پەرلەمان هەڵوەشایەوە‌و حكومەت دەبێت بەكاربەڕێكەر

Draw Media

2023-06-08 15:52:08



راپۆرت: درەو
پارتی‌و یەكێتیی بەفەرمی پابەندبوونیان بە بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە نیشاندا، بەمەش هەم پەرلەمانی كوردستانیان هەڵوەشاندەوە‌و هەم حكومەتیان كرد بە حكومەتی كاربەڕێكەر، لەم نێوەندەدا دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم جارێكی تر بوو بەژێر ململانێ سیاسییەكانەوە، چونكە ئەنجومەنی دادوەریی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی كاراكردەوە‌و لەم پێناوەشدا تەنانەت نیسابی یاسایی خۆی شكاند، چارەنوسی ئەو كۆمسیۆنەشی كە بۆ ریفراندۆمەكەی 2017 دروستكرا، كەوتە ناو تونێلێكی تاریكترەوە، دوای نه‌وته‌كه‌، هه‌ڵبژاردنیش راده‌ستی به‌غداد كرا. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

پارتی پابەندی بڕیاری دادگا بوو
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ مەبەستی تاوتوێكردنی هەڵبژاردن، وەفدێكی ناردە بەغداد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق. 
وەفدەكەی سەرۆكایەتی هەرێم پێكهاتبوو لە: 
•    فەوزی هەریری سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم (سەرۆكایەتی وەفدەكەی كردووە). 
•    دڵشاد شەهاب راوێژكاری سەرۆكی هەرێم‌و وتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتی هەرێم
•    دكتۆر غازی سابر بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی لە سەرۆكایەتی هەرێم
•    زمناكۆ جەلال راوێژكاری هەڵبژاردن لە سەرۆكایەتی هەرێم
دادوەر عومەر ئەحمەد سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقە، ئەم دادوەرە كوردە‌و لە سلێمانییەوە كاندیدكراوە، ئەمڕۆ خۆی بەشداری كۆبونەوەكە بووە لەگەڵ وەفدەكەی هەرێم. 
لە كۆبونەوەكەدا لەبەر رۆشنایی بڕیارەكەی 30ی ئایاری دادگای فیدراڵی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، هەردوولا گفتوگۆیان كردووە لەبارەی دۆسیەی سازدانی هەڵبژاردن لە كوردستان. 
دادوەرە كوردەكەی سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق وتویەتی:" كۆمسیۆن ئامادەیی تەواوەتیی هەیە بۆ هاوكاری لەگەڵ هەرێمی كوردستان بۆ سازدانی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی شەفاف‌و سەركەوتوو". 
دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێم لەبارەی سەردانەكە رایگەیاند" بەناوی سەرۆكی هەرێمەوە ئەوەمان دووپاتكردەوە ئامادەین هەموو هەماهەنگییەكین لەگەڵ دەسەڵاتە فیدراڵییەكان‌و لەناویشیاندا كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان". 
وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێم وتی:" هەموومان حەزمان ئەكرد بارودۆخەكە بەشێوەیەك بوایە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان سەرپەرەشتی هەڵبژاردنەكانی بكردایە، بەڵام ئەگەر كۆمسیۆنەكەی عێراقیش بیكات كارێكی تازە نییە، چونكە خولی دووەم‌و سێیەم‌و چوارەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن كۆمسیۆنی عێراقەوە بەڕێوەچوون".
لەبارەی سازدانی هەڵبژاردنی كوردستان لەو وادەی كە سەرۆكی هەرێم دیاریكردووە كە رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵە، بەپێی قسەی دڵشاد شەهاب كۆمسیۆنەكەی عێراق هیچ بەڵێنێكی نەداوە‌و وتویەتی چاوەڕێی یەكلابونەوەی وادەی سازدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكەن‌و ئەولەویەتی ئەوان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانە، بەڵام سەرۆكایەتی هەرێم بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، داوای كردووە، ئۆفێسەكانی كۆمسیۆنەكەی عێراق لە هەرێم كاری خۆیان بكەن‌و ئامادەكاری بۆ سازدانی هەڵبژاردن بكەن.  
وەفدەكەی سەرۆكایەتی هەرێم، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقی بانگهێشتكردووە بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن. 

یەكێتیی پێش پارتی كەوت 
بەر لەوەی دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێم بێتە بەردەم كامێراكان‌و بە فەرمی پابەندبوونی هەرێم بە بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە رابگەیەنێت، یەكێتیی پابەندبوونی راگەیاند. 
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران ئەمڕۆ ئەلینا رۆمانۆڤسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق بینی. لەم دیدارەدا، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند" پێویستە هەرێم‌و بەغدا هەماهەنگ بن تا لەنزیكترین كاتدا هەڵبژاردنەكانی كوردستان بەڕێوە بچێت".
بەستنەوەی هەڵبژاردنی كوردستان بە هەماهەنگیی نێوان هەرێم‌و بەغدادەوە، بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دانپێدانانی قوباد تاڵەبانی بوو بە بڕیاری رۆژی 30ی ئایاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بڕیارێك كە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان‌و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی كوردستانی هەڵوەشاندەوە. 
یەكێتیی لەم شەڕی هەڵبژاردنەدا لەوەدا براوە بوو هەڵبژاردنەكە هەندێكی تر دوابخرێت‌و كۆمسیۆنی عێراقیش پرۆسەكە بەڕێوەببات، بەوپێیەی ئێستا سەرۆكی كۆمسیۆنەكە دادوەرێكی خەڵكی شاری سلێمانییە، بەڵام لەوەدا شكستی هێنا كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا دابەشبكات‌و بەشی سلێمانی لێبپچڕێت، چونكە ئێستا ئیتر بە یاسای كۆنەكە هەڵبژاردن دەكرێت‌و هەرێمی كوردستان یەك بازنەی هەڵبژاردن دەبێت‌و هەر (11) كورسی كۆتای پێكهاتەكانیش هەر لە سنوری هەولێرو دهۆكدا دەمێننەوە. 

دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم لەژێر پرسیاردا !
سەردانی وەفدەكەی سەرۆكایەتی هەرێم ئاماژەیە بۆ ئەوەی پارتی پابەند بووە بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان.
بەم سەردانە ئیتر بەفەرمی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان راگەیەندرا‌و پارتی بڕیاری ژمارە (10)ی پەرلەمانی كوردستانیشی بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم هەڵوەشاندەوە، بڕیارێك كە لە رۆژنامەی "وەقایع"ی كوردستان بڵاوكرایەوە‌و ئەنجومەنی دادوەریی وەكو دەسەڵاتی سێیەم لە هەرێمی كوردستان پەسەندی كرد، ئەمەش وەكو خاڵێكی نەرێنیی لەسەر دەسەڵاتی دادوەریی لە هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا لەسەر داوای پارتی، ئەنجومەنی دادوەریی نیسابی یاسایی خۆی شكاند‌و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی راگەیاند. 

پەرلەمان تەواو بوو
ئێستا ئیتر ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان دەبێتە چالاكییەكانیان وەكو پەرلەمانتار رابگرن، چونكە هەردوو حزب پابەندبوونیان بە بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە راگەیاندووە. 
پەرلەمانتاران كە دەبوو لەدوای رۆژی 30 ئایارو بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە چالاكییەكانیان رابگرن، وایان نەكرد‌و هەندێكیان هەر بەردەوامبوون، چونكە بۆچوونی فەرمی حزبەكانیان نەدەزانی. 
سایتی فەرمی پەرلەمان لە رۆژی 28ی ئایارەوە هەموو چالاكییەكانی سەرۆك‌و جێگری سەرۆك‌و پەرلەمانتارانی راگرت، بەڵام ئەمە بەواتای ئەوە نایەت پەرلەمان لەو ماوەیەدا كاری نەكردبێت، چونكە بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، رۆژی 31ی ئایار واتە تەنیا یەك رۆژی دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق وەفدێكی لیژنەی سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان چوەتە ئیتالیاو چەند لیژنەیەكی پەرلەمانی ئەو وڵاتەی بینیوە. 
وەفدەكەی پەرلەمانی كوردستان لە پەرلەمانتارانی یەكێتیی‌و پارتی پێكهاتووە، ئەوانەی كە رۆژی 22ی مانگ لەسەر پرسی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی پەلاماری یەكترییاندا‌و برینداریشی لێكەوتەوە. 

حكومەتی كاربەڕێكەر 
سەردانی ئەمڕۆی وەفدەكەی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ بەغداد‌و راگەیاندنی پابەندبوون بە بڕیاری دادگای فیدراڵی تەنیا هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستانی یەكلانەكردەوە، بەڵكو كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمشی كرد بە حكومەتێكی كاربەڕێكەر.
هەرێمی كوردستان سیستمە حوكمڕانییەكەی پەرلەمانییە، واتە سەرۆكی هەرێم‌و كابینەی حكومەت لەبەردەم پەرلەماندا متمانە وەردەگرن، ئێستا كە پەرلەمان هەڵوەشاوەتەوە، ئیتر حكومەتیش دەبێت بە كاربەڕێكەر تا ئەوكاتەی هەڵبژاردنێكی نوێ دەكرێت‌و پەرلەمان متمانە بەكابینەی نوێی حكومەت دەدات. 

كەی هەڵبژاردن دەكرێت ؟
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی بۆ هەڵبژاردن دیاریكردووە، ئێستا كە وەفدی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ گفتوگۆ وەفدی ناردووە بۆ بەغداد، دەبێت دوای یەكلابوونەوەی گفتوگۆكان سەرۆكی هەرێم كە هاوكات جێگری سەرۆكی پارتیشە، بە فەرمی نوسراو ئاڕاستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بكات‌و داوای لێبكات سەرپەرەشتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بكات. 
رۆژی 18ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق بەڕێوەدەچێت، واتە یەك مانگ دوای وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەبەردەم لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ناتوانێت لە ماوەی مانگێكدا دوو هەڵبژاردن بەڕێوەببان، واتە هەڵبژاردنی پارێزگاكان‌و هەڵبژاردن پەرلەمانی كوردستان، كۆمسیۆنی عێراق ئەمڕۆ هەمان قسەی بە وەفدەكەی سەرۆكایەتی هەرێمش  وتووە، ئەمە وایكردووە پێشبینی بكرێت هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ جاری دووەم دوابكەوێت‌و بكەوێتە مانگی ئایاری ساڵی داهاتوو. 

لێكەوتەكانی پابەندبوونەكەی هەرێم
ناوەڕاستی شوباتی 2022 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دوای 10 ساڵ چاوەڕوانی، بڕیاری خۆی لەبارەی سكاڵایەكی وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم یەكلاكردەوە، دادگای بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت‌و غازی هەرێم‌و پابەندكردنی هەرێم بە رادەستكردنی نەوت‌و غازەكەی بە حكومەتی فیدراڵ. 
ئەوكات مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومه‌تی هەرێم بە فەرمی دژی بڕیارەكە  وەستایەوە‌و رایگەیاند، دادگای فیدراڵی دادگایەكی سیاسییە‌و ئەوان پابەند نابن بە بڕیارەكەیەوە. 
دۆخەكە بەمشێوەیە مایەوە‌و حكومەتی مەسرور بارزانی پابەندی بڕیارەكە نەبوو، بەردەوام بوو لە هەناردەكردن‌و فرۆشتنی نەوت تا ئەوكاتەی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی پاریس لەسەر سكاڵاكەی عێراق دژی توركیا دەرچوو، بەرەبەیانی رۆژی 25ی ئازاری ئەمساڵ توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی راگرت‌و لەوكاتەوە تائێستا هەناردە دەستی پێنەكردووەتەوە. 
مەسرور بارزانی كە لەسەرەتاوە دژی بڕیاری دادگای فیدراڵی وەستایەوە بۆ رادەستكردنی نەوت، دوای بڕیاری دادگای پاریس‌و راگرتنی هەناردەی نەوت لەلایەن توركیاوە، ئەمجارە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ رێككەوتنی كرد بۆ رادەستكردنی نەوت بە كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ". 
پابەندبوونی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری رۆژی 30 ئایاری ئەمساڵ بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان دەبێت بە پێشینەیەك بۆ پابەندكردنی هەرێم بە هەر بڕیارێكی ترەوە كە لە داهاتوودا لەلایەن ئەو دادگایەوە دژی هەرێمی كوردستان دەربچێت، ئەمە لەكاتێكدایە پێشترو چەندینجار بەرپرسانی هەرێم دادگاكەیان بە نادەستوری ناوبردووە تا ئەو رادەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دادگاكەی بە "محكمە الپورە"ی بەعس ناوهێنا.
بەمشێوەیە هەرێمی كوردستان لەدوای نەوتەكەی، پرسی هەڵبژاردنیشی رادەستی حكومەتی فیدراڵ كردو چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی ماوە تەواوبوونی هەرێم كەوتە ناو تونێلێكی تاریكترەوە، كۆمسیۆنێك كە تایبەت بە بەڕێوەبردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان لە 2017دا دروستكرا.  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand