"بەهۆی كوردستانەوە، رۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت زیانمان بەردەكەوێت"

2025-05-04 15:38:15
(درەو):
"توشی سەرسوڕمان بووین بە زیادكردنی مەرجەكانی هەناردەكردنەوەی نەوت لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە" ئەمە دواین قسەی وەزیری نەوتی عێراقە لەبارەی پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان بە بۆریی بۆ بەندەری جەیهانی توركیا كە لە 25ی ئازاری 2023وە راوەستاوە.
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، عێراق رۆژانە 300 هەزار بەرمیل زیانی بەردەكەوێت بەهۆی ئەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان هەناردە ناكرێتەوە، ئەمە بەگوێرەی پابەندییەكانی عێراق لە رێكخراوی (ئۆپێك)؛ چونكە سەرباری ئەوەی عێراق سودی لێ نابینێت، نەوتی كوردستان لەچوارچێوەی پشكی عێراقدا ئەژمار دەكرێت.
وەزیری نەوتی عێراق ئەم قسانەی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كرد لە پەراوێزی سەردانێكیدا بۆ پارێزگای بەسرە، تێیدا باسی لەوەكرد" حكومەتی فیدراڵی لەگەڵ حكومەتی هەرێم لەسەر هەمواری یاسای بودجە رێككەوتنی كرد بۆ ئەوەی ئاسانكاری بۆ رادەستكردنی نەوتی كوردستان و هەناردەكردنی بكرێت لەرێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە، لەكاتی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەدا توشی سەرسوڕمان بووین بە زیادكردنی مەرجەكانی هەناردەكردن، كە خۆی دەبینێتەوە لە میكانیزمی پێدانی شایستە داراییەكان بەو كۆمپانیایانەی كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن".
وەزیری نەوت وتی:" هەموارێكمان لە یاسای بودجەدا كردووە كە دانانی كۆمپانیایەكی راوێژكاریی لەخۆدەگرێت بەمەبەستی دیاریكردنی میكانیزمی ئەژماركردنی تێچووی بەرهەمهێنانی یەك بەرمیل نەوت لە هەر كێڵگەیەك لە كێڵگەكانی هەرێم، بەڵام حكومەتی كوردستان رەزامەندی لەسەر ئەم هەموارەش نەداوە"
