Draw Media

ئەحمەد شەرع لە بەغداد: پێشوازیی سوننەكان و مشتومڕی شیعەكان

ئەحمەد شەرع لە بەغداد: پێشوازیی سوننەكان و مشتومڕی شیعەكان

2025-05-07 11:54:08


د. یاسین تەها-  پسپۆڕ لە مێژووی ئاینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق

دەسپێك
لە ساڵی 2011 ئەحمەد شەرع وەك زیندانییەكی ئازادكراوی رێكخراوی قاعیدە، بۆ درێژەدان بە چالاكی لە وڵاتی خۆی، كە تازە بەر شەپۆلی خۆپیشاندانەكانی “بەهاری عەرەبی” كەوتبوو، عێراقی بەرەو سوریا جێهێشت، بەڵام بڕیارە مایۆی 2025 وەك سەرۆك كۆماری راگوزەری سوریای دراوسێ، بێتەوە بۆ بەشداریكردن لە لوتكەی عەرەبی لە بەغداد؛ ئەمە شەقامی سیاسیی عێراقی بەسەر دوو بەرەدا دابەشكردووە: بەرەیەك لەگەڵ مامەڵەكردنی ئەرێنین لەگەڵ پێشهاتی نوێ و پێشوازیكردن لە شەرع، بەرەیەكی دژبەریش هەوڵی رێگری دەدەن. ئەمە بەغدادی خستووەتە بەردەم تاقیكردنەوەیەك كە ئایا دەتوانێت وەك دەوڵەت مامەڵە بكات، یان سیاسەتی گروپە شیعەكان بەسەریدا زاڵ دەبێت و  ناچار دەبێت ملكەچی خواستەكەیان بێت.
ئەم شرۆڤەیە لەسەر لوتكەی عەرەبی بەغدادو رەهەندەكانی بەشداریكردنی ئەحمەد شەرع لە لوتكەكەداو لێكەوتەكانی ئەم پێشهاتە هەڵوێستە دەكات.

لوتكەی عەرەبی لە بەغداد
بڕیارە رۆژی 17ی ئایاری 2025 لوتكەی سەرانی وڵاتانی عەرەبی (خولی 34) لە بەغدادی پایتەختی عێراق گرێبدرێت. ئەم لوتكە دووەمین لوتكەیە لە پاش لوتكەی بەحرەین (مایۆی 2024) لە سایەی جەنگی غەززەدا بەڕێوەبچێت. بە دوای سێ لوتكەی دیكەی هاوشێوەدا دێت: لوتكەی عەرەبی - ئیسلامیی ناكاوی ریاز (نۆڤەمبەری 2023)و لوتكەی بەدواداچوونی ریاز (نۆڤەمبەری 2024)، لوتكەی ناكاوی قاهیرە (ئازاری 2025). وەزارەتی دەرەوەی عێراق، كە سەرپەرشتیی ئامادەكارییە لۆجستی و پرۆتۆكۆڵییەكانی ئەم لوتكەیە دەكات، پێیوایە سەركەوتنی لوتكەی عەرەبی بەغداد وێنەیەكی ئەرێنی دەربارەی عێراق پیشانی دنیای دەرەوە دەدات، هەروەها كاروانی كاری هاوبەشیی عەرەبی بەهێزتر دەكات[1]. لەسەر ئاستی عێراقیش ئەم لوتكەیە دووەمینە لە عێراقی نوێی پاش سەددام حسێن؛ یەكەمیان لە 2012 لە ویلایەتی دووەمی مالیكی گرێدرا، دووەمیش دەكەوێتە سەردەمی ویلایەتی سودانی؛ لەسەر داوای سەرۆك وەزیرانی عێراقیش دێتە عێراق. بەوەی بانگەشەی بۆ دەكات “بەغداد دەیەوێت ببێتە مینبەرێك بۆ بەهێزكردنی هاریكاریی عەرەبی و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەكان”[2].
لەسەر ئاستی نێوخۆی عێراق، دەشێت لوتكەی عەرەبی لە بەغداد خزمەت بە پرۆژەی هەڵبژاردن و سەركردایەتیی “محەمەد شیاع سودانی” بكات، بەوپێیەی لە سایەی سەركردایەتیی ئەودا ئەنجام دەدرێت. هەروەها ئەو كۆبوونەوە دیپلۆماسییە كە چاوی میدیایی زۆری لەسەرە، دەرفەتە بۆ دەركەوتنی سودانی وەك سەركردەیەكی سیاسیی دەوڵەتمەتدارو هاوئاستی سەرۆك و پاشا عەرەبییەكان، لەكاتێكدا ناوبراو بەو پێیەی لە سیاسییەكانی ناوخۆی عێراق بووە، لە تاراوگە نەژیاوە و پەیوەندییەكانی فراوان نین.
لوتكەی عەرەبی لەكاتێكدا دێتەوە بەغداد، كه‌ عێراق لە ساڵی هەڵبژاردندایە. بەپێی ئەو ئامادەكارییانەشی تائێستا هەن، لیستە شیعەكانی “چوارچێوەی هاوئاهەنگی” بەپەرتەوازەیی و فرەلیستی دەچنە نێو پرۆسەكە. دوو لە جەمسەرە سەرەكییەكانی ئەو ململانێ سیاسییە سەختە لەنێو دەنگدەری شیعەدا، نوری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی پێشووترو سەرۆك وەزیرانی ئێستا، محەمەد شیاع سودانی دەبن. سودانی وەك گرەوێكی سیاسی تەماشای لوتكەكە دەكات. لە ئەزمونی زیاتر لە 33 لوتكەی پێشوودا ئەم بۆنەیە زیاتر پرۆتۆكۆڵی و بێ كاریگەریی ئەوتۆ بووەو زیاتر بۆ ناردنی پەیامی كاری پێكەوەییە، بەڵام سودانی زیاتر لە قەبارەی خۆی مانای پێدەدات. لەم نێوه‌نده‌دا لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا، باسی لەوە كرد كه‌ “عێراق تەنیا وڵاتێكی خانەخوێی لوتكەكە نییە، بەڵكو دەستپێشخەرەو چارەسەری جیاواز بۆ قەیرانەكانی ناوچەكە پێشكەشدەكات”[3]. لە سەرپەرشتیكردنی ئامادەكارییە ئەمنییەكانیشدا سودانی جەختی لەوە كردووەتەوە: سەركەوتنی گرێدانی لوتكەی عەرەبی لە بەغداد، “سەركەوتنێكی سیاسی و ئەمنییە”[4].
لەسەر ئاستە فەرمییەكەو لە دەرەوەی ململانێ سیاسییە نێوخۆییەكان، حكومەتی عێراق دەیەوێت لەڕێگه‌ی میوانداریكردنی لوتكەكەوە جەخت لە ڕۆڵی خۆی وەك دامەزرێنەرێكی “كۆمكاری عەرەبی” بكاتەوە؛ لەسەر ئەمەش زۆر لە هێزە شیعە سیاسییەكان هاوڕان، سەرباری ناكۆكییەكانیان لەبارەی وردەكارییەكان[5]. جگە لەوە حكومەت و هێزە شیعەكان دەیانەوێت وای پیشان بدەن، گرێدانی لوتكەی عەرەبی لە بەغداد، بەتەنیا پیشاندانی توانای رێكخستن نییە، بەڵكو ئاماژەیە لەسەر گەیشتنی عێراق بە ئاستێكی باڵای ئاسایش و ئۆقرەیی و گێڕانەوەی پێگەكەی لە چوارچێوەی سیسته‌می عەرەبیدا. ئەمە بۆ هەندێك هێز كە بێزارن لە هەژمونی زۆری ئێرانی لە شیعە پراگماتیسته‌كان، گرنگی و بایەخی زیاتری هەیە، چونكە هەڵگری ئەو پەیامەیە كە عێراق جێگرەوەو بەدیلی دیكەی هەیە.

بانگهێشتكردنی ئەحمەد شەرع
مشتومڕی گەورەی بەر لە گرێدانی كۆنگرەی 17ی ئایار دەربارەی ئامادەبوون و دورخستنەوەی ئەحمەد شەرع لە بەشداریكردنی لوتكەكەی بەغداد. ناوبراو بۆ ماوەی هەشت ساڵ (2003_2011) لە عێراقدا لە ڕیزی قاعیدەدا بووە، لە گرتوخانەكانی ئەمریكادا لە عێراق دەستگیر كراوە، پاش گەڕانەوەشی بۆ سوریا بە “ئەبو محەمەدی جۆلانی” ناسراوەو بەیعەتی بە “ئەیمەن زەواهیری”داوە، لە سوریاش سەرۆكایەتیی “بەرەی نوسرە”ی كردووە، دواتر دەستەی “تەحریر شام”ی دامەزراندووە. سەرجەم ئەم كارنامەیە بە لای شیعەكانەوە دوژمنكاریی و تاوانە، چونكە “سەلەفیزمی جیهادی”، دژی جۆری (نه‌وعییه‌ت)ی شیعەكانن. لەهەوڵێكدا بۆ كۆتاییهێنان بە مشتومڕی ئامادەبوونی شەرع، سودانی لە ڕێگەی میدیایەكی ئەمریكییەوە جەختیكردەوە كە ئەحمەد شەرعی سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا، بۆ بەشداریكردن لە لوتكەی عەرەبی بەغداد بانگهێشتكراوە. لە دیدارەكەدا سودانی بەوە پاساوی هێنایەوە كە عێراق تەنیا خانەخوێی لوتكەكە نییە، بەڵكە بەشدارو لایەنە لە دەستپێشخەرییەك كە چارەسەر پێشكەش بە قەیرانە جۆربەجۆرەكانی ناوچەكە بكات. لەبارەی بانگهێشتكردنی ئەحمەد شەرعی سەرۆكی راگوزەری سوریاشەوە، سودانی جەختی لەوە كردەوە: “ئامادەیی شەرع لە چوارچێوەی پرۆتۆكۆڵی سیسته‌می رێكخراوی كۆمكاری عەرەبیدایە. سەرۆك شەرع، ئێستا نوێنەرایەتیی دەوڵەتی سوریا دەكات؛ ئامادەیی ئەویش گرنگە بۆ ئەوەی دیدی خۆی بۆ سوریای نوێ ڕوونبكاتەوە. دۆسیەكانی ئاسایش و ئۆقرەیی بۆ عێراق و وڵاتانی دیكە پرسێكی جومگەییە؛ عێراقیش سورە لەسەر ئۆقرەیی سوریا”[6].
 ئەم لێدوانانەی سودانی دوو هەفتە بەر لە گرێدانی كۆنگرەكە لە نێوه‌ندی هەڵمەتێكی گەرمی بەرهەڵستكاریدا بوو دژ بە ئامادەبوونی ئەحمەد شەرع لە بەغداد؛ بەو پێیەی پێشتر لە ڕیزەكانی رێكخراوی ئەلقاعیدەدا بووە كە كۆتایهێنان و بنەبڕكردنی شیعەی كردبووە ئامانجی خۆی. هەروەها بە دوای ئەوەدا هات عێراق بەفەرمی لە 27ی نیسانی 2025 لە ڕێگه‌ی وەزیری رۆشنبیری، ئەحمەد فەكاك (سوننەیە)، بانگهێشتی بەشداریكردن لە لوتكەكە، لە دیمەشق رادەستی ئەحمەد شەرع كرد[7].

نەیارانی ئامادەبوونی شەرع 
ئەو لایەنە شیعانەی دژی هاتنی ئەحمەد شەرعن بۆ عێراق، لە چەند جەمسەرێكی جیا پێكدێن و ئامانجەكانیشیان جیاوازە. لەبەر ڕۆشنایی هەڵوێستەكانیان، دەشێت بەم جۆرە پۆلێن بكرێن:
_ حزبی دەعوە بە سەرۆكایەتیی نوری مالیكی، لە بەیاننامەیەكدا پێداگری ده‌كات: دۆسیەی بەشدارانی لوتكەی عەرەبی بەغداد، دەبێت تۆمەت و تاوانكاریی تێدا نەبێت، “چونكە خوێنی عێراقییەكان هەروا هەرزان نییە تا بانگهێشتی ئەو كەسانە بكرێت كە حەڵاڵیان كردووە، یان دەستدرێژییان كردووەتە سەر پیرۆزییەكانیان”[8]. حزبی دەعوە هیچ بەڵگەیەكی نەخستوەتەڕوو لەسەر تێوەگلانی شەرع یان دۆسیەیەكی دیاریكراو، بەڵام بەهۆی بەریەككەوتنی ئەجێندای هەڵبژاردنی مالیكی و سودانییەوە، دەكرێت پاڵنەری ئەم هەڵوێستە بەوە لێكبدرێتەوە كە هەوڵی شكستهێنانە بە بانگهێشتكردنی سودانی بۆ شەرع و تێكدانی ئامادەكارییەكان.
_  قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیب، كە حزبەكەی لە هەڵبژاردن لیستی جیای دەبێت، باسی لەوە كردووە، ئەگەر شەرع بێتە عێراق، ئەوە لێكەوتەی باشی نابێت و دەشێت دەستگیر بكرێت[9]. ئەم بەرهەڵستكارییەی عەسائیب دژی هاتنی شەرع، دوو لایەنە: هەم بەشێكە لە گوتارو هەڵمەتی پێشوەختەی هەڵبژاردن، هەمیش بەدەر نییە لە میحوەرە ئێرانییەكە كە تائێستا لەگەڵ سوریای نوێدا دژو ناكۆكە.
_   ئەبو عەلی عەسكەری، وتەبێژ بە ناوی كەتیبەكانی حزبوڵڵا، باسی لەوە كردووە كه‌، شەرع، هەر “ئەبو محەمەد جۆلانی”ی سەرۆكی “بەرەی نوسرەی تاوانبارە”؛ پێشتریش لوتكە عەرەبییەكان بەبێ ئامادەیی ئەسەدو عێراق و لیبیاش كراون[10].
_ چەند پەرلەمانتارێكی چوارچێوەی شیعی سكاڵایان لەدژی ئەحمەد شەرع بەرزكردووەتەوەو بە كوشتن تۆمەتباری دەكەن. ئامانجی ئەم پەرلەمانتارانە ئەوەیە لەڕێگەی دادگا‌وه‌ ڕێگه‌ لە هاتنی ناوبراو بۆ بەغداد بگرن؛ یەكێك لەوانە، شەرعی بە تێوەگلان لە كوشتنی براو برازاكەی تۆمەتبار كردووە [11].
_ هەندێك لایەنی شیعە باسی ئەگەری كوژرانی شەرع دەكەن ئەگەر بێتە عێراق. لەم ڕێگه‌یەوە پەیامی ئەوە دەدەن كە ناتوانن ژیانی بپارێزن[12].
_ لە پشت هێزە شیعەكانیشەوە، ئێران دژو نەیاری ئاساییكردنەوەی كارەكتەری ئەحمەد شەرعە؛ ڕێگریكردن لە ئامادەبوونیشی لە لوتكەی عەرەبی، لە ڕێگه‌ی باڵەكانییەوە لە عێراق بەڕێوە دەبات. هەر پاش كەوتنی ئەسەد، خامنەیی، ڕێبەری شۆڕشی ئێرانی، بانگەوازی بۆ گەنجانی سوریا كرد دژی دەسەڵاتی نوێی وڵاتەكەیان ڕاپەڕن. لەو كاتەوە گوتاری ئێران دژی دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع دوژمنكارانەیەو ئەمەیش لە گوتاری باڵەكانیدا ئامادەیی هەیە[13].

پاڵنەرەكانی ناڕەزایی
بەگشتی لە گوتاری شیعیی لایەنگرو پاشكۆی جەمسەری ئێرانیدا، ئەحمەد شەرع دوو كێشەی سەرەكیی هەیە: یەكەمیان دژومنكارییەتی لەگەڵ شیعە لە پاش 2003، دووەمیش ڕێگرییەكانیەتی لەبەردەم چالاكیی گروپە شیعەكان لە سوریاو گوشارخستنە سەر كەمایەتیی شیعە لەو وڵاتە. جگە لەمە ئەوەیان لەبەرچاوە، شەرع هۆكار بووە بۆ روخاندنی رژێمی ئەسەدو پێیانوایە بەشێكە لە پرۆژەی توركیا لە ناوچەكە. لە دەرەوەی ئەم پاڵنەرانە هەندێك خوێندنەوەی دیكە بۆ دژایەتیی هاتنی شەرع بۆ بەغداد هەن، ئەمە گرنگترینیانە[14]:
ـ پاش راگەیاندنی پرۆژەی هەڵبژاردنی سودانی و نزیكبوونەوەی لە هەندێك بلۆكی سوننە، هێزە شیعە بەرهەڵستكارەكان بەرەنگاری پرۆژەكەی دەبنەوە، بەتایبەت كە پێیانوایە ئەوان سودانییان بە پایە گەیاندووەو ئێستا بووەتە ركابەری لیستەكانیان لە هەڵبژاردن.
_  دەنگۆیەك هەیە كە هێزە شیعە وەلائییە عێراقییەكان لەگەڵ ئەفسەرە سورییەكانی بەعس، كار دەكەن بۆ قڵپكردنەوەی رژێمی ئەحمەد شەرع. بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ ماهیر ئەسەد هەماهەنگی دەكەن.
_ هێزە شیعە ئێرانییەكان نیگەران و بێزارن لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكانی حكومەتی عێراق و ئەحمەد شەرع، بەتایبەت كە زانیاریی ئەوەیان هەیە سەردانەكانی سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی عێراق بۆ دیمەشق، بەرەوپێشچوونی تێدا بووەو دەشێت ببێتە بنەمای پەیوەندییەكی بەهێز.
_ هەندێك لە شیعەكانی ناو چوارچێوەی شیعی ئەوەیان وروژاندووە كە سودانی بەشێكە لە میحوەری قەتەری _ توركی دژی میحوەری سعودی_ ئیماراتی_ ئوردنی و، بەم هۆیەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع پەیوەندیی ئاسایی كردووەتەوە؛ ئەمە لە بەرژەوەندیی عێراق نییە. ئەم دەنگانەی نێو چوارچێوەی شیعی باس لەوە دەكەن سودانی زیاتر موجامەلەی توركیا دەكات[15]. ئەمە زیاتر پاش ئەوە زەق كرایەوە كە سودانی بەنهێنی و بەبێ ئاگاداریی پێشوەختە، سەردانی “دەوحە”ی پایتەختی قەتەری كردو لەگەڵ ئەحمەد شەرع و میری قەتەردا دەركەوت. بەپێی هەندێك سەرچاوە لەسەر ئەمە چوارچێوەی شیعی بێزاریی خۆیان گەیاندوەتە سودانی[16].

هەڵوێستی شیعە پراگماتیستەكان
بەرامبەر بە شیعە وەلائییە پەڕگیرەكان (توندڕه‌وه‌كان)، جەمسەرێكی دیكەی شیعی هەیە، كه‌ لارییان نییە لە ئامادەبوونی شەرع لە بەغداد؛ لەلایەك بۆ سەرخستنی لوتكەی سەرانی عەرەب، لەلاكەی تر بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو پشتیوانییە عەرەبییەی لەگەڵ دیمەشقی نوێ و ئەحمەد شەرعدا هەیە. لەم به‌ینه‌دا عەممار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمە دەڵێت: بانگهێشتكردنێكی ناچارییە؛ هەروەها ئەگەر سكاڵاش هەبێت ئەوە شەرع پارێزبەندیی هەیە. سەرباری ئەمە حەكیم بەگومانە فرمانی گرتن لە دژی شەرع هەبێت[17].
لە لای خۆیەوە سودانی كە بانگهێشتی ئەحمەد شەرعی كردووە، دەیەوێت شتەكە بخاتە چوارچێوەی پەیوەندیی عێراق و سوریا نەك بەرگریكردن لە كارەكتەری شەرع؛ لەبەر ئەمە پەیوەندییەكان لەگەڵ دیمەشق لە ڕێگه‌ی هەواڵگرییەوە بەڕێوە دەبات و دوو جار تائێستا سەرۆكی دەزگا‌ی هەواڵگریی، “حەمید شەتری”ی رەوانەی دیمەشق كردووە بۆ ئەوەی چوارچێوەی شیعی تۆمەتباری نەكەن بە ئاساییكردنەوەی دۆخەكە لەگەڵ شەرع، كە لە لای شیعە بێزراوە. ئەوانەشی بەبێدەنگی دۆخەكە بەڕێدەكەن و بەناڕاستەوخۆ ڕازین بە هاتنی شەرع بۆ بەغداد، جگە لە حەكیم، زیاتر حەیدەر عەبادی، سەرۆكی “هاوپەیمانیی نەسر”ە.[18] .
هەروەها لایەنگرانی سودانی لەنێو هێزە شیعەكان دەڵێن: دەوڵەت لە گۆشەنیگای بەرژەوەندییەوە بەڕێوەدەبرێت نەك هەست و سۆز. ئەوەی سودانی دەیكات، بەرژەوەندیی عێراقی تێدایە چونكە دۆسییەكانی سنور، داعش، شیعەی سوریاو عەتەبە پیرۆزەكانی شیعە، پێویستیان بە هەماهەنگی لەگەڵ دیمەشق هەیە؛ ئەمە جگە لە پەیوەندیی ئابوریی و ئەگەری نۆژەنكردنەوەی بۆرییە نەوتەكانی عێراق- سوریاو زۆر پرسی دیكەی هاوبەش [19].

لە دەرەوەی ماڵی شیعی، هێزە سوننەكان بەگشتی بەرگری لە هاتنی شەرع دەكەن و كرانەوە بەڕووی سوریای نوێدا بە گرنگ دەبینن؛ لە لایەك لە سۆنگەی وابەستەیی هەندێك لە هێزەكانیان بە میحوەری توركیا، لە لاكەی تر، رژێمی شەرع وەك قوڵایی ستراتیژیی خۆیان دەبینن، بەو پێیەی سوننەی عەقیدەییەو پشتێنە ئێرانییەكەی “تاران- بەیروت”ی بچڕاندووە. ئەم هێزانە بەوە بەرگری لە شەرع دەكەن كه‌ ئەو كاتەی لە عێراق بووە (2003_2011)، دژی ئەمریكییەكان جەنگاوە؛ ئەمەش لە چوارچێوەی مقاوەمەدایە كە شیعەكانیش ئێستا شانازیی پێوە دەكەن. هەروەها بەوە بەرگری دەكەن، شەرع لەنێوان 2005_2011 لە گرتوخانە بووە، بەم هۆیەشەوە بەشداریی لە شەڕی تائیفی نەكردووە (2007_2008). هەشیانە باس لەوە دەكەن، شەرع ئەو كاتەشی ئەلقاعیدە بووە، زیاتر كاری میدیایی كردووە نەك چەكداریی[20].

كۆبەند
بانگهێشتكردنی ئەحمەد شەرع بۆ لوتكەی سەرکردەکانی عەرەب لە بەغداد، ناڕەزایەتیی توندی لە لایەن هەندێك لە هێزە شیعەکانی عێراقی هێناوەتە ئاراوە، بەتایبەت ئەوانەی كە لە بازنەی ئێرانەوە نزیكن. پاڵنەرەكانی ئەم ناڕەزایه‌تییه‌ جۆراوجۆرن، گرنگترینیان ئه‌مانه‌ن‌:
_ ڕەتکردنەوەی پشتیوانیی لە رژێمی نوێی سوریاو هاوكاریكردنی: لایەنە شیعە ناڕازییەکان پێیانوایە بانگکردنی شەرع بۆ بەغداد، دژ بە هەڵوێستی ئەخلاقی و سیاسیی عێراقە كە حوكمڕانییەكەی بە زۆرینە شیعییە.
_ هەندێک بەوە پاساو دەهێننەوە، بەشداریكردنی شەرع لە لوتكەی بەغداد، باڵانسی ململانێ هەرێمایەتییەكان تێكدەدات؛ بەو پێیەی ناوبراو سەر بە میحوەری توركی-قەتەرییە بەرامبەر وڵاتانی سعودیە _ ئیمارات، ئوردن.
_ هەندێک لەم ناڕەزایەتییانە لەژێر کاریگەریی هەڵوێستەکانی ئێراندان، چونکە تاران پێیوایە ئاساییكردنەوەی كارەكتەری شەرع، بەرەی ئێرانی لاوازتر دەكات و شەرعییەت بە سوریای دوور لە ئێران دەدات.
_ هەڵمەتی پێشوەختی هەڵبژاردن و هەوڵی شكستپێهێنانی سودانی، ئامادەییەكی بەهێزی لە ململانێ نێوخۆییەكانی شیعەدا هەیە دەربارەی ئەحمەد شەرع. بەرامبەر بەوانیش هێزە سوننەكان لارییان نییەو، لەگەڵ بەشداریكردنیدان.

پەراوێزەكان:

[1]  https://2h.ae/nBpe

[2]  https://2h.ae/wFoz

[3]  https://2h.ae/Cikq

[4]  https://2h.ae/trqg

[5]  https://2h.ae/kBTA

[6]  https://2h.ae/UAXa

[7]  https://2h.ae/PpuT

[8]  https://2h.ae/HldL

[9]  https://2h.ae/eWvC

[10]  https://2h.ae/Ycsp

[11]  https://2h.ae/Ycsp

[12]  https://2h.ae/TIeV

[13]  https://2h.ae/XxWu

[14]  https://2h.ae/TIeV

[15]  https://2h.ae/uqtE

[16]   https://2h.ae/lvON

[17]  https://2h.ae/EDYF

[18]  https://2h.ae/kLRH

[19]  https://2h.ae/KFsX

[20]  https://2h.ae/ukZA

ئەم بابەتە تایبەت بە (خانەی هزریی كوردستان) نوسراوە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand