درەو: نوسەرو شارەزایەكی ئەمریكی داوا لە وڵاتەكەی دەكات رۆڵبگێرێت لە گێرانەوەی ئەو (ملیار )دۆلارەی هەرێمی كوردستان كە لە لوبنان دەستی بەسەردا گیراوە، لەبارەی هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم بۆ روبەروبونەوەی قەیرانی كۆرۆنا و دارایی دەڵێت" مەسرور بارزانی سەركەوتوو بووە لە روبەروبونەوەی لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام كەمكردنەوەی موچە‌و دەماڵەی موچەخۆران كابینەكەی دەخاتە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی گەورەوە، كە كابینەكەی پێش خۆی هەوڵی چاكسازی لەباربرد". (مایكل نایتس) شارەزا لەكاروباری سەربازی‌و ئەمنیی عێراق‌و ئێران‌و وڵاتانی كەنداو لەوتارێكدا بە ناونیشانی(چۆن دەكرێت خزمەتی بەرژوەندی ئەمریكا بكرێت لەڕێی ڕزگاركردنی ئابوری كوردستان)، كە لە پێگەی (THE WASHNGTON INSTITUTE ) نوسیویەتی" بۆ جاری دووەم‌و لەماوەی چەند ساڵێكدا هەرێمی كوردستان، ئەو بەشەی عێراق كە زۆرترین پشتیوانی ویلایەتە یەكگرتووەكان دەكات، ڕووبەڕووی داڕمانی ئابوری دەبێتەوە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت‌و، بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا، تەواونەكردنی چاكسازییە ئابورییەكان‌و، نەبوونی یەدەگی سیادی" (مایكل نایتس) لەبارەی سەرچاوەكانی داهاتی هەرێمەوە ئاماژە بەوەدەكات: هەرێمی كوردستان وەك حكومەتێكی نیمچە سەربەخۆ پشت بە دوو سەرچاوەی داهات دەبەستێت، یەكەمیان داهاتی تایبەت بە هەناردەكردنی نەوت كە داهاتی سەرەكییە‌و، ڕۆژانەی 320 هەزار بەرمیل نەوت بەشەریكی لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت لەهەرێم‌و هەندێك كۆمپانیای تری نێودەوڵەتی هەناردە دەكات، لەگەڵ نزیكەی 170 هەزار بەرمیل كە هەرێم خۆی ئیدارەی دەدات. سەرچاوەی دووەمیشیان ئەو پارەیەیە كە لەبەغدادوە دەستی دەكەوێت‌و، ساڵانە گۆڕانكاری بەسەردا دێت. (نایتس) دەشڵێت: لەكۆتایی ساڵی 2019دا، ئابوری هەرێم تا ئاستێك لەدۆخێكی باش‌دا بوو لەسایەی نرخی نەوت كە64 دۆلار بوو بۆ بەرمیلێك، بەڵام قەیرانەكانی ئێستا ئەو وێنە ئومێد بەخشەی لەناوبرد، وێڕایی دابەزینی بودجەی بەكاربردنی مانگە بە نزیكەی 950 ملیۆن دۆلار، داهاتەكانی هەرێم لە 648 ملیۆن دۆلار تێپەڕناكات. ئەوەش خۆی لەو پارەیە دەبینێتەوە لەبەغداوە بۆ دێیت كە بڕەكەی (328) ملیۆن دۆلارە. لەگەڵ ئەوەی بەسەربەخۆ دەیفرۆشێت كە بڕەكەی 270 ملیۆن دۆلارە، داهاتە ناو نەوتییەكانیشی 50 ملیۆن دۆلارە. ئەو كورتهێنانە مانگانەیەی دروست دەبێت بڕەكەی 300 ملیۆن دۆلارە، ئەوەش سەركردەكانی هەرێمی هانداوە بۆ بیركردنەوە لە كەمكردنەوەی پێدانی پارە بە وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتییەكان كە بڕی مانگانەی بە 270 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت، وەك بەدیلی كەمكردنەوەی مووچە. ئەو نوسەرە ئەمركییە لەبارەی چۆنییەتی ڕزگاكردنی ئابوری هەرێمەوە نوسیویەتی: لەسایەی ئەو قەیرانی داراییە، حكومەتەكان مەیلیان بەلای كەمكردنەوەی پارەی وەبەرهێنەرە بیانییەكاندایە، ئەوە لەكاتێكدایە متمانەی وەبەرهێنەرەكان بە كوردستان زۆر لاوازە بەهۆی زنجیرە قەیرانەكانی ڕابردوو، تەنانەت پێش ئەم دۆخەش، هەرێم لەكۆتایی ساڵی 2019 لەپێدانی پارەی وەبەرهێنەرەكان دوادەكەوت بەهۆی سڕكردنی یەدەگی دارایی لە بانكی دەریای ناوەڕاست(بحر ئەلمتەوەست) لەلوبنان. (نایتس) لەبارەی ئەولەویەتی سیاسەتی ئەمریكا لەكوردستان لەم دۆخەدا بەوپێیەی یەكێكە لە بەهێزترین هاوڕێ نزیكەكانی ئەمریكا لەناوچەكە بەپێویستی دەزانێت ئەمریكا هاوكاری هەرێم بكات لەڕێی: 🔹 زامنكردنی پشكی هەرێم لە بودجەی بەغداد بۆ ساڵی 2020، كاتێك نەوت لەنزیكەی 30 دۆلار لەنگەر دەگرێت هەرێم ناتوانێت خەرجییەكانی لەڕێی فرۆشتنی نەوتەوە دابین بكات. پێویستە لەسەر واشنتۆن هەژموونی خۆی‌و دامەزاروە داراییە نێودەوڵەتییەكان بەكاربهێنێت بۆ زامنكردنی ئەوەی كوردەكان ڕووبەڕووی سزای نادادپەروەرانە نەبنەوە. بەپێویستیشی دەزانێت بەرپرسانی ئەمریكا پێداگری بكەن لەسەر پێدانی پشكسی هەرێم لەو هاوكارییە نێودەوڵەتییانەی دەدرێتبە عێراق بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا. 🔹 زامنكردنی پێدانی شایستە داراییەكان لەلایەن هەرێمەوە بە وەبەرهێنەرە بیانییەكان. پێویستە لەسەر وەزارەتی وووزەی ئەمریكا دەستبەجێ بە بەرپرسانی هەرێم ڕایگەیەنێت كە پلانی ئێستایان بۆ دواخستنی پارەی كۆمپانیاكان كە 4 مانگ دواكەوتووە بۆ 9 مانگی تر دوابخرێت بەلانی كەمەوە، ئەو متمانە كەمەی وەبەرهێنەران ماویانە بەهەرێم ئەوەش لەناودەبات. لەبری ئەوە پێویستە بەرپرسانی هەرێم لەگەڵ وەبەرهێنەرەكان كۆببنەوەو ڕێككەوتنێكی بەپەلە بكەن لەسەر داواخستنی شایستەداراییەكان بەڕەزامەندی هەردوولا. جوڵەكردنی بەپەلە كارێكی بنەڕەتییە، چونكە داڕمانی وەبەرهێنەرێك دەبێتە هۆی ترساندنی ئەوانەی تریش. 🔹 هاوكاریكردن لە ئاڵوگۆڕكردنی دیزلی هاوردەكراو بە غازی كوردی. وەزارەتی ووزەی ئەمریكا لەدۆخێكی باشدایە بۆ پشتیوانیكردنی پلانی هەرێم كە بەنیازی فراوانكردنی دابەشكردنی غازی سروشتتیە بەجۆرێك وێستگەكانی ووزە بگرێتەوە كەتائێستا بە دیزیلی گران بەهای هاوردەكراو كاردەكەن، ڕەنگە ئەم هەنگاوە مانگانە ملیۆنان دۆلار بۆ كوردەكان بگێڕێتەوەو، 750 میگاوات كارەبای زیادەش بە بڕەپارەیەكی كەم بەرهەمبهێنێت. 🔹 كڕینی نەوت كورد. یەدەگی ستراتیجی ئەمریكا لەئێستادا نەوت بە نرخێكی هەرزان دەكڕێت، زۆربەی ئەو نەوتە لەبەرهەم هێنەرە ئەمركییەكان دەكڕێت، بەڵام بوار هەیە هەندێكی لەدەرەوە بكڕێت، بۆ نمونە واشنتۆن دەتوانێت نەوتی خاوی كورد بكڕێت وەك شێوەیەك لەشێوەكانی قەرزی درێژخایەن‌و ئاسان لەم دۆخە ناهەموارەدا. 🔹 پشتیوانیكردنی پێشمەرگە. ئەمریكا لەئێستادا 17 ملیۆن دۆلاری مانگانە دەدات بە هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبوڕووبونەوەی داعش‌و ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام ئەو هاوكارییە ساڵی ڕابردوو لە 23 ملیۆن دۆلارەوە كەمكرایەوە بۆ ئەو بڕەو، بڕیارە مانگی نیسان بە تەواوی ڕابوەستێت. پێویستە واشنتۆن لەسەر پێدانی ئەو هاوكارییە بەردەوامبێت تا ئەو كاتەی پێویست دەكات‌و، بڕكەشی زیادبكرێتەوە بۆ ئاستی ڕابردوو. 🔹 هاوكاریكردن لە گێڕانەوەی پارەكان لە بانكی (بەحر ئەلمتەوەست)، هەرێمی كوردستان خاوەنی یەك ملیار دۆلاری سڕكراوە لەو بانكە لوبنان_یە، ئەوەش بڕە پارەیەكە دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە گۆڕانگاری ئابوری هەرێم لەمەودای نزیكدا. بەوپێیەی ویلایەتەیەكگرتووەكان وەبەرهێنەرێكی سەرەكی‌و لایەنێكی چالاكە لەبواری خزمەتگوزاری دارایی، ڕەنگە بتوانێت پرۆسەی گێڕانەوەكە خێرابكات. 🔹 دڵنیاكردنەوەی مەسرور بارزانی‌و دەستكردن بە چاكسازییەكان، سەرۆكی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پابەندە بەجێبەجێكردنی چاكسازی ئابوری، بەڵام حكومەتی پێشوو ئەو هەوڵەی لەسەرەتاوە لەباربرد لەڕێی نەهێشتنی كۆتوبەندەكان لەسەر كەمكردنەوەی مووچە لەكۆتایی ماوەی ویلایەتەكەی (كۆتایهێنان بە سیستمی پاشەوكەوتی مووچە)، كە ئەوەش تێچووی 200ملیۆن دۆلاری مانگانەی خستووەتە ئەستۆی حكومەتی ئێستا. مامەڵەی چالاكی مەسرور بارزانی لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا توانا‌و بەهێزیی ئەو دەردەخات وەك ڕیفۆرمخوازێكی ئابوری، كەمكردنەوەی مووچەو دەرماڵەكانیش لەم قۆناغەدا بەیەكەم تاقیكردنەوەی بەردەمی دادەنرێت.
(درەو): محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی پێشووی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (روسیا الیوم): 🔹 لە پرسی پێکهێنانی حکومەتدا محەمەد حەلبوسی لە پێکهاتەی سوننەو نوری مالیکی و چەند لایەنێکی هاوپەیمانی فەتح لە دژم بوون و ئەوان هۆکاربوون نەتوانم حکومەتەکە پێکبهێنم. 🔹 سەرەتا بەتەواوەتی لەگەڵ کورد تێڕوانینمان جیاوازبوو، بەڵام لە کۆتایدا لەگەڵ کورد گەیشتمە رێککەوتنی تەواوەتی، هەرچەندە دەرکەوت کورد لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ حەلبوسی هەبوو لەبارەی ئەوەی پێکەوە بەشداری حکومەت بکەن یاخود بەشدار نەبن. 🔹 ئیران هیچ رۆڵێکی نەبوو لە کاندیدکردنمدا بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، بەڵام ئێرانییەکان دەیانزانی من کەسێکم کە دژیان نیم و لە ململانێی ئێران- ئەمریکادا لە ناوەڕاستدا راوەستاوم. 🔹 من پەیوەندیم دێرینم لەگەڵ ئەمریکیەکان هەیە، بەڵام پەیوەندییەکانم سیاسی نەبوون، ئەمریکیەکان لە کاندیدکردنم بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران سەرەتا هەڵوێستیان روون نەبوو، بەڵام دواتر‌و دوای چەند دیدارێک لەگەڵ باڵیۆز‌و قسەکردن لەگەڵ مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوە بۆیان رونبووەوە کە من پاڵپشتی لە ئێران ناکەم و بێلایەنم. 🔹 پێموایە دەرفەتی عەدنان زوری بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت لە رێژەی ٥۰٪ تێناپەڕێت. 🔹 ئێستا ناوی هەریەکە لە عیزەت شابەندەرو عەبدولکەریم عەبتان و مستەفا کازمی دەهێنرێت بۆ کاندیدکردنیان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، بەبۆچونی من لە کۆتایدا هەموو ئەم ناوانە لادەبرێن و کەسێکی تر کاندید دەکرێت. 🔹 هیچ رێککەوتن و سازشێکم بۆ موقتەدا سەدر نەکرد، یەکەم دانوستان کە کردم لەگەڵ سائیرون و فەتح بوو، داوام لێکردن بەهیچ جۆرێک دەستوەردان نەکەن و حکومەت بەشێوەی پشکێنە نابێت، ئەوان پێیان وتم رەزامەندن لەسەر ئەو مەرجانە.
درەو: 🔻 نەوتی برێنت لە 23دۆلارەوە بۆ 31 دۆلار بەرزبوەوە 🔻 نەوتی خاو لە 20 دۆلارەوە بۆ 25 دۆلار بەرزبوەوە درەو: نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بەرزبوەوە لەدوای پەیوەندییە تەلەفۆنیەكەی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سوعودیە . لەدوای پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەوە ترەمپ رایگەیاند پێشبینی دەكەم رۆژانە 10 ملیۆن بەرمیل نەوت كەمبكرێـەوە بەوەش راستەوخۆ نرخی نەوتی بەرزكردەوە بە جۆرێك نرخی نەوتی برێنت لە 23 دۆلارەوە بۆ 31 دۆلار بەرزبوەوەو نرخی نەوتی خاویش لە 20 دۆلارەوە بۆ 25 دۆلار بەرزبوەوە. 🔹 ئێستا نرخی نەوت لە بازارەكانی جیهاندا بەم شێوەیەیە: 🔸 نەوتی برێنت: 31.68 دۆلارە 🔸 نەوتی خاو : 25.87 دۆلارە 🔹 بەڵام لە 2020/3/30 نرخی نەوت بەم شێوەیە بوو : 🔸 نرخی نەوتی برێنت : 23.3 دۆلار 🔸 نرخی نەوتی خاو : 20.34 دۆلار
درەو: مانگانە(80 ملیۆن ) دۆلار لە داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان دەدرێت بە توركیا‌و بۆ مانگی چوار تەنها (60) ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوت بۆ حكومەت دەمێنێتەوە. بەپێی راپۆرتی نهێنی و تایبەتی ئامادەكراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێمی كوردستان كۆی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ مانگی چوار (پێشبینیكراوی حكومەتی هەرێم) بەم شێوەیەیە:. • رۆژانە هەرێمی كوردستان (435 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردەدەكات. • بەرمیلی نەوت بە (20 دۆلار) دەفرۆشرێت • داهاتی مانگی چواری نەوتی هەرێم (261 ملیۆن) دۆلار دەكات لەو بڕە (261 ملیۆن) دۆلارە • (30 ملیۆن ) دۆلار بۆ توركیا مافی گواستنەوەی نەوت • (50 ملیۆن ) دۆلار بۆ قەرزی توركیا • (60 ملیۆن ) دۆلار بۆ كۆمپانیای رۆز نەفت • واتا (120 ملیۆن )دۆلار دەمێنێتەوە كە (50%)ی بۆ كۆمپانیا بەرهەمهێن دەچێت، واتا لە مانگی چواردا تەنها (60 ملیۆن) دۆلار دەمێنێتەوە. ئەم شیكاریە راپۆرتی تایبەت و ئامادەكراوی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ مانگی چوار. بەڵام هەر بەپێی راپۆرتەكە لە مانگی رابردوودا پارەی نەوتی هەرێم بۆ موچە (295 ملیۆن) دۆلار بووە، بەڵام بۆ مانگی چوار دەبێت بە (60 ملیۆن) دۆلار، واتا داهاتی نەوتی هەرێم بۆ موچە (80%) كەندەبێتەوە. بەڵام بەپێی لێكدانەوەو زانیاری پەرلەمانتاران‌و شارەزایانی بواری نەوت داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێم زۆر لەو بڕە زیاتر بووە كە حكومەتی هەرێم باسی كردووە بە جۆرێك: • حكومەتی هەرێم پێشتر مانگانە تەنها بڕی (295ملیۆن) دۆلاری داوەتە حكومەت بۆ موچە لە كاتێكدایە: • هەرێم رۆژانە (470 هەزار ) بەرمیل نەوتی رەوانە كردوو‌و • نرخی بەرمیلێك نەوتی بە (50 دۆلار ) فرۆشتووە • داهاتی یەك مانگی نەوتی هەرێم ( 700 ملیۆن) دۆلار بووە لەو بڕە حكومەت تەنها (295 ملیۆن) دۆلاری داوە بە وەزارەتی دارایی بۆ موچە كەواتا ( 405ملیۆن) دۆلاری دەمێنێتەوە، خۆ ئەگەر (200ملیۆن) دۆلاریشی بۆ قەرزو كرێی كۆمپانیاكان بچێت (205 ملیۆن) دۆلاری دەمێنێتەوە. ناشەفافی و ئاڵۆزی لە داهاتی نەوت گومانەكانی گەندەڵی لەو كەرتەدا زیاتر كردووە، بە جۆرێك لەدوای پرۆسەی سەربەخۆی نەوتەوە هەرێمی كوردستان بەردەوام لە قەیرانی داراییدا بووە.
راپۆرتی: درەو راپۆرتێكی نهێنی ئەنجومەنی وەزیرانی ئاماژە بەوە دەكات بەهیچ شێوەیەك باسی كەمكردنەوەی موچە نەكرێت و دابەشكردنی موچە لە رۆژ45 تا 60 رۆژ دوابخرێت، لەبەر ئەوەی داهاتی مانگی چوار تەنها (520ملیۆن) دۆلارەو (419) ملیۆن دۆلار لەدەستدراوە. بەپێی پەیپەرێكی ئامادەكراوی كە لەلایەن تیمێكی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئامادەكراوەو ناوەڕۆكەكەی لەبەردەستی (درەو)دایە، كۆمەڵێك پێشنیاز دەخاتە بەردەست حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرباز بوون لەو بارودۆخەكەی كە ئێستا روبەروی حكومەت بۆتەوە بەتایبەتیش بۆ موچەی مانگی داهاتوو كە لە ناوەڕاستی مانگی چواردا دابەشدەكرێت. پەیپەرەكە باس لە داهاتی خەمڵێنراوی مانگی چوار دەكات كە لە كۆی ( 939) ملیۆن دۆلارەوە بۆ (520 ملیۆن) دۆلار كەمیكردەوە كە بەم شێوەیەیە:. - داهاتی نەوتی هەرێم كە رۆژانە ( 435) هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكرێت و داهاتی مانگێكی فرۆشی نەوت بە (20)دۆلار بۆ هەربەرمیلێك دەكاتە ( 261 ملیۆن) دۆلار، لەم بڕە: - 60 ملیۆن دۆلار بۆ كۆمپانیای رۆز نەفت - 30 ملیۆن دۆلار بۆ توركیا مافی گواستنەوەی نەوت - 50 ملیۆن دۆلار بۆ قەرزی توركیا - 120 ملیۆن دۆلار دەمێنێتەوە كە (50%) بۆ كۆمپانیای بەرهەمهێن دەچێت كەواتا هەرێم لە مانگی (4) تەنها (60 ملیۆن) دۆلاری بۆ دەمێنێتەوە لە فرۆشی نەوتی هەرێم. - داهاتی ناوخۆ بەپێی خەمڵاندنی وەزارەتی دارایی بۆ مانگی (4) تەنها (60ملیۆن) دۆلار دەرێت - ئەگەر بەغداد بۆ مانگی (4) پارە وەكو خۆی بنێرێت (383 ملیۆن) دۆلار. - 17 ملیۆن دۆلار هاوكاری هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی - كۆی گشتی داهاتی خەمڵێنراو بۆ مانگی (4) دەكاتە (520 ملیۆن) دۆلار. - ئەگەر بەراوردی داهاتی مانگی (1) بە مانگی (4 ) بكەین لە داهاتی ناوخۆ و فرۆشی نەوتی هەرێم (419ملیۆن) دۆلار لەدەستدراوە. پێشنیاز بۆ موچەی مانگی چوار (كە موچەی مانگی یەكە): لیژنە باڵاكەی ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازی كردووە كە لە مانگی (4) كە داهاتی گشتی (520) ملیۆن دۆلار دەبێت(475 ملیۆن) دۆلاری بۆ موچە تەرخانبكرێت كە خۆی پێویستی بە(755 ملیۆن) دۆلار هەیە و (45 ملیۆن) دۆلاریش بۆ میزانیەی تەشغیلی بێت. لیژنەكە 3 پێشنیازی كردووە:- پێشنیازی یەكەم: بەهیچ شێوەیەك باسی كەمكردنەوەی موچە نەكرێت ( بۆیە لە راگەیەنراوەكەی ئەنجومەنی وەزیراندا باس لەوە كرایە كە دەستكاری موچە ناكرێت) چونكە یاسای چاكسازی ئامادە نیەو پارەیەكی زۆریشمان بۆ ناگەڕێتەوەو موچە لە ماوەی (30 )رۆژدا دابەش نەكرێت بەڵكو (45) رۆژ یان (60) رۆژ جارێك بێت پێشنیازی دووەم: ئێمە مانگانە پێویستمان بە (755 ملیۆن) دۆلار هەیە بۆ موچە بەڵام ئێستا (475 ملیۆن) دۆلارمان بۆ دابیندەكرێت كەواتە دەبێت (279 ملیۆن) دۆلار كەمبكرێتەوە لە موچەی مانگی (4) كە دەكاتە (37%)ی كۆی گشتی موچە وە دیاری بكەین زۆترین موچە (3) ملیۆن دینار بێت و كەمترین موچەش (250 هەزار) دینار بێت لە شارستانی سەربازی ەوە موچەی خانەنشینی (60 ) رۆژ جارێك موچەیان پێبردرێت چونكە ناتوانین بە پێی یاسا موچەكانیان كەمبكەینەوە. پێشنیازی سێیەم: - هەموو (30) رۆژ جارێك موچە بدەین بەم شێوەیە: - یەكەم: تەواوی موچەی بنەڕەتی (50%)ی دەرماڵەی بنەرەتی و خێزان و منداڵ بدەین - دووەم: (50%) دەرماڵەی ترسناكی بۆ ئەو كەسانەی كە بەكردەیی لە كەرتی سەربازی و ئەمنی كاردەكەن بدەین
راپۆرتی: درەو زیاد لەهۆكارێك وادەكەن ترس لەڕوودانی كودەتای سەربازی لەعێراق گریمانەیەكی واقیعی‌و چاوەڕوانكراو بێت نیگەرانیی بەردەوامی ئەمریكا لەهەژموونی ئێران لەعێراق و ئەو جەنگە كراوەیەی واشنتۆن لەگەڵ گروپە چەكدارەكانی شیعە لەعێراق لەسەرەتای ئەمساڵەوە دەستیپێكردووە، چۆڵكردنی چەند بنكەیەكی سەربازی‌و، كۆكردنەوەی هێزەكانی لەدوو بنكەی سەربازی(حەریرو عەین ئەسەد)و بەهێزكردنی ڕێوشوێنە ئەمنییەكان‌و دانانی سیستمی بەرگری پاتریۆت لێیان، گیرۆدەبوونی تاران بە پەتای كۆرۆنا، ڕاسپاردنی كەسێك بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ لەعێراق لەدەرەوەی خواستی هێزەكانی نزیك لەتاران، كۆمەڵە ئاماژەیەكن بۆ ئەگەری رودانی كودەتا لە عێراقدا. كودەتای سەربازی یەكێك بوو لەو كارتە بەهێزانەی ئەمریكا لەسەروبەندی هەوڵەكانی بۆ ڕووخاندنی رژێمی پێشوو كاری لەسەر دەكرد، ئامانجی واشنتۆن لەوكاتەدا هاندانی فەرماندەكانی سوپای عێراق بوو بۆ ئەنجامدانی كودەتا بەسەر رژێمی (سەدام حسێن)دا، بەڵام هەوڵەكانی شكستهێناو، سەرەنجام لەڕێی هێزەوە ئەوكارەی كرد. لێروە بەدواوە، بڕوای باو كودەتای وەك زۆرێك لەڕووداوە خوێناوییەكانی تری لەعێراق كرد بە بەشێك لەمێژوو. دیموكراسی‌و بەشداری پێكهاتە جیاوازەكان لەناوەندی بڕیاری سیاسی، كۆتایهاتنی سەردەمی تاكحزبی‌و دابەشبوونی هێز بەسەر كۆمەڵێك ناوەندی جیاواز، ئەو قەناعەتەی تۆخكردەوە كە عێراق سەردەمی كوەدەتای تێپەڕاند. بەڵام زۆری پێنەچوو ترس لەكودەتا هاتەوە ناو فەرهەنگی سیاسی‌و، ئەمریكا‌و سیاسییەكانی عێراق چی وەك ترسێكی جدی‌و، هەمیش وەك كارتی سیاسی بەكاریانهێنا. كودەتا وەك كارتی فشار لەسەردەمی (نوری مالیكی)دا‌و، بە دیاریكراوی ساڵی 2008 ترس لەئەگەری ڕوودانی كودەتا لەعێراق وەك مەترسییەكی جدی هاتەوە بەرباس، ژمارەیەك لەسەركردە عێراقییەكان لەوانە(عادل عەبدولمەهدی، مەسعود بارزانی، ئەحمەد چەلەبی) وەك ئەگەرێكی چاوەڕوانكراو ئاماژەیان پێدا. ئەمریكییەكان لەو سەردەمەدا ڕۆڵی دیاریان گێڕا لەگەورەكردنی مەترسی ڕوودانی كودەتا لەعێراق، ئەوەش زیاتر بۆ دروستكردنی فشار بوو لەسەر حكومەتی (نوری مالیكی) بۆ ئیمزاكردنی ڕێككەوتنی ئەمنیی لەگەڵ واشنتۆن بەو مەرجانەی خوازیاریبوون. ململانێكانی ناو هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەش لەوكاتەدا ڕێگەخۆشكەر بوو بۆ قسەكردن لەئەگەری ڕوودانی كودەتا، بەپاساوی شكستهێنانی دەسەڵات لەعێراق‌و، بەبنبەست گەیشتنی پرۆسەی سیاسی. هەرێمی كوردستانیش لەوكاتەدا لەگەڵ حكومەتەكەی (نوری مالیكی) لەكێشمەكێشدا بوون‌و، سوپای عێراق پرۆسەی سەربازی (هەڵمەتی سوارچاكان)ی ، لەناوچەكانی ناوەڕاست‌و باشوری عێراق دەستپێكردبوو، لەگەڵ هێزی پێشمەرگەش ڕووبەڕوو وەستابوون، بۆیە وروژاندنی ئەو پرسە لەوكاتەدا بایەخی خۆی هەبوو. دوای ڕەوینەوەی دۆخەكە، باسكردن لە كودەتا لەعێراق وەك سیناریۆیەك لێكدرایەوە بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی سیاسی، ئەمریكا ئەوەی ویستی بەدەستیهێناو ڕێككەوتنەكەی بەمەرجەكانی خۆی تێپەڕاند. سیاسییەكانی عێراقیش هەریەكەو بەجۆرێك توانیان پێگەی خۆیان‌و ئاراستە سیاسییەكان لەململانێكاندا بەهێزبكەن، بەڵام ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع لەئارادا نەبوو، یان دواتر دەنگی نەما، ئەگەری ڕوودانی كودەتا بوو لەعێراق!. تاران وروژاندویەتی ئێستا جارێكی تر ئەم مەسەلەیە هاتووتەوە بەرباس، بەڵام ئەوەی ئەمجارە پركەسەی وروژاندووە نە ئەمریكایەو نە سیاسییەكانی عێراقن، بەڵكو دەزگا هەواڵگری‌و ئەمنییەكانی ئێرانن، كە بەوتەی خۆیان زانیاری وردیان لەسەر جموجۆڵەكانی واشنتۆن لەعێراق دەستكەوتوەو، كودەتای سەربازی وەك ئەگەرێكی نزیك‌و چاوەڕوانكراو بۆ هەڵگێڕانەوەی سیستمی حوكم لەعێراق لەئارادایە. بەرپرسانی ئێران دەڵێن، واشنتۆن سەرقاڵیی تارانی بە پەتای كۆرۆنا قۆستوەتەوەو دەیەوێت دەسەڵات لەبەرژوەندی خۆی بگۆڕێت لەعێراق. ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ ڕاسپاردنی (عەدنان زورفی) بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ لەعێراق كەهێزەكانی نزیك لە ئێران بەچاوی ترس‌و گومانەوە لێیدەڕوانن. ڕۆژنامەی "ئەلجەریدە"ی كوەیتی ڕۆژی 22 مانگی ئازاری ڕابردوو لەزاری سەرچاوەیەك لە(فەیلەقی قودسی) ئێرانییەوە بڵاویكردەوە: سوپای پاسدارانی ئێران‌و گروپە چەكدارەكانی سەربە حەشدی لەحاڵەتی ئامادەباشیدان‌و، پێشبینی دەكەن كودەتا سەربازی بە پشتیوانی ئەمریكا لەبەغداد ڕووبدات بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دەسەڵات. بەوتەی سەرچاوەكەی سوپای قودس، واشنتۆن سەرقاڵیی تارانی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا قۆستوەتەوەو هەوڵی جێبەجێكردنی پلانی كودەتا دەدات لەعێراق، وتوشیەتی: بەرپرسانی ئێران بەچڕی لەگەڵ كورد‌و سوننە كەوتونەتە گفتوگۆ بە ئامانجی پێكهێنانی هاوپەیمانێتیەك بۆ ڕووبەڕووبونەوەی پلانە نوێكەی ئەمریكا. وروژاندنی پرسی كودەتا لەعێراق لەلایەن ئێرانەوە، هاوكاتە لەگەڵ هاتنە پێشەوەی ناوی (عەدنان زورفی) پارێزگاری پێشوی نەجەف‌و سەرۆكی كوتلەی هاوپەیمانی نەسر، كە ڕۆژی 17 مانگی ئازاری ڕابردوو لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە ڕا‌سپێردرا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، هێزەكانی نزیك لەئێران بەتوندی دژی وەستاونەتەوەو ڕاسپاردنەكە بە پلانێكی ئەمریكی دەزانن بۆ لێدانی بەرەی"مقاومە" وەك خۆیان دەڵێن. بەتایبەت لەم كاتەدا كە لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق لەشەڕێكی دەستەویەخەدان. "درۆی كودەتا" (ماجید سامەرائی)نوسەرو ڕاگەیەندكاری عێراقی لەوتارێكدا لەژێر ناونیشانی "درۆی سیناریۆی كودەتای سەربازی لەعێراق" دەڵێت: لەكاتێكدا جیهان‌و عێراق سەرقاڵی دابینكردنی توانای پێویستن بۆ ڕووبەڕووبونەوەی كارەساتی پەتای كۆرۆنا، رژێمی تاران بایەخ نادات بەمردنی ملیۆنان كەس لەوڵاتەكەی یان لەعێراق، بەڵكو ئەو سەرقاڵی ڕووبەڕووبونەوەی كێشەكانی هەژمونیەتی لەعێراق. دەشڵێت: حزبە میلیشاكانی ئێران نیگەرانن لەڕاسپاردنی (عەدنان زورفی)و هەموو توانا سیاسی‌و ئیعلامییەكانیان خستووەتەكار بۆ شكستپێهێنانی، بە وروژاندنی مەسەلەی پیلانگێڕی. (سامەڕائی) لەبەشێكی تری وتارەكەیدا ئاماژە بەوەدەكات: كودەتای سەربازی لەعێراق درۆیەكی ئێرانی ناشرینە، ئەمڕۆ دووبارە دەبێتەوە، بیرمانە پێش چەند مانگێگ چۆن بانگەشە بۆ ئەو چیرۆكە كرا بەهەواڵێك گوایە (تاڵیب شغاتی) سەرۆكی دەزگای دژەتیرۆری عێراق هەوڵی كودەتای داوە، دواتر لەلایەن خۆیەوە بەدرۆخرایەوەو ئاماژەی بەوەكرد كە پێگەی دەزگاكە هاككراوە. شیعەكان لەوەشدا ناكۆكن سیاسییەكانی شیعە ڕای جیاوازیان هەیە، باقر جەبر زوبەیدی یەكێك لەسەركردە دیارەكانی شیعە لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی: ئەوانەی گرەو لەسەر كودەتایەكی چاوەڕوانكراو دەكەن، یان وەك داهۆڵ لەسەر دوو ئاست بەكاریدەهێنن( كەرەستەو ناكۆكی) بەتایبەت ناكۆكییە شیعییەكان كە سنوری لۆژیكی تێپەڕاندووەو بووەتە ناكۆكی شەخسی. كەرەستەكانیش گرنگترینیان بوونی سوپای ئەمریكایە لە(بەلەدو تاجی‌و شەرقات‌و كەركوك)، كە بڵاوەیان پێكراوە لە هەردوو بنكەی (حەریر) لەهەولێرو (عەین ئەسەد) لە ئەنبار جێگیركراون بۆ پاراستنی هێزەكانیان لەهێرشی مووشەكی. زوبەیدی لەبەشێكی تری نوسینەكەیدا دەڵێت: ئەم هەنگاوە هاوكات لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییانەی بەمدواییە لەوەزارەتی بەرگری‌و فەرماندە سەربازییەكان ڕوویداوە، بە تایبەت لە فەرماندەی دەزگا گرنگ‌و هەستیارەكان كە لەسەر ئەمریكا حساب دەكرێن، كە بە نوكی ڕەمەكە دادەنرێن لەهەر جوڵەیەك بۆ ئەنجامدانی كودەتای سەربازی، وێڕای هەندێك لە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی‌و هێزە نەرمەكانی تر. لای خۆیەوە، (حەسەن فەدعەم) پەرلەمانتاری ڕەوتی حیكمە، لەتویتێكدا دەڵێت: ئەوەی باسی كودەتای سەربازی یان پیلانگێڕی دەكات بۆ ڕووخاندنی سیستمی سیاسی لەعێراق، نەزانە یان لەڕیزی دوژمنە. دەشڵیت: عێراق لەوە بەهێزترو هۆشیار ترە كەهەندێك پێشبینی دەكەن، هەر پیلانگێڕییەك لەئارادبێت شكست دێنێت وەك چۆن پیلانگێڕی داعش شكستیهێنا. جوڵەكان ئاسایی نین بەڕای شارەزایان، كۆمەڵێك ئاماژەی جدی بونیان هەیە كە هۆكاری واقیعین بۆ ئەوەی خوێندنەوەی جوڵەیەكی نائاسایی بۆ بكرێت. بەرپرسانی ئەمریكا لەزیاد بۆنەیەكدا نەیانشاردووەتەوە پلانی پەلوپۆكردنی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێرانیان هەیە كە بەسەرچاوەی هەڕەشەی دەزانن بۆ سەربەرژوەندییەكانی واشنتۆن‌و ژیانی سەربازانیان لەعێراق. ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ ئەو دەنگۆ بە هێزانەی كە ئاماژە بەوەدەكەن بەرپرسانی واشنتۆن لەچەندین كەناڵی جیاوازەوە نیگەرانی خۆیان لە هەژموونی ئێران بە بەرپرسانی عێراق گەیاندووە‌و، تەنانەت هەڕەشەی ئەوەشیان لێكردوون ئەگەر سنورێك بۆ دەستوردانی ئێران دانەنێن، هەمان مامەڵەی تاران_یان لەگەڵ دەكەن‌و دەستبەرداریان دەبن خۆیان بەتەنها ڕووبەڕووی قەیرانە سیاسی‌و ئابورییەكان ببنەوە. لەگەڵ ئەوەی تائێستا هیچ سەرچاوەیەكی سیاسی، تەنانەت میدیاكانی ئەمریكاش باسیان لەئەگەری ڕوودانی كودەتا لە عێراق نەكردووە، بەڵام ڕۆژنامەكانی ئەمریكا بەڕوونی باس لەئامادەكارییەكانی ئەمریكا دەكەن بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لەگروپە چەكدارەكان، ڕێكسختنەوەی هێزەكان‌و دانانی سیستمی مووشەكی پاتریۆت_یش لەهەردوو بنكەی سەربازی (حەیرو عەین ئەسەد) لەهەولێرو خۆرئاوای عێراق كە لەئێستادا ئەمریكا سەرقاڵیەتی، بەڕای بەشێك لەچاودێران لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكاندایە بۆ قۆناغێكی سەختر. زۆرێك لە ئاگایان‌و زانیارییە ڕۆژنامەوانییەكانیش خوێندنەوەیەكی دوورتر بۆ ئەو جوڵە سەربازییانە ئەمریكا‌و كشانەوەی هێزەكانی دەكەن لەبنكە سەربازییەكانی (كەی وەن‌و قائیم‌و گەیارە). پێیانوایە مەسەلەكە تەنها وەشاندنی گورزی سەربازی نییە لە گروپەكانی حەشدی شەعبی، بەڵكو لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكی فراوانتردایە كە ئامانجی سەرەكی كۆتایهێنانە بەپرۆسەی سیاسی لەعێراق‌و دورخستنەوەی نوخبەی سیاسی ئێستایە لەدەسەڵات، كە واشنتۆن پێیوایە زۆرێك لەهێزە بڕیار بەدەستەكانی وەلائیان بۆ ئێرانە.
راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازڵ حەمەرەفعەت حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستكاری موچەی موچەخۆران ناكات، بەپێی كۆكردنەوەی داهات موچە دابەش دەكات، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، پێدەچێت ماوەی دابەشكردنی موچە لە (30) رۆژەوە درێژبكرێتەوە بۆ (45) رۆژ، بەڵام بۆ مانگی داهاتوو كێشەی موچەی نابێت. لە بڕینەوە بۆ درێژكردنەوە ! فشارەكان، حكومەتی هەرێمی كوردستانی ناچاركرد خۆی بەدوور بگرێت لە بڕینی موچەی موچەخۆران ، لەبری ئەوە حكومەت چاوی لە زیادكردنی داهات‌و درێژكردنەوەی كاتی دابەشكردنی موچەیە لە (30) رۆژەوە بۆ (45) رۆژ كەمتر یان زیاتر، ئەمە بەپێی ئەو داهاتانەی كە مانگانە وەزارەتی دارایی دەستی دەكەوێت بۆ دابینكردنی موچەی موچەخۆران. رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" ئەوەی تائێستا وتراوە لەسەر موچەی موچەخۆران، هیچی راست نیەو هەتا ئێستا هیچ بڕیارێك لەوباریەوە نەدراوە، نە بڕیاردراوە بە بڕینی موچە‌و نە نیازیشی هەیە دەستكاری موچە‌و دەرماڵەی موچەخۆران بكرێت". بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای قەیرانەكاندا، بڕیاردراوە دەستكاری موچە نەكرێت، بۆ دەرماڵەكانیش تەنها ئەو دەرماڵانە ببڕدرێت كە نادادپەروەرانەن‌و ئەو كەسانە لێ سودمەند دەبن كە مافی وەرگرتنی ئەو جۆرە دەرماڵانەیان نییە‌و ئەمە جیاوازی دروستكردووە لەنێوان وەزارەتێك بۆ وەزارەتێكی تر. هەوڵەكانی حكومەت بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی، بەشێوەیەك دەبێت لەبری دەستبردن بۆ موچەی موچەخۆران، بیر لە زیادكردنی داهاتەكان دەكرێتەوە بە چەندین میكانیزم‌و شێوە، سبەینێ ئەنجومەنی وەزیران جارێكی تر لەرێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە كۆدەبێتەوە، بڕیاری كۆتایی لەبارەی ئەم بابەتەوە لە كۆبونەوەی سبەینێدا دەدرێت. موچەی مانگی داهاتوو ئامادە دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم مانگە كە موچەی مانگی (12/2019)ی موچەخۆران دابەشدەكرێت، پارەی موچەی تەواوی وەزارەتەكانی لەبەردەستدایە، ئەوەش دوای گەیشتنی پارەكەی بەغداد، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بۆ موچەی مانگی داهاتوو كە موچەی مانگی (1/2020)ە، تا ئاستێك ئەویش چارەسەركراوە، كە بڕیارە لە رۆژی 17/4/2020 دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگی 1/2020 بكرێت، چارەسەرەكە بەو شێوەیەیە كە بڕێك پارەی تایبەتی حكومەتی هەرێم لە بانكی (RT)ی لە هەولێر هەڵگیراوە، زیاتر لە (150 ملیۆن) دۆلارە كە دەكاتە نزیكەی (200 ملیار) دینار، لەگەڵ پارەكەی بەغداد كە (441 ملیار) دینارە، لەگەڵ داهاتی ناوخۆ‌و داهاتی نەوت، موچەی مانگی داهاتووش ئامادە دەبێت. بەڵام حكومەتی هەرێم بۆ موچەی مانگی (2/2020) و مانگەكانی دواتر كێشەی بۆ دروست دەبێت، بۆیە دەیەوێت بەشێوەیەك موچە دابەشدەكات، كە ماوەكەی درێژبكاتەوەو هەفتانە موچەی چەند وەزارەتێك دابەشدەكات، تا داهاتی زیاتر بگاتە دەست حكومەت‌و دابەشی بكات. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، حكومەت لەبری دەستبردن بۆ موچەی موچەخۆران، چەند هەنگاوێك دەگرێتەبەر كە ئەمانەن: • ئەوەی پەیوەندی بە موچەی موچەخۆرانەوە هەیە، دەستكاری ناكرێت. • لەبری بڕینی تەواوی دەرماڵەكان، هەوڵی رێكخستنەوەیان دەدات بەم شێوەیەیە: - دەرماڵە جێگیرەكان سێ جۆرن ( بڕوانامە، هاوسەرگیری، منداڵ) ئەو دەرماڵانەن كە هەركەسێك سەرەتا دادەمەزرێت بۆ دەبەسترێت بەبێ جیاوازی لەنێوان وەزارەت‌و فەرمانگەكانی حكومەت. - دەرماڵە ناجێگیرەكان كە ژمارەیان (21) جۆرەو پاڵپشتی یاساییان هەیە، لە وەزارەت‌و فەرمانگەیەكەوە بۆ وەزارەت‌و فەرمانگەیەكی دیكە جیاوازە. • موچەی موچەخۆرانی هەرێم كە مانگی رابردوو (898 ملیار دینار بووە، (54%)ی دەرماڵەیەو (46%)ی موچەی بنەڕەتیە، بۆیە حكومەتی هەرێم بە نیاز نیە دەستكاری دەرماڵەكان بكات، بەڵام بەپێی یاسای چاكسازی‌و ئەو دەسەڵاتەی كە پەرلەمانی كوردستان لە مادەی (5)ی یاساكەدا بە ئەنجومەنی وەزیرانی داوە، دەرماڵەكان رێكدەخاتەوە، بۆ نمونە دەرماڵەی ئەو فەرمانبەرانەی كە هەمان ئەرك دەبینن، بەڵام دەرماڵەكەیان لەنێوان وەزارەتی (خوێندنی باڵا‌و پەروەردە)دا جیاوازە، دەرماڵەكەیان رێكدەخرێتەوە، بۆ هەمان شێوە بۆ هەموو وەزارەتەكانی تریش. بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی لیژنەی ( پەیڕەوەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی)دا، بڕیاریانداوە ئەو دەرماڵانە رێكبخەنەوەو دەرماڵەی هەندێك لەو كارمەندو موچەخۆرانە ببڕێت كە بەوشێوەیەن. • تا ئاستێك تیمی حكومەت لە كابینەی نۆیەم كە لە ( پارتی، یەكێتی ، گۆڕان) پێكهاتووە، كۆكن لەسەر ئەو بۆچونەی كە دەڵێ:" لەبری بڕٍینی موچە‌و دەرماڵە، دابەشكردنی موچە بەپێی ئەو داهاتە بێت كە كۆدەكرێتەوەو دەخرێتە بەردەست وەزیری دارایی و ئەوكات دابەشی بكات، ئیتر ئەگەر ماوەی دابەشكردنی موچە بۆ 45 رۆژیش درێژبێتەوە ئاسایی بێت". حكومەت بەنیازی چیە؟ حكومەتی هەرێمی كوردستان دركی بەوە كردووە بڕینی موچە‌و دەرماڵەو پاشەكەوت بەئاسانی لای موچەخۆران هەزم ناكرێت، بۆیە ئامادە نیە قەیرانێكی تر بۆخۆی دروست بكات، لیژنەی باڵای روبەرووبونەوەی قەیرانەكان بیری لە چەند هەنگاو رێكارێك كردوەتەوە لەوانە: • رێكخستنەوەی داهاتەكان، ئەویش لەرێگەی زیادكردنی باج لەسەر كۆمپانیاكان‌و چاكسازی لە خاڵە سنورییەكان. • جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی بەتایبەتیش خانەنشینی پلە باڵاكان‌و رێكخستنەوەی دەرماڵەو بڕینی دووموچە. • دواخستنی پێدانەوەی قەرزی كۆمپانیاكانی نەوت. • سەندنەوەی قەرزەكانی حكومەت لای كۆمپانیا‌و سەرمایەدارەكان. داهاتەكانی حكومەت بەپێی خشتەیەك كە دەست (درەو) كەوتووە، داهاتی بەردەستی وەزارەتی دارایی بۆ موچەی ئەم مانگە (12/2019 ) بریتی بووە لە (898 ملیار‌و 555 ملیۆن) دینارە، بەم شێوەیەیە: • داهاتی فرۆشی نەوت: (345 ملیار‌و 203 ملیۆن) دینار • پارەی بەغداد: (453 ملیار) دینار • تەمویلی هاوپەیمانان: (21 ملیار) دینار • داهاتی ناوخۆ: (91 ملیار‌و 232 ملیۆن) دینار • پارەی قەرزی بانكە ئەهلییەكان كە دەبڕدرێت لە موچە (11 ملیار‌و 880 ملیۆن) دینار. لە نێوان دوو مانگدا، پارەی موچەی موچەخۆران نزیكەی (6 ملیار) دینار زیادی كردووە، لە (892 ملیار‌و 828 ملیۆن) دینارەوە زیادی كردووە بۆ (898 ملیار‌و 555 ملیۆن) دینار. سەبارەت بە هۆكاری زیادكردنەكە سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو)ی راگەیاند، بەهۆی بەرزكردنەوەی پلەی سەربازی‌و دامەزراندنی یەكەمەكانی زانكۆ‌و پەیمانگاكانەوە بووەو چاوەڕەوان دەكرێت بەهۆی دامەزراندنەكانەوە لە مانگی داهاتوودا كۆی موچە ببێتە (903 ملیار) دینار. داهاتی هەرێم لەئێستادا • پارەی بەغداد: (441 ملیار) دینار • تەمویلی هاوپەیمانان: (21 ملیار) دینار • داهاتی ناوخۆ: بەپێی وتەی بەرپرسان لەئێستادا بۆ نزیكەی (30 ملیار) دینار دابەزیوە، بەڵام بەو رێكارانەی كە بڕیارە حكومەت بیگرێتەبەر وەك زیادكردنی باج لەسەر كۆمپانیا گەورەكان‌و سەندنەوەی قەرزەكان لە كۆمپانیاكان، چاوەڕەوان دەكرێت لەدوای پەتای كۆرۆنا داهاتی ناوخۆ مانگانە بگاتە زیاتر لە (300 ملیار) دینار. • داهاتی نەوت كە لەم مانگەدا (345 ملیار‌و 203 ملیۆن) دینار دراوە بە وەزارەتی دارایی بۆ موچەی موچەخۆران، پێناچێت بەو شێوەیە بمێنێتەوە، چاوەڕەوان دەكرێت تەنها بڕی (150 ملیار) دینار بخرێتە بەردەست وەزارەتی دارایی، بەڵام ئەگەر كۆمپانیاكانی نەوت قەرزەكانیان لە حكومەت وەرنەگرنەوە كە مانگانە (200 ملیار) دینارە، چاوەڕەوان دەكرێت سامانە سروشتیەكان بتوانن مانگانە (300 ملیار) دینار بخاتە بەردەست وەزارەتی دارایی بۆ موچە. بەم شێوەیە ئەگەر حكومەت ئەو رێكارانە بگرێتە بەر، پێدەچێت بتوانێت بەسەر قەیرانەكەدا زاڵ بێت‌و داهاتی مانگانەی بگەیەنێتە زیاتر لە ( ترلیۆنێك) دینار، كە مانگانە (898 ملیار) دینار بۆ موچە‌و (150 ملیار) دینار بۆ خەرجی وەزارەتەكانە.
درەو: بزوتنەوەی گۆڕان پاكێجێكی (6) خاڵی داوەتە سەرۆكایەتی حكومەت و لیژنەی باڵای قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان و تێدا دەڵێن" پشتیوانی بڕینی موچە‌و پاشەكەوت ناكەین". سەرچاوەیەك لە لیژنەی باڵای قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند: تیمی وزاری بزوتنەوەی گۆڕان پاكێجێكی شەش خاڵیان داوەتە دەست سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لە كۆبونەوەی رابردوودا لەلایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دراییەوە دراوەتە دەست سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوە كە ئەوە بۆچونی رەسمی بزوتنەوەی گۆڕانە. ناوەڕۆك و پوختەی شەش خاڵەكەی بزووتنەوەی گۆڕان كە دەست (درەو) كەوتووە پێكهاتوە لە: 🔹 بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ بڕینی موچە موچەخۆرانی هەرێم و پاشەكەوتی موچەدا نیە. 🔹 چاكسازی و شەفافیەت لە بواری نەوت، كە خۆی دەبینێتەوە لە (داهاتی نەوت، خەرجیەكان، فرۆشی نەوت) و گرنگی جێبەجێكردنی سندوقی داهاتە نەوتییەكان. 🔹پێداچوونەوە بە خاڵە سنورییەكان و لەسەرجەم بوارەكاندا 🔹 وەرگرتنی باج لە تەواوی كۆمپانیاكانی نەوت و ئەو كۆمپانیایانەی كە باج نادەن. 🔹 وەرگرتنەوەی قەرز لە تەواوی كۆمپانیا‌و سەرمایەداران كە لە ئێستادا قەرزەكان گەیشتۆتە نزیكەی ( ترلیۆنێك) دینار. 🔹 جێبەجێكردنی مادە گرنگ و سەرەكیەكانی یاسای چاكسازی كە لەپەرلەمانی كوردستان پەسەندكراوە، هەروەها یاسای چاكسازی یەك پاكێجەو تەنها لەم یاسایەدا كورتناكرێتەوە.
راپۆرتی: درەو عادل عەبدولمەهدی جوڵەی فرۆكەكانی ئەمریكا لە ئاسمانی عێراق بە ئاماژەیەكی ترسناك دەزانێ‌و، هۆشداریدەداتە واشنتۆن لەئەگەری ئەنجامدانی كاری سەربازی دژی گروپە چەكدارەكانی سەر بە حەشدی. هەندێك لە شارەزایانیش دەڵێن، كشانەوەی دبلۆماتكاران‌و سوپای ئەمریكا لەهەندێك لەبنكە سەربازییەكانی عێراق هیچ پەیوەندییەكی بەكۆرۆناوە نییە، بەڵكو لەچوارچێوەیەی ئامادەكارییەكاندایە بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی بەرفراوان بۆ سەر بنكەو بارەگاكانی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران. پەیامەكەی (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عێراق بۆ سوپای ئەمریكا، وەشاندنی گورز و ئەنجامدانی كاری سەربازی دژی گروپە چەكدارە شیعییەكانی عێراق لە ئەگەرو گومانەوە كردە واقیع، ڕەنگە ڕوودانی تەنها مەسەلەی كات بێت. (عەبدولمەهدی)، كە لەدوای شكستهێنانی (محەمەد تۆفیق عەلاوی) ڕاسپێردراوی پێشوو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقەوە زیاتر دەردەكەوێت‌و، بەناوی سەرۆك وەزیران‌و فەرماندەی هێزە چەكدارەكانەوە سەرۆكایەتی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دەكا‌و، بەیاننامە دەردەكات. لە تازەترین بەیاننامەیدا هۆشداریداتە سوپای ئەمریكا لەئەنجامدانی هەر كارێكی سەربازی ڕێپێنەدراو و، بەرپرسیارێتی كردنە ئامانجی بەرژوەندییەكانی‌و دروستبوونی مەترسی لەسەر ژیانی سەربازەكانی ئەمریكایش لە عێراق دەخاتە ئەستۆی واشنتۆن. نەشیش بسوتێ‌و نەكەباب (عەبدولمەهدی) لەبەیاننامەكەیدا هەوڵیداوە بەیەك دووری لەلایەنە ناكۆكەكان بوەستێت. لەسەرەتای بەیاننامەكەیدا دەڵێت: "ئەو كارە نایاسایی‌و نابەرپرسیارانەی كە هەندێك ئەنجامیدەدەن لەكردنە ئامانجی بنكە سەربازییەكان‌و نوێنەرایەتی بیانی، كردنە ئامانجی سەروەری عێراقەو، دەستدرێژیكردنە سەر دەوڵەتی عێراقە بە حكومەت‌و گەلەكەیەوە، كارێكی ئیدانەكراوەو هەموو ڕێوشوێنەكان بۆ بەسزاگەیاندنی بكەرانی دەگرینەبەر". تائێرە (عەبدولمەهدی) مەبەستی ئەو گروپە چەكدارانەیە كە پەلاماری بنكە سەربازییەكانی سوپای هاوپەیمانان دەدەن. بەشی دووەمی پەیامەكەی هۆشدارییە بۆ ئەمركییەكان‌و تێدا دەڵێت:" بەنیگەرانییەوە بەدواداچوون بۆ ئەو زانیارییانە دەكەین كەهێزەكانمان بەدیدەكەن لەفڕینی فرۆكەی ڕێپێنەدراو لەنزیك ناوچە سەربازییەكانی سپایكەرو سەربازگەی شوهەداو لەدوزو فرۆكەحانەی حلێوەو سەربازگەكانی شەرەف‌و مەنسورییە، هۆشداریدەدەین لەئەگەری ئەنجامدانی كاری سەربازی دژ‌و ئیدانەكراو،كە ڕێگەیان پێنەدراوە". (عەبدولمەهدی) لەماوەی ڕابردوودا، ڕوبەڕووی ڕەحنەی توندی هێزە عێراقییەكان بەگشتی‌و هێزە شیعییەكان بەتایبەتی بوەوە، بەكەسێكی لاواز‌و بێدەسەڵات وەسفكرا لەئاستی هێرشە ئاسمانییەكانی سوپای ئەمریكا بۆسەر گروپە چەكدارە شیعییەكان. ئەو جگە لەوەی ترسی گەورەی هەیە ئەمریكا گەڕێكی تری هێرشی ئاسمانی بۆسەر گروپە چەكدارە شیعییەكان لەعێراق ئەنجامبدات‌و ئاڵۆزبوونی دۆخی ئەمنیش بچێتە سەر كێشە كەڵەكەبووەكانی تر، دەشوێت خۆی بەدوور بگرێت لەهەر ڕەخنەیەك لەكاتی ئەجامدانی هێرشێكی لەوشێوەیە ڕوبەڕووی بكرێتەوە، ڕەنگە ئاگاداركردنەوەیەكی پێشوەختی گروپە چەكدارەكانیش بێت بەوەی هێرشی ئەمریكی بەڕێوەیە. متمانەی بە بەغداد نییە چاوەڕواندەكرا، دوای مووشەك بارانكردنی سەربازگەی تاجی لەلایەن گروپە چەكدارە شیعییەكان بۆ جاری دووەم لەناوەڕاستی ئەم مانگە، سوپای ئەمریكا وەڵامێكی توندی ئەو گروپانە بداتەوە، بەڵام بەڵێنەكانی حكومەتی بە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لەهێرشەكەو ڕادەستكردنی تۆمەتباران بەدادگا بووە هۆی ئەوەی ئەمریكا وەشاندنی گورزە سەربازییەكەی دوابخات. لە چەندڕۆژی ڕابردوودا، بەرپرسانی ئەمریكا لەوەزارەتی دەرەوەو بەرگری لە لێدوانەكانیان بۆ میدیاكانی وڵاتەكەیان بێهیوای خۆیان لە هەوڵەكانی حكومەتی عێراق بۆ بە سزاگەیاندنی بكەرەكانی هێرشەكە پیشانداوەو، ڕاشكاوانە ئاماژەیان بە ئەنجامدانی ئامادەكاری كردووە بۆ وەشاندنی گوزری سەربازی‌و پەلوپۆكردنی جوڵەی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران لە عێراق. بەگوێرەی زانیارییەكانی ڕۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمریكی، كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر بڵاویكردەوە: وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) فەرمانیكردووە بە سەركردە سەربازییەكانی پلانی توندكردنەوەی شەڕ بۆ لەناوبردنی ڕێكخراوە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران لە عێراق دابڕێژن. پارێزارو نەبوون پەیامەكەی (عادل عەبدولمەهدی)لەكاتێكدایە، ڕۆژی هەینی ڕابردوو، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، داوای لەفەرمانبەرە نا سەرەكییەكانی كرد باڵیۆزخانەی ئەمریكا‌و كۆنسوڵخانەكەی هەولێر بەجێبهێڵن، بەهۆی دۆخی ئەمنی‌و ڕێوشوێنەكانی قەدەغەكردنی گەشتكردن بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرنا. هاوكات دوێنێ یەكشەمەش، سوپای ئەمریكا‌و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بنكەی سەربازی (كەی وەن) لەكەركوك كشانەوە، كە سێیەم بنكەی سەربازییە دوای بنكەكانی ( قائیم‌و گەیارە) لەماوەی چەندڕۆژی ڕابردوودا چۆڵیانكردو ڕادەستی سوپای عێراقیان كردەوەو، سەربازەكانیان لەهەردوو بنكەی (حەریرو عەین ئەسەد) جێگیركرد كە بەدوو بنكەی بەهێزو پارێزراو دادەنرێن. بەبۆچوونی شارەزایانی دۆخی عێراق، ئەوسێ بنكەیەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا سوپای ئەمریكا چۆڵیانكردووە، هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لەڕووی ئەمنییەوە پارێزراونەبوون‌و بە ئاسانی دەكرانە ئامانج، ئەوەش وەك ئاماژەیەك لێكدەدەنەوە، كە ئەمریكا بەنیازە هێرشە سەربازییەكانی بۆ سەر گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران دەستپێبكات. جوڵە ئاسمانییەكان ئاسایی نین بەگوێرەی سەرچاوە سەربازییەكانی عێراق چالاكییە ئاسمانییەكانی ئەمریكا لەڕۆژی 26 ئەم مانگەوە لەناوچەكانی خۆرئاوای عێراق‌و ناوەڕاست‌و باكور چڕتر بوونەتەوەو، لەلایەن هێزی بەرگری ئاسمانی عێراقەوە چاودێری كراوە. بەقسەی ئەوان، پێناچێت ئەو چالاكییانە پەیوەندی بە جەنگی دژی تیرۆر هەبێت ، بەڵكو بۆ چاودێریكردنی جوڵەی گروپە چەكدارەكانی سەر بەحەشدی بووەو ترسی ئەوەیە هەیە ئەو چالاكییانە ئاسمانیانە سەرەتای نۆڕین بێت بۆ جێبەجێكردنی گورزی ئاسمانی‌و كردنە ئامانجی پێگەو سەركردەكانی گر وپە چەكدارەكان كە واشنتۆن بە بەرپرسیاری كردنە ئامانجی بەرژوەندییەكانی دەزانێت لە عێراق. لەدواین ڕۆژی ساڵی 2019 فرۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا، ژمارەیەك بنكەو بارەگای كەتائیبی حزبوڵای عێراقیان لەقەزای (قائیم)ی سەر بەپارێزگای ئەنبار كردە ئامانج، لەكاردانەوەی ئەو هێرشەدا لایەنگرانی حەشدی شەعبی لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغداد خۆپیشاندانێكی فراوانیان ڕێكخست، بەرەبەیانی رۆژی 3 كانونی دووەمی 2020 فرۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا لەڕێگای فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد (قاسم سولەیمانی) فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران‌و (ئەبو مەهدی موهەندیس)جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی_یان كوشت، بەوەش ململانێكانی نێوان ئەمریكا‌و گروپە چەكدارەكانی سەربە حەشدی شەعبی لەلایەك‌و ململانێی واشنتۆن‌و تاران لەعێراق پێینایە قۆناغێكی توندتر‌و، بەوەش عێراق بووەتە گۆڕەپانێكی كراوەی بەریەكەوتنی بەردەوامی ئەو هێزانەو، لەهەر ئان‌و ساتێك‌دا ئەگەری تەقینەوەی دۆخەكە چاوەڕوانكراوە.
درەو: بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی ئیدارەی گەرمیان سەرقاڵی درووستكردنی خانوی تەجاوزەو پشوو و قەدەغەی هاتوچۆی بە هەلزانیوە. كەمال عەلی سەرۆكی شارەوانی ناوچەی ساڵح ئاغای كەلار، بە (درەو)ی راگەیاند، عەمید موحسین مەنسور بەرێوەبەری پۆلیستی هاتوچۆی ئیدارەی گەرمیان سەرقاڵی دروستكردنی خانوی تەجاوزەو بڕیارمانداوە سكاڵای لەسەر تۆمار بكەین و بیدەینە دادگا. سەرۆكی شارەوانی ناوچەی ساڵح ئاغای كەلار ئاماژەی بەوەشكرد، پێشتریش دووجار خانوە تەجاوزەكەی بەڕێوەبەری هاتوچۆی ئیدارەی گەرمیانمان روخاندووە، بەڵام ئێستا جارێكی تر ئەم بارودۆخەی بەهەلزانیوەو دەستی بە درووستكردنی ئەو خانووە تەجاوزەكردۆتەوە. بەپێی ئەو وێنانەی كە دەست ( درەو) كەوتووەو سەرۆكی شارەوانی ساڵح ئاغاش پشتراستی كردەوە وێنەكان خانوە تەجاوزەكەی بەڕێوەبەری هاتوچۆیەو هی رۆژی هەینیە، كە سەرقاڵی تێكردنی سەقفی خانووە تەجاوزەكەیەتی. كەمال عەلی ئاماژەی بەوەشكرد، بەڕێوەبەری هاتوچۆی گەرمیان هیچ داواكارییەكیشی نەكردووە بۆ درووستكردنی ئەو خانووەو ئێمە رێوشوێنە یاساییانمانكردووە لەكاتی خۆیدا بەڵام بەدەنگ داواكەمانەوە نەهاتووە. درووستكرنی خانوی تەجاوز لەم ئێستادا لەلایەن بەرێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی گەرمیانەوە كاتێكدایە كە پۆلیسی هاتوچۆ بەشێكن لەو هێزانەی كە بۆ روبەروبونەوەی كۆرۆنا لە ئەركدان و بەردەوام لەسەر شەقامەكانن بۆ جێبەجێكردنی رێنماییەكانی تەندرووستی و قەدەغەی هاتوچۆ.
درەو: "تارماییەكە لە پشتی ئاشتی هەورامیەوە، ، ماوەی دوو دەیەیە لەبواری نەوتی هەرێمدا كاردەكات، راوێژكار‌و دەڵاڵ و فرۆشیاری نەوتی هەرێمە، بیرۆكەی ئابوری سەربەخۆی خستە بەردەم بەرپرسانی حكومەت، سەرەنجام هەرێمی كوردستان بودجەكەی لەبەغداد بڕدراو كەوتە ژێر باری قەرزێكی گەورەوە، تا ئەمڕۆ هاوڵاتیانی هەرێم باجی ئەو بیرۆكەیە دەدەن " ئەو ( مورتەزا لاخانی murtaza lakhani )یە ناوێكی دیاری نێو كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان و جیهانە، بەریتانیەكی بە رەگەز پاكستانییە. خاوەن و سەرۆكی كۆمپانیای فرۆشیاری نەوتی هەرێمە بەناوی (IMMS). شەڕی دەزگا ئەمنیەكان لە سەری مورتەزادا تەقیەوە شەڕی بەیاننامەی دەزگا ئەمنیەكانی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر كەیسێكی ئەمنی بە ئاشكراكردنی كەیسێكی گەندەڵی گەورە كۆتایی هات، دەزگای زانیاری یەكێتی كە سەربە ئەنجومەنی ئاساییشی هەرێمە لە وەڵامی رونكردنەوەیەكی ئاساییشی هەولێردا كەبە رێنماییكارو سەرپەرشتیكاری سیخوری تۆمەتباری كردبوو، بڵاویانكردەوە كە (250 ملیۆن) دۆلار لەلایەن كۆمپانیایەكی وزەی روسیەوە دراوە بە یەكێك لە كوڕەكانی بنەماڵەی سەرۆكی حكومەت. كەیسی (250 ملیۆن) دۆلار چەند وەڵامێكی حكومەت و بەدواداچوونی پەرلەمانتارانی بەدوای خۆیدا هێناو دەنگۆی دیارنەمانی (ملیارێك) دۆلاری داهاتی نەوتی هەرێمی لە یەكێك لە بانكەكانی لوبنانیشی هاتەسەر، ئەو فشارانە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ناچاركرد بە لێكۆڵینەوە بۆیە ئەمڕۆ داوای لە سەرۆكایەتی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان كرد " پێویستە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ئەم دەنگۆیانە بكەن و داواش لە هەموو لایەنەكان دەكەین هاوكاریی داواكاریی گشتی بكەن بۆ ئەوەی راستییەكان بۆ خەڵك ئاشكرا بكرێت". سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنها ئاماژەی بەكەیسەكە كردوو خۆی لە ناونهێنان پاراست، بەڵام پەرلەمانتاران راستەوخۆ ناوی (مورتەزا لاخانی)یان لەپاڵ ئەو دوو كەیسەی گەندەڵیەدا خستە روو. عەلی حەمە ساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە رونكردنەوەیەكدا لەدوای راگەیاندنەكەی سەرۆكی حكومەت رایگەیاند: ئەمڕۆ كۆی زانیاری و بەڵگەنامەكانم لە ٢١ پەڕەدا خستە بەردەست سەرۆكی داواكاری گشت، ئەویش پەیوەندی بە ٢٥٠ ملیۆن دۆلارەكەی روزنەفت ھەیە لە ساڵی ٢٠١٧ و ٢٠١٨، پێشتر لەگەڵ گلینكۆرو ڤیتۆڵیش كاری ھاوشێوە كراوە لەلایەن كەسێكی بەڕەگەز پاكستانی كە ناوی مورتەزایە!" پێشتریش لە نوسینێكدا ( سەركۆ ئازاد گەڵاڵی ) پەرلەمانتاری یەكێتیش تێوەگلانی ( مورتەزا لاخانی) لە نەوتی هەرێم راگەیاندبوو: ئاشتی هەورامی و سەروی ئەویش بۆ ئەوەی پارەی شیرینی نەوت ڕاستەوخۆ لە ڕوزنەفت وەرنەگرن، بەناوی نێوەندگیری و ڕێكەوتن دەڵاڵێك داخڵی نێوان خۆیان و ڕوزنەفت و كۆمپانیای كار دەكەن بۆ وەرگرتنی 250 ملیۆن دۆلار، بۆ ڕێكەوتنێك كە پێكهاتووە لە 5 بلۆكی نەوتی و بازرگانی نەوت و بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، ئەو دەڵاڵەش 1 ملیار دۆلاری نەوتی هەرێم لەبانكێكی لوبنانی دادەنێ كە ئێستە بۆیان ناگەڕێنرێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان ئەو كەسەش (مورتەزا لاخانی) بەڕەكەز پاكستانیە". مورتەزا لاخانی كێیە.؟ مورتەزا لاخانی بە ئەندازیاری فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان ناودەبرێت، ئەو نێوەندگیرە لەنێوان بەرپرسانی هەرێم و ئەو كۆمپانیایانەی كە نەوتی هەرێم دەكڕن. لاخانی تەمەنی نزیكەی (٦۰ ساڵ)ە، لە لەندەن دەژی، بەڵام لە هەولێریش ماڵی هەیە، دەوترێت ئەو كەسەی دەیەوێت پێی بخاتە ناو بازرگانی نەوتەوە لە هەرێم، ئەبێ شەوێك بەشداری ئاهەنگی نۆشینی شامپانیا بكات لە ماڵەكەی لاخانی، خواردنی میوانەكانیش لە دوبەیەوە رەوانەی ماڵەكەی لاخانی دەكرێت لە هەولێر. مورتەزا لاخانی بە رۆژنامەی (فاینەنشاڵ تایمزی)ی بەریتانی راگەیاندووە " لە كەراچی پاكستان لە دایكبووم و لە لەندەن گەورەبووم،." لاخانی پیاوێكە كە بەهێمنی ئەدوێ، پێڵاو بەبێ گۆرەوی لەپێ ئەكات و كراسی دوو رەنگ لەبەرئەكات، لە شاری كاراچی پاكستان لەدایكبووە، بەڵام لە لەندەن گەورەبووە، بەرلەوەی چانس بەرەو شاری ڤانكۆڤەری كەنەدا كێشی بكات. لاخانی لەبارەی چیرۆكی ژیانی خۆیەوە دەڵێ:" توانیم لە هیچەوە شتێك لەخۆمدا دروست بكەم، سەرەتای كاركردنم بە خاوێنكردنەوەی حەوزی كبریت لە كەنەدا دەستیپێكرد. بنەماڵەی لاخانی نزیكن لە هۆزی "بۆتۆ" كە هۆزێكی بەهێزی پاكستانە، هەروەها پەیوەندی بەهێزیان لەگەڵ مارك ریچ گەورە بازرگانی نەوت هەیە كە دامەزرێنەری كۆمپانیای جلینكورە. لاخانی و هەورامی لاخانی سەرەتای ساڵانی ۲۰۰۰ رووی لە بەغداد كردووە بۆ كاركردن لەبواری نەوت بەرامبەر بە خۆراك، ئەو لە دوای ساڵی ۲۰۰۳وە زیاتر بازرگانییەكەی لە عێراق جێگیركردووەو چاوی بڕیوەتە نەوتی هەرێمی كوردستان، ئەگەرچی لەبەغداد تێوەگلاوە لە پلانێكی ئاڵۆزدا بۆ كڕینی نەوتی عێراق و خۆدەربازكردن لەو كۆتوبەندانەی كە ئەوكات بەهۆی سزا ئابورییەكانەوە بەسەر رژێمی سەددامدا سەپێندراوە، لەوانە قەدەغەكردنی فرۆشتنی نەوت،. بەڵام لەوبارەیەوە هیچ تۆمەتێك لەسەر لاخانی و كۆمپانیای گلینگور ساغنەكرایەوە، ئەمە سەردەمەكەی دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی نەوت بەرامبەر بە خۆراك. لە كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 2006دا كاتێك ئاشتی هەورامی پۆستی وەزیری سامانە سروشتیەكانی وەرگرت، لاخانی كۆمپانیاكەی دەهێنێتە كوردستان و لە پاڵ ئاشتی هەورامیدا كار لە نەوتی هەرێمدا دەكات، كۆمپانیاكەی كەلوپەل و پێداویستی بۆ ئەو كۆمپانیا بیانییانەی بواری نەوت دابین كردووە كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، لاخانی نوێنەرایەتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی كردووە لە چەندین پرۆژەی هاوبەش لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان، لاخانی وەك گەورە راوێژكاری ئاشتی هەورامی لە پشت تەواوی بیرۆكەكانی ئاشتی هەورامیەوە بووە لە بواری نەوت و غاز. بەپێی قسەی لاخانی كە بۆ ( فاینەنشاڵ تایمز) قسەیكردووە" موچەكەم لەلایەن حكومەتی هەرێم یەك ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە بەهۆی قەیرانی دارایی هەرێم موچەكەم بۆ ٢٥٠ هەزار دۆلار كەم بۆتەوە" لاخانی لە ساڵی 2014 ەوە گرێبەستێكی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان واژۆكرد بۆ تێپەڕاندنی كارە لۆجیستییەكانی نەوتی هەرێم كە خۆی لە باركردنی نەوتی خاو لە بەندەری جەیهانەوە و چاودێریكردنی عەمبارەكانی نەوت و هەماهەنگی لەگەڵ خاوەن كەشتییەكان و وەزارەتی وزەی توركیا و كۆمپانیاكان. لەو كاتەدا بیرۆكەی ئابوری سەربەخۆ و نەوتی سەربەخۆ دەدەن بە گوێی بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا و بەرپرسانی هەرێم رازی دەكەن، هەربۆیە بیرۆكەی فراوانكردنی نەوتی هەرێم بۆ ( ملیۆنێك ) بەرمیل دەدەن بە گوێی هەموو لایەكدا، بۆیە بەرپرسانی هەرێم رازی نابن نەوت رادەستی بەغداد بكەن و لەبەرامبەردا بەغداد بەشە بودجەی هەرێمی بڕی كە مانگانە ( ترلیۆنێك و 200 ملیار) دینار بوو، بڕی (850 ملیار) دینار بۆ موچە‌و ( 350 ملیار) دیناریش بۆ وەبەرهێنان تەرخان دەكرا، لەدوای ئەو بڕیارە حكومەتی هەرێم روبەرووی قەیرانی گەورەی دارایی بوەوە بەتایبەتیش دوای درووست بونی داعش و دابەزینی نرخی نەوت. ساڵی ۲۰۱٤ هەرێمی كوردستان دەستیكرد بە فرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ لەرێگەی بۆری نەوتی توركیاوە، لێرەوە لاخانی بەتەواوەتی جێپێی خۆی لە كەرتی نەوتی هەرێمدا جێگركرد، ئەو لەگەڵ ئاشتی هەورامی سەرەداوی نەوتی هەرێمیان گرتە دەست، لاخانی خشتەی زەمەنی ناردنی نەوتی هەرێمی بۆ بەندەری جەیهانی توركیا ئامادەدەكرد، چاودێری ئەمبارەكانی دەكرد، هەماهەنگی لەگەڵ خاوەن كەشتییەكانی گواستنەوەی نەوت و كۆمپانیا بازرگانییەكانی توركیادا دەكرد كە بۆرییەكانی نەوتیان بەڕێوە دەبرد، تا ئەمڕۆش سەرەداوی نەوتی هەرێم و داهاتەكەی و فرۆشتنی و مامەڵەكردنیان لەگەڵ كۆمپانیاكان لەدەستی خۆیاندایەو بەتەواوی رادەستی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەكراوە. سەرچاوەكان: https://www.ft.com/content/02a7065a-78cd-11e5-933d-efcdc3c11c89 https://uk.reuters.com/article/uk-iraq-kurdistan-oil/exclusive-how-kurdistan-bypassed-baghdad-and-sold-oil-on-global-markets-idUKKCN0T61HL20151117 https://almasalah.com/ar/news/63246/ContactUS.html http://iraqicparchives.com/index.php/sections/2016-04-17-20-22-47/65673-2017-10-29-19-30-28 https://lloydslist.maritimeintelligence.informa.com/LL1130517/Oil-trader-begins-West-Africa-STS-route-for-Venezuelan-cargoes https://uk.reuters.com/article/uk-lebanon-bankmed-suit/oil-trader-imms-sues-lebanons-bankmed-for-1-billion-court-filing-idUKKBN1Y128W?fbclid=IwAR1m-PwZSCs6z9qHakk1b1FrMq-LFdFH7fK1FMlA86N65bJvJKJJ3IlgY0s https://fliphtml5.com/jeod/xsff/basic/151-200
راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازڵ حەمە رەفعەت حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهۆی كۆرۆناوە بۆ دووەمجار لەڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە كۆبووەوە، دیمەنی پێكەنینی سەرۆك وەزیران‌و وەزیرەكانی حكومەت توڕەیی خەڵكی بەدوای خۆیدا هێنا، (درەو) لەم راپۆرتەدا نهێنی پێكەنینەكە‌و سیناریۆی حكومەت بۆ روبەڕووبونەوەی قەیرانی دارایی‌و دابینكردنی موچەی فەرمانبەران بڵاودەكاتەوە، ئایا حكومەت موچەی فەرمانبەران كەمدەكاتەوە ؟ یاخود بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانەكەی پەنا بۆ سیناریۆی تر دەبات ؟ نهێنی پێكەنینەكە ! دوێنێ ئەنجومەنی وەزیران لەڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە كۆبووەوە، لەدوای دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆروناوە لە هەرێمی كوردستان، ئەمە دووەم كۆبونەوەی حكومەت بوو كە لەڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە بەڕێوەبچێت. ئەنجومەنی وەزیران دیمەنێكی كۆبونەوە ڤیدیۆییەكەی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە، لە دیمەنەكەدا سەرۆكی حكومەت‌و وەزیرو بەشداربوانی كۆبونەوەكە پێدەكەنن، ئەم پێكەنینە هەرزوو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەتیش لەكاتێكدا خەڵك بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە ماڵەكانیاندا كەرەنتینەكراون‌و حكومەتیش دابەشكردنی موچەی موچەخۆرانی دواخستووە. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتوون، هۆكاری ئەو پێكەنینە سەرۆكی حكومەت‌و وەزیرەكان لە كۆبونەوەكەدا، كە لە دیمەنەكەدا دەردەكەوێت، پەیوەندی بە قسەیەكی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی‌و ئابورییەوە هەبووە، ئاوات شێخ جەناب وتویەتی هەموو ئەو گلەیی‌و رەخنانەی كە بەمدواییە میدیاكان لە حكومەتیان گرتوووە، هەمووی دراوە بەسەر شانی مندا‌و ئێوەی لێ بێبەری كراوە‌و ئێوەش خۆتان لێ بێدەنگ كردووە، ئەم قسەیەی وەزیری دارایی بەشداربوانی ڤیدیۆ كۆنفرانسەكەی خستوەتە پێكەنینەوە. بەڵام كاردانەوەی توندی خەڵك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سەبارەت بە دیمەنی پێكەنینەكە، هەندێك لە وەزیرەكانی حكومەتی نیگەران كردووە‌و تێبینییان هەیە لەسەر ئەوەی بۆچی لەو كۆبونەوە دورودرێژەدا كە نزیكەی سێ كاتژمێری خایاندووە، تەنیا ئەو دیمەنە بڵاوكراوەتەوە، كە ئەوەش نیگەرانی‌و توڕەیی خەڵكی بەدوای خۆیدا هێناوە. (درەو) زانیویەتی، تیمەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بەمەبەست دیمەنی پێكەنینی كۆبونەوەكەیان بۆ رایگشتی بڵاوكردوەتەوە‌و پێیانوابووە ئەو دیمەنە لەم زەمەنی كۆرۆنایەدا ورەی خەڵك بەرزدەكاتەوە‌و چاوەڕوانی ئەوە نەبوون ئەنجامی پێچەوانەیان بۆ بگەڕێتەوە. پێكەنین لە زەمەنی قەیرانی دارایی‌و كۆرۆنادا پێكەنینەكەی حكومەت، هاوكات بوو لەگەڵ ئەو قەیرانە داراییە نوێیەی كە جارێكی تر بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتوەتەوە لەگەڵ قەیرانی كۆرۆنادا. بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لە كۆبونەوەكەی دوێنێدا، قەیرانی دارایی‌و كۆرۆنا تەوەری سەرەكی گفتوگۆی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بووە لەگەڵ وەزیرەكانی. شێخ باز سەرۆكی كۆمپانیای كار، جارێكی تر بەشداری لە كۆبونەوەكەدا كرد، ئەو ئێستا وەكو نوێنەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری نەوت بەشداری كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران دەكات، نەوتێك كە ئێستا نرخەكەی لە بازاڕی جیهانیدا شكاوە‌و حكومەتی توشی بێ پارەیەیی كردوەتەوە. (درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەدا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لەوەی كابینەكەی باجی ئەو كێشە‌و قەیرانانە دەدات كە لە كابینەی پێشووی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزایەوە بە میرات بۆی ماوەتەوە. مەسرور بارزانی وتویەتی: ئێمە هەشت مانگە دەستبەكاربووین، لەو ماوەیەدا هەشت موچەمان بە موچەخۆران داوە. بەشداربوانی كۆبونەوە ڤیدیۆییەكە هەموان دانیان بەوەداناوە كە كابینەی نۆیەمی حكومەت، روبەڕووی قەیرانی دارایی بوەتەوە‌و دەبێت سیناریۆی روبەڕووبونەوەی قەیرانەكە ئامادە بكەن. چۆن روبەڕووی قەیرانی دارایی دەبنەوە ؟ یەكێك لە رێگەچارەكان كە بەمدواییە مەسرور بارزانی لەگەڵ خەڵكانی دەوروبەری خۆیدا تاوتوێی كردووە بۆ روبەڕووبونەوەی قەیرانی دارایی بریتییە لە بڕینی بەشێك لە دەرماڵەی موچەخۆران، مەسرور بارزانی گەڕانەوە بۆ سەردەمی پاشەكەوتی موچە بەتەواوەتی رەتدەكاتەوە، بەڵام دەیەوێت لەڕێگەی بڕینی بەشێك لە دەرماڵەی فەرمانبەرانەوە بەجۆرێك لە دەستكارییەوە، سیناریۆی پاشەكەوتی موچە دوبارە بكاتەوە، سیناریۆیەك كە نێچیرڤان بارزانی لە كابینەی هەشتەمدا دەستی بۆبردو بەهۆیەوە حكومەتی قەرزاری موچەخۆران كرد. (درەو) زانیویەتی لە كۆبونەوەكەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیراندا، هیچ یەكێك لە وەزیرەكان بە سەرۆكی حكومەتیشەوە، نەچوەنەتە ژێر باری سیناریۆی گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی موچە یاخود كەمكردنەوەی موچەی موچەخۆران، لەبری دەستبردن بۆ موچەی فەرمانبەران، بۆ گەڕاندنەوەی داهات بۆ حكومەت، باس لە چەند رێكارێكی تر كراوە، لەوانە: • زیادكردنی داهات لەڕێگەی ئەو بڕیارانەی كە پێشتر حكومەت داویەتی لەبارەی خاڵە سنورییەكان‌و وەرگرتنی باج لە كۆمپانیاكان. • داوا لە كۆمپانیاكانی نەوت بەتایبەت كۆمپانیای (رۆز نەفت)ی روسی بكرێت وەرگرتنەوەی قەرزەكانی لە حكومەتی هەرێم بۆ ماوەی سێ بۆ چوار مانگ دوابخات، بۆ ئەوەی سود لەو پارانە وەربگیرێت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە داراییە نوێیەكە. • جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی كە بەمدواییە لە پەرلەمانی كوردستان پەسەندكرا، بۆ ئەوەی بتوانرێت لەو رێگەیەوە هەندێك داهاتی تر بۆ حكومەت بگەڕێندرێتەوە. واتە بەشێوەیەكی گشتی حكومەت نایەوێت دەست بۆ كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران ببات، بەڵام (درەو) زانیویەتی پێشنیازێك لەناو ئەنجومەنی وەزیران هەیە كە دەڵێ:" دەستكاری موچەی فەرمانبەران نەكرێت، بەڵام ئاساییە لە بری (30 رۆژ جارێك) موچە (40 رۆژجارێك) بەسەر موچەخۆراندا دابەشكرێت". كورتهێنانەكەی حكومەت چەندە ؟ حكومەتی هەرێم كوردستان بۆ دابینكردنی پارەی موچە، مانگانە پێویستی بە (898 ملیار) دینارە، بۆ خەرجی بەكاربردن‌و وەزارەتەكانیش مانگانە (150 ملیار) دیناری دەوێت، واتە تەنیا بۆ خەرجی موچە‌و خەرجی بەكاربردن، حكومەت مانگانە پێویستی بە نزیكەی (ترلیۆنێك‌و 50 ملیار) دینار داهات هەیە. ئایا داهاتەكانی حكومەت بەشی پڕكردنەوەی ئەم دوو خەرجییە دەكەن ؟ بۆ خەرجی موچە كە مانگانە (898 ملیار) دیناری پێویستە، حكومەتی هەرێم بڕی (441 ملیار) دیناری ئەم پارەیە لە بەغداد وەردەگرێت، واتە بۆ پڕكردنەوەی خەرجییەكە پێویستی بە (450 ملیار) دیناری تر هەیە، بە خەرجی بەكاربردن‌و وەزارەتەكانیشەوە كە مانگانە (150 ملیار) دینارە، حكومەت بەشێوەیەكی گشتی (600 ملیار) دینار كورتهێنانی لە خەرجییەكانیدا هەیە. ئەی داهاتەكانی حكومەتی هەرێم ئێستا چەندن، ئەو داهاتانە دەتوانن رێژەی چەندی ئەو كورتهێنانە كە بڕەكەی (600 ملیار) دینارە، پڕبكەنەوە؟ ئێستا جگە لە پارەكەی بەغداد، داهاتی مانگانەی حكومەتی هەرێم بەمشێوەیەیە: • داهاتی ناوخۆ/ ئەم داهاتە پێشتر‌و بەر لە هاتنی كۆرۆنا، مانگانە نزیكەی (270 ملیار) دینار بوو، ئێستا بۆ نزیكەی (30 ملیار) دینار كەمیكردووە. • داهاتی نەوت/ ئەم داهاتەش بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە لە بازاڕی جیهانیدا زۆر كەمدەكات، مانگی پێشووی (345 ملیار) دینار دراوە بە وەزارەتی دارایی بۆ موچە، چاوەڕەوان دەكرێت مانگانە نزیكەی (150 ملیار) دینار بۆ خەرجی موچە بە وەزارەتی دارایی بدرێت‌و پاشماوەی پارەكە دەچێت بۆ قەرزو كرێی گواستنەوەو قەرزو كۆمپانیاكان، وەك بەرپرسانی حكومەت دەڵێن. بەهەردوو داهاتی نەوت‌و ناوخۆوە، مانگانە نزیكەی (200 ملیار) دینار دەست حكومەتی هەرێم دەكەوێت، ئەمە لەكاتێكدایە كورتهێنان (600 ملیار) دینارە، ئەگەر ئەو (200 ملیار) دینارەش بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانەكە خەرج بكرێت، هێشتا حكومەت مانگانە لە دابینكردنی داهات بۆ خەرجییەكانی خۆی، (400 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت. ئێستا گفتوگۆكە ئەوەیە، حكومەت كورتهێنانەكەی خۆی هاوشێوەی كابینەی نێچیرڤان بارزانی لە موچەی فەرمانبەران دەربكات، یاخود لەو كۆمپانیا‌و سەرمایەدارانە وەریبگرێت، كە چەندین ساڵە خۆیان لە پێدانی باج‌و قەرزەكانیان بە حكومەت دەدزنەوە.
درەو: بە پێی خشتەیەكی وەزارەتی دارایی كە دەست (درەو) كەوتووە، وەزارەتی درایی شێوازی خەرجكردنی موچەی سێ مانگی كۆتایی 2019 موچەخۆران ئاشكرا دەكات: موچەی مانگی 2019/10 • داهاتی فرۆشی نەوت بۆ وەزارەتی دارایی ( 345 ملیار) • تەمویلی بەغداد ( 453 ملیار ) دینار • تەمویلی هاوپەیمانان ( 21 ملیار ) دینار • داهاتی ناوخۆ ( 84 ملیار ) دینار • پارەی خەرجكراو بۆ بانكە ئەهلیەكان ( 11 ملیار 880 ملیار ) دینار • كۆی گشتی موچە ( 892 ملیار و 828 ملیۆن ) دینار موچەی مانگی2019/11 • داهاتی فرۆشی نەوت بۆ وەزارەتی دارایی ( 345 ملیار) دینار • تەمویلی بەغداد ( 453 ملیار ) دینار • تەمویلی هاوپەیمانان ( 20 ملیار ) دینار • داهاتی ناوخۆ ( 91 ملیار ) دینار • پارەی خەرجكراو بۆ بانكە ئەهلیەكان ( 11 ملیار 880 ملیار ) دینار • كۆی گشتی موچە ( 898 ملیار و 555 ملیۆن ) دینار موچەی مانگی 2019/12 • داهاتی فرۆشی نەوت بۆ وەزارەتی دارایی ( 345 ملیار) دینار • تەمویلی بەغداد ( 453 ملیار ) دینار • تەمویلی هاوپەیمانان ( 21 ملیار ) دینار • داهاتی ناوخۆ ( 91 ملیار ) دینار • پارەی خەرجكراو بۆ بانكە ئەهلیەكان ( 11 ملیار 880 ملیار ) دینار • كۆی گشتی موچە ( 898 ملیار و 555 ملیۆن ) دینار
درەو: بەڕێوەبەری گشتی چاودێری‌و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی سەردانی ئەو خانەوادەیەی شارۆچكەی پیرە مەگرونی كرد‌و بەڵێنیدا تا دوو ساڵی تر تەواوی پێداویستیەكانیان بگرێتە ئەستۆ، سەڕەرای ئەوەی ژمارەیەكی زۆری خێرخوازان بەهانی ئەو خانەوادیەوە چون . ئەمڕۆ لە گرتەیەكی ڤیدیۆیی هاوڵاتیەكی دانیشتوی شارۆچكەی پیرەمەگرون بەناوی ( پشتیوان) رایگەیاند: " پێنج منداڵم هەیە لەوەتەی كۆرۆنا پەیدابووە پێم بەخێوناكرێن، كێ ئەم منداڵانەمی دەوێت گەردنی ئازاد بێت ئەیدەمی، ئەیكەم بەناوی خۆشیەوە، یەك دینارم نیە، موچەم نیە، كارم دەستناكەوێت". عومەر گوڵپی بەڕێوەبەری گشتی چاودێری‌و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی بە (درەو)ی رایگەیاند، ئەمشەو لە شارۆچكەی پیرەمەگرون سەردانی ئەو خانەوادە بەڕێزەمانكرد و لە نزیكەوە لە دۆخی ژیانیمان كۆڵێیەوەو بەڵێنما پێدا تەواوی پێویستییە سەرەكیەكانی و كرێی خانوی تا دوو ساڵی بگرینە بۆ دابین بكەین" بەڕێوەبەری گشتی چاودێری‌و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەشكرد" ئەوەی جێگەی دڵخۆشی بوو خەڵكێكی زۆر هاوكارییان بۆ هێنا بوو بەهانایەوە هاتبوون" عومەر گوڵپی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد " هەموو دەزانین كوردستان بە دۆخێكی سەختدا دەڕوات‌و نەخۆشی كۆرۆنا هەڕەشەیە بۆ ژیان‌و سەلامەتی هەموومان‌و گەلانی دونیاش، ئەو ڕێوشوێنانەش كە لە پێناو سەلامەتی‌و پاراستنی هاووڵاتیاندا حكومەت هەرێم بەناچاری گرتوونیەتەبەر دەبنە هۆی ڕێگری لە بژێوی ژیانی ئەو هاووڵاتیانەی كە بژێویان لەسەر كاری ڕۆژانەی بازاڕ بووە، ئەم خێزانەش هیچ سەرچاوەیەكی داهاتیان نییە ، زۆر گرنگە هاووڵاتیانی خێرخواز‌و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن لەكاتی گەیاندنی هاوكاری یان داواكردنی هاوكاری ئاگاداری سومعەو كەرامەتی مرۆڤ بن، بەتایبەت پاراستنی سومعەی منداڵان‌و كەرامەت‌و شكۆیان زۆر گرنگەو نابێت هیچ دۆخێك ببێتە پاساوی جۆرە دەربڕینێك كە لە ئایندەدا ببێتە لەكەو پەڵەیەك بە ناوچاوی منداڵانەوە"
نوسینی: ئومێد قه‌ره‌داخی ده‌ركه‌وتنی ڤایرۆسی كۆڕۆنا وه‌ك په‌تایه‌كی جیهانی له ماوه‌یه‌كی كورتدا بوو ته‌حه‌دایه‌كی گه‌وره له به‌رده‌م جیهانی ئه‌مرۆدا، ته‌حه‌داییه‌ك له‌به‌رده‌م سیستمی ته‌ندروستی و ئابووری جیهانی، ئه‌م په‌تا جیهانییه سیستمی ته‌ندروستی وڵاتانی دنیای توشی شۆكی گه‌وره كرد، چونكه نیشانی‌دا ژێرخانی ته‌ندروستی وڵاتان سه‌ره‌ڕای پێشكه‌وتن و متمانه‌به‌خۆبوونی، هێشتا ئاماده‌نییه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌ر روداوێكی نه‌خوازراوی ته‌ندروستی، بۆیه وڵاتان گرفتاربوون به ده‌ست بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م په‌تایه‌وه، رێژه‌ی مردن له ئیتاڵیا چینی ناوه‌ندی سه‌رهه‌ڵدانی ڤایرۆسه‌كه‌ی تێپه‌ڕاند ، رێژه‌ی توشبوون له ئه‌مریكا دیسانه‌وه‌ی رێژه‌ی توشبوونی چینی تێپه‌راند ، ئیسپانیا و ئێران و ئه‌ڵمانیاش رێژه‌ی به‌رزی مردنیان تۆماركرد و، له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی ئه‌م په‌تایه‌دا رێژه‌ی توشبوونیش له هه‌ڵكشاندایه، بێگومان له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا ئه‌مه یه‌كه‌مین په‌تا نیه كه مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی مرۆڤ دروستبكات، به‌ڵكو په‌تای مه‌ترسیدارتر بوونی هه‌بوه و مرۆڤ زاڵبوه به‌سه‌ریدا، مرۆڤ توانیویه‌تی كۆنترۆڵی بكات، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا و سه‌باره‌ت به مه‌ترسییه‌كانی بڵاوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا و راده‌ی زیانه‌كانی بۆ ته‌ندروستی مرۆڤ و به‌رپرسیارێتی ده‌وڵه‌ت، چه‌ندین پرسی گرنگ هاتۆته ئاراوه، یه‌كێك له پرسیاره گرنگه‌كان بریتیه له كاركردن و به‌رێوه‌چوونی كه‌رتی ته‌ندروستی له‌نێوان به‌رپرسیارێتی ده‌وڵه‌ت و كه‌رتی تایبه‌تدا، پرسیار و گفتوگۆیه ده‌رباره‌ی ره‌وایه‌تی و كه‌ڵكی به‌تایبه‌تكردنی كه‌رتی ته‌ندروستی كه ساڵانێكه بانگه‌شه‌ی بۆ ئه‌كرێت و له هه‌ندێك وڵات‌دا به شێوه‌ی جیاواز جێبه‌جێكراوه، جارێكی دیكه پرسی پشتیوانی حكومه‌ت و سیاسه‌ته دارایی و ئابوورییه‌كانی وه‌ك زه‌مانه‌تێكی گرنگ بۆ پاراستنی ته‌ندروستی هاوڵاتیان و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه ته‌ندروستییه‌كان به ئاست و كوالییه‌كی به‌رز هاتۆته ئاراوه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای كۆمه‌كی دارایی ده‌وڵه‌ت بۆ هاوڵاتیان و ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر بۆ هه‌موو هاوڵاتیان به بێ جیاوازی ، ئایا بۆ گره‌نتیكردنی ژیانێكی ته‌ندروست بۆ هاوڵاتیان پێویسته كه‌رتی ته‌ندروستی و خزمه‌تگوزارییه‌كانی له چوارچێوه‌ی كه‌رتی گشتی حكومه‌تی بمێنێت و پیشتیوانی زیاتری بكرێت ؟ یان پێویسته بدرێته ده‌ستی كه‌رتی تایبه‌ت و له‌لایه‌ن كه‌رتی تایبه‌ته‌وه به‌رێوه ببرێت ؟ بێگومان پرسی به‌تایبه‌تكردنی كه‌رتی ته‌ندروستی ماوه‌یه‌كی كه‌م نیه سه‌ریهه‌ڵداوه ، هه‌م له كوردستان و هه‌میش له هه‌ندێك وڵاتی ناوچه‌كه بوه بابه‌تی گفتوگۆ، حكومه‌ت له رێگای به‌تایبه‌تكردنی كه‌رتی ته‌ندروستییه‌وه ئه‌یه‌وێ خه‌رجییه‌كانی ته‌ندروستی له ئه‌ستۆ نه‌گرێت و خه‌رجییه‌كانی حكومه‌ت بۆ كه‌رتی ته‌ندروستی بهێنێته نزمترین ئاسته‌وه، ئه‌مه سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی داكۆكی له تێزی به تایبه‌تكردنی كه‌رتی ته‌ندروستی ئه‌كه‌ن پێیانوایه توانای به‌رهه‌مهێنان و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری له كه‌رتی تایبه‌تدا توانایه‌كی به‌رزتره، چونكه كه‌رتی تایبه‌ت كارمه‌نده‌كانی ناچار ئه‌كات به ئه‌دایه‌كی باشتره‌وه كاربكه‌ن، وه‌ك چۆن له كه‌رته‌كانی دیكه‌ی به‌رهه‌مهێناندا كه‌رتی تایبه‌ت توانایه‌كی باشتری به‌رهه‌مهێنانی نیشانداوه، كه‌رتی گشتی له بواری به‌رهه‌مهێناندا لاوازه، له كه‌رتی تایبه‌تدا سه‌رمایه‌دار بیر له قازانج و ده‌سكه‌وتی ماددی زیاتر ئه‌كاته‌وه، له‌پێناو به ده‌ستهێنانی ده‌سكه‌وتی زیاتر هه‌وڵئه‌دات كوالیه‌تییه‌كی باشتری خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی پێشكه‌ش بكات، به پشت به‌ستن به‌م ئه‌رگۆمێنتانه حكومه‌تی هه‌رێم به توندی پێداگیری له به‌تایبه‌تكردنی كه‌رتی ته‌ندروستی كردوه ، ئه‌م بیرۆكه‌یه ساڵانێكه كاری بۆ ده‌كرێت ، به‌دیاریكراوی له‌سه‌رده‌می كابینه‌ی پێشوو و له‌سه‌ر زاری سه‌رۆكی حكومه‌ت نێچیرڤان بارزانییه‌وه بانگه‌شه‌ی بۆكرا ، له راستیدا به‌تایبه‌تكردنی كه‌رتی ته‌ندروستی ته‌نها له روانگه‌یه‌كی ئابوورییه‌وه( روانگه‌ی خه‌رجی و داهات ) گه‌ڵاڵه كراوه و بێ ره‌چاوكردنی ره‌هه‌نده ئه‌خلاقی و ئینسانییه‌كه‌ی، بێ ره‌چاوكردنی ئه‌و ئه‌و كاره‌ساته مرۆیی و ئه‌خلاقییه‌ی له‌و پرۆسه‌ی به‌تایبه‌تكردنه ئه‌كه‌وێته‌وه به تایبه‌ت بۆ چینه هه‌ژار و مام ناوه‌نده‌كانی كۆمه‌ڵگا ، ئه‌م ئه‌رگۆمێنتانه‌ش له‌م لایه‌نه‌وه پێشكه‌ش ئه‌كرێن ئه‌رگۆمێنتی واقعی نین و ناتوانن برواپێهێنه‌ربن كه پرۆسه‌ی به‌تایبه‌تكردنی كه‌رتی ته‌ندروستی ئه‌توانێت خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی بۆ هه‌مووان و به كوالیه‌تیه‌كی باشتر دابین بكات . به‌تایبه‌تكردنی كه‌رتی ته‌ندروستی یان فرۆشتنی ته‌ندروستی هاوڵاتیان بیرۆكه‌ی به‌تایبه‌تكردنی كه‌رتی ته‌ندورستی و خۆ رزگاركردنی حكومه‌ت له دابینكردنی خه‌رجییه‌كانی كه‌رتی ته‌ندوستی، له‌ناوه‌رۆكدا راكردنی ده‌وڵه‌ته له یه‌كێك له به‌رپرسیارێتیه هه‌ره گرنگه‌كانی خۆی، هه‌رگیز ناتوانین بیر له بوونی ده‌وڵه‌تی به‌رپرسیار بكه‌ینه‌وه به بێ له ئه‌ستۆگرتنی ئه‌رك و تێچوونی بیناكردن و به‌رده‌وامی سیستمێكی ته‌ندروستی ئاستبه‌رز كه ده‌رفه‌تی یه‌كسان بۆ چاره‌سه‌ر به هه‌موو هاوڵاتیان بدات، هه‌موو هاوڵاتیان به هه‌موو جیاوازییه چینایه‌تیه‌كان و جیاوازی ئاسته‌كانی داهاته‌وه مافی سودمه‌ندبونیان هه‌بێت له وه‌رگرتنی خزمه‌تگوزارییه ته‌ندروستیه‌كان ، كاتێك حكومه‌ت خۆی له ئه‌ركی دابینكردنی خه‌رجییه‌كانی كه‌رتی ته‌ندروستی ئه‌دزێته‌وه و ئه‌یسپێرێت به كه‌رتی تایبه‌ت ، ئه‌مه كارێكی نا ئه‌خلاقییه و گۆرینی ته‌ندروستی هاوڵاتیانه بۆ كاڵا، وه‌ك چۆن تۆ بۆ كرینی هه‌ر كاڵایه‌ك پێویستت به‌وه‌یه به‌قه‌د به‌های كاڵاكه پاره بده‌یت ئاواش بۆ وه‌رگرتنی هه‌ر خزمه‌تگوزارییه‌كی ته‌ندروستی پێویسته به‌قه‌د گرنگی خزمه‌تگوزارییه‌كه پاره بده‌یت ، له راستیدا ئه‌مه جیهێشتنی هه‌ژاره‌كانه بۆ مردن ، دابینكردنی ته‌ندروستی و ژیانه بۆ چینێكی ئه‌ریستۆكرات و باڵاده‌ست ، له‌سایه‌ی ئه‌م جۆره له سیاسه‌ت كۆمه‌ڵگایه‌ك بینا ئه‌كرێت مردنی هه‌ژاره‌كان ئه‌بێته روداوێكی نۆرمه‌ڵ، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه روونه‌دات پێویسته روانگه‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ ته‌ندروستی و خزمه‌تگوزارییه‌كانی روانگه‌یه‌كی ئیسنانی و ئه‌خلاقی بێت نه‌ك روانگه‌یه‌كی ئابووری ، پێوه‌ر بریتی بێت له راده‌ی په‌یوه‌ست بوون به ژیان و ته‌ندروستی بۆ هه‌موان نه‌ك راده‌ی به‌ده‌ستهێنانی قازانج و زیانی ئابووری ده‌ركه‌وتنی په‌تای كۆرۆنا پتر له هه‌ر كاتێكی ئه‌و راستیه‌ی سه‌لماند كه پشتیوانی حكومه‌ت و توانا داراییه‌كانی پێویستی مانه‌وه‌ی ژیانی مرۆڤایه‌تییه ، پێویستیه‌كه كه رێگری ئه‌كات له‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا نه‌بێت به شانۆی كوشتنی هه‌ژاره‌كان ، نه‌ك له‌و وڵاتانه‌ی كه به ده‌وڵه‌تانی خۆشگوزه‌ران ناسراون ، یان ئه‌وانه‌ی سوشیالن ، به‌ڵكو له‌وانه‌ی كه دڵی سه‌رمایه‌داری جیهانین ، ده‌وڵه‌ت ته‌حه‌مولی ملیاره‌ها دۆلار كردوه بۆ دابینكردنی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی بۆ تێكرای هاوڵاتیان و به‌رنگاربوونه‌وه‌ی ئاكامه ئابووری و ته‌ندروستیه‌كانی په‌تاكه ، ئه‌مریكا 2.2 ترلیۆنی دۆلاری ته‌رخانكردوه، هۆڵه‌ندا 20 ملیار یۆرۆ ، فه‌ره‌نسا 45 ملیار یۆرۆ، به‌ریتانیا 330 ملیار جونه‌یهی ئیسته‌رلینی ، ئیسپانیا 200 ملیار یۆرۆ ، له ئه‌ستۆگرتنی ئه‌م تێچوونه زه‌به‌لاحانه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانه‌وه به‌ڵگه‌ی به‌رپرسیارێتی و هه‌ستكردنی ده‌وڵه‌ته به ئه‌ركی سه‌رشانی ، رێگانه‌دانه به‌وه‌ی به‌ناوی نه‌هێشتنی به‌فیرۆدان و به‌تایبه‌تكردنه‌وه هاوڵاتیه‌كانی له‌به‌ر نه‌بوونی ده‌رمان بمرن ، بانگه‌وازی به‌تایبه‌تكردنی كه‌رتی ته‌ندروستی و خۆ قووتاركردنی حكومه‌ت له ئه‌ستۆگرتنی خه‌رجیه‌كانی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی ، له‌راستیدا له دۆخێكی وه‌ك ئه‌مرۆی جیهانیدا بریتیه دانانی جیهازی هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكرده ته‌نها بۆ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان ، كاتێك تۆ تووشی كۆرۆنا یان سارس یان هه‌ر نه‌خۆشییه‌كی مه‌ترسیدار ئه‌بیت پێش ئه‌وه‌ی بچێت بۆ نه‌خۆشخانه پێویسته سه‌یری گیرفانت بكه‌یت، بزانه گیرفانت به‌شی دانانی هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكرد و مانه‌وه‌ی چه‌ند شه‌و له چاودێری ورد ئه‌كات، ئه‌گه‌ر تۆ كه‌سێكی هه‌ژاریت و خاوه‌نی ئه‌و پاره‌یه نیت ئیدی چاوه‌ڕێ مه‌كه هیچ نه‌خۆشخانه‌یه‌ك ده‌رگات لێبكاته‌وه ، ئه‌مه گرفتێكی هه‌ره جه‌وهه‌ری به‌تایبه‌تكردنی كه‌رتی ته‌ندروستیه ، ئه‌مه‌ش كاره‌ساتێكی ئه‌خلاقی و مرۆیی گه‌وره‌یه بۆ كۆمه‌ڵگا ، حكومه‌تی هه‌رێم و هه‌ندێك له قسه‌كه‌ره‌كانی له‌كاتێكدا بانگه‌شه‌ی به‌تایبه‌تكردنی كه‌رتی ته‌ندروستی ئه‌كه‌ن كه به‌به‌رچاویانه‌وه ملیاره‌ها دۆلار بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌تایه‌كی جیهان ته‌رخان ئه‌كرێت و ئاسه‌واره ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی بنه‌بڕ ئه‌كرێت و ده‌وڵه‌ته‌كان له هه‌وڵی دابینكردنی ته‌ندروستیه‌كی باشن بۆ هه‌موان. كه‌رتی گشتی، بارگرانی سه‌ر حكومه‌ت یان نزمی ئاستی خه‌رجیه‌كان هه‌رێمی كوردستان وه‌ك به‌شێك له عێراق، سیستمه ته‌ندروستیه‌كه‌ی پاشماوه‌ی سیستمی ته‌ندروستی حكومه‌تی عێراقه، كه له‌ڕاستیدا خاڵێكی هه‌ره باشی نێو ئه‌و سیستمه ته‌ندروستیه ئه‌وه‌یه كه له ئه‌ستۆی حكومه‌ته و حكومه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ دابینكردنی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی نزیكه‌ی بێ به‌رانبه‌ری بۆ هه‌مووان ده‌سته‌به‌ر كردوه، به‌ڵام بێگومان كوالیتی ئه‌م ته‌ندروستیه گشتیه له ئاستێكی نزمدایه، ئێستای حكومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان پاره‌یه‌كی ئێجار كه‌م بۆ خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی هه‌ر تاكێك ته‌رخان ئه‌كه‌ن به‌راورد به وڵاتانی دیكه‌ی دنیا ، پشكی تاكه‌كه‌س له كۆی خه‌جیه‌كانی كه‌رتی ته‌ندروستی له وڵاتێكی وه‌ك ئه‌مریكا 9450 دۆلاری ئه‌مریكیه، سویسرا 6930 دۆلار، ئه‌ڵمانیا 5260 دۆلار ، سوید 5220 دۆلار ، فه‌ره‌نسا 440 دۆلار، یابان 415 دۆلاری ئه‌مرییكه ، ئه‌مه له‌كاتێكدا پشكی تاكه‌كه‌سی عێراق له كۆی خه‌رجیه‌كانی كه‌رتی ته‌ندروستی ته‌نها 171 دۆلار بوه بۆ ساڵی 2018 ، ئه‌مه‌ش نزمیترین ئاسته ، ئه‌گه‌ر عێراق به‌راورد نه‌كه‌ین به وڵاته پێشكه‌وتوه‌كان و به‌راوردی بكه‌ین به وڵاتانی هه‌رێمی دیسانه‌وه هاوڵاتی عێراقی و كوردستانی نزمترین ئاستی هه‌یه و كه‌مترین پشكی هه‌یه ، بۆ نموونه پشكی تاكی ئیسرائیلی 1432 دۆلاره ، كۆیت 1197 دۆلار، سعودیه 714 دۆلار ، توركیا 437 دۆلار ، ئه‌رده‌ن 214 دۆلار، ئێران 194 ، به‌مه‌ش عێراق له نێو وڵاتانی هه‌رێمیدا كه‌مترین پشك بۆ ته‌ندروستی تاكه‌كه‌س ته‌رخان كراوه، به‌مه‌ش ئه‌و خه‌رجییانه‌ی هه‌رێمی كوردستان و عێراق له بواری پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی له ئه‌ستۆی گرتوه خزمه‌تگوزارییه‌كی ئێجگار كه‌مه و پشكی هه‌ره زۆری پێداویستی ته‌ندروستی هاوڵاتی خۆی له ئه‌ستۆی گرتوه ، ئه‌وه‌ی ئه‌بێت بكرێت به‌رزكردنه‌وه‌ی پشكی هاوڵاتیه له خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستیدا ، باشتركردنی كوالیتی ئه‌و خزمه‌تگوزارییه ته‌ندروستیانه‌یه كه نه‌خۆشحانه‌كان گشتیه‌كان پێشكه‌شی ئه‌كه‌ن ، نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه خۆ دزینه‌وه له‌و خه‌رجیه كه‌مانه‌ی تا ئێستا حكومه‌ت له بواری ته‌ندروستیدا له ئه‌ستۆی گرتوه، نه‌ك وێرانكردنی ئه‌و سیستمه‌ی كه حكومه‌تی پێشتری عێراق بینای كردبوو، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ك به هۆی بوونی گه‌نده‌ڵیی بێ شومار و نه‌زیفێكی مالیی فراوان و نارۆشنی سه‌رچاوه‌كانی داهات و خه‌رجییه‌كان و هه‌ڵاوسانی گه‌وره له كه‌رتی گشتیدا ، له‌لایه‌كی دیكه به‌هۆی هاندانی هه‌ندێك كه‌سی بێ باكه‌وه، بیرۆكه‌ی به تایبه‌تكردنی كه‌رتی ته‌ندروستی هه‌رێمیان خستۆته مێشكی به‌رپرسانی هه‌رێمه‌وه و ئه‌م بیرۆكه‌یه كه به ئاشكرا له سه‌رده‌می نێچیرڤان بارزانیدا بانگه‌شه‌ی بۆ كرا، بیرۆكه‌یه‌كی مه‌ترسیداره و جێهیشتنی هه‌ژاره‌كانه بۆ مردن. به‌تایبه‌تكردتی ته‌ندروستی یان جێهێشتنی هه‌ژاره‌كان بۆ مردن گۆمان له‌وه‌دا نیه له مێژووی هاوچه‌رخدا كه‌رتی تایبه‌ت رۆڵی گرنگی بینیوه له بوژانه‌وه‌ی ئابووری نیشتیمانیدا، توانیوه‌یه‌تی رۆڵ ببینَیت له زیاتركردنی ئاستی به‌رهه‌مهێنان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌كارخستنی ده‌ستی كار له هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا، به‌ڵام بوونی رۆڵی ئیجابی بۆ كه‌رتی تایبه‌ت له راستیدا په‌یوه‌سته به كۆمه‌ڵیك مه‌رجی مێژوییه‌وه ، بێ بوونی ئه‌و مه‌رجانه كه‌رتی تایبه‌ت جگه بازرگانێكی ته‌ماعكار ، جگه له خاوه‌نكارێكی چه‌وسێنه‌ر هیچی دیكه نابێت ، ئه‌گه‌ر ئه‌م تێزه جارێك بۆ به‌شداری كه‌رتی تایبه‌ت له سێكته‌ره‌كانی ئابووری و به‌رهه‌مهێناندا راست بێت ، ئه‌وا ده‌یان جار بۆ كه‌رتی ته‌ندروستی راسته، چونكه خزمه‌تگوزارییه ته‌ندروستیه‌كان راسته‌وخۆ په‌یوه‌سته به سه‌لامه‌تی و به ژیانی هاونیشتیمانیانه‌وه، كه‌رتی تایبه‌ت له ده‌وڵه‌تێكدا به ئاڕاسته‌یه‌كی راست و دروست كاره‌كانی خۆی ئه‌كات كه حكومه‌ت حكومه‌تێكی دامه‌زراوه‌یی بێت ، دام و ده‌زگای چاو‌دێر ورد و سه‌ربه‌خۆ بوونی هه‌بێ، دادگا و داواكاری گشتی به‌ته‌واوی مانا سه‌ربه‌خۆ بن و هاوشانی دوو ده‌سه‌لاته‌كه‌ی تری وڵات بوون و پێگه‌یان هه‌بێت، په‌یوه‌ندییه‌كانی خوێن و ده‌مار و ئینتیمای شه‌خسی و هه‌ڵپه‌ی تاكه‌كه‌سی و حزبی بوونی نه‌بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌موومان ئه‌و راستییه ئه‌زانین هه‌رێمی كوردستان سیستمی به‌رێوه‌بردندا دامه‌زراوه‌یی نییه ، ده‌سه‌ڵاتی حزبی و شه‌خسی و خێزانی جومگه‌كانی حوكمرانی ته‌نیوه، مه‌نسوبیه‌ت و مه‌حسوبیه‌ت رۆڵی گرنگ ئه‌بینن له ئه‌دا و بڕیاری حكومه‌ت، دادگا سه‌ربه‌خۆ نییه و چاودێری و لێپرسینه‌وه ئیجگار لاوازه ، له دۆخێكی له‌م شێوه‌یه كه‌رتی تایبه‌ت چۆن ئه‌توانێت به شێوه‌یه‌كی پۆزه‌تیف رۆڵ ببینیت، نه‌ك له كه‌رتی ته‌ندروستی كه كه‌رتێكی یه‌كجار هه‌ستیار و گرنگه به‌ڵكو له كه‌رته‌كانی دیكه‌ی به‌رهه‌مهێنان چ رۆڵێك بینراوه ، ئه‌و دۆخه‌ی هه‌رێم به هۆی شێوه به‌رێوه‌بردنه‌ی هه‌یه‌تی وایكردوه كه‌رتی تایبه‌ت پتر وه‌ك مشه‌خۆرێك به‌سه‌ر داریی و ژیانی گشتیه‌وه ده‌ربكه‌وێت نه‌ك وه‌ك به‌شدارێكی گرنگ له چالاكی ئابووری نیشتیمانی و زیادكردنی ئاستی داهات و به‌گه‌رخستنی زیاتری ده‌ستی كار، كاركردنی كه‌رتی تایبه‌ت( جگه له هه‌ندێك نموونه‌ی باش) چ ئاكامێكی هه‌بوو جگه له دروستبوونی هه‌زاران ملیۆنه‌ر و ده‌یان ملیاردێری بێ به‌رهه‌م ، به‌شداری كۆی سێكته‌ره‌كانی به‌رهه‌مهێنان به بێ نه‌وت له پێكهێنانی كۆی داهاتی نیشتیمانی هه‌رێمدا كه‌متره له 5%، به‌ڵام خاوه‌نی ده‌یان ملیاردێرن، ئه‌مه‌ش ئه‌وه روون ئه‌كاته‌وه كه كه‌رتی تایبه‌ت ئامانجی ته‌نها به‌ده‌ستهێنانی قازانجه ، قازانج له‌سه‌ر حسابی هه‌موو شتێك ، له دۆخێكی له‌مشێوه‌یه‌دا كه زه‌مینه‌ی كارگێری و یاسایی و دۆخی حوكمرانی هه‌رێم بۆ به‌تایبه‌تكردنی كه‌رته‌كانی به‌رهه‌مهێنان نه‌ره‌خسا بێت و كاریگه‌ری ئاوا نێگه‌تیڤی هه‌بێت ، ئه‌بێت به چ شێوه‌یه‌ك ئه‌توانریت كه‌رتی ته‌ندروستی بكرێت به كه‌رتێكی تایبه‌ت ، به‌تایبه‌تكردنی كه‌رتی ته‌ندروستی له راستیدا فرۆشتنی ته‌ندروستی و ژیانی هاوڵاتیانه بۆ خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵێك سه‌رمایه‌داری بیانی یان ناوخۆیی ، ئاكامه‌كه‌ی باجێكی ئێجگار گه‌وره‌یه بۆ ته‌ندروستی هاوڵاتیان ، ئه‌مه‌ش هه‌م له دۆخی ئاسایی و هه‌میشه له دۆخێكی قه‌یراناوی وه‌ك ده‌ركه‌وتنی په‌تای كۆڕنا ، وه‌ك چۆن له كه‌رته‌كانی دیكه‌ی نه‌وت و بیناسازی و په‌یوه‌ندییه‌كان، هیچ رۆڵێكی ئاماژه‌پێكراو به پێشكه‌وتن و بوژانه‌وه‌ی ئابووری بوونی نیه ، وه‌ك چۆن بوون به كۆمه‌ڵێك پرۆژه كه ته‌نها چاویان له قازانجه و بێ چاودێری و بێ ره‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی كارده‌كه‌ن ، ئاواش له كه‌رتی ته‌ندروستیدا هه‌مان دۆخ به زیاده‌وه دووباره ئه‌بێـته‌وه، له راستیدا سپاردنی ته‌ندروستی به كه‌رتی تایبه‌ت كۆمه‌ڵگا رووبه‌رووی كاره‌ساتی گه‌وره‌ی ئه‌خلاقی و ئیسنانی ئه‌كاته‌وه، بێ توانایه‌كی ماددی مافی ژیانكردنت نابی، مافی دڵنیابوونه‌وه و ته‌ندروستی باشت نابێت ، بیهێنه به‌رچاوی خۆت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پاره‌ی نه‌شته‌رگه‌رییه‌ك له گیرفانتا نییه ئه‌بێ چاوه‌رێی مردن بكه‌ی ، ژن و پیاوێكی به‌ته‌مه‌ن به مووچه‌یه‌كی چه‌ند سه‌د هه‌زارییه‌وه چۆن ئه‌توانێت پێویستیه‌كانی له كه‌رتی ته‌ندروستی بكرێت ، له قه‌یرانێكی گه‌وره و مه‌ترسیداری وه‌ك كۆرۆنا تۆ ناچار بێت بۆ پاراستنی خۆت له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك بازرگانی ته‌ندروستی مامه‌ڵه بكه‌یت. سه‌ره‌تایه‌كی خراپ له به‌تایبه‌تكردن به‌داخه‌وه له هه‌رێمی كوردستاندا به شێوه‌یه‌كی ماوه‌درێژ كه‌رتی ته‌ندروستی لاواز كراوه ، له‌لایه‌ك ئاستی نرخه‌كانی خزمه‌تگوزارییه گشتیه‌كان له ته‌ندروستی حكومیدا به‌رزكراوه‌ته‌وه ، له‌لایه‌كی دیكه‌وه كوالیتی و جۆری ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه دابه‌زیوه ، كه‌می و خراپی كوالیتی ده‌رمان ته‌نگی پێهه‌ڵچنیون ، به‌رانبه‌ر به‌مه ده‌یان نه‌خوشخانه‌ی ئه‌هلی له شاره‌كانی كوردستان كراونه‌ته‌وه ، ئه‌م نه‌خوشخانانه له راستیدا به نرخێكی زۆر گران خزمه‌تگوزارییه ته‌ندروستیه‌كان پێشكه‌ش ئه‌كه‌ن كه به هیچ جۆرێك له‌گه‌ڵ ئاستی داهاتی هاوڵاتیان ناگونجێت ، ئه‌مه‌ش دۆخێكی دژاواری دروستكردوه ، كه تیایدا متمانه‌ی هاوڵاتیان به خزمه‌تگوزارییه ته‌ندروستیه‌كان لاواز بوه، وایكردوه هاوڵاتی به شێوه‌یه‌كی كه‌متر روو بكاته بنكه ته‌ندروستیه حكومیه‌كان ، زیاتر و زیاتر روو بكاته نه‌خۆشخانه ئه‌هلییه‌كان نه‌خوشخانه‌ی حكومی به هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌كانییه‌وه كه‌م به‌ها و كه‌م بایه‌خ كراوه ، ئه‌مه‌ش دۆخێكی مه‌ترسیداره له هه‌ر وڵاتێكدا رووبدات، سه‌ره‌تایه‌كی مه‌ترسیداره كه ژیان و ته‌ندروستی هاوڵاتیان ئه‌كرێت به ئامرازی بزنس و خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردنی گرووپێك، گرووپێك نه له ژێر چاودێرییه‌كی راسته‌قینه‌دان و نه خواستی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوازرییه‌كی راسته‌قینه‌یان هه‌یه ، ئێستا سه‌ره‌رای گرانی نرخه‌كان و سه‌ره‌رای بوونی ده‌یان نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌هلی هێشتا خواستێكی گه‌وره‌ی هاوڵاتیان هه‌یه بۆ روكردنه نه‌خۆشخانه‌كانی ده‌ره‌وه به مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر.