د. بێستون محەمەد / پسپۆڕ لە بەڕێوەبردنی نەوت و گاز/ گۆڤاری ئایندەناسی
بەڕێوەبردنی سەرکەوتووانەی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان

2025-07-05 09:09:09
درەو:
پەیوەندیی نێوان سەقامگیریی سیاسی و حوکمڕانیی باش لەگەڵ بەڕێوەبردنی سەرکەوتووانەی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان
بەرایی
ئامانجی ئەم توێژینەوەیە بریتییە لە هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنەی ئاڵنگاری و دەرفەتەكانی تایبەت بە پڕۆسەو پلانی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە هەرێمی كوردستان. هەروەها پیشاندانی چەند سیناریۆیەكی ئەگەری تایبەت بە بەڕێوەبردنی ئەو سەرچاوەیەی ووزە، بە پشتبەستن بەو یەدەگەی كە هەیەتی كە بریتییە لە 25-30 ترلیۆن پێ سێجا. ئەو دەیتایانەی كە لەم توێژینەوەیەدا بەكار هێنراون، بریتیین لەو زانیارییانەی كە كۆمپانیاكان و دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرچاوە كوردستانی و عێراقی و جیهانییەكان لە بارەی یەدەگ و بەرهەمهێنان و گەشەكردن لە بەرهەمهێنان لە غازی سروشتی خستوویانەتە ڕوو. هەروەها تیشک خراوەتە سەر ڕۆڵی غازی سروشتی لە دابینكردنی كارەبا لە هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكانی هەرێم و عێراق لە بارەی دابینكردنی بەشێک لە پێداویستییەكانی كارەبا. لە بەشێكی تری توێژینەوەكەدا تیشک خراوەتە سەر ئەو هەوڵانەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان داویەتی بۆ دابینكردنی بەشێک لە وزە لە ڕێگەی سەرچاوەی وزەی نوێبووەوە. هەموو پایە سەرەكییەكانی پەیوەست بە بەرهەمهێنانی غازی سروشتی و ئاستەنگەكان و پێشنیارەكان بۆ لابردنی ئاستەنگەكان خراونەتە ڕوو. گرنگترین ئاستەنگەكان كە ئاماژەیان پێ كراوە، بریتین لە كێشەكانی نێوان حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێم لە بارەی چۆنایەتیی خاوەنداری و بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەكان. باس لە ڕۆڵی دەستووریی عێراق كراوە لە بابەتەكانی تایبەت بە بەڕێوەبردن و خاوەنداریی ئەو سەرچاوە سروشتییانە. جگە لەوەش، چەند پێشنیار و ڕاسپاردەیەک خراونەتە ڕوو بۆ زیاتر گەشەكردنی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی و چارەسەركردنی كێشەكانی بەڕێوەبردن. لە كۆتاییدا دەرئەنجامەكانی توێژینەوەكە بە كورتی خراونەتە ڕوو.
پێشەكی
دەتوانرێت هەرێمی کوردستان وەک جوگرافیایەكی تا ڕادەیەک دەوڵەمەند بە سەرچاوەی غازی سروشتی پێناسە بكرێت، کە هەردوو جۆری سەرچاوەی غاز (پەیوەندیدار و ناپەیوەندیدار) لەخۆ دەگرێت. هەڵسەنگاندنەکان ئەوە نیشان دەدەن کە دەتوانرێت تا ناوەڕاستی ساڵانی 2030، نزیکەی 40 ملیار مەتر سێجا (BCM) غازی سروشتی لە ساڵێکدا بەرهەم بهێنرێت و بەبازاڕ بكرێت[1]. گەشەپێدانی ئەم جۆرە سەرچاوەیە پێویستی بە دیزاینکردنی سیاسەت و بەڕێوەبردنێكی دروست هەیە، كە تیایدا ستراتیژێكی ڕوون بۆ بەبازاڕكردن ڕەنگ بداتەوە، بە شێوەیەک بێت بەرپرسیارێتیی ژینگەیی ڕەچاو بكات، تاوەكوو بە شێوەیەکی کاریگەر خزمەت بكات بە گەشەپێدانی دارایی و بازرگانی.
بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان سنووردارە بە نزیکەی ( BCM/y5.2). سنوورداریی ئەم بەرهەمە دەگەڕێتەوە بۆ بەرهەمهێنان لە یەک کێڵگەی غازی پەیوەندیدار (خورمەڵە) و یەک کێڵگەی ناپەیوەندیدار (كورمۆر). كورمۆر لە باشووری پارێزگای سلێمانییە و خورمەڵە 35 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای هەولێرە[2]. خشتەی ژمارە (1) ڕێژەی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی پیشاندەدات لە ساڵی 2008 بۆ ساڵی 2025
خشتەی (1) بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە كێڵگەی غازی كۆرمۆر
لە ساڵی 2008، بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە سفرەوە بازیدا بۆ ~300MMscf/d، کە یەکسانە بە ~2.7bcm/ لە ساڵێكدا. لە ساڵی 2009-2013، ئەم بڕە بە جێگیری مایەوە واتە لە ~300 ڕۆژانە، ~2.7bcm/ساڵانە. لە ساڵی 2014-2018، بەرهەمهێنانی ڕۆژانە زیادی كرد بۆ ~400، كە یەكسان بوو بە ~4.4bcm/ لە ساڵێكدا. لە 2019–2022، قۆناغەکانی فراوانبوون دەستی پێكرد بە زیاد بوونی بەرهەمهێنانی ڕۆژانە بۆ ~500MMscf/d، كە بە نزیکەیی دەكاتە 5.2bcm/ لە ساڵێكدا . لە كۆتایدا، لە ساڵی 2024-2025، پڕۆژەی KM250 بەرهەمهێنان بە ڕێژەی +250 ڕۆژانە دەستی پێكردووە، کە بەرهەمی ساڵانە دەگەیەنێتە ~8.2bcm/. لە ساڵێكدا.
چەندین كێڵگەی تر لە سنووری دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرچاوەی غازیان هەیە، بەڵام بە هۆی تەحەدیاتی تەکنیکی، جیۆلۆجی، بازرگانی، ئابووری و ناڕوونیی سیاسەتی حکومەت و کۆمپانیاکان، تاکوو ئێستا بە شێوەی گونجاو گەشەیان نەکردووە، خشتەی ژمارە (2) كێلگەكانی غازی سروشتی لە هەرێمی كوردستان نیشاندەدات.
خشتەی (2): كێڵگەكانی غازی سروشتی لە سنوری دەسەڵاتدارییەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان
تەنها لە كێڵگەی غازی كۆرمۆر بەرهەمهێنان بە مەبەستی بەكارهێنان بەردەوامە، لە ساڵی 2008 بەرهەمهێنان دەستی پیكردووە، هەتا ئێستا بەردەوامە. هەرچەندە لە كێڵگەی نەوتی خورمەڵە دەرهێنانی غازی سروشتی بوونی هەیە، بەڵام بەكاردێت بەمەبەستی سوتاندن بۆ بەردەوامی پرۆسەی دەرهێنانی نەوت.
داواکاریی ناوخۆیی گاز بۆ کەرتەکانی کارەبا و پیشەسازی لە هەرێمدا نزیکەی ( BCM/y11) هەیە، کە نیوەی بەرهەمی ناوخۆییە. خواست لە سەر ئەم جۆرەی سەرچاوەی سروشتی بەردەوام لە زیادبووندایە. بە پێی پێشبینییەکان، داواکاریی گاز تا ساڵی 2030 دەگاتە ( BCM15) و تا ساڵی 2040 دەگاتە (21 BCM)، بە تایبەتی بۆ کەرتی کارەبا[3].
لە بواری پیشەسازیدا بە شێوەیەکی خاوتر خواست و پێداویستییەكان بۆ غاز دروست دەبن، چونكە چەندین جۆری تری وزە لە پڕۆسەكانی پیشەسازیدا بەكار دەهێنرێن، لەوانەش: نەوتی خاو، بە تایبەتی زۆر گونجاوە بۆ پیشەسازیی چیمەنتۆ، بەڵام ئەم جۆرە لە سەرچاوەی سووتەمەنی سەرچاوەی پیسبوونی ژینگەیە بە شێوەیەكی زیاتر لە غازی سروشتی.
بەرزبوونەوەی نرخی گازۆیل و کەمبوونەوەی غازە سووکەكان کاریگەریی زۆریان هەیە لە سەر توانای بەرهەمهێنانی کارەبا. یەكێكی تر لە سەرچاوەكانی وزە بریتییە لە وزەی نوێبووەوە، وەک وزەی خۆر و ئاو. پڕۆژەیەکی 100 مێگاواتی فۆتۆڤۆڵتایکی خۆر لە قۆناغی سەرەتاییدایە[4]، وەزارەتی کارەبا پڕۆژەیەکی ”IPP”ی 75 مێگاواتیی تری خستووەتە بواری جێبەجێكردنەوە[5].
پەرەپێدانی سەرچاوە جیاوازەكان بۆ دابینكردنی وزە ڕۆڵیان دەبێت بۆ دروستكردنی باڵانس لە نێوان دابینكردن و داواکاریی کارەبا، بەڵام کێشەی سیاسی، ئەمنی، بازرگانی، نادڵنیایی بازاڕی دەرەکی (وەک تورکیا)، زیادبوونی نرخی نێودەوڵەتی نەوت و گاز، لە ساڵانی ڕابردوودا خاوبووەنەوەی زۆری دروست كردووە و دەكات لە پڕۆژەكانی تایبەت بە گەشەپێدانی سەرچاوەكانی وزە.
ئەم توێژینەوەیە سەرنجی لە سەر کۆمەڵێک فاكتەری جۆراوجۆری پەیوەندیدارە لە سەر بەڕێوەبردنی غازی سروشتی لە هەرێمی كوردستان، هەروەها سەرنجی لە سەر ئەگەرەكانی دروستكردن و فراوانكردنی پەیوەندیی ئەو سەرچاوە سروشتییەی هەرێمی كوردستانە بە بازاڕی دراوسێکانی، بە ئامانجی تێگەیشتن لە هەوڵەكان بۆ پەرەپێدانی خێرای ژێرخانی وزە. یەكێک لە بابەتە سەرەكییەكان ئەوەیە كە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی غاز بتوانن بەشێک لە غازی سروشتیی كوردستان ئەگەر بە قەبارەیەكی بچووکیش بێت بگوازنەوە بۆ بازاڕەکانی حکومەتی فیدراڵیی عێراق، بە تایبەتی لە ڕێگەی نێوان كۆرموور و کەرکووکەوە.
پڕۆژەی هێڵی غازی سەرەکیی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدراڵی، پڕۆژەیەكە جێگای سەرنجە، ڕەنگە بەربەستیش لە بەردەمیدا زۆر نەبێت. لەگەڵ ئەمەشدا هەڵسەنگاندنەکان پێشبینیی فرۆشتنی غاز دەكەن بۆ تورکیا، لەوێشەوە بۆ بازاڕەكانی تری جیهان. فرۆشتنی غاز بۆ تورکیا ڕەنگە لە ساڵی 2030 بە دواوە دەست پێ بكات، بە مەرجێک كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد لە بواری بەڕێوەبردنی وزەدا چارەسەر بكرێن. گرنگترین ڕەهەندەكانی تایبەت بە پرسەكانی بەڕێوەبردنی غازی سروشتی لە هەرێمی كوردستان بریتین لە:
سەربەخۆیی وزە و دابینکردنی کارەبای ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان
ھەرێمی کوردستان گۆڕانکارییەکی گرنگی بەڕێوەبردنی وزەی بەخۆیەوە بینیوە، کە غازی سروشتی لە ناوەندی ستراتیژیەتی خۆیدایە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی وزە و باشترکردنی دابینکردنی کارەبای ناوخۆ. کەرتی کارەبای کوردستان لە مێژە بە هۆی كۆنیی ژێرخانەكەی و پشتبەستنی زۆر بە سووتەمەنیی هاوردەکراو، بارگرانییەكی زۆری بۆ دروست بووە. تا ساڵی 2023، هەرێمەکە نزیکەی 3000 مێگاوات کارەبای بەرهەم هێناوە، لە کاتێکدا لوتکەی خواست گەیشتە 5500 مێگاوات کارەبا، ئەمەش بریتی بووە لە کورتهێنانێکی بەرچاوی دابینکردنی كارەبا. فراوانکردنی بەرهەمهێنانی غازی سروشتیی ناوخۆیی و بەکارهێنانی کاریگەرانەی لە بەرهەمهێنانی کارەبادا؛ چارەسەرێکی سەرەکییە بۆ ئەم تەحەدایە، بەڵام لە ئێستادا هەم توانای بەرهەمهێنان و هەم خواستیش زۆر گەشەیان كردووە. وێستگەكانی كارەبا لە كوردستان توانایان هەیە نزیكەی 6700 مێگاوات كارەبا بەرهەم بهێنن، بەڵام لە ئێستادا نزیكەی 4300 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام كەموكوڕی هەیە لە گازی سروشتیی پێویست. واتە كوردستان توانای وێستگەكانی؛ 2400 مێگاواتی ترە. جێگای ئاماژەپێكردنە هەموو وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە سەرچاوەی غازی سروشتییەوە وێستگەی نوێن و بەفیڕۆچوونی كارەبا تیایاندا زۆر كەمە. جێگای ئاماژەپێكردنە لەو بڕە كارەبایەی كە كوردستان بەرهەمی دەهێنێت، نزیكەی 1600 مێگاواتی دەفرۆشێت بە حكومەتی عێراق[6]. خشتەی ژمارە (3) تواناو بڕی بەرهەمهێنانی ووزەی كارەبا نیشان دەدەن لە هەرێمی كوردستان.
خشتەی (3) تواناو بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان
توانای کەرتی کارەبای كوردستان بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش فراوان بووە، بەڵام بەرهەمهێنانی ڕاستەقینە بەهۆی بەردەوامی سنووردارکردنی سووتەمەنی و ژێرخانی ئابوورییەوە کەمە. لە کاتێکدا توانای بەرهەمهێنان گەیشتۆتە نزیكەی (7) هەزار مێگا وات، بەڵام بەرهەمهێنان لە دەوروبەری 3-3.5 مێگاوات بووە. پلانی ساڵی 2025 بۆ زیادکردن و گەیشتن بە 4،300 مێگاوات هەنگاوێکە بەرەو نزیكبوونەوە لە چارەسەرکردنی خواست، بەڵام پڕکردنەوەی بۆشایی بەرهەمهێنان پێویستی بە وەبەرهێنانی بەردەوام هەیە لە دابینکردنی سووتەمەنی و کارایی تۆڕەكانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی كارەبا
غازی سروشتی ڕێگایەکی بەردەوامی گەشەكردن پێشكەش دەكات لە ڕووی ئابووری و ژینگەییەوە بۆ بەمۆدێرنکردنی سیستمی وزەی کوردستان. بە پێچەوانەی گازۆیل و ڕۆنی سووتەمەنیی قورس کە گرانن و ژینگە پیس دەكەن، غازی سروشتی هەم پاکترە و هەم تێچووی کەمترە. خشتەی ژمارە (4) سەرچاوە جیاوازەكانی بەرهەمهێنانی ووزە پیشاندەدەن لە هەرێمی كوردستان.
خشتەی (4) سەرچاوەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا (2004-2025)
كەواتە وێستگەکانی غاز/نەوت بە نزیكەی (70-95%) ووزەی كارەبا دابیندەكەن لە ڕێگەی کێڵگەی كۆر مۆرەوە. هەروەها بەرهەمهێنانی کارەبا لە سەرچاوە ئاوییەكان بەشێکی بچووک پێكدەهێنن، كە نزیكەی (3-15%) دابین دەکەن، توانای ئەم سەرچاوەیەی ووزە سنووردارە بەهۆی ئاستی ئاوی وەرزییەوە. بەڵام وزەی نوێبووەوە (خۆر، پاشماوە هایدرۆكاربۆنییەكان) لە نزیکەی سفرەوە بۆ نزیکەی 25%ی بەرهەمهێنانی کارەبا دابیندەكەن تا كۆتایی ساڵی 2025، ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەنگاونان بۆ بە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەكانی ووزە.
گۆڕان بەرەو بەرهەمهێنانی کارەبا بە غاز، لە دامەزراندنی وێستگەکانی هەولێر و بازیان و دهۆكەوە دەستیان پێ کرد. ئەم دامەزراوانە توانای بەرهەمهێنانی هێزێکی جێگیر و توانای زۆری بەرهەمهێنانیان نیشان داوە بە کارایی سووتەمەنی زیاتر و تێچووی کارکردنی کەمتر[7]. بۆ نموونە؛ وێستگەی کارەبای هەولێر بە هاوبەشی لەگەڵ گرووپی “KAR” لە سووتەمەنی نەوتییەوە گۆڕا بۆ غازی سروشتی، ئەمەش هەم بەرهەمهێنان و هەم ئەدای ژینگەیی باشتر كرد[8]. ئەو هەماهەنگییەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیای جەنەراڵ ئێلیكتریک دەستی پێ كردووە، شۆڕشێكی گەورە لە زیادكردنی توانای بەرهەمهێنانی كارەبادا دروست دەكات، ڕەنگە لە داهاتوویەكی نزیكدا توانای بەرهەمهێنانی كارەبا بەرز ببێتەوە بۆ زیاتر 8000 مێگاوات و كوردستان نزیک ببێتەوە لە دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری[9].
حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێكکەوتنێكی لەگەڵ کۆمپانیای جەنەراڵ ئێلیکتریک (GE) کردووە بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان. ئەم ڕێككەوتنە بە ئامانجی چارەسەرکردنی کەمیی بڕی بەرهەمهاتووی کارەبا و پشتگیریکردنە لە گەشەپێدانی ئابووریی هەرێم لە ڕێگەی زیادکردنی بەرچاوی توانای بەرهەمهێنانی کارەبا وەكوو پلانێكی درێژخایەن. ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم پڕۆژەیە پێکهاتەیەکی سەرەکیی ئەم هاوبەشییەیە، ئەویش نوێکردنەوەی وێستگەی کارەبای بازیانە لە پارێزگای سلێمانی. کۆمپانیای ”جی ئی ڤێرنۆڤا” کە لقێکی کۆمپانیای ”جی ئی”یە، بەنیازە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ڕێڕەوی غاز ((AGP) XPAND) لەم دامەزراوەیەدا دابنێت. وێستگەی بازیان کە لە ئێستادا بە چوار تۆرباین غازی (9E.03) و دوو تۆرباین غازی (9F.04) کار دەکات، یەکەم وێستگەی جیهانی دەبێت کە ئەم نوێکردنەوە جێبەجێ بکات. تەکنەلۆژیای ”AGP XPAND” بە شێوەیەک دیزاین کراوە کە بەرهەمی تۆرباینەکانی غازی (9E.03) تا 7% بەرز بکاتەوە، کارایی پڕۆسەكە بە ڕێژەی نزیکەی 1% باشتر بکات و وزەی دەرچوون تا 2.6% زیاد بکات، ئەمەش هەردوو توانای بەرهەمهێنانی هەڵم و کارەبا بۆ وێستگەکانی گەرمی و کارەبای تێکەڵاو بەرز دەکاتەوە. پێشبینی دەکرێت ئەم بەرزکردنەوەیە تا سەرەتای ساڵی 2026 نزیکەی 1250 مێگاوات بۆ تۆڕی کارەبای هەرێمی کوردستان زیاد بکات[10].
هاوبەشیی نێوان حکومەتی هەرێم و ”GE”؛ بەشێکە لە ستراتیژییەکی فراوانتر بۆ مۆدێرنکردنی ژێرخانی وزەی هەرێم و گەیشتن بە سەربەخۆیی وزە. تا مانگی ئابی ساڵی 2025، بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان نزیک دەبێتەوە (8,189) مێگاوات، لەگەڵ کۆمپانیای ”جی ئێی” 5,250 مێگاوات، کە 64%ی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم پێک دەهێنێت. پێشبینی دەکرێت پڕۆژە بەردەوامەکان ئەم توانایە زیاتر زیاد بکەن، لەگەڵ پلانی زیادکردنی زیاتر لە هەزار مێگاوات بۆ تۆڕی کارەبا تا سەرەتای ساڵی 2026[11].
پێشبینی دەکرێت ئەم پێشهاتانە ببێتە هۆی دابینکردنی کارەبای متمانەپێکراوتر بۆ شار و گوندەکان و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سووتەمەنیی هاوردەکراو، هەروەها ببێتە پاڵپشتی گەشەکردنی کەرتە ئابوورییە جیاوازەکان. سەرەڕای ئەوەش، گرنگیدان بە سەرچاوەی وزەی پاکتر و بەردەوامتر لەگەڵ پابەندبوونی حکومەتی هەرێم بە پاراستنی ژینگەیی و گەشەكردنی ئابووری. پێویستە بوترێت كە خواست بۆ ئەم سەرچاوەیەی ووزە بە ردەوام لە زیادبوندایە، ئەم زیاد بوونە لە خشتەی ژمارە (5) ڕونكراوەتە.
خشتەی (5) پێویستی هەرێمی كوردستان بۆ ووزەی كارەبا (2004-2040)
تا ساڵی 2024 پێشبینی دەكرێت خواست بۆ بەكارهێنانی ووزەی كارەبا بەرزببێتەوە بۆ نزیكەی 14 هەزار مێگا وات. كەواتا غازی سروشتی رۆڵێكی گرنگی دەبێت لە داهاتووی دابینكردنی ووزە بۆ هەرێمی كوردستان.
سوودەکانی فراوانکردنی ئەم ژێرخانە زۆرن، یەکەم: زیادکردنی دابینکردنی کارەبای ناوخۆیی لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە سەر بنەمای غاز، دەتوانێت پشتبەستن بە هاوردەکردنی سووتەمەنیی گرانبەها بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە. ئەم هەنگاوە سەرچاوەی بودجە جۆراوجۆر دەکات و هەرێم لە ناجێگیریی نرخی نەوتی جیهانی دەپارێزێت. دووەم: هێزی جێگیر و گونجاو دەتوانێت پیشەسازی پەرە پێ بدات بە پشتگیریکردنی ئەو کەرتانەی كە وزەیان بە قەبارەیەكی زۆر گەورە پێویستە، وەک: پیشەسازیی چیمەنتۆ، ئاسن، پاڵاوتنی نەوت و کشتوکاڵ، بەم شێوەیە ڕەنگە بنکەی ئابووریی كوردستان فراوانتر بكات.
جگە لەوەش، ئەم ستراتیژە گرنگییەکی جیۆپۆلەتیکیی هەیە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هاوردەکردنی سووتەمەنی و باشترکردنی سەربەخۆیی وزە، پێگەی دانوستانکاریی خۆی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا باشتر دەکات. کۆنترۆڵکردنی ژێرخانی وزە ڕێگە خۆش دەكات بۆ خۆڕاگریی ئابووری و هێڵی سیاسی بەهێزتر دەكات، بە تایبەتی لە کاتی ناکۆکییەکانی بودجەی عێراقدا، وەک ئەوەی كە بینرا لە کاتی ناکۆکییە داراییەکانی ساڵی (2021-2020) سەبارەت بە دابەشکردنی داهاتی نەوت[12].
بە پێی نەخشەڕێگای وزەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەکارهێنانی یەدەگی غازی سروشتی بە مەزەندەکراوی 25 ترلیۆن پێ سێجا لە هەرێمەکەدا -بە تایبەتی لە کێڵگەکانی وەک كۆرمۆر و چەمچەماڵ-، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆیی و تەنانەت تێپەڕاندنی خواستی ناوخۆیی، بە مەرجێک ئەگەر وەبەرهێنانی باش ئەنجام بدرێت لە ژێرخانی گواستنەوەدا[13].
بۆ بەدیهێنانی ئەم دەستکەوتانە بە تەواوی، حکومەتی هەرێم دەبێت چارەسەری هەموو ئەو بۆشاییانە بکات كە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، متمانەی وەبەرهێنەران باشتر بکات و باشتركردنی تەکنیکی ژێرخانی تۆڕەکانی كارەبا لە پێشینەی کارەکانی دابنێت. سەرەڕای ئەوەش، هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی وزە و دامەزراوە داراییەکان زۆر گرنگ دەبێت بۆ دەستەبەرکردنی سەرمایە و شارەزایی پێویست بۆ بەمۆدێرنکردنی کەرتی کارەبا.
فراوانکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا لە سەر بنەمای غازی سروشتی لە کوردستاندا ڕێگایەک و بژاردەیەكی گونجاوە بۆ سەربەخۆیی وزە و سەقامگیریی ئابووری و کەمبوونەوەی کاریگەریی ژینگەیی. ئەگەر ئەم ستراتیژە بە شێوەیەکی کاریگەر بەڕێوە بچێت، دەتوانێت بارودۆخی هەرێمەکە بگۆڕێت و سەربەخۆیی سیاسی و ئابووریی بەهێز بکات.
زەمینەی سیاسی و ئامانجە ستراتیژییەکان: ستراتیژی غازی سروشتی هەرێمی کوردستان
لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی 2003، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی چالاکانە سیاسەتی بەڕێوەبردنی وزەی كرد بە یەكێک لە ستراتیژەكانی بەڕێوەبردنی حكومڕانی بە ئامانجی خۆبژێویی ئابووری و پەیڕەوكردنی هێڵێكی سیاسی كە چەند دەركەوتەیەكی نوێی تیادا هاتە ئاراوە. ناوەندی ئەم ستراتیژە پەرەپێدانی سەرچاوە و ژێرخانی غازی سروشتی بووە، دەكرێت ئەم سەرچاوەیەی وزە وەكوو مۆلیدەی داهات و ئامرازێکی دیپلۆماسی بۆ داهاتوویەكی نزیک ببینرێت[14].
هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ سەربەخۆیی وزە بە دەركردنی یاسای نەوت و گاز و یاساکانی وەبەرهێنان دەستی پێ کرد، کە ڕێگەی پێ دا گرێبەستی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکان (IOCs) بە بێ ڕەزامەندیی بەغدا واژۆ بکات. ئەم هەوڵانە دەستیان پێ كرد لە ڕێگەی پەرەپێدانی ژێرخانی سەرەکی وەک كێڵگەی خورمەڵە کە شوێنێکی گرنگی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز و بۆریی کوردستان-جەیهانە، ئەم ڕێگەیە نەوت -و ئەگەری هەیە لە داهاتووشدا غاز- لە ڕێگەی تورکیاوە بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان هەناردە بکات[15]. بۆرییەکە کاریگەریی جیۆپۆلەتیکیی ستراتیژیی هەیە، لە ئەگەری هەر گۆڕانكارییەكدا بە ئاڕاستەی تەسككردنەوەی ناوەندێتیی حكومڕانی لە عێراقدا. حکومەتی هەرێم دەتوانێت سیستمی بۆرییەکانی عێراق فەرامۆش بکات و پشتبەستنی بە بەغدا بۆ ڕێڕەوی هەناردەکردن كۆتایی پێ بهێنێت.
تا ساڵی 2023، هەرێمی کوردستان نزیکەی 25 بۆ 30 ترلیۆن پێ سێجا یەدەگی غازی سروشتیی سەلمێنراوی دۆزیوەتەوە لە ڕێگەی ئەو پشكنینانەی كە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان كردوویانە، بەمەش لە ڕیزی دەوڵەمەندترین ناوچەکانی عێراق دادەنرێت[16]. زۆربەی ئەم یەدەگانە لە کێڵگەکانی چەمچەماڵ، كۆرمۆر و میراندان. هەرسێ كێڵگەكە دەكەونە قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە. بە پێی گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنان، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی وەک دانا غاز و كریسێنت پێترۆڵیۆم كار لەو كێڵگانەدا دەكەن. نەخشەی ناوچەکە ئەوە نیشان دەدات کە ئەم بوارانە لە ڕووی جوگرافییەوە هەڵکەوتوون بۆ ئاسانکاریی هەناردەکردنی وزە بۆ ناوەڕاستی عێراق و تورکیا و ئەورووپا -ئەمەش دەكرێت لە داهاتوویەكی نزیكدا ببێتە تایبەتمەندییەكی ئەرێنی بەهێز بۆ بەهێزکردنی دیپلۆماسیەتی وزە لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ حکومەتی هەرێم[17].
بەڵام ئەم بەدواداچوونە بۆ سەربەخۆیی وزە بەردەوام گرژیی لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا دروست کردووە. دەستووری عێراقی ساڵی 2005 ناڕوونیی تێدایە لە دەوری خاوەندارێتی و بەڕێوەبردنی نەوت و غاز. لە مادەی 112دا هاتووە کە دەسەڵاتە فیدراڵی و هەرێمییەکان “بەیەکەوە” کێڵگەکانی ئێستا بەڕێوە دەبەن، بەڵام ناڕوونی هەیە بەرامبەر بە دۆزینەوە نوێیەکان[18]. ئەو ناڕوونییە دەستوورییە و نەبوونی یاسای نەوت و گاز لە عێراقدا ناجێگیریی سیاسی و فرۆشتنی وزەی بۆ هەرێمی كوردستان و حكومەتەكەی دروست كردووە. بەرچاوترین پێشهات لە مانگی شوباتی ساڵی 2022دا ڕووی دا، کاتێک دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا یاسای نەوت و غازی حکومەتی هەرێم نادەستوورییە و جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی ناوەندی تاکە دەسەڵاتی بەسەر بەڕێوەبردنی هایدرۆکاربۆنەکاندا هەیە. حکومەتی هەرێم بڕیارەکەی ڕەت کردەوە و بە پاڵنەرێکی سیاسی و پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم ناوی برد، بەڵام ئەمە نەبووە هۆكاری بەردەوامیی بەبازاڕكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان[19].
ئەم ململانێیە بەردەوامە، حكومەتی هەرێمی كوردستان غازی سروشتیی لە سامانێکی ئابوورییەوە کردووەتە سیمبولێکی ستراتیژی بۆ سەروەریی کورد، بەڵام ئەم میتۆدە پێچەوانە لێكدانەوەی بۆ كراوە لە لایەن زۆربەی شەقامی سڤیلی كوردییەوە، بە تایبەت لە نێو فەرمانبەرانی دەزگا حكومییەكانی هەرێمی كوردستان[20]. حکومەتی هەرێم بە کۆنترۆڵکردنی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی و دامەزراندنی ڕێڕەوی سەربەخۆی هەناردەکردن، هەوڵی چەسپاندنی سەربەخۆیی سیاسی و ئابووریی خۆی دەدات. خەونی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە دیپلۆماسیەتی غازی لەگەڵ تورکیا زیاتر فراوان بكات، جەخت لە سەر ئەم تەماحە دەکاتەوە، ئەم تەماحە زیاتر لەگەڵ سیاسەتی وزەی پارتی دیموكراتی كوردستاندا یەک دەگرێتەوە، ڕەنگە مەیلی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تا ڕادەیەک جیاوازتر بێت. یەكێتی لە ئێستادا و لە سەردەمی قەیرانە ئابووری و سیاسییە ناوخۆییەكاندا پێی وایە ئاڕاستەی سەرەكی دەبێت بەرەو بەغداد بێت. ئەم بابەتە بنەمایەكی هەیە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕۆڵی فیعلیی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان (مام جەلال تاڵەبانی)، كە دۆستایەتییەكی سیاسیی بە بنەمایەكی پتەو لەگەڵ هەموو هێزە شیعییەكاندا دروست كردبوو. ئەو وتەیەی كە خۆی چەند جارێک وتوویەتیەوە: هێزە شیعی و شوعییەكان لە عێراقدا دۆستمانن.
ڕەنگە ئەم قسەیە لۆژیكی بێت كە بڵێین ستراتیژیەتی غازی سروشتیی کوردستان بە قووڵی لەگەڵ بەدواداچوونی سەربەخۆیی سیاسیدا تێکەڵ بووە. ڕەنگدانەوەی بەکارهێنانی حیسابکراوی سەرچاوە سروشتییەکانە بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆبەڕێوەبەریی حکومەتی هەرێم، تەحەدای دەسەڵاتی ناوەندی و دروستکردنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی. لەگەڵ بەردەوامیی شەڕە یاسایی و سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، غازی سروشتی نەک هەر کاڵایەک، بەڵکوو لە داهاتوودا وەک پایەی ستراتیژیی جیۆپۆلەتیکی دەمێنێتەوە.
ئیمتیازە ئابوورییەکان: کردنەوەی قفڵی گەشەکردن و هەمەچەشنکردن لە ڕێگەی غازی سروشتی لە کوردستان
هەرێمی کوردستان لە ناوەڕاستی قۆناغێکی گرنگدایە لە بارەی پەرەپێدانی غازی سروشتی، ئەم پڕۆسە پیشەسازییە ڕێگایەکی ستراتیژی نمایش دەكات بەرەو هەمەچەشنکردنی ئابووری و سەربەخۆیی وزە و گەشەی درێژخایەن. حکومەتی هەرێمی کوردستان دانی بە توانای یەدەگی گەورەی غازی سروشتیی خۆیدا ناوە بۆ پاڵنانی گەشەپێدانی ناوخۆ و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هاوردەکردنی سووتەمەنیی تێچووی زۆر و دەرکەوتنی وەک هەناردەکاری غازی سروشتی لە داهاتوودا. بە وتەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم، هەرێمەکە خاوەنی 25 تریلیۆن پێ سێجا (Tcf) یەدەگی سەلمێنراوی غازە، ئەم یەدەگە دەیكاتە یەکێک لە گرنگترین بەرهەمهێنەرانی غازی سروشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا[21].
توانای ئابووریی ئەم یەدەگانە فرەلایەنە، لایەنی یەکەم: پەرەپێدانی ژێرخانی غازی سروشتی دەتوانێت کەمیی بەردەوامی کارەبا لە سەرانسەری ناوچەکەدا کەم بکاتەوە. لە ئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر پشت بە هاوردەکردنی گازوایل و نەوتی سووتەمەنیی گرانبەها دەبەستێت بۆ دابینکردنی خواستی کارەبا. گواستنەوەی ئەم پڕۆسەیە بۆ تۆڕێکی ناوخۆیی بە غازی سروشتی، توانای کڕینی وزە و متمانەكردن بە دابینكردنی ناوخۆیی بەرز دەکاتەوە، ئەمەش بناغەیەک بۆ گەشەپێدانی ئابووریی بەردەوام دروست دەکات[22]. بۆ نموونە؛ فراوانکردنی وێستگەکانی کارەبا لە سەر بنەمای غاز لە هەولێر و سلێمانی لە ئێستادا و بە تایبەتییش لە داهاتوودا كەمكردنەوەی خەرجیی گەشەكردنی داهاتی ناوخۆیی گەشە پێ دەكات.
دووەم: گازی سروشتی دەتوانێت بەشێک لە پیداویستییە پیشەسازییەكان دابین بكات. کوردستان بە دابینکردنی کەرەستەی وزەی جێگیر و هەرزانتر؛ دەتوانێت وەبەرهێنەرانی بیانی ڕابکێشێت و هاندەر بێت بۆ گەشەی پیشەسازییە وزە چڕەکانی وەک پترۆکیمیایی، چیمەنتۆ، پۆڵا و .. هتد. بە پێی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، دابینکردنی وزەی جێگیر دیاریکەرێکی سەرەکییە بۆ هێنانی وەبەرهێنەران بۆ بازاڕە تازەپێگەیشتووەکان،کەرتی غازی کوردستان دەتوانێت وەک موگناتیسی سەرمایەی ناوچەکە خۆی نمایش بكات ئەگەر بە باشی بەڕێوە ببرێت[23].
کلیلی ئەم ستراتیژە بریتییە لە پەرەپێدانی کێڵگە گەورەکانی غاز وەک بنە باوی و میران لە لایەك، هەروەها فراوانكردنی زیاتری کێڵگەکانی كۆرمۆرو و چەمچەماڵ لە ڕێگەی هاوبەشی ستراتیژی لەگەڵ کۆمپانیای دانا غاز و هیلال پترۆلیۆم لە لایەكی تر، ئەم چوار كێڵگەیە بۆ قۆناغی سەرەتاو ئێستا دواترییش بەرهەمهێنان لە كێڵگەی تر دەستپێبكات. ئەم کێڵگەیەی یەكەم لە نزیک سنووری تورکیا هەڵكەوتوون، ئەمەش سوودێکی جوگرافی بۆ هەناردەکردنی داهاتوو دەڕەخسێنێت. ئەمەش وای کردووە دەستڕاگەیشتن بە بازاڕی ئەورووپا ببێتە ئامانجێکی ستراتیژیی درێژخایەن. هەمەچەشنکردنی بەردەوامیی تورکیا بۆ سەرچاوەكانی وزە، و پاڵنەرەکانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە غازی ڕووسیا، هەلومەرجێکی لەبار بۆ کوردستان دەڕەخسێنێت کە ببێتە دابینکەرێکی بەرچاو لە بازاڕی غازی ناوچەکەدا ئەگەر بە ڕێژەیەكی كەمیش بێت[24].
بەڵام ناسەقامگیریی سیاسی و ڕێکخراوەیی بەردەوامە لە ڕێگریکردن لە وەبەرهێنان. کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بە هۆی بەردەوامیی ناکۆکیی یاسایی لە نێوان هەولێر و بەغدا لە سەر دابەشکردنی داهات و یاساییبوونی گرێبەستەکان ڕووبەڕووی مەترسییەکی بەرچاو بوونەتەوە. بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە ساڵی 2022 کە یاسای نەوت و غازی حکومەتی هەرێمی هەڵوەشاندەوە، نیگەرانییەکانی وەبەرهێنەرانی سەبارەت بە گەرەنتیی پارەدان و دەسەڵاتی ڕێکخستنی پڕۆسەی نەوتی زیاتر کردووە[25]. سەرەڕای ئەوەش، تەحەدای ئەمنی و ناڕونی و چەقبەستوویی ئەو میکانیزمانەی كە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی گرێبەستە درێژخایەنەکان دەحرێنە ڕوو كاریگەرییان هەبووە لە سەر خاوكردنەوەی سەرنجی كۆمپانیاكان بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان.
گەشەكردنی توانای کەرتی غازی سروشتی پێویستی بە چاکسازیی دامەزراوەیی و بەرزکردنەوەی شەفافیەت و چوارچێوەیەکی یاسایی ڕوون دەبێت کە مافەکانی وەبەرهێنەران گەرەنتی بکات. مۆدێلێکی ئۆتۆنۆم، بەڵام هاوبەشی حوکمڕانیی وزە، هاوشێوەی ئەوانەی لە دەوڵەتە فیدراڵییەکاندا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە هاوسەنگکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان لەگەڵ ئامانجەکانی گەشەپێدانی هەرێم و عێراق.
دەتوانرێت بوترێت ستراتیژیەتی غازی سروشتیی کوردستان دەرفەتێکی گەورەی گۆڕانکاری دروست دەکات بۆ دووبارە داڕشتنەوەی داهاتووی ئابووریی هەرێم، بە مەرجێک لێكتێگەیشتن لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی دروست بكرێت. بە کەڵکوەرگرتن لە یەدەگە بەرفراوانەکانی و شوێنی ستراتیژی، حکومەتی هەرێم دەتوانێت سەربەخۆیی وزە، هەمەچەشنکردنی پیشەسازی و یەکگرتنی ناوچەیی بەدەست بهێنێت، ئەگەر بتوانێت بەسەر ئەو تەحەدا سیاسی و ڕێکخراوەییە بەردەوامانەدا زاڵ بێت کە لە ئێستادا پێشکەوتنەکانی سنووردار كردووە.
کاریگەرییە ناوچەیی و جیۆپۆلەتیکییەکانی ستراتیژی غازی سروشتی کوردستان
هەرێمی کوردستان بەو یەدەگی غازی سروشتییە بەرچاوەی كە هەیەتی، کە بە نزیکەی 25 ترلیۆن پێ سێجا (Tcf) مەزەندە دەکرێت، وەک یاریزانێکی سەرەکی لە بواری وزەی ناوچەکەدا دەردەكەوێت[26]. نزیکیی جوگرافیایی هەرێمی كوردستان لە تورکیا و ئەورووپا سوودی ستراتیژی بۆ هەناردەکردنی غاز دەڕەخسێنێت، بە تایبەتی کە ئەورووپا هەوڵ دەدات سەرچاوەی وزەکانی هەمەچەشن بکات دوای دەرئەنجامە جیۆپۆلیتیکییەکانی داگیرکردنی ئۆکراین لە لایەن ڕووسیا (ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە)[27]. ڕێڕەوی غازی باشوور (SGC) کە هێڵی غازی سروشتیی ترانس ئەنادۆڵ (TANAP) و بۆریی ترانس ئەدریاتیک (TAP) لەخۆ دەگرێت، بژاردەیەكی گونجاو دەبێت بۆ ئەوەی غازی هەرێمی كوردستان لە داهاتوودا بگاتە بازاڕەکانی ئەورووپا[28].
بەڵام چەندین ئاڵۆزیی هەرێمی و ناوچەیی ڕێگری لەم دیدە دەکەن. حکومەتی ناوەندیی عێراق بە بەردەوامی دژایەتیی هەر جۆرە هەناردەکردنی وزەی سەربەخۆ لە هەرێمی كورستانەوە دەکات و بە ئاماژەدان بە پێشێلكردنی دەستووری بەسەر سامانە سروشتییە نیشتمانییەکاندا پێناسەی دەكات. لە ساڵی 2022دا دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق یاسای نەوت و غازی ساڵی 2007ی حکومەتی هەرێمی بە نادەستووری زانی، ئەمەش ئیدیعاکانی بەغدای لە سەر بەڕێوەبردنی هایدرۆکاربۆنی كوردستان بەهێزتر کرد[29]. ئەم نادڵنیاییە یاساییانە تێڕوانینی وەبەرهێنەرانی بیانی دەگۆڕێت و پلاندانانی درێژخایەنی وزە ئاڵۆزتر دەکات[30].
تورکیا هەر چەندە دەكرێت هاوبەشێک بێت بۆ ترانزێتی غازی سروشتیی کوردستان، بەڵام ڕێبازێکی تایبەتی هەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم جۆرە كەیسانەدا، تەركیزی سەرەكیی لە سەر پاراستنی پەیوەندییەكانیەتی لەگەڵ عێراقی دراوسێ، بە تایبەت لە دوای پێشهاتە یاسایی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی دوای ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2017. نیگەرانییە سیاسی و ئەمنییەکان، بە تایبەت سەبارەت بە گرووپە یاخیبووە کوردییەکان، لە نێویاندا پارتی كرێكارانی كوردستان و پەیوەندییەکانی تورکیا-عێراق، کاریگەرییەکی زۆریان لە سەر هاوکارییەکانی ئەنقەرە هەیە[31]. جگە لەوەش، بۆریی عێراق-تورکیا بە هۆی گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان و بڕیارەکانی ناوبژیوانییەوە تووشی وەستانی هەناردەكردنی نەوت بووەتەوە، ئەمەش متمانەی ڕێڕەوەکانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی كوردستانی تێک داوە[32].
هەروەها حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی کێبڕکێی ناوچەیی دەبێتەوە لە لایەن وڵاتانی هەناردەکاری غازی سروشتییەوە وەک ئێران، قەتەر و ئازەربایجان. ئێران لە مێژوودا پشکێکی زۆری لە دابینكردنی غازی تورکیا هەبووە و بە گومانەوە سەیری داهاتووی هەناردەکردنی غازی سروشتیی كوردستان دەکات. جگە لەوەش، گوایە میلیشیاکانی سەر بە ئێران ژێرخانی وزەی هەرێمی كوردستانیان کردووەتە ئامانج بۆ سنووردارکردنی گەشەسەندنی سەربەخۆیی وزە[33]. لەم نێوەندەدا قەتەر و ئازەربایجان سوودمەندنی سەرەكین بە بنیاتنانی ژێرخانێكی پێشکەوتووی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی غازی سروشتی و پەیوەندییە درێژخایەنەکانی هەناردەکردنی ئەو سەرچاوە سروشتییەی وزە لەگەڵ بازاڕەکانی ئەورووپا، ئەمەش كوردستان دەخاتە پێگەیەکی کێبڕکێی بەهێزترەوە[34] .
بۆ بەڕێوەبردنی ئەم ژینگە پڕ لە تەحەدایە، حکومەتی هەرێم چالاکانە هەوڵی داوە هاوبەشییەکانی هەمەچەشن بکات. گەیاندنی دیپلۆماسیەتی ئەم دواییانەی بۆ وڵاتانی کەنداو وەک قەتەر و ئیمارات، بەشێکە لە ستراتیژییەکی فراوانتر بۆ دەستەبەرکردنی وەبەرهێنان و پشتیوانیی تەکنیکی بۆ پەرەپێدانی کێڵگە غازییەکانی و ژێرخانی هەناردەکردن[35]. ئەم هاوپەیمانیانە ئامانجیان زیادکردنی شەرعیەتی جیۆپۆلەتیکی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هەر تاکە ئەکتەرێکی ناوچەییە. ئەم دوو گرێبەستی ئەم دواییەش لەگەڵ كۆمپانیای ئێچ كەی ئێن و وێستێرن زاگرۆس هێشتا دەرئەنجامەكانیان دەرنەكەوتوون و نەچوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام هەر زوو حكومەتی عێراق و وەزارەتی نەوتی ئەو وڵاتەی هێنایە دەنگ، ئەمەش تەحەدا و دەرفەتی نوێ دروست دەكات و حكومەتی هەرێم دەبێت خۆی بۆ ئامادە بكات.
بۆیە دەتوانرێت بوترێت کە یەدەگی غازی سروشتیی کوردستان دەرفەتێکی بەرچاو بۆ کاریگەریی ناوچەیی و گەشەسەندنی ئابووری دەڕەخسێنێت، بەڵام دەبێت چارەسەری ناجێگیریی جیۆپۆلەتیکی، ناکۆکیی یاسایی و کێبڕکێی ستراتیژی بکرێت. ستراتیژییەکی دیپلۆماسیی هاوئاهەنگ، چاکسازیی یاسایی و وەبەرهێنانی ژێرخانی بەهێز؛ زۆر گرنگە بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەک دابینکەرێکی وزەی جێگیر و متمانەپێکراو دەربکەوێت.
بەربەستەکانی بەردەم پێشکەوتن و پێشنیارە سیاسییەكان بۆ گەشەپێدانی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان
هەرێمی کوردستانی عێراق خاوەنی یەدەگی غازی سروشتیی زۆرە، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین بەربەست ڕێگرییان لە زیاتر وەبەرهێنان لەم ئەم سەرچاوە سروشتییەدا كردووە. كەمكردنەوەی ئەم بەربەستانە پێویستی بە گرتنەبەری سیاسەتی گونجاو هەیە.
بەربەستە سەرەکییەکانی پێشکەوتن:
بۆشایی یاسایی لە سەر خاوەندارێتی و دابەشکردنی داهات
دەستووری عێراق بە ڕوونی ئاماژەی نەكردووە بۆ دابەشکردنی بەڕێوەبردنی سەرچاوە هایدرۆکاربۆنییەكان لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، ئەمەش بووەتە هۆی درێژەکێشانی ناکۆکییەكان[36]. لە مادەی (112)ی دەستووری عێراقدا هاتووە، بەڕێوەبردنی نەوت و گاز “بە هاوکاری” لەگەڵ ناوچەكانی بەرهەمهێنانی ئەو سەرچاوانە بەڕێوە بچێت، بەڵام لێکدانەوەکان جیاوازن، ئەمەش دوودڵیی لە لای وەبەرهێنەران دروست كردووە[37].
کەموکوڕیی لە ژێرخاندا
حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆڕێكی بۆریی گونجاو و پێویستی نییە بۆ گواستنەوەی غاز بە شێوەیەکی کارا، لە کاتێکدا کە تۆڕێكی تا ڕادەیەک گونجاوی بۆریی نەوتی هەیە بۆ گواستنەوە و هەناردەكردن بۆ دەرەوە. ژێرخانی غاز هێشتا لە قۆناغی سەرەتای گەشەسەندندایە، ئەمەش بەکارهێنانی ناوخۆیی و تواناکانی هەناردەکردن سنووردار كردووە[38]. بە بێ بنیاتنانی بۆریی گواستنەوەی غازی سروشتی بۆ تورکیا یان باشووری عێراق، هەرێم ناتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر یەدەگی ئەو سەرچاوە سروشتییە بە پارە بکات.
نادڵنیایی وەبەرهێنەر بە هۆی ناسەقامگیری دارایی
کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و غاز کە لە کوردستان کار دەکەن، بە هۆی ناکۆکیی بودجەی نێوان هەولێر و بەغداوە ڕووبەڕووی دواکەوتنی پارەدان بوونەتەوە[39]. نەبوونی چوارچێوەیەکی دارایی جێگیر، بێهیوایی دروست دەكات بۆ وەبەرهێنانی درێژخایەن لە پڕۆژەکانی غازی سروشتیدا.
ئاڵنگاری حوکمڕانیی ناوخۆیی
لاوازی لە چاودێریكردنی دامەزراوەكان و گەندەڵی لە ناو دامەزراوەکانی وزەی حکومەتی هەرێمدا؛ بووەتە هۆی ناکارایی و خراپ بەڕێوەبردن[40]. نەبوونی شەفافیەت لە پڕۆسەکانی گرێبەستکردندا بووەتە هۆی خاوكردنەوەی هێنانی وەبەرهێنەرانی بیانی. هەروەها تێڕوانین و سیاسەت و ستراتیژی جیاوازی دوو حیزبی حكومڕان و سەرەكی لە هەرێمی كوردستان، هۆكارێكی كاریگەری ئەم جۆرە ئاستەنگەیە.
پێشنیارە سیاسییەكان
دانوستان لە سەر میکانیزمێکی شەفاف بۆ دابەشکردنی داهات لەگەڵ بەغداد
پێویستە چوارچێوەیەکی یاسایی ڕوون دابنرێت بۆ دیاریکردنی دابەشکردنی داهات لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵیدا. سوود ببینرێت لە پێشینەکانی سیستمە فیدراڵییەکانی وڵاتانی تر لە بواری ڕێککەوتننامەکانی تایبەت بە بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی وزە وەک مۆدێلێک بۆ خزمەتی گشتی[41].
فراوانکردنی ژێرخانی غاز لە ڕێگەی وەبەرهێنانی ستراتیژی
پێویستە حکومەتی هەرێم ئەولەویەت بدات بە دروستکردنی بۆری، لەوانە:
بۆرییەکی غازی سروشتی لە نێوان هەرێمی كوردستان و تورکیا بۆ ئاسانکاریی هەناردەکردن.
بۆریی ناوخۆیی بۆ دابینکردنی وێستگەکانی کارەبای عێراق، کەمکردنەوەی پشتبەستن بە غازی ئێران.
بۆ جێبەجێكردنی ئەو دوو خاڵەی سەرەوە، دەكرێت هاوبەشی گشتی و تایبەت دروست بكرێت لەگەڵ کۆمپانیاکانی وەک “TotalEnergies” یان “Chevron”، ئەم كۆمپانیایانە دەتوانن پەرەپێدانی ژێرخانی غازی سروشتی خێراتر بکەن[42].
هاندان بە مەبەستی پێكهێنانی هاوبەشی گشتی و تایبەت لە چوارچێوەیەكی یاسایی ڕووندا
حکومەتی هەرێم پێویستە گرێبەستی ستانداردی هاوبەشی بەرهەمهێنان (PSCs) ئەنجام بدات بۆ ڕاکێشانی سەرنجی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان، هەمان سیناریۆی سەرکەوتنی ئازەربایجان لە ڕاکێشانی کۆمپانیای بی پی و سۆکار بۆ پڕۆژەی غازی شا دەنیز بگرێتە بەر كە ئەو سیناریۆیە کاریگەریی مەرجە گرێبەستییە جێگیرەکان نیشان دەدات[43].
چاکسازیی ناوخۆیی لە بەڕێوەبردنی وزەدا
دامەزراندنی بەشێكی سەربەخۆ بۆ سەرپەرشتیکردنی مۆڵەت و گرێبەستەکان.
جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی دژە گەندەڵی، وەک هێنانەكایەی پڕۆسەیەكی ڕوون بۆ پێشکەشکردنی داواکاری.
بەرزکردنەوەی توانای تەکنیکی لە ناو وەزارەتی سەرچاوە سروشتییەكان و كەرتەكانی وزەی حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی بەرنامەکانی ڕاهێنانی نێودەوڵەتی.
كەواتە دەتوانرێت بوترێت کەرتی غازی سروشتی لە هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی ئاستەنگی یاسایی، ژێرخانی و حوکمڕانی بووەتەوە، بەڵام چاکسازییە ستراتیژییەکان لە بواری سیاسیدا دەتوانێت ئەم بەربەستانە کەم بکاتەوە. بە دەستەبەرکردنی ڕێککەوتنەکانی دابەشکردنی داهات، فراوانکردنی ژێرخانی ئابووری، ڕاکێشانی وەبەرهێنانی تایبەت و باشترکردنی حوکمڕانی، هەرێم دەتوانێت ببێتە دابینکەرێکی سەرەکیی غاز بۆ عێراق و بازاڕە نێودەوڵەتییەکان.
ئەنجامگیری
ڕۆڵی یەدەگی غازی سروشتیی هەرێمی کوردستان زۆر زیاترە لەوەی وەكوو سەرمایەیەکی ئابووری تێی بڕوانرێت، چونكە دەكرێت ببێت بە بەردێکی بناغە بۆ سەقامگیری و سەروەری و کاریگەریی ناوچەیی لە داهاتوودا. بە یەدەگی مەزەندەکراو کە زیاترە لە 25 ترلیۆن پێ سێجا، توانای ئەوەی هەیە کە ڕێڕەوی ئابووریی خۆی دابڕێژێتەوە و وەکوو یاریزانێکی سەرەکی لە بازاڕەکانی وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەربکەوێت. بەڵام بەدیهێنانی ئەم توانایە پەیوەستە بە زاڵبوون بەسەر ئاستەنگە جۆراوجۆرەكانەوە لە ڕێگەی داڕشتنی سیاسەتی ستراتیژی، چاکسازیی دامەزراوەیی و وردبوونەوە لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان.
لە ئێستادا عێراق و كوردستان پشت بە گازی هاوردەکراو لە ئێرانەوە دەبەستن و بەدەست کەمیی دابینكردنی كارەبای بەردەوامەوە دەناڵێنن. پەرەپێدانی سەرچاوەکانی غازی ناوخۆیی دەتوانێت تێچووی هاوردەکردنی وزە کەم بکاتەوە، بەرهەمهێنانی کارەبا باشتر بکات، پاشەکەوتکردنی وزە و بنیاتنانی ژێرخانێكی پتەو بە ئاڕاستەی دابینكردنی خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەكان پەرە پێ بدات. بنیاتنانی کەرتی غازی بە شێوەیەكی زانستیی باش؛ دەتوانێت ساڵانە 10-15 ملیار دۆلار بەشداریی ئابووریی ناوچەکە بکات، ئەمەش ڕێگەچارەیەكی باشە لە بەرامبەر قەیرانە داراییەکان و ناجێگیریی نرخی نەوت.
هەروەها پێگەی جوگرافیای کوردستان لە نێوان عێراق و تورکیا و ئێراندا دەیکاتە ناوەندێکی وزەی گرنگ. بە دابینکردنی غاز بۆ تورکیا و ئەورووپا، هەرێمی كوردستان دەتوانێت پێگەی جیۆپۆلەتیکیی خۆی بەهێز بکات، بە تایبەتی کە یەکێتیی ئەورووپا بەدوای بەدیلێکدا دەگەڕێت بۆ غازی ڕووسیا. بەڵام ئەمه پێویستی به چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەگەڵ بەغدا لە سەر دابەشکردنی داهات و مافی هەناردەکردن هەیه. یاسایەکی فیدراڵیی هایدرۆکاربۆن کە بە شێوەیەکی ڕوون ڕێككەوتنی لە سەر بکرێت، دەتوانێت دڵنیایی یاسایی پێویست دروست بكات بۆ وەبەرهێنانی درێژخایەن.
دوودڵیی وەبەرهێنەران لە دواکەوتنی پارەدان، ناڕوونیی داهاتووی گرێبەستەکان و مەترسییەکان و گەندەڵی لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەكانەوە سەرچاوە دەگرێت. بۆ ڕاکێشانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، حکومەتی هەرێم دەبێت ئەم كارانە ئەنجام بدات: دامەزراندنی دەزگایەكی سەربەخۆی وزە بۆ سەرپەرشتیکردنی گرێبەست و مۆڵەتدان، گرتنەبەری ڕێوشوێنی دژەگەندەڵی، وەک تەندەری کراوە و وردبینیی لایەنی سێیەم. دڵنیابوون لە پارەدان لە کاتی خۆیدا بە بەڵێندەران لە ڕێگەی ئەژمێری ئیسکرۆ یان گەرەنتیی سەروەری[44].
سەرکردایەتیی کوردستان لە بەردەم هەڵبژاردەیەکی گرینگدایە، ئەویش بریتییە لە یەکەمایەتیدان بە دەستکەوتە سیاسییە کورتخایەنەکان یان پابەندبوون بە ستراتیژییەکی بەردەوامی غاز، ئەمەش كاتێک ئەنجام دەدرێت كە هاوکاری هەبێت لەگەڵ بەغدا لە سەر دابەشکردنی داهات و چوارچێوەی هەناردەکردن.
هەروەها هاوبەشیی گشتی و تایبەت لەگەڵ کۆمپانیاکانی وەک “TotalEnergies” یان “Chevron”، بۆ دروستکردنی بۆری و کارگەی پڕۆسێسکردن[45].
لە كۆتاییدا کەرتی غازی هەرێمی كوردستان تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسسازە بۆ حوکمڕانی و دیدگا ستراتیژییەکەی. سەرکەوتن دەتوانێت ناوچەکە بگۆڕێت بۆ ناوەندێکی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە کاتێکدا شکستهێنان دەبێتە هۆكاری سەرهەڵدانی مەترسییەكی بەردەوام و ناسەقامگیریی سیاسی. هەرێمی کوردستان بە هاوسەنگکردنی تەماحی ئابووری لەگەڵ چاکسازیی دامەزراوەیی، دەتوانێت داهاتووی وزەی خۆی مسۆگەر بکات، بەڵام تەنیا لە حاڵەتێکدا کە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە میتۆدی یەکلاکەرەوە مامەڵە لەو كەیسەدا بکات.
پێشنیار و ڕاسپاردەكان لە بارەی بەڕێوەبردنی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان
هەرێمی کوردستان خاوەنی یەدەگێكی غازی سروشتیی زۆر و بەرچاوە ئەگەر بە شێوەیەکی کاریگەر بەڕێوە ببرێت، دەتوانێت ئاسایشی وزە و گەشەی ئابووری و سەقامگیری لە كوردستان و ناوچەکە گەشە پێ بدات. لە خوارەوە پێشنیاری سەرەکی بۆ باشکردنی بەڕێوەبردنی گازی سروشتی لە هەرێمی كوردستان دەخەینە ڕوو:
بەهێزکردنی چوارچێوە ڕێکخراوەیی و یاساییەکان
داڕشتنی سیاسەتێکی ڕوونی غازی سروشتی: دانانی یاسایەکی تۆکمەی غازی سروشتی کە خاوەندارێتی و مافی بەرهەمهێنان و میکانیزمی دابەشکردنی داهات لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراقدا دیاری بکات.
هاندانی هاوبەشی گشتی و تایبەت: ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی لە ڕێگەی ڕێسا ڕوون و جێگیرەکانەوە، لە هەمان کاتدا دڵنیابوون لە پێداویستییەکان بۆ بەردەوامیدان و گەشەپێدانی پڕۆسە ناوخۆییەكان.
دامەزراندنی دەسەڵاتێکی سەربەخۆی ڕێکخستنی غازی سروشتی: سەرپەرشتیی مۆڵەتدان، نرخدانان و پابەندبوون بە ڕێسا ژینگەییەكان بۆ دڵنیابوون لە بەڕێوەبردنی کارەکان و پڕۆسەكان بە شێوەیەكی دادپەروەرانە و کارا.
زۆرترین بەکارهێنانی غازی سروشتی و کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوونی ئەو سەرچاوە سروشتییە بە هۆی سووتانەوە
وەبەرهێنان لە ژێرخانی گرتنی غازی سروشتی: ئەولەویەتدان بە دامەزراوەکانی پڕۆسێسکردنی غاز بۆ کەمکردنەوەی سووتاندنی غاز لە پڕۆسەكانی بەرهەمهێنانی نەوتدا و دەستخستنی پارە لە غازی پەیوەندیدار لە کێڵگە نەوتییەکاندا.
فراوانکردنی پڕۆژەکانی غازی سروشتی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا: بەکارهێنانی غازی سروشتی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای ناوخۆیی بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هاوردەکردنی وزە و باشترکردنی متمانەپێکردن بە بەرهەمهێنانی سەرچاوەی وزەی ناوخۆیی.
پەرەپێدانی توانای هەناردەکردنی “LNG” و “CNG”: بەدواداچوون و كاركردن بۆ هەناردەکردنی “LNG”، یان بنیاتنانی بۆری بە قەبارەی بچووک بۆ بازاڕەکانی دراوسێ (تورکیا، ئەورووپا و… هتد) ئەگەر لە ڕووی ئابوورییەوە بتوانرێت پێداویستییەكانی بۆ دابین بكرێت.
گەشەپێدان بە ژێرخان و عەمبارکردن
دروستکردنی تۆڕەکانی بۆریی غازی سروشتی: پتەوكردنی تەكنیكەكانی پەیوەندیی نێوان کێڵگەکان، وێستگەکانی کارەبا و ناوچە پیشەسازییەکان بۆ دڵنیابوون لە دابەشکردنی غازی سروشتی بە شێوەیەكی کارا.
پەرەپێدانی هەڵگرتنی غازی ژێر زەوی: دڵنیابوون لە سەقامگیریی دابینکردن بە هەڵگرتنی غازی زیادە بۆ كاتی لوتکەی خواست یان حاڵەتە فریاگوزارییەکان.
نوێکردنەوەی کارگەکانی پڕۆسێسکردنی غاز: وەبەرهێنان لە دامەزراوە مۆدێرنەکان بۆ جیاکردنەوە و پڕۆسێسکردنی “شلەکانی غاز (LPG)، کۆندێنسێت” بۆ هەناردەکردنی بەهای زیاتر.
پێشخستنی هەمەچەشنیی ئابووری و سوودە ناوخۆییەکان
پشتگیریكردنی ئەو جۆرە پیشەسازییانەی كە سەرچاوەی سەرەكییان غازی سروشتییە: هاندان لە بواری پیشەسازییەکانی پترۆکیمیایی، پێداویستی و بەرهەمهێنان بۆ زیادکردنی بەها بۆ سەرچاوەکانی غاز.
بەکارهێنان و دابینكردنی غازی ناوخۆیی لە پێشینەدا دابنرێت: دڵنیابوون لە دابینکردنی غاز بە نرخێکی گونجاو بۆ ماڵان و پڕۆسە بازرگانییەکان بۆ هاندانی گەشەی ئابووری.
وەبەرهێنان بكرێت بە مەبەستی پەرەپێدانی کارامەیی: ڕاهێنانی هێزی کاری ناوخۆیی لە بواری ئەندازیاری غاز، بەڕێوەبردنی پڕۆژە، چاککردنەوە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە شارەزایی بیانی.
دەستەبەرکردنی بەرپرسیارێتیی ژینگەیی و کۆمەڵایەتی
كەمكردنەوەی بەفیڕۆچوونی غازی سروشتی بە هۆی سووتاندن: سزاکان بۆ زیادەڕۆیی لە سووتاندنی غاز جێبەجێ بکرێت، لە هەمان کاتدا هاندان بۆ تەکنەلۆژیاکانی سفر سووتاندن بە توندی جەختی لە سەر بكرێتەوە.
پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگە ناوخۆییەکان: دڵنیابوون لە هاوبەشکردنی شەفافانەی سوود و چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی ژینگە بۆ ڕێگریکردن لە ململانێکان.
پتەوکردنی هاریکاریی هەرێمی و نێودەوڵەتی
دانوستان لە سەر ڕێککەوتنەکانی دابینکردنی غاز: هاوکاری لەگەڵ عێراق و تورکیا و دراوسێکانی تر بۆ بازرگانیی غاز لە ڕێگەی سنوورەكانەوە.
ڕاکێشانی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی: پێشکەشکردنی مەرجی کێبڕکێ بۆ کۆمپانیا گەورەکانی وزە لە هەمان کاتدا مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی حکومەتی هەرێم.
هاوتەریبكردنی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ڕەوتی گواستنەوەی وزەی جیهانی: كوردستان تەركیزی لە سەر ئەوە بێت وەک دابینکەرێکی متمانەپێکراوی غازی سروشتیی جێگیر دەربكەوێت، هەروەها ئامادەکاری بكات بۆ گۆڕانکارییەکانی داهاتوو بەرەو وزەی نوێبووەوە.
كەواتە بەڕێوەبردنی کاریگەرانەی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان پێویستی بە ڕێبازێکی هاوسەنگ هەیە کە چاکسازیی ڕێکخستن و وەبەرهێنانی ژێرخانی ئابووری و هەمەچەشنکردنی ئابووری و بەڕێوەبردنی ژینگەی تێدا بێت. بە جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژانە، حکومەتی هەرێم دەتوانێت زۆرترین سوود لە سەرچاوەكانی غاز بەدەست بهێنێت و لە هەمان کاتدا بەشداری بکات لە ئاسایشی وزەی ناوچەکە و گەشەپێدانی بەردەوامدا.
سەرچاوەكان
[1] Qamar Energy. (2022). Opportunities to Strengthen the Natural Gas Sector in the Iraq Kurdistan Region. US Department of Energy, Office of International Affairs.
[2] Jabbar, B. J. (2024). Oil and Gas in the Iraqi Kurdistan: Geopolitical Connectivity and the Market Realities. In Deciphering the Eastern Mediterranean’s Hydrocarbon Dynamics: Unravelling Regional Shifts (pp. 63-83). Emerald Publishing Limited.
[3] Qamar Energy. (2022). Opportunities to Strengthen the Natural Gas Sector in the Iraq Kurdistan Region. US Department of Energy, Office of International Affairs.
[4] Shafaq News. (2023). KRG begins construction on Iraq’s largest solar power station. Retrieved from https://shafaq.com/en/Kurdistan/KRG-begins-construction-on-Iraq-s-largest-solar-power-station
[5] Shafaq News. (2021). Kurdistan Region launches a project to produce 75 megawatts of solar energy. Retrieved from https://shafaq.com/en/Kurdistan/Kurdistan-Region-launches-a-project-to-produce-75-megawatts-of-solar-energy
[6] Mahmood Baban. (2025) Iraq, Kurdistan Region’s diverse approaches to electricity supply. Rudaw. Retrieved from https://www.rudaw.net/english/opinion/20052025 .
[7]World Bank. (2021). Governance and anti-corruption in Iraq’s energy sector. http://www.worldbank.org
[8] KRG Ministry of Natural Resources. (2023). Energy Strategy and Natural Gas Development Report.
[9] GE Vernova to Upgrade Bazyan Power Plant. (2025, April 29). Iraq Business News. Retrieved from https://www.iraq-businessnews.com/2025/04/29/ge-vernova-to-upgrade-bazyan-power-plant/Kurdistan 24+5Iraq Business News+5dinaropinions.com+5
[10] GE Vernova to Upgrade Bazyan Power Plant. (2025, April 29). Iraq Business News. Retrieved from https://www.iraq-businessnews.com/2025/04/29/ge-vernova-to-upgrade-bazyan-power-plant/
[11] GE Vernova to Upgrade Bazyan Power Plant. (2025, April 29). Iraq Business News. Retrieved from https://www.iraq-businessnews.com/2025/04/29/ge-vernova-to-upgrade-bazyan-power-plant/
[12] Katzman, K. (2022). Iraq: Politics and Governance. Congressional Research Service.
[13] KRG Ministry of Natural Resources. (2023). Energy Strategy and Natural Gas Development Report.
[14] Natali, D. (2015). The Kurdish Quasi-State: Development and Dependency in Post-Gulf War Iraq. Syracuse University Press.
[15] Gunter, M. M. (2021). The Kurds: A Modern History. Markus Wiener Publishers.
[16] BP Statistical Review of World Energy. (2023). Natural Gas Reserves by Region and Country.
[17] Katzman, K. (2022). Iraq: Politics and Governance. Congressional Research Service.
[18] Stansfield, G. (2018). The Kurdish Question Revisited. Oxford University Press.
[19] Reuters. (2022). Iraq’s top court rules Kurdish oil and gas law unconstitutional. Retrieved from www.reuters.com
[20] Ala’Aldeen, D. A. (2020). The KRG’s Foreign Policy: Balancing Regional and Global Interests. Middle East Research Institute.
[21] KRG Ministry of Natural Resources. (2023). Energy Strategy and Natural Gas Development Report.
[22] World Bank. (2021). Governance and anti-corruption in Iraq’s energy sector. http://www.worldbank.org
[23] International Energy Agency (IEA). (2021). Energy Investment Report.
[24] European Commission. (2022). REPowerEU: Joint European Action for more affordable, secure and sustainable energy.
[25] Reuters. (2022). Iraq’s top court rules Kurdish oil and gas law unconstitutional.
[26] Ministry of Natural Resources – KRG. (2023). Natural Gas Reserves and Export Strategy. http://mnr.krg.org
[27] IEA. (2023). Electricity Market Report: Middle East Focus. International Energy Agency.
[28] Ministry of Energy of Azerbaijan. (2023). Southern Gas Corridor overview. https://minenergy.gov.az/en/layiheler/cenub-qaz-dehlizi_2196
[29] Draw Media. (2022). Federal Court’s ruling on oil and gas law. https://drawmedia.net
[30] Sorkhabi, R. (2023). Iraqi Kurdistan’s oil and gas dispute with Baghdad. In The Geopolitics of Energy in the Middle East (pp. 112–130). Springer.
[31] SETA Foundation. (2023). Turkey-KRG energy relations: Challenges and opportunities. https://setav.org
[32] Reuters. (2024, March 25). Iraq blames foreign firms for Kurdistan oil export delay. https://www.reuters.com
[33] MEMRI. (2023). Iranian-backed militias and Kurdistan’s energy ambitions. https://www.memri.org/reports/kurdistan-energy-alternative-iran
[34] Middle East Council on Global Affairs. (2023). The Geopolitics of Iraqi Kurdistan’s Gas Reserves. https://mecouncil.org
[35] KRG Unveils Major Energy Expansion with U.S. Partnership. (2025, April 27). Kurdistan24. Retrieved from https://www.kurdistan24.net/en/story/837302Kurdistan 24+1Kurdistan 24+1
[36] Alaaldin, R. (2022). Iraq’s hydrocarbon law: The struggle for federalism. Brookings Institution.
[37] Hussein, D. (2022). Lessons from Canadian federalism for Iraq’s oil disputes. Middle East Policy, 29(3), 45-60.
[38] IEA. (2023). Electricity Market Report: Middle East Focus. International Energy Agency.
[39] Reuters. (2023, June 15). Payment delays deter investors in Kurdistan’s energy sector. https://www.reuters.com
[40] World Bank. (2021). Governance and anti-corruption in Iraq’s energy sector. http://www.worldbank.org
[41] Hussein, D. (2022). Lessons from Canadian federalism for Iraq’s oil disputes. Middle East Policy, 29(3), 45-60.
[42] Sorkhabi, R. (2023). Iraqi Kurdistan’s oil and gas dispute with Baghdad. In The Geopolitics of Energy in the Middle East (pp. 112–130). Springer.
[43] Ahliman, H. N. (2025, January). THE AGREEMENT OF THE CENTURY–AN INTERNATIONAL PROJECT THAT TURNS AZERBAIJAN INTO AN INTEGRAL PART OF THE GLOBAL WORLD ECONOMY. In Publisher. agency: Proceedings of the 8th International Scientific Conference «Research Reviews»(January 9-10, 2025). Prague, Czech republic, 2025. 144p (p. 139). Tomas Bata University in Zlín.
[44] Tarhonii, Y. (2023). BENEFICIARY AS A PARTICIPANT OF LEGAL RELATIONSHIP UNDER THE ESCROW ACCOUNT CONTRACT. ДО ХАРАКТЕРИСТИКИ ДЕЯКИХ СУЧАСНИХ ТЕНДЕНЦІЙ ЮРИДИЧНОГО ЗАБЕЗПЕЧЕННЯ РЕПРОДУКТИВНИХ ПРАВ ЛЮДИНИ, 124.
[45] Köstem, Burç. “Uneven Earth” .
