نوسینی: فه‌رزه‌ند شێركۆ ده‌روازه‌: جه‌میس مادیسن وئه‌لكیسانده‌ر هامڵتن، دووان له‌ به‌هێزترین باوكانی دامه‌زرێنه‌ری ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، له‌ ساڵی ١٧٧٨ و بۆ به‌رگری كردن له‌ ده‌ستووری پێشنیاركراوی (كۆنفرانسی فیدراڵی)، له‌گه‌ڵ جۆن جه‌ی، ٨٥ وتاریان له‌ رۆژنامه‌كانی ئه‌وكاتی ئه‌مه‌ریكادا بڵاو كرده‌وه‌. ئه‌م دوو بیرمه‌نده‌ ده‌یانویست به‌ وتاره‌كانیان، سیستمێكی سیاسی ئه‌وتۆ دابڕێژن كه‌ بتوانێت له‌ یه‌ك كاتدا زاڵ بێت به‌سه‌ر: مه‌ترسی دروست بوونی رژێمێكی دیكتاتۆری له‌ هه‌ناوی فیدراڵییه‌وه‌ و، هه‌ڕه‌شه‌ی یاخیبوونی ویلایه‌ته‌كانیش له‌ ده‌وڵه‌ته‌ فیدراڵییه‌كه‌دا. لێره‌وه‌ (په‌ڕه‌كانی فیدراڵی)، به‌ وردی چه‌مكه‌كانی: هه‌ڕه‌شه‌ی نفوزی بێگانه‌، یه‌كێتی له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستێوه‌ردان و یاخیبوون، به‌رگریی هاوبه‌ش، كێشه‌ی نێوان ویلایه‌ته‌كان، دۆسێی میلیشیا، یه‌كخستنی باج و خه‌راج و ئابوریی حكومه‌ت و،  پێكهاته‌ی سیستمی سیاسی و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی له‌ ده‌وڵه‌تی فیدراڵی دا شیكردۆته‌وه‌.    هامڵتن له‌ وتارێكدا ده‌رباره‌ی ده‌سه‌ڵاتی گشتی دیاریكردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات، له‌ ٢٨ی دیسه‌مبه‌ری ١٧٧٨ روونیكردۆته‌وه‌: "پاره‌، بنه‌مای په‌یكه‌ری سیاسییه‌، بنه‌مایه‌ك كه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ بۆ ژیان و جووڵه‌ی ئه‌م په‌یكه‌ره‌ و، توانای ئه‌وه‌ی پێ ده‌به‌خشێت كه‌ سه‌ره‌كیترین ئه‌ركه‌كانی خۆی جێبه‌جێ بكات. بۆیه‌ پێدانی ده‌سه‌ڵاتێكی پێویست بۆ پیاده‌كردنی ئه‌م ئه‌ركانه‌ به‌ هاوسه‌نگی و دروستی، تا ئه‌و جێیه‌ی كه‌ سه‌رچاوه‌كانی كۆده‌نگیی لۆكاڵی رێگه‌ی پێ ده‌ده‌ن، پێویسته‌ ببێته‌ به‌شێكی گرنگ له‌ هه‌ر ده‌ستوورێك. ئه‌گه‌ر ئه‌م به‌شه‌ گرنگه‌ - واته‌ پاره‌داركردن - له‌به‌رچاو نه‌گیرێت، یه‌كێك له‌م دوو حاڵه‌ته‌ پڕ زیانه‌ رووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه‌؛ یا خه‌ڵك ناچار ده‌بن ده‌ست بده‌نه‌ تاڵانی و راووڕووت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ شێوه‌ی گونجاوی دابین كردنی تێچووه‌ گشتییه‌كان دابین بكه‌ن، یان حكومه‌ت ده‌بێت له‌ گێژاوێك له‌ نه‌بوونی و ده‌ستكورتی دا نوقم ببێت كه‌ زۆر ناخایه‌نێت ئه‌م ده‌ستكورتییه‌، ده‌بێته‌ هۆی له‌ناوچوونی." له‌ درێژه‌ی وتاره‌كه‌یدا، هامڵتن نووسیویه‌تی: "له‌ ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی دا، سوڵتان، گه‌رچی له‌ هه‌ندێك رووه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی ره‌های هه‌بوو به‌سه‌ر ژیان و دارایی دانشتیوانی ناوچه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتیدا، به‌ڵام راسته‌وخۆ ده‌ستێوه‌ردانی نه‌ده‌كرد له‌ كۆكردنه‌وه‌ی باج و داهاتدا. له‌ ئه‌نجامی ئه‌مه‌دا، والییه‌كانی عوسمانی، ده‌ستیان ده‌دایه‌ تاڵانییه‌كی بێ به‌زه‌ییانه‌ی دانیشتوان و، به‌شێك له‌و داهاتی تاڵانییه‌یشیان ده‌نارد بۆ سوڵتان. له‌ ئه‌مه‌ریكاش، به‌ هۆكارێكی هاوشێوه‌، حكومه‌تی ئیتحادی، به‌ شێنه‌یی، كه‌وتۆته‌ دۆخێك له‌ خراپی و لێكترازان كه‌ وا نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ له‌ناوچوون. كێ ده‌توانێت گومان له‌وه‌ بكات، كه‌ له‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌دا، له‌ پێناو خۆشگوزه‌رانیی خه‌ڵك، پێویست بوو ده‌سه‌ڵاتی ته‌واو بدرێته‌ ده‌سته‌ متمانه‌پێكراوه‌ دڵنیاكان تا بتوانن ئه‌و داهاته‌ی كه‌ داواكارییه‌ گشتییه‌كان پێویستییانه‌، بۆ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ كۆبكه‌نه‌وه‌؟ ره‌نگه‌ كه‌سانی ته‌ڵه‌كه‌باز، به‌ روخسارێكی روكه‌شی خۆبه‌حه‌قزانه‌وه‌، بیانه‌وێت پێداگری له‌سه‌ر هه‌ڵه‌ و چه‌وتییه‌كانیان بكه‌ن، به‌ڵام هیچ ئامرازێكی تر نییه‌ كه‌ بتوانێت ئێمه‌ له‌و ناڕه‌حه‌تی و سه‌رئێشانه‌ رزگار بكا كه‌ به‌هۆی كه‌می بودجه‌وه‌ له‌ناو خه‌زێنه‌ی گشتی دا، دێته‌رێمان، جگه‌ له‌ پابه‌ندبوون به‌ یاسا و ده‌ستوور." به‌ كورتی، له‌ وتاره‌كانی فیدراڵی دا، ئارگیومێنتی هامڵتن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ داهات، به‌رگری، و په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌، پێویسته‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی ئیتحادی بن. ئه‌گه‌ر كۆكردنه‌وه‌ی داهات، ناوه‌ندی نه‌بێت، حكومه‌تی ناوه‌ند ناتوانێت ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی خۆی، كه‌ دابین كردنی ئازادی و ئاسایش و خۆشگوزه‌رانییه‌، جێبه‌جێ بكات؛ ویلایه‌ته‌كان، به‌تایبه‌ت هه‌رێمه‌ هه‌ژارتره‌كان، ئه‌وانه‌ی كه‌ سه‌رچاوه‌ی داهاتی ناوخۆییان كه‌مه‌، یان سه‌ره‌ڕێی كاروانی بازرگانی نین، له‌ هه‌ژاری دا، په‌كیان ده‌كه‌وێت. به‌مه‌ش له‌ نێوان هه‌رێمه‌كاندا ناهاوسه‌نگی دروست ده‌بێ و یه‌كپارچه‌یی كیانه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌رمه‌ترسی، و كێشه‌ی نێوان هه‌رێمه‌كان، شه‌ڕی ناوخۆ و ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی، جێی سه‌قامگیری و ئاشتی و گه‌شه‌كردن، ده‌گرێته‌وه‌. خوێندنه‌وه‌ی كارنامه‌یه‌ك: ئه‌گه‌رچی وه‌كو كیانێكی سیاسی، هه‌رێمی كوردستانی عێراق، (بنه‌مای بوون)ی خۆی له‌ ده‌ستووری عێراقی نوێ وه‌رگرتوه‌، به‌ڵام وا بیست ساڵ دوای ئه‌م له‌دایكبوونه‌، هێشتا هه‌رێمه‌كه‌ كارینه‌كردوه‌ تا ئۆرگانه‌كانی خۆی بكات به‌ دامه‌زراوه‌ی ده‌ستووری. هه‌رچه‌نده‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ گوتار، بانگه‌شه‌ی نوێنه‌رایه‌تی كردن له‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ك "مه‌سه‌له‌ی كورد" ده‌كا له‌ عێراقدا، به‌ڵام له‌م سی ساڵه‌ی "سه‌ربه‌خۆیی" دا، به‌ كرده‌وه‌ كاری نه‌كردوه‌ بۆ داڕشتنی ده‌ستوورێكی گه‌لپه‌سه‌ندی ئه‌وتۆ، كه‌ بتوانێت سنوری جوگرافی، ستره‌كچه‌ری سیاسی، و بوژانه‌وه‌ی نیشتمانی له‌ كوردستانی عێراقدا به‌رهه‌م بهێنێت. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ساڵ دوای ساڵ، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ كوردستانی عێراق، له‌سه‌ر ئاستی فیكر و ستراتیژ و چالاكیی، پاشه‌كشێی كردوه‌. هه‌رێمێكی به‌هێز، كه‌ ده‌توانێت خاوه‌نی گوتار و كرداری ده‌وڵه‌تسازی بێت؛ مێژووی هه‌زاران ساڵه‌ی پڕ له‌ ئه‌فسانه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بۆ بیناكردنی كه‌سێتی تاك به‌كاربهێنێت، به‌ شه‌هید و تێكۆشانی هه‌زاران رۆڵه‌ی گه‌له‌كه‌ی، زمان و كولتور و خاك و سه‌روه‌ریی بپارێزێت، ژینگه‌ی له‌بار، زه‌وی به‌ پیت، ئاو و ژێرخانی ستراتیژیی و سه‌رمایه‌ی مرۆیی به‌هێزی به‌رده‌ستی، بۆ سه‌رپێكه‌وتن به‌گه‌ڕ بخا و، له‌ پێگه‌ی مه‌زڵومییه‌تی مرۆیی و قوربانیی ده‌ستی دیكتاتۆره‌وه‌، دژی تاكڕه‌وی و سته‌مكاری بێت و، له‌ بری خاڵیكردنه‌وه‌ی "مه‌سه‌له‌ی كورد" له‌ مانا و به‌هاكانی، بنه‌ماكانی دروست كردنی ده‌وڵه‌تی كوردی دابڕێژێت، رێگه‌ی تری هه‌ڵبژاردوه‌. ئه‌م ده‌ ساڵه‌ی رابردوو، ئاراسته‌ی باڵاده‌ستی ناو نوێنه‌رایه‌تییه‌ سیاسییه‌كه‌ی كوردستانی عێراق، به‌ تاكڕه‌وی، رۆچۆته‌ ناو هه‌ڵه‌ی ستراتیژی و، ئه‌گه‌ر هۆشیار نه‌كرێته‌وه‌، به‌ پێداگریی له‌سه‌ر هه‌ڵه‌، ته‌ڕ و وشكی ئه‌زموونه‌كه‌، پێكه‌وه‌ ده‌سووتێنێت. هه‌ڵدێرانی ئه‌زموونه‌ سیاسییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانی عێراق، به‌ نه‌خۆشكه‌وتنی سه‌رۆك مام جه‌لال، سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و سه‌رۆك كۆماری عێراقی فیدراڵ ده‌ستی پێ كرد. دووركه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌م زاته‌ له‌ كایه‌ی سیاسی، بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ی به‌جێهێشت كه‌ به‌ڕێز مه‌سعود به‌رزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌ ستایڵی خۆی، هه‌وڵی پڕكردنه‌وه‌یدا. له‌م قۆناغه‌دا و له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر كورتی نێوان دیسه‌مبه‌ری ٢٠١٢ تا مارسی ٢٠١٣، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر - به‌غدا، به‌ره‌و ئاڵۆزی چوون. له‌ په‌یامی نه‌ورۆزی ٢٠١٣، سه‌رۆكی هه‌رێم باسی له‌ نه‌مانی متمانه‌ كرد له‌ نێوان هه‌ردوولا و پاڵپشت  به‌ "زانیاریی هه‌واڵگری"، مه‌ترسیی ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ حكومه‌تی عێراق فرۆكه‌ی (F16) ده‌كرێت بۆ بۆمبارانكردنی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌یتوانی دروستیی ئه‌م بانگه‌شه‌یه‌ بۆ رای گشتی، بسه‌لمێنێت. ئه‌م تۆمه‌ته‌ بۆ حكومه‌تی نوری مالیكی، هاوكات بوو له‌گه‌ڵ فروانبوونی په‌لاماره‌كانی (ده‌وڵه‌تی عێراقی ئیسلامی) بۆ سه‌ر عێراق و سوریا، و به‌مه‌به‌ست یان بێ مه‌به‌سه‌ت، تێكدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، چووه‌ خزمه‌ت پرۆژه‌ی "به‌هاری عه‌ره‌بی" و، زۆری نه‌برد كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ تۆمه‌تباركرا به‌وه‌ی پشتیوانیی له‌ شاڵاوه‌كانی (ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق و شام) - داعش ده‌كا بۆ سه‌ر عێراق. به‌تایبه‌ت كه‌ له‌گه‌ڵ داگیركردنی موصڵ له‌لایه‌ن داعش و راگه‌یاندنی خیلافه‌ی ئیسلامی، له‌ مانگی ٦ی ٢٠١٤، میدیایه‌كی پارتی دیموكراتی كوردستان چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ وته‌بێژێكی گروپه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ ئه‌نجامدا و، چه‌ند رۆژ دواتریش، سه‌رۆكی هه‌رێم چووه‌ په‌رله‌مانی كوردستان و راگه‌یاند كه‌ "داعش دراوسێیه‌كی نوێی هه‌رێمه‌" و داوای كرد "هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ته‌نها له‌ حاڵه‌تی به‌رگری دابن" و هێرشیان نه‌كه‌نه‌سه‌ر. له‌م قۆناغه‌دا، پێده‌چوو نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ولێر له‌ به‌ره‌ی هێزه‌ سوننه‌كانی عه‌ره‌ب بۆ رووخاندنی به‌غدا و دیمه‌شق، (كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی قه‌ته‌ر ده‌ڵێت دوو هه‌زار ملیار دۆلارمان بۆ ته‌رخان كرد)،  كۆماری ئیسلامیی ئێرانی ترساندبێت. ئه‌م ترسه‌ی ئێران وای كرد، به‌شێك له‌و داعشه‌ی پێشبینی ده‌كرا له‌ ماوه‌ی ٧٢ سه‌عاتدا، (به‌ وته‌ی برێت مه‌كگۆرك)، به‌ناوی "هێزی مقاوه‌مه‌"وه‌ به‌غدا بگرن،  رووی شاڵاوه‌كه‌یان به‌ره‌و داگیركردنی كوردستانی عێراق وه‌ربگێڕن. هه‌ردوو سه‌ركرده‌ی به‌عس له‌ هه‌ولێره‌وه‌، عێزه‌ت ئیبراهیم ئه‌لدووری، و ته‌ها ئه‌لدلێمی، له‌م هه‌ڵوێسته‌ی داعش نیگه‌ران بوون و سه‌ركۆنه‌یان كرد. ئه‌گه‌رچی دلێمی به‌ نوێنه‌رایه‌تی به‌شێك له‌ عه‌شایه‌ره‌ سوننه‌كان و عێزه‌ت دووری به‌ نوێنه‌رایه‌تی حزبی به‌عس به‌شێك بوون له‌و ئه‌نجومه‌نه‌ی بۆ رووخاندنی رژێمی عێراق بنیادنرابوو، به‌ڵام نه‌یانتوانی ئه‌بو عومه‌ر ئه‌لچیچانی، جێگری خه‌لیفه‌ی داعش و كورده‌كانی كه‌تیبه‌كه‌ی صه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبیی، له‌ ده‌رفه‌ت و بیرۆكه‌ی داگیركردنی شنگال، په‌شیمان بكه‌نه‌وه‌. له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئۆگه‌ستی ٢٠١٤ و له‌ ئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و كاتی كوردستان بۆ رووداوه‌كان، شنگال داگیر و ٢٠٠ هه‌زار كوردی ئێزدی ماڵوێران كران. هه‌ڵه‌ی دواتری ئه‌م سه‌ركردایه‌تییه‌، بریتی بوو له‌ دابڕینی په‌یوه‌ندییه‌ ئابورییه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا، و له‌ ژێر رێنمایی وه‌زیری ئه‌وكاتی سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان، پرۆژه‌ی "ئابوریی سه‌ربه‌خۆ" راگه‌یه‌ندرا. له‌م پرۆژه‌یه‌دا، كه‌  تۆڕێك له‌ ده‌ڵاڵی نێوده‌وڵه‌تی تێوه‌ی گلان و، خه‌توخاڵه‌كه‌ی له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٥ه‌وه‌ ده‌ركه‌وت، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر هه‌رزانتر له‌ نرخی بازاڕ، و له‌كاتێكدا ته‌نها (٪٤٠)ی كۆی داهاتی نه‌وته‌كه‌ ده‌گه‌یشته‌وه‌ ناو خه‌زێنه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی، نه‌وته‌كه‌ی گه‌یانده‌ به‌نده‌ری جه‌یهان له‌ توركیا. سودمه‌ندانی سه‌ره‌كیی ئه‌م پرۆژه‌یه‌، بریتی بوون له‌ كۆمه‌ڵێك به‌رپرسی سیاسی ناوخۆیی و ئیقلیمی، و كۆمپانیای پاشكۆی ئه‌و به‌رپرسانه‌ش كه‌ جگه‌ له‌ هه‌رزانفرۆشكردنی سامانی ژێرزه‌ویی كوردستان، له‌ بواره‌كانی پاسه‌وانی و گواستنه‌وه‌، به‌ بازاڕگه‌یاندن، و گۆڕینه‌وه‌ی دۆلار به‌ دینار، قازانجی گه‌وره‌ی تاكه‌كه‌سییان له‌ "ئابوریی سه‌ربه‌خۆ" كرد، و خه‌ڵكیش: پێشمه‌رگه‌ و موچه‌خۆر و كاسبكار، زیانباری سه‌ره‌كی بیرۆكه‌كه‌ بوون. ره‌نگه‌ ئارگیومێنتی ئه‌وه‌ هه‌بێت كه‌ ئه‌گه‌ر گوشاره‌كانی حكومه‌تی به‌غدا و شه‌ڕی داعش نه‌بوایه‌، حكومه‌تی هه‌رێم به‌ره‌و "ئابوری سه‌ربه‌خۆ" نه‌ده‌ڕۆیشت، به‌ڵام چیرۆكه‌كه‌ كۆنتره‌ و "دیواره‌كه‌ له بناغه‌وه‌ خواره‌"؛ نزیكبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ولێر له‌و هێزه‌ سوننانه‌ی كه‌ پرۆژه‌ی رووخاندنی شیعه‌یان هه‌بوو، ئه‌و هه‌ڵه‌ ستراتیژییه‌ بوو، كه‌ گه‌لی كوردستان تێكڕا باجه‌كه‌ی دا. هه‌ڵه‌ی دواتر، به‌ كۆچی دوایی ره‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ستی پێكرد. له‌ ١٩ی ٥ی ٢٠١٧ كه‌ رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و دوا ئه‌ندامی نه‌وه‌ی كۆنی "مه‌دره‌سه‌ی سلێمانی" كۆچی دوایی كرد، تا رۆژی ٧ی ٦ی ٢٠١٧، كه‌ لیژنه‌ی باڵای ریفرانده‌م پێكهات و راگه‌یه‌ندرا، ماوه‌یه‌كی زۆر كورت بوو. پێده‌چوو به‌ڕێز به‌رزانی بیه‌وێت به‌ جووڵه‌یه‌كی سێمبولیك، بۆشایی سه‌رۆك مام جه‌لال (كه‌ نه‌خۆش بوو) و نه‌وشیروان مسته‌فا (كه‌ كۆچی دوایی كردبوو) پڕ بكاته‌وه‌. ئه‌و جووڵه‌ سێمبولیكه‌، بریتی بوو له‌ ئه‌نجامدانی ریفرانده‌مێك ته‌نها له‌ناو سنوری هه‌رێمی كوردستاندا، ئه‌وه‌ش نه‌ك بۆ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی، به‌ڵكو به‌ وته‌ی خۆی : "بۆ زانینی رای خه‌ڵكی كوردستان". ریفرانده‌مێكی له‌مجۆره‌، نه‌ك ته‌نها سه‌ربه‌خۆیی دیفاكتۆی كوردستانی ده‌خسته‌ به‌ر مه‌ترسی، به‌ڵكو كه‌ركوك و نیوه‌ی خاكی كوردستان بۆ هه‌میشه‌ ده‌كه‌وتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر قه‌واره‌یه‌كی كوردیی - كه‌ گومان وابوو له‌ ئاینده‌ دروست ببێت. له‌م دۆخه‌دا، یه‌كێتیی نیشتمانیی داوای كرد كه‌ركوك بخرێته‌ ناو جوگرافیای ریفرانده‌م و، ئه‌گه‌ر بڕیار بێت ئاینده‌یه‌ك هه‌بێت بۆ كوردستان، ئه‌و ئاینده‌یه‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمیش له‌خۆ بگرێت. ئه‌گه‌رچی رینمایی و گوشارێكی زۆری ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی هه‌بوو كه‌ ریفرانده‌م له‌م كاته‌دا نه‌كرێت و دوابخرێت، به‌ڵام به‌ پێداگریی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، و به‌ پشتیوانیی نوێنه‌رانی یه‌كێتی له‌ لیژنه‌ی باڵای ریفرانده‌م، و  هێزه‌ سیاسییه‌كان و خه‌ڵكی كوردستان ریفرانده‌م به‌ڕێوه‌ چوو. زۆر به‌خێرایی، پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ سه‌ربه‌خۆیی - كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ كاتی دروستی خۆیدا بكرایه‌ ده‌توانرا ببێت به‌ خاڵی وه‌رچه‌رخان بۆ پێشخستنی "مه‌سه‌له‌ی كورد"، بوو به‌ له‌مپه‌ڕ له‌به‌رده‌م گه‌شه‌ی كوردستانی عێراقدا. به‌رپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ به‌ هه‌ڵه‌كه‌یان زانی، له‌ كاتێكدا خه‌ڵك پۆل پۆل ده‌چوون بۆ ده‌نگدان به‌ سه‌ربه‌خۆیی، یه‌ك له‌دوای یه‌ك له‌ رۆژی ٢٥ی سێپته‌مبه‌ری ٢٠١٧ رایانگه‌یاند كه‌ "ریفرانده‌م بۆ سه‌ربه‌خۆیی نییه‌." به‌مجۆره‌، گه‌لی كوردستان به‌شداری پرۆسه‌یه‌كیان كرد، كه‌ له‌رووی كرده‌ییه‌وه‌، به‌ زیان بۆ ئه‌زموون و قه‌واره‌كه‌ شكایه‌وه‌ و، پاش له‌رزه‌كانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌، له‌ ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر، و داگیركارییه‌ ئیقلیمییه‌كانی دواتردا، قووڵتر ده‌ركه‌وتن. "١٦ی ئۆكتۆبه‌ر"، وه‌كو چه‌مك، وشه‌یه‌كی داتاشراو و به‌رهه‌می ململانێی ناوخۆی یه‌كێتیی نیشتمانی بوو كه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند به‌رپرسێكی دێرین و نیگه‌رانی حزبه‌كه‌وه‌، بۆ گۆڕینی باڵانسی هێز له‌ناو یه‌كێتی دا، دژ به‌ نه‌وه‌ی گه‌نجتری حزبه‌كه‌ به‌كارهات، به‌ڵام ئه‌نجامی ئه‌م خه‌نجه‌ر له‌ خۆدانه‌، نه‌ك وا نه‌شكایه‌وه‌ كه‌ ببێته‌ هۆی باڵاده‌ستبوونه‌وه‌ی "حه‌ره‌سی قه‌دیم"، به‌ڵكو بوو به‌ كارتێك به‌ده‌ست پارتییه‌وه‌، كه‌ هه‌ر كات ویستی رووداوێكی پێ داپۆشێت، دژ به‌ یه‌كێتی به‌كاری بهێنێت. له‌و روه‌وه‌ی كه‌ ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر، رووداوێكی سیاسی و سه‌ربازی بوو، خوێندنه‌وه‌یه‌كی بێ لایه‌ن بۆی، ده‌ریده‌خات كه‌ ئۆباڵی راسته‌وخۆ و راسته‌قینه‌ی ئه‌و كاره‌ساته‌، ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی دوو لایه‌نی سه‌ره‌كی: یه‌كه‌م. ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، و دووه‌م. سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان. به‌پێی (یاسای ژماره‌ ٤ ساڵی ٢٠١١ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان) ئه‌ركی  راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌رباره‌ی بابه‌ته‌ نیشتمانییه‌كان، به‌رچاوڕوونی بدات به‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان. هه‌رچه‌نده‌ راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش داینه‌مۆی ئه‌نجامدانی ریفرانده‌م بوو، (له‌ هه‌رێمی كوردستان و بێ كه‌ركوك)، به‌ڵام  به‌ درێژایی ماوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی حكومه‌تی عێراق، سوریا، توركیا، ئێران و ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا، هیچ به‌رچاوڕونییه‌كی دروستی ئه‌منی/ سه‌ربازی/ سیاسی نه‌دا به‌ سه‌رۆكی هه‌رێم و لیژنه‌ی باڵای ریفرانده‌م؛ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ نه‌یتوانی كاریگه‌رییه‌كانی  بڕیارێكی له‌وجۆره‌ له‌سه‌ر ئاینده‌ی كوردستانی عێراق شیبكاته‌وه‌ و، هیچ بژارده‌یه‌كیشی بۆ مامه‌ڵه‌ی لایه‌نه‌كان و گه‌لی كوردستان له‌گه‌ڵ قه‌یرانه‌كانی ئاینده‌ - كه‌ پێشبینی ده‌كرا رووبده‌ن، نه‌خسته‌ڕوو. هه‌ره‌سی (ریفرانده‌م و ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر) كه‌ به‌یه‌ك پاكێج به‌سه‌ر كیانی كوردستاندا هات، ئه‌م هه‌ره‌سه‌ ئه‌گه‌ر به‌سه‌ر  هه‌ر حكومه‌تێكی به‌رپرسیار و خاوه‌ن "دامه‌زراوه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش"دا بهاتبایه‌، ئه‌وا پێویست بوو راوێژكاری ئه‌نجومه‌ن، به‌رپرسیارێتی سه‌ره‌كیی ئه‌و كاره‌ساته‌ی هه‌ڵبگرێت. له‌ كه‌یسی شكسته‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا، راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم، به‌هۆی په‌یوه‌ندییه‌ خێزانییه‌كانی له‌گه‌ڵ  سه‌رو خۆی، له‌ لێپرسینه‌وه‌ پارێزرا، و شكسته‌كه‌، خرایه‌ ئه‌ستۆی كه‌س و لایه‌نی تر. ره‌نگه‌ تائێستا، به‌ حوكمی ده‌سه‌ڵات  و هۆكاری تر ، (كه‌یسی ریفرانده‌م و ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر)، بێ ده‌نگیی لێ كرابێت، به‌ڵام له‌ درێژخایه‌ندا، په‌نجه‌ی ئاماژه‌ بۆ به‌رپرسیاری سه‌ره‌كیی كه‌یسه‌كه‌ درێژ ده‌كرێت. ده‌رئه‌نجامی ریفرانده‌م و ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر،  شكستێكی هه‌واڵگرییه‌ به‌ ئیمتیاز. ئه‌گه‌ر شكستی هه‌واڵگریی ئه‌مه‌ریكا، بریتی بێت له‌ (١١ی سێپته‌مبه‌ر) و، ئه‌گه‌ر (جه‌نگی یه‌ومی كیپبور)ی ١٩٧٣ی ئیسرائیل به‌ شكستی هه‌واڵگری بناسرێت، ئه‌وا كورد، كه‌یسی (ریفرانده‌م و ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر)ی هه‌یه‌. له‌لایه‌كی تر، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ هاوكات سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵای ریفرانده‌م بوو، به‌ كرده‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ی به‌رپرسیارێتی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی سه‌رخستنی ریفرانده‌می ده‌كه‌وته‌ ئه‌ستۆ، به‌رپرسی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش بوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌، شه‌وی ١٥ له‌سه‌ر ١٦ی ١٠ی ٢٠١٧، كه‌ دوا كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵای ریفرانده‌م به‌ڕێوه‌ چوو، به‌ مه‌به‌ستی گه‌لاڵه‌ كردنی هه‌ڵوێستێكی هاوبه‌شی هێزه‌ كوردستانییه‌كان به‌رامبه‌ر په‌یام و هه‌ڕه‌شه‌كانی حكومه‌تی عێراق كه‌ ده‌یانویست بگه‌ڕێنه‌وه‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانی دوای ساڵی ٢٠٠٣، په‌یامی لیژنه‌ی باڵای ریفرانده‌م، جگه‌ له‌ "سڵاوكردن له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌"، هیچ رێنماییه‌كی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان تێدا نه‌بوو. ئه‌ركی سه‌رۆكی هه‌رێم بوو، وه‌كو سه‌رۆكی هێزه‌ چه‌كداره‌كان و وه‌كو سێمبولی سیاسی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، بۆ "به‌رگری" یان "رێككه‌وتن" و یاخود "پاشه‌كشێ" به‌رامبه‌ر سوپای عێراق و میلیشیاكان راسپێرێت؛ كه‌ راینه‌سپارد. گوزه‌رێكی خێراش به‌ روداوه‌كانی ساڵی ٢٠١٨، كاندیدكردنی سه‌رۆكێكی پارتی بۆ كۆماری عێراق و شكستهێنانی و، دواتر هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمارێكی كورد له‌ ده‌ره‌وه‌ی كۆده‌نگیی كوردستانیی؛ ساڵی ٢٠١٩، پشتكردنه‌ رێككه‌وتنی نێوان یه‌كێتی و پارتی تایبه‌ت به:‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆی حكومه‌تی هه‌رێم و ئاسایی كردنه‌وه‌ی كه‌ركوك؛  ساڵی ٢٠٢٠، سه‌ركه‌وتنی كۆنگره‌ی چواری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و داننه‌نانی پارتی به‌ لێكه‌وته‌كانی و، پاشان جیاڕایی پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی "زینی وه‌رتێ"، "به‌شداری هێزه‌كانی زێره‌ڤانی له‌ شه‌ڕی ناوخۆی سوریا و لیبیا"، "ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری ناوخۆی یه‌كتری"، "تاكڕه‌وی كردن له‌ حوكمڕانی"، "هه‌وڵدان بۆ به‌حزبی كردنی دامه‌زراوه‌ باڵاكان له‌وانه‌ش ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و په‌رله‌مانی كوردستان"؛ ساڵی ٢٠٢١، زیادكردنی گوشاری هه‌واڵگری و سیاسی و ئابوری - به‌ پشتیوانیی ئیقلیمی له‌سه‌ر ئیداره‌ی سلێمانی و؛ ساڵی ٢٠٢٢، هه‌وڵدان بۆ بردنی پشكی یه‌كێتی له‌ سه‌رۆكایه‌تیكردنی عێراق، و كاركردن بۆ ئه‌نجامدانی كوده‌تا له‌ناو ریزه‌كانی یه‌كێتی، و له‌به‌رامبه‌ردا ملنه‌دانی یه‌كێتی به‌ باڵاده‌ستیی پارتی، كۆمه‌ڵێك رووداوی خێرا و كاریگه‌رن كه‌ سه‌رجه‌می ئه‌نجامه‌كانیان یه‌كسانه‌ به‌ "كاره‌سات" بۆ ئه‌زموونی حوكمڕانیی هه‌رێمی كوردستان. یه‌كێك له‌ باڵاترین نمونه‌كانی ئه‌و كاره‌ساته‌، بریتییه‌ له‌ سه‌رئه‌نجامی په‌رله‌مانی كوردستان: دوای سی ساڵ  له‌ دامه‌زراندنی هه‌رێمی دیفاكتۆی كوردستان و دروستبوونی په‌رله‌مان و به‌ڕێوه‌چوونی یه‌كه‌مین خولی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ هه‌رێم، له‌ ساڵی ٢٠٢٣ دۆخێك خوڵقا، كه‌ په‌رله‌مانه‌كه‌، یان "تاكڕه‌ویكردنی زۆرینه‌" ده‌یكوشت یاخود به‌ حوكمی "تاڵی" دادگای ئیتحادی ده‌كوژرا. له‌ جیاتی ئه‌نجام: ته‌خوین كردنی هاوخوێن، یه‌كێكه‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی مرۆڤ و گه‌لانی ئه‌م ناوچه‌یه‌. گه‌لی كوردستان و ده‌سته‌بژێره‌ سیاسییه‌كه‌ی، هه‌تا بازنه‌ی ته‌خوین نه‌شكێنن، سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كان نادۆزنه‌وه‌، دان به‌ هه‌ڵه‌كاندا نانێن، و ئاماده‌ییشیان نابێت بۆ چاره‌سه‌ركردن. ئه‌زموونی ده‌ ساڵی رابردووی حوكمڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ریده‌خات كه‌ مۆدێلی حوكمڕانییه‌كه‌، ستره‌كچه‌ر، كاره‌كته‌ر و، ئامانجه‌كان، پێویستیان به‌ پیاچوونه‌وه‌ هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر هه‌وڵێك نه‌بێت بۆ یه‌كخستنی ئامانجه‌كانی ده‌سته‌بژێری حوكمڕان له‌گه‌ڵ ئامانجه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، ئه‌وا هه‌ماهه‌نگی و پێشكه‌وتن له‌ "مه‌سه‌له‌ی كورد" دا روونادات. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، وه‌ك ئه‌زموونی ده‌ ساڵی رابردوو، ئه‌گه‌ری پاشه‌كشێ كردنی ئه‌زموون و ده‌سكه‌وته‌ گشتییه‌كان زیاترن. له‌ سیستمی فیدراڵی دا، به‌ ده‌ستوور، حكومه‌تی ئیتحادی مافی به‌ڕێوه‌بردنی ره‌های فایلی داهات و به‌رگری و په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و هه‌موو ئه‌و ورده‌-بوارانه‌ی هه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ندارن به‌ چه‌مكی "سه‌روه‌ری"یه‌وه‌. ئه‌گه‌ر عێراق ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵییه‌، و ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان، هه‌رێمه‌ له‌ناو سیستمێكی فیدراڵی دا، ئه‌وا نه‌ك ته‌نها وه‌رگرتنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی دۆسێی نه‌وت له‌ هه‌رێم، ده‌توانێت ده‌ستووری بێت، به‌ڵكو دروستتره‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌رێم چاوه‌ڕوان بێت كه‌ به‌غدا رۆژ له‌ دوای رۆژ و یه‌ك له‌دوای یه‌ك، هه‌موو ئه‌و فایلانه‌ له‌ هه‌رێم وه‌ربگرێته‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندارن به‌ "سه‌روه‌ری"یه‌وه‌: له‌وانه‌ش مه‌سه‌له‌ی سیستمی هه‌واڵگری و به‌رگری، په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌، و گوتاری ستراتیژی هه‌رێمه‌كه‌. رێگه‌ی نادروستیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گروپی باڵاده‌ست، له‌ جیاتی پرسیار له‌ خۆكردن ده‌رباره‌ی هۆكاره‌كانی پووكانه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، پرسی ته‌خوین كردن له‌ناو رای گشتی دا، به‌رامبه‌ر یه‌كێتی و هه‌ر كه‌س و هێز و لایه‌نێك بجووڵێنن كه‌ ئاماده‌ نه‌بن پشتیوانی له‌ مۆدێلی حوكمڕانیی ئه‌مڕۆژانه‌ی هه‌ولێر بكه‌ن. یه‌كێك له‌ ته‌كتیكه‌كانی "شه‌ڕی مه‌علومات"، بریتییه‌ له‌ "به‌لاڕێدا بردن"ی رای گشتی، و "چه‌واشه‌كردنی"، به‌و جۆره‌ی كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خاوه‌ن ته‌كتیكه‌كه‌ ده‌یخوازێت. به‌ڵام كێشه‌ی ئه‌م ته‌كتیكه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ زۆر به‌كارهێنانی، ده‌بێته‌ هۆی چه‌واشه‌كردنی خاوه‌ن ته‌كتیكه‌كه‌ش! به‌ جۆرێك كه‌ پیاده‌كاری گوتاری "به‌لاڕێدا بردن" تووشی وه‌هم ده‌بێت و راست و ناڕاستی بۆ له‌یه‌كتری جیاناكرێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش ئه‌و دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌یه‌، كه‌ هه‌ندێ بڕیار به‌ده‌ستی پارتی دیموكراتی كوردستانی تێكه‌وتوو‌ن. شه‌وی ١٠ له‌سه‌ر ١١ی ٦ی ٢٠٢٣، كاتێك ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق (بڕگه‌یه‌ك له‌) ماده‌ی ١٤ی یاسای بودجه‌ی عێراقی په‌سه‌ند كرد، سۆشیاڵمیدیای گروپی باڵاده‌ستی پارتی، به‌ شێوه‌یه‌كی رێكخراو دۆخێكیان له‌ "به‌لاڕێدا بردن" له‌ناو رای گشتی دروست كرد، كه‌ واده‌كات وه‌رگر چه‌واشه‌ ببێت ونه‌زانێت كه‌ سیستمه‌ سیاسییه‌كه‌ی عێراق، هێشتا فیدراڵییه‌.  له‌م دۆخه‌دا، رای خه‌ڵك هه‌رچییه‌ك بێت سه‌باره‌ت به‌ فیدراڵی، گرنگتر رای پارتییه‌ كه‌ هێشتا هۆشیاریی ئه‌وه‌ی مابێت كه‌ سیستمه‌ سیاسییه‌كه‌ی ئه‌م ڕۆژانه‌ی عێراق، فیدراڵییه‌ نه‌ك به‌ڵێنه‌كانی سه‌رده‌می صه‌دام حسێن. به‌ وته‌ی شاره‌زایانی بواری ئابوری ویاسای ده‌ستووری، خوێندنه‌وه‌ی خاڵی هه‌شته‌می‌ ماده‌ی ١٤ی یاسای په‌سه‌ندكراوی بودجه‌ی عێراق ده‌ریده‌خات كه‌ نه‌ك كێشه‌ی تیا نییه‌، به‌ڵكو له‌مپه‌رێكیشه‌ له‌به‌رده‌م نادادی، وهیوایه‌كه‌ بۆ بووژاندنه‌وه‌ی كایه‌ی حوكمڕانی وپرۆژه‌كان له‌ ئیداره‌ی سلێمانی وسه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستانی عێراق. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر لۆجێك حوكم بكا، كێشه‌ی پارتی له‌گه‌ڵ ئه‌م بڕگه‌یه‌ی یاساكه‌ نییه‌، به‌ڵكو كێشه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و بڕگانه‌ی‌ تری ماده‌ی ١٣ و ١٤یه‌ ، كه‌ باسیان ناكات. ئه‌وه‌ بڕگه‌كانی ترن، كه‌ هه‌رێمی كوردستانیان له‌ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی دیفاكتۆ‌وه‌، كردۆته‌ هه‌رێمێكی فیدراڵیی كۆنترۆڵكراو. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ حزبی باڵاده‌ست ده‌زانێت سه‌به‌بكاری سه‌ره‌كیی ئه‌م په‌ڕوباڵكردنه‌ی هه‌رێم، خۆیه‌تی، وله‌به‌رئه‌وه‌ش كه‌ نایه‌وێت دان به‌ هه‌ڵه‌كانی ده‌هه‌ی رابردوویدا بنێت، ناچاره‌ په‌نا بۆ ته‌كتیكی ته‌خوین ببات. هه‌ر كه‌س ئازاده‌ له‌وه‌ی ده‌یكات، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ سلێمانی وخه‌ڵكه‌كه‌ی، نه‌كه‌ونه‌ داوی شه‌ڕی ده‌رونییه‌وه‌، كه‌‌ به‌ ئامانجی لادانی ته‌ركیز له‌سه‌ر راستییه‌كان و هه‌میشه‌ش به‌ زیانی خه‌ڵك وئامانجه‌ باڵا نیشتمانییه‌كان، ته‌واو ده‌بێت.  


شیكاری:درەو بە تێكڕا لە پێنج مانگی یەكەمی (2021) نرخی بەرمیلێك نەوت بە (61.2) دۆلار فرۆشراوە، بەڵام لە (2022)  تێکڕا بەرمیلێک نەوت بە (100.7) دۆلار فرۆشراوە، واتە لە هەر بەرمیلێک نەوت بڕی (39.5) دۆلار زیادی کردووە، بەڵام لە ساڵی (2023) دا بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت بە (75.2) دۆلار فرۆشراوەو هەر بەرمیلێک (25.5) دۆلار و بە ڕێژەی (25.3%) نرخەکەی لە دەست داوە بەراورد بە ساڵی (2022). # کۆی داهاتی نەوتی عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2021) دا (27 ملیار) دۆلار بووە، بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی (2022)دا کۆی داهات هەڵکشاوە بۆ زیاتر لە (50 ملیار) دۆلار، واتە بڕی (23 ملیار) دۆلار داهاتی نەوتی عێراق زیادی کردووە. بەڵام لە هەمان ماوەی ئەمساڵ داهاتی گشتی زۆرتر لە (37 ملیار) دۆلار بووە، واتە بەراورد بە ساڵێک پێشتر بڕی (12.84 ملیار) دۆلار کەمی کردووە. # لە ماوەی پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2021)، کۆی نەوتی هەناردە کراو، زیاتر بووە لە (441 ملیۆن) بەرمیل، لە هەمان ماوەی ساڵی (2022) کۆی نەوتی هەناردەکراو زیاتر لە (496 ملیۆن) بەرمیل نەوت بووە، واتە هەناردە بە ڕێژەی (12%) زیادی کردووە. کۆی هەناردە لە ساڵی (2023) زیاتر لە (495) بەرمیل بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر هەناردەکردن تەنها بە ڕێژەی (0.17%) کەمی کردووە. یەکەم: پرۆسەی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە (5) مانگی یەکەمی ساڵانی (2021– 2023) پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق وەک لە (خشتەی یەکەم)دا رونکراوەتەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق لە ماوەی پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2021)، کۆی ئەو نەوتەی هەناردەی بازارەکانی جیهانی کردووە، بریتی بووە لە (441 ملیۆن و 391 هەزار و 970) بەرمیل، ئەمە لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی (2022) کۆی نەوتی هەناردەکراو (496 ملیۆن و 349 هەزار و 545) بەرمیل نەوت بووه‌، واتە بڕی هەناردە کردنی نەوت لە پێنچ مانگی یەکەمی (2022) بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی (2021) بڕی (54 ملیۆن و 957 هەزار و 575) بەرمیل نەوت بە ڕێژەی (12.45%) زیادی کردووە. بەڵام کۆی هەناردەی نەوتی عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2023) بریتی بووە لە (495 ملیۆن و 512 هەزار و 66) بەرمیل نەوت، واتە بەراورد بە ساڵێک پێشتر هەناردەکردن تەنها بە بڕی (837 هەزار و 479) بەرمیل نەوت بە ڕێژەی (0.17%) کەمی کردووە. بە مانایەکی دیکە تێکڕای هەناردەی رۆژانەی نەوتی عێراق بۆ پێنج مانگی سەرەتای ساڵی (2021) بریتی بووە لە (2 ملیۆن و 923 هەزار و 989) بەرمیل و لە ساڵی (2022) بریتی بووە لە (3 ملیۆن و 288 هەزار و 200) بەرمیل و لە ساڵی (2023) بە تێکڕای رۆژانە بریتی بووە لە (3 ملیۆن و 281 هەزار و 835) بەرمیل نەوتی هەناردەکراو. هەر بە پێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە ماوەی پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2021) بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت بە (61.213) دۆلار فرۆشراوە، بەڵام لە هەمان ماوەدا بۆ ساڵێک پاشتر بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت بە (100.703) دۆلار فرۆشراوە، واتە لە هەر بەرمیلێک نەوت لە ساڵی (2022) بەراورد بە ساڵی (2021) بڕی (39.49) دۆلار و بەڕێژەی (64.51%) زیادی کردووە، بەڵام لە ساڵی (2023) دا بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت بە (75.199) دۆلار فرۆشراوە، بەم پێیەش هەر بەرمیلێک نەوت (25.5) دۆلار بە ڕێژەی (25.33%) نرخەکەی لە دەست داوە بەراورد بە ساڵی (2022)، کە ئەمەش کاریگەری گەورەی لەسەر داهاتی گشتی نەوتی عێراق هەبووە، چونکە؛ کۆی داهاتی نەوتی عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2021) بریتی بووە لە (27 ملیار و 31 ملیۆن و 998 هەزار) دۆلار، بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی (2022)دا کۆی داهاتی نەوتی فرۆشراو هەڵکشاوە بۆ (50 ملیار و 79 ملیۆن و 107 هەزار) دۆلار، واتە بڕی (23 ملیار و 47 ملیۆن و 109 هەزار) دۆلار بە ڕێژەی (85.26%) داهاتی گشتی نەوتی عێراق لە ساڵی (2022) زیادی کردووە بەراورد بە پێنج مانگی یەکەمی (2021). بەڵام کۆی داهاتی نەوتی عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵ بریتی بووە لە (37 ملیار و 238 ملیۆن و 165 هەزار) دۆلار، بەم پێیەش کۆی بەهای نەوتی عێراق لە ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵێک پێشتر بڕی (12 ملیار و 840 ملیۆن و 942 هەزار) دۆلار و بە ڕێژەی (25.64%) کەمی کردووە.   دووەم: کۆی هەناردەی نەوتی عێراق لە (5) مانگی یەکەمی ساڵانی (2021 - 2023) پاڵپشت بە داتا فەرمییەکان، کۆی ئەو نەوتەی وەزارەتی نەوتی عێراق له‌ پێنج مانگی یه‌که‌می (2021)دا هەناردەی کردووە، بریتی بووە لە (441 ملیۆن و 391 هەزار و 970) بەرمیل، لە هەمان ماوەی ساڵی (2022)دا کۆی نەوتی هەناردەکراو بریتی بووە لە (496 ملیۆن و 349 هەزار و 545) بەرمیل نەوت. بەڵام کۆی هەناردەی نەوتی عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2023) بریتی بووە لە (495 ملیۆن و 512 هەزار و 66) بەرمیل نەوت. تایبەت بە وردەکاری زیاتر بۆ هەر مانگێک بڕوانە (خشتەی دووەم). سێیەم: تێکڕای هەناردەی رۆژانەی نەوتی عێراق لە (5) مانگی یەکەمی ساڵانی (2021 - 2023) وەک لە (خشتەی سێیەم)دا بە وردی بەدیارخراوە، تێکڕای هەناردەی رۆژانەی نەوتی عێراق بۆ پێنج مانگی سەرەتای ساڵی (2021) بریتی بووە لە (2 ملیۆن و 923 هەزار و 989) بەرمیل و لە ساڵی (2022) زیادی کردووە بۆ تێکڕای (3 ملیۆن و 288 هەزار و 200) بەرمیلی رۆژانەو و لە ساڵی (2023) بە تێکڕای هەناردەی رۆژانە بە نزیکەیی وەکو خۆی ماوەتەوەو بریتی بووە لە (3 ملیۆن و 281 هەزار و 835) بەرمیل نەوتی هەناردەکراو. چوارەم: تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە (5) مانگی یەکەمی ساڵانی (2021 – 2023) بە پێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە ماوەی پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2021) بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی عێراق بە (61.213) دۆلار فرۆشراوە، بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی (2022)دا بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت بە (100.703) دۆلار فرۆشراوە، واتە لە هەر بەرمیلێک نەوت لە ساڵی (2022) بەراورد بە ساڵی (2021) بڕی (39.49) دۆلار زیادی کردووە، بەڵام لە ساڵی (2023) دا بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت بە (75.199) دۆلار فرۆشراوە، بەم پێیەش هەر بەرمیلێک نەوت (25.5) دۆلارنرخەکەی لە دەست داوە بەراورد بە ساڵی (2022)، بۆ وردەکاری زیاتر پێنج مانگی سەرەتای ساڵانی (2021 - 2023) بڕوانە (خشتەی چوارەم). پێنجەم: کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە (5) مانگی یەکەمی ساڵانی (2021 – 2023) وەک لە (خشتەی پێنجەم)دا هاتووە، پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، کۆی داهاتی نەوتی فرۆشراو لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2021) بریتی بووە لە (27 ملیار و 31 ملیۆن و 998 هەزار) دۆلار، بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی (2022)دا کۆی داهاتی نەوتی فرۆشراو هەڵکشاوە بۆ (50 ملیار و 79 ملیۆن و 107 هەزار) دۆلار، بەڵام کۆی داهاتی نەوتی عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵ بریتی بووە لە (37 ملیار و 238 ملیۆن و 165 هەزار) دۆلار.    


درەو: ئێستا جوتیارانی هەرێم تەنیا رێژەی (30%)ی بەرهەمەكانیان لێوەردەگیرێت، بڕی (850) هەزار دینار بۆ هەرتۆنێك و دەبێت لە بازاڕی رەشدا (56%)ی بەرهەمەكانیان بە نرخی (350) هەزار دینار كەمتر بۆ هەر تۆنێك ساغ بكەنەوە، حكومەتی عێراق تەنیا(500) هەزار تۆن لە جوتیارانی هەرێم وەردەگرێت لەكاتێكدا بەرهەمی جوتیارانی هەرێم  (ملیۆنێك و 200 هەزار) تۆنە، بۆیە جوتیاران پەنا دەبەنە بەر كڕینی كارتی (رەسید)ی جوتیارانی تر بۆ ئەوەی  گەنمەكەیان بەنرخی حكومی لێوەربگیرێت، یاخود بەنرخی كەمتر بیفرۆشن و بە قاچاغ بینێرن بۆ سایلۆكانی باشورو ناوەڕاستی عێراق، لەسەردانی بۆلای جوتیارانی دەشتی زرارەتی هەولێر مەسرور بارزانی بە جوتیارانی وت" نابێت جوتیاران خەمی ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان هەبێت"   جوتیاران نیگەرانن وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 25ی ئایاری ئەمساڵدا سایلۆكانی هەرێمی بەرووی جوتیاراندا كردەوە تا بەرهەمی گەنمی ئەمساڵیان رادەست بكەن، پاش وەرگرتنی نمونە لە گەنمەكە و دەرچوونی لە پشكنین بڕی (850) هەزار دینار بۆ هەر تۆنێك گەنم بە جوتیاران دەدرێت، بۆ ئەم مەبەستە بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی حكومەتی هەرێم رایگەیاند: بڕی (40) ملیار دینار خراوەتە سەر هەژمارەكانی بانكی وەزارەتی بازرگانی تا دوای رادەستكردنی گەنم چەكی پارەكەیان پێبدرێت.  لەسەرەتادا بڕیاردرا بۆ هەرێمی كوردستان بڕی (375) هەزار تۆن گەنم لە سنووری پارێزگاكانی هەرێم وەربگیرن، واتە بۆ هەر دۆنمێك بڕی (150) كیلۆ بۆ (200) كیلۆ گەنم لە جوتیاران وەربگیرێت بەم شێوەیە: •    لە پارێزگای هەولێر (120) هەزار تۆن •    لە پارێزگای دهۆك (113) هەزار تۆن. •    لە پارێزگای سلێمانی (142) هەزار تۆن. دیاریكردنی ئەو بڕە بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە لایەن جوتیارانەوە ناڕەزایەتی لێكەوتەوەو ئەو بڕە گەنمەیان بە كەمدەزانی و نیگەرانبوون، نوێنەرایەتی جوتیارانی سنوری راپەرین و گەرمیان بۆ ئەم مەبەستە سەردانی بەغدادیان كردو دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان گەیاندە نوێنەرانی كورد. كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێم لە 30 ئایاردا رایگەیاند، "پێشتر ئەو بڕەی بۆ هەرێم دیاریكرابو بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران (375) هەزار تۆن گەنم بووە، دوای ئەوە بەدواداچونمان كرد و داوامان لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد پێداچونەوە بەو بابەتەدا بكەن". د. بڕیار ڕەشید ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە (درەو)ی رایگەیاند"دوای هەوڵێكی زۆر حكومەتی عێراق بڕی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی لە (375) هەزار تۆنەوە بۆ (500) هەزار تۆن زیاد كرد، لە هەوڵی ئەوەداین ئەو رێژەیە لابەرین و تەواوی گەنمی جوتیاران وەربگیرێت". زیادبوونی وەرگرتنی بڕی گەنم لە (375) هەزر تۆنەوە بۆ (500) هەزار تۆن كێشەی جوتیارانی چارەسەر نەكردووە و جوتیاران گەنمێكی زۆرتریان بەرهەمهێناوە كە بە (ملیۆنێك و 200 هەزار تۆن) مەزەندە دەكرێت و ناچارن لە بازاڕی رەشدا بە نرخێكی هەرزان بیفرۆشنەوە.   رەنجی بە باچوو؟ لەكاتی وەرزی چاندنی گەنمدا بۆ هەر دۆنمێك زەوی نزیكەی (40 بۆ 50) كیلۆ گەنم دەچێندرێت، ئەمساڵ بەهۆی زۆری بارانبارینەوە بەرهەمی گەنم باشبووەو هەر دۆنمێك زەوی نزیكەی (600) كیلۆ بۆ (800) كیلۆ بەرهەمی هەبووە، واتە (40) كیلۆ گەنم لە دۆنمێكدا نزیكەی (600 - 800 ) كیلۆ گەنمی لێبەرهەم هاتووە واتا (یەكو بیستی بڕیوە).  جوتیارێكی ناوچەی بەرزنجە كە دەشتێكی بەپیتیان هەیە بۆ چاندنی گەنم بە (درەو)ی راگەیاند" بەهۆی شەڕی ئۆكراینەوە بانگەشەی ئەوە دەكرا كە هەموو ئەو گەنمەی بەرهەمی دەهێنین لێمان وەردەگیرێت، بۆیە زۆرینەی زەوییەكانمان كردووە بە گەنم، بۆ هەر دۆنمێك كە (40) كیلۆ گەنممان چاندبێت (40) كیلۆ كوتی سپی و (40) كیلۆ كوتی بۆرمان پێوەكردووە، ئێستا بڕیارە بۆ هەر دۆنمێك (178) كیلۆ گەنممان لێوەربگیرێت لەكاتێكدا دۆنمێك زیاتر لە (600) كیلۆ گەنمی لێبەرهەمهاتووە، بۆیە ئەو بەشەی تری دەمێنێتەوە دەبێت لە بازاڕی رەش ساغی بكەینەوەو زیانێكی زۆر دەكەین، چونكە لە سایلۆكان تەنی بە (850) هەزار دینار لێمان وەردەگرن و لە بازاڕی رەشدا بە (500) هەزار دینار، واتا (350) هەزار دیناری فەرقە. جوتیاران "رەسید" دەكڕنەوە بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) جوتیارێك تەنها بڕی (178) كیلۆ گەنمی لە دۆنمێكدا لێوەردەگیرێت لە كۆی (600) كیلۆ،  واتە زیاتر لە (422) كیلۆ گەنم لە هەر دۆنمێكدا بۆ جوتیارەكە دەمێنێتەوە و دەبێت خۆی ساغی بكاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش دوو رێگا هەیە كە جوتیاران پەنای بۆ دەبەن و گەنمەكەیان ساغ دەكەنەوە: رێگەی یەكەم: ئێستا نرخی ئەو گەنمەی كە لە یاسلۆكان حكومەت تۆنی بە (850) هەزار دینار وەری دەگیرێت، لە بازاڕی رەشدا نرخی ئەو تۆنە تەنیا بە (500) هەزار دینارە واتا بە (350) هەزار دینار كەمتر لە نرخی فەرمی دەفرۆشرێتەوە واتا تۆنی (56%)ی  بەهای گەنمی سایلۆكە دەكات و (44%)ی بەهاكەی كەمترەو زیان دەكات. ئەمەش بە پێی ئەو بەدواداچونانەی (درەو) كە لەگەڵ چەند جوتیارێك كردوویەتی،  لە بری قازانج جوتیاران زیان دەكەن، بەو پێیەی بۆ هەر تۆنێك گەنم دەبێت دوو جۆر (كوت) بۆ بەرهەمەكانیان بەكاربهێنن، كە لەناو جوتیاراندا بە كوتی (سپی) و كوتی (بۆر) ناسراوە: •     كوتە (سپی) یەكە تۆنی بە (ملیۆنێك) دینارەو ئەمەیان یارمەتی باڵای قەدی گەنمەكە دەدات بۆ ئەوەی بەرزتر بێتەوە. •     كوتی (بۆر) هەر تۆنێكی بە (ملیۆنێك و 400 هەزار) دینارە و هاوكاری دانی گەنمەكە دەدات تا باشتر بێت. بۆیە جوتیاران ئەگەر گەنمەكانیان لە سایلۆكان و بە نرخی حكومەت لێیان وەرنەگیرێت و ئەو كێشەیە چارەسەر نەبێت ناچارن، بە (44%)ی كەمتری بەهاكەی لە بازاڕی رەشدا ساغی بكەنەوە، یان دەبێت پەنا بۆ رێگەیەكی دیكە ببەن. رێگەی دووەم: هەموو جوتیارێك كارتێكی بۆ كراوە تا گەنمەكەیان رادەستی سایلۆكان بكەن، لەم كارتەدا كە لەناو جوتیاراندا بە كارتی (رەسید) ناسراوە رووبەری زەوییەكەیان بۆ دیاری كراوە، بە پێی ئەو رووبەرە بۆ هەر دۆنمێك بڕی (178) كیلۆ لە جوتیاران بە نرخی (850) هەزار دینار وەردەگیرێت، هەندێك جوتیار هەیە لە ئەمساڵدا زەوییەكەی نەكردووە بە گەنم، ئەوان كارتەكانیان (رەسید) بەو جوتیارانە دەفرۆشنەوە كە گەنمییان چاندووە زیاتر و نرخی هەر كارتێكی (رەسید) بە بڕی (100) هەزار دینار بۆ هەر تۆنێك دەكڕنەوە، ئەمە سەرەڕای كرێی گواستنەوە و جیاوازی نرخ لە سایلۆكاندا بە پێی پشكنینی گەنم و جۆری نمرەی گەنمەكە. واتا جوتیارێك لە بری ئەوەی گەنمە زیادەكەی لە بازاڕی رەشدا بفرۆشێت تەنی بە (500) هەزار دینار، ئەوكات (رەسید)ێك بە (100) هەزار دینار دەكڕێت و تەنی بە (850) هەزار دینار بە سایلۆكان دەفرۆشێت، لەو حاڵەتەدا لە هەر تەنێك (100) هەزار دینار زیان دەكات. سەبارەت بە كێشەی ساغ نەبوونەوەی بەرهەمی جوتیاران، مام فارس، سەرۆكی رێكخراوی جوتیارانی سەردەم بە (درەو)ی راگەیاند، ئەمساڵ بەرهەمی گەنم زۆر باشە، پێشبینی دەكرێت بەرهەمی گەنم بگاتە (  ملیۆنێك و 200 هەزار) تۆن گەنم، بەڵام حكومەتی عێراق بڕیاری داوە تەنها بڕی (500) هەزار تۆن وەربگرێت،  واتە بڕی (700) هەزار تۆن گەنم دەمێنێتەوە واتا (لە رێژەی گەنمی بەرهەمهاتووی جوتیارانی هەرێم، حكومەتی عێراق تەنیا 42%ی گەنمی جوتیارانی هەرێم وەردەگرێت و 58%ی بەرهەمەكەیان وەرناگرێت) و جوتیاران نازانن چۆن گەنمەكەیان ساغبكەنەوە، ناچار دەبن لە بازاڕی رەشدا بیدەنە بازرگانە عەرەبەكان و بە قاچاخ دەنێردرێت بۆ سایلۆكانی ناوەڕاست و باشوور. مام فارس ئەوەش ئاشكرا دەكات: بڕیار بوو دوو كۆمپانیا یەكیان لە سلێمانی و ئەوی تریان لە هەولێر گەنمی زیادەی جوتیاران بە نرخێكی گونجاو بكڕنەوە لە بەرامبەردا لە باج و رسوماتی گومرگی ببەخشرێن بەڵام تا ئێستا ئەو دوو كۆمپانیایە هەنگاویان بۆ كڕینی گەنمی جوتیاران نەناوە. مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە 27ی ئایاری ئەمساڵدا سەردانی دەشتی زرارەتی لە پارێزگای هەولێر كرد و لەگەڵ ژمارەیەك لە جووتیارانی دەڤەرەكە كۆبووەوە و پێی راگەیاندن "هەموو هەوڵی دەخاتەگەڕ لە پێناو گرنگیدانی زیاتر بە كەرتی كشتوكاڵ و بەبازاڕكردنی بەرهەمی جووتیارانی كوردستان، بە شێوەیەك كە نابێت خەمی ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان هەبێت"، سەرڕای ئەو بەڵێنەی سەرۆكی حكومەت ئێستا جوتیاران گرفتی ساغكردنەوەی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵیان هەیەو لە بری قازانج توشی زەرەر دەبن. بەرهەمی جوتیاران لە ساڵانی رابردوودا جوتیارانی هەرێمی كوردستان لە ماوەی نێوان ساڵانی (2010 - 2020) بە تێكڕا، بڕی (3 ملیۆن و 12 هەزار و 76) دۆنم زەویان ساڵانە بە گەنم چاندووەو هەر لەو ماوەیەدا لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاكەی هەرێم و بە پارێزگای هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیانیشەوە بەرهەمی تێكڕای جوتیارانی كوردستان ساڵانە بریتی بووە لە (1 ملیۆن و 315 هەزار و 994) تۆن گەنم. بەم پێیەش بڕشتی هەر دۆنمێكی بەگەنم چێندراوە بەرهەمەكەی بریتی بووە لە (415) كیلۆ گرام، بەڵام جیاواز لە ساڵانی پێشوو بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ لە هەر دۆنمێكی بە گەنم چێندراودا نزیكەی (600) كیلۆ گەنم دەبێت. راپۆرتی پەیوەندیدار لەسەر گەنمی جوتیاران


شیكاری: درەو فراكسیۆنە كوردستانیەكان سەركەوتوو نەبوون لە جێگیركردنی بڕگەی تایبەت بە دانەوەی پاشەكەوتی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، كە لە ئێستادا حكومەتی هەرێم زیاتر لە (18) ترلیۆن دینار قەرزاری موچەخۆرانە، تا (2026)چارەنووسی موچە پاشەكەوتكراوەكان بە نادیاری دەمێنێتەوە، حكومەتی هەرێم بە بڕیار وەكو قەرز لەسەر شانی خۆی ئەژماریكردووەو پابەندیەكەشی خستووەتە ئەستۆی بەغداد. دیزە بە دەرخۆنەکردنی گێڕانەوەی پاشەکەوتی موچەی موچەخۆرانی هەرێم ئەگەر وەزیری دارایی لە حوزەیرانی 2022 وەزیری دارایی رایگەیاند  بە بڕیار پاشەكەوتی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان خراوەتە ئەستۆی حكومەتی هەرێم، بەڵام چەند جارێک مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بۆنەو کارتی جیاوازدا، ئەوەی ڕاگەیاندووە کە " پاشەكەوتی موچە، قەرزێكە لەسەر حكومەتی عێراق"، دواین جارێش مەسرور بارزانی لە چوارچێوەی وتارێکیدا لە رێورەسمی کردنەوەی کارگەی زۆم بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە مێرگەسۆر رۆژی (30/5/2023) ڕایەگەیاند؛ "بابەتی پاشەكەوتی موچە زۆر جار من دیتم ڕۆژانە دێتە باسكردن، حەز دەكەم بزانن كە هۆكاری سەرەكیی پاشەكەوتكردنی موچە بەغدا بووە، حكومەتی هەرێم نەبووە، بەغدا بووە كە بودجەی هەرێمی بڕیوە، ناچار بوون هەندێك پارەیان قەرز كردووە، یان چەندین جاریش نەیانتوانیوە موچە بدەن یان نیوەیان داوە، هەرچەندە ئێمە لەم كابینەیە هەموو موچەی خۆمان داوە، ڕاستە ئێمە ڕەنگە مانگێك دوا كەوتبین، بەڵام هەموو موچەی خۆمان داوە، سەرەڕای ئەوەش ئەو پاشەكەوتی موچەیە كە باسی دەكەن، قەرزێكە لەسەر حكومەتی عێراق، كاتێك ئێستا دێتە باس كردن، پێویستە ئەو پاشەكەوتی موچەیە بۆ خەڵك بگەڕێندرێتەوە، ڕاستە هەموو خەڵك و ئێمە هەموو وا دەڵێین و حكومەتیش وا دەڵێت، بەڵام ئەم شتە بە موزایەدە ناكرێ، پێویستە ئەو پارەیە لە حكومەتی عێراق بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان دابین بكرێت تاوەكو ئەو پاشەكەوتی موچەیە جارێكی دیكە بۆ خەڵك خەرج بكرێت، ئەگەر ئەو پارەیە لە هەرێمی كوردستانیش بێت، من پێویستیم نە بە بڕیاری حكومەتی عێراق هەیە و نە ئێمە پێویستیمان بە چ بڕیاری دیكەش هەیە، ئێمە خۆمان زیاتر لە هەر خەڵكێكی دیكە لە خەمی خەڵكی خۆمانین، دڵنیاش بن ئێمە حەز ناكەین هیچ كەسێكی ئێمە، هیچ هاوڵاتییەكی كوردستان لە هەق و مافی خۆیان بێبەش بن، لەبەر ئەوە ئێمە بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی هەر شتێكمان كردبێت كە شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان لە حكومەتی فیدراڵی دەستەبەر بكەین. بەڵام لێرەش دیسان جارێكی دیكە دەڵێمەوە كە دروستكردنی كارگە و زیادكردنی داهاتی ناوخۆیی دەبێتە هۆكاری سەرەكی بۆ ئەوەی ئێمە زیاتر پشت بە خۆمان ببەستین و منەتمان بە خەڵكی دیكە نەبێت." ماوەیەکی زۆریشە لایەنە سیاسییە کوردییەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق ئەوە بە گوێی موچەخۆرانی هەرێمدا دەدەن کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ گێڕانەوەی پاشەکەوتی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی جێگیرکردنی دەقێک لە چوارچێوەی یاسای بودجە. ئەگەرچی کۆمەڵێک هەوڵ هەبووە بۆ جێگێرکردنی دەقێکی یاسایی لە لیژنەی دارایی عێراق بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام تەرخان نەکردنی بوجەی پێویست بۆ گێرانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکان، وایکرد هەر زوو بەشێکی زۆر لە شارەزایان و چاودێران ڕەشبین بن بەرامبەر بەو دەقەی کە لە پرۆژە یاساکەدا ئاماژەی پێدرابوو لە ماددەی (14) بڕگەی (دوانزەیەم)دا هاتبوو؛ "حکومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە گەڕاندنەوەی (10%)ی پاشەکەوتی مووچەی ساڵانی پیشوو و کە لێبڕینی تێدا کراوە و  بەردەوام ئەو گوژمەیە پارەیە دەدات تاوەکو تەواوی شایستە داراییەکان دەداتەوە". بەڵام لە (9/6/2023) لە گەرمەی دانیشتنەکاندا، سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند؛ "لەکۆبونەوەی سەرۆکی پەرلەمان و هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و کوتلە سیاسییەکان بڕگەی گێڕانەوەی پاشەکەوت لە پرۆژە یاسای بوجەی 2023 و 2024 و 2025 لابرا". دواتریش هەر وابوو، داوای دەنگدان لە سەر ماددەکە دەرکەوت کە ئەو بڕگەیە لادراوە. وەک نوسراوەکەدا دیارە.   دەقی بڕگە لادراوەکە لە پرۆژە یاساکەدا بەڵام فراکسیۆنە کوردستانییەکان وایان دەرخست کە ئەو پرسە لە بڕگەیەکی نوێدا جێگا دەکەنەوە، هەر واشیان کرد، بڕگەکەش بەم شێوەیە بووە؛ * بڕگەیەكی نوێ: (ماددە 2/ یەکەم/5/ د) د. "زیادكردن بۆ ئەوەی لە بڕگەی (ب)لەسەرەوە هاتووە، لەوەی پەیوەستە بە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، تەواوی یاخود بەشێك لەرێژەی (30%) بەدەستهاتوو لە جیاوازی زیادەی نرخی بەرمیلێك نەوت بەپێی پشكی هەرێم كە هەناردە دەكرێت یاخود دەنێرێت بۆ بازاڕەكانی ناوخۆ، بدرێت بە شایستەی فەرمانبەران كە لەئەنجامی (پاشەكەوت و لێبڕینی مووچە) لێیان بڕدراوە، بگێڕێتەوە بۆ مووچەكانیان بە رێژەی (12%) تا كاتی گێڕانەوەی تەواوەتی هەموو پارەكانیان، لە ساڵی (2015)بەدواوە". بەڵام هەمان ئەم بڕگەیەش دەنگی پێویستی بەدەست نەهێناو رەتکرایەوە.   ئێستا ئەو ڕاستییەش بەدیارکەوت حکومەتی عێراق بە پەسەندکردنی یاسای بودجە بۆ ساڵانی (2023 و 2024 و 2025) هیچ بەرپرسیارێتییەکی گێرانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانی موچە خۆرانی هەرێم لە ئەستۆ ناگرێت و حکومەتی هەرێمیش هیچ ئامادەییەکی دەرنەبڕیوە بۆ ئەوە مەبەستە، بۆیە چارەنوسی زیاتر (18 ترلیۆن) دیناری موچەخۆران بەنادیاری دەمێنێتەوە قەبارەی پاشەکەت و لێبڕینی موچە وەک شایستەی دارایی موچەخۆرانی هەرێم یەکێک لە کاریگەرترین ئەو بابەتانەی ڕاستەخۆ پەیوەندی بە ژیان گوزەرانی هاوڵاتیانەوە هەیە دابینکردنی پژێوی و موچەی موچە خۆرانە، ئەم پرسە ئەگەر بۆ هەر کیان و دامەزراوەیەک جارێک ڕاست بێت، ئەوا بۆ هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیەکانی دووجار ڕاستە، چونکە جگە لەوەی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی لاوازدایەو هاوڵاتیان و خێزانەکان ناتوانن وەک پێویست پشتی پێببەستن، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە (1 ملیۆن و 250 هەزار) موچەخۆرە، ئەگەر دانیشتوانی هەرێمی کوردستان (6 ملیۆن) کەس بێت، ئەوا (20%) دانیشتوانی هەرێمی کوردستان موچە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرن. بە دیوێکی دیکەدا بەپێی داتاکانی دەستەی ئامار ژمارەی خێزان لە هەرێمی کوردستان (1 ملیۆن و 201 هەزار) خێزانە واتە بە نزیکەیی هەموو خێزانێک موچەیەکی بەردەکەوێت. ئەم ڕاستییەی سەرەوە گرنگی و بایەخی موچە دەردەخات بۆ هاوڵاتیان و بازاڕ لە هەرێمی کوردستان. بەڵام هێشتا بابەتی هاتن و دابەشکردن و دابەشنەکردنی موچە هاوشێوەی ئەزمونی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەواڵی گەرم و بە پەلەی ئامرازو کەناڵەکانی ڕاگەیاندنە. لە بانگەشەی هەڵبژانی (30/9/2018) لایەنە سیاسییەکان بانگەشەی گێڕانەوەی موچە پاشەکەوت کراوەکان و کردنەوەی ژمارەی حیسابی بۆ موچە خۆران دەکرا، لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم موچەخۆران لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانیان بوون، بەڵام ئەم کابینەیە بیدعەیەکی نوێی داهێناو ناوی نا، لێبڕین، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی (2020)دا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرا لە خەرج نەکردنی موچەی موچە خۆران بڕوانە (خشتەی ژمارە (1)). خشتەی ژمارە (1) سەبارەت بە قەبارەی شایستە داراییەکانی موچەخۆران، لە دوو کابینەی یەک لە دوای یەکی حکومەتی هەرێم بریتین لە؛ 1.    پاشەکەوتی مووچە؛ ئەم قۆناغە لە سەردەمی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بەڕێوەچوو، لەماوەی نێوان ساڵانی (2015 - 2018) مووچەخۆران (5) موچەی تەواویان پێنەدراوە (23) مانگیش چارەکە مووچەو (11) مانگیش بەشێک لەم موچەکانیان پاشەکەوت کرا. سەبارەت بە کۆی پارەی پاشەکەوتەی موچەخۆران سەرۆكی حكومەتی هەرێم (مەسرور بارزانی) لە دانیشتنی رۆژی 5/10/2020 لە پەرلەمان رایگەیاند، قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێم زیادیان کردووە و بونەتە نزیکەی (28 ملیار و نیو) دۆلار لە ماوەی چەند مانگی رابردوو ملیارو نێوێک زیاد بووە. لە بەشێکی قسەکانی تایبەت بە قەرزی موچە پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەران ئەوەیان ڕاگەیاند، کە بەهاکەی بریتیە لە (8 ملیار و 966 ملیۆن و 156 هەزار و 514) دۆلار، کە بەرامبەر بوو بە (10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن) دینار. ئەم زانیارییانەش پێش خەرنەجکردنی موچەی مانگەکانی (4، 5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020)ی لێبڕینەکانی  ساڵانی (2021 - 2022)ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بوو لە سەردەمی کابینەی نۆیەم. 2.    لێبڕینی موچە؛ ئەم قۆناغە لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی داهێنرا، لەم قۆناغەدا لەماوەی ساڵی (2020 - 2021) موچەخۆران (7) موچەی تەواویان بڕاو و (10) موچەشیان بە لێبڕینی (18%) و (21%) بۆ خەرجکرا. هاوکات ڕۆژی 28/6/2021 ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند؛ "كۆی قەرزەكانی هەرێمی كوردستان لەمانگی 3ی 2020 (28 ملیار و 476 ملیۆن و 675 هەزار) دۆلار بووە، بەڵام لە مانگی (3ی 2021) گەیشتووە بە: (31 ملیار و 637 ملیۆن) دۆلار". دواتریش لە ڕونکردنەوەیەکدا ئەوەیان ڕاگەیاند؛ کە زیاکردنی ئەو (3 ملیار) دۆلارە پەیوەندیدارە بە شایستە داراییەکانی فەرمانبەران بۆ مانگەکانی (5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020)ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان". کەواتە کۆی ئەو شایستە داراییەی موچە خۆران لە کابینەی نۆیەمدا لێیان بڕاوە بریتیە لە؛ •    (7) مانگ موچەی بڕاو X (900 ملیار) دینار = (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار •    (10) مانگ بە لێبڕینی (21%)  X (189 ملیار) دینار = (1 ترلیۆن 890 ملیار) دینار •    کەواتە کۆی ئەو موچانەی لەکابینەی نۆیەمدا لەموچە خۆران بڕاوە دەکاتە؛ (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار + (1 ترلیۆن 890 ملیار) دینار = (8 ترلیۆن 190 ملیار) دینار کەواتە کۆی ئەو شایستە داراییانەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی لێبڕین و پاشەکەوتی موچەوە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم ماوەتەوە بریتیە لە؛ (10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن) دینار پاشەکەوت (لە کابیەی هەشتەم) + (8 ترلیۆن 190 ملیار) دینار (لە کابیەی نۆیەم) = (18 ترلیۆن و 787 ملیار و 997 ملیۆن) دینار. بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)). خشتەی ژمارە (2) بە بەسەندكردنی پرۆژە یسای بودجەی عێراق بۆ ماوەی سێ ساڵی (2023،2024،2025) واتا بۆ سێ ساڵی دیكەی داهاتوو چارەنووسی پاشەكەوتی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بە نادیاری دەمێنێتەوە، بە پێی ئەو شایستە داراییانەی كە بۆ هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەدا جێگیركراوە، هیچ بڕە پارەیەك بۆ پاشەكەوتی موچە دیاری نەكراوەو حكومەتی هرەێمیش نەك نیەتی دانەوەی پاشەكەوتی نیە، بەڵكو پاشەكەوتەكەی خستووەتە ئەستۆی بەغداد، واتا موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەبێت چاوەڕێ بكەن ئایا پەرلەمانتارانی كورد دەتوانن لە پرۆژە یاسای 2026دا بڕگەی دانەوەی پاشەكەوتی موچەخۆران جێگیر بكەن، یاخود وەك ئێستا رەتدەكرێتەوە.     سەرچاوە: بڵاوكراوەی (بارگرانی و لێكەوتەكانی ئابوری سەربەخۆ) یەكێك لە كتێبە چاپكراوەكانی دامەزراوەی میدیایی درەو، چاپی یەكەم 2023، لاپەڕە (49-57)    


درەو: بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ لەسەر بڕگەكانی دیكەی پرۆژە یاسای بودجە بدات كە شەوی رابردوو (8) مادەی تێپەڕێندرا. ئەمڕۆ دەنگ لەسەر مادەكانی (13 - 14) دەدرێت كە تایبەتە بە دۆسیەی نەوتی هەرێم و پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراقدا. ئەو دوو مادەیە بە دوو شێوە هاتووە لە رەشنوسی پرۆژە یاسای بودجەدا یەكەم: دەقەكەی حكومەتی عێراق (كە لەسەر رێككەوتنی حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەند) سەرچاوەی گرتووە. دووەم: پێشنیازی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق. لێرەدا بەووردی بڕگە بە بڕگەی هەردوو دەقەكە دەخەینە روو: ماددەی 13: 🔹    دەقەكەی حكومەتی عێراق: شایستە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵانی 2004 بۆ 2022 پاكتاودەكرێت 🔸  راپۆرتی لیژنەی دارایی: پاكتاوی حساباتی ساڵەكانی 2004 بۆ 2022 لە نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمدا ئەنجام بدرێت. 🔹    دەقەكەی حكومەتی عێراق: حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە هەناردەكردنی نەوتی خاو لە كێڵگەكانی بەرێژەیەك كە كەمتر نەبێت لە (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە 🔸  راپۆرتی لیژنەی دارایی: حكومەتی هەرێم پابەند بێت بە هەناردەكردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە رێگەی سۆمۆ یاخود بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی 🔹     دەقەكەی حكومەتی عێراق: حكومەتی هەرێم پابەندە بە رادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكان بە خەزێنەی دەوڵەت 🔸 راپۆرتی لیژنەی دارایی: حكومەتی هەرێم پابەند بێت بە ناردنی داهاتە نانەوتییەكان بۆ خەزێنەی حكومەتی فیدراڵی 🔹     دەقەكەی حكومەتی عێراق: وەزارەتی دارایی فیدراڵ پابەندە پێدانی شایستەكانی هەرێم بەشێوەی مانگانە 🔸  راپۆرتی لیژنەی دارایی: حكومەتی ناوەند پابەند بێت بە ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم. 🔹     دەقەكەی حكومەتی عێراق: ئەو پارانەی بانكی بازرگانی عێراق (TBI) كە لەئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە لە بانكە حكومی‌و تایبەتەكاندا، پاكتاو دەكرێت. 🔸 راپۆرتی لیژنەی دارایی: حكومەتی هەرێم پابەند دەكرێ كە قەرزەكانی بانكی بازرگانی عێراقی(TBI) بداتەوە بە قیستی مانگانە ماددەی 14: 🔹    دەقەكەی حكومەتی عێراق: تەواوی داهاتی نەوتی بەرهەمهێنراو لە كێڵگەكانی هەرێم لە حساب بانكییەكدا دادەنرێت 🔸   راپۆرتی لیژنەی دارایی: داهاتی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە هەژمارێكی بانكیدا لە بانكی ناوەندی عیراق دادەنرێت   🔹    دەقەكەی حكومەتی عێراق: سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان یان هەر كەسێك كە ئەو سەرپشكی دەكات، دەسەڵاتی خەرجكردنی هەیە. 🔸    راپۆرتی لیژنەی دارایی: سەرۆك وەزیران و وەزارەتی درایی لە ژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی، دەسەڵاتی خەرجكردن دەداتە سەرۆكی حكومەتی هەرێم. 🔹     دەقەكەی حكومەتی عێراق:  دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بەهەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێم‌و بە هەماهەنگیی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی‌و وەزارەتی سامانی سروشتییەكانی هەرێم وردبینی دەكات لەو حسابەی كە لە بڕگەی (یەكەم)دا هاتووە 🔸   راپۆرتی لیژنەی دارایی: دیوانی چاودێری دارایی عیراق بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەكان، وردبینی لەو هەژمارەدا دەكرێت كە لە بڕگەی یەكەمدا هاتووە. 🔹    دەقەكەی حكومەتی عێراق:  ئەو حسابە بانكییەی كە لە بڕگەی (یەكەم)دا هاتووە بەهەموو هاتوو و رۆیشتووەكانیەوە لەلایەن ئەو كۆمپانیای نێودەوڵەتییەی كە لە بڕگەی (دووەم)دا هاتووە، چاودێری دەكرێت‌و راپۆرتی خولی  لەوبارەیەوە پێشكەشی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی‌و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم دەكات. 🔸    راپۆرتی لیژنەی دارایی: لە لایەن كۆمپانیایەكی وردبینی نێودەوڵەتییەوە وردبینی لەو هەژمارەدا دەكرێت كە لە بڕگەی یەكەمدا هاتووە، ئەو كۆمپانیایە راپۆرتی خۆی پیشكەش بە دیوانی چاودێری دارایی عیراق و هەرێم دەكات. 🔹     دەقەكەی حكومەتی عێراق:  تۆماری دارایی ساڵانەو نیوە ساڵانە بە ئیمزای وەزیری دارایی‌و ئابوری هەرێم‌و چاودێری سەربەخۆی حسابەكان (كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكە) پێشكەش دەكرێت‌و كۆپییەكی پەسەندكراوی لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دادەنرێت. 🔸     راپۆرتی لیژنەی دارایی: وردبینی لە داتا داراییەكانی ساڵانە، 6 مانگی، مانگانە بە ئیمزای وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم و چاودێرێكی ژمێریاری سەربەخۆی نێودەوڵەتی دەكرێت و وێنەیەك بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەنێردرێت. 🔹    دەقەكەی حكومەتی عێراق:  لیژنەیەكی هاوبەش لە هەردوولا پێداچوونەوە بۆ ماوەكانی پێشوو لە كەرتی نەوت و غاز و پەیوەندییەكانی وەزارەتی نەوتی ناوەند و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەكات، پاشان بە روانگەیەكی هاوبەش و پەسەندكراو بەپێی دەستوور لە لایەن هەردولاوە پاكتاوی ماوەكانی پێشوو دەكرێت. 🔸    راپۆرتی لیژنەی دارایی: پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش لەهەردوولا، ئەركی ئەنجامدانی پێداچوونەوەی گشتگیر بۆ ماوەی پێشوو بۆ هەمووی ئەوانەی پەیوەندیدارن بە كەرتی نەوت‌و غاز لە هەرێم‌و پەیوەندی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ‌و هەرێم‌و دەرچوون بە روانگەیەكەوە كە گونجاو بێت لەگەڵ دەستور‌و لەلایەن هەردوولاوە قبوڵكراو بێت‌و قابیلی جێبەجێكردن بێت بۆ ئەنجامدانی پاكتاوی قۆناغی پێشوو. 🔹     دەقەكەی حكومەتی عێراق:  حوكمی بڕگەكانی (یەكەم، دووەم، سێیەم، چوارەم، پێنجەم)ی ئەم ماددەیەدا، لە رۆژی جێبەجیێكردنی ئەم یاسایەوە تاوەكو جێبەجێكردنی یاسای نەوت‌و غاز، جێبەجێ دەكرێت. 🔸    راپۆرتی لیژنەی دارایی: هەموو ئەم بڕگانە جێبەجێدەكرێت لە بەرواری دەرچوونییەوە تا دەرچواندنی یاسای نەوت و غاز. 🔹    دەقەكەی حكومەتی عێراق:  لەكاتی بوونی هەر ناكۆكییەك لە تێڕوانینی حكومەتی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێم لەوانەی كە پەیوەندیدارن بە ماف‌و پابەندی‌و میكانیزمەكانی هاتوو لە حوكمەكانی ئەم یاسایەدا، لیژنەیەكی هاوبەش لەنێوان هەردوولا دروستدەكرێت بۆ تەماشاكردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، لەماوەی 30 رۆژدا لەدوای پێكهێنانی، لیژنەكە پێشنیازەكانی خۆی بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بەرزدەكاتەوە بۆ ئەوەی بڕیاری گونجاوی لەبارەوە بدات.   🔸    راپۆرتی لیژنەی دارایی: لە هەبوونی هەر ناكۆكییەك لە نێوان حكومەتی ناوەندو حكومەتی هەرێم لەسەر ماف و  پابەندییەكان، یان پابەند نەبوون، لەماوەی (15) رۆژدا، شایستە داراییەكانی هەرێم دەبڕدرێت و بە بڕیاری دادگای فیدراڵی كاردەكرێت. لە راپۆرتی لیژنەی داراییدا (5) بڕگەی تر زیادكراوە بۆ پرۆژە یاسای بودجە كە بریتین لە: 🔸    كوردستان پابەندە كە دوای وردبینی دیوانی چاودێری حكومەتی ناوەند زانیارییەكان لەسەر فەرمانبەرانی (شارستانی، سەربازی) بدات بە وەزارەتی دارایی عێراق. 🔸    حكومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە پێدانی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان  بە پێی ئەو پێوەرانەی لەو بودجەیەدا هاتووە بە دادپەروەری شایستە داراییەكان لەنێوان پارێزگاكان دابەش دەكات بە بێ جیاوازی، بە پێچەوانەوە  حكومەتی فیدڕاڵی پشكی پارێزگای ناڕازی لە بودجە دەبڕێت و ڕاستەوخۆ دەیداتە پارێزگا ناڕازییەكە. 🔸    حكومەتی عێراق پابەند دەكرێ بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی هەرێم بە ڕێگری كردن لە دەرهێنانی نەوتی كێڵگەكانی  كەركوك و موسڵ كە ئێستا لە ژێر كۆنتڕۆڵی  حكومەتی هەرێمن بۆ كاتی ئێستا. 🔸   حكومەتی عێراق پابەند دەبێ  بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی هەرێم  دەروازە سنووریەكان بەڕێوە بەرێت و سەرپەرشتی بكات. 🔸    حكومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە گەڕاندنەوەی (10%)ی پاشەكەوتی مووچەی ساڵانی پیشوو و كە لێبڕینی تێدا كراوە و  بەردەوام ئەو گوژمەیە پارەیە دەدات تاوەكو تەواوی شایستە داراییەكان دەداتەوە. لە ئێستادا ئەم دوو دەقە لەبەردەستی پەرلەمانتارانی عێراقدایە بۆ دەنگدان لەسەری، ئەگەر پێشنیازەكانی لیژنەی دارایی رەتبكرێتەوە ئەوا پاشەكەوتی موچەو ناردنی پارە بۆ پارێزگای ناڕازی و چەندین بڕگەی تر رەتدەكرێتەوە.   دەقی راپۆرتی حكومەتی عێراق         - راپۆرتی پێشنیازكراوی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق                      


راپۆرت: درەو پارتی‌و یەكێتیی بەفەرمی پابەندبوونیان بە بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە نیشاندا، بەمەش هەم پەرلەمانی كوردستانیان هەڵوەشاندەوە‌و هەم حكومەتیان كرد بە حكومەتی كاربەڕێكەر، لەم نێوەندەدا دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم جارێكی تر بوو بەژێر ململانێ سیاسییەكانەوە، چونكە ئەنجومەنی دادوەریی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی كاراكردەوە‌و لەم پێناوەشدا تەنانەت نیسابی یاسایی خۆی شكاند، چارەنوسی ئەو كۆمسیۆنەشی كە بۆ ریفراندۆمەكەی 2017 دروستكرا، كەوتە ناو تونێلێكی تاریكترەوە، دوای نه‌وته‌كه‌، هه‌ڵبژاردنیش راده‌ستی به‌غداد كرا. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.  پارتی پابەندی بڕیاری دادگا بوو سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ مەبەستی تاوتوێكردنی هەڵبژاردن، وەفدێكی ناردە بەغداد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق.  وەفدەكەی سەرۆكایەتی هەرێم پێكهاتبوو لە:  •    فەوزی هەریری سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم (سەرۆكایەتی وەفدەكەی كردووە).  •    دڵشاد شەهاب راوێژكاری سەرۆكی هەرێم‌و وتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتی هەرێم •    دكتۆر غازی سابر بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی لە سەرۆكایەتی هەرێم •    زمناكۆ جەلال راوێژكاری هەڵبژاردن لە سەرۆكایەتی هەرێم دادوەر عومەر ئەحمەد سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقە، ئەم دادوەرە كوردە‌و لە سلێمانییەوە كاندیدكراوە، ئەمڕۆ خۆی بەشداری كۆبونەوەكە بووە لەگەڵ وەفدەكەی هەرێم.  لە كۆبونەوەكەدا لەبەر رۆشنایی بڕیارەكەی 30ی ئایاری دادگای فیدراڵی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، هەردوولا گفتوگۆیان كردووە لەبارەی دۆسیەی سازدانی هەڵبژاردن لە كوردستان.  دادوەرە كوردەكەی سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق وتویەتی:" كۆمسیۆن ئامادەیی تەواوەتیی هەیە بۆ هاوكاری لەگەڵ هەرێمی كوردستان بۆ سازدانی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی شەفاف‌و سەركەوتوو".  دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێم لەبارەی سەردانەكە رایگەیاند" بەناوی سەرۆكی هەرێمەوە ئەوەمان دووپاتكردەوە ئامادەین هەموو هەماهەنگییەكین لەگەڵ دەسەڵاتە فیدراڵییەكان‌و لەناویشیاندا كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان".  وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێم وتی:" هەموومان حەزمان ئەكرد بارودۆخەكە بەشێوەیەك بوایە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان سەرپەرەشتی هەڵبژاردنەكانی بكردایە، بەڵام ئەگەر كۆمسیۆنەكەی عێراقیش بیكات كارێكی تازە نییە، چونكە خولی دووەم‌و سێیەم‌و چوارەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن كۆمسیۆنی عێراقەوە بەڕێوەچوون". لەبارەی سازدانی هەڵبژاردنی كوردستان لەو وادەی كە سەرۆكی هەرێم دیاریكردووە كە رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵە، بەپێی قسەی دڵشاد شەهاب كۆمسیۆنەكەی عێراق هیچ بەڵێنێكی نەداوە‌و وتویەتی چاوەڕێی یەكلابونەوەی وادەی سازدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكەن‌و ئەولەویەتی ئەوان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانە، بەڵام سەرۆكایەتی هەرێم بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، داوای كردووە، ئۆفێسەكانی كۆمسیۆنەكەی عێراق لە هەرێم كاری خۆیان بكەن‌و ئامادەكاری بۆ سازدانی هەڵبژاردن بكەن.   وەفدەكەی سەرۆكایەتی هەرێم، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقی بانگهێشتكردووە بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن.  یەكێتیی پێش پارتی كەوت  بەر لەوەی دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێم بێتە بەردەم كامێراكان‌و بە فەرمی پابەندبوونی هەرێم بە بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە رابگەیەنێت، یەكێتیی پابەندبوونی راگەیاند.  قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران ئەمڕۆ ئەلینا رۆمانۆڤسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق بینی. لەم دیدارەدا، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند" پێویستە هەرێم‌و بەغدا هەماهەنگ بن تا لەنزیكترین كاتدا هەڵبژاردنەكانی كوردستان بەڕێوە بچێت". بەستنەوەی هەڵبژاردنی كوردستان بە هەماهەنگیی نێوان هەرێم‌و بەغدادەوە، بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دانپێدانانی قوباد تاڵەبانی بوو بە بڕیاری رۆژی 30ی ئایاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بڕیارێك كە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان‌و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی كوردستانی هەڵوەشاندەوە.  یەكێتیی لەم شەڕی هەڵبژاردنەدا لەوەدا براوە بوو هەڵبژاردنەكە هەندێكی تر دوابخرێت‌و كۆمسیۆنی عێراقیش پرۆسەكە بەڕێوەببات، بەوپێیەی ئێستا سەرۆكی كۆمسیۆنەكە دادوەرێكی خەڵكی شاری سلێمانییە، بەڵام لەوەدا شكستی هێنا كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا دابەشبكات‌و بەشی سلێمانی لێبپچڕێت، چونكە ئێستا ئیتر بە یاسای كۆنەكە هەڵبژاردن دەكرێت‌و هەرێمی كوردستان یەك بازنەی هەڵبژاردن دەبێت‌و هەر (11) كورسی كۆتای پێكهاتەكانیش هەر لە سنوری هەولێرو دهۆكدا دەمێننەوە.  دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم لەژێر پرسیاردا ! سەردانی وەفدەكەی سەرۆكایەتی هەرێم ئاماژەیە بۆ ئەوەی پارتی پابەند بووە بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان. بەم سەردانە ئیتر بەفەرمی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان راگەیەندرا‌و پارتی بڕیاری ژمارە (10)ی پەرلەمانی كوردستانیشی بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم هەڵوەشاندەوە، بڕیارێك كە لە رۆژنامەی "وەقایع"ی كوردستان بڵاوكرایەوە‌و ئەنجومەنی دادوەریی وەكو دەسەڵاتی سێیەم لە هەرێمی كوردستان پەسەندی كرد، ئەمەش وەكو خاڵێكی نەرێنیی لەسەر دەسەڵاتی دادوەریی لە هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا لەسەر داوای پارتی، ئەنجومەنی دادوەریی نیسابی یاسایی خۆی شكاند‌و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی راگەیاند.  پەرلەمان تەواو بوو ئێستا ئیتر ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان دەبێتە چالاكییەكانیان وەكو پەرلەمانتار رابگرن، چونكە هەردوو حزب پابەندبوونیان بە بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە راگەیاندووە.  پەرلەمانتاران كە دەبوو لەدوای رۆژی 30 ئایارو بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە چالاكییەكانیان رابگرن، وایان نەكرد‌و هەندێكیان هەر بەردەوامبوون، چونكە بۆچوونی فەرمی حزبەكانیان نەدەزانی.  سایتی فەرمی پەرلەمان لە رۆژی 28ی ئایارەوە هەموو چالاكییەكانی سەرۆك‌و جێگری سەرۆك‌و پەرلەمانتارانی راگرت، بەڵام ئەمە بەواتای ئەوە نایەت پەرلەمان لەو ماوەیەدا كاری نەكردبێت، چونكە بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، رۆژی 31ی ئایار واتە تەنیا یەك رۆژی دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق وەفدێكی لیژنەی سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان چوەتە ئیتالیاو چەند لیژنەیەكی پەرلەمانی ئەو وڵاتەی بینیوە.  وەفدەكەی پەرلەمانی كوردستان لە پەرلەمانتارانی یەكێتیی‌و پارتی پێكهاتووە، ئەوانەی كە رۆژی 22ی مانگ لەسەر پرسی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی پەلاماری یەكترییاندا‌و برینداریشی لێكەوتەوە.  حكومەتی كاربەڕێكەر  سەردانی ئەمڕۆی وەفدەكەی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ بەغداد‌و راگەیاندنی پابەندبوون بە بڕیاری دادگای فیدراڵی تەنیا هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستانی یەكلانەكردەوە، بەڵكو كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمشی كرد بە حكومەتێكی كاربەڕێكەر. هەرێمی كوردستان سیستمە حوكمڕانییەكەی پەرلەمانییە، واتە سەرۆكی هەرێم‌و كابینەی حكومەت لەبەردەم پەرلەماندا متمانە وەردەگرن، ئێستا كە پەرلەمان هەڵوەشاوەتەوە، ئیتر حكومەتیش دەبێت بە كاربەڕێكەر تا ئەوكاتەی هەڵبژاردنێكی نوێ دەكرێت‌و پەرلەمان متمانە بەكابینەی نوێی حكومەت دەدات.  كەی هەڵبژاردن دەكرێت ؟ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی بۆ هەڵبژاردن دیاریكردووە، ئێستا كە وەفدی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ گفتوگۆ وەفدی ناردووە بۆ بەغداد، دەبێت دوای یەكلابوونەوەی گفتوگۆكان سەرۆكی هەرێم كە هاوكات جێگری سەرۆكی پارتیشە، بە فەرمی نوسراو ئاڕاستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بكات‌و داوای لێبكات سەرپەرەشتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بكات.  رۆژی 18ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق بەڕێوەدەچێت، واتە یەك مانگ دوای وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەبەردەم لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ناتوانێت لە ماوەی مانگێكدا دوو هەڵبژاردن بەڕێوەببان، واتە هەڵبژاردنی پارێزگاكان‌و هەڵبژاردن پەرلەمانی كوردستان، كۆمسیۆنی عێراق ئەمڕۆ هەمان قسەی بە وەفدەكەی سەرۆكایەتی هەرێمش  وتووە، ئەمە وایكردووە پێشبینی بكرێت هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ جاری دووەم دوابكەوێت‌و بكەوێتە مانگی ئایاری ساڵی داهاتوو.  لێكەوتەكانی پابەندبوونەكەی هەرێم ناوەڕاستی شوباتی 2022 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دوای 10 ساڵ چاوەڕوانی، بڕیاری خۆی لەبارەی سكاڵایەكی وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم یەكلاكردەوە، دادگای بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت‌و غازی هەرێم‌و پابەندكردنی هەرێم بە رادەستكردنی نەوت‌و غازەكەی بە حكومەتی فیدراڵ.  ئەوكات مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومه‌تی هەرێم بە فەرمی دژی بڕیارەكە  وەستایەوە‌و رایگەیاند، دادگای فیدراڵی دادگایەكی سیاسییە‌و ئەوان پابەند نابن بە بڕیارەكەیەوە.  دۆخەكە بەمشێوەیە مایەوە‌و حكومەتی مەسرور بارزانی پابەندی بڕیارەكە نەبوو، بەردەوام بوو لە هەناردەكردن‌و فرۆشتنی نەوت تا ئەوكاتەی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی پاریس لەسەر سكاڵاكەی عێراق دژی توركیا دەرچوو، بەرەبەیانی رۆژی 25ی ئازاری ئەمساڵ توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی راگرت‌و لەوكاتەوە تائێستا هەناردە دەستی پێنەكردووەتەوە.  مەسرور بارزانی كە لەسەرەتاوە دژی بڕیاری دادگای فیدراڵی وەستایەوە بۆ رادەستكردنی نەوت، دوای بڕیاری دادگای پاریس‌و راگرتنی هەناردەی نەوت لەلایەن توركیاوە، ئەمجارە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ رێككەوتنی كرد بۆ رادەستكردنی نەوت بە كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ".  پابەندبوونی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری رۆژی 30 ئایاری ئەمساڵ بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان دەبێت بە پێشینەیەك بۆ پابەندكردنی هەرێم بە هەر بڕیارێكی ترەوە كە لە داهاتوودا لەلایەن ئەو دادگایەوە دژی هەرێمی كوردستان دەربچێت، ئەمە لەكاتێكدایە پێشترو چەندینجار بەرپرسانی هەرێم دادگاكەیان بە نادەستوری ناوبردووە تا ئەو رادەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دادگاكەی بە "محكمە الپورە"ی بەعس ناوهێنا. بەمشێوەیە هەرێمی كوردستان لەدوای نەوتەكەی، پرسی هەڵبژاردنیشی رادەستی حكومەتی فیدراڵ كردو چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی ماوە تەواوبوونی هەرێم كەوتە ناو تونێلێكی تاریكترەوە، كۆمسیۆنێك كە تایبەت بە بەڕێوەبردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان لە 2017دا دروستكرا.    


یاسین تەها، خوێندكاری دكتۆرا لە مێژووی ئایین‌و ئایینزاكان، شارەزا لە كاروباری عێراق مانەوەی ئەردۆغان لە سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا پاش 20 ساڵ لە وەرگرتنی جڵەوی دەسەڵات‌و بۆ خولی سێیەمی سەرۆكایەتیی، یەكێك لەو پێشهاتانەیە كە بۆ عێراقی دراوسێی ئەم وڵاتە گرنگ‌و لێكەوتەی جۆراوجۆری هەیە؛ چ لە بواری سیاسی‌و ئەمنی، چ لە بواری سیاسەتەكانی وزەو بازرگانی‌و ئاو كە پرسی هەنوكەیین لە عێراق. ئەم شرۆڤەیە هەوڵدەدات لە دیوە عێراقییەكەیەوە لێكەوتەكانی بەردەوامی ئەردۆغان لە سەرۆكایەتیی توركیا لێكبداتەوە. هێڵە گشتییەكانی خولی نوێی ئەردۆغان لەبەر ڕۆشناییی تەمەنی 20 ساڵەی حوكمڕانیی ئەردۆغان، تا ڕاددەیەكی زۆر هێڵە گشتییەكانی سیاسەتەكانی دەربارەی عێراق‌و ناوچەكەو وڵاتانی تری پەیوەندیدار، زانراوە. لە ئاهەنگی دەستبەكاربوونەكەیشیدا (3ی حوزەیرانی 2023) جەختی لەوە كردەوە لەمەولا ئاڕاستەی توركیا بەیەكەوە ڕوو لە ڕۆژهەڵات‌و ڕۆژاواش دەبێت لە یەككاتدا ([1]). بەپێی لێكدانەوە توركییەكانیش ئەمە بەمانای ئەوە نایەت توركیای ئەردۆغان بەخێرایی دەستبەرداری ئاڕاستە ڕۆژهەڵاتییە ناسراوەكەی ببێت‌و هەنگاوی زیاتر لە ئەمریكاو ناتۆ بچێتە پێش، بەڵكو بەهۆی سەرهەڵدانی جەمسەرگیرییەكانی ئەمریكاو چین‌و ڕوسیاشەوە قۆناغێك دەستپێدەكات كە وڵاتانی ناوچەكە بەمەبەستی كەمكردنەوەی گرژییەكان، زیاتر لەگەڵ یەكتر هەماهەنگی دەكەن؛ هەر ئەمەیش هاندەری توركیایە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ دەوڵەتانی میسرو كەنداو، بەتایبەت عەرەبستانی سعودی ([2]). هەندێك لە چاودێرانیش ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەردۆغان چاوی لەسەر ئەزمونی ئابوریی "چین"ە؛ بەرهەمهێنانی زۆر، زیادبوونی هەناردەكردن، دراوی هەرزان، هەروەها چاوێكی تری لەسەر ئەزمونی هەواڵگریی بەریتانیایە كە سیاسەت‌و دیپلۆماسی‌و هەواڵگری تێكەڵ دەكات بۆ داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە ([3]). لەماوەی 20 ساڵی حوكمڕانییەكەیدا، ئەردۆغان كاری لەسەر شۆی (نمایش)ی سەربازی كردووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و دەرەوەی؛ ئەوەیش چ لەڕێگەی لەشكركێشی بێت بۆ ناو خاكی ڕۆژاوای كوردستان لە سوریا یان لە خاكی هەرێمی كوردستان؛ هەروەها كۆمەككردنی حكومەتی "الوفاق" لە لیبیا، لەگەڵ پەلكێشانی نفوز بەرەو ئەفریقا. بەڵام زبرە ئابورییەكان ناچاریان كرد لەگەڵ سعودیاو ئیمارات پەنا بۆ ئاشتەوایی ببات بەبێ ئەوەی سوپاو باڵە سەربازییەكانی لە هیچ كوێ پاشەكشە پێ بكات ([4])؛ نیمچە كۆدەنگییەكیش هەیە كە ئاڵنگاریی گەورەی ویلایەتە نوێیەكەی ئەردۆغان، بریتی دەبێت لە دۆسیەی ئابوری‌و بەهای لیرەو هەڵاوسانی نرخەكان‌و ئاوەدانكردنەوەی وێرانكارییەكانی بوومەلەرزە ([5]). لەسەر ئاستە عێراقییەكەیشی، مامەڵەكردنی توركیاو عێراق لەگەڵ یەكتر سەرباری لەمپەرەكان، ناچاری دەبێت، چونكە جگە لە سنورو دۆسیە هاوبەشەكانی ئاسایش‌و سامانی ئاو، سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران دەرفەتێكی وای ڕەخساندووە كە پشتبەستنیان بە یەكتر زیاد بكەن. لەم بەینەیشدا پابەندبوونی ئەنقەرە بە سزاكانی پەیوەست بە نەوتەوە، عێراق دەكاتە جێگرەوەی نزیك‌و دەروازەیەكی گەورەی قەرەبووكردنەوە؛ بۆ عێراقیش توركیا تاقە دەرچەی وشكانییە بۆ گەیشتن بە ئەوروپاو سەرچاوەیەكی گەورەی دابینكردنی كەرەستەو پێداویستییەكانی بازاڕی عێراقە. دیدی عێراقییەكان بۆ ئەردۆغان بەپێی ئەوەی سیاسەت‌و تێڕوانینی ئێستای دەوڵەتی عێراق گیرۆدەی نەبوونی سەنتەرو دابەشبوونەكانی پەیوەستە بە شوناسە فرەجۆرەكان، ناكرێت باس لە دیدێكی عێراقی ستراتیژی‌و گشتگیر بكرێت دەربارەی دۆسیەكانی دەرەوە، لەوانەش توركیای ئەردۆغان. لە عێراق جگە لە توركمانی سوننەو باڵی "بەرەی توركمانی"، لەناو عەرەبی سوننەیشدا جەمسەرەكانی حەلبوسی‌و خەمیس خەنجەر، پەیوەندیی بەهێزو دۆستایەتیی زۆریان هەیە لەگەڵ ئەردۆغان، جیاواز لە توركمانی شیعە یان ئەو عەرەبە سوننانەی لە باڵە ئێرانییەكانەوە نزیكن یان ناوچەیی‌و لۆكاڵن. سەرباری ئەمەیش، خوێندنەوەیەك هەیە كە هەندێك لە سیاسەتوانانی عێراق مانەوەی ئەردۆغانیان پێ باشتر بووە لە گۆڕینی بە كلیچدارئۆغڵۆ، لەسەر بنەمای ئەوەی ناسراو و تاقیكراوە، باشتر لەوەی كە دێ‌و نەناسراوە ([6]). بەڵام لە ناوەندی شیعیدا- كە ئێستا چەقی بڕیاری عێراقن- بە شێوازێكی ساردوسڕ كارلێك لەگەڵ دەرچوونەوەی ئەردۆغان كراوە، بەو پێیەی لە خەیاڵدانی شیعەدا ناوبراو گوزارشت لە دیاردەی "عوسمانیی نوێ" دەكات؛ هەروەها سیمبولێكی ئیسلامییە سوننەكان‌و هۆكارێكی بەهێزكردنی جەمسەری توركیایە لەبەرامبەر جەمسەری ئێران. ڕەنگە هەر بەم هۆیەیشەوە بێت هیچ بەرپرسێكی باڵای شیعەی عێراق نەیانویست بچنە ژێر باری تەریقبوونەوە (ئیحراجی)ی بەشداریكردن لە مەراسیمی سوێندخواردنی ئەردۆغان بۆ خولی سێیەم؛ بۆ ئەو مەبەستەیش "فوئاد حسێن"ی كوردو وەزیری دەرەوەیان ڕاسپارد بۆ بەشداریكردن لەو بۆنەیە، لەكاتێكدا لەناو 78 سەرۆك شاندی بەشدار، 21 سەرۆك دەوڵەت‌و 13 سەرۆك وەزیران‌و 12 سەرۆك پەرلەمان هەبوون ([7])، كەچی زۆر لەوانەیش وەك عێراق دراوسێی توركیا نین‌و دۆسیەی هاوبەش‌و تێكچڕژاویان لەگەڵیدا نییە. ئەم ڕوانینە پڕ لە سڵەمینەوەیەش لە عێراقەوە بۆ ئەردۆغان لە ئێرانیش تاڕادەی زۆربەهەمان شێوەیە، لە "تاران"یش بۆچوونەكان لەسەر ئەوە بوون ڕاستە ئەردۆغان هەماهەنگیی هەیە لەگەڵ ئێران‌و لە دۆسیەی گەمارۆكان بە شێوازی جیاواز لە خۆدزینەوە لە گەمارۆكان یارمەتیی ئێران دەدات، بەڵام لە دورمەودادا مەترسییەكی ستراتیژییەو ئەگەر لە هەڵبژاردن بكەوتایە، ئەوە مەترسیی ئایندەیی‌و دورمەودا كەمتر دەبوو لەسەر ئێران ([8]). دۆسیە هاوبەشەكانی عێراق لەگەڵ توركیای ئەردۆغان  بۆچوونێك هەیە كە لە كابینەی نوێی ئەردۆغاندا دوو بەرپرسی كابینەكە، لە دۆسیەكانی پەیوەست بە عێراق ڕۆڵی سەرەكی دەبینن: "ئیبراهیم كاڵن"، سەرۆكی نوێی دەزگەی هەواڵگری‌و "هاكان فیدان"، وەزیری دەرەوە، كە پێشتر سەرۆكی "میت" بووە؛ هەردوو كەسایەتییەكەیش پەیوەندی‌و ئاگادارییان لەناوخۆی عێراقدا هەیە ([9]). پاشخانی فیدان لە كاركردنی لە سەرۆكایەتیی "میت"دا بووە؛ هەروەها بە "پیاوی سێبەر"و "سندوقی ڕەشی ئەردۆغان"و كەسی متمانەپێكراوی سەرۆك كۆماری توركیا ئاماژەی بۆ دەكرێت. لەماوەی 13 ساڵیشدا لە زۆر دۆسیەدا كاریكردووە كە پلاندانان‌و جێبەجێكردنیشی لەخۆگرتووە لە یەككاتدا ([10]). هەرچی "ئیبراهیم كاڵن"یشـە بە یەكێك لە دەستەبژێرە سیاسییەكانی حزبی دادو گەشەپێدان دادەنرێت‌و یەكێك لە ڕاوێژكارە دیارەكانی ئەردۆغانە لە داڕشتنی سیاسەتەكانی دەرەوەی توركیا، بەتایبەت لە هەردوو دۆسیەی ئەمریكاو ئەوروپا؛ سەرپەرشتیی دۆسیەی سوریاشی كردووە لەگەڵ نوێنەری تایبەتی ئەمریكا، جەیمس جێفری‌و پشتیوانیی ئەمریكاو ڕۆژاوای بۆ توركیا لە دۆسیەی داعشدا مسۆگەر كردووە. سەرەڕای ئەوەیشی سیاسەتمەدارە، پسپۆڕیی هەیە لە فەلسەفەو مێژووداو ئەكادیمیستە ([11]). گرنگترین ئەو دۆسیانەیشی لە كابینەی نوێی ئەردۆغان لەنێوان توركیاو عێراقدا كراوەن‌و كاریگەر دەبن بە سەركەوتنەوەی ئەردۆغان، دەكرێت پۆلێن بكرێن بۆ ئەمانەی خوارەوە: بنكە سەربازییەكان بەپێی زانیارییە بەردەستەكان، توركیا 11 بنكەی سەربازیی سەرەكی‌و 19 سەربازگەی بنەڕەتیی لە خاكی هەرێمی كوردستاندا هەیە، كە بەشی باكوری عێراقە. هەندێك ڕاپۆرتی تر ئاماژە بەوە دەكەن كە لەئێستادا نزیكەی 19 بنكەی توركیا لە عێراق هەن كە 15 بنكەیان سەربازین‌و چوارەكەی تریش بنكەی هەواڵگرین. لە سەرجەم ئەمانەیشدا نزیكەی سێ هەزار سەربازی توركی هەن كە لە 100 كم لە قوڵاییی خاكی عێراقدا هاتوچۆ دەكەن. جگە لە سەربازەكانیش ژمارەیەكی زۆر دەزگەی هەواڵگرییان لەگەڵدایە (میت) ([12]). ئەم پەلكێشانەی توركیا بۆ ناو خاكی عێراق بەزۆری لە سەردەمی ئەردۆغاندا قوڵبووەتەوەو پەلی هاوییشتووە. بە بۆچوونی لایەنە شیعەكانیش، سەرباری ئەوەی ئەم هێزە زەبەلاحە لەژێر ناوی بەرەنگاربوونەوەی PKK كار دەكەن، بەڵام ئەركی تری ئەوان كەڵكوەرگرتنە لەو هێزە عێراقی‌و توركمانییانەی نزیكن لە توركیا ([13])؛ هەروەها پێیانوایە ئەم هێزانە بەشێكن لەو سێبەرەی، توركیا لە عێراق بۆ خۆی دروستكردووە. ئەردۆغان كەڵكی زۆری لە جەنگی داعش وەرگرت (2014_2018) و، بەم هۆیەوە ئەنقەرە بەشداریی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدا كرد. لێرەیشدا هێزەكانی توركیاش ئەركی مەشقپێكردنی هێزی پێشمەرگەو مەشقپێكردنی هێزەكانی "حەشدی نیشتمانی"یان پێ سپێردرا كە لەلایەن پارێزگاری پێشووی موسڵ، "ئەسیل نوجێفی"یەوە سەرپەرشتی دەكران ([14]). بەم جۆرەیش حكومەتی ئەردۆغان جۆرێك لە باڵانسی چنگ كەوت بەرامبەر هەڵكشانی میلیشیاو گروپ‌و دەستە شیعەكان بەرەو موسڵ‌و تەلەعفەر لەسەر سنوری توركیا؛ بەم هۆیەیشەوە، هاتنی توركیا لە جەنگی داعش‌و بڵاوبوونەوەی پێشووتری لە سنورەكان لە جەنگی پارتی كرێكارانەوە، گۆڕا بۆ بەڕێوەبردنی ململانێی ژێرپەردە لەگەڵ ئێران‌و، لە ئیستادا توركیای ئەردۆغان ئەم ئامادەبوونە سەربازییە وەك بەربەستێك دەبینێت كە ڕێگری دەكات لە كۆنترۆڵكردنی سنورەكانی لەلایەن هێزە پڕۆئێرانییەكان. هەرچەندە زۆرینەی شیعی لە پەرلەمانی عێراق پاش كوژرانی قاسم سلێمانی‌و ئەبومەهدی موهەندیس (كانونی دووەمی 2020) بڕیارێكیان لە پەرلەمانی عێراق دەركرد بۆ كردنەدەرەوەی سەرجەم هێزە بیانییەكان ([15])، بەڵام هیچ كات ئەردۆغان‌و حكومەتەكەی خۆیان لەمە تێنەگەیاندووەو بەپێچەوانەوە لەم ساڵانەی دواییدا قەبارەی پەلكێشانی توركیا لەڕووی سەربازییەوە بۆ ناو خاكی عێراق لە جاران زیاتر بووە؛ چونكە بە بۆچوونی توركیا بڵاوبوونەوەی سەربازی لە عێراق نەك هەر سەری ڕمێكی پێشكەوتوو پێكدەهێنێت بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هەڕەشە سەربازی‌و ئەمنییانەی لەوێوە دێن، بەڵكو ڕۆڵی هەیە لە بەدیهێنانی هاوسەنگیی جیۆ-ئەمنی‌و جیۆ-سیاسی لە ناوەوەو دەرەوەی عێراق؛ هەروەها گەرەنتیی پاراستنی بەرژەوەندییە ئابورییەكانی ئەنقەرەش دەكات ([16])، بەتایبەت كە دیدگەی ئەردۆغان، دیدگەیەكی سوننەگەرایی‌و درێژكراوەی پرۆژەی عوسمانییە. لە دەمی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی توركیاشدا ئۆپۆزیسیۆنی توركی زۆرجار باسیان لەوە كردووە، بڵاوبوونەوەی سەربازیی توركیا لە عێراق هیچ سەركەوتوو نەبووە لە بەدیهێنانی ئامانجی سەركوتكردن‌و كێوماڵكردنی PKK، بەڵكوو زیاتر هۆكارێك بوون بۆ خزمەتكردنی ئەجێندا تایبەتەكانی ئەردۆغان ([17]). پلانە ئەمنییەكان ئەردۆغان لە مەراسیمی سوێندخواردندا جەختی لە بەردەوامیی كێوماڵ‌و "قەڵاچۆكردنی مەترسییە ئەمنییەكان" كردەوە تا بەدیهاتنی ئامانجەكانی ([18]). ئەمەیش بە جۆرێك لە جۆرەكان بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەكانە بۆ هەرێم‌و بەشە باكورییەكەی عێراق، كە لەپاش گەڕی یەكەمی هەڵبژاردن لە شنگال‌و پاش گەڕی دووەمیش لە "چیای ئاسۆس"ی شارباژێڕی سلێمانی بەكردەوە ڕوویدا. ئەم هێرش‌و هەڵمەتانەیش جگە لە تەریقكردنەوەو ڕیسواكردنی سەروەریی عێراق، لە هاوینی پاردا هەشت قوربانیی خەڵكی ناوەڕاست‌و باشورو 26 برینداری لە ڕیزی گەشتیارانی مەدەنیی لێكەوتەوەو تائێستایش توركیا نەچووە ژێر باری هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی ڕووداوەكە ([19]). هەروەها بەردەوامیش قوربانیی مەدەنی‌و زیانی ماددی لە ناوچە گوندنشینە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان لێدەكەوێتەوە كە بەرپرسیارێتیی دەستوریی پاراستنی سەروەریی خاكەكەی لەڕووی تیۆرییەوە لەئەستۆی حكومەتی عێراقەو جگە لەوەی مایەی ڕیسوایی‌و تەریقبوونەوەیە، دەرگە دەكاتەوە بۆ گرووپە شیعەكان بانگەواز بۆ "بەرەنگاربوونەوەی داگیركاریی توركی" بكەن لە بەشی "باكوری عێراق". بە سەرنجدانیش لە كابینەی نوێی ئەردۆغان، بەرنامەی كارو پێشینەی وەزیری نوێی بەرگریی توركیا "یەشار گولەر" كە جێگرەوەی "خلوسی ئاكار"ە، هەر هەڵگری ئاماژەی بەردەوامی هێرشەكانی توركیایە بۆ سەر هەرێم، چونكە وەزیری بەرگریی نوێ، سەرۆك ئەركانی سوپا بووە لەبەردەستی خلوسی ئاكار؛ هەروەها وەزیری بەرگریی نوێ، لەبەر چالاكییەكانی چەندانجار خەڵات كراوەو، هەندێك بۆچوونیش لەسەر ئەوەن ئەم وەزیرە هەمان ستراتیژیی پێشوو لە لیبیاو سوریاو عێراق‌و ئازەربایجان پیادە دەكات لەگەڵ پەرەپێدانی پیشەسازیی جەنگی‌و فۆكەسی زیاتر لەسەر سنوری باشوری توركیا لەبەری عێراق‌و سوریاوە ([20]). دۆسیەی ئاو لە سەردەمی ئەردۆغان بەكارهێنانی سەرچاوەكانی ئاوی دیجلەو فورات وەك كارتێك بەرامبەر عێراق، قۆناغی زۆری بڕیوە، بەتایبەت پاش ئەوەی توركیا سەركەوتوو بوو لە دروستكردنی ژمارەیەكی زۆر بەنداو بۆ گلدانەوەی ئاوی دیجلە، لەكاتێكدا وشكەساڵی‌و كەمیی باران باڵی بەسەر كەشی ناوچەكەدا كێشاوە. بەپێی زانیارییە بەردەستەكانیش لەئێستادا بەردانەوەی ڕووبارەكانی دیجلەو فورات بۆ عێراق لە ئاستی تەنیا 30%ی شایستەیی‌و مافە سروشتییەكانی وڵاتەكەیە (313م سێجا لە دیجلەو 175م سێجا لە فورات لە چركەیەكدا). ([21]) لە چەند ساڵی ڕابردوویشدا سەرجەم هەوڵەكانی عێراق لەگەڵ حكومەتی ئەردۆغان بێئەنجام بووە بۆ واژۆكردنی ڕێككەوتننامەیەك لەبارەی دابەشكردنی ئاو لەنێوان هەردوو وڵات، چونكە توركیا بەباشی لە گرنگیی كارتی ئاو دەگات بۆ بەكارهێنانی بەرامبەر عێراق‌و، بەپێی سەرچاوە توركییەكانیش كۆدەنگی هەیە لەناوخۆی وڵاتەكە بۆ دەستگرتن بە كارتی ئاوەوە وەك هۆكارێكی كاریگەری گوشار. هەر لەم نێوەیشدا لە بەهاری ئەمساڵ كە "محەمەد شیاع سودانی" سەردانی توركیای كرد، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، تەنیا لەسەر ئەوە ڕازی بوو بە شێوەیەكی سنوردارو بۆ ماوەی یەك مانگ بەردانەوەی ئاوی ڕووباری دیجلە لە توركیاوە زیاد بكات تا "یارمەتیی عێراقی دراوسێ بدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی "([22]). ئەم بڕە ئاوە كاتی‌و سنوردارەیش، زۆر كەمترە لە پێداویستییەكانی عێراق‌و چاوەڕوانییەكانی لە توركیای دراوسێ. هەندێ زانیاریش باس لەوە دەكەن، بەردانەوەی ئاوی ئەو مانگەیش لەلایەن ئەردۆغانەوە، بە مەرجی هاوكاریكردنی ئەنقەرە بووە لەلایەن عێراقەوە لە جەنگی پارتی كرێكاران (pkk) ([23]). ڕێگەی پەرەپێدان حكومەتی عێراق لەناو كۆنگرەیەكدا كە بەرپرسانی وڵاتانی دراوسێی لە بەغدا ئامادەی بوون (27ی ئایاری 2023)، پڕۆژەیەكی ڕێگەوبان‌و هێڵی ئاسنی ئاشكرا كرد كە بڕیارە كەنداو بە سنوری توركیا ببەستێتەوە. ئەم پرۆژەیە كە خەونێكی دێرینی عێراقییە، بەشێكە لە هەوڵەكانی كەڵكوەرگرتن لە پێگەی جیۆستراتیژیی عێراق‌و هەمەجۆركردنی سەرچاوەی ئابوری‌و بەهێزكردنی پەیوەندی لەگەڵ دەوروبەر. حكومەتی عێراق تێچووی پرۆژەكەی بە نزیكەی 17 ملیار دۆلار خەمڵاندووە كە درێژییەكەی 1200كم دەكات لە ناوخۆی عێراقدا ([24]). ئەم پرۆژەیە ڕووبەڕووی كۆمەڵێك ئاڵنگاری بووەتەوە كە ناوخۆیی‌و دەرەكین؛ ناوخۆیییەكان دیارترینیان گومانە لە توانای جێگرتنەوەو ڕكابەریكردنی ڕێگە تەقلیدییەكانی ئێستای ڕێڕەوی بازرگانیی نێودەوڵەتی (سوێس بە نموونە)، هەروەها مەترسییەكانی جێبەجێكردنی لە دۆخی گەندەڵیی سیاسی‌و داراییی بەربڵاو لە عێراق‌و لاوازی دەزگەكانی دەوڵەت بۆ سپۆنسەركردن‌و سەرپەرشتیكردنی پڕۆژەیەكی بەم قەبارەیە ([25]). لەسەر ئاستی دەرەكییش هیچ دەوڵەتێك جگە لە توركیا دەستگیرۆییی عێراقی ڕانەگەیاندووە. بۆ ئەوەی گفت‌و بەڵێنەكانی توركیاش ببنە كردار، لە ساڵانی داهاتوودا هەنگاوی زۆر، پێویستن، چونكە ئەگەر هات‌و لەناو خاكی توركیادا تۆڕێك هیڵی شەمەندەفەری تەواوكەرو جاددە دروست نەكرێن، ئەوە پرۆژە عێراقییەكە ئەو گرنگییەی نابێت كە باس دەكرێت‌و لە كۆتاییدا لە ناوخۆی وڵاتدا قەتیس دەبێت. بەڵام سەرباری گفتەكانی ئەردۆغان لە دەمی هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ سەرخستنی پرۆژەكە، ترس‌و دڵەخورتێی توركیا ڕوونە لە پەلكێشانی شیعەكان بۆ سنورەكەی؛ لە بەرامبەریشدا هێزە شیعە حوكمڕانەكان هەمان ترسیان لە خەونە فراوانخوازییەكانی توركیا هەیەو بەگومانن ئەردۆغان لەم ڕێگەیەوە كارتی جموجۆڵی بازرگانی بقۆزێتەوە بۆ بوژاندنەوەی پڕۆژە فراوانخوازییەكەی لە ناوچەكانی ویلایەتی موسڵی جاران كە لەسەر ڕێگەی دەروازەكەیە؛ هەروەها بەپاساوی پاراستنی كاروانە بازرگانییەكانیش هێزی ئەمنی‌و سەربازیی زیاتر بهێنێتە ناو خاكی عێراقەوە ([26]). بەشێك لەم ترس‌و دڵەڕاوكێیەیش هۆكارن بۆ ئەوەی هەندێك هێزی شیعەی بەشدار لە حكومەتی سودانی بەتوندی دژی پرۆژەكە بوەستنەوەو باس لەوە بكەن پارە بەفیڕۆدانە و پەرەپێدانی لێ شین نابێت ([27]). دۆسیەی نەوت نوێترین كێشەی هەڵپەسێردراوی نێوان توركیاو عێراق دۆسیەی نەوتەو، ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ دەرچوونی بڕیاری دەستەی ناوبژیوانیی پاریس بۆ ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان‌و تاوانباركردنی توركیا بە فرۆشتنی ئەو نەوتە بەبێ ئاگاداریی عێراق‌و دانانی بڕی 1.4 ملیار دۆلار پێبژاردنی لە ئەستۆی توركیا ([28]). لە كاتی ڕاگەیاندنی بڕیارەكەیشەوە (25ی مارسی 2023) ئەردۆغان‌و دەسەڵاتدارانی وزەی توركیا بە ڕق‌و گیانی تۆڵەكردنەوەوە مامەڵە لەگەڵ هەناردەكردنەوەی نەوتی عێراق دەكەن لە ڕێگەی پەكخستنی گەیشتنی 450 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێم‌و كەركوك بۆ بازاڕەكانی جیهان كە دەكاتە 0.5% بەرهەمی جیهانی. بەم هۆیەیشەوە لە 25ی مارسی 2003 بەدواوە هەناردەكردنی نەوت ڕاگیراوە، لەكاتێكدا بەپێی هەموو خەمڵاندنە فەرمییەكانی عێراق، دەبوو ئەوپەڕی لە نیوەی یەكەمی ئایاری 2023 هەناردە دەستی پێ بكردایەتەوە، بەتایبەت پاش ئەوەی بەغداو هەولێرو كۆمپانیاكان لەسەر میكانیزمی نوێ ڕێككەوتن ([29]). بەڵام سەرچاوە ئاگادارەكان باس لەوە دەكەن ئەردۆغان بەبێ وەرگرتنی دڵنیایی لەبارەی چارەنوسی بەشی دووەمی سكاڵاكە لە بەردەستی دەستەی ناوبژیوانیی پاریس، نەوت هەرنادە ناكاتەوە. دۆسیەكەیش پەیوەندیی بەدۆخی پاش 2018 هەیەو چەند سەرچاوەیەك پێشتر باسیان لەوە كردووە توركیا دەیەوێت ئەم كێشەیە چارەسەربكات پێش ئەوەی لە ڕێگەی بۆرییەكانەوە هەناردە بكاتەوە ([30]). ئەمەیش بۆ چەند ڕۆژی داهاتوو بەجێهێڵراوە. پەیوەندیی توركیا و هەرێم هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی سیاسی‌و ئابوری‌و جوگرافیی تێكچڕژاوی هەیە لەگەڵ توركیا. لە ساڵی ڕابردوویشدا (2022) بەهای ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەردوولا، گەیشتۆتە 12 ملیار دۆلار كە لەنیوە زیاتری كۆی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكانە لەگەڵ عێراق ([31]). ئەم پەرەسەندنە بازرگانییەیش بەشی زۆری هی دوو دەیەی حوكمڕانیی ئەردۆغانەو پەیوەندیی هەردوولاش زیاتر بنەڕەتێكی ئابورییانەی هەیە بەر لە كایەكانی تر. لەم بەینەیشدا توركیای ئەردۆغان بەسەربەخۆ نەوتی بۆ هەرێمی كوردستان فرۆشتووەو، هەردوولاش لە پرۆسەكە سودمەند بوون، بەڵام لە ڕووی ئەمنییەوە پەیوەندیی هەرێم‌و توركیا لەژێر كاریگەریی هەڵكشان‌و داكشانی گرژییەكانی پارتی كرێكاران‌و ئەنقەرەدا دەمێنێتەوە. ئەم پەیوەندییە ئاڵۆزەیش سێبەرو لێكەوتەی لەسەر ئاستە سیاسی‌و ئابورییەكەیش دەبێت، وەك لە بڕیاری ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی "فڕۆكەخانەی سلێمانی"دا دەركەوت بە پاساوی هاوكاریكردنی PKK كە ئێستا بووەتە هۆی ڕاگرتنی 105 گەشتی مانگانەی فڕۆكەخانەكە؛ ئەمەیش دەكاتە 35_40%ی كۆی گەشت‌و چالاكییەكانی فڕۆكەخانەكە ([32]). دۆسیەی فڕۆكەخانەكەیش نموونەیەكە لە هەژموونی دۆسیەی ئەمنی بەسەر پەیوەندییە سیاسی‌و ئابورییەكانی توركیاو هەرێمی كوردستان‌و، ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەیە بە جۆرو شێوازی تر. پوختەو ڕاسپاردە سەرباری ئەوەی دەسەڵاتدارێتیی شیعەی عێراق كەیفخۆش نییە بە كەسایەتیی ئەردۆغان، بەڵام سنورو بەرژەوەندی‌و پێداویستی، ناچاری دەكات مامەڵەی لەگەڵدا بكات بەبێ ئەوەی بە نموونەیەكی پەسەندكراوی بزانێت؛ لە بەرامبەریشدا توركیا، عێراق وەك دەرفەت‌و بازاڕ دەبینێت‌و ئامادەیی سەربازییش لە خاكەكەی، وەك هۆكارێك دەبینێت بۆ هاوسەنگكردنی باڵانس لەگەڵ ئێران‌و باڵەكانی. بەگوێرەی ئاماژەكان لە كابینەی نوێی ئەردۆغاندا هەواڵگری‌و وەزارەتی دەرەوە لە دۆسیەكانی عێراق ڕۆڵی گەورە دەبینن‌و، جگە لە دۆسیە گەرمەكانی ئاسایش‌و بڵاوبوونەوەی سەربازی، دۆسیەی سامانی ئاو و "ڕێگەی پەرەپێدان"و دۆسیەی هەناردەكردنی نەوت لە پەیوەندییەكانی هەردوولادا ئامادەییی گەورەیان دەبێت. لەسەر ئاستی عێراق، بۆ هەرێمی كوردستان تەنیا دەرفەت لە پەیوەندییەكانی بەغداو ئەنقەرە، دژایەتییەكانی هێزە شیعە حوكمڕانەكان‌و دەسەڵاتدارێتیی ئەردۆغانە؛ بەوپێیەی شیعەكان ئەردۆغان بە مەترسی دەبینن‌و ئەویش پەلكێشانی باڵە ئێرانییەكان بە هەمان شێوە. ئەمەیش دەكرێت هاندەری توركیا بێت كە هەرێم لە نەخشەی عێراق نەسڕێتەوەو لە "ڕێگەی پەرەپێدان"یش، كوردستان نەگۆڕێتەوە بۆ تەلەعفەرو دەروازەی نوێی ڕاستەوخۆ لەگەڵ عێراق لە پارێزگای نەینەواو كاركردنیش لەسەر ئەم دژیەكییە، وریایی‌و پلانی وردی پێویستە. ([1])https://2u.pw/Pb9wQ2 ([2])https://2u.pw/3vsqZC ([3])https://2u.pw/BuZFTvH ([4])https://2u.pw/AGMJ94 ([5])https://cutt.us/8Ynnc ([6])https://2u.pw/AGMJ94 ([7])https://2u.pw/KzGoim ([8])https://2u.pw/GTgiTj ([9])https://2u.pw/0PS40I ([10])https://2u.pw/BuZFTvH ([11])https://2u.pw/fAvRBkc ([12])https://bit.ly/2MfPm9E ([13])https://cutt.us/xmaGW ([14])https://cutt.us/oQveI ([15])https://cutt.us/ZQF4v ([16])https://cutt.us/uLr47 ([17])https://cutt.us/VA6kt ([18])https://2u.pw/R2ioUP ([19])https://2u.pw/npLvm4 ([20])https://2u.pw/vEGq0M ([21])https://2u.pw/rnFxQV ([22])https://cutt.us/MX5Pp ([23])https://cutt.us/LChS1 ([24])https://cutt.us/nZspJ ([25])https://cutt.us/rlJk5 ([26])https://bit.ly/3zwTwQj ([27])https://cutt.us/T0Gky ([28])https://cutt.us/W8YU1 ([29])https://cutt.us/dJ8JN ([30])https://cutt.us/MTY6c ([31])https://cutt.us/GwQvK ([32])https://cutt.us/F9rdX


  درەو: بەپێی دواین ڕاپۆرتی کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی بۆ چارەکی یەکەمی 2023؛ لەو کێڵگە نەوتیانەی کە گرێبەستی هەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تێکڕای ڕۆژانە زیاتر لە (94 هەزار 719) بەرمیل نەوتیان بەرهەمهێناوە، بە جۆرێک لە کێڵگەی فیشخابور و (49 هەزار 478) بەرمیل، لە تاوکێ لە (44 هەزارو 400) بەرمیل و لە بەعشیقە زیاتر لە (841) بەرمیل نەوتیان بەرهەمهێناوە. ئەمە لە کاتێکدا کۆمپانیاکە لە چارەکی کۆتایی ساڵی (2022)، بە تێکڕای رۆژانە لە کێڵگەی فیشخابور (59 هەزار 360) بەرمیل، لە تاوکێ (47 هەزارو 136) بەرمیل و لە بەعشیقە زیاتر لە (هەزار و 326) بەرمیل دەرهێنرابوو، پێکەوە (107 هەزار و 822) بەرمیل نەوتیان تێدا بەرهەمهێنرابوو. بەم پێیەش ئاستی بەرهەمی تێکڕای رۆژانەی هەرسێ کێڵگەکە بڕی (13 هەزار و 103) و بە ڕێژەی (12%) دابەزیوە. بەرهەمی کاری (دی ئێن ئۆ) لە کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان به‌پێی نوێترین ڕاپۆرتی کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی، ‌بەرهەمهێنانی نەوت لە چوارچێوەی گرێبەستی کێڵگەکانی نەوتی (فیشخابوور و تاوکێ) کە بە گرێبەستی "تاوکێ" ناسراوە، لەگەڵ کێڵگەی نەوتی بەعشیقە، کە کۆمپانیاکە لە هەرسێ کێڵگەکە گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە. بە تێکڕا ڕۆژانە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بڕی (94 هەزار و 719) بەرمیل نەوت بەرهەمهێنراوە، بە جۆرێک؛ یەکەم: ناوچەی گرێبەستی تاوکێ: هەردوو کێڵگەی نەوتی (فیشخابور و تاوکێ) دەگرێتەوە، لە بەر ئەوەی هەردوو کێڵگەیەکە بە یەک گرێبەست دراوە بە کۆمپانیا پشکدارەکان بۆیە بە ناوچەی گرێبەستی "تاوکێ" ناسراوەو (75%) پشکەکانی دراوە بە کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی و (25%) کۆمپانیای گنێڵ ئێنێرجی تورکی وەبەرهێنانی تێدا دەکات. هەردوو کێڵگەیە پێکەوە لە چارەکی یەکەمی (2023) دا بە تێكڕای رۆژانە (93 هەزار و 879) بەرمیل نەوتیان لێ بەرهەم هێنراوە، بە جۆرێک؛  1.     کێڵگەی نەوتی فیشخابور: لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بە تێکڕای رۆژانە لە کێڵگەی فیشخابور (49 هەزار و 478) بەرمیل نەوت بەرهەم هێنراوە، ئەمە لە کاتێکدایە لە چارەکی چوارەمی (2022)دا، بەرهەمی کێڵگەی ناوبراو بە تێکڕای رۆژانە بریتی بووە لە (59 هەزار و 360) بەرمیل نەوتی خاو. 2.    کێڵگەی نەوتی تاوکێ: لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بە تێکڕای رۆژانە لە کێڵگەی تاوکێ (44 هەزار و 400) بەرمیل نەوت بەرهەم هێنراوە، ئەمە لە کاتێکدایە لە چارەکی چوارەمی (2022)دا، بەرهەمی کێڵگەی ناوبراو بە تێکڕای رۆژانە بریتی بووە لە (47 هەزار و 136) بەرمیل نەوتی خاو. دووەم: کێڵگەی نەوتی بەعشیقە: یەکێکی دیکەیە لەو کێڵگە نەوتیانەی کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی پشکی (64%) تێدا هەیە و (16%)ی پشکەکانیشی دراوە بە کۆمپانیای وزەی تورکی (TEC)  و (20%)ی پشکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و لە ناوەڕاستی نیوەی یەکەمی ساڵی ڕابردوو گەیشت بە قۆناغی بەرهەمهێنان. بەپێی داتاکانی کۆمپانیا نەرویجییەکە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بە تێکڕای رۆژانە لە کێڵگەی نەوتی بەعشیقە تەنها (841) بەرمیل نەوت بەرهەم هێنراوە، ئەمە لە کاتێکدایە لە چارەکی چوارەمی (2022)دا، بەرهەمی کێڵگەی ناوبراو بە تێکڕای رۆژانە بریتی بووە لە (هەزار و 326) بەرمیل نەوتی خاو. کەواتە لە سەرجەم ئەو کێڵگە نەوتیانەی کە کۆمپانیای (DNO) گرێبەستی هەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تێکڕای ڕۆژانە زیاتر لە (94 هەزار 719) بەرمیل نەوتیان بەرهەمهێناوە، ئەمە لە کاتێکدا کۆمپانیاکە لە چارەکی کۆتایی ساڵی (2022)، بە تێکڕای رۆژانە  لە هەر سێ کێڵگەکەدا (107 هەزار و 822) بەرمیل نەوتیان تێدا بەرهەمهێنرابوو. بەم پێیەش ئاستی بەرهەمی تێکڕای رۆژانەی هەرسێ کێڵگەکە بڕی (13 هەزار و 103) و بە ڕێژەی (12%) دابەزیوە. تایبەت بە وردەکاری ئاستی بەرهەمی ئەو کێڵگە نەوتییانەی کۆمپانیای (DNO) گرێبەستی هەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی. تایبەت بە بەرهەمی ئەو کێڵگانەی کۆمپانیان (DNO) کاریان تێدەکات لە چارەکەکانەی (یەکەم، دووەم، سێیەم و چوارەمی 2022 و چارەکی یەکەمی 2023)، بڕوانە چارتی هاوپێچ؛ بەرهەمی ئەو کێڵگانەی کۆمپانیان (DNO) کاریان تێدەکات لە 2022 – چارەکی یەکەمی 2023 سەرچاوەکان -    DNO ASA, Q3 2022 Interim Results Presentation;  https://www.dno.no/media/zpiakonn/q3-2022-interim-results-presentation.pdf -    DNO ASA, Q1 2023 Interim Results Presentation; https://www.dno.no/media/rmnbyi1o/q1-2023-interim-results-report.pdf


درەو: بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی لە (6/11/2022) ەوە تا ئێستا ماوەی (7) مانگە پەرلەمانی كوردستان نایاساییە، واتە جیاوازی ئەو شەش مانگەی موچەكانیان كە پێویستە بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕنەوە سەرجەمی دەكاتە (3.395.300.000) سێ ملیار و سێسەد و نەوەت و پێنج ملیۆن و سێسەد هەزار دینار. ئەو شەش پەرلەمانتارانەی كە لەدوای (6/11/2022) سوێندی یاساییان خواردووە دەبێت موچەكانیان بگەڕێننەوە كە دەكاتە (102) ملیۆن دینار. ئەندامانی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەدوای (6/11/2022) ەوە چوار مانگ موچەیان وەرگرتووە كە دەكات (82) ملیۆن دینار.   نامەیەك بۆ دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بەنادەستوری بوونی پەرلەمان بەتەمای چین؟ تكایە یاسای چاكسازی كە خۆتان دەرتان كردووە لەسەر خۆتانی جێبەجێ بكەن بەڕێز/ سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێز/ جێگری سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێز/ سكرتێری خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێزان/ ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان پاش سڵاو و رێز...  دەرچوونی بڕیاری دادگەی فیدراڵی سەبارەت بە نادەستوری بوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، لەلایەك جێگەی نیگەرانی و لەلایەكی تر مایەی دڵخۆشیە، جێگەی نیگەرانیە بەوەی نەدەبوو دوای سی و یەك ساڵ ئەزموون و حوكمرانی، بەم شێوازەی ئێستا دامەزراوە یاساییەكانی هەرێم، بەتایبەت بەرزترین دامەزراوەی وەك پەرلەمان بكەوێتە بەر تانەو تەشەری بەغداو بە نادەستوری دابنرێت، ناوبانگی هەرێم و حوكمرانیەكەی لەبەر چاوی هاوڵاتیانی خۆی و دۆست و هاوپەیمانەكانی لەكەدار بكرێت، هۆكاری سەرەكی بڕیارەكەش خودی پەرلەمانە كە بووە مایەی ئەوەی ساڵێكی تەمەنی بە نادەستوری هەژماربكرێت و هەرێمیش بخاتە بۆشایی یاساییەوە. لەلایەكی ترەوە مایەی دڵخۆشی و پێشوازی لێكردنە، چونكە بڕیارەكە دەرەنجامی خەمساردی لایەنە سیاسییەكان (بەتایبەت پارتی و یەكێتی)ە، چونكە نە پەرلەمان و نە ئەو دوو هێزە گوێیان لە هاوار و تكای خەلكانی دڵسۆز و یاساناس نەگرت، هەر بۆیەش لە بەغداوە وەستێنران! ئەگەر گوێیان بگرتایە، هەڵوەستەیەكیان لەسەر هۆشدارییەكانی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان و كونسلخانەكان بكردایە، ئەگەر گوێیان لە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بگرتایە لە بری تاوانباركردنیان! ئەگەر بەرژەوەندی خەڵكی هەرێمیان لەبەرچاو بگرتایەو تۆزێك راستگۆبوونایە لەگەڵ ئەو دروشمانەی بەناوی دیموكراسیەوە بانگەشەیان بۆ دەكرد! چی پێویستی دەكرد بەغدا بێت و مێزی یارییەكی سالێ‌ قلب بكاتەوە بەسەر پەرلەماندا؟ ئەگەر پەرلەمان بەپێی یاسا و پەیرەو كاری بكردایەو ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكردایە، ئەگەر لە سالی 2019 ەوە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كارا بكردایەتەوە، چۆن دادگەی فیدراڵی دەیتوانی بڕیارێكی لەم شێوەیەی لەسەر دەربكات و بە ناچاری بیوەستێنێ! وێڕای ئەوەی پارتی و یەكێتی و گۆڕان و هاوپەیمانەكانیان لە شەو و رۆژێكدا بەیەكەوە تەمەنی پەرلەمانیان درێژكردەوە، كەچی لەگەڵ ئەو هەموو نزیككەوتنەوەشیان لەیەكتری، نەیانتوانی لەماوەی ساڵێكدا لەسەر هەڵبژاردن رێكبكەون، چونكە ئەگەر لەسەر هەلبژاردن رێك بكەوتنایەو بە بیانوی جیاجیای بێ بنەما پەكی دانیشتنەكانی پەرلەمانیان نەخستایە؟ سەرەنجامیان بەم رۆژە نەدەگەیشت؟ هەموو ئەمانە هۆكاری دەرچوونی بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵی و بەنادەستوری ناساندنی پەرلەمان و دروستبوونی بۆشایی یاسایین لە هەرێمی كوردستان و بەرپرسیاری یەكەمیش پارتی و یەكێتی و خودی پەرلەمانی كوردستانن. ئەگەر بەهۆی ئەو بڕیارەوە هەستی تاكێكی كورد بریندار بوبێت، دەبێ لەو راستیە تێبگەین كە بڕیارەكەی دادگە پەرلەمانی هەڵنەوەشاندۆتەوە وەك هەندێك كەس و لایەن بۆ جولاندنی هەست و سۆزی خەڵكی بانگەشەی بۆ دەكەن، بەڵكو دادگا هەڵەیەكی راستكردۆتەوەو یاسایەكی پەرلەمانی هەڵوەشاندۆتەوە كە بەنادەستوری تەمەنی خۆی پێ درێژكردبوویەوە. واتە بڕیارەكە نەك پەرلەمانی بچوك نەكردۆتەوەو لە هەیبەتی نەداوە، بە پێچەوانەوە گەورەیی پەرلەمانی دەرخستوەو و سەنگ و ئیعتیباری بۆ گێڕاوەتەوە. بۆیە نەك جێگەی داخ نیە بەڵكو خەڵكی كوردستان دەبێت سوپاسگوزار بن كە بەو بڕیارە چونكە مافێكی زەوتكراویا بۆ گێڕدرایەوە و بەپێی یاساو پەیرەو چوار ساڵ جارێك مافی دەنگدانیان هەیە. كەواتە خودی پەرلەمان و بڕیارە نایاساییەكانی خۆیەتی بوونەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی نەك بڕیاری دادگا. پوختەی بڕیارەكە ئەوەیە لە (6/11/2022)ەوە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی بەنادەستوری داناوە، هەموو ئەو كارانەی پوچەڵ كردۆتەوە كە پەرلەمان لەو رێكەوتە بەدواوە كردوونی، وەك: درێژكردنەوەی تەمەن، سوێندخواردنی ئەندامانی تازە، دەركردنی یاساو بڕیار، ئیمتیازی پەرلەمانتاران، هەر هەموویان دەبێ هەڵوەشێنەوە. ئەوەی جێگەی سەرنج و سەرسوڕمانە، پێنج رۆژ بەسەر دەرچوونیدا تێپەڕیوە، كەچی تا ئێستا پەرلەمان هیچ هەڵوێستێكی لە بەرامبەر ئەو بڕیارە چارەنوسسازە دەرنەبڕیوە كە لە دژی دەرچووەو كۆتایی بەتەمەنی خولەكەی هێناوە! نە قبوڵی كردووەو نە رەتی كردۆتەوە! سەرۆكایەتی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان كەوتوونەتە سوڕی متبوون و بێدەنگیەوە كە شەرمێكی سیاسیی گەورەیە، ئەگەر دادگا غەدری لێكردوون دەبێ رەتی بكەنەوە، ئەگەر غەدریش نیە دەبێ بەفەرمی پێشوازی لێبكەن و رێكارەكان دەست پێبكەن. تاكە رێگە لەبەردەمی پەرلەماندا جێبەجێكردنی بڕیارەكەو دەست پێكردنی هەنگاو و رێكارەكانە، ئەركی سەر شانیانە بۆ راستكردنەوەی خەمساردی و پێشێلكاری و ئەو هەڵانەی كردیان، تا رەوشەكە لەوە ئاڵۆزتر نەكەن، بۆ ئەوەی تەنگژەو قەیرانی زیاتر بۆ خەڵكی كوردستان نەخولقێنن و هەرێم رووبەڕووی كێشەی زیاتر نەكەنەوە. كێشەی زیاتر بۆ موچەو بودجەی خەلكی كوردستان دروست نەكەن، لێرەوە بوەستن و بەردەوام نەبن لەسەر ئەو پێشێلكاری و كارە ناپەیڕەویانەی كردوویانە، دواجار هەوڵی هێنانەوە سەر رێچكەی ئاسایی و یاسایی دامەزراوەكانی هەرێم بدەن، پەیوەست بن بە بڕیارەكەی دادگە و یاساكانی خۆیانەوەو ئەم هەنگاوانە بنێن: 1-پەرلەمانی كوردستان لە (6/11/2022)ەوە تەمەنی یاسایی بەسەر چووە، دەستەی سەرۆكایەتی و ئەندامەكانی لەو رێككەوتەوە هیچ سیفەتێكی پەرلەمانییان نەماوە. ئەوەی لە پەرلەماندا سیفەتی یاسایی هەبێت و كارە كارگێڕییەكانی ناو دامەزراوەكە رایی بكات تەنها سەرۆكی دیوانە. 2- لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە دەستەی سەرۆكایەتی و سەرجەم ئەندامان سەردانی پەرلەمان بكەن، دوای دەستلەكار ترازانیان وەك ئەندامی پەرلەمان، ئەوانەی خوازیارن خانەنشین بكرێن لەلایەن سەرۆكی دیوانەوە نوسراویان بۆ بكرێت بۆ وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەرێتی خانەنشینی بۆ رایی كردنی مامەڵەكانیان، ئەوانەشی نایانەوێت خانەنشین بن نوسراویان بۆ بكرێت بەمەبەستی گەڕانەوە بۆ سەر كاری پێشوویان. 3-لە ئەگەرێكدا پەرلەمان ئەو نوسراوەی نەكرد، پێویستە لە ماوەی هەفتەیەكدا ئەو پەرلەمانتارانەی  پەرۆشی چاكسازی و سەروەریی یاسان، خۆیان بەتاك دوای مامەلەكانیان بكەون و بەپێی یاسا ئەنجامی بدەن.  4-لەسەر دەستەی سەرۆكایەتی و ئەندامان پێویستە پەیوەست بن بە یاسای ژمارە (2)ی ساڵی 2020 یاسای (چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان) كە ئەم خولەی پەرلەمان خۆیان دەریانكردووە، یاساكە لەسەر خۆیان جێبەجێ بكەن و پێشێلی نەكەن، لە دوای (6/11/2022)ەوە لە وەرگرتنی موچەو ئیمتیازاتەكانیان پەیوەست بن بەیاساكەوە، لەو رێككەوتەوە بە خانەنشین هەژمار بكرێن و جیاوازی موچەكانیان بگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی، چونكە بەپێی بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵی ماوەی شەش مانگ موچەی زیادەیان وەرگرتووە. سەبارەت بەوانەش كە لە چەند مانگی رابردوودا خانەنشین كراون، ئەوانیش خۆیان بەدوای مامەڵەكانیانەوە بن بەپێی یاسای چاكسازی. 5-ئەوانەی لەدوای رێكەوتی (6/11/2022)ەوە بۆ جێگرتنەوەی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكان لەماوەی نادەستوریبوونی پەرلەماندا سوێندیان خواردووە، بەپەرلەمانتار هەژمار ناكرێن و هیچ ئیمتیازێكی پەرلەمانتاریش نایانگرێتەوە، بۆیە بەزووترین كات نوسراویان بۆ بكرێت بە مەبەستی گەڕانەوەیان بۆ سەر كاری پێشویان. 6-بەپێی یاسا كاتێك پەرلەمانتاران خانەنشین دەكرێن موچەی شەش مانگیان وەك ئیكرامیە پێدەدرێت كە بڕی (52.000.000) پەنجاو دوو ملیۆن دینارە، بۆ ئەوەی بار قورسی لەسەر ئەندامان دروست نەبێت، پێشنیار دەكەین ئەو بڕە پارەی بەزیادەوە لە موچە وەریانگرتووە لەو ئیكرامیەیە لێیان بگێڕدرێتەوە. ئەمە لەكاتێكدا سەرۆكی پەرلەمان و سكرتێر و (8) ئەندامی تر بەهۆی ئەوەی لە خولەكانی پێشوو پەرلەمانتار بوونە، ئیكرامیەیان وەرگرتووەو بەپێی یاسا لەم خولەدا ناتوانرێت دووبارە بۆیان خەرج بكرێتەوە. 7-لە نزیكترین ماوەدا ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمان خانو و شوقەكانی پەرلەمان رادەست بكەنەوە تا لە ئێستاوە بۆ ئەندامانی خولی شەشەم نۆژەن بكرێتەوەو ئامادە بكرێت. 8- ئەركی هەریەك لە دامەزراوە فەرمیەكانی: (دیوانی چاودێری دارایی)، (دەستەی دەستپاكی) و (داواكاری گشتی)یە كە چاودێری و بەدواداچوون بۆ پرۆسەكە بكەن، بۆ ئەوەی هەم یاسای چاكسازی پەرلەمان و هەم بریاری دادگای فیدرالی سەبارەت بە ئیمتیازی پەرلەمانتاران جێبەجێبكرێت. داواكارین دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتارە بەڕێزەكان، بەوانەشەوە كە پەرلەمانیان بەجێهێشتبوو و بایكۆتیان كردبوو، یا ئەو بەڕێزانەی نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشكردبوو و دەنگیان لەسەر نەدرابوو، لە زووترین كاتدا ئەم هەنگاوانە بگرنە بەر، بەپێچەوانەوە ئێمە وەك ئینستتیوتی پەی چاودێری هەنگاوەكانیان دەكەین، وێرای دەستخۆشی لەوانەی هەنگاوەكە جێبەجێ دەكەن، ناوی ئەو ئەندامانەش بۆ رای گشتی ئاشكرا دەكەین كە پەیوەست نەبن بەو یاسایەی خۆیان دەریان كردووە. هەر بۆ بەرچاو روونی بەڕێزیشتان، لە لیستێكی هاوپێچدا بڕی ئەو بودجەیە دەخەینە روو كە بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و یاسای چاكسازی كە پێویستە بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕدرێتەوە.  لەگەڵ رێزدا وردەكاری خەملاندنی موچەی ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمان كە بە بەپێی یاسا پێویستە بیگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی   بۆ بەرچاو روونی بڕی ئەو بودجەیە دەخەینە روو كە بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی یاسای ژمارە (2)ی ساڵی 2020 یاسای (چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان) كە هەمان ئەو ئەو پەرلەمانتارانەی ئەم خولەی ئێستا پەسەندیان كردووە، لە دوای (6/11/2022)ەوە وەك موچە وەریانگرتووە، پێویستە بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕنەوە، خۆی لەم بڕگانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە: 1-ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی بریتین لە سێ كەس، بڕی موچەكانیان مانگانە: (سەرۆك: پانزە ملیۆن دینار)، (جێگری سەرۆك: سیانزە ملیۆن دینار)، (سكرتێر: یانزە ملیۆن دینار)، ئەم سێ بەرێزە گەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی، ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین خزمەتیان تەواوەو سەرجەم موچەی خانەنشینی وەربگرن، ئینجا موچەكانیان دەبێت بە نیوە. واتە بۆ هەر مانگێك: (سەرۆك: حەوت ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار)، (جێگر: شەش ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار) و (سكرتێر: پێنج ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار) بگێڕنەوە، كە بۆ شەش مانگ (سەرۆك: چل و پێنج ملیۆن دینار)، (جێگر: سی و نۆ ملیۆن دینار) و (سكرتێر: سی و سێ ملیۆن دینار)، بەمەش كۆی ئەو بڕە پارەی هەرسێكیان بۆ شەش مانگ بە زیادە وەریانگرتووە دەبێ بیگێڕنەوە، دەكاتە (١١٧.000.000) سەد و حەڤدە ملیۆن دینار. 2-موچەی ئەندامان كە مانگانە (8.200.000) هەشت ملیۆن و دووسەد هەزار دینارە، ئەو ئەندامانەی گەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی (51) ئەندامن كە تەمەنیان (45) ساڵ و بەسەرەوەیە، ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین ئەوانە هەر هەموویان مەرجی خزمەتیشیان تەواوەو دوا میچی موچەكەش وەربگرن، موچەی هەر یەكێكیان دەگاتە رێژەی 50% كە بڕی (4.100.000) چوار ملیۆن و سەد هەزار دینارە، واتە هەر یەكێكیان دەبێ بۆ هەر مانگێك بڕی (4.100.000) چوار ملیۆن و سەد هەزار دینار بگێڕنەوە، بەمەش هەر ئەندامێك بۆ شەش مانگ دەبێت (28.700.000) بیست و هەشت ملیۆن و حەوتسەد هەزار دینار بگێڕێتەوە، واتە بە تێكڕای (51) ئەندامەكە بۆ شەش مانگ دەبێت (1.254.600.000) یەك ملیار و دوو سەد و پەنجاو چوار ملیۆن و شەشسەد هەزار دینار بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕنەوە.  3-ئەو ئەندامانەی نەگەیشتونەتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی، واتە لە خوار (45) ساڵەوەن، ژمارەیان (49) ئەندامە، موچەی مانگانەیان (8.200.000) هەشت ملیۆن و دوو سەد هەزار دینارە، موچەی خانەنشینی هەر یەكێكیان دەگاتە رێژەی 25% كە بڕی (2.000.000) دوو ملیۆن دینارە لە مانگێكدا، بەپێی ئەمەش دەبێت مانگانە (6.200.000) شەش ملیۆن و دوو سەد هەزار دینار بگێڕنەوە، واتە هەر یەك لەو ئەندامانە بۆ هەر شەش مانگ دەبێت (43.400.000) چل و سێ ملیۆن و چوارسەد هەزار دینار بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕێتەوە. بەمەش كۆی گشتی ئەو بڕە پارەیەی دەبێت هەر (49) پەرلەمانتارەكە بۆ شەش مانگ بیگیچڕنەوە دەگاتە (1.822.600.000) یەک ملیار و هەشتسەدو بیست و دوو ملیۆن و شەشسەد هەزار دینار. 4-ئەو ئەندامانەی كە دوای (6/11/2023) سوێندی یاساییان خواردووە، بەپێی بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵی هیچ ئیمتیازێكی پەرلەمانتاری نایانگرێتەوە، (6) ئەندامن، یەكێكیان لە (30/11/2023) سوێندی یاسایی خواردووە، بەپێی ئەمەش ناوبراو موچەی پێنج مانگی وەرگرتووە بۆ هەر مانگێك (8.200.000) هەشت ملیۆن و دووسەد هەزار دینار، كۆی پێنج مانگی دەكاتە (41.000.000) چل و یەک ملیۆن دینار، پێنج ئەندامەكەی تریش لە (15/3/2023) سوێندی یاسایان خواردووە، واتە هەریەكەیان موچەی یەک مانگ و نیویان وەرگرتووە كە كۆی موچەی هەریەكێكیان لەو ماوەیەدا دەكاتە (12.300.000) دووانزە ملیۆن و سێسەد هەزار دینار، كۆی ئەو بڕە پارەیەی ئەو شەش پەرلەمانتارە دەبێت بیگێڕنەوە  بۆ خەزێنەی گشتی بریتیە لە (102.500.000) سەد و دوو ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار. 5-ئەندامانی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە (1/3/2023) لە پەرلەمان نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان پەسەند كرا، كە پێنج ئەندام بوون، واتە چوار مانگ لە تەمەنی نایاسایی پەرلەمان موچەیان وەرگرتووە. هەر پێنج ئەندامەكەی یەكگرتوو گەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی، ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین خزمەتیشیان تەواو بێت و بالاترین موچەی خانەنشینی  وەربگرن، هێشتا دەبێت مانگانە هەر یەكێكیان (4.100.000) چوار ملیۆن و دووسەد هەزار بگێڕێتەوە، كە كۆی گشتی ئەو بڕەپارەیەی بە هەر پێنجیان دەبێت بیگێڕنەوە خەزێنەی گشتی بریتیە لە (82.000.000) هەشتاو دوو ملیۆن دینار. 6-هەریەكە لە پەرلەمانتاران (كازم فاروق) و (عەلی حەمە سالح) كە لە (1/3/2023) نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان پەسەند كرا، ، واتە چوار مانگ لە تەمەنی نایاسایی پەرلەمان موچەیان وەرگرتووە. ناوبراوان هیچ كامیان نەگەیشتۆتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی، بۆیە هەریەكەیان مانگانە دەبێت (6.200.000) شەش ملیۆن و دوو سەد هەزار دینار بگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی، واتە هەر یەكەیان (18.600.000) هەژدە ملیۆن و شەشسەد هەزار دینار بگێڕنەوە، بەپێی ئەمەش بە هەردووكیان و ماوەی سێ مانگ دەبێت (49.600.000) چل و نۆ ملیۆن و شەشسەد هەزار دینار بگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی. 7-بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی لە (6/11/2022) ەوە تا ئێستا ماوەی (7) مانگە پەرلەمانی كوردستان نایاساییە، واتە جیاوازی ئەو شەش مانگەی موچەكانیان كە پێویستە بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕنەوە سەرجەمی دەكاتە (3.395.300.000) سێ ملیار و سێسەد و نەوەت و پێنج ملیۆن و سێسەد هەزار دینار. 8-ئەم بڕە پارەیەی دەستنیشانكراوەو پێویستە بگەڕێتەوە تەنها خەملێنراو و گریمانەیە، چونكە زۆر لەوە زیاترە، لەبەر ئەوەی ئەگەر بەپێی یاسای چاكسازی بچینە ناو وردەكاریەوە، بەشێكی زۆرتر لە ئەندامان مەرجی خزمەتیان تەواو نیە و ئەو موچەی بۆ خانەنشینی ئێمە لێرەدا گریمانەمان بۆ كردووە كەمتر دەبێتەوە. 9-لە حالەتی خەرجكردنی موچەی مانگی مایس كە تا ئێستا نەدراوە، ئەگەر بۆ پەرلەمان خەرج بكرێت، ئەو كاتە زۆر لەوە زیاتر دەبێت، كە موچەی زیادەی مانگێكی دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتاران دەكاتە (581.600.000) پێنج سەدو هەشتاو یەك ملیۆن و شەشسەد هەزار دینار، بەپێی ئەمەش ئەو كاتە بڕی (3.976.900.000) سێ ملیار و نۆسەد و حەفتاو شەش ملیۆن و نۆسەد هەزار دینار بە نایاسایی بەهەدەر دەچێت، كە پێویستە بگێڕدرێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی. 10-هەندێك لەو ئەندامانەی ناڕازیبوون لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، پێشتر لە كەناڵەكانی راگەیاندنەوە لێدوانیان دابوو كەوا لەدوای (6/11/2022)ەوە موچەكەیان وەرنەگرتووە، ئێمە وەك ئینستتیوتی پەی هیچ بەلگەیەكی فەرمیمان لەبەر دەست نەبووە، هەر بەرێزێك ئەگەر بەڵگەی هەبێت دەكرێ ئاگادارمان بكاتەوە تا بیخەینە روو، بۆ ئەوەی مافی پێشێل نەكرێت. ١١-ئەو پەرلەمانتارانەی پێشتر رایانگەیاندبو گوایە لەدوای (6/11/2022)ەوە مەچەیان وەرنەگرتووە، پرسیارێک دێتە کایەوە ئاخۆ موچەکانیان گێڕدراوەتەوە بۆ سەر خەزێنەی گشتی یاخود خراوەتە سەر ئەژمارەکانیان. کە ئەمە ئەرکی لایەنە پەیوەندیدارەکانە بەدواداچونی بۆ بکەن.      


 (درەو):  ئێران داوای لە پارتی‌و یەكێتیی كردووە، هێزە كوردییەكانی رۆژهەڵات چەك بكەن‌و لە دوو ئۆردوگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێرو سلێمانی جێگیریان بكەن، یان لە هەرێمی كوردستان و عێراق دەربكرێن، هەردوولا رەزامەندن، بەڵام بەر لە جێبەجێكردنی داوایان كردووە قاسم ئەعرەجی بچێتە واشنتۆن‌و ئاگاداریان بكات، بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان روبەڕووی فشاری ئەمریكا نەبێتەوە.  دوو مەرج ! رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان‌و هیوا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای گشتی ئاسایشی هەرێم لەگەڵ قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەردانی تارانیان كرد.  ئەم سەردانە بۆ تاوتوێكردنی دواین رێوشوێنەكانی تایبەت بە ئاسایشی سنورەكان بوو، مەبەست لە ئاسایشی سنور، رێككەوتنێكی ئەمدواییەی عێراق‌و ئێرانە كە ناوی لێنراوە "كۆنوسی ئەمنیی"، رێككەوتنەكە تایبەتە بۆ كۆنترۆڵكردنی سنورەكانی هەرێمی كوردستان بە ئێرانەوە.  چوار رۆژ لەمەوبەرو بەر لەوەی بچێت بۆ تاران، قاسم ئەعرەجی سەردانی سلێمانی كرد‌و لە هەرێمی كوردستانەوە بەرەو ئێران بەڕێكەوت، ئەعرەجی مانگێك پێشتریش بۆ هەمان مەبەست چووە هەولێر.  بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتووە، لە سەردانەكەی تاراندا، عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران كە بەمدواییە لە شوێنی (عەلی شەمخانی) دەستبەكاربووە، دوو داواكاری خستوەتە بەردەم وەفدە ئەمنییە هاوبەشەكەی حكومەتی عێراق‌و هەرێمی كوردستان، كە ئەمانەن:  •    داواكاری یەكەم: هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لەناو خاكی هەرێمی كوردستان چەك بكرێن‌و لە دوو ئۆردوگای سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان لەسنوری سلێمانی‌و هەولێر دابنرێن.  •    داواكاری دووەم: یاخود یەكجاری ئەو حزبانە چەك بكرێن‌و لەناو خاكی هەرێمی كوردستان‌و عێراق بكرێنە دەرەوە.  هیوا ئەحمەد بە نوێنەرایەتی یەكێتیی‌و رێبەر ئەحمەدیش وەكو نوێنەری پارتی گوێیان لە دواین هەڵوێستی ئێران بووە سەبارەت بە چارەنوسی پارتە كوردییەكانی رۆژهەڵات‌و بەپێی زانیارییەكان بە داواكارییەكانی ئێران رازی بوون، بەڵام داوایان كردووە پەلەیان لێ نەكرێت. كوردستان لەنێوان تاران‌و واشنتۆندا بەر لە سەردانەكەی تاران، رێبەر ئەحمەد بە قاسم ئەعرەجی راگەیاند، هەرێمی كوردستان پابەندە بە رێككەوتنی كۆنوسی ئەمنیی نێوان عێراق‌و ئێرانەوە.  سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو)ی راگەیاند، ئێستاو دوای داواكارییەكانی ئێران، پارتی‌و یەكێتیی داوایانكردووە وەفدێكی ئەمنی عێراق سەردانی ئەمریكا بكات‌و لەبارودۆخەكە ئاگاداریان بكاتەوە، بۆ ئەوەی لەحاڵی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی ئێراندا، ئەمریكا فشار لە هەرێمی كوردستان نەكات.  هەمان سەرچاوە ئاشكرایكرد، لەسەر داواكارییەكەی پارتی‌و یەكێتیی، بڕیارە  لە چەند رۆژی داهاتوودا قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەردانی واشنتۆن بكات.  هەرێم‌و نیگەرانییەكانی ئێران لەدوای خۆپیشاندانەكانی ساڵی رابردوو كە بەهۆی كوژرانی كچە كوردێكەوە بەناوی "ژینا ئەمینی" سەریهەڵدا، كۆماری ئیسلامی ئێران دەستیكرد بە بۆردومانكردنی بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان، سەرباری ئەمە هەرێمی تۆمەتبار كرد بەوەی رێگەی داوە لە سنورەكانییەوە چەك بگوازرێتەوە بۆ خۆپیشاندەران لەناو خاكی ئێران، حكومەتی هەرێم لەكاتی خۆیدا ئەم تۆمەتەی رەتكردەوە، بەڵام لەوكاتەوە ئێران فشارێكی تری بۆ كردنەدەرەوەی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەناو هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە.  بەمدواییە كە یادگەی نیشتمانی بارزانی لە دهۆك كرایەوە، بەرپرسانی ئێرانی بەشێوەیەكی كتوپڕ مەراسیمەكەیان بەجێهێشت، ئەمە وەكو ناڕەزایەتییەك بوو دژی بانگهێشتكردنی سەركردەی حزبەكانی رۆژهەڵات بۆ ئەو مەراسیمە.  بەهۆی ئەم نیگەرانییەوە، چەند رۆژێك دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران باڵیۆزی عێراقی لە تاران بانگهێشتكرد‌و ناڕەزایەتییەكەی پێگەیاند، دواتر ئاژانسی "میهر"ی ئێران ئاشكرایكرد، وەفدێكی مەكتەبی سیاسی پارتی سەردانی كونسوڵگەری ئێرانیان كردووە لە هەولێرو بەفەرمی داوای لێبوردنیان كردووە سەبارەت بە رووداوەكەی مەراسیمی كردنەوەی یادگەی بارزانی.  كۆماری ئیسلامی تەنیا لە بوونی هێزەكانی رۆژهەڵات لەناو خاكی هەرێم نیگەران نییە، ناو بەناویش هەرێم تۆمەتبار دەكات بەوەی بووەتە لانەی سیخوڕەكانی ئیسرائیل، رۆژی 13ی ئازاری 2022، تۆپخانەكانی ئێران ماڵی (شێخ باز) بەڕێوەبەری كۆمپانیای (كار گروپ)یان لە هەولێر بۆردومان كرد‌و رایانگەیاند، چەند بەرپرسێكی ئیسرائیلییان لەو شوێنەدا كردوەتە ئامانج. موشەكبارانەكەی ماڵی شێخ باز، پەیوەندییەكانی بارزانی‌و ئێرانی ئاڵۆزتر كرد، بەڵام رۆژی 10ی نیسانی 2022، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لە هەولێر چاویان بە وەفدێكی ئێرانی كەوت كە (حەسەن دانایی فەڕ) باڵیۆزی پێشووی ئێران لە عێراق سەرۆكایەتیی دەكرد، میدیاكانی پارتی ئەم هەواڵەیان لەكاتی خۆیدا شاردەوە، بەڵام كونسوڵگەری ئێران لە هەولێر وێنەی دیدارەكانی بڵاوكردەوە.  ئەوكات ئێرانییەكان لە بارزانی نیگەران بوون، هۆكاری نیگەرانییەكەش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە بارزانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ سەدر كردبوو، كۆماری ئیسلامی ئەمەی بە هەوڵدان بۆ تێكدانی ناو ماڵی شیعەی عێراق وێنا دەكرد، هەروەك لێكدانەوەیان بۆ هاوپەیمانێتییەكە ئەوە بوو گوایا پارتی‌و سوننەكان بەشێكن لە پرۆژەیەكی هەرێمی بۆ پەرتكردنی ناو ماڵی شیعە لە عێراق‌و ئەمەش مەترسی لەسەر ئاسایشی ئێران دروستدەكات، بەڵام بە كشانەوە سەدر لە پرۆسەی سیاسی ئەم گرێیە كرایەوە‌و ئارامی بۆ پەیوەندییەكانی هەردوولا گەڕایەوە.  ئێستا پارتی‌و یەكێتیی هاوبەشن لە حكومەتی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا، كە ژمارەیەك لایەنی شیعەی نزیك لە ئێرانن، بۆیە ئێران زیاتر فشارەكانی لەسەر بوونی هێزەكانی رۆژهەڵات لەناو خاكی هەرێم توندكردوەتەوە.


 درەو: راپۆرتی پێگەی (الطاقة) تائێستا قەیرانی راگرتنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەجێی خۆیەتی, دوای تێپەڕبونی بە كۆمەڵێك ئاڵۆزیدا, كە دیارترینیان, هەڵبژاردنەكانی توركیاو هەوڵەكانی ئەنقەرەیە بۆ سازشكردن بەلایەنی عێراقی و كۆتابهێنان بە سزایەی دادگای ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی پاریس بەسەر توركیادا سەپاندی, كە بە بڕەكەی (1)ملیارو (471) ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت, بەهۆی پێشێلكردنی رێككەوتنی ساڵی (1973)ی نێوان عێراق و توركیا.  بەگوێرەی دەقی رێككەوتنەكە, كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق"سۆمۆ" هەژموونی تەواوەتی دەبێت بەسەر ناردنی نەوت لەڕێی هێڵی عێراق_توركیا, كە توركیا لەساڵی (2014)دا, پێشێلی ئەمەی كرد, كاتێك رێگەیدا نەوتی هەرێم بەبێ‌ رەزامەندی بەغداد هەناردەبكرێت.  نەبیل مەرسومی پسپۆڕی نەوتیی عێراقی دەڵێت: زیانەكانی عێراق لەئەنجامی راگرتنی هەناردەی نەوتی كوردستان و كەركوك لەماوەی دوو مانگی رابردودا, بە نزیكەی (2)ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت, بەهۆی راگرتنی زیاتر لە (470)هەزار بەرمیل نەوتی مانگانە, كە لەو كێڵگانەوە رەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكران, لەڕێی بەندەری جەیهانەوە. كەمكردنەوە لەبایەخی بڕیاڕی ناوبژیوانی  مەرسومی لەلێدوانەكەیدا ئاماژە بەوەدەكات, هەندێك لایەنی توركی هەوڵدەدەن لەبایەخی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی كەمبكەنەوە, پێشبینیشی كردووە, لەكۆتایدا لایەنی توركی ملكەچی بڕیاڕەكەی دادگا ببێت, بەڵام لەگەڵ هەندێك دەستی دەستی كردن, بۆ فشاركردن لەعێراق لەپێناو بەدەستهێنانی سازشكردن.  ئەو پسپۆڕەی بواری نەوت پێشیوایە, سێ‌ هۆكار هەن توركیا ناچاردەكەن پابەندی بڕیاڕەكەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی ببێت: یەكەم: بڕیارەكانی دادگای كۆتایی و پابەندكەرن و دەبێت جێبەجێبكرێن لەلایەن هەردوو لایەنی ناوبژیوانیەكە.  دووەم: هەوڵی توركیا بۆ ئەوەی رێڕەوێكی ئارام و باوەڕپێكراوی هێڵی بۆری نەوت و غازبێت, كە ئەوەش وادەكات گوێڕایەڵبوونی بۆ بڕیارەكانی ناوبژیوانی و جێیەجێكردنی كارێكی گرنگ بێت بەو ئاڕاستەیە. سێیەم: توركیا لەو وڵاتانەیە كە واژوی لەسەر رێككەوتنی لیستی وزە كردووە, كە تێپەڕبونی بۆری نەوت و غاز و ناوبژیوانیكردن لەباریەوە, گرنگترین خاڵەكانێتی.  هەوڵەكانی توركیا بۆ فشاركردن لە عێراق دكتۆر نەبیل مەرسومی دەڵێت: حكومەتی توركیا لە ئێستادا بە هەموو توانایەوە كاردەكات بۆ سود وەرگرتن لەڕێككەوتنی پێشوی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان, بۆ ئەوەی زۆرترین بڕی ئەو سزایەی سەپاوە بەسەریدا بیخاتە ئەستۆی هەرێم, رەنگە رێككەوتنێكی نا راگەیەندراویش هەبێت لەنێوان حكومەتی توركیاو هەرێم لەو بارەیەوە. دەشڵێت: توركیا هەواڵی سازشكردن بە عێراق دەدات, لەنمونەی كەمكردنەوەی قەبارەی سود لەسەر ئەو پارەی قەربووەی بڕیارە بیدات بەعێراق, یاخود زامنكردنی بەردەوامیی ئەو پارە زۆرەی كە لەهەرێمی كوردستانی وەردەگرت وەك (رسومات)ی تێپەڕبونی نەوت, پێش دەرچونی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی و نەگەڕانەوەی بۆ رسوماتەكانی پێشوو, كە (1)دۆلارو (12)سەنت بووە بۆ هەر بەرمیلێك نەوتی عێراق كە بە بۆری توركیادا تێپەڕیووە. توركیا رەنگە پەنابباتە بەر راكێشانی بۆریەكی نوی لەخاكی توركیاوەو تەرخانی بكات بۆ نەوتی هەرێم, كە ملكەچی رێككەوتنی ئێستای هێڵی بۆری نەوت نەبێت لەگەڵ عێراق, ئەنقەرە هەوڵی ئەوەش دەدات بانكێكی توركی بۆ گلدانەوەی داهاتی هەناردەكراوی نەوتی هەرێم دیاریبكات, یاخود بۆری نەوت لەڕێی سوریاوە رابكێشێت.   بەوتەی ئەو پسپۆڕە, رەنگە عێراقیش هەوڵی زیندوكردنەوەی هێڵی كەركوك و بەنی یاسر بدات, بەڵام توركیا هەوڵی دروستكردنی بەربەست دەدات بۆی, بگرە ئەگەر هەیە پەناش ببات بۆ بەكارهێنانی شێوازی تری فشاركردن لەسەر عێراق, كە رەنگە سیاسیبێت, یاخود لەڕێی دۆسیەی ئاوەوە. هەڵبژاردنەكانی توركیا مەرسومی رونیدەكاتەوە, هەڵبژاردنی توركیا رۆڵی هەبوو لەدواخستنی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهان, بەهۆی ئەوەی ئەم دۆسیەیە لەچاوەڕوانی ئەوەدا بوو, كێ‌ دەچێتە كۆشكی كۆماری و بۆچونی بۆ رێككەوتن لەگەڵ لایەنی عێراقی چۆن دەبێت.  توركیا لەهەوڵی دیراسەكردنی ئەو زیانانەشدایە كە بەر هیڵی بۆری نەوتی عێراقی توركی كەتووە, بەهۆی ئەو بومەلەرزەیەی زستانی ئەمساڵ لەو وڵاتەی دا, بڕوای خۆشی پیشانداوە بەوەی حكومەتی داهاتوی توركیا, بتوانێت چارەسەری قەیرانی نەوتی كوردستان بكات لەگەڵ حكومەتی عێراق.  ئەو پسپۆڕە عێراقیە ئاماژەی بەوەشداوە, كۆمەڵێك بژاردە لەبەردەست بەغداددایە, لەپێشیانەوە, گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانە بۆ پاڵاوتگەكانی باكور, بەتایبەت كەركوك و زیادكردنی توانای هەناردەكردن لەباشورەوە. مەرسومی جەختیشكردووە: عێراق لەئێستادا پارەیەكی زۆر لەدەستنادات بە بەراورد بەو بڕەی لە بودجە بڕیاری لێدراوە, بەهۆی كۆتوبەندەكانی (ئۆپێك+) كە پشكی بەرهەمهێنانی عێراقی بە رێژەی (430) بەرمیلی رۆژانە كەمكردووەتەوە, ئەوەش وایكردووە هەناردەكردنی نەوتی عێراق هاوتای ئەو ژمارانەبێت كە لەبودجەدا هاتووە.  ئومێدی خۆشی پیشانداوە بەوەی, ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق بگاتە زیاتر لە (3) و (700)هەزار بەرمبل نەوتی رۆژانە, دوای دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان. مەرسومی ئاشكراشیكردووە: عێراق لەئێستادا هەوڵی زیندوكردنەوەی سێ‌ هێڵی نوێ‌ دەدات, لەوانە: - هێڵە كۆنەكەی لەگەڵ سوریا. - هێڵە كۆنەكەی لەگەڵ سعودیە. - خستنەكاری بۆری نەوتی بەسرە_عەقەبە بۆ گواستنەوەی یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە.  هەروەها هەوڵی پەرەدان بەتوانای هەناردەكردن دەدات لەڕێی ئاوەوە, لەپێناو زیادكردنی بڕێكی زۆرتر لەهەناردەكردنی نەوت, یەتایبەت دوای بەردەوامبونی راگرتنی نەوتی عێراق لەڕێی بەندەری جەیهانی توركیەوە. سەرچاوە: پێگەی الطاقة


 (درەو): مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەوەدایە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی  درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان رەتبكرێتەوە، نایەوێت ئەمە ببێت بە پێشینەیەك بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەو دادگایە بڕیاری تر بەسەر هەرێمدا بسەپێنێت، مەسرور بارزانی داوا دەكات تا دوای پەسەندكردنی بودجەی 2023ی عێراق پارتی هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕیارەكەی دادگا یەكلانەكاتەوە، نێچیرڤان بارزانیش لەگەڵ ئەوەدایە مامەڵە لەگەڵ بڕیارەكە بكرێت‌و كۆمسیۆنی عێراق هەڵبژاردنی كوردستان بەڕێوەببات "هەڵبژاردنی پێشوو كۆمسیۆنی عێراق كردی و پارتی زۆرترین دەنگ و كورسی هێنا".    بارزانی دژی بڕیارەكەی دادگایە ! دوێنێ مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كۆبووەوە، جێگرانی سەرۆكی پارتی (نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی) بەشداربوون لە كۆبونەوەكەدا.  ئەم كۆبونەوەیە كە دوێنێ بەڕێوەچوو، بۆ تاوتوێكردنی لێكەوتەكانی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بوو سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو پارتی دەست (درەو) كەوتوون، لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتیدا، مەسعود بارزانی سور بووە لەسەر ئەوەی دەبێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كوردستان هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان بەڕێوەببات، ئەمە پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵییە كە دانیشتنی رۆژی 22ی مانگی رابردووی پەرلەمانی بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆنەكەی كوردستان هەڵوەشاندوەتەوە.  (درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتیدا، مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەوەدا بووە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان رەتبكرێتەوە، بەڵام مەسرور بارزانی داوایكردووە، پەلە نەكەن لە وەڵامدانەوەی توندی دادگای فیدراڵی تا ئەوكاتەی بودجەی 2023ی عێراق پەسەند دەكرێت‌و پشكی هەرێم تێدەپەڕێت، لەم نێوەندەدا نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەوەدا بووە مامەڵە لەگەڵ بڕیارەكەی دادگادا بكرێت، بۆ ئەمەش نێچیرڤان بارزانی بەڵگەی ئەوەی هێناوەتەوە كە هەڵبژاردنەكانی پێشتری هەرێمی كوردستان هەر لەلایەن كۆمسیۆنەكەی عێراقەوە بەڕێوەبراوە‌و پارتیش براوە بووە. ئەگەر پارتی بۆچونەكەی نێچیرڤان بارزانی پەسەند بكات‌و مامەڵە لەگەڵ بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بكات، دەبێت نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم بە فەرمی نوسراوێك ئاڕاستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكات‌و تێیدا داوایان لێ بكات لە وادەی دیاریكراودا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەببەن.  بەڵام لەبەرامبەردا، مەسعود بارزانی وەكو سەرۆكی پارتی وای دەبینێت ئەگەر پابەندی بڕیاری دادگای فیدراڵی ببن، بۆ هەموو كەیسێكی تر دادگاكە بڕیاری خۆی بەسەر هەرێمدا دەسەپێنێت‌و ئەمە دەبێت بە بنەما، بەتایبەتیش كە پێشتر لە بەیاننامەیەكدا خۆی دادگاكەی بە (محكمە الپورە)ی پێشووی بەعس ناوبردووە. یەكێك لە بڕیارەكانی كۆبونەوەی دوێنێی مەكتەبی سیاسی پارتی ئەوە بوو، جارێ بەرپرسانی پارتی خۆیان لە هەر لێدوانێك سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بپارێزن تا ئەوكاتەی پارتی بەتەواوەتی هەڵوێستی خۆی لەوبارەیەوە یەكلادەكاتەوە.  پارتی پابەند دەبێت ؟ پێشبینی دەكرێت، دوای تێپەڕینی بودجەی 2023 لە پەرلەمانی عێراق، هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان یەكلابكاتەوە. دوای كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسیی، ئەمڕۆ فوئاد حسێن ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی لە بەغداد سەردانی دادوەر جاسم محەمەد عەبود سەرۆكی دادگای فیدراڵی كرد، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لەبارەی چۆنیەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كوردستان پرس‌و راوێژی لەگەڵ سەرۆكی دادگا كردووە.   لەلایەكی ترەوە، پابەندبوون بە بڕیاری دادگای فیدراڵی  وا دەكات لە داهاتوودا هەرێمی كوردستان جارێكی تر نەتوانێت لە هیچ بارودۆخێكدا تەمەنی پەرلەمان درێژبكاتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە لە 31 ساڵی رابردوودا بەهۆی بارودۆخی شەڕی ناوخۆیی‌و ناكۆكییە سیاسییەكانەوە (8) جار تەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژكراوەتەوە. بەهۆی ئەوەی ئێستا سیستمی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان پەرلەمانییە، هەر  جۆرە درێژكردنەوەیەكی تەمەنی پەرلەمان بەواتای درێژكردنەوەی تەمەنی سەرۆكی هەرێم‌و كابینەی حكومەتیش دێت، چونكە سەرۆكی هەرێم‌و كابینەی حكومەت لەناو پەرلەمانەوە متمانەیان پێدەدرێت. 


شیكاری: درەو: # لە ساڵی (1992) (ملیۆنێک و 112 هەزار) کەس مافی دەنگدانی هەبووەو یەکێتی (423 هەزار) دەنگی بە ڕێژەی (38%) کۆی گشتی دەنگدەرانی بەدەستهێناوە. # لە دواهەڵبژاردندا بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (3 ملیۆن و 486 هەزار) كەس مافی دەنگدانی هەبووە، یەکێتی (215 هەزار) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی (17%)ی کۆی گشتی دەنگدەران،  لە سێ پارێزگاکەی هەرێم، واتا لە نێوان 1992 -2021 یەكێتی بەنزیكەی (50%)ی دەنگەكان كەمیكردووە # ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە یەکەم هەڵبژاردنەوە تا دوا هەڵبژاردنی گشتی بە ڕێژەی (214%) زیادیان کردووە، بەڵام یەکێتی نیشتمانی کوردستان (208 هەزار و 517) دەنگی بە ڕێژەی (49%) کەمی کردووە. # لەیەكەم هەڵبژاردندا یەكێتی لە سلێمانی (207 هەزارو 168) دەنگ بەرێژەی (%60) دەنگی بەدەستهێنابوو، لە دوایین هەڵبژاردندا (124 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (32%) بەڵام لە (8%)ی دەنگی ئەو كەسانەی هێناوە كە مافی دەنگدانیان هەبووە . # لەیەكەم هەڵبژاردندا یەكێتی لە هەولێر (148 هەزار) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی (44%)، لەدوایین هەڵبژاردندا یەکێتی  لە هەولێر (65 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (15%) بەڵام لە (4%)ی دەنگی ئەو كەسانەی هێناوە كە مافی دەنگدانیان هەبووە  # لە دوای ساڵی (1992)ەوە لە هەرێمی کوردستان (12) هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوەچووەو یەکێتی بەشداری سەرجەمیانی کردووە. # یەکێتی (3) جار بە شێوەی هاوپەیمانی و (9) جار بە لیستی سەربەخۆ بەشداری کردووە.    پێگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا پوختە؛ لە ساڵی (1992)ەوە (12) هەڵبژاردنی گشتی (پەرلەمانی کوردستان، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان)، بەڕێوە چووە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سەرجەم هەڵبژاردنەکان بەشداری کردووە، کە لە (9) هەڵبژاردنیان بە لیستی سەربەخۆ و (3) هەڵبژاردنیان بەشێوەی هاوپەیمانی چووتە نێو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی لە سێ پارێزگاکەی هەرێم مافی دەنگدانیان هەیە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان نەک نەیتوانیوە بە هەمان ئاست ژمارەی دەنگەکانی بەرز بکاتەوە، بەڵکو بە ڕێژەیەکی گەورە دەنگەکانی دابەزیوە، بۆ نمونە لە هەڵبژاردنی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە (19/5/1992) بەڕێوەچوو (ملیۆنێك و 112 هەزار) كەس مافی دەنگدانی هەبووە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان (423 هەزارو 833) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (38%) کۆی گشتی دەنگدەران.  بەڵام لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (10/10/2021) بە ڕێوەچوو، لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی كوردستان توانیویەتی تەنها (215 هەزارو 316) دەنگ بەدەستبهێنێت بەرێژەی (6%)ی کۆی گشتی دەنگدەران. بەم پێیەش ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە هەرێمی کوردستان لە یەکەم هەڵبژاردنەوە تا دوا هەڵبژاردنی گشتی بە ڕێژەی (214%) زیادی کردووە، بەڵام یەکێتی نیشتمانی کوردستان (208 هەزار و 517) دەنگی بەڕێژەی (49.2%)ی دەنگەکانی کەمی کردووە ، (بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە خشتەو چارتی ژمارە (1))، لە خوارەوە پێگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سەرجەم هەڵبژاردنە گشتییەکان ڕوونکراوەتەوە. خشتەی ژمارە (1) پێگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا چارتی ژمارە (1) تێبینی؛ لە خولی دووەم و سێیەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و خولی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەکێتی لەگەڵ لایەنی دیکە لە هاوپەیمانیدابووە، بۆیە ژمارەو ڕێژەی دەنگەکانی ئاماژەی پێ نەدراوە. یەکەم؛ هەڵبژاردنی خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان 1.    خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان لە 19/5/1992 بەرێوەچوو. 2.    ( ملیۆنێك و 112 هەزار) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3.    (971 هەزارو 593) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (87%). 4.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان زەحمەتکێشان لە لیستێکدا بەشداریان کردوو (423 هەزارو 833) دەنگیان بەدەستهێنا. -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی (207 هەزارو 168) دەنگ بەرێژەی (%59.9) -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای هەولێر (148 هەزارو 352) دەنگ بەرێژەی (44.4%) -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای دهۆك (15 هەزارو 148) دەنگ بەرێژەی (7.7%) -    دەنگی یەکێتی لە سنوری كەركوك (53 هەزارو 129) دەنگ بەرێژەی (60.3%) چارتی ژمارە (2) دووەم؛ هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان 1.    خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان لە 30/1/2005 بەرێوەچوو. 2.    ( 2 ملیۆن و 290 هەزارو 736) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3.    (ملیۆنێك و 753  هەزارو 919) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (75.6%) 4.    سەرجەم حزبەكان جگە لە (كۆمەڵی ئیسلامی) لەچوارچێوەی لیستی (نیشتمانی دیموكراتی كوردستان) بەشدار بوون كە (ملیۆنێك و 570 هەزارو 663) دەنگیان بەدەستهێناو (104) كورسی پەرلەمانیان مسۆگەر كرد. سێیەم؛ هەڵبژاردنی خولی یەکەمی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی کوردستان 1.    هەڵبژاردنی خولی یەکەمی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 30/1/ 2005 بەڕێوەچوو. 2.    ( 2 ملیۆن و 290 هەزارو 736) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3.    (ملیۆنێك و 753 هەزارو 919 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (75.6%) 5.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان (765 هەزارو 544) دەنگی بەدەستهێنا، بە جۆرێک؛ -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی (485 هەزارو 718) دەنگ بەرێژەی (65.9%)  -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای هەولێر (244 هەزارو 343) دەنگ بەرێژەی (37.7%) -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای دهۆك (35 هەزارو 483) دەنگ بەرێژەی (9.3%) چارتی ژمارە (3) چوارەم؛ هەڵبژاردنی خولی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 1.    هەڵبژاردنی خولی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 30/1/2005 بەرێوەچوو. 2.    (2 ملیۆن و 290 هەزارو 736) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3.    (ملیۆنێك و 753  هەزارو 919) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (75.6%) 4.    سەرجەم حزبەكان جگە لە (كۆمەڵی ئیسلامی) لەچوارچێوەی لیستی (هاوپەیمانی كوردستان) بەشدار بوون كە (2 ملیۆن  و 175 هەزارو 551) دەنگیان بەدەستهێنا و (75) كورسی پەرلەمانیان مسۆگەر كرد. پێنجەم؛ هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان 1.    هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان لە 25/7/2009 بەرێوەچوو. 2.    ( 2 ملیۆن و 518 هەزارو 773) كەس مافی دەنگدانی هەبووە 3.    (ملیۆنێك و 876  هەزارو 196) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (74.5%) 4.    یەکێتی و پارتی لە چوارچێوەی لێستێكدا بەناوی (لیستی كوردستانی) بەشدارییان كردوو (ملیۆنێك و 76 هەزارو 370) دەنگیان بەدەستهێناو (59) كورسی پەرلەمانیان مسۆگەر كرد. شەشەم؛ هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 1.    هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 7/3/ 2010 بەڕێوەچوو. 2.    (2 ملیۆن و 590 هەزارو 274) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3.    (ملیۆنێك و 938 هەزارو 754 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (74.8%) 4.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان (396 هەزارو 237) دەنگی بەدەستهێنا، بە جۆرێک؛ -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی (237 هەزارو 379) دەنگ بەرێژەی (28.47%) -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای هەولێر (124 هەزارو 632) دەنگ بەرێژەی ( 18.3%) -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای دهۆك (34 هەزارو 226) دەنگ بەرێژەی ( 8.06%) چارتی ژمارە (4) حەوتەم؛ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان 1.    هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان لە 21/9/2013 بەرێوەچوو. 2.    (2 ملیۆن و 803 هەزارو 283) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3.    (ملیۆنێك و 950  هەزارو 130) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (74%) 4.    هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەیەك بازنە بەرێوە چوو. 5.     یەکێتی نیشتمانی كوردستان (350 هەزارو 500) دەنگی بەدەستهێناو (18) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر كرد. هەشتەم؛ هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 1.    هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 30/4/2014 بەڕێوەچوو 2.    ( 2 ملیۆن و 717 هەزارو 82) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3.    (2 ملیۆن و 128 هەزارو 167 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (78%). 4.    یەکێتی نیشتمانی كوردستان (500 هەزارو 410) دەنگی بەدەستهێنا، بە جۆرێک؛ -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی (294 هەزارو 265) دەنگ بەرێژەی (33%) -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای هەولێر (168 هەزارو 688) دەنگ بەرێژەی (23%) -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای دهۆك (37 هەزارو 457) دەنگ بەرێژەی (7%) چارتی ژمارە (5) نۆیەم؛ هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگاكان  1.    هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 30/4/2014 بەڕێوەچوو. 2.    ( 2 ملیۆن و 717 هەزارو 82) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3.    (2 ملیۆن و 161 هەزارو 38 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (80%) 4.    یەکێتی نیشتمانیی كوردستان (528 هەزارو 122)دەنگی بەدەستهێنا ، بە جۆرێک؛ -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی (318 هەزارو 723) دەنگ بەرێژەی (35.2%) -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای هەولێر (168 هەزارو 603) دەنگ بەرێژەی (22%) -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای دهۆك (40 هەزارو 796) دەنگ بەرێژەی ( 8.1%) چارتی ژمارە (6) دەیەم؛ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  1.    هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12/5/2018 بەڕێوەچوو. 2.    (3 ملیۆن و 758 هەزارو 896) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3.    (ملیۆنێك و 795 هەزارو 686 ) كەس دەنگیاندا  4.    یەکێتی نیشتمانیی كوردستان (364 هەزارو 638) دەنگی بەدەستهێنا. بەجۆرێک؛ -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی (259 هەزارو 378) دەنگ بووە. -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای هەولێر (79 هەزارو 745) دەنگ بووە. -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای دهۆك (25 هەزارو 215) دەنگ بووە. چارتی ژمارە (7) یانزە؛ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان 1.    هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە 30/9/2018 بەڕێوەچوو. 2.    ( 3 ملیۆن و 85 هەزارو 461) كەس مافی دەنگدانی هەبووە 3.    (1 ملیۆن و 845 هەزارو 979 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (59%) 4.    هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەیەك بازنە بەرێوە چوو. 5.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (319 هەزارو 912) دەنگی بەدەستهێنا و (18) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر كرد. دوانزە؛ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران (خولی پێنجەم) 1.    هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران (خولی پێنجەم) لە 10/10/2021 بەڕێوەچوو 2.    (3 ملیۆن و 486 هەزارو 787) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3.    (1 ملیۆن و 232 هەزارو 897 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (35.4%) 4.    یەکێتی نیشتمانی كوردستان (215 هەزارو 316) دەنگی بەدەستهێنا، بەجۆرێک؛ -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی (124 هەزارو 414) دەنگ بەرێژەی (31.6%) -    دەنگی یەکێتی  لە پارێزگای هەولێر (65 هەزارو 862) دەنگ بەرێژەی (14.8%) -    دەنگی یەکێتی  لە پارێزگای دهۆك (25 هەزارو 40) دەنگ بەرێژەی (6.3%) چارتی ژمارە (8) * هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانیەكان لە ساڵی 2000 لە دەڤەری سلێمانی و لە 2001 لە دەڤەری هەولێر بەڕێوەچوو


راپۆرت: درەو لەماوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەماندا (6) كەس وەكو ئەندامی پەرلەمان سوێندی یاساییان خواردووە، ئەمانە بەبڕیاری دادگای فیدراڵی سوێنەكەیان هەڵوەشایەوە‌و موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاریش نایانگرێتەوە. هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان گۆڕانكارییە وەزارییەكانی پارتی‌و یەكێتیی لە حكومەت رادەگرێت، لەدوای رادەستكردنی نەوت، هەرێمی كوردستان پرۆسەی هەڵبژاردنیشی رادەستی عێراق كرد، بڕیاری دادگای فیدراڵی لەوەدا لە سودی یەكێتییە كە كۆمسیۆنی عێراق هەڵبژاردن بەڕێوەببات، پارتیش لەوەدا براوە دەبێت هەڵبژاردن بە یاسا كۆنەكە دەكرێت، یەك بازنەیی وەكو خۆی دەمێنێتەوە‌و كورسی كۆتاكانیش بەشی سلێمانی لێنادرێت. وردەكاری لێكەوتەكانی بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی لەم راپۆرتەدا.  پەرلەمانی درێژكراوە هەڵوەشایەوە نزیكەی 15 مانگ مشتومڕو ناكۆكی پارتی‌و یەكێتیی لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، بە هەڵوەشاندنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمان كۆتایی هات، بەبێ ئەوەی پەرلەمانی ماوەدرێژكراوە بتوانێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كارا بكاتەوە‌و یاسای هەڵبژاردن هەموار بكات.  دوای زیاتر لە 5 مانگ دانیشتنی دادبینی‌و دواخستن، دواجار ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایانە راگەیاند كە لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان تۆماركرابوون.  دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندەوە، بەمەش هەموو ئەو یاساو بڕیارانەی لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە دەرچوون، هەڵدەوەشێنەوە.  سكاڵاكارەكانی كەیسی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لەبەردەم دادگای فیدراڵی بریتی بوون لە هەریەكە لە (یوسف محەمەد) سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان‌، (شاسوار عەبدولواحید) سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌، (سروە عەبدولواحید) سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق‌و (كاوە عەبدولقادر) سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان.  یەكەم دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی ئەم كەیسە لە رۆژی 18ی كانونی یەكەمی 2022 بەڕێوەچوو، تێیدا دادگای فیدراڵی هەموو سكاڵاكانی یەكخست. واتا زیاتر لە پێنج مانگە ئەم كەیسە لەبەردەم دادگادا بوو‌. دواین دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی كەیسی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 29ی ئازاری رابردوودا بەڕێوەچوو، ئەمە شەشەم دانیشتنی دادبینی بوو، تێیدا دادگا كۆتایی بە دادبینییەكان هێناو رۆژی 3/5/2023ی دیاریكرد بۆ دەركردنی بڕیار، بەڵام بۆ وەرگرتنی بۆچوونی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، دادگای فیدراڵی جارێكی تر دەرگای دادبینی لە رۆژی 24ی ئەم مانگەدا كردەوە‌و بڕیاری كۆتایی خۆی بۆ ئەمڕۆ دواخست. وەرگرتنی قسەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بۆ ئەوە بوو، دەرەچە لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە كوردستان بكرێتەوە ئەگەر هاتوو دادگا بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان.  لەگەڵ پەرلەمانی شتی تریش هەڵوەشایەوە ! بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، هەموو ئەو یاسا‌و بڕیارانە دەگرێتەوە كە لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە دەرچوون.  رۆژی (6ی تشرینی دووەمی 2022) تەمەنی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات، واتا لەدوای ئەم رێكەوتەوە هەموو ئەو یاساو بڕیارانەی كە لە پەرلەمانەوە دەرچوون، بە پوچەڵ ئەژماردەكرێن، كە دیارترینیان ئەمانەن:  •    یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2022 یاسای پەروەردەو فێركردن لە هەرێمی كوردستان-عێراق •    یاسای ژمارە (14)ی ساڵی 2022 یاسای ڕێكخستنی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵی‌و بێلانەكان •    یاسای ژمارە (15)ی ساڵی 2022 یاسای بەركاركردن‌و هەمواری پیادەكردنی یاسای واژۆی ئەلیكترۆنی‌و مامەڵە ئەلیكترۆنییەكان ژمارە (78)ی ساڵی 2012 لە هەرێمی كوردستان-عێراق •    یاسای ژمارە (16)ی ساڵی 2022 یاسای هەمواری پیادەكردنی یاسای بەڕێوەبردنی ئەوقافی عێراقی ژمارە (64)ی ساڵی 1966ی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان-عێراق •    یاسای ژمارە (17)ی ساڵی 2022 یاسای هەمواری یەكەمی یاسای ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (14)ی ساڵی 2008 •    بڕیاری ژمارە (10)ی تایبەت بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی لە هەرێمی كوردستان  دەستلەكاركێشانەوە‌و سوێندخواردن سەرباری هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانەی لەماوەی درێژكراوەی تەمەنی پەرلەمان دەرچوون، هەموو ئەو دەستلەكاركێشانەوە‌و سوێندخواردنانەی پەرلەمانتارانیش بە هەڵوەشاوە ئەژماردەكرێت كە لەماوەی درێژكراوەی تەمەنی پەرلەماندا كراون.  لەماوەی درێژكراوەی پەرلەماندا، ژمارەیەك پەرلەمانتار دەستیانلەكاركێشایەوە، كە ئەمانەن:  -    شایان عەسكەری  -    عەلی حەمەساڵح  -    كازم فاروق -    شێركۆ جەودەت- یەكگرتوو -    هلز ئەحمەد- یەكگرتوو -    ئەبوبەكر هەڵەدنی- یەكگرتوو -    سەرچنار ئەحمەد- یەكگرتوو  -    ئیسماعیل سگێری- یەكگرتوو  ژمارەیەك پەرلەمانتاری نوێ لە شوێنی دەستلەكاركێشاوەكان سوێندی یاساییان خوارد، بڕیاری ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی سوێندەكەی هەڵوەشاندنەوە، بەم پێیە ئەم كەسانە نابن بە پەرلەمانتارو موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاریش نایانگرێتەوە، ئەو كەسانە ئەمانەن:  -    سۆز عەبدولقادر- لیستی گۆڕان  -    دلێر عەبدولخالق- لیستی گۆڕان   - مەهدی خاكی- لیستی نەوەی نوێ - عەبدوڵا وەرتی- لیستی بەرەو ئیسڵاح (بزوتنەوەی ئیسلامی) -    لەیلا عەلی عەبدولعەزیز-  لیستی بەرەو ئیسڵاح (بزوتنەوەی ئیسلامی) -    بێریڤان فەقی ئیسماعیل- لیستی بەرەو ئیسڵاح (یەكگرتوو بوو، وازی هێنا‌و بوو بە پەرلەمانتار)  كێ هەڵبژاردن لە كوردستان بەڕێوەدەبات ؟ رۆژی 22ی ئەم مانگە پارتی دیموكراتی كوردستان بەبێ رەزامەندی یەكێتیی نیشتمانی‌و لایەنەكانی تر، درێژەی بە كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستاندا، تێیدا زۆرینەی بەكارهێناو كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی كوردستانی كاراكردەوە، ئەم بڕیارە لەلایەن وەزارەتی دادەوە لە رۆژنامەی "وەقایع"ی كوردستان بڵاوكرایەوە. پەلەكردنی پارتی بۆ ئەوە بوو، پێش بڕیاری دادگای فیدراڵی بكەوێت‌و كۆمسیۆن كارا بكاتەوە، بەڵام بەگوێرەی بڕیاری ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی، كۆبونەوەی 22ی ئەم مانگەی پەرلەمانی كوردستان بە هەڵوەشاوە ئەژمار دەكرێت، واتا دادگای فیدراڵی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی هەڵوەشاندەوە، چونكە دادگا لە حوكمەكەیدا دەڵێ: هەموو ئەو یاساو بڕیارانەی لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە دەرچوون، پوچەڵن.  ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی لە بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانی شكایەوە، چونكە یەكێتیی دژی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان بوو، سەرۆكی پەرلەمان (رێواز فایەق) كە سەربە یەكێتییە، دانیشتنەكەی 22ی مانگی هەڵگرت، بەڵام هێمن هەورامی جێگری كە سەربە پارتییە، درێژەی بە دانیشتنەكەدا، ئەمە ناكۆكییەكی تری لەنێوان پارتی‌و یەكێتیی دروستكرد.  بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی گورزێكیش بوو كە بەر ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان كەوت وەكو دەسەڵاتی سێیەم لەئاستی هەرێم، چونكە رۆژی یەكشەممەی ئەم هەفتەیە، ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم سەرباری دژایەتی سەرۆكی پەرلەمان، نوسراوی هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی جێبەجێكردو لەسەر ئەو بنەمایە سوێندخواردنی دوو ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی پەسەند كرد، بۆ پەسەندكردنی بڕیارەكەی هێمن هەورامی، ئەنجومەنی دادوەریی تەنانەت نیسابی یاسایی خۆشی شكاند. ئێستا كە ئیتر دادگای فیدراڵی پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندوەتەوە بە كۆبونەوەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیشەوە، سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان رادەستی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكرێت.  بەر لەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایی خۆی دەربكات، یەكێتیی بەپێی رێككەوتنێك كە لەگەڵ پارتی كردبووی، داوای دەكرد كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان‌و هەمواری یاسای هەڵبژاردن پێكەوە لە یەك رۆژدا لە پەرلەمان ئەنجام بدرێن.  پارتی‌و یەكێتیی لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان بە هەمان پێكهاتەی خۆیەوە رێككەوتن، بەڵام لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن بەدیاریكراویش لەسەر بابەتی چۆنیەتی دابەشكردنی (11) كورسییەكەی "كۆتا"ی پێكهاتەكان ناكۆك بوون، ئەم ناكۆكییە درێژەی كێشا تا ئەوكاتەی دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە.  سەرباری ئەوەی بە فەرمی هیچ قسەیەكی لەوبارەیەوە نەكردووە، بەڵام یەكێتیی دڵخۆشە بەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق پرۆسەی هەڵبژاردن لە كوردستان بەڕێوەببات، بەتایبەتیش كە بەمدواییە دادوەرێكی خەڵكی سلێمانی كراوە بە سەرۆكی كۆمسیۆنەكەی عێراق. بەكام یاسا هەڵبژاردن دەكرێت ؟ ئەگەر هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە لەو بابەتەدا بە سودی یەكێتیی نیشتمانی شكابێتەوە كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێم بەڕێوەببات، ئەوا لەبەرامبەردا لەوەدا بە زیانی یەكێتیی دەشكێتەوە كە هەڵبژاردنەكە دەبێت بە یاسای پێشووی هەڵبژاردنەكان بكرێت.  لەماوەی 15 مانگی رابردوودا یەكێتیی چووە ناو كێشمەكێشێكی زۆرەوە لەگەڵ پارتی لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی كوردستان، لەم كێشمەكێش‌و دانوستانانەدا پارتی قایل كرد بەوەی هەڵبژاردن بەشێوەی "فرە بازنە" بەڕێوەبچێت، سەرباری ئەمە لە پرسی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكاندا، لەكۆی (11) كورسی پەرلەمان داوای دەكرد (4) كورسی بدرێت بە سنوری سلێمانی، لەسەر ئەم بابەتە تاڕادەیەك گەرەنتی بەدەستهێنانی (2) كورسی كۆتاكانی كرد.  بەڵام ئێستا كە دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندوەتەوە بەبێ ئەوەی پەرلەمان یاسای هەڵبژاردنی هەمواركردبێتەوە، ئیتر دەبێت بۆ سازدانی هەڵبژاردن پەنا بۆ یاسا كۆنەكەی هەڵبژاردن ببرێت، ئەمەش لە بەرژەوەندی پارتییە، بەتایبەتیش كە یاساكە شێوازی (یەك بازنە)ی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە كوردستان دیاریكردووە، ئەم شێوازە یەكێتیی‌و زۆرینەی لایەنەكانی دژی بوون، چونكە پێیانوابوو لە شێوازی (یەك بازنە)یدا پارتی دەتوانێت جارێكی تر (زۆرینە) لەناو پەرلەمانی كوردستان دروست بكات. سەرباری ئەمە، بەپێی یاسای هەڵبژاردن بەبێ هەموار، 11 كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان وەكو خۆی لە سنوری هەولێرو دهۆكدا دەمێنێتەوە‌و هیچ كورسییەكی بە سلێمانی‌و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیی نادرێت.   یەكێتیی لەم مانگەدا لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سێ سكاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان تۆماركردووە، هێشتا دانیشتنی دادبینی لەسەر ئەم سكاڵایانە بەڕێوەنەبردووە، رەنگە ئەمە هەندێك كێشە دروست بكات، هەرچەندە ئیتر پەرلەمانێك نەماوە بۆ ئەوەی یاسای هەڵبژاردن هەمواربكاتەوە بەوشێوەی كە یەكێتیی دەیەوێت.  هەڵبژاردن دەكرێت ؟ رۆژی 24ی شوباتی 2022 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی 2022ی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد، لە ئایار بۆ ئابی 2022 لایەنە سیاسییەكان بەدیاریكراویش (پارتی‌و یەكێتیی) چونە ناو زنجیرەیەك كۆبونەوە بۆ رێككەوتن لەسەر سازدانی هەڵبژاردن، بەڵام رێكنەكەوتن، بەمشێوەیە سازدانی هەڵبژاردنی لە رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی 2022دا لەبارچوو.  رۆژی (6ی تشرینی دووەمی 2022) تەمەنی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات. نزیكەی مانگێك بەر لە تەواوبوونی تەمەنی یاسایی خۆی، پەرلەمان لە رۆژی 9ی تشرینی یەكەمی 2022دا لە دانیشتنێكدا بۆ ماوەی (یەك ساڵ) تەمەنی خۆی درێژكردەوە. بەدەنگی (80) پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكانی (پارتی، یەكێتی، هەشت پەرلەمانتاری گۆڕان، پێكهاتەكان) تا كۆتایی وەرزی پایزەی 2023 تەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژكرایەوە.  درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بەبەهانەی ئەوە بوو بۆشایی یاسایی دروست نەبێت تا ئەوكاتەی لایەنەكان لەسەر هەڵبژاردن دەگەنە رێككەوتن، درێژكردنەوەیەك كە عاقیبەتی باش نەبوو، دادگای فیدراڵی هەڵیوەشاندەوە. 26ی مانگی ئازاری ئەمساڵ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بۆ جاری دووەم وادەی هەڵبژاردنی دیاریكردەوە، ئەمجارە رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی دیاریكرد، ئەم وادەیەش لەبەردەم ئەگەری دواكەوتنێكی تردایە، بەتایبەتی ئەگەر دوای بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی، پارتی‌و یەكێتیی لەسەر سازدانی هەڵبژاردن بە كۆمسیۆنی عێراق‌و یاسا كۆنەكە نەگەنە رێككەوتن.  ئەم دۆخە نوێیە گەڕێكی نوێی دانوستانی دەوێت لەنێوان پارتی‌و یەكێتیی‌و لایەنەكانی تر، كە دیار نییە چەند مانگ دەخایەنێت. حكومەت بەبێ پەرلەمان! كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتیی دەكات لە رۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2022وە بووە بە حكومەتی كاربەڕێكەر، چونكە پەرلەمان وادە یاساییەكەی تەواو بووە.  ئێستا كە دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە، سەرباری بڕیارەكە لێكەوتی لەسەر چارەنوسی هەڵبژاردنێكی نوێ لە كوردستان دەبێت، كاریگەریی لەسەر بەڕێوەچوونی كاروبارەكانی كابینەی نۆیەمیش دەبێت، چونكە:  •    پۆستێكی یەكێتیی لە حكومەت كە پۆستی وەزارەتی (هەرێم بۆ پەیوەندییەكانی هەرێم‌و بەغداد) چۆڵ بووە، وەزیری ئەم وەزارەتە خالید شوانی بوو، ئەم پیاوە پۆستی وەزارەتی دادی عێراقی وەرگرت‌و پۆستەكەی چۆڵ بوو، لەوكاتەوە پڕنەكراوەتەوە، یەكێتیی دوای گەڕانەوەی بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران چاوی لەوە بوو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا ئەم پۆستە پڕبكاتەوە، بەڵام كە ئێستا پەرلەمان هەڵوەشاوەتەوە، هیچ دەرفەتێك بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكە نەماوەتەوە.  •    وەزیری پێشمەرگە (شۆڕش ئیسماعیل) كە سەربە یەكێتییە، دەستی لە پۆستەكەی كێشاوەتەوە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت دەستلەكاركێشانەوەكەی پەسەندكردووە‌و ناوی كاندیدی شوێنگرەوەی ئەم پۆستەی كە (رێباز بێركۆتی)یە ناردووە بۆ پەرلەمان بەمەبەستی پێدانی متمانە، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەبێتە هۆی ئەوەی یەكێتیی جێگۆڕكێكە نەكات، هیچ دەرفەتێك لەبەردەم یەكێتییدا نامێنێت جگە لەوەی قایل بێت بە گەڕانەوەی شۆڕش ئیسماعیل، ئەمەش ئەگەر مەسرور بارزانی رەزامەندی لەسەر بدات.  •    پارتی لەدوای كۆنگرەی 14ی خۆیەوە بڕیاریدا ئەوانەی پۆستی ئەندامی مەكتەبی سیاسی وەردەگرن دەبێت دەست لە پۆستە حكومییەكانیان بكێشنەوە، (پشتیوان سادق) وەزیری ئەوقاف بووە بە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی، بڕیاربوو لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی یەكێتیدا ئەویش لە پۆستەكەی لابچێت‌و (ئەحمەد كانی) شوێنەكەی پڕبكاتەوە، بەڵام هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان تەگەرە بۆ ئەم گۆڕانكارییەش دروست دەكات.  سەرباری گۆڕانكارییە وزارییەكان، بڕیاربوو پارتی لەناو پەرلەمانی كوردستانیش گۆڕانكاری بكات، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەدوای كۆنگرەی 14ی پارتی بوو بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی، دەبوو دەستلەكاربكێشێتەوە‌و (زانا مەلا خالید) شوێنەكەی پڕبكاتەوە، ئەمەش بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانەوە روونادات، بەڵام كۆتاییهاتنی خولی پێنجەم بە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەرفەتی ئەوە بە هێمن هەورامی دەدات ئیتر لەمەودوا خۆی بۆ كاروبارەكانی مەكتەبی سیاسی پارتی یەكلابكاتەوە.    


شیكاری: درەو # لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)دا، پشکی هەرێم بە ڕێژەی (12.67%) لە بودجەی گشتی دیاری کراوە، بڕەکەشی دوای لێدەرکردنی خەرجی سیادی حاکیمە، زیاتر دەبێت لە (16 ترلیۆن و 609 ملیار) دینار. # ئەگەر ئەو پشکەی دیاری کراوە مانگانە وەک خۆی بگاتە هەرێمی کوردستان ئەوا بڕەکەی دەگاتە زیاتر لە (ترلیۆنێک و 384 ملیار) دینار. # لەو پشکەش بە ڕێژەی (10%) وەک شایستەی دارایی موچەی پاشەکەوتکراوی موچەخۆران خەرج بکرێت، ئەوا مانگانە حکومەتی هەرێم زیاتر لە (138 ملیار و 413 ملیۆن) دینار خەرجییەکانی لە بواری موچەدا زیاد دەکات.  # شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی لێبڕین و پاشەکەوتی موچەوە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم ماوەتەوە، بریتیە لە (18 ترلیۆن و 787 ملیار و 997 ملیۆن) دینار. # ئەگەر ئەو بڕە لە پاشەکەوت و لێبڕینی موچە دابەشی (ڕێژەی (10%)ی پشکی هەرێم) لە بودجەی مانگانە بکەین، ئەوا لە حکومەتی هەرێم پێوستی بە زیاتر لە (135 مانگ) هەیە بۆ ئەوەی شایستەی دارایی موچە خۆران بگێڕێتەوە. یەکەم؛ پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق پاڵپشت بە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)  لە (13/3/2023) ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، رەشنوسی بودجەی ساڵی (2023)ی پەسەند کرد کە وەک ئاماژەی پێدراوە بۆ ساڵانی (2024 و 2025)یش بەرکار دەبێت، پرۆژەکەش گەورەترین رەشنوسی یاسای بودجەیە لە مێژووی عێراقدا. لەکۆبونەوەی ژمارە (18)ی رۆژی (5/4/2023) خوێندنەوەی یەکەم و لە (18/4/2023) ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژە یاساکە ئەنجامدا، چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی ئایندەدا پرۆژە یاساکە پەسەند بکرێت. لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)دا داهاتی گشتی بە (134 ترلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن و 63 هەزار) دینار دەخەمڵێنرێت، کە ڕێژەی (87%) لە داهاتی فرۆشتنی نەوت و بەرهەمە نەوتی و کانزاییەکانەوە سەرچاوەی دەگرێت. هاوکات خەرجی گشتی بە (199 ترلیۆن و 22 ملیار و 111 ملیۆن و 663 هەزار) دینار دەخەمڵێندرێت. لەو خەرجیانەش پشکی هەرێم بە ڕێژەی (12.67%) جێگیر کراوە ، بە جۆرێک؛ -    لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)دا، پشکی هەرێم بە ڕێژەی (12.67%) لە بودجەی گشتی بریتی دەبێت لە بڕی (25 ترلیۆن و 216 ملیار و 101 ملیۆن و 547 هەزار) دینار، بەڵام دوای لێدەرکردنی نزیکەی (7 ترلیۆن و 350 ملیار) دینار لە خەرجی سیادی و بڕی (ترلیۆنێک و 256 ملیار و 611 ملیۆن  و 724 هەزار) دینار لە خەرجی حاکیمە، هەرێم پشکی (16 ترلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن و 162 هەزار) دیناری بۆ دەمێنێتەوە. بۆ وردەکاری بڕوانە خشتەی ژمارە (1). دووەم؛ پاشەکەت و لێبڕینی موچە وەک شایستەی دارایی موچەخۆرانی هەرێم لە ئەستۆی حکومەت یەکێک لە کاریگەرترین ئەو بابەتانەی ڕاستەخۆ پەیوەندی بە ژیان گوزەرانی هاوڵاتیانەوە هەیە دابینکردنی پژێوی و موچەی موچە خۆرانە، ئەم پرسە ئەگەر بۆ هەر کیان و دامەزراوەیەک جارێک ڕاست بێت، ئەوا بۆ هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیەکانی دووجار ڕاستە، چونکە جگە لەوەی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی لاوازدایەو هاوڵاتیان و خێزانەکان ناتوانن وەک پێویست پشتی پێببەستن، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە (1 ملیۆن و 250 هەزار) موچەخۆرە، ئەگەر دانیشتوانی هەرێمی کوردستان (6 ملیۆن) کەس بێت، ئەوا (20%) دانیشتوانی هەرێمی کوردستان موچە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرن. بە دیوێکی دیکەدا بەپێی داتاکانی دەستەی ئامار ژمارەی خێزان لە هەرێمی کوردستان (1 ملیۆن و 201 هەزار) خێزانە واتە بە نزیکەیی هەموو خێزانێک موچەیەکی بەردەکەوێت. ئەم ڕاستییەی سەرەوە گرنگی و بایەخی موچە دەردەخات بۆ هاوڵاتیان و بازاڕ لە هەرێمی کوردستان. بەڵام هێشتا بابەتی هاتن و دابەشکردن و دابەشنەکردنی موچە هاوشێوەی ئەزمونی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەواڵی گەرم و بە پەلەی ئامرازو کەناڵەکانی ڕاگەیاندنە. لە بانگەشەی هەڵبژانی (30/9/2018) لایەنە سیاسییەکان بانگەشەی گێڕانەوەی موچە پاشەکەوت کراوەکان و کردنەوەی ژمارەی حیسابی بۆ موچە خۆران دەکرا، لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم موچەخۆران لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانیان بوون، بەڵام ئەم کابینەیە بیدعەیەکی نوێی داهێناو ناوی نا، لێبڕین، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی (2020)دا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرا لە خەرج نەکردنی موچەی موچە خۆران بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)). سەبارەت بەو شایستە داراییانەی موچەخۆران کە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمەوە، لە دوو کابینەی یەک لە دوای یەک بریتین لە؛ 1.    پاشەکەوتی مووچە؛ ئەم قۆناغە لە سەردەمی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بەڕێوەچوو، لەماوەی نێوان ساڵانی (2015 - 2018) مووچەخۆران (5) موچەی تەواویان پێنەدراوە (23) مانگیش چارەکە مووچەو (11) مانگیش بەشێک لەم موچەکانیان پاشەکەوت کرا. سەبارەت بە کۆی پارەی پاشەکەوتەی موچەخۆران سەرۆكی حكومەتی هەرێم (مەسرور بارزانی) لە دانیشتنی رۆژی 5/10/2020 لە پەرلەمان رایگەیاند، قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێم زیادیان کردووە و بونەتە نزیکەی (28 ملیار و نیو) دۆلار لە ماوەی چەند مانگی رابردوو ملیارو نێوێک زیاد بووە. لە بەشێکی قسەکانی تایبەت بە قەرزی موچە پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەران ئەوەیان ڕاگەیاند، کە بەهاکەی بریتیە لە (8 ملیار و 966 ملیۆن و 156 هەزار و 514) دۆلار، کە بەرامبەر بوو بە (10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن) دینار. ئەم زانیارییانەش پێش خەرنەجکردنی موچەی مانگەکانی (4، 5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020)ی لێبڕینەکانی  ساڵانی (2021 - 2022)ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بوو لە سەردەمی کابینەی نۆیەم. 2.    لێبڕینی موچە؛ ئەم قۆناغە لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی داهێنرا، لەم قۆناغەدا لەماوەی ساڵی (2020 - 2021) موچەخۆران (7) موچەی تەواویان بڕاو و (10) موچەشیان بە لێبڕینی (18%) و (21%) بۆ خەرجکرا. هاوکات ڕۆژی 28/6/2021 ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند؛ "كۆی قەرزەكانی هەرێمی كوردستان لەمانگی 3ی 2020 (28 ملیار و 476 ملیۆن و 675 هەزار) دۆلار بووە، بەڵام لە مانگی (3ی 2021) گەیشتووە بە: (31 ملیار و 637 ملیۆن) دۆلار". دواتریش لە ڕونکردنەوەیەکدا ئەوەیان ڕاگەیاند؛ کە زیاکردنی ئەو (3 ملیار) دۆلارە پەیوەندیدارە بە شایستە داراییەکانی فەرمانبەران بۆ مانگەکانی (5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020)ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان". کەواتە کۆی ئەو شایستە داراییەی موچە خۆران لە کابینەی نۆیەمدا لێیان بڕاوە بریتیە لە؛ •    (7) مانگ موچەی بڕاو X (900 ملیار) دینار = (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار •    (10) مانگ بە لێبڕینی (21%)  X (189 ملیار) دینار = (1 ترلیۆن 890 ملیار) دینار •    کەواتە کۆی ئەو موچانەی لەکابینەی نۆیەمدا لەموچە خۆران بڕاوە دەکاتە؛ (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار + (1 ترلیۆن 890 ملیار) دینار = (8 ترلیۆن 190 ملیار) دینار کەواتە کۆی ئەو شایستە داراییانەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی لێبڕین و پاشەکەوتی موچەوە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم ماوەتەوە بریتیە لە؛ (10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن) دینار پاشەکەوت (لە کابیەی هەشتەم) + (8 ترلیۆن 190 ملیار) دینار (لە کابیەی نۆیەم) = (18 ترلیۆن و 787 ملیار و 997 ملیۆن) دینار. بڕوانە (خشتەی ژمارە (3)).   سێیەم؛ گێڕانەوەی پاشەکەوتی فەرمانبەرانی هەرێم پاڵپشت بە پرۆژەی یاسای بودجەی عێراق پاڵپشت بە پێشنیاری لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە "هەمواری ماددەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان" لە پرۆژە یاسای بودجەدا، کە لە (ماددەی 14 بڕگەی یانزەیەم)دا هاتووە "حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت مانگانە (10%)ی ئەو بڕە پارەیەی لە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم پاشەکەوت کراوە زیاد بکات بۆ مووچەی خەرجکراو تا خەرجکردنی تەواوی ئەو لێبڕینانە". بەگوێرەی ئەم دەقە یاساییە لەم بەشەدا پاڵپشت بە داتاکانی پێشوو (پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی و قەبارەی شایستە داراییەکانی موچەخۆران لای حکومەتی هەرێم)، شیکاری ئەوە دەکەین کە ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبێت بەو بڕگە یاساییە، کاریگەرییە داراییەکانی لەسەر بودجەی هەرێم و بڕی پێویست لە بودجەی تەرخانکراو لە ماوەی دانەوەی پاشەکەوتی موچەی موچەخۆران چەند و چۆن دەبێت. وەک لە بەشی یەکەمدا ئاماژەمان پێدا، لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)دا، پشکی هەرێم بە ڕێژەی (12.67%) لە بودجەی گشتی دیاری کراوە، بڕەکەشی بریتی دەبێت لە (25 ترلیۆن و 216 ملیار و 101 ملیۆن و 547 هەزار) دینار، بەڵام دوای لێدەرکردنی نزیکەی (7 ترلیۆن و 350 ملیار) دینار لە خەرجی سیادی و بڕی (ترلیۆنێک و 256 ملیار و 611 ملیۆن  و 724 هەزار) دینار لە خەرجی حاکیمە، پشکی (16 ترلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن و 162 هەزار) دینار بۆ هەرێم دەمێنێتەوە. بەم پێیەش ئەگەر ئەو پشکەی بۆ هەرێم دیاری کراوەو مانگانە وەک خۆی بگاتە هەرێمی کوردستان ئەوا بڕەکەی دەگاتە (ترلیۆنێک و 384 ملیار و 136 ملیۆن و 596 هەزار و 833) دینار. ئەگەر لەو پشکەش بە ڕێژەی (10%) وەک شایستەی دارایی موچەی پاشەکەوتکراوی موچەخۆران خەرج بکرێت ئەوا مانگانە حکومەتی هەرێم بڕی (138 ملیار و 413 ملیۆن و 659 هەزار و683) دینار خەرجییەکانی لە بواری موچەدا زیاد دەکات.  وەک لە بەشی دووەمی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەمان پێدا، ئەو شایستە داراییانەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی لێبڕین و پاشەکەوتی موچەوە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم ماوەتەوە، بریتیە لە؛ (18 ترلیۆن و 787 ملیار و 997 ملیۆن) دینار. ئەگەر ئەو بڕە لە پاشەکەوت و لێبڕینی موچە دابەشی (ڕێژەی (10%)ی پشکی هەرێم) لە بودجەی مانگانە بکەین  ئەوا لە حکومەتی هەرێم پێوستی بە (135 مانگ و چەند رۆژێک) هەیە بۆ ئەوەی شایستەی دارایی موچە خۆران بگێڕێتەوە، واتە زیاتر لە (11) ساڵی دەوێت بۆ ئەوەی موچە خۆران شایستە داراییەکانیان وەربگرنەوە. بۆ بەرچاوڕونی بڕوانە (خشتەی ژمارە (4)).  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand