حزبه‌كه‌ی حه‌لبوسی له‌به‌رده‌م هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌دایه‌

Draw Media

2023-11-30 12:33:04



(درەو): 
بەتۆمەتی ئەوەی بەبێ ئاگاداری فەرمانگەی حزبەكان گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەمریكی كردووەو پارەی بۆ ناردووە، دەستەی دادوەریی سەربە كۆمسیۆنی هەڵیبژاردنەكانی عێراق بڕیار لەسەر سكاڵایەك دەدات كە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حزبەكەی محەمەد حەلبوسی ( حزبی تەقەدوم) پێشكەش كراوە. 
بۆ هەڵوەشاندنەوەی حزبی (تەقەدوم) كە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی لەكارلادراوی پەرلەمانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات، ئەمڕۆ هیمان تەحسین حەمید بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی كاروباری پارت‌و رێكخراوە سیاسییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، سكاڵایەكی بۆ دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان بەرزكردەوە.
ئەوانەی سكاڵاكەیان لە فەرمانگەی پارتە سیاسییەكان لەسەر حزبەكەی حەلبوسی تۆماركردووە‌و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەكەن، بریتین لە هەریەكە لە (پەرلەمانتار باسم خەشان- حەیدەر مولا- فارس تەها فارس- عەبدولستار عادل عەبدولستار- سوهەیب ئیسماعیل مەحمود- مستەفا موەفەق جاسم رێگەپێدراوی حزبی حەل).
ئەم سكاڵاكارانە دەڵێن محەمەد حەلبوسی سەرۆكی حزبی (تەقەدوم) گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەمریكی كردووە بەناوی (BGR)‌و بەبێ ئاگاداركردنی فەرمانگەی كاروباری حزب‌و رێكخراوە سیاسییەكان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن پارەی بۆ ئەو كۆمپانیایە ناردووە.
لەسەر بنەمای فەرمانێكی كارگێڕی كە رۆژی 28ی ئەم مانگە دەرچووە، فەرمانگەی حزبە سیاسییەكان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی لەسەر ئەم سكاڵایە  پێكهێناوە، لیژنەكە بڕیاریداوە كەیسەكە رەوانەی دەستەی داددوەریی هەڵبژاردن لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بكات، بۆ ئەوەی ئەوان لەسەر  بنەمای ماددەكانی یاسای پارتە سیاسییەكان ژمارە (36)ی ساڵی 2015، بڕیار لەسەر سكاڵاكە بدەن. 
حەلبوسی بەمەستی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن گرێبەستی لەگەڵ ئەو كۆمپانیا ئەمریكییە كردووە، پەرلەمانتار باسم خەشان دەڵێ ئیسرائیلییە، خەشان كە لەم خولەی پەرلەماندا بە سكاڵا زۆرەكانی لە دادگای فیدراڵی ناوبانگی دەركرد، بەنیازە سكاڵایەكی تریش لەسەر حەلبوسی لە دادگای فیدراڵی تۆمار بكات، سكاڵا نوێیەكەی پەیوەندی بە دامەزراندنی شەش راوێژكارەوە هەیە لە پەرلەمانی عێراق، كە بەوتەی ئەو مەرجە یاساییەكانیان تێدا نییەو حەلبوسی دایمەزراندوون. 
رۆژی 14ی ئەم مانگە، دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر سكاڵایەك كە پەرلەمانتاری دورخراوە (لەیس دلێمی) تۆماریكردبوو، ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی لە پەرلەمان هەڵوەشاندەوە، بەمەش حەلبوسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دورخرایەوە. دادگا لە بڕیارەكەیدا حەلبوسی تاوانباركرد بەوەی پەرلەمانتارێكی حزبەكەی (لەیس دلێمی) ناچاركردووە پێشوەختە دەستلەكاركێشانەوە بنوسێت‌و دواتریش نوسراوەكەی ساختە كردووە. 
حەلبوسی كە یەكێك لە بەهێزترین كارەكتەرە سیاسییەكانی پێكهاتەی سوننەی عێراق بوو، لەسەروبەندی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا گورزێكی گەورەی لێ درا، رەنگە گورزەكە هەر بە دورخستنەوەی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان رانەوەستێت‌و سەربكێشێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی حزبەكەشی. 
حەلبوسی بە (5) هاوپەیمانێتی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دروستكردووە كە بڕیارە 18ی  كانونی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت. 
هەندێك لە هاوپەیمانێتییەكان بەڕوون‌و راشكاوی سەربە حەلبوسین، هەندێكی تریان ئەو كەسانە سەرۆكایەتییان دەكەن كە لە حەلبوسییەوە نزیكن، هاوپەیمانێتییەكانی حەلبوسی ئەمانەن:  
-    هاوپەیمانی "تەقەدومی نیشتمانی" كە حەلبوسی خۆی سەرۆكایەتی دەكات‌و لە پێنج پارێزگا دەچێنە ناو هەڵبژاردنەكەوە (بەغداد- ئەنبار- سەلاحەدین-نەینەواو- دیالە)، هاوپەیمانێتییەكە ئەم لایەنانە لەخۆدەگرێت: 
•    (حزبی تەقەدوم)
•    (پرۆژەی نیشتمانی عێراق) كە جەمال زاڕی سەرۆكایەتی دەكات
•    حزبی (خیاری عەرەبی) بە سەرۆكایەتی عەبدولكەریم عەبتان
•     حزبی (حەقی نیشتمانی) بە سەرۆكایەتی ئەحمەد مەساری
•    حزبی (البواسل الوطنی) بە سەركایەتی محەمەد قوتەیبە
-    هاوپەیمانی (قمم) بە سەرۆكایەتی خالید بەتال وەزیری پیشەسازی، ئەم هاوپەیمانێتییە كۆمەڵێك حزبی بچوك لەخۆدەگرێت كە زۆرینەیان حزبی سێبەر یان كارتۆنین، هاوپەیمانێتییەكە لە هەردوو پارێزگای (ئەنبار-سەلاحەدین) دەچێتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە. 
-    هاوپەیمانێتی (ئەنبار ناسنامەمانە)، ئەم هاوپەیمانێتییە عەلی فەرحان پارێزگاری ئەنبار سەرۆكایەتی دەكات، ئەم هاوپەیمانێتییە چوار حزب لەخۆدەگرێت كە بریتین لە (صحوە العراق- تجمع التعاون- تجمع نهچە جیل- مشروع الإرادە الشعبیە)، ئەم هاوپەیمانێتییە بەتەنیا لە پارێزگای ئەنبار دەچێتە ناو هەڵبژاردنەوە. 
-    هاوپەیمانێتی (القیادە) بە سەرۆكایەتی محەمەد تەمیم كە هەریەكە لە هاوپەیمانێتی (تەقەدوم)ی محەمەد حەلبوسی‌و (سیادە)ی خەمیس خەنجەر لەخۆدەگرێت، ئەم هاوپەیمانێتییە لە كەركوك‌و بەسرەو واست‌و بابل دەچێتە ناو هەڵبژاردنەوە. 
-    هاوپەیمانی (خێمەی واست) بە سەرۆكایەتی عەدنان جحێشی كە هەردوو حزبی (التطور العراقی- سور الوطن) لەخۆدەگرێت‌و لە پارێزگای واست بەشداری هەڵبژاردنەكە دەكات.
ده‌قی سكاڵاكه‌:

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand