هەرێمی کورستان لەسەر نەخشەی "جهیان"ی ماددە هۆشبەرەکان

Draw Media

2024-05-14 18:17:24



درەو:

🔹 بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت ماددە هۆشبەرەکان (UNDOC)، لە هەرێمی کوردستان تا ساڵی (2003) هیچ حاڵەتێکی بەکارهێنان و بازرگانیکردنی ماددە هۆشبەرەکانی تێدا نەبووە.
🔹 بەپێی ئاماری دەزگا ئەمنییەکانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) کە پێشکەش بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت ماددە هۆشبەرەکانیان کردووە، لە ماوەی ساڵانی (2019 – 2023)، بەردەوام قەبارەی دەستبەسەرداگرتنی ماددە هۆشبەرەکان ڕووی لە هەڵکشانە، بەجۆرێک؛ کۆی ماددەکانی (حەشیش، تریاک، هیرۆین، کریستاڵ، کیپتاگۆن)ی دەستبەسەرداگیراو لە ساڵی (2019) تەنها (206) کگم بووە، بەڵام لە ساڵی (2023) گەیشتووە بە (2 تەن و 708 کگم).  
🔹 ئێستا هەرێمی کوردستان جگە لە بەکاربەر و بەرهەمهێن، بووە بە ڕێڕەوەی هەناردەکردنی ماددەی هۆشبەر و لە سەر نەخشەی جیهانی وەک ڕێڕەوێکی مەترسیدار ئاماژەی بۆ دەکرێت.

ماددەی هۆشبەر چییە؟ و جۆرەکانی کامانەن لە هەرێمی کوردستان
ماددەی هۆشبەر وەرگێڕدراوی وشەی "Narcotic"ی ئیغریقییە و بە واتای "بێهۆشکردن" یان "لەهۆشخۆچوون" دێت، ئەمەش واتای ئەوەیە هۆشی مرۆڤ دەبرێت و لە حاڵەتی سروشتی خۆی دادەبڕن، لە دەرئەنجامدا دەبێتە هۆی ئالوودەبوون و ژەهراویبوونی کۆئەندامی دەمار. ماددە هۆشبەرەكان لە ڕێگەی (دەم، دەرزی و کوتان، بۆنکردن، کێشان و هەڵمژین، خستنەژێر زمان و کۆم) بەکار دەهێنرێن.
 جۆرەکانی دەشێت سروشتی بن، لە شێوەی گەڵا و گوڵ و ڕەگی دار، یان نیمچە دەستکرد بن و لە جۆرە سروشتییەکانەوە وەربگیرێن، یان لە تاقیگەدا بە شێوەی حەپ و دەرزی ئامادە دەکرێن، کە بریتین لە (تلیاک، مۆرفین، کۆدایین، هیرۆیین، حەشیش، کراک، شیشە، پیسیدین، میسادۆن، بێنزۆدیازپین، ئەمفیتامینەکان، کۆکاین، ئیفیدرین، بەنگ، فینسیکیدین، هایدرۆکلۆریک، داتورە، کوکا، خات یان فات، کراتم، ناس، متادون،  پاپاورین،  پتادین).
بەردەوام جۆرەکانی ماددە هۆشبەرەکان ڕوو لە زیادبوونن، بە دەیان شێوەی جیاواز، بە تێکەڵکردن و گۆڕانیان لە تاقیگەدا لە ڕووی چەندایتییەوە لە زیادبووندان. لە ساڵی (2012)دا (260) جۆری ماددەی هۆشبەر هەبووە، ئەم ڕێژەیە لە (2018)دا بۆ  (483) جۆر زیادی کردووە. ئەگەر زۆر بەوردی هەموو جۆرەکانی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان دیاری بکەین، ئەوا جۆرەکانی لە ئێستادا هەزاریش تێپەڕ دەکەن.
لە هەرێمی کوردستان مەترسیدارترین جۆرەکانی ماددە هۆشبەرەکان بەربڵاون، لە باوترین و مەترسیدارترینیان ماددەی هۆشبەری "کریستاڵ"ە، بە زمانی بازاڕی "شیشە"ی پێ دەگوترێت، ئەم ماددەیە ڕاستەوخۆ لە ماوەی سێ خولەکدا کاریگەرییەکەی دەگات بە مێشک، بە میکرۆبی پووکانەوەی خانەکانی مێشک ناسراوە.
ئەم جۆرە ماددانەش لە هەرێمی کوردستان هەن: تریاک، هێرۆیین، کریستاڵ، ماریگوانا، بەنگ، جامایکا، حەشیش. بە شێوەیەکی گشتی و بەربڵاو لە هەرێمی کوردستان 17 جۆری باوی ماددەی هۆشبەر هەیە.

قاچاغچێتی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان
عێراق بە زیاتر لە (3 هەزار و 637) کیلۆمەتر سنوری وشکانی لەگەڵ هەریەک لە وڵاتانی (ئێران، ئەردەن، کوەیت، سعودییە، سوریا و تورکیا) هەیە، بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت ماددە هۆشبەرەکان (UNDOC) کە لە مانگی (کانونی دووەمی 2024) بڵاوی کردووەتەوە، جگە لەوەی ئەم وڵاتە پێگەیەکی ستراتیجی هەیە، وەک ڕێڕەوی گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان و گرێدانی باشوری رۆژئاوای ئاسیاو نیمچە دورگەی عەرەبی و ئەوروپا پێکەوە، وایکردووە ئەم ناوچەیە تەنها وەک پردێکی بارزگانی (نێوان بەرهەمهێنەران و بەکاربەران)نەمێنێتەوە، بەڵکو خۆی بووە بە ناوچەی بەرهەمهێن و هەناردەکار و تەنانەت بەکاربەریش، بوونی ڕێژەی بێ شوماری ماددە هۆشبەرەکانیش گەواهی ئەو ڕاستییەن.
ئەگەر چی تا ئێستا داتای متمانەپێکراو و ئاماری ورد لە بەردەست نین، تایبەت بەقەبارەی بەرهەمهێنان و ڕێگاکانی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق و هەێمی کوردستان، هەندێک لە بەرپرسە عێراقییەکانیش ئاماژە بەوە دەدەن کە شەڕی داعش سەرنجی هەوڵەکانی دژ ماددە هۆشبەرەکان دوور خستووەتەوە.
بەڵام بەپێی سەرچاوە فەرمییەکان، دۆخی عێراق و هەرێم کوردستان شاهیدی بڵابوونەوەی بڕێکی گەورەی ماددە هۆشبەرەکانە، بەتایبەت لەم ساڵانەی دوایدا، وەک ئەوەی لە چارتی ژمارە (1)دا ئەو ڕاستییە سەلمێندراوە.
چارتی ژمارە (1)


سەرەڕای ئەوانەش ڕاپۆرتی دەزگا تایبەتمەندەکان لە ساڵی 2023 ئاماژە بە هەوڵەکانی بەرهەمهێنانی ماددەی (کیپتاگۆن) لە عێراق و بە تایبەتیش پارێزگای موسەننا دەدەن.
ڕێڕەوە ناوخۆییەکانی قاچاغچێتی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق و گواستنەوەیان بۆ دەرەوە
ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە ماددە هۆشبەرەکان (UNDOC) ئاماژە بە سێ ڕێڕەوی بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەکات لە عێراق و ڕێڕەوەکانیش ڕەهەندێکی مێژوویی جیوسیاسییان هەیە، کە بریتن لە ڕێڕەوەکانی (باکوری عێراق، ناوەڕاست و باشور) سنورەکانی عێراق بە ئێران و تورکیا و سوریا و سعودییە دەبەستنەوە، لێرەدا تیشک دەخەینە سەر ئەو ڕێڕەوەی دەکەوێتەوە هەرێمی کوردستانەوە. وەک لە (نەخشەی ژمارە (1))دا هاتووە.
نەخشەی ژمارە (1)

 

هەرێمی کوردستان وەک (بەرهەمێهن، بەکاربەر و ڕێڕەوی گواستنەوە)ی ماددە هۆشبەرەکان
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی (1990- 2023) ، هیچ حاڵەتێکی بەکارهێنان و بازرگانیکردنی ماددە هۆشبەرەکانی تێدا نەبووە، بەڵام لە ئێستادا لە هەرێمێکی بەکارهێنەرەوە بووەتە وێستگەیەکی ترانزێت و تەنانەت بەرهەمهێنیش، ئامار و داتاكانی پەیوەست بە بازرگانی كردن و بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان لە هەڵكشانی بەردەوام دان.
وەک لە (نەخشەی ژمارە (2))دا ڕێڕەوەکە نیشان دراوە، بە لایەنی کەمەوە لە ساڵی (2017)ەوە، ئەم ڕێگایە وەک جێگرەوەیەکی پارێزراوتر لە ڕێڕەوی نێوان ئێران و تورکیا، خۆشبووە بۆ ئەو قاچاغچییانەی ماددەی هۆشبەر دەگوازنەوە، گەورەترین و فراوانترین ئەو ماددانەشی لەم ڕێڕەوەوە بازرگانی پێوە دەکرێت جۆری (کریستاڵ)ە کە ناوە زانیستییەکەی (Methamphetamine)ە، ئەمەش پاڵپشت بەو ئامارانەی لە ساڵی (2022) تۆمار کراون، کە کریستاڵ و هیرۆین حەبی کیپتاگۆن زۆرترین ئەو ماددانەن کە دەستیان بەسەردا گیراوە.
 


بە گوێرەی زانیاری بەرێوەبەرایەتییە گشتییەکانی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەولێر و سلێمانی، گومان وایە تاقیگەی نهێنی بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکان  لە دەوروبەری شارەکانی نزیک سنورو ناوچە شاخاوییەکان هەبێت، جگە لە ناوچەکانی دەوروبەری کەرکوک و دوزخورماتووە.
هاوکات لە (4/5/2024) سۆران عومەر پەرلەمانتاری عێراق لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک، ئەوەی بڵاوکردەوە، ڤیدیۆی دەستەبەسەرداگرتنی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی مادەهۆشبەرەکانی وەک (تریاک و کریستاڵ) لە لایەن هێزە عێراقییەکانەوە لە پارێزگای سلێمانی بڵاوکردەوە.
هەرچۆنێک بێت ئێستا هەرێمی کوردستان کەوتووتە سەر ئەو نەخشە جیهانییەی کە ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەرەکانی لێوە دەگوازرێتەوە، بەو مانایەی کە تەنها هاوردەکار و بەکاربەر و بەرهەم هێن نییە بەڵکو گوێزرەوەشە لەم بارەیەوە بڕوانە (نەخشەی ژمارە (3)).
 


لەبارەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانیشەوە رۆژنامەنوس (دڵشاد ئەنوەر) لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بوک لە ژێر ناونیشانی (شەڕێکی قورس!) لە بەشێکی وتارێکیدا نوسیویەتی؛
لە ساڵی ٢٠١٧ کاتێک هۆشداریم دەدا لە مەترسییەکانی مادەی هۆشبەرو تەقینەوەی دۆخەکە، خەڵکانێک نەک بەهەندییان وەرنەدەگرت، ڕەنگە گاڵتەشیان هاتبێت، وا ئێستا شەڕەکە بەر دەرگای ماڵ بە ماڵی گرت، دەی من ئێستا پێتان دەڵێم:
1.    دەیان دۆسیە لای دەزگا ئەمنییەکانە، ئالودەبوو کچ و ژنی خۆی ناچار کردووە بە لەشفرۆشی، تا پارەی دەست بکەوێت و مادە بکڕێت. گەر وەزعەکەش وا بڕوات سجن پڕ دەبێت، ئالودە بوو ناگیرێ، چونکە زیندان دەرەقەتی دۆخەکە نایە.
2.    دەیان عائیلە هەن خۆم ئەیانناسم، هەشیانە تەلەفۆن دەکەن، ئالودەبوویان تێکەوتووە، ڕۆژ تا ئێوارە لێیان دەدات، شەویش ناوێرن بخەون ئەترسن بیانکوژێ.
3.    سەدان و بگرە هەزاران حاڵەتی هەڵوەشاندوەی خێزان هەیە.
4.    گەر لە ماڵەکەتدا دە توشبووی سەرەتان هەیەو ئالودەبوویەکی تێدا نییە، سوپاسی خودا بکە، چونکە توشبووی سەرەتان بە ئازاری خۆی دەتلێتەوەو خەفەتەکەی بۆ تۆیە، بەڵام ئالودە بوو ناهێڵێ بخەوی، ماڵت تێکدەدات، ئەترسی دەقەیەک بخەوی، ڕەنگە بتکوژێ.
5.    عائیلە هەیە خۆی زۆر بە محافزکارو دینی دەزانیت، ئالوودەی بووی تێکەوتووە، ژیانی تێکچووە.
ئەگەر گوزەرێکی خێرا بە پەڕەی تایبەتی " بەرێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان"ی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک بکەین، ئەوا بەشێک لەو ڕاستییە ترسناکەمان بۆ بەدیاردەکەوێت لە بارەی دەستەبەسەردا گرتنی بڕو قەربارە و جۆری ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان لە چی ئاستێکی مەترسیداردایە. (چارتی ژمارە (2)) قەبارەی ئەو بڕە لە ماددە هۆشبەرەکان نیشان دەدات لە سەر ئاستی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) لە ساڵانی (2019 - 2023).
چارتی ژمارە (2)

 

سەرچاوەکان
-    مکتب اللامم المتحدة المعني بالمخدرات والجریمة، دینامیکیات تهریب المخدرات عبر العراق، کانون الثاني/ینایر 2024.
-    هاوکار ڕەفیق ڕەحمان، هەڕەشەی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان و ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوە، گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە (10) تشرینی دووەمی 2021، ساڵی دووەم، لاپەڕە 46-65.
-    سۆران عومەر سەعید، عێراق دەست بەسەر مەترسیدارترین کارگەی بەرهەمهێنانی تلیاک و کریستاڵ دا دەگرێت لەسنوری سلێمانی!!، پەڕەی تایبەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بوک، 4/5/2024.
-    دڵشاد ئەنوەر، شەڕێکی قورس!، پەڕەی تایبەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بوک، 12/5/2024.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand