هاوردەی ئۆتۆمبیلی چینی بۆ عێراق بەرزبونەوە بەخۆوە دەبینێت

2025-06-28 11:36:29
مەنار عوبێدی- شارەزای ئابوری
لە پێنج مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، ئاستی هەناردەی چین بۆ عێراق بەرزبووەتەوە، لەبەرامبەردا ئاستی هەناردەی عێراق بۆ چین دابەزینی بەخۆوە بینیوە.
داتاكانی دەستەی گومرگەكانی چین دەریدەخات، بەرزبوونەوەیەكی بەرچاو لە بەهای هەناردەی چیندا بۆ عێراق لە پێنج مانگی یەكەمی 2025دا روویداوە، بەرێژەی 9.5% بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی رابردوودا، بەجۆرێك بەهای هەناردە گەیشتوەتە 7.4 ملیار دۆلار، ئەمە لەكاتێكدایە ساڵی 2024 لە هەمان ماوەدا بەهای هەناردەی چین بۆ عێراق بڕی 6.77 ملیار دۆلار بووە .
پاڵنەری ئەم بەرزبوونەوەیە گەشەی بەرچاوە لە ژمارەیەك كەرتدا، لەدیارترینیان:
• ئامێرە كارەبایی و میكانیكییەكان: كە رێژەی 24%ی تێكڕای هەناردەی چین بۆ عێراق پێكدەهێنێت و بەرێژەی 11.46% بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە.
• ئەلیكترۆنیات: كە رێژەی 15%ی تێكڕای هەناردە پێكدەهێنێت و گەشەیەكی گەورەی كردووە بەرێژەی 29.3%.
• جلوبەرگ: رێژەی 7.6%ی تێكڕای هەناردە پێكدەهێنێت و بەرێژەی 21% بەرزبووەتەوە.
• ئۆتۆمبیل و پارچەی یەدەگ: كە رێژەی 7.2%ی تێكڕای هەناردە پێكدەهێنێت و بەرزترین رێژەی گەشەی بەخۆوە بینیوە كە دەگاتە 35%.
لەبەرامبەردا، هەناردەی عێراق بۆ چین بەرێژەی 5.77% لەهەمان ماوەدا پاشەكشەی بەخۆوە بینیوە، بەجۆرێك گەیشتوەتە 15.2 ملیار دۆلار ئەمە لەكاتێكدا لەم ماوەیەدا لە ساڵی 2024 بەهای هەناردە بریتی بووە لە 16.14ملیار دۆلارو بەرهەمە نەوتییەكان بەنزیكەیی (100%) تێكڕای هەناردەی عێراقی بۆ چین پێكهێناوە.
سەرباری ئەم پاشەكشێیە، هێشتا تەرازووی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات لە بەرژەوەندی عێراق ماوەتەوە، بەجۆرێك لە پێنج مانگی یەكەمی ئەمساڵدا سەرڕێژی بازرگانیی گەیشتوەتە 7.7 ملیار دۆلارو بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو كە 9.37 ملیار دۆلار بووە، دابەزینی بەخۆوە بینیوە.
بەڵام سەرڕێژ بەشێوەیەكی راستەوخۆ هەر وابەستەی هەناردەی نەوتیی عێراق دەبێت بۆ چین، چ لەڕووی بڕەوە یاخود نرخ. هەرجۆرە دابەزینێك لە بەها یان قەبارەی هەناردەدا، دەبێتە هۆی پاشەكشێی سەرڕێژی بازرگانی تەنانەت گۆڕانیشی بۆ كورتهێنان. ئەمەش پێویست بە هەمەچەشنكردنی بنكەی هەناردەكردنی عێراق دەكات لەرێگەی هەناردەكردنی كەرەستەی خاو و كاڵای بەردەست لە ناوخۆدا.
لەلایەكی ترەوە، سەرباری ئەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ساڵانەی نێوان عێراق و چین بەربەستی 54 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، بەڵام میكانیزمی مامەڵەی دارایی راستەوخۆ هێشتا بە غیابی ماوەتەوەو بەشێوەیەكی نیمچە تەواوەتیی پشت بە دۆلاری ئەمریكی دەبەستێت لە فرۆشتنی نەوتی عێراق و كڕینی كاڵای چینیدا. ئەمەش لەسەر عێراقی پێویست دەكات هەنگاو هەڵگرێت بۆ دامەزراندنی سەكۆیەكی ئاڵوگۆڕی دارایی و بازرگانیی راستەوخۆ لەگەڵ چیندا، بەجۆرێك پشتبەستن بە دۆلار كەمبكاتەوە.
شایانی باسە ژمارەیەك لە وڵاتان بەشێوەیەكی كردەیی دەستیانكردووە بە گرتنەبەری ئەم رێگایە، دواترینیان رێككەوتنی نێوان چین و توركیا بوو لەسەر پشتبەستن بە دراوی ناوخۆیی لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا. بۆیە رزگاركردنی بازرگانیی عێراق لە هەژمووی دۆلار هەنگاوێكی ستراتیژیی دەبێت بۆ بەهێزكردنی سەربەخۆیی دارایی و زیادكردنی چالاكی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات.
جێی ئاماژە پێكردنە، ئەم داتایانە پشت بە هەناردەی راستەوخۆی چین بۆ عێراق دەبەستێت و؛ ئەو كاڵایانە ناگرێتەوە كە لەرێگەی وڵاتانی ناوچەكەوە هەناردە كراون، بەدیاریكراویش ئیماراتی عەرەبی كە دووبارە هەناردەی عێراق دەكرێنەوە.
وردەكاری داتاكان لەم خستەیەدا
