سێکس و کۆچ

Draw Media

2021-11-28 13:21:49



مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)

 

ھەموو کۆچ و سەرھەڵگرتنێک شێوازێکە لە ڕاکردن لە کۆمەڵگا خۆیشی، خۆڕزگارکردنە لەو سیستمە فەرھەنگیی و ئەخلاقیی و دینیی و ڕەمزییانەی لەو کۆمەڵگایەدا ھەن و سەپێنراون. واتە  لە پشتی دیاردەی کۆچکردن و سەرھەڵگرتنەوە تەنھا ھۆکاری سیاسیی و ئابووریی ئامادەنین. تەنھا ھەستکردنیش بە دۆڕاندنی ئەگەرەکانی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی و نەبوونی دڵنیایی پاڵنەرنین.  لە پشتی کۆچکردنەوە جۆرێک لە وەڕسبوونیی ھەمەلایەنیش ئامادەیە، کە لە گشتێتی ئەو کۆمەڵگایە و لە فەرھەنگ و دین و ئەخلاقیاتی باڵادەستەوە، سەرچاوەدەگرێت. بڕێک لە کۆچبەرانی دونیای ئێمە لە ھەموو ئەو شتانە بەسەریەکەوە ڕادەکەن. با لێرەدا نموونەیەک لەسەر چۆنیەتی ڕێکخستنی ژیانی سێکسی بھێنمەوە کە وادەکات، بەشێک لە گەنجان، پشتبکەنە ئەو کۆمەڵگایە و بەرەو شوێنێکی تری جیھان بڕۆن کە پێیانوایە ژیانی سێکسی لەناویدا بە شێوازێکی کراوەتر ڕێکخراوە.
بەر لە ھەمووشتێک دروستکردنی ژیانێکی سێکسی گونجاو لەمڕۆکەی ھەرێم و بەشێک لە ناوچەکەدا، بۆ ژمارەیەکی گەورە لە گەنجان زۆر زەحمەت و ناکردە بووە. بێکاریی و بێدەرامەتیی و بێشوێنی دۆخێکیان دروستکردوە زۆرینەی گەنجانی ئەو وڵاتە توانای دروستکردنی ژیانی ھاوسەرگیریان نەبێت و تەمەنی ھاوسەرگیریکردن لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا لە ١٥ ساڵی و ٢٠ ساڵییەوە بەرزببێتەوە بۆ سەرو ٣٠ ساڵی. ژمارەیەکی زۆریش ھەر نەتوانن ھاوسەرگیریی بکەن و ژیانێکی پێکەوەیی دروستبکەن. لە کوردستاندا دەیان ھزار گەنج ھەن، کچ و کوڕ، کە تەمەنیان لەسەرو سییەکانەوەیە و توانا و ئەگەری دروستکردنی ھاوسەرگیریان لەبەردەمدا نییە. تەمەنی ھاوسەرگیریی و ھەبوونی ژیانێکی سێکسی ڕێکخراویش، لەزۆربەی حاڵەتەکاندا، دواکەوتوە بۆ نزیکی سی ساڵ. ھەموو ئەمانە بڕێکی زۆر لە بێزاریی و ھەستکردن بە تەنھایی و دروستبوونی وێنەی نێگەتیڤی لەسەر خود خۆی دروستکردوە، (ھەستکردن بەوەی کەس تۆی ناوێت) تا بە ئاستی ڕقبوونەوە لە خود و لە ئەوانیتر، دەگات. ئەم دۆخەش لە کاتێکدا دروستبووە کە بەشێکی گەورەی فەزای گشتیی و ژیان ناو فەرھەنگیی بەرخۆریی لە وڵاتەکەدا، لەسەر بە سێکسیکردنێکی ھەمەلایەی مۆدێلە خواستراوەکانی ژیان، کاردەکات. لە پەیوەندیدا بە ژیانی سێکسییەوە وڵاتەکە گۆڕانیی گەورە و چاوەڕواننەکراوی بەخۆیەوە دیوە. 


بۆ نموونە، تا ساڵانی ھەفتای سەدەی بیستەم، ئەوەی لەسەر سێکس لە دونیای ئێمەدا بوونی ھەبوو، تەنھا گوتارەکانی ناو گۆرانی و حیکایەتە فولکۆلریەکان و ئیرۆتیکای ناو شیعری غەزەل و ھەندێک ڕووکاری شەرمنانەی ناو ئەدەبیاتی ھاوچەرخی ئێمە، بووە.  لە پاڵ کۆمەڵێک تێکست لە مێژووی ئیسلامدا کە تیایاندا قسەکردن لەسەر سێکس بابەتی سەرەکیی بوو. ئینجا کۆمەڵێک نوکتە و دەستەواژەی سێکسیی ناو زمان لە بەکارھێنانی ناو ژیانی ڕۆژانەدا. سێکس لەم قۆناغەدا گرێدراوە بە ووشە و دەنگەوە و ئەم گرێدانەش ئەو ژێرخانە گوتارییەبوون کە  خەیاڵ و نمایشکردن و  باسکردنی ڕۆژانەی سێکسی، ئاراستەدەکرد.
بەڵام لەگەڵ پەیدابوونی وێنەدا، دۆخە دەگۆڕێت. لەگەڵ ھاتنی تەلەفیزیۆن و ھاتنی گۆڤارە پڕ وێنەکانی ئافرەتان و گۆڤارە ڕووتەکانی وەک پلەی بۆی دا ژینگەکە دەگۆڕێت. وێناکردنی سێکس لە ڕێگای زمانەوە دەگوازرێتەوە بۆ بینینی لەڕێگای وێنەوە، لە وێنەشەوە بۆ ناو فیلم و بەرجەستەبوونی لەسەر شاشە. لەگەڵ دروستبوونی سینەما و بەتایبەتیتر لەگەڵ ھاتنی فیلمی ڕووت و ئیرۆتیکیشدا، دۆخێکی تەواو تازەتر لە پەیوەندیدا بە ژیانی سێکسییەوە، دروستدەبێت. ئەوەی لەگەل تەلەفییزیۆن و سینەما و گۆڤارە ڕووتەکاندا دێتەکائەوە، ساتەوەختێکی تەواو تازە و سەرەتایەکی تەواو نوێ و جیاوازە لە پەیوەندیی مرۆڤەوە بە ژیانی سێکسییەوە. سێکس دەبێت کردەیەکی ئاشکرا و توانای بینین و سەیرکردنی دێتەکایەوە. زۆرینەی ئەوانەی لە ساڵانی چل و  پەنجا و شەستدا لەدایکدەبن، لە ھەفتاکان و ھەشتاکاندا. دەکەونە ناو ئەم دونیا تازەیەوە کە تیایدا سێکس، بە بەراورد بە نیوەی یەکەمی سەدەکە.. بە شێوەیەکی جیاواز لەناو ژیانی کۆمەڵایەتیی و تاکەکەسیدا ئامادەیە.
بەڵام لە سەرەتای ساڵانی دوو ھەزارەوە دۆخێکی تەواو تازەتر دێتەکایەوە جیاواز لەوەی لە ساڵانی ھەفتا و ھەشتادا لە ئارادابوو. فۆرمە تازە و جیاوازەکانی تەکنۆلۆژیای پەیوەندیی و خودی کۆچکردن خۆیشی ڕۆڵێکی گرنگ لە ھاتنەکایەی ئەم دۆخە تازەیەدا، دەبینن. تەلەڤیزیۆنی ساتالایت، ھێڵەکانی ئینتەرنێت، پیشەسازی فیلمی ڕووت بە ڕادەیەکی بەرفراوان بڵاودەکەنەوە و دەیخەنە بەردەستی زۆرینەیەکی گەورەی ناو کۆمەڵگا. بەشێکی گرنگیی ئابوریی بەرخۆرییش دەبێتە ئابورییەکی ئیرۆتیکیی، گرنگیدان بە لەش و نمایشکردنی وەک جەستەیەکی سێکسی لەناو ڕووبەری گشتیدا، دەبن بە بەشێکی تازەی ناو ژیانی تاکەکەسیی بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگا. بەرنامەکانی ناو تەلەفیزیۆن و سایتەکانی ئینتەرنێت و بەشێکی بەرچاوی سۆشیال میدیا پڕدەبن لە ئاماژە و وێنە و زمانی سێکسیی. ئەم گۆڕانانە وادەکەن ئابورییەکی نوێی چێژ بێتەکایەوە و فۆرمێکی تایبەت لە نارسیزمی بەرخۆرانە دروستببێت، کە تیایدا حەز و ویست و خواستی تاکەکەسیی دەبێتە یەکەی سەرەکیی ناو ئەو ژینگە نارسیستییە. ئەوەی لەم دۆخەدا نارسیزم دروستدەکات گەشەکردنێکی ھێواش و لەسەرخۆی ”کولتوری من“ نییە لە وڵاتەکەدا، بەڵکو ھاتنەکایەیەکی لەپڕ و بەرفراوانی ئابوریی لەزەت و چێژە لە ئاستە جەماوەریەکەیدا. 
خاڵێک گرنگە لێرەدا ھێمایەکی خێرای پێبکەم ئەوەیە لە ساڵانی ھەفتاوە پەیوەندییەکی پتەو و ڕاستەوخۆ و بەرچاو لەنێوان سێکس و دەسەڵاتدا دروستدەبێت، مرۆڤ بۆئەوەی سێکسی ھەبێت، بە تایبەتی لە ژینگەیەکدا کە گوتاری دینیی وردە وردە دەبێتە ژێرخانی گوتارە ئەخلاقییەکان و نەبوونیی و ھەژاریی تازەش لەناویدا دروسدەبێت، دەڵێم لە ژینگەیەکی لەو بابەتەدا بۆئەوەی دەستت بە سێکس بگات پێویستە لانیکەم خاوەنی بڕێک دەسەڵات بیت. ئاخر یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئیشکردنی دەسەڵات مۆنۆپۆڵکردنی تواناکانی پیادەکردنی ئازادانەی ژیانی سێکسیی خۆیەتی.
ئەم ژینگە تازەیە لە ڕووە دینییەکەیەوە ژینگەیەکی سەلەفیی و ژینگەی باڵادەستی گوتاری ئەخلاقیی ئیسلامی سیاسییە. ھەم گوتارە سەلەییەکە و ھەم گوتارە ئەخلاقییەکەی ئیسلامی سیاسیی لەسەر داپۆشین لەشی ژن و لەسەر لێکدابڕانی نێر و مێ و دروستکردنی سنوور لەنێوانیاندا کاردەکات. ئەم گوتارە دینییە تەواو پێچەوانە و دژ بەو ژینگە سێکسییە نوێیە کاردەکات کە لەگەڵ گەشەی تەکنۆلۆژیای پەیوەندیکردن و لەگەڵ فۆرمی تازەی خانوبەرە و ھەندەسەی نوێی شارەکانەوە، ھاتۆتەکایەوە.  کە دیسانەوە دەستگەیشتن بەمانەش گرێدراون بە توانای ئابوریی و بە ھەبوونی بڕێکی تایبەت لە فۆرمە جیاوازەکانی دەسەڵات لە کۆمەڵگادا. 


سەلەفیزم و ئیسلامی سیاسیی و ئەو فۆرمانەی دینداریی کە لەوانەوە ھاتوون و بەناو کۆمەڵگادا بڵاوکراونەتەوە، وەک میکانیزمێک بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم دۆخە نوێیەی ئامادەگی سێکس لەناو ژیانی تاکەکەسیی و دەستەجەمعیدا کاردەکات. ئەم دیندارییە تازەیە لە ئاستی گوتاردا، لەسەر لە نکوڵیکردن لە دروستبوونی ئەم جیھانە نوێ و پڕ لە وێنە و نمایشی سێکسییە، کاردەکات.  لە ئاستی چارەسەریشدا پێشنیاری فرەژنی دەکات، لەکاتێکدا زۆرینەی ھەرەزۆری گەنجانی وڵاتەکە توانای ھەبوونی یەک ھاوسەریان نییە، چ جای زیاد لە ھاوسەرێک. 
ھاوشان بەمانە دروستبوونی نوخبەیەکی دەوڵەمەند لە ھەرێمدا کە ھەم لەناو ھەرێم خۆیدا ڕووبەرێکی گەورە و تایبەتیان بۆ چێژی سێکسی خۆیان دەستەبەرکردوە، ئیتر لە ئوتێلی پێنج ئەستێرەیی گرانبەھاوە بیگرە، بۆ ھەبوونی باخ و باخات لە دەرەوەی شارەکاندا، ھتد... ھەم لەڕێگای سەفەرکردنەوە بۆ وڵاتانی دەرەوە و کڕینی سێکس، بۆ نموونە، لە شارە گەورەکانی وەک بەیروت و ئەستەنبوڵ و شوێنانی دیکەدا. 
ئەم ژینگە تازەیە، ژینگەیەکی پڕ لە دڵشکان و بێبەشیی، ژینگەی فۆرمی تازەی ژیانی سێکسیی و شێوازی تازەی دینداریی و  تەکنیکی نوێی کۆنترۆڵکردنن، بڕێکیتر لەو ھۆکارانەن پاڵ بە بەشێک لە گەنجانەوە دەنێن بۆ کۆچ و سەرھەلگرتن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand