Draw Media

راپۆرتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ 2025: عێراق

راپۆرتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ 2025: عێراق

2025-11-24 12:55:35


وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (ڕاپۆرتی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە) بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بڵاوکردووەتەوە، ئەمە دەقی ئەو بەشەی ڕاپۆرتەکەیە کە تایبەتە بە عێراق.

عێراق: ئاستی 2
حکومەتی عێراق بەتەواوی پابەند نییە بە کەمترین ستانداردەکان بۆ نەهێشتنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بەڵام هەوڵی بەرچاو دەدات بۆ ئەنجامدانی ئەمە. حکومەتی عێراق دەریخستوە کە هەوڵی زیاتری داوە، بەراورد بە ماوەی راپۆرتدانی پێشوو؛ لەبەرئەوە عێراق لە ئاستی (2) ماوەتەوە. ئەم هەوڵانە بریتی بوون لە لێکۆڵینەوەو دادگاییکردنی زیاتری تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بەتایبەتی سواڵکردنی زۆرەملێ، هەروەها حوکمدانی بازرگانی زیاتر. هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا بەشدارییان کرد لە لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکان، کە بووە هۆی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ.
حکومەت راهێنانی پێشکەشکرد بە بەرپرسان لەسەر دەستنیشانکردن قوربانی و رەوانەکردنی بۆ چاودێری. حکومەت سەرچاوەکانی تەرخانکرد بۆ لیژنەی ناوەندیی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، هەروەها بەردەوام هەوڵ دەدات بۆچوونی رزگاربووان وەربگرێت لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ. بەڵام حکومەت لە چەندین بواری سەرەکییدا کەمترین ستانداردەکانی بەدینەهێناوە. حکومەت ژمارەیەکی کەمتر گومانلێکراوی بازرگانیکردن بە مرۆڤی دادگایی کردوە و ژمارەیەکی کەمتر قوربانی دەستنیشانکردوە بەراورد بە ساڵی رابوردو. حکومەت راپۆرتی نەداوە دەربارەی هەوڵەکانی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ راپۆرتەکان لەسەر تێوەگلانی بەرپرسان، لەوانە ئەو بەرپرسانەی گومان دەکرێت ئەو منداڵانەی تۆمەتبارن بە پەیوەستبوون بە داعش لەگەڵ خێزانەکانیان ئیستغلال کردوە بەرامبەر پێدانی بەڵگەنامەی شارستانی پێویست بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزارییە حکومییەکان. داوەرانی لێکۆڵینەوە هێشتا تاکە دەسەڵاتن بۆ دەستنیشانکردنی قوربانی بەفەرمیی و رەوانکردنیان بۆ چاودێری، ئەمەش بۆتە هۆی سنوردارکردنی هەوڵەکانی دەستنیشانکردن و پاراستنی قوربانی. لەئەنجامی ناتەبایی پشکنین لەناو دانیشتوانە لاوازەکان، دەسەڵاتەکان رێکاری کاریگەرییان پەیڕەو نەکردوە بۆ رێگرتن لە سزادانی نادروستی قوربانییەکان بەهۆی ئەو کردارە نایاساییانەی کردوویانە راستەوخۆ لە ئەنجامی ئەوەی بازرگانیان پێوە کراوە. حکومەت پەناگەی تەرخانکراوی نییە بۆمنداڵی قوربانی بازرگانیکردن بەمرۆڤ و دەستگەیشتن بە پەناگە سنووردارە بۆ هەندێک دانیشتوانی لاواز بەرامبەر بازرگانیکردن بە مرۆڤ.
 

راسپاردە لەپێشەکان:
• بەفەرمی رێگەدان بە دەسەڵاتە پەیوەندارەکان، نەک تەنها دادوەرانی لێکۆڵینەوە بەپێی بڕیاری دادگا، بۆ دەستنیشانکردنی قوربانی ئەگەریی بازرگانیکردن بەمرۆڤ و رەوانەکردنی بۆ چاودێری، لەوانە، پەناگە (شێڵتەر).
• دڵنیاییکردن لەوەی قوربانیانی بازرگانیکردن بەمرۆڤ بە ناڕەوا سزا نادرێن تەنها لەسەر کرداری نایاسایی ئەنجامدراو راستەوخۆ لە ئەنجامی ئەوەی بازرگانیان پێوەکراوە.
• زیادکردنی دەستگەیشتنی بێبەربەست بە خزمەتگوزارییەکانی پاراستن بۆ هەموو قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و منداڵەکانیان – بە بیانییەکان و دانیشتوانە لاوازەکانەوە، وەک پەناگە،راوێژی دەروونی، چاودێری تەندروستی، یارمەتی یاسایی، خزمەتگوزارییەکانی وەرگێڕانی نوسین و زارەکیی، خزمەتگوزارییەکانی تێکەڵکردنەوە، راهێنانی کار و هاوکاریی دارایی.

• چارەسەرکردنی گرفتی شرۆڤەکردنی یاسای سزادانی عێراق، کە لەوانەیە توانای حکومەت سنوردار بکات بۆ پاراستنی قوربانییەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ یان سزادانی بازرگانان بە مرۆڤ.
• پێشکەشکردنی راهێنان بە بەرپرسان لەسەر بەکارهێنانی رێکارە ستانداردەکانی کارکردن (SOPs) بۆ دەستنیشانکردنی چالاکانەی قوربانیان لەناو دانیشتوانە لاوازەکان، ئاوارەگەڕێنراوەکان لە ئەلهۆل.
• زیادکردنی هەوڵەکانی لێکۆڵینەوەو دادگایکردنی تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و سەپاندنی سزای گونجاو بەسەر بازرگانانی حوکمدراو و بەرپرسە تێوەگلاوەکان، کە پێویستە پێکبێت لەماوەی بەرچاوی بەندکردن و راپۆرتدان لەسەر سزادانەکان.
• جێبەجێکردنی تەبای رێنماییە پتەوەکان و چاودێریکردنی کۆمپانیاکانی بەکارخستنی کرێکار، لەوانە لەڕێگەی نەهێشتنی رسومی بەکارخستن کە لە کرێکارانی بیانیی وەردەگیرێن و لێپرسینەوەی تاوان لە بەکارخەرانی کرێکاری ساختەکار.
• دڵنیاییکردن لە پەیڕەوکردنی رێبازێکی قوربانی-ناوەند و هۆشیار بەرامبەر بە زەبری دەروونیی بۆ دەسنتیشانکردنی قوربانی و دابینکردنی هاوکاریی بۆ هەموو قوربانییەکان بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەشداریکردنیان لە رێکارەکانی لێکۆڵینەوەی تاوان یان دادگاییکردنی بازرگانان بە مرۆڤ.
• دانانی چوارچێوەی یاسایی، لەڕێگەی هەموارکردنی یاساکە یان لەڕێگەی رێنماییەکی وەزاریی، بۆ ئەوەی رێکخراوە ناحکومییەکان بتوانن پەناگەی قوربانیان بەڕێوەببەن، هەروەها پێشکەشکردنی سەرچاوەی دارایی و شوێن و کارمەندی راهێنراو بەم رێکخراوانە.
• هەموارکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازگانیکردن بەمرۆڤ بۆ دڵنیابوون لەوەی نیشاندانی بەکارهێنانی هێز، ساختەکاری یان ناچارکردن مەرجی پێویست نییە بۆ سەلماندنی تاوانی بازرگانیکردنی سێکس بە منداڵ، تەبا لەگەڵ پرۆتۆکۆلی بازرگانیکردن بە مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانی ساڵی 2000.

دادگاییکردن
حکومەتی عێراق هەوڵەکانی زیادکردوە بۆ جێبەجێکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ. یاسای عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ ساڵی 2012 هەندێک لە جۆرەکانی بازرگانیکردن بە کرێکار و هەندێک لە جۆرەکان بازرگانیی سێکس وەک تاوان دەناسێنێت. یاساکە سزای تا 15 ساڵ زیندانیکردن و پێبژاردنی داناوە بۆ تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، ئەگەر قوربانی نێرینەی پێگەیشتوو بوو، و سزای زیندانی هەتاهەتایی و پێبژاردنی داناوە، ئەگەر قوربانی مێینەی پێگەیشتوو یان منداڵ بوو. ئەم سزایانە وەک پێویست قورسن، سەبارەت بە بازرگانیکردنی سێکس، هاوتان لەگەڵ ئەو سزایانەی بۆ تاوانە گەورەکان دانراون، وەک تاوانی لاقەکردن. ماددەی 399 لە یاسای سزادان لەشفرۆشی منداڵی بە تاوان داناوە و سزای 10 ساڵ بەندکردنی بۆ داناوە، ئەمەش وەک پێویست قورسە، ئەگەرچی هاوتا نییە لەگەڵ سزا دانراوەکان بۆ لاقەکردن. ناتەبا لەگەڵ پێناسەی بازرگانیکردن بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازگانیکردن بەمرۆڤ نیشاندانی بەکارهێنانی هێز، ساختەکاری یان ناچارکردن وەک مەرج داناوە بۆ سەلماندنی تاوانی بازرگانیکردنی سێکسیی بە منداڵ، لێرەوە هەموو جۆرەکانی بازرگانیکردنی سێکسی منداڵی بەتاوان نەکردوە. یاسای سزادانی عێراق لەشفرۆشی منداڵی بەتاوان کردوە و سزای تا دە ساڵ بەندکردنی بۆ داناوە، کە وەک پێویست قورسە، ئەگەرچی هاوتا نین لەگەڵ سزا دیاریکراوەکان بۆ لاقەکردن. لیژنەی ناوەندیی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بەردوام بوو لە ئامادەکردنی رەشنووسی هەموارکردنی یاسای ساڵی 2012 بەمەبەستی لابردنی مەرجی نیشاندانی بەکارهێنانی هێز، ساختەکاری یان ناچارکردن بۆ سەلماندنی تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ؛ هەموارەکە هێشتا چاوەڕوانی پەسەندکردنە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە. رێنمایی جێبەجێکردنی یاسای بازرگانیکردن بە مرۆڤ ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانی جێبەجێکردنی یاساکە بۆ وەزارەتەکان روون دەکاتەوە کە ئەندامن لە لیژنەی ناوەندیی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ. حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتی نەداوە لەسەر داڕشتنی چوارچێوەی یاسایی و جێبەجێکردنی پێویست بۆ جێبەجێکردنی یاسای 2012ی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، کە پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2018 پەسەندی کردوە. بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە وەزارەتی ناوخۆ لێکۆڵینەوەی دەستپێکرد لە 3,182 کەس لە ژمارەیەکی نەزانراوی کەیسدا، لەوانە 523 تۆمەتباری بازرگانیکردنی سێکس و 2,695 تۆمەتباری بازرگانیکردنی کاری زۆرەملێ، لەمانە 2,291 تاوانی سواڵکردنی زۆرەملێ بوون. ئەمە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو بوو بەراورد بە 1,698 کەس کە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرا لە ساڵی 2023. حکومەت راپۆرتیدا لەسەر 410 لێکۆڵینەوە لە بازرگانیکردنی سێکس کە لە ساڵی پێشوو دەستیانپێکرد و هێشتا بەردەوامن. دەسەڵاتەکان دادگاییکردنی 543 کەسیان دەستپێکردوە، لەوانە 202 کەس لەسەر بازرگانیکردنی سێکس و 341 کەس لەسەر بازرگانیکردنی کاری زۆرەملێ، لەمەش 205 لەسەر سواڵکردنی زۆرەملێ بوو. ئەمەش نزمبوونەوەیە بەراورد بە 1،270 دادگاییکردنی دەستپێکراو لە 2023. حکومەت راپۆرتیدا کە 151 دادگاییکردن کە لە ساڵانی پێشتر دەستیانپێکرد هێشتا بەردەوامن.
حکومەت حکومی سەپاند بەسەر 388 بازرگان، لەوانە 197 بازرگانی سێکس و 191 بازرگانی کارپێکردن؛ دادگاکان 252 کەسیان حوکمدا بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤی ساڵی 2012 و 136 کەس بەپێی یاساکانی تری وەک یاسای سزادان و یاسای نشینگە، هەندێک سەرباری یاسای بازرگانیکردن. ئەمەش بەرزبوونەوە بوو بەراورد بە 295 حوکمدان لە ساڵی 2023. حکومەت راپۆرتی نەدا لەسەر داتاکانی سزادانی بازرگانە حوکمدراوەکان؛ بەڵام حکومەت راپۆرتیدا لەسەر مەودای سزاکان لەنێوان پێنج ساڵ بەندکردن تا بەندکردنی هەتاهەتایی. دەشێت ئامارە بڵاوکراوەکان لەلایەن هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسای ئەو تاوانانەش لەخۆبگرن کە دەکەونە دەرەوەی مەودای پێناسە نێودەوڵەتییەکەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ. لە ساڵی 2024 بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لێکۆڵینەوەیان کرد لە 13 کەیسی گومانلێکراوی بازرگانیکردن بە مرۆڤ (10 لەسەر بازرگانکردنی سێکس و دوو لەسەر کاری زۆرەملێ و یەکێک لەسەر جۆرێکی دیارینەکراوی بازرگانیکردن بە مرۆڤ). بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیانکرد بە یەک دادگاییکردنی نوێ لەسەر کاری زۆرەملێ، هەروەها 33 دادگاییکردنی ساڵی 2023 هێشتا بەردەوامن. دادگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق حوکمیان سەپاند بەسەر چوار بازرگان بە مرۆڤ (سێ بازرگانی سێکس و یەک بازرگانی کاری زۆرەملێ)، بەراورد بە هەشت حوکمدان لە ساڵی 2023. حکومەتی هەرێمی کوردستان داتای دابین نەکرد دەربارەی بازرگانە حوکمدراوەکان.

حکومەت راپۆرتی نەداوە لەسەر لێکۆڵینەوە، دادگاییکردن یان حوکمدانی فەرمانبەرانی حکومەت کە تێوەگلاون لە تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ؛ بەڵام هێشتا گەندەڵیی و تێوەگلانی فەرمیی لە تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ نیگەرانیەکی گەورەیە و جێبەجێکردنی یاسای پەکخست لەماوەی ساڵەکەدا. راپۆرتەکان ئاماژەیاندا بەوەی ئەفسەرانی پلە نزمی پۆلیس و کارگێڕیی بەرتیل وەردەگرن بەرامبەر چاوپۆشین لە تاواکانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ. چاودێران راپۆرتیانداوە هەندێک بەرپرسی جێبەجێکردنی یاسا رێخۆشکەر بوون بۆ بازرگانیکردنی سێکس بە منداڵ لە بەندیخانەکان. پێشتر رێکخراوێکی نێودەوڵەتی راپۆرتیدا لەسەر خێزانەکان – لەگەڵ منداڵان – کە تۆمەتبارن بە وابەستەبوون بە داعش – پاش ئازادکردنیان لە بەندکردن، لەلایەن بەرپرسانەوە ئیستیغلالی سێکسی کراون لەڕێگەی ناچارکردنیان بە ئەنجامدانی کردەی سێکس بەرامبەر بەدەستهێنانی رێگەپێدانی ئاسایش یان دەستگەیشتن بە بەڵگەنامە شارستانییەکان کە پێویستن بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزارییە حکومەییەکان.
بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە وەزارەتی ناوخۆ سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەکان لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەکات و 16 یەکەی تایبەتمەندی پۆلیسی هەیە، دوو لە بەغدادو یەکێک لەهەر یەکێک لە پارێزگاکان؛ لە ساڵی 2024 حکومەت سەرچاوەی زیاتری تەرخانکرد بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە. دەسەڵاتی دادوەریی عێراق بەرپرسە لە دامەزراندنی دادوەری پسپۆڕ لە هەموو پارێزگاکان؛ ئەو دادوەرانەی تەنها کەیسەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بەڕێوەدەبەن و بەرپرسیارن لە بەفەرمی دەستنیشانکردنی قوربانی و رەوانەکردنی بۆ چاودێری. بەپێی راپۆرتەکان داواکارانی گشتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ وەک تاوانی بچووکتر سەیردەکەن، بۆ نموونە وەک تاوانی لەشفرۆشی یان پێشێلکردنی یاساکانی کار، لەجیاتی سەیرکردنیان وەک بازرگانیکردن بە مرۆڤ، لە ئەنجامدا سزاکان سووکترن و رەنگدانەوەی گەورەیی تاوانەکە نین. لە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێکخراوەکان هەشت یەکەی چالاکی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤی هەیە لە هەموو پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان؛ بەڵام چاودێران راپۆرتیانداوە کە ئەم یەکانە سەرچاوە و کارمەندی پێویستیان نییە. لە هەرێمی کوردستانی عێراق، کەیسەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ سەرەتا لە دادگای لێکۆڵینەوە دەبینران، کە دادوەر بڕیاری دەدا لە رەوانەکردنی کەیسەکە بۆ دادگای تاوان، مەدەنیی یان نەوجەوانان.
چاودێران تێبینیان کردوە کە هەندێک دادوەر کەیسەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤیان رەوانە نەکردوە بۆ لێکۆڵینەوەی پۆلیس بەهۆی نەبوونی زانیاری لەسەر یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ. لە هەندێک کاتی تردا، قوربانیان بەبێ نوێنەرایەتی یاسایی نەیانتوانیوە بەڵگەی پێویست پێشکەش بکەن لەسەر روودانی تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، لەبەرئەوە دادوەران کەیسەکەیان رەوانە نەکردوە بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر، لەجیاتی ئەوە بەشێوەی هەمیشەیی یان کاتیی کەیسەکەیان داخستوە.
حکومەت، بەهاوبەشی لەگەڵ رێکخراوە ناحکومییەکان، راهێنانی بازرگانیکردن بە مرۆڤی پێشکەشکردوە بە دادوەران، هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا، بەرپرسان لە لیژنەی ناوەندیی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بەرپرسانی سنوور، کارمەندانی تەندروستی، ئاسایش، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەنجومەنی باڵای دادوەری، وەزارەتی داد و دپلۆماتکاران دەربارەی هاوکاریکردنی قوربانی، رێکارە ستانداردەکانی کارکردن بۆ دەستنیشانکردنی قوربانی، تەکنیکەکانی لێکۆڵینەوە و بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە ئۆنلاین. حکومەت، بە هاوبەشیی لەگەڵ رێکخراوێکی نێودەوڵەتی، رێبەرێکی راهێنانی ئامادەکرد و بڵاوکردەوە بۆ رێنماییکردنی لێکۆڵینەوەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ. حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکارە ستانداردەکانی کارکردن (SOPs)ی بڵاوکردەوە بۆ لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی کەیسەکان و راهێنانی پێشکەش کرد بە لێکۆڵەرەوەکان لەسەر ئەم رێکارانە.
هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا هاوکارییان کرد لەگەڵ دەسەڵاتەکان لە پاکستان، بەنگلادیش، سوریا و ئینتەرپول لە بواری لێکۆڵینەوەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، کە بووە هۆی دەستگیرکردنی تۆمەتباران بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ و دەستنیشانکردنی قوربانییەکان. حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ بەردەوامن لە هاوکارییکردن لە بواری لێکۆڵینەوەکان.

پاراستن
هەوڵەکانی حکومەت بۆ پاراستنی قوربانیان بەشێوەیەکی نایەکسان بەردەوام بوو. لە ساڵی 2024 وەزارەتی ناوخۆ راپۆرتیدا لەسەر دەستنیشانکردنی 223 قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بەراورد بە 335 قوربانی دەستنیشانکراو لە 2023. لەم 223 قوربانییە دەستنیشانکراوە، 106 کەسیان عێراقی قوربانی بازرگانیکردنی سێکس بوون (83 ئافرەت، 22 کچ و یەک کوڕ) و 117 کەسیان قوربانی بازرگانی کاری زۆرەملێ بوون، لەوانە 48 سواڵکەری زۆرەملێ. قوربانییە بیانییەکان خەڵکی ئەسیوبیا، لوبنان، بەنگلادیش، ئۆگەندا، کینیا، فلیپین، پاکستان و وڵاتانی تر بوون. لە ساڵی 2024 حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتیدا لەسەر دەستنیشانکردنی 73 قوربانی، لەوانە 25 ئافرەتی پێگەیشتووی قوربانی بازرگانیکردنی سێس، 48 قوربانی بازرگانیکردنی کاری زۆرەملێ، لەمانە دوو قوربانی سواڵکردنی زۆرەملێ هەبوون (هەموویان هاووڵاتی بیانیی بوون)؛ بەراورد بە 121 قوربانی دەستنیشانکراو لە ساڵی 2023. لە ساڵی 2024 حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ قوربانییەکی منداڵی بازرگانیکردنی سێکسی دەستنیشان نەکرد، بەراورد بە 11 لە ساڵی 2023.
حکومەت رێکارە ستانداردەکانی کارکردن (SOPs)ی جێبەجێکرد، لەگەڵ پرسیارنامەی پشکنین و نیشاندەرەکان بۆ گروپە مەترسیی بەرزەکان، بۆ مەبەستی دەستنیشانکردنی قوربانی و رەوانەکردنی بۆ چاودێری، بەڵام چاودێران راپۆرتیاندا لەسەر ناتەبایی بەکارهێنانی رێکارە ستاندارەکانی کارکردن لەلایەن بەرپرسانەوە، بەتایبەتی لە ناوچە گوندییەکان. چاودێران راپۆرتیاندا کە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان
و پشکنەرانی کار پێویستیان بە راهێنانی زیاتر هەیە لەسەر رێکارە ستانداردەکانی کارکردن، بۆ زامنکردنی جێبەجێکردنی دروست لەسەر ئاستی خۆجێی. دادوەرانی لێکۆڵینەوە هێشتا تاکە بەرپرسی فەرمیین کە دەسەڵاتی یاساییان هەیە بۆ دەستنیشانکردنی قوربانی و رەوانەکردنی بۆ لای خزمەتگوزارییەکانی پاراستن بەپێی بڕیاری دادگا. بەپێی یاسا قوربانییەکان دەتوانن دەستیان بگات بە خزمەتگوزارییەکان بەبێ ئەوەی پێویست بکات هاوکاریی هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا بکەن، بەڵام چاودێران تێبینیان کردوە، کە لە کرداردا، زۆرجار چاوەڕوان دەکرێت لە قوربانی لەگەڵ هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا قسەبکات پێش ئەوەی رەوانە بکرێت. ئەگەرچی داواکراو نییە لە قوربانییەکان لە دادگا وتە پێشکەش بکەن، بەڵام وتەکانیان پێشمەرجە بۆ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی تاوان. ئەگەر قوربانییەکان وتەیان پێشکەش نەکرد، یان دادوەر بڕیاریدا کە بەڵگەی پێویست نییە، دەکرێت کەسێک بێبەش بکرێت لە پێگەی قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بەمەش بێبەش دەبێت لە دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی پاراستن. لە هەرێمی کوردستانی عێراق، بەرپرسانی بەرەی پێشەوە پرسیارنامە و ئامرازەکان بەکاردەهێنن بۆ دەستنیشانکردن و رەوانەکردنی قوربانی؛ بەڵام چاودێران تێبینیان کردوە کە دەسەڵاتەکان بەشێوەیەکی کارا یان چالاک پشکنینیان ئەنجام نەداوە بۆ نیشاندەرەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لەناو هەندێک گروپی لاواز، لەوانە ئاوارە گەڕانەوەکانی کەمپی ئەلهۆل لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا.
دادوەرانی لێکۆڵینەوە لە هەرێمی کوردستانی عێراق تاکە دەسەڵاتن بۆ رەوانەکردنی قوربانیان بۆ پەناگە حکومەییەکان بەپێی بڕیاری دادگا؛ چاودێران راپۆرتیانداوە لەسەر سنوورداری دەستنیشانکردنی قوربانی
یان دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان، ئەگەر دادوەران بەفەرمی وەک قوربانی نەیانناسێنن. پەناگە حکومییەکان پێویستیان بە بڕیاری دادگایە بۆ وەرگرتنی قوربانی، بەڵام ئەگەر قوربانیەک راستەوخۆ داوای یارمەتی بکات لە پەناگەیەکی ناحکومیی ئەوا بڕیاری دادگا پێویست نییە. چاودێران تێبینیان کردوە کە پێداویستی زۆر هەیە بە وەرگێر بۆ مەبەستی ئەنجامدانی چاوپێکەوتن بە زمانی رەسەنی قوربانی بۆ ئەوەی پرۆسەی دەستنیشانکردنی قوربانی باشتر بکرێت.
حکومەت 223 قوربانی دەسنتیشانکراوی رەوانە کرد بۆ چاودێری و خزمەتگوزاری تەندروستی، پەناگەو یارمەتی یاسایی پێشکەش کردن، بەراورد بە 137 قوربانی رەوانەکراو بۆ چاودێری لە ساڵی 2023.
حکومەت راپۆرتیدا لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە 37 قوربانی کە لەجیاتی ئەوە بژاردەی گەڕانەوەیان هەڵبژارد بۆ وڵاتی خۆیان یان هاوکارییان وەرگرت لەڕێگەی رێکخراوە ناحکومییەکان یان
باڵوێزخانە بیانییەکان. حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتیدا لەسەر دەستنیشانکردنی 73 قوربانی، هەشت رەوانەکران بۆ پەناگەیەک کە رێکخراوێکی ناحکومی بەڕێوەی دەبات، بەڵام حکومەت راپۆرتی نەدا لەسەر ئەوەی ئایا 65 قوربانییەکەی تر رەوانەکراون یان خزمەتگوزارییان وەرگرتوە. چاودێرێک راپۆرتیدا لەسەر دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بە 94 قوربانی بەبێ پاڵپشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی سەرپەرشتی پەناگەیەک دەکات لە بەغداد بە توانای نیشتەجێکردنی 80 قوربانی ئافرەتی پێشگەیشتوو و منداڵانی قوربانییەکان، هەروەها پەناگەیەکی پیاوان لە بەغداد بە توانای نیشتەجێکردنی 50 قوربانی پیاوی پێگەیشتوو، تائێستا خزمەتگوزارییەکانی پێشکەش کردوە بە 51 قوربانی.
هاوکات حکومەت سەرپەرشتی پەناگەکان دەکات لە دیوانیە و کەرکوک، کە قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ نیشتەجێ دەکەن. یاسای عێراقی قەدەغەی کردوە رێکخراوە ناحکومییەکان پەناگە بەڕێوەببەن لە عێراقی فیدراڵ، ئەگەرچی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوە ناحکومییەکان دەتوانن قوربانییە دەستنیشانکراوەکان رەوانە بکەن بۆ پەناگە حکومەییەکان. رێکخراوە ناحکومییەکان راپۆرتیاندا لەسەر سنوورداری بەردەستبوونی پەناگەکان لە ناوچە دوورەدەستەکان و بۆ هەندێک گروپی قوربانی وەک منداڵان، پیاوان، ئەو کەسانەی وەک هاوڕەگەزخواز یان جووت رەگەزخواز ناسراون، هەروەها کرێکارانی بیانیی. بە لەبەرچاوگرتنی سنوورداری بەردەستبوونی خزمەتگوزارییەکان بۆ پیاوانی قوربانی، هەندێک کات حکومەت قوربانییە ئەگەرییەکانی لە بەندیخانەکان هێشتۆتەوە. لە 2024 حکومەت دەستگەیشتن بە پەناگەی سنووردار کرد، لەوانە بۆ قوربانییە ئەگەرییەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، لەڕێگەی جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتانە کە بەپێی راپۆرتەکان قەدەغەی دەکەن رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیی خزمەتگوزارییەکان دابین بکەن بۆ هەندێک گروپی دیاریکراو. چاودێران تێبینیان کردوە کە پێداویستی هەیە بۆ پەناگەی تایبەتمەند بۆ منداڵانی قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، لەبەرئەوەی بەگشتی بەرپرسان منداڵان رەوانە دەکەن بۆ خانەکانی بێسەرپەرشتان، پەناگەکانی کەسانی بێلانە یان بەندیخانەکان.
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بڕی 1.1 ملیار دیناری عێراقی ($797,122) تەرخانکرد بۆ پەناگە حکومییەکان و پاراستنی قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، لەم بڕە 250 ملیۆن دیناری عێراقی ($190,985) تەرخانکرا بۆ پەناگەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە بەغداد، لەکاتێکدا بۆ پارێزگاکانی دەرەوەی پایتەخت ساڵانە 150 ملیۆن دیناری عێراق ($114,591) تەرخانکرا بۆ هاوکاریی
قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ. وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی – لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی– راپۆرتیاندا لەسەر دابینکردنی پەناگە و خزمەتگوزارییە دەروونیی و کۆمەڵایەتییەکان، یارمەتی یاسایی، خزمەتگوزارییەکانی تێکەڵکردنەوە، راهێنانی پیشەیی و چاودێری تەندروستییەکان بۆ قوربانیان. چاودێران راپۆرتیاندا کە خزمەتگوزارییەکان بەگشتی لەم چەند ساڵەی رابوردودا بەرەوپێشچوون؛ بەڵام کەمیی سەرچاوە، کارمەند، توانای تەکنیکیی، راهێنان و بەڕێوەبردنی کەیس بوونەتە هۆی سنووردارکردنی توانای پەناگەکان بۆ دابینکردنی یارمەتی یاسایی، خزمەتگوزاری دەروونیی کۆمەڵایەتی و بایەخدەر بە زەبرە دەروونییەکان و چاودێری تەندروستی. ئەگەرچی یاساکە ماف دەدات بە قوربانیانی بیانیی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بۆ دەستگەیشتن بە هەمان سوودەکان هاوشێوەی قوربانییە عێراقییەکان، لە کرداردا، زۆرجار بەرپرسان قوربانی بیانیی رەوانە دەکەن بۆ لای رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ هاوکاریی و پەناگە یان ناردنەوە بۆ وڵاتی خۆیان، لەجیاتی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان لە پەناگە حکومەییەکان. داکۆکیکاران راپۆرتیانداوە کە هەندێک قوربانی، بەتایبەتی ئەوانەی بەشێوەیەکی نایاسایی لە عێراقن یان کێشەی زمانەوانیان هەیە، گرفتیان هەبووە لە دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە حکومییەکان. بەپێی راپۆرتەکان قوربانییە بیانییەکان پشت دەبەستن بە باڵوێزخانەکانی خۆیان بۆ هاوکاریی.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پێنج پەناگەی توندوتیژی خێزانی بەڕێوەدەبات، کە دەتوانن هەندێک خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن بە ئافرەتی قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ؛ بەڵام شوێن لە پەناگەکان سنووردارە. بەرپرسان داوا لە قوربانی دەکەن بڕیاری دادگا وەربگرن بۆ ئەوەی بتوانن پەناگە بەجێبەجبهێڵن، ئەمەش جووڵەیان سنووردار دەکات. حکومەتی هەرێمی کوردستان زانیاری نەداوە لەسەر ئەوەی چەند قوربانی خزمەتگوزارییەکان وەردەگرن لە پەناگەکان. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە ڕێگەدان بە رێکخراوێکی ناحکومیی بۆ بەڕێوەبردنی تاکە پەناگەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە هەرێمی کوردستانی عێراق. پەناگەکە خزمەتگوزاری هەمەلایەنی بەڕێوەبردنی کەیس و خزمەتگوزاری یاسایی و تەندروستی و دەروونی پێشکەش دەکات و توانای نیشتەجێکردنی تا 38 قوربانی هەیە، هەروەها هەمیشە پڕبووە. چاودێران راپۆرتیاندا لەسەر نەبوونی پەناگەی گونجاو بۆ قوربانی منداڵ لە هەرێمی کوردستانی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان پەناگەی تایبەتمەندی نییە بۆ منداڵی قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ. حکومەتی هەرێمی کوردستان یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی واژۆکرد لەگەڵ رێکخراوێکی ناحکومیی بۆ کردنەوەی پەناگەیەکی ئافرەتانی قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لەکاتێکدا کە هێشتا کەیسەکانیان یەکلایی نەبۆتەوە؛ بەڵام ئەمە هێشتا کارا نەبووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری کرد بۆ ئازادکردنی ئێزیدییە بەندکراوەکان لای داعش، لەناویاندا قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، هەروەها راپۆرتیداوە لەسەر هەماهەنگی کردن لەگەڵ رێکخراوێکی ناحکومیی و رێکخراوێکی نێودەوڵەتی بۆ دابینکردنی هاوکاریی دەروونیی و کۆمەڵایەتی و پاراستن بۆ قوربانیان.
حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەندێک جۆری پاراستن دابین دەکەن بۆ قوربانیان یان ئەو شایەتحاڵانەی بەشداری دەکەن لە رێکارەکانی دادوەری تاوان. حکومەت راپۆرتیداوە لەسەر 42 قوربانی دەستنیشانکراو کە خۆبەخشانە هاوکاریی هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسایان کردوە لە کاتی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی بازرگانان. حکومەت راپۆرتیداوە لەسەر دابینکردنی یارمەتی یاسایی و خزمەتگوزارییەکانی  وەرگێڕانی نووسین و زارەکیی بۆ قوربانیان، هەروەها بژاردەی پێشکەشکردنی وتە لەڕێگەی ڤیدیۆ، چاوپێکەوتن لەدوور، یان وتەی نووسراو؛ بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتیداوە کە ئەم رێوشوێنانە هەمیشە بەردەست نین. حکومەت رێگەیداوە بە قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بەردەوامبن لە کارکردن، ئازادانە هاتوچۆ بکەن و وڵات بەجێبهێڵن لەکاتی دادگاییکردنەکان، مەگەر قوربانییەکان لە پەناگە حکومییەکان نیشتەجێ بن، کە لەم بارەدا بڕیاری دادگا پێویستە بۆ جێهێشتنی پەناگە. حکومەت پاراستنی قوربانی-شایەت بەپێی پێویست پێشکەش دەکات، وەک شوێنی نیشتەجێکردنی پارێزراو، ئاسایش و نهێنیپارێزی، بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی جەستەیی و تایبەتمەندی لە میانەی رێکارە یاساییەکان؛ بەڵام چاودێران راپۆرتیانداوە کە ئەو بازرگانانەی کاریگەریی کۆمەڵایەتیان هەیە هەندێک کات هەڕەشەیان لە قوربانییەکان یان دادوەران کردوە، ئەمەش بۆتە ئاستەنگ بۆ هەوڵەکانی پاراستن. لە هەرێمی کوردستانی عێراق، دادگاکان خزمەتگوزاری وەرگێڕان پێشکەش ناکەن بە کرێکاری بیانیی قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، قوربانییەکان پشت دەبەستن بە رێکخراوە ناحکومییەکان بۆ دابینکردنی ئەم جۆرە خزمەتگوزارییانە. چاودێران تێبینیان کردوە کە بەردەستبوونی وەرگێڕ سنووردارە بۆ هەندێک زمان لە هەرێمی کوردستان، هەروەها پێداویستی هەیە بە پیادەکردنی چاودپێکەوتنی هۆشیار بەرامبەر زەبرە دەروونییەکان لەمیانەی رێکارەکانی دادبینیی.
ئەگەرچی بەپێی یاسا خاوەنکار بەرپرسە لە پارەدانی رسومی بەکارخستنی کرێکاری بیانیی بەپێی سیستمی پاڵپشتیی عێراق، هەندێک لە دەسەڵاتەکان سزای کرێکاران دەدەن، لەناویاندا قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤی دەستنیشانکراو و دەستنیشان نەکراو، لەسەر نەدانی رسومی کۆچ. چاودێران بەردەوامن لە راپۆرتدان لەسەر ئەوەی هەندێک کات بەرپرسان لێخۆشبوون دەکەن بۆ رسومی نشینگە، بەڵام پرۆسەی بڕیاردان هەڕەمەکییە و دەوەستێتە سەر کەسی بەرپرس. وەزارەتی ناوخۆ راپۆرتی نەداوە لەسەر ژمارەی ئەو قوربانیانەی مۆڵەتی نشینگەی کاتییان وەرگرتووە، هەروەها بەپێی راپۆرتەکان دەرکردنی مۆڵەت دەوەستێتە سەر بەشداریکردنی قوربانی لە رێکارەکانی دادوەری تاوان. حکومەتی هەرێمی کوردستان هەندێک کات لێخۆشبوون دەدات لە رسوم کە بەپێچەوانەوە قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەبێت بیدات ئەگەر لە هەرێمی کوردستان کاربکات بەبێ بەڵگەنامەی یاسایی، بەڵام ئەم پرۆسەیە نافەرمییە و بەشێوەیەکی ناتەبا جێبەجێ دەکرێت. لە ساڵی 2024، حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتیداوە لەسەر لێخۆشبوون لە رسوم بۆ 13 قوربانی بەهاوکاری رێکخراوێکی ناحکومیی و رێکخراوێکی نێودەوڵەتی. چاودێران راپۆرتیانداوە لەسەر گرفتەکانی لێخۆشبوون لە رسوم یان نوێکردنەوەی مۆڵەتی نشینگە، لەبەرئەوەی زۆرجار بازرگانەکان دەستدەگرن بەسەر بەڵگەنامە فەرمییەکانی قوربانیان، هەروەها هەندێک قوربانی بیانیی ناتوانن هەرێمی کوردستان بەجێبهێڵن بەبێ پاسپۆرتەکانیان یان بەهۆی نەدانی روسومی نشینگە. چاودێران راپۆرتیانداوە کە دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سزای پێبژاردن یان بەندکردنیان سەپاندوە بەسەر قوربانی شیاوی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لەسەر پێشێلکارییەکانی کۆچ لە هەرێمی کوردستانی عێراق، بەبێ پشکنین بۆ نیشاندەرەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ یان بەپێی راپۆرتەکان داوایان لە هەندێک قوربانی ئەگەریی کردووە پاڵپشت (سپۆنسەر)ێکی خۆجێی بهێنن بۆ ئەوەی ئازاد بکرێن.
یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ رێگەدەدات بە حکومەت سوودەکانی باری نشینگەی تایبەت پێشکەش بکات بە قوربانیانی بیانیی بازرگانیکردن بە مرۆڤ؛ وەزارەتی ناوخۆ راپۆرتی نەداوە لەسەر دابینکردنی ئەمە بۆ هیچ قوربانییەکی دەستنیشانکراو. حکومەتی هەرێمی کوردستان باری نشینگەی تایبەت پێشکەش ناکات بە قوربانیان. حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانن لێخۆشبوون پێشکەش بکەن بە قوربانی بیانی بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان یان ر‌ێگەی تری یاسایی پێشکەش بکەن لەجیاتی ناردنیان بۆ ئەو وڵاتانەی لەوانەیە رووبەڕووی سەختیی یان تۆڵە ببنەوە. بەپێی راپۆرتەکان حکومەتی عێراق 51 قوربانی گەڕاندۆتەوە، و رێکخراوێکی ناحکومیی راپۆرتیدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان 78 قوربانی ناردۆتەوە، بە کۆمەکی دارایی رێکخراوە ناحکومییەکان یان حکومەتە بیانییەکان. ئەگەرچی قوربانیان دەتوانن ساڕێژکردنەوە و قەرەبووکردنەوە وەربگرن لە عێراقی فیدراڵ، بەڵام حکومەت راپۆرتی نەداوە لەسەر پێدانی هیچ قەرەبوویەک بە قوربانییەکان لە ساڵی 2024. دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتیاندا لەسەر فەرماندان بە نووسینگەکانی بەکارخستن بۆ قەرەبووکردنەوەی چوار قوربانیی ئەگەریی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە ساڵی 2024. هەروەها لە ساڵی 2024 پێنج قوربانی تر قەرەبوویان وەرگرت پاش رێکارەکانی دادگا لەدژی نووسینگەکانی بەکارخستن کە تۆماتبار کرابوون.
بەهۆی نەبوونی پشکنینی کارا، حکومەت رێوشوێنی گونجاوی نەگرتەبەر بۆ رێگرتن لە سزادانی نەگونجاوی قوربانیانی بازرگانیکردنی کاری زۆرەملێ، تەنها بەهۆی ئەو کردارە نایاساییانەی کردوویان راستەوخۆ لە ئەنجامی ئەوەی بازرگانیان پێوە کراوە، لەوانە پێشێلکارییەکانی کۆچ و نشینگە، هەروەها حکومەت هەندێک قوربانی دەستنیشان نەکراوی گەڕاندەوە یان بەندکرد. راپۆرتەکانی پێشوو ئاماژەیان دەدا بەوەی دەسەڵاتەکانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان منداڵانی تۆمەتبار بە وابەستبەبوون بە داعشیان بەند و دادگایی کردوە، بەبێ نوێنەرایەتی یاسایی – هەندێک لەمانە قوربانی چەکدارکردنی زۆرەملێ یان بەکارهێنان بوون، یان قوربانی هاوسەرگیری بەزۆر و منداڵ بوون و هەندێکیان قوربانی بازرگانیکردنی سێکس بوون – هەروەها بەپێی راپۆرتەکان تەکنیکی لێکۆڵینەوەی توندوتیژ و ئەشکەنجەیان بەکارهێناوە بۆ وەرگرتنی دانپیانان. حکومەتی عێراق راپۆرتی نەدا لەسەر پشکنینی ئەم منداڵانە وەک قوربانی ئەگەریی بازرگانیکردن بە مرۆڤ یان رەوانەکردنیان بۆ خزمەتگوزارییەکانی پاراستن. راپۆرتەکان پێداگریان کرد لەوەی حکومەت نزیکەی 700 منداڵی بەندکردوە کە تۆمەتبارن بە وابەستبەبوون بە گروپە چەکدارەکان، لەناویاندا داعش. لە ساڵی 2024 حکومەتی عێراق راپۆرتیدا لە پێشکەشکردنی هەندێک خزمەتگوزاری پاراستن یان تێکەڵکردنەوە بە حەوت منداڵی چەکداری لەچەکداماڵراوی وابەستە بە داعش و گەڕێنراوە لە سوریاوە.

ڕێگرتن
حکومەت هەوڵەکانی زیادکردوە بۆ ڕێگرتن لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ. وەزارەتی ناوخۆ بەردەوام بوو لە سەرکردایەتیکردنی لیژنەی ناوەندیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ (CCCHT)، کە پێکهاتووە لە نوێنەرانی وەزارەتە فیدراڵییەکانی تر و سێ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان. لە ساڵی 2024 لیژنەکە هەشت کۆبوونەوەی ئەنجامدا، لەکاتێکدا لیژنە لاوەکییەکان کۆبوونەوەی زیاتریان ئەنجامدا. لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە سەرکردایەتی دەکرێت و پێکهاتووە لە نوێنەری 19 وەزارەتی حکومەت، وەک کۆی لیژنەکە یەک جار کۆبوونەوەی ئەنجامدا، بەڵام لیژنە لاوەکییەکانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان 17 کۆبوونەوەیان ئەنجامدا. حکومەت پلانی کاری نیشتیمانیی 2023-2026 تەواوکرد و چاودێڕی پێشکەوتنەکانی دەکات. هاوکات حکومەتی فیدراڵ پلانی کاری نیشتیمانیی (2025)ی تەواوکرد.
حکومەت بڕی 250 ملیۆن دیناری عێراقی ($190,985) تەرخانکرد بۆ هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوە، توێژینەوە، هەروەها پلانی کاری نیشتیمانیی رێوشوێنی نوێی دابینکرد بۆ لیژنەی ناوەندیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ. حکومەت بەشێوەیەکی رێکخراو هەوڵی وەرگرتنی بۆچوونی رزگاربووان دەدات وەک بەشێک لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و هانی بەشداریکردنیان دەدات لە چالاکییەکانی بەرزکردنەوەی هۆشیاریی.
حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنیی، چەندین هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەیان ئەنجامدا، بەتایبەتی بۆ کاربەدەستانی حکومەت، کرێکارانی بیانیی، دیپلۆماتەکان، قوتابیان و جەماوەری گشتی. حکومەت کۆمەکی دارایی توێژینەوەی کرد دەربارەی مەترسییەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بۆ عێراقییەکانی دەرەوەی وڵات. وەزارەتی ناوخۆ بەردەوام بوو لە بەڕێوەبردنی هێڵی گەرمی 24 کاژمێریی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و ئیمەیڵێکی گشتی بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر بازرگانیکردن بە مرۆڤ؛ حکومەت راپۆرتیدا پەیوەندییە تەلەفۆنیەکان لەماوەی ساڵی 2024 بوونە هۆی 51 رەوانەکردنی قوربانی ئەگەریی بازرگانیکردن بە مرۆڤ. هێڵە گەرمەکە تەنها بە زمانی عەرەبی بەردەست بوو، ئەمەش بووە هۆی سنووردارکردنی دەستگەیشتنی قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤی بیانیی و کوردزمان. حکومەتی هەرێمی کوردستان هێڵی گەرمی نییە بۆ هەواڵدان لە کەیسەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بەڵام ژمارە تەلەفۆنەکانی یەکەکانی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو بۆ خەڵک بەگشتی بەردەستن، هەروەها رێکخراوێکی ناحکومیی هێڵێکی خزمەتی گشتی هەیە، کە کراوەیە بۆ قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ. 

حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان سیستمی ڤیزەی ئەلەکترۆنی (ئۆنلاین) بەڕێوەدەبەن بۆ بەدواداچوونی کرێکارانی بیانی و کۆمپانیا پاڵپشتەکانیان (سپۆنسەر)، بەمەبەستی رێگرتن لە پێشێلکاری
یاسای کار و کارپێکردنی زۆرەملێ. چاودێران راپۆرتیانداوە لەسەر گرفتەکانی چاودێریکردنی کەرتی نافەرمیی. حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتیداوە لەسەر ئاستەنگەکانی بەدواداچوونی کرێکارە بیانییەکان کە لەلایەن خاوەنکارەکان و کۆمپانیاکانەوە بەکارخراون و تۆمارکردنی ساختە یان ساختەکراو بەکاردەهێنن و ئەوانەی تر کە وەک نووسینگەی بەکارخستن کاردەکەن و پاڵپشتی ڤیزەی کرێکاری بیانیی
دەکەن پێش بەکارخستنیان لای لایەنی سێیەم بۆ مەبەستی قازانج بۆ کۆمپانیاکانیان. بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بوو لە داواکردن لە کۆمپانیاکان کە دەبێت پێشەکییەک دابنێن لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بەکاربهێنرێت بۆ پێبژاردن ئەگەر پێشلی یاسای کاریان کرد. ئەگەرچی حکومەتی هەرێمی کوردستان "پارەدانی پێشوەختی کار"ی قەدەغەکردوە، بەڵام نوسینگەکانی بەکارخستن توانیویانە 25 لەسەدی یەکەم موچەی کرێکار ببڕن بەرامبەر کرێی دۆزینەوەی کار. چاودێران تێبینیان کرد کە رێنماییەکانی کرێکاری بیانیی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناکۆکە لەگەڵ یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤی ساڵی 2018، بەتایبەتی لە کەیسی کریکار کە ئەگەری هەیە قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بێت، ئەگەرچی لەوانەیە وەک قوربانی بناسێنرێن بەپێی یاسای بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بەڵام لەوانەیە رووبەڕووی سزا ببنەوە بەهۆی دۆخی نایاساییان بەپێی رێنمایی کرێکاری بیانیی لە هەرێمی کوردستانی عێراق. حکومەتی هەرێمی کوردستان رەشنووسی هەمواری یاسای کاری ئامادەکردوە بۆ لەخۆگرتنی کۆمەڵێک بڕگە بۆ باشترکردنی پاراستنی کرێکارانی عێراقی و بیانیی؛ هێشتا یاساکە چاوەڕوانی پەسەندکردنە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق. هەروەها هەموارێکی جیا بۆ رێنماییەکان کە چاودێریکردنی کرێکاری بیانیی و سەرپەرشتیکردنی نووسینگەکانی بەکارخستن دەکات، هێشتا لەژێر پێداچوونەوەدایە بۆ ساڵی دووەمی یەک لەدوای یەک.
حکومەت بەکارخستن و کارپێکردنی کرێکاری بیانیی رێکخستوە لەڕێگەی فەرمانگەی نشینگەی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی. کرێکارانی بیانی ناتوانن خاوەنکار بگۆڕن پێش تەواوکردنی دوو ساڵ کارکردنی بە پاڵپشتیی، تەنها لەو کەیسانەدا نەبێت کە کرێکار سکاڵای مامەڵەی خراپ یان پێشێلکاری هەبێت لەسەر خاوەنکار. بەڵام تەنانەت ئەگەر کرێکارەکان سکاڵای رەوایان هەبێت لەسەر خاوەنکار، دەگوێزرێنەوە بۆ کاری نوێ و دەسەڵاتەکان بەدەگمەن لێپرسینەوە لە خاوەنکاری پێشێلکار دەکەن. نووسنیگەکانی بەکارخستن کە لەلایەن حکومەتەوە خراونەتە لیستی رەشەوە، زۆرجار ناوەکانیان دەگۆڕن بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوام بن لە کارکردن، هەروەها لەو کەیسانەدا کە حکومەت خاوەنکاری لەسەر پێشێلکاری یاسای کار سزاداوە، بەشێوەیەکی بەربڵاو تەنها یەک پێشێلکار سزادراوە، نەک کۆی نووسینگەی بەکارخستن. وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لیژنەیەکی هاوبەشیان هەیە بۆ ئەنجامدانی پشکنین بۆ نووسینگە مۆڵەپێنەدراوەکانی بەکارخستن وەک هەوڵێک بۆ دابینکردنی چاودێری و لێپرسینەوەی زیاتر لە پابەندبوونەکان؛ بەڵام حکومەت راپۆرتی نەدا لەسەر داخستنی هیچ نووسینگەیەک لە ئەنجامی ئەم پشکنینانە لە ساڵی 2024.
حکومەت راهێنانی دەربارەی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ پێشکەش کرد بە پشکنەرانی کار لە عێراقی فیدراڵ، بەڵام چاودێران راپۆرتیانداوە لەسەر کەمیی سەرچاوە تەرخانکراوەکان بۆ پشکنەرانی کار ئەمەش هەوڵەکانیان ئاستەنگ دەکات بۆ دەستنیشانکردنی کەیسەکانی بازرگانیکردن بە کرێکار. حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتیدا لەسەر داخستنی 172 کۆمپانیا بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی کار یان کاری زۆرەملێ لە ساڵی 2024، هەروەها لەگەڵ رێکخراوێکی ناحکومیی، راهێنانیان پێشکەش کرد بە پشکنەران لەسەر دەستنیشانکردنی قوربانی. سەرەڕای ئەم هەوڵانە، چاودێران راپۆرتیاندا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە لێپرسینەوە بکات لە هەندێک لە نووسینگەکان لەسەر بەکارخستنی ساختەکارانە.
حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتیاندا لەسەر هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی خواست لەسەر بازرگانیی سێکس لەڕێگەی چاودێریکردن یان داخستنی وێبسایتەکانی کردەی سێکسی بازرگانی و ئەنجامدانی هەڵمەتەکانی هۆشیاریی، لەوانە دەربارەی سزاکانی کڕینی سێکسی بازرگانی یان ناچارکردنی منداڵ بە هاوسەرگیری زوو بۆ مەبەستی سێکسی بازرگانی. لە ساڵی 2025، حکومەت هەمواری یاسای باری کەسیی تێپەڕاند، کە رێگەدەدات بە هاوسەرگیری کچانی هەندێک گروپی ئاینیی کە تەمەنیان کەمترە لە 15 ساڵ، هەروەها هاوسەرگیریی دەرەوەی دادگا بەیاسایی دەکات؛ چاودێران نیگەرانیان دەربڕی لەوەی ئەم گۆڕانکارییانە لەوانەیە ببنە هۆی لاوازترکردنی کچان بەرامبەر مەترسییەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و ئاستەنگ دروست بکات بۆ تواناکانی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی رووداوەکانی هاوسەرگیریی زۆرەملێ لە کەیسەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ.
یاسای عێراقی قەدەغەی کردوە کە کەسانی خوار تەمەن 18 ساڵ بە ناچارکردن یان خۆبەخشانە بەکاربخرێن لەهەر هێزێکی چەکداری حکومیی، لەناویاندا هێزە نیمچە-سەربازییەکان، گروپە میلیشیاکان و گروپە چەکدارەکانی تر. حکومەت پێشتر پلانێکی کاری داڕشت بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوێکی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی بەکارخستن و بەکارهێنانی منداڵان لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبیەوە لە ئەرکی شەڕکردن، بەڵام راپۆرتی نەدا لەسەر جێبەجێکردنی پلانەکە.

کارنامە (پرۆفایل)ی بازرگانیکردن بە مرۆڤ:

بازرگانیکردن بە مرۆڤ کاریگەریی هەیە لەسەر هەموو کۆمەڵگەکان. ئەم بەشە پوختەیەک پێشکەش دەکات لەسەر راپۆرتدانی حکومەت و کۆمەڵگەی مەدەنیی لەسەر سروشت و مەودای بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە ماوەی پێنج ساڵی رابوردو. بازرگانان بە مرۆڤ ئستیغلالی قوربانیانی ناوخۆیی و بیانی دەکەن لە عێراق، هەروەها بازرگانان ئیستیغلالی قوربانی عێراقییان کردوە لە دەرەوەی وڵات. تا کانونی دووەمی 2025 یەک ملیۆن عێراقی هێشتا ئاوارەن لە سەرانسەری عێراق و نزیکەی 112،000 ئاوارەی ناوخۆیی لە 20 کەمپی فەرمیی دەژین لە هەرێمی کوردستانی عێراق، لەکاتێکدا کە هیچ کەمپێکی فەرمیی ئاوارە ناوخۆییەکان نەماوە لە عێراقی فیدراڵ. هاوکات عێراق میوانداری نزیکەی 340،000 پەنابەر و پەناخواز دەکات، کە زۆرینەیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەژین. پەنابەران و ئاوارە ناوخۆییەکان لەژێر مەترسی گەورەدان بۆ کاری زۆرەملێ و بازرگانیکردنی سێکس بەهۆی دۆخناسکی کۆمەڵایەتی و ئابوورییان، نەبوونی ئاسایش و پاراستن و تۆمەتی وابەستبوونیان بە گروپە تووندڕەوەکان. ژنان و کچان لە کەمپەکانی ئاوارە ناوخۆییەکان کە ئەندامانی خێزانەکانیان تۆمەتبارن بە پەیوەندی لەگەڵ داعش، لەوانەیە بەردەوام رووبەڕووبن لەگەڵ سیستمێکی ئاڵۆزی ئەگەری ئیسیغلالی سێکسی، بازرگانیکردن سێکس و تووندوتیژی و خراپەکاری لەلایەن کاربەدەستانی ئاسایش و سەربازییەوە. بەپێی راپۆرتەکان، گروپە تاوانکارەکان بەردەوامن لە ئیستیغلال کردنی ئافرەتان لە بازرگانیکردنی سێکس و کوڕان و کچان بەکاردەهێنن لە سواڵکردنی زۆرەملێ. پێشتر چاودێران تێبینیان کرد کە منداڵی ئاوارە ناوخۆییەکان و پەنابەران و منداڵی خاوەن کەمئەندامی، بەتایبەتی لە شارەکان، لەژێر مەترسی زۆردان بۆ سواڵکردنی زۆرەملێ لە هەرێمی کوردستان. چاودێران بەردەوامن لە راپۆرتدان لە بەرزبوونەوەی بەکارهێنانی منداڵی 8-15 ساڵان لەلایەن باندە تاوانکارییەکانەوە بۆ بڵاوکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان. هاوکات
رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی راپۆرتیاندا لەسەر بازرگانان کە منداڵان، لەناویاندا منداڵی ئاوارەکان، بەکاردەهێنن بۆ کاری زۆرەملێ لە کارگە کیمیاییەکان لە هەولێر و فرۆشگەکان لە شنگال. پاش داخستنی کەمپەکانی ئاوارە ناوخۆییەکان، رێکخراوە ناحکومییەکان راپۆرتیاندا کە ئاوارە ناوخۆییەکان رووبەڕووی ئاستەنگی زیاتر دەبنەوە لە بەدەستهێنانی بەڵگەنامەی شارستانیی و ئاوارەبوونی دووەمیی، ئەمەش دەبێتە
هۆی زیادکردنی مەترسییە بەرزەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لەسەر ئەم گروپەی دانیشتوان. پێشتر رێکخراوێکی نێودەوڵەتی راپۆرتیدا کە دەیان هەزار منداڵی ئاوارەی ناوخۆیی خاوەنی بەڵگەنامەی شارستانی نین، بەتایبەتی ئەوانەی لەو ناوچانە لەدایکبوون یان نیشتەجێن کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی داعش بوون، هەروەها ناتوانن دەستیان بگات بە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان. بەپێی راپۆرتەکان هەندێک بەرپرس ئیستیغلالی ئەو خێزانانەیان کردوە کە تۆمەتبارن بە پەیوەندیی لەگەڵ داعش – لەگەڵ منداڵەکانیان – بۆ بازرگانیکردنی سێکس، ئەمەش پاش رزگارکردنیان لە بەندیخانە؛ لە 2024 رێکخراوێکی نێودەوڵەتی راپۆرتیدا کە بەرپرسان ئەندامانی خێزانی منداڵانی پێشتر دەستبەسەرکراویان ناچار کردوە کردەی سێکس ئەنجام بدەن بەرامبەر وەرگرتنی رێگەپێدانی ئاسایش یان دەستگەیشتن بە بەڵگەنامە شارستانییەکان کە پێویستن بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزارییە حکومییەکان. چاودێران تێبینیان کرد کە هەندێک کات بازرگانان ئیستیغلالی منداڵی ئاوارە ناوخۆییە عێراقییەکان و منداڵی پەنابەرە سورییەکان دەکەن، کە تەمەنیان لەنێوان 10-18 ساڵە بۆ کاری زۆرەملێ وەک فرۆشیاری سەرشەقام و خزمەتکردن لە چێشتخانە و هۆتێلەکان یان لە ماڵان.
کچان و ژنانی ئێزیدی و ئاوارە ناوخۆییەکان، کە پێشتر ئیستغلال کرابوون بۆ کاری زۆرەملێ و بازرگانیکردنی سێکس لەلایەن چەکدارانی داعش لە عێراق و سوریا، هێشتا زۆر لاوازن بەرامبەر چەندین جۆری ئیستیغلال کردن، لەوانە دووبارە بازرگانیی پێکردنەوە. راپۆرتەکان مەزەندە دەکەن سەدان ئێزیدی هێشتا لە کەمپی ئاوارەکان لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا ماون، لەکاتێکدا کەسانی تر هێشتا دەستبەسەرن لە بەندیخانەکانی دەرەوەی کەمپەکان. هەندێک لەم ئێزیدیانە هێشتا گیریانخواردوە لە دۆخی ئیسیغلال کردن، لەوانە بازرگانیکردن بە مرۆڤ. تاکەکەسەکان، لەگەڵ منداڵان، کە گەڕێنراونەتەوە لەباکوری رۆژهەڵاتی سوریا، هێشتا زۆر لاوازن بەرامبەر بازرگانیکردن بە مرۆڤ.
منداڵان زۆر لاوازن بۆ بەکارخستنی بەزۆر و بەکارهێنانیان لەلایەن چەندین گروپی چەکدارەوە کە لە عێراق کاردەکەن، لەوانە داعش، هێزە خێڵەکییەکان، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، هەروەها گروپە میلیشاکانی دەرەوەی حەشدی شەعبی کە سەر بە ئێرانن. دوا راپۆرتی متمانەپێکراو دەربارەی بەکارخستنی سەربازی گەنجتر لە تەمەنی 18 ساڵ لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ساڵی 2020 بووە. پەکەکە و هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) پێشتر منداڵیان وەک سەرباز بەکارخستوە و بەکارهێناوە. بەپێی راپۆرتەکانی پێشوو، داعش منداڵانی رفاندوە و بەزۆر بەکاریخستوون و بەکاریهێناون لە ئەرکی شەڕکردن و پاڵپشتیی، لەوانە وەک قەڵغانی مرۆیی، هەواڵدەر، دروستکەری تەقینەوە، بکوژ، و خۆکوژ؛ هەندێک لەم منداڵانە تەمەنیان 8 ساڵان بوو و هەندێک کەمئەندامی مێشکییان هەبوو.
چاودێران راپۆرتیاندا کە کەسانی هاوڕەگەزخواز و جووتڕەگەزخواز لە هەرێمی کوردستانی عێراق و عێراقی فیدراڵ، بەتایبەتی لەژێر مەترسیی بازرگانیکردن بە مرۆڤدان. داب و نەریتەکان، لەناویاندا خۆێنبایی (فصلیە) – بەخشینی ئەندامێکی خێزان بەرامبەر کۆتاییهێنان بە ناکۆکیی خێڵەکیی – هەروەها هاوسەرگیری بەزۆر و "کاتیی" منداڵان، ژنان و کچان دەخەنە مەترسی زیاتری بازرگانیکردن بە مرۆڤ لەناو وڵات. ژنان و کچان هاوکات ئیستیغلال دەکرێن لە بازرگانیکردنی سێکس لەڕێگەی هاوسەرگیری کاتیی چاودێران تێبینیان کردوە کە سعودی و کوەیتییەکان ئیستیغلالی منداڵانیان کردوە لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ، لەکاتی گەشتی راوکردندا لەو ناوچانەی کە دانیشتوانەکەی خێڵی کۆچەرین.
پێشتر چاودێران راپۆرتیاندا کە بازرگانان بە مرۆڤ سەنتەری مەساج بەڕێوەدەبەن لە هۆتێلە پێنج ئەستێرەکانی عێراق، هەندێک لەم هۆتێلانە لەلایەن دەوڵەتەوە خاوەندارێتی دەکرێن و ئەگەری کەمترە چاودێری ورد بکرێن لەلایەن دەسەڵاتەکانەوە. مەساج، کافتریا، بار و یانە شەوانەییەکان هێشتا شوێنی باون بۆ بازرگانیکردنی سێکس. ئافرەتانی عێراقی، ئێرانی و سوری و کرێکارانی کۆچبەر بەتایبەتی لەژێر مەترسیی بازرگانیکردنی سێکسدان. بازرگانان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنن بۆ دۆزینەوەی قوربانییەکانیان.
بازرگانان، کۆچبەری یاسایی و نایاسایی ئاسیا و ئەفریکییان رووبەڕووی کاری زۆرەملێ کردۆتەوە، وەک کرێکاری بیناسازی، پاسەوان، خاوێنکەرەوە، بەردەست، و خزمەتکاری ماڵان لە عێراق. لە هەرێمی کوردستان بازرگانان کرێکارانی بیانیی ئیستیغلال دەکەن، بەتایبەتی لەکاری ماڵان، یان لە هۆتێل، مەساج، باڕ، چێشتخانە، بیناسازی یان کاری کشتوکاڵ. لەوانەیە بازرگانان ئیستیغلال قوربانییەکان بکەن لە کاری کانزاکاری، هەروەها کەسانی پێشتر بەندکراو لاوازن بەرامبەر مەترسییەکانی کارپێکردنی زۆرەملێ. چاودێران تێبینی بەرزبوونەوەی ژمارەی کرێکاری ماڵانییان کردوە کە خەڵکی گانا، ئیندۆنوسیا و نەیجیریان و وەک قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەستنیشانکراون. رێکخراوە ناحکومییەکان راپۆرتیانداوە کە هەندێک خاوەنکار و نووسینگەی بەکارخستن هاووڵاتیانی بیانیی ئیستیغلال دەکەن لەڕێگەی دەستبەسەراگرتنی موچە، پاسپۆرت و ناچارکردنیان بە هەلومەرجی ژیانی کولەمەرگی لەڕێگەی هەڕەشەی گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتی خۆیان یان بەندکردن. هەندێک کات بازرگانان ساختەکارانە هەندێک کرێکاری کۆچبەری بیانیی بەکاردەخەن لە وڵاتانی تر بەڵام دواجار ناچاریان دەکەن یان زۆریان لێدەکەن بۆ کارکردن لە عێراقی فیدراڵ یان لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق.
بەپێی راپۆرتەکان کۆچبەران لە هەرێمی کوردستانی عێراق مامەڵەی تووندتریان لەگەڵ دەکرێت بەراورد بە کرێکاری خۆجێی، لەوانە توندوتیژی جەستەیی و دەروونی، هەروەها بەردەوام لاوازن بەرامبەر بێکاریی یان کەمکاریی یان موچەی کەم و بێبەشکردن لە خۆراک – هەموو ئەمانە نیشاندەرەکانی بازرگانیکردنن بە مرۆڤ. بازرگانەکان ئیستیغلالی عێراقییەکان دەکەن لە دەرەوەی وڵات، لەوانە لە ئەوروپا.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand