خۆراسانی گەورە و داعشی خۆراسانی لەبەندۆڵی تاڵیبان و ئێراندا

Draw Media

2021-09-04 12:19:13



 

شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو)

 

وا دەردەکەوێت، ململانێیەکی توندی سیاسی، سەربازی و جەنگی لە ئایندەیەکی نزیکدا، یەخەی خۆراسانە گەورەکە بگرێتەوە، کە هەریەک لە ئێران و ئەفغانستان و پاکستان کارەکتەری دیاری ململانێکان دەبن، هەنووکە لە ڕووی سیاسییەوە، لانیکەم سێ لایەنی سەرەکی خۆیان بە موڵکداریی خۆراسانی گەورە دەناسێنن: ئەفغانستان (تاڵیبان)، ئێران(کۆماری ئیسلامیی ئیران) و ئەمارەتی خۆراسان (داعش)! جیا لەمانەش ململانێیەکی کولتووریش لەنێوان هەریەک لە ئێران، ئەفغانستان، تورکمەنستان، ئۆزبەکستان، تاجیکستان و ئەفغانستان دەبینرێت و جەنگێکی نەرم ساڵانێکە ئەم وڵاتانەی گرتووەتەوە و لە سەر میراتی مێژووی خۆراسانی گەورە لە جەنگدان و جیا لە جەنگە هەرێمییەکە، ئاستی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی وەک یونسکۆشی گرتووەتەوە و هەرلایەک دەیەوێت میراتی ئەو خۆراسانە مەزنە بەناوی خۆیەوە تۆمار بکات!
یەکێک لەو ئەگەرە بەهێزانەی لە ململانێی سیاسیی نێوچەکەدا قووت بووەتەوە، سیناریۆی چەند جەنگێک دەخەنە خانەی ڕوودانیانەوە: 
١. جەنگی تاڵیبان- داعش لە سەرسنووری خۆراسانی ئێران و ئەفغانستان.
٢. جەنگی تاڵیبان-ئیران.
٣. دووبارەبوونەوەی جەنگێکی چەند لایەنەی نێوچەیی وەک جەنگی داعش لە عێراق و سوریا (٢٠١٤-١٠١٨) .
بۆ تێگەیشتن لە هاوکێشەی خۆراسان و ململانێکانی، گرنگە لە سێ ئاستدا و بە سێ پرسیار لە دۆسێکە بڕوانرێت: خۆراسان کوێیە؟ خۆراسان لە دیدی ئەفغانستانەوە گرنگی چییە؟ پێگەی خۆراسان لای داعش چییە؟

خۆراسانی گەورە کوێیە؟
لە بەڵگە مێژووییەکاندا، خۆراسان بەسەر چوار بەشی سەرەکییدا  دابەش کراوە: بەڵخ، مەرو، نیشابوور و  هەرات. هیچ کام لەم دابەشکارییە ئێستا نەماوون و گورزە سیاسییەکانی کۆڵۆنیالیزم بەسەر چەند وڵاتێکدا دابەشی کردوون، بۆیە لە ئەگەری بەهێزبوونەوەی ئەنگێزەی خۆراسانی گەورە و چوونەوە قاڵبی جوڵانەوەی سیاسییەوە، ئەوا سنووری سیاسیی هەریەک لە ئێرانی هەنووکەیی و تورکمەنستان و تاجیکستان و پاکستان دەسکاری دەکرێن و هەڕەشە دەبن بۆ سەروەریی و یەکپارچەییان.
ڕیشەی وشەی خۆراسان کە لە "خۆر" و "خاوەر"ەوە هاتووە و لە دەقە کۆنەکاندا بەمانای خۆرهەڵات بەکار هاتووە، وشەی خۆر-یش لە هەردوو زمانی کوردی و فارسییدا، بەمانای خۆر هاتووە. 
سنووری قەڵەمڕەوی خۆراسانی گەورە، بەشێکی سەرەکی زەویەکانی ڕۆژهەڵات و باکوری ڕۆژهەڵاتی ئێران لە خۆ دەگرێت. هەروەها باشوور، ڕۆژهەڵات و باکووی ڕۆژهەڵاتی تورکمەنستانیش لەخۆ دەگرێت. لەولاشەوە باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئوزبەکستان بەشێکە لەو خۆراسانە. لە تاجیکستانیش شارەکانی خوجەند و دوشەممە بەشێکن لە خۆراسانی مێژوویی. بەڵام لە هەمووی زیاتر تەواوی جوگرافیای ئەفغانستانیش  جگە لە بەشێک لە خاکی باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی نەبێت سەرجەمی بە خۆراسان دادەنرێت. 
لە شارە گرنگە خاوەن مێژووەکانی ئەم جوگرافیا گرنگە دەکرێت ئاماژە بکرێت بە: نیشابوور، توس، مەرو، سەمەرقەند، بوخارا، دوشەممە، خوجەند، بامیان، بەلخ، هەرات، غەزەنی و کابول کە بەسەر ئەو وڵاتانەی باس کران دابەش بوون. بەڵام لە ئێستادا تەنها سێ پارێزگای سەرەکی ئێران زۆرتر ناوی خۆراسانیان لەخۆیان ناوە و بەکاردەهێنرێت. لە کۆی گشتییدا لە ڕووی مەزهەبییەوە، زۆرینە موسڵمانن و بەپلەی یەکەم زۆرینە سووننە و بە پلەی دووەم شیعە مەزهەبەکان دێت.
لەڕووی زمانەکانی خۆراسانەوە، دانیشتووانی ئەم زمانانە بەکار دەهێنن: فارسی دەری، تورکیی خۆراسانی، تورکمەنی، کوردیی کرمانجی، بوخارایی، نیشابووری، هەراتی و هەزارەگی، کە هەندێکیان وەک زاراوە زیاتر دەناسرێن نەک زمان.( بڕوانە: علی رحیم پور(١٣٨٩): تاریخ و فرهنگ خراسان بزرگ، مجلە خراسان بزرگ، س١، ش١، ص٣٨)
میراتی کولتووری خۆراسانییەکان، میراتێکی دەوڵەمەندی هزری-شارستانیی-هزریی-زانستی و ئەدەبی فراوانە، خاوەنی چەندین ناوی مەزنی نیو دنیای شارستانێتی نەک خۆراسانی و ئیسلامی بەڵکو جیهانی و مرۆڤایەتییە، هێندە بەسە کە بزانین هەریەک لەم ئەستێرە دروشاوانەی دنیای زانست و ئەدەب و ئاین خۆری درەوشاوەیان لەوێوە هەڵهاتووە: ئیبن سینا، ئەبوڕەیحانی بیرونی، مەولانای بەڵخی، فیردەوسی، خەیام، جامی، ئەبوبەکری نیشابوری، ناصر خوسرەو و فارابی و...تاد.
خۆراسان، وەک هەل و هەڕەشەی سەر ئێران و ئەفغانستان
خۆراسان بۆ تاڵیبان، پێگەیەکی گرنگە و وەک بیرکردنەوەش بەتەواوی زەینی لە چوارچێوەی خەلافەتی شەرقیی ئیسلامییدا کاردەکات و خۆی بە پارێزەری سووننە مەزهەبەکانی خۆراسان لە ئێران و ئەفغانستان دەزانێت، تاڵیبان هیچکات ئەمەی نەشاردووەتەوە و چەندین جار داوای لە خۆراسانییەکان کردووە، پەنا بۆ تاڵیبان بهێنن تا لە "جەوری ستەمی مەزهەبی ئێران" ڕزگاریان ببێت، تاڵیبان حکومەتەکەی بە حکومەتی سوننەی هەموو ئەو نێوچەیە دەزانێت. دەرگای خۆراسانیش بۆ ئەو هەمیشە هەم هەلە بۆ پەلکێشی و هەم هەڕەشەشە لەسەر کیانەکەی لە ئەگەری پەراوێزخستنیدا.
ئێرانیش لەڕێگەی سیاسەتی نەرمی خۆیەوە و بە نێوی "ئێرانی کولتووریی"ەوە هەمیشە لە هەلێک دەگەڕێت تا دەست وەربداتە نێوچەکە، بۆ ئەمەش فارس زمانەکانی نێو ئەفغانستان دەروازەیەکی لەبارن بۆ ئەو دەستێوەردانە کولتوورییە. هەروەک چۆن سوونی بوونی خۆراسانییەکانیش دەروەزایەکە بۆ نەیارەکانی کۆماری ئیسلامیی و مەزهەبەکەی.


خۆراسان و داعشی خۆراسان
داعشی خۆراسان، لقێکی سەرەکی داعشن لە ڕۆژهەڵات و تا ئێستا چالاکییەکانی خۆیان لە ئەفغانستان و پاکستاندا ئەنجام داوە. هەنووکە ئەم گرووپە بە توندڕەوترین گرووپی نێو گرووپە توندڕەوەکانی ئەفغانستان لەقەڵەم دەدرێن، ئەوان لە نەخۆشخانە و نەخۆشخانەی مناڵبوون و قوتابخانەکانی کچانیش سڵ ناکەنەوە و چەندین کاری تیرۆریستیان تێدا ئەنجام داون. پەیکەر و خۆڕێکخستنی داعشی خۆراسان بۆ ساڵی ٢٠١٥ دەگەڕێتەوە، ئەوکاتەی داعش لە لوتکەی دەسەڵاتی خۆیدا لە سوریا و عێراق تەراتێنی دەکرد. ئەم گرووپە پێشتر ٣٠٠٠ ئەندامی کارای هەبوو، بەڵام لە هێرشی ئەمریکایی-ئەفغانستانییەکاندا گورزی کوشندەیان بەرکەوت.
لەنێو ئەو نەخشە ئایندەییەی کە داعش ساڵی ٢٠١٣ بڵاوی کردەوە، سنووری خەلافەتی دەوڵەتەکەی تێدا ڕاگەیاندبوو، لە  ١٤ ویلایەت پێکهاتبوو، گەورەترین ویلایەتی نەخشەکە، ویلایەتی خۆراسان بوو، باڵی سەرەکی ڕۆژهەڵاتی خەلافەتەکە لەقەڵەم درابوو، کە سەرجەمی وڵاتی ئێرانی ئێستا تا دوا سنووری ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی لە خۆدەگرت. بە پێی ئەو نەخشەیەی داعش، گەر ویلایەتی خۆراسان پێکبهێنرایە، هیچ وڵاتیك بەنێوەکانی ئێران و پاکستان و ئەفغانستان و تورکمەنستان و تاجیکستانەوە نەدەما و هەموو دەبوونە بەشێک لە خۆراسانی ویلایەتی ئەوپەڕی ڕۆژهەڵاتی خەلافەتی داعش. بەڵام لە ساڵەکانی ٢٠١٤-٢٠١٨ نەتوانر هیچ هەنگاوێکی کردەیی و تەنانەت جوگرافیایەکی بچوکیشی لێ بپچڕێنن، بەڵام پاش دەست بەسەرداگرتنەوەی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، لە هەفتەی یەکەمدا داعشی خۆراسان دەرکەوتەوە و لەیەکەم چالاکییاندا پەلاماری فرۆکەخانەی کابوولیان دا و نزیکەی سەد کەسێکیان کردە قوربانی کە ١٢یان سەربازی ئەمریکی بوون.
داعشی خۆراسان، پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە تاڵیبانەوە نییە، بەڵام پەیوەندییەکی توندوتۆڵی بە گروپی هەققانی تاڵیبانەوە هەیە  کە جەمسەرێکی بەهێزی هێزی چەکداری و سیاسی تاڵیبانن و هەماهەنگی و هاودیدیان تێدا دەبینرێت، چەندین چالاکی هاوبەشیشیان لەگەڵ هەققانییەکانی تاڵیباندا لە پاکستان ئەنجام داوە. جیاوازی نێوان تاڵیبان و داعشی خۆراسان جیا لە لەوەی لەڕووی عەقیدەیی و مەزهەبییەوە جیاوازییان زۆرە، لەڕووی ئامانجیشەوە جیاوازن، تاڵیبان خۆی پەیوەست و پابەند کردووە بە سنووری سیاسیی ئەفغانستانەوە، بەڵام داعشی خۆراسان سنوور ناناسێت و هەموو سەرزەوەی بە جێگەی چالاکی و شوێنی "پیادەکردنی حوکمی خوا" دەزانن. لەوەش زیاتر داعشی خۆراسان باوەڕییان وایە تاڵیبان، لایانداوە و جیهادی پیرۆزی فەرامۆش کردووە و شەڕییان بە ئاشتەوایی و دانوستاندنی ئۆتێلە ڕازاوەکانی دەوحەی قەتەر گۆڕیوەتەوە.(بڕوانە: https://www.bbc.com/persian/world-features-58344505 )
بۆ داعش خۆراسان هەم لە ڕووی جوگرافییەوە گرنگە و هەم لەڕووی مێژوویی و میراتی هزری توندڕەوییەوە زەمینەیەکی لەبارە و کێڵگەیەکی گرنگە بۆ ئامادەسازیی دانیشتووان و دابینکردنی سەرچاوەی مرۆیی بۆ بەهێزکردنەوەی داعش.
بۆ تاڵیبان یەکێک لەهەڕەشە زیندووەکان، داعشی خۆراسانە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەبێتە هەراسانی بۆی. 

گریمانەی جەنگێکی هەرێمی
گریمانەی ئەوە دەکرێت، لە داهاتوودا داعشی خۆراسان لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی نێوچەکە و زلهێزانیشەوە بەکار بهێنرێت، بەتایبەت لەلایەن ئێران و ڕوسیا و چینەوە، بەتایبەتتر لەئەگەری ئەوەدا گەر تاڵیبان نزیکتر ببنەوە لە ئەمریکاوە یاخود بەجۆرێک بێلایەنی ئەرێنی بن بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، ئەوا دوور نییە داعش زیندوو بکرێتەوە و کۆمەک بکرێت تا ببێتە مڵۆزمی تاڵیبان و نەخشەکانی لێ تێک بدات، وەک چۆن بە گروپە تیرۆریستییەکانی جەبهەتونوسرە و داعش و شام و ..تاد، خەون و پلانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و گرووپەکانی خۆپیشاندەران لەباربران. لەوێش بە داعش ئاسایشی نێوچەکە تێک بدرێت و شەڕی پاکستان و ئەمریکا و ڕۆژئاوا لەلایەک و ئێران و چین و ڕووس بە تاڵیبان و داعش و گرووپەکانی ئەو نێوچەیە و خەڵکەکەی بکرێت.
بەتایبەت گەر "بیلقوە" ئەوە لەبەرچاو بگیرێت، کە تاڵیبان خۆبەخۆ دوژمنی مەزهەبی و کولتووریی کۆماری ئیسلامی ئێران و مەزهەبەکەیەتی، دوور نییە لە ئەگەری دروستکردنی هەڕەشەدا، ئێرانیش گروپە توندئاژۆکان لە خۆبگرێت و هەر بە عەرەبی ئەفغانی و پاشماوەی حیکمەتیاری و داعش و جوندولئیسلام بەرەنگاری تاڵیبان ببێتەوە وجەنگەکە لەبری ئەوەی بهێنێتە خۆراسانی دیووی ئێران، بینێرێتەوە نێو خاکی ئەفغانستان و پاکستان و ...تاد، وەک چۆن لە کاتی هەڕەشەکانی داعشدا، جەنگی تیرۆری لە هەڕەشەکردن لە شیعەکانی ئێران و عێراقەوە گواستەوە بۆ نێوچە سووننیەکان و لە کوردستان و موسڵ و ئەنباردا قەتیسی کرد.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand