مەرگی دیموکراسیەت هاتنەوەی ئیستبدادە
2018-10-15 16:30:56
■ لاوك ئەحمەد
کێ لە ماڵی خۆیدا هەست بە دڵنیایی دەکات؟ کێ دەزانێ سبەی منداڵەکانی چ ژیانێک بەسەر دەبەن؟ کێ دەتوانێ بەدەر لەو ئاژاوە و هەراوهوریایەی کە سەرتاپا دونیای گرتۆتەوە، دۆخێکی باشتر بۆ ژیان دەستنیشان بکات؟
لە هەموو ساتێک زیاتر هەست بەوە دەکەم دونیا بەرەو هەڵدێر دەڕوات. لەم ساڵانەی دواییدا دیموکراسیەت تەنانەت لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی وەک ئەلمانیا وبریتانیا وئەمەریکا وسوید وهۆلەندا بە تەوژمە توندرەوەکان تەنراون. ئەم تەوژمانە هەر لە خۆرا نەبوونەتە هەرەشە لە هێنانەوەکایەی سیستمێکی ئیستبدادی گشتگیر، بەداخەوە لە بری ئەوەی شنەی دیموکراسیەتی رۆژئاوا بەرەو لای ئێمە هەڵبکات، بە پێجەوانەوە حکومەتەکانی رۆژئاوا تەکنیکەکانی دۆزەخی رۆژهەڵاتیان بەکارهێنا بۆ هەر شوێنێک کە چووبن، ئەوەی جێی تێبینیە تەنانەت لە پاش گەرانەوەیان بۆ وڵاتەکانی خۆیان ئاسەوری ئەو سیاساتانە لە مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسە یاساییەکانی خۆشیاندا رەنگیداوەتەوە، نموونەیەکی سادە، تەماشای کاردانەوەی ئەمریکا لەسەر پرسی کۆچکردن بکە؛ دونیایەک کاردانەوە و ململانێی لەسەر ئاستی کە لتووری لە ناو کۆمەڵگەدا بەجێهێشتووە، بەهەمان شێوە، لە بریتانیا هەمان ململانێی ئایینی وکەلتووری بە روونی لە قوتابخانەکاندا دیارە. ئەم گۆرانکارییە دیموگرافی و کەلتووریانە بەرەو سەردەمێک بە کێشمان دەکەن کە تا دێت پانتاییەکانی دڵنیایی سیاسی و کۆمەڵایەتی تیا کەم دەکەنەوە ومتمانە بە یاساکان وسیستمەکان لاواز دەکات و دواجار نامێنیت.
دیموکراسیەتی رۆژئاوا کە لە ماوەی دوو سەدەی رابردوودا گەشەی کردووە و بەرهەمی دونیایەک گۆرانکاری ئابووری و پیشەسازی و پەروەردەیی بووە، توانیویەتی خەڵک لە شارەکاندا کۆبکاتەوە و رێکیان بخاتەوە و پێکەوە لە کارگەکاندا کار بکەن. ئەم پرۆسەیە گواستنەوەی خەڵک بووە لە قۆناغی "مانەوە"دا کە دڵنیای سیاسی و کۆمەڵایەتی تیانەبووە بۆ قۆناغی "گەشەکردن و دڵنیایی و گەران بەدوای بەهای هەستپێکراوی وەک ئازادی دەربریندا. ئەم گواستنەوەیە دواتر لە سەر بنەمای بوونی مەعریفەی کار لە هەموو سەکتەرەکاندا کەناری کردووە.
لە خاڵە گرنگەکانی پرۆسەی دیموکراسیەت هێنانەکایەی دڵنیایی سیاسی و کۆمەڵایەتیە هەروەها گواستنەوەی ئاشتیانەی دەستەڵات و هەڵبژاردنی سەرکردەکانە دوور لە توندوتیژی و خوێن رشتن، هەرچەندە ئەم پرۆسەیە گرێنتی ئەوە نادات کە سەرکردە زیرەک و لێهاتووەەکان هەمیشە هەڵدەبژێردرێن، بەڵام دواجار رێگەجارە هەر پرۆسەی دیموکراسیەتە.
مەرج نییە هەموو پێشکەوتنێکی پیشەسازی ببێتە مایەی هێنانەدی و پاراستنی پرۆسەی دیموکراسیەت لە مەودایەکی درێژدا، بۆ نموونە وڵاتێکی وەک چیین لە پاش ماوتسۆنگ پشتیان بە ئابووری بازار بەست و وڵاتێکی خۆشگوزەرانیان دامەزراند و شێوازێکی تایبەتیان لە هەڵبژاردنی سەرکردەکانیان هێنایە کایەوە بە پەیرەوکردنی ئاستی تەمەن کە نابێت لە ٧٠ ساڵ تێپەر بکات و مانەوەی سەرکردە لە دەستەڵاتدا لە پێنچ ساڵ زیاتر نەبێت، بەڵام ئایا ئەو دەزگایانەیان هەیە کە ئەم مەرجانە بپارێزێت. رەنگە تا ئەم ساتە ئەم شێوازە ئیستبدادیە لە ئیدارەدانی حکومەت هەر لە چیندا سەرکەتوو بوو بێت بەڵام وەک وتمان بۆ مەودای درێژ دڵنیایی نییە کە بەردەوام دەبێت. ئابووریەک لەسەر بنەمای مەعریفە دامەزرا بێت زیاتر لە کۆمەڵگە کراوەکاندا گەشە دەکات.
دیموکراسیەت بە تایبەتی لە سەدەی بیستدا زۆر جار دووجاری گرفت و کۆسپ بووە، راستە، لە سەرەتادا ئەو وڵاتانەی کە دیموکراسیەتیان تێدا پیادەکراوە زۆر نەبوون و بە پێی ستاندەردەکانی ئێستاش نەبوون. گەورەترین شکستی دیموکراسیەت لە ساڵانی ١٩٣٠ بوو، ئەوکاتەی فاشییەت پەرەی سەند، خراپی باری ئابووری لە ئەوروپا لە فاکتەرە سەرەکییەکان بوو، بەڵام دواتر دیموکراسیەت هەر هەڵسایەوە. لە ساڵانی ١٩٨٠دا پشتیوانیکردنی سیستمە ئیستبدادیەکان پەرەی سەند بوو. لە ساڵی ٢٠١٥ دا، پارتە توندرەوەکان و ئەوانەی دەیانەوێت پەیرەوەی سیستمێکی توند بکەن رێژەی ٪١٢ دەنگیان هێنابوو لەو ٣٢ دەوڵەتە دیموکراسیەی لە جیهاندا هەن. لە دانمارک و هۆلندا و سویسرا بوونە یەکێک لە پارتە گەورەکان کە بە پلەی یەکەم یان دووەم دەهاتن، لە هەنگاریا و پۆلندا کۆنترۆلی حکومەتیان کرد. لە ٢٠١٦دا رۆلاند ترەمپ بە ئاشکرا رقی خۆی لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا بەرامبەر نەتەوەکان دەردەخست و ئەمەریکای بە مەزن ناوزەند دەکرد، بێ گوێدانە ئەوەی کە ئەم پەیامە لەلای کەسی ئاسایی چۆن دەکەوێتەوە و بێ گوێدانە کاریگەرە مەترسیەکانی ئەو پەیامانە. لە ئەمریکا، لە نێوان ساڵانی ١٩٧٠ بۆ ٢٠١٥ رێژەی ئیسپانیەکان لە ٪٥ بۆ ٪١٨ بەرزبۆتەوە، لە وڵاتی سوید لە ساڵانی حەفتاکاندا دانیشتوانەکەی کەمایەتییە سویدیەکان بوون ئێستا ئەو بێگانانەی کە لەوێ لە دایکبوون ٪١٩ دانیشتووان پێک دەهێنن، ئەلمانیا ٪٢٣.
لێکۆڵەوەران دەڵێن پانتای نێوان دیموکراسیەت و ئیستبداد بە رێژەی بوونی دڵنیایی خەڵک لە بوونیان دەپێورێت واتە چەند خەڵک هەست بە دڵنیایی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری بکەن ئەوەندە ئاستی پیادەکردنی سیستمێکی دیموکراسی بەرجەستەیە. کێ دەتوانێت بڵیت من لە ژیانی خۆم و لە ئاییندە بۆ منداڵەکانم لە ئێستادا دڵنییام؟
هەمیشە سیاسەتی رق و کینە دەبێتە ستراتیجیەتێکی پیادەکراو کە سەرچاوە و دارایی بەشی دانیشتوانی نەکردووە، هەروەک ملمڵانێی دوو خێڵ وایە لەسەر کانیاوێک یان سەرچاوەی ئاوێک، هەر بۆیە ترەمپ هەمیشە داوای پارە لە هەموو لایەک دەکات! ئەو ململانێ نێودەوڵەتییەی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست لە پاش رووخاندنی سۆڤیەتی پێشووەوە بەو جۆرە خوێناوییەی کە روودەدات، ململانێیە بۆ داگیرکردنەوەی سەرچاوە وزەی ئاییندە لە ژێر چەندان جۆر لە ناونیشان و شێواندنی کۆڵەکەکانی مێژوودا.
ئەو راپرسی و لێکۆڵینەوانەی کە بۆ ئەم دۆخە کراون خەڵکیان دابەشکردۆتە نێوان دوو ئاست یان دوو بەش ئەوانەی بە ماتریالیست ناسراون کە ئەوانن داوای دڵنیایی ئابووری و ئاسایش دەکەن، داوای کەمکردنەوەی نرخ دەکەن، داوای پەرەسەندنی زیاتری ئابووری دەکەن، لەگەڵ جۆرەکەی دووەم کە بە پۆست ماتریالیست ناسراون ئەوانەن کە ئاسایش لە لایان دەستەبەرە و تەرکیزیان لەسەر بوونی ئازادییەکانە تا خەڵک دەنگی زیاتری هەبێت لە پرۆسەی بریاردانی حکومەتدا، ئەمە زۆر بە روونی لە هەڵبژاردنەکانی دوایی ئەمەریکادا رەنگیدایەوە.
کوشتنی رۆژنامەنوووسێکی وەک جەمال خاشەقجی دۆخی ساڵانی شەستەکان و حەفتاکانمان وەبیردەهێنێتەوە کە لە سایەی بوونی رژێمێکی ئیستبدادا ئەو جۆرە کوشتنانە ئەنجامدەدرا، لێرەدا باسی کەسایەتی عەدنان ناکەیەن بەڵکو ئەو دۆخە نێودەوڵەتییە ئیستبدادیە دەست نیشان دەکەین کە زەمینە خۆش دەکات بۆ ئەوەی ئیتر هەر دەنگێکی جیاوازهەبێت رووبەرووی کوشتن دەبێتەوە. ترەمپ بە روونی رای خۆی دەڵێ: رێکەوتنی ئابووری ناکاتە قوربانی بەها و مافەکانی مرۆڤ لەهەر کۆیەک بێت.