دەنگ لەسەر كامیان دەدرێت؟ دەقەكەی حكومەت یان لیژنەی دارایی

Draw Media

2023-06-09 10:51:13




درەو:
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ لەسەر بڕگەكانی دیكەی پرۆژە یاسای بودجە بدات كە شەوی رابردوو (8) مادەی تێپەڕێندرا.
ئەمڕۆ دەنگ لەسەر مادەكانی (13 - 14) دەدرێت كە تایبەتە بە دۆسیەی نەوتی هەرێم و پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراقدا.
ئەو دوو مادەیە بە دوو شێوە هاتووە لە رەشنوسی پرۆژە یاسای بودجەدا
یەكەم: دەقەكەی حكومەتی عێراق (كە لەسەر رێككەوتنی حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەند) سەرچاوەی گرتووە.
دووەم: پێشنیازی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق.
لێرەدا بەووردی بڕگە بە بڕگەی هەردوو دەقەكە دەخەینە روو:

ماددەی 13:
🔹    دەقەكەی حكومەتی عێراق: شایستە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵانی 2004 بۆ 2022 پاكتاودەكرێت
🔸  راپۆرتی لیژنەی دارایی: پاكتاوی حساباتی ساڵەكانی 2004 بۆ 2022 لە نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمدا ئەنجام بدرێت.
🔹    دەقەكەی حكومەتی عێراق: حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە هەناردەكردنی نەوتی خاو لە كێڵگەكانی بەرێژەیەك كە كەمتر نەبێت لە (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە
🔸  راپۆرتی لیژنەی دارایی: حكومەتی هەرێم پابەند بێت بە هەناردەكردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە رێگەی سۆمۆ یاخود بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی
🔹     دەقەكەی حكومەتی عێراق: حكومەتی هەرێم پابەندە بە رادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكان بە خەزێنەی دەوڵەت
🔸 راپۆرتی لیژنەی دارایی: حكومەتی هەرێم پابەند بێت بە ناردنی داهاتە نانەوتییەكان بۆ خەزێنەی حكومەتی فیدراڵی
🔹     دەقەكەی حكومەتی عێراق: وەزارەتی دارایی فیدراڵ پابەندە پێدانی شایستەكانی هەرێم بەشێوەی مانگانە
🔸  راپۆرتی لیژنەی دارایی: حكومەتی ناوەند پابەند بێت بە ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم.
🔹     دەقەكەی حكومەتی عێراق: ئەو پارانەی بانكی بازرگانی عێراق (TBI) كە لەئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە لە بانكە حكومی‌و تایبەتەكاندا، پاكتاو دەكرێت.
🔸 راپۆرتی لیژنەی دارایی: حكومەتی هەرێم پابەند دەكرێ كە قەرزەكانی بانكی بازرگانی عێراقی(TBI) بداتەوە بە قیستی مانگانە

ماددەی 14:
🔹    دەقەكەی حكومەتی عێراق: تەواوی داهاتی نەوتی بەرهەمهێنراو لە كێڵگەكانی هەرێم لە حساب بانكییەكدا دادەنرێت
🔸   راپۆرتی لیژنەی دارایی: داهاتی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە هەژمارێكی بانكیدا لە بانكی ناوەندی عیراق دادەنرێت  
🔹    دەقەكەی حكومەتی عێراق: سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان یان هەر كەسێك كە ئەو سەرپشكی دەكات، دەسەڵاتی خەرجكردنی هەیە.
🔸    راپۆرتی لیژنەی دارایی: سەرۆك وەزیران و وەزارەتی درایی لە ژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی، دەسەڵاتی خەرجكردن دەداتە سەرۆكی حكومەتی هەرێم.
🔹     دەقەكەی حكومەتی عێراق:  دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بەهەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێم‌و بە هەماهەنگیی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی‌و وەزارەتی سامانی سروشتییەكانی هەرێم وردبینی دەكات لەو حسابەی كە لە بڕگەی (یەكەم)دا هاتووە
🔸   راپۆرتی لیژنەی دارایی: دیوانی چاودێری دارایی عیراق بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەكان، وردبینی لەو هەژمارەدا دەكرێت كە لە بڕگەی یەكەمدا هاتووە.
🔹    دەقەكەی حكومەتی عێراق:  ئەو حسابە بانكییەی كە لە بڕگەی (یەكەم)دا هاتووە بەهەموو هاتوو و رۆیشتووەكانیەوە لەلایەن ئەو كۆمپانیای نێودەوڵەتییەی كە لە بڕگەی (دووەم)دا هاتووە، چاودێری دەكرێت‌و راپۆرتی خولی  لەوبارەیەوە پێشكەشی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی‌و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم دەكات.
🔸    راپۆرتی لیژنەی دارایی: لە لایەن كۆمپانیایەكی وردبینی نێودەوڵەتییەوە وردبینی لەو هەژمارەدا دەكرێت كە لە بڕگەی یەكەمدا هاتووە، ئەو كۆمپانیایە راپۆرتی خۆی پیشكەش بە دیوانی چاودێری دارایی عیراق و هەرێم دەكات.
🔹     دەقەكەی حكومەتی عێراق:  تۆماری دارایی ساڵانەو نیوە ساڵانە بە ئیمزای وەزیری دارایی‌و ئابوری هەرێم‌و چاودێری سەربەخۆی حسابەكان (كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكە) پێشكەش دەكرێت‌و كۆپییەكی پەسەندكراوی لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دادەنرێت.
🔸     راپۆرتی لیژنەی دارایی: وردبینی لە داتا داراییەكانی ساڵانە، 6 مانگی، مانگانە بە ئیمزای وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم و چاودێرێكی ژمێریاری سەربەخۆی نێودەوڵەتی دەكرێت و وێنەیەك بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەنێردرێت.
🔹    دەقەكەی حكومەتی عێراق:  لیژنەیەكی هاوبەش لە هەردوولا پێداچوونەوە بۆ ماوەكانی پێشوو لە كەرتی نەوت و غاز و پەیوەندییەكانی وەزارەتی نەوتی ناوەند و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەكات، پاشان بە روانگەیەكی هاوبەش و پەسەندكراو بەپێی دەستوور لە لایەن هەردولاوە پاكتاوی ماوەكانی پێشوو دەكرێت.
🔸    راپۆرتی لیژنەی دارایی: پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش لەهەردوولا، ئەركی ئەنجامدانی پێداچوونەوەی گشتگیر بۆ ماوەی پێشوو بۆ هەمووی ئەوانەی پەیوەندیدارن بە كەرتی نەوت‌و غاز لە هەرێم‌و پەیوەندی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ‌و هەرێم‌و دەرچوون بە روانگەیەكەوە كە گونجاو بێت لەگەڵ دەستور‌و لەلایەن هەردوولاوە قبوڵكراو بێت‌و قابیلی جێبەجێكردن بێت بۆ ئەنجامدانی پاكتاوی قۆناغی پێشوو.
🔹     دەقەكەی حكومەتی عێراق:  حوكمی بڕگەكانی (یەكەم، دووەم، سێیەم، چوارەم، پێنجەم)ی ئەم ماددەیەدا، لە رۆژی جێبەجیێكردنی ئەم یاسایەوە تاوەكو جێبەجێكردنی یاسای نەوت‌و غاز، جێبەجێ دەكرێت.
🔸    راپۆرتی لیژنەی دارایی: هەموو ئەم بڕگانە جێبەجێدەكرێت لە بەرواری دەرچوونییەوە تا دەرچواندنی یاسای نەوت و غاز.
🔹    دەقەكەی حكومەتی عێراق:  لەكاتی بوونی هەر ناكۆكییەك لە تێڕوانینی حكومەتی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێم لەوانەی كە پەیوەندیدارن بە ماف‌و پابەندی‌و میكانیزمەكانی هاتوو لە حوكمەكانی ئەم یاسایەدا، لیژنەیەكی هاوبەش لەنێوان هەردوولا دروستدەكرێت بۆ تەماشاكردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، لەماوەی 30 رۆژدا لەدوای پێكهێنانی، لیژنەكە پێشنیازەكانی خۆی بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بەرزدەكاتەوە بۆ ئەوەی بڕیاری گونجاوی لەبارەوە بدات.  
🔸    راپۆرتی لیژنەی دارایی: لە هەبوونی هەر ناكۆكییەك لە نێوان حكومەتی ناوەندو حكومەتی هەرێم لەسەر ماف و  پابەندییەكان، یان پابەند نەبوون، لەماوەی (15) رۆژدا، شایستە داراییەكانی هەرێم دەبڕدرێت و بە بڕیاری دادگای فیدراڵی كاردەكرێت.

لە راپۆرتی لیژنەی داراییدا (5) بڕگەی تر زیادكراوە بۆ پرۆژە یاسای بودجە كە بریتین لە:
🔸    كوردستان پابەندە كە دوای وردبینی دیوانی چاودێری حكومەتی ناوەند زانیارییەكان لەسەر فەرمانبەرانی (شارستانی، سەربازی) بدات بە وەزارەتی دارایی عێراق.
🔸    حكومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە پێدانی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان  بە پێی ئەو پێوەرانەی لەو بودجەیەدا هاتووە بە دادپەروەری شایستە داراییەكان لەنێوان پارێزگاكان دابەش دەكات بە بێ جیاوازی، بە پێچەوانەوە  حكومەتی فیدڕاڵی پشكی پارێزگای ناڕازی لە بودجە دەبڕێت و ڕاستەوخۆ دەیداتە پارێزگا ناڕازییەكە.
🔸    حكومەتی عێراق پابەند دەكرێ بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی هەرێم بە ڕێگری كردن لە دەرهێنانی نەوتی كێڵگەكانی  كەركوك و موسڵ كە ئێستا لە ژێر كۆنتڕۆڵی  حكومەتی هەرێمن بۆ كاتی ئێستا.
🔸   حكومەتی عێراق پابەند دەبێ  بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی هەرێم  دەروازە سنووریەكان بەڕێوە بەرێت و سەرپەرشتی بكات.
🔸    حكومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە گەڕاندنەوەی (10%)ی پاشەكەوتی مووچەی ساڵانی پیشوو و كە لێبڕینی تێدا كراوە و  بەردەوام ئەو گوژمەیە پارەیە دەدات تاوەكو تەواوی شایستە داراییەكان دەداتەوە.

لە ئێستادا ئەم دوو دەقە لەبەردەستی پەرلەمانتارانی عێراقدایە بۆ دەنگدان لەسەری، ئەگەر پێشنیازەكانی لیژنەی دارایی رەتبكرێتەوە ئەوا پاشەكەوتی موچەو ناردنی پارە بۆ پارێزگای ناڕازی و چەندین بڕگەی تر رەتدەكرێتەوە.

 

دەقی راپۆرتی حكومەتی عێراق

 

 
 
 
- راپۆرتی پێشنیازكراوی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand