کە ویژدان نەما، هەموو بەهاکان لەق دەبن؛

Draw Media

2023-05-05 12:57:08



عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا
من دڵنیام لەوەی ک ەئەم هەرێمە گچکەیە بۆتە زبڵخانەیەکی گەورە بۆ ساخکردنەوەی کاڵاو شمەکی خراپ و کوالێتی نزم و ناتەندروستی وڵاتانی دەرەوە بەگشتی و دراوسێکانمان بەتایبەتی. وە بێگومانیشم کە هەندێک بازرگانی بێویژدان و تەنها قازانجویست (لەگەڵ ڕێزی زۆردا بۆ زۆرێک لە بازرگانە ویژدان زیندووەکان) خۆیان داوای کاڵای کوالێتی نزم دەکەن و دەیهێننە هەرێم و، دەرخواردی هاونیشتمانییەکانی خۆیانی دەده‌ن، کە ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە.
باشە گریمان وڵاتان ناحەزمانن و کام کاڵاو شمەکەی خراپە هەناردەی ئەم مەملەکەتە خێر لەخۆنەدیوەی دەکەن وهاوڵاتییەکانی بەشێنەیی کۆمەڵکوژ دەکەن. بەڵام ئەوەچ کارەساتێکە بازرگانی خۆماڵی بە کاڵاو شمەکی دەرەکی هاوزمان وهاوشاری خۆی قڕبکات لەپێناو دەوڵەمەندبوون و پارەدارکردنی خۆی.
بەداخەوە ماوەیەکە لەنێوخۆی کوردستان و لەنێو دوکان و خواردنگەو چێشتخانەکاندا هەم گوێمان لە وشەی سەیر دەبێت و، هەم چاومان بەخواردن و شمەکی سەمەرە دەکەوێت لەنمونەی (گۆشتفرۆشێک گۆشتی ئەسپی فرۆشتوە، لەچێشتخانەیەکدا گۆشتی گوێدرێژ دەرخواردی هاوڵاتیان دراوە، لەخواردنی نێو خواردنگەیەکدا چولەکەی مردارەوە بوو دۆزراوەتەوە، خواردنگەیەکی تر قیمەکەی لەئاوەستدا هەڵگرتوە، یەکێکی تر گۆشتی بۆگەن و قەدەغەکراوی بەکارهێناوە، ماستی کەڕواوی و کرماوی دەستی بەسەرداگیراوە، دەستگیراوە بەسەر ژمارەیەک ماتۆڕو تەنکەردا کە ئاوی زێرابیان بەهاوڵاتیان و پڕۆژەکانی گەشتیاری فرۆشتوە) ئەمانە چەند نمونەیەکن کە لەلایەن لیژنەکانی چاودێری بازرگانی و لیژنە قائیمقامیەتیەکان پێزانراون و سزادراون، کە بێگومان مشتێکن لە خەروارێک.
باشە وتمان وڵاتان کاڵا خراپەکانیان بەسەر ئێمەدا ساخدەکەنەوە، وتیشمان هەندێ بازرگانی چاوچنۆک لەپێناو مشتێک پارەی زیاتر کاڵای خراپمان بۆ هاوردە دەکەن، ئەی ئەوانەی لەنێو بازاڕو خواردنگەو شوێنە گشتییەکاندا ژەهرمان دەرخوارد دەدەن ناوبنێین چی وچ پێناسەیەک هەڵدەگرن.
میسرییەکان پەندێکی جوانیان هەیە کە دەڵێ (هێندە تەرکیزمان لەسەر مار بوو، کەچی خەریک بوو دوپشک بمانخوات) کە ئەم پەندە ڕێک پێمان دەڵێت ئێمە لە کاڵاو شمەک و خواردنی هاوردەی وڵاتان دەترساین کەچی لەناوخۆدا حاڵمان وێرانترەو مەترسی زیاتر لەسەر ژیانمانە.
لێرەوە ئەو ڕاستیەمان زیاتر بۆ دەردەکەوێت کە مافی بەکاربەر لەم مەملەکەتەدا چەندە لەپەراوێزدایەو چەندیش مافخوراوە، لەهەموو دنیادا پێویستە بەکاربەر زانیاری تەواوی هەبێت لەسەر ئەو کاڵاو خواردنانەی کە ڕۆژانە بەکاریدەهێنێت و دەیخوات لەڕووی جۆرو پێکهاتەی دروستکردن و تەندروستی و ماوەی دەرچون و بەسەرچونی. بۆیە پێویستە لیژنەکانی چاودێری بازاڕو شوێنە گشتییەکان کە بە کوڕە گەورەی مافی بەکاربەر ناسراون بەدواداچونەکانیان زیاتر بکەن، و زیاتر هاوکارییان بکرێت لەلایەن حکومەت و لایەنی پەیوەندیدارەوە، وە ئەرکی سەرشانی هاوڵاتیانیشە کە زیاتر چاوکراوەو بەئاگاتر بن، و پاراستنی ژیان و تەندروستی خۆیان لەهەمووشت بەلاوە گرنگتربێت.
لەکۆتاییدا پێویستە هەموو تاکێکی ئەم وڵاتە بەرژەندی گشتی و سەلامەتی و تەندروستی هاونیشتمانییەکانی بخاتەپێش هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکەوە،و هەموان پابەندی ئەو وتەیە ببین کە دەڵێت (ویژدان تاکە دادگایە کە پێویستی بەدادوەر نیە) چونکە کە ویژدان نەما هەموو بەهاکانی تر لەق دەبن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand