پرسی موچەو داهاتەکانی حکومەتی هەرێم دوای راگرتنی نەوت
.png)
2025-07-05 18:38:14
راپۆرتی شیكار: درەو
🔻 پاڵپشت بە بەڵگەنامە فەرمییەکان، لە دوای بڕیارەکەی دادگای پاریس بۆ ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ؛
🔹 لە (27) مانگی ڕابردوودا حکومەتی عێراق بە نزیکەی (19 ترلیۆن و 602 ملیار) دینار تەمویلی حکومەتی هەرێمی کردووە، لەو پڕە پارەیەش بە ڕێژەی (100%) حکومەتی هەرێم موچەی (21) مانگی لێ خەرجکردووە.
🔹 لە ماوەی ناوبراودا داهاتی نانەوتی هەرێم نزیکەی (9 ترلیۆن و 941 ملیار و 615 ملیۆن) دینار بووەو بڕی (598 ملیار و 515 ملیۆن) دیناری بە ڕێژەی (6%) گەڕاندووەتەوە بۆ حکومەتی عێراق و زۆرتر لە (9 ترلیۆن و 343 ملیار و 99 ملیۆن) دیناری بە ڕێژەی (94%) ماوەتەوە.
🔹 بە پێی داتا نافەرمییەکان لە ئێستادا کۆی داهاتی نەوتی فرۆشراوی هەرێم مانگانە دەگاتە سەروو (297 ملیۆن 507 هەزار) دۆلار، لەو داهاتەش بە تێکڕا بڕی (84 ملیۆن و 82) دۆلاری بە ڕێژەی (28%) پشکی کۆمپانیاکان و بڕی (213 ملیۆن و 425 هەزار) دۆلاری بەڕێژەی (72%)ی پشکی حکومەتی هەرێمەو داهاتەکەی ناگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی.
سەرەتا
دوو ساڵ و سێ مانگ بەسەر بڕیارەکەی دادگای پاریس، تایبەت بە فڕۆشتنی نەوتی هەرێم بە شێوەی سەربەخۆ تێپەڕی، ئەگەر چی بڕیارەکە بووە هۆی ئەوەی لەو ماوەیەدا حکومەتی هەرێم نەتوانێت بە شێوەی فەرمی نەوتەکەی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکات، بەڵام لێکەوتەی بڕیارەکە نەبووە هۆی ئەوەی حکومەتی هەرێم دەستبەرداری پرۆسەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بێت، بەڵکو بەهەمهێنانی نەوت بەردەوام بووەو بەرهەمەکەش بە ڕێگەی قاچاخ و لە ناوخۆدا بە نیوەی نرخ ساغ کراوەتەوە، داهاتەکەشی بەناڕوونی ماوەتەوەو ئێستا بووە بە یەکێک لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
لە لایەکی دیکەوە بڕیارەکە، حکومەتی عێراقی ناچارکرد پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق جێگیر بکات و شایستەی دارایی هەرێم بەپێی یاسا ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات، لەو چوارچێوەیەدا بەپێی بەڵگەنامەکانی وەزارەتی دارایی عێراق و هەردوو دیوانی چاودێری عێراق و هەرێم لە ماوەی (27) مانگی ڕابردوودا بە گۆژمەو بڕی جیاواز بڕی (19 ترلیۆن و 601 ملیار و 838 ملیۆن و 548 هەزار) دینار تەمویلی حکومەتی هەرێم بکات و حکومەتی هەرێمیش لەو پارەیە (21) موچەی لێدابەشکردووە.
ئەوە لە کاتێکدایە هەر بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەکان لە ماوەی (چارەکی دووەمی 2023 بۆ کۆتایی نیوەی یەکەمی 2025) داهاتی نانەوتی هەرێم بریتی بووە لە (9 ترلیۆن و 941 ملیار و 614 ملیۆن و 725 هەزار و 909) دینار بووەو بڕی (598 ملیار و 515 ملیۆن و 173 هەزار و 377) دیناری بە ڕێژەی (6%) گەڕاندووەتەوە بۆ حکومەتی عێراق و (9 ترلیۆن و 343 ملیار و 99 ملیۆن و 552 هەزار و 532) دیناری بەڕێژەی (94%) ماوەتەوە، لەم ڕاپۆرتەدا وردەکاری تەمویلی بەغدا و داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم و شێوازی خەرجکردنی موچە لە هەرێمی کوردستان ڕووندەکەینەوە.
یەکەم؛ تەمویلی حکومەتی عێراق بۆ حکومەتی هەرێم لەدوای بڕیارەکەی دادگای پاریس
پاڵپشت بە بەڵگەنامە فەرمییەکانی وەزارەتەکانی دارایی عێراق هەرێم لە لایەک و ڕاپۆرتەکانی دیوانی چاودێری داریی هەردوولا، لە دوای بڕیارەکەی دادگای پاریس لە (25/3/2023) بۆ ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ، لە (27) مانگی ڕابردوودا حکومەتی عێراق بە نزیکەی (19 ترلیۆن و 602 ملیار) دینار تەمویلی حکومەتی هەرێمی کردووە، لەو پڕە پارەیەش بە ڕێژەی (100%) حکومەتی هەرێم موچەی (21) مانگی لێ خەرجکردووە، بەجۆرێک؛
1. لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2023) حکومەتی عێراق بە بڕی؛
- بە دوو گوژمە بڕی (998 ملیار) دیناری وەک شایستەی هەرێم خەرج کردووە.
- (ترلیۆنێک و 600 ملیار) دیناری بە قەرز ڕەوانەی هەرێم کردووە.
2. لە نیوەی دووەمی ساڵی (2023) حکومەتی عێراق بە بڕی؛
- بە سێ گۆژەمەی (700 ملیار) دیناری بڕی (2 ترلیۆن و 100 ملیار) دیناری بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران خەرج کردووە.
واتا بە کۆی گشتی لە ساڵی (2023) دا بڕی (4 ترلیۆن و 698 ملیار) دینار ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کراوە.
3. ساڵی (2024) حکومەتی عێراق بە بڕی؛
- لە نیوەی یەکەمی (2024) بڕی (5 ترلیۆن و 73 ملیار و 637 ملیۆن و 990 هەزار) دینار بە گوژەمی جیاوازی وەک شایستەی هەرێم خەرج کراوە.
- لە نیوەی دووەمی (2024) بڕی (5 ترلیۆن و 712 ملیار و 714 ملیۆن و 913 هەزار) دینار بە گوژەمی جیاوازی وەک شایستەی هەرێم خەرج کراوە.
واتا بە کۆی گشتی لە ساڵی (2024) دا بڕی (10 ترلیۆن و 786 ملیار و 352 ملیۆن و 903 هەزار) دینار ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کراوە.
4. لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2025) حکومەتی عێراق بە بڕی؛
- لەچوار مانگی یەکەمی (2025) بڕی (4 ترلیۆن و 117 ملیار و 485 ملیۆن و 644 هەزار) دینار بە گوژەمی جیاوازی وەک شایستەی هەرێم خەرج کراوە.
- لەدوو مانگی کۆتایی نیوەی یەکەمی (2025) واتا مانگەکانی (ئایار و حوزەیران)هیچ بڕە پارەیەک وەک شایستەی هەرێم خەرج نەکراوە.
خشتەی ژمارە (1) پشتڕاستی ئەوە داتایانە دەکاتەوە.
وەک لە خشتەی (1)دا ڕوونکراوەتەوە لە (27) مانگی ڕابردوودا حکومەتی عێراق بە نزیکەی (19 ترلیۆن و 602 ملیار) دینار تەمویلی حکومەتی هەرێمی کردووە، بە تێکڕای مانگەنە بە بڕی (933 ملیار و 420 ملیۆن و 883 هەزار) دیناری حکومەتی هەرێم موچەی (21) مانگی لێ خەرجکردووە، (6) موچەی مانگەکانی (تشرینی یەکەم، تشرینی دووەم و کانونی یەکەمی (2023) و کانونی یەکەمی (2024) و ئایار و حوزەیرانی (2025)) خەرجنەکراوە، وەک ئەوەی لە خشتەی ژمارە (2) دا ڕونکراوەتەوە.
خشتەی ژمارە (2)
دووەم؛ داهاتی نانەوتی حکومەتی هەرێم لەدوای بڕیارەکەی دادگای پاریس
بەپێی ڕاپۆرتەکانی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێم لە ماوەی (25/3/2023 بۆ 30/6/2025) داهاتی نانەوتی هەرێم کە خۆی لە سەرچاوەکانی داهاتی (باج، ڕەسم و گومرگ) دەبینێتەوە، نزیکەی (9 ترلیۆن و 941 ملیار و 615 ملیۆن) دینار بووەو بڕی (598 ملیار و 515 ملیۆن) دیناری بە ڕێژەی (6%) گەڕاندووەتەوە بۆ حکومەتی عێراق و زۆرتر لە (9 ترلیۆن و 343 ملیار و 99 ملیۆن) دیناری بە ڕێژەی (94%) ماوەتەوە. بە جۆرێک؛
1. لە تەواوی ساڵی (2023) کۆی داهاتی نانەوتی هەرێم بریتی بووە لە (4 ترلیۆن و 656 ملیار و 554 ملیۆن و 483 هەزار) دینار، واتە بە تێکڕای مانگانەی (388 ملیار و 46 ملیۆن و 206 هەزار و 956) دینارە. بەم پێیە بە نۆ مانگی کۆتایی ساڵی (2023) و لە دوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە داهاتی نانەوتی هەرێم بریتی بووە لە (3 ترلیۆن و 492 ملیار و 415 ملیۆن و 862 هەزار و 601) دینار.
2. لە تەواوی ساڵی (2024)دا کۆی داهاتی نانەوتی هەرێم بریتی بووە لە (4 ترلیۆن و 700 ملیار و 9 ملیۆن و 926 هەزار) دینار، واتە بە تێکڕای مانگانەی (391 ملیار و 667 ملیۆن و 493 هەزار و 893) دینار.
3. بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیوانی چاودێری دارایی عێراق بە تێکڕا داهاتی نانەوتی هەرێم لە ساڵی (2025) مانگانە بۆ (291 ملیار و 531 ملیۆن و 489 هەزار و 433) دینار دابەزیوە، بەم پێیە کۆی داهاتی نانەوتی هەرێم تا لەسەرەتای ساڵەوە بۆ (30 حوزەیرانی 2025) بریتی بووە لە (ترلیۆنێک و 749 ملیار و 188 ملیۆن و 936 هەزار و 595) دینار.
خشتەی ژمارە (3) داهاتی نانەوتی هەرێم لە (25/3/2023 بۆ 30/6/2025) ڕوندەکاتەوە.
خشتەی ژمارە (3)
سێیەم؛ داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان
پاڵپشت بە داتاکانی "ڕێکخراوی ڕونین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت" لە ئێستا هەشت کێڵگەی نەوت لە هەرێمی کوردستان، بەرهەمیان هەیە، پێکەوە بە تێکڕای ڕۆژانە سەروو (300 هەزار) بەرمیل نەوت و مانگانە نزیکەی (9 ملیۆن) بەرمیل بەرهەم دەهێنن.
بەرهەمی نەوتی ئەو کێڵگانە هەر بەرمیلێکی لە نێوان (27 بۆ 39) دۆلار و بە تێکڕا بە (34) دۆلار ساغدەکرێنەوە، بەو مانایەی مانگانە کۆی داهاتی نەوتی فرۆشراوی هەرێم دەگاتە سەروو (297 ملیۆن 507 هەزار) دۆلار، لەو داهاتەش بە تێکڕا (72%)ی پشکی حکومەتی هەرێم و (28%) پشکی کۆمپانیاکانە، هیچ بەشێک لەو داهاتەنەش ناگەڕێنەوە بۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەربارەت بە وردەکاری بەرهەم و داهاتی کێڵگەکان بڕوانە خشەتی ژمارە (4).
خشتەی ژمارە (4)
