داهاتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەنێوان ساڵی 2023 و 2024دا
2025-01-02 17:40:55
درەو:
🔻 لە بەر ڕۆشنایی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەردەکەوێت؛
🔹 کۆی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی (2024) خەرج کراوە، بە نزیکەیی بریتی بووە لە (3 ترلیۆن و 559 ملیار و 168 ملیۆن) دینار، واتە بە تێکڕای مانگانە داهاتی ناوخۆی خەرجکراو بریتی بووە لە (296 ملیار و 597 ملیۆن و 413 هەزار) دینار.
🔹 کۆی داهاتی ناوخۆ لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2023) بریتی بووە لە (2 ترلیۆن و 74 ملیار و 597 ملیۆن و 603 هەزار) دینار، بە تێکڕای مانگانە (345 ملیار و 766 ملیۆن و 267 هەزار) دینار.
🔹 بەم پێیە بە تێکڕای مانگانە داهاتی ناوخۆ، لە ساڵی (2024)دا بە ڕێژەی (17%) و بڕی (49 ملیار و 168 ملیۆن و 853 هەزار) دینار کەمی کردووە بەراورد بە ساڵی (2023).
داهاتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024 دا
ڕۆژی (2/1/2005) وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی سێ خاڵی لە بارەی موچەی ساڵی (2024)ی موچەخۆرانی هەرێم و شێوازی تەمویلکردنی بڵاوکردەوە. لە خاڵی دووەمی ڕاگەیەندراوەکە لەسەر داهاتی ناوخۆو شێوازی خەرجکردنی بەبێ ئاماژەدان بە سەرچاوەکانی ئەو داهاتە ڕاوەستاوە.
لە بەر ڕۆشنایی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەردەکەوێت، کۆی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی (2024) خەرج کراوە، بە نزیکەیی بریتی بووە لە (3 ترلیۆن و 559 ملیار و 168 ملیۆن) دینار، واتە بە تێکڕای مانگانە داهاتی ناوخۆی خەرجکراو بریتی بووە لە (296 ملیار و 597 ملیۆن و 413 هەزار) دینار. بە جۆرێک؛ (وەک لە خشتەکەدا ڕونکراوەتەوە)
1. لەمانگی ئایارەوە کە هەردوو بەڕێزان سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سەرشێوازی ناردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕێکەوتن بۆ ماوەی "پێنج مانگ" دوابەدوای یەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی بنێرن، بەم پێیەش حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی (399 ملیار و 168 ملیۆن و 961 هەزار) دیناری لە داهاتی ناوخۆ بۆ پێنج مانگ، واتە بۆ هەر مانگێک (79 ملیار و 833 ملیۆن و 792 هەزار) دیناری بۆ گەنجینەی فیدراڵی ناردووە.
2. هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەسەرەتای ساڵی 2024 تا مانگی تشرینی یەکەم حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی ناوخۆی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی ئەو مانگانە تەرخان کردووە کە وەزارەتی دارایی عێراق بڕیویەتی. بڕەکەش بریتی بووە لە (960 ملیار) دینار، واتا بە تێکڕای مانگانە (96 ملیار) دینار لە داهاتی ناوخۆ بۆ تەواوکاری موچە تەرخان کراوە.
3. لەمانگی تەموزەوە بڕیاری هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراق لەهەرێم جێبەجێ کراوە، بەو پێیەش بۆ هەر (چوار مانگەکە) بڕی (240 ملیار) دینار و بەتێکڕای مانگانە (60 ملیار) دینار لە داهاتی ناوخۆ بۆ ئەو مەبەستە خەرجکراوە.
4. هەر لە داهاتی ناوخۆ تەموویلی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لە وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا دوای ئەوەی لە وانەبێژیەوە کراون بە گرێبەست دابینکراوە، لە مانگەکانی (9 و 10) ئەو شایستەیە خەرجکراوەو بۆ هەردوو مانگەکە بڕی (40 ملیار) دینار خەرج کراوە.
5. بۆ خەرجی بەکاربردن و پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری بەهاوڵاتیان وەک خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردەو خوێندنی باڵاو کارەباو پاکردنەوەو ئاو و هەموو ئەو سێکتەرانەی خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن لە ساڵی (2024) دا بە تێکڕای مانگانە بڕی (160 ملیار) دینار و کۆی ساڵەکە (ترلیۆنێک و 920 ملیار) دینار لە داهاتی ناوخۆ خەرج کراوە.
6. بەبێ ئاماژەدان بە بڕی خەرجی، ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کردووە، خەرجی ئەو پرۆژانەی حکومەتی هەرێم لە ناوچە جیاوازەکان ئەنجامی دەدات، سەرجەمیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە.
خشتە
داهاتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نێوان ساڵی 2023 و 2024 دا
لەگەڵ ئەوەی داهاتی ناوخۆی تەواوی ساڵی (2023) ڕوون نیە، بەڵام بە پێی داتاکانی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2023) بەم شێوەیە بووە؛
1. باجی داهات و سامان (290 ملیار و 721 ملیۆن و 865 هەزار) دینار.
2. باجی کاڵاو وەبەرهێنان (561 ملیار و 446 ملیۆن و 31 هەزار) دینار.
3. ڕەسم (261 ملیار و 551 ملیۆن و 659 هەزار) دینار.
4. داهاتی سەرمایە (33 ملیار و 395 ملیۆن و 29 هەزار) دینار.
5. داهاتی وەرگیراو لە حکومەت و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان (171 ملیار و 418 ملیۆن و 464 هەزار) دینار.
6. داهاتەکانی تر (756 ملیار و 64 ملیۆن و 555 هەزار) دینار.
واتە کۆی داهاتی ناوخۆ لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2023) بریتی بووە لە (2 ترلیۆن و 74 ملیار و 597 ملیۆن و 603 هەزار) دینار، بە تێکڕای مانگانە (345 ملیار و 766 ملیۆن و 267 هەزار) دینار.
بەڵام کۆی داهاتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی (2024) خەرج کراوە "وەک لە سەرەوە ئاماژەی بۆ کراوە"، بە نزیکەیی بریتی بووە لە (3 ترلیۆن و 559 ملیار و 168 ملیۆن) دینار، واتە بە تێکڕای مانگانە داهاتی ناوخۆی خەرجکراو بریتی بووە لە (296 ملیار و 597 ملیۆن و 413 هەزار) دینار.
بەم پێیەش بە تێکڕا داهاتی ناوخۆ، مانگانە لە ساڵی (2023)دا لە (345 ملیار و 766 ملیۆن و 267 هەزار) دینار بووە، لە ساڵی (2024)دا بە تێکڕای مانگانە (296 ملیار و 597 ملیۆن و 413 هەزار) دینار بووە. واتە بە ڕێژەی (17%) و بڕی (49 ملیار و 168 ملیۆن و 853 هەزار) دینار داهاتی ناوخۆ کەمی کردووە.