دوای 30 حوزه‌یران(جه‌هه‌په) له توركیا پارچه ده‌كرێت؟

2025-06-28 19:52:56
راپۆرتی رۆژنامه‌وانی: هێمن خۆشناو
له پێناو گه‌ره‌نتیكردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌ركۆماری (ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان) ده‌خوازێ له رێگای دادگا (جه‌هه‌په) بێكاریگه‌ر بكات و تووشی لێكترازانی بكات. له‌م هه‌ڵمه‌ته‌یدا ئه‌ردۆغان هه‌وڵده‌دات ده‌نگده‌ری كورد له جه‌هه‌په دووربخاته‌وه، وه‌كو یه‌ك كوتله په‌لكێشی بكات به‌ره‌و (پارتی ده‌م).
پارتی گه‌لی كۆمار (جه‌هه‌په) كه كۆنترین پارتی سیاسیه له مێژووی كۆماری توركیا و له ساڵی 1923 دامه‌زراوه، دوای شكستنی له هه‌ڵبژاردنی گشتی له (حوزه‌یرانی 2023) كۆنگره‌ی 38مینی نائاسایی له 5 تشرینی دووه‌می هه‌مان ساڵدا ئه‌نجامدا. تیایدا (كه‌مال كلیچدارئۆغڵو) كه به‌ره‌گه‌ز كوردێكی عه‌له‌ویه له سه‌رۆكایه‌تی پارته‌كه دوورخرایه‌وه و (ئۆزگور ئۆزه‌ل) جێگای گرته‌وه. دوای ده‌ستبه‌كاربوونی ئۆزه‌ل له سه‌رۆكایه‌تیدا، ئه‌م پارته له رووی جه‌ماوه‌ریه‌وه قه‌ڵه‌مبازی گه‌وره‌ی ئه‌نجامدا و له هه‌ڵبژاردنه خۆجێیه‌كانی ئه‌م وڵاته له (31 ئاداری 2024) له زۆرینه‌ی شاره‌وانیه گه‌وره‌كانی توركیا پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی دووچاری شكست و پاشه‌كشێ كرد. له‌ناو سه‌رۆك شاره‌وانیه گه‌وره‌كاندا ناوی سه‌رۆكی شاره‌وانی گه‌وره‌ی ئیستانبۆڵ (ئه‌كره‌م ئیمامئۆغڵو) وه‌كو كه‌سایه‌تیه‌ك ده‌ركه‌وت كه بتوانێ، له هه‌ڵبژاردنی داهاتووی سه‌ركۆماری توركیا كه بڕیاره 2028 ئه‌نجام بدرێت شكست به ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان بێنێت. زۆربه‌ی ناوه‌نده‌كانی راپرسی و توێژینه‌وه له سه‌ره‌تای 2024 تا 19 ئاداری 2025 دا جه‌ختیان له سه‌ركه‌وتنی ئه‌كره‌م ئیمائۆغڵو ده‌كرد له هه‌ڵبژاردنی داهاتووی سه‌ركۆماریدا. هه‌ڵكشانی پشتگیری رای گشتی توركیا له (ئه‌كره‌م ئیمائۆغڵو) پارتی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌م وڵاته‌ی ناچاركرد، بیر له رێگایه‌ك بكه‌نه‌وه تا به‌ر له ئیمامئۆغڵو بگرن.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، له‌ژێر ناوی گه‌نده‌ڵی، گرێبه‌ستی ناشه‌رعی، قازانجی نایاسایی و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ تیرۆر پۆلیسی ئیستانبۆڵ له به‌ره‌به‌یانی (19 ئادار) هه‌ڵیكوتایه سه‌ر (ئه‌كره‌م ئیمائۆغڵو) و چه‌ند به‌رپرسێكی دیكه‌ی جه‌هه‌په. ئه‌م ئۆپاراسیۆنه گه‌وره‌ترین كاردانه‌وه‌ی دژ به سه‌ركۆمار و داروده‌سته‌كه‌ی لێكه‌وته‌وه كه له ماوه‌ی 24 ساڵه‌ی ته‌مه‌نیدا ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ردۆغان تووشی كاردانه‌وه‌ی به‌م شێوه‌یه نه‌بووه. كاردانه‌وه‌كانیش بووه هۆی ئاوێته‌بوونی جه‌هه‌په له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆنی شه‌قام كه له خوێندكارانی زانكۆ و توێژه كاریگه‌ره‌كان پێكهاتووه، ئه‌مه‌ش ده‌نگ و پاڵپشتی بۆ جه‌هه‌په ئه‌وه‌نده‌ی دیكه زیاد كرد و بوێری به‌م پارته به‌خشی، تا واز له راڕایی و ئۆپۆرتۆنیزمی سیاسی بێنێت كه چه‌ندین ساڵ بوو به‌ده‌ستیه‌وه ده‌یناڵاند. به گوێره‌ی ناوه‌نده‌كانی راپرسی له به‌رواری ده‌ستگیركردنی ئیمائۆغڵو رۆژ له‌دوای رۆژی ده‌نگی پاڵپشتی بۆ جه‌هه‌په و ئیمائۆغڵو زیاتر ده‌بێت و ده‌نگی پارتی ده‌سه‌ڵاتدار و ئه‌ردۆغانیش له كوورتی ده‌دات. ناوه‌ندی (HBS) بۆ راپرسی له به‌رواری 21 ئاداری 2025 راپرسیه‌كی ئه‌نجامداوه تیایدا رێژه‌ی ده‌نگی جه‌هه‌په 33.8٪ بووه له به‌رامبه‌ردا ئاكه‌په 28٪ ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێناوه. به گوێره‌ی هه‌مان ناوه‌ند ده‌نگی هه‌ردوولا له هه‌مان به‌رواری ساڵی 2024، به‌م شێوه‌یه بووه، جه‌هه‌په: 28.4٪ و ئاكپارتی 32.3٪.
ئایا ئوزگور ئۆزه‌ل له سه‌رۆكایه‌تی جه‌هه‌په دوور ده‌خرێته‌وه؟
ده‌ستگیركردنی ئیمائۆغڵو تاكه كاردانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات نه‌بوو له به‌رامبه‌ر جه‌هه‌په، به‌ڵكو پێنج رۆژ دوای ده‌ستگیركردنی ئیمامئۆغڵو، (لوتفی سه‌ڤاش) سه‌رۆكی پێشووتری شاره‌وانی گه‌وره‌ی (هاتای) به بیانووی نایاساییبوونی كۆنگره‌ی 38 مینی جه‌هه‌په له (4-5 تشرینی دووه‌می 2023) دادگای 42 مینی ئه‌نقه‌ره‌ی به‌سه‌ر كرده‌وه و داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانی كۆنگره‌ی ناوبراوی كرد. له‌باره‌ی سكاڵاكه‌ی سه‌ر كۆنگره‌ی جه‌هه‌په، بڕیاره دادگای پسپۆر له رۆژی دووشه‌ممه (30 حوزه‌یرانی 2025) بڕیاری خۆی ئاشكرا بكات، كه ته‌نیا دوو ئه‌گه‌ر له‌خۆ ده‌گرێت. یه‌كه‌مینیان: دانانی قه‌یوم سه‌ر جه‌هه‌په، دووه‌مینیشیان: دوورخستنه‌وه‌ی ئوزگور ئۆزه‌ل و ستافه‌كه‌یه‌تی له سه‌رۆكایه‌تی جه‌هه‌په و دانانه‌وه‌ی (كه‌مال كلیچدارئۆغڵو) به سه‌رۆك بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵدا دوای ده‌رچوونی بڕیاری دادگا.
زۆربه‌ی پێشبینیه‌كان، به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چن كه دادگا بڕیاری دوورخستنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی جه‌هه‌په ده‌دات، چونكه ئۆزه‌ل دوای ده‌ستگیركردنی ئیمامئۆغڵو، نه‌یهێشت مه‌یدان بۆ ئه‌ردۆغان بمێنێته‌وه و ئه‌و بۆشایه‌ی پڕ كرده‌وه كه چاوه‌ڕوان ده‌كرا دوای ده‌ستگیركردنی ئیمامئۆغڵو دروست بێت. جگه له‌وه‌ش جه‌هه‌په له سایه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئۆزگور ئۆزه‌ل له هه‌موو روویه‌كه‌وه به‌هێز بوو. به‌رامبه‌ر به توندی و سه‌ركوتكاری ته‌یب ئه‌ردۆغان مۆدێلێكی نوێی ئۆپۆزسیۆنی داهێنا و له زۆرینه‌ی توێژ و لایه‌نه سیاسیه‌كانی ناو توركیا پشتگیری لێكرا. بۆ ئه‌مه چاوه‌ڕێ ده‌كرێت بڕیاری دادگا به ئاراسته‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی پێشووتری جه‌هه‌په بێت، نه‌وه‌كو دانانی قه‌یوم.
ئایا كلیچدارئۆغڵو پڵانه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان قه‌بوڵ ده‌كات؟
له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی ئاشكرا كردنی بڕیاری دادگا له‌مه‌ڕ دۆسیه‌ی كۆنگره‌ی 38 مینی جه‌هه‌په، فشاره‌كان له‌ناو جه‌هه‌په و له شه‌قامیش بۆ سه‌ر كه‌مال كلیچدارئۆغڵو زیاتر ده‌بن، تا گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ر كوورسی سه‌رۆكایه‌تی پارته‌كه‌ی ره‌تبكاته‌وه. به گوێره‌ی لێدوانه‌كه‌ی كلیچدارئۆغڵو بێت له رۆژی (23 حوزه‌یران) كه ده‌ڵێـت:" ئه‌گه‌ر نه‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ سه‌رۆكایه‌تی جه‌هه‌په دادگا قه‌یوم داده‌نێت" پێناچێت گوێ به فشاره‌كان بدات و یاریه‌كه له ئه‌ردۆغان تێكبدات. گه‌ڕانه‌وه‌ی كلیچدارئۆغڵو چه‌ندین كاریگه‌ری نه‌رێنی ده‌بێت له‌سه‌ر جه‌هه‌په و سوودی گه‌وره‌شی ده‌بێت بۆ ئه‌ردۆغان. گه‌ڕانه‌وه‌ی كلیچدارئۆغڵو، ده‌رفه‌تی خۆ كاندیدكردنی (ئه‌كره‌م ئیمائۆغڵو) بۆ سه‌ركۆماری به‌رته‌سك ده‌كاته‌وه، كه ئه‌مه‌ش لابردنی گه‌وره‌ترین ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م ئه‌ردۆغان دێت و هه‌روه‌ها به واتای پارچه‌بوونی جه‌هه‌په دێت. به گوێره‌ی زانیاریه پشتڕاست نه‌كراوه‌كان، ئه‌گه‌ر كلیچدارئۆغڵو به پڵانی ئه‌ردۆغان و بڕیاری دادگا رازی بێـت، (ئوزگور ئۆزه‌ل – ئه‌كره‌م ئیمائۆغڵو) پارتێكی سیاسی نوێ له‌سه‌ر مۆدێلی سه‌ركۆماری پێشووی توركیا تورگۆت ئۆزال (پارتی نیشتیمانی دایك ANAP) دروست ده‌كه‌ن. ده‌گووترێت به‌شێك له سه‌رمایه‌دارانی توركیا هه‌وڵ بۆ ئه‌مه ده‌ده‌ن و ده‌خوازن ئه‌كره‌م ئیمائۆغڵو له‌سه‌ر رێچكه‌ی ئۆزال درێژه به سیاسه‌ت بدات. چونكه پێیانوایه ته‌نیا ئه‌م مۆدێله سه‌رمایه‌دارانی تورك له چنگی قۆرخكاری رزگار ده‌كات و ده‌توانێ هه‌موو ئه‌تنیك، گرووپ و توێژه جیاجیاكانی كۆمه‌ڵگای توركیا له‌باوه‌ش بگرێت. به‌ڵام سه‌ركه‌وتنی ئه‌م پارته له ئه‌گه‌ر دروستكردنیدا زۆر زه‌حمه‌ته له ئێستادا، به تایبه‌تی له ململانێی هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆماریدا، چونكه له لایه‌ك رێكخستنی ئه‌م پارته و ناساندنی به كۆمه‌ڵگایه‌كی به‌رفراوانی وه‌كو توركیا پێویستی به كاته، به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته ئه‌نجام بدرێت كاتی پێویستی له‌به‌رده‌مدا نیه، دووه‌میشیان به‌شێك له ده‌نگده‌ری جه‌هه‌په به تایبه‌تی عه‌له‌وی و چه‌په‌كان كه نزیكن له كلیچدارئۆغڵو ئه‌و كاته ده‌نگ بۆ ئیمائۆغڵو ناده‌ن، ئه‌مه‌ش به واتای پارچه‌بوونی ده‌نگی ئۆپۆزسیۆن دێت.
كورد له كوێی ئه‌م ململانێیه دایه؟
له دوای ده‌ستپێشخه‌ری (ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی) له‌مه‌ڕ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد و وازهێنانی (په،كه،كه) له چه‌ك له 22 تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2024، جه‌هه‌په به ئاشكرا هیچ لێدوان و هه‌ڵوێستێكی دژ به‌م دۆخه نیشاننه‌داوه، به‌ڵام ئاشكرایه له نێوان (باخچه‌لی – ده‌وڵه‌ت – ئه‌ردۆغان) له‌لایه‌ك و له‌گه‌ڵ جه‌هه‌په له‌لایه‌كی دیكه‌وه ده‌رباره‌ی كێشه‌ی كورد ناكۆكی هه‌یه. هه‌رچی لایه‌نی یه‌كه‌مه راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ (ئۆجا،لان و په،كه،كه) له په‌یوه‌ندی دایه، به‌ڵام جه‌هه‌په ده‌خوازێت باڵی سڤیلی بزوتنه‌وه‌ی كورد (ده‌میرتاش و پارتی ده‌م) به بنه‌ما بگیرێت له هه‌نگاونان بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كورد. به‌م هه‌ڵوێسته جه‌هه‌په ده‌خوازێت له‌باره‌ی كێشه‌ی كورد خۆی له ده‌سه‌ڵات جیابكاته‌وه. لێدوانه‌كه‌ی ئۆزگور ئۆزه‌ل له (22 حوزه‌یران) دیارترین ئاماژه‌یه به‌م راستیه كه ده‌ڵێـت:" :" ئه‌گه‌ر ئێمه وه‌كو ده‌مپارتیش سه‌یری كێشه‌كان بكه‌ین، ئه‌وه ناچارنین به‌سه‌ر هه‌مان رێگادا بڕۆین". كه‌واته جه‌هه‌په له‌مه‌ڕ كێشه‌ی كورد ده‌خوازێت رێگایه‌كی دیكه تاقیبكاته‌وه. له‌مباره‌یه‌وه شرۆڤه‌كاری سیاسی تورك (ئارنه‌وۆڵد سه‌لیم) ده‌ڵێت:" جه‌هه‌په پێیوایه، ده‌مپارتی ناچاره له‌سه‌ر ئه‌و هێڵه سیاسیه بڕوات كه (عه‌بدولڵا ئۆجا،لان) دایڕشتووه". له شاره گه‌وره‌كانی توركیا ده‌نگده‌ری كورد زیاتر به‌لای جه‌هه‌په، به‌تایبه‌تی ش به‌لای (ئه‌كره‌م ئیمائۆغڵو) ده‌شكێته‌وه. لێره‌دا ناكۆكیه گه‌وره‌كه ده‌ست پێده‌كات. ئه‌م راستیه بۆ ده‌سه‌ڵات ئاسته‌نگێكی گه‌وره دروست ده‌كات. بۆیه ده‌سه‌ڵات هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ پڵانه‌كه‌ی سه‌باره‌ت به جه‌هه‌په ده‌خوازێت ده‌نگده‌ری كورد وه‌كو یه‌ك كوتله به‌ره‌و پارتی ده‌م بچێت و له رێگای ئۆجا،لانیش كۆنتڕۆڵی پارتی ده‌م بكات. به گوێره‌ی (ئارنه‌وۆڵد سه‌لیم):" له‌تبوونی ده‌نگده‌ری كورد له به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتدا نیه. ده‌سه‌ڵات ده‌خوازێت ده‌نگده‌ری كورد یه‌ك كوتله بێت".
به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌مال كلیچدارئۆغڵو بێته‌وه سه‌ر ناوه‌ندی بڕیاری جه‌هه‌په و ركابه‌رانی ره‌وتێكی سیاسی دروست نه‌كه‌ن و به‌شداری له هه‌لبژاردن نه‌كه‌ن، ئه‌وه ره‌نگه ده‌نگده‌ری كورد له شاره گه‌وره‌كان كه تا ئێستا ده‌نگی بۆ جه‌هه‌په داوه، بایكۆتی ده‌نگدان بكات كه ئه‌مه‌ش له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌ردۆغان دایه.
