ئینستتیوتی پەی: دەبێت پەرلەمانتاران لە دوای (2022/11/6)ەوە موچەكانیان بگەڕێننەوە

Draw Media

2023-06-03 12:30:35



درەو:

بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی لە (6/11/2022) ەوە تا ئێستا ماوەی (7) مانگە پەرلەمانی كوردستان نایاساییە، واتە جیاوازی ئەو شەش مانگەی موچەكانیان كە پێویستە بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕنەوە سەرجەمی دەكاتە (3.395.300.000) سێ ملیار و سێسەد و نەوەت و پێنج ملیۆن و سێسەد هەزار دینار.
ئەو شەش پەرلەمانتارانەی كە لەدوای (6/11/2022) سوێندی یاساییان خواردووە دەبێت موچەكانیان بگەڕێننەوە كە دەكاتە (102) ملیۆن دینار.
ئەندامانی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەدوای (6/11/2022) ەوە چوار مانگ موچەیان وەرگرتووە كە دەكات (82) ملیۆن دینار.

 

نامەیەك بۆ دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان

دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بەنادەستوری بوونی پەرلەمان بەتەمای چین؟

تكایە یاسای چاكسازی كە خۆتان دەرتان كردووە لەسەر خۆتانی جێبەجێ بكەن


بەڕێز/ سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان
بەڕێز/ جێگری سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان
بەڕێز/ سكرتێری خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان
بەڕێزان/ ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان

پاش سڵاو و رێز... 
دەرچوونی بڕیاری دادگەی فیدراڵی سەبارەت بە نادەستوری بوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، لەلایەك جێگەی نیگەرانی و لەلایەكی تر مایەی دڵخۆشیە، جێگەی نیگەرانیە بەوەی نەدەبوو دوای سی و یەك ساڵ ئەزموون و حوكمرانی، بەم شێوازەی ئێستا دامەزراوە یاساییەكانی هەرێم، بەتایبەت بەرزترین دامەزراوەی وەك پەرلەمان بكەوێتە بەر تانەو تەشەری بەغداو بە نادەستوری دابنرێت، ناوبانگی هەرێم و حوكمرانیەكەی لەبەر چاوی هاوڵاتیانی خۆی و دۆست و هاوپەیمانەكانی لەكەدار بكرێت، هۆكاری سەرەكی بڕیارەكەش خودی پەرلەمانە كە بووە مایەی ئەوەی ساڵێكی تەمەنی بە نادەستوری هەژماربكرێت و هەرێمیش بخاتە بۆشایی یاساییەوە.
لەلایەكی ترەوە مایەی دڵخۆشی و پێشوازی لێكردنە، چونكە بڕیارەكە دەرەنجامی خەمساردی لایەنە سیاسییەكان (بەتایبەت پارتی و یەكێتی)ە، چونكە نە پەرلەمان و نە ئەو دوو هێزە گوێیان لە هاوار و تكای خەلكانی دڵسۆز و یاساناس نەگرت، هەر بۆیەش لە بەغداوە وەستێنران! ئەگەر گوێیان بگرتایە، هەڵوەستەیەكیان لەسەر هۆشدارییەكانی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان و كونسلخانەكان بكردایە، ئەگەر گوێیان لە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بگرتایە لە بری تاوانباركردنیان! ئەگەر بەرژەوەندی خەڵكی هەرێمیان لەبەرچاو بگرتایەو تۆزێك راستگۆبوونایە لەگەڵ ئەو دروشمانەی بەناوی دیموكراسیەوە بانگەشەیان بۆ دەكرد! چی پێویستی دەكرد بەغدا بێت و مێزی یارییەكی سالێ‌ قلب بكاتەوە بەسەر پەرلەماندا؟ ئەگەر پەرلەمان بەپێی یاسا و پەیرەو كاری بكردایەو ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكردایە، ئەگەر لە سالی 2019 ەوە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كارا بكردایەتەوە، چۆن دادگەی فیدراڵی دەیتوانی بڕیارێكی لەم شێوەیەی لەسەر دەربكات و بە ناچاری بیوەستێنێ! وێڕای ئەوەی پارتی و یەكێتی و گۆڕان و هاوپەیمانەكانیان لە شەو و رۆژێكدا بەیەكەوە تەمەنی پەرلەمانیان درێژكردەوە، كەچی لەگەڵ ئەو هەموو نزیككەوتنەوەشیان لەیەكتری، نەیانتوانی لەماوەی ساڵێكدا لەسەر هەڵبژاردن رێكبكەون، چونكە ئەگەر لەسەر هەلبژاردن رێك بكەوتنایەو بە بیانوی جیاجیای بێ بنەما پەكی دانیشتنەكانی پەرلەمانیان نەخستایە؟ سەرەنجامیان بەم رۆژە نەدەگەیشت؟ هەموو ئەمانە هۆكاری دەرچوونی بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵی و بەنادەستوری ناساندنی پەرلەمان و دروستبوونی بۆشایی یاسایین لە هەرێمی كوردستان و بەرپرسیاری یەكەمیش پارتی و یەكێتی و خودی پەرلەمانی كوردستانن.
ئەگەر بەهۆی ئەو بڕیارەوە هەستی تاكێكی كورد بریندار بوبێت، دەبێ لەو راستیە تێبگەین كە بڕیارەكەی دادگە پەرلەمانی هەڵنەوەشاندۆتەوە وەك هەندێك كەس و لایەن بۆ جولاندنی هەست و سۆزی خەڵكی بانگەشەی بۆ دەكەن، بەڵكو دادگا هەڵەیەكی راستكردۆتەوەو یاسایەكی پەرلەمانی هەڵوەشاندۆتەوە كە بەنادەستوری تەمەنی خۆی پێ درێژكردبوویەوە. واتە بڕیارەكە نەك پەرلەمانی بچوك نەكردۆتەوەو لە هەیبەتی نەداوە، بە پێچەوانەوە گەورەیی پەرلەمانی دەرخستوەو و سەنگ و ئیعتیباری بۆ گێڕاوەتەوە. بۆیە نەك جێگەی داخ نیە بەڵكو خەڵكی كوردستان دەبێت سوپاسگوزار بن كە بەو بڕیارە چونكە مافێكی زەوتكراویا بۆ گێڕدرایەوە و بەپێی یاساو پەیرەو چوار ساڵ جارێك مافی دەنگدانیان هەیە. كەواتە خودی پەرلەمان و بڕیارە نایاساییەكانی خۆیەتی بوونەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی نەك بڕیاری دادگا.
پوختەی بڕیارەكە ئەوەیە لە (6/11/2022)ەوە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی بەنادەستوری داناوە، هەموو ئەو كارانەی پوچەڵ كردۆتەوە كە پەرلەمان لەو رێكەوتە بەدواوە كردوونی، وەك: درێژكردنەوەی تەمەن، سوێندخواردنی ئەندامانی تازە، دەركردنی یاساو بڕیار، ئیمتیازی پەرلەمانتاران، هەر هەموویان دەبێ هەڵوەشێنەوە.
ئەوەی جێگەی سەرنج و سەرسوڕمانە، پێنج رۆژ بەسەر دەرچوونیدا تێپەڕیوە، كەچی تا ئێستا پەرلەمان هیچ هەڵوێستێكی لە بەرامبەر ئەو بڕیارە چارەنوسسازە دەرنەبڕیوە كە لە دژی دەرچووەو كۆتایی بەتەمەنی خولەكەی هێناوە! نە قبوڵی كردووەو نە رەتی كردۆتەوە! سەرۆكایەتی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان كەوتوونەتە سوڕی متبوون و بێدەنگیەوە كە شەرمێكی سیاسیی گەورەیە، ئەگەر دادگا غەدری لێكردوون دەبێ رەتی بكەنەوە، ئەگەر غەدریش نیە دەبێ بەفەرمی پێشوازی لێبكەن و رێكارەكان دەست پێبكەن.
تاكە رێگە لەبەردەمی پەرلەماندا جێبەجێكردنی بڕیارەكەو دەست پێكردنی هەنگاو و رێكارەكانە، ئەركی سەر شانیانە بۆ راستكردنەوەی خەمساردی و پێشێلكاری و ئەو هەڵانەی كردیان، تا رەوشەكە لەوە ئاڵۆزتر نەكەن، بۆ ئەوەی تەنگژەو قەیرانی زیاتر بۆ خەڵكی كوردستان نەخولقێنن و هەرێم رووبەڕووی كێشەی زیاتر نەكەنەوە. كێشەی زیاتر بۆ موچەو بودجەی خەلكی كوردستان دروست نەكەن، لێرەوە بوەستن و بەردەوام نەبن لەسەر ئەو پێشێلكاری و كارە ناپەیڕەویانەی كردوویانە، دواجار هەوڵی هێنانەوە سەر رێچكەی ئاسایی و یاسایی دامەزراوەكانی هەرێم بدەن، پەیوەست بن بە بڕیارەكەی دادگە و یاساكانی خۆیانەوەو ئەم هەنگاوانە بنێن:
1-پەرلەمانی كوردستان لە (6/11/2022)ەوە تەمەنی یاسایی بەسەر چووە، دەستەی سەرۆكایەتی و ئەندامەكانی لەو رێككەوتەوە هیچ سیفەتێكی پەرلەمانییان نەماوە. ئەوەی لە پەرلەماندا سیفەتی یاسایی هەبێت و كارە كارگێڕییەكانی ناو دامەزراوەكە رایی بكات تەنها سەرۆكی دیوانە.
2- لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە دەستەی سەرۆكایەتی و سەرجەم ئەندامان سەردانی پەرلەمان بكەن، دوای دەستلەكار ترازانیان وەك ئەندامی پەرلەمان، ئەوانەی خوازیارن خانەنشین بكرێن لەلایەن سەرۆكی دیوانەوە نوسراویان بۆ بكرێت بۆ وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەرێتی خانەنشینی بۆ رایی كردنی مامەڵەكانیان، ئەوانەشی نایانەوێت خانەنشین بن نوسراویان بۆ بكرێت بەمەبەستی گەڕانەوە بۆ سەر كاری پێشوویان.
3-لە ئەگەرێكدا پەرلەمان ئەو نوسراوەی نەكرد، پێویستە لە ماوەی هەفتەیەكدا ئەو پەرلەمانتارانەی  پەرۆشی چاكسازی و سەروەریی یاسان، خۆیان بەتاك دوای مامەلەكانیان بكەون و بەپێی یاسا ئەنجامی بدەن. 
4-لەسەر دەستەی سەرۆكایەتی و ئەندامان پێویستە پەیوەست بن بە یاسای ژمارە (2)ی ساڵی 2020 یاسای (چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان) كە ئەم خولەی پەرلەمان خۆیان دەریانكردووە، یاساكە لەسەر خۆیان جێبەجێ بكەن و پێشێلی نەكەن، لە دوای (6/11/2022)ەوە لە وەرگرتنی موچەو ئیمتیازاتەكانیان پەیوەست بن بەیاساكەوە، لەو رێككەوتەوە بە خانەنشین هەژمار بكرێن و جیاوازی موچەكانیان بگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی، چونكە بەپێی بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵی ماوەی شەش مانگ موچەی زیادەیان وەرگرتووە. سەبارەت بەوانەش كە لە چەند مانگی رابردوودا خانەنشین كراون، ئەوانیش خۆیان بەدوای مامەڵەكانیانەوە بن بەپێی یاسای چاكسازی.
5-ئەوانەی لەدوای رێكەوتی (6/11/2022)ەوە بۆ جێگرتنەوەی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكان لەماوەی نادەستوریبوونی پەرلەماندا سوێندیان خواردووە، بەپەرلەمانتار هەژمار ناكرێن و هیچ ئیمتیازێكی پەرلەمانتاریش نایانگرێتەوە، بۆیە بەزووترین كات نوسراویان بۆ بكرێت بە مەبەستی گەڕانەوەیان بۆ سەر كاری پێشویان.
6-بەپێی یاسا كاتێك پەرلەمانتاران خانەنشین دەكرێن موچەی شەش مانگیان وەك ئیكرامیە پێدەدرێت كە بڕی (52.000.000) پەنجاو دوو ملیۆن دینارە، بۆ ئەوەی بار قورسی لەسەر ئەندامان دروست نەبێت، پێشنیار دەكەین ئەو بڕە پارەی بەزیادەوە لە موچە وەریانگرتووە لەو ئیكرامیەیە لێیان بگێڕدرێتەوە. ئەمە لەكاتێكدا سەرۆكی پەرلەمان و سكرتێر و (8) ئەندامی تر بەهۆی ئەوەی لە خولەكانی پێشوو پەرلەمانتار بوونە، ئیكرامیەیان وەرگرتووەو بەپێی یاسا لەم خولەدا ناتوانرێت دووبارە بۆیان خەرج بكرێتەوە.
7-لە نزیكترین ماوەدا ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمان خانو و شوقەكانی پەرلەمان رادەست بكەنەوە تا لە ئێستاوە بۆ ئەندامانی خولی شەشەم نۆژەن بكرێتەوەو ئامادە بكرێت.
8- ئەركی هەریەك لە دامەزراوە فەرمیەكانی: (دیوانی چاودێری دارایی)، (دەستەی دەستپاكی) و (داواكاری گشتی)یە كە چاودێری و بەدواداچوون بۆ پرۆسەكە بكەن، بۆ ئەوەی هەم یاسای چاكسازی پەرلەمان و هەم بریاری دادگای فیدرالی سەبارەت بە ئیمتیازی پەرلەمانتاران جێبەجێبكرێت.
داواكارین دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتارە بەڕێزەكان، بەوانەشەوە كە پەرلەمانیان بەجێهێشتبوو و بایكۆتیان كردبوو، یا ئەو بەڕێزانەی نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشكردبوو و دەنگیان لەسەر نەدرابوو، لە زووترین كاتدا ئەم هەنگاوانە بگرنە بەر، بەپێچەوانەوە ئێمە وەك ئینستتیوتی پەی چاودێری هەنگاوەكانیان دەكەین، وێرای دەستخۆشی لەوانەی هەنگاوەكە جێبەجێ دەكەن، ناوی ئەو ئەندامانەش بۆ رای گشتی ئاشكرا دەكەین كە پەیوەست نەبن بەو یاسایەی خۆیان دەریان كردووە.
هەر بۆ بەرچاو روونی بەڕێزیشتان، لە لیستێكی هاوپێچدا بڕی ئەو بودجەیە دەخەینە روو كە بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و یاسای چاكسازی كە پێویستە بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕدرێتەوە. 
لەگەڵ رێزدا

وردەكاری خەملاندنی موچەی ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمان

كە بە بەپێی یاسا پێویستە بیگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی

 

بۆ بەرچاو روونی بڕی ئەو بودجەیە دەخەینە روو كە بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی یاسای ژمارە (2)ی ساڵی 2020 یاسای (چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان) كە هەمان ئەو ئەو پەرلەمانتارانەی ئەم خولەی ئێستا پەسەندیان كردووە، لە دوای (6/11/2022)ەوە وەك موچە وەریانگرتووە، پێویستە بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕنەوە، خۆی لەم بڕگانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە:

1-ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی بریتین لە سێ كەس، بڕی موچەكانیان مانگانە: (سەرۆك: پانزە ملیۆن دینار)، (جێگری سەرۆك: سیانزە ملیۆن دینار)، (سكرتێر: یانزە ملیۆن دینار)، ئەم سێ بەرێزە گەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی، ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین خزمەتیان تەواوەو سەرجەم موچەی خانەنشینی وەربگرن، ئینجا موچەكانیان دەبێت بە نیوە. واتە بۆ هەر مانگێك: (سەرۆك: حەوت ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار)، (جێگر: شەش ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار) و (سكرتێر: پێنج ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار) بگێڕنەوە، كە بۆ شەش مانگ (سەرۆك: چل و پێنج ملیۆن دینار)، (جێگر: سی و نۆ ملیۆن دینار) و (سكرتێر: سی و سێ ملیۆن دینار)، بەمەش كۆی ئەو بڕە پارەی هەرسێكیان بۆ شەش مانگ بە زیادە وەریانگرتووە دەبێ بیگێڕنەوە، دەكاتە (١١٧.000.000) سەد و حەڤدە ملیۆن دینار.

2-موچەی ئەندامان كە مانگانە (8.200.000) هەشت ملیۆن و دووسەد هەزار دینارە، ئەو ئەندامانەی گەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی (51) ئەندامن كە تەمەنیان (45) ساڵ و بەسەرەوەیە، ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین ئەوانە هەر هەموویان مەرجی خزمەتیشیان تەواوەو دوا میچی موچەكەش وەربگرن، موچەی هەر یەكێكیان دەگاتە رێژەی 50% كە بڕی (4.100.000) چوار ملیۆن و سەد هەزار دینارە، واتە هەر یەكێكیان دەبێ بۆ هەر مانگێك بڕی (4.100.000) چوار ملیۆن و سەد هەزار دینار بگێڕنەوە، بەمەش هەر ئەندامێك بۆ شەش مانگ دەبێت (28.700.000) بیست و هەشت ملیۆن و حەوتسەد هەزار دینار بگێڕێتەوە، واتە بە تێكڕای (51) ئەندامەكە بۆ شەش مانگ دەبێت (1.254.600.000) یەك ملیار و دوو سەد و پەنجاو چوار ملیۆن و شەشسەد هەزار دینار بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕنەوە.

 3-ئەو ئەندامانەی نەگەیشتونەتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی، واتە لە خوار (45) ساڵەوەن، ژمارەیان (49) ئەندامە، موچەی مانگانەیان (8.200.000) هەشت ملیۆن و دوو سەد هەزار دینارە، موچەی خانەنشینی هەر یەكێكیان دەگاتە رێژەی 25% كە بڕی (2.000.000) دوو ملیۆن دینارە لە مانگێكدا، بەپێی ئەمەش دەبێت مانگانە (6.200.000) شەش ملیۆن و دوو سەد هەزار دینار بگێڕنەوە، واتە هەر یەك لەو ئەندامانە بۆ هەر شەش مانگ دەبێت (43.400.000) چل و سێ ملیۆن و چوارسەد هەزار دینار بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕێتەوە. بەمەش كۆی گشتی ئەو بڕە پارەیەی دەبێت هەر (49) پەرلەمانتارەكە بۆ شەش مانگ بیگیچڕنەوە دەگاتە (1.822.600.000) یەک ملیار و هەشتسەدو بیست و دوو ملیۆن و شەشسەد هەزار دینار.

4-ئەو ئەندامانەی كە دوای (6/11/2023) سوێندی یاساییان خواردووە، بەپێی بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵی هیچ ئیمتیازێكی پەرلەمانتاری نایانگرێتەوە، (6) ئەندامن، یەكێكیان لە (30/11/2023) سوێندی یاسایی خواردووە، بەپێی ئەمەش ناوبراو موچەی پێنج مانگی وەرگرتووە بۆ هەر مانگێك (8.200.000) هەشت ملیۆن و دووسەد هەزار دینار، كۆی پێنج مانگی دەكاتە (41.000.000) چل و یەک ملیۆن دینار، پێنج ئەندامەكەی تریش لە (15/3/2023) سوێندی یاسایان خواردووە، واتە هەریەكەیان موچەی یەک مانگ و نیویان وەرگرتووە كە كۆی موچەی هەریەكێكیان لەو ماوەیەدا دەكاتە (12.300.000) دووانزە ملیۆن و سێسەد هەزار دینار، كۆی ئەو بڕە پارەیەی ئەو شەش پەرلەمانتارە دەبێت بیگێڕنەوە  بۆ خەزێنەی گشتی بریتیە لە (102.500.000) سەد و دوو ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار.

5-ئەندامانی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە (1/3/2023) لە پەرلەمان نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان پەسەند كرا، كە پێنج ئەندام بوون، واتە چوار مانگ لە تەمەنی نایاسایی پەرلەمان موچەیان وەرگرتووە. هەر پێنج ئەندامەكەی یەكگرتوو گەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی، ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین خزمەتیشیان تەواو بێت و بالاترین موچەی خانەنشینی  وەربگرن، هێشتا دەبێت مانگانە هەر یەكێكیان (4.100.000) چوار ملیۆن و دووسەد هەزار بگێڕێتەوە، كە كۆی گشتی ئەو بڕەپارەیەی بە هەر پێنجیان دەبێت بیگێڕنەوە خەزێنەی گشتی بریتیە لە (82.000.000) هەشتاو دوو ملیۆن دینار.

6-هەریەكە لە پەرلەمانتاران (كازم فاروق) و (عەلی حەمە سالح) كە لە (1/3/2023) نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان پەسەند كرا، ، واتە چوار مانگ لە تەمەنی نایاسایی پەرلەمان موچەیان وەرگرتووە. ناوبراوان هیچ كامیان نەگەیشتۆتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی، بۆیە هەریەكەیان مانگانە دەبێت (6.200.000) شەش ملیۆن و دوو سەد هەزار دینار بگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی، واتە هەر یەكەیان (18.600.000) هەژدە ملیۆن و شەشسەد هەزار دینار بگێڕنەوە، بەپێی ئەمەش بە هەردووكیان و ماوەی سێ مانگ دەبێت (49.600.000) چل و نۆ ملیۆن و شەشسەد هەزار دینار بگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی.

7-بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی لە (6/11/2022) ەوە تا ئێستا ماوەی (7) مانگە پەرلەمانی كوردستان نایاساییە، واتە جیاوازی ئەو شەش مانگەی موچەكانیان كە پێویستە بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕنەوە سەرجەمی دەكاتە (3.395.300.000) سێ ملیار و سێسەد و نەوەت و پێنج ملیۆن و سێسەد هەزار دینار.

8-ئەم بڕە پارەیەی دەستنیشانكراوەو پێویستە بگەڕێتەوە تەنها خەملێنراو و گریمانەیە، چونكە زۆر لەوە زیاترە، لەبەر ئەوەی ئەگەر بەپێی یاسای چاكسازی بچینە ناو وردەكاریەوە، بەشێكی زۆرتر لە ئەندامان مەرجی خزمەتیان تەواو نیە و ئەو موچەی بۆ خانەنشینی ئێمە لێرەدا گریمانەمان بۆ كردووە كەمتر دەبێتەوە.

9-لە حالەتی خەرجكردنی موچەی مانگی مایس كە تا ئێستا نەدراوە، ئەگەر بۆ پەرلەمان خەرج بكرێت، ئەو كاتە زۆر لەوە زیاتر دەبێت، كە موچەی زیادەی مانگێكی دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتاران دەكاتە (581.600.000) پێنج سەدو هەشتاو یەك ملیۆن و شەشسەد هەزار دینار، بەپێی ئەمەش ئەو كاتە بڕی (3.976.900.000) سێ ملیار و نۆسەد و حەفتاو شەش ملیۆن و نۆسەد هەزار دینار بە نایاسایی بەهەدەر دەچێت، كە پێویستە بگێڕدرێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.

10-هەندێك لەو ئەندامانەی ناڕازیبوون لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، پێشتر لە كەناڵەكانی راگەیاندنەوە لێدوانیان دابوو كەوا لەدوای (6/11/2022)ەوە موچەكەیان وەرنەگرتووە، ئێمە وەك ئینستتیوتی پەی هیچ بەلگەیەكی فەرمیمان لەبەر دەست نەبووە، هەر بەرێزێك ئەگەر بەڵگەی هەبێت دەكرێ ئاگادارمان بكاتەوە تا بیخەینە روو، بۆ ئەوەی مافی پێشێل نەكرێت.

١١-ئەو پەرلەمانتارانەی پێشتر رایانگەیاندبو گوایە لەدوای (6/11/2022)ەوە مەچەیان وەرنەگرتووە، پرسیارێک دێتە کایەوە ئاخۆ موچەکانیان گێڕدراوەتەوە بۆ سەر خەزێنەی گشتی یاخود خراوەتە سەر ئەژمارەکانیان. کە ئەمە ئەرکی لایەنە پەیوەندیدارەکانە بەدواداچونی بۆ بکەن.

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand