کاوە محەمەد با بزانین ئەوەی قەوارەی هەرێم هەڵدەوەشێنێتەوە و ساڵانێکە بە پاچ تێیکەوتووە و بناغەکەی بنکۆڵ دەکات بەغدایە، یان ئەو مۆرانانەی ناوخۆن کە بەردەوام خەریکی کلۆرکردنی دار و تەختەی هەرێمەکەن و بە دۆخێکیان گەیاندووە کە هاکا رووخا.. با بێین بە حساب و کیتاب بیکەین و بپرسین؛ کێ رێگربووە لە یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە ؟..کێ بڕیاری هەڵەی ریفراندۆمی دا و (٥١%)ی خاکی کوردستانی رادەستی حکومەتی فیدراڵ کرد ؟ کێ ئایندەی هەرێمی خستۆتە ناو بیر و بۆریی نەوت و سامانی نیشتیمانی هەراج و هەرزانفرۆش دەکات ؟ کێ  هەموو قەزیەی کوردی لە مووچەی فەرمانبەراندا بچووک کردۆتەوە و هەفتانە وەفدی زەلیلی بۆ دەنێرێتە بەغدا ؟..کێ بە پای پیلان قۆڵی گەندەڵی و راوورووتی لێ هەڵکردووە و لەسەر حسابی گیرفانی خەڵک، قاسەی بەرپرسان گەورە و پڕ دەکات ؟..کئ بێ رێزی بەرامبەر دامەزراوەکانی پەرلەمان و حکومەت و قەزا دەکات و کردوونی بە داردەستی حزب و بە بڕیاری ئەم و ئەو حزب هەڵدەسوڕێنرێن و دادەخرێن و مافی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا لەخەڵکی هەرێم زەوت دەکات ؟..کێ هۆکارە کە دوای دەیان ساڵ نەتوانراوە هەرێم بکرێت بە یەک زۆن و خاوەنی یەک ئیدارە و یەک حکومەت و یەک ئاسایش و یەک دارایی و...تاد ؟.. کێ ئازادیی خەڵک زەوت دەکات و خۆپیشاندەران سەرکوت و خەڵتانی خوێن دەکات و میدیا و میدیاکاران دەمبەست دەکات ؟..کێ رۆژانە کەرامەتی هاووڵاتییانی هەرێم دەشکێنێت و ناچار بە سواڵ و سەدەقەی ئەم رێکخراو و ئەو کۆمپانیا و فلان سەرمایەدار و فیسار خێرخوازی دەکات ؟.. کێ پشتی لەگەنجانی خێر لەخۆنەدیوی هەرێم کردووە و ساڵانە بە دەیان هەزاریان خوێندن تەواو دەکەن و بچووکترین هەلی کاریان دەستناکەوێت، هاوکات کوڕی بەرپرسانیش دەکرێن بە خاوەن زانکۆ و کۆمپانیای گەورە گەورە ؟..کێ و کێ و سەدان کێی تر.. من نامەوێ بڵێم؛ بەغدا فریشتەیە و چاویان بەو قەوارە کوردستانییە هەڵدێت و هەندێک لە هێز و کەسە دەسەڵاتدارەکانی لە بۆسەدا نین بۆ لەباربردنی هەرێمەکەمان، بەڵام ئاخۆ ئەمانە بەغدا لێیان بەرپرسە یان ئەو دەسەڵاتدارە مافیاگەرانەی ناوخۆ کە هیچ خەون و خەمێکی نەتەوەیی و نیشتیمانییان نەبووە و نیە و هەرێم تەنها وەک مانگایەک بۆ دادۆشین دەبینن و ناوەستن تا شیرەکەی چک دەکات، دواتریش نۆرەی کەوڵکردنەکەی دێت تا پلێک گۆشتی پێوە مابێت لێی بخۆن، ئینجا فرمێسکی تیمساحی بۆ بڕێژن و بڵێن ئەوەتا هەرێمەکەمان بە پیلانی دوژمنان و عیراقچییەکان لەناوبرا !..  


عەتا قەرەداخی هەرچەندە فەیلەسوفێکی گەورەی وەکو هیگڵ لە کتێبەکەیدا بەناوی( جیهانی رۆژهەڵات) هیچ بایەخ و گرنگیەک بە شارستانێتی میسۆپۆتامیا یان دۆڵی دوو رووبارەکە نادات، ئایا ئەوە لە بێ ئاگاییەوەیە، یان بە مەبەستە، بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە لای ئیمە ئاشکرا نیە. ئایا دەشێ هیگڵ دانی بەوەدا نەنابێت ئەوەی لە میسۆپۆتامیا بەرهەمهاتووە، شارستانێتی بێت؟ ئایا ئەوەی لە میسۆپۆتامیا بەرهەمهاتووە خاسێتەکانی شارستانیتی نیە، بۆیە هیگڵ پشتگویی خستووە؟ بێگومان ئەمانە کۆمەڵە پرسیارێکن چاوەڕوانی وەلڵمەکانیان ناکەین چونکە وەڵامەکە بەهەر بارێکدا بێت، راستیەکە ئەوەیە کە لای هیگڵ شارستانێتی میسۆپۆتامیا خراوەتە دەرەوەی شارستانیتیە دیارەکانی تری رۆژهەڵات. بەڵام لە راستیدا وەک لە مێژوودا باس دەکرێت دۆڵی دوو رووبارەکە بەرهەمهێنی یەکیک لە دیارترین شارستانیتیەکانی مێژووی مرۆڤایەتیە. دۆڵی دوو رووبارەکە کە ئێستا پێی دەگوترێت عێراق  و لەسەردەمی فراوانبوونی دەسەڵاتی  فارسەکاندا، ناوەڕاست و باشووری بە عێراقی عەجەم ناوبراوە. بەڵام باکووری میسۆپۆتامیا کە بەشی رۆژئاوای لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ئاشووریەکاندا بووەو بەشی باکوورو باکووری رۆژهەڵاتی کە وڵاتی زامواو بەشێک لە زنجیرە چیاکانی زاکرۆسیش دەگرێتەوە، بەشێک نەبووە لەو میسۆپۆتامیایەی کە سۆمەر و دواتریش ئەکەد و بابل تیایدا فەرمانڕەوا بوون، مەگەر لە شاڵوێکدا بۆ ماوەیەک کەوتبێتە ژێر دەستیان، هەرچۆن ئەکەد و بابلیش ناوبەناو کەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی پێکهاتەکانی باکووری میسۆپۆتامیا کە بە هەموو لێکدانەوەیەک ئەو پیکهاتانەی باکووری میسۆپۆتامیا بەشدارییان هەیە لە پێکهێنانی ئیتنۆسی کوردیدا. دیارە بێجگە لە رۆڵی ئاشوور لە بنیادنانی شارستانێتی لە باکووری رۆژئاوای میسۆپۆتامیادا، ئەو پێکهاتانەی تریش کە لە باکوورو باکووری رۆژهەڵات ژیاون بەپێی ئەو ئاسەوارانەی بەجێیانهێشتووە ئەمانیش خاوەنی مێژوو شارستانێتی خۆیان بوون لە لۆلۆ و گۆتی و کاشی و میتانی و سوباری و نایری هۆری و ماد و تا دەگاتە کاردۆخی. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەم جیۆگرافیایە بەرهەمهێنی بەشێک لە شارستانێتی کۆنی مرۆڤایەتیە.  بۆ یەکەمجار مرۆڤ لە مێژوویەکی کۆندا، لە زاکرۆس و باکووری میسۆپۆتامیا دەستیکرد بە بەخێوکردنی ئاژەڵی وردە و ماڵیکردنیان و ئەسپ و مایین و رەشە وڵاخیش نموونەی ئەو ئاژەڵە بەهێزانە بوون کە ماڵییان کردن و بەکاریان دەهێنان. هەروەها لە قۆناغی کۆکردنەوەی بەرهەمی رووەکدا، بۆ یەکەمجار مرۆڤ لەم ناوچەیە  دەستیدایە چاندن واتە کشتوکاڵ، ئەوەش سەرەتای قۆناغی نیشتەجێبوونی مرۆڤ بوو لەسەر زەوی، واتە بەستنەوەی مرۆڤ بەخاکەوە کە یەکەم ئینتیمای مرۆڤ بە زەوییەوە لەوێوە دەست پێدەکات و سەرەتای کۆمەڵایەتیبوونی مرۆڤیش وەکو مرۆڤ لە نیشتەجێبوون و پێکەوە کۆبوونەوەی مرۆڤەکانەوە دەست پێدەکات. هەروەک یەکەمین بەردی بناغەی سادەترین شێوەی ژیانی شارستانێتیش لە نیشتەجێبوونەوە دەست پێدەکات.  دیسان لە مێژوویەکی زۆر کۆندا لەم جوگرافیایەدا مرۆڤ جۆرێک ئەلفابێتی داهێناوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەژدەو حەڤدەی پێش زاین، مرۆڤ لە دۆڵی دوو رووبارەکە جۆرێک لە نووسینی داهێناوە کە نووسینی وێنەیی بووەو ئەوەش بە یەکێک لە کۆنترین شێوازی نووسین دادەنرێت. ئاشکرایە دەرکەوتنی نووسین سەرەتای گواستنەوەی کۆمەڵگەیە لە قۆناغی سەرەتایی یان قۆناغی پێش نووسینەوە بۆ قۆناغی نووسین، کە بەراورد بە پێش خۆی جۆرێکە لە گواستنەوەو بەرەوپێشەوەچوون. هەروەک باس دەکرێت بۆ یەکەمجاریش لە سەردەمی حامورابیدا و لە دۆڵی دوو رووبارەکە یاسا لە دایکبووە، کە ئەوەش مانای دۆزینەوەی رێگاو رێوشوێنی پێویست بۆ رێکخستنی ژیانی مرۆڤەکان. هەروەک لە سەرچاوە مێژوویەکاندا هاتووە، ئەم جوگرافیایە لە مێژووی کۆندا چەندین دەوڵەت و ئیمۆراتۆریەتی تێدا دامەزراوە کە ئەویش بەرهەمی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و بوونی پێداویستیەکانی ژیان بووە لەم  ناوچەیەدا.  ئێستا ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات: ئایا ئەو ئیتنۆس و میللەتانەی کە لەو مێژووە کۆنەدا لەم جوگرافیایەدا ژیاون، پەیوەندییان هەیە بەم پێکهاتانەی ئێستا تیایدا دەژین؟ دیارە ئەوە روون و ئاشکرایە لە میسۆپۆتامیدا ئێستا دوو نەتەوەی سەرەکی و کەمایەتی تریش هەن. عەرەب کە ئێستا خۆیان کردووە بە خاوەنی رەسەنی میسۆپۆتامیا و بەشێکن لە نەتەوەی عەرەب یان ئیتنۆسی عەرەب کە رەچەڵەکیان سامیە. بەشێک لە کورد کە سیستێمی کۆڵۆنیالیزمی بەریتانی لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی کردی بە ژێردەستەو کۆڵۆنی عەرەبی سامی. ئایا ئەو عەرەبەی ئێستا خۆیان بە خاوەنی عێراق یان میسۆپۆتامیا دەزانن، لە رووی رەچەڵەک و رەگوڕیشەوە دەگەڕێنەوە بۆ سۆمەرو ئەکەدو بابل؟ بێگومان ئاشکرایە کە نەک عەرەبی ئێستای عێراق ناگەڕێنەوە بۆ ئەو دەستەو گروپ و ئیتنۆسانەی کە شارستانیتی دێرینی میسۆپۆتامیایان بنیادناوە، کە سەرەکیترینیان سۆمەرییەکانن، بەڵکو ئەمان نەوەی ئەو عەرەبە کۆچەریانەن کە لە دوورگەی عەرەبەوە پێداویستیەکانی ژیان ناچاری کردوون بەرەو میسۆپۆتامیاو شام و دۆڵی نیل کۆچ بکەن و زیاتریش لە فەتحی ئیسلامی و لە ئەنجامی گەڕان بە دوای خۆراکدا عەرەبە کۆچەرییەکان گەیشتوونەتە دۆڵی دوو رووبارەکەو لەو کاتەشەوە هەتا ئێستا لە لایەک وێرانکەری مادی و مەعنەوی ئەو شارستانێتیە بوون کە سۆمەرییەکان و ئاشوورییەکان و بابلیەکان و ئەوانی تر بنیادیان ناوە. لە لایەکی ترەوە هەر لەو ساتەی خێڵە عەرەبەکان لە چوارچێوەی سوپای فەتحدا پێیان خستە سەر خاکی میسۆپۆتامیا، بە خوێن رشتن دەستیان پێکردو هەر لە دوای گەیشتنیان بە دۆڵی دوو رووبارەکە، لە سەر دەسەڵات لە ساڵی شەست و یەکی هیجریدا حسەینی کوڕی عەلی-یان شەهید کرد، کە کوری ئیمامی عەلی و نەوەی پێغەمبەری ئیسلام بوو، لە رەچەڵەک و خوێن و دەماری عەرەب یان سامی خۆیان بوو. لەو ساتەوە کە عەرەب خۆیان ناپاکیان لە حسەینی کوڕی عەلی کرد بۆ بەرژەوەندی یەزیدی کوری معاویە، لە میسۆپۆتامیادا هەم خوێن ڕشتن هەم ناپاکی لە بیروباوەڕو لە هاوخوێن و لە نیشتیمان بووەتە کارێکی ئاسایی، هەم کارکردن و هەم خزمەتکردن و هەم بچووکی کردن بۆ ئەوانەی لە پێناوی دەسەڵاتدا هەمووان دەکوژن و هەموو شتێک دەڕوخێنن بووەتە شتێکی ئاسایی. بچووکی کردن و خزمەتکاریکردن و خۆفرۆشتن بە یەزیدی کوڕی معاویەو بە حسەین کوژەکان و بەو گورگانەی کە تاکو ئیستاش دڵسۆزانی حسەین بەکاردەهێنن و (واتە ئەوانەی شین و شەپۆڕی بۆ دەکەن و پاشی ١٣٤٠ ساڵ لە شەهیدبوونی و هێشتا بە زنجیر لە خۆیان دەدەن) وەکو مێگەل لێیان دەخوڕن و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان دەهێنن، دیاردەیەکەو بەردەوامەو کۆتایی نایەت. ئایا دەشێت هەم ئەم ویرانکەرو خوێنڕێژانە، هەم ئەم خۆفرۆش و خونکیکەرانە بۆ یەزیدی کوری معاویەو هاوشێوەکانی، هەم ئەو شێری ماڵ و رێوییانەی دەرەوە کە ئێستا خۆیان بە شوێنکەوتووی حسەین دەزانن و بوونەتە جێنشینی سۆمەرو ئەکەدو بابل و ئاشوور بەرهەمی میسۆپۆتامیا بن؟ واتە نەوەی ئەوانە بن کە شارستانیتی میسۆپۆتامیایان بەرهەمهێنا، کەچی ئێستا بۆ عێراقیەکان بووبنە جەلادو خوێنڕێژو وێرانکەری مێژووەکەی، کەچی لە لایەکی ترەوە خزمەتکارو بووکەشووسەی دەستی کەسانێکن کە خۆیان بە نەوەی کۆرشی هاخامەنشی و ئەردەشیرو قوبادو کیسرای ساسانی دەزانن. ئایا دەشێ ئەمانە نەوەی ئەو پێکهاتە دێرینانە بن کە شارستانێتی میسۆپۆتامیایان بنیادنا، یان هەر لە راستیدا ئەمانە جۆرێکی ترن و لە رەچەڵەکێکی ترن، کە نەک لە رابردوویاندا نەیانتوانیووە شارستانیتی خۆیان بەرهەمبهێنن بەڵکو روخینەری سارستانێتی ئەوانی تریش بوون.  کورد زیاتر نەوەی ئەو پێکهاتانەیە کە لە باکووری میسۆپۆتامیادا ژیاون و بەشدارییان لە بنیادنانی شارستانێتی میسۆپۆتامیاو ئێرانیشدا کردووە، بەوپییە دەبێت کەسێتیەکی بەهێزو لەسەرپێی خۆ راوەستاوی هەبێت و ئامادەیی بچووکیکردن و بەخزمەتکاربوونی بۆ ئەوانە نەبێت و بوونی خۆی لە ناوچەکەدا لەوان بەڕەسەنترو رەگوڕیشەدارترو خاوەن مافتر بزانێت و لە ئەنجامی ئەوەشدا یەکێتی خۆی بپاریزێت و یەکەیەکی یەکگرتوو بێت، کەچی ئەمیش هەمان شێوەی شوێنکەوتووانی حسەین- دەستەبژێری شیعە- بە تایبەتی بەرپرسەکانیان، بۆ ناوخۆ شێرن و لەبەرامبەر ئەوانی تردا بچکۆلەو بستەباڵاو خونکیکەرو تەنانەت هەندێجار لە پیناوی بەرژەوەندی کاتیدا نەک هەر خۆیان بەڵکو نیشتیمان و نەتەوەش هەرزانفرۆش دەکەن. بۆیە دیسان هەمان ئەو پرسیارەی سەبارەت بە پەیوەندی عەرەبی عێراق و بەرهەمهێنەرانی سارستانێتی میسۆپۆتامیا لە ناوەڕاست و باشوور کردمان، دەشێ سەبارەت بە کەسێتی بەشێکی دیار لە دەستەبژێری کەسێتی لاوازی سیاسی کوردیك واتە ئەوانەی ئاسان لە بەردەمی ئەوانی تردا دەچەمێنەوە، بکەین: ئایا دەشێ ئەم جۆرە کوردە نەوەی رەسەنی ئەو پێکهاتانە بن کە لە باکووری میسۆپۆتامیاو چیاکانی زاکرۆس ژیاون و بەشدارییان لە پێکهینانی ئیتنۆسی کوردیدا کردووە؟ یان لە بنەڕەتەوە گومان لەسەر رەچەڵەک و رەسانەیەتی هەر کوردێک هەیە کە کەسێتی نەتەوەیی لاواز بێت و گیانی پیکەوە ژیانی لەگەڵ برا کوردەکەیدا نەبێت، بەڵام ئامادەبێت لەگەڵ ئەوانی تردا بە تایبەتی ئەوانی داگیرکەری وڵاتەکەی، هەموو جۆرە سەوداگەرییەک بکات و بێجگە لە رووزەردی و هەندێ بەرژەوەندی کەسی هیچی تری دەست نەکەوێت؟    ١٧/٢/٢٢٣


سه‌ردار عه‌زیز نزیکەی دە ساڵ لەمەوپێش- بەپێی ئەو نوسراوەی کە لە بەردەستمدایە- بەهرۆز محه‌مه‌د ساڵەح پارێزگاری ئەوکاتەی سلێمانی، بۆ كۆتاییهێنان به‌ گرژی و خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ده‌ربه‌ندیخان، به‌تایبه‌ت گرتنی ڕێگه‌ی ده‌ربه‌ندیخان- كه‌لار كه‌ تێیدا سه‌رنجی خۆپیشانده‌ران له‌سه‌ر ڕێگریكردن بوو له‌ ڕۆشتنی ته‌نكه‌ره‌كانی نه‌وت به‌ره‌و مه‌رزی په‌روێزخان، چه‌ند بڕیارو به‌ڵێنێك ده‌دات: یەکەم، پرۆژەی ئاوی یوکەی فلتەر کە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار گرێبەستی لەگەڵ کردووە لەماوەی سێ مانگ و نیودا تەواو بکرێت. گرێبەستەکە لەگەڵ کۆمپانیایەکی تورکیدا ئەنجامدراوە. وەک له‌ خاڵی یەکەمی نوسراوەکە دەڵێت. له‌ خاڵی دووەمدا، دەنوسێت، هەتا تەواوبونی پرۆژەی یوکەی فلتەر، لە ڕێگای تەنکەرەوە ئاوی پاک بە ماڵاندا دابەش بکرێت. دە ساڵی دورودرێژ بەسەر ئەو خۆپیشاندانه‌و به‌ڵێنه‌كانی پارێزگاری سلێمانیدا تێپەڕیووە. بەپێی ئەم نوسراوە زیاتر لە دەیەیەکە خەڵکی شاری دەربەندیخان داوا دەکەن، ناڕەزایی دەردەبڕن، پەیمانیان پێدەدرێت، دەستی دەستییان پێدەکرێت، تەنها لەبەرئەوەی ئاوی پاکیان هەبێت. شایانی باسە دەربەندیخان لەسەر دەریاچەیەکەو ساڵێكیشه‌ بەنداوێکی تری بچوکتریش لەنزیک شارەکە دروستكراوه،‌ به‌نداوی دێوانه‌، کە ئه‌ویش به‌هه‌مان گرفته‌وه‌ جێهێڵراوه‌، گرفتی تێكه‌ڵبوونی ئاوی زێراب، ئه‌مجاره‌ ئاوه‌ڕۆی ده‌ربه‌ندیخان خۆی. بەم پێیە دەربەندیخان کێشەی نەبوونی ئاوی نییە، بەڵکو کێشەی پاڵاوتن و پاککردنەوەی هەیه. ئەوەی من دەمەوێت لێرەدا بە دوایدا بگەڕێم ئەو پرسیارە سادەیە: ئایا بۆچی ئەم پرسە پاش چەندین ساڵ و چەندین ناڕەزایی و چەندین وەعدو پەیمان، هێشتا بەبێ چارەسەر ماوەتەوە؟ بەپێی داتاکان ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بە کۆمەڵێك ماددەی قورس ژەهراویی بووەو بەکەڵکی بەكارهێنان نایەت. لەڕاستیدا ئەم دەستنیشانکردنە ترسناکە، چونکە ئاوێک بە کەڵکی خواردنەوە نەیەت بەتایبەتی لەبەر بوونی ماددەی قورس تیایدا، ئەوا بە کەڵکی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریش نایەت. ئەمە مانای وەهایە کە ڕوباری سیروان ڕوبارێکی ژەهراوییە. دیارە شارو شارۆچکەی تر لەسەر ڕوبارەکەن، بەڵام هەتا ئێستا نقەیان لێوە نایەت؟! پێده‌چێت له‌به‌رئه‌وه‌ بێت كه‌ ئاوی تانجه‌ڕۆ كه‌ به‌شی هه‌ره‌زۆری له‌ ئاوه‌ڕۆی سلێمانی پێكدێت كه‌وتۆته‌ دامێنی ئه‌وانه‌وه‌، ئاوه‌ڕۆی ئه‌و ناوچانه‌ی خوارووی سلێمانیش دیسان هه‌ر ده‌چێته‌ ده‌ریاچه‌كه‌وه‌، بۆیه‌ ته‌نیا به‌ڕاسته‌وخۆی زیانه‌كه‌ی به‌ر ده‌ربه‌ندیخان ده‌كه‌وێت. خەڵکی شاری دەربەندیخان هەموویان ئەو هەموو پەیمان و خۆپێشاندان و ناوی کۆمپانیاو سەردانی بەرپرس و فشەی بانگەشەیان لە یادە، ئەمەش مایەی زیاتر توڕەبوونیانە. سەرەتا چەند دراوێکی سەرەتایی ئاماژە پێدەدەم. یەکەم، چارەسەرکردنی پرسەکە مەحاڵ نییە. دووەم، کێشەکە پێویستی بە تێچویەکی زۆر نییە. سێیەم، پرسێکی لاوەکی نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی هەزاران کەسەوە هەیە. لەبەر روناکی ئەم دراوانە، دەگەینە ئەو وەڵامە سەرەتاییە، کە چارەسەر نەبوونی ئەم پرسە نەبوونی خواستە بۆ چارەسەرکردنی. بۆچی نیەت نییە بۆ چارەسەرکردنی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە؟ ئەوەی لە سەرەتادا دەبێت بیزانین کە چاره‌سەرکردنی پرسێک یان پشتگوێخستنی لە کوردستان نە پەیوەندی بە بودجەوە هەیە، نە ئیدارە، نە نەبوونی توانا، بەڵکو هەموو پرسەکان ڕاستەوخۆ سیاسی و حیزبین. لەم ڕوەوە چەند تیورەیەک هەیە: یەکەم، حکومەتی هەرێم بەگشتی حکومەتێکی خزمەتگوزار نییە، بۆیە زۆربەی شارو شارۆچکەکانی کوردستان بە دەست نەبوونی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن. کاتێک حکومەت خزمەتگوزار نییە، ئەوا بە پچڕ پچڕ بە هۆکاری جیاواز لە جێگای جیاواز پرۆژە، ئەنجام دەدات. بێگومان ئەم تیورەیە برێکی زۆری لە ڕاستی تیادایە، چونکە لە حکومەتی حیزبیی هەرێمی کوردستاندا هێشتا زۆری ماوە کوردستان وەک یەکەیەک ببێتە جێگایەک کە بیر لە چۆنێتی حوکمکردنی بکرێتەوە، چۆن بەڕێوەببرێت یان ئیدارە بدرێت، لەسەر بنەمای پێداویستی ناوخۆیی و بوژانەوەی ئابوری و کۆمەڵایەتی هەرێمەکە. بۆ نموونە نەبوونی بودجە نیشانەی ئەوەیە کە پلانێکی گشتی نییە، بۆ دابەشکردنی داهات و پرۆژەو پلان. دەکرێت بە زمانێکی گشتی بڵێین، حکومداریی لەسەر کۆمەڵێک بنەمای تر بەڕێوەدەچێت، وەک بوونی کەسی باڵای حیزبی، بایەخی دەنگدان، گرنگی ئابوریی لەگەڵ جێکەوتەی مایکرۆ-رجیوپۆلەتیکی. شایانی باسە ئەم تیورەیە یەکێتی و پارتی وەک یەک دەبینێت. تیورەی دووەم، جیاوازی دەکات لەنێوان یەکێتی و پارتیدا. بەگشتی پاش بە پایتەختبوونی هەولێر، وەها دەبینرێت کە پارتی سیاسەتی خزمەتگوزاری بەرامبەر سیاسەتی هەیە. کە بەشێکە لە سیاسەتی ڕەیعی و لە زۆر رووەوە دەچێتە سەر مۆدێلی چینی: گەشە بەبێ سیاسەت. دەکرێت بەپێی ئەزموون یەکێتی وەها ببینرێت کە حیزبێکە توانای حوکمڕانی نییە، چونکە، پێش ئەوەی بیپەرژێتە سەر حوکمڕانی ئەوانی تر، بە دەست قەیرانی حوکمڕانی خۆیەوە دەناڵێنێت. بەڵام لە هەمانکاتدا ئەوەی لەم دیدەدا کێشەیە، دۆخی جێگاکانی تری دەرەوەی هەولێرە لە سایەی پارتیدا. بۆ نمونە دهۆک زۆر ناڕازین. تیورەی سێیەم، زیاتر جەخت لە سەر بایەخ و گرنگی ناوچەکان دەکاتەوە. پێنجوێنییەکان سەرکەوتووبوون چونکە مەرزیان هەیەو نەک هەر خۆیان بگرە ئێرانیش فشاری دەکرد بۆ چارەسەری کێشەکە لەپێناو کردنەوەی مەرزەکە، وەک دەنگۆکان دەڵێن. ئەگەر سەرچاوەی سەرەکی داهات مەرزو نەوت و غازبن، ئەوا مەرز لە هەموویان باشترە، چونکە کەمتر دەبێتە مایەی پیسبوونی ژینگە، دەرفەتی کار ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی زیاتر دابین دەکات و سودی بۆ ناوچەکە زیاتر دەبێت، بە بەراورد بە کێڵگەی نەوت. بەپێی ئەم تیورەیە، داهات بڕبڕەی پشتی حوکمڕانییە. بەڵام ئەگەر حوکمڕانی بەو مۆدێلە بێت کە ئەو جێگایانەی کە داهاتیان هەیە خزمەتگوزاری بکرێن و ئەو جێگایانەی کە داهاتیان نییە خزمەتگوزارییان نەبێت، ئەوا کێشەیەک لە مۆدێلی حوکمڕانیدا هەیە. چونکە کرۆکی حکومڕانی بریتییە لە هاوسەنگکردن و پلانڕێژی بۆ سودمەندنی هەمووان و هەوڵدان بۆ دابینکردنی سەرچاوی داهاتی تر لە جێگاکانی تر. تیورەی چوارهەم، پرسی سزای سیاسییە. ئایا ئەو شارانەی کە دەنگ بە لایەنێکی تایبەت نادەن، یان دەنگ بە لایەنێک دەدەن وەک ناڕەزایی لە ئەنجامدا ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر خزمەتگوزارییەکانیان. هەرچەندە ئەم تیورەیە گشتگیر نییە، بەڵام لەبەر حیزبی بوونی سیستەمی حوکمڕانی هەرێم، بێگومان بەشێکی زۆر لە ڕاستی تیادایە. ئێستا ئەگەر بگەڕێینەوە سەر پرسیاری ئەوەی بۆچی دەربەندیخان ئاوی پاکی نییە؟ دەکرێت یەکێک یان چەندێک لەم هۆکارانەی سەرەوە بێت. بەڵام رەهەندێکی تر هەیە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، ئەویش میکانیزمی داواکاری و فشارە لەناو کایەی سیاسی هەرێمی کوردستاندا. وەک لە نامەکەی دە ساڵ لەمەوپێش دەردەکەوێت، خەڵکی دەربەندیخان دەیەیەکە لە هەوڵی گەیاندنی داواکەیانن لە ڕێگای خۆپێشاندان و ناڕەزاییەوە. ئەم خۆپێشاندانە، لە ئاستێکی سنورداردا ماوەتەوە، گەرچی پرسکە پرسی هەمووانە بەبێ جیاوازی، بەڵام هەمووان وەک یەک ناجوڵێنێت، ئه‌م بە جەماوەری نەبوونە خاڵی لاوازییە. دووەم، لە میانەی پرۆسەی دەنگداندا، خەڵکی دەربەندیخان نەیانتوانیوە نوێنەرێکی ڕاستەوخۆی خۆیان بۆ پەرلەمان بنێرن کە زۆرینەی کاتی خۆی بۆ ئەم پرسە تەرخان بکات. ئەم دیاردەیە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا پێی دەڵێن .single-issue voter گەرچی ڕەنگە بڵێن ئەم شێوازە کاریگەری نابێت، بەڵام ئەگەر ڕووبدات چەند خەسڵەتێکی دەبێت، بۆ نمونە، خۆپێشاندان، هەر چەند ساڵێک جارێک بۆ چەند ڕۆژێک ڕودەدات، بەڵام پاش ئەوە دادەمرێکێتەوەو بەهۆی ڕوودانی قەیرانی زۆرە دەچێتە خانەی بیرچوونەوەوه‌. هەرچەندە لە میانەی دواندنی چالاکوانان ئەوان نەک یەک نوێنەر، بەڵکو هەردوو ڕێواس فایەق و عەلی حەمە ساڵەحیش بە نوێنەری خۆیان دەزانن، بەڵام هیچ لەو دووانە نوێنەری تاک پرس نین، هەروەها خۆیان تەنها بە نوێنەری دەربەندیخان نازانن. کۆمەڵێک خەسڵەتی تر هەن لە کردەی خواست و سیاسەتدا لە کوردستان لەبەر نوێیەتی خەڵکی کوردستان لە کایەی دیموکراسیدا هێشتا زیاتر تێگەیشتنی سایکۆلۆجی کۆمەڵایەتییان هەیە لە بڕی سیاسی. خەڵک ئەگەر جارێک هەوڵێکیانداو سەرکەوتوو نەبون، ئیتر زوو نائومێد دەبن بە دوای لایەنێکی تردا دەگەڕێن، دیارە گەڕان بە دوای بژاردەی نوێدا کارێکی باشە، بەڵام دەبێت ستراتیژ هەبێت بۆ گەیشتن بە ئامانج، مەرجی سەرەکی سەرکەوتنی هەر کارێک توانای بەردەوامییە. نەبوونی ئاوی پاک دیاردەیەک نییە، ناوە ناوە سەرهەڵبداتەوە، بەڵکو پرسێکی ڕۆژانەی هەموو خەڵکە، وەک چۆن پرسەکە بەردەوامە بەهەمانشێوە خواستەکانیش.


* کاوە مەحمود گەڵاڵەبوونی چەمکی پانتایی گشتی بۆ سەرەتاکانی سەدەی هەژدەهەم لە ئەوروپادا دەگەڕێتەوە کە هەلومەرجێکی ئەوتۆ ڕەخسا ناوەندێکی ڕۆشنفیکر لە چینی بۆرژوای گەشەکردووی ئەو کاتە، ڕێگای یانە ئەدەبییەکان و گردبوونەوە کۆمەڵایەتییەکان و لەچوارچێوەی مافە مەدەنییەکان، گفتوگۆکانیان سەبارەت بە پرس و گرفتەکانیان بکەن. ئەم چەمکە لە بواری هزریدا لەلایەن کانت (1724ـ 1804) لەدەقێکدا کە یەکێکە لە بنەماکامی مۆدێرنەو وەڵامی پرسیاری (ڕۆشنفیکری چییە؟) دەداتەوە باسکراوەو، تیایدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە (مرۆڤ ئازادەو دەبێ سەروەری کەس لە سەر عەقڵی نەبێت و بێ فشاری دەرەکی بیرکردنەوەی خۆی هەبێت). لە پێناسەکردنی چەمکی پانتایی گشتی ئاماژە بۆ بوونی پەیوەندی ئۆرگەنیکی ئازادی بیرکردنەوە و، ئازادی ڕادەڕبڕین کرا. بوونی پانتایی گشتی پێویست دەکات تاک لەگەڵ کەسانی دیکەداو لەنێو ناوەندێکی کۆمەڵایەتی و خەڵکانی دیکە بیرکاتەوە. بەم جۆرە ئازادی بیرکردنەوە و ڕادەڕبڕینی تاک لەگەڵ لە ناوەندێکی خەڵکداو جەختکردن لەسەر بنەمای عەقلانیەت و دەربازکردنی ڕای گشتی لە هەژموونی دەقی ئاینی و نەریتی کۆمەڵایەتی فیوداڵیزم مەرجە بۆ دروستبوونی پانتایی گشتی، بەڵام سەرجەم ئەمانەش بێ بوونی عەقلانیەت کە سەرچاوەی ڕۆشنفیکرییەو بەکارهێنانی لە بیرکردنەوەی تاک بەشێوەیکی ئاشکراو ڕوون پانتایی گشتی دروست نابێت. گرنگی بوونی پانتایی گشتی پەیوەندی بە چەمکی شەرعیەتی ئەو قانون و رێسایانە هەیە کە لە کۆمەڵگادا دادەڕێژرێت و، دەبێتە بنەمایەکی گەڵاڵەبوونی چەمکی (دیموکراسی تشاوری) کە جەخت لەوەدەکاتەوە قانونی شەرعی و ڕەوا ئەو قانونەیە کە لە ئاکامی گفتوگۆی بە کۆمەڵی پانتایی گشتی دابڕێژرێ نەک ئیرادەی گشتی دەسەڵاتی یاسادانان. بوونی پانتایی گشتی زەمینەی دروستبوونی ڕای گشتییە کە لەبواری فەلسەفیدا کە هاوڵاتیانی ئازادو یەکسان لە ڕێگای گفتوگۆی عەقلانی و بەکۆمەڵ دوور لە ململانێی و پێکدادن پێی دەگەن و، جۆرێک لە ڕەوابوونی سیاسی لەخۆدەگرێت. بۆچوونەکانی کانت سەبارەت بە پانتایی گشتی لەلایەن قوتابخانەی رەخنەگرانەی فرانکفۆرت و هزرمەندی ئەڵمانی هابرماس (1929ـ) پەرەیپێدراو، تا گەیشتە گەڵاڵەکردنی (تیۆری پەیوەندی) کە بنەمایە بۆ پانتایی گشتی و ڕوبەرێکە خەڵکی ناکۆک لە ڕێگای گفتوکۆی عەقلانییەوە هەوڵی گەیشتن بە ڕاستی و بەرژەوەندی گشتی دەدەن. هەرچەندە هابرماس پێی وایە مۆدێرنە پرۆژەیەکە کۆتایی نەهاتووە یان تەواو نەبووەو زیندووکردنەوەی مۆدێرنە پەیوەندی بە زیندووکردنەوەی پانتایی گشتییەوە هەیە، پێناسەو مەرجەکانی بۆ پانتایی گشتی شێوازێکی پێوەریی وەرگرتووە، بەڵام نەک تەنیا لە هەلومەرجی ئێستادا بەڵکو لە سەرەتایی گەڵاڵەبوونی چەمکی پانتایی گشتی و تەنانەت ڕایگشتی، کرۆک و ناوەڕۆکی ئەم چەمکانەو بوونی دیاردەی پانتیی گشتی لە دەرەوەی بوونی سەروەری سەرمایەداری و بوونی هەژموونی شوناسی چینایەتی سەرمایەداری لەسەر سەرجەم چەمکەکان بەدەر نەبووە. گرفتەکانی چەمکی پانتایی گشتی هاوکات بووە لەگەڵ سەرهەڵدانی چەمکەکەو بۆیە ئەمڕۆ پرسیار لە بوون یان نەبوونی پانتایی گشتی لە ئاستی جیهاندا دەکرێت. ئەم پرسارانە کۆمەڵێک خاڵی گرنگ دەگرێتەوە لەوانە: ــ سەرجەم چەمکەکانی گشتگیری و یەکسانی و ئازادی چەمکی ئایدیۆلوجین لە کاتێکدا بەشێک لە بیرمەندانی قوتابخانەی ڕەخنەگرانەی فرانکفۆرت پێیان وایە ئایدیۆلۆجیا وەهمێکی پێویستی کۆمەڵایەتییەو هەندێکیش پێیوایە بیروبۆچونێکی چەواشەکەرانەیە بۆ هاندانی خەڵک و مانەوەی هەژموون. ــ هەر لە سەرەتایی بوونی چەمەکی پانتایی گشتی ناوەندێکی خوێندەوارو دەوڵەمەند لە بۆرژوای گەشەسەندووی ئەو سەردەمە تیایدا بەشدار بوون و، توێژی هەژاران و ژنان لەبوار پانتایی گشتی دوورخرابوونەوە. ــ بە شێوەیکی کردەیی پانتایی گشتی لە سایەی سەرمایەداریدا بواری پاراستنی بەرژەوەندی سەرمایەدارن و ئاراستەی بەکاڵابوونی هەموو شتێکە. ــ گۆڤارو دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بوارەکانی پانتایی گشتی بوون بە کۆمپانیای سەرمایەداری مەزن یان سێبەری بەرژەوەندی دەسەڵات و کۆمپانیاکان و بەرهەمەکانیان لەچوارچێوەی کەلتووری بەکاربەرەیی و هۆشمەندی چەواشەکەرانە دەرباز نەبوو. بەم جۆرە ڕاگەیاندن نەبوو بە دەسەڵاتی چوارەم بەڵکو هێزو دەسەڵاتی ئابووری بۆ سەروەری و هەژموونی سەرمایەداری، هەروەکو چومسکی دەڵێت: ڕاگەیاندن میکانیزمێکە لە میکانیزمەکانی کۆنتڕۆڵکردن و دەسەڵاتبوون. ــ بوونی هەژموونی جیاواز لەسەر ڕایگشتی بە جۆرێک کە ئەو پانتاییە ئەرکی ڕەخنەگرانەی خۆی ئەنجام نادات و ئەمەش کاری لەسەر شوناسی پانتایی گشتی دەکات کە بۆتە گۆڕەپانێکی ململانێی چینایەتی بۆ ئاراستەکردنی ناکۆکی و پێکدادانەکان. لە خوێندنەوەی سەرجەم ئەم خاڵانەی سەرەوە وای دەبینم کە خودی پانتایی گشتی چەمکێکی چینایەتییەو هۆکارێکی سەره‌کییە کە سیستمی سەرمایەداری و لیبراڵی بۆ کۆنتڕۆڵکردن بەکاریدەهێنێت، بەڵام لەهەمان کاتدا بوارێکی بۆ پرۆژەی ئەنتی سەرمایەداری و تێکۆشەران بۆ پرۆژەکانی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و ئاراستەی عەدالەتی کۆمەڵایەتی دەرەخسێنێت وەک گۆڕەپانێکی ململانێ بێ ئەوەی شوناسە چینایەتییەکەی بەهەند وەرنەگیرێت. پانتایی گشتی وەک هەر چەمکێکی دیکەی بواری سۆسیۆلۆجی لە دۆخی وەستان نییە. بۆیە دوور لە تێڕوانینە کلاسیکییەکی کانت و بۆچونەکانی هابرماس، فەیلەسوفی ئەڵمانی حنە ئەرندت (1906ــ 1975) ئاماژە بۆ بابەتێکی گرنگ لە بواری پانتایی گشتی دەکات کە پەیوەندی بە بوارو پانتایی فرەبوون و هەمەجۆری دەربڕین و دابینکردنی ماف جیاوازوە هەیە. بەم جۆرە بیرۆکەی فرە ئاسۆیی هاتەپێشەوە بەو مانایەی کە لە دید گۆشەنێگای جیاوازەوە تەماشای هەمان بابەت بکرێت. ئەم بۆچونەی حنە ئەرندت جەختکردنەوەیە لەسەر فرەیی و هاوبەشی و بەم جۆرەش ماف هەیە کە جیاواز بین بەڵام لە جیهانێکی هاوبەشدا. بەم جۆرە چەمکی پانتایی گشتی و رایگشتی مۆرکێکی جیهانی وەردەگرێت، بەڵام بە بۆچوونی من شوناسی دوو فاقی هەیە و، دەمێنێتەوە لە سایەی سیستمێکی جیهانی سەرمایەداری ئامرازێکی نێودەولەتییە دەسەڵاتدار بۆ هەژموونی کەلتووری خۆی بەکاریدەهێنێت، لەهەمان کاتدا بۆ هەڵگرانی پرۆژەکانی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی، گۆڕەپانێکی ململانێیە. دوای خستنەڕووی ئەم پاشخانە بۆ چەمکی پانتایی گشتی ئایا دەکرێ باس لە بوونی پانتایی گشتی لە کوردستاندا بکەین؟ ئەگەر تەنیا پێوەرەکانی ئازادی بیرکردنەوەو ڕادەربڕین و گفتوگۆی عەقلانی دوور لە هەژموونی دەقی ئاینی و پاشماوەکانی پەیوەندییەکانی پێش سەرمایەداری لەبەرچاو بگرین، ئاسان نییە بڵێن لە دیدی پێوەرییەوە مەرجەکانی پانتایی گشتی هەیە، چونکە لایەنەکانی پانتایی گشتی لە کوردستاندا کە دەسەڵاتە خاوەنی پرۆژەی مۆدێرنەو عەقلانیەت نییەو، هێزی پارێزگاریخوازو سەلەفییە کە جگە لە پۆپۆلیستی و لەکەدارکردن و تەکفیری بەرامبەر لۆجیکی عەقلانی لە گوتارەکانیاندا نییەو، باوەڕی بە ئازادی بیرکردنەوەو ڕادەربڕین نییەو ئەم دوو هێزە بەرژەوەندییان لەگەڵ هێزی مەدەنی و مۆدێرن و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی کە باس لە ڕۆشنفکیری دەکەن نییەو، بەم جۆرەش لەچوارچێوەی پانتایی گشتی بە مانا کلاسیکییەکی کۆنابنەوە. بەم جۆرە سەرجەم یاساکانی گۆڕانکاری لە کوردستان و سەرجەم جیهاندا لە دەرەوەی ناکۆکی و ململانێی چینایەتی نییە. * سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان


چیا عەباس وێرای ئەوەی یەکێتی لە سەرەتای دروستبونیەوە تا ئەم ساتەش روبەروی گەلێک میحنەت و قەیرانی قورس و ئاڵۆز بۆتەوە، بەڵام توانیویەتی لە زۆربەیان بە سەرکەوتن یاخود کەمترین زەرەر لێی دەرچێت. ئەو میحنەتانەی کە یەکێتی لاواز و پەرتەوازە  کردوە ئەوانەن کە زەمینە و هۆکارەکانی لەناو خودی یەکێتیدا بون. رکابەر و هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی بە دەگمەن بەپاڵپشت و هاریکاری بیانی و غەیرە کورد توانیویانە یەکێتی دوچاری شکستێکی کاتی بکەن. نمونەکان زۆرن، تەنها ناوی چەندین روداو دەهێنم: سەرەتای دروستبونی یەکێتی کارەساتەکانی بادینان و هەکاری، خولەکانی شەری جوقد و جود، شەر و مەرافەی سۆسیالیست، جیابونەوەی ئاڵای شۆرش و شەری ناوخۆی سەردەمی شاخ نێوان یەکێتی و پارتی، بەتەنیشت ئەمانەشەوە لەسێدارەدان و گرتنی سەدانی کادر و سەرکردە و شەهیدکردنی هەزاران پێشمەرگە و ئەندامی یەکێتی. سەرەرای ئەم میحنەتە گەورانە یەکێتی رۆڵی گرنگ و هەستیاری لە داستانەکانی خەباتی شاخ، هێزی پشتیوان، دروستکردنی بەرەی کوردستانی و راپەرینە مەزنەکەی نەتەوەی کورد هەبوە. تەنانەت سەردەمی ( المناطق المحرمة)، کیمیاباران و ئەنفالەکانیش یەکێتی چۆکی دانەداوە و ژیرانە شێوازی نوێی خەباتی دارشتۆتەوە. تۆ بڵیی ئەم ئیرادە و وزە و قارەمانیەتە لە کوێوە سەرچاوەیان کردبێت؟ وەڵامدانەوەی پێویستی بە وردبونەوەیەکی واقعی هەیە. سەرەرای ئەوەی بۆ خۆم پاش سی و سێ ساڵ لە ناو یەکێتی شازدە ساڵ لە یەکێتیدا نەماوم و رەخنە و بۆچونی توندیشم بەرامبەری دەربریوە، بەڵام هەوڵ دەدەم بە ویژدانەوە هەڵسەنگاندن بکەم و بەمزاج تەر و وشک بەیەکەوە نەسوتێنم، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم وردبونەوەیە بۆ کادر و ئەندامە دڵسۆز و لێهاتو و بەئاگاکانی یەکێتی جێدەهێڵم، ئەوانەی پاک و وەفادار بۆ پرەنسیپە بەهادارەکانیان ماون، ئەوانەی وەک گەڵاکانی دارێک هەمو شتێک دەبەخشن بۆ زیندوراگرتنی درەختەکە، هەروەها وەک هەندێک لە هاورێکانی جارانیان نەبونەتە دەڵاڵ و بازرگان لە بازاری عەکازی سیاسی باشور کە لەم سەردەمەدا بۆ چنگێک دۆلار و پێگەیەکی پاشکۆ و کۆیلە ئاسا بێ شەرم چاوشارکێیەکی زۆر هەرزان بەها دەکەن، بەبۆنە و بێ بۆنە بە مەقسەد کاردەکەن تا سەردەمە زێرینەکانی مێژوی یەكیتی لەکەدار بکەن. بێگومان مەبەستم لەوانە نیە کە لە یەکێتی و هێزەکانی ترەوە سەنگەریان گۆریوە یاخود گواستۆتەوە و راشکاوانە رایان گەیاندوە، بەڵکو ئەوانەی وەک تارماییەک کەرویان لێنیشتوە و ژێربەژێر لەسایەی مێژویان لە یەکێتیدا سەرقاڵی چەواشەکردن و ساختەچیەتین.   پێویست دەکات زهن و نیەتە پاک و وەفادارەکان بە چاو و زهنی لۆژیک و واقعی برواننە ئەو مێژوە. هیوادارم بۆ پاراستنی سەربەرزی مێژو و خۆیان و ئایندەی حزبەکەیان ئەو ئەرکە جێبەجێ بکەن. ناشێت بهێڵرێت هەڵڵا و فەوزا و بێسەروبەری ئەم سەردەمە مێژوش بکەنە هاوشێوەی خۆیان. چەندین جارە جەخت لەم دیاردەیە دەکەمەوە چونکە دەرک دەکەم بەوەی هەڵگەراوەکان لە مێژوی خۆیان وەک تابوری پێنج بونەتە پەڵە هەورێکی رەشی مەترسیدار.   دوای راپەرین یەکێتی گەلێک محنەتی زۆر قورس و دژاوری روبەروبۆتەوە، زۆربەیان بە هۆکاری دەرەوەی یەکێتی، وەک شەر و مەرافەکانی ئیسلامی سیاسی، خولەکانی شەری ناوخۆ لە گەڵ پارتی، کارەساتی ٣١ ئۆگۆست، دو ئیدارەیی، فشارە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان، دوای روخاندنی رژێمی سەدامیش ناوچە زەوتکراوەکانی کوردستان، کەرکوکی دڵ و قودسی کوردستان، کێشەکانی دەسەڵات لە گەڵ پارتی لە کوردستان و لە بەغدا، زەبری ئیرادەی ئەمریکا، فشارەکانی تورکیا و ئێران، کێشەکانی هێزە تێکۆشەرەکانی بەشەکانی تری کوردستان لە باشور و ...تاد. بێگومان لە ئاکامی کارەساتی ٣١ ئۆگۆست یەکێتی توشی گەرەترین میحنەت بو، ئەمەش بە هاریکاری رژێمی سەدام و کارئاسانی چەند هێزێکی دەرەکی ئەنجامدرا، لە گەڵ ئەوەشدا یەکێتی توانی لە ماوەیەکی زۆر کەمدا هاوسەنگەکە بگۆرێت و دەسەڵاتی خۆی جارێکی تر لە کوردستان بچەسپێنێتەوە. بە هۆکاری تێکەڵبونی زلهێزەکانی دنیا، تایبەت ئەمریکا، لە فرە هاوکێشەکانی عیراق بە کوردستانیشەوە رێگرێکی بەهێز لە ئەرزی واقعدا هاتە کایەوە کە جۆرێک لە جێگیری و ئارامی بە دۆخی سیاسی کوردستان بەخشی، یەکێتی لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش و ساڵەکانی جەنگی قورس لە گەڵیدا رۆڵی بەرچاو و سەرکەوتوی تێدا هەبو لە پاراستنی حوکمرانی هەرێم. بێگومان کارەساتی ئۆکتۆبەر ئەو رۆڵە بەرچاوەی یەکێتی خستۆتە ژێر گەلێک پرسیارەوە.  دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان یەکێتی دوچاری میحنەتێکی زۆر  گەورە و ئاڵۆز کرد، بێجگە لەوەی ژمارەیەکی بەرچاوی سەرکردە دێرینەکانی یەکێتی چونە ناو گۆڕان لەدەستدانی نەوشیروان مستەفا بۆشاییەکی ئەوەندە هەستیاریشی لەناو یەکێتیدا دروستکرد کە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ بۆ پەرلەمانی کوردستان یەکێتی بوە هێزی سێیەم ئەمە وێرای ئەوەی مام جلال سەرۆک کۆماری عیراق بو و دۆست و هاورێیەکی زۆر نزیک بو لە نەوشیروان مستەفا. لە گەڵ نەخۆشکەوتنی مام جلال کێشە و ململانێکانی ناو یەکێتی تا دەهات خەستتر و ئاڵۆزتر دەبون، تایبەت لە نیوەی دوەمی دەیەی پێشو. دروستبونی ناوەندی بریار میحنەتەکانی یەکێتی ئاڵۆزتر کرد، سەنتەری بریاردان پەرتەوازە و لەرزۆکتر بو، جەمسەرگەری بونیادی یەکێتی شەکەت کرد و گەندەڵی و بێسەروبەری گەیشتنە ئاستێکی مەترسیدار، تا دەهات متمانەی خەڵک بەیەکێتی کاڵتر دەبو و لە حکومەتی هەرێم و ناوەندە دەرەکیەکانیش حسابی وردی جاران بۆ یەکێتی نەدەکرا. لەم کەش و هەوایەدا سەرەتا کاک نەوشیروان و پاشان مام جلال کۆچی دواییان کرد، گەر دەستەواژەیەک بۆ ئەو دۆخە گونجاو بێت ئەوەیە ماڵی یەکێتی بێ خاوەنی مێژویی و مۆراڵی و واقعی مایەوە. دو کورەکەی مام جلال و چەند کەسایەتیەکی خانەوادەی تاڵەبانی بە پشتگیری هێرۆ خان دەستپێشخەریان کرد بۆ دارشتنەوەی نێو ماڵی یەکێتی، دارشتنەوەیەک دەبو یەکێتی بەرەو ئارامی و سەقامگیری و نۆژەنبونەوە ئاراستە بکات، لە غیابی کاریزما و مەرجەعێکی جێگیر و تۆکمەیی رێکخراوەیی و لە حزوری تاقمە خۆپەرست و کەمینچی و تێکدەرەکانی ناوخۆ یەکێتی لە میحنەتێکی نزیک لە دارماندا گیرسایەوە، تایبەت پاش سەرهەڵدانی کێشە ئاڵۆزەکانی نێوان کورەکانی مام جلال لە گەڵ نەوەکانی شێخ جەنگی مامیان، دوا بەدوای ئەمەش تێکچونی هۆمۆجینی دەزگا هەواڵگری و ئاساییشەکانی سەر بە یەکێتی. لەو کەین و بەینەشدا سەرەرای چەند هەڵەیەکی زەقی دەسەڵادارانی نوێی یەکێتی رکابەرەکانیشی ئاگرەکەیان خۆشتر دەکرد. ئەمانە زەمینەی ئەم میحنەتەی ئێستان کە خۆم بە میحنەتی یەکێتی ناوزەدی ناکەم بەڵکو بە میحنەتێکی هەستیاری کورد لە باشور. پارتی هێزێکی گەورەی جێگیر و خاوەن مەرجەعێکی بی رکابەرە و دەسەڵاتی بەرچاوی لە دۆخی باشور هەیە، بۆیە گەر یەکێتی ئەم میحنەتەی ئێستای ژیرانە چارەنەکات ئەوا بێگومان دوچاری میحنەتی زۆر خەستتر دەبێتەوە. لەم سات و ئان و دۆخەدا یەكێتی هیچ پێویستی بەم فرە جومگانەی رێکخراوەیی و جەمسەرگەری و رازیکردنی ئەم و ئەو نیە، مام جلال نەماوە تا ئەو چەپکە گوڵەی مێژو بەیەکەوە گرێبداتەوە، کاک نەوشیروانیش نەماوە تا بە کاریزمای خۆی و پێگەی مێژویی رێگریبکات لە زیاتر نوقمبونی یەکێتی لە میحنەتەکاندا. ئەوەی دەمێنێتەوە یەکێتی رێگایەکی تر بگرێتە بەر، رەنگبێ بەشێک لە یەکێتییەکان بیر لە پەنابردن بۆ بەغدا بکەنەوە، سەرەرای ئەوەی سەرۆک کۆمار ئەندامێکی یەکێتیە، بەڵام دەسەڵاتی زۆر سنوردارە و کاریگەر نیە، هاوکاتیش دەسەڵاتدارەکانی بەغدا سەمای دڵخۆشیان لەسایەی میحنەت و کێشەکانی نێوماڵی کورد بەرپا کردوە. پەرڵەمانی کوردستانیش لە جەستەیەکی ئیفلیجی بێ ئیرادە دەچێت. لەم دۆخەدا هیوادارم کادر و ئەندامە دڵسۆز و پاکەکانی یەکێتی رێگا چارە بۆ ئەم میحنەتە گەورەیە بدۆزنەوە کە لە بنەرەتدا میحنەتی کوردە.  


  هاوڕێ تۆفیق  لە دوای پێکهێنانی وەزارەتەکەی سودانی هەڵبژاردنی پێشوەخت گۆردرا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگان، لە راستیدا ئەنجومەنی پارێزگاکان بەهۆی راپەرینی خەڵکەوە کە لە کاتی خۆیدا  لە باشورو بەغدای پایتەخت هەڵگیرسابوو ،   یەکێک لە داواکانیان هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنەکان بوو .چونکە لە باتی خزمەتی خەڵک بکەن، بەشی زۆریان تێوەگلاوبون لە گەندەڵی . پەرلەمانی عێراقیش ئاوی کرد بە ئاگری تورەیی خەڵکدا و ئەنجومەنی پارێزگانی هەڵوەشاندەوە، بەڵام پاش ماوەیەک پەرلەمان بریارەکەی خۆی چاککردەوە ،چونکە ئەنجومەنی پارێزگاکان پاڵپشتی دەستورییان هەیە و لە دەستوردا بونی هەیە. بۆیە پەرلەمان لە جیاتی هەڵوەشاندنەوە، بریارەکەی گۆری بۆ هەڵپەساردنی کارەکانیان ،چونکە ولایەتی یاسایی هەڵبژاردنیان تەواو بوو . دادگای فیدراڵیش بەهەمان شێوە لە یەکلایکردنەوەی سکاڵایەک لەسەر ئەنجومەنی پارێزگا هەمان راستی دوپاتکردەوە، لە ئێستادا هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکرێت ،هەرچەندە لە ژورە سیاسیەکاندا رای تر هەیە و ئەگەری دواخستنی هەیە، بەڵام لە ئێستادا پەرلەمان سەرقاڵی هەمواری قانونی ئەنجومەنی پارێزگاکانەو خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەی هەموارەکە کراوە، جەوهەریترین خاڵ کە هەتاوەکو ئێستا ئاراستەی  زۆرینەی وەرگرتوە بەم شێوەیە: ١: هەردوو قانونی ئەنجومەنی نوێنەران و پارێزگاکان پێکەوە لە یەک قانونی هەمواردا یەکدەخرێن و بەیەک جار ،خوێندنەوەو پەسەندکردنی بۆ دەکرێت ، ئەمەش پێشینەیەکی یاسایی تازەیە کە لەیەککاتدا دوو قانون بکرێت بەیەک .ئاشکرایە ئەم ئاراستەیە لەبەر ئەوەیە ئەو لێکتێگەیشتنە سەرەتاییەی کە ئێستا لە نێوان لایەنە سیاسیەکان دروستبوە بتوانن بۆ هەردوو قانونەکەی بەکاربهێنن .نەوەکو پاشان توشی لێکترازانی سیاسیی ببنەوەو قانونی دووەمیان پێ هەموار نەکرێ.  ١: بازنەی هەڵبژاردن بۆ هەر پارێزگایەک تەنها یەک بازنە دەبێت، نەک وەکو پێشوو  کە هەر پارێزگایەک چەند بازنەیەک بوو. ٢: پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگدان بە هەردوو رێگای ئەژماری ئەلکترۆنی و دەستی دەبێت و ئەگەرئەنجامی هەردوکیان هاوتا نەبوو ، ئەوا ئەنجامی دەستی پەسەند دەکرێت. ٣: ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەن پارێزگاکان کەم دەکرێتەوە.  ٤: مەرجە دەنگدەر کارتی دەنگدانی بایۆمەتری درێژخایەنی هەبێت، ئاشکرایە کۆمیسۆن دوو جۆر کارتی دەنگدەری دروستکردوە، جۆری یەکەمیان ،کارتی دەنگدانی کورت خایەنە کە ئەم جۆرە بایۆمەتری نیەو وێنەی دەنگدەری لەسەر نیە، جۆری دووەم بایۆمەتریەو وێنەی دەنگدەری لەسەرە، ئەم جۆرەیان دەنگدەر خۆی چۆتە بەردەم تیمی تۆماری ئەلکترۆنی کۆمیسۆن و داتاکانی بەشێوەی ئەلکترۆنی تۆمارکراون و پەنچەمۆری ئەلکترۆنی هەر دە پەنچەی دەنگدەر تۆمارکراوە، ئەم جۆرە لەسەر ئاستی نیشتمانی رێژەکە نزیکە لە ٦٥٪ . ئەگەر ئەم کارتە بکرێ بە مەرج ، ئەوا رێژەیەکی گەورە لە خەڵک ناتوانن دەنگ بدەن.  بێگومان لە  دەستوردا سیستەمی نوێنەرایەتی دابەشکراوە بۆ سەر سێ ئاست ، پەرلەمانی فیدراڵ، ئەنجومەنی پارێزگا، ئەنجومەنی قەزا. ئەمەش بۆ بەرجەستەکردنی لامەرکەزییەتە لە سیستەمی پەرلەمانی و فیدراڵیدا ،بەڵام لە راستیدا لە بواری جێبەجێکردن و ئەزمونی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەم ئەنجامەی نەپێکاوەو  بە پێچەوانەوە بۆتە تەکەتولێک بۆ بەرژەوەندی کەسی و حزبی و هەندێک لە ئەندامان و ئەنجومەنەکان لە گەندەڵیەوە تێوەگلاون و ئەنجومەنەکان بونەتە سەرچاوەی بیرۆکراتیەت، رێگا راستەکە هەڵبژاردنی پارێزگارە بە دەنگدانی راستەوخۆی خەڵک هەتاوەکو بەهێز بێت و پارێزبەندی بۆ دروست بێت ، نەک بەم شێوەی ئێستا بە ناراستەوخۆ لە لایەن ئەندامانی ئەنجومەنەوە هەڵبژێردرێت و پارێزگار بێتە کۆیلەی بەرژەوەند کەس و گروپی جیاواز.


د. هەژار مەعروف زارای محەمەدی، نەمامە چناری ناسک و تەڕ و خاکی و خاکپەرست لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە لە ناو تاریکایی زیندانی داگیرکەری دەسەڵاتی ئاینیی دواکەوتو و دڕندەی ئێرانەوە، ساڵەکانی زیندان نەک هەر نەی چەماندۆتەوە بەڵکو ڕێکتر و باڵاتر و قیت تر و پەل و پۆ زۆرتری کردوە، ئەو لەسەر وانەوتنەوەی زمانی شیرینی کوردی بە منداڵانی کورد لە شاری سنە حوکمی ناڕەوای چەند ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرابو.  دیارە ترپەی دڵە زیندوەکەی زارا ی تینوی ئازادیی گەلەکەی و سەربەخۆیی وڵاتەکەی، لە کونجی زیندانەکەیەوە ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەڵ ڕاپەڕینی (ژن ژیان ئازادی) دا لێیداوە و ئۆکسجینی ژیانی لێ هەڵمژیوە، ئەو ڕاپەڕینەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە کڵپەی سەند و تەواوی ئێرانی تەنییەوە.  هیواو و ئومێد بەو ڕاپەڕینە و بڕوای تەواو بە ڕێبازەکەی، زارای هێندە بەهێزکردوە کە لە فەرمانی لێبوردنی خامنەئی بێمنەتە و خۆی ئاگاداری دەسەڵاتی دادوەریی ئێران دەکات کە داوای لێبوردنیان لێناکات بۆ ئەوەی ئازادی بکەن ، بەم هەڵوێستە زارای نەمامە چناری ناسک و سەوز تەحەدای ڕاکێتە بۆرە ئاگرینە وێرانکەرە چەند مەترییە پۆڵایینەکانی ڕژێمی مەرگ و سێدارەی ئێران دەکات و بە سنگی دەرپەڕیو و سەرێکی بڵند وەک چیای قەندیل بەرەنگاریان دەبێتەوە.                                                                             زارا زۆردڵشاد نیە بە ئازادکردنی، نا ! تەماشاکە ئەو بە هۆشیاریی تەواوەوە ناڵێ ئازادیانکردم بەڵکو دەڵێت "لە بەندیخانە دەرکرام" ، ئەو دەزانێت دەرەوەی بەندیخانە بۆ کوردانی ڕۆژهەڵات کراوە بە بەندیخانە گەورەکەی ئینسانی کوردی بێ بەشکراو لە سادەترین مافی وەک خوێندن بە زمانی دایک و کار و کاسبیی پڕوکێنەری وەک کۆڵبەریی سەر سنورە هەڵدێر و بێبەزەییەکان.                                                              هەندێ لە وتە مێژوییە دژە ڕاکێتەکانی زارای محەمەدی کە دوێنێ ئێوارەی ١٠ی شوبات ڕوبەڕوی ڕاکێتەکانی ئێرانی کرد ئەمانەبون: " کوردستانیانی خۆڕاگر بەرخۆدانتان باش،  تا چرای ئێمە نەسوتێ ئێوە هەرگیز ڕوناکایی نابینن بە چاوی خۆتان، تا کۆتایی ژیانم درێژەدەری بیروڕاکەمم ..،  ".                                                                        زارای پاڵەوانی خەباتی مەدەنی و ڕۆشنبیری بەم شیعرەی قانع ی نەمر کۆتایی بە پەیڤە ئاگرینە ڕوناککەرەوەکەی دێنێ: گەرچی دوژمن وا ئەزانێ من بە دیلی لاڵ ئەبم                                                        باش بزانێ کونجی زیندانم قوتابیخانەیە                                                        بیری ئازادیم لە زیندانا فراوانتر ئەبێ                                                            قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە ڕاپەڕینی (ژن ژیان ئازادی) و بومەلەرزەکەی باکور و ڕۆژاوای کوردوستان و ئەو بەدەمەوەهاتنە ئینسانی و نەتەوەییەی خەڵکی باشور، هەروەها بێبەزەیی و مێشک ڕەقی و مێشك وشکیی داگیرکەرانی کوردستان و لە هەموی ناخۆشتر ئەوپەڕی نادادپەروەری و دڵڕەقی و بێتوانایی دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و زەلیلیان بەرامبەر ئێران و تورکیا، هەمو ئەمانە بونەتە هۆی ڕاچڵەکین و بەئاگاهاتنەوە و سەرهەڵدانێکی نوێ و شەپۆلێکی بەرز و توند و ڕاماڵەری کوردایەتییەکی نوێی پێشکەوتنخواز.  لەم خاکە بەخشندە و پاراو و بە پیتەی باشوری کوردستان ئیتر کاتی سەردەرهێنان و گەشەسەندنی نەمامی درەختە بەهێز و پڕوزە و پڕژیانەکانە، هەروەها کاتی پوکانەوە و وشکبون و داڕزانی درەختە نەخۆش و بێبەرەکانە !


 ئاسۆ حاجی ئەوەی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە باکور و رۆژئاوای کوردستان بە راسپاردەی مەسرور بارزانی دەیکات، تەنها دووبارە کردنەوەی مێژووی بنەماڵەی بارزانیە، کە سەرچاوەی بیری نەتەوەیی و دامەزرێنەری بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کوردستانن. بە درێژایی ئەو مێژووە لە شێخ عەبدولسەلامی یەکەمەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات، هەرگیز نەبووە پارچەیەکی کوردستان پێویستی بە هاوکاری بووبێت، ئەوان بە هانایانەوە نەچووبن، نەبووە نەتەوەیەک یان پەیڕەوانی ئاینێک لێیان قەومابێ و ماڵباتی بارزانی لەگەڵیان نەبووبن و نەبووبنە چەپەری پاراستنیان، لە بەهاناوەچوونی ئەرمەن و ئاشووریەکانی باکوری کوردستانەوە بگرە، تا چوون بە دەنگ بانگی شێخ مەحمود و دواتر تێکەڵ بوون لەگەڵ هەوڵەکانی دامەزراندنی کۆماری کوردستان و بەرگری لێکردنی. بارزانیەکان لە کوێ بووبن و لە کوێ بن، بیر و هزری کوردایەتی لە گەشانەوە و بەهێز بوون دابووە و دایە، دیمەنەکانی پێشوازی کردنی خەڵکی عەفرین لە کاروانی هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی، هەموو ئەو مێژووەی بۆ کورت کردینەوە، کە ئەو بنەماڵەیە رابەرایەتیان کردووە، نامەیەکی کراوەش بوو بۆ هەموو ئەو هێزانەی دژایەتی بیر و رێبازی کوردایەتی(بارزانی) دەکەن، کە ئەو هێزە لە بن نایە و ئەو باوەڕە کاڵ نابێتەوە و لەبیر ناچێتەوە، چوونکە بیر و باوەڕێکی رەسەن و کوردەواریە، زادەی ئافراندنە مەزنەکانی مەلای جزیری و ئەحمەدی خانیە، کە لە بارزان لەگەڵ (خواپەرستی) تێکەڵ بووە و بۆتە عەقیدە و دواتریش رێبازێکی سیاسی کە (خاکویستی) و (مرۆڤدۆستی) بنەماکانی پێک دەهێنن، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی نوێنەرایەتی هەموو ئەو مێژوو و چەمک و بەهایانە دەکات، بۆیە بە هەموو شتێک را دەگات، بە راستکردنەوەی هێلی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان و بە درێژ کردنی دەستی هاوکاری بۆ پارچەکانی دیکەی نیشتیمان و بە نەخشاندنی ئادگارەکانی قۆناغێکی نوێی سیاسی، کە لە بەرژەوەندی ئایندەی خەڵکی کوردستان و بەهێزتر کردنی پێگەی کوردستان بێت لە سەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا.


لەتیف فاتیح فەرەچ ئاکاری سیاسی زۆر گرنگە قسەی لەسەر بکرێت، جۆرێک هێزی سیاسی هەن لەکاتی کێشەو گرفتی بەرانبەرەکەیاندا زیاتر برینەکان دەکولێننەوەو بارودۆخەکە دەقۆزنەوە بۆ ئازاردانی ئەوی تر ، ئەمەش ئەو پەڕی بێئاکاری سیاسیە، لە بەرانبەردا جۆرێکی تر هەن لەوجۆرە بارودۆخەدا وەک ئاکارێکی سیاسی دەست لەهەرجۆرە ئازاردانێک هەڵدەگرن، هەموو ئەوە دەزانن کە ئەوە تورکیایە دەیان ساڵە شەڕی قڕکردنی کورد دەکات و دەیەوێ کوردی بەشەرەف نەهێڵێت، لەبەرانبەردا کورد داکۆکی لەبوون و مانەوە دەکات و نایەوێت لەشەڕیشدا ئاکاری سیاسی لەبیر بکات، دواپەیامی جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان بۆ ڕاگرتنی هەموو چالاکیەک لەم بارودۆخە تایبەتەی تورکیاو باکوری کوردستان ئەو پەڕی ئەخلاقە. بایک وەک هاوسەرۆکی کەجەکە دەیتوانی ئەو دۆخە بەجۆرێک سود لێببینێ کە تورکیاو ئاکەپە تەنگە تاو کات لێ ئەمەی نەکردو شەڕی وەستاند، من جەمیل بایکم لەنزیکەوە بینیوە ئەو وێڕای ئەوەی سەرکردەیەکی سیاسیە، فەرماندەیەکی بوێریشە، بەڵام هەمیشە لەگڤت و گۆو سیمایدا خواستی ئاشتی بەدیدەکرێت، ئەم پەیامەش لەو چوار چێوەیەدایە، دەنا خۆ ئەوە پارتی کرێکاران و کورد نین کەشەڕی تورکیا دەکەن، ئەوە تورکیاو ناتۆن کەشەڕی کوردی سڤیلیش دەکەن نەک کەجەکە، راگرتنی شەڕ پەیامێکی جێی بایەخە بۆ ئەنقەرەو ئاکەپەو هەروەها نیشاندانی ئەخلاقی ئاشتیخوازانەشە بەدنیا کەکورد دەرفەت بۆ تۆڵە ناقۆزێتەوە، بەتایبەت کە ئێمە ئێستا لەنێو یادی شوباتی پیلانگێڕی بیست و چوار ساڵ لەمەو بەرداین. بایک بەو پەیامە نەک هەر شەڕ ڕادەگرێت دەستی هاوکاری کوردانیش بۆ براو خوشکە لێقەوماوەکانیان ئاوەڵا تر دەکات، دڵنیام ئەم هەنگاوە دەنگدانەوەی گەورەی میدیایی و سیاسی دەبێ، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئاکەپەو ئەردۆغان لەو شێوە پەیامە بگەن، هەڵبەت وەک سەرەتاش ووتم ئەمە عیبرەتێکی بایەخدارە بۆ هەموو ئەوانەی دەرفەتی ناجۆر دەقۆزنەوە بۆ زیاتر بریندارکردنی بارانبەرەکەیان بایک و کەجەکە چونکە لەشەڕی ڕەوادان کاری بەو جۆرە ناکەن و نایانەوێت ئەوکەلێنەی ئێستا دروست بووە بۆ شەڕو سەرکەوتنی هیچ فرسەتانە بقۆزنەوە.  


سه‌ردار عه‌زیز ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەڵێن کێشەی دۆلار، یان دابەزینی نرخی دینار، لە ڕاستیدا دەستنیشانکردنێکی هەڵەیە بۆ کێشەکە. کرۆکی پرسەکە دراو و نرخەکەی نیە، بەڵکو سیستەمێکە کە جوڵەی دۆلار لە دونیادا ڕێکدەخات و عێراق هێشتا بەشێک نیە لەو سیستەمە. بەم پێیە، هۆکاری سەرەکی هەڵبەزو دابەزی نرخی دراو، ئابوری نیە، بەڵکو پرۆسەی کۆنترۆڵ و بەدەستهێنانی زانیاری و سەفەری دراوێکی وەک دۆلارە. ئەم سیستەمە بە کۆدی سویفت ناسراوە. SWIFT “Society for World Interbank Financial Telecommunication”. سویفت کورتکراوەی کۆمەڵەی ئەو بانکانەیە کە لەبواری داراییدا پێکەوە گرێدراون لە ڕێگای تێلی- کۆمیونیکەشنەوە. ئەم کۆمەڵەیە پەنجا ساڵ لەمەوپێش لە برۆکسل دامەزرا، بە مەبەستی ئاسانکاریی گواستەوەی دراو لە دونیادا. بەگشتی ئەم کۆدە ١١ ژمارەیە. چوار ژمارەی یەکەم، بانکەکە دەناسێتەوە. دوو ژمارەی وڵاتەکە دەناسێتەوە. دوو ژمارەی تر بۆ ناسینەوەی بانکەکەیە. سێ ژمارەی کۆتایی لقی بانقەکەیە. بەم شێوەیە هەر پارەیەک کە لە ڕێگای بانقەوە دەگوێزرێتەوە وڵات و بانق و کەس و شوێنەکەی دەناسرێتەوە. عێراق هەتا ئێستا لە دەرەوەی ئەم سیستەمەیە. بەو مانایە کاتێک دۆلار لە عێراقدا هاتوچۆی پێدەکرێت، نە کەس، نە بانق، نە وڵات، ناناسرێتەوە. ئەم نەبونی زانیارییە، عێراقی کردوەتە ئەو جێگایەی کە وڵاتانی تر بیانەوێت دەستیان بە دۆلار بگات، بەبێ ئەوەی بزانرێت ئەو دۆلارە لە کوێوە هاتوە، پەنا بۆ عێراق بەرن. وڵاتانی وەک ئێران و سوریا کە لەژێر ئابلۆقەدا پەنا بۆ عێراق دەبەن بۆ بە دەستهێنانی دۆلار، کە ناتوانن لە ڕێگای سیستەمی سویفتەوە بەدەستی بهێنن. بەڵام فاکتەری سەرەکی قەیرانەکە دزینی دۆلارە. وەک دەبیستن لە ڕێگای وەسڵی ساختەوە دۆلار وەردەگیرێت و دەبرێتە دەرەوەو جارێکی تر وڵات نابینێتەوە. دیارە بردنی پارە بۆ دەرەوە تەنها لە ڕێگای بانقەوە نیە بەڵکو وەک هەر کاڵایەکی تر دەکرێتە کۆڵەپشتەوەو حیمایەی بۆ دابین دەکرێت و ئاودیو دەکرێت. یەکێک لە زیانە گەورەکانی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە کە وڵاتێکی وەک عێراق بۆ هاوردەکردنی کاڵا، تەنها پێویستی بە سی، چل ملیون دۆلارە لە ڕۆژێکدا، بەڵام لەبەر بردنە دەرەوە زیاتر لە دوو سەد ملیون دەخاتە بازاڕەوە. لەکاتێکدا ئەو دۆلارانە پێداویستی ڕاستەقینە نین، بەڵام کەمکردنەوەیان دەبێتە مایەی زیادبونی خواست و گرانبونی بەهای دۆلار. لە وڵاتێکدا کە دۆلار دراوی سیقەپێکراوە، دینار کە دراوی فەرمییە وەک دراوی دووەمی ڕۆڵ دەبینێت، ئەوا بەرزبونەوەی نرخی دۆلار کاریگەری دەبێت، نەک تەنها لە سەر نرخ بەڵکو لەسەر باری دەرونی و دۆخی بازاڕو دروستبونی ترس. باری دەرونی کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر هەڵبەزو دابەزی نرخ. دیارە ڕەهەندی تر بونیان هەیە لەم پرۆسەیەدا، بۆ نمونە، بونی دۆلار بە دراوی خەزێنەیی لە دونیادا، وەها دەکات وڵاتان بۆ پشتگیریی دراوە ناوخۆییەکەیان و کڕینی شمەکی هاوردە، پێویستی بە دراوی قورسی وەک دۆلار بێت. بەڵام کاتێک ناتوانن ڕاستەوخۆ بە دەستی بهێنن ئەوا پەنا بۆ وڵاتێکی وەک عێراق دەبەن، کە هێشتا کونێکی ڕەشە لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا. ئەمریکاییەکان دەمێکە دەیانەوێت ئەم کونە ڕەشە دابخەن. داوایان لە حکومەتەکەی کازمی کرد، بەڵام توانای نەبوو هیچ هەنگاوێک لەوبارەوە بنێت. دیارە ڕەنگە ئەمریکاییەکان نەیانویست بێت فشاری زیاتر بخەنەسەر کازمی بەوە وەها دەردەکەوت یان دەبینرا، کە زیاتر مەیلی ڕۆژئاوایی هەیە. بەڵام حکومەتەکەی سودانی، حکومەتی چوارچێوە خۆیەتی و خودی سودانی بەڕێوبەرێکی گشتییە لای برادەرانی ئیتار. ئەم رەهەندە هەرێمییە قەیرانەکە وەهایکردووە کە عێراق نە بیەوێت و نە لە توانایدا هەبێت بە هەنگاوێکی وەها هەستێت کە بە خێرایی بەبێ هیچ گیزو گازێک ببێت بە ئەندامی سیستەمی سویفت. بەڵکو زۆر لایەن و کەسایەتی و هێز هەن کە سودیان لە مانەوەی عێراقە لە دەرەوەی سیستەمەکە. لێرەوە دێینە سەر کەرتی بانکی عێراق. لە عێراقدا سیستەمی بانکی بە مۆدێلی کۆنە. ئەم کەرتە یەکێکە لەو کەرتانەی کە بەردەوام داوا دەکرێت کە دەبێت چاکسازی تیادا بکرێت بۆ ئەوەی ئابوری عێراق ببوژێتەوە. بەڵام وەک چۆن بوون بە ئەندامی سویف رێگری هەیە، هەروەها چاکسازی بانکیش. کەرتی بانکی لە عێراقدا کەرتێکی دەسەڵاتییە. زۆربەی زۆری بانکەکان لەلایەن کەسێکی دەسەڵاتدارەوە خاوەندارێتی دەکرێن. کاری هەرە سەرەکی ئەم بانکانە، کاری بانکی نیە کە لە دونیادا هەیە، وەک ئاسانکاری گواستنەوە، یان دابینکردنی قەرز یان بون بە بەشێک لە سیستەمی بازاڕو ئەم جۆرە کارانە، بەڵکو زیاتر مەزادی دراو و پارە حەواڵەکردن و پارە سپیکردنەوەیە. ئەوەی جێگای سەرنجە لە عێراقدا زۆرترین بانکی ئیسلامی بوونی هەیە، کە هەموی وەک ڕوپۆشێک بەکاردێت بۆ سپیکردنەوەی پارە. تەنانەت کەسێکی وەک نور زوهێر، کە دزێکی گەورەی بەڕێزە، خاوەن بانکێکی ئیسلامییە. لە عێراقدا ئەم پرسە کەمتر وەک پرۆسەیەکی دراویی یان ئابوری دەبینرێت بەڵکو زیاتر وەها دەبینرێت کە کارێکی سیاسی و جیوپۆلەتیکییە. پرسی دۆلار وەک چەکێک دەبینرێت لە دەستی ئەمریکادا بۆ فشار خستنەسەر حکومەتەکان. بەشی زۆری تێگەیشتن لە عێراقدا تیورەی پیلانگێڕییە. بۆ نمونە زۆرینەی خەڵک وەها بیردەکەنەوە کە ئەمریکا سزای عادل عەبدولمەهدی دا لە بەر پەیوەندی لەگەڵ چیندا. تەناتە ڕەنگە عادل خۆشی وەها بیر بکاتەوە کە ئەمریکاییەکان لاینبرد بۆیە ئێستا وەها دەنوسێت. لەکاتێکدا جگە لە کازمی هەموو سەرۆک وەزیرانێکی عێراقی سەردانی چینی کردوەو گرێبەستی لەیەکگەیشتنی لەگەڵ چیندا واژۆکردوە. بێگومان ئەمریکا، کاتێک دەیەوێت ئێران لە ژێر ئابلۆقەدا بێت، ئەوا ئەگەر ڕێگە بدات وڵاتێک بە هەموو شێوەیەک ئەو ئابلۆقەیە بشکێنێت، ئەوا ئابلۆقەدانەکەی پوچ دەبێتەوە. بەڵام لە هەمانکاتدا ئامانجی ئەمریکا هەرچییەک بێت، دۆلار چەکێکی بەهێزە، لە سەردەمێکدا کە چەکی سەربازی ڕاستەوخۆ ڕۆڵی گۆڕاوە. ئامانجێکی تر ئەمریکاییەکان ئەوەیە کە ئەو پارە گەندەڵییەی کە دەدزرێت لە ناو عێراقدا ساغبکرێتەوە، هەرکاتێک حکومەتێکی بەهێز دروست بوو، بتوانێت بیانگێڕێتەوە. ئەمە بەشێکی لەو شانۆگەرییە بێ تامەدا دەبینین کە لەگەڵ دزی سەدەدا دەکرێت. پارەی گەندەڵی و دزراوی زۆری عێراق یەکێک بووە لە سەرچاوەکانی دروستبوونی سیستەمێکی ئابوری تایبەت لە ناوچەکەدا. ئەمە تەنها تایبەت نیە بە عێراقەوە، وڵاتانی وەک ئەفغانستان، ئێران، پاکستان و وڵاتانی تری ناوچەکە، هەموو سەرچاوە پارە بردنن. وڵاتانی تری ناوچەکە هەوڵدەدەن لەم پارە دزراوانە سودمەندبن، بۆیە لەم پێناوەدا کۆمەڵێک کارئاسانیان سازاندوە. بۆ نمونە، کڕینی خانو لە تورکیاو ئوردون و ئیمارات، یەکێک لە ڕێگا باوەکان. هەرچەندە خانوو ڕەنگە بڕەکەی کەم بێت بەڵام رێژەکەی زۆرە، بۆیە لە ئەنجامدا کەڵەکە دەبێت. ئەم دیاردەیە نیشانەی ئەوەیە وڵاتانێک کە سەقامگیرتن لە عێراق دەیانەوێت سەرمایەگوزاری بکەن لەسەر داهاتی زۆری عێراق، لە بەر نەبوونی سەقامگیری و بنەماکانی تری ژیانی ئاسایی. ئەم دۆخە لە عێراقدا خراپتر دەبێت بە خراپتربونی ژینگەی سروشتی و ژینگەی سیاسی و ژینگەی کۆمەڵایەتی. هەموو ئەمەی ڕودەدات لە کاتێکدایە کە توێژێکی کەم سودمەندی دۆلارە، بەڵام توێژێکی ئێجگار بەرفراوان زەرەرمەندە. لە هەمانکاتدا دۆخی دۆلار ئەوە دەردەخات کە وەهمی ئەوەی کە لە دەرەوەی دونیا بژیت یان خاوەن سەروەری بیت، وەهمێکە خۆشە. ئێستا عێراق لەبەردەم کۆمەڵێک بژاردەدایە، یەکەم، درێژکردنەوەی دۆخی ئێستا. دووەم، دەستپێکردنی پرۆسەی هەنگاو بە هەنگاو، سێیەم، سوربون لەسەر ناچارکردنی عێراق بە بوونی بە ئەندامی سویفت. لە ئێستادا چوارچێوەی هەماهەنگی پەرتن. ئەو وڵاتەی کە دەتوانێت دەستی هەبێت لەسەر چۆنێتی بڕیاردان ئێرانە، ئەمریکاش ئامانجی ئەوە. ئایا دراو و درۆن ناوچەکە بەرەو کوێ دەبەن؟


ئەبوبەکر کاروانی  بەداخەوە زۆرجارو لای ھەندێ کەس، ڕوودانی کارەساتی سروشتی و لەوانەش بوومەلەرزە، بە غەزەبلێگرتنی خوا لێکدەدرێتەوە؟! کە بە بڕوای ئێمە ئەم جۆرە بیرکردنەوە دەچێتە چوارچێوەی لێدوان بەناوی خوای گەورەوە، تەنانەت بەدەر لە تۆمەتبارکردنی نیازی ھیچ کەس، شتی ناڕەوا دانە پاڵی! لەو سۆنگەوە کەس مافی لێدوانی بەناوی خواوە نییە. کەرەسەی پەیوەندیکردنی بە خواشەوە لەبەردەست نییە، تا جورئەتی ئەوە بەخۆی بدات بەناوی ئەوەوە لێدوان بدات. لەکاتێکدا ئێمە لەچاخی دوای ھاتنی دوایەمین پێغەمبەری خوادا (د.خ) دەژین. تێگەیشتنی ھیچ کەسێک بۆ دەقی خوایی و لێکدانەوەی بۆ ڕووداوێکی دیاریکراو لەوچوارچێوەدا، ھەرچەند زانا بێت، بەحوکمی مەحکومبوونی بە کات و شوێن و سنورداری عەقڵ و پێشگریمانەکانی تێگەیشتن، یەکسان نییە بە بڕیار و مەبەستی پەروەردگار. ئەمەی پێشەوە لە ڕوانگەی ئیسلامییەوە ھاوشێوەی بەڵگە نەویستە. وێنایەکی لەم جۆرەش بۆ خوا ئەخلاقی و فیتری نییە. ڕەنگدانەوەی ناسینی خودا نییە لە ڕوانگەی ناوە پیرۆزەکانییەوە. لەڕاستیشدا دەبووا دەمێك بێت، لەوە بووبینەوە، کە خوای گەورە لەڕێی کۆمەڵێ ڕێسای چەسپاوەوە سروشت و گەردوون و ژیان بەڕێوەدەبات، لەوانەش ئەو ئەستێرەی خۆمانی تێدا دەژین. ڕێساگەلێك کە قابیلی لێکتێگەیشتن و دۆزینەوەو ناسینی جۆری کارکردنیانن، زانستی نوێش ھەرئەوەی کردووە، چونکە ئەم جۆرە وێناکردنەی خواو بەستنەوەی بەو ڕووداوە سروشتیانەی دەستی مرۆڤیان تێدا نییە، ئاماژەیە بە لاوازییەکی کوشندەی ھوشیاری سوننەنی لەناو بەشێ لە ناوەندە دینییەکەدا. ئەوەش ڕەنگدانەوەی خراپی لێدەکەوێتەوە لەوانەش: ١- خراپەدان پاڵ خوای میھرەبان و شێواندنی شێوەی خۆنیشاندان و دەسەڵات و گەورەیی خۆی خستنەڕوو بۆ بەندەکانی. ٢- کەمکردنەوەی ھەستی ھاوسۆزی لەگەڵ کارەساتبارەکان، بەحوکمی ئەوەی، ئەو جۆرە لێکدانەوە لە قوربانی و لێقەوماوەوە، دەیانکات بە تاوانبار و سزادراوی تورەیی خوای گەورە!! ٣- تێنەگەیشتنە لەو ڕاستیەی کە خودا لەم دنیایەدا سزای ھیچ کەس لەسەر باوەڕنەھێنان و گوناھکردن نادات لێپرسینەوەی لەو شتانە بۆ ڕۆژی دوایی ھەڵگرتووە. ھەربۆیە ئەگەر لەڕواڵەتدا سزایەکی لەو جۆرە ھەبێت و ھەستیپێبکرێت، بەھۆی سەرپێچیکردنی مرۆڤەکانەوەیە لە ڕێساو سوننەتەکانی خوای گەورە لە بووندا. بۆ نموونە بەھۆی چاوچنۆکی و بە نائەخلاقی بەکارھێنانی سەرچاوە سروشتییەکان لەلایەن مرۆڤەوە، کێشە بۆ بەرگە ھەوا دروست بێت، پلەی گەرمی بەرزببێتەوەو ژینگەی سروشتی بەرەو وێرانی بچێت و ھەلومەرجەکانی ژیانکردنی مرۆڤ بەرەو نەمان بچێت، یاخود توغیان و خۆ بەخوا بینینی مرۆڤ بگاتە ئاستێ بە چەکی کۆکوژو ھاوشێوەکانی بڕیاری خۆکوژی بدات. بۆیە ھیوادارم ئەم ھوشیاریە دینییە شێواوە درێژەی نەبێت چونکە یەکێ لە وەزیفە ھەرە گەورەکانی دین، بەزیندووھێشتنەوەی ویژدان و ھاوسۆزی لەگەڵ خەڵکی لێقەوماو و بەھاناوەچوونیان و تەقاندنەوەی سەرچاوەی ھەست بە برایەتی دینی و نەتەوەیی و ئینسانییە. ھەوڵدانە بۆ کەمکردنەوەی غەم و پەژارەی ئازارچەشتووەکان و دڵدانەوەیان و ئومێدەوارکردنیان بە سۆزو میھرەبانی و کۆمەکی پەروەردگار. بۆیە کاتی ئەوە ھاتووە لە پێغەمبەرەوە زیاتر فێربین کاتێك دەفەرموێت (شایەتی دەدەم کە بەندەکانی خودا ھەموویان بران) چونکە لە بنەرەتدا ھاوباوان و کوڕو کچی یەك بنەماڵەی مرۆڤایەتی ھاوبەشن، لەسەر بناغەی ئەو فەرموودەش کە دەفەرمووێت دراوسێی موسوڵمان و خزم، سێ مافی بەسەرتەوە ھەیە: مافی موسوڵمان بوون و خزمبوون و دراوسێیەتی. خۆ ئەگەر ناموسوڵمان و ناخزم بێت مافی دراوسێیەتی لە شوێنی خۆی دەمێنێت. زۆرینەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی ئەمجارەش لە تورکیاو سوریاو کوردستانی باکورو ڕۆژئاوا، مافی کوردبوون و موسوڵمانبوون و مرۆڤبوون و دراوسێیەتیشیان بەسەرمانەوە ھەیە. ئەوانەی کوردیش نین سێ مافەکەی ترو ناموسوڵمانەکانیش لە ئینسانییەتدا براو لەڕووی جوگرافیشەوە دراوسێمانن و ئەو دوو مافەیان پارێزراوە.  


 لوقمان حەوێز - ئەندامی کۆمەڵەی گەردوونناسانی تێکساس هەروەکو لە نەخشەکەدا بە وردی دیارە کە هی دەزگای ڕووپێوی جیۆلۆجی ئەمەریکیە USGS و بەستەرەکەشم لە کۆمێنت داناوە، هەردوو پلێتی تەکتۆنی عەرەبی و ئۆڕاسیا ڕێک لەناو خاکی کوردستانی گەورە بەیەکتر دەگەن و بەسەر یەکتردا هەڵدەخلیسکێن هەر لە سەروی کەنداوی عەرەبی و نێوان سنوری هەردوو کوردستانی باشور لەگەڵ کوردستانی ڕۆژهەڵات و باکور تاوەکو کەنارەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا لەسەر دەریای ناوەڕاست، تکایە مەڵێن کورد نەگبەتە چونکە ئەم جوڵەیە و بەیەکگەیشتنە هی ئەمڕۆ نیە و ملیۆنەها ساڵە بەڕێوەیە پێش‌ ئەوەی مرۆڤ لەسەر هەسارەکەمان سەرهەڵبدات هەبووە و دەستی پێکردوە، لەم بەیەکگەیشتنە پلێتی عەرەبی دەجوڵێت و بەرەو باکوری ڕۆژهەڵات دێت و پاڵەپەستۆ دەخاتە سەر پلێتی ئۆڕاسیا... ئەم جوڵەیە کە زۆر زۆر لەسەرخۆیە دەبێتە هۆی دروستبوونی گرژی لەسەر پلێته تەکتۆنەکانی قوڵایی زەوی کە بەسەر یەکتردا دەجوڵێن، بەزۆریش بەدەیەها ساڵ ئەو گرژیە کۆدەبێتەوە و لەناکاو لەسەر ڕوبەرێکی ئەو هێڵی بەیەکگەیشتنە لە قوڵایی 10 بۆ 30 کیلۆمەتر گرژیەکە خاڵی دەبێتەوە و پلیتەکان بەسەر یەکتردا دەخزن، لەو ناوچەیەش لەو کاتەدا لەسەر زەوی بومەلەرزە دروست دەبێت و ئەو شوێنی خاڵیبوونەوەی گرژیە کە چەندەها کیلۆمەتر لە قوڵایی ژێر زەویە دەبێتە چەقی بومەلەرزەکە... بۆیە ناوچە نزیکەکانی سەر ئەو هێڵی بەیەکگەیشتی ئەو دوو پلێتە بەناوچەی زیلزالی یان بومەلەرزەیی دادەنرێن، واتە ئەگەری ڕوودانی بومەلەرزە تیایاندا زۆر زۆر بەرزترە لە هەموو شوێنەکانی تر، دەشێت ئەو بومەلەرزانە زۆربەیان بچوک بن وبەردەوام ڕووبدەن کە تەنیا بەئامێری پێوانە سایزمیکیەکان لەسەر زەوی پێوانە دەکرێن، بەڵام بەهۆی پێکهاتەی ئاڵۆزی ئەو پلێتانە لەو قوڵاییە زۆرە لە هەندێک شوێنی ئەو بەیەکگەیشتنە گرژیەکان گەلێک زۆر دەبن و دەیەها ساڵ یان سەدەها ساڵ جارێک خاو دەبنەوە و بومەلەرزەی زۆر گەورە و وێرانکەر دروست دەکەن وەک ئەوەی دوێنێ و پێرێ ڕوویدا... چی بکرێت باشە..؟ دیارە ئێمەی مرۆڤ هێشتا نەگەیشتووین بەئاستێک بتوانین هێزە سروشتیە گەورەکان کۆنتڕۆڵ بکەین یان بە کاریگەری دەستکاریان بکەین وەکو بومەلەرزە وزریانە گەورەکان وخۆڵ بارینەکان بۆ نمونە، بۆیە بۆ بەرەنگاری بوونەوەی بومەلەرزە و خۆپاراستن لێی هەنگاوی یەکەم ئەوەیە کۆدی بیناسازی واتە چۆنیەتی دروستکردنی خانووەکان و باڵەخانەکان لەو ناوچانە بەجۆرێک بێت تا ڕادەیەکی زۆر بتوانێت بەرگەی هێز و جوڵەی بومەلەرزە مامناوەندیەکان و گەورەکانیش بگرێت، ئەم کارە زۆر بەسەرکەوتوویی ئەنجام دراوە لە هەندێک ووڵات و ناوچەی جیهان کە کەوتوونەتە سەر ئەو هێڵی بەیەکگەیشتنی تەکتۆنانە وەکو ووڵاتی ژاپۆن و ویلایەتی کالیفۆرنیا لە ئەمەریکا، بێ گومان هەنگاوی دووەم بوونی تیمی فریاگوزاری تایبەتە بەکەل وپەل وئامێری پێویست بۆ یارمەتیدان لە فریاگوزاری و ڕزگارکردن، جگە لەم دوو خاڵەش بێ گومان بوونی سەنتەری زیلزالی لەو ناوچانە زۆر پێویستن بۆ بەردەوام چاودێریکردنی چالاکیە سایزمیکیەکانی قوڵایی زەوی و جوڵەی ئەو پلێتە تەکتۆنیانە...  


هاوڕێ تۆفیق لەکۆتایدا دادگای فیدراڵی هەر ئەبێت  بریاری یەکلاکەرەوەی خۆی دەربکات . هەر وەکو پێشبینکراو بوو ، دادگا ئەمڕۆ دەرفەتێکی تری بە هەرێم  بەخشی بۆ ئەوەی لانەکان چارەسەری قانونی بۆ  کێشەی هەڵبژاردن بدۆزنەوە ،  ئەمەش لە رێگای دواخستنی دانیشتنی بریاری داگاکەوە بوو ، سەرنجەکان دەتوانین بەم شێوەیە پۆلێن بکەین: یەکەم؛ ئەگەر دادگا درێژکردنەوەی ولایەتی قانونی پەرلەمانی کوردستانی رەتبکاتەوە ئەمەش لەو روانگەیەی کە دژ بەدەستورو یاسای پەرلەمانە. کەواتە ئیتر بۆشایی قانونی لە کوردستان دروست دەبێت و حکومەتی هەرێم دەبێت بە حکومەتی کاربەرێکەر. سەرۆکی هەرێم دەبێت بەسەرۆکئ راگوزەر، ئەمەش لەسەر ئاستی سیاسی، جارێکی تر ناکۆکیەکانی هەرێم و بەغدا توندتر دەکاتەوە.  دووەم: هەڵوێستی دادگا بەدواخستنی بریارەکەیان دەرئەنجامی هەستکردن و تێگەیشتنی دادگایە بۆ گرنگی بریارەکەو لێکەوتە قانونیەکانی ، دادگا لە جەوهەری کێشەکە لە رووەکانی قانونی و سیاسی بەباشی تێگەیشتوە.  سێیەم:  دادگا بۆیە بریاری خۆی  دواخست .هەتاوەکو پەرلەمانی کوردستان و لایەنە سیاسیەکان بگەنە رێکەوتن و قانونی تازەی هەڵبژاردن دەربکەن ،یان قانونە کۆنەکە  هەموار بکەن و کۆمیسۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم لە روانگەی یاساییەوە چالاکبکەوە. چونکە ئەگەر گریمان ئەمرۆ بریاری رەتکردنەوەی درێژکردنەوەی پەرلەمان دەربکردایە، ئەی کێ قانونی هەڵبژاردنی هەموار بکردایە و چۆن هەڵبژاردن بکرایە؟ زۆر روونە کە دادگا دەرفەتێکی تری بە لایەنەکان بەخشی هەتاوەکو  بە خێرایی رێکبکەون و پەرلەمان قانونی هەڵبژاردن هەموار بکەن. چوارەم؛ وا پێ ئەچێ دادگاکە خۆی بەدوور بگرێ لەو رەخنانەی کە ئاراستەی دەکرێت کەوا ئەم دادگایە ئاراستەکراوەو دژ بە هەرێمە و بە نەفەس درێژی بریار بدات. پێنچەم؛ لە کۆتایدا داگا هەر بریار دەدات .بۆیە زۆر گرنگە لایەنەکان بە پەلە رێکەوتن بکەن و سەرۆکی هەرێم دووبارە رۆژی هەڵبژاردن دیاری بکاتەوە، هەتاوەکو هەرێم لەق چوارچێوە دەستورییەی کە هەیەتی ،نەگوازرێتەوە بۆ قۆناغی دیفاکتۆ ! شەرعیەتی دەستوری هەرێم مەبەن بەرەو چارەنوسێکی نادەستوریی!


د. نیاز نەجمەدین  ئەگەرچی زەرەرمان کرد لە بەرزبوونەوەی دۆلار.. بەڵام وەک ئەڵێن بەڵکو خێری پێوە بێت. خێرەکەش ئەوەیە بڕیاربەدەستان ددان بنێن بەوەدا کە سیستمی پارە(نەخت)ی عێراقیی کێشەی قوڵی هەیە و تەنها بەوە بەڕێوە ناچێت دۆلار بفرۆشێت، شتی تری دەوێت.  بەبێ ئەوەی بە کۆمەڵێک میکانیزم دینار بەهێز بکەن، سەقامگیریی بەهاکەی لە ماوەی درێژ خایەندا زەحمەتە و زۆر گران دەوەستێت. یەکێکیان ئەوەیە هانی پاشەکەوت لە بانکەکاندا بە دینار بدرێت بەرامبەر بە نرخ(یان رێژە)ی سوودێک(سعر الفائدة)ی گونجاو. هاوکات بانکی مەرکەزیی گرەنتی سەلامەتیی پاشەکەوت بکات لە بڕێکی دیاریکراودا. بۆ نموونە، هەر کەس تا پەنجا ملیۆن دینار پاشەکەوت بکات، ئەگەر بە زروفێک فەوتا، بانکی مەرکەزیی قەرەبووی کەسەکە دەکاتەوە. ئەم سیاسەتە لە ئەمریکا زۆر سودی هەبوو بۆ دروستکردنەوەی متمانە بە بانکەکان.  بەڵام نرخی سوود رێ و شوێنی شەرعیی ئەوێت مادام بەشێک هەن بە حەرامی ئەزانن.  بەئەلکترۆنیکردنی سیستمی دارایی و بانکەکان بەشێکی تری ئیشەکەیە.  سیاسەتی داراییش دەبێت هاوکار بێت. حکومەت، بەحکومەتی هەرێمیشەوە، کێشەی کۆکردنەوەی کاشی هەیە، لەوانە قەرزەکانی. بۆیە زۆرجار دینار زیاتر لە پێویست بە دەست خەڵکەوەیە. زۆر کارئاسانیی هەیە دەکرێت بیری لێ بکرێتەوە تا سیاسەتی داراییش چالاکتر بێت و سودیش بە بەهای دینار بگەیەنێت، بەوەشەوە کە دانەوەی قەرز بە حکومەت زۆر ئاسان بکرێت.  لەسەروو هەموویەوە، هۆکارێکی هەڵئاوسان کەمیی بەرهەم و زۆری تێچووەکەیەتی. چەند مۆدێلی بەرهەمهێنان باشتر بکرێت، ئەگەری سەقامگیریی بەهای دراو زیاد دەکات.  بەردەوام نزیک بوون لە بازاڕ و کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەر گۆرانکارییەکانی بازاڕ، لەسەر ئەوەی چی لە دۆلار دەکەن و دینار بۆ کوێ دەچێت، پاشان رێوشوێنیتر بۆ پڕکردنەوەی کونوکەلەبەرەکانی دزینی دۆلار سودی بۆ سەقامگیریی دینار زۆر دەبێت.  لە تەواوی ئەم پرۆسەیەدا، پێویستە حکومەتی هەرێم هاوکار بێت و بە عەقڵیەتی شکستهێنان بە عێراق و لاوازکردنی بیر نەکاتەوە دەنا زەرەر دەکەین، وەک چۆن پێویستە راوێژی پێ بکرێت و حسابی بۆ بکرێت.  دینار لە خۆیەوە نەشکا. ئەوە ئاماژەیەک بوو بۆ لاوازییەکانی سیاسەتی نەختینەیی(پارە) و پاشان دارایی. کە روویدا لە ناکاو دێت و بە خراپیی دەستی خۆی دەوەشێنیت. لە ئایندەدا بەهای دینار دەشکێتەوە ئەگەر تەنها پشت بە هەبوونی دۆلار ببەستین، ئەگەر هەنگاو بە هەنگاو ئیجرائاتی تر نەکرێت و کۆمەکی زۆر لایەنی تیادا نەبێت و گەشە بە سەربەخۆیی و تواناکانی بانکی مەرکەزیی نەدرێت. دنیای تازە ئەپدەیتی پلان و پێشخستنی تواناکان و کۆمەکی فرە لایەنی دەوێت.


عەدالەت عەبدوڵڵا زۆرجار دۆخی خراپی خزمەتگوزاری، بەتایبەتیش بێ کارەبایی و بێ ئاوی و کۆنیی جادەو ڕێگاوبان و شوستەو پێویستیی تریش لە ماڵ و گەڕەکەکاندا، ڕەهەندێکی بەرژەوەندیی ئەو بزنسمانانەی تێدکەوێت کە ساڵانێکە بە لێشاو باڵەخانەو شوقە دروستدەکەن و خەڵکی ناچار ئەکەن لەبەر ئەو هۆکارانەی سەرەوە، بیانکڕن. ئاشکرایە بومەلەرزەو زیانەکانی بە باڵەخانەو شوقەکان، وا دەکەن، بازاڕی زۆرێک لەو بزنسمانانە بشکێت، ئەمەش لەبەر ئەوە نا کە سەلامەتی گیان و سەرو ماڵی مرۆڤ لە خانوودا باشترە تا شوقە، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەوان، بەداخەوە، زۆریان ئەزانن کە بەبۆنەی تەماحی زۆری قازانخوازییانەوە لەسەر حسابی گیرفانی خەڵک، کوالیتیی یەکەکانی نیشتەجێبوونیان چەند پڕ کێشەیەو چۆن مومکینە لەگەڵ هەر بومەلەرزەیەکی بەگوڕدا فشۆڵیی دروستکردنیان دەربکەوێ و ئاشکرا ببێت!.  لێرەوە هیچ سەیر نییە کە لەئێستاوە دەبینین ریکلام بۆ ئەوە دەکرێت کە، خەڵک لەکاتی بومەلەرزەدا ژیانی لەشوقەدا پارێزراوترە تا خانوو!. ئەگەرچی مرۆڤ هەمیشە هیوای سەلامەتی ئەخوازێت بۆ هەموو کەسێک/ هاوڵاتییەک کە لە شوقەدا ئەژی یان خانوو، بەڵام واقع و ئەزموونی زیانەکانی بومەلەرزە لە کوردستان و وڵاتانی دەوروبەریشمان پێمان دەڵێن کە، ئەو جۆرە ریکلامە ڕاست نییە، ئەگەر ڕێک پێچەوانەکەی لەئارادا نەبێ و ڕووی نەدابێت، بەداخەوە. هەر ئەم ڕاستییە سادەیەش، لە دیدی مندا، بە تەنها خۆی بەسە بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا چاودێرییەکی زۆر توند لەسەر کوالیتیی شوقەو باڵەخانەکان هەبێت و وەبەرهێنان لەم کەرتەدا بە مەرجی ئەندازیاریی گەورەتر ببەسترێتەوە.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand