لە سوریا دروز دەکوژرێت... لە سلێمانی چەپڵەیان بۆ لێئەدرێت
.jpg)
2025-05-04 09:52:28
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
لە یەکێک لە نووسینەکانیدا، فەیلەسوفی فەرەنسی، ڤۆلتێر دەڵێت «پەڕگیریی لە بێدینیی، ئیلحاد، ترسناکترە».
پێدەچێت هیچ شوێنێکی سەر ئەم هەسارەیە وەک دۆخی ئەمڕۆکەی دروز و عەلەوییەکان لە سوریادا ئەم بۆچوونە نەسەلمێنێت. دروز و عەلەویی وەک دوو کەمینەی دینیی گەمارۆدراو بە سوپایەک لە دیندار و موجاهیدی پەرگیر.
هەمووان دەزانن سوریا گیردۆەی دەیان و سەدان کێشەی گەورەی ئابوریی و سیاسیی و ئەمنییە، دەوڵەتی سوریا دەچێتە خانەی «دەوڵەتی فاشیل»ەوە کە توانای پیادەکردنی بەشی هەرزۆری ئەرکەکانی دەوڵەتی نییە، لە پێش هەمووانیشەوە و مۆنۆپۆڵکردنی توانا و ئامرازەکانی توندوتیژیی. سوریای ئێستا بریتییە لە کۆمەڵێک سنوور و ناوچەی جیاواز بەبێ دەوڵەت.
کەچی ئەوانەی بەناوی ئەو دەولەتەوە هەڵسوکەوت و قسەدەکەن، لە هەر شوێنەکدا بۆیان گونجابێت، پەلاماری ئەو مرۆڤ و گروپ و گوتارانەیان داوە کە بە لادەر لە یەکێتی نیشتیمان و یەکێتی دەوڵەت ناویانبردوە، ئەمە جگە بە لادەر لە دین و کافر و دژ بە خودا ناونانی کەمینە دینییەکانی وڵاتەکە. پێکهاتەکانی دەوڵەتی سوری بەو شێوەیەیە کە لەچەندان گروپی جیاواز دروستبوون کە بەشێکی بەرچاویان تەواو پەڕگیرن. پەرگیر بەو مانایەی لەسەرەوە نیشانماندا. ئەم هێزە پەرگیرانە، کە بەشێکی بەرچاوی میلیشیا چەکدارەکانی دەوڵەتن، کەمینە دینییەکان وەک مرۆڤی هەڵە وێنادەکرێن، کوشتنیان وەک تۆڵەسەندنەوە بۆ خودا و وەک پاراستنی دین وێنادەکەن.
ئەم میلیشیا دینییە پەرگیرانە میلیشیایەکی سنووربەزێنن و تایبەت نین بە ناوچەیەک لە ناوچە دیاریکراوەکان. ئەوەتا هەوادارە پەرگیرەکانیان لە شارێکی وەک سلێمانیدا تاوانی کوشتنی دروزییەکان لەلایەن میلیشیا دینییەکانەوە بە دەستەواژەی «تۆپاندن» باسدەکەن، تەرمەکانیشیان بە «لاک» بە دەمی «سەگ»ەوە ناودەبەن. خودی دروزییەکان خۆیشیان بە «دوژمن» و «پیس» و «گڵاو» و «سەرەتان» ناودەبەن جا یان ئەوەیە ئەو «سەرەتان»ە تۆ «دوکژێت» یان تۆ دەبێت ئەو بکوژیت.
ئەم زمانە ترسناکە تەنها زمانی لە مرۆڤخستنی مرۆڤ و ناوزەدکردنی مەرۆڤ نییە وەک شتێکی گڵاو و پیس و دوژمنێک کە پێویستە بکوژرێن و لەناوببرێن، تەنها زمانی تەعبیرکردن لە ڕاو بۆچوونێکی دینیی تایبەتیش نییە، بەڵکو زمانی رێگەخۆشکردنە بۆ کۆمەڵکوژیی و جیۆساید.
ئاشکرایە ئەوەی عەقڵیەت و سایکۆلۆژیای ئەم کەس و گروپە پەڕگیرانە ئاراستە دەکات ئیرادەی پێکەوە ژیان و قبووڵکردنی کەسانی جیاواز نییە، بەڵکو ئیرادەی کۆنترڵ و چاودێری و سنووردارکردن و کوشتنی هەموو ئەوانەیە لەو کەس و گروپە پەڕگیرانە نەچن و هەڵگری هەمان عەقڵیەتی ئەوان نەبن. هەموو ئەم شتانەش بەناوی نوێنەرایەتی خودا و دینەوە دەکەن. لە ڕاستیدا ئەم جۆرە هێز و کەسانە خاوەنی هیچ پرۆژیەک نین جگە لە پرۆژەی نوێنەرایەتیکردن بۆ خودا خۆی.
هەرکەسێکیش ئەم دیدگا توندڕەوەی قبووڵ نەبێت مردن لێرە و لە ئێستادا، لەسەر زەوی، ئەو سزاییەیە کە ئەمانە پێیانوایە دەبێت بدرێت. ئەو خودایەی ئەوان نوێنەرایەتی دەکەن خودایەکە لەسەر کەلەپوری رق و قبووڵنەکردنی جیاوازییەکانی مرۆڤ دەژیی و کاردەکات. ئەم بکەرانەش سەرقالی دروستکردنی ئەو کەلوەپوری رقەن کە خوداکەی ناو خەیاڵى ئەوان پێویستی پێیەتی. چەندە ژمارەی ئەو کەس و هێز و گروپانەش زیادبێت کە ئەمانە رەفزیان دەکەن و بەگژیاندا دەچنەوە، هێندە بڕ و رادەی ڕق و بوغزیان گەورەتر و هەمەجۆرتر دەبێت و خۆیشیان زیاتر گەشە بەم کەلەپور و فەرهەنگی رقە ئەدەن. لە راستیدا رق بەشەێی گەورەی شوناسی ئەم جۆرە کەس و هێزانەیە.
لەپشتی هەرجۆرە پەڕگیرییەکەوە جۆرێک لە باوکسالاری توندڕەو هەیە و کاردەکات، توندڕەوەیی جۆرێکە لە باوکسالاریی، بەڵام ئەم جارەیان باوکسالارییەکی دینیی. توندڕەوان خۆیان بە باوک و لەوێشەوە بە خاوەنی کۆمەڵگاو دین و ئەخلاق و ژیانی گشتی ئەو خەڵکانە دەزانن کە لەگەڵیاندا دەژین. باوکێک نا لەپاڵ کۆمەڵێک باوکی دیکەدا، بەڵکو تاقە باوکێک کە دەخوازێت نەک منداڵە لە ڕێ دەرچوەکانی خۆی بکوژێت، بەڵکو سەرجەمی باوکەکانی تریش و خۆی بەتەنها وەک باوک بمێنێتەوە. ئەم جۆرە پەڕگیرانە خۆیان بە تاقە باوکێکی ئەخلاقیی کۆمەڵگا دەزانن. ئەخلاقێکیش کە لە خەیاڵی ئەم پەڕگیرانەدا نەک تەنها بەناوی دینەوە قسەدەکات، بەڵکو وەک وتمان بەناوی خودا خۆیەوە دەدوێن.
ئەمە دۆخەش نەک تەنها هێما بۆ توندڕەوی ئەوان دەکات، بەڵکو هێماش بۆ دەسەڵاتێکی پێوانەیی، معیاری، دەکات کە جگە لە گروپە توندڕەوەکە خۆی کەسیتر نە تەحەمولی ئەو دەسەڵاتە پێوانەییە دەکات و نەدەشیەوێت تەحەمولی بکات. دەسەڵاتی پێوانەیی ئەو جۆرە دەسەلاتەیە کە پێوەرەکانی جیاکردنەوەی باش لە خراپ و دەشێ لە ناشێ و جوان و ناشیرین و دیندار و بەدین لە کۆمەڵگاکەدا دادەنێت. لێرەوە ئەوەی لە خەیاڵ و عەقڵی ئەم هێزە توندرەوانەدا ئامادەیە سەپاندنی ئەو دەسەڵاتە پێوانەییەیە بەسەر یەک بە یەکی ئەندامانی کۆمەڵگادا و دەرچون لێیشی وەک دەرچوون لە خواست و ئیرادەی خودا نمایشدەکەن.
ئاشکرایە دەسەڵاتی باوکانە هەرگیز بە تەنها دەسەڵاتی باوک نییە، بەڵکو بەردەوام بەشێکە لە تۆرێکی گەورەتر لە دەسەڵات کە لەپاڵ باوکدا دەسەڵاتدار و خودایشی تێدایە. بە حوکمی ئەوەی بەشێکی گەورە لە پەرگیرە دینییەکانی ناو دونیای ئێمە توانای قسەکردنیان بەناوی دەسەڵاتدارەوە نییە و ناتوانن بچنە شوێنی
بنەماڵە سوڵتانییەکان، بۆیە ئەوەی بۆیان ماوەتەوە قسەکردنە بەناو و نوێنەرایەتیکردنی دەسەڵاتی باوک و دەسەڵاتی خودایە. قسەکردن بەناوی باوکەوە هێما بۆ دەسەڵاتێکی ئەخلاقیی خۆسەپێن دەکات کە ماندووکەر و سنووردارکەر و بێماناکەری ژیانە، بەڵام قسەکردن بەناوی خوداوە وێرانکەرە، چونکە خودا هەڵگری دەسەلاتێکە کە توانای کوشتن و سەندنەوەی ژیانی لە مرۆڤەکانی تر هەیە.
پەڕگیرەکان، لە هەر شوێنێکدابن و هەر شتێکی بیانکات بە پەڕگیر، دین یان غەیری دین، هەڵگری شاشەیەکی ئەخلاقین، هەرکەسێک لەناو ئەو شاشە ئەخلاقییەدا نەکەوێتە ژێر رکێفی سیانەی دەسەڵاتی باوکانە و دەسەڵاتی دەسەڵاتگەرەکان و دەسەڵاتی خودایانەی ئەوانەوە، نەک تەنها لە هیچ قوژبنێکی کۆمەڵگاکەدا شوێنی نابێتەوە و بەڵکو ئەوەیشی زۆر بە ئاسانی لێی دەسێندرێتەوە، خودی ژیان خۆیەتی.
لە هەر سێ دۆخەکەشدا پەڕگیرەکان بەناوی موقەدەسێکەوە قسەدەکەن، بەناوی باوکەوە وەک موقەدەس، بەناوی دەسەڵاتدارەوە وەک موقەدەس و بەناوی خوداشەوە وەک موقەدەس. ئەوانەیش کە بەرگریی لەو موقەدەساتانە دەکەن شتێک لە قەداسەت بەخۆیان دەبەخشن. بەمجۆرە کۆی ژیانی کۆمەڵایەتیی و گشتیی کۆمەلگاکەدا لەناو ئەو بازنانەی قەداسەتدا نیشتەجێدەکەن و ئەوەیشی دەستنیشانی ئەوە دەکات کێ کام جۆر لە قەداسەتی پێشێل کردوە خۆیانن.
ئەم بوونەوەرە پەڕگیرانە بۆ هەر شوێنێک بروانن و بەهەر ئاراستەیەکدا تەماشا بکەن، دەتوان تەنها دووشت ببینن، یەکەمیان خۆیان و وێنەی ئەو کەسانەیە لە خۆیان دەچن. بەمەش دەبنە هەوادار و هاوکاریان. دووهەمیان، ئەوانەی لەخۆیان ناچن و ئەوان بە ئەرکی خۆیانی دەزانن وایانلێبکەن یان لەخۆیان بچن، یان بیانسڕنەوە و لەناویان ببەن. هەموو دانوسانێکیش لەگەڵ بوونەوەری توندڕەودا جگە لە قبووڵکردنی ئەو فۆرمی گوێرایەڵی و ئیتاعەتەی کە ئەو بەناوی خوداوە دایدەنێت، شتێکی دیکە نییە و نابێت.
هەموو ئەمانەیە وا دەکەن میلیشیا چەکدارەکان لە سوریادا دروزیەکان بکوژن، کەچی لە سلێمانییەوە داکۆکیان لێبکرێت و چەپڵەیان بۆ لێبدرێت.
