سیستەم و نەخشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 

2021-09-09 19:20:26



ئامادەكردنی: درەو
بەپێی داتاکانی کومسیۆنی هەڵبژاردن زیاتر کە (25) ملیۆن هاوڵاتی عێراقی مافی دەنگدانی هەیە و لە پێناو ئەو کۆکردنەوەی زۆرینەی ئەو دەنگانەدا لە چوارچێوەی (21) هاوپەیمانی و (167) پارتی سیاسی کە (58) یان لەنێو هاوپەیمانیدان و سەدان کاندید سەربەخۆو بێ لایەن و لە سەر ئاستی (83) بازنەی هەڵبژاردن (3 هەزار و 171) کاندید ڕکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی (320) کورسی و (67) کاندیدیش لەسەر ئاستی عێراق ڕکابەری بەدەستهێنانی (9) کورسی کۆتای پێکهاتەکان دەکەن، وردەکاری سیستمی هەڵبژاردن چۆنییەتی دابەشکردنی بازنەکان بەسەر هەر (18) پارێزگاکەی عێراق لە ڕاپۆرتەدا بەردەستە.

عێراق لەبەردەم سیستمێکی نوێی هەڵبژاردن
دواجار و دوای کۆمەڵێک ئاڵنگاری و ململانێ و کێشمەکێشمی لایەنە سیاسییەکان، عێراق بەرەو هەڵبژاردنی گشتی ئەنجومەنی نوێنەران هەنگاو دەنێت و بڕیارە ڕۆژی 10ی تشرینی یەکەمی 2021، خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراق بەڕێوەبچێت، بەپێ یاسای نوێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (9)ی ساڵی 2020، هەڵبژاردنەکە تەواو جیاواز دەبێت بەراورد بە خولەکانی پێش خۆی ئەویش بە پەیرەو کردنی؛ 
یەکەم: دابەشکردنی عێراق لە (18) بازنەی هەڵبژاردنەوە بۆ (83) بازنەی هەڵبژاردن، لەسەر دوو بنەما؛
1.    پاراستنی پێگەی (25%)ی کۆتای ئافرەتان لە ئەنجومەنی نوێنەران، بەو پێیەش دەبێت لە هەر بازنەکی هەڵبژاردن لانی کەم ئافرەتێک سەربکەوێت و (83) ئافرەت کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانیان هەبێت لە کۆی (320) کورسی گشتی و (9) كورسی كۆتای (پێكهاته‌كان).
2.    پاراستنی دەقی ماددەی (49)ی بڕگەی یەکەمی دەستوری هەمیشەیی عێراق کە تێیدا هاتووە (ئەنجومەنی نوێنەران لە ژمارەیەک ئەندام پێکدێت بە ڕێژەی یەک کورسی بۆ سەد هەزار کەس لە دانیشتوانی عێراق...)، بەم پێیەش هیچ بازنەیەکی هەڵبژاردن ژمارەی ئەو کورسییانەی بۆی تەرخان کراوە کە لە نێوان (3-4) کورسیدایە، ژمارەی دانیشتوانەکەی کەمتر نییە لە (400) هەزار کەس.
دووەم: گۆڕانکاری لە سیستمی هەڵبژاردن وهەڵوەشاندنەوەی سیستمەکانی پێشوو، پەیڕەو کردنی سیستمێکی نوێ، وەک لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (9)ی 2020دا هاتووە: 
ماددەی (15) یەکەم: هەر پارێزگایەک بۆ چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن دابەش دەبێت.
دووەم: پاڵێوراو بەشێوەی تاکەکەسی دەبێت لە بازنەیەکی هەڵبژاردن. 
سێیەم: ڕیزبەندی پاڵێوراوان لە بازنەیەکی هەڵبژاردن بە بەدەستهێنانی زۆرترین ژمارەی دەنگ (اعلی اصوات) براوە دەبێت، بەپێی سیستمی براوەی یەکەم، بۆ پاڵێوراوەکانی دوای ئەویش هەر بەو شێوەیە دەبێت.
بەپێی ئەم ماددەیە:
1.    عێراق بەسەر (83) بازنەی بازنەی هەڵبژاردن دابەش دەبێت.
2.    پاڵێوراو بەشێوەی تاکەکەسی دەبێت لە بازنەیەکی هەڵبژاردن، بەم پێیەش خۆپاڵاوتن لە لیستی حزبەکانەوە گۆراوە بۆ پاڵێوراوی تاکەکەسی (حیزبی و بێ لایەن) و لەم حاڵەتەشدا دەنگدەر تەنها یەک دەنگ بە پاڵێوراو دەدات و دەنگ بە لیست یان قەوارەی سیاسی نادات. ئەمەش ئەمانباتە بەردەم بنەمایەکی دیکە؛
3.    کار بە سیستمی (تاک دەنگی نەگوێزراوە) دەکرێت، واتە ئەو دەنگە زیادانەی لە پاڵێوراوێکی سەربەخۆ یان سەر بە لایەنێکی سیاسی دەمێنێتەوە ناگوێزرێتەوە بۆ کەسی تر یان کەسێكی تری لایەنه سیاسییه‌كه‌.
4.    کام پاڵیوراو زۆرترین دەنگەکانی بازنەکەی خۆی بەدەست بهێنێت بەشێوەی ڕیزبەندی سەردەکەوێت، بۆ نمونە ئەگەر بازنەیەک چوار کورسی بۆ تەرخان کرابوو، ئەوا لەو بازنەیەدا (4) پاڵێوراوی خاوەن زۆرترین دەنگ سەردەکەون به‌شێوه‌ی ڕیزبه‌ندی، بە مەرجێ:
‌‌ا. یەکێک لە سەرکەوتووەکان ئافرەت بێت.
ب. ئەگەر هەر چواریان لە ڕەگەزی نێربن، ئەوا کەسی چوارەمیان جێی دەهێڵێت بۆ ئافرەتێک کە زۆرترین دەنگی نێو ئافرەتەکانی بازنەکەی خۆی بەدەستهێنابێت.
ج. ئەگەر دوو پاڵێوراوی کۆتایی (کێبڕکێ لەسەر کورسی چوارەم) دەنگەکانیان یەکسان بوو، ئەوا بەپێ هەمان یاسا و ماددە، تیروپشکیان بۆ ئەنجام دەدرێت.
د. ئەگەر بازنەیەک سێ کورسی بۆ تەرخان کرابووە ئەوا هەموو ڕێوشوێنەکانی خاڵەکانی (‌ا، ب، ج) ڕاستن، بە کەمکردنەوەی کورسییەک لەو بازنەیە.  

دابەشبوونی بازنەکانی هەڵبژاردن و ژمارەی کاندیدە ڕکابەرەکان
بەپێی داتاکانی کومسیۆنی هەڵبژاردن (25 ملیۆن و 139 هەزارو 375) هاوڵاتی عێراقی مافی دەنگدانی هەیەو لە پێناو ئەو کۆکردنەوەی زۆرینەی ئەو دەنگانەدا لە چوارچێوەی (21) هاوپەیمانی و (167) پارتی سیاسی کە (58) یان لەنێو هاوپەیمانیدان و سەدان کاندید سەربەخۆو بێ لایەن و لە سەر ئاستی (83) بازنەی هەڵبژاردن (3 هەزار و 171) کاندید ڕکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی (320) کورسی و (67) کاندیدیش لەسەر ئاستی عێراق ڕکابەری بەدەستهێنانی (9) کورسی کۆتای پێکهاتەکان دەکەن، لەم خشتانەی خوارەوە چۆنییەتی دابەشکردنی بازنەکان بەسەر هەر (18) پارێزگاکەی عێراق و دابەشکردنی کورسییەکان و ژمارەی کاندیدە ڕکابەرەکان ڕونکراوەتەوە. 

 


 

.................................

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
ڕیکلام

جەندرمە لەناوخاكی هەرێمدا
لادانی کاتیی ئێران؛ لەهەمبەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی عێراقدا
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand