریف لە دایکبووی شاری سلێمانییەو پێشمەرگەی دێرینەو پێش پەیوەندیکردنی بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە بەرپرسی راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بووەو ساڵی 2015 بە بڕیاری نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان وەك بەرپرسی دەزگاكانی راگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕان دانرا:
درەو میدیا: نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران دەڵێت" تاك بەتاكی لایەنە سیاسیەكانی هەرێم پەیوەندییان لەگەڵ ئێران هەیە،،"ئەسڵەن " حكومەتی هەرێم لەدەرەوەی ئەو پەیوەندییانەیە " دەشڵێت"ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لەدوای ڕیفراندۆم لەنێوان ئێران و پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە ئەگەر لە پەیوەندی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و ئێران زیاتر نەبێت كەمتر نیە" نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆماری ئیسلامی ئێران بەدەنگی ئەمریكای راگەیاندووە" پەیامەكانی ئێران بۆ لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بۆ هەرچی زووە پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ بووە لەم ڕوەوە لەبابەتی پێكهێنانی حكومەت بەپێی ئەوەی پارتی حیزبی براوەی هەڵبژاردنە، ئێران بەپلەی یەكەم لەپارتیەوە دەستی پێكردووە بۆ پەیوەندی كردن بەڵام نە هی پارتی كەمترە لە یەكێتی نە پەیوەندی یەكێتی لەگەڵ ئێران لە هی پارتی زۆرترە، " بەداخەوە هەمیشە " فۆكس-ەكە" لەسەر یەكێتیە ئەگەرنا ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لەدوای ڕیفراندۆم لەنێوان ئێران و پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە ئەگەر لە پەیوەندی یەكێتی و ئێران زیاتر نەبێت كەمتر نیە، هەروەها لەگەڵ گۆڕاندا وەهەموو لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان هەرچی "تۆ ناوی دەهێنی" هەرچی ناوی هەیە هەمووی لەپەیوەندیدایە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران، دەشڵێت" هەردوولایان (كۆماری ئیسلامی و لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستانی عیراق) هەوڵدەدەن پەیوەندییان لەگەڵ یەكتر هەبێت، ئەگەر یەكێتی، یا پارتی، زەحمەتكێشان،گۆڕان، یا هەركام لەو لایەنانەی كەهەیە خۆیان قبوڵیان نەبێت ئێران دەتوانێت بچێتە لایان؟" سەبارەت بە دەستوەردانی ئێران لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمدا نازم دەباغ " من پێم وانیە ئێران ڕاستەوخۆ دەستی وەردابێتە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بەڵام وەك وڵاتێكی دراوسێ پێی خۆشە سەقامگیری لەهەرێم و عیراق هەبێت وە تەبایی لەنێوان لایەنە سیاسیەكاندا هەبێت، بۆیە ناڕاستەوخۆ پەیامەكانی ئەوەی تێدایە هەرچی زوترە ئارامی و ڕێككەوتن دروست بێت لەقازانجی هەموو لایەكدایە ڕاستەوخۆ نەبووە بەڵام پەیوەندی لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان خوێندنەوەی من ئەوەبووە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بووە." هەروەها وتی" لەبابەتی پێكهێنانی حكومەت بەپێی ئەوەی پارتی حیزبی براوەی هەڵبژاردنە، ئێران بەپلەی یەكەم لەپارتیەوە دەستی پێكردووە بۆ پەیوەندی كردن بەڵام نە هی پارتی كەمترە لە یەكێتی نە پەیوەندی یەكێتی لەگەڵ ئێران لە هی پارتی زۆرترە، وەهەموو لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان هەرچی "تۆ ناوی دەهێنی" هەرچی ناوی هەیە هەمووی لەپەیوەندیدایە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران." سەبارەت بەوەی ئەو لایەنە سیاسیانەی هەرێم خۆیان هەوڵی پەیوەندی دەدەن لەگەڵ ئێران یا ئێران خۆی هەوڵدەدات پەیوەمدی بەو لایەنانەوە بكات؟ نازم دەباغ وتی" هەردوولایان هەوڵدەدەن، ئەگەر یەكێتی، یا پارتی،زەحمەتكێشان،گۆڕان، یا هەركام لەو لایەنانەی كەهەیە خۆیان قبوڵیان نەبێت ئێران دەتوانێت بچێتە لایان." كە ئایا لەدەرەوەی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستانی عیراق بەجیا پەیوەندییان لەگەڵ ئێران هەیە؟ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران وتی" نەك لەدەرەوە "ئەسڵەن " حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدەرەوەی ئەو پەیوەندییەی لایەنە سیاسیەكانی هەرێمە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران، واتە لایەنە سیاسیەكان پەیوەندی "ئەساس-ین" لەناو نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان."
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- نامیق رەسوڵ- محەمەد رەئوف بزوتنەوەی گۆڕان دواجار بە زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم قایل بوو، بەبێ ئەوەی هیچ یەكێك لە مەرجەكانی خۆی بەسەر پارتیدا بسەپێنێت، عەلی حەمەساڵح لێدوانی لێ قەدەغەكراو ئەندامێكی جڤاتیش باسی "راوێژكاری چینی" دەكات. ئەمڕۆ لە گردی زەرگەتە لە شاری سلێمانی، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە، كە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو ئەو حزبەدا. دانیشتنەكەی جڤاتی نیشتمانی تایبەت بوو بە دوو تەوەری سەرەكی: تەوەری یەكەم: پرسی زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم. تەوەری دووەم: دانانی میكانیزمی دیاریكردنی كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكانی بزوتنەوەكە لە كابینەی نوێی حكومەتدا. دوو كۆبونەوەی نهێنی ! دوای كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی، شۆڕش حاجی وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، هەفتەی رابردوو، دوور لە چاوی كامیراكان، وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی دیموكراتی كوردستان دووجار كۆبونەوەیان كردووە. شۆڕش حاجی وردەكاری ناوەڕۆكی ئەو دوو كۆبونەوە نهێنییەی باسنەكرد، بەڵام ئاماژەی بەوەكرد، كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەبەر رۆشنای ئەو دوو كۆبونەوە نهێنییەدا بووە كە هەفتەی رابردوو بەڕێوەچوون. جڤات بڕیاریدا ! سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا بەزۆرینەی دەنگ جڤات رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان. (درەو میدیا) زانیویەتی، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەبەرامبەر یەكخستنی هێزەكانی (70)ی یەكێتیو (80)ی پارتی رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر زیادكردنی جێگرێكی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم. ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر بزوتنەوەی گۆڕان چەند پێشنیازێكی خستە بەردەم پارتی وەكو مەرج بۆ قایلبوون بە زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، پێشنیازەكانی پێشووی گۆڕان ئەمانە بوون: • وەزارەتی پێشمەرگە یان ناوخۆ بدرێت بە بزوتنەوەی گۆڕان، لەبەرامبەر وەرگرتنی یەكێك لەو دوو پۆستە گۆڕان ئامادەیە دەستبەرداری پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم ببێت. • دەستەیەكی تر بە بزوتنەوەی گۆڕان بدرێت، لەم حاڵەتەدا بزوتنەوەی گۆڕان پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم وەردەگرێتو قایل دەبێت بەوەی جێگرەكەی تری سەرۆكی هەرێم لای یەكێتی بێت. • پۆستی "یاریدەدەر"ی سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی كە بەر گۆڕان كەوتووە، بكرێت بە پۆستی "جێگر"ی سەرۆكی حكومەت، واتە هاوشێوەی سەرۆكی هەرێم، پۆستی سەرۆكی حكومەتیش دوو جێگری هەبێتو لە هەردوو پۆستەكەدا گۆڕانو یەكێتی هەریەكەیان جێگرێكیان هەبێت. پێدەچێت پارتی هیچ یەكێك لەم پێشنیازانەی گۆڕانی پەسەند نەكردبێت، بۆیە گۆڕان ئەم مەرجە نوێیەی خستوەتەڕوو، واتە مەرجی یەكخستنی هێزەكانی (70)و (80)، لەكاتێكدا دەزانێت ئێستا هەوڵێكی ناوخۆییو دەرەكی هەیە بۆ یەكخستی هێزەكانی پێشمەرگە، رەنگە گۆڕان لەڕێگەی دەستبردن بۆ ئەم بابەتە وەكو مەرج بۆ زیادكردنی جێگرێك بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، بیەوێت لەداهاتوودا دەستكەوتی یەكخستنی هێزەكان بكات بە هی خۆی. بەپێی یاسا تا ئەم ساتە، سەرۆكی هەرێم یەك جێگری هەیەو پارتی دەیەوێت لە هەمواری نوێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا جێگرێكی تر زیادبكات، بەتایبەتی دوای رەزامەندی بزوتنەوەی گۆڕان. پارتی كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە، لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان رێككەوتنی كرد كە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم لای گۆڕان بێت، دواتر لەگەڵ یەكێتیش رێككەوتنی كرد جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیاد بكرێتو بە یەكێتی بدرێت. گۆڕان لەسەرەتاوە ناڕازی بوو لە زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، چونكە پێیوابوو جێگری سەرۆكی هەرێم یەك دەسەڵاتی گرنگی هەیە كە دەسەڵاتی جێگری سەرۆكی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، ئەگەر جێگرێك لە سەرۆكایەتی بۆ یەكێتی زیادبكرێت، ئەو دەسەڵاتە دەكەوێتە لای یەكێتیو جێگرەكەی گۆڕان هیچ دەسەڵاتێكی نامێنێت. لیژنەی كاندیدەكان بەمدواییە لیژنەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستە حكومییەكان، دەستبەكاربوو، لیژنەكە یەكەم كۆبونەوەی خۆی بەسەرپەرشتی عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجامدا. ئەندامانی لیژنەكە لە سەرەتاوە بریتی بوون لەم كەسانە: • سەفین مەلاقەرە • مستەفا سەلیم • محەمەد شوانی • چۆمان عەلی • دەرباز محەمەد • شێخ كامیل پێنجوێنی • ئاكۆ وەهبی • سنور قادر كۆكۆیی • لیوا جەلال (درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانیدا، گۆڕانكاری لە لیژنەی تایبەت بە یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان كراوەو گۆڕانكارییەكانیش ئەمانەن: • زیادكردنی (4) ئەندامی نوێ بۆ لیژنەكە، زیادكراوەكان بریتین لە (بایەزید حەسەن، هێمن شێخانی، ئاسۆ رەحیم، فوئاد جەمال)، پێشنیازكراوە (عومەر سەید عەلی رێكخەری بزوتنەوەكە)ش لە لیژنەكەدا بێت. • لابردنی نوێنەری ژوری یاسایی بزوتنەوەكە لەناو لیژنەكەدا (چۆمان عەلی)، بەهانەی لابردنی ئەم نوێنەرە لە لیژنەكە ئەوە بووە" ژوری یاسایی بزوتنەوەكە خۆی تەماشای تانەو پەڵپی كاندیدەكان دەكاتو نابێت خۆی نوێنەر بێت لە لیژنەكەدا". • لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا مشتومڕو ناڕەزایەتی لەسەر هەندێك ناو هەبوو لە لیژنەكەدا، لەوانە ناوی هەریەكە لە (دەرباز محەمەد)و (سنور قادر كۆكۆیی)، بەڵام ناڕەزایەتییەكان نەگەیشتە ئاستی ئەوەی ئەو دوو كەسە لە لیژنەكە دوربخرێنەوە. كێ بڕیار لەسەر كاندیدەكان دەكات ؟ بەپێی ئەوەی لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا رێككەوتنی لەسەر كراوە، لیژنەی تایبەت بە یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان، دەبێت بۆ هەر پۆستێك كە لە حكومەت بەر گۆڕان كەوتووە ناوی (5) كاندید بخاتەبەردەم جڤاتی نیشتمانی، تاوەكو جڤات بە دەنگدان یەكێك لە كاندیدەكان پەسەند بكات. لێدوانی لێ قەدەغە دەكرێت ! لە كۆبونەوەی ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانیدا، رێكخەری گشتیو بەشێك لە ئەندامانی جڤات ناڕازیبوونی خۆیان لە لێدوانە زۆرەكانی عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی بزوتنەوەكەیانو ئەندامی جڤات، بۆ میدیاكان دەربڕیوە. لەبەرامبەر ناڕەزایەتییەكاندا، عەلی حەمەساڵح وتویەتی" من بۆ بەرگری لە بزوتنەوەی گۆڕان قسە بۆ میدیاكان دەكەم، بەڵام چیتر بەرگری ناكەم"، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان پێی وتووە" تا شەش مانگی تر نابێت هیچ قسەیەك بكەیت". راوێژكارێكی چینی ! هەر لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا، یەكێك لە ئەندامانی جڤات رەخنەی لە عومەر سەید عەلی رێكخەری بزوتنەوەكەی گرتووەو وتویەتی" رێكخەری گشتی راوێژكاری هەیە زانیاری ناڕاستی پێدەدات، ئەو راوێژكارە چینییەو ئەگەر پۆستی پێنەدرێت واز لە گۆڕان دەهێنێت"، لە زمانی میللی كوردیدا دەستەواژەی "چینی" بۆ كەلوپەلێك بەكاردەهێنرێت كە كوالیتییەكەی خراپ بێت.