سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

ڕاپۆرت

حکومەتەکەی زەیدی و کێشەی میلیشیاکان لە عێراقدا

حکومەتەکەی عەلی زەیدی ڕووبەڕووی تەنگژەیەکی یەکجار ئاڵۆز بووەتەوە لەنێوان فشارەکانی ئەمریکا و وڵاتانی هەرێمی کە پاڵ بە داماڵین و هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و میلیشیاکانی سەر بە ئێران و کۆتاییهێنان بە مەترسییەکانیان بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەنێن، لەگەڵ هەژموونی ناوخۆیی ئێران کە پاڵپشتی لە هێشتنەوە و فراوانکردنی حەشد یان سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی ڕواڵەتییانەی دەکات.

بڵاوکراوەتەوە لە : 29 ئایار 2026

حکومەتەکەی زەیدی و کێشەی میلیشیاکان لە عێراقدا

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

درەو:

 

🔻 ناوەندی ئیمارات بۆ سیاسات

🔹 پێکهێنانی "حەشدی شەعبی" لەژێر فشاری شەڕی دژ بە ڕێکخراوی "داعش"دا بە ئاسانی تێپەڕێنرا وەک ڕێکارێکی کاتی، بەڵام دواتر زانیارییەکان ڕاستییەکی تریان ئاشکرا کرد، کە ئەم پێکهاتەیە لە ڕووی دامەزراندن و ئامانجەکانییەوە بۆ چەند ساڵێک پێشتر دەگەڕێتەوە و لەلایەن ئێرانەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان لە قۆناغە جیاوازەکاندا گفتوگۆی لەسەر کرابوو لەژێر پەردەی دروستکردنی کۆپییەکی "سوپای پاسداران" لەناو عێراقدا. 

🔹 میلیشیا عێراقییەکان لە هەڕەشەیەکی ناوخۆییەوە گۆڕاون بۆ مەترسییەکی هەرێمی و نێودەوڵەتی، ئەوەش لە ڕێگەی ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و پەیوەستبوونی هەندێک لە سەرکردەکانیان بە کارە تێرۆریستییە فرە سنوورەکانەوە.

🔹 "حەشدی شەعبی" لە عێراقدا چیتر تەنیا چوارچێوەیەکی فەرمی نییە، بەڵکو بووەتە پەردەیەکی دامەزراوەیی کە داهات، شەرعییەت و هەژموون لەناو دەوڵەتی عێراقدا بۆ میلیشیاکان دابین دەکات، بە شێوازێک کە پەیوەستبوونی ئەوان بە ستراتیژیەتی ئێرانەوە بەهێزتر دەکات.

🔹 حکومەتەکەی عەلی زەیدی ڕووبەڕووی تەنگژەیەکی یەکجار ئاڵۆز بووەتەوە لەنێوان فشارەکانی ئەمریکا و وڵاتانی هەرێمی کە پاڵ بە داماڵین و هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و میلیشیاکانی سەر بە ئێران و کۆتاییهێنان بە مەترسییەکانیان بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەنێن، لەگەڵ هەژموونی ناوخۆیی ئێران کە پاڵپشتی لە هێشتنەوە و فراوانکردنی حەشد یان سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی ڕواڵەتییانەی دەکات.

🔹 چارەسەرە ڕواڵەتییەکان بۆ دۆخی میلیشیاکان لە عێراقدا ناتوانن کۆتایی بەو هەڕەشەیە بهێنن کە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە دروستی دەکەن، چونکە ئێران و ئەو گروپانەی پێوەی بەستراونەتەوە، توانای سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی میلیشیاکانیان بە ناو و چوارچێوەی نوێوە هەیە، ئەمەش وا دەکات چارەسەری ڕاستەقینە بەند بێت بە هەنگاوی یاسایی و سیاسی بنەڕەتییەوە کە قۆرخکردنی چەک لەلایەن دەوڵەت و سەپاندنی یاسا مسۆگەر بکات.

 

دەستپێک

میلیشیا چەکدارەکانی عێراق، خۆیان وەک هەڕەشەیەکی هەرێمی و نێودەوڵەتی چەسپاندووە دوای ئەو زنجیرە هێرشانەی کردیانە سەر وڵاتانی دراوسێی عێراق، و لە دوای ئاشکراکردنی ئۆپەراسیۆنە تێرۆریستییە نێودەوڵەتییەکان لەلایەن نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکاوە (FBI) کە لەلایەن سەرکردەیەکی ئەو میلیشیایانەوە بەڕێوەدەبران و لەژێر پەردەی فەرمیی "دەستەی حەشدی شەعبی"دا کار دەکەن. ئەمەش فشارێکی یەکجار گەورە دەخاتە سەر حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، و دەیخاتە بەردەم تەحەددیاتی دابینکردنی دڵنیایی پێویست بۆ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بەو هەنگاوانەی کە دەگیرێنەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەم هەڕەشەیە.

ئەم ڕاپۆرتە، لێکۆڵینەوە لەو میکانیزمانە دەکات کە ئێران لە ڕێگەیانەوە میلیشیا جیاوازەکان لەناو عێراقدا ئاڕاستە دەکات بۆ دابینکردنی پاراستنیان لە ڕێگەی ئامراز و دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە، و مسۆگەرکردنی بەردەوامیی ڕۆڵیان وەک ئامرازێکی هەڕەشەی ئاسایشی، لە بەرامبەر فشارەکانی ئەمریکا و هەرێمی لەسەر حکومەتی زەیدی بۆ هەڵوەشاندنەوەیان.

هەڕەشەیەکی هەرێمی و نێودەوڵەتی

میلیشیا عێراقییەکان لە کاتی دامەزراندنیانەوە لە عێراقی دوای ساڵی 2003دا، بەهۆی سروشت و ئایدۆلۆژیای فرە سنووریانەوە، هاوشێوەی ڕێکخراوە تێرۆریستییە نێودەوڵەتییەکانی تری وەک "قاعیدە" و "داعش"، هەر لە چرکەساتی لەدایکبوونیانەوە نوێنەرایەتیی هەڕەشەیەکی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەکەن. بۆ لایەنی ئەمریکی، کە ئەم میلیشیایانە لەژێر سەرپەرشتی سەربازیی ئەواندا لە عێراق و لەناو زیندانەکانیاندا دەرکەوتن، وا تەماشا دەکرا، کە وەک ئامرازێک دەکرێت لە ڕووی سیاسییەوە ئاڕاستە بکرێن، ئەوەش لە ڕێگەی هەوڵەکانی کۆنترۆڵکردنی سیاسی و دامەزراوەیی لەناو چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا، و ئەم تێڕوانینە ئەمریکییەش گوازرایەوە بۆ وڵاتانی هەرێمی دەوروبەری عێراق.

لەسەر بنەمای ئەو تێڕوانینە ئەمریکییە، ئەمڕۆ دەکرێت بڵێین کە سەرکردەکانی ئەم میلیشیایانە بەشێکی زۆری پۆستە سەرەکییەکانی دەوڵەت، چ مەدەنی بن یان سەربازی، بەڕێوەدەبەن؛ کە پەرلەمانتاران، سەرکردە سیاسییەکان، سەرکردەی پارتەکان و خاوەن میدیاکان دەگرێتەوە، کە بەشێک لەم سەرکردانە پێشتر لەسەر دەستی سوپای ئەمریکا دەستگیرکرابوون بەهۆی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا یان دژی ئامانج و هاووڵاتیانی عێراقی.

ئەو سیستەمە ئایدۆلۆژییەی کە زۆربەی میلیشیا عێراقییەکانی لەسەر بنیات نراوە، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیڕەوی مۆدێلی "ویلایەتی فقهـ"ی لە ئێران دەکەن، تەنانەت لەگەڵ ڕاگەیاندنی هەندێکیان بۆ پەیڕەویکردنی مەرجەعیەتی عەلی سیستانی لە نەجەف یان مەرجەعیەتەکانی تر. میلیشیاکان لە ڕێگەی ئەو مۆدێلەوە تێڕوانینێکیان وەک عەقیدەیەکی بنەڕەتی گرتووەتەبەر کە تێپەڕین لە چەمکی دەوڵەتی نیشتمانی و سنوورە سەروەرییەکانی دەوڵەت دەکات، هەروەها هەناردەکردنی ڕق و کینە و دژایەتی مێژوویی بۆ ئەوانەی لە ڕووی مەزهەبی، ئایینی یان تەنانەت فیکرییەوە جیاوازن، چ لە ناوەوە یان لە دەرەوەی عێراق، بووەتە کەرەستەی سەرەکی کە نەوەیەک لە شەڕکەر و سیاسییەکانی لەسەر پەروەردە کراوە، کە ئێران لە ڕێگەیەوە میلیشیا هەرێمییەکانی خۆی بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

 

لەسەر ئاستی ئەو هەڕەشە هەرێمییە ڕاستەوخۆیەی کە ئەم میلیشیایانە دروستی دەکەن، میلیشیاکانی سەر بە ئێران کە دیارترینیان بریتین لە "کەتائیبی حزبوڵا"، "نوجەبا"، "عەسائیبی ئەهلی حەق"، "کەتائیبی سەیدولشوهەدا" و "بزووتنەوەی ئەنساروڵای ئەوفیا"، بە دەیان هێرشیان لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) بۆ سەر زۆربەی وڵاتانی هاوسێی عێراق ئەنجامداوە، بەتایبەتی کوێت، سعودیە، ئیمارات، بەحرەن و ئوردن، ئەمەش لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران کە لە 28ی شوباتی ڕابردووەوە دەستیپێکرد، و هێرشە تێرۆریستییەکانیان بەردەوام بوو تەنانەت دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستیش؛ کە دوایینیان ڕاگەیاندنی شانشینی عەرەبیی سعودیە بوو بۆ تێکشکاندنی 3 درۆن کە شانشینەکەیان دەکردە ئامانج، و ڕاگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی ئیمارات بۆ بەرپەرچدانەوەی سێ درۆن کە لە ئاسمانی عێراقەوە هاتبوون و یەکێکیان بەر مۆلیدەی کارەبا لە وێستگەی وزەی ئەتۆمیی "براکە" کەوت لە 17ی ئایاردا.

ئاماژە بە ئاستی هەڕەشە تێرۆریستییە نێودەوڵەتییەکەش، لەم دواییانەدا ناوی سەرکردەی میلیشیای "کەتائیبی حزبوڵا" محەمەد باقر سەعدی دەرکەوت، کە لەلایەن نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکاوە (FBI) لە ناوخۆی تورکیا دەستگیرکرا بە تۆمەتی پلاندانان بۆ نزیکەی 20 ئۆپەراسیۆنی تێرۆریستی لە وڵاتە جیاوازەکانی ئەوروپا و لە ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا.

سەعدی، کە تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی هاووڵاتیانی عێراقی لە ڕێگەی بەرمیلە تەقینەوەکانەوە لە کاتی شەڕی دژ بە ڕێکخراوی "داعش" (2014 - 2018)، لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا -بەپێی سەرچاوە عێراقییەکان- گۆڕدرا بۆ وەرگرتنی پۆستی یاریدەدەری فەرماندەی لیوای 47 -سەرایای دیفاعی شەعبی- سەر بە "کەتائیبی حزبوڵا" لەناو "دەستەی حەشدی شەعبی"دا، پێش ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ نووسینگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە خودی "حەشد"دا، کە دواتر پاڵپشتی دارایی کرا بۆ دامەزراندنی کۆمپانیایەکی گەشتوگوزار، و "پاسپۆرتی خزمەت"ی پێدرا کە هاوتای پاسپۆرتی دیپلۆماسییە و پێویستی بە ڕەزامەندیی ڕاستەوخۆی نووسینگەی سەرۆک وەزیران هەیە، ئەمەش ڕێگەی پێدا کە سەردان بکات بە مەبەستی ڕاکێشانی بریکار و سیخوڕ لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکای باشوور، سەرەڕای وڵاتانی عەرەبی و تورکیا کە لەسەر خاکەکەیدا دەستگیرکرا.

کەیسی سەعدی شێوازێکی مەترسیدار بۆ فراوانبوونی هەڕەشەکانی میلیشیاکان لە عێراقدا و بە بەکارهێنانی تواناکانی دەوڵەت ئاشکرا دەکات، کە دەکرێت لەمەوە دەرەنجامی ئەوە بدرێت کە مۆدێلی جیاواز بۆ پرۆسەکانی ڕاکێشان و دروستکردنی بریکاری هاوشێوەی سەعدی هەن کە ڕەنگە هێشتا ئاشکرا نەکرابێتن.

 
"حەشدی شەعبی" وەک بارەگایەکی پێشەنگی سوپای پاسدارانی ئێران
وا دەردەکەوێت کە گەشەسەندنێکی چڕوپڕ لە ڕەفتاری میلیشیاکان لە عێراقدا هەیە و لە هێزێکی هەڕەشەی ناوخۆییەوە کە تۆمەتبار بوو بە ئەنجامدانی پاکتاوکردن لەسەر بنەمای تائیفی، نەتەوەیی و فیکری، گۆڕاون بۆ قۆڵێکی سەربازی کە خزمەت بە ستراتیژیەتی ئێران لە ناوچەکە و جیهاندا دەکات. بەڵام ئەم ڕەفتارە تادێ گەورەبوونی میلیشیاکان، _کە بەستراوەتەوە بە هەڵاوسانی دارایی لە ئەنجامی دەستبەسەرداگرتنی گرێبەستەکانی دەوڵەت و دامەزراندنی کۆمپانیا دارایی و بازرگانییەکان_ نەدەگەییشتە ئەم قۆناغە ئەگەر بەژێر پەردەی "حەشدی شەعبی"دا تێنەپەڕیبایە؛ ئەو دامەزراوە سەربازییەی کە لە ساڵی 2014دا لە خودی میلیشیاکان خۆیان و لەژێر پەردەی شەڕی دژ بە ڕێکخراوی "داعش" پێکهێنرا، و دواتر ڕۆڵی گەورە بوو بۆ ئەوەی نزیکەی 60 هێزی میلیشیای چەکدار لەخۆ بگرێت، ئەوەش لە دوای دەنگدانی پەرلەمانی عێراق لەسەر یاساکەی لە 26ی تشرینی دووەمی 2016وە تا ئەمڕۆ، بە شێوازێک کە ئێستا نزیکەی (280 هەزار) شەڕکەر لەخۆ دەگرێت کە بەسەر ئەو لیوایانەدا دابەشبوون کە بە خودی میلیشیاکانەوە بەستراونەتەوە.

"حەشدی شەعبی" خاوەنی پڕچەککردنی قورس، مامناوەند و سووکە لە ڕێگەی بودجەیەکی حکومییەوە کە ساڵانە بە نزیکەی سێ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکی هێزی ئاسمانی کە بەرپرسە لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (لە ئەیلوولی 2019دا پێکهێنرا)، هەروەها دەزگای هەواڵگری، ئاسایش، ڕاگەیاندن، بەرهەمهێنانی ڕۆشنبیری و هونەریی تایبەت بە خۆی هەیە، لەگەڵ دامەزراوەیەکی وەبەرهێنان بۆ بەڵێندەرایەتی بیناسازی، ئەندازیاری، میکانیکی، کشتوکاڵی و پیشەسازی بە ناوی "کۆمپانیای موهەندیس" (بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لە تشرینی دووەمی 2022 دامەزرا) کە ئەمڕۆ دەستی بەسەر وەبەرهێنانی گەورەدا گرتووە لە بازاڕی عێراقدا.

پێکهێنانی "حەشدی شەعبی" لەژێر فشاری شەڕی دژ بە ڕێکخراوی "داعش"دا بە ئاسانی تێپەڕێنرا وەک ڕێکارێکی کاتی، بەڵام دواتر زانیارییەکان ڕاستییەکی تریان ئاشکرا کرد کە ئەم پێکهاتەیە لە ڕووی دامەزراندن و ئامانجەکانییەوە بۆ چەند ساڵێک پێشتر دەگەڕێتەوە و لەلایەن ئێرانەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان لە قۆناغە جیاوازەکاندا گفتوگۆی لەسەر کرابوو لەژێر پەردەی دروستکردنی کۆپییەکی "سوپای پاسداران" لەناو عێراقدا، و شەڕی "داعش" تەنیا دەرفەتێک بوو بۆ تێپەڕاندنی ئەم بیرۆکەیە لە ڕووی پەرلەمانی و جەماوەرییەوە، بە بەڵگەی بەردەوامبوونی تاران لە پاڵپشتیکردنی "حەشد" و داکۆکیکردن لە هەڵنەوەشاندنەوەی دوای کۆتاییهاتنی شەڕەکە، تا ئەو ڕادەیەی ڕێبەری پێشووی ئێران عەلی خامنەیی لە دیدارێکدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی پێشوو، لە کانوونی دووەمی 2025دا داوای بەهێزکردنی ڕۆڵی "حەشد" و فراوانکردنی کرد.

 

تێڕوانینی ئێران بۆ حەشدی شەعبی لە عێراقدا، تەنیا وەک دامەزراوەیەکی سەرپەرشتیکاری میلیشیاکان نییە، بەڵکو وەک بنکەیەکی پێشەنگی ئێرانییە لە دەرەوەی سنوورەکانی، کە خاوەنی توانایەکی بەرفراوانە و بەسەر گروپ و هێزی جیاوازدا دابەشبووە و بە شێوازێکی نامەرکەزی بەڕێوەدەبرێت کە ڕێگە بە سوپای پاسدارانی ئێران دەدات کۆنترۆڵی تەواوی جومگەکانی بکات. لەسەر ئەم بنەمایە، هەوڵەکانی هەموو حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق شکستیان هێنا لە هەوڵی جیاکردنەوەی نێوان حەشدی شەعبی -وەک دامەزراوەیەکی سەربازیی فەرمی و یاسایی کە بەستراوەتەوە بە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانەوە وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان- لەگەڵ ئەو میلیشیایانەی کە هەندێک جار بە دەرچوو لە یاسا وەسف دەکرێن؛ چونکە سروشتی پێکهاتە، بەڕێوەبردن و مەرجەعیەتەکانی "حەشد" لە بنەڕەتدا قابیلی جیاکردنەوە نین.

بگرە سەرۆک وەزیرانە یەک لەدوای یەکەکان لە هەوڵەکانیاندا بۆ کۆنترۆڵکردنی حەشد، یان دەستوەردان لە شوێنی بڵاوەپێکردنیان یان سروشتی ئەو دەستگیرکردنانەی ئەنجامی دەدەن، یان شێوازی پڕچەککردنیان کە هەندێکی بەدەر لە دەوڵەت ئەنجام دەدرێت، تووشی شکست بوون، وەک چۆن لە ئەنجامدانی هەر گۆڕانکارییەکی ناوخۆیی لە پێکهاتەی "حەشد"دا سەرکەوتوو نەبوون؛ سەرەتا لە سەرۆکەکەی فالح فەیازەوە، و تێپەڕین بە سەرۆکی دەستەی ئەڕکان عەبدولعەزیز مەحمەداوی (ئەبو فەدەک مەحمەداوی) یان سەرۆکی دەزگای ئاسایشی حەشد حوسێن فالح عەزیز لامی (ئەبو زەینەب لامی)، و گەییشتن بە فەرماندەکانی ئۆپەراسیۆن و میرەکانی لیوا و سەربازەکان.

 
تەوەرەکانی چارەسەرکردنی تەنگژەی "حەشدی شەعبی" و میلیشیاکان
دەکرێت باس لە سێ تەوەر بکرێت کە لە ئێستادا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی "دەستەی حەشدی شەعبی" و میلیشیاکانی سەر بەو دەستەیە دەخرێنە ڕوو:

یەکەم: هەڵوەشاندنەوە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە دواجار تێڕوانینی خۆی گۆڕی بۆ پشتگیریکردنی داواکاریی حکومەتی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی "حەشدی شەعبی" و تێکەڵکردنی سەربازەکانی بە شێوەی تاکەکەسی لەناو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکاندا یان خانەنشینکردنیان، لەگەڵ ڕاوەدوونان و لێپێچینەوەی یاسایی ئەو میلیشیایانەی لە یاسا دەرچوون و دەستبەسەرداگرتنی چەکەکانیان، و دادگاییکردنیان لەسەر سەرپێچییەکانیان بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی دەوڵەت، ئەمەش بە پشتبەستن بە یاسای دژەتێرۆری عێراقی (کە لە ساڵی 2005دا دەرچووە) و بە شێوازێکی یەکلاکەرەوە ڕەفتار و چالاکیی میلیشیاکان دەگرێتەوە.

ئەم داواکارییانە پێشتر ببوونە بنەمایەک بۆ تێڕوانینەکانی ڕاپەڕینی گەنجانی "تشرین" لە عێراق لە ساڵی 2019دا کە پشتگیرییەکی جەماوەریی بەرفراوانی بەدەستهێنا، هەروەها مقتدی سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدریش، لە بۆنە جیاوازەکاندا گرتوویەتیەبەر، سەرەڕای ئەوەی کە ئەمە داواکاریی هەندێک لە هێزە سوننە و کوردییەکانیش بووە.

بەڵام دەستوەردانەکانی ئێران لەلایەک، و فراوانبوونی هەژموون و تواناکانی میلیشیاکان و حەشد لەلایەکی ترەوە، ڕەنگە کارەکە بۆ حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی قورس بکات کە هەنگاوێکی لەم شێوەیە بنێت، ئەمەش وادەکات ئەگەری ئەنجامدانی چارەسەر لە ڕێگەی ڕێکارە بنەڕەتییەکانی وەک هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی لە ئێستادا دوور بێت لە بەردەستبوون.

دووەم: تەوەری پاڵپشتیکردنی "حەشدی شەعبی"
ئەم تەوەرە کرۆکی داواکارییەکانی ئێران و داواکاریی میلیشیاکان و ئەو لایەن و پارتانە پێکدەهێنێت کە پشتیوانییان دەکەن، کە پێیان وایە هەڵوەشاندنەوەی "دەستەی حەشدی شەعبی" یان لاوازکردنی، نوێنەرایەتیی هەڕەشەیەک دەکات بۆ سەر فیکرەی "حاکمییەتی شیعە" لە عێراقدا. ئەوان لە بەرامبەردا پێشنیازی فراوانکردنی دەسەڵات و ڕۆڵەکانی دەستەکە دەکەن، و لە ڕووی بنەماییەوە لارییان نییە لە فیکرەی ڕادەستکردنی چەکی میلیشیاکان بە "حەشدی شەعبی" تەنانەت ئەو گروپانەش کە زیاتر بە ئێرانەوە بەستراونەتەوە، وەک "عەسائیبی ئەهلی حەق" و "سەیدولشوهەدا" وەک قۆناغی یەکەم، بۆ ئەوەی لە ڕووی سەربازییەوە لەناو حەشددا و لە ڕووی مەدەنییەوە لە ژیانی سیاسی و ئابووریدا تێکەڵ ببن، لەسەر ئەوەی قۆناغی دووەم گروپەکانی وەک "کەتائیبی حزبوڵا" و "نوجەبا" بگرێتەوە، ئەمەش بەستراوەتەوە بە تێپەڕاندنی یاسایەک کە پێکهاتەی "دەستەی حەشدی شەعبی" جێگیر بکات و پێگەکەی لەناو دەوڵەتدا بەهێزتر بکات، لەگەڵ پاراستنی ئازادیی جووڵە و تایبەتمەندێتیی میلیشیاکان لەناو ئەم ڕێکخستنەدا هاوشێوەی تایبەتمەندێتیی "فەیلەقی قودس"ی ئێرانی لەناو "سوپای پاسداران"دا.

بەڵام تێپەڕاندنی تەوەرێکی لەم شێوەیە بووەتە کارێکی قورس، بەتایبەتی دوای شەڕی ئەم دواییانە و ئەو هەڕەشە هەرێمی و نێودەوڵەتییانەی کە ڕووبەڕووی میلیشیا عێراقییەکان بوونەتەوە، چونکە ڕەنگە عێراق بخاتە بەردەم سزاکانی ئەمریکا و بایکۆتی عەرەبی و ئاڵۆزیی ناوخۆییەوە.

 

سێیەم: کۆنترۆڵکردن و لەخۆگرتن (الاحتوای)
ئەم تەوەرە لەم دواییانەدا دەرکەوتووە و بنەمایەکەی لەسەر پێکهێنانی وەزارەتێکە بۆ "ئاسایشی فیدراڵی" لە عێراقدا کە دەستەی حەشدی شەعبی و پێکهاتەکانی تری ناو وەزارەتی ناوخۆ وەک "پۆلیسی فیدراڵی" و "فیرقەی ڕەدی سەریع" (کاردانەوەی خێرا) لەخۆ بگرێت. وا دەردەکەوێت کە تەوەرێکی لەم شێوەیە حەز و پشتیوانیی حکومەتی زەیدی لەسەر بێت، و هانی گفتوگۆکردنی دراوە لە ناوەندە سیاسییەکانی عێراقدا، و بە شێوازێک لە شێوازەکان خراوەتە بەردەم لایەنی ئەمریکی، بەو پێیەی کە ئەمە دەبێتە هۆی دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی حەشدی شەعبی وەک بەڕێوەبەرایەتییەک یان تەنانەت دەستەیەک لەناو وەزارەتێکی گشتگیرتردا، و بەستنەوەی پێکهاتەکانی بە دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە، لەسەر ئەوەی ئەم وەزارەتە ئەرکی داماڵینی چەکی گروپە جیاوازەکان و کۆنترۆڵکردنی هەڕەشەکانیان بگرێتە ئەستۆ.

هەندێک لە دەنگە نزیکەکانی تاران پەلەیان کرد لە داواکردن بۆ ڕەتکردنەوەی ئەم ڕێککەوتنە، و بە کودەتا و لاوازکردنی حەشدیان لە قەڵەمدا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەم پێشنیازە لەلایەن ئێرانەوە پێشوازیی لێ نەکراوە، بەڵام هەندێک لە سەرچاوە ئاگادارەکان پێیان وایە کە ئێران و ئەو گروپانەی پێوەی بەستراونەتەوە لە ڕاستیدا گڵۆپی سەوزی ئاشکرایان داوە بە هاوپەیمانەکانیان بۆ تێپەڕاندنی ئەم پێشنیازە، و ئەم زانیارییانەی خوارەوە دەخەنە ڕوو:

1.    دانانی حەشدی شەعبی لەناو وەزارەتێکدا کە پێکهاتە ئەمنییەکانی تری بۆ زیاد بکرێت، دەکرێت ببێتە دەروازەیەک بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵی یاسایی لەلایەن حەشد و سەرکردەکانی میلیشیاکانەوە بەسەر ئەو دامەزراوانەدا، ئەمەش لە کۆتاییدا بەواتای جێبەجێکردنی تێڕوانینەکەی ئێران دێت کە پێویستی بە پاڵپشتیکردنی حەشد و فراوانکردنی توانا و هەژموونی هەیە.

2.    بنەمای داواکارییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی لەو هەوڵەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەیەوێت پەیوەندیی نێوان یەکەکان، پێکهاتەکان و شەڕکەرەکانی لەگەڵ میلیشیا و گروپە ناسراوەکان و سەرکردەکانیان بپچڕێنێت، ئەوەش لە ڕێگەی تێکەڵبوونیان وەک تاک لەناو دامەزراوە جیاوازەکانی دەوڵەتدا، بەڵام ئەم پێشنیازە پارێزگاری لە پێکهاتەی ئێستای حەشد و لیواکانی دەکات کە هەر یەکێکیان نوێنەرایەتیی میلیشیایەکی دیاریکراو دەکات کە لەلایەن سەرکردەکانی دەرەوەی حەشدەوە بە شێوەیەکی فەرمی بەڕێوەدەبرێن.

3.    وەزارەتە پێشنیازکراوەکە شەرعییەت دەداتە ئەو بودجە داراییە یەکجار زەبەنەیەی کە ئێستا "دەستەی حەشدی شەعبی" لە بودجەی گشتییەوە بەدەستی دەهێنێت لەسەر حیسابی بودجەی وەزارەتە خزمەتگوزارییەکانی وەک پەروەردە، تەندروستی، و تەنانەت ئەمنی و سەربازییەکانیش.

 
دەرەنجامەکان
حکومەتی عەلی زەیدی لە عێراقدا ڕووبەڕووی تەحەددیاتی دوو هێندە دەبێتەوە لە هەوڵەکانیدا بۆ پچڕاندنی پەیوەندیی نێوان دەستەی "حەشدی شەعبی" لە لایەک و میلیشیا چەکدارەکانی سەر بەو دەستەیە لە لایەکی ترەوە، ئەمەش ئەرکێکە کە قورس دەردەکەوێت سەرەڕای بەڵێنی هەندێک لە میلیشیاکان، وەک "عەسائیبی ئەهلی حەق" و "جندی ئیمام" و ئەوانی تر، بۆ دانانی چەکەکانیان لە بەرامبەر بەشداریکردنیان لە حکومەتدا وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ مەرجەکانی ئەمریکا. قورسیی دۆزینەوەی تەوەرێکی ڕازیكەر لەم ڕووەوە تەنیا تایبەت نییە بە عێراق، بەڵکو لە بنەڕەتدا لە ئەولەویەتەکانی ئێران و پلانەکانی داهاتووی تارانەوە سەرچاوە دەگرێت بۆ ئەم میلیشیانە و بۆ ڕۆڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیان.

قبوڵکردنی هەندێک لە گروپەکان بۆ دانانی چەک یان پێکهێنانی وەزارەتێکی ئەمنی کە حەشدی شەعبی لەخۆ بگرێت و سنوورێک بۆ هەژموونی پێکهاتەکانی دابنێت، بەو واتایە نییە کە ئێران باڵادەستیی خۆی بەسەر ئەم میلیشیانەدا لەدەست دەدات و توانای سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی مەترسی و هەڕەشەکانیانی نابێت لە ڕێگەی ناونیشانی نوێوە. هەندێک لە گروپە چەکدارەکان لە عێراقدا لە ڕاستیدا دەستیان کردووە بە دروستکردنی ناونیشانی نوێ بۆ گروپی نوێ بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی کە ڕەنگە دروست ببن لە حاڵەتێکدا ئەگەر بڕیاریاندا بەشێک لە چەکەکانیان بە شێوەیەکی ڕواڵەتی یان ڕاستەقینە ڕادەست بکەن، ئەمەش بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیان و ڕزگاربوون لە فشارەکانی ئەمریکا.

هەروەها ئێرانیش لە لای خۆیەوە گەلێک گروپی تری دروستکردووە کە بە شێوەیەکی خولیی دەردەکەون و پاشەکشە دەکەن، و دەکرێت ببنە جێگرەوە بۆ گروپەکانی تر، ئەمەش بەو واتایەیە کە ئەو هەڕەشانەی میلیشیاکان دروستی دەکەن ناتوانرێت بە ڕێکاری ڕواڵەتی چارەسەر بکرێن، هەرچەندە جدییش دەربکەون وەک تێکەڵکردنی حەشدی شەعبی لە وەزارەتی ئاسایشی فیدراڵیدا، بەڵکو تەنیا لە ڕێگەی جووڵەی یاسایی، سیاسی و ڕێکخستنیی یەکلاکەرەوەوە دەبێت کە چەمکی قۆرخکردنی چەک لەلایەن دەوڵەت و جێبەجێکردنی یاسا، لە دروشمێکی گشتییەوە بگۆڕێت بۆ واقیعێکی بەرجەستە.

 

سەرچاوە
-       مرکز الامارات للسیاسات (وحدة الدراسات العراقية)، حكومة الزيدي ومشكلة المليشيات في العراق ما بين الاحتواء والتفكيك |22 مايو 2026؛

https://epc.ae/ar/details/featured/the-al-zaidi-government-and-the-militia-dilemma-in-iraq

 

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
پێش 7 کاتژمێر

داهاتی سلێمانی (98%) كەمیكردووە

null
٢٤ ئایار ٢٠٢٦

خۆشویستنی جیهان وەک وەڵامە راستەقینەکە

null
٢٣ ئایار ٢٠٢٦

مەترسییەکانی گۆڕینی حکومەتی کاربەڕێکەر بۆ دیفاکتۆیەکی درێژخایەن