لەسەر چی رێككەوتوون ؟

Draw Media

2024-06-19 14:09:22



راپۆرت: درەو

ئەگەر هێرش كرایەسەر هەریەكێكمان، هەردووكمان بەیەكەوە بەرگری دەكەین، ئەمە دەكەین بە بنەمای جیهانێكی نوێی فرەجەمسەر، لەپاڵ ئەمەشدا میكانیزم بۆ بازرگانی بەدیل ئەدۆزینەوە، ئەمە كورتەی رێككەوتنی ئەمڕۆی نێوان ڤلادیمیر پوتینی سەرۆكی روسیاو كیم جۆنگ ئون سەرۆكی كۆریای باكور بوو. وردەكارییەكەی لەم راپۆرتەدا.

پشتیوانی كیم بۆ جەنگی ئۆكراینا
سەرۆكی روسیاو كۆریای باكور رێككەوتنێكیان بۆ قوڵكردنەوەی هاوكاری سەربازی نێوانیان ئیمزاكرد، رێككەوتنێك كە وا دەكات لە حاڵی هێرش بۆسەر هەریەكێكیان، هەردووكیان پێكەوە بەرگری بكەن.كیم جۆنگ ئون سەرۆكی كۆریای باكور پەیوەندییە نوێیەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ روسیا وەكو "هاوپەیمانی" ناوهێنا.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دەگمەندا لەگەڵ ڤیلادیمیر پوتینی سەرۆكی روسیا، لە پیۆنگ یانگی پایتەختی وڵاتەكەی، كیم جۆنگ ئون ئیمزاكردنی رێككەوتنی "شەراكەتی ستراتیژی گشتگیر"ی لەگەڵ روسیا راگەیاند، پوتینی سەرۆكی روسیاش وتی: رێككەوتنەكە بوارەكانی بەرگریش لەخۆدەگرێت.
پوتین كە لەماوەی 24 ساڵی رابردوودا یەكەمجارە سەردانی كۆریای باكور دەكات، رایگەیاند، بەپێی ئەو رێككەوتنی شەراكەتە گشتگیرەی ئەمڕۆ ئیمزا كرا، روسیاو كۆریا هەر كامێكیان روبەڕووی دەستدرێژی بوونەوە، دەبێت هاوكاری یەكتر بكەن.
سیئۆل و واشنتۆن بەچڕی چاودێری سەردانەكەی پوتین دەكەن، كە پێدەچێت پەیوەندی دەیان ساڵەی نێوان روسیاو كۆریای باكور رێكبخاتەوە، ئەمەش لەكاتێكدا هەردوو وڵات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی روبەڕووی پەراوێزخستن بوونەتەوە، كۆریای باشورو ئەمریكا نیگەرانن لە پەرەسەندی پەیوەندییە سەربازییەكانی نێوان مۆسكۆو پیۆنگ یانگ.
چین كە پاڵپشتیكاری سیاسی و ئابوری سەرەكی كۆریای باكورو هاوكاتییش هاوپەیمانێكی گرنگی مۆسكۆیە، هیچ كاردانەوەیەكی نییەو بێدەنگە، ئەمە لەكاتێكدایە كیم جۆنگ ئون وتی: رێككەوتنەكە دەكرێت هاوكاری روسیاو كۆریای باكور فراوانتر بكات بۆ بوارەكانی سیاسەت و ئابوری و بەرگریی و سروشتی رێككەوتنەكە "ئاشتیخوازانەو بەرگریكارانە"یە. پەیوەندییەكانی نێوان كۆریای باكورو روسیا گەیشتوەتە بەرزترین ئاستی نوێی هاوپەیمانێتیی.
لەسەرەتای كۆبونەوەی لوتكەكەیان، كیم "پشتیوانی بێ مەرج"ی خۆی بۆ "سەرجەم سیاسەتەكانی روسیا" راگەیاند لەناویدا "پاڵپشتی تەواوەتی و هاوپەیمانی بەهێز" بۆ جەنگەكەی پوتین دژ بە ئۆكراینا.
پوتین وتویەتی: مۆسكۆ دژی سیاسەتی هەژمونخوازانەو ئیمپریالی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی دەجەنگێت. ئەمە بەگوێرەی قسەی میدیاكانی روسیا. بەپێی ئاژانسی فەرمی هەواڵەكانی روسیا، پوتین لە سەرەتای گفتوگۆكانیدا لەگەڵ كیم جۆنگ ئون رایگەیاندووە" پشتیوانی چەسپاو و بەردەوامی ئێوە بۆ سیاسەتەكانی روسیا لەناویاندا سیاسەتی روسیا لە ئۆكراینا، بەرز دەنرخێنین".
وڵاتانی خۆرئاوا بە سەرۆكایەتی ئەمریكا سزایان بەسەر روسیا سەپاند، بەهۆی لەشكركێشی بەرفراوانی پوتین بۆسەر ئۆكراینای دراوسێ لە شوبانی 2022دا، ئەمە لەكاتێكدا بوو مۆسكۆ هێرشەكەی بە "ئۆپراسیۆنێكی سەربازی تایبەت" ناودەبرد.

"پشتیوانی بێ مەرج"
پوتین كە لە لوتكەی ئەیلولدا لە ئەوپەڕی خۆرهەڵاتی روسیا میوانداری كیم-ی كردو بەم میواندارییە هاریكاری سەربازی نێوان هەردوو وڵاتی خێرا كرد، ئەمڕۆ لە پیۆنگ یانگ پێشوازییەكی گەورەی لێ كرا.
پاسەوانی شەرەف لەناویشیاندا سەربازە سوارەكان و ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی مەدەنی لە گۆڕەپانی (كیم ئیل سۆنگ) لە كەناری روباری (تایدۆنگ) كە بەناو پایتەختدا تێدەپەڕێت، كۆبونەوە بۆ پێشوازیكردن لە پوتین، دیمەنەكە منداڵیشی تێدا بوو كە باڵۆن و وێنەی گەورەی هەردوو سەرۆكەكەیان هەڵگرتبوو، لەگەڵ رازاندنەوەی گۆڕەپانەكە بە ئاڵای وڵاتەكەیان.
پاشان كیم و پوتن بەرەو كۆشی (كومسوسان) بەڕێكەوتن بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆی لوتكە، پێشترو بەر لە كۆبوونەوەی لەگەڵ پوتین، كیم جۆنگ ئون وتی: ژینگەی ئەمنیی لەسەرتاسەری جیهان بەشێوەیەكی بەردەوام تادێت ئاڵۆزتر دەبێت، ئەمە پێویستی بە دیالۆگێكی ستراتیژی بەهێزتر هەیە لەگەڵ روسیا.
كیم بە پوتنی وت:" ئەمەوێ جەخت بكەم لەوەی كە ئێمە بەبێ هیچ كۆت و مەرجێك پشتیوانی لە سەرجەم سیاسەتەكانی روسیا دەكەین".
باسی لەوەكرد" كۆریای باكور پشتیوانی و هاوسۆزی تەواوەتی خۆی بۆ سوپاو گەلی روسیا نیشان دەدات لە ئۆپراسیۆنە سەربازییە تایبەتەكانیاندا لە ئۆكراینا بۆ پارێزگاریكردن لە سەروەریی و بەرژەوەندییە ئەمنییەكانیان، ئەمە لەپاڵ پاراستنی سەلامەتی خاكەكەیان".
پوتین ئەمڕۆ گەیشتە فڕۆكەخانەی پۆنگ یانگ، كیم بۆ پێشوازیكردن باوەشی بۆ كردەوە، لەكاتی گەشتەكەیان بۆ میوانخانە فەرمییەكە، هەردووكیان "قسەی ناو دڵی خۆیان" كرد، ئەمەش بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی فەرمی كۆریای باكور.
ئاژانسەكە رایگەیاند" شەراكەتی نێوان هەردوو وڵات بزوێنەری خێراكردنی بنیادنانی جیهانێكی فرەجەمسەری نوێیە"، سەردانەكەی پوتینیش بەهێزی ئەو دۆستایەتی و یەكێتیی نێوانیانی پیشاندا.
روسیا پەیوەندییە گەرم و گوڕەكەی لەگەڵ كۆریای باكور بەكارهێناوە بۆ بێزاركردنی واشنتۆن، ئەمە لەكاتێكدایە كۆریای باكور كە ژێر گەمارۆیەكی تونددایە، پاڵپشتی سیاسی و بەڵێنی پاڵپشتی ئابوری و بازرگانی لە مۆسكۆ وەرگرتووە.
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی ترسیان هەیە لەوەی روسیا یارمەتی پێشكەشی بەرنامە موشەكی و ئەتۆمییەكەی كۆریای باكور بكات، كە بڕیاڕی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان ئەم كارەی قەدەغەكردووە، سەرباری ئەمە پیۆنگ یانگ تۆمەتبار دەكەن بەوەی موشەكی بالیستی و تۆپخانەی بە روسیا داوەو روسیاش ئەو چەكانەی ئۆكراینا بەكارهێناوە، بەڵام مۆسكۆو پیۆنگ یان هەردووكیان گواستنەوەی چەك لەنێوانیاندا رەتدەكەنەوە.

"میكانیزمی بازرگانی جێگرەوە"
دوای ئەوەی هاتنی پوتین بۆ پیۆنگ یان چەند كاتژمێرێك دواكەوت، لە كاتژمێری پێش بەرەبەیانیدا فڕۆكەكەی دەركەوت و كیم بەتەنیا لەسەر فەرشی سور پێشوازی لێكرد، بەڵام بێ ئەو ئاهەنگە گەورەی كە كۆریای باكور لە ساڵی 2019دا بەبۆنەی سەردانەكەی (شی جین بیگ)ی سەرۆكی چینەوە رێكیخست.
دواتر هەردووكیان سواری ئۆتۆمبیلی (لیمۆزینی ئاوروس)ە روسییەكەی پوتین بوون و بەرەو میوانخانەی (كۆمسۆسان)ی دەوڵەت بەڕێكەوتن.
میدیاكان وێنەی شەقامەكانی پیۆنگ یانگ-یان گواستەوە كە بە وێنەی پوتین رازێندراوەتەوە، لەگەڵ دیمەنی روخساری هۆتێل (ریو جیونگ) كە تەواو نەكراوەو لە 101 نهۆم پێكدێت و بە پەیامێكی گەورە لەسەری نوسراوە " بەخێربێیت پوتین".
وەكو ئاماژەیەك بۆ ئەوەی روسیا ئەندامێكی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە كە مافی ڤیتۆی هەیەو هەڵسەنگاندن بۆ نزیكبوونەوەی خۆی لەگەڵ كۆریای باكور دەكات، پوتین بەر لە گەیشتنی ئاماژەی بە بەرەنگاری پیۆنگ یانگ كرد بۆ هەڕەشەو فشارە ئابورییەكانی ئەمریكا.
لە وتارێكدا كە رۆژنامەی فەرمی حزبی دەسەڵاتداری كۆریای باكور بڵاویكردەوە، كیم بەڵێنیدا " پەرە بە میكانیزمەكانی بازرگانی جێگرەوە بدات، میكانیزمێك كە ملكەچ نەبێ بۆ كۆنترۆڵی خۆرئاوا" ئەمە لەپاڵ "بنیادنانی ژێرخانێكی ئەمنیی یەكسان و دابەشنەكراو لە ئۆراسیا".
سەرچاوە: ئاژانسی رۆیتەرز

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand