فارس نەورۆڵی کاتێک مرۆڤ ئەندامێکی جەستەی نەخۆش دەکەوێ ئەوە هەر ئەو ئەندامەی جەستە نیە ناچارمان دەکات کە بچینە لای پزیشك، بەڵکو ئەندامەکانیتری جەستە فشار دەکەن، کە بەدوای چارەسەردا بچیت نەوەک کاربکاتە سەر ئەمانیش، بەڵام کارەسات لەوەدایە بەدوای چارەسەردا نەڕۆیت هەتاکو ئەندامەکانیتری جەستەش گرفتاردەبن. ئەی ئەگەر کۆمەڵگایەک نەخۆشکەوت ڕوو لەکوێ دەنێیت بۆ چارەسەر، دکتۆر یان سەر مەرقەدێک؟ کە لە ڕاستیدا هەرکات کۆمەڵگا بوو بە نەخۆشخانەیەکی گەورە ئەوە بێ دوودڵی مەناعەی پەروەردە و فەرهەنگی وسیاسی دابەزیوە و خەلەلەکە لەوێوە سەرچاوەی گرتوو. لێرەدا مەبەستمە کە بەشێك لە نیشانەکانی کۆمەڵگای نەخۆش بخەمە ڕوو. ١- کۆمەڵگای نەخۆش لەبری ئەوەی بە دوای ڕاستی و دادپەروەریدا بگەڕێت، تاکەکانی هەر خەریکی گەمەی دەمامکدارن. ٢- تاکەکانی کۆمەڵگای نەخۆش حەوسەڵەی بینینی سەرکەوتن و جوانی باڵایی ئەوانی دیکەیان نیە، بۆیە لێی دەدەن و تۆمەتی دەدەنە پاڵ هەتا ئەوانیتریش دەهێننەوە ئاستی خۆیان ٣- لە کۆمەڵگای نەخۆشدا ناوبانگ و بیرکردنەوە لەبری ئەوەی ببێتە مایەی پێزانین و هاندان، بە پێچەوانەوە دەبێتە دەردەسەری بۆ مرۆڤ. ٤- کۆمەڵگای نەخۆش تاکەکانی لەبری ئەوەی سەرقاڵی ژیانی خۆیبێت، سەرقاڵە بە تێکدانی ژیانی دەوروبەرەکەی بزانێ چی دەکات چی دەخوات لەتەک کێ هاوڕێیە. ٥- کۆمەڵگای نەخۆش تاکەکانی ئەوەندە هەوڵ بۆ شکاندنی ئەویتر دەدەن، ئەوەندە بیر لەو گەمژەییە ناکاتەوە کە لە نێویدایە. ٦- زۆرێک لە تاکەکانی کۆمەڵگای نەخۆش لە ڕەفتاردا هێندە لەیەک دەچن دەڵێی ئاسنگەرێکی نەزان پەنجەرەی لێدروستکردون. ٧- کۆمەڵگای نەخۆش هەمیشە لە نێوان درۆو ڕاستیدا، بە درۆکە خەنی دەبن و چەپڵەت بۆ لێدەدەن، بە پێچەوانەوە لە وتنی ڕاستیەکاندا دژایەتیت دەکەن و ڕوو بەڕووت دەوەستنەوە ٨- کۆمەڵگای نەخۆش خائین و نیشتمانپەروەر لەیەک جیا ناکاتەوە و پێوەرەکانی لێ تێکەڵ دەبن ٩- کۆمەڵگای نەخۆش بە درێژایی مێژوو گومان لەسەر خەڵکە باشەکەی خۆی دادەنێ نمونە لای کۆمەڵگای ئێمە (مەولانا خالد ، گۆران ، جەمال عیرفان ، ئەحمەد موختار جاف) دواتر. ۱۰- کۆمەڵگای نەخۆش لەبری ئەوەی قوربانی خۆشبوێت کەچی خۆی دەبێتە نۆکەری جەلادەکانی. ١١- تاکەکانی کۆمەڵگای نەخۆش هەمیشە بە دڵ و میزاجی ئەوانە وەڵام دەدەنەوە کە پرسیارەکانیان دەکەن جارێک ناڵێن نا وانیە. ١٢- کۆمەڵگای نەخۆش لەبری خۆپەروەردەکردن بۆ سەرکەوتن، دێت و هەموو توانای خۆی دەخاتە کار بۆ ڕێگەگرتن لە سەرکەوتنی دەوروبەرەکەی بۆ ئەوەی خەڵک بکاتە پەیژە بۆ کەمێک ئیمتیازی ناڕەسەنانە. کێشەکە لەوەدایە گوێشیان لێدەگیرێت. ١٣- تاکەکانی کۆمەڵگای نەخۆش هەرگیز خۆیان نین، بەڵکو کەسێکی دیکەیان داناوە حوکمی بیرکردنەوەیان بۆ بدات و لە زیهنی خۆیاندا جگە لە خودای تاک و تەنها دێن بتێکیش دروست، کە ئەمە نیشانەی تاکێکی لەرزۆکن. ١٤- کۆمەڵگای نەخۆش تاکەکانی حەزیان لەکارکردن بە تیم نیە، بەڵکو هەوڵدەدەن بە تەنها کارێک ئەنجامبدەن بۆ ئەوەی مەرامی خۆیان جێبەجێببکەن. ١٥- کۆمەڵگای نەخۆش خۆشحاڵ نیە بە هاوڕێیەتی دوو کەس و دێت کەسی سێهەم دروستدەکات بۆ تێکدانی ئەو هاوڕێیەتیە. ١٦. تاکەکانی کۆمەڵگای نەخۆش زۆر بێبەزەییانە یەکتردەشکێنن ئەمەش دەبێتەهۆی دروست بونی کۆمەڵگایەکی ستەمکار. ١٧. لە کۆمەڵگای نەخۆشدا هاوڕێیەتی هەتا ئەو شوێنە بڕ دەکات کە بەرژەوەندی لەتەکدا هەیە بە چرکە دوردەکەویتەوە دەکەوێتە لێدانت . ئەمە نەخۆشخانەیەکی گەورەیە یا کۆمەڵگا، چونکە ئەمە مشتێک بوو لە خۆڵی چیایەک، شاخێک لە خراپەو نەخۆشی کۆمەڵگادا، ئیتر بڕیار لای خوێنەرە کام خاڵی لە کۆمەڵگای کوردستاندا هەیە، بەڵام ئەم نەخۆشیانە نەبا ئەوا ژیان ڕیتمێکی دیکەی دەبوو.
شیلان حاجی شەریف ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت نەبوونی هێزێکی تۆکمەی ئۆپۆزسیۆنە ، داهاتی ئەم هەرێمە زۆرەو نادیارە کۆمەڵێکی پڕی خۆسەپێن و زۆرینەیەکی گیرفان بەتاڵی مل کەچ دروستبووە ، لە غیابی نەبوونی هێزێکی دڵسۆزو بە هەڵوێست، حکومەت بودجەی نیە ، بۆیە سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارایی مووچە وەکو خێرو زەکات سەیر دەکەن و دەیدەن بە مووچەخۆران ، دوو ئیدارەیی زۆرترە لە ساڵانی نەوەدەکان ، کێشەکان زۆرن بەڵام لێرە دەرفەت نیە باس بکرێت ، بۆیە دەچمە سەر ئەسڵی بابەتەکە . سروشتی میللەتانی رۆژهەڵاتە کە دەکەونە دوای قسەی گەورەو مەرجەع و سیاسییەکان ، هەمیشە چاوەڕێی گەورەیەکن حوکمیان بکات ، هەمیشە کەسێک گەورە دەکەن لە قەبارەی خۆی و وەکو رەمزو پاڵەوان سەیری دەکەن ، بۆیە زۆربەی جار پاڵەوانەکان دیکتاتۆر دەبن ، بە کورتی میللەت خۆی کارگەی دیکتاتۆرییە و خۆی بەرهەمی دەهێنێت . شۆڕشگێرەکان ئەونە شۆڕش پیرۆزە لایان تا دەگەنە دەسەڵات ، میللەت هەموو کات خۆی بە بچوکی شۆڕشگێرەکان دەزانێت ، بۆیە ئەو کەسانەی لە ڕێی شۆڕشەوە هاتوونەتە سەر دەسەڵات هەمیشە رۆژەکانی رابردوویان بە چاوی میللەت دەدەنەوە ، هەموو ئەو چرکانەی تەمەنیان لەناو شۆڕش بەسەر بردووە ، سەدەها جار حەقەکەیان لە ماڵ و سامانی میللەت وەرگرتۆتەوە ، کەچی میللەت چەپڵەیان بۆ لێدەدەن ، بۆیە لە خەباتی ئۆپۆزسیۆنیشدا پێویست دەبێت ، گەورەیەک ، یان مەرجەعێک هەبێت و میللەت وەکو رەمز سەیریان بکات . ئێستا لە کوردستان نیگەرانی زۆرە ، زۆربەی میللەت بێزارە لە دەسەڵات ، زۆربەی رۆژەکانی ساڵ ، لە هەموو چین و توێژێکدا ، میللەت لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە ، بەڵام هیچ بەرهەمێکیشی نیە ، تا وای لێهاتووە دەسەڵات باکی بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی نەماوە ، تەنانەت خودی ناڕەزایەتی کاریگەری نەماوە ، هۆکاری هەموو ئەمانەش نەبوونی کەسێکە ، کە ئیتر مەرجەع بێت یان سەرۆکی حیزبێک بێت ، یان سیاسییەک تا رێبەرایەتی خەڵکی بکات و بێتە شەڤام و خەڵکی بجوڵێنێت لە هەر پرس و کێشەیەک ، بۆ بارودۆخی ئێستای خەڵکی کوردستان، مەرجەعێک لە هەموو کات پێویسترە ، مەرجەعێک وەکو سەدر هەرکاتێک بیەوێت، بتوانێت میللەت بجوڵێنێت ، بۆ هەر پرسێک یان داواکارییەک بتوانێت کات بۆ دەسەڵات دابنێت داواکارییەکانی جێبەجێ بکرێت . بە داخەوە لە کوردستان نە هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی کاریگەر هەیە ، نە مەرجەعێک ، نە کەسێکی کاریگەر ، نە حیزبێکی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن ، کەی ئیشی ئۆپۆزسیۆن ئەوەیە تونێڵ چاک بکاتەوە یان پرد دروست بکات ، یان مووچەکەی خۆی بداتە نەخۆشخانەکان ؟!!!!!!. ئۆپۆزسیۆن ئەو هێزەیە کە شەو بانگەواز بکات بۆ خۆپیشاندان ، وەکو بانگەوازەکانی سەدر بۆ خۆپیشاندانی یەک ملیۆنی ، چونکە ئەو خۆپیشاندانانە دەتوانێت گۆڕانکاری بکات . تازەترین پرس (400) ملیارەکە و مووچەی مانگی (12) یە ، ئەوە گەر مەرجەعێکی ئۆپۆزسیۆن هەبووایە ئەم هەینییە خۆپیشاندانی سەرتاسەری دەکرا ، بەڵام سەرۆکی لیستی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لە ئەکاونتی خۆیانەوە دەڵێن : سرن و گومی مەکەن، یان مەیدەنەوە قەرز . بۆیە تا ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنە بەهێزە دروست نەبێت ، یان مەرجەعێک نەبێت، گۆڕانکاری دروست نابێت و دەیەها (400) ملیاری دیکە وون دەبێت لە نێوان یەکێتی و پارتی و ساڵانەش چەند مووچەیەک پاشەکەوت دەکرێت .
هیوا سەید سەلیم ئەو بەرپرسانەی حکومڕانی هەرێمی کوردستان دەکەن زۆر سەیرن، چونکە هەمیشە ئەرکی خۆیان لێوون دەبێت، ئەوان نازانن کە بەرپرسن لە پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری و، دابینکردنی مووچە بۆ مووچەخۆران، لەبەر ئەوەی لەو چەند ساڵە لێیان قەبوولکراوە، ئەوان وەک چۆن وویستویانە مووچە دابەش کردووە، تەنانەت دابەشکردنی مووچە کە ئەرکە کراوتە مووژدانە، لەو هەرێمەی ئێمە بە بڵاوکردنەوەی خشتەی موووچە هەر پەرلەمانتار و وەزیرە شانازی دەکات، وەزیر و قسەکەرانیان بە دەستکەوتی دەزانن. هەر بۆیەشە کاتێک بەغدا 400 ملیار دینارەکە دەنێڕێت، شەڕە لەسەر ئەوە دەبێت کە بە هەوڵێ کێ قەناعەت بە سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی عێراق کراوە تا ئەو بڕە پارەیە بنێرێت، نازانن ئەوەی گرەنتی ناردنی ئەو بڕە پارەیە دەکات لە بەغداوە پابەندبوونی هەموو لایەکە بە ناوڕۆکی ئەو ڕێکەوتنەی سەبارەت بە پرسی بودجە کراوە، بە تایبەت پابەندبوونی هەرێم بە هەریەک لە ئەرک و مافەکانی. ئەزموونی چەند ساڵ لە قەیرانی نێوان هەرێم و بەغدا ئەوەمان پێدەڵێت، کە بەغدا پارەکە بنێرێت یان نا داهاتی هەرێمی کوردستان بای ئەوە دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت مووچە لە کاتی خۆی دابەش بکات، بەڵام ئەگەر پارەکە لە بەغداوە بێت چاکتر دەبێت، چونکە برەکەی دیارە و بوار بۆ دیزە بەدەرخونە کردنی نابێت. لە کابینەی تازەی حکومەتەکەی "سودانی" نیەتێک هەیە کە رێکەوتنامەکان بەدەردی کابینەکانی ڕابردوو نەبردرێن، لە نێویاندا پرسی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان کە لە ئێستادا بریتیە لە 400 ملیار دینار. چەند رۆژێکە هەواڵی ناردنی ئەو بڕە پارەیەی مانگی 11 بڵاوبۆتەوە، قسەش هەیە شایستەی دارایی مانگی 12 بگاتە بانکەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوەی کە کراوەتە جێگای باس ئەو بابەتەیە کە ئەو بڕە پارایە لە ڕێگەی چ لایەنێکەوە هاتووە، بۆیە هەر لایەنەوە خۆی بەو بابەتە بادەدات و میرکوڕی مەیدانەکەیە. لە هەرێمی کوردستاندا، کێشە و ململانێی حزبە حوکمڕانەکان و، کارنەکردن بە پڕەنسیپی دامەزراوەیی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و، باڵادەستی دەستی حزب بەسەر دامەزراوەکان زەمینەی ئەو شەڕەی خۆشکردووە، ئەگینا دەبینین بەغدا بەو بێسەروبەریەی حوکمڕانی خۆی، کە هەر چەند وەزارەتێک لە دەستی حزبێک دایە، بەڵام بۆ جارێکیش نەمانبینیوە و نەمانبیستووە حزبی دەعوە بێت بانگەشەی ئەوە بکات کە ئەویان بودجەی شاری بەسڕای دابینکردوە، یان کوتلەی وەزاری حزبی دەعوە مووچەی حەشدی شەعبی دابین کردووە، ئەو فەوزا و بێ سەروبەریە تەنیا لە هەرێمی کوردستاندا هەیە. لەم هەرێمە، حکومەت هەیە، کە حکومەتی ئیئتلافی نێوان (پارتی و یەکێتی و گۆڕان)ە، بەشێک لە حزب و پێکهاتەکان بەشداریان پێکراوە، حکومەت لە دەستبەکاربوونی کارنامەی ئیشکردنی ڕاگەیاندووە، دەبێت هەر وەزارەتە و ئەرکی دیار بێت، لە چوارچێوەی ئەو کارنامەیە ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێ بکات، لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە دەبێت ئەوە بە بیر سەرۆک و جێکر و وەزیرەکانی حکومەت بهێنینەوە کە دابینکردنی مووچە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکان ئەرکە لەسەر شانتان، خەڵک متمانەی پێداون تا ئەو بەڵێنانە بە کردار بکەن، نەک وەک دەستکەوت بەخەڵکی بفرۆشنەوە، ئەوەیان ئەلف و بێی حوکمڕانی تەندرووستە. ئێستا کە باس لە گەیشتی بڕە پارەکەی بەغدا دەکرێت، نەک پێویست ناکات ئەوە بەخەڵک بفرۆشنەوە کە بە هەوڵێ کام بەرپرس و، بە هیمەتی کام کوتلەی وەزاریی، بەغدا پارەکەی ناردووە، بگرە خەڵک بە گشتی و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەلایانەوە گرنگە بزانن کە ئەو پارەیە چی لێدێت؟ وا ساڵی 2022 بەرەوە کۆتایی دەچێت و، تا دە رۆژی دیکەش پڕۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 11 تەواو نابێت، گومان دەکرێت مووچەی مانگی 12 بخرێتە سەر مووچە نەدراوەکانی ساڵانی ڕابردوو، یان ئەو مووچەیە لە مانگی یەکی ساڵی 2023 دابەشبکرێت، گومانی خەڵک لە کاتێک دایە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بیانوێکی لەبەر دەست نەماوە بۆ دواخستنی مووچە و، گێڕانەوەی شایستەی مووچەخۆران لە قەرزە پاشەکەوتکراوکانیان، مافی پلە بەرکردنەوەیان. ئەگەر لە ساڵانی ڕابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان "شەڕی داعش، دابەزینی بەهای فرۆشتنی نەوت، نەناردنی شایستەی دارایی لە لایەن بەغداوە ، کەمی داهاتی ناوخۆی" دەکردە بیانوو تا دەست بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ببات، لە ئێستادا هیچ یەک لەو بیانووانە نەماون، مەگەر شەڕی کێ پارەکەی بەغدای هێناوە بکرێتە بیانوو، ئەگەرنا دەبوو ئێستا حکومەت بێت داوایی لێبووردن لە خەڵک بکات کە لە چەند ساڵی ڕابردوو بەرگەی زوڵمێکی زۆیان گرتووە کە حکومەتی هەرێم لێیکردوون لە "پاشەکەوت و لێبڕینی مووچە، دابەشنەکردنی لە کاتی خۆیدا، زەوتکردنی مافی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران". جارێکی دیکە دەڵێین بە وەڵامدانەوەی پرسیاری "ئەو پارەیە چی لێدەکەن؟ وە بە وەڵامی قەناعەت پێکەری ئێوە گومانەکانی خەڵک دەڕەوێتەوە، خەڵکتان مارانگاز کردووە ناحەقیان نیە لە هەموو کارێکتان بە گومان بێت.
گوڵاڵه سدیق 1- دەوڵەتی ئێران قەرزی لای حکومەتی عێراقییە، بەهۆی خراپی ڕەوشی ئابوری و دارایی ئێران، ئێران داوای قەرزەکەی لە عێراق کردوەتەوەو حکومەتی عێراقی بڕی (2 ملیار) دولار قەرزی داونەتەوە، کە ئەمەش پێچەوانەی سزاکانی ئەمریکایە بۆسەر ئێران. لەبەر ئەم هۆکارە داهاتی فرۆشی نەوت کە مانگانە لە بانکی فیدراڵی ئەمریکییەوە دەگەڕێتەوە بۆ بانکی ناوەندی عێراقی کەمیکردووە، بەمەش بانکی ناوەندی ڕۆژانە ئەو بڕە پارەی کەمکردوەتەوە کە دەخرێتە بازاڕەوە بەهۆی کەمبونەوەی قەبارەی دولار. 2- ڕۆژانە چەند بانکێک دۆلار لە بانکی ناوەندی دەکڕن و دواتر دەخرێتە بازاڕەوە، بەڵام لەئێستادا 14 بانکی ئەهلی خراونەتە لیستی ڕەشەوەو دۆلاریان پێ نافرۆشرێت، بەبیانووی ئەوەی ئەم بانکانە دۆلاریان بردوەتە دەرەوەی عێراق بەتایبەت بۆ ئێران و سوریاو لوبنان، ئەم بانکانە خاوەنەکانیان کەسانی سیاسین و نزیکەی 40% فرۆشی دۆلار ڕۆژانە بەم بانکانە دەفرۆشرا، بەهۆی ئەمەش قەبارەی دۆلار دیسان کەمدەبێتەوە لەبازاڕ، چونکە ناتوانرێت قەرەبوی ئەم 40% لەڕێی بانکەکانی ترەوە بکرێتەوە. 3- بەرپرسەکانیش پێشوتر بەهۆی ئەو دەنگۆیانەی دەیانخستە بازاڕەوە چەندجارێک بازاڕی دۆلاریان شکاندووەو دۆلاریان کڕیوە بە هەرزان (کە هەندێک کات تا 137 هەزار دابەزیوە) ئێستا لەم کۆتایی ساڵە دەیانەوێت بەروبومەکانیان بچننەوە! سەرئەنجام، ئەم بەرزبونەوەیە درێژە ناکێشێت و لەئایندەدا نرخی دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ نرخەکانی پێشووی.
ئەنوەر حسێن (بازگر) ڕۆژانی (17 - 26/11/2022) چوارەمین خولی پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ كتێب بەڕێوەچوو، ئامارەكان دەڵێن "(500) هەزار كەس سەردانی پێشانگاكەیان كردوە، (200) ناوەندی چاپ و بڵاوكردنەوەش بەشدار بوون". بەڵام ستافی بەڕێوەبردنی پێشانگا، ژمارەی كتێبە فرۆشراوەكانیان پێ نەوتم، كە جێگەی سەرنجە. بۆ خۆی پێشانگاكە كارێكی باشە، بەڵام پرسیارێكی گرنگ و جەوهەری لەناو كایەی مەعریفی و شەقامی سلێمانی و هەولێر، هەمیشە لە پێشانگاكاندا دەوترێت، ئەویش ئەوەیە كە "كتێبی ئیسلامی - كتێبی دینی" زۆر دەفرۆشرێت، یاخود "دەزگا و ناوەندە ئیسلامییەكان" كۆنتڕۆڵی پێشانگاكان دەكەن! بە بۆچوونی من، گرفتەكە ئەوە نییە، كە ئەو كتێبانە بۆ دەفرۆشرێن، هێندەی پێویستە فاكتەرەكانی پشتی بخوێندرێتەوە، كە ئایا فاكتەرەكە پەیوەندی بە كۆمەڵگەی دینی و مەزهەبی كوردستانەوە هەیە؟ یان پەیوەندی بە كاریگەری حیزبە ئیسلامییەكانی كوردستانەوە هەیە؟ یان دەكرێت بڵێین، كاتێ لە هەرێمی كوردستان نزیكەی (6000) مزگەوت هەیە، بەرامبەر بە (5000) خوێندنگا، دەرئەنجامەکەی هەر بەم جۆرە دەبێت؟ یاخود بەراوردکردنی کاریگەریی مامۆستایانی ئایینی و مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە، شتێکمان لەم بارەیەوە پێ دەڵێت؟ با جارێ بپرسین، كۆمەڵگەی كوردستان، ڕێژەی خوێنەرانی كتێبی چەندە و چۆنە؟ ئامارەكان دەڵێن "بۆ هەر (25900) كەس لە كوردستان (1) كتێبی بەردەكەوێت، كە ڕێژەی (61%) پیاوانن و (39%) ژنانن، ڕێژەی (71%) بۆ زمانی كوردی، (21%) بۆ عەرەبی و (8%)بۆ زمانەكانی تر. ئەوە حاڵی كتێبە بە دەست خوێنەری كوردەوە، كە چ كۆڵەوارە، لە ژمارە و داتای وڵاتانی عەرەبی دەچێت، كە ئامارەكان دەڵێن هەر (320,000) هاوڵاتی عەرەب (1) كتێب دەخوێنێتەوە، تیراژی كتێب (5000) دانەیە بە بەروارد بە خۆرئاوا، كە (50,000) دانەیە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ وڵاتێكی وەكو (ئیسرائیل) هەر كەسێك ساڵانە (40) كتێب، سوید (10) كـتێب، فەڕەنسا (17) كتێب و یابان (25) كتێب دەخوێنێتەوە، واتا هەر تاكێكی فەڕەنسی هەفتانە (5,54) خولەك دەخوێنێتەوە، هەر تاكێكی هیندی (10,4) خولەك دەخوێنێـتەوە لە هەفتەیەكدا، بە كورتی تاكێكی ئەوروپی (63) كاتژمێری ساڵانە بۆ خوێندنەوە تەرخان دەكات. بەپێی هەندێك ئاماری ناڕەسمی نزیكەی (600) هەزار كتێب فرۆشراوە لە پێشانگای كتێب و (زۆرینەشیان كتێبی دینی و ئیسلامی، دامەزراوە ئاینی و ئیسلامییەكان بوون)، وەكو هەموو ساڵەكانی تریش، ئەو پرسیارە خۆی دووبارە كردەوە، كە ئیسلامییەكان قۆرخی پێشانگایان كردەوە؟ لە ڕاستییدا دەبێت پرسیارەكە پێچەوانە بكرێتەوە، بۆچی كتێبی دەزگا و دامەرزاوەكانی غەیرە ئیسلامی كەمتر دەفرۆشرێن، یان لە ڕیزی دواوەن؟ ئاسانە، فاكتەرێكی ئەوەیە (لایەنگرانی دووەم) لە ژیانی خۆیاندا زۆرتر خوویان داوەتە بابەتە ڕووکەشەکانی وەک كەمالیات و دیكۆر (جلوبەرگ، ئۆتۆمبێل، خواردنی خۆش و خواردنەوە و ...هتد)، پێیان وایە كتێب بۆ ئەوان گرنگ نییە، ئەوان خۆیان مەعریفەیان لە ئاستێكی باڵادایە، كە لە ڕاستییدا وانییە. ئەم توێژە، خوازیاری كتێب نییە، لای ئەو كتێب بەڵای سەرە. فاكتەرێكی تر، توێژەكەی تری (لایەنگرانی دووهەم)، باوەڕیان بە ئایدۆلۆژیەكەیان نەماوە، ڕێك ئەمە بۆ لایەنگرانی (گروپی یەكەم) واتە (ئیسلامییەكان) پێچەوانەیە، تا دێت باوەڕیان زۆرتر دەكات، ئایدیۆلۆژیاكەیان هانیان دەدات بخوێننەوە. فاكتەری سێیەم، پەروەردەی مناڵ لە (گروپی دووهەم)، كتێب لە چوارچێوەی وێنە و ڕووکەشدا نمایش دەكات و لە قۆناغی دواتردا پشت لەوەش دەكات، بەڵام (گروپی یەكەم) نا، بە کتێبە بنەڕەتییەکانی ئایدیۆلۆژیاکەی خۆیانی ئاشنا دەکات و دەرخی قورئانی فێر دەكات و ئایات و فەرموودەی پێدەناسێنێ و دەستیش لە پەروەردەكردنی هەڵناگرێت. لە پێشدا سەرەتایی و دواتر بۆ مەكتەبی قورئان، بەردەوام لەسەر خەتە بۆی و جیا لە مەراسیمی ساڵانەی حیجابی بە كۆمەڵ و ڕاهێنان و خوێندنەوەی بەردەوام و کردنەوەی خول و ۆرك شۆپ. بە واتایەکی دیکە دوو هێڵی سەرەکییەکەی خوێنەران لەناو پێشانگادا، لە ژیانی واقیعیدا دوو هێڵی تەواو جیاوازن لە کارکردندا. هێڵە ئایینییەکە بە مونەزەمی کار بۆ بیروباوەڕی خۆی دەکات و هەموو میکانیزمە کلاسیکی و مۆدێرنەکانی گەیاندن و پڕوپاگەندەی خستوەتە خزمەت ئایدیۆلۆژیاکەی خۆیەوە، بەرهەمەکەشی لە پێشانگایەکی لەم جۆرەی کتێبدا بە ڕوونی دەردەکەوێت. لە بەرامبەردا هێڵی دووەم، کە قەرارە هێڵە پێشکەوتووخواز و زانستخوازەکە بێت، هێندەی سەرقاڵی کاتبەسەربردنی ژیانی ڕۆژانەی خۆیەتی، هێندە سەرقاڵی خۆپەروەردەکردن نییە. فاكتەرێكی تر، سیستمی پەروەردە و حكومەتی هەرێم تەندروست نییە، ناتوانێت خوێندكار و كتێب بە یەكەوە كۆبكاتەوە و ئاشتی بكاتەوە، بۆیە كتێب بۆ خودی وەزارەتی پەروەردە، خوێندنی باڵا و خودی وەزیرەكانیشی گرنگ نییە، "كاتێك (1000) كتێب وەكو سەرچاوە دەنێریت بۆ كتێبخانەی زانكۆكان بە دیاری، لە پێناو خوێندكارەكاندا، سەرۆكی زانكۆكەی بە (10) تەلەفۆن و تەكلیف، سوپاسنامەیەك و وەڵامی نوسراوەكانت ناداتەوە"، زانكۆیەك (1000) كتێبی بە دیاری بۆ بنێریت ئامادە نەبێت، بە ڕێزەوە وەریبگرێت و بە تكا وەڵام بداتەوە، كە بە حساب زانكۆ شوێنی مەعریفە و ئاستی باڵای سەرخانی كۆمەڵگەیە، ئیتر بۆ گلەیی لە خەڵكی سادە بكرێت، كە ناخوێنێتەوە. واتا لەناو ئەو كۆڵەوارییەی خوێندنی كۆمەڵگەی كوردستان، ئەو ڕێژەیەش كە هەیە، ئەكسەرییەتی بەر خەڵكانی دینی و مەزهەبی دەكەوێت بۆ خوێندنەوە. پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ كـتێب، كارێكی باشە، بەڵام پێویستی بە پشتیوانی، دەست گیرۆیی و هاوكاری زۆرتر هەیە. لە هەمامن کاتیشدا لە کوێدا پێویست بوو، پێویستی بە ڕەخنە هەیە بۆ گەشەکردنی زیاتر. ئەوەش كە گلەیی لە فرۆشی كـتێبە ئیسلامییەكان دەكات، لە چاو بەرهەم و كتێبەكانی تر، پێش هەموو كەس با خۆی دوو كتێب بكڕێت و بیخوێنێتەوە، دواتر گلەیی لە حیزب و بێ دەربەستی حكومەت و وەزارەتەكانیشی بكات، پێشم وانییە ئەو دیاردەیە هێندە مەترسیدار بێت، بەڵام جێگەی پرسیارە؟
پەیڕەو ئەنوەر یەکێک لە وێنەکانی نێو ئەو مۆندیالە، پرسی چیڕۆکی خۆرهەڵاتناسییە! خۆرهەڵات کێیە؟ چییە؟ چۆن دەربکەوێت! دیارە لە کێڵگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان IR کاتیگۆرییەکان زۆرن بۆ پۆلێنکردنی دنیا لەسەر بنەمای جوگرافیا، فەرهەنگ، جیۆپۆلەتیک، چیڕۆک و باڵایی و زۆر کایەی تر. تیۆری نیوە گۆی باکوور و باشوور. تیۆری ناوک و پەراوێز. تیۆری جیهانی یەکەم و دووەم و سێیەم. پێدەچێت تێزەکەی ئیدوارد سەعید بۆ خۆرهەڵاتناسی و خۆرئاواناسی کەمێک کۆمەکمان بکات بۆ تێگەیشتن لە دیاردەی بەگەڕخستنی خۆرهەڵاتناسی لەم مۆندیالەدا. سەعید پێی وایە نەهامەتی و دواکەوتوویی خۆرهەڵات بەهۆی خۆرئاواوەیە. ئاڕگیۆمێنتی سەرەکی واداڕێژراوە کە کۆلۆنیالیزمی خۆرئاوا جوانی و توانا و خەونەکانی خۆرهەڵاتی خنکاندووە. ئەم دیدە خۆراکپێدەری پڕۆسەی جوڵاندنی خۆرهەڵاتناسی بوو لەڕێگەی پێکهاتەی مەغریبەوە. مەغریب وەک نوێنەری خۆرهەڵاتییەکان. پێم خۆشە لەبری هەڵبژاردەی مەغریب، کۆمەڵگەی خۆجێی مەغریب بەکاربهێنم Morocco Community ئەم کۆمەڵگەیە لێرە گوزارشتە لە دۆخێک کە ئەندامانی یەک ناسنامە و دوو ڕەگن. رەگێک لە ناوەند و رەگەکەی تر لە پەراوێز. هەندێكجار دوو ناسنامە و دوو رەگن. زۆرینەی یاریزانەکانی مەغریب لە ناوک و کۆسمۆپۆلیتانەکانی ئەوڕوپا پەروەردەکراون، دواتر گەڕاونەتەوە و بوون بە ئەندامی کۆمەڵگەیەک، چوونەتە نێو پڕۆسەی نوێنەرایەتیکردن بەبێ نوێنەر چونکە رەگی دڕاشتن و بەرهەمهێنانە کەلتوری و ناوچەییەکە لەشوێن و کەناڵێکی تر بووە. ئەدەبیاتی خۆرهەڵاتناسی پرە لە چیڕۆکی بەئەویتربوون و بەئەویترکردن. لێرەوە ئەو رستەمان دێتەوەیاد <خۆرهەڵاتییەکان دەبێت نوێنەرایەتی بکرێن> کاتێک باس لە بردنەوەی مەغریب وەک یەکەیەکی ئیسلامی دەکرا <پێکدادانی شارستانیەتەکان>ی هینگتنگتۆنم بیردەکەوەتەوە. دەرکەوتنی مەغریب لە مۆندیال وەک رووداوێکی گڵۆبال لەدەرەوەی تێگەیشتنی خۆرهەڵاتناسی، دەکرا زۆر پرسیار بێنێتەکایەوە! دوانەی کۆلۆنیالیزم و دبلۆماسی وەرزشی. کۆلۆنیالیزم و ئەندامانی کۆمەڵگەی دوای جەنگ. دنیای فڕانکفۆن و چۆنیەتی داڕشتنەوەی کۆمەڵگە و حکومڕانی. مەغریبییەکان زۆر شتیان پێشکەشکردین بەڵام بەبێ کردەی خۆرهەڵاتناسانە. پیرۆزە لە فەڕەنسا و بەهیوام جامەکە بەرزبکاتەوە.
ئارام سەعید لە ئێستادا زۆر گوتاری سیاسی دوبارەمان گوێ لێدەبێت، لە رابردووشدا هەروابووە، بۆ داهاتووش هەر گوتاری دوبارە دەبیستین، کە رەنگە بەشێکی بۆ سوربونی سیاسییەکان بێت لەسەر چەسپاندنی پەیامەکانیان، ئەمە بۆ ستەمکارو ستەملێکراویش هەر راستە، هەربۆیە دەتوانین بڵێین دوبارەکردنەوەی هەمان پەیام پێشەی بکەرە سیاسییەکانە.. لەهەموو گوتارەکانیان دوو بەرە هەیە بەرەیەک "ئەوان" واتە دوژمنەکان، بەرەیەک "ئێمە" واتە هاوپەیمان و دۆستەکان، هەمیشە نمایشیکی باش و پۆزەتیڤی خۆیان نیشان دەدەن لەبەرامبەر نیشاندانی ئەوانی تر بەناشرینی و نێگەتیڤ. دەشێت ئەو دوبارەکردنەوەیە بۆ شاردنەوەی مەرامی بکەری سیاسی بێت کە لەپشتی ئەو گوتارە دوبارەیەوە یارییەکی گەورە دەکات بە لایەنگرانی، پشتی گوتارەکان پێمان دەڵێت هەموو شتێک بەستراوەتەوە بەسەرکەوتنی ئێمەوە گەر سەرنەکەوین ئەوا هەموتان شکست دەهێنن، سەربکەوین هەموتان سەرکەوتودەبن. لەم روانگەیەوە ئەگەر سەرنج لە گوتاری سیاسی ئێستای حزبەکانی کوردستان بدەین زۆر نمونەمان دەست دەکەوێت لە گوتاری دوبارە کە هەمان پەیامە دوبارە دەبنەوە رەنگە سەرەتای قسەکان و کۆتاییەکەی هەر هەمان پەیام بن و ئەوەی دەگۆڕێت ناوەراستی گوتارەکەیە، بۆچون زۆرە لەسەر دوبارەکردنەوەی گوتارە سیاسییەکان، هەیە دەڵێت" ئەگەر رستەیەک زۆر دوبارە بێتەوە ئەوا متمانە دروست دەکات"و یەکێکی تر دەڵێت" درۆ ئەگەر هەزار جار بگوتریتەوە دەبێتە راستیی" یان دوبارەکردنەوە کارێک دەکات پەیامەکانمان لەبیر نەچێتەوە ئەمەش بۆ سیاسی باشە تا بەرامبەرەکەی قەناعەت بکات بە قسەکانی... لەناو ئەو گوتارانەدا دەتوانرێت ئەو یاریکردنە بدۆزرێتەوە، بۆ نمونە نەواز شەریف لە پاکستان ئەوکاتەی سەرۆک وەزیرانی پێش خۆی یوسف رەزا گەیلانی لەلایەن دادگاوە تۆمەتبارکرا (٢٠١٢)، شەریف ستایشی بڕیارەکەی دادگای کردو داوای لەو سەرۆکە کرد کارەکەی بەجێ بهێڵێت و بڕواتەوە ماڵەوە، بەڵام کاتێک هەمان دادگا خۆی تۆمەتبارکرد بریارەکەی بە زوڵم وەسف کردو هیرشی کردەسەر دادگاکە بەوەی دوژمنایەتی ئەو دەکەن، لێرەوە خۆپەرستی گەورە لەپشت گوتارەکەیەوە دەبینرێت و بیرکردنەوەی ئەو سیاسییەمان بۆ دەردەکەویت. سەرنجی گوتاری حکومەت بدەین هەمیشە دەیەویت پێمان بڵی لەسایەی ئەو سیاسەتەی ئەواندا چەند کاری باش کراوە، چەند بەرەوپێشجون رویداوە، لایەکەی تریش گوتاریکی تر نمایش دەکات و هەمیشە باسی ئەو پرۆژانە دەکات کە نەکراوە یان تەواو نەبووە واتە هەرلایەکیان بۆ نیشاندانی خۆی بەجوانی لاکەی تر ناشرین دەکات. جگە لە ئۆپۆزیسیۆن ئەم گوتارە لەناو خودی حکومەت و دەسەڵاتیشدا دەیان سالە یەکێتی و پارتی پیادەی دەکەن بەرامبەر یەکتر هەریەکەیان ئەوی تر وەک دوژمن و نەیار نیشان دەدات .. لەهەموو گوتارەکانیان دوو بەرە هەیە "ئێمە و ئەوان" لە ناوەرۆکی گوتاری هەریەکێکیان فریشتەیەک و شەیتانێک هەیە، خاوەنی گوتار خۆی وەک فریشتەو بەرامبەر وەک شەیتان نیشان دەدات!
کاوە محەمەد رۆژی (٢٠١٦/١٢/١٢) کەسێک لەتەشریفاتی (ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم) پەیوەندی پێوەکردم بۆ کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی حکومەت لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و ئەندامانی لیژنەکانی (دارایی، نەوت و بەرگری)، لە ئەجێندای کۆبوونەوەکەم پرسی، وتی؛ (کاک نێچیرڤان وتار و کاک قوباد پریزینتەیشن-یان هەیە)، کاک (رابەر سدیق-وەزیری دارایی بە وەکالەت) قسەدەکات، دواتریش (د.ئامانج رەحیم-سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران) روونکردنەوەی دەبێت، پاشان نیو سەعات دانراوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئێوە !..واتە نزیکەی (٢٠) پەرلەمانتار تەنها نیو سەعات قسەبکەن، بەڵام زۆربەی کاتی کۆبوونەوەکە ئەوان قسەبکەن و محازەرەمان پێ بڵێن و ئێمەش وەک (تەڵەبەی عاقڵ) گوێیان لێ بگرین. هەرزوو لەگروپی فراکسیۆن نووسیم؛ من لەگەڵ ئەوەم بایکۆتی کۆبوونەوەکە بکەین، بەڵام رای ئێوەم دەوێت، ئەوانیش جگە لە (مەسعود حەیدەر) هەمان رایان هەبوو، بۆ وەرگرتنی رای بزووتنەوەکەش، قسەم لەگەڵ (م.جەلال جەوهەر-رێکخەری ژووری پەرلەمان و حکومەت) کرد، ئەویش هەمان رای هەبوو، بەڵام وتی؛ با بزانین برادەرانی تری گردەکە چی دەڵێن، هەموومان لەسەر ئەوە کۆک بووین کە راوێژ لەگەڵ فراکسیۆنە هاوپەیمانەکانمان بکەین و رای پێشوەخت نەڵێین تا بەیەکەوە بڕیارێکی هاوبەش دەدەین. بۆیە پەیوەندیم بە (ئەحمەدی حاجی رەشید-کۆمەڵ)ەوە کرد، وتی؛ بە رای خۆم لەگەڵ بایکۆتکردنیم، بەڵام با قسەیەک لەگەڵ مەکتەبی سیاسی بکەم، (ئاڵا تاڵەبانی-یەکێتی) وتی؛ بەراشکاوی من ناتوانم جارێکی تر تەحەدای مەکتەبی سیاسی بکەمەوە، با راوێژێکیان لەگەڵ بکەم و وەڵامت دەدەمەوە، (د.موسەنا ئەمین-یەکگرتوو) هەرزوو بە کەناڵەکانی میدیای راگەیاندبوو کە بەشداردەبن و نیوەڕۆش پەیوەندی پێوەکردبووم و وتی؛ با پێشنیاری کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەت بکەین، دواتر لەگەڵ (ئاڵا تاڵەبانی و ئەحمەدی حاجی رەشید) رێککەوتین کە جارێ داوای دواخستنی کۆبوونەوەکە بکەین، راوێژم بە فراکسیۆن و (م.جەلال جەوهەر) کرد، ئەوانیش دواخستنەکەیان پێ باش بوو. داوای دواخستنی کۆبوونەوە عەسری (٢٠١٦/١٢/١٣) سەرۆکی هەر چوار فراکسیۆن (ئاڵا تاڵەبانی-یەکێتی، ئەحمەدی حاجی رەشید-کۆمەڵ، د.موسەنا ئەمین-یەکگرتوو و کاوە محەمەد-گۆڕان) لە نووسینگەی پەرلەمانی عیراق لە سلێمانی، کۆبووینەوە و باسمان لە هەڵوێستی هاوبەش بەرامبەر کۆبوونەوەکەی حکومەتی هەرێم کرد کە بڕیارە سبەی (١٢/١٤) بکرێت، بۆئەوەی بەیەکڕیزی بمێنینەوە، لەسەر ئەوە رێککەوتین کە جارێ داوای دواخستنی بکەین، من پێشتر رەشنووسی راگەیەنراوێکم ئامادەکردبوو، لەو شوێنەی کە داوای دواخستن دەکەین، نووسیبووم؛ دواتر لە (جەدوا)ی کۆبوونەوەکە و ئەجێندا و ئامانجەکانی دەکۆڵینەوە...تاد، مەبەستم بوو کە ئەو وشەیەی تێدابێت کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی رەنگە دواتریش بەشداری تێدا نەکەین، لەسەر ناوەرۆکەکەی رێککەوتین و دواتر بۆ حکومەتی هەرێم و برادەرانی گردەکەشم نارد. حکومەتی هەرێم یاسای بودجەی رەتکردەوە ١٤/١٢/٢٠١٦ پێش ئەوەی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عیراق کۆببنەوە، ڕۆژی(٢٠١٦/١٢/١٤) ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبوونەوە و رایانگەیاند؛ کە یاسای بودجەی ساڵی (٢٠١٧)ی عیراق لەبەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نیە و رەتیدەکەنەوە، پێشتریش لە (١٢/٦)دا روونکردنەوەیەکیان بڵاوکردبۆوە و رایانگەیاندبوو کە ئەوەی لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێم لە پرۆژە یاسای بودجەدا جێگیرکراوە، پیلانێکی مەترسیدارە و پێویستە پەرلەمانتارانی کورد بەشداری نەبن. بڕیاری بەشداریکردن لەکۆبوونەوەی حکومەت لەم چەند رۆژەدا لەگەڵ (ئاڵا تاڵەبانی و ئەحمەدی حاجی رەشید) لەسەر خەت بووم، دیار بوو لەناو حزبەکانیاندا ئاراستەی بڕیار بەرەو ئەوەبوو کە بەشداری لەکۆبوونەوەکەی حکومەت دا بکەن، بۆیە رۆژی (١٢/١٩) سەرۆکی هەر چوار فراکسیۆن (گۆڕان، یەکێتی، کۆمەڵ و یەکگرتوو) لەنووسینگەی پەرلەمانی عیراق لەسلێمانی کۆبووینەوە، هەرسێ فراکسیۆنەکەی تر رایان وابوو کە بەشداری لەکۆبوونەوەکە بکەن، من وتم؛ تا سبەی راوێژی ناوخۆیی خۆمان لەناو گۆڕان ماوە کە بڕیار بدەین بەشداری دەکەین یان نا، ئەگەر بڕیاری بەشدارینەکردنمان دا، ئێمە رێز لەرای ئێوە دەگرین، ئەکید ئێوەش تێگەیشتنتان بۆ هەڵوێستی ئێمە دەبێت، گرنگ ئەوەیە هاوهەڵوێست بمێنینەوە و جیارازیمان لەبەرامبەر بەشداریکردن لەکۆبوونەوەیەک، یەکڕیزیمان تێکنەدات. دوای ئەوە بە هاوڕێیانی فراکسیۆنم راگەیاند؛ کە هەڵوێستی ئەوان بەمجۆرەیە، بەڵام پێویستە کەس لەئێمە شتێک نەنووسین و رانەگەیەنین کە ئەوان ئیحراج یان بریندار بکات، بۆئەوەی دواتر بتوانین یەکڕیزییەکەمان بپارێزین. پاشان لەگەڵ (م.جەلال جەوهەر) قسەمکرد و پێشنیارمکرد کە سبەی (ئارام شێخ محەمەد-جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عیراق و من و خۆی و برادەرانی تری گردەکە) کۆببینەوە تا بڕیاری یەکلاکەرەوە بدەین، ئەو وتی؛ ئەمڕۆ پاش کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ (پارتی)، خۆمان کۆبووینەوە و برادەرانی گردەکە لەگەڵ ئەوەن بەشداری لەکۆبوونەوەکە بکەن. کاک نەوشیروان: لەهاوپەیمانەکانتان دامەبڕێن سەرلەبەیانیی (٢٠١٦/١٢/٢٠) من و (ئارام شێخ محەمەد) لەگردی زەرگەتە لەگەڵ هەریەک لە (قادری حاجی عەلی، عوسمانی حاجی مەحمود، م.جەلال جەوهەر، مستەفای سەید قادر، م.جەمال محەمەد، د.یوسف محەمەد سادق، ئاواتی شێخ جەناب، حەمە تۆفیق رەحیم، د.ئیسماعیل نامیق، عەبدلرەزاق شەریف و زمناکۆ جەلال) کۆبووینەوە، زۆربەیان لەگەڵ ئەوەبوون کە بچین بۆ کۆبوونەوەکە (ئارام، د.یوسف، حەمە تۆفیق رەحیم، زمناکۆ و من) لەگەڵ بەشداریکردن نەبووین، م.جەمال وتی؛ دوێنێ شەو لەگەڵ (کاک نەوشیروان) قسەمکرد، لەوبارەیەوە لێمپرسی، وتی؛ ئاساییە بچن بۆ کۆبوونەوەکە، راستیەکەی من مەبەستم بوو کە بڕیاری بەشدارینەکردن بدەین، تێبینیمکرد کۆبوونەوەکە بەسەر هەردوو راکەدا دابەشبووە، کە (م.جەمال) وای وت، من وتم؛ رەنگە دەرفەت نەبووبێت (م.جەمال) هەموو وردەکارییەکانی بۆ باس بکات، بۆیە روخسەتم بدەن خۆم قسە لەگەڵ (کاک نەوشیروان) دەکەم و بڕیاری کۆتایی لێ وەردەگرم، وتیان؛ باشە. عەسری هەمان رۆژ تەلەفۆنم بۆ (کاک نەوشیروان) کرد کە ئەوکاتە بۆ عیلاج لەبەریتانیا بوو، و رای فراکسیۆن و کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ و هەردوو جڤات و چوار فراکسیۆنەکە و لێکەوتەکانی چوون و نەچوونم بۆ روونکردەوە و وتم رای ئێوە چیە ؟..وتی؛ بابەتەکە ئاڵۆزە، وتم منیش لەبەر ئەوە پەنام بۆ ئێوە هێناوە کە یەکلای بکەنەوە، وتی؛ رای تۆ چیە ؟ وتم؛ من لەگەڵ بەشدارینەکردنم، هەموو فراکسیۆن (جگە لەمەسعود حەیدەر) ئەو رایەیان هەیە، وتی؛ راستی من لەگەڵ پرەنسیپی بایکۆتکردن نیم و پێمباشە بچن و لە سێ فراکسیۆنەکەی تر دانەبڕێن کە هاوپەیمانی یەکترن، دوێنێ-ش وەفدی پارتی هاتوون بۆ لامان، رەنگە دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە، بڕۆن لەکۆبوونەوەکە قسەی خۆتان بکەن و پێیانبڵێن کە ئێوە شکستتان هێناوە، ئەگەر هەر سووربوون لەسەر رای خۆیان، دواتر لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا بەرپرسیارێتیی ژیانی خەڵک قورستر بخەنە ئەستۆیان، دوایی لێی پرسیم؛ ئەگەر بەشداربن، کێشە لەناو فراکسیۆنەکەتان دروست نابێت ؟ وتم؛ رای ئەوانم پێ وتیت، بەڵام ئەگەر ئێێوە بڕیارتان لەگەڵ بەشداریکردن بێت، هەموومان پابەند دەبین پێوەی و باوەڕ ناکەم کێشە دروست ببێت. رەخنەبارانکردنی سەرۆکایەتیی حکومەت سەعات (١١)ی سەرلەبەیانی (٢٠١٦/١٢/٢١) لەسەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران لەهەولێر، هەریەک لە (ئارام شێخ محەمەد-جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عیراق، سەرۆکی فراکسیۆنەکان؛ ئاڵا تاڵەبانی-یەکێتی، کاوە محەمەد-گۆڕان، خەسرەو گۆران-پارتی، ئەحمەدی حاجی رەشید-کۆمەل و جەمال کۆچەر-لەجیاتی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو)، ئەندامانی کورد لەلیژنەی دارایی (حاکم سەرحان-پارتی، مەلا قادر-یەکێتی و مەسعود حەیدەر-گۆڕان) لەگەڵ سەرۆکایەتیی حکومەت کۆبووینەوە کە بریتی بوون لە (نێچیرڤان بارزانی-سەرۆک، قوباد تاڵەبانی-جێگری سەرۆک، ئاشتی هەورامی-وەزیری سامانە سروشتییەکان، د.عەلی سندی-وەزیری پلاندانان، عەبدلسەتار مەجید-وەزیری کشتوکاڵ، مەولود باوە موراد-وەزیری کاروباری پەرلەمان، رابەر سدیق-وەزیری دارایی بە وەکالەت، سەفین دزەیی-وتەبێژی حکومەت، فازڵ نەبی-بریکاری وەزیری دارایی عیراق و د.ئامانج رەحیم-سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران)، ئێمە بە راشکاوی قسەی خۆمان کرد و پێمانوتن کە سیاسەتی سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتیتان شکستی هێناوە، پلان و هەنگاوێکی جدیتان نەبووە بۆ چاکسازی، یەک شتتان کرد کە ئەویش بڕینی مووچەی خەڵک بووە بە ناوی (پاشەکەوتکردن-ەوە)، بێ خەم بوون بەرامبەر یاسای بودجە، وەفدێکتان نەهاتنە بەغدا کە هاوکارمان بن تا بەیەکەوە شەڕ لەسەر بەشە بودجەی هەرێم و پێشمەرگە بکەین، رۆژانی گفتوگۆی بودجە (عمار الحکیم) خۆی و پارێزگارەکان رۆژانە لەپەرلەمان بوون بۆ بەرگریکردن لەبەشی (حەشدی شەعبی) و پارێزگاکانیان، ئێوە پێش ئەوەی گوێ لەئێمە بگرن، یاساکەتان رەتکردەوە...تاد. (ئاڵا تاڵەبانی) سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی بە راشکاوی رەخنەی لەحکومەتی هەرێم گرت، (قوباد تاڵەبانی) وتی؛ ئەمەی (ئاڵا) دەیڵێ تەعبیر لەسیاسەتی یەکێتی ناکات، (ئاڵا) وەڵامیدایەوە و وتی؛ بەڵێ ئەوەی من تەعبیر لەسیاسەتی یەکێتی دەکات، چونکە من ئەندامی سەرکردایەتیم (مەبەستی ئەوە بوو کە قوباد ئەندامی سەرکردایەتی نیە).. تیمی حکومەتی هەرێم بە روونی دانیان بەوەدا نا کە کەمتەرخەم بوون، وتیان؛ ئەم دۆخە دژوارەی ئەمڕۆ نە بەغدا و نە ئێوەی پەرلەمانتاران لێی بەرپرسن، بەڵکو بەهۆی ململانێی حزبی و کاریگەریی نەرێنی بەسەر ئیشوکاری حکومەت-ەوە دروست بووە، وتیان؛ راستە کەمتەرخەم بووین بەرامبەر یاسای بودجە، بەڵام داوامان ئەوەیە کە هاوئاهەنگی لەنێوانماندا بەردەوام بێت، پاشان ئەندامانی لیژنەی دارایی (ئەحمەدی حاجی رەشید و مەسعود حەیدەر) روونکردنەوەیان بە داتا و بەڵگە خستەڕوو کە جێبەجێکردنی یاساکە لەبەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، (د.ئامانج رەحیم)یش داتاکانی حکومەتی خستەڕوو کە گوایە نەوت رادەستی بەغدا نەکەن، لەقازانجیانە و باشترە بۆ هەرێم ! وتیان؛ ئێمە ئامادەین کە ئەگەر یەک دۆلار لەبەغداوە زیاترمان دەستکەوێت، یاساکە جێبەجێ بکەین، منیش لێرەدا وەڵامی سەرۆکی حکومەتم دایەوە و وتم؛ باشە ئێوە بە نەوتی هەرێم و کەرکوک مووچەی تەواوەتی خەڵک دابین بکەن، ئاوڕ لە یاساکە نادەینەوە، بەڵام کێشەی گەورە لەداتاکانتاندایە کە دامەزراوەیەکی چاودێری وردبینی تێدا نەکردووە و بیسەلمێنێت دروستن، جاران دەتانوت داهاتەکانمان کەمە و بەشی مووچە ناکات، ئێستا دەڵێن؛ نەخێر ئەوەی خۆمان لەهی بەغدا زیاترە !.. هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، کە باس هاتە سەر یاسای نەوت و غاز، سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە راشکاوی وتی؛ ئێمە لەگەڵ دەرچوونی یاسای نەوت و غازی فیدرالی نین و تا پیتان دەکرێ مەهێڵن دەربکرێت. ئەمەشی بۆ ئەوە بوو کە بتوانن لەسایەی یاسای نەوتی هەرێم درێژە بە سیاسەتەکەی خۆیان و ئەوەی ناویان لێ ناوە (سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت) بدەن. سەبارەت بە هێزی پێشمەرگە و شایستە داراییەکانی، بە سەرۆکی حکومەتم وت؛ ئێوە لەساڵی (١٩٩٩)ەوە سەرۆکی حکومەتن (تەنها دوو ساڵەکەی د.بەرهەم-ی لێ دەرچێت)، با بزانین چیتان کردووە بۆ شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگە ؟ لەکاتێکدا بە پێی یاساکانی بودجە (باسی یاساکانی بودجەی حەوت هەشت ساڵی پێشترم کرد) دەقێک هەبووە کە تێیدا هاتووە؛ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدرال و سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەسەر رێژەیەک بۆ پێشمەرگە رێکدەکەون)، وتی؛ ئەوە (مالکی) رێگر بووە، وتم کاتی خۆی ئەو بە (٨٠) هەزار پێشمەرگە رازی بووە کە شایستە داراییەکانیان لە بەغداوە بۆ سەرف بکرێت، (مام جەلال) قسەی لەگەڵ کردبوو، لەبەر خاتری ئەو کردبووی بە (٩٠) هەزار، بەڵام کاک (مەسعود بارزانی) پێداگری لەسەر (١٢٠) هەزار کردبوو، بۆیە هیچ نەکرا.. ئیتر باش لەوە گەیشتین کە هەموو ئەم داتا و بیانووانەیان هەر بۆ ئەوەیە کە یاساکە جێبەجێ نەکەن، ئەو زیادەیەش لەداهات، هیچ خێرێکی بۆ خەڵک نەبووە، چونکە زیاتر لە (٤٠%)ی داهاتی مانگانەی هەرێم بۆ قەرز و شایستەی کۆمپانیاکانی نەوت دەچێت کە بەشێکیان کۆمپانیای حزبەکانن. دوای کۆبوونەوەکە و لەبەردەم باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیران، ئێمە و یەکێتی و کۆمەڵ قسەمان بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن کرد، (ئاڵا تاڵەبانی) وتی؛ کۆبوونەوەکە ئەرێنی بوو و لێکتێگەیشتن هەبوو، (ئەحمەدی حاجی رەشید) وتی؛ ئیتر بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی هەرێم، منیش وتم؛ پێویستە حکومەتی هەرێم یاسای بودجە جێبەجێ بکات و متمانەشمان بە داتاکانی حکومەتی هەرێم نیە.. * بەشێک لەکتێبی (کورسییەک لەتەختەی مێژوو..ئەودیوی رووداوەکانی ساڵانی پەرلەمانتاریم)
رێبوار کەریم وەلی زۆر بە کورتی. ئەمڕۆ دادگای ئیستانبوڵ (ئەکرەم ئیمامئۆغڵو)ی سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵی بە 2 ساڵ و 7 مانگ و 15 رۆژ حوکم دا. ئەگەر حوکمەکە لە دادگای ئیستئناف قەبوڵ بکرێ، تا تەواو بوونی حوکمەکەی هەم لە پۆستەکەی لادەدرێ و هەمیش بۆی نییە لە هیچ کایەیەکی سیاسی بەشدار بێت. ئیمامئۆغڵو چاوەڕوان دەکرا رکابەری ئەردۆغان بێت لە هەڵبژاردنەکانی حوزەیرانی 2023 و، پێشبینیی ئەوەش دەکرا کە لە خولی یەکەمدا لە ئەردۆغان بباتەوە. ئەگەرچی ئیمامئۆغڵو، سەر بە جەهەپەیە، بەڵام کەسایەتییەکی میانەڕۆ و لیبراڵە کە لە هەڵبژاردنی رابردوو بە پاڵپشتیی کورد سەرکەوت و بووە تەنها کەس کە توانیبێتی لە بیست ساڵی رابردوو ئەردۆغان شکست بدات. ئێستا ئۆپۆزیسیۆن دەبێ بیر لە کەسێکی دیکە بکەنەوە، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە بردنەوەی هیچکەس لە ئەردۆغان بە قەدەر بردنەوەی ئیمامئۆغڵو قاتیع و بنبڕ نابێ. بۆ؟ سبەی ئەردۆغان بەهەر کەسێکی دیکە بدۆڕێنێت، ئەنجامەکە رەت دەکاتەوە و دەڵێ فێڵ کراوە، بەڵام بە حوکمی ئەوەی دووجار لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانی لە 2019 دا بە ئیمامئۆغڵوی دۆڕاندبوو، نەیدەتوانی بڵێ فێڵم لێکراوە. چونکە کاتێک کە ئیمامئۆغڵو بە 14 هەزار دەنگ هەڵبژاردنی بردەوە، ئەردۆغان هەڵبژاردنەکەی دوبارە کردەوە و ئەمجارە بە 800هەزار دەنگ دۆڕاندی! دورخستنەوەی ئیمامئۆغڵو دەستی ئەردۆغان واڵا دەکات تا بتوانێ تانە لە ئەنجامی نەخوازراوی خۆی بدات و بۆی بچێتەسەریش. بە کورت و کرمانجی ئەوە ئەسڵی مەسەلەکەیە.
مەریوان وریا قانع وەک ھەمیشە ئیسلامییەکان، وەک بزاوتێکی ئایدیۆلۆژیی و سیاسیی، یەک گروپی ھاوشێوە و لێکچوونین، ئەوان لەناوخۆیاندا نەک تەنھا لەڕووی سیاسییەوە جیاوازن، بەڵکو لە تێگەیشتنیشیان بۆ دین و بۆ حەڵاڵ و حەرام و بۆ دەشێ و ناشێی دینیی و ئەخلاقیش، تەواو جیاواز و ناکۆک و دژ بەیەکن. ھەموویان باس لە ئیسلام دەکەن، بەڵام ئیسلامەکانیان تەواو ناکۆک و دژبەیەکە. بۆ نموونە، لە ھەفتەی یەکەمی دەستپێکردنی یارییەکانی جامی جیھاندا، سەرۆکی پێشوی ”پارتی نور“ و سەرۆکی ئێستای ئەوپارتە، سەیرکردنی یارییەکانیان حەرامکرد و لەوەدوان کە ئیسلام سەیرکردنی یاریی بە ڕاست نازانێت و موسڵمانان لە قیامەتدا تووشی لێپرسینەوە دەکات. کەچی لیژنەی فەتوای زانکۆی ئەزھەر و مامۆستایەکی ئەو زاکۆیە فەتوای ئەوەیان دا کە سەیکردنی یارییەکان نەک حەرام نییە، بەڵکو بۆ گەشەی عەقڵیش باشە. پارتی نور پارتی ھێزە سەلفییەکانی میسرە و دوای ڕاپەڕینەکانی بەھاری عەرەبی لەو وڵاتەدا دامەزرا. دامەزرێنەرە سەلەفییەکانی ئەم پارتە ساڵانێکی درێژ باسیان لەوەدەکرد کە ئەوان سیاسەت ناکەن و دینداریی و سیاسەت نابێت بەیەکتری تێکەڵبکرێن. ئەوان پێیانوابوو حوسنی موبارەکی سەرۆکی میسر، گەرچی ھەنێک خراپەکاری ھەیە، بەڵام ھاوکات وەلی ئەمری میلەتەکەیە و موسڵمانان پێوسیەت گۆێڕایەڵی فەرمایشەکانی بن. بەڵام کە بەھاری عەرەبی دۆخەکەی گۆڕیی و ئەگەری ھەڵبژاردنێکی پەرلەمانی ڕاستەقینەی خستە بەردەمی میلەتی میسر، ئەم سەلەفییانە، کە خاوەنی کۆمەڵێک ڕێکخراوی دینیی بوون، بە پێچەوانەی قسەکانی پێشوتریانەوە، بە پەلە پارتێکی سیاسیان بە سەرۆکایەتی یاسر بورھامی دروستکرد. سەرەتا سەلەفییەکانی میسر، بە تایبەتی سەرۆکەکەیان یاسر بورھامی، دژی ڕاپەڕینەکانی بەھاری عەرەبی بوون و داوایان لە خەڵکی ئەو وڵاتە دەکرد بەشداری خۆپیشاندانەکان نەکەن. بەڵام کە ڕاپەڕینەکە سەرکەوت ئەوان پارتەکە سیاسییەکەیان دروستکرد و بڕیاری بەشداریکردنی ھەڵبژاردنیان دا، ھاوکات بە شێوەیەکی بەرفراوان لە لایەن قەتەرەوە ھاریکاری کران و لە ھەڵبژاردنەکەی ساڵی ٢٠١١دا، ١١١ ، سەد و یازدە کورسیان، لەکۆی ٤٩٨ کورسییەکەی پەرلەمانی میسری بردەوە، کە دەکاتە ٢٢% دەنگەکانی میسر. بەمەش بوون بە دووھەمیان پارتی سیاسیی ئەو وڵاتە لە دوای ئیخوانی موسلیمینەوە. دوای ھەڵبژاردنەکانیش لەگەڵ ئیخوانەکاندا بەیەکەوە حکومەتیان دروستکرد و لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیشدا دەنگیان بە محەمەد مورسی کاندیدی ئیخوان، دا. بەڵام دوو ساڵ دواتر کە ئیخوانەکان تووشی فشاری سوپا و فشاری بەشێکی گرنگی کۆمەڵگای میسری بوونەوە، پارتی نور لە ئیخوانەکان ھەڵگەرایەوە و لە سڵی ٢٠١٣دا پشتگیری کۆدێتاکەی عەبدولفەتاح سی سی یان دژ بە مورسی و حوکمی ئیخوانەکان، کرد. پارتی نور، وەک پارتێکی سەلەفیی، ژمارەیەکی زۆر ئەندام و ھەواداری ژنانیان ھەبوو، بەڵام ئەگەر یاسای ھەڵبژاردن ناچاری نەکردبان، نەیاندەویست کاندیدی ژنیان بۆ پەرلەمان ھەبێت، لەو شوێنانەدا کە یاساکە ناچاری نەدەکردن کاندیدی ژنیان نەبوو. لە ھەمانکاتدا کاندیدە ژنەکانیان بۆیان نەبوو لە پروپاگەندەی ھەڵبژاردانی پەرلەماندا، وێنەی خۆیان لەسەر پۆستەر و لافیتەکانیان دابنێن. ئەمە بەلای ئەو پارتەوە حەرامبوو. ھەروەھا لەو کارتی ناسنامەیەدا کە ئەم پارتە بۆ ئەندامەکانی دروستدەکرد، کارتی پیاوان وێنەی لەسەربوو، بەڵام کارتی ژنان وێنەی لەسەر نەبوو. ئەم پارتە سەلەفییە ئیسلامییە ھەڵگری پرۆژەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامییە شەریعەت حوکمی بکات، بەڵام ئیسلام و شەریعەت بەوجۆرەی ئەوان لێیتێگەیشتون. یونس مەخیون، سەرۆکی پێشوی پارتی نور، لە ڕۆژی ٢٧ مانگی ١١ ی ئەمساڵدا، واتە ھەفتەیەک دوای دەستپێکردنی یارییەکانی جامی جیھان، سەیرکردنی یارییەکانی حەرام کرد و لەسەر لاپەڕەی فەیسبوکی خۆی نووسی: ”سەیرکردنی یاریەکانی جامی جیھان بەفیڕۆدانی کاتە، لە ڕۆژی قیامەتدا موسڵمانەکان ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبن بۆ ئەو کاتەی لە سەیرکردنی یاریدا بەفیڕۆیان داوە“. ھەروەھا خۆشویستن و ھاندانی یاریزانەکانی، وەک ئەوەی بەرامبەر میسی یاریزانی ھەڵبژاردەی ئەرژەنتین دەکرێت، بە نەشیاو ناوبرد، چونکە ئەم خۆشویستن و ھاندانە وەک دروستکردنی بت و پەرستنی بتە وایە. ھاوکات دەربارەی قەتەر دەنووسێت: ”ئێمە شانازی بە وڵاتێکی عەرەبییەوە ناکەین کە مۆندیالەکەی ڕێکخستووە و ملیارەها دۆلاری بۆ ئەو چالاکییە خەرج کردووە. هیوادارین بوارەکانی تر کە شوێنی شانازی بن بۆ ئێمە گرننگیان پێبدرێت، وەک دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی، بەوشێوەیەی ئێران دەیکات”. لەسەر ھەمان نەزم یاسر بورھامی، دامەزرێنەری پارتی نور، ئەو حەماسەتەی کە تەماشاکەران بۆ یاریکەکانی نیشانئەدەن بە ”مەیلی جاھیلیەت“ ناودەبات. (لای خۆمان ئیسلامییەکان ئەو حەماسەتەیان وەک جیھاد دژ بە کافر و سەرکەوتنی ئیسلام بەسەر کوفردا نیشاندا) وەک پێشتر ھێمام پێکرد، بەرامبەر بەم حەرامکردنەی سەیرکردنی یاری تۆپی پێ لەلایەن سەلەفیەکانەوە لە میسر، لیژنەی فەتوا لە ھەمان وڵاتدا، دژە فەتوایەکی پێچەوانە دەردەکات و جەغت لەوەدەکات کە سەیرکردنی یارییەکان بەپێی شەریعەت ڕێپێدراوە و حەرام نییە. ھاوکات یەکێک لە مامۆستاکانی زانکۆی ئەزھەریش، بەناوی ئامینە ناسر، بە پێچەوانەی سەلەفییەکانەوە دەڵێت ”سەیرکردنی یارییەکانی تۆپی پێ بە کات بەسەربردنێکی ڕێگەپێدراو دەزانێت کە ئەقڵ بەھێزدەکات و هیچ ناڕەزایەتییەکی ئیسلامییانەش بەرامبەر بەو سەیرکردنە نییە“. ئەوەی لێرەدا تێبینی دەکرێت دووشتە: یەکەم: ئیسلامییەکان لەناو خۆیاندا تەواو دابەش و پارچەپارچەن و فەتوا و فەتوای پێچەوانە دژ بەیەک دەردەکەن، ھەریەکیێکان ئیسلام بە خواست و بەپێی عەقڵ و تێگەیشتنی خۆی لێکئەداتەوە. بەمەش لەباتی باسکردنی ئیسلامێک ئێمە لەبەردەم باسکردنی چەندەھا ئیسلامی جیاوازداین تەنانەت لەناو خودی ھێزە ئیسلامییەکان خۆشیاندا. سڵ لەوەش ناکەنەوە ئەمیان ئەویتریان بە بیدعەچی و نەزان و موشریک ناوببات. دووھەم: ئەم ھێزانە بە پلەی یەکەم سیاسەت دەکەن نەک دینداریی، کە سیاسەتیش دەکەن، بە ئاسانی پێگە و ھەڵوێستی سیاسیی خۆیان دەگۆڕن، وەک لە دۆخی پارتی نور لە میسردا دەیبینین. خودی گۆڕانەکەش پەیوەندیی بە ئیسلام و دین و دیندارییەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە قازانج و مەسڵەحەتی پارتەکە و سەرکردەکانییەوە ھەیە. ھەم وێنەکە و ھەم بڕیارێک لە زانیارییەکانی ناو ئەم نووسینە لە سایتی مۆنیتێرەوە وەرگیراوە، Al-Monitor .
د.بەختیارشاوەیس لێرەو لەوێ ، ناوە ناوە گوێبیستی ئەوە دەبین کەلایەنە سیاسیەکان سەرقاڵن بەگفتوگۆی چۆنیەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشەوەختەوە کەدواهەمینجاریان گوایە دوێنێ شەو لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لەماڵی عەمار حەکیمی سەرۆکی رەوتی حیکمە سەبارەت بەهەڵبژاردنی پێشوەختی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکان و یاسای هەڵبژاردنەکان کۆبونەتەوە وەک بەشێک لەمیدیا عیراقیەکان ئاماژەیان بۆ کردوە. بۆ ئەوەی لەهەلومەرجی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی تری پێشەوەخت بگەین ، لەهەمووی گرنگتر پێویستە هەڵاوێردی ئەو زەمینەسازیە بکەین کەتیایدا خودی پرۆسێسەکەی تیا ئەنجام دەدرێ. لەرەهەندەکانی دیموکراسی، سیاسی، ئیداری، ئابووری ، یاسای یەوە دەکرێ ئەو گۆشانە ببینین کەدەبنە هۆکارگەلی زەمینەسازی هەڵبژاردن. * لەرەهەندی دیموکراسیەوە: ئەگەر هەڵبژاردن کۆڵەکەو سەرەتای دیموکراسی بێت ( ئەڵبەت ئەنجامدانی هەڵبژاردن مەرجی بوونی دیموکراسی نیە ) ، ئەوا ئەو بەشداریە لاواز و کرچ و کاڵەی کەخەڵک بەگشتی لە هەڵبژاردنی پێشوەختی ساڵی رابردوو ، دەرخەری لاوازبوونی یەکجاری متمانەی خەڵکی عیراقە بەدیموکراسی و بەگۆرینی ئیجابیانەی دەسەڵات و ئاڵوگۆری حوکم. هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری پار ، دەرهاویشتەی شەپۆلێکی گەورەی نارەزایەتی و خۆپیشاندانی بەرفراوانی هاوڵاتیان بوو لەبەغدادی پایتەخت و زۆربەی پارێزگاکانی باشوور و ناوەراست. ئامانجی خۆپیشاندەران گۆرینی سیستەمی سیاسی و پەرێزخستنی ئەو دەموچاوانە بوو کەسەرچاوەی قەیرانەکانن. بۆئەم مەبەستە یاسای نوێ لەپەرلەمان بەگوشار تێپەرێنرا، بازنەکانی هەڵبژاردن لە ١٨ بۆ ٨٣ زیادکرا، بەیاسا دەرفەت بەکەسانی سەربەخۆی دەرەوەی حیزب و خاوەن دەسەڵات و هێز و پارە رەخسا. ساڵێکیش لەپێش وادەکەی پەرلەمان بۆیەکەمجار خۆی هەڵوەشاندەوە. سەرەنجام چی بەرهەم هات؟ هەمووی ٣٠ بۆ ٤٠ کاندید لەوانەی ناو تشرینیەکان وەک سەربەخۆ دەرچوون کەهەر لەسەرەتاکانی کاری پەرلەمان کەوتنە ناو بەرداشی مانۆری سیاسیەکۆنەکان و بەئێستایشەوە هیچیان بەهیچ نەکرد. لەولاوە حیزبە سیاسیە حوکمرانەکانی رابردوو بەناوی جیاواز و بەشێوازی جیاواز بەتۆکمەتر گەرانەوە و لەسەر هەمان بەزم و بالۆرەی پێشتر بەردەوامبوون. لەم روانگەوە، ئەگەر متمانەی هاوڵاتی بەهەڵبژاردن و کۆی دیموکراسیەت هێندە لاوازبوو بێت کە کەمتر ٣٠٪ بەشداری هەڵبژاردن بکەن وەک ئەوەی ٢٠٢١ روویدا ، ئەوا ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختی دیکە لەعیراق بکرێ رێژەکە زۆر زیاتر دادەبەزێ و دەبێتە عەیبەیەکی تری پرۆسە سیاسیەکە. * رەهەندی سیاسی: دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی پار ، ناکۆکی سیاسی لایەنەکان ، توندترین گرژی بەخۆیەوە بینی. کار گەیشتە سەر جوڵاندنی شەقام دژی یەکتر، نوێژی بەکۆمەڵی هەینی، دەستبەسەراگرتنی پەرلەمان ، پەلاماردانی دەسەڵاتی دادوەری ، کۆنترۆڵکردنی ناوچەی سەوز، دواجار شەری چەکداری دووبەرەکەی شیعە لەناو ناوچەی سەوز لەمانگی ئابی رابردوو. ئەم دۆخە سەرەنجامەکەی بەوە کۆتایی هات کەبراوەی یەکەمی هەڵبژاردنە پێشوەختەکە لەپەرلەمان کشایەوە، بەڵام لایەنە دۆراوەکان حکومەتیان پێکهێنا. جا پرسیار ئەوەیە ، خەڵک کەبەشداری هەڵبژاردن دەکات و دەنگ دەدات، بۆئەوەیە کەئیرادەی ئەو زۆرینەی دەنگدەرە لەبەرێوەبردنی ژیانی رۆژانەی کۆی دەنگدەران رەنگبداتەوە. ئیستا ئەو ئیرادە زۆرینەیە لەدەرەوەیەو هیچ حسابێکی بۆنەکراوە. *رەهەندی ئیداریی: کەمتر لە دوو مانگە حکومەتی نوێی عیراق دەستبەکاربوە، چەند رۆژێکیشە خودی حکومەتەکە بەرنامەی کابینەکەی خۆی پەسەند کردوە. هەر بۆیە قسەکردن لەئەدائی حکومەتی نوێ ، یان هەڵسەنگاندنێکی زانستی و بابەتیانە بۆ سودانی و تیمەکەی کارێکی مەنتقی نیە و ئاسنی سارد کوتینە. لەمەش زیاتر ، مەسەلەکە کاتێک دەبێتە دیماگۆجی کە شەن و کەو بۆ ئەدائی کابینەیەکی وەزاری بکەیت ، کە خۆی دەرهاویشتەی کەڵەکەبووی کێشەگەلی چەندساڵی رابردوو بێ و بەمیرات بۆی مابێتەوە. ئەمەسەرباری ئەوەی کە ئەستەمە سودانی و هاوڕێکانی بتوانن شتێک بکەن جیاوازیەکی تۆخ لەنێوان خۆیان و ئەوانەی پێشتریان دروست بکات. *رەهەندی ئابووری: ئەلف و بای ئەنجامدانی هەڵبژاردن دابینکردنی پارەیە بەرێگەی یاسا، حاڵی حازر ئامادەکاریەکانی بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن حکومەتەوە لەقۆناغەکانی کۆتایدایە و بریارە بەمنزیکانە بنێرێتە پەرلەمان، بەپێی یاسایش دوای خوێندنەوەی یەکەم نەدەتوانرێ بودجەکە بگەرێنرێتەوە بۆ حکومەت نەهیچ شتێکی بۆزیاد دەکرێ لەلایەن پەرلەمانەوە ، تەنها گواستنەوەی تیا دەکرێ. جا ئەو لایەنانەی کەتەپڵی هەڵبژاردنی پێشوەخت لێدەدەن بابچن جارێ بەیاسا پارەی بۆ دابین بکەن. *رەهەندی یاسایی: مەرجی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتوو، هەموارکردنەوەی ئەم یاسای هەڵبژاردنی پێشوەختەیە، ئەمەش لەسەروبەندی گێرمەوکێشەی پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختی ئۆکتۆبەری رابردوو دادگای باڵا بریاری داوە. هەروەها لەولاوە سەدریەکان لەپەرلەمان نوێنەریان نەماوە، هاوپەیمانەکانیشیان کەسیادە و پارتین ئێستا بوونەتە بەشێک لەرکابەرەکانی سەدر و هاوپەیمانیەتی ئیدارەی دەوڵەتیان هەیە، هەر بۆیە سەدر بەو لاتەریکە سیاسی و ئیداریەوە کە تێی کەوتوە قایل دەبێ بەو کراسەی کەرکابەرەکانی لەپەرلەمان بۆخۆیانی بدوورن ( یاسایەکی هەڵبژاردنی دڵخوازی خۆیان دەربچوێنن) دەرەنجام: بەهەڵاوێردکردنی رەهەندەکانی سەرەوە، نەک زەمینەی هەڵبژاردنی پێشەوەخت لەئاسۆدا بوونی نیە، بەڵکو ئەوانەی کەئێستا لەحوکمدان ، هیچ کات و لەهیچ شوێنێکی تری رابردوو کەلەدەسەڵاتدابوون ، وەک ئێستا بەجوانی چنگیان لەکێکەکە گیرنەبوە تەنانەت ئەوکاتەی کەخودی مالکی لەدەسەڵات بوە. هەربۆیە رەنگە بەهەڵبژاردنی پارێزگاکان ، هەڵبژاردنی پێشەوەختەی نوێنەران دیزە بەدەر خۆنە بکەن ، بەتایبەتی ئەگەر سەدر هەروا بەو بێدەنگیە دابنیشێ کەئەمە دوور دەبینم.
كاوە محەمەد بە کیتابێکی فەرمی کە ئاراستەی هەریەک لە (سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران)م کرد، باسم لەبوونی هێزەکانی تورکیا لەسەر خاکی عیراق و بۆردومان و پێشێلکردنەکانی سەروەریی عیراق کرد و ئاماژەم بەو یاداشتە کردبوو کە وەفدێکی هاووڵاتییان بە ئیمزای (٨٩١) کەس رادەستیانکردین (رۆژی ٣/٧/٢٠١٩ لەگەڵ د.غالب محەمەد لەنووسینگەی پەرلەمانی عیراق لەسلێمانی پێشوازیمان لێکردن)، یاداشتەکەش ئاراستەی رایگشتیی ناوخۆ و نێودەوڵەتی کراوە و داوای دانانی سنوورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانە دەکەن تا دۆخەکە لەوە خراپتر و مەترسیدارتر نەبێت.. دواتر نووسینگەی سەرۆک وەزیران کیتابەکەیان ئاراستەی (راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی و فەرماندەی پاسەوانانی سنوور و وەزارەتی دەرەوە کرد، لێرەدا دەقی وەڵامەکەی وەزارەتی دەرەوەی عیراق دەخەمەڕوو کە رۆژی (٤/٩/٢٠١٩) و بە ئیمزای (حسن سوادی ابو طبیخ-سەرۆکی فەرمانگەی دەوڵەتە دراوسێکان) بەدەستمگەیشت و ئاماژە بە هەڵوێستی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات کە مافی (ڤیتۆ)ی بەکارهێناوە بۆ رێگریکردن لەدەرکردنی بەیاننامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی؛ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق/ نووسینگەی پەرلەمانتار کاوە محەمەد ئاماژە بە کیتابەکەتان ژمارە (٢٦ی رۆژی ٨/٧/٢٠١٩) سەبارەت بە بوونی سەربازیی تورکیا لەعیراق، لەمبارەیەوە وەزارەت روونیدەکاتەوە کە؛ -لەبارەی بوونی سەربازیی تورکیا لەشاری (بەعشیقە)، حکومەتی عیراق لەبەرزترین ئاستەکان و لەچەندین بۆنەدا ئیدانەی کردووە و داوایکردووە کە دەستوبرد ئەوێ بەجێبهێڵن، چونکە ئەمە پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی عیراقە و ناکۆکە لەگەڵ پەیوەندیی دۆستانە و دراوسێیەتیی باش، لەمبارەیەوە رۆژی (٦/١٢/٢٠١٥) لەلایەن وەزارەتەوە بانگهێشتی باڵێۆزی تورکیا کراوە و یاداشتی ناڕەزایی رادەستکراوە. -وەزارەت هەوڵی بێوچانی داوە تا پرسی بوونی هێزەکانی تورکیا لە(بەعشیقە) بخرێتە کارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش و بڕیار یان بەیاننامەیەک دەربکات تا حکومەتی تورکیا ناچاربکات هێزەکانی بکێشێتەوە، دانیشتنێکی ئەنجومەنی ئاسایش لەوبارەیەوە بەڕێوەچوو، بەڵام وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەممریکا (خاوەنی ڤیتۆ) رەتیکردەوە کە ئەنجومەنی ئاسایش هیچ هەنگاوێک بنێت چ بە شێوەی (بڕیار، بەیاننامەی سەرۆکایەتی، بەیاننامەی رۆژنامەنووسی یان رەگەزەکانی بەیاننامەیەکی رۆژنامەنووسی بێت). -لەچوارچێوەی (جامیعەی عەرەبی)دا وەزارەت کاری لەسەر تەرخانکردنی تواناکانی کرد تا بڕیارێکی ئیدانەکردنی سەبارەت بە بوونی هێزە سەربازییەکانی تورکیا لەشاری (بەعشیقە) دەستکەوێت، دەرەنجامی ئەو هەوڵانەش بڕیاری ژمارە (٨٠٢٤) بوو کە لەخولی ئاسایی ژمارە (٢٤٥ی ١١/٣/٢٠١٦) دەرچوو. -بەڵام سەبارەت بە بۆردومانی بەردەوامی خاکی عیراق لەلایەن تورکیاوە، وەزارەت لەهەوڵەکانیدا نامەی ناڕەزایی بۆ هەریەک لە(سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش ناردووە، ئەویش دوای ئەوەی فڕۆکەکانی تورکیا لە (٢٥/٤/٢٠١٧) شاری (سنجار)یان بۆردومان کرد، جگە لەوەش بەدرێژایی ساڵی رابردوو و ئەمساڵ وەزارەت یاداشتی ناڕەزایی ئاراستەی حکومەتی تورکیا کردووە، وەزارەت نزیکەی (٥٤) یاداشتی ناڕەزایی داوەتە حکومەتی تورکیا و داوای لێ کردووە کە بۆردومانکردنی خاکی عیراق بوەستێنێت و رێز لەسەرەوەریی عیراق بگرێت. حکومەتی عیراق لەرێگەی وەزارەتی دەرەوە بە هەموو ئامرازە بەردەستەکان کاردەکات بۆ زامنکردنی ئاسایش و سەوەریی عیراق، بەپێی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی، ناڕەزاییە فەرمییەکانی دژ بە پێشێلکارییەکانی تورکیا بە رێگا دیپلۆماسییەکان پێشکەشدەکات و کار بۆ چەسپاندنی مافە پەیوەندارەکانی عیراق دەکات. -وەزارەت هەوڵیداوە کە لەکۆبوونەوەکان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان چ لە(جامیعەی عەرەبی) یان لە(نەتەوە یەکگرتووەکان) بووبێت، وتەی عیراق ئیدانەی روونی پێشێلکارییەکانی تورکیا لەخۆبگرێت و داوای کشاندنەوەی هێزەکانی لەبنکەی سەربازیی (بەعشیقە) کردووە. پشتبەست بەو روونکردنەوانەی پێشووو، وەزارەت دەیەوێت ئەوە روونبکاتەوە کە ئەوەی لەنامەکەدا هاتووە کە حکومەتی عیراق بە ئەرکی خۆی هەڵنەستاوە، لەگەڵ حەقیقەت تێکناکاتەوە. بفەرموون بۆ بینینی..لەگەڵ رێز سەرۆکی فەرمانگەی دەوڵەتە دراوسێکان بەوەکالەت حسن سوادی ابو بطیخ ٤/٩/٢٠١٩ بەشێک لەکتێبی ؛ (کورسییەک لە تەختەی مێژوو) ئەودیوی رووداوەکانی ساڵانی پەرلەمانتاریم..
عومەر عەلی محەمەد ڕۆژهەڵاتناسی جوڵانەوەیەکی فیکری فەلسەفیە کە لە سەدەی ۱٨ لە ئەوروپا سەری هەڵداوە، بەتایبەتی لە پێش دەست پێکردنی هەڵمەتە داگیر کاریەکانی ئینگلیزەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی ئیسلامی ،ڕۆژهەڵاتناسەکان، لەلایەن ووڵاتانی ڕۆژئاوە پشتگیریان لێ کراوەو هەر ئەوانیش لە لایەن ئەکادیمیای ڕۆژئاواوەگەشەیان پێدراوە و نەخشە ڕێگەی کارکردنیان بۆ داناون ،ئەویش بەمەبەستی ناسینی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی گەلانی مسوڵمان لە هەمو ڕویەکی وەک ئاین و کولتورو ترادسیۆن و تەنانەت سەرچاوەکانی وزەو داهات و سەرچاوەی کانزا سرو شتیەکان،پاش وەرگرتنی ئەو زانیاریانە لە لایەن ئەو وڵاتانەوە ،هێرشی ووڵاتە ڕۆژئاواییەکان بۆ سەر ئەم ناوچەیە دەستی پێکردوە، ئەگەر سەرنجی ئەو وێنەیە بدەین کە ڕۆژهەڵاتناسەکان بۆ کەسی مسوڵمان و ئاینەکەی دروستیان کردوە وەک ئیدوارد سەعید دەڵێت مرۆڤێکی ناکاراو ناتەواوو دور لە عەقڵانیەتەو خاوەنی هیچ شتێک نیە،ئەوەش کەهەیەتی لە شارستانیەت و پێشکەوتن،لە گەلانی ترو شارستانیەتەکانی تر وەریان گرتوە،ئاینەکەشیان نوسخەیەکی ناتەواوی ئاینی جولەکەو مەسیحیە،،هەوڵەکانی ئەو ڕەوتە هەر بەو ئاستەوە نەوەستا،بەڵو لە پاڵ داگیرکاری خاک و ووزەو سەرچاوەکانی داهات،لە بواری فیکریشدا کەوتنە دژایەتی و سوکایەتی بە ئاین و کولتورو شارستانیەتی ئەو گەلانە،لە جێگەیدا شارستانیەت و جیهانبینی ڕۆژئاواییان کرد بە سەنتەر بۆ ڕۆژنامەنوس و ڕۆشنبیرو نوسەران تەنانەت سیستمی پەروەردەشیان بەو جۆرە گۆڕی کە خۆیان دەیانەویست. لە دوای ئەمەوە ئەم دیدو بۆچوونانەی ڕۆژهەڵاتناسەکان بوە سەرچاوەی سەرەکی ڕۆشنبیران لەم ووڵاتانەدا لە نێویشیاندا هەرێمی کوردوستان،،لە دوای ساڵەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی ڕابردوەوە بزوتنەوە چەپەکان زۆر سودیان لە دیدو پەیامی ڕۆژهەڵاتناسان بینیوە،بەتایبەت ئەوەی دەربارەی ئیسلام و کولتورو مێژووی گەلە مسوڵمانەکان ووتویانە،ئەگەر پێداچونەوەیەک بکەیت بە ئەدەبیاتی سیاسیاندا زۆر لەو بۆچونانە دەبیستیت و ئەوان تەنها کۆپی زانیاریەکانیان کردوە. لەپاش شکستی یەکێتی سۆڤیەت و لاواز بوونی بزوتنەوە چەپەکان و فیکری سۆسیالیزم ،بەشێکی زۆر لە ڕۆشنبیرانی خۆمان هاوشێوەی ووڵاتانی عەرەبی درێژەیان بەهەمان ڕەوتی ڕەخنەگرانەیان دا بەڵام ئەمجارەیان لە چوارچێوەی ستراتیجیەتی ڕۆژهەڵاتناسە نوێیەکاندا، لە ئێستادابەشێک لەم ڕۆشنبیرانە هەڵگری ڕەگەزنامەی وڵاتانی ڕۆژئاواین و لە زانکۆکانی ئەواندا خوێندویانەو بەهەمو شێوەیەک خۆیان بەڕۆژئاوایی دەزانن و هەمو نوسین و توێژینەوەکانیشیان،هەمان دیدی تەها حسێنیان هەیە کەدیوت ڕۆژئاوا هەمو شتێکەو ئێمە هیچ نین.ئەگەر سەیری نوسین و لێدوانەکانی ئەمانە بکەین، دەبینین لە ڕوی فیکریەوەهەژاریەکی زۆریان پێوە دیارە پەتایبەت دەربارەی ئیسلام و کولتوری ئیسلامی و ڕای نوسەرو ڕوناکبیرانی نوێی مسوڵمان دەربارەی کێشەکانی وەک ژن و ئازادی و دیموکراس و مافەکانی مرۆڤ و.....هتد لە ئێستادا ڕۆژهەڵاتناسی نوێ زۆر پشت دەبەستێ بەم نوخبە ڕۆشنبیرو میدیاکارو ئەکادیمیانە،کار کردنی ئەمانەش بەشێوە تەقلیدیەکە نیە، بەڵکو لە ئێستادا،مامۆستای زانکۆیە یان بەرپرسی سەنتەی توێژینەوەیە یان شارەزایە لە بوارێکی سیاسیدا، یان بەرپرسی ڕێکخراوێکی جێندەریە، لەم ڕوەوە ئەو نوخبە ڕۆشنبیریەی هەرێمی کوردوستان گەشەیان پێوە نابینرێت، چونکە هەر بە ئاراستەی ڕەوتە کۆنەکە هەنگاو دەنێن،ئەمەش بە پێچەوانەی ڕوناکبیرانی وڵاتانی عەرەبی و تورک و فارسەوەیە،چونکە نوخبە ڕۆشنبیریە چالاکەکەی ئەوان ئەو دۆخەیان بەجێ هێشتوەو ئەوان ئێستا لە ئاستێکی تردان بۆنمونە ڕوناکبیرانی ووڵاتانی عەرەبی ئیدوارد سەعیدو جابری و محمد حەنەفی و دەیان ڕوناکبیری تریان بەرهەم هێنا کە سەرەڕای شارەزایی باشیان لە ئیسلام و دەقەکان و کولتوری ئیسلامی،مامەڵەشیان لەگەڵ کولتورە ڕژئاواییەکەش بە عەقڵیەتێکی ڕەخنە گرانەیە،ئەمە لەلای فارسەکانیش ڕونەو هەرکەس نوسینەکانی عەبولکەریم سروش و شببستەری و دەیان ڕوناکبیری تر بخوێنێتەوە،هەست بەوە دەکات،ئەمانە هەرگیز کاتێک فیکرو فەلسەفەی ڕۆژئاوا دەخوێننەوە هەست بەکەمی و نامۆبوون ناکەن، بەڵکو دەیانەوێت لە ڕوانگەی بەرپرسیارێتیەوە بەرامبەر بەکولتورو شوناسی خۆیان مامەڵە لەگەڵ ئەویتری ڕۆژئاوایی بکەن،بۆ ئەم مەبەستەش دکتۆر محمد حەنەفی داوای بنیاتنانی ڕەوتێکی ڕۆژئاواناسی دەکات،بۆ ئەوەی هەر شتێکمان لە ڕۆژئاوا وەرگرت بەهۆشیاریەوە بێت،نەک لەسەر بنەمای شکست و خۆبەکەم زانین.
مەجید ساڵح رەنگە زیادەڕەوی نەبێ گەر بنووسم لە نێو رۆشنبیرە کوردەکانی ئەم سەردەمەدا کەس هێندەی دکتۆر مەریوان وریا قانع باسی رۆشنبیر و رۆڵی لە کۆمەڵگای ئێمەدا نەکردبێ و نەیخستبێتە بەر رەخنە و سەرنجەوە. بەڵام ئەو رەخنە و باسانەی ئەو و خەڵکانی دیکەش نەیانتوانیوە جوغزێکی بەرتەسکی رۆشنبیران و هەندێک لە خوێنەرە چالاک و دیارەکان تێپەڕێنێت و لەسەر ئاستی ناوەندە ئەکادیمی و زانستی و میدیاییەکاندا نەبوونە جێگەی پرسیار، ئەم گوێ نەدانەش کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە و لە ئێستاشدا سەرەتاکانی دەرکەوتوون. لە گەرمەی شەڕی نێوان توندڕەوە ئیسلامییەکان و حکومەتی جەزائیر دەیان رۆشنبیری عەلمانی جەزائیری لەلایەن توندڕەوەکانەوە تیرۆر کران، بەڵام ئەو تیرۆرانە ئەوەندە لەلایەن فەرەنسییەکانەوە ئیدانە و پرۆتستۆ کرا ئەوەندە لە لایەن جەزائیرییەکانەوە گوێپ پێنەدرا و کاریگەری نەبوو لەسەر رای گشتی وڵاتەکەیان و ئەو گوێنەدانەش هێندەی دیکە تیرۆریستەکانی هاندا بۆ بەردەوام بوون لە کردەوەکانیان. ئەم دیاردەیە سەرنجی زانای کۆمەڵناسی جەزائیری "هواری عادی" مامۆستا لە زانکۆی لیۆنی فەرەنسی راکێشا و وتارێکی بە ناونیشانی "جەزائیر و وێنەیەکی دوو رووانەی رۆشنبیران"ی نووسی. لە وتارەکەدا هواری رۆشنبیرانی جەزائیری بۆ دوو جۆر دابەشکردوە. یەکەمیان: ئەو رۆشنبیرە فرانکۆفۆنیانەن کە خۆیان لەگەڵ کەڵچەری داگیرکەری فەرەنسیدا گونجاندوە و پێیان وایە کەڵچەرێکی رۆشنگەریی ئۆروپییە و وای وێنا ناکات کە کەڵچەرێکی فەرەنسایی داگیرکەرە، ئەم رۆشنیرانە هەرچەندە لەگەڵ ئەوەدا بوون کە جەزائیر دەبێ سەربەخۆیی بەدەست بهێنێت و لە کۆلۆنالیزمی فەرەنسی رزگاری ببێ، بەڵام تا کۆتایی وازیان لە پرۆژەی مۆدیرنە و سکۆلاریزمی خۆیان نەهێنا و رەخنەی توندیان لە بەهاکانی کۆمەڵگای خۆیان دەگرد. بەڕای هواری ئەم رۆشنبیرانە لەلایەن کۆمەڵگای جەزائیرییەوە پشتیوانی پێویستیان لێ نەدەکرا، چونکە جەزائیرییەکان رقی زۆریان لە کۆلۆنالیزمی فەرەنسی و هەموو سیمبول و کەڵچەرێک دەبووەوە کە بۆنی فەرەنسی لێوە دەهات. لە سەردەمی شۆڕشی جەزائیردا بەڕێوەردن و رێکخستنی شۆڕش بەدەستی ئەم جۆرە رۆشنبیرانەوە بوو، بەڵام سەرکردایەتیان بە بەدەستەوە نەبوو. دووەمیان: رۆشنبیران، بەڕای هواری رۆشنبیرە عروبییە تەقلیدییەکان بوون کە خۆیان لە زانایان و پیاوانی ئاینی ئیسلامیدا دەبینیوە و باوەڕی تەواویان بە داب و نەریتە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکان هەبوو و لە رێگەی شوناس و ئاینەوە دژایەتی کۆلۆنالیزمی فەرەنسیان دەکرد. ئەمانە پلەوپایەی سەرکردایەتی شۆڕشی جەزائیریان لەدەستدا بوو. لەدوای شۆڕشی جەزائیر، رۆشنبیرە فرانکۆفۆنییەکان بەهۆی شارەزاییانەوە ئەرکی بەڕێوەبردن و ئابوریی وڵاتیان لە ئەستۆ گرت، بەڵام رۆشنبیرە تەقلییدیە عروبی و ئیسلامییەکان ئەرکی پەروەردە و راگەیاندن و کولتوورییەکانیان پێسپێدرا و پێداگریان لە سوابتی نیشتمانی کە بەڕای ئەوان "زمانی عەرەبی و ئاینی ئیسلام بوو" دەکردەوە. ئەم پێکەوە ژیانە هاوبەشەی هەردوو جۆرە رۆشنبیرەکە تاوەکو هەرەسی سیستمی ئابوری سۆسیالیزم لە نەوەدەکانی سەدەی رابردودا بەردەوقام بوو. رۆشبیرە فرانکۆفۆنییەکان لەوماوەی لە دەسەڵاتدا بوون نەیانتوانی پرۆژەکەیان بۆ مۆدیرنەکردن و بەرقەرارکردنی سکۆلاریزم لە جەزائیر سەربخەن، هۆکارێکی ئەوەش دەگەڕایەوە بۆ رۆڵی رەخنەگرانە و رێگرانەی رۆشنبیرە عروبییە تەقلیدییەکان کە باوەڕیان بە داب و نەریتە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکان هەبوو، بەمەش درزێکی گەورە لە نێوان هەردوو جۆرە رۆشنبیرەکەی جەزائیردا دروست بوو. هۆکارێکی دیکەی فراوان بوونی ئەو درزە بەرای هواری بێهەڵوێستی رۆشنیرە سیکۆلارە و مۆدێرنەخوازەکان بوو لەوەی رەخنەیان لە سوپا نەگرت کاتێک دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٩٢ی هەڵوەشاندەوە کە تێدا ئیسلامییەکان سەرکەوتنیان بەدەست هێنا. جگە لەوە ئەم رۆشنبیرانە بەتەواوەتی لە دژی ئیسلامییەکان وەستانەوە و لە هەمان کاتیشدا نەچوونە پاڵ سوپاوە بەمەش جگە لەوەی لە کۆمەڵگاکەیان دابڕان، بوون بە بەرداش لە نێوان سوپا و ئیسلامییەکان، بەمجۆرە رۆژانە وەک کەروێشک سەر دەبڕان و کەس دەنگی لێوە نەدەهات جگە لە خێزانەکانیان و هەندێ لە فەرەنساییەکان نەبێ. ئەو نمونەیەی جەزائیر وێنەیەکی نزیک لەو حاڵەتەمان پیشاندەدا کە لە کوردستانی باشوردا دەگوزەرێ؛ و وەک لە سەرەتاوە باسم کرد زۆرجار مەریوان وریا قانع لە مەترسییەکانی ئاگادارمان دەکاتەوە و بەڵام رووبەڕووی بێدەنگیەکی زۆر مەترسیدار دەبێتەوە. لە حاڵەتی کوردستاندا لەسەردەمی شۆڕش، رۆشنبیرانی کوردستان دابەش ببوون بۆ دوو جۆر، جۆرێک کە لە شاخ بوون و بەچەک و بە ئایدۆلۆژیایەکی چەپ و ئیسلامی هەندێ جار توندڕەو و هەندێجار میانەڕەوو لەبەرامبەر داگیرکەری کوردستان و رژێمی بەعس کوردایەتییان دەکرد، ئەمانە دەیانووسیت دوای رووخانی بەعس دەسەڵاتێکی خۆماڵی لەسەر ئەساسی ئایدۆلۆژییەکەیان دامەزرێنن چەپەکان بە خەیاڵی وڵاتێکی سۆسیالیستی و ئیسلامییەکانیش بە خەونی دامەزراندنی خەلافەتێکی ئیسلامی. جۆری دووەمی رۆشنبیرەکانیش ئەوانە بوون کە لەشارەکاندا دەژیان و هەڵگری هەمان بیرکردنەوەی ئەوان بوون، بەڵام کەرەستەی خەباتکردنیان نووسین و کاری رێکخستن بوو. لە راستیدا جۆری دووەم کۆپیەکی مەدەنیانەی هەمان بۆچوونی رۆشنبیرانی شاخ بوون. دوای راپەڕین، کە هاوکات بوو لەگەڵ هەرەسی بلۆکی رۆژهەڵاتی کۆمەنیستی و باڵا دەستی تالیبان لە ئەفغانستان، ئەم دوو جۆرە لە رۆشنبیر تێکەڵی یەکتر بوون، بەجۆرێک دوو ئاراستەی زۆر لێک جیا دروست بوو، ئاراستەی کوردایەتی بەڵام سەرگەردان و بێ ئایدۆلۆژیا و ئاراستەی ئیسلامی سیاسی کە ئەفغانستان ببووە نمونەی باڵای چاولێکردنیان بۆ دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامی. هەر زۆر زوو شێوازی دەسەڵات و شەڕی ناوخۆ و دروستبوونی چەند کانتۆنێک لە هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە پەردەی لەسەر ئەو واقعە هەڵماڵی کە هیچ کام لەم ئاراستانە ناتوانن دەسەڵاتێکی وا دروست بکەن کە خەڵک تێدا بحەوێتەوە بەمجۆرە هەردوولایان تا رادەیەکی زۆر مصداقیەتی خۆیان لەناو خەڵک دەستدا و ئەم وتەیەی مەریوان بەسەریاندا جێبەجێ دەبێ کە دەڵێ "ئەمانە کەسانێکن هەموو پێگەکانی دەسەڵاتیان لە بەردەستایە، لەشکر و هێزی چەکداریان هەیە، پارەو سەرمایەیان هەیە، پەیوەندی هەمەجۆریان بە دونیای دەرەوە دروست کردووە، بەڵام هیچ بەهایەکی مەدەنی و ئەخلاقی تەندروست و هیچ فەرهەنگێکی بەرپرسیارێتی و هیچ ڕستێک لە یاسا ئاراستەیان ناکات، ئەمانە زیاتر "غەریزەی دەسەڵات "و" شەهوەتی حوکمڕانی" کارەکانیان پێ ئەنجام دەدات، لە مێژە شتێک بە ناوی "قازانجی گشتی"، یان "ئیرادەی گشتی" یان "موڵکی گشتی" لە قاموسی سیاسی و ئەخلاقیی ئەم نوخبەیەدا نەماوەتەوە و نییە، هیچ هەستێکی سیاسی و ئەخلاقیشیان بەرامبەر بە ئایندەی ئەو میلەت و کۆمەڵگایە نییە کە حوکمڕانی دەکەن..." ئەم شیوازەی حوکمڕانی کە مەریوان ناسی دەکات رێگر بوو لەوەی لە کوردستاندا ئەو جۆرە لە رۆشنبیرە سکۆلارە کە لە خەڵک نزیک بێت نەشونما بکات، بەم جۆرە لە ئێستادا دەرگا بەڕووی دوو جۆر لە رۆشنبیر کراوەتەوە: یەکەم: رۆشنبیرێکی ئیسلامی سەلەفی کە لە مزگەوتەکانەوە سەریان هەڵداوە و نا ئاشنان بە هەموو جۆرەکانی بیرکردنەوە لە دەرەوەی چوارچێوە فکرییەکانی خۆیان مەیریوان وا وەسفی نمونە باڵاکەیان دەکات "خۆی بە نوێنەری خودا یان پەروەردگار دەزانێت و ئەوەی دەیڵێت و دەیکات، وەک درێژکراوەی ئیرادەی پەروەردگار و نوێنەرایتیکردنی ئەو ئیرادەیە، دەیکات. ئەو بەناوی خوداوە قسەدەکات بۆ ھێرشبردنە سەر ئەو کەسانەی عەقڵ و ئەخلاقیی سنوورداریی ئەو بە ”ناڕاست“ دەزانن." دووەم: رۆشنبیرێکی دابڕاو لە کۆمەڵگا. مەریوان لەوەسفی ئەمانەشدا دەڵێ "ڕۆشنبیران وەک زۆرینەیەکی بێدەنگ لە وڵاتەکەدا ئامادە بن، یان بەشی زۆریان خەریکی شیعر و ئەدەبیات بن و ئەوەش وەک تاکە ئەرکی ڕۆشنبیر ببینن... هەڵاتن لە کێشەکانی ئەم کۆمەڵگایە کێشەیەکی ئەخلاقی گەورە دروست دەکات، کە نیشانەی پرسیار لەسەر ڕۆشنبیربوونی ڕۆشنبیران دادەنێت، دەبێت ئەوە ڕوون بێت کە هیچ کۆمەڵگایەک بە تەنها بە شیعر و ئەدەبیات ناژیت... " بەردەوام بوون لەسەر ئەم دۆخە دەرگای بە جەزائیر بوونی کوردستانمان لەبەردەمدا واڵا دەکات، چونکە ئێمە لەبەردەم دەسەڵاتێکی بێ گوێ و کۆمەڵگا و روشنبیرێکی لا ئوبالی و رۆشنبیرێکی ئیسلامی سەلەفی تەکفیریدان کە خەتی بوتڵان بەسەر هەموو کەسێکدا دەهێنێت و مەبەستیەتی سەرلەنوێ بەوجۆرەی کە دەیەوێ دیزانی کۆمەڵگا بکاتەوە.
سهردار عهزیز یەک دوو هەفتەی ڕابوردوو کارم لە سەر پەیوەندی نێوان چین و کوردستان کرد، بۆم دەرکەوت دەسەڵاتی نەرمی چینی زۆر بە چڕی لە ناوچەکە لە گەشەدایە. بۆیە بڕیارمدا بۆ کۆنفرانسی داهاتوو لە قوتابخانەی ئابوری لەندەن LSE، بابەتێکی تایبەت بە دەسەڵاتی نەرمی چینی لە کوردستان پێشکەش بکەم. هەمومان دەزانین دەسەڵاتی نەرم، چەمکێکی پاش جەنگی ساردە. وەک چەمکی کۆتایی مێژوو، دەرئەنجامی باڵادەستبونی ئەمریکا بوو لە دونیادا. دەکرێت بە کورتی بڵێین کاتێک هێزێک سەرکەوتووە، بەهێزە، دەوڵەمەندە، ئەوا ئەم سیفەتانەی دەبێتە مایەی ئەوەی کە سەرنجی ئەوانی تر بۆخۆی ڕابکێشت و لە بری بەکارهێنانی زەبر بتوانێت بە سەرنجڕاکێشان ئەوەی دەیەوێت بە دەستی بهێنێت. ئێمە دەزانین کە پێناسەی دەسەڵات بریتییە لە وەهاکردن لە ئەوی تر کە بە جۆرێک ڕەفتار بکات کە لە سودی تۆ بێت، بەبێ هەستکردن بە ناچاری و سوخرە. دیارە بێگومان بۆ بەرجەستەکردنی ئەمە دەزگاو ئامرازی زۆر پێویستە، لە پەیوەست بە ئەمریکاوە هەمشە ناوی هۆلیودو کاڵا زاڵەکانی ئەمریکا دەهێنرێت. بەڵام چین تێڕوانینی بۆ دەسەڵات نەرم، تەواو هاوشێوەی پێناسەکەی جۆزێف نای نیە [جۆزێف نای لە ساڵی ١٩٩٠ لە گۆڤاری فۆرن ئەفێرس، لێکۆڵینەوەیەکی بەناوی دەسەڵاتی نەرم نوسی کە بوو بە بنەما بۆ هاتنە ئارای ئەم دیدو بوارە نوێیە]. بەڵکو چین وەکو مارییا ڕیپنیکۆڤا، لە کتێبێکی تایبەت بە دەسەڵاتی نەرمی چینی، بڕوای وەهایە کە چینییەکان وەها دەبینن کە پەیوەندییەکی ژیانیی لەنێوان دەسەڵاتی نەرم و دەسەڵاتی ڕەقدا هەیە. ئەمەش وەها دەکات کە چینییەکان ڕەق و نەرم تێکەڵ بکەن لە میانەی هەوڵیان بۆ سەرنجڕاکێشان. لێرەدا چەمکێکی تر کە ڕەنگە هاوکارمان بێت بۆ ئەوەی فراوانتر تێبگەین لە پرسەکە ئەویش چەمکی گەشەیە بەتایبەت وەک بەدیلێک بۆ دیموکراسیی. گەشە یان دیڤیلۆپمێنت چەمکێکی ئاڵۆزە، لەسەردەمی جەنگی سارددا ئەمریکا برەوی پێدەدا، بەڵام ئێستا چین برەوی پێدەدا. لەسەردەمی شەڕی سارددا، لای ئەمریکاییەکان گەشە بە مانای ئەوە دەهات کە چۆن هەندێک چاکسازیی بکرێت کە هەژاران کەمێک سودمەند بن بەڵام دەوڵەمەندان هیچ زیانمەند نەبن، بۆ ئەوەی کۆمەڵگاکان بەرەو سۆشیالیزم نەچن. بەڵام لای چین ئامانج لە چەمکی گەشە ئەوەیە کە کۆمەڵگاکان دەکرێت بەرەو پێش بچن، ژێرخان بونیادبنرێت، ئابوری باش بێت بەبێ ئەوەی دیموکراسی پێویست بێت. بەم پێیە گەشە جیاکردنەوەی سیاسەتە لە ئابوری، بایەخدانە بە ئابوری، بە سەپاندنی جۆرێکی تایبەت لە سیاسەت. [چەمکی گەشە لەلایەن چەند ناوەندو زانکۆی ئیسلامی سیاسی لە کوردستان زۆر برەوی پێدەدرێت، بە وردی نازانم ئایا دیدیان لە چینییەکانەوە نزیکە یان لە ئەمریکییەکانەوە، یان هیچ کامیان یان تێکەڵە؟] وەک چۆن ئەمریکاییەکان ئامانجیان لە گەشە ئەوەبوو کە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتداندا دروست بکەن بۆ ڕێگریی لە سۆڤیەت، چین بە هەمان شێوە ئامانجی ئەوەیە کە چۆن پەیوەندی لەگەڵ وڵاتاندا دروست بکات بە دوورگرتن لە مۆدێلی ئەمریکی. توێژی حوکمڕانی هەرێم لە پەیوەست بەم پرسەوە لە دۆخێکی نامورتاحدان، لە کاتێکدا چین و مۆدێلەکەیان پێباشە، بەڵام نە چین هێندە بایەخ دەدات و نە دەتوانن دەستبەرداری پشتیوانی و خیتابی ئەمریکی ببن. پرسی ئەوەی ئایا چین و ئەمریکا دەتوانن لە هەمان پانتاییدا پێکەوە کار بکەن، پرسێکی جیهانییەو زۆر دیدی جیاواز هەیە دەربارەیان. لێرەدا تەنها ئاماژە بە دوو ناوی زل دەدەم، جۆن میرشمایەر کە بڕوای وەهایە لەکاتی گرژبونی پەیوەندی نێوان چین و ئەمریکا، ئەوا وڵاتانی تر دەبێت خۆیان یەکلایی بکەنەوە. هەروەها جۆن ئیکیربێری بڕوای وەهایە کە دەکرێت دۆخی هەژەمونیەتی جوتەیی بێتە ئاراوە، چین لە بواری ئابوری و ئەمریکا لە بواری ئاسایش، وەک کۆریای باشور هەوڵی بۆ دەدات. بەڵام بە خوێندنەوەی دواین ڕاپۆرتی پەنتاگۆن بۆ کۆنگریس دەربارەی چین، وەها دەردەکەوێت دیدی مێرشمایەر واقیعی تربێت. ئەم دۆخە پرسی دەسەڵاتی نەرمی چینی ئاڵۆز دەکات. چین لە بواری میدیا، کۆمەڵگای مەدەنی، زانکۆ بەتایبەتی کار لە سەر دروستکردنی پەیوەندیی و کردنەوەی ناوەندو گۆشە و ئەکادیمیا دەکاتەوە. زانکۆ بوارێکە کە لە چەندین لاوە چینییەکان دەتوانن سودی لێببینن، بەتایبەتی بە تێکەڵکردنی کۆمەڵێک بوار، وەک تەکنەلۆجیای باڵا، دەرفەتی کار، دروستکردنی وێناو ڕاکێشانی عەقڵ. لەم روانگەیەوەیە دەبینین کە کۆمپانیای هواوی زۆر چالاکە لە کوردستان. لەگەڵ هواویدا پرسی داتاو ژیریی دەستکردن و پەیوەندیی و تەکنەلۆجیای باڵا دێتە ئاراوە. هەموو ئەم بوارانە بواری هەستیارن لە داهاتوودا. بەڵام چین لە کوردستان و عێراقدا لە پانتاییەکی تایبەتدا هەڵسوکەوت دەکات. عێراق پانتاییەکی بریندارە بۆ ئەمریکا، ئەو جێگایەیە کە خەونی ئەمریکی تیایدا مرد. چین دەیەوێت لەسەر ئەم بوارە سەرمایەگوزاری بکات. لێرەدا بەهای دیموکراسی و گەشە وەک دوو چەمکی جەنگیی باشتر ڕون دەبێتەوە. ڕەنگە باشوری عێراق زیاتر گونجاوبێت بۆ ئەم بوارە، بەتایبەتی بە بوونی ڕۆڵی ئێران لە پرسەکەدا. بەڵام لە کوردستان چین لە ئاستی جەماوەریدا هێشتا وەک سەرچاوەی کاڵای هەرزان ناسراوە، نەک وەک زلهێزێکی جیهانی، ئەمەش پێگەی وەک هەیبەت و بەهێزیی کەمدەکات کە کاریگەریی هەیە لەسەر سروشتی دەسەڵاتی نەرمی چینی. لە پەیوەست بەم بوارە قسەم لەگەڵ لێکۆڵەر شاژین چای کرد، کە کار لە سەر دەسەڵاتی نەرمی چینی دەکات لە کەنداو، ئەو پێی وابوو، چین خاوەنی ئایدەلۆژیا نیە، هیچ ئایدەلۆژیایەکی نیە هەناردەی دەرەوەی بکات، خیتابیشی وەهایە کە وەها باشترە هەر کەسەو کەلتورو ژیاری خۆی بژی بەڵام لە پەیوەندیدابین. ئەمەشە چینییەکان فۆکەسی زۆر لەسەر چەمکی شارستانیەت دەکەنەوە. بەڵام لەڕاستیدا من هاوڕای ئەو نەبووم. ڕەنگە چین وەک سەردەمی ماو خاوەن ئایدەلۆژیا نەبێت. بەڵام ئەوە تەنها یەکێکە لە دەرکەوتەکانی ئایدەلۆژیا. [دیارە ماویزمی کوردی یەکێکە لە سەرچاوەکانی دەسەڵاتی نەرم]. بەڵام چینی ئەمڕۆ خاوەن ئایدەلۆژیایە، دەکرێت بوترێت، جیاکردنەوەی سیاسەت لە ئابوری، بەزلهێزبونی چین، نمایشکردنی چین وەک مۆدێلێک و هەوڵدان بۆ ڕاکشانی سەرنج، ڕاکشانی خەڵکانی تایبەت لە بواری تایبەتدا بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی چینی بۆ خەڵکی خۆیان، هەموو ئەمانە پێکەوە دەبنە چەپکێک لە دیدو کردار کە پێکەوە ئایدەلۆژیایەک دادەڕێژن. بۆ نمونە کەسێک کە لەگەڵ چینیەکاندا کار دەکات پێی گوتم، چینییەکان هەرگیز باس لە مافی کوردو پەیوەندی کوردستان و هەرێم و دیموکراسی و ئەم بوارانە ناکەن. کەواتە، بە وردی پلانڕێژی ئەوە دەکەن کە چی دەبێت باس بکرێت و چی دەبێت خەفە بکرێت [فۆکۆتان لە بیرە]. هەرچی دەربارەی کاریگەریی ماویزمی کوردییە بە پەیوەست بە دەسەڵاتی نەرمەوە بوارێکی پڕ چێژە، بەڵام خانەی بیر بە گونجاوی نازانێت، بۆیە زیاتر بۆ LSE کاری لەسەر دەکەم. ماویزم دیاردەیەکی جیهانی بوو. جولیا لۆڤیل، کتێبێکی تایبەتی قەبەی لەمبارەوە نوسیوە بەناوی ماویزم مێژوییەکی جیهانیی. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ماویزمی کوردی بەشێکی ڕاستەوخۆی بزوتنەوە ماویزمەکانی دونیا نەبوو، بەڵکو بە ناڕاستەوخۆ لە باڵێکی بچوکی ماویزمی ئێرانییەوە بە کورد دەگات. ئەم دەستی دووبونە، ئاستی تێگەیشتن و پەیوەندی زۆر سنوردارکردووە. بەڵام ماویزم پاشان دەبێتە بنەمایەک کە یەکێتی ببێتە هێزی سەرەکی لە پەیوەندی بە چینەوە. جەلال تاڵەبانی پەیوەندییەکی فەنتازمەگۆریی لەگەڵ ئەم پرسەدا هەبووە. مەبەستم لە چەمکی فەنتازمەگۆریا ئەوەیە کە تێکەڵەیەک بووە لە واقیع و خەون و ناواقیع. پاشان ئەم پەیوەندییە دەگۆڕێت بۆ سەرسام بوون بە ئەزمونی چینی، بە تایبەتی لە بواری ژێرخاندا. [جێگای ئاماژەپێدانە یەکەم گرێبەست کۆمپانیا چینیەکان لە ناوچهی یەکێتی وەریدەگرن، ڕێگای دوکان-سلێمانی و تونێلی هەیبە سوڵتانە، لە هەردووکیاندا شکست دەهێنن]. قەیرانی گەورەی دەسەڵاتی نەرمی چینی ئەوەیە کە چین ناتوانیت ببێت بە دۆست و هاوڕێی هیچ گەلێک. چین پەیوەندییەکی یەک لایەنەی هەیە. هەرگیز خەم و پێداویستی و ترسی ئەوانی تر بە هێند وەرناگرێت. هەرچەندە جەخت لە سەر بوونی پەیوەندی دەکاتەوە، بەڵام لایەنەکەی تر ناتوانێت هێندە کاریگەری هەبێت لەسەر بڕیارو ڕەفتاری چینی. چین کۆمەڵگایەک و سیستەمێکی داخراوە، کوردستان تیایدا لە نزمترین ئاستی بیروکراتی مامەڵەی لە گەڵدا دەکرێت. ئەمەش وەها دەکات پەیوەندی چین و کوردستان و دەسەڵاتی نەرمی چینی هەمیشە وەک پەیوەندییەکی ڕووکەش بمێنێتەوە. لەکاتێکدا زۆر کورد ڕەنگە حەزی پێبکەن بەڵام هەرگیز پەیوەندییەکی دوو لایەنە نابێت.
