دڵزار عارف توركیا ئهمساڵ پێ دهنێته ههڵبژاردنێكی زۆر چارهنوساز بۆ ههر یهك له دهستهڵات و ئۆپۆزسیۆن و كورد و تهنانهت جیهانیش، چونكه ئهم ههڵبژاردنه زۆر شت به دوای خۆیا دهگۆڕێت، بۆیه ههموو لایهنهكان دهیانهوێت ئهنجامهكه بهو شێوهیه بێت كه ئامانج و بهرژهوهندیهكانیان مسۆگهر دهكات. ئهردۆگان بهههموو گڕو تین و هێزیهوه دهیهوێت بهسهركهوتویی لهم شهڕی ههڵبژاردنه بێته دهرهوه، له بهرامبهر پارتهكانی ئۆپۆزسیۆن بهدهنگێكی بهرزهوه باس لهوه دهكهن ئیتر سهردهمی ئاكهپهو ئهردۆگان بهرهو كۆتاییه. كوردیش لهو سهرهوه زۆر به وریایی و دیقهتهوه دهیهوێت له رێگای ئهنجامهكانی ئهم ههڵبژاردنه به ههر شێوهیهك بێت دهرگایهكی سیاسی تازه لهسهر خۆی و دۆزهكهی بكاتهوه. ئهمریكاو ئهروپاش له دهرهوهی ستادیۆمهكه ئومێد لهسهر ئهوه ههڵدهچنن سیستهمهكه بگۆڕێت و بهبێ ئهوهی گۆمهكه زۆر بشڵهقێ. مانگهكانی داهاتوو ئهم هێزانه زیاتر بهر یهك دهكهون و ههموو لایهكیش له بۆسهدا دهبێت بۆ ئهوهی خاڵی لاوازی لایهكهی تری بكهوێته دهست. مێژووی توكیا پڕه له ههڵبهزو دابهز، پڕ له بهدگومانی و مل شكاندن، بۆیه دۆڕان لهم وڵاته ئاسان نیه و وهكو وڵاتانی دیموكراسی له دونیا كه بهو پهڕی دڵگهورهوهیه ئهنجامهكان قبوڵ دهكهن. چونكه له حاڵهتێك ئهگهر ئهردۆگان بدۆڕێت ئهوا هیچ ئاسان نابێت بۆ پرۆسهی سیاسی، لهبهرئهوهی ئهردۆگان و سیستهمهكهی بههیچ شێوهیهك رازی نابن دهستهڵاته بیست ساڵیهكه لهسهر سینیهكی زێڕین رادهستی ئۆپۆزۆسیۆن بكهن، ئهمان بیست ساڵه كار دهكهن لهسهر كۆمهڵگهی توركی، تهنانهت هێزی تایبهت و دهزگای گهورهی جۆربهجۆرو پهیوهندی نهێنی لهگهڵ وڵاتان و پرۆژهی گهورهی ئابوریان ههیه، مومكین نیه له رێگهی ئهنجامی ههڵبژاردنێكهوه كۆتای بهو ههموو بهرژهوهندی و بازاڕو پهیوهندی نهێنی خێزانی لهگهڵ وڵاتان بهێنن. ئۆپۆزسیۆن دهزانێ شهڕی ئهردۆگان ئاسان نیهو رێگاكهیان پڕه له كۆسپ و چاڵ، بهڵام هیچ چارهیهكیان نیه، جگه له شهڕێكی قورس و ئالۆز، ئهمهشه وای له پارته ئۆپۆزسیۆنهكان كردوه ههموویان یهك بگرن جگه له هه ده په، بۆ بهرنگاربوونهوهی ئهردۆگان و پارتهكهی. بهدڵنیایهوه مانگهكانی داهاتوو ئهردۆگان له رێگهی دام و دهزگای حكومهت و دادگاو میدیا، هێڕشهكانی خهست دهكاتهوهو فشارێكی زۆریان بۆ دههێنێت بۆ ئهوهی بهههر جۆرێك بێت پهرتیان بكات، پلانهكانیان لێ تێك بدات. لهگهڵ ئهوهش پێ دهچێت ههوڵێكی بێ كۆتا بدات لهگهڵ مهراڵ ئهكشنهر سهرۆكی پارتی باش كه بیهێنته بهرهكهی خۆی، ئهویش له رێگهی پێدانی كۆمهڵێك سۆزو پۆستی حكومی و دژایهتی كردنی كورد. چونكه ئهو كێشه جهوههریانهی كه حزبهكانی تر ههیانه لهگهڵ ئهردۆگان لهوه ناچێت پارتی باش ههیبێت، بۆیه رازیكردنی پارتی باش ئاسانتره به بهراورد لهگهڵ ئهوانی تر. كورد و ههدهپه زۆر بههێمنی و وریاییهوه بهرخورد لهگهڵ بارودۆخهكه دهكهن، چونكه لهبهرامبهر دۆزی كورد ههردوو لاكان وهكو یهك بیردهكهنهوه، بۆیه نایانهوێت بهبێ ههندێك سۆزی كۆنكرێتی پشتیوانی لایهك بكهن لهسهر حسابی لایهكهی تر. بهڵام ئهوهی تا ئێستا له ههردوو بهرهكهوه دهبیسترێت كهسیان رهزامهند نین لهوهی كه ههندێ ماف بدهنه كورد، به پێچهوانهوه زۆر مكوڕن لهسهر ئهوهی كه كێشهیهك نیه له جوگرافیای توركیا ناوی كێشهی كورد بێت. كهچی ههردوولاش دهزانن بهبێ كورد ناتوانن ههڵبژاردنهكه بهرنهوهو تهپڵی سهركهوتن بكوتن، بهڵام لهههمان كاتیش دڵه توركه سهپێنراوهكهیان رێگهیان پێنادات لهگهڵ كورد دانیشن و بگهنه جۆرێك له رێكهوتن. ئهروپاو ئهمریكا، ئهوهندی بۆیان بكرێت حهز دهكهن و بهرهی ئۆپۆزسیۆن سهركهوێت رهنگه ژێر به ژێریش هاوكاری مهعنهوی و میدیایان بكهن، بهڵام نایانهوێت راستهوخۆو به ئاشكرایی یارمهتی هیچ بهرهیهك بدهن. چاوهكانی ناو توركیاو رۆژههڵاتی ناوهڕاست و ئهوروپاو ئهمریكا و روسیا بهشێك گرینگ له جیهان لهسهر ئهنجامی ئهم ههڵبژاردنیه، چونكه ههموو لاكان بهوپهڕی گرینگهوه چاودێری دهكهن و ئومێد دهخوازن بهو ئهنجامهی كه بهرژهوهندیهكانیان دهستهبهر دهكات.
تارق فاتیح سەرەتایەكی بەگومان و كۆتاییەكی نادیار ئەم ژمارەیەی هاوڵاتی لەم هەفتەیەدا بڵاوبووەتەوە، دووهەزارەمین ژمارەی ڕۆژنامەی هاوڵاتییە و لە تەمەنی ٢٣ ساڵەی خۆیدا بڵاوی كردووەتەوە. ٢ هەزار ژمارە لە ماوەی ٢٣ ساڵدا ئەگەر تەنیا وەکو چەندێتی و بەردەوامی سەیری بکەین، بە گوێرەی سیاقی باشوری کوردستان زۆرە! دەشێت بەشێوەی جۆراوجۆر بیری لێ بکرێتەوەو هەڵبسەنگێنرێت؛ ئەمە بەجێ دەهێڵم بۆ ئەوانەی سەروکاریان لەگەڵ بڵاوکردنەوەدا هەیە با ئەوان هەڵیسەنگێنن. ئەوەی لێرەدا دەمەوێت لەسەری هەڵوەستە بکەم شتێکی ترە کە بە درێژایی کارکردنم لە هاوڵاتی یەخەی گرتووم. هەر لە سەروبەندی دەرکردنی هاوڵاتییەوە، بەدرێژایی ئەم ٢٣ ساڵە بەبێ پسان، پرسیارێكی ناوەخت، ناوبەناو خۆی دەکات بەناو پرۆسەی کارکردنمداو بیرو هۆشم بەخۆیەوە مژۆڵ دەکات و دەمخاتە دۆخێکەوە بەردەوام بیری لێ بکەمەوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستاش نەمتوانیوە وەڵامێكی دروست و گونجاوی بۆ بدۆزمەوە، پرسیارەكەش ئەوەیە: «ئێمە چی دەكەین؟» کە دەتوانین بەم شێوانەش دایبڕێژینەوە: «داخۆ ئەو كارەی ئێمە دەیكەین لەبەرژەوەندی گشتییدایە یان دواجار بە زیانی گشتی دەشكێتەوە؟» «ئایا ئەگەر ڕۆژنامەی هاوڵاتی هەر دەرنەکرابایە، دونیای ئێمە لە ئێستا باشتر دەبوو یان خراپتر؟» «ئایا ئەم پانتاییە ئیداری و سیاسییەی ئێمە، ئەو پانتاییەیە كە ڕەخنە بتوانێت ئیشی خۆی تێدا بكات و كاریگەری دابنێت یان نا؟» بەردەوام ئەم پرسیارانە لەلام چەند بارە بوونەتەوە و من بۆ خۆم تاوەکوو ئێستا بە وەڵامی دیاریکراوی ئەم پرسیارانە نەگەیشتووم یانژی بە کراوەیی جێمهێشتوون. ئەگەر بۆم هەبێت پێمخۆشە ئەوەش بڵێم، هاوڵاتی بۆ ئێمە لە باشوری کوردستان، تەنیا «ڕۆژنامەیەکی سەربەخۆ» نەبووە کە لە فەزایەکی ئازادا لە سنووری کایەی کارکردنی خۆی کە ژۆرنالیزمە ژمارە لە دوای ژمارە وەکو هەر ڕۆژنامەیەکی وڵاتێکی ئازاد دەربچێت و لە هەمان پانتاییدا کاریگەر بێت. هەر لە بنەڕەتەوە بەهۆی بارودۆخی ژینگەی سیاسی-کۆمەڵایەتی ئێمەوە، هاوڵاتی هەر لە سەرەتاوە، سەرەڕای ئەوەی تەنیا ڕۆژنامەیەک بوو بەڵام سنوورەکانی کایەی ژۆرناڵیزمی تێپەڕاند و بۆ کایەی تر پەڕیەوە و ئەرکی تری لە ئەستۆ گرت کە لە کەم وڵاتی جیهاندا ڕۆژنامەی سەربەخۆ ئەو ئەرکانە لە ئەستۆ دەگرێت. لەم سۆنگەوە بەكورتی دەشێت پانۆرامایەك بۆ كاریگەرییەكانی ڕۆژنامەی هاوڵاتی دروست بكەین و هەندێك جومگەی سەرەكی ئەم مێژووە ڕاگوزەر بەسەر بکەینەوە بەم شێوەی لای خوارەوە. بێگومان ئەگەر دەرکردنی ڕۆژنامەی هاوڵاتی وەك پرۆسەی ڕەخنەگرتن سەیر بكرێت، ئەوا ناتوانین بڵێین كە پرۆسەی ڕەخنەگرتن لە هاوڵاتییەوە دەست پێدەكات، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ پێشتر، بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی گۆڤاری دیموكراسی و پاشان گۆڤاری ڕەهەند و بڵاوكردنەوەی چەندین گۆڤار و كتێب و وتاری ڕەخنەیی تر، كە پێش بڵاوكردنەوەی یەكەم ڕۆژنامەی هاوڵاتی لە مەیدانەكەدا هەبوون. هەر بۆخۆی بیركردنەوە لە دەركردنی ڕۆژنامەیەكی وەك هاوڵاتی، هەڵهێنجراوی ئەو فەزا ڕەخنەییەبوو كە ئەوان دروستیان كردبوو. زۆربەی بەیانیان كاتێک ڕۆژنامەكە بڵاو دەكرایەوەو جارێكی تر دەمخوێندەوە، هەستم دەكرد ویژدانم ئاسودەیەو ئەو كارەی ئێمە دەیكەین جێی خۆی گرتووە یان جێی خۆی دەگرێت. زۆر جار توانیومانە ماف بۆ ماف زەوتكراوێك بگەڕێنینەوە، چەواشەكارییەك ڕاست بكەینەوە، ڕا، سەرنج، پێشنیار و ڕەخنەی كەسانێك بڵاو بكەینەوە كە ئەگەر هاوڵاتی نەبوایە بڵاو نەدەكرانەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دوابەدوای ئەوە، ئەوەندەی تر كێشە، گرفت، مافخوران، ڕەخنە، سەرنج و پێشنیار دەهاتنەوە بەردەممان و دەبوایە دیسانەوە وەك ئەوەی هیچمان نەكردبێت دەست پێبكەینەوە، هەمان پرسیار دووبارە خۆی قوت دەكردەوە كە «ئێمە چی دەکەین؟» بەدوای هاوڵاتیشدا گۆڤاری لڤین و ڕۆژنامەی ئاوێنە دەركران و وردە وردە تا دەهات فەزای ڕەخنەگرتن فراوانتر دەبوو؛ ئەمە وایكرد كەسانێك كە بۆخۆیان سەرقاڵی دونیای سیاسەت بوون، بگەنە ئەو باوەڕەی كە پرۆسەی ڕەخنەگرتن بێ ئەنجامە و گۆڕانكاری درووست ناكات. هەربۆیە بیریان لە درووستكردنی هێزێكی سیاسی جێگرەوە كردەوە. لە ئاكامی ئەم بیركردنەوەیەش بزوتنەوەی گۆڕان دامەزرا. ئەم هێزە سیاسییەش توانی هەر لە یەكەم هەڵبژاردندا ٢٥٪ی دەنگەكان بۆ خۆی بەدەست بهێنێت(من بڕوام وایە ئەگەر پرۆسەی هەڵبژاردنەكە پاك و بێگەرد بوایە، زۆر لەو ڕێژەیەش زیاتر دەنگیان بەدەست دەهێنا). بزوتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی سیاسی ئۆپۆزسیۆن دامەزرا و كەوتە كار. ئەوانیش ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتی سیاسی و حوكمڕانی هەرێم بەشی هەرە زۆری گوتاری میدیایی و سیاسییەكانیانی داگیر كردبوو. بوونە مایەی دروستبوونی هیوا لای زۆرینەی خەڵك و بۆ منیش دڵخۆشكەر بوو؛ باوەڕم وابوو كە ئەو كارەی ئێمە دەیكەین جێگای خۆی گرتووە. دوای چەندین كێشمەكێش و ململانێی سیاسی مەترسیدار كە زۆرجار مەترسی خوێنڕشتنی لێدەكرا، دواجار ئاكامەكەی بەوە گەیشت كە ئێستا لای هەموومان ڕوونە و بزوتنەوەی گۆڕانیش دوای كۆچی دوایی (نەوشیروان مستەفا) دامەزرێنەر و كەسایەتی كاریزمی بزوتنەوەكە لە جێگای ئومێدەوە بووەتە مایەی بێهیواییەكی گەورە. سەرئەنجام هێزێكی سیاسی كاریگەری وەك بزوتنەوەی گۆڕانیش نەیتوانی دەستكاری فەزای سیاسی و حوكمڕانی دونیای ئێمە بكات و دۆخەكە وەك خۆی مایەوە. لێرەدا هەمان پرسیار دیسانەوە خۆی قوتكردەوە كە «ئێمە چی دەکەین؟» ٣٠ ساڵ زیاتر بەسەر ئەزموونی حوكمڕانی كوردیدا لە هەرێمی كوردستان تێدەپەڕێت، هاوتەریب ٣٠ ساڵ زیاتریشە پرۆسەی ڕەخنەگرتن بەردەوامە، بەڵام سەرئەنجام گەیشتووین بەكوێ؟! وەڵامی ئەم پرسیارە لای زۆربەمان ئاشكرایە، گرفتی بونیادی، كێشەی سیاسی ناوخۆیی، گەندەڵی، نادادی، فەزای میدیای چەواشەكار، نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری ڕاستەقینە وەك خۆی ماوەتەوە. ئەمانەو دەیان كێشەی دیكە تەنها فۆرم و بیانوەكانیان گۆڕاوە، ئەگەرنا لەبنەڕەتدا كێشە بونیادیەكان وەك خۆیان ماون و هیچ لە مەسەلەكە نەگۆڕاوە و پەرتەوازەیی سیاسی و نەبوونی ئەجێ.
پەیكار عوسمان (٤) لەشفرۆشی و قومارو هاوڕەگەزخوازی و ئەم شتانە، هۆکارەکەی هەرچی بێت، چارەسەرەکەی شەڕی بەدر نیە، چونکە لە شەڕا لە شتەکان تێناگەیت، خۆ ئەگەر شەڕەکە بەرگی موقەدەسی لەبەرکرێ، ئەوە ئیمکانی تێگەیشتن هەر نامێنێ، چونکە "شەڕ و موقەدەس" دوو دیواری دەروونی زۆر ئەستورن لەنێوان تۆ و بابەتداو نایەڵن ساتی بابەتیبوون و ڕاستەوخۆیی ڕووبدا! "ڕاستی" سرکەو بەقەت "ڕاستیخوازی" خۆت لێتەوە دەرئەکەوێ. چەنێک بەدوای ڕاستی شتێکەوە بیت، هەر ئەونە ڕاستی ئەو شتەت بۆ دەرئەکەوێ، چەنێکیش خەریکی شەڕبیت، ئەونە ڕاستی شتەکەت لێ ون ئەبێت، چونکە تۆ خەریکی ڕاستی نیت و خەریکی شتێکی تریت. ڕێگای "چارەسەر" بە ناو تێگەیشتندا ئەڕواو ڕێگای شەڕ ڕێگای ناتێگەیشتنەو ڕێگای چارەسەر نیە. ئایین، سەرەتا "چاوی پیرۆزیی" ڕووکردە دەرەوەو ئەمەش کێشەیەک نەبوو، چونکە لەو مێژووەدا، هێشتا کایەکان تێکەڵەو ئاینیش عەبای هەموویەتی. بەڵام کاتێ دەورانی مێژوو ئەگۆڕێ و کایەکان سەربەخۆیی وەرئەگرن، ئیتر عەبای ئاین هەر بەقەت جەستەی ئاینەو ناکرێ بیدەی بە شانی کایەکانی تردا. "ئیسلامیزم" ئەم گۆڕانەی مێژوو نابینێ و هەر بەزۆر ئەیەوێ عەباکەی ئاین بداتەوە بەسەر شانی شتەکاندا، کە لێرەدا تەنیا کایەکانی تر تاریک نابن، بەڵکو عەباکەی ئاینیش ئەدڕێ و یەک دنیا کونی ستەم و نیفاقی تێ ئەبێ! مەسەلەن "جێندەر" قابیلی لێکۆڵینەوەیەو تۆ مەجبور نیت بەبێ جوین قوتیدەی، بەڵام جوینێک بە عەقڵی ڕەخنەیی، نەک بە عەقڵی ئاینی، چونکە ناکرێ شتێک بکەیت بە "بابەت" بەڵام "نابابەتی" مامەڵەی لەگەڵ بکەیت. خۆ مرۆڤ لەت ناکرێ و تۆ ناتوانی ئاینداربیت و نائایینیانە بیربکەیتەوە، بەڵام ناکرێ فرەڕەهەندیی خۆت لەدەست بدەیت و وابزانیت تۆ تەنیا ئاینیت و ئاینیش هەرئەوەیە کە سەلەفی و کۆمەڵ و یەکگرتوو تێیگەیشتووە. بەڵێ تۆ ئاینداریت، بەڵام هێشتا مرۆڤێکی فرەڕەهەندیت، هێشتا شتێک هەیە پێیئەوترێ عەقڵ، ئەتوانی بەکاری بهێنیت و تێگەیشتنی ڕەسەن و جیاواز بەرهەم بهێنیت. عەقڵیش یەک عەقڵ نیە، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە عەقڵی غەریزی و عەقڵی زانستی و عەقڵی ئاینی و عەقڵی فەلسەفی و عەقڵی هونەری و عەقڵی سیاسی و عەقڵی کۆمەڵایەتی.. ئاگاداربە، "لە مرۆڤخستن" ڕێک بریتییە لە "لە عەقڵ خستن"، لە عەقڵخستنیش ڕێک بریتییە لە (لە فرەیی خستن)! لەکوێدا یەک ڕەهەندی عەقڵ، ئینقیلابی کرد بەسەر فرەیی عەقڵدا، لەوێدا ناعەقڵانیەت دەستیپێکردوە. لەکوێدا تاکە دیدێک، سپی کراو دەرەوەی ئەو دیدە ڕەش و بێئەخلاقی بوو، ئا لەوێدا بێئەخلاقییەک دەرهەق بە فرەڕەهەندی ئینسان و ژیان ڕوویداوە. هیچ مرۆڤێک ناتوانرێ کەر بکرێ، ئەگەر سەرەتا کورتانی "تاکڕەهەندی" نەدرابێ بە کۆڵیدا. تاکڕەهەندیش لە دۆخی ترس و شەڕو تەقدیسدا دروست ئەکرێ. هەمان وێنە لە گۆشەی ناترس و ناشەڕو ناموقەدەسەوە، سەیرێکی تری بکە، تێگەیشتنێکی تر بەرهەمدێ و ئیتر تۆ و وێنەکەش لە قۆرخکاری بینینە باوەکە ئازاد ئەبن. کاتێکیش ئەمە ڕووئەدا، خواو ئیمان و ئاین و ئەخلاق، هیچی لێ کەم نابێ، هەر تۆزێ بازاڕی دنیبازەکان کز ئەبێ! فەرقیشی نیە وێنە تاکڕەهەندەکە بە چ ئایدۆلۆژیایەک دروستکراوە، ناسیۆنالیستی ئیسلامیستی کۆمۆنیستی ئاپۆیستی فێمینیستی.. گرنگ ئەوەیە ئیتر تۆ بەس ئەم چاوەت هەیە، کە چاوی خۆت نیەو لێت بارکراوە. وێنەکانی ئەو چاوەش وێنەی واقع نیە، بەڵکو مۆنتاجکردنی دنیایە بە تەفسیرە ئایدۆلۆژییەکە. "موقەدەس" هیچ وتراوێک نیە، بەڵکو ساتێکی ئازادە کە وتەی ڕەسەنی تیا ئەوترێ. موقەدەس ئەو بینینەیە کە تەسلیمی بینی باوی کۆمەڵگا نابێ، پێغەمبەرانیش ئا لەوێوە ڕوانیویانە، بۆیە توانیویانە گۆشەی نوێ ببینن و وتراوی نوێ بڵێن. لەوێشدا ئیتر ڕۆحی ئازادو بیری ڕەسەن ئەدوێ و ئەوە ساتەکەیە کە ئازادو پیرۆزە، نەک ئەوەی کەسەکەو وتراوەکەی پیرۆزبێ. ئەو ساتەش ئۆفەرێکی ناکۆتا کراوەیەو ماڵی ڕاستەقینەی مرۆڤە. هەموومان ئەتوانین لەوێوە دنیا ببینین، ئەگەر ئامادەبین دەمارگیرییەکانی خۆمان بکوژین و خۆمان بدەینە دەست ساتە ئازادەکان و نەترسین لەوەی کە لەوێدا چی ئەوترێ و چی دێتە سەر زمانی دڵ. هایدیگەر ئەڵی زمان ماڵی بوونە، زمانی مەرحەبایی و ژیانی ڕۆژانە نا، بەڵکو زمانی ساتە ڕەهاو ئازادەکان! وەحی بریتییە لەوەی کە نەترسی لەوەی ڕۆح چی ئەڵێ و ئازادیکەیت، وەحی هیچ نیە جگە لە ساتێکی ئازاد، کەچی "وەحیگەراکان" دوژمنی سەریان ئازادییە! ئیتر هەرگیزیش لە وەحی و لە ئازادی بەهرەمەند نابن، چونکە هەردوکی هەر یەکەو "ترس" دەرگای هەردوکیانت لێ دائەخات! تێگەیشتن پێویستی بە خۆکوژییە، ئیگۆ یەکێ لە دیوارە بەرزەکانی نێوان تۆ و تێگەیشتنە، شەڕیش ئەو دیوارە تەواو بەرزئەکاتەوەو ئیگۆیەکی (خۆ بە ڕاستزان)ی مەغرورت بۆ دروست ئەکات، کە یەقینی هەیەو پرسیار و گومانی نەماوە. ئاخر ئایدۆلۆژیا شەڕی هەیەو شەڕیش بە پرسیارو گومانەوە ناکرێ، بۆئەوەی عەسکەرێکی باشی ئایدۆلۆژیابیت، ئەبێ ئەو فیوزەت بسوتێنرێ. ئێ پرسیارو گومانیش کەرەستەکانی بیرکردنەوەن، یەعنی لە شەڕو جەمسەرگیرییدا، تۆ عەقڵت لێ زەوتکراوەو بە خۆت نەزانیوە! یەعنی مەسەلەکە ئەوەنیە جێندەر باشە یان خراپ، گریمان دوای کۆششێکی عەقڵانی، ئەگەینە ئەوەی کە زۆر خراپە،، بەڵام کێشەکە ئەوەیە شەڕو جەمسەرگیری نایەڵێ بچینە ناو پرۆسە عەقڵانییەکەو بە پرۆسەی وروژاندن و ترساندن و کەراندندا ئەبرێین! بۆچی قۆناغی زانست لە هەموو قۆناغەکان ڕۆشنترە؟ چونکە مرۆڤ لە زانستدا گەیشتە "عەقڵی خۆکوژی" کە هەمان عەقڵی نوێبوونەوەیە. زانست ئیگۆی نیە، یاخود ئیگۆیەکی تەنکی هەیەو ئاسان ئەتوانێ خۆی بکوژێ و تیۆرێک بخاتە جێگای تیۆرێکی تر. بەڵام ئیگۆی خۆبەڕاستزانی ئایدۆلۆژی، هەموو ئەوانیتر ئەکوژێ بەس بۆ ئەوەی خۆی بمێنێتەوە. قورئان لە شوێنێکدا بە یەهود ئەڵێ خۆتان بکوژن، ئەوە خۆکوژی جەستە نیە، خۆکوژی ئیگۆیە، چونکە ئیگۆی ئەوان زۆر فووی تێ کرابوو. جا مرۆڤی موسوڵمان، زۆر سادەو ئامادەیە بۆ خۆکوژی، ئەوەی کە نایەڵێ خۆی بکوژێ و بەردەوام فووئەکاتە ئیگۆکەی، دینبازییە! دینبازی، بە جوملە ئیگۆی "گەلی هەڵبژاردەت" لادروست ئەکاو بە تاکیش ئیگۆی "خۆ بە چاکزان"، ئیتر خەڵک بە تاک و بە کۆ، لەناو واقعدا ئەژی و پێش ئەکەوێ، تۆش بە تاک و بە کۆ لەسەر ئەو دوو وەهمە ئەخەویت و ئەکەویتە دەرەوەی مێژوو. ئەو دوو وەهمەش تەنیا وەسیلەی گەمژاندنەو مێگەل بارئەهێنێ بۆ کەهەنەو سەڵاتین، هیچ ڕەبتی بە ئەخلاق و ئیمان و خواناسییەوە نیە! هەڵبەتە ئەو یارییە، بە هەموو ئایدۆلۆژیاکانی تریش ئەکرێ، فەرقەکە هەر ئەوەیە، یزمەکانی تر، وەکو ئیسلامیزم، دومبەڵەو ئەزنیفەکەی خۆیان ناونەناوە یاری خوا. یاری هەمووشیان هەر (میتافیزیک و وروژاندن و تەقدیسە) تەقدیسی نەتەوەو چین و حیزب و شۆڕش و ئایدۆلۆژیاو سەرکردە.. بەڵام کەسیان وەکو ئیسلامیزم نوقتەی زوعفی ئینسانی نەگرتووە لە دایکی هەموو میتافیزیکەکانەوە، کە ئاینە. سادەترین نمونە، جۆرێک لە دەنگ بەرزکردنەوە هەیە، ئەگەر یەکێ لەو سەر جادەیە وا قسەت لەگەڵ بکات، قبوڵی ناکەیت و ڕێک ئەکێشی بە دەمیا، بەڵام هەمان کەس، بە بەرگی دینەوە ئەتوانێ وا قسەت لەگەڵ بکاو تۆش قبوڵی ئەکەیت! ماویەتی لەودیوی سۆزانیبازو دینبازەوە (٣) ئەگەرچی پەڕینەوە لە میزاجی کەسەوە، بۆ دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و کاری دەزگایی و دەستووری، خاڵێکی گەشی مێژووی مرۆڤایەتییە، بەڵام لات سەیر نەبێ، پێشڕەوییە کەسییەکان و پاشەکشێ دەزگاییەکانی لای خۆمان، بە شتێکی باش ئەزانم، لەپێناو ڕاستی. بۆ ئەوەی چیتر ئەو درۆیە کۆتایی بێت، کە دەسەڵاتدارەکان، خۆیان لە پشتی دەزگای کارتۆنییەوە بشارنەوە. دیموکراسی و دەزگاییبوونی ڕاستەقینە، لە کۆتاییهاتنی یارییە درۆیینەکانەوە دەستپێئەکات. جا وا باشە ماسکی ئەزموونەکەمان بکەوێ و بچێتە سەر پلێت، بۆئەوە نا کە تەسلیمی خێڵ و بنەماڵەکان ببین، بەڵکو بۆ ئەوەی چیتر ڕەخنە لە خودی پلێتەکە بگرین، نەک شەڕ لەگەڵ کەڤەرە گاڵتییەکان بکەین. بابەتێکی زانستیم کەوتە بەرچاو، ئەڵێ ئەو خانە دەمارانەی کە (پرسە ئاینییەکان و پرسە سێکسییەکان) ئەوروژێنن، هەمان ناوچەیە لە مێشکدا.. شتێکی سەیرنەبوو بەلامەوە، چونکە لە واقعیشدا هەر وایە. هەر بەڕاست باسە سكسییەکان نەبووایە کاهینەکان چییان ئەکرد؟! لەڕاستییدا ئاینی کاهینەکان هیچ نیە جگە لە گرێیەکی سێکسی پیرۆزکراو، ئاینی ڕاستەقینەش، کافربوونە بەو ئاینە گرگنەو بەرزبوونەوەیە بۆ ئەو ئاگایی و عیشق و ئیمانەی کە لای عارف و حەکیمەکان هەبوو، کە ئەوەش لەناو مرۆڤ خۆیدایە، نەک لە هیچ دوکان و پەرستگایەک. ئەو ئایینەی کە لە کابول خوێندنی کچان قەدەغە ئەکا، ئاینی گرێ سێکسییەکەی پیاوە، نەک ئاینی مرۆڤێکی ئاگاو خوایەکی نوور. ئەو ئاینەی کە یەکسانی ژن و پیاو هەزم ناکاو فێڵبازانە "هاوڕەگەزخوازی" ئەکاتە پاساوی لێدانی "یەکسانی جێندەری"، ئا ئەوە ئاینی دەسەڵاتی پیاوسالارییە، نەک ئاینی حەقی خوایی. جیاکاریی ستوونی، مەشروعی هێزو زاڵیتییە نەک مەشروعی حەق. مەشروعی حەق ئاسۆییەو لە حەقدا خواش دێتە پەیوەندی ئاسۆیی و ئەبێتە خەلیل و هاوڕێ ی ئیبراهیم، کەچی کاهینی پیاوسالار، واز لە خوایەتی ناهێنێ و نابێتە هاوتاو هاوڕێ ی ژن. ڕووکەشبینی ئیسلامییەکان، تەنیا حیکمەتەکانی ناو قورئانی نەکوشت، بەڵکو حیکمەتی ناو ئەفسانەکانی تریشی مراند. هەر دەمئەکەنەوە ئەڵێن تەورات تەحریفکراوە، چونکە لە تەوراتدا خوا لەگەڵ فڵان پێغەمبەر پیاسە ئەکا.. لەکاتێکا ئەوە جوانترین و ئەدەبیانەترین وێنەی پەیوەندی مرۆڤ و خوایە. ئەوان خوایەک هەزم ناکەن هاوڕێ ی مرۆڤبێ و مرۆڤێکیش قبوڵ ناکەن هاوڕێ ی خوابێ، بەڵکو ئەبێ خوا سەدام بێت و مرۆڤەکانیش جوندییەکی ترساوی شەڕەنگێز. خوا چاکەیەو چاکە لەناو خۆماندایە، ببین بە هاوڕێ ی چاکە، ئەبینە هاوڕێ ی خوداو ئیتر پیاسەشی لەگەڵ ئەکەین و چاشی لەگەڵ ئەنۆشین، چونکە ئیتر ئەوەی کە چایەکە ئەنۆشێ و ئەوەی کە چاکە، هەر یەکە. تەوحید ئەوەنیە ژمارەی بتەکان کەمبکەیتەوە بۆ یەک و ناوی بنێ ی یەهوا یان ئەڵڵا.. تەوحید ڕۆحی تۆیە ئەو کاتەی ئەگاتە دۆخی پیاسەکردن لەگەڵ خودا. ئا لێرەدا مەسیحییەت لە دینەکانی تر باشتر لە شتەکە تێگەیشت، بەو مانایەی کە خودا نابێ شتێکی جیابێ لە مرۆڤ، بەڵام لەوێدا تێکیاندا کە مرۆڤێکیان جیاکردەوە لە مرۆڤەکانی ترو کردیانەوە بە خودا، لەکاتێکا چاکبوون و خوداییبوون ئیمکانێکی کراوەی هەموو مرۆڤەکانە. ئەگەر بچینە لای دەروونە سیانییەکەی فرۆید: (ئید و ئیگۆ و سوپەرئیگۆ)، ئاینی کاهینەکان، ڕێک ئاینی ئیدە، هەموو شت بە غەریزە تەفسیر ئەکا، پاداشتەکانی ئەودنیاشی هەر سێکس و خواردن و خواردنەوەیە، کە داواکارییەکانی ئیدە. ئەو بەهەشتەی ئادەمی لێدەرکرا، قۆناغی ژیانی ئاژەڵیی بوو، کە ئەخۆیت و ئەخۆیتەوەو سێکس ئەکەیت و نەمریشی، چونکە هۆشیار نیت بە مردن. کاتێ مرۆڤ هۆشیاربووەوەو لە سێوی مەعریفەی خوارد، ئیتر زانی مردن هەیەو لەو کاتەوە بۆ نەمری ئەگەڕێ. بەهەشتی کاهینەکان بەهەشتی مرۆڤ نیە، بەهەشتی ئاژەڵە، پشیلەیەک ئەخواو ئەخواتەوەو سێکس ئەکاو "نەمریشە" چونکە نازانێ مردن چیە. کاهینەکان ئەوەیان ناونا بەهەشت، یەعنی ئەو قۆناغەی کە مرۆڤ بە پەرەسەندنی مەلاین ساڵ تێیپەڕاند، لە ئەخیرا ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوێ و ئەبێتەوە بە حەیوانەکەی پێش ئادەم! با ئید غەریزەبێ و ئیگۆ عەقڵبێ و سوپەرئیگۆ ئەخلاقی کۆمەڵگا بێت. پێغەمبەرو حەکیمەکان، ئەوانەن کە لە خۆیاندا هاوسەنگی ڕوویداوەو تەعدیلی سوپەرئیگۆیان کردۆتەوە بە ئیگۆیەکی عاقڵتر لەوەی کە هەیەو باوە. کاهینەکان بە پێچەوانەوە، سوپەرئیگۆیان هێناوەتە ئاستی ئیدو بەوەش ئیگۆ عاقڵەکەیان کوشتووە. قەت لە خۆتت پرسیوە بۆچی پێغەمبەران هەمیشە تەنیابوون، بەڵام کاهینەکان هەمیشە دەوریان قەرەباڵغە؟ چونکە داناکان دەسکاری ئەو سایکۆلۆژیا ئیدییە ئەکەن کە کۆمەڵی لەسەر گیرساوەوتەوە، بەڵام کاهینەکان ڕێک نوێنەری ئەو سایکۆلۆژیا ئیدییەی خەڵکەکەن و پاریزگاریی لێ ئەکەن! لێرەشەوە ئیتر شەقوەشێنەکە شەرت نیە سەلەفی بێت، بەڵام سەر بە هەمان سوپەرئیگۆی کاهینەکانە. کاتێ (ژن لەش سێکس) ئەبێتە گرێ و تابۆ و هەموو ئەخلاقی پێوە ئەبەسرێتەوەو کۆی سوپەرئیگۆی لەسەر بینائەکرێ، ئیتر شەقاوەیەکی حەشیشخۆرو نوێژکەرێکی موحتەرەم، فەرقی نامێنێ و هەمان سایکۆلۆژیاو عەقڵیەت و گرێ، لەناو هەردوکیاندا کارایە. هاوپەیمانییەکی ڕانەگەیەنراو لەنێوان خێڵ و کاهین و دەسەڵات و عامەی خەڵکدا هەیە بۆ پاریزگاریکردن لە سوپەرئیگۆی پیاوسالاری، لەو پێناوەشدا بە هاوڕەگەزبازی و قەحبەبازی و بێئەخلاقی ئەوترسێنن، لەکاتێکا دوای ئەخلاقی پیاوسالاری، ئێمە ناکەوینە ناو بێئەخلاقییەوە، ئەکەوینە ناو ئەخلاقێکی مرۆڤانەترو هاوسەنگترو خواییترەوە. ئەگەر تەعدیلی سوپەرئیگۆ، کارێکی نائەخلاقیی بێت، کەواتە هەموو پێغەمبەران بێ ئەخلاق بوون، چونکە پێغەمبەرایەتی هیچ نیە، جگە لە پرۆسەی ئەپدەیت و تەعدیلکردنەوەی سوپەرئیگۆی باوی کۆمەڵگا. ئەمر بە مەعروف، یەعنی هێشتنەوەی کۆنێک کە شایەنی مانەوەیەو هاتنی تازەیەک کە شایەی هاتنە. نەهی لە مونکەر، یەعنی تێپەڕاندی کۆنێک کە شایەنی تێپەڕاندنەو بەرگری بەرامبەر تازەیەک کە شایەنی نەهاتنە. ئەوە یاسای ئەپدەیتی سوپەرئیگۆیە، کە پێش مۆدێرنە، پێغەمبەرو حەکیمەکان کردویانە، دوای مۆدێرنەش لەبری "شەخس" دەزگاو دەستور کارەکە ئەکەن. بەڵام کاهینەکان یاساکە بە هەڵگەڕاوەیی بەکارئەهێنن. ئەوەی کە پیویستە بێت، نایەڵن بێت، ئەوەی کە پێویستە بڕوا، نایەڵن بڕوا. ئیتر لەبری ئەوەی ئیگۆیەکی ئازادی عەقڵانی ئەپدەیتی سوپەرئیگۆ بکاتەوە، ئیگۆیەکی ترساوی ئیدیی، توند دەسئەگرێ بەوەوە کە هەیە. ماوەیەتی
مەریوان وریا قانع لە پەیوەندیدا بە سیاسەتی هەرێمەوە، من تا ئێستا دەیانجار پێم لەسەر دوو خاڵی ترسناک داگرتوە، کە بەداخەوە ئەوەی ڕۆژانە لە هەرێمدا ڕووئەدات هەردووکیان بۆ جاری سەدهەمین، دەسلەمێنێت. یەکەمیان ئەوەیە کە شتێک بەناوی «شەرمی سیاسیی» و «شەرمی ئەخلاقیی»ەوە لەناو سیاسەتی هێزەکانی هەرێمدا نەماوەتەوە. هیچ حەرامێکی نەتەوەیی، نیشتیمانیی و ئینسانیی نەماوە ئەم هێزانە نەتوانن ژێرپێینێن، یان سڵ لە شکاندنیان بکەنەوە. دووهەمیان ئەوەیە شتێک بەناوی «مەسەلەی کورد» یان «مەسەلەی کوردستان»ەوە لە سیاسەتی ئەم حوکمڕانانەدا بوونی نەماوە، ئەوەی هەیە سیاسەتی پاراستنی پێگە و سود و قازنجی ئەو خێزان و بنەماڵە و نوخبە حوکمڕانەیە کە وڵاتەکە و دانیشتوانەکەی وەک موڵکی شەخسی خۆیان دەبینن و بەکاردەهێنن. هەموومان دەزانین لەناو پراگماتیزمی سیاسیدا دەشێت هەندێک کار و کردەوە ئەنجامبدرێت کە هێزەکان لەناچاریدا ئەنجامیبدەن. لۆژیکی کەمکردنەوەی زیان و پاراستنی ژیان وابکات هەندێک تەنازولات و هەندێک مساوەماتی تایبەت بکرێت کە لەگەڵ هەندێک پرنسیپی ئەخلاقیدا نەیەتەوە. بەڵام ئەمە شتێکە تەواو جیاواز لەوەی کۆی هەموو سنوورە ئەخلاقییەکان ببەزێنیت و شتێک ئەنجامبدەیت، بە تایبەتی بە شێوەیەک ئەنجامیبدەیت، کە بچێتە خانەی داڕمانێکی ئەخلاقی سەرتاسەریی و ئیهانەکردنێکی گەورەوە بەو کۆمەڵگایەی حوکمڕانی بەسەریەوە. یادکردنەوەی قاسم سولەیمانی لە هەرێم بەو شێوەیەی بینیمان، دەچێتە خانەی داڕمانی ئەخلاقیی و بەزاندنی هەموو سنوورەکان. ئەوەی سیاسییەکانی هەرێم اەنجامیئەدەن پراگماتیزمی سیاسیی نییە، بەڵکو نیشاندنی کۆیلایەتییەکی تەواو و خۆ بە ڕەعیەتکردنی وڵاتانی دراوسێیە. ئەمانە وەک هێزی سیاسیی میلەتێک ناجوڵێنەوە کە لانیکەمی ڕێزی بۆ میژووی خۆی و بۆ مێژووی برینەکانی هەبیت، بەڵکو وەک گوردانێکی بچوکی ئەو دەوڵەتانە و وەک فەیلەقێک لە فەیلەقەکانیان دەجوڵێنەوە. یادکردنەوەی قاسم سلێمانی، لە ناجارترین شێوەیدا، دەکرا لە ڕێگای ناردنی بروسکەیەوە بوایە، نەک بەو شێوە پڕ ئیهانەکارییەی لە هەرێمدا نییشاندرا. هەر سیاسەتێک شەرمی سیاسیی و ئەخلاقیی و مەسەلەی گشتیی کۆمەڵگا و میلەتی، تیانەما، وەک سیاسەتەکانی هەرێمی لێدێت. هەرێمەک بووە بە باخچە و کێڵگەی کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵەی سیاسیی، کە خەمی ئەوەیان نیەی پێ بەسەر کەرامەتی دەستەجەمعیی هەموو خەڵکەکەیدا بنێن.
(لە پەراوێزی بەشداریی سەرکردەکان لە ساڵیادی قاسم سولەیمانیدا) هەردی مەهدی پیاهەڵدانی سەرکردە سیاسییەکان بۆ ئێران و بەشدارییان لە بۆنەکانیدا، لەسەر خاکی هەرێم، بووەتە موجامەلەیەکی سیاسیی دوولایەنە هیچ لایەکیان باوەڕی بەوی دیکە نییە، بەڵام هەر ئەنجامی دەدەن، چونکە هونەرێکی ناوێت و هەمانکات هونەریی پەیداکردنی کورسیی تەزویر و پۆست و وەزیری و پێگەسازییە! حساباتی «حیزبە کوردستانییەکان» لە دووڕەوە لە موجامەلەکردنی ئێراندا هەڵەیە و بۆ بەرژەوەندیی کورتمەودا و کورسیی دابینکردن و تەزویری هەڵبژاردن ڕێگەی هەڵدێر و خواربوونەوە هەڵدەبژێرن، خۆیان دەخەنە نێو هاوکێشە پرۆئێرانییەکەوە: یەکەم: هەژموونی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان زۆر لا گەورەکراوە و لە ریتۆریکێکدا هێندەیان دووبارە کردۆتەوە خۆشیان باوەڕیان پێهێناوە، لە کەمترین هەنگاودا ستراتیژێکی یەکگرتوو و هاوپەیمانێتییەک لەسەر بنەمای تەنانەت بەرژەوەندیی خۆشیان نەک کوردستان پێکبهێنن، دەتوانن زۆر زیاتر بە ئێران بکەن لە کاتێکدا ساڵانێکە تەنها ئێران بە ئەمان دەکات. دووەم: لەم دۆخەدا بەداخەوە هێزە کوردستانییەکان لە بری بیرکردنەوە لە ئایندەی نێوچەکە و دیموکراتیزەکردنی ئێران و مافی نەتەوەیی و بگرە دینی خەڵکی کوردستان و پاشتیوانی لانیکەمی ڕۆژهەڵات، لە نێوان شەقامی ئێرانی ناڕازیی و مافمیحوەر و دەسەڵاتی ئیستیبدادی دابڕاو لە کۆمەڵگەکەی خۆی، ئەوەی دووەم هەڵدەبژێرێن، لەکاتێکدا کۆتاییەکەی دیارە و ئەم هێزانە لە کورتترین پێناسەدا لەگەڵ ئامانج و دروشمیاندا درۆ لەگەڵ جەماوەرەکەیاندا دەکەن! پشتکردنە خەڵک و پشتیوانی دەسەڵاتی ئێران بۆ ئیسلامییەکانیش ڕێک وەک ئەوەیە لە نێوان ئیخوان و خەڵکی میسری چەوساوەدا تۆ بچی لایەنگری ناسر بکەیت و لە پرسەی حوسنی موبارەک و سیسیدا دوو ڕۆژ بەپێوە بووەستیت! (ڕۆحی ناسری_سوبحانی و ئەحمەدی_موفتیزادە شاد بێت) لە ئێراندا و بگرە لە شارەکانی ئێراقیشدا بە ڕێژەیی پەیکەر و بیلیبۆردی قاسم_سولەیمانی نەما نەسووتێنرێت، بەڵام لێرە تازە پرسەکەی گەرم دەکەن! دیارە ئەمانەی لای ئێمە دایەنی دڵسۆزترن لە دایک و لە پاپاش کاسۆلیکترن! خۆ من دەزانم ئێستا هەر ئەم سەرکردە بەناو کوردانە بۆ ساڵیادی تیرۆرکردنی دکتۆر قاسملوو یان زیندانیکردنی دەمیرتاش بانگهێشتیان بکە، ناوێرن و خۆیان دەدزنەوە! بە گشتیش هێزە پرۆ ئێرانییە کوردییەکان یان ئەوانەی دەیانەوێ ببنە پرۆئێرانی! کورتبینیشین لە بینینی ئاسۆی پەیوەندییە کوردستانییەکاندا، چونکە لە داهاتوودا کاتێ کۆمەڵە و دیموکرات بۆ نموونە گەڕانەوە ڕۆژهەڵات هەژموونی هێزێکی وەک دیموکرات (ئەگەر تەنها سەدا سیی هەواداریشی هەبێت)دوو هێندەی پارتی دیموکرات و یەکێتیی نیشتمانی و پێنج هێندەی یەکگرتوو دەبێت، ئاخر ڕۆژهەڵاتی_کوردستان دە ملیۆنە خۆ ئەمە دەزانن!
فەرهاد حەمزە ئاشكرایە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014 بەدواوە دوچاری دۆخێكی ئابوری خراپبووەتەوە كە دەتوانرێت خراپی گریبەستە نەوتییەكان بەهۆكاری سەرەكی بزانرێت. لهم وتارەمدا چەند تێبینییەكی زانستیانە لەسەر ئەو گرێبەستانە دەخەمەڕوو :- 1- ژمارەی گرێبەستەكان زۆر زیاترە لە یەدەگی نەوت و ژمارەی بلۆكە نەوتییەكان كە ئەمەش دەبێتە هۆی بوونی ژمارەیەكی زۆر لە كۆمپانیای نەوتی بیانی لەناو خاكی هەرێم، لەلایەكی تریشەوە توانای كۆمپانیا ناوخۆییەكان پەرتەوازە دەكات. 2- سەقفی كۆتایی بۆ بەرهەمی كێڵگە بەرهەمهێنەرەكان دانەنراوە هیچ ماوەیەكی زەمەنیش بۆ سەقفی بەرهەمهێنان دیاری نەكراوە لەبەرئەوە كۆمپانیا بیانییەكان لەپێناو زۆرترین قازانج رەچاوی مەسەلەی پاراستنی مەكمەنە نەوتییەكان ناكەن هەروەك ئەوەی بەسەر كێڵگەی تەقتەقدا هێنایان. 3- بێ ئەزموونی حكومەتی هەرێم لەبواری دانوستانی گرێبەستەكان بە بەراورد بە كۆمپانیا بیانییەكان كە ئەمەش بە فیڕۆچوونی سامانی نەوتی لێكەوتۆتەوە. 4- لە زۆربەی بەندەكانی گرێبەستەكاندا بەرژەوەندی كۆمپانیاكان لەپێشەوەدایە، ئەویش بەهۆی نەبوونی شەفافیەت، تاكڕەوی لە بڕیاردان، هەڵپەكردن لە بەدەستهێنانی داهات. هەروەها تەسكردنەوەی دەورەكان لەچەند كەسێكی دیاریكراودا لەسەرووی هەموویانەوە ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەكان. 5- نەبوونی پلان لە ئیمزاكردنی گرێبەستەكان كە ئەمەش وایكردووە گرێبەست واژووبكەن كە هەندێكیان زیانیان بە كێڵگە نەوتییەكان گەیاندووە، چەندین سازشیان كردووە تا بڕێك پارەی شیرینیان دەستبكەوێت. 6- لەبەرئەوەی گرێبەستەكان لە بنەڕەتدا نادەستورین و بەبێ رەزامەندی و هەماهەنگی بەغدا ئیمزا كراون، هەربۆیە هەوڵدراوە بە هەر نرخێك بێت كۆمپانیاكان ڕابكێشن بۆ ناو هەرێم. 7- هەرێم هەموو توانایەكی بۆ هەناردەكردنی نەوتی خاو تەرخانكردووە بێ ئەوەی بیر لە پەرەپێدانی پیشەسازی نەوت بكاتەوە هەروەك ئێستا دەبینین دۆخی هەرێم لە سوتەمەنی و كارەبا چۆنە، بەپێی ئەو ئەزموونەی دەوڵەتی عێراق لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان هەیانە لەسەردەمی گرێبەستی ئیمتیازدا، دەبینین ئەم كۆمپانیایانە هەرگیز بەتەنگ پێشخستنی پیشەسازی نەوت (پاڵاوتن و پترۆكیمیاوی و پەین و ئەلەمەنیۆم و... هتد)ەوە نەهاتوون. 8- بە حوكمی ئەوەی گرێبەستەكان لەجۆری هاوبەشن لەڕووی پراكتیكەوە سامانی نەوت بۆ دەیان ساڵ دەكەوێتە ژێر كۆنتڕۆڵی كۆمپانیاكانەوە ڕۆڵی حكومەت لەو ئاستەدا زۆر لاواز دەبێت و ناتوانێت لایان ببات. 9- نەبوونی ستراتیجیەتێكی ئابوری ئیستیسماری كە ئامانجێكی روونی لەپشتەوە بێت تا ئابوری كوردستان پشتی پێببەستێت بەڵكو تەنها ئامانج دەسكەوتی پارەیەو بەس، كە ئەمەش بووە مایەی نەمانی شەفافیەت لە ئیدارەدانی كەرتی نەوتدا دواتر بڵاوبوونەوەی گەندەڵی دارایی و ئیداری. 10- درێژی ماوەی گرێبەستەكان كە هەندێكیان دەگاتە 30 ساڵ. لەم ماوە درێژەدا كۆمپانیاكان كاریگەری خۆیان لەسەر بازاری نەوت دادەنێن و دەبنە تاكە هێز لە بەرهەمهێنان و بەبازاركردندا. 11- سامانی نەوت هی نەوەی ئێستاو داهاتووشە، بۆیە ناكرێت مافی نەوەی داهاتوو پێشێلبكرێت، چونكە ئەم گرێبەستانە دوورمەودایەو كاریگەری خراپی بۆ سەر مافەكانی نەوەی داهاتووش دەبێت. ئەمانە بەشێكن لە خاڵە سەلبیەكانی ناو گرێبەستەكانی هەرێم و ئیتر نازانرێ دەسەڵاتداران لە بێئاگایی یان بەهوشیارییەوە ئەم هەنگاوەیان ناوە، بەڵام تاقە خاڵێك بەلایانەوە روون بووبێت ئەوەیە بۆ پاراستنی كورسی حوكمیان بە سوود دەبێت. لەمەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە هەموو نەهامەتییەكانی خەڵكی كوردستان ئەم گرێبەستانەن كە مشتەی ناو هەمانەكەیە. * سهرۆكی ئهندازیاران لله كۆمپانیای نەوتی باكور
سهردار عهزیز ڕوداوە تیرۆریستییەکەی پاریس، کە دەوڵەتی فەرەنسی نکوڵی لە تیرۆربوونی دەکات، ڕوداوێکی زێدە ئاڵۆزە. هەوڵدەدەین لێرەدا خوێندنەوەیەکی بۆ بکەین. سەرەتا لە ئەنجامدەرەوە دەستپێدەکەین کە پیرەمێردێکی ٦٩ ساڵەی ڕەبەنە هێشتا لەگەڵ باوانە ٩٠ ساڵانەکەیدا دەژی. ولیەم مالات هەموو تەمەنی، هەتا خانەنشینی، لە هێڵی شەمەندەفەر کاری دەکرد. یەکێک لە ئارەزووەکانی ئەوەیە کە چەکی کۆن کۆبکاتەوە. ئەو دەمانچەیەی کە لە ڕوداوە تیرۆریستییەکەدا بەکاریهێنا، دەمانچەیەکی ئەمریکی کۆنە. ولیەم چەند هەفتەیەکی کەم لەمەوپێش لە بەندیخانە بەرەڵاکرا. وەک ڕۆژنامەنوسێکی فەرەنسی پێی گوتم، نازانین بۆ پۆلیس دەستی بە سەر چەک و تەقەمەنییەکانیدا نەگرتوە، لەکاتێکدا ئەو لە جارێک زیاتر هێرشی کردوەتە سەر پەنابەرانی بیانی؟ بۆ ئەم کارانە هێندە بەبێ سزا دەڕوات؟ ئەمە لە ڕاستیدا بووە بە نەریت لە ئێستای فەرەنسادا. هێرش بۆ سەر بیانی کاری ڕەگەزپەرستی ڕوداوی ڕۆژانەی شارەکانی فەرەنسایە. لە پاشخانی ئەم ڕوداوانەوە، دۆخێکی سەختی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتوریی لەئارادایە. ڕاستڕەوی فەرەنسی لە هەوڵی ئەوەدایە کە شەڕی ناوخۆ لە فەرەنسا بەرپا بکات و هەموو بیانییەکان یان بکوژێت یان وڵات بە دەریان بکات. یەکێک لە تیورە باوەکانی ئەم گروپانە تیورەی جێگرەوەیە، کە بیرمەندێکی فەرەنسی بە ناوی کامۆوە Renaud Camus بڕەوی پێداوە. پوختەی ئەم تیورەیە ئەوەیە کە ئەم خەڵکانە نابنە بەشێک لە کەلتوری ئەوروپی بەڵکو دەیانەوێت کەلتورەکەیان ببێتە جێگرەوەی کەلتوری ئەوروپی. ئەمە وەها دەکات کە ڕەگەزپەرستی فەرەنسی زیاتر کەلتوریی و ئەوروپییە، بۆ نمونە ڕەگەزپەرستی بەریتانی ئاستی جیاوازی تری هەیە. پارتێکی وەک یوکەیپی، تەنها دژ بە نائەوروپی نیە، بەڵکو دژ بە هەموو نابەریتانییەکە، بە ئەوروپییەکانیشەوە. ئاسانکاریی بەرامبەر ڕەگەزپەرستان لەبوونی ئەم پشتیوانییە فراوانەوەیە بۆ کردارەکانیان لە لایەن جەماوەرەوە. ئایا ڕوداوەکە چی بوو، هێشتا جێگای مشتومڕە، کوردەکان دەیانەوێت وەک ڕوداوێکی تیرۆریستی ئەژمار بکرێت و دەوڵەتی فەرەنسی دەیەوێت وەک ڕوداوێکی ڕەگەزپەرستی لە قەڵەم بدرێت. لەپشت ئەم ناونانەنەوە کۆمەڵێک پاڵنەری ئاڵۆز هەیە. ئامانجی کوردەکان ئەوەیە کە تاوانەکە وەها بناسرێت کە کارێکی رێکخراوەو دەوڵەت یان گروپی گەورە لە پشتیەوەیەتی، کە تورکیایە. بەڵام دەوڵەتی فەرەنسی نایەوێت تاوانەکە وەها ببینێت. لێرەدا جێگایەتی ئاماژە بە تاوانێکی تر بدەین دە ساڵ لەمەوپێش کاتێک بەکرێگیراوێکی دەزگای میتی تورکی سێ چالاکوانی کوردی کوشت. لە ڕاستیدا کاتێک فەرەنسییە پیرەکە هێرشی کردەسەر ناوەندی کەلتوری ئەحمەد کایا، لەوێدا کۆبونەوەیەکی ژنان بەڕێوەدەچوو بۆ ئامادەکاری بۆ دەساڵەی تیرۆری سەکینەو هاوڕێکانی. ئەم ڕێکەوتە یەکێکە لە ئارگومێنتەکانی کوردەکان کە کابرای فەرەنسی تەنها نەبووەو پلانرێژیی ورد بۆ کارەکەی کراوە. یادی دە ساڵەی کوشتنی سەکینەو هاوڕێکانی و دیزە بە دەرخۆنەکردنی لەلایەن دەوڵەتی فەرەنسییەوە، هۆکارێکی سەرەکی جۆری ناڕەزاییەکانی پاش کارە تیرۆریسییەکەی ڕۆژانی پێشوو بوو. هیچ نەکردنی دەوڵەتی فەرەنسی و داخستنی ئەو فایلە، وەهای لە کوردەکان کرد کە نەتوانن بە ئاسانی بڕوا بە دەوڵەت بکەن کە بە کارەکانی هەڵدەستێت. دەوڵەتی فەرەنسی دەوڵەتێکی ئێجگار بیروکراتیک و ئاڵۆزو ناوەندگەرایە. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ڕەوەندێکی وەک ڕەوەندی کوردی بە ئاسانی نەتوانێت لۆببی بکات، بە تایبەتی کۆمەڵگاو نوخبەی فەرەنسی ئێجگار پەرت و دژ بە یەک و پڕ لە توندوتیژییە. دەوڵەت و دەزگای سیخوری فەرەنسی پەیوەندی ئاڵۆزیان لەگەڵ تورکیادا هەیە. تورکەکان لەڕێگای گورگەبۆرو لۆبیی و ناوەندە دینییەکانەوە کار بۆ نەهێشتن یان سنوردارکردنی ئامادەیی کوردو چالاکییەکانیان دەکەن. ناوەندی کەلتوری کایا، یەکێکە لەو جێگایانەی کە لەژێر فشاردایە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە. لەکاتێکدا کوردەکان دەیانەوێت ناوەندەکە پارێزراوبێت، بەڵام دەوڵەتی فەرەنسی لەبری پاراستن، ناوەندەکەی خستوەتە ژێر چاودێریی و بەردەوام سیخوڕی دەزگای ئینتلجینسیای فەرەنسی لەوێ ئامادەیە بە مایکی شاراوەو هەموو گفتوگۆکانی ناوەندەکە تۆمار دەکات. ڕۆژنامەنوسێکی فەرەنسی پێی گوتم، هەرگیز لەوێ هیچ گفتوگۆیەک ئەنجام نادات، چونکە زۆر ئاشکرایە کە مایکی دەزگای سیخوڕی لەوێیە. کوردەکانی فەرەنسا لەژێر فشاری کۆمەڵێک فاکتەردان، فشاری تورک لە باکور، پلانی تورکیا بۆ هێرش بۆ سەر ڕۆژئاڤا، هەروەها نەبونی ئارامی و ئاسایش لە هەندەران. قسەی کوردێک بۆ ڕۆژنامەی لۆمۆند رەنگە دەربڕی ئەم دۆخە بێت. ئەو دەڵێت: هەست دەکەم کەسێکی بێ وڵاتم، بێ ناسنامەم، بیانییەکم کە لە هەموو لایەکەوە هێرشی دەکرێتە سەر. لەم دۆخە دەرونی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەدا، کوردەکانی پاریس پاش ڕوداوە تیرۆریستییەکە ناڕەزاییەیان دەربڕی بەڵام ناڕەزاییەکان بوون بە توندوتیژیی. هۆکاری ئەم توندوتیژیانە ئەگەر ئاڵۆزی پاشخانەکان و یادەوەرییەکان و باری دەرونی کەسەکان بە هێند وەرنەگریت ڕەنگە ئاسان نەبێت بە باشی لێی تێبگەیت. بۆیە هەندێک توندوتیژییەکانیان بە سودمەند نەزانی بۆ دۆزی کورد، بەتایبەتی کە فەرەنسا وەها دەبینرێت کە مێژوییەکی هەیە لەگەڵ کوردداو دۆستی کوردە. بەڵام ناڕەزاییەکان بە پێوەری پاریس هێندە توندوتیژ نەبوون. گەر بەراوردی بکەیت بە توندوتیژییەکانی هێلەک زەردەکان، ئاسایی بوو. بێگومان ئەم ژینگە توندەی سیاسەتی فەرەنسی و پاریس بە تایبەتی کاریگەری هەیە لەسەر چۆنێتی دەربڕینی سیاسی. ڕەنگە کوردەکان ئەوەیان لە بەرچاوگرتبێت کە ئەزمونەکانی ڕابوردوو ئەوەیان پێدەڵێت کە دەوڵەت بەشێوازی مەدەنی ناخرۆشێت. دەکرێت ئەمە ناوبنێنین دیپلۆماسی زەبر. ئەم جۆرە دیپلۆماسییە ڕەنگە بۆ کاتی کورت، بتوانێت سەرنج ڕابکێشێت بەڵام ئەگەر بەردەوامی هەبێت ئەوا زیانی زیاترە لە سودی، بەتایبەتی بۆ خەڵکێکی بێ دەوڵەتی وەک کورد. ڕوونە لە سیستەمی دەوڵەتداریدا مرۆڤی بێدەوڵەت هەرگیز بارتاقەی مرۆڤی دەوڵەتدار نیە. وەک کەنداڵ نەزان ئاماژەی پێدا، کوردێک وەک چینییەک یان خەڵکێکی تری خاوەن دەوڵەت و هێزنیە، کوشتنی ئاسانە. هەرچەندە فەلسەفەی هەڤاڵان دەیانەوێت بڕوا بەخۆیان بهێنن کە دەوڵەت سەرچاوەی کێشەکانە، بەڵام نە سیستەمی دەوڵەتداریی دونیا بۆ کورد هەڵدەوەشێتەوەو نە گەرەنتی هەیە هەر سیستەمێکی جێگرەوە هێندە باش دەبێت. مەترسی ئەمجۆرە بیرکردنەوە ئەوەیە کە چارەسەرێکی موستەحەیل بکەیت بە ئامانج و نەتوانی لەگەڵ واقیعدا بژیت. کوردەکان پێویستە چەند کارێکی نوێ بکەن؟ یەکەم، لە هەر خۆپێشاندانێکی تردا دەبێت کوردەکان ئاڵای وڵاتی فەرەنساش لەگەڵ خۆیاندا بەرن و لە مەیدانەکاندا بەرزی بکەنەوە. گەر تۆ دەتەوێت دەوڵەتی فەرەنسی و خەڵکی فەرەنسی پشتیوانت بێت و بتپارێزێت، ئەوا دەبێت خاڵی هاوبەش دروست بکەیت. هیچ کارێکیش هێندەی سیمبوڵ پڕ بە مانا نیە لەم ڕوەوە. سالانێک لەمەوپێش کاتێک لە هێرش کرایە سەر جڤاتی چینییەکان، ئەوا نە ئاڵای فەرەنساو گۆرانی فەرەنسی ناڕەزاییان دەربڕیی. ئەمە ئەزمونێکە دەبێت لە بەرچاو بگیرێت. کوردەکان بەداخەوە تەنانەت ناتوانن سیمبولی هاوبەشی خۆشیان هەبێت. دووەم، بۆ ئەوەی ناڕەزایی یان بێزاری پەنگخواردوو، توڕەیی یان توندوتیژی تەرجەمە بکرێت بۆ دەستکەوتی سیاسی دەبێت تیمی دانوستاکاری جیاوازو بە توانا هەبن. لە بەر قوڵی بیرۆکراسیەت و باڵایی فیکریی و پەرتەوازەیی کۆمەڵایەتیی و هۆکاری تر، کارکردن لەناو کایەی سیاسەت و کۆمەڵگای فەرەنسیدا سەختە. زۆر گرنگە تیمی دانوستانکار خاوەن زمانی باڵای فەرەنسی بێت. سێیەم، دەبێت بە ئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ ناوەندەکانی هێز لە فەرەنساو دەرەوەیدا بکرێت. کەم ناوەندی هێز هەیە هەمیشە دۆست بێت یان هەمیشە دوژمن. هەروەها ناتوانرێت گرەو لەسەر نەیارێتییەکان بکرێت. بۆ نمونە ئەگەر حکومەتی فەرەنسی و تورکی کێبڕکێ بکەن، ئەوا مەرج نیە دەزگا سیخوڕییەکانیان هاوکاری یەکتر نەکەن. تورکەکان زۆر سودمەندن لە داعش، بە شێوازی زۆر.
فەهمی حەمەتۆفیق لەسەروبەندى گفتوگۆ و ململانێى بابەتەکانى پەیوەست بە کۆمەڵگەى کوردییەوە بەگشتى، چەندین بابەتى لاوەکى و بیروڕاى سەیر و ناواقیعى بەمەبەست و بێ مەبەست دەخزێنرێتە ناو باسەکانەوەو، هەندێ جاریش ئاوەژووکردنەوەى ڕاستییەکان و، بەلاڕێدابردنى ڕەوتى ئاسایی کۆمەڵگە بەدواى خۆیدا دەهێنێت، ئەوەش پێویستى بە هۆشیارکردنەوەى زیاتر کۆمەڵگەکەمان و، وەڵامدانەوەى خۆى هەیە، کە هەندێ جار وەک تۆمەت و قسەى نەشیاو و بگرە ناوزڕاندنیش بەدواى خۆیدا دەهێنێت.. لەو میانەدا و لەچوارچێوەى ئەو پرسەى ئێستا باڵى کێشاوە بەسەر گفتوگۆى میدیایی و سۆشیاڵمیدیا و رێکخراوەکان و بەپرسیارێتى ئایینى و پەروەردەیی کۆمەڵگادا، پرسى هێنان و ئاساییکردنەوەى بابەتى قێزەونى هاوڕەگەزخوازییە لەناو کۆمەڵگەى کوردیدا و، شاردنەوەى ئەو پرسەش لەچوارچێوەى زاراوەو بیرۆکەى (جێندەر)دا، کە پشتیوانى زۆرى ڕێکخراوەیی و نێودەوڵەتى کراوەو دەکرێت، بۆ بەرەنگارى ئەو هەوڵ و کۆششانەى دژ بە شوناس و نەریت و رەوشت و پەروەردەى خێزانەکان دەدرێت، زۆر لایەن و کەسایەتى و ڕێکخراو و بانگخواز و مامۆستاى ئایینى و، تەنانەت کەسایەتى ئایینەکانى غەیرى ئیسلامیش هاتوونەتە سەر هێڵ و، ئەو رەفتارە بە قێزەون و نەخوازراو نەک تەنها بە کۆمەڵگەى کوردستانى، بەڵکو بە هەموو مرۆڤایەتى دەزانن و دەبێت ڕێگرى لێ بکرێت... بێگومان ئەوە بەرپرسیارێتى هەر تاکێکى هؤشيار و بەئەمەک و پەروەردەکراوى ئەم کۆمەڵگەیە، کە ڕێگرى تەواو بکات و نەهێڵێت ئەو باس و خواسە بخزێنرێتە هزر و مێشکى تاکى گەنج و گەورەو بچوکى کۆمەڵگەوە، تەنانەت ئەوانەش کە خۆیان بە رۆشنبیر و نوسەر و چالاکوان و کەسایەتى غەیرى ئایینی دەزانن و، وەک چۆن ڕازى نین و نایانەوێ مێیینە و نێرینە نزیکەکانى خۆیان لەو ڕەفتارە نەخوازراوەوە تێوەبگلێن، ئاواش نەبنە پەیژەى سەرکەوتنى ئەو هەوڵە نەزۆک و پیسانەى بەو ئاراستەیە دەدرێن.. ئیتر ئەوە پەیوەست نییە تەنها بە ئایینەوە، هەروەها پەیوەستیش نییە تەنها بە ئیسلامییەکانەوە، هەروەک پەیوەست نییە تەنها بە بانگخواز و مامۆستایانى ئایینى بەڕێزیشەوە، بەڵکو پاراستنى خێزان و دەوروبەرى ئەوە ئەخوازێت کەسێک نەمێنێ تەنها (بەڵێ)یەک بۆ کردەیەکى وا قێزەون بکات, ئیتر کاتێک زۆرێک لە تاکى کۆمەڵگە هۆشیار نییە ، یاخود ئاگادارى وەها هەوڵێک نییە و، بیسەر و بینەر و چاودێرى ئەو کەس و هێز و ڕێکخراوانە نییە کە بۆ ئەو رەفتارە نەشیاوە کار ئەکەن، ئەرکەکە دەکەوێتە سەرشانى تاک و هێزە هۆشیار و جەماوەرییەکان کە ئەو رۆڵە ببینن و، ڕێگرى گشتى و جەماوەرى لێ بکەن، ئەوەش لە ئێستادا خۆى لە کەسایەتییە کۆمەڵایەتى و زاناو بانگخوازان و، ڕێکخراوەکانى داکۆکى لە چین و توێژەکانى کۆمەڵگە و، کەسایەتى و هێزە ئیسلامییەکان و رۆشنبیران و چالاکوانى ئەو بوارەدا دەبینێتەوە.. ئەو کەسایەتى و هێزانە، ئەوەندەى خەمى کۆمەڵگە ئامانجییانە و کاریان بۆ کردووەو دەکەن، ئەوندە مەبەستێکى شەخسى و سیاسییان نییە، کە هەر ئەوەش ئامانجییانە و کاریان بۆ کردووەو ئەبێ بیشیکەن، بۆ پاراستنى گەنج و لاو و مناڵانى ئەم کۆمەڵگەیە و نەهێڵن داهاتوویان بەرەو تاریکى زیاتر ببەن.. کاتێک هێزگەلێک جەماوەر و خەڵکى کوردستان دەچەوسێننەوەو، دەسەڵاتێک بێباک بووە لە دابینکردنى موچە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانى ژیانیان، پێویستە لەو بابەتەدا رۆشنبیر و نوسەر و چالاکوانان دژ بەو هێزانە بێنە دەنگ و، ئەوە بکەنە خەمى خۆیان، نەک بابەتێک کە کۆدەنگى تاکى کوردى و خێزان و ئاراستەى کۆمەڵگەى بەگشتى لەسەرە، بابەتەکان بەڵاڕێدا نەبەن و، بە ئاراستەى دژ بە شەپۆل مەلە نەکەن، چونکە خەونى نەزۆک و، هەوڵى بێ ئاکام و، ژێرکەوتنە لەبەرامبەر ئەو تەوژمە جەماوەرییە بەهێزەدا..
د. دڵشاد عهبدولڕهحمان ماوەیەکە، نوسینێکی زۆر دەخوێنمەوەو، وتارگەلێکی فرە دێتە بەرگوێم، کە شین و شەپۆڕە بۆ سلێمانی و ئاخ و داخە بۆ ئەو شارەو حەسرەتە بۆ ساڵانی ڕابردووی، گوایە بۆ جوانی ئەوساو ناشیرینی ئێستایە. من دڵنیام لە ڕاستگۆیی و پەرۆشی زۆربەی ئەو نوسەرو گوتاربێژانە، جگە لە کەمینەیەک کە هۆکاری سیاسی پاڵنەرێتی، وەلێ من پێچەوانەی ئەو بەڕێزانە شار دەبینم. شار نە لەڕابردوودا ئەو بەهەشتە بووە کە ئەوان دەینەخشێنن وە نە لەئێستادا ئەو دۆزەخەیە کە ئەوان وێنای دەکەن. ئاخر سەیرێکی شیعرەکانی پیرەمێردو گۆران و نوسەرانی تر بکەن، دەزانن کە ئەوانیش لەسەردەمی خۆیاندا، چەند بێزاربوون لە بەشێک لە خەڵکی شارو دیاردەی نەشیاو. شەستەکانی سلێمانی سەرەڕای جوانییەکانی شار، پڕبووە لە شەڕەگەرەک و ناوی چەندین شەقوەشێن و چەقۆهاوێژ بەهەموان ئاشنابوون، ئەمە جگە لە تیرۆری بەناهەقی سیاسی و حەملەی ژنکوشتن بەناوی حەملەی ئەخلاقیەوە لە هەشتاکاندا لەبیر زۆربەمان ماوە. شار هەروابووەو هەرواش دەمێنێتەوە، سەدان هەزار مرۆڤ ناکرێ وەک شوشەی بیبسی بخرێنە سندوقەوە. سلێمانی هەروەک شارانی تر، بیری جیاو هەڵسوکەوتی جیاو تاوانی جۆراوجۆرو ئاکاری نەشیاوی تیادا ڕوئەداو، بیری جوان و ئاکاری بەرزو میهرەجان و ڤیستیڤاڵی جوانیش لەخۆدەگرێ. کەم ڕۆژ هەیە مەراسیمی بڵاوکردنەوەی چەندین کتێب و پێشانگاو چالاکی هونەری و ئەدەبی لەم شارەدا ئەنجام نەدرێ. من وایدەبینم کە شین بۆ گەڕانەوەی سلێمانی بۆ زەمەنی ڕابردوو، جگەلەوەی گریانێکی بێهودەیە، دیدو خوێندنەوەیەکی هەڵەشە هەم بۆ ڕابردوو،هەم بۆ ئایندەی ئەم شارە. کورت و پوخت، ئەم شارە جگە لە خەسڵەتە جوانەکانی تری، بە زەردەخەنە هەمیشەییەکەیەوە دەناسرێتەوە، بۆیە تکایە ئێوەش بەدەمیەوە پێبکەنن نەک واوەیلاو ئاخ وداخی بۆ هەڵکێشن.
رەحمان غەریب ئەوەی وا دەكات میدیایەك چاوپۆشی لە روداوی نەخوازراوی شارێك بكات، تەنها چاوی لە روداوەكانی كوشتن و دیمەنی نەخوازاوی ئاهەنگەكانی شەوی سەری ساڵی شارێكی تر بێت، نەزانین نییە بەوەی لەشارەكەی خۆی چی رودەدەن؟ بەڵكو زانینە، زانین بە جێبەجێكردنی ئەجێندای داەبەشكردنی جوگرافیایەك كەپارتی و یەكێتی، سواری سەری بوون ناویان لێناوە" زۆنی سەوز"،" زۆنی زەرد". ئەو روداوەی لە (پێجوێن) بەهای هەواڵیان هەیە، بۆ (ئامێدی)یش هەر راستە، ئەو میدیایەی چاو لە هەواڵێكی توندوتیژی (سەید سادق) و (شەقلاوە)، دەپۆشێت، و بەهای هەواڵییان پێنابەخشێت بگەڕێ بە دوای سەرچاوەی پارەكەی، ئیتر خۆت ماندوو مەكە بە پەیوەندی نێوان میدیا و ئەخلاقی پیشەیی، چونكە بەسادەیی: ئەخلاق لە دۆڵیكەو پارەیش لەسەر گردو شاخ و دۆڵی حزبەكانە. هاوڵاتیانی دهۆك وەك هاوڵاتیانی هەڵەبجە وەك یەك مافیانە زانیارییان لەسەر ناوچەكانیان هەبێت، مافیانە بزانن و درۆیان لەگەڵ نەكرێت، كە تۆ باسی روداوێك دەكەیت 300 كم لێت دوورە، هەقە لەسەر روداوی شەقامی بەردەم ئۆفیسەكەیشت ئاگادار بیت، كە ئەمەت نەكرد، تۆ بەشێكیت لە ئەقڵییەتی میدیای زۆن، بە هەموو وردەكاری و ئیلیتزاماتێكی سیاسی و حزبی. باسم لەو میدیایە نییە، كە كۆمەڵێك گەنجی خۆبەخش، بڕیاریان داوە پەیجێك، سایتك بۆ ناوەچەیەكی دیاریكراو دروستبكەنو هەواڵی شاریك گوندێك، روماڵبكەن و بڵاویبكەنەوە، بەڵكو بە دیاریكراوی ئەو بەناو رۆژنامەنوس بەناو دامەزراوانەی میدیایە كە كاریان قوڵكردنەوەی رۆحی ناوچەگەرییە كە ویستی یەكێتی و پارتییە. بچن گوزەرێكی خێرا بە ناو روداوی توندوتیژی سەری ساڵی نوێی 2023 هەندێ شاری گەورەی جیهان بكەن: هەندێ رووداوی توندوتیژی بوەبە مۆركی ئاهەنگەكانی سەری ساڵ. لە ئەڵمانیا هێرشكردنە سەر كارمەندانی ئاگركوژێنەوە و پۆلیس و پەكخستنی خزمەتگوزاری فریاكەوتن لە بەرلینی پایتەخت، حكومەت و خەڵكی وڵاتەكەی توڕەكرد و تەنانەت بە " هێرشی وەحشی" وەسفیانكرا. لە پاریس هێزە ئەمنییەكان، 690 ئۆتۆمبێل سوتێنراوە كە هێشتا كەمتر لەوەی سەری ساڵی پَشوو كە 870 ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر بوون. لە ئیتالیا، 646 روداوی ئاگركەوتنەوە هەبووە، 180 كەس بە هۆی یاری ئاگرین بریندار بوون لە ناویاندا نزیكەی 50 كەسییان رەوانەی نەخۆشخانە كراون. ئەم هەواڵانە بە حزبی و سیاسی و ناوچەیی ناكرێت، رووداوی دڵتەزێنن و نەخوازراوی ناوچەیەك دڵخۆشكەر نیین بۆ ناوچەكانی تریان، لە ئاستی نیشتیمانیدا سەركۆنە دەكرێت و توێژینەوەی لەسەر دەكرێت، پلان بۆ كەمكردنەوەی دادەنرێت. میدیای زۆنەكان، دەستتان ئاشكرایە، كەی پشوویەك دەدەن؟ كەی تێدەگەین درۆ، روماڵ و فۆكسی هەواڵەكانتان بێ بەهان؟ ئەرێ ئەم هەموو ماندووكردن و ئازاردانی هەستی بەرامبەر بەس نییە؟.
مەجید ساڵح هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن سلێمانی لە شارێکی بێ حاکم دەچێ و بەرەو هەڵدێرێکی ترسناک هەنگاو دەنگی. لە لایەک دەسەڵاتدارانی هەولێر بێ باکن لەوەی چی لە شوێنەکانی دیکەی کوردستان دەگوزەرێت و لەم لاشەوە بزوتنەوەی گۆڕان و پاریزگارەکەی کە رۆژگارێک خەڵکی بە ئومێدی گۆڕانکاری دەنگیان پێدان کزۆڵ و داماو لێی دانیشتوون و شاریان داوەتە دەست قەزاو قەدەرێکی نادیار... دووبراکە، کە ئەزموونێکی سیاسی و ئیداریی وایان نییە لەو پۆست و مەقامەدا بن، بێ باکی حکومەتی هەرێم و لاوازی بزوتنەوەی گۆڕان و بێ دەنگی نوخبەی روناکبیری شارەکەیان قۆستوەتەوە و لە بۆ رازیکردنی پۆپۆلیزمی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەوەی بە خەیاڵیش تەسەور نەدەکرا لەو شارە روو بدات ئەوان بە لێدوانێکی سەرپێیی دەیکەن بە فەرمان و جێبەجێی دەکەن، غافڵ لەوەی ئەوانەی ئێستا چەپڵەیان بۆ لێدەدەن رۆژیان بێت و دەسەڵاتیان بێت پێش خەڵکی مەدەنیخواز ئەوان سزا دەدەن... ئەزموونی سیاسی زۆر سەرکردە دەریخستوە ئەوەی لە گەڵ شەیتان هاوپەیمانی ببەستێ بۆ مانەوە لە دەسەڵات، دواجار هەر شەیتان تەختوتاراجەکەی تەفروو تونا دەکات...
شوان سدیق گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاتێ تووشی قەیران دەبن توانای هەستانەوەیان باشترە لە گەلانی دیکە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە زوو دەبنە داوی خەڵەتاندنی ڕۆژئاواییەکان، زۆر بەخێرای موعجیبی ڕۆژئاوای دەبن، ئەمەیش کۆمەڵێ پاڵنەری لە پشتە کەڕۆژئاواییەکان زیرەکانە دەتوانن بەقازنجی خۆیان بازاڕی سیاسی و ئابووری بشکێننەوە. کاتێ دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکابوو گەشتێکی گرنگ و خێزانی بۆ سعوودیە کرد ترامپ لە میانەی خوانێكدا كە بۆ محمد بن سەلمان جێنشنی سعودیە و شاندی یاوەری ڕێكیخستبوو لە كۆشكی سپی گوتی"شەرەفێكی گەورەیە میوانداری شازادە بن سەلمان و شاندی یاوەری بكەین كە زۆریان لە بارەوە دەزانم و مانگی ئایاری ڕابردوش لە سعودیە دیدارمان هەبووە لە ڕیاز، كە سعودیە بەڵێنی پێداین بە بەهای 400 ملیار دۆلار چەكی ئەمریكی بكڕێ. لە دوای کوشتنی ڕۆژنامەنووسی سعوودی جەمال قاشقچی ساڵی 2018 لە تورکیا دیاربوو ڕاستەخۆ بنەماڵەی شانشینی سعودیە بەوە تاوانبارکران کە ئەوکات بە فەرمانی ڕاستەخۆی شا موحەمەد جێنشینی پاشای سعودیە ڕۆژنامەنووسەکە تیرۆرکراوە.. بەڵام ئەو دۆسێیە بۆ ترامپ و ئەمریکا دەرفەتێکی باش بوو لە سەردەمی ئیدارەی ترامپ ئەمەریکاییەکان لە ڕێگای ئەم کەیسەوە توانیان کۆمەڵی دەستکەوتی ئابووری زۆر لە بنەماڵەی شانشینی سعودیە کۆبکەنەوە.... تەنانەت پاش هێرشی موشەكی بۆ سەر كۆمپانیای نەوتی ئارامكۆ ئەوکات حوسیەكانی یەمەن بەرپرسیاریەتی خۆیان لە هێرشە موشەكیەكە راگەیاند دواتر بەناوی مەترسی ئاسایش ئەمریکا هێزەکانی لە سعوودیە زیادکرد. دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بەڕاشکاوانە قسەی کرد و سعودیەکانی بەوڵاتێکی دەوڵەمەند و پارەدار ناوبرد گوتی "دەبێ پارە بدەن بۆ زیادكردنی هێزەكانیان هەر بۆیە سعودیە بڕی یەك ملیار دۆلاری پێشكەشكردونە بۆ زیادكردنی سێ هەزار سەرباز لە هێزەكانی ئەمریكا! دیارە لە مسەردەمەی ئێستە باشترین بازاڕ و ئاووری وڵاتان، وڵاتانی کەنداوە، قەتەر بەکردنەوەی مۆندیالی تۆپی پێ جیهانی سەرسامکرد. تەنانەت بڵاوکردنەوەی دۆسیەی مردنی هەزاران کرێکار و ئاشکراکردنی فەزیحەتی پارەو ڕەشوەدانی قەتەریەکان بە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپاو چەند کەسێکی دی کاریگەری نەکردە سەر تێڕوانینی ڕۆژئاواییەکان بۆ سەر قەتەر بگرە تادێ گرێبەستی نەوت و غازی زیاتر لەگەڵ دەکەن! چوونی ئەستێرەی تۆپی پێ کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پرتوگالی بۆ یانەی ئەلنەسری سوودیە کاردانەی جیهانی لێ کەوتۆتەوە. دیارە هۆکاری چوونی کریستیانۆ پێدانی پارەیەکی زۆرە کە بەرزترین مووچەیە لە مێژووی تۆپی پێ لە جیهاندا. • ساڵانە 200 ملیۆن یۆرۆ. • مانگانە 16.67 ملیۆن یۆرۆ. • هەفتانە 3.888 ملیۆن یۆرۆ. • 555,555 هەزار یۆرۆ لە ڕۆژێکدا. • 23 هەزار و 150 یۆرۆ بۆ هەر کاتژمێرێک. • 386 یۆرۆ بۆ هەر خولەکێک. • 6.5 یۆرۆ بۆ هەر چرکەیەک.
هیوا سەید سەلیم وا ساڵی 2022 بەڕێدەکەین و، پێدەنێینە ناو ساڵێکی تازە، ساڵی پار وەک سەرجەم ساڵەکانی دیکە بۆ کورد پڕ نەهامەتی بوو، ئینکارکردنی مافە نەتەوەیەکان لەو بەشانەی کە هیشتان بیری شۆفینیزمی نەتەوەی سەرددەستە زاڵە بەردەوامە، لە باکووری کوردستان لەسەر سادەترین مافی نەتەوەیی، تەنانەت مافی هاوڵاتیبوونیش، بە هەزاران خەڵک لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورکیا خراوەتە زیندانەکان، لە نێو ئەو خەڵکەدا پەرلەمانتار، سەرکردە، سەرۆک شارەوانی هەڵبژێردراوی خەڵک هەیە، تەنانەت ژن و پیریش خراونەتە زیندان. لە رۆژهەڵاتی ژێردەستەی کۆماری ئیسلامی لە سێدارەدانی گەنجان و، پەلکێشکردنیان بۆ کونجی زیندان، لەسەر ئەوەی دەڵێن کوردین و جیاوازین لە ئێوە، هەروەها دەوترێت کە دەمانەوێت بە زمانی کوردی بخوێنین بەردەوامی هەیە. لە رۆژئاوای شۆڕش و بەرخۆدان، پیلانەکان لە دژیان چوارچێوەی ئیقلیمی تێپەڕاندووە، وڵاتانی بۆ مامەڵەکرد بەو خوێنەی بۆ رزگاربوون لە تیرۆری نێودەوڵەتی رژاوە، سەودوا و مامەڵەیانە، دوو دوو و سێ و چوار، وڵاتان کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی تەکبیر بکەن چۆن دەستکەوتەکانی رۆژئاوای کوردستان لەبار ببەن. باشوری کوردستان، بە جیا لەگەل پارچەکانی دیکەی نیشتمان، هەرچی بەسەری هاتبێت ئۆباڵەکەی دەکەوێتە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، بێباکی دەسەڵات لە بەدەنگەوەهاتنی کێشەکانی خەڵک، کە خۆی دەبینێتەوە لە خزمەتگوزاری و ، دابینکردنی هەلی کار و، گێڕانەوەی مووچە زەوتکراوەکان، هەروەها یەکلانەبوونەوەی ململانێکان لەگەڵ بەغدا و، دابەشبوونی حزبە دەسەڵاتدارەکان لەسەر ئەجێندای ئەقلیمی و ، نەبوونی ستڕاتیژی هاوبەشی نیشتمانی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا، هێندەی دیکە باری سەرشانی خەڵکی قوورستر کردووە، هەروەها خەڵکی کوردستانی بە دەسەڵات و تەنانەت پرۆسەی سیاسی کوردستانیش نائومێد کردووە . بەڵام لەگەل هەموو ئەو نەهامەتیانەشدا، هێشتان گەلی کوردستان لە تەواوی پارچەکانی کوردستان لە مەیدانە، ساڵی 2022 جیا لە ساڵەکانی دیکە، کوردان لە رۆژهەلاتی کوردستان، پێشەنگایەتی گەورەترین شۆڕش و ڕاپەڕینیان کرد، کە بە شۆڕشی ژنان لە ژێر درووشمی ( ژن ژیان ئازادی) ناسراوە، ئەو شۆڕشەی جارێکی دیکە کورد و ژنانی کوردی بەتەواوی جیهان ناساندەوە، کە میللەتێکین بۆ ئازادی و دیموکراسی و مافە نەتەوەییەکانمان ئامادەی هەموو جۆرە قوربانیەکین. شایانی باسە، کورد لە مێژووی خۆیدا هێندەی نەهامەتی بینیوە، بۆیە لە کۆتایی هەموو ساڵێک هیچی بۆ نەماوەتەوە و پەنای بۆ ئەو پەندە کوردیە بردووە کە دەوترێ:- (ساڵ بە ساڵ خۆزگەمان بە پار)، ئەم ساڵ وێڕای ناخۆشیەکان، نابێت بووترێت خۆزگەمان بە پار، چونکە ساڵی پار وێڕای قەیرانە بەردەوامەکانمان، دەرد و بەڵای پەتای کۆرۆناش سەربار بوو، کە چەندین ئازیزی لێ سەندین. ئومێد دەکەین ساڵی تازە "2023" بۆ گەلی کوردستان و مرۆڤایەتی وەک ساڵەکانی دیکە نەبێت ، بۆ کورد ساڵی بەدیهاتنی خەونی نەتەوەییەکانمان بیت، ئەو خەونانەی کە شاعیری مەزنی کورد "ئەحمەدی خانی" پێشی 350 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ فەرموویەتی: (گەر دێ هەبوا مە ئیتیفاقەک ڤێگرا بکرا مە ئینقیادەک روم و عەرەب و عەجەم تەمامی هەمیا ژ مە تا دکر غولامی تەکمیل دکر مە دین و دەولەت تەحلیل دکر مە عیلم و حیکمەت) هەر سەبارەت بە لاوازی هەستی نەتەوەیی دابەشبوونی کوردان بەسەر ئەجێندای دووژمنان و داگیرکەران، حاجی قادری کۆیی دەفەرموێ: (یەکێ لەم لاوە ڕوو دەکاتە عەجەم دووش لەولاوە دەبنە دوژمنی هەم کوا والی سەنندوج، بەگزادەی ڕەواندوز کوا حاکمی بابان، میری جەزیر و بۆتان کوا ئەو دەمی کە کوردان ئازاد و سەربەخۆ بوون سوڵتانی میلک و میللەت، خاوەنی جەیش و عیرفان) سەیرکەن ئەحمەدی خانی و حاجی قادری کۆیی لەسەرددمی خۆیان چۆن لە خەمی یەکڕیزی کورد دابوونە؟ ئەوان لەسەردەمی غەریبی و ئاوارەیی هاوارەیان بۆ یەکێتی کوردان لێهەڵساوە، کەچی سەران و بڕیار بەدەستانی کورد، لەسەردەمی زێڕینیان هەل و دەرفەتەکان لەدەست کورد دەدەن، بۆیە دەبینین، ئەوانەی ئێستا حاکم و سەرداری هەرێمی کوردستانن، نایەن کار بۆ بەدیهاتنی خەونەکانی (ئەحمەدی خانی و حاجی قادر) بکەن، بگرە خەمی ئەوان خەمی دەوڵەمەندبوونی خۆیان و کەسە نزیکەکانیانە لەسەر حسابی خەڵکی کوردستان، بۆیە وا بڕوات دەبێت ساڵێکی دیکەش هەر باس لەو خەمانە بکەین و، هەمان پرس لە رۆژمێری خۆمان یاداشت بکەینەوە.
سالار مەحمود لەبەرەبەیانی جەژندا، گەورە "دیکتاتۆری نێودەوڵەتی سەدام" لەسێدارە درا. دیکتاتۆری نێودەوڵەتی بەو مانایەی چەندین تاوانی نێودەوڵەتی لەسەردەمی حوکمڕانیەکەیدا ئەنجام دا. رووداوی سزادانەکەی لەسیاقی خۆیدا گفتوگۆی زۆر ھەڵدەگرێت. بەڵێ سەدام شایستەی سزادان بوو. بەڵام لەکاتێکی نەگونجاوی یاسایی و عورفیدا جێبەجێ کرا. پیشاندانی دیمەنی ژووری ھەڵواسینەکە، بەھوتافی مەزھەبیەوە لە بەرەبەیانی رۆژی ٢٠٠٦/١٢/٣٠ ناشیاو بوو. تاوانی دوجێلی ساڵی ١٩٨٢ ١٤٨ کەسی تێدا گولەباران کران و لەسێدارەدران. لەسەر ئەو تاوانە حوکمەکەی لەسەر جێبەجێکرا. تاوانی دوجێل لەئەنجامی ھەوڵی تیرۆری سەدام حسێن بوو. رۆژی ٢٠٠٧/١/٨ دوای نۆ رۆژ لە سێدارەدانی سەدام دانیشتنی ٣٤ ەمینی دادگا لەسەر دۆسیەی ئەنفال بەڕێوەچوو. کورسیەکەی سەدام چۆڵ بوو، یاوەرەکانی زۆر خەمبارو خامۆش خۆیان پیشان ئەدا. راستیەکەشی ئەوەبوو سەدام لەناو قەفەسی دادگاشدا ھاوەڵەکانی بەسەرۆک و گەورەی خۆیانیان دەزانی. دادوەر محەمەد عرێبی بەیاننامەیەکی دادگای خوێندەوە، کە تایبەت بوو بەو تۆمەتانەی ئاراستەی سەدام حسێن کراوە لەسەر دۆسیەی ئەنفال. رایگەیاند ئەو بابەتە کۆتایی ھاتوە، بەو پێیەی تاوانبار سزای رەوای خۆی وەرگرت و، کۆتایی بە ژیانی ھێنرا. ئەم بەیاننامەیە دەرخەری ئەوەبوو کە ئیعدام کردنی سەدام حسێن، پێش کۆتایی ھاتنی دۆسیەی ئەنفال و زۆر پرسی قوڵتر کەم بایەخکردنی سەنگی دۆسیەی ئەنفال و کیمیاباران و مەلەفەکانی تریش بوو. دەبوو بەلای کەمەوە سەدام بمابایە تاوەکو دۆسیەی ئەنفال دۆسیەکانی تریش تەواو ئەبوو. چونکە سەدام لە نیوەی دانیشتنەکانی دادگای ئەنفالیش ئامادە ببوو. ھێشتا بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەکە مانەوەو ئامادەبوونی پێویست بوو. بەڵام دەستە بژێری شیعەی حوکمڕان، پەلەیان بوو بە کۆتایی ھێنان بە ژیانی سەدام حسێن. لەو دانیشتنەدا کە دانیشتنی ژمارە ٣٤ بوو عەلی حەسەن مەجید وتی: ئیتر من لەمەودوا بێدەنگ دەبم و ھیچ قسەیەک ناکەم. تا ئەو کاتەی حوکمەکەم دەردەچێت. بیانووی ئەوە بوو کە دادگاکە دەستی سیاسی تێدایە. لەسێدارەدانی لەبەرەبەیانی جەژندا سۆزی شۆڤێنیە عەرەبەکان و خەڵکی چەند وڵاتێکی عەرەبی بەلای تاوانباردا راکێشا. بەتایبەتی بەو میکانیزمەی کە لەتەلەفزیۆنەوە پیشاندراو دروشمی مەزھەبی لەکاتی جێبەجێکردنی سزاکەیدا دەوترایەوە. خودی سەدام وەک لە شاشەوە بینرا نەیھێشت پەڕۆ بکرێتە سەرو دەموچاویەوەو چووە بەردەم پەتی سێدارە. سەدام جەلادو خوێنڕێژێکی دەگمەن بوو، ئەو سزایە لە رووی ویژدانی و یاساییەوە شایستەی بوو، چونکە عیراقی لەماوەی ٣٥ ساڵدا کردبوە شەڕگەی گەورە. بەسەدان ھەزار مرۆڤی بەبێ حوکمی دادگا گولەباران کرد، ھەزارانی زیندەبەچاڵ و بێگۆڕو بێناونیشان کرد، ھەزارانی لەسێدارەدا، بیم و تۆقاندنی لەھەموو بستێکی وڵاتەکەدا چاندبوو. بەڵام لەبەردەم ئەمریکاییەکاندا زەلیل و لاواز دەرکەوت. سەدام تا دوا ساتەکانی ژیانی بڕوای نەبوو سزای لەسێدارەدانەکەی جێ بەجێ دەکرێت. بۆیە چەندین جار لەناو دادگاوە باسی بێ منەتی خۆی لە جێبەجێکردنی سزاکەی کرد. کاتێ چووە بەردەم پەتی سێدارەش زمانی لە گۆکردن نەکەوت ئەمەش بەپێی ھەندێ خوێندنەوەی دەرونی کەمترین ترسی لەو جۆرە مردنە بوو. سەدام تاوانی زۆر گەورەی دژ بەمرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و تاوانی کۆمەڵکوژی ئەنجامدا، بەڵام لەسەر دۆسیەیەکی بچوکتر لەتاوانە ھەرە دەگمەنەکان لە سێدارە درا. لەناوبردنی سەدام بە سیاسی کرا، چونکە ھەموو بڕیارێکی لەسێدارەدان پێش جێبەجێکردنی پێویستە ماوەی تەمیزیەکەی کە ٣٠ رۆژە تەواو بکات. حکومەتی شیعە نەیھێشت ١٠ رۆژ بەسەر ئەو ماوە یاساییەدا بڕوات حوکمەکەیان جێبەجێکرد. بەشێک لە سیاسیەکانی عیراق بڕوای تەواویان بە گۆڕانکاریەکانی پرۆسەی ئازادی عیراق نەبوو، متمانەیان بە ئەمریکاییەکانیش نەبوو. بەعسیەکانیش رۆژانە کردەوەی تیرۆریستی و خۆکوژیان لە ناو بەغداو دەوروبەری ئەنجام ئەدا. جار جارە مەحکەمەکەشیان ھاوەن باران ئەکرد. شیعەکان بەتایبەتی ترسی ھەڵگەڕانەوەی مێزی بارودۆخەکەیان ھەبوو، بۆیە پەلەیان بوو لە فەوتاندنی سەدام. ئێستاش رام وایە دەبوو سەدام حسێن لە دادگایەکی نێودەوڵەتی مەحکەمە بکرایە، بۆ ئەوەی دۆسیەی تاوانەکان بەنێودەوڵەتی ببونایە. گەرچی سزای دادگای دەولی لەسێدارەدانی تێدا نەبوو. بەڵام گرەنتی چارەنوسی بۆ کوردو ئایندەی کوردستان لەئاستی نێودەوڵەتی مسۆگەر دەکرد. ئێستاو بۆ داھاتووش تاوەکو دادگاییەکی نێودەوڵەتی بۆ یەکێک لە دۆسیەکانی جینۆسایدی کورد نەکرێتەوە. گەلەکەمان ھەمیشە لەبەردەم مەترسی جینۆسایددایە ئەگەر سەدام لەناو چووبێ، ئەوا سەدامیزیم و عەقڵ جەلادەکان ھەر ماون! پرسیار ئەوەیە بۆچی سەدام لەمەحکەمەی نێودەوڵەتی لێپێچینەوەی لەگەڵ نەکرا؟ بۆ ھەوڵی جدی لەو پێناوەدا ھەست پێ نەکرا. پرسیارێکە ھەوڵدەدەم لە کتێبی "دۆسیەی ئەنفال لەدادگای باڵای تاوانەکانی عیراق"دا کە لە ئایندەدا بڵاودەبێتەوە وڵامی بۆ بدۆزمەوە.
سهردار عهزیز پرسی لامەرکەزیی سەرەتاتکێ دەکات لەناو کایەی سیاسی کوردستاندا. وروژاندنی ئەم پرسە لەکاتی تایبەتدا، بۆ ماوەیەکی کورت، لەکاتێکدا ئاماژەیە بۆ بوونی ئەم پرسە لە هەناو کایەی سیاسیدا، بەڵام لەهەمانکاتدا بەکارهێنانی وەک کارتێکی فشار. لە هەمانکاتدا جۆرێک لە مامەڵەیە کە زیانی زۆر بەم چەمک و شێوازی حوکمڕانییە دەگەیەنێت. ئەمەش وەهایکردووە کە پرسی لامەرکەزیی ئەو گرنگی و بایەخەی نەمێنێت. لەم نوسینەدا قسە لەسەر ئەم پرس و چەمکە دەکەم، بە شێوەیەکی بەرفراوانتر. چونکە لە دونیای کوردیدا قسەکردن لەسەر چەمکێک یان باسێک زیاتر ئامرازییە لەبری مەعریفیی، بەڵام بە نەبونی مەعریفە لە پشت هەر ئامرازێکەوە وەها دەکات کە چەمک و پرسەکە زۆر لاوازو هاکەزایی دەرکەوێت. لە ناوچەی ئێمە، بە شێوەیەکی بەرفراوان، دەسەڵات هەمیشە ناوەندیی بووەو ناوەندێتی بوەتە خەسڵەتێکی سەرەکی دەسەڵات. ئەم کەلتورو ئاگاییە هەندێک دەیگەڕێننەوە بۆ سەردەمی عوسمانی، بەتایبەت سیستەمی باجی عوسمانی. [باو بووە لە سەردەمی عوسمانیدا کە ساڵی جارێک باج کۆکەرەوە چوەتە ناوچەکان خەڵک لێی هەڵاتوە بۆیە باج لە زمانی کوردیدا یەکێک لە ماناکانی وەک سزایە. بۆ نمونە کاتێک کەسێک هەڵەیەک دەکات، خەڵک دەڵێن دەبێ باجەکەی بدات]. ناوەندێتی و بوونی دەسەڵات وەک پرۆسەی تەواوکەر دەبینرێت لای هەردوو نوخبەی ڕۆشنبیرو نوخبەی سیاسی. هەردوو دەسەڵات وەها دەبینن کە دەبێت لە جێگایەکدا، لە کەسێکدا یان لە گروپێکدا کۆبێتەوەو پاشان لەسەر مۆدێلی سەپاندن و هەژەمۆنیەت و ڕاکێشان یان تێکشکانی دەسەڵاتەکانی تر هەژەمۆنیەتی خۆی بسەپێنێت. کاتێک کارم لەسەر چەمکی لادەولە دەکرد لە عێراقدا، ئەوەم بە ڕونی بۆ دەرکەوت کە لە هەناو نوخبەی کەلتوریی و نوخبەی سیاسی عێراقدا دەوڵەت وەها دەبینرێت یەکەیەکی مەرکەزییەو خاوەن قۆرغکاریی و چەسپاندنی دەسەڵاتە بەسەر هێزو پانتایی و ناوەندەکانی تردا. ئەم ڕەهەندە کەلتورییەی ناوەندێتی وەهایکردووە کە ناناوەندێتی وەک دۆخێکی شاز ببینرێت، بۆیە هەندێکجار لامەرکەزی لەگەڵ پەرتبون و پشێویدا تێکەڵ دەکرێت. جگە لە مێژوو، مۆدێلی زاڵی ناوەندێتی ڕەگی لە پێناسەی ماکس ڤیبەردا هەیە بۆ دەوڵەت. بەلای ئەوەوە دەبێت دەوڵەت قۆرغکاری هەموو ئامرازەکانی توندوتیژی بێت. ماکس مناڵی سەردەمی سییەکانی ئەڵمانیایە کە پشێویی و ناسەقامگیری خەسڵەتی سەرەکی بوو. بەڵام دیدەکەی ڤیبەر ڕەگی دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی مۆدێرن کە لە هۆبزەوە دەستپێدەکات. هۆبز مناڵی شەڕی ناوخۆو شەڕی وڵاتانی ناو ئەوروپایە، بۆیە هەموو دەسەڵات دەبەخشێت بە سەروەر، بە دیدی ئەو مرۆڤ دەبێت لەنێوان ئازادی و ئاسایشدا سەوداو مامەڵە بکات. ئەمڕۆ لە دونیادا زۆر باس لە ناناوەندی دەکرێت، بەڵام ئەم باسکردنە، هەرچەندە پەیوەندی بە دونیاوە هەیە، بەڵام لە کوردستان باس ناکرێت. لە چەند دەیەی ڕابوردودا، بە هۆکاری جیهانگریی و زاڵبونی لیبرالیزم و گەشەی تەکنەلۆجیا، دونیا تەخت بوو، وەک تۆماس فریدمان دەڵێت. ئەم تەختبونەی دونیا، بووە هۆکاری گەشەی بێوێنەی شار. شار ناوەندی گەشەو ئابوری و دەرفەت و ژیانی باشترە. دەرئەنجامی ئەمە وەهایکردووە، زۆر شوێنی دەرەوەی شارەکان پشتگوێ بخرێت. لە هەندێ وڵاتی ئەوروپی ئەمە گەشتوەتە ئاستی قەیران، بۆ نمونە ئیسپانیا. ئەو خەڵکانەی کە لە جێگاکانی دەرەوەی شار دەژین، وەها ناو دەبرێن کە گرنگ نین. ئەمەش بوەتە هۆکاری داڕمانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لەو جێگایانەدا. لێکۆڵەرێکی ئیسپانی بەناوی Rodriquez-Pose هەیە لە زانکۆی ئێل ئێس ئی لەندەن، تێزێکی پەرەپێداو لە ژێرناوی تۆڵەی ئەو جێگایانەی کە گرنگ نین. تۆڵەی ئەم جێگایانە لە ڕێگای دەنگدانەوە دێت کاتێک دانیشتوانی ئەم جێگایانە دژ بەو مۆدە سیاسی و ئابورییە دەنگدەدەن کە لە شارەکاندا باوە. بۆ نمونەی زۆربەی دەنگدەرانی برێکسیت یان ترەمپ لەم جێگایانەیە. ئەمە بە زەقی لە کوردستانیش دەبینرێت کاتێک خەڵکی قەزاو ناحێکان لە ئەوانیتر زیاتر پشتگوێخراون لە ڕێگای سودمەندبون و خزمەتگوزاریی و کارەوە. ئەم ناوەندبوونەی شارەکان و دژە ناوەندبوون لە دەرەوە، خەسڵەتێکی سەرەکی سیاسەت و ئابوری و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستانە، کە بەشێکە لە شەپۆلە جیهانییەکە. بۆیە دەبێت بە هێند وەربگیرێت. ئەمە لەکاتێکدا زیاتر هانی بە شاربوونی خێرا دەدات کە وەک دیاردەیەک قەیرانی زۆری هەیە، بەتایبەتی لە داهاتوودا. بەڵام ناوەندبونێکی تر هەیە کە خۆی لە ناوەندبوون یان پایتەختبوونی هەولێرو پەراوێزکەوتنی شارەکانی تری وەک دهۆک و سلێمانیدا دەبینێتەوە. ئەم ناوەندبوونە زیاتر جێگای مشتومڕە. کورد هێشتا ڕانەهاتووە پایتەختی هەبێت. ئەمە هەم بە پۆزەتیف و هەم بە نێگەتیفیش. بەڵام سەرباری ئەمانە، ناوەندێتی و ناناوەندێتی نە تەنها پرسێکی ئیدارییە، نە جوگرافی. بۆیە پرسی نادادپەروەریی جوگرافی، ڕەنگە تەنها بەشێک لە کێشەکە لەخۆی بگرێت. نادادپەروەریی جوگرافی بە مانای ئەوەی کە پانتاییەک یان شوێنێک زیاتر دەرفەتی بەردەکەوێت لە شوێنێکی تر. هۆکاری ئەم نادادپەروەرییە ڕەنگە سیاسی، یان ئابوریی بێت. بەم پێیە لە کۆمەڵگای ئێمەدا چەندین جۆر لە ناوەندیبوون و ناناوەندیی هەیە. بەڵام سەرباری هەبوونی چەمکی لامەرکەزیی و هەبوونی دیاردەی ناوەندێتیی و بەڵام لامەرکەزیی جگە لە زاراوەیەک هیچی تر نیە. ناناوەندێتی یان لامەرکەزیی، بە هەمانشێوەی مەرکەزیی خاوەن تایبەتمەندی و خەسڵەتی خۆیەتی. لامەرکەزیی ئیداریی و دارایی و سیاسی و کەلتوریی و سیستەمی هەیە. بۆ ئەوەی سیستەمێک لامەرکەزیی بێت دەبێت لە کرۆکی حوکمڕانیدا کرانەوە، لە خۆگرتن، گفتوگۆ، جیاوازیی و ناسینەوەی تایبەتمەندی شوێنەکان و لە بەرچاوگرتنی شوناسەکان بوونی هەبێت. لامەرکەزیی کاتێک فەراهەم دەبێت کە پیادەکردنی دەسەڵات لەسەر ئەو داتاو خواست و داوایانە بێت کە لە بنەوە دێن بۆ سەرەوە، نەک لە سەروە بۆ خوارەوە. بەڵام بۆ ئەوەی ئەمە فەراهەم بێت دەبێت ناوەند بوونی هەبێت. کوردستان کۆمەڵگایەکە لە مێژوویدا ناوەند هەمیشە لە دەرەوەی بووە. دروستبوونی ناوەندێک لە ناوەوە، وەرچەرخانێکە نەک تەنها لە پیادەکردنی سیاسەتدا، بەڵکو لە عەقڵیەتی سیاسیدا. ئەمە هێشتا بە تەواوی نەڕسکاوە. پیادەکردنی ناناوەندێتی سیاسی کۆمەڵێک ڕێگریی زۆری هەیە، لە سەرووی هەمویانەوە مێژوو و یادەوەریی و کەلتوری شەڕی ناوخۆ. شەڕی ناوخۆی کوردی کاتێک کۆتایی هات کە لە ناوەندێک زیاتر لە کوردستان دروستبوو. لامەرکەزیی بریتی نیە لە زۆربوونی ناوەند یان مەرکەز، بەڵکو بریتییە لە بوونی ناوەند بەڵام پیادەکردنی دەسەڵات بە ڕێتمی ناناوەندێتی. بەو مانایە دەسەڵات ناسەپێنرێت بەڵکو بەرهەم دێت. ناناوەندێتی لە دونیای ئەمڕۆدا زیاتر ئاسان بووە، چونکە تەکنەلۆجیا هەموو ماڵ و جێگایەکی کردوەتە ناوەند. تەکنەلۆجیا سیستەمی بەڕێوەچونی دەسەڵات لە سیستەمێکی ناوەندییەوە دەگۆڕێت بۆ سیستەمی تۆڕ. زیاتر بە تەکنێکردنی دەسەڵات بڕێکی زۆر لە حوکمداری ناناوەندیی دەکات. ناناوەندێتی یان لامەرکەزیی سەرباری ئەم ڕێگرانە، ڕێگرێکی گەورەی تری هەیە ئەویش ناوەندبونی زیاتر دەسەڵاتە لە عێراق. نوخبەی عێراقی کە زیاتر هەڵەشەو پەرچەکردارە، وەها دەزانێت کاتێک سیستەمێک کار ناکات بیگۆڕیت بە سیستەمێکی تر ئەوا دەکەوێتە کار، بەڵام وەک زۆر شوێن دەریخست، تورکیا یان تونس بۆ نمونە، کاتێک سیستەمی پەرلەمانی توشی قەیران دەبێت سیستەمی کەسی بەهێز یان سەرۆکایەتی نابێت چارەسەر، بەڵکو هەمان گرێکان دەمێننەوە بەشێوازی تر. سیستەمی سیاسی هاوسەنگییەکی ناسکە لەنێوان دەسەڵاتی تاکە کەس و پشێویدا. بۆیە دەبێت هەمیشە چاودێریی بکرێت.
