كێ جێگای (سری سوره‌یا ئۆنده‌ر) ده‌گرێته‌وه؟
.jpg)
2025-04-21 07:49:23
راپۆرتی رۆژنامه‌وانی: هێمن خۆشناو
نه‌خۆشكه‌وتنی (سری سوره‌یا ئۆنده‌ر) له‌م كاته‌دا گورزێكی گه‌وره‌یه و زه‌حمه‌تی و ئاسته‌نگی بۆ پڕۆسه‌ی ئاشتی دروست ده‌كات. به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كانیش مكوڕبن له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری سیاسیانه‌ی كێشه‌ی كورد، ئه‌وه دۆزینه‌وه‌ی پڕۆفیلێك بۆ ئه‌وه‌ی جێگای ئۆنده‌ر بگرێته‌وه، پێویستی به كاتێكی درێژ هه‌یه تا ده‌وڵه‌ت و كورد له‌باره‌یه‌وه سازش بكه‌ن.
سری سوره‌یا ئۆنده‌ر، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی توركیا و ئه‌ندامی شاندی ئیمڕالی له شه‌وی 15 ئه‌م مانگه (نیسانی 2025) تووشی جه‌ڵته‌ی دڵ بوو، له‌دوای ره‌وانه‌كردنی بۆ نه‌خۆشخانه له ئیستانبۆڵ نه‌شته‌رگه‌ریه‌كی قوڕسی بۆ ئه‌نجامدرا كه (8) كاتژمێری خایاند، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش هێشتا ژیانی ناوبراو له مه‌ترسی دایه.
نه‌خۆشكه‌وتنی سری سوره‌یا به‌م شێوه‌یه، له‌م كاته‌دا پڕۆسه‌ی گفتوگۆی نێوان (ئیمرالی – ده‌وڵه‌ت) رووبه‌ڕوی كێشه‌ی و زه‌حمه‌تی هێجگار زۆر ده‌كاته‌وه. چونكه كه‌سیه‌تی سازشكار و متمانه‌ی پێكراوی ئۆنده‌ر، بۆ هه‌ردوولا زوو به زوو قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه. ئۆنده‌ر خاوه‌ن زمانێكی سازشكارانه‌یه، توانای نزیككردنه‌وه‌ی لایه‌نه ناكۆكه‌كانی هه‌یه، ده‌وڵه‌ت و بزوتنه‌وه‌ی كورد باش ده‌ناسێت، له‌ناو كۆمه‌ڵگای كورد و تورك كه‌سێكی خۆشه‌ویسته و به كه‌سێكی خۆنه‌ویست ناسراوه. له‌ژیانیدا به‌دوای په‌یداكردن و كه‌ڵه‌كه‌كردنی سه‌رمایه و پاره نه‌كه‌وتووه، خاوه‌ن بزنس و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت نیه، كه ئه‌مه‌ش گومانكردن له هه‌وڵه‌كانی بۆ ئاشتی و چاره‌سه‌ری ده‌ڕه‌وێنێته‌وه. (وه‌هاب جۆشكون) مامۆستای زانستی سیاسی له زانكۆی (دیجله) له ئامه‌د له لێدوانێكیدا له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێـت:" كاك سری له‌ناو پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری له ساڵانی 2012 تا 2015 رۆڵێكی سه‌ره‌كی هه‌بووه. له پڕۆسه‌ی ئه‌مڕۆشدا ئاكته‌رێكی سه‌ره‌كیه. جێ په‌نجه‌ی دیاره له رازیكردنی خه‌ڵك به‌م پڕۆسه‌یه. له ئێستادا تووشی نه‌خۆشیه‌كی ترسناك بووه، نه‌شته‌رگه‌ریه‌كی قوڕسی بۆ كراوه. ئاماده‌نه‌بوونی به‌ڕێز (سری) له‌م ساته‌وه‌خته‌دا دره‌نگخستن و زه‌حمه‌تی بۆ پڕۆسه‌كه دروست ده‌كات".
ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆی دیجله باسی ئه‌و زه‌حمه‌تیانه ده‌كات كه له ئه‌نجامی نه‌خۆشكه‌وتنی ئۆنده‌ر رووبه‌ڕووی پڕۆسه‌ی دیالۆگی نێوان هه‌ردوولا ده‌بنه‌وه:" ئه‌گه‌ر به‌ڕێز ئۆنده‌ر نه‌خۆش نه‌ده‌بوو، شاندی ئیمرالی له‌گه‌ڵ وه‌زیری داد كۆده‌بوونه‌وه و له‌باره‌ی هه‌نگاوه یاسایه‌كانی ئه‌م پرۆسه‌یه گفتوگۆیان ده‌كرد. به‌ڵام نه‌خۆشكه‌وتنی سری سوره‌یا ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ی دواخست. هه‌روه‌ها نه‌خۆشكه‌وتنی پڕۆسه‌كه دره‌نگ ده‌خات".
سری سوره‌یا ئۆنده‌ر كێیه؟
ئۆندەر لە ساڵی 1962 لە شاری ئەدیەمان لەدایکبووە، باوكی یه‌كێك بووه له سیاسیه دیاره سۆسیالیسته‌كانی ئه‌م شاره، ئه‌مه‌ش ئۆنده‌ری له ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریه‌وه په‌لكێشی ناو دونیای سیاسه‌ت و چه‌پڕه‌وی كردووه.
ئۆنده‌ر، سه‌ر به بنه‌ماڵه‌یه‌كی توركه، به‌ڵام له شارێك چاوی به‌دونیا هه‌ڵێناوه كه زۆربه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی كورد بوون. له ژیانیدا سری سوره‌یا ئۆنده‌ر به‌هۆی رێچكه سیاسیه‌كانی كه پێچه‌وانه و دژ به سیسته‌می ده‌وڵه‌ت بووه، چه‌ندین جار ده‌ستگیركراوه و سزادراوه. له ساڵی 1978 كاتێك خه‌ڵكی (مه‌ڕه‌ش) كۆمه‌ڵكوژی ده‌كرێت، ئۆنده‌ر دژ به تاوانه‌كانی ده‌وڵه‌ت به‌شداری له‌خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌كان ده‌كات، له ئه‌نجامدا په‌لكێشی زیندان ده‌كرێت.
بۆ خوێندنی زانستی سیاسی له ساڵی 1980 رووده‌كاته زانكۆی ئه‌نقه‌ره، له‌وێدا مه‌یلی سیاسه‌تكردن له كه‌سیه‌تی ئۆنده‌ر زیاتر چه‌كه‌ره ده‌كات. دوای به‌سه‌ربردنی حه‌وت ساڵ له زینداندا رووده‌كاته ئیستانبۆڵ و ده‌چێته ناو دونیای سینه‌ما و نووسینی سیناریۆی هونه‌ری. تا ساڵی 2010 له بواری هونه‌ردا به‌رده‌وام ده‌بێت و له چه‌ندین فیستیڤاڵدا خه‌ڵات ده‌كرێت و ناوبانگ په‌یدا ده‌كات.
له‌دوای سالی 2010 ئۆنده‌ر، له رۆژنامه چه‌پگر و ره‌خنه‌گره‌كانی ناو توركیا ده‌نووسێت، نووسینه‌كانی ره‌نگدانه‌وه‌ی دونیابینی و ره‌وتی چه‌پگری نوێ و سه‌رده‌میانه‌ی ده‌بێت، له بواری دیالۆگكردن له‌گه‌ڵ توێژی ئیسلامی موحافه‌زه‌كار و راستڕه‌و جیاواز ده‌بێت له چه‌پی تورك.
ساڵی 2011 له ژیانی سیاسی سری سوره‌یا ئۆنده‌ر، گۆڕانێكی ریشه‌یی رووده‌دات، كاتێك ناوبراو وه‌كو كاندیدی سه‌ربه‌خۆ له هه‌ڵبژاردنی گشتی ده‌بێته په‌رله‌مانتار. ئه‌مه‌ش زه‌مینه‌ی نزیكبوونه‌وه‌ی ئۆنده‌ر له سیاسه‌تی كوردی ده‌ئافرێنێت. به‌م شێوه‌یه له ساڵی 2013 ئۆنده‌ر سه‌نگه‌ر ده‌گوازێته‌وه ناو پارتی ئاشتی و دیموكراتی (به‌ده‌په) كه سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش و گولته‌ن كیشاناك هاوسه‌رۆكایه‌تی ده‌كه‌ن. هه‌ر له‌و كاته‌شدا ئۆنده‌ر ده‌بێته ئه‌ندامێكی شاندی لایه‌نی كورد له پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ریدا. به‌م هۆیه‌شه‌وه سه‌ردانی ئیمرالی، قه‌ندیل، هه‌ولێر و شوێنی دیكه ده‌كات و وه‌كو سیاسیه‌كی دانوستانكار ده‌ناسرێت.
له گه‌یشتنه رێككه‌وتن و ئاماده‌كردنی ده‌قی رێككه‌وتنه‌كه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكوومه‌تی ئاكپارتی له 18 شوباتی 2015، كه دواتر نیگه‌رانی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و كاته‌ی توركیای لێكه‌وته‌وه و رێككه‌وتنه‌كه جێبه‌جێنه‌كرا، ئۆنده‌ر رۆڵی سه‌ره‌كی ده‌بینێت له داڕشتن و نزیككردنه‌وه‌ی لایه‌نی كوردی و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئاكپارتی. به‌ڵام له‌دوای تێكچوونی پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ له نێوان سوپای توركیا و گه‌ریلاكاندا، هه‌وڵه‌كانی ری سوره‌یا ئۆنده‌ر و هاوڕێكانی بێ ئه‌نجام ده‌بن.
له ئۆپاراسیۆنی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئاكپارتی دژ به ئه‌كته‌ره سیاسیه یاساییه كورده‌كاندا له 6 كانوونی یه‌كه‌می 2018، ئۆنده‌ر، هاوشانی سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش، گولته‌ن كیشاناك، فیگان یوكسه‌كداغ و ئیدریس بالوكه‌ن، به‌تۆمه‌تی (كاری نایاسایی و پروپاگه‌نده بۆ تیرۆر) ده‌ستگیر ده‌كرێت تا له تشرینی یه‌كه‌می 2019 ئازاد ده‌كرێت. له هه‌ڵبژاردنی ئایاری ساڵی 2023 دا جارێكی دیكه ئۆنده‌ر به په‌رله‌مانتاری (پارتی ده‌م) هه‌ڵده‌بژێردرێته‌وه و ئه‌مجاره پۆستی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی توركیا وه‌رده‌گرێت.
گومان له‌نه‌خۆشكه‌وتنی ئۆنده‌ر ده‌كرێت!
له مێژووی نزیكی توركیادا، له‌و كاتانه‌ی هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد یان كێشه‌ی توركیا له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر دراوه، رووداوی گومان‌لێكراو هاتوونه‌ته ئاراوه و دواتریش په‌رده‌پۆشكراون و پڕۆسه‌ی دۆزینه‌وه‌ی پاڵنه‌ر و بكه‌ر بێ ئه‌نجام بووه. له ساڵی 1993، كاتێك بۆ یه‌كه‌م جار زه‌مینه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد هاته ئاراوه و دانوستانی ناڕاسته‌وخۆ و نامه گۆڕینه‌وه له نێوان (تۆرگوت ئۆزال) هه‌شته‌مین سه‌ركۆماری توركیا و (عه‌بدولڵا ئۆجالان) رێبه‌ری پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) دروست بوو، له رۆژی 17 نیسانی هه‌مان ساڵ به شێوه‌یه‌كی گوماناوی (تورگوت ئۆزال) ژیانی له ده‌ستدا. ئه‌مڕۆشی له‌گه‌ڵدا بێت به‌شێك له رای گشتی توركیا و كورد پێیانوایه له پای هه‌وڵه‌كانی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد ئۆزال ژه‌هر خوارد كراوه.
هه‌روه‌ها له 19 كانوونی دووه‌می ساڵی 2007 رۆژنامه‌نووسی ئه‌رمه‌نی (هیراند دینك) و سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی (ئه‌گۆس) له‌و كاته‌ی ناوبژیوانی له نێوان حكوومه‌تی توركیا و ئه‌رمه‌نستان ده‌كرێت بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی نێوانیان له كرده‌وه‌یه‌كی بكه‌ر نادیار، له گه‌ڕه‌كێكی قه‌ره‌باڵغی ئیستانبۆڵ كوژرا. هه‌رچه‌نده ده‌سه‌ڵاتی ئاكه‌په خاوه‌ن له رۆژنامه‌نووسی ناوبراو ده‌ركه‌وت و به‌ڵێنیدا پاڵنه‌ر و ده‌ستی پشت تاوانه‌كه ئاشكرا بكات، به‌ڵام ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت ورده‌كاریه‌كانی ئه‌م تاوانه ئاشكرا نه‌كران و بكوژ ده‌ستگیرنه‌كرا.
ئه‌و دوو رووداوه و چه‌ند رووداوی دیكه‌ی له‌م شێوه‌یه هۆكاره بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێك له رای گشتی توركیا له‌ناویاندا كوردیش گومان له نه‌خۆشكه‌وتنی (سری سوره‌یا ئۆنده‌ر) بكات. له لای خۆی كۆما جڤاكێن كوردستانێ (كه‌جه‌كه) گومانه‌كانی ناشارێته‌وه داوا ده‌كات لێكۆڵینه‌وه له چۆنیه‌تی نه‌خۆشكه‌وتنی ئۆنده‌ر بكرێت. له به‌یاننامه‌یه‌كدا له رۆژی هه‌ینی رابردوو (18 نیسانی 2025) كه‌جه‌كه هه‌وڵیداوه نه‌خۆشكه‌وتنی ئۆنده‌ر، به رۆژه‌ڤبوونی پرسی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد ببه‌ستێته‌وه. دوورنیه گومانی كه‌جه‌كه له‌و ده‌نگۆیانه سه‌رچاوه بگرێت كه سه‌باره‌ت به دۆخی سوریا و رۆژئاوای كوردستان بڵاوده‌كرێنه‌وه. به گوێره‌ی ئه‌م ده‌نگۆیانه له ئێستادا ئه‌مریكیه‌كان هه‌وڵده‌ده‌ن سه‌رباره‌ت به سوریا ناكۆكیه‌كانی ئیسرائیل و توركیا خاو بكه‌نه‌وه. باس له‌وه ده‌كرێت كه ئه‌مریكیه‌كان پێشنیاریان كردووه، باشووری سوریا له‌ژێر هه‌ژموونی ئیسرائیل بێت و باكووره‌كه‌شی بۆ توركیا بێت. به‌و پێیه‌ی سیسته‌م و دونیابینی (په‌كه‌كه و كه‌جه‌كه) له‌سه‌ر گومان كردن بونیادنراوه، دوورنیه قه‌ندیل پێیوابێ كه ده‌وڵه‌تی توركیا زه‌مینه‌ی په‌شیمانبوونه‌وه له پڕۆسه‌كه خۆش ده‌كات و به‌نه‌خۆشكه‌وتنی ئۆنده‌ر، بخوازێت پڕۆسه‌كه تێكبدات. چڕ كردنه‌وه‌ی هێرشه‌كانی سوپای توركیا له‌م رۆژانه‌ی دوای بۆ سه‌ر قه‌ندیل و بادینان، هه‌روه‌ها بڵاوكراوه‌كانی سوپای توركیا له رێگای فڕۆكه له چیای ئاسۆس كه داوا له گه‌ریلاكان ده‌كات خۆیان راده‌ستی ده‌وڵه‌تی توركیا بكه‌ن، تا راده‌یه‌ك پاڵپشته بۆ گومانه‌كانی كه‌جه‌كه.
كێ جێگای (ئۆنده‌ر) ده‌گرێته‌وه له‌ناو شاندی ئیمرالی؟
راپۆرته پزیشكیه‌كان ده‌رباره‌ی دۆخی ته‌ندروستی سری سوره‌یا ئۆنده‌ر هیوابه‌خش نین. ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ خۆیدا پرسیاری كێ جێگای ئۆنده‌ر ده‌گرێته‌وه، له‌ناو شاندی ئیمرالی؟ دێنێته گۆڕێ. كه‌ناڵه جۆراوجۆره‌كانی میدیای تورك، گفتوگۆ له‌سه‌ر چه‌ند ناوێك ده‌كه‌ن كه گوایه یه‌كێكیان جێگای ئۆنده‌ر له‌ناو شاندی ئیمرالی ده‌گرێته‌وه. به‌ڵام پارتی یه‌كسانی و دیموكراتی گه‌لان (پارتی ده‌م) به توندی ئه‌م ده‌نگۆیانه ره‌تده‌كاته‌وه و له به‌یاننامه‌یه‌كیدا رۆژی یه‌كشه‌ممه (20 نیسانی 2025) له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت:" ده‌نگۆی كه‌سێكی دیكه شوێنی سری سوره‌یا ئۆنده‌ر له‌ناو شاندی ئیمڕالی ده‌گرێته‌وه دووره له راستی. پارتیمان له‌مباره‌یه‌وه گفتوگۆی ناوخۆیی كردووه، ئه‌وله‌ویه‌تمان له ئێستادا باشبوونی ته‌ندروستی هاوڕێمان سری سوره‌یا ئۆنده‌ره. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیشی هه‌یه به كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ وه‌زیری داد، به‌هۆی نه‌خۆشكه‌وتنی ئۆنده‌ر و گیرسانه‌وه‌ی په‌روین بۆڵدان له نه‌خۆشخانه له‌گه‌ڵ هاوڕێمان ئۆنده‌ر، هه‌ردوو هاوسه‌رۆكی گرووپی په‌رله‌مان گولستان كلچ و سه‌زایی ته‌مه‌لی ئه‌م ئه‌ركه له ئه‌ستۆ ده‌گرن".
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له ئێستادا له‌ناو رای گشتی توركیا و میدیاكانیدا ناوی هه‌ریه‌ك له تونجار باكیرهان هاوسه‌رۆكی (پارتی ده‌م)، جه‌نگیز چاندار رۆژنامه‌وان و په‌رله‌مانتاری ئه‌م پارته و چه‌ند ناوێكی دیكه‌ش ده‌كرێت كه له‌وانه‌یه شوێنی ئۆنده‌ر بگرنه‌وه. له‌مباره‌یه‌وه مامۆستای زانكۆی وه‌هاب جۆشكون ده‌ڵێت:" پێموایه نه‌خۆشكه‌وتنی به‌ڕێز ئۆنده‌ر، نابێته هۆی راگرتنی پڕۆسه‌كه، به‌ڵكو به‌رده‌وام ده‌بێت. به‌رپرسانی پارتی ده‌م و ئاكه‌په جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه ئه‌م پڕۆسه‌یه ئیراده‌یه‌كی سیاسی له پشته و به‌ند نیه به هه‌بوون و نه‌بوونی كه‌سه‌كانه‌وه".
له‌باره‌ی ئه‌م ناوانه‌ی گفتوگۆشیان له‌سه‌ر ده‌كرێت بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ی سوره‌یا ئۆنده‌ر، ئه‌م مامۆستایه‌ی زانكۆ ده‌ڵێت:" ئه‌گه‌رێكی زۆره ئه‌و رۆڵه‌ی به‌ڕێز سری له ئه‌ستۆی گرتبوو، به ئه‌كته‌رێكی دیكه‌ی سیاسی بسپـێردرێت. له‌باره‌ی كێ جێگای ده‌گرێته‌وه له‌ناو رای گشتی پێشبینی چه‌ند كه‌سێك ده‌كرێت. بۆ نموونه ناوی تونجار باكیرهان هاوسه‌رۆكی پارتی ده‌م له‌سه‌ر زمانه. بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ی سری تونجار نزیكترین و به‌رچاوترینیانه".
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه وه‌هاب جۆشكون به‌م شێوه‌یه درێژه به قسه‌كانی ده‌دات:" باسی ئه‌حمه‌د تورك ده‌كرێت به‌ڵام دۆخی ته‌ندروستی رێگای نادات. ناو جه‌نگیز چاندار ده‌هێندرێت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته كه له ئێستادا په‌رله‌مانتاری دیاربه‌كره، كه له ئاستی توركیادا باشترین رۆژنامه‌نووسه به كێشه‌ی كورد ئاشنا بێت. له كاتی خۆیدا دۆستێكی زۆر نزیكی جه‌لال تاڵه‌بانی بووه. به‌ر له 10 ساڵ راپۆرتێكی ئاماده كردووه به ناونیشانی (په‌كه‌كه له شاخه‌كان چۆن دێته خواره‌وه)، له‌باره‌ی چۆن چاره‌سه‌ری به‌دیدێت زانا و به توانایه".
جگه له‌م سێ ناوه‌ش، ناوی هه‌ریه‌ك له ئولوچ سارۆهان په‌له‌مانتاری پارتی ده‌م و سه‌زایی ته‌مه‌لی هاوسه‌رۆكی پێشتری (هاداپ) ده‌هێندرێت بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ی ئۆنده‌ر. به‌ڵام دانانی كه‌سێك له شوێنی ئۆنده‌ر، پێویستی به سازشی كورد و ده‌وڵه‌ت هه‌یه! كه ئه‌مه‌ش پێویستی به كات و ئه‌رگومێنتی جیاواز هه‌یه تا له‌سه‌ر یه‌كێك له‌م ناوانه یان ناوێكی دیكه رێكده‌كه‌ون.
