ئۆجەلان: ئامادەم هەنگاوی ئەرێنی بنێم و بانگەواز بکەم
2024-12-29 09:23:04
درەو:
دەم پارتی دوای ئەوەی دوێنێ لە ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەوە، ئەمڕۆ ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاندووە:
دەقی راگەیێندراوەکە:
بۆ راگەیاندن و رای گشتی؛
*بەهێزکردنەوەی برایەتی تورک-کورد وەک بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی، لە هەمان کاتدا بۆ دیاریکردنی چارەنووسی هەموو گەلان دیاركەرە، گرنگ و بابەتێكی هەنووكەییە.
بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە، پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکانی تورکیا بەبێ کەوتنە ناو حساباتی کاتی و تەسک، دەستپێشخەری بکەن، بە شێوەیەکی ئەرێنی نزیک ببنەوە و سوودمەند بن، ئەمە زۆر گرنگە، بێگومان یەکێک لە گرنگترین زەمینەکانی ئەم سوودمەندییە پەرلەمانی تورکیا دەبێت.
*پێشهاتەکانی غەزە و سوریا دەریانخست کە چارەسەری ئەم کێشەیە کە بە دەستێوەردانی دەرەکی بەردەوام قووڵتر دەبێتەوە، کەوتووەتە دۆخێک کە چیتر ناکرێت دوابخرێت، لە چوارچێوەی ئەم جددیەتەدا، بۆ سەرکەوتنی ئەم کارە، پشتگیری و پێشنیارەکانی ئۆپۆزسیۆن بەنرخن.
*منیش خاوەنی ئەو تێگەیشتن و بڕیارەم کە بە شێوەیەکی ئەرێنی پشتگیری لەو پارادایمەیە بکەم کە باخچەلی و ئەردۆغان هێزی پێدەدەن.
*شاند ئەم نزیکبوونەوەیەی من لەگەڵ دەوڵەت و ئەگەر پێویست بکات لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان باس دەکات، لەم چوارچێوەیەدا، من ئامادەم هەنگاوی ئەرێنی بنێم و بانگەوازی پێویست بکەم.
*هەموو ئەم هەوڵانەی ئێمە وڵات دەگەیەنێتە ئاستی شایستە و لە هەمان کاتدا دەبێتە ڕێنیشاندەرێکی بەنرخ بۆ گۆڕانکارییەکی دیموکراتی.
*بۆ توركیا و ناوچەكە كات كاتی ئاشتیی و دیموكراسیی برایەتییە.
بەڕێزەوە بۆ رای گشتی،
29ـی کانوونی یەکەمی 2024
پەروین بوڵدان و سڕی سوورەیا ئۆندەر
بابهتی پهیوهندیدار