(دره‌و): ژماره‌یه‌ك چه‌كدار ده‌ستیان به‌سه‌ر كه‌شتییه‌كدا گرت كه نه‌وتی به‌سره‌ی عێراقی به‌ره‌و توركیا ده‌گواسته‌وه، كه‌شتییه‌كه ئێستا به‌ره‌و سنوری ئێران ده‌ڕوات، ئه‌م كه‌شتییه پێشتر له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه غه‌رامه كراوه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی نه‌وتی سزادراوی ئێرانی هه‌ڵگرتووه. كۆمپانیای ئامبری به‌ریتانی بۆ سه‌لامه‌تی ده‌ریایی رایگه‌یاند، ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كی پێگه‌یشتووه له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی له‌دوری نزیكه‌ی 50 میل له خۆرهه‌ڵاتی ویلایه‌تی سه‌حار له عومان، ژماره‌یه‌ك چه‌كدار چونه‌ته ناو كه‌شتییه‌كه‌وه. به‌پێی قسه‌ی كۆمپانیا به‌ریتانییه‌كه، كه‌شتییه‌كه ئاڵای دورگه‌كانی مارشاڵی هه‌ڵداوه‌و 4 بۆ 5 چه‌كدار كه جلوبه‌رگی ره‌شی نیمچه سه‌ربازییان له‌به‌ردایه‌و ده‌مامكیان كردووه، چونه‌ته سه‌ر كه‌شتییه‌كه. ئه‌م كه‌شتییه پێشتر به هه‌ڵگرتنی نه‌وتی سزادراوی ئێران تۆمه‌تباركراوه‌و ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه‌و له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه سزای دارایی به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه. كۆمپانیا به‌ریتانییه‌كه ده‌ڵێ: ئێستا سیسته‌می كۆنترۆڵی ئۆتۆماتیكی كه‌شتییه‌كه راوه‌ستاوه‌و به‌ره‌و به‌نده‌ری (جاسك) له ئێران ده‌ڕوات. له‌كاتێكی پێشتری ئه‌مڕۆدا، وته‌بێژێك به‌ناوی كۆمپانیای (ئیمپایه‌ر نافیگیشن) رایگه‌یاند، كاتێك له نزیك ویلایه‌تی سه‌حاری عومانه‌وه به‌ره‌و توركیا رۆیشتووه، كۆمپانیاكه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كه‌شتییه‌كه‌دا بچڕاوه. به‌پیی قسه‌ی كۆمپانیاكه، ئه‌م كه‌شتییه بارێكی هه‌ڵگرتووه كه 145 هه‌زار ته‌ن نه‌وت پێكدێت و له به‌سره‌ی عێراقه‌وه هه‌ڵیگرتووه. تیمی كه‌شتییه‌كه پێكدێت له (19) كه‌س، كه یه‌كێكیان یۆنانی و 18 كه‌سه‌كه‌ی تریان فلیپینین، پۆلیس هێڵی فریاگوزاری خێرای كردوه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی لێ ئاگاداربكاته‌وه. له‌دوای ده‌ستپێكردنی جه‌نگی ئیسرائیل- حه‌ماس له 7ی ئۆكتۆبه‌ری 2023ه‌وه، هیچ هێرشێك بۆسه‌ر كه‌شتییه‌كان له كه‌ناراوه‌كانی عومان تۆمارنه‌كراوه. ئه‌مه له‌كاتێكدایه حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن به‌شێوه‌یه‌كی رێكخراو هێرش ده‌كه‌نه‌سه‌ر كه‌شتییه‌كان له كه‌نداوی عه‌ده‌ن و ده‌ریای سور، گروپی ئه‌نساروڵا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن هێرشه‌كانیان بۆ به‌ئامانجگرتنی ئه‌و كه‌شتیانه‌یه كه به‌ره‌و ئیسرائیل ده‌ڕۆن. به‌پێی قسه‌ی شاره‌زایه‌تی بواری گواستنه‌وه‌ی ده‌ریایی، جوله‌ی كه‌شتییه بارهه‌ڵگره‌كان له ده‌ریای سور، له ناوه‌ڕاستی تشرینی دووه‌می رابردووه‌وه به‌ڕێژه‌ی 70% كه‌میكردووه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی هێرشی حوسییه‌كان بۆسه‌ر كه‌شتییه‌كان له‌و ناوچه‌یه‌دا. هێزه‌كانی ئهمریكاو به‌ریتانیا رۆژی سێ شه‌ممه زیاترله 20 فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان و موشه‌كیان له‌سه‌ر ده‌ریای سور خستوه‌ته خواره‌وه كه حوسییه‌كان هه‌ڵیانداوه، ده‌سه‌ڵاتدارانی له‌نده‌ن ئه‌مه به "گه‌وره‌ترین هێرش" ناوده‌به‌ن كه له‌دوای جه‌نگی غه‌ززه‌وه حوسییه‌كانی نزیك له ئێران ئه‌نجامیان دابێت. له چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا حوسییه‌كان زیاتر له 25 كرده‌وه‌ی به‌ئامانجگرتنی كه‌شتییه بازرگانییه‌كانیان ئه‌نجامداوه به گومانی ئه‌وه‌ی ئه‌م كه‌شتیانه سه‌ربه ئیسرائیلن یاخود به‌ره‌و به‌نده‌ره‌كانی ئیسرائیل ده‌ڕۆن له نزیكتهنگهی (باب مه‌نده‌ب)ی ستراتیژی له‌به‌ری باشوری ده‌ریای سوره‌وه.
(دره‌و): محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند ده‌یه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی خێرا ئه‌و هێزه سه‌ربازییانه له عێراق بكشێنه‌وه كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا سه‌رۆكایه‌تییان ده‌كات، ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی دانوستانه‌وه، به‌ڵام واده‌ی كۆتایی بۆ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان دیاری نه‌كرد. له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی (رۆیته‌رز)، سودانی ده‌ڵێ:" له‌ناو په‌ره‌سه‌ندنه ناوچه‌ییه‌كانی جه‌نگدا له غه‌ززه، بوونی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان سه‌قامگیری عێراق تێكده‌ده‌ن". بانگه‌وازه درێژخایه‌نی گروپه شیعه‌كان كه زۆرینه‌یان نزیكن له ئێرانه‌وه بۆ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له عێراق، به‌هێزتر بووه، ئه‌مه‌ش دوای زنجیره‌یه‌ك هێرشی ئه‌مریكا بۆسه‌ر گروپه توندڕه‌وه‌كانی وابه‌سته‌ی ئێران كه هاوكات به‌شێكن له هێزه ئه‌منییه فه‌رمییه‌كانی عێراق. ئه‌م هێرشانه كه وه‌كو وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بوون بۆ ده‌یان هێرشی فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كان و موشه‌ك بۆسه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا، كه له‌دوای هێرشی ئیسرائیل بۆسه‌ر غه‌ززه ده‌ستیانپێكرد، مه‌ترسی ئه‌وه‌یان دروستكردووه جارێكی تر عێراق ببێته‌وه به گۆڕه‌پانی ململانێی ناوچه‌یی. رۆژی سێ شه‌ممه له چاوپێكه‌وتنێكدا له به‌غداد، سودانی به (رۆیته‌رز)ی وت:" پێویسته ئه‌م په‌یوه‌ندییه رێكبخرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بێت به ئامانج یان به‌هانه بۆ هیچ لایه‌نێكی ناوخۆیی یان ده‌ره‌كی كه سه‌قامگیری عێراق و ناوچه‌كه تێكبدات". له‌چوارچێوه‌ی خستنه‌ڕووی ورده‌كاری به‌رایی له‌باره‌ی بۆچوونی خۆی سه‌باره‌ت به ئایندهی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی له‌دوای راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی 5ی ئه‌م مانگه‌وه، سودانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد" چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی ده‌بێت دانوستانی له‌سه‌ر بكرێت و له‌چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی لێكتێگه‌یشتن و دیالۆگدا بێت". "با له‌سه‌ر چوارچێوه‌یه‌كی زه‌مه‌نیی بۆ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی هاوپه‌یمانی رێكبكه‌وین، به‌ڕاشكاوی چونهدهرهوهیهكی خێرا بێت، بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كه دریژهنهكێشێت و هێرشه‌كان به‌رده‌وام رووبده‌ن، كۆتایهاتنی جه‌نگی ئیسرائیل له غه‌ززه مه‌ترسییه‌كانی ئاڵۆزبوونی دۆخی ناوچه‌كه راده‌گرێت" سودانی واده‌ڵێ. سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق باسله‌وه‌ده‌كات، راگرتنی جه‌نگی غه‌ززه تاكه چاره‌سه‌ره، ئه‌گه‌رنا به‌فراوانبوونی زیاتری ململانی له‌ناوچه‌یه‌كی هه‌ستیار به‌لای جیهانه‌وه ده‌بینین، كه خاوه‌نی به‌شێكی زۆری هه‌نارده‌ی وزه‌یه. پێده‌چێت كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا نیگه‌رانیی واشنتۆن زیاتر بكات سه‌باره‌ت به هه‌ژموونی ئێران به‌سه‌ر ده‌سته‌بژێری ده‌سه‌ڵاتداری عێراق. گروپه شیعه‌كان كه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێن، دوای ئه‌و لهشكرێشییه ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ده‌ست، كه له ساڵی 2003دا ئه‌مریكا سه‌ركردایه‌تی كرد. وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا (په‌نتاگۆن) رۆژی دووشه‌ممه رایگه‌یاند، هیچ پلانێكی نییه بۆ كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانی، كه له‌سه‌ر داوای حكومه‌ت ئه‌و وڵاته له عێراقدان. عێراق دووه‌م گه‌وره وه‌به‌رهێنی نه‌وته له‌ناو رێكخراوی ئۆپێك‌دا، له‌ریزی توندترین رهخنهگرهكانی هێرشه‌كه‌ی ئیسرائیله بۆسه‌ر غه‌ززه، كوشتنی به‌كۆمه‌ڵی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی فه‌له‌ستینی به حاڵه‌تێكی نمونه‌یی جینۆساید ناوده‌بات، ئه‌مه‌ش بانگه‌شه‌یه‌كه كه ئیسرائیل به‌توندی ده‌كاته‌وه. به‌ڵام حكومه‌تی عێراق چه‌ندین جاری ئه‌وه‌ی دووپاتكردوه‌ته‌وه كه ئه‌و هێرشانه‌ی گروپه چه‌كداره‌كان دهیكهنهسهر هێزه بیانی و نێرده دیپلۆماسییه‌كان له عێراق، نایاساین و پێچه‌وانه‌ن له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵات و ده‌ڵێ هه‌ندێك له تاوانبارانی ده‌ستگیركردووه‌و رێگری له هێرشه‌كان كردووه. هاوكات، به‌غداد ئیدانه‌ی هێرشه‌كانی ئه‌مریكای كردووه بۆسه‌ر ئه‌و باره‌گایانه‌ی كه گروپه چه‌كداره‌كان به‌كاریده‌هێنن، به هێرشه‌كه‌ی ئهمدواییهشهوه دژی فه‌رمانده‌یه‌كی گه‌وره‌ی میلیشیاكان له‌ناو دڵی به‌غداددا، به‌وپێیه‌ی پێشێلكارییه‌كی قورسی سه‌روه‌ری عێراقه. ره‌خنه‌گران ده‌ڵێن، گروپه چه‌كداره‌كان له‌ناویشیاندا كه‌تیبه‌كانی حزبوڵا‌و بزوتنه‌وه‌ی نوجه‌با، پێگه‌ی خۆیان وه‌كو ئه‌ندام له‌ناو هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی وه‌كو كه‌ڤه‌ر به‌كارده‌هێنن، حه‌شدی شه‌عبی هێزێكی ئه‌منیی حكومییه‌و وه‌كو گروپێك میلیشیا له ساڵی 2014دا دروستبووه. له كاتی لێدان له هێزه‌كانی ئه‌مریكا، ئه‌م گروپانه له ده‌ره‌وه‌ی زنجیره‌ی فه‌رمانده‌یی و له‌ژێر ئاڵای موقاوه‌مه‌ی ئیسلامی عێراقدا كارده‌كه‌ن، به‌ڵام كاتێك ئه‌مریكا تۆڵه ده‌كاته‌وه، ئه‌وان زیانه‌كانیان وه‌كو ئه‌ندامی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ئه‌ژمارده‌كه‌ن و به‌روبوومی به‌رزبوونه‌وه‌ی هه‌ستی دژایه‌تی ئه‌مریكا ده‌چننه‌وه. ئه‌و هێزانه‌ی كه ئه‌مریكا له عێراق سه‌ركردایه‌تی ده‌كردن، له ساڵی 2003دا سه‌ددام حسێنی سه‌رۆكی پیشوویان روخاند، پاشان له ساڵی 2011دا كشانه‌وه، به‌ڵام ساڵی 2014 جارێكی تر له‌چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیدا گه‌ڕانه‌وه بۆ شه‌ڕكردن دژی رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی و ئێستا ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا (2500) سه‌رباری له عێراقدا هه‌یه. له‌گه‌ڵ كه‌وتنی رێكخراوی داعشدا له ساڵی 2017 له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌و پاشه‌كشێكردنی له‌وكاته‌وه، سودانی ده‌ڵێ: ماوه‌یه‌كی زۆره هۆكاری بوونی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی له عێراق كۆتایی هاتووه. به‌ڵام بانگه‌وازه‌كانی بۆ كشانه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه هه‌یه‌و تائێستا زۆر نه‌گۆڕاوه. له ساڵی 2020دا چه‌ند رۆژێك دوای كوشتنی ژه‌نه‌راڵی گه‌وره قاسم سوله‌یمانی و فه‌رمانده‌یه‌كی گه‌وره‌ی چه‌كدارانی عێراقی (مه‌به‌ستی ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیسه) له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه له‌هێرشێكدا له‌ده‌ره‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غداد، په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگیدا بۆ چونه‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی. ساڵی دواتریش، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كۆتایی ئه‌ركه جه‌نگییه‌كانی خۆی له عێراق هێناو ئه‌ركی خۆی گۆڕی بۆ پێشكه‌شكردنی راوێژ‌و یارمه‌تیدانی هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێك بوو له‌سه‌ر ئه‌رزی واقع، كه‌مێك نه‌بێت، شتێكی ئه‌وتۆی نه‌گۆڕی. جه‌نگی غه‌ززه جارێكی تر پرسه‌كه‌ی هێنایه‌وه پێشه‌وه، زۆرێك له‌و گروپه عێراقییانه‌ی كه حكومه‌تی سودانییان به ده‌سه‌ڵات گهیاندو له تارانه‌وه نزیكن، داوایانكرد به‌شێوه‌ی كۆتایی هه‌موو هێزه بیانییه‌كان له‌عێراق بچنه‌ده‌ره‌وه، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكه كه ماوه‌یه‌كی زۆره ئێران و هاوپه‌یمانه ناوچه‌ییه‌كانی هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن. حه‌سه‌ن نه‌سروڵا ئه‌مینداری گشتیی حزبوڵای لوبنان رۆژی هه‌ینی له‌وتارێكدا وتی: هێرشه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق ده‌بێت رێگا خۆش بكات بۆ كشانه‌وه‌ی كۆتایی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق، ئه‌مه واده‌كات بوونی ئه‌مریكا له باكوری خۆرهه‌ڵاتی سوریاش قبوڵكراو نه‌بێت. سودانی وتی هه‌وڵ بۆ چونه‌ده‌ره‌وه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی ده‌دات، چونكه عێراق ئێستا ده‌توانێت به‌رگری به‌خۆی بكات دژی تیرۆر‌و پێویسته سه‌روه‌ریی ته‌واوی خۆی به‌سه‌ر خاكه‌كه‌یدا هه‌بێت، به‌مه‌ش دوربكه‌وێته‌وه له‌وه‌ی بیانوو بداته ده‌ست هه‌ر كه‌سێك بۆ راكێشانی عێراق بۆ ناو ململانێی ناوچه‌یی. " كۆتایهێنان به بوونی هاوپه‌یمانان رێگری ده‌كات له ئاڵۆزی زیاتر‌و تێكه‌ڵبوونی پرسه ئه‌منییه ناوخۆیی و ناوچه‌ییه‌كان" سودانی وا ده‌ڵێ. ئاماژه به‌وه ده‌كات، عێراق كراوه‌یه بۆ دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندی دووقۆڵی وهاوكاری ئه‌منیی له‌گه‌ڵ وڵاتانی هاوپه‌یمانیدا، له‌ناویشیاندا ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌مه‌ش راهێنان و راوێژكردن به هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق و كڕینی چه‌ك له‌خۆبگرێت. سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق وتی:" ئه‌مریكا دوژمنی ئێمه نییه‌و ئێمه‌ش له‌حاڵه‌تی جه‌نگدا نین له‌گه‌ڵ ئه‌ودا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م ئاڵۆزیانه به‌رده‌وام بن، به‌دڵنیایی كاریگه‌رییان ده‌بێت و كه‌لێن له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا دروستده‌كه‌ن". راپۆرتی ئاژانسی (رۆیته‌رز)
(دره‌و): حكومه‌تی عێراق له‌چوارچێوه‌ی یاداشتنامه‌یه‌كدا نه‌وت به 16 دۆلار كه‌متر له نرخی بازاڕی جیهانی به ئوردن ده‌فرۆشیت، ژماره‌یه‌ك كه‌س ئه‌مه به هه‌ده‌ردانی سامانی وڵات ناوده‌به‌ن و له دادگای فیدراڵی سكاڵایان دژی محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیران تۆماركردووه، دادگای ئه‌مڕۆ سكاڵامهی ره‌تكرده‌وه. دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵایه‌كی ره‌تكرده‌وه كه (7) كه‌س له‌سه‌ر محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیران تۆماریان كردبوو. سكاڵاكاره‌كان له سكاڵاكه‌یاندا داوا له دادگای فیدراڵی ده‌كه‌ن بڕیارێك هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه كه له 1ی شوباتی 2021دا ده‌ریكردووه بۆ درێژكردنه‌وه‌ی رێكككه‌وتنی عێراق- ئوردن، به‌گوێره‌ی ئه‌م رێككه‌وتنه نه‌وتی عێراق به نرخیكی هه‌رزانتر ده‌درێت به ئوردن، به‌جۆرێك رۆژانه (10 هه‌زار) به‌رمیلی نه‌وتی پێبدرێت به كه‌متر له (16) دۆلار له نرخی بازاڕ. سكاڵاكاره‌كان له سكاڵاكه‌یاندا پشتیان به راگه‌یه‌ندراوێكی كۆمپانیای به‌بازاڕخستنی نه‌وتی عێراق "سۆمۆ" به‌ستوه كه رۆژی 2ی حوزه‌یرانی 2022 بڵاویكردوهتهوهو تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، نرخی نه‌وتی هه‌نارده‌كراو بۆ ئوردن گه‌یشتوه‌ته (97) دۆلار، ئه‌مه له‌كاتێكدایه له‌وكاته‌دا نرخی به‌رمیلێك نه‌وت (113) دۆلار بووه. ئه‌م كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخه بۆ ئوردن، به‌بۆچوونی سكاڵاكاره‌كان به‌هه‌ده‌ردانی سامانی وڵات و رۆڵه‌كانی عێراقه، یه‌كێك له‌وانه‌ی سكاڵاكه‌ی تۆماركردووه نوێنه‌ری ده‌رچوانی دانه‌مه‌زراوه‌و خۆی وه‌كو زه‌ره‌رمه‌ند له‌و بڕیاره‌ی حكومه‌تی عێراق نیشان ده‌دات. سكاڵاكاره‌كان داوایانكردووه كۆپییه‌كی رێككه‌وتنی عێراق و ئوردن ئاڕاسته‌ی دادگای فیدراڵی بكرێت و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه، دادگا بڕیار بدات به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه یان هه‌مواركردنه‌وه‌ی، به‌وپێیه‌ی ئه‌م رێككه‌وتنه بۆ هه‌نارده‌ی نه‌وت به نرخێكی كه‌متر بۆ ئوردن مانگانه بڕی (198 ملیار) دینار زیان له عێراق ده‌دات. بریكاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له رۆژی 17ی نیسانی 2023دا گه‌ڵاڵه‌نامه‌یه‌كی بۆ دادگا ناردووه‌و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، بابه‌تی تانه‌دان له (یاداشتی لێكتێگه‌یشتنی پێدانی نه‌وتی خاو له‌نێوان حكومه‌تی كۆماری عێراق و حكومه‌تی شانشینی ئوردنی هاشمی) یاسا یان په‌یڕه‌و نییه، بۆیه كاری دادگا نییه ته‌ماشای ئه‌م بابه‌تانه بكات و سه‌رباری ئه‌مه‌ش، ئه‌وانه‌ی سكاڵایان كردووه به‌رژه‌وه‌ندییان نییه له به‌رزكردنه‌وه‌ی سكاڵاكه‌یاندا. "یاداشتنامه‌كه له‌نێوان وه‌زیری نه‌وتی عێراق و وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كانی ئوردن ئیمزاكراوه‌و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقیش پشتبه‌ست به ده‌سه‌ڵاته ده‌ستورییه‌كانی له مادده‌ی (80/ سێیه‌م)ی ده‌ستورو مادده‌ی (3/ دووه‌م)ی یاسای به‌ستنی په‌یماننامه‌كان، په‌سه‌ندی كردووه‌و ئه‌مه رێككه‌وتننامه نییه‌و ئه‌و یاسایه‌ی سه‌ره‌وه‌ی به‌سه‌ردا ناسه‌پێندرێت". له به‌شێكی تری گهڵاڵهنامهكهدا، بریكاره‌كه‌ی حكومه‌تی عێراق هۆكاری فرۆشتنی نه‌وتی عێراق به كه‌متر له 16 دۆلار به ئوردن بۆ جیاوازی نرخی نه‌وتی عێراق و نرخی نه‌وتی جیهانی "برێنت" ده‌گه‌رێنێته‌وه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی نرخی كوالیتی نه‌وتی عێراق به‌به‌راورد به نه‌وتی جیهانی، سه‌رباری ئه‌مه باس له خه‌رجی گواستنه‌وه نه‌وتی عێراق ده‌كات له شوێنی به‌رهه‌مهینان و ئهمباركردنهوه بۆ سنوری ئوردن. بریكاره‌كه‌ی حكومه‌ت به‌هانه ده‌هێنێته‌وه‌و ده‌ڵێ" ئه‌گه‌ر ئه‌و ئاسانكارییه له‌به‌رچاوبگیرێت كه له‌لایه‌نی ئوردنی كردویه‌تی بۆ داشكاندنی باج و سودی ئه‌و كاڵایانه‌ی كه عێراق له‌رێگه‌ی به‌نده‌ری عه‌قه‌به‌وه هاورده‌ی ده‌كات، عێراق له فرۆشتنی نه‌وت به‌م نرخه به ئوردن هیچ زیانێكی دارایی به‌رناكه‌وێت". بریكاری حكومه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، ئیمزاكردنی یاداشتنامه دوای كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌كی نوێ بۆ هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق بۆ زیادكردنی داهاته بۆ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت، به‌تایبه‌تیش له‌كاتێكدا وه‌به‌رهێنانی نه‌وتی هه‌نارده‌كراوی عێراق له‌لایه‌ن رێكخراوی "ئۆپێك"ه‌وه سنورداركراوه‌و ئه‌و نه‌وته‌ی كه عێراق بۆ ئوردنی هه‌نارده ده‌كات له‌چوارچێوه‌ی دیاریكراوی ئۆپێك‌دا نییه‌و به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو وڵات به‌دی ده‌هێنێت. دادگای وه‌ڵامی سكاڵاكاره‌كانی داوه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێ به‌وشێوه‌یه‌ی سكاڵاكهتان نوسیوه، له تایبه‌تمه‌ندی و ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دا نییه به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌مادده‌كانی (52 و 93)ی ده‌ستوردا هاتووه.
راپۆرتی: درەو 🔻 بەپێی ڕاگەیەندراوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگەکانی ساڵی (2022 و 2023)دا؛ 🔹 لە ساڵی (2023)دا؛ عێراق زیاتر لە (ملیارێک و 232 ملیۆن و 170 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، بە تێکڕای رۆژانەی زیاتر لە (3 ملیۆن و 375 هەزار) بەرمیل. لە کاتێکدا ساڵی (2022) زیاتر لە (ملیارێک و 208 ملیۆن و 531 هەزار) بەرمیل نەوتی بە تێکڕای رۆژانەی زیاتر لە (3 ملیۆن و 311 هەزار) بەرمیل فرۆشتبوو. بەم پێیە لە ساڵی (2023) هەناردەکردن بە رێژەی (2%) بڕی (23 ملیۆن و 639 هەزار) بەرمیل زیادی کردووە. 🔹 لە سەرەتاوە تا کۆتایی ساڵی (2023)، بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی نەوتی عێراق بە (79) دۆلار فرۆشراوە. لە کاتێکدا لە ساڵی (2022) بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت درابوو بە (95.5) دۆلار، واتا هەر بەرمیلێک نەوت (16.4) دۆلار بە رێژەی (17%) نرخەکەی لە دەستداوە، بەراورد بە ساڵی (2022). 🔹 کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لە ساڵی (2023)دا (97 ملیار و 578 ملیۆن و 503 هەزار) دۆلار بووە. بەڵام لە ساڵی (2022)دا گەیشتبووە (115 ملیار و 568 ملیۆن و 801 هەزار) دۆلار. واتە لە ساڵی (2023) بەراورد بە ساڵێ پێش خۆی نزیکەی (18 ملیار) دۆلار و بە ڕێژەی (16%) داهاتی نەوت کەمی کردووە. یەکەم: داهات و بڕ و نرخی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە ساڵی 2023 بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق تایبەت بە پرۆسەی نەوتی عێراق بۆ ساڵی (2023)، (وەک لە خشتەی ژمارە (1)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە ساڵی (2023)دا بڕی (ملیارێک و 232 ملیۆن و 170 هەزار و 126) بەرمیل نەوتی لە بازاڕەکانی جیهان ساغکردووەتەوە، واتە بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 375 هەزار و 130) بەرمیلی فرۆشراو. هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لەو ماوەیەدا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (79.08) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، بەرزترین نرخێکیش تۆمار کرابێت لە مانگی (ئەیلول) بووەو بەرمیلێک نەوت بە تێکڕای مانگەکە بە سەروو (91) دۆلار فرۆشراوە، بە درێژایی ساڵ تێکڕای نرخی نەوت نەهاتووەتە خوار (71) دۆلارەوە. هەر بەپێی داتا‌کان کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (97 ملیار و 578 ملیۆن و 503 هەزار) دۆلار. مانگی (تشرینی یەکەم)یش گەورەترین داهاتی نەوتی تێدا کۆکراوەتەوەو گەیشتووە بە (9 ملیار و 669 ملیۆن) دۆلار، هیچ مانگێکی ساڵەکەش داهاتی نەوتی فرۆشراو دانەبەزیوە بۆ خوار (7 ملیار) دۆلار. خشتەی ژمارە (1) دووەم: داهات و بڕ و نرخی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە ساڵی 2022 بە گەڕانەوە بۆ ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق (وەک لە خشتەی ژمارە (2)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە ساڵی (2022)دا بڕی (ملیارێک و 208 ملیۆن و 531 هەزار و 119) بەرمیل نەوتی فرۆشتبوو، واتە بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 311 هەزار و 416) بەرمیلی فرۆشراو. لە مانگی (تشرینی یەکەم)یشدا زۆرترین بڕی نەوت فرۆشراوە بە قەبارەی (104 ملیۆن و 831 هەزار و 120) بەرمیل نەوت و کەمترینی لە مانگی (شوبات) بووە بە بڕی (92 ملیۆن و 790 هەزار و 173) بەرمیل نەوتی خاو. هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لە ساڵی (2022)دا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (95 دۆلار‌و 53 سەنت) فرۆشرابوو، بەرزترین نرخێکیش تۆمار کرابێت لە مانگی (حوزەیران) بووەو بەرمیلێک نەوت بە تێکڕای مانگەکە بە (112 دۆلار 20 سەنت) فرۆشراوە، نزمترین نرخێکیش نەوتی پێ فرۆشرابێت مانگی (کانونی یەکەم) بووەو بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی تێدا دراوەتە (73 دۆلار و 63 سەنت). هەر بە گەڕانەوە بۆ داتاکانی ساڵی (2022)، کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق بریتی بووە لە بڕی (115 ملیار و 568 ملیۆن و 556 هەزار) دۆلار. مانگی (ئایار)یش گەورەترین داهاتی نەوتی تێدا کۆکرابوویەوەو گەیشتبووە (11 ملیار و 477 ملیۆن و 496 هەزار) دۆلار، کەمترین داهاتیش لە سەرەتاوە تا کۆتایی ساڵی (2022)دا لە مانگی (کانونی یەکەم)دا بووەو بڕی (7 ملیار 708 ملیۆن و 556 هەزار) دۆلار داهاتی گشتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بووە. خشتەی ژمارە (2) سێیەم: داهات و بڕ و نرخی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە ساڵی 2023 بەراورد ساڵی 2022 لە ساڵی (2023)دا؛ عێراق زیاتر لە (ملیارێک و 232 ملیۆن و 170 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، بە تێکڕای رۆژانەی زیاتر لە (3 ملیۆن و 375 هەزار) بەرمیل. لە کاتێکدا ساڵی (2022) زیاتر لە (ملیارێک و 208 ملیۆن و 531 هەزار) بەرمیل نەوتی بە تێکڕای رۆژانەی زیاتر لە (3 ملیۆن و 311 هەزار) بەرمیل فرۆشتبوو. بەم پێیە لە ساڵی (2023) هەناردەکردن بە رێژەی (2%) بڕی (23 ملیۆن و 639 هەزار) بەرمیل زیادی کردووە. (بۆ وردەکاری تێکڕای بڕی نەوتی هەناردەکراوی مانگانە بڕوانە چارتی ژمارە (1)) چارتی ژمارە (1) هەرچی دەربارەی تێکڕای نرخی نەوتی خاوی عێراقە، لە سەرەتاوە تا کۆتایی ساڵی (2023)، بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی نەوتی عێراق بە (79) دۆلار فرۆشراوە. لە کاتێکدا لە ساڵی (2022) بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت درابوو بە (95.5) دۆلار. واتا هەر بەرمیلێک نەوت (16.4) دۆلاری رێژەی (17%) نرخەکەی لە دەستداوە بەراورد بە ساڵی (2022). (بۆ وردەکاری تێکڕای نرخی نەوتی هەناردەکراوی مانگانە بڕوانە چارتی ژمارە (2)). چارتی ژمارە (2) بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە لە بازاڕەکانی جیهان، کاریگەری گەورەی لەسەر داهاتی گشتی نەوتی عێراق جێهێشتووە، بە جۆرێک؛ کۆی داهاتی نەوتی فرۆشراوی عێراق لە ساڵی (2023)دا (97 ملیار و 578 ملیۆن و 503 هەزار) دۆلار بووە. بەڵام لە ساڵی (2022)دا گەیشتبووە (115 ملیار و 568 ملیۆن و 801 هەزار) دۆلار. واتە لە ئەمساڵی (2023) بەراورد بە ساڵێ پێش خۆی نزیکەی (18 ملیار) دۆلار و بە ڕێژەی (16%) داهاتی نەوت کەمی کردووە. (بۆ وردەکاری داهاتی نەوتی هەناردەکراوی مانگانە بڕوانە چارتی ژمارە (3)). چارتی ژمارە (3) سەرچاوەکان؛ - ڕاگەیەندراوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەربارە داهات و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە ساڵی 2022. - ڕاگەیەندراوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەربارە داهات و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە ساڵی 2023.
درەو: رۆژنامەی (العربي الجدید): 🔹ئامارێكی نوێی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشكرایكردووە, داهاتەكانی نەوت لە ساڵی (2023) كەمیكردووە, سەرەڕای بەرزبونەوەی هەناردەكردن بۆ زیاتر لە (1) ملیار‌و (230) ملیۆن بەرمیل. 🔹بەگوێرەی ئامارەكەی وەزارەتی نەوت, تێكڕای هەناردەكردنی مانگانەی نەوتی عێراق (102.6) ملیۆن بەرمیل نەوت بووە, بەتێكڕای (3.4) ملیۆن بەرمیلی رۆژانە, كە بە بەراورد بە ئاستی هەناردەكردن لە ساڵی (2022)دا, بەڕێژەی (5.36%) بەرزبووەتەوە. 🔹داهاتی بەدەستهاتوو لە فرۆشتنی نەوت نزیكەی (87) ملیار‌و (600) ملیۆن دۆلار بووە, بە تێكڕای (7.3) میار دۆلاری مانگانە, كە بەڕێژەی (%31.79)دابەزیوە بە بەروارد بە ساڵی (2022), كە بڕكەی (115) ملیار‌و (460) ملیۆن دۆلار بووە. 🔹محەمەد عومەر, شارەزای ئابوری عێراق لەبارەی ئامارەكانی وەزارەتی نەوت دەڵێت: حكومەتی سودانی شكستیهێناوە لە بەڵێنەكانی لە بارەی كەمكردنەوەی پشتبەستن بە داهاتی نەوت, وەك سەرچاوەیەكی سەرەكی داهاتی وڵات. 🔹عێراق هێشتا لەژێر رەحمەتی نرخی نەوتی جیهانیدایە, داهاتەكانی نەوتیش زیاتر لە (96%) كۆی داهاتەكان پێكدەهێنێت, ئەوەش شكستی بە پلانی بوژاندنەوەی كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵ و بوارەكانی تر هێناوە, كە عێراق تیایدا پێشەنگەبووە.
(دره‌و): بۆ په‌ره‌پێدانی ئه‌و كێڵه نه‌وتییه هاوبه‌شانه‌ی كه ده‌كه‌ونه سنوره‌كانه‌وه، عێراق و ئێران بڕیاریاندا لیژنه‌یه‌ك دروست بكه‌ن، ده‌یانه‌وێت به‌پێی عورفی نێوده‌وڵه‌تیی كاره‌كه بكه‌ن. حه‌یان عه‌بدولغه‌نی وه‌زیری نه‌وتی عێراق كه هاوكات جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانه بۆ كاروباری وزه، له دوێنێوه له تارانه‌و له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانی حكومه‌تی ئێران و وه‌زاره‌تی نه‌وتی كۆماری ئیسلامی كۆبوه‌ته‌وه. حه‌یان عه‌بدولغه‌نی ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی نه‌وتی له‌گه‌ڵ خۆی بردووه بۆ تاران و له‌گه‌ڵ جواد ئوجی وه‌زیری نه‌وتی ئێران كۆبونه‌وه. له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌دا، وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و ئێران یاداشتێكی هاوكارییان له‌بواری راهێنان و په‌ره‌پێدان ئیمزاكرد. وه‌زیری نه‌وتی عێراق رایگه‌یاند، كۆبونه‌وه‌كه جه‌ختی له‌سه‌ر قوڵایی په‌یوه‌ندیی مێژوویی نێوان هه‌ردوو وڵاتی دراوسێ كرد له‌گه‌ڵ رۆڵی كاریگه‌ری عێراق و ئێران له رێكخراوی ئۆپێك و بازاری جیهانیدا، به‌وپێیه‌ی هه‌ردوو وڵات له پێشه‌نگی وڵاتانی به‌رهه‌مهێنی نه‌وت و غازدان. به‌پێی قسه‌ی حه‌یان عه‌بدولغه‌نی، عێراق و ئێران رێككه‌وتوون له‌سه‌ر پیكهێنانی لیژنه‌یه‌كی پسپۆڕ بۆ به‌هێزكردنی ده‌رفه‌تی هاوكاریی هاوبه‌ش، له‌وانه پیكهێنانی لیژنه‌یه‌ك بۆ په‌ره‌پێدانی كێڵگه هاوبه‌شه‌كانی سنوری نێوان هه‌ردوو وڵات، به‌پێی چوارچێوه‌و عورفه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كه مافی هه‌ردوولا زامن بكات، ئه‌مه له‌گه‌ڵ دروستكردنی لیژنه‌یه‌ك بۆ هاوكاری له بواری وه‌به‌رهێنان و كۆكردنه‌وه‌ی غاز‌و پیشه‌سازییه پترۆكیمیاوییه‌كان و وزه‌ی نوێبووه‌وه، هه‌روه‌ها لیژنه‌یه‌ك بۆ په‌ره‌پێدانی پاڵاوگه‌كان و لیژنه‌ی راهێنان و په‌ره‌پێدانی هاوبه‌ش. هه‌ردوو وڵات گفتوگۆیان كردووه له‌باره‌ی كاركردن و هاوكاری له بواره‌كانی به‌بازاڕخستنی نه‌وت و لێدانی بیر‌و هاورده‌كردنی بۆری و كاڵا‌و دۆزینه‌وه‌ی نه‌وت و بواره‌كانی تر.
(دره‌و): ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی عێراق تاوتوێی پرۆژه‌یه‌ك ده‌كات بۆههمواركردنی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی، دادگایه‌ك كه له‌ماوه‌ی یه‌ك ساڵی رابردوودا سێ بڕیاری قورسی له‌دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركردووه (بڕیاری راده‌ستكردنی نه‌وت و غاز- بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان- بڕیاری هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان) و بڕیارێكی تریشی به‌ده‌سته‌وه‌یه كه بڕیاره 27ی ئه‌م مانگه رایبگه‌یه‌نێت كه تایبه‌ته به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌مواری ژماره‌یه‌ك له بڕگه‌كانی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كه كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر چۆنیه‌تی دابه‌شبوونی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان به‌سه‌ر ناوچه‌كانی هه‌ڵبژاردندا هه‌یه. ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق به سه‌رۆكایه‌تی دادوه‌ر (فایه‌ق زه‌یدان) كۆبووه‌وه. به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی، له كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا گفتوگۆ كراوه له‌باره‌ی پرۆژه‌ی هه‌مواری یاسای دادگای باڵای فیدراڵی و بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی پرۆژه هه‌مواره‌كه په‌سه‌ندكراوه‌و تاوتوێكردنی مادده‌كانی تری هه‌مواره‌كه بۆ دانیشتنی داهاتووی ئه‌نجومه‌ن به‌جێهێڵدراوه. دادگای باڵای فیدراڵی عێراق یه‌كێك له‌و دامه‌زراوه دادوه‌رییانه‌ی عێراقه كه بڕیار له‌باره‌ی ناكۆكییه ده‌ستورییه‌كان ده‌دات و بڕیاره‌كانی كۆتاییه‌و تانه‌ی لێ‌نادرێت، ئه‌م دادگایه له‌نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كاندا مشتومڕی له‌سه‌ره‌و هه‌ندێكیان به دادگایه‌كی ناده‌ستوری ناوی ده‌به‌ن، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌مه‌ش هێزه سه‌ره‌كییه‌كانی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق دادوه‌ری خۆیان له‌م دادگایه‌دا هه‌یه. كورد كه به‌مدواییه زیاتر له بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی دوڕدونگ بووه، دوو دادوه‌ریی له‌م دادگایه‌دا هه‌یه. ئه‌م دادگایه ناوه‌ڕاستی شوباتی 2022 بڕیاری خۆی له‌باره‌ی سكاڵایه‌ك یه‌كلاكرده‌وه كه وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانی هه‌رێم تۆماریكردووه، له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م سكاڵایه، دادگای فیدراڵی بڕیاریدا به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێم و حكومه‌تی هه‌رێمی پابه‌ندكرد به‌وه‌ی نه‌وت و غازه‌كه‌ی راده‌ستی به‌غداد بكات، له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌م بڕیاری دادگادا بوو كه له‌یاسای بودجه‌ی سێ ساڵه‌ی عێراقدا حكومه‌تی هه‌رێم قایل بوو به‌وه‌ی پرۆسه‌ی فرۆشی نه‌وت و داهاته‌كه‌ی راده‌ستی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق بكات، له‌به‌ر رۆشنایی هه‌م بڕیاری دادگادا، ئێستا وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق له نوسینه‌وه‌ی رهشنوسیی یاسای نه‌وت و غازی فیدراڵ‌دا ده‌یه‌وێت هه‌موو مه‌رجه‌كانی خۆی له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانی هه‌رێمدا بسه‌پێنێت. دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێم، رۆژی 30 ئایاری ئه‌مساڵ دادگای فیدراڵی عێراق دووه‌م بڕیاری قورسی خۆی له‌دژی هه‌رێم دهركردو درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه، به‌مه‌ش گفتوگۆی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان به هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن و كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێم توشی بنبه‌ست هات. 24ی ئه‌یلولی ئه‌مساڵ هه‌مان دادگا له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵایه‌ك درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی له هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵوه‌شانده‌وه. بڕیاری 27ی ئه‌م مانگه، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری خۆی له‌باره‌ی سكاڵایه‌كه‌وه رابگه‌یه‌نێت كه یه‌كێتیی نیشتمانی له‌باره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی تۆماریكردووه، پێشبینییه‌كان بۆ ئه‌وه ده‌چن، دادگای فیدراڵی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م سكاڵایه شێوازی هه‌ڵبژاردن له یه‌ك بازنه‌ییه‌وه بگۆڕێت فره بازنه‌یی و كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان به (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كانیشه‌وه دابه‌ش بكات به‌سه‌ر سێ بازنه‌ی هه‌ڵبژاردندا له كوردستان، ئه‌مه نوێنه‌ری به‌شێك له پێكهاته‌كانی نیگه‌ران كردووه.
نه‌بیل مه‌رسومی- شاره‌زای ئابوری سه‌رباری ئه‌و ئاماژه ئه‌رێنییانه‌ی له راپۆرتی پسپۆرانی سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تیدا هاتووه دوای سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ عێراق له 19ی دێسه‌مبه‌ری 2023دا، كه باس له بوژانه‌وه‌ی چالاكی ئابوری له عێراق و پاشه‌كشه‌ی رێژه‌ی هه‌ڵاوسان ده‌كات، به‌ڵام راپۆرته‌كه ئاماژه به هه‌ندێك مه‌ترسی ده‌كات له‌به‌رده‌م ئابوری عێراقدا، له گرنگترینیان: یه‌كه‌م: فراوانبوونی گه‌وره‌ی دارایی گشتیی له‌چوارچێوه‌ی یاسای بودجه‌ی سێ ساڵه‌دا، له‌ماوه‌یه‌كی مامناوه‌نددا، مه‌ترسی گه‌وره‌و گرنگ له‌سه‌ر به‌رده‌وامی دۆخی دارایی گشتیی و كه‌رتی ده‌ره‌كیی داده‌نێت. دووه‌م: دابه‌زینی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌دوای داخستنی هێڵی نه‌وتی نێوان عێراق و توركیا‌و، كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنان له‌سه‌ر بنه‌مای داوای گروپی ئۆپیك+، پێكه‌وه كارده‌كه‌ن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گه‌شه‌ی گشتیی به‌رهه‌می ناوخۆ له ساڵانی 2023و 2024دا. سێیه‌م: پێشبینی ده‌كرێت هاوسه‌نگی دارایی گشتیی له زیاده‌یه‌كی زۆره‌وه كه له ساڵی 2022دا به‌ده‌ستهاتووه بگۆڕێت بۆ كوردتهێنانی بودجه له‌ساڵی 2023دا. هه‌روه‌ها پسپۆران پێشبینی ده‌كه‌ن قه‌باره‌ی كورتهێنانی دارایی حكومه‌ت له ساڵی 2024دا به‌پله‌یه‌كی گه‌وره‌تر فراوان ببێت، به‌جۆرێك كاریگه‌ریی ته‌واوه‌تیی ساڵانه له‌سه‌ر رێوشوێنه‌كانی بودجه به‌جێده‌هێڵێت. چواره‌م: فراوانبوونی به‌رچاوی دارایی گشتیی، له‌وانه‌ش زیادبوونی گه‌وهه‌ریی له ژماره‌ی كارمه‌ندانی كه‌رتی گشتیی و خانه‌نشینیی، خواستی به‌رده‌وام بۆ خه‌رجی گشتیی دروستده‌كات، كه ئه‌مه‌ش گوشار له‌سه‌ر دارایی گشتیی له‌ماوه‌ی مامناوه‌نددا، دروستده‌كات. پێنجه‌م: پێویستی كۆكردنه‌وه‌ی داهاتی زیاتری نانه‌وتیی و، كۆنترۆڵكردنی لیستی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌ت و، چاكسازیكردن له سیسته‌می خانه‌نشینیی حكومی، ئه‌م رێوشوێنانه ده‌بێت پشتگیری بكرێن به‌مه‌به‌ستی گواستنه‌وه بۆ كاركردن له‌سه‌ر دروستكردنی تۆڕێكی سه‌لامه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی زیاتر ئامانجدارو كاربكات بۆ فه‌راهه‌مكردنی پاراستنی باشتری چینه لاوازه‌كان. شه‌شه‌م: پێویستیی ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی یه‌كسان بۆ كه‌رتی تایبه‌ت له‌ڕێگه‌ی ئه‌نجامدانی چاكسازی له كاری بانكیی و كاره‌باو كه‌مكردنه‌وه‌ی شێواندنی بازاڕی كار‌و به‌رده‌وامیدان به هه‌وڵه‌كان بۆ به‌هێزكردنی حكومه‌ت و دانانی سنور بۆ گه‌نده‌ڵیی.
راپۆرت: دره‌و هادی عامری و قه‌یس خه‌زعه‌لی براوه‌ی یه‌كه‌م و نوری مالیكی براوه‌ی دووه‌می هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراقن، به‌ڵام له به‌غدادی پایته‌خت حه‌لبوسی له هه‌موو لایه‌نه شیعه‌كانی بردوه‌ته‌وه، له به‌سره‌ش (ئه‌سعه‌د عیدانی) به‌ته‌نیا له هه‌موو لایه‌نه شیعه‌كانی زیاتری هێناوه‌و یه‌كه‌م ده‌نگه له‌سه‌ر ئاستی عێراق، ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ده‌سه‌ڵاتی لایه‌نه شیعه‌كانی نزیك له ئێرانی به‌سه‌ر ئیداره‌ی پارێزگاكاندا به‌هێزتر كرد. ورده‌كاریی له‌م راپۆرته‌دا. هه‌ڵبژاردن و رێژه‌ی به‌شداریی دوای 10 ساڵ راوه‌ستان، یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نه خۆجێییه‌كان له عێراق به‌ڕێوه‌چوو، به‌شداری ده‌نگده‌ران له پرۆسه‌كه‌دا ئاستێكی نزمی نوێی تۆمار كرد، حزبه نه‌ریتییه‌كان جارێكی تر كورسی ئه‌نجومه‌نه خۆجێییه‌كانیان كۆنترۆڵكرده‌وه. كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان رایگه‌یاند، نزیكه‌ی 41%ی ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ی ناویان تۆماركراوه، به‌شدارییان له ده‌نگدانی گشتی و تایبه‌تیدا كردووه. به‌گشتی 23 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، به‌ڵام له‌م ژماره‌یه ته‌نیا 16 ملیۆن كه‌س تۆماری ده‌نگدانی خۆیان نوێكرده‌وه‌و مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو، له‌مه‌ش ته‌نیا (6 ملیۆن و 599 هه‌زار) كه‌س به‌شداری ده‌نگدانیان كرد. رێژه‌ی به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه خۆجێییه‌كان عێراق هه‌مان رێژه‌ی به‌شداریكردنی له دواین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانیی تۆماركرد كه 41% بوو. هۆكاری كه‌مبوونی ئاستی به‌شداریی له‌پاڵ ئه‌و (7) ملیۆن كه‌سه‌ی كه مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو، به‌ڵام تۆماری ده‌نگدانیان نوێ نه‌كرده‌وه‌و به‌شداری پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنیان نه‌كرد، دوو توێژ له عێراق به‌شداری هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانیان نه‌كرد، ئه‌مه كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌می رێژه‌ی به‌شداری له ده‌نگدان دروستكرد. توێژی یه‌كه‌م سه‌درییه‌كان بوون كه نوێنه‌رایه‌تی به‌شێكی گه‌وره‌ی شه‌قامی شیعه‌كان ده‌كه‌ن و موقته‌دا سه‌در رێبه‌رایه‌تییان ده‌كات، سه‌در براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مانی عێراق بوو له ئۆكتۆبه‌ری 2021دا، لایه‌نه شیعه‌كانی نزیك له ئێران رێگرییان لێ‌كرد حكومه‌ت پێكبهێنێت، له 2022دا سه‌در نوێنه‌ره‌كانی خۆی له په‌رله‌مان كشانده‌وه‌و خۆشی له پرۆسه‌ی سیاسی كشایه‌وه، سه‌در ئێستا پرۆسه‌ی سیاسی عێراق به گه‌نده‌ڵ ناوده‌بات، بۆیه داوای له‌لایه‌نگرانی كرد به‌شداری له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نه خۆجێییه‌كاندا نه‌كه‌ن. توێژی دووه‌م كه به‌شداری هه‌ڵبژاردنی خۆجێییه‌كانی نه‌كرد، لاوانی تشرین بوون، ئه‌مانه ئه‌و گه‌نجانه‌ن كه ساڵی 2019 خۆپیشاندانێكی گه‌وره‌و بێ پێشینه‌یان له مێژووی عێراقی دوای سه‌ددامدا كرد‌و بۆ یه‌كه‌مجار سه‌رۆك وهزیرانیكیان (عادل عه‌بدولمه‌هدی) ناچار به ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه كرد، هه‌ر ئه‌م گه‌نجانه بوون كه په‌رله‌مانیان ناچاركرد ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌و یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك هه‌موار بكاته‌وه كه له ده‌ره‌وه‌ی حزبه ته‌قلیدییه‌كان خه‌ڵكانی سه‌ربه‌خۆ بتوانن خۆیان بۆ په‌رله‌مان كاندید بكه‌ن، له هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مانی عێراقدا له سایه‌ی یاسای نوێی هه‌ڵبژاردنه‌وه گه‌نجانی تشرین له‌رێگه‌ی هاوپه‌یمانێتیی (ئیمتیداد)ه‌وه چونه ناو هه‌ڵبژاردن و (9) كورسی په‌رله‌مانیان برده‌وه، (عه‌لا ركابی) سه‌رۆكایه‌تی كوتله په‌رله‌مانییه‌كه‌ی ده‌كرد، به‌ڵام زوو توشی ناكۆكی ناوخۆیی بوون و كوتله‌كه‌یان لاواز بوو، ئه‌مه تشرینییهكانی توشی بێئومێدیی كرد. له‌ناو ئه‌م بایكۆته زۆره‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا، پارێزگای كه‌ركوك به‌رزترین رێژه‌ی به‌شداری له ده‌نگدان تۆماركرد كه گه‌یشته 66%، له كه‌ركوك یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردن بوو. براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن كێن ؟ ئه‌نجامه به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر ئاستی عێراق نیشانی ده‌ده‌ن براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه كۆكاڵییهكان ئیئتیلافی شیعه‌ی ده‌سه‌ڵاتداره، كه پێكه‌وه زۆرترین ده‌نگیان له به‌غدادی پایته‌خت و پارێزگاكانی باشور به‌ده‌ستهێناوه. رێژه‌ی به‌شداری له ده‌نگدان و ژماره‌ی ده‌نگه‌كانی ئیئتیلافی شیعه‌ی نزیك له ئێران پێوه‌ره بۆ ئاستی جه‌ماوه‌رییان به‌ر له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانیی، كه بڕیاره 2025 به‌ڕێوه‌بچێت. براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌سه‌ر ئاستی عێراق سێ لیسته كه هه‌ر سێكیان له‌ناو "چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی شیعه"دان و نزیك له ئێران، براوه‌ی یه‌كه‌م رێكخراوی به‌در سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات و سه‌ربه (هادی عامری)یه‌و ژماره‌یه‌ك له گروپه شیعه‌كانی نزیك له ئێران له‌خۆده‌گرێت، براوه‌ی دووه‌میش (نوری مالیكی) سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری عێراقه، براوه‌ی سێیه‌میش لیسته هاوبه‌شه‌كه‌ی (عه‌ممار حه‌كیم و حه‌یده‌ر عه‌بادی)یه. به‌ڵام له به‌غدادی پایته‌خت ئه‌و ئیئتیلافه‌ی كه (محه‌مه‌د حه‌لبوسی) سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات كه كاره‌كته‌رێكی سوننه‌یه‌و به‌مدواییه له پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان لادرا، زۆرترین ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه‌و پیش لایه‌نه شیعه‌كان كه‌وتووه. له پارێزگای به‌سره‌ش له باشوری وڵات، كه ناوچه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده به نه‌وت، لیسته‌كه‌ی (ئه‌سعه‌د عیدانی) پارێزگاری شاره‌كه هه‌ڵبژاردنی برده‌وه‌و زیاتر له (250 هه‌زار) ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه‌و خۆی به ته‌نیا له لایه‌نه شیعه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی بردوه‌ته‌وه. به‌گشتیی لایه‌نه‌كانی (چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی) له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا جارێكی تر جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتیان له‌ده‌ستی خۆیاندا توندتر كرده‌وه‌و توانییان له‌دوای حكومه‌ت، حوكمی ئه‌نجومه‌نه خۆجێییه‌كانیش كۆنترۆڵ بكه‌ن. له پارێزگای موسڵ له باكوری وڵات، لیستێكی عه‌ره‌بی سوننه كه (نه‌جیم جبوری) پارێزگاری پێشوو سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات، زۆرترین ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه، له‌دوای ئه‌ویش پارتی دیموكراتی كوردستان دێت. براوه به‌پێی كورسی براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن به‌پێی كورسییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو پارێزگاكان (هه‌ڵبژاردنه‌كه پارێزگاكانی هه‌رێمی نه‌گرته‌وه)، به‌مشێوه‌یه: • هاوپه‌یمانی (نبنی) كه له هادی عامری و قه‌یس خه‌زعه‌لی و حه‌نان فه‌تلاوی و چه‌ند گروپێكی تری شیعه پێكهاتووه، براوه‌ی یه‌كه‌مه‌و به تێكڕا (43) كورسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی بردوه‌ته‌وه. • هاوپه‌یمانی (ده‌وڵه‌تی یاسا) كه نوری مالیكی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات براوه‌ی دووه‌مه‌و به‌تێكڕا (35) كورسی ئه‌نجومه‌نی پاریزگاكانی بردوه‌ته‌وه. • هاوپه‌یمانی (قوی الدولە الوطنیە) كه شه‌راكه‌تی سیاسی نێوان عه‌ممار حه‌كیم+ حه‌یده‌ر عه‌بادییه، براوه‌ی سێیه‌می هه‌ڵبژاردنه‌و به تێكڕا (23) كورسی پارێزگاكانی بردوه‌ته‌وه. • هاوپه‌یمانی (ته‌قه‌دوم) كه محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی له‌كارلادراوی په‌رله‌مان سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات و نوێنه‌رایه‌تی پێكهاته‌ی سوننه ده‌كات، براوه‌ی چواره‌می هه‌ڵبژاردنه‌و به‌تێكڕا (22) كورسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی بردوه‌ته‌وه‌و به‌دیاریكراوی له به‌غدادی پایته‌ختی براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردن بووه. • هاوپه‌یمانی (سیاده) كه خه‌میس خه‌نجه‌ر سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات و نوێنه‌رایه‌تی پێكهاته‌ی سوننه ده‌كات براوه‌ی پینجه‌می هه‌ڵبژاردنه‌و به تێكڕا (14) كورسی پارێزگاكانی بردوه‌ته‌وه. • هاوپه‌یمانی (تصمیم) كه ئه‌سعه‌د عیدانی پارێزگاری به‌سره سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات براوه‌ی شه‌شه‌می هه‌ڵبژاردنه‌و به تێكڕا (12) كورسی بردوه‌ته‌وه، عیدانی كه یه‌كێك له سه‌ركرده‌كانی كۆنگره‌ی نیشتمانی كۆچكردوو ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی بووه، خۆی به ته‌نیا له به‌سره له هه‌موو هێزه شیعه‌كانی بردوه‌ته‌وه‌و له‌سه‌ر ئاستی عێراقیش وه‌كو كاندید زۆرترین ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه كه زیاتر له (156 هه‌زار) ده‌نگه. • هاوپه‌یمانی (عه‌زم) كه نوێنه‌رایه‌تی پێكهاته‌ی سوننه ده‌كات و (موسه‌ننا سامه‌ڕائی) سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات، براوه‌ی حه‌وته‌می هه‌ڵبژاردن بووه‌و به تێكڕا (10) كورسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی بردوه‌ته‌وه، سامه‌ڕایی له نه‌یاره سه‌رسه‌خته‌كانی حه‌لبوسی-یه‌و نزیكه له لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی شیعه‌و له پارێزگای كه‌ركوك له‌چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی (عروبه) به‌شداری هه‌ڵبژاردنی كردووه. • یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان براوه‌ی هه‌شته‌می هه‌ڵبژاردنه‌و به تێكڕا (9) كورسی پارێزگاكانی بردوه‌ته‌وه. • هاوپه‌یمانی (حه‌سم) كه سابت عه‌باسی وه‌زیری به‌رگریی عێراق سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات و نوێنه‌رایه‌تی پێكهاته‌ی سوننه ده‌كات براوه‌ی نۆیه‌می هه‌ڵبژاردنه‌و به تێكڕا (8) كورسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی بردوه‌ته‌وه. • هاوپه‌یمانی (ابشر یا عراق) كه هومام حه‌مودی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات به‌هه‌مان شێوه‌ی براوه‌ی نۆیه‌می هه‌ڵبژاردنه‌و ئه‌ویش (8) كورسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی بردوه‌ته‌وه. • لیستی (ابداع كربلاء) كه (نسه‌یف خه‌تابی) پارێزگاری كه‌ربه‌لا سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، براوه‌ی ده‌یه‌می هه‌ڵبژاردنه‌و (7) كورسی بردوه‌ته‌وه، ئه‌م لیسته شیعه‌یه یه‌كه‌مجاره به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكات. • لیستی (واسط أجمل) كه (محه‌مه‌د جه‌میل میاحی) پاریزگاری واست سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات به‌هه‌مان شێوه‌ی براوه‌ی ده‌یه‌می هه‌ڵبژاردنه‌و (7) كورسی بردوه‌ته‌وه. • سێ لایه‌نی تر له پله‌ی یانزه‌یه‌می براوه‌كاندا دێن كه هه‌ریه‌كه‌یان (6) كورسی پارێزگاكانیان بردوه‌ته‌وه كه ئه‌وانیش هه‌ریه‌كه له (پارتی دیموكراتی كوردستان- تحالف القیم المدنی- اشراقه كانون)ن.
(دره‌و): دادگای باڵای فیدراڵی عێراق رێوشوێنه‌كانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی دیاریكرد، پشتی به په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان به‌ستووه‌و ده‌ڵێ خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ته‌نیا بۆ دانیشتنی یه‌كه‌مه‌و له دانیشتنه‌كانی تردا كاندیدی نوێ وه‌رناگیرێت، ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌ڵنه‌بژێردرا، نابێ ئه‌مه بكرێت به به‌هانه بۆ په‌كسختنی په‌رله‌مان و ده‌بێت په‌رله‌مان به سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێك له جێگره‌كانی سه‌رۆك درێژه به كاركردنی خۆی بدات. مه‌نده‌لاوی سكاڵای هه‌یه دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئه‌مڕۆ حوكمی خۆی له‌باره‌ی سكاڵایه‌كه‌وه ده‌ركرد، كه (موحسین مه‌نده‌لاوی) جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق له‌باره‌ی چۆڵبوونی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و چۆنیه‌تی پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته تۆماریكردووه. مه‌نده‌لاوی له سكاڵاكه‌یدا باس له‌وه ده‌كات، ده‌ستورو په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان ده‌قێكی روونیان تێدا نییه كه په‌رله‌مان بتوانێت په‌یڕه‌وی لێ بكات له حاڵی ئه‌وه‌ی، له گه‌ڕی یه‌كه‌می ده‌نگداندا هیچ یه‌كێك له كاندیده‌كان بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان نه‌یانتوانی ده‌نگی زۆرینه‌ی ره‌های ئه‌ندامانی په‌رله‌مان به‌ده‌ستبهێنن، هه‌روه‌ك هیچ ده‌قیكی روونیش نییه له‌باره‌ی كردنه‌وه‌ی ده‌رگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆسته‌كه. مه‌نده‌لاوی له سكاڵاكه‌یدا داوا له دادگای فیدراڵی ده‌كات ره‌زامه‌ندی نیشان بدات له‌سه‌ر گرتنه‌به‌ری یه‌كێك له‌م دوو بژارده بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان: بژارده‌ی یه‌كه‌م: پاڵپشت به ده‌قی مادده‌ی (59/دووه‌م)ی ده‌ستور پشت به‌م میكانیزمه ببه‌ستریت (ئه‌گه‌ر هیچ یه‌كێك له كاندیده‌كان له گه‌ڕی یه‌كه‌می ده‌نگداندا زۆرینه‌ی پێویستیان به‌ده‌ست نه‌هێنا، له گه‌ڕی دووه‌مدا كێبركێ له‌نێوان ئه‌و كاندیدانه‌دا بێت كه زۆرترین ده‌نگیان به‌ده‌ستهێناوه)، كاندید بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان كه له هه‌مان دانیشتن‌دا ده‌نگی پێویستی به‌ده‌ست نه‌هێنا بوو، دوربخرێته‌وه له خۆكاندیدكردنه‌وه له دانیشتنێكی تردا‌و كردنه‌وه‌ی ده‌رگای خۆكاندیدكردنیش ته‌نیا له كاندیده نوێیه‌كاندا كورت بكرێته‌وه. بژارده‌ی دووه‌م: پشتبه‌ست به ده‌قی مادده‌ی (51)ی ده‌ستور كه ده‌ڵێ (ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران په‌یڕه‌وێكی ناوخۆ بۆ خۆی داده‌نێت بۆ رێكخستنی كاروباره‌كانی) په‌رله‌مان هه‌ڵسێت به سازدانی دانیشتنێك تایبه‌ت به هه‌مواری په‌یڕه‌وی ناوخۆ‌و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كورتهێنانه‌ی كه له ده‌ستورو په‌یره‌وی ناوخۆدا هه‌یه هه‌روه‌ها پاڵپشت به مادده‌ی (147)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان هه‌مواری پیویستی تریش له په‌یڕه‌وه‌كه‌دا بكرێت، ئه‌م مادده‌یه ده‌ڵێ (ده‌كرێت په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان هه‌موار بكرێته‌وه له‌سه‌ر پێشنیاری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگره‌كانی به‌یه‌كه‌وه یان پێشنیاری 50 ئه‌ندامی په‌رله‌مان، هه‌مواره‌كه به زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامان ده‌كرێت). دادگای چۆن بڕیاریداوه ؟ دوای ته‌ماشاكردنی داواكارییه‌كه‌ی موحسین مه‌نده‌لاوی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، دادگای فیدراڵی به‌مشێوه‌یه وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه: • ده‌ستوری عێراق هیچ ده‌قیكی تێدا نییه كه چاره‌سه‌ری هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان یاخود جێگره‌كانی بكات له‌ماوه‌ی خولی هه‌ڵبژاردندا ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌و پۆستانه چۆڵ بوون. • ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری بۆ ئه‌م بابه‌ته دیاریكردووه مادده‌ی (12/سێیه‌م)ی په‌یره‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان ژماره (1)ی ساڵی 2022ه، كه ده‌ڵێ (ئه‌گه‌ر به هه‌ر هۆكارێك پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان یان هه‌ر یه‌كێك له جێگره‌كانی چۆڵ بوو، په‌رله‌مان به ده‌نگی زۆرینه‌ی ره‌ها له یه‌كه‌م دانیشتنی خۆیدا كه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كه ئه‌نجامی ده‌دات، جێگره‌وه‌یان بۆ هه‌ڵده‌بژێرێت، به‌گوێره‌ی پره‌نسیپه‌كانی هاوسه‌نگیی سیاسی له‌نێوان كوتله‌كاندا). • له‌سه‌رئه‌م بنه‌مایه، په‌رله‌مان بانگهیشتی ئه‌ندامه‌كانی ده‌كات به‌مه‌به‌ستی كردنه‌وه‌ی ده‌رگای خۆكاندیدكردن بۆ ئه‌و پۆسته، بۆ هه‌ر یه‌كێك له ئه‌ندامانی په‌رله‌مان كه بیانه‌وێت خۆیان كاندید بكه‌ن، به‌مه‌رجێك كردنه‌وه‌ی ده‌رگای خۆكاندیدكردن ته‌نیا بۆ ئه‌و دانیشتنه بێت كه راگه‌یه‌ندراوه، ئه‌مه بۆ ئه‌وه‌ی بابه‌تی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌كاتێكی گونجاو‌دا یه‌كلایی بكرێته‌وه‌و درێژه‌ی پێنه‌درێت، له‌و دانیشتنه‌دا یان له دانیشتنه‌كانی تری په‌رله‌ماندا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان به ده‌نگی زۆرینه‌ی ره‌های ئه‌ندامانی په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێردرێت، ئه‌مه رێگر نابێت له به‌رده‌وامبوونی په‌رله‌مان له‌سه‌ر ئه‌ركه‌كانی له وه‌رزی یاسادانان و سازدانی دانیشتنه‌كانی به سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێك له جێگرانی سه‌رۆك تا ئه‌وكاته‌ی سه‌رۆكێكی نوێ بۆ په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێردرێت، نابێت هه‌ڵنه‌بژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بكرێت به به‌هانه بۆ په‌كخستنی كاری په‌رله‌مان. • بڕیاری كۆتایی دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی ئه‌م پرسه‌وه ئه‌مه‌یه: (چۆڵبوونی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان به حوكمه‌كانی مادده‌ی 12/ سێیه‌می په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان چاره‌سه‌ر كراوه، ئه‌مه پێویستی به دانیشتنی په‌رله‌مانه به‌مه‌به‌ستی كردنه‌وه‌ی ده‌رگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ هه‌ر ئه‌ندامێكی په‌رله‌مان كه بیه‌وێت، كردنه‌وه‌ی ده‌رگای خۆكاندید كردن ته‌نیا بۆ ئه‌و دانیشتنه‌یه، دوای ده‌ستپیكردنی رێوشوێنه‌كانی ده‌نگدان هیچ خۆكاندیدكردنێكی نوێ قبوڵ ناكرێت، سه‌رۆكی په‌رله‌مان به ده‌نگی زۆرینه‌ی ره‌ها له‌و دانیشتنه‌دا یان دانیشتنه‌كانی دوای دانیشتنی یه‌كه‌مدا هه‌ڵده‌بژێردرێت (له‌چوارچێوه‌ی سه‌رجه‌م كاندیده‌كانی دانیشتنی یه‌كه‌مدا- جگه له‌وانه‌ی كه خۆیان داوای كشانه‌وه ده‌كه‌ن). دورخستنه‌وه‌ی حه‌لبوسی رۆژی 14ی ئه‌م مانگه، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵایه‌كی په‌رله‌مانتاری دورخراوه (له‌یس دلێمی)، كۆتایی به ئه‌ندامێتیی محه‌مه‌د حه‌لبوسی هێنا وه‌كو ئه‌ندامی په‌رله‌مان، به‌وهۆیه‌شه‌وه حه‌لبوسی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی له‌ده‌ستداو له‌وكاته‌وه پۆسته‌كه به به‌تاڵی ماوه‌ته‌وه، له‌م دۆسیه‌یه‌دا دادگای فیدراڵی حه‌لبوسی تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ی له دورخستنه‌وه‌ی له‌یس دلێمیدا، ئیمزایه‌كی ساخته‌كردووه. به‌پیی ئه‌و عورفه‌ی له‌دوای روخانی رژێمی سه‌ددامه‌وه له عێراقی نوێ‌دا داكه‌وتووه، پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان پشكی پێكهاته‌ی سوننه‌یه، حزبی ته‌قه‌دوم كه حه‌لبوسی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات و براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردن بوو له‌ناو پێكهاته‌ی سوننه‌دا، دوای حه‌لبوسیش هێشتا خۆیان به خاوه‌نی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌زانن. به‌پێی كارنامه‌ی په‌رله‌مانی عێراق، بڕیار بوو رۆژی چوار شه‌ممه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه سه‌رۆكێكی نوێ بۆ په‌رله‌مان له شوێنی حه‌لبوسی هه‌ڵبژێردرێت، به‌ڵام دانیشتنه‌كه دواخرا، ئه‌مه به‌به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان (18ی ئه‌م مانگه) نزیكبووه‌ته‌وه‌و په‌رله‌مانتاران سه‌رقاڵی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنن بۆ حزبه‌كانیان. بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی بڕیاره‌كه‌ی دادگا كلیك له (PDF) بكه
راپۆرتی: درەو 🔹 بەبێ داتابەیسێکی بەهێز، "وڵات بە چاوی داخراوەوە بە ڕێگایەکی تاریک‌دا دەڕوات" ئەمە وتەی "سەمیر خزەیەر هادی" بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێرییە لە عێراق. 🔹 خۆبەدوورگرتن لە جێبەجێکردنی سەرژمێری دانیشتوان بەو مانایەیە کە پێوەرەکانی ئامار لە عێراقدا دەچنە ناو کایەی پێشبینیکردنەوە، ئەمەش ئەنجامەکەی دەرکەوتووە کە شکستی زۆربەی پلانەکانی گەشەپێدانی نیشتمانی لێکەوتووەتەوە. 🔻 بەڵام؛ بە بۆچونی توێژەران. 🔹 ئەنجامدانی سەرژمێریی ناکۆکی مێژوویی لەسەر مافی حوکمڕانی ناوچە جێناکۆکەکان یەکلایی دەکاتەوە، ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان لە دەرەنجامەکانی سڵ بکەنەوە. 🔹 هەندێک لە هۆزەکانی عێراق بە گونجاوترین دەرفەتی دەزانن کە قەبارەی دانیشتوانی خۆیان لە چوارچێوەی پارێزگا یان قەزاکەیاندا پیشان بدەن. 🔹 هەندێ هۆزی تریش وەک نیشانەیەکی نەخوازراو بۆ نەمانی کاریگەری خۆیان سەیری سەرژمێری دەکەن، پێیان وایە دەبێتە هۆی نیشاندانی لاوازی و کەمینەیی ئەوان. 🔹 دابەشکردنی بودجەی نێوان پارێزگاکاندا بەندە بە ژمارەی دانیشتووانەکانیانەوە. بۆیە سەرژمێری دەبێت هۆی سەرهەڵدانی ژینگەیەکی لەباری ململانێ ی نێوان ئەو پارێزگایانەی کە هەوڵدەدەن پشکی دارایی خۆیان زیاد بکەن. 🔹 سەرژمێری دانیشتوان پەیوەستە بە دیاریکردنی سروشتی پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق، بەتایبەتی سەبارەت بە دیاریکردنی کورسی پەرلەمان، کە زۆرجار دەبێتە هۆی ڕێگری‌کردن لە سەرژمێری لەلایەن هەندێک کەمینە کاریگەر و پارێزگا کەم دانیشتووانەکانەوە. سەرەتا (26) ساڵ پێش ئێستا و لە ساڵی 1997، عێراق دوایین سەرژمێری گشتی دانیشتوانی ئەنجامدا. سەرەڕای ئەوەی لەو سەرژمێرییەدا چەندین گرفت لە ئارادابوو کە پرۆسەکە بەسەرکەتوو لە قەڵەم نەدرێت، لە سەروو هەمووشیانەوە ئەنجام نەدانی ئەو سەرژمێرییەبوو لە (3) پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان و پرۆسەکە تەنها (15) پارێزگاکەی عێراقی لەخۆگرتبوو. ئەمەش وایکرد بەشێک لە توێژەران دان بە ئەنجامەکانیدا نەنێن و هێشتا داتاکانی سەرژمێری پێش خۆی کە (10) ساڵ بوو ئەنجام درابوو، بەڵام هەموو پارێزگاکانی عێراقی لەخۆگرتبوو بە گونجاوتر دەزانرا. بەڵام دوای تێپەڕبوونی چارەکە سەدەیەک بەسەر ئەو سەرژمێرییە ناتەواوەشدا، سەرەڕای بایەخە گرنگەکەی ئەو پرۆسەیە، هێشتا نەتوانراوە سەرژمێرییەکی گشتی لە عێراق ئەنجام بدرێت، چونکە سەرژمێریی گشتی تەنها پەیوەندی بە ژماردنی دانیشتوانەوە نییە، بەڵکو وردترین وردەکارییەکانی پێکهاتەی دیمۆگرافی وڵاتەکە دیاری دەکات، کە دواتر حکومەتەکان پشتی پێدەبەستن بۆ بنیاتنانی پلانەکانیان لە بوارەکانی پەروەردە، تەندروستی، پیشەسازی، کشتوکاڵ و بازرگانی ... هتد. بۆیە دەبینین حکومەتەکانی عێراق بەناچاری بۆ داڕشتنی پلانەکانیان پشتیان بە ئاماری کۆن یان نافەرمی بەستووە، دەرەنجامیش هەڵەی گەورە و ناهاوسەنگی و نادادی کۆمەڵایەتی و ناعەدالەتی جوگرافی لە پلانەکانیان کەوتووەتەوەو دەکەوێتەوە، زیاتر لە گەیشتن بە ئەنجامە خوازراوەکان. هەر ئەم هۆکارانەشە پاڵ بەوەوە دەنێت و ناوێیەتی بەرپرسانی عێراق لە ئایندەی نزیکدا سەرژمێری گشتی لە عێراق ئەنجام بدەن _لە ئێستاشدا بڕیار وایە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2024 سەرژمێری گشتی لە عێراقدا بەڕێوە بچێت_ مێژووی سەرژمێری لە عێراق بەپێی توێژینەوەیەکی (سەعد موحسین)، بەناوی "سەرژمێرییە ئەنجامدراوەکانی دانیشتوان لە عێراق"، لە ناوچەی نێوان دوو رووبار (میزۆپۆتامیا) کە لە ئێستادا بە عێراق ناودەبرێت لە سەردەمی سۆمەرییەکانەوە "سەرژمێری دانیشتووان"یان ئەنجام داوە. لەو سەردەمەدا سەرژمێرییەکان بۆ مەبەستی ئابووری و سەربازی ئەنجام دراوە بۆ دیاریکردنی ژمارەی گەنجان بە تایبەتیش لە ڕەگەزی نێر، کە توانای هەڵگرتنی چەکیان هەیە یان ژمارەی ئەو بازرگان و خێزانە دەوڵەمەندانەی کە باج دەدەن. لە سەردەمی شازادە کۆدیا، کە فەرمانڕەوایی میرنشینی "لەگش"ی سۆمەری لە ساڵی (2144 پێش زایین تا 2124 پێش زایین)کردووە، سەرژمێری بۆ دانیشتوانی میرنشینەکەی ئەنجامداوە، کە بە خەمڵاندن ژمارەیان نزیکەی (450 هەزار) کەس بووە. لە عێراقی هاوچەرخدا، لە ساڵی 1927، حکومەتی ئەو کات هەوڵیدا یەکەم سەرژمێری دانیشتوان دوای دامەزراندنی دەسەڵاتی پاشایەتی لە عێراق ئەنجام بدات، بەڵام هەڵەو کەم و کورتی زۆر هاوشانی جێبەجێکردنی پڕۆسەکە بوو، ئەمەش وایکرد بەغدا ئەنجامەکانی هەڵبوەشێنێتەوە. لە ساڵی 1934 سەرژمێرییەکی تر بۆ دیاریکردنی ژمارەی ئەو دانیشتووانەی کە توانای بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردن و جەنگدا هەیە ئەنجامدرا. ئەم سەرژمێرییە ژمارەی دانیشتووانی عێراقی بە زیاتر لە (3 ملیۆن و 200 هەزار) کەس دیاری کرد. سەرەڕای سادەیی داتاکانی، بەڵام وەک ئاماژەیەک بۆ دەوڵەت لە پلان و بەرنامە حکومییەکانیدا مایەوە، تا سەرژمێرییەکی دیکە لە ساڵی 1947 ئەنجامدرا، کە تێیدا ژمارەی عێراقییەکان گەیشتە (4 ملیۆن و 826 هەزار) کەس. ئەمجارە یەکەم هەوڵی عێراقە بۆ سەرژمێریکردنی دانیشتوان بە بەکارهێنانی ئامرازە تەکنیکییە مۆدێرنەکان، بە بەراورد بەو ئامێرانەی لەو کاتەدا لەبەردەستدا بوون، کە هانی بەغدای دا بۆ ئەوەی سیاسەتێک بگرێتەبەر، هەر دە ساڵ جارێک سەرژمێری دانیشتوان ڕێکبخات. ئەو سەرژمێرییانەش لەو کات بەدواوە رێکخرا، بریتی بوون لە؛ سەرژمێری ساڵی (1957) کە تێیدا ژمارەی دانیشتوان گەیشتە (6 ملیۆن و 300 هەزار) کەس، 1965 (لە بری ساڵی 1967)، سەرژمێریەکانی ساڵانی (1977)و (1987) و (1997) ڕێکخرا، کە دوایین جار بوو سەرژمێری تێدا ئەنجامدرا. مەترسییەکانی پەکخستنی سەرژمێری بەبێ داتابەیسێکی بەهێز، "وڵات بە چاوی داخراوەوە بە ڕێگایەکی تاریک‌دا دەڕوات" ئەمەش وتە و تێڕوانینی "سەمیر خزەیەر هادی" بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێرییە لە عێراق. موحسین حەسەن، لە لێکۆڵینەوەکەیدا بە ناونیشانی "بەربەستەکانی بەردەم سەرژمێری دانیشتووان و کاریگەرییە نەرێنییەکانیان لەسەر ئایندەی گەشەپێدان لە عێراق"، ئاماژەی بەوە داوە، خۆبەدوورگرتن لە جێبەجێکردنی سەرژمێری دانیشتوان بەو مانایەیە کە پێوەرەکانی ئاماری لە عێراقدا دەچنە ناو کایەی پێشبینیکردنەوە، ئەمەش ئەنجامەکەی دەرکەوتووە کە شکستی زۆربەی پلانەکانی گەشەپێدانی نیشتمانی لێکەوتووەتەوە، چونکە لەسەر بنەمای داتای خەمڵێنراوی جێی متمانە نییە. لە سایەی ئەنجامنەدانی سەرژمێری، عێراق شکستی خواردووە لەوەی قەبارەی گەشەی دانیشتوان بە وردی دیاری بکات، کە ئەمەش بووە بە ڕێگر لە سیاساتی کەمکردنەوەی خێرایی گەشەی دانیشتوان و سەریکێشاوە بۆ سەرهەڵدانی زیادڕەوییەکانی سەر زەوییە کشتوکاڵییەکان و زیادبوونی بەکاربردن و سەرهەڵدانی بێکاریی بەرفراوان. (لە بارەی خێرایی گەشەی دانیشتوانەوە بڕوانە خشتەکە). گەشەی دانیشتوانی عێراق (2015 - 2030) ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراقل خەمڵێندراوی گەشەی دانیشوان هەروەها دەوڵەت کورتی هێناوە لەوەی بتوانێت ئاماری باوەڕپێکراوی لەبەردەست بێت، تا یارمەتی بدات لە دروستکردن و دەرکردنی بڕیارەکان، بۆ داڕشتنی پلانی سەرکەوتوو، کە هاوسەنگی لە نێوان قەبارەی دانیشتوان و دابەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی پەروەردە و تەندروستی، خزمەتگوزارییە گشتییەکان بکات، ئەمەش زیانی جیددی بە هەموو لایەنەکانی گەشەپێدان لە عێراقدا بەجێهێشتووە. هۆکارەکانی دواخستنی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لە عێراق یەکەم؛ ئەمن، ئابوری و کۆرۆنا وەک زۆربەی وڵاتانی جیهان سەرژمێری دانیشتوان لە عێراق دە ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت، بۆیە بڕیار بوو لە ساڵی 2007 ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئەمنیەوە بۆ ساڵی 2009 دواخرا، دواتر بۆ ماوەی (10) ساڵ بە یەکجار دواخرا، لە ساڵی (2019) دووبارە دواخرا. پێی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوانی عێراق، ئامادەکارییەکان بۆ جێبەجێکردنی سەرژمێرییەکەی ساڵی 2019 دەستیپێکرد، ئومێدیان وابوو کە لە ساڵی (2020)دا بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بەهۆی پەتای کۆرۆنا دواخرا، چونکە مەحاڵ بوو ڕێکخەران و ڕاسپێردراوان کە ژمارەیان (150 هەزار) توێژەری مەیدانی بوو بتوانن سەردانی ماڵەکان بکەن لەو بارودۆخەدا، بۆیە ناچار بوون کە وەزارەتی پلاندانان پڕۆژەکە دوابخات. لە ساڵی 2022 بەغدا نیازی خۆی ڕاگەیاند بۆ دووبارە ئەنجامدانی سەرژمێری، ئەوەش بەهۆی ئەو بودجە زۆرەی کە مەکتەبی ناوەندی ئامار پێویستی بوو، ڕووی نەدا، کە بڕەکەی (120 ملیۆن) دۆلار بوو، حکومەتی عێراقیش لەو کاتەدا نەیتوانی دابینی بکات. مەهدی ئەلعەلاق، ڕاوێژکاری باڵای سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لەگەڵ هاتنی حکومەتی نوێ و پەسەندکردنی بودجەی نوێ، تەرخانکردنی پێویست بۆ جێبەجێکردنی سەرژمێریی گشتی دابینکراوە. محەممەد شیعە ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە مانگی شوباتی ئەمساڵ، لە میانەی سەرۆکایەتیکردنی کۆبونەوە ئەنجومەنی باڵای دانیشتوانی عێراق، ڕایگەیاند، هەموو توانایەکی پێویست بۆ تەواوکردنی سەرژمێری لە کاتی خۆیدا دابین دەکرێت. سودانی جەختی لەوەش کردەوە کە حکومەتەکەی پشت بە ئەنجامی سەرژمێرییەکە دەبەستێت لە دانانی سیاسەتەکانی و جێبەجێکردنی بەرنامە ئابوورییەکانی، هەروەها ئامادەکردنی پلانی داهاتوو کە هاوکارە بۆ پێشخستنی کۆمەڵگا. هاوکات لە ئێستادا هەوڵەکان بۆ سەرژمێری گشتی لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق خراوەتە گەڕ، عەبدولزەھرە ھنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، لە مانگی ئایاری 2014دا سەرژمێری ئەزموونی ئەنجامدەدەن و پرۆسەکەش بەشێوەیەکی ھەڕەمەکی لە چەند ناوچەیەکدا ئەنجامدەدرێت کە سەرژمێری گشتی دەیانگرێتەوە. وا بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2014 کۆی پرۆسەکە لە عێراقد بە فەرمی بەڕێوەبچێت. دووەم؛ ناکۆکی و ململانێی سیاسی موحسین حەسەن، لە لێکۆڵینەوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان پەیوەستە بە دیاریکردنی سروشتی پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق، بەتایبەتی سەبارەت بە دیاریکردنی کورسی پەرلەمان و دیاریکردنی پشکی هەر پارێزگارێک لەو کورسیانە بەپێی دەستوور، کە زۆرجار دەبێتە هۆی ڕێگری‌کردن لە سەرژمێری لەلایەن هەندێک کەمینە کاریگەر و پارێزگا کەم دانیشتووانەکانەوە. بە مەبەستی پاراستنی نوێنەرایەتی پەرلەمانی خۆی لەسەر بنەمای پێوەرە خەمڵێنراوەکان. هەروەها ئەنجامدانی سەرژمێری ناکۆکی مێژوویی لەسەر مافی حوکمڕانی ناوچە جێناکۆکەکان یەکلایی دەکاتەوە، ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان لە دەرەنجامەکانی سڵ بکەنەوە. لە مادەی 140ی دەستووری عێراقدا هاتووە، سەرژمێرییەکی وردی دانیشتوانی ئەو ناوچانە ئەنجام بدرێت و دواتر ڕیفراندۆم لەسەر خواستی دانیشتووانیان بۆ پەیوەستبوون بە هەرێمی کوردستان یان مانەوە لەگەڵ بەغدا ئەنجام بدرێت. هەروەها ئەنجامی سەرژمێرییەکە پێویستی بە گۆڕانکاری لە بودجەی گشتیدا دەبێت. هەرێمی کوردستان پشکی لە بودجەدا بەرامبەر بەڕێژەی دانیشتوانەکەی وەردەگرێت، پرسێک کە ناکۆکی هەمیشەیی لە نێوان هەردوولا دروست کردووە، دوای ئەوەی بەغدا بڕیاری دا پشکی هەرێم بۆ 12.6% کەم بکاتەوە لەبری 17%، سەرەڕای ناڕەزایەتی کورد لەو بارەیەوە، بەهۆکارەکەی جیاوازیە لە دیاریکردنی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم لە نێوان دوو لایەن. هەروەها دابەشکردنی بودجەی گشتی فیدراڵی لە نێوان پارێزگاکاندا بەندە بە ژمارەی دانیشتووانەکانیانەوە. بۆیە سەرژمێری دانیشتووان پاڵنەر دەبێت بۆ سەرهەڵدانی ژینگەیەکی لەباری ململانێ ی نێوان ئەو پارێزگایانەی کە هەوڵدەدەن پشکی دارایی خۆیان زیاد بکەن. بە بڕوای ئەو توێژەرە (حەسەن)، بیرۆکەی ئەنجامدانی سەرژمێری خۆی هێشتا بابەتی ناکۆکی نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی عێراقییە. کورد بە دەرفەتی دەزانێت کە هێزی ڕەگەزی کورد پیشان بدات بەوی زۆرینەی لە ناوچە جێناکۆکەکاندایە و لە ڕێگەیەوە ئامانجیان لکاندنی ناوچە جێناکۆکەکانە بۆ بەدیهێنانی پێشکەوتن لە مەلەفی چارەی خۆنووسین، لە کاتێکدا هەندێک لە هۆزەکانی عێراق بە گونجاوترین دەرفەتی دەزانن کە قەبارەی دانیشتوانی خۆیان لە چوارچێوەی پارێزگا یان قەزاکەیاندا پیشان بدەن، لە کاتێکدا هۆزەکانی تریش وەک نیشانەیەکی نەخوازراو بۆ نەمانی کاریگەری خۆیان سەیری سەرژمێری دەکەن، پێیان وایە دەبێتە هۆی نیشاندانی لاوازی و کەمینەیی خۆیان. سەرەڕای ئەم کەشوهەوای گرژییە، ئامادەکارییەکان بۆ سەرژمێری بەردەوامە لە کاتێکدا حکومەت دڵنیایی دەدات لە پێویستی جێبەجێکردنی لە کاتی خۆیدا. پرسیاری سەرەتا و کۆتایی ئەوەیە؛ ئایا ئەمجارە سەرژمێری لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت؟، یان دووبارە دوادەخرێتەوە؟ سەرچاوەکان • وزارة التخطیط (جهاز المرکزي للإحصاء)، المٶشرات السکانیة، تقديرات سكان العراق للفترة (2015-2030)؛ https://bitly.ws/35E5R • الحرة (ارفع صوتك - بغداد)، لماذا عجز العراق عن إجراء تعداد سكاني منذ ربع قرن؟، 23 فبراير 2023؛ https://bitly.ws/35E6r • العالم الجديد، هل ينجح التعداد السكاني في 2024؟.. التخطيط تكشف عن التفاصيل، 27 تشرين الثاني 2023، (تقاریر)؛ https://bitly.ws/35E73
یاسین تەها- خوێندكاری دكتۆرا لە مێژووی ئایین‌و ئایینزاكان، شارەزا لە كاروباری عێراق چوارچێوەی شیعە پێداگرن لە 18ی ئەم مانگە (كانوونی دووەم) بە هەر نرخ‌و جۆرێك بووە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە هەموو عێراق (جگە لە هەرێمی كوردستان) ئەنجام بدرێت؛ لەبەرامبەریشدا سەدرییەكان بەردەوامن لەسەر بایكۆتكردنو هەوڵی پەكخستنی پرۆسەكەش دەدەن. لەسەر ئاستی هێزە سوننەكانیش، لادانی حەلبوسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان‌و هەوڵی یاساغكردنی حزبەكەی (تقدم)، ململانێیەكی سەختی بۆ داڕشتنەوەی نوێنەرایەتیی پێكهاتەی سوننە دروستكردووە. ئەم شرۆڤەیە لەسەر ڕەوشی گشتیی هەڵبژاردن‌و لێكەوتەو ئەگەرەكانی لەسەر هەردوو ئاستی پێكهاتەكانی شیعەو سوننە هەڵوێستە دەكات، كە لە مەودای ناوەڕاست‌و دووردا لێكەوتەیان دەبێت لەسەر هەرێمی كوردستان‌و هاوپەیمانییە گشتگیرەكانو ناوەندی بڕیار لە بەغدا. بایەخی هەڵبژاردنی كۆتایی 2023 هەڵبژاردنی كۆتایی ئەمساڵ (2023)، یەكەم ئەزموونی دەنگدانە پاش 10 ساڵ گوزەركردن بەسەر دوا هەڵبژاردنی لۆكاڵی كە 2013 بەڕێوەچوو. لە دوا هەڵبژاردندا كە سێیەم ئەزمونی ئەنجومەنە خۆجێیەكان بوو لە عێراق، پاش هەڵبژاردنەكانی 2005و 2009، لیستەكەی نوری مالیكی (دەوڵەتی یاسا) زۆرینەی بەدەستهێنا؛ بەمەیش لە پەنا سەرۆكایەتیی حكومەتدا، دەستی بەسەر جومگە گرنگەكانی بەڕێوەبردنی پارێزگاكانیشدا گرت، بەڵام هێرشی داعش بۆ عێراق‌و گرتنی سێیەكی خاكەكەی (حوزەیرانی 2014)، وڵاتی خستە جەنگێكی خوێناوی‌و نەیهێشت لە 2017 ئەنجومەنەكان نوێ ببنەوەو هەڵبژاردنی نوێ بكرێت. دواتریش خۆپیشاندانی تشرین (2019)ی بەسەردا هات؛ ناڕەزاییی خۆپیشاندەرانیش ئەنجومەنی پارێزگاكانی بە هەڵوەشاندنەوە دا، چونكە ئەنجومەنەكان تۆمەتبار كران بە بارگرانی لەسەر بودجەو هۆكارێك بۆ قوڵبوونەوەی گەندەڵی‌و ماشینەوەی زیاتری سەرچاوەكانی داهات[1]. لەڕووی سیاسی‌و دەستورییەوە هەڵبژاردنەكەی 18ی ئەم مانگە، تەواوكردنی جومگەیەكی گرنگی پەیكەری دەسەڵاتە لە عێراق؛ ئەنجومەنە خۆجێیەكانیش چاو‌دێر دەبن بەسەر پارێزگارەكانو پرۆژەكانیان؛ هەروەها میكانیزمێكیشن بۆ وردكردنەوەو دابەشكردنی زیاتری دەسەڵاتەكان. لە دەستوری عێراقیشدا (ماددەی 122)[2]، دەسەڵاتی كارگێڕی‌و داراییی بەفراوان دراوە بە ئەنجومەنەكانی پارێزگاكان؛ بە جۆرێك بەپێی پڕەنسیپی ناسێنتراڵی، خۆیان بەڕێوەدەبەن. هەروەها ئەو ئەنجومەنانە ملكەچ نین بۆ دەسەڵاتو سەرپەرشتیی وەزارەتەكان؛ لەمەیش گرنگتر، خاوەن بودجەو دارایی سەربەخۆی خۆیانن. دەسەڵاتەكانیشیان هاوشێوەی پەرلەمانێكی بچوكە لە پارێزگاكانیان؛ دەسەڵاتی دانانی پارێزگار‌و لادان‌و چاودێریكردنیان هەیە. هەموو ئەمەیش لەپێناو شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكانو دوركەوتنەوەیە لە سیستەمی ناوەندگەرایی كە لە مێژووی 100 ساڵدا لێكەوتەی خراپی هەبووە لە عێراق. ڕەخنەكان لە ئەنجومەنەكانی پارێزگا لە دەرەوەی لایەنە باشە تیۆرییەكانو لەڕووی پراكتیكییەوە، كۆمەڵێك ڕەخنەو تانە لەسەر ئەزموونی 15 ساڵەی ئەنجومەنەكانی پارێزگا هەن. ئەم ڕەخنانەیش بەردەوام ڕووبەڕووی هەوڵەكانی زیندووكردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكرێنەوە، گرنگترینیشیان بریتین لەمانە[3]: سەرچاوەی دارایی‌و پارەداركردنی حزبەكانن لە ڕێگەی گەندەڵیی پرۆژەكانو هەماهەنگی لەگەڵ نوسینگە ئابورییەكانی حزبەكان، لە ساڵانی كاركردنیان بەرهەمیان بێهیواكەر بووەو بودجەی زۆری وڵاتیان بەفیڕۆ داوە، زۆر پرۆژەی ستراتیژییان لەبەر بەرژەوەندیی حزبە باڵادەستەكان پەكخستووەو، هۆكارێكن بۆ قوڵكردنەوەی ململانێی سیاسی‌و دابەزاندنی لە ئاستی سەرەوە بۆ خوارەوە. جیا لەم ڕەخنانەیش كە پەیوەندیی بە ئەزمونەوە هەیە، هەن دەپرسن پاش ئەوەی ئیرادەی خەڵك لە تشرینی 2019 ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەڵوەشاندەوەو پەرلەمانیش بە بڕیار ئەو ئیرادەی هەڵوەشاندنەوەی پەسەند كرد[4]، چۆن دەكرێت جارێكی تر بگەڕێنرێنەوە سەركار؟ ئایا ئەمە دژایەتیی ئەو خواستە گشتییەی خەڵكانی چالاك‌و هەڵسوڕاوی عێراق نییە؟ ئەم بۆچونە پێیوایە بەفیدراڵیكردنی وڵات لە دروستكردنی هەرێم‌و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكاندایە، نەك لە زۆركردنی ئەنجومەنەكان كە بە ئەڵقەیەكی زیادو ناپێویست تەماشا دەكرێن. جگە لەوەیش ئەزمونی كاركردنی پارێزگارەكان لە سێ ساڵی ڕابردوودا بەتەنیا، باشتر‌و سەركەوتووتر بووە لە ئەزمونی پێشوو[5]. هەرچەندە خواستێكی گشتی هەیە، لەم هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەی كۆتایی 2023 گۆڕانكاری دروست ببێت‌و نمونەیەكی جیاواز پێشكەش بكرێت، بەڵام لەڕووی كردارییەوە بەدیهاتنی ئەمە بەئەستەم دەبینرێت، ئەویش بەهۆی شەڕی ژمارەیەكی زۆر لە حزب‌و هێزی سیاسیی ڕكابەر لەسەر كورسییەكان كە (296) حزب‌و (50) هاوپەیمانین لەگەڵ چەندان بەربژێری تاك لەچوارچێوەی لیستە سەربەخۆكان[6]. هەموو ئەمانەش كێبەركێ دەكەن لەسەر (285) كورسی لە (15) پارێزگا كە (10) لەوانە هی "كۆتا"ی پێكهاتەكانن[7]. لەگەڵ ئەمەیشدا باوەڕێكی زاڵ هەیە كە بڕیاری سیاسی ئەوەیە كۆنترۆڵی ڕەوشەكە لەدەست هێزە سیاسییە گەورەكان دەرنەچێت؛ ڕێگەیش نەدرێت هێزە نوێیەكان بتوانن لەسەر پێی خۆیان بوەستنو ڕۆڵی سەرەكییان لە نوێكردنەوەو گۆڕینی شێوازی كاری ئەو ئەنجومەنانە هەبێت[8]. ئەمەیش بە مانای مانەوەی شێوازەكانی كاری پێشووە وەك خۆیان. كێشمەكێشی چوارچێوەی شیعی‌و سەدرییەكان یەكێكی تر لە تەنگژەكانی بەردەم هەڵبژاردنی نوێ، كێشەی سەدرییەكان‌و چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەی هاوپەیمانو شوێنكەوتەی "تاران"ن. سەدرییەكان لەسەر فەرمانی موقتەدا سەدر لە ناوەڕاستی 2022 لە پەرلەمان كشانەوە[9]؛ سەرباری هەوڵی زۆریش بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناو پرۆسەی سیاسی، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیشدا، بەردەوامن لە درێژەدان بە بایكۆت‌و بەشداریی سیاسی لە سایەی باڵادەستیی چوارچێوەی شیعەدا. نەك هەر ئەوە، موقتەدا سەدر هانی لایەنگرەكانی دەدات تا دەتوانن بایكۆتی هەڵبژاردنی پارێزگاكان بكەن بۆ ئەوەی شەرعییەتی نێودەوڵەتی لاواز ببێت[10]. ئەمەیش دەكرێت جۆرێك لە هاندانی پشتپەردە بێت بۆ تێكدانی پرۆسەكە كە دواتر هەندێك لە سەدرییەكان بە دڕاندنی پۆستەری كاندیدە شیعەكان لە پارێزگاكان پراكتیكیان كرد[11]؛ لە هەندێ جێگەیش گرژیی سەدرییەكان‌و ڕەوتی حیكمەی عەممار حەكیم لەسەر هەڵبژاردن، سوتاندنی بارەگای بەدوای خۆیدا هێنا[12]. ئەو دۆخەیشی لەنێوان لایەنگرانی بایكۆت‌و لایەنگرانی بەشداریدا هەیە، دیسانەوە بارگرژیی گێڕاوەتەوە بۆ شەقامی شیعی. ئەم دۆخەیش گەڕانەوەیە بۆ ڕەوشی شەڕو كوشتاری نێوخۆیی كۆتایییەكانی ئابی ساڵی پار (2022) كە بەهۆیەوە سەدر كۆتایی بە پێداگرییەكانی لەسەر پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە هێنا؛ بڕیاری كشانەوەیشی لە پرۆسەی سیاسی دا[13]. چوارچێوەی شیعی لە ئاست بایكۆت‌و هەوڵەكانی سەدر بۆ تێكدانی هەڵبژاردن، دوو لێكەوتەی خراپ دەبینن: یەكەم، خۆسەپێنیی سەدر بەسەر بڕیار‌و پێداگریی چوارچێوەی شیعی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكاتێكدا ئەو ئێستا كەمینەیە. دووەم، بایكۆتی سەدرییەكان كە ڕەوتێكی جەماوەریی شیعەن، دەبێتە هۆی لاوازكردنی دەنگو پێگەو ئامادەییی پێكهاتەی شیعە لە هاوكێشەی هەڵبژاردن، بەتایبەت لەو پارێزگایانەی تێكەڵن لەگەڵ سوننەكان لە چەشنی بەغداو دیالە. لەم نێوەیشدا باوەرێكی بڵاو هەیە كە بایكۆتی سەدرییەكان- كە هاوكاتە لەگەڵ بێهیوایی زۆری شەقام لە ئەنجومەنی پارێزگاكان- ببێتە هۆی دابەزاندنی ئاستی بەشداریی شیعەكان لە هەڵبژاردن بۆ نزمترین ئاست لە مێژووی پرۆسەی سیاسی، بەتایبەت لە پارێزگای بەغدا؛ ڕەشبینییەكەیش بە جۆرێكە باس لە ڕێژەی بەشداریی 5_10%ی دەنگدەران دەكرێت لە هەندێك ناوچەی شیعەنشین لە باشترین حاڵەتدا. ئەمەیش پەڵەو لەكەی زۆر لەسەر پرۆسەكە دروستدەكات‌و دەبێتە پاساویش بۆ سەدرییەكان كە زیاتر تانە لە پرۆسەكە بدەن؛ جگە لەوەیش چانسی هێزە سوننەكانی ڕكابەر بەهێزتر دەكات[14]. چوارچێوەی شیعە ترسی ئەوەیشیان هەیە سەدرو حزبەكەی حەلبوسی ڕێككەوتبن لەسەر ئەوەی جەماوەری ڕەوتی سەدر لە ناوچە تێكەڵەكان دەنگ بە لیستەكەی حەلبوسی بدەن[15]. ناوبەناویش پێچەوانەی ئەمە دەڵێن‌و باس لەوە دەكەن سەدر هەڕەشە دەكات بۆ ئەوەی بەشداری لە هەڵبژاردن تا نزمترین ئاست كەمبكاتەوەو پرۆسەكە لەكەدار بكات[16]. ئەوەیشی مەترسییەكانی چوارچێوەی شیعی زیاتر دەكات لە بایكۆتی دەنگدان، بێبەشمانەوەی هەشت ملیۆن دەنگدەرە لەكۆی (20) ملیۆن لە كارتی بایۆمەتریی دەنگدان. پێشبینیی نەچوونی ژمارەیەكی هاوشێوەیش هەیە بۆ دەنگدان كە كۆی گشتی دەكاتە (16) ملیۆن كەس، بەتایبەت كە سەدرییەكان خۆیان یەك ملیۆن دەنگدەرن؛ لە ناوچەكانی بڵاوبوونەوەیشیان كاریگەرییان لەسەر دەوروبەری (10) ملیۆن كەس هەیە[17]. ئەمەیش لەكاتێكدایە نزمبوونەوەی بەردەوامی ئاستی بەشداری لە هەڵبژاردن، قۆناغ بە قۆناغ وەك تارمایی بەسەر پرۆسەكانی هەڵبژاردنەوە سێبەری كردووەو بووەتە كێشەیەكی بەردەوامی داخورانی شەرعییەتی جەماوەریی پرۆسەی سیاسیی عێراق. بە گەڕانەوەیش بۆ تۆمار‌و پێشینەكان ڕێژەكان لەسەر ئاستی فەرمی بەمجۆرەی خوارەوە دابەزیون: لە هەڵبژاردنی كۆتایی 2005 ڕێژەی بەشداریكردن (76%) بوو، لە هەڵبژاردنی 2010 دابەزی بۆ (62%)، لە هەڵبژاردنی 2014 كەمبووەوە بۆ (61%)، لە هەڵبژاردنی 2018 دیسان دابەزی بۆ (44%)و لە كۆتا هەڵبژاردنیش (2021) بەفەرمی لە (43%) وەستایەوە[18]. گومان‌و ئاماژەنمای زۆریش هەن كە هێشتا ئەو ژمارانە ورد نین‌و ڕێژەكانی بەشداری بەكردەییو ڕاستی كەمتریش بوون لەوانە؛ ئەگەر بایكۆتی ئەو خەڵكانە لەبەرچاو بگیرێت كە مافی دەنگدانیان هەبووەو لە بنەڕەتەوە تۆماری خۆیان نوێ نەكردووەتەوە یان لە لیست‌و تۆماری كۆمیسیۆندا نەبوون. هەندێك لەو خەمڵاندنە سەرەتاییانەیشی كراون، باس لەوە دەكەن پێداگریی بەشێك لە شیعە لەسەر بایكۆتی هەڵبژاردن، بەگوێرەی سیستەمی "سانت لیگۆ"ی هەمواركراوی 1.7، لە بەغدای پایتەخت بە نموونە كە (49) كورسیی هەیە، بەمجۆرە دەبێت: كورسییەكانی شیعە لە ئەنجومەنی پێشوو (37) بووە كە دەكاتە (76%)، هی لیستە سوننەكان (12) بووە كە دەكاتە (24%)، بەڵام لە حاڵەتی بەشدارینەكردنی سەدرییەكان، ئەگەر هەیە كورسیی هێزە شیعەكان دابەزن بۆ (30) كورسی‌و هی هێزە سوننەكان هەڵكشێن بۆ (19)؛ ئەمەیش هاوكێشەكە دەكات بە (61%) بەرامبەر (39%) لەم خولە نوێیە[19]. لیستە شیعەكان‌و هەوڵی كۆنترۆڵكردنی سێكوچكەی دەسەڵات لەم هەڵبژاردنە، پێكهێنەرەكانی چوارچێوەی شیعە فرەلیستن، جگە لە كەركوك‌و نەینەوا. دیارترین ئەو لیستە شیعانەیشی لە هەناوی چوارچێوەی حوكمڕانەوە هاتوونەتە دەرەوەو لە پرۆسەكەدا ڕكابەری دەكەن بریتین لە: – لیستی دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی‌و هاوپەیمانەكانی لە فەزیلەو هەندێك گروپی چەكدار[20]. – هاوپەیمانیی "نبنی" كە چەتری كۆكەرەوەی لیستە سیاسی‌و چەكدارەكانی بەدری هادی عامری‌و "إرادە"ی حەنان فەتلاویو "الصفوە"ی عەسائیبی قەیس خەزعەلیو كۆمەڵێك گروپی تری چەكداری شیعەیە[21]. – لیستی "نصحح"ی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی[22]. – لیستی "قوی الدولە الوطنیە"ی هاوبەشی حیكمەی عەممار حەكیم‌و حەیدەر عەبادی[23]. هەرچەندە لە پارێزگا شیعەنشینەكاندا لیستەكانی شیعە بەتوندی ڕكابەریی یەكتر دەكەن، بەڵام لە كەركوك‌و نەینەوا، كە ڕكابەری كورد‌و سوننەیان پێكەوە هەیە، یەكگرتوونو وەكو چوارچێوەی شیعی بەشداری دەكەن. هەروەها لە هەڵبژاردنی ئەم جارەدا سەرنجی لیست‌و هێزەكانی چوارچێوەی شیعی چووەتە سەر پارێزگا سوننەنشینو تێكەڵەكانو، بەشی زۆریان چاویان لەوەیە بپەڕنەوە بۆ پارێزگا سوننەكان بە كەڵكوەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی باڵە چەكدارەكانیان. ئەمەیش پێشهاتێكە ئەگەرچی لەگەڵ یاسا‌و دەستور ناكۆك نییەو هەمووان مافی بەشدارییان لە پارێزگا جیاوازەكان هەیە، بەڵام لەگەڵ ڕێسا باوەكانی پرۆسەی سیاسیی عێراق نایەتەوە، كە لەسەر سێكوچكەی پێكهاتەكانی شیعەو سوننەو كورد بنەڕەت بووە لە پاش ئەزمونەكانی هەڵبژاردنی 2005. خاڵێكی تر كە زۆر جێگەی سەرنجە، هەڵبژاردنە بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڵام گوتاری هەڵمەتەكە زیاتر تائیفی، مەزهەبی، نەتەوەییەو كەمترین باسی پرۆژەو بەرنامەی كاری تێدایە؛ ئەمەیش زیاتر چاودێران دەخاتە سەر باوەڕی ئەوەی هێزە شیعەكان هەڵبژاردنی پارێزگاكانیان بۆ تەواوكردنی سێكوچكەی هەژموون بێت؛ بەو واتایەی پاش ئەوەی كۆنترۆڵی پەرلەمان‌و حكومەتیان كرد (2022)، هەوڵی ئەوەیش بدەن لە كۆتایی (2023) دەست بەسەر ئەنجومەنی پارێزگاكاندا بگرن‌و بەمەیش بەتەواوی كۆنترۆڵی جومگەكانی دەوڵەت بكەن‌و هەوڵی دروستكردنی قۆناغێكی نوێ بدەن لە سایەی چوارچێوەی شیعە، ئەگەر نا بارودۆخ لەئێستادا لەبار نییە بۆ سازكردنی ئەو هەڵبژاردنە[24]. گۆڕانی گریمانكراوی نەخشەی هێزە سوننەكان گەورەترین پێشهاتی گۆڕەپانی سیاسیی سوننە، لادانی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی حزبی "تقدم"ە لە سەرۆكی پەرلەمان؛ بە دوای ئەوەیشدا هەوڵی بلۆككردنی حزبەكەیەتی لە ڕێگەی كۆمیسیۆن‌و دەستەی دادوەریی ناو كۆمیسیۆنەكەوە. ڕكابەرەكانی حەلبوسی بەوە تۆمەتباریان كردووە گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەمریكیی هاوبەش لەگەڵ چەند كەسایەتییەكی ئیسرائیلی[25] كردووە. ئەم پێشهاتەیش لە شەقامی سوننەدا كتوپڕ بوو، هەروەها جموجۆڵی زۆریشی بە دوای خۆیدا هێناوە چونكە وەها باوە لایەنی زاڵی سوننە هەمیشە ئەوە دەبێت كە لە بەغدا نوێنەرایەتیی پێكهاتەكەی بەدەستە؛ مەرجەعی باڵای ئەم پێكهاتەیەیش زیاتر پۆستەكانی ناو دەوڵەتە. هەر بەم هۆیەیشەوە بوو لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەماندا (2021) حزبەكەی حەلبوسی (تقدم) بەتەنیا (14/ 15) لە كورسییەكانی پارێزگای ئەنباری بەدەستهێنا؛ هاوكات لەگەڵ ئەوەیشدا هەڵكشا بۆ پارێزگا سوننەنشینەكانی دیكە تا نەینەوا؛ كۆی كورسییەكانیشی گەیشتنە (37) كورسی لەكۆی (71) كورسیی هێزەكانی سەر بە پێكهاتەی سوننە[26]. حەلبوسی بەرگرییەكی سەرسەختانە دەكات؛ لەم نێوەندەیشدا پەنای بۆ دوو میكانیزم بردووە: یەكەمیان ئاشكراكردنی مامەڵەی (286) لایەنو كەسایەتیی عێراقییە لەگەڵ كۆمپانیاكانی لۆبیكردن لە ئەمریكا، هەندێك لەوانەیش لەگەڵ BGR مامەڵەیان هەیە كە لەسەر ئەم كراوەتە كێشە؛ بەو پێیەی دەوترێت یەكێك لە ڕاوێژكارەكانی ئیهود باراكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری ئیسرائیلەو هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ تەلئەبیب دەدات[27]. دووەمیشیان، هەڕەشەی هەڵدانەوەی دۆسیە ئەمنی‌و گەندەڵییەكانی ڕكابەرەكانییەتی لە شەقامی سوننە كە بەشێكیان لەڕاستیدا حوكم‌و بڕیاری ئیدانەكردنیان لەسەرە؛ نمونەی ئەوانەیش جەمال كەربۆلی، حەیدەر مولا، سوهەیب ئەلڕاویو زۆرێكی ترن. هەروەها حەلبوسی هەڕەشەی ئەوەیشی كرد ئەگەر سكاڵا‌و دادگە سودیان نەبێ، ئەوە پەنا بۆ دار‌و كوتەك دەبات[28]؛ ئەمەیش كۆمەڵێك پەرچەكداری توند‌و جنێوی هاوشێوەی لە هێزە سوننە ڕكابەرەكانییەوە بەرامبەر ئەو بەدوادا هات، لەوانەیش هەڕەشەی هەواڵەكردنی بۆ زیندان[29]؛ دۆخێكی وەهایشی هێناوەتە كایەوە لە گرژی‌و گۆڕینەوەی جنێو‌و ناو و ناتۆرە كە لە شەقامی سوننەدا دەشێت بێپێشینە بێت. لە شەقامی سیاسیی سوننەو شوێنەكانی نیشتەجێبوونی ئەم پێكهاتەیەدا (13) هاوپەیمانێتیی جۆراوجۆر بە بەشداریی (50) حزب ڕكابەری لەسەر كورسییەكانی پارێزگا سوننەنشینەكان دەكەن؛ لەو ژمارەیەیش سیانیان هاوپەیمان یان سەر بە حەلبوسینو (8)ی تریان ڕكابەری دەكەن‌و هەوڵی جێگەگرتنەوەی دەدەن؛ دیارترین ئەوانەیش بە سەرۆكایەتیی موسەننا سامەڕاییو جەمال كەربۆلیو ئوسامە نوجێفین[30]. بەپێی ئەو ئاماژانەیشی تائێستا بەردەستن، پێناچێت حەلبوسی بەتەواوەتی بكرێتە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی، بەڵام هەندێك لە چالاكیی هێزە سوننەكانی ئەنبار ئاماژەی ئەوەیان تێدایە ڕكابەرەكانی حەلبوسی ڕەنگە بتوانن قەبارەی بچوك بكەنەوە[31]. لەگەڵ ئەمەیشدا ئەگەرێك هەیە بەهۆی هاوسۆزیو دەركەوتنییەوە وەك ستەملێكراو، چانسی زیاتر ببێت‌و ئەمەیش تا ڕۆژی هەڵبژاردن یەكلایی نابێتەوە. فاكتەرە یەكلاكەرەوەكان بەپێی هەندێك لەو پێوەرە باو و بەدواداچوونانەی لەبەردەستدان[32]، نەخشەی جەمسەرگیریو هۆكارەكانی ئاڕاستەكردن‌و كۆكردنەوەی دەنگدەران لەم هەڵبژاردنە، بریتی دەبن لە كۆمەڵێك هۆكار لەوانەیش: – جەمسەرگیریی خێڵەكییانەی ناوچە لۆكاڵییە داخراوەكان. ئەمەیش یەكێكە لە باوترین شێوازەكانی دەنگدان لە عێراقدا. لەمەیشدا سەرۆك هۆزەكان ڕۆڵیان هەیە لە ئاڕاستەكردنی دەنگدەران بە كاندید‌و لیستەكان. – جەمسەرگیریی تائیفەگەری كە تێیدا دەنگدەر بە پشتبەستن بە هەڵوێستی مەزهەبیی لیست‌و كاندید دەچێتە سەر سندوقی دەنگدان. لەمەیشدا ڕەوتە ئایینی‌و مەزهەبییەكان ڕۆڵێكی سەرەكییان هەیە لە هەڵمەتەكان. – لە ناوچە جێناكۆكەكان بەزۆری دەنگدەران بە هاندەری نەتەوەیی دەچنە سەر سندوقەكان، بەتایبەتی لە نەینەوا، كەركوك، دیالە، سەڵاحەددین. – جەمسەرگیریی پراگماتیكی ڕاستەوخۆ: كە بریتییە لە چوونی دەنگدەر بۆ سندوقی دەنگدان بە پشتبەستن بەو خزمەتگوزارییە ڕاستەوخۆیانەی پێشكەشی كراوە، وەك: قیڕتاوكردنی شەقامەكان، دابینكردنی هەلی كار، گرێبەستی مەدەنیو سەربازی بۆ بێكاران، جگە لە كڕینی ڕاستەوخۆی دەنگەكان لەلایەن هەندێك لیست‌و پاڵێوڕاوەوە. – دەنگدانی تۆڵەكاری: لەمەیاندا دەنگدەر دەچێت دەنگ بە دژی نوێنەرێك یان لایەنێك دەدات كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا سەركەوتوو بووە، بەڵام بەڵێنەكانی بەرامبەر دەنگدەران جێبەجێ نەكردووە. سیناریۆو ئەگەرە چاوەڕوانكراوەكان سەرباری ئامادەكارییە چڕەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاكان لە 18ی كانوونی یەكەمی 2023، هەندێك پێشهاتو ئەگەر لە ئاسۆدا هەن، كە ناكرێت نادیدە بگیرێن‌و دەشێت سیان لەوانە زەقترین بن: – پێداگری‌و هەڵپەی چوارچێوەی شیعەیش بۆ كۆنترۆڵكردنی ڕەوشەكە، ڕەنگە بەبێ پەرچەكرداری سەدرییەكان تێپەڕ نەبێت كە دەوترێت ئێستا لە قۆناغی خۆسازدانەو تاكۆتایی بێدەنگ نابێت‌و هەروا بە تەماشاكەری نامێنێتەوە[33]. هەندێك كەسی نزیك لەم ڕەوتەیش باس لەوە دەكەن پرۆژەی هەیە؛ ناوەڕۆكەكەیشی خستنی هێزە شیعەكانە بە هەڵبژاردن بێت یان بژاردەی تر[34]. سەدرییەكان لێیان ڕوونە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەبێ ئەوان، هەنگاوێكە بۆ پەراوێزخستنی زیاتریان. بەم هۆیەیشەوە گرژیی چەكدارانە لە شەقامی شیعی زۆرەو مەترسیی ئەگەری بەریەككەوتنی سەربازی لە چەند لایەنێكەوە هەیە[35]. – دواخستنی هەڵبژاردن تا دوا چركە هەر بە ئەگەر دەمێنێتەوە؛ لەلایەك بەهۆی گرژی‌و ناڕەزاییی سەدرییەكان، لە لایەكی تر بەهۆی بەرزكردنەوەی داوایەك دژی درێژكردنەوەی تەمەنی كۆمیسیۆن لە پەرلەمان لەلایەن بزوتنەوەی "امتداد"ەوە بۆ دادگەی فیدراڵی. ئەم بزوتنەوەیە باسی لەوە كردووە درێژكردنەوەكە نادەستورییە؛ لە كاتێكیشدا كراوە، سەرۆكی پەرلەمان لابراوە، بەم هۆیەیشەوە تانەی لە دانیشتنە نائاسایییەكانی خولی پێنجەم داوە، كە لە ڕۆژانی 18و 22ی تشرینی دووەمی 2023 بەڕێوەچووە بۆ هەمواركردنەوەی یاسای كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ژمارە ٣١ی ساڵی ٢٠١٩[36]. ئەگەر ئەم تانەیەیش سەر بگرێت، كۆمیسیۆن ناتوانێت ئەركی خۆی لە هەڵبژاردن جێبەجێ بكات. – لە ڕێگەی دادگەی فیدراڵییەوە هەوڵ هەیە هەڵبژاردنی پارێزگای كەركوك دوابخرێت. لەم نێوەیشدا كاندیدێكی هاوپەیمانیی گالقیادە"ی سوننە (حەلبوسی‌و خەنجەر) لە دادگەی باڵای فیدراڵی سكاڵای لە دژی سەرۆكی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق تۆمار كردووە، داوا دەكات كۆمیسیۆن پابەند بكرێت بە دواخستنی هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك تا ئەوكاتەی وردبینی لە لیستی تۆماری دەنگدەراندا دەكرێت. دزەپێكراوە سیاسییەكانیش باس لەوە دەكەن هەوڵەكانی دواخستنی هەڵبژاردن جددین. گوشارەكانیش گەیشتونەتە كۆمیسیۆن‌و حكومەتو تەنانەت چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەیش پاش ئەوەی ئەنجومەنی كۆمیسیاران بە 50+1ی دەنگ بڕیاری دا داوای دواخستن ڕەتبكاتەوە[37]. ئەگەر ئەم گوشارانەیش سەر بگرن، ئەگەری ئەوە هەیە كەركوك بەبێ هەڵبژاردن بمێنێتەوە. سەرچاوەو پەراوێزەكان: [1] https://2u.pw/jL0LSvc [2] https://2u.pw/R9F9Q [3] https://2u.pw/E2bYKzq [4] https://2u.pw/n3PYRiJ [5] https://2u.pw/d21GNIA [6] https://2u.pw/sjXgZTI [7] https://2u.pw/NDVmfNb [8] https://bit.ly/3TbU3lS [9] https://2u.pw/WiYRA1d [10] https://2u.pw/brkfV32 [11] https://2u.pw/IxcVLAj [12] https://2u.pw/mAEN8HA [13] https://2u.pw/mOvRikA [14] https://2u.pw/d21GNIA [15] https://2u.pw/5OLxywL [16] https://2u.pw/FcUmto8 [17] https://2u.pw/5OLxywL [18] https://2u.pw/g08fOmf [19] https://2u.pw/yiJCg6r [20] https://2u.pw/ueZl2E4 [21] https://2u.pw/WqEv40w [22] https://2u.pw/mz4KsYU [23] https://2u.pw/O5H3Zh7 [24] https://2u.pw/zTj5fSK [25] https://2u.pw/rCeT6ji [26] https://2u.pw/bb6nZGw [27] https://2u.pw/Q3eTRPs [28] https://2u.pw/vMSpE3T [29] https://2u.pw/vMSpE3T [30] https://2u.pw/SQwOtts [31] https://2u.pw/Ze2y25A [32] https://2u.pw/JimzQ9B [33] https://2u.pw/r1TaM8u [34] https://2u.pw/TA5cJZK [35] https://2u.pw/AkBFZr0 [36] https://2u.pw/1deuLaG [37] https://2u.pw/E3jr7b3 ئه‌م بابه‌ته له (خانه‌ی هزریی كوردستان) وه‌رگیراوه
(درەو): عێراق لەكاتێكدا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنان‌و هەناردەكردنی نەوت، بڕیاریداوە لەسەرەتای ساڵی داهاتووه‌وه تا كۆتایی ئازاری داهاتوو، رۆژانە 220 هەزار بەرمیل نەوت لە ئاستی بەرهەمهێنانی خۆی كەمبكاتەوە، ئەمە وەكو پابەندبوونێك بە بڕیاری رێكخراوی ئۆپێك پڵەس لەپێناو جێگیركردنی نرخی نەوت لە بازاڕەكاندا، شارەزایەكی ئابوری پێیوایە ئەم بڕیارەی عێراق كە پابەندبوونێكی خۆبەخشانەیە، بە زیان لەسەر داهاتەكانی نەوت دەشكێتەوە لەكاتێكدا نرخی نه‌وت دابەزینی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت. حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق كە هاوكات جێگری سەرۆك وەزیرانیشە بۆ كاروباری وزە، سەرۆكایەتی كۆبونەوەیەكی كرد لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ". لەم كۆبونەوەیەدا وەزیری نەوت رایگەیاند، عێراق بەتەواوەتی پشتیوانی لەو رێككەوتن‌و بڕیارانەی رێكخراوی (ئۆپێك پڵەس) دەكات، كە لە 30 تشرینی دووەمی ئەمساڵدا دەرچوون. وەزیر وتی:" لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە بۆ 31ی ئازاری 2024، عێراق پابەندە بە كەمكردنەوەی خۆبەخشانەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی (220 هەزار) بەرمیلی رۆژانە، ئەمەش لەچوارچێوەی هەوڵە هاوبەشەكاندایە بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگیو سەقامگیری لە بازاڕی نەوتدا". وەكو وەزیری نەوت دەڵێ" لەو ماوەی كە دیاریكراوە، عێراق لەچوارچێوەی پرۆگرامێكدا هەڵدەسێت بە كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی بۆ (4 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە). عێراق دووەم گەورە بەرهەمهێنەری نەوتی خاوە لەناو رێكخراوی ئۆپێك‌دا، بەم كەمكردنەوەیە لە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتدا، دەیەوێت روبەڕووی ئەو ئاڵنگاریو گۆڕانكارییانە ببێتەوە كە بازاڕی نەوت بەخۆیەوە دەبینێت، ئەمە بەئامانجی ئەوەی هەندێك لە كاریگەری ئەو گۆڕانكارییانە كەمبكاتەوەو سەقامگیری بۆ نرخی نەوت بگەڕێنێتەوە. بەڵام (نەبیل مەرسومی) كە شارەزایەكی ئابوری عێراقییە دەڵێ: جێگای سەرسوڕمانە، ئەو كەمكردنەوەی كە عێراق رەزامەندی لەسەرداوەو 210 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە، گەورەترین بڕە، روسیا لەدوای عێراقەوەیەو بڕی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتەكەی رۆژانە 200 هەزار بەرمیلەو دواتر وڵاتانی تر دێن كە بڕەكەیان كەمترە. نەبیل مەرسومی پێیوایە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بەشێوەیەكی نەرێنی بەسەر پشكی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراقدا دەشكێتەوە، بەوپێیەی پشكی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە عێراق دەبێت بە (4 ملیۆن) بەرمیل لەبەرامبەر (9 ملیۆن) بەرمیلی رۆژانەدا بۆ سعودیەو روسیا، ئەمەش رەنگدانەوەی لەسەر قەبارەی هەناردەی نەوت‌و دواجاریش قەبارەی داهاتە نەوتییەكانی عێراق دەبێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا ئێستا نرخی نەوت دابەزینێكی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت. بڕیاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە ساڵی داهاتوودا، لەكاتێكدایە لە كۆتایی ئەمساڵەوە چووەتە ناو گفتوگۆیەكی نوێ لەگەڵ حكومەتی هەرێم بەئامانجی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنان‌و هەناردەی نەوتی هەرێم كە لە 25ی ئازاری ئەمساڵەوە راوەستاوە.
درەو: راپۆرتی پەیمانگای واشنتۆن, كە لەلایەن (Selin Uysal) بە ناونیشانی (تێگەیشتن لە بڕیاڕەكانی دادگا باڵای بە سیاسیكراو لە عێراق) نوسراوە: 🔹لە لابردنی سەرۆكی پەرلەمانی پەرلەمانەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان, دادگا چەندین جار رۆڵی خۆی تێپەڕاندوە, بە شێوەیەك كە پێویست بە فشاری زیاتر نێودەوڵەتی دەكات. 🔹لە (14)ی تشرینی دووەم, دادگای باڵای فیدڕاڵی هەرای نایەوە, كاتێك فەرمانیدا لەبارەی سكاڵایەك دژی محەمەد حەلبوسی, سەرۆكی پەرلەمان و ئەندامێتی لە ئەنجومەنی یاسادان هەڵوەشاندەوە. 🔹بەهۆی نەبوونی هیچ میكانیزمێكی پێداچوونەوە, پێویستە لەسەر حەلبوسی دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی پەرلەمان ببێت, كە ساڵی (2018)وە سەرۆكایەتی دەكات. 🔹رەوایەتی (شەرعیەتی) دادگای باڵای فیدڕاڵی جێگەی مشتومڕە, تەنانەت دەستوری بوونیشی جێگەی گفتوگۆی یاسایی بەردەوامە. 🔹مادەی (92) لە دەستوری ساڵی (2005) فەرمانیكردووە, ئەنجومەنی نوێنەران لەڕێی یاسایەكەوە دۆخی دادگاكە دیاریبكات, بەڵام تائێستا ئەمە نەكراوە. 🔹دادگاكە روبەڕوی رەخنەی رێكخراو بووەتەوە, بەوپێیەی هێمایەكە بۆ تائیفیەت, بەشێكی هۆكاری ئەمە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و لایەنە چالاكەكان دەگەڕێتەوە, كە پرۆسەی دامەزراندنی دادوەرەكانیان كردووە بەجەنگێكی گەرم بۆ بەدەستهێنانی هاوسەنگی تائیفی. 🔹دادگای فیدڕاڵی لەم ساڵانەی دوایدا زیاتر بووەتە جێی مشت‌ومڕ لەژێر سەرپەرشتی دادوەر فائق زێدان دا. 🔹زێدان لەساڵی (2017)دا بووە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری, كە دەستەیەكە سەرپەرشتی زۆرینەی دەسەڵاتی دادوەری دەكات و دەسەڵاتێكی دیاریكراوی پێدەبەخشێت بەسەر دادگای باڵای فیدڕاڵی, كە سەربەخۆیە لەڕووی تیۆرییەوە. 🔹زێدان لە ساڵی (2021)دا گەیشت بە ئاسۆی نوێ, كاتێك تاكە ركابەرەكەی كە لە پۆستی دادوەری باڵادا مابووەوە, كە ئەویش مەدحەت مەحمود سەرۆكی دادگای باڵای فیدڕاڵی بوو , ناچاری كرد بە خانەنشینی زۆرەملێ بەگوێرەی هەمواری یاسای ژمارە(30), كە سنورێكی نوێی بۆ تەمەنی دادوەرانی دادگای باڵای فیدڕاڵی دیاریكرد. 🔹هەموارەكە بووە هۆی پەراوێزخستنی مەدحەت مەحمودو بنەمای هاوسەنگی تائیفی داڕشت لە پێكهێنانی دادگای باڵای فیدڕاڵی, كە بووە هۆی زیادكردنی دادوەرانی شیعە لە پارێزگاكانی باشور. 🔹زیدان دەسەڵاتە نوێكانی قۆستەوە بۆ جێبەجێكردنی گۆڕانكاری دادوەری سەرەكی و ئاسانكردنی ئەو یاسایانەی كە دەبنە بەهێزكردنی دەسەڵات و هەژموونی. 🔹ئەنجومەنی باڵای دادوەری, لیژنەی كارگێڕی پیشەیی دامەزراندو دەسەڵاتی فراوانی درایە بۆ بەرزكردنەوەو درێژكردنەوەی ویلایەت و گواستنەوەو رەوانەكردنی دادوەران و داواكارانی گشتی بۆ خانەنشینی, كە ئەوەش بەشێوەیەكی بنەڕەتی دەسەڵاتی دا بە زێدان بۆ دامەزراندن و لەكارخستنی سەرجەم دادوەرەكان لەوڵات. 🔹دەسەڵاتەكانی بەكارهێنا بۆ دروستكردنی كاریگەری لەسەر پرۆسەی دیاریكردنی ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی, بە دامەزراندنی سەرۆكی نوێی دادگاكەشەوە, دادوەر جاسم محەمەد عەبود, كە بەوە ناسراوە وەلائی بۆ زێدانە. 🔹كاتێك داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت كرا لەساڵی (2021), حكومەت سەرقاڵی ئامادەكاری بوو بۆ چاكسازیكردن لە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن, زێدان بەپەلە ئەم پرۆسەیەی قۆستەوەو هەوڵیدا ئەنجومەنی كۆمیسیاران لە دادوەران بێت, بۆ ئەوەی خۆی و فەرمانگەكەی بتوانن كاریگەری لەسەر بڕیاڕە گرنگەكانی هەڵبژاردن بدەن. 🔹لە هەفتەكانی دوای دەنگدان لە مانگی تشرینی یەكەم, زێدان دادگای فیدڕاڵی ئاڕاستەكرد پشتیوانی كوتلەی هاوپەیمانی ئێران بكات. 🔹دادگای فیدڕاڵی زنجیرەیەك بڕیاڕی دەركرد لەبەرژەوەندی چوارچێوەی هەماهەنگی, كە كوتلەیەكی شیعی هاوپەیمانی ئێران و نەیاری سەدرە. 🔹بڕیاڕە زۆر گرنگەكە, پەیوەستە بە هەڵبژاردنی سەرۆك لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە, كە ئەوەش هەنگاوی یەكەمی پێكهێنانی حكومەتە, دادگا ماوەیەكی درێژە پەیڕەوی مەرجی زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگەكان دەكرد, دواتر هەڵیگێڕایەوە بۆ مەرجی نیسابی دوو لەسەر سێ, بەگوێرەی ئەم شرۆڤە بێوێنەیە, پێویستە دوو لەسەرسێی پەرلەمانتاران ئامادەی دانیشتنەكەبن, ئەم بڕیاڕەش وایكرد كوتلەی هاوپەیمانی ئێران وەك كەمینەیەكی رێگر كاربكەن لەڕێی بایكۆتكردنی دانیشتنەكانی پەرلەمان, ئەوەش رێگەی خۆشكرد بۆ دەستلەكاركێشانەوەی گروپەكەی سەدرو گەیشتنی چوارچێوەی هەماهەنگی بە دەسەڵات. 🔹لەهەندێك مەسەلەی بە سیاسیكراوی تردا فەرمانی جێی مشت‌ومڕ دەركراوە, لایەنداری تایبەتی ئێرانی پێوەدیارە, وێڕای چەندین حاڵەتی تر كە دادگا لەژێر سەرپەرشتی فائق زێدان فەرمانی دەركردووە لە بەرژەوەندی ئێران و گروپەكانی هاوپەیمانی. 🔹روبەڕوبونەوەی هەژموونی ئێران لە ناو خودی دەسەڵاتی دادوەری پێویستی بەوەیە خۆرئاوا یارییەكی درێژ مەودا بكات, لەڕێی پێشخستنی هاوكاری ئەكادیمی و راهێنانی نەوەی داهاتوو لە دادوەران, رەنگە ئەم جۆرە نزیكبونەوەیەش لەگەڵ خواستەكانی زێدان دا یەكبگرێتەوە, كە چاوی لە دانپێدانانێكی نێودەوڵەتیە, وەك ئەوەی لەگەشتەكانی بۆ لەندەن و پاریس و داواكارییەكەی ئەم دواییەی بۆ سەردانیكردنی واشنتۆن دەردەكەوێت.
(درەو): بەتۆمەتی ئەوەی بەبێ ئاگاداری فەرمانگەی حزبەكان گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەمریكی كردووەو پارەی بۆ ناردووە، دەستەی دادوەریی سەربە كۆمسیۆنی هەڵیبژاردنەكانی عێراق بڕیار لەسەر سكاڵایەك دەدات كە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حزبەكەی محەمەد حەلبوسی ( حزبی تەقەدوم) پێشكەش كراوە. بۆ هەڵوەشاندنەوەی حزبی (تەقەدوم) كە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی لەكارلادراوی پەرلەمانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات، ئەمڕۆ هیمان تەحسین حەمید بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی كاروباری پارت‌و رێكخراوە سیاسییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، سكاڵایەكی بۆ دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان بەرزكردەوە. ئەوانەی سكاڵاكەیان لە فەرمانگەی پارتە سیاسییەكان لەسەر حزبەكەی حەلبوسی تۆماركردووەو داوای هەڵوەشاندنەوەی دەكەن، بریتین لە هەریەكە لە (پەرلەمانتار باسم خەشان- حەیدەر مولا- فارس تەها فارس- عەبدولستار عادل عەبدولستار- سوهەیب ئیسماعیل مەحمود- مستەفا موەفەق جاسم رێگەپێدراوی حزبی حەل). ئەم سكاڵاكارانە دەڵێن محەمەد حەلبوسی سەرۆكی حزبی (تەقەدوم) گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەمریكی كردووە بەناوی (BGR)و بەبێ ئاگاداركردنی فەرمانگەی كاروباری حزب‌و رێكخراوە سیاسییەكان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن پارەی بۆ ئەو كۆمپانیایە ناردووە. لەسەر بنەمای فەرمانێكی كارگێڕی كە رۆژی 28ی ئەم مانگە دەرچووە، فەرمانگەی حزبە سیاسییەكان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی لەسەر ئەم سكاڵایە پێكهێناوە، لیژنەكە بڕیاریداوە كەیسەكە رەوانەی دەستەی داددوەریی هەڵبژاردن لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بكات، بۆ ئەوەی ئەوان لەسەر بنەمای ماددەكانی یاسای پارتە سیاسییەكان ژمارە (36)ی ساڵی 2015، بڕیار لەسەر سكاڵاكە بدەن. حەلبوسی بەمەستی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن گرێبەستی لەگەڵ ئەو كۆمپانیا ئەمریكییە كردووە، پەرلەمانتار باسم خەشان دەڵێ ئیسرائیلییە، خەشان كە لەم خولەی پەرلەماندا بە سكاڵا زۆرەكانی لە دادگای فیدراڵی ناوبانگی دەركرد، بەنیازە سكاڵایەكی تریش لەسەر حەلبوسی لە دادگای فیدراڵی تۆمار بكات، سكاڵا نوێیەكەی پەیوەندی بە دامەزراندنی شەش راوێژكارەوە هەیە لە پەرلەمانی عێراق، كە بەوتەی ئەو مەرجە یاساییەكانیان تێدا نییەو حەلبوسی دایمەزراندوون. رۆژی 14ی ئەم مانگە، دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر سكاڵایەك كە پەرلەمانتاری دورخراوە (لەیس دلێمی) تۆماریكردبوو، ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی لە پەرلەمان هەڵوەشاندەوە، بەمەش حەلبوسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دورخرایەوە. دادگا لە بڕیارەكەیدا حەلبوسی تاوانباركرد بەوەی پەرلەمانتارێكی حزبەكەی (لەیس دلێمی) ناچاركردووە پێشوەختە دەستلەكاركێشانەوە بنوسێت‌و دواتریش نوسراوەكەی ساختە كردووە. حەلبوسی كە یەكێك لە بەهێزترین كارەكتەرە سیاسییەكانی پێكهاتەی سوننەی عێراق بوو، لەسەروبەندی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا گورزێكی گەورەی لێ درا، رەنگە گورزەكە هەر بە دورخستنەوەی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان رانەوەستێتو سەربكێشێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی حزبەكەشی. حەلبوسی بە (5) هاوپەیمانێتی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دروستكردووە كە بڕیارە 18ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت. هەندێك لە هاوپەیمانێتییەكان بەڕوونو راشكاوی سەربە حەلبوسین، هەندێكی تریان ئەو كەسانە سەرۆكایەتییان دەكەن كە لە حەلبوسییەوە نزیكن، هاوپەیمانێتییەكانی حەلبوسی ئەمانەن: - هاوپەیمانی "تەقەدومی نیشتمانی" كە حەلبوسی خۆی سەرۆكایەتی دەكات‌و لە پێنج پارێزگا دەچێنە ناو هەڵبژاردنەكەوە (بەغداد- ئەنبار- سەلاحەدین-نەینەواو- دیالە)، هاوپەیمانێتییەكە ئەم لایەنانە لەخۆدەگرێت: • (حزبی تەقەدوم) • (پرۆژەی نیشتمانی عێراق) كە جەمال زاڕی سەرۆكایەتی دەكات • حزبی (خیاری عەرەبی) بە سەرۆكایەتی عەبدولكەریم عەبتان • حزبی (حەقی نیشتمانی) بە سەرۆكایەتی ئەحمەد مەساری • حزبی (البواسل الوطنی) بە سەركایەتی محەمەد قوتەیبە - هاوپەیمانی (قمم) بە سەرۆكایەتی خالید بەتال وەزیری پیشەسازی، ئەم هاوپەیمانێتییە كۆمەڵێك حزبی بچوك لەخۆدەگرێت كە زۆرینەیان حزبی سێبەر یان كارتۆنین، هاوپەیمانێتییەكە لە هەردوو پارێزگای (ئەنبار-سەلاحەدین) دەچێتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە. - هاوپەیمانێتی (ئەنبار ناسنامەمانە)، ئەم هاوپەیمانێتییە عەلی فەرحان پارێزگاری ئەنبار سەرۆكایەتی دەكات، ئەم هاوپەیمانێتییە چوار حزب لەخۆدەگرێت كە بریتین لە (صحوە العراق- تجمع التعاون- تجمع نهچە جیل- مشروع الإرادە الشعبیە)، ئەم هاوپەیمانێتییە بەتەنیا لە پارێزگای ئەنبار دەچێتە ناو هەڵبژاردنەوە. - هاوپەیمانێتی (القیادە) بە سەرۆكایەتی محەمەد تەمیم كە هەریەكە لە هاوپەیمانێتی (تەقەدوم)ی محەمەد حەلبوسی‌و (سیادە)ی خەمیس خەنجەر لەخۆدەگرێت، ئەم هاوپەیمانێتییە لە كەركوك‌و بەسرەو واست‌و بابل دەچێتە ناو هەڵبژاردنەوە. - هاوپەیمانی (خێمەی واست) بە سەرۆكایەتی عەدنان جحێشی كە هەردوو حزبی (التطور العراقی- سور الوطن) لەخۆدەگرێت‌و لە پارێزگای واست بەشداری هەڵبژاردنەكە دەكات. ده‌قی سكاڵاكه: