درەو فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە: خواستی هاووڵاتیان بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلی نوێ لە هەرێمی کوردستان، بەردەوام ڕووی لە زیادبوونە، و بەپێی ئامارێکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، تەنیا لە هەفتەی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان، ٢ هەزار و ٥٢٨ ئۆتۆمبێل بۆ یەکەمجار تۆمار کراون، کە هەزار و ٨٥٠ ئۆتۆمبێلیان لە پارێزگای هەولێر و ٤٩٩ یان لە پارێزگای سلێمانی و ١٧٩ یان لە پارێزگای دهۆک بوون. گۆڕینی تابلۆ گۆڕینی تابلۆی نوێش لە لایەن هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانەوە، لە دوای یەکخستنی تابلۆکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق، بووتە جێگەی بایەخی هاووڵاتیان و تەنیا لە هەفتەی ڕابردوودا هەزار و ٣٩٣ تابلۆی ئۆتۆمبێل گۆڕاوە، کە ٨٢٥ یان لە پارێزگای هەولێر و ٦٨یان لە پارێزگای سلێمانی و ٣٢٢ یان لە پارێزگای دهۆک و ١٢٩ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ٢٢ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆبوون. بەدەستهێنانی مۆڵەتی شۆفێری بە دەستهێنانی مۆڵەتی شۆفێری لەلایەن هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانەوە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت و لە هەفتەی ڕابردووشدا یەک هەزار ٥٢٢ مۆڵەتی شۆفێری بۆ یەکەمجار دراوە بە هاووڵاتیان، کە ٤٩٥ یان لە پارێزگای هەلێر و ٢٦٣یان لە پارێزگای سلێمانی و ٣١٤یان لە پارێزگای دهۆک و ٦٣ یان لە پارێزگای هەڵەبجە و ٤٨ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ١٠٤ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ١٦٨ لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و ٦٧ لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بوون. رووداوی هاتووچۆ و سەرپێچی هاتووچۆ سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی جادە و شەقامی نوێ و نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان و دانانی هێماکانی هاتووچۆ و توندکردنەوەی سزاکان بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ، بەڵام بەهۆی پابەندنەبوونی هاووڵاتیان تەنیا لە هەفتەی ڕابردوودا ٥٣ ڕووداوی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان ڕوویانداوە کە ١٢ ڕووداویان لە پارێزگای هەولێر و ١١ یان لە پارێزگای سلێمانی و ١٢ یان لە پارێزگای دهۆک و ٢ یان لە پارێزگای هەڵەبجە و ٨ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ٢ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان ٣ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و ٣ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بوون. هەروەها ٣٤ هەزار و ٣٠١ سەرپێچی هاتووچۆ لە هەرێمی کورستان تۆمار کراوە کە ٤ هەزار و ٦٧١ یان لە پارێزگای هەولێر و ١١ هەزار و ٣٢ یان لە پارێزگای سلێمانی و ١٢ هەزار و ٨٨٠ یان لە پارێزگای دهۆک و ١٢یان لە پارێزگای هەڵەبجە و ٨٤ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ٥٨٨ لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ١٥٨ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و ٤ هەزار و ٨٧٦ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بوون. فەرمانگەی میدیا و زانیاری ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
درەو - شۆڕشنامە موحسین عەلی ئەكبەر لە كتێبی بیرەوەریەكانیدا بەم شێوەیە باس لە سەرچاوەی داهاتی شۆڕش,و باوڵەكەی دلێری سەید مەجید دەكات: یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دوو سەرچاوەی داهاتی هەبوو. یەكێكیان بریتی بوو لەو كۆمەكو یارمەتیو هاوكارییانەی كە لە ڕێگەی رێكخستنەكانی ناوەوەی وڵات كۆدەكرایەوە، لەگەڵ ئەو باجە گومركیانەی سەر سنورەكانو بەكرێدانی ئەو سامانە سروشتیانەی لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدا بوون. بەشەكەی تریشی ئەو كۆمەكو یارمەتیانە بوو كە لەلایەن دۆستەكانمانەوە لە دەرەوەی وڵاتەوە دەهات.. ئەمیش ناو بەناو، بەپێی پێویست بە جانتای دیبلۆماسی لەڕێگەی باڵێوزخانەی سوریاوە دەهات. هەر جارەو (10 بۆ 12) دەفتەر دۆلار زیاتر یان كەمتر بوو. بێگومان وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە لەو زەمانو سەردەمەو گەیاندنی بۆ ناوزەنگ، كارێكی ئاسان نەبوو. بەتایبەتی هیچ كەسێكی ئێمەومانان، بەڵگەنامەیەكی فەرمی ئێرانمان پێ نەبوو شایانی ئەوە بێ كە لە خاڵەكانی پشكنیندا بە ئاسانیو بێ كێشە تێپەڕبینو هیچ گێچەڵێكمان پێ نەكرێ.. كارێكی وا هەردەبێ رووبەڕووی كەسێكی وردەكارو خاوەن سەلیقەو بە تەدبیری وەك دلێری سەید مەجید بكرێتەوە. هەر ئەو دەیتوانی ئەو ئەركە قورسە لە ئەستۆ بگرێ. كاك دلێر باوڵێكی پێ بوو، پێشتر بۆ ئەو مەبەستە ئامادەكرابوو. بەرگە ناواخنێكی پلێتی هەبوو، بە ئەندازەی ناوەوەی باوڵەكە، بنەكەی لەگەڵ بنی باوڵەكە بۆشاییەكی دروستدەكرد. دەفتەرە دۆلارەكان لەو بۆشاییەی بنی باوڵەكە بە ریز دادەنرانو ئەمجا بەرگە ناواخنەكەی لەسەر دادەنراو بە بورغو قایم دەكرا، ئیتر كەس هەستی پێنەدەكرد. جاری وایش هەبوون كاك دلێر بۆ ئیشوكاری تر دەهات، كەچی رووبەڕووی ئەو ئەركە دەبووەوە، بەڵام باوڵەكەی پێ نەدەبوو. هەموومان دۆش دادەماین. بیرمان لێدەكردەوەو بە هیچ ئەنجامێك نەدەگەیشتین، تەنیا ئەوە نەبێ كە بگەڕێتەوە بۆ ناوزەنگو باوڵەكە لەگەڵ خۆیدا بێنێ. دوای تۆزێك لە بیركردنەوە چارەسەرێكی دەدۆزییەوە كە بە خەیاڵی كەسدا نەدەهات. باسیشی نەدەكرد. ئەوەندە نەبێ كە دەیگوت ئاسانە خۆم چارەسەری دەكەم! دوایی لەگەڵ مندا پێكەوە دەكەوتینە جێبەجێكردنی داهێنانەكەی، ئەویش كڕینی تایەو ویلێكی ئۆتۆمبێل بوو، لەگەڵ پامپێكی گەورەی دەستی. دەفتەرە دۆلارەكانمان لەسەر پارچە نایلۆنێك بەڕیز رێكدەخستو دەمانپێچایەوەو دەماننووساند بە بنی تایەكە لە ناوەوە، ئەمجا چوپو ویلەكەمان لەسەر قایم دەكردو بە پامپەكەش هەوامان تێدەكرد، ئیتر هی ئەوە نەبوو گومانی كەس بەلای شتێكی وادا بچێ كە ئەوە جگەلە تایەیەكی ئاسایی بەولاوە هیچی تر بێت، ئا ئەمە یەكێك بوو لەو كارە داهێنەرانەی دلێر كە دەیان كاری لەو بابەتانەی ئەنجامداوە، لەكاتێكدا كاری وا لەو سەردەمەدا هی ئەوە بوو لەسێدارە بدرێ. ئێستاش هەندێك ئەوەندە بەبێ بایەخ باسی ئەو سەردەمەو ئەو كارانە دەكەنو بە هیچی دەزاننو دەڵێن جا ئەوە چییەو چیتان كردووە! سەرچاوە: موحسین عەلی ئەكبەر (1950 - 2021): نەمریی بیرەوەری/ گێڕانەوەو بیرەوەری (1970 - 1983)، چاپی یەكەم، 2021، سلێمانی، لاپەڕەكانی (351 تا 353).
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت) جەنگی داهاتوو بە شێوەیەکی زۆر خێرا لە جەنگی مرۆڤەکانەوە بۆ جەنگی نێوان ماشینەکان هەنگاودەنێت. جەنگی ماشێنەکان، جەنگێکی بێبەزەییە، نە لێبوردنی تێدایە نە خۆبەدەستەدان، بەڵکو یەک ئامانج ئاراستەیدەکات، ئەویش لەناوبردنی دوژمنە. بەکارهێنانی چەکی دوورمەودا لە سەدەی دوازدەوە کێشەی ئێتیکی بۆ سیاسەت و جەنگگێڕان دروستکردووە. بۆ نموونە ڕمکەوان Crossbow کە دەزگایەکی کوژەرترە لە تیروکەوان، لەسەدەکانی ناوەڕاستدا لە چین و ئەوروپا و پاشان لە لەشکری عوسمانییەکانیشدا بەکاردەهێنرا. ڕمکەوان گۆڕانکارییەکی خێرای لە ڕێڕەوی جەنگدا دروستکرد، چونکە هیچ سوارچاکێک نەیدەتوانی بەو بەرگە قەڵغانییەی لەبەریدایە، خۆی لە مەترسییەکانی ڕمکەوان بپارێزێت. ڕمکەوان چەکێکی کوژەری نوێ بوو بەپێچەوانەی چەکەکانی ترەوە پێویستی نەدەکرد جەنگاوەربیت بۆئەوەی بەکاریبهێنیت، بەڵکو هەم پیر و هەم ژن و هەم هەرزەکاریش دەیانتوانی لەکاتی جەنگدا ئەم چەکە بەکاربهێنن و بەو شێوەیە وەک جەنگاوەرێک ڕۆڵی کاریگەر لە هێرشکردن یان بەرگرییکردندا بگێڕن. لەسەدەی دوازدەیەم داهێنانی ڕمکەوان وای لە پاپا ئینۆزێنزی دووەم کرد نەفرەت لەم چەکە بکات، چونکە هەموو بەهاکانی جەنگی سوارچاکیی هەڵگێڕایەوە. داوادەکرا لانی کەم ئەم چەکە لە جەنگی نێوان دەوڵەتە مەسیحییەکان بەکارنەهێنرێت و لە جەنگی دژ بە دوژمنانی مەسیحییەتدا بەکاربهێنرێت. لە قۆناغێکی تردا کەم تا زۆر هەمان وتووێژ سەبارەت بە چەکی قەناس دروستبوو، بەڵام لەم دوو چەکە پڕگرفتتر و پڕگفتوگۆتر چەکی دڕۆنە کە تادێت گەشەی زیاتری پێدەدرێت و خەریکە لەهەندێ حاڵەتدا سەربەخۆیی خۆشی لە کۆماندۆی ئینسان وەربگرێت و خۆی بیربکاتەوە و بڕیاربدات. ئەم چەکە مۆدێرنە لای رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ وەک هەڕەشەیەک بۆ کۆتایی مرۆڤایەتیی ناودێڕدەکرێت. چەکی فوڵئۆتۆماتیکی رۆبۆتئاسا و درۆن کە سەربەخۆ کاردەکەن، ئەو تەکنەلۆژیایەیە کە وڵاتانێکی زۆر کاری گەشەپێدانی دەکەن. هەر ئێستا ئەمریکا فرۆکەی درۆنی هەیە کە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لەفڕین بەردەوامدەبێت کاتێک دەکەوێتە ناو نشێو و دۆڵەوە و هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ نێوەندی بڕیاردا نامێنێت. پرسیارەکە لەڕووی ئەخلاقیی و یاساییەوە بۆیە پڕکێشە و پڕگرفتە، چونکە ئەم ماشێنە کوژەرە تاوەکو ئێستا، ناتوانێت لەنێوان سەربازێک کە خۆی بەدەستەوە دەدات و سەربازێک کە دەجەنگێت و ئامادەی دیلێتیی نییە جیاکاریی بکات. کێشەیەکی تری رۆبۆت و درۆن ئەوەیە کە دەتوانرێن لەلایەن دوژمنەوە هاکبکرێن و پاشان ڕاستەوخۆ دژ بە دروستکەرەکەی خۆی بەکاربهێنرێنەوە. بە پێچەوانەی دیلەوە کە شەڕ بۆ دوژمنەکەی ناکات، رۆبۆت، درۆن یان چەکی ئاراستەکراوی کۆمپیوتەریی بێ هیچ کێشەیەکی ئەخلاقیی و ویژدانیی و سڵەمینەوەیەک دەتوانێت ببێت بە جاشی هێزەکەی تر و دژ بەو لایەنە بجەنگێت کە دروستیشی کردووە. بەم چەشنە شەرەف و وەلائەت و مێرخاسیی کە سێ خەسڵەتی بەناوبانگی سوارچاکەکانی جەنگی کۆن و تەقلیدین، لە جەنگی مۆدێرنی ئەلەکترۆنییدا بوونی نامێنێت. گەر لەئاستی ئێتیکییدا بەکارهێنانی درۆن مەترسییەکی گەورە بێت بۆ یاسای نێودەوڵەتیی ئەوا لە ئاستی ستراتیژی جەنگدا دڕۆن گەورەترین بازدانی نەوعییە بۆ یەکلاکردنەوەی جەنگ و کەمکردنەوە یان نەهێشتنی قوربانیی سەربازیی لەکاتی جەنگدا. جەنگی درۆن جەنگێکی تاکلایەنەیە. تاکلایەنەیە، چونکە هێزی خاوەن درۆن وەک ڕاوچییەکی بێترس و هیچ ڕیسکێکی گیانیی، دەتوانێت شەو و ڕۆژ دوژمنەکانی ڕاوبکات و ڕاوکراویش لە دڵەڕاوکێیەکی بەردەوامدا بژی و کونە مشکی لێببێتە قەیسەری. دڕۆن ئەو تەکنەلۆژیایەیە کە تەنها چاودێری و دیسپلینی دوژمن ناکات، وەک فوکۆ لە شیکاری بەندیخانەی مۆدێڕندا بۆمان ڕووندەکاتەوە، بەڵکو رەهەندێکی تری دەبێت کە لەناوبردنە. واتە کاتێک باس لە چەکی درۆن دەکەین هەردوو رەهەندی چاودێرییکردن و لەناوبردن لە دۆخی باڵای خۆیاندان. درۆن واتە پرۆسەی دەستکاریکردنی قووڵی ڕووبەری ژیانی ئەوانەی ڕاویاندەنێت و گۆڕینێتی بە زیندانێک کە کەسەکان خۆبەخشانە و ئازادانە خۆیان دیلدەکەن، بۆئەوەی نەچنە دەرەوە و نەکەونە بەر چاوی هەڵۆئاسای دڕۆنەکان. دڕۆن پرۆسەی بەگەمەکردنی Gamification کردەی کوشتنە لەناو دونیای واقیعییدا. واتە کوژەر کەسێکە لەژوورێکی فێنکدا، لەپشت کۆمپیوتەرەکەی دانیشتووە و لە یەکێک لە شارە دوورەکانی ئەمریکاوە کۆنترۆڵی درۆنەکەی لە ئەفغانستان یان یەمەن، پاکستان یان عێراق و سوریا دەکات و بەدوای ئامانجەکانیدا دەگەڕێت. کەسی ڕاونراویش لەناو شاخی سارد، یان بیابانی گەرمدا وەک نێچیرێکی دەستەمۆ و بێدەسەڵات ڕاودەکرێت. وەزیفەی سەرباز لە سەردەمی درۆندا دەگۆڕێت بۆ جەلادێک کە دواچرکەی ژیانی قوربانییەکەی دیاریدەکات. جەلاد بەو مانایەی هەستسڕ دەبن. ژمارەیەکی زۆری ئەو سەربازە ئەمریکییانەی کە بە چەندین رۆژ و هەفتە چاودێری قوربانییەکانیان دەکەن و پاشان لە چرکەساتێکدا دەکرێنە ئامانج و دەیانکوژن، تووشی نەخۆشی زەبری دەروونی (تراوما) دەبن. گەر وەزیفەی درۆن وەک درێژکراوەی وەزیفەی پۆلیس تەماشابکرێت بۆ جێبەجێکردنی یاسا، ئەوا دووبارە کێشەی ئێتیکی گەورە لە بەکارهێنانی درۆندا هەیە. پۆلیس بۆئەوەی یەکێک دەستگیربکات، دەبێت فەرمانی دادگای پێبێت یان وەک بەرگریی لەخۆکردن چەک دەردەهێنێت، بەڵام دەبێت کەسەکە ئاگاداربکاتەوە لەوەی کە خۆی بەدەستەوە بدات، ئەگینا تەقەی لێدەکرێت. لەهەردوو حاڵەتەکەدا درۆن کێشەی یاسایی هەیە، کەسی بەئامانجگیراو نە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە و نە داواشی لێدەکرێت خۆی بەدەستەوەبدات. تەنها وەزیفەیەک درۆن لە ڕاوکردنی دوژمندا دەیگێڕێت بریتییە لە کوشتنی ڕووت. زۆرێک لە جەنگناسان و بیریاران پرسی مۆڕاڵ لە ڕووە فەلسەفییەکەی بەکارهێنانی درۆن دەگێڕنەوە بۆ ئەو خاڵەی کە کوشتن لە جەنگدا بۆیە لەڕووی یاساییەوە ڕێگەپێدراوە، چونکە کەسی بکوژ دەشێت خۆشی لەکاتی ڕووبەرووبوونەی لەگەڵ دوژمنەکەی لە گۆڕەپانی جەنگدا، بکوژرێت. واتە سەرباز لەکاتی جەنگدا سەرباز دەکوژێت، چونکە هەردوولایان یەکتر دەبینن و ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە. هەرچی جەنگی درۆنە تەنها بکوژ کوژراو دەبینێت و کوژراو نە لە سەنگەردایە و نە دەتوانێت بەرگریی لە خۆی بکات و نەدەتوانێت هەڵبێت. بۆیە ئەم پرسە لەڕووی ئەخلاقیی جەنگەوە پڕکێشەیە. ماویەتی
درەو: پێشەکی: ڕوانگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئیدارەدانی مەلەفی نەوت حكومهتی ههرێمی كوردستان دوو كۆمپانیای گشتی دادهمهزرێنێت ئهوانیش كۆمپانیای ههرێمی كوردستان بۆ نهوت و غاز (KROC) كه تایبهتمهند دهبێت له بواری دۆزینهوه و دهرهێنان و بهرههمهێنانی نهوت و غاز، ههروهها كۆمپانیای كوردستان بۆ بهبازاڕكردنی نهوت (KOMO) كه تایبهتمهند دهبێت به بازاڕكردنی نهوت. دهكرێ له لایهك ههماههنگی له نێوان ههر دوو كۆمپانیاكه ههبێت، له لایهكی ترهوه ئهم ههماههنگییه لهگهڵ كۆمپانیای نهوتی نیشتمانی و كۆمپانیای سۆمۆ له بوارهكانی ههمان پهیوهندی ههبێت، هاوكات لهگهڵ بوونی ههمان پهیوهندی و ههماههنگی له نێوان وهزارهتی نهوتی فیدڕاڵ و وهزارهتی سامانه سروشتییهكانی حكومهتی ههرێمی كوردستان. ههموو ئهمانه و تهواوكردنی ستراكچهری كۆمپانیای سۆمۆ و ههمواركردنهوهی پهیڕهوی ناوخۆی و كردنی به دامهزراوهیهكی فیدڕاڵی پێویست به بڕیاری هاوبهش دهكات، كه دهبێته مایهی ئهوهی ههرێمی كوردستان بهشدارییهكی ڕاستهقینه لهو كۆمپانیایه بكات و پۆستی جێگری سهرۆكی كۆمپانیاكه بۆ ئهو بێ، هاوكات لهگهڵ بوونی دوو نوێنهری ههرێمی كوردستان له بهڕێوهبردن و جومگهكانی كۆمپانیاكه، ههروهها ههرێمی كوردستان مافی ڕهتكردنهوه (ڤیتۆ)ـی ههبێت سهبارهت بهو پرسانهی پهیوهندیان به ههرێمی كوردستانهوه ههیه. ١. سهبارهت به دۆسیهی پابهندییه داراییهكانی پهیوهست به دهرئهنجامی دۆسیهی نهوت و غاز، بۆچوونی حكومهتی ههرێمی كوردستان لهوهدا كورت دهبێتهوه كه بهردهوام بێت له فرۆشتنی بڕی ههناردهكردنی نهوت له ههرێم له ڕێگهی ههمان كۆمپانیاكان، هاوكات لهگهڵ پێویستی دووباره چاو خشاندنهوه به گرێبهستهكان له ڕووی نرخ و لابردنی ههموو كۆت و ئاستهنگهكان كه كۆمپانیای سۆ بهرانبهر به پرۆسهكانی فرۆشتنی نهوتی ههرێمی كوردستان دایناوه. ٢. له بارهی داهاتی نهوتی ههناردهكراو له لایهن ههریمهوه، پێویسته ئهم داهاتانه بۆ ههژمارێكی بانكی بگوازرێتهوه كه ههرێمی كوردستان خۆی ههڵیبژێرێ و سهرپهرشتی بهڕێوهبردنی بكات، هاوكات له میانهیهوه گواستنهوهی دارایی بۆ ههرێمی كوردستان ڕاستهوخۆ بێت بۆ ئهوهی شایستهی كۆمپانیاكانی بهرههمهێنان و گواستنهوه بدات، ههروهها ئهوهی دهمێنێتهوه بۆ وهزارهتی دارایی و ئابووری ههرێمی كوردستان بگوازرێتهوه وهك بهشێك له پشكی بودجهی فیدڕاڵی، تا ئهو كاتهی كه بهشهكانی تری له پشكی بودجهی فیدڕاڵی له لایهن حكومهتی فیدڕاڵهوه به دهست دهگات. بەشی یەکەم: ساڵ: ٢٠١٩ چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغدا ١. پێکهێنانی لێژنەی هاوبەش لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان: دوای متمانەدان بە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەن پەرلەمانی کوردستان لە ١٠ ی تەمموزی ٢٠١٩ زایینی، شاندێک بە سەرۆکایەتی سەرۆکی حکومەت لە ١٦ی تەممووزی ٢٠١٩ سەردانی بەغدای کرد، ئەنجامی ئەم سەردانەش پێکهێنانی لێژنەیەکی باڵا بوو لە نێوان هەردوولا. ٢. لە ڕێکەوتی ٢٥/٧/٢٠١٩ی زایینی، حکومەتی هەرێمی کوردستان کارنامەیەکی پێشکەش کرد بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو گرفتانەی بە هەڵواسراوی لە نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ ماونەتەوە، گرفتەکانیش بریتین لە: ـ پرسی ناوچە کێشە لەسەرەکان ـ پرسی نەوت و غاز ـ پرسە داراییەکان ـ پرسی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی فیدراڵی. ئەم کارنامەیەش لە یەکەمین کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای هاوبەش لە ڕێکەوتی ٢٥/٧/٢٠١٩ی زایینی، گفتۆگۆی لەسەر کرا و حکومەتی هەرێم جەختی لەسەر پابەندبوونی خۆی لە بواری نەوت و دارایی کردووە بەرامبەر پێدانی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم. ساڵ: ٢٠٢٠ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عادل عەبدولمەهدی لە حکومەتەکەی د.عادل عەبدولمەهدی، لەسەر یەکەمین پڕۆژەی بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ ڕێککەوتن کرا. لەمبارەیەوە شاندێکی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی و ئابووری، چەندین کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی فیدراڵ ئەنجام دا لەم کۆبوونەوەیەش ڕێککەوتنی هاوبەشی نێوان هەردوولای لێکەوتەوە، لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٠، لەم پڕۆژە یاسایەدا جەخت لەسەر پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە بەتایبەت نەوت و دارایی، کارنامەی بنەما سەرەتاییەکانیش بەم شێوەیەیە: ١. حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە پێدانی ٢٥٠ هەزار بەرمیلی نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو بە کۆمپانیای (سۆمۆ) داهاتەکانیش لە ئەژماری حکومەتی فیدراڵ دادەنێت، لەگەڵ ئاگادارکردنەوی (سۆمۆ) دەربارەی هەموو گرێبەستەکانی رابردووی لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، هەروەها نرخ و بەهای گواستنەوەی نەوتە خاوەکە، ڕێککەوتنی فرۆشتنی نەوت بۆ ئەو کۆمپانیایانە لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و ئەو کۆمپانیایانە دەکرێت. ٢. ڕێککەوتن لەسەر ئەوە کرا توانای بەرهەمهێنانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بڕی ٤٥٠ هەزار بەرمیل بێت لە ڕۆژێکدا، هەروەها حکومەتی هەرێم هەموو زانیاری و داتای تایبەت لەو بڕەی دەمینێت لە بەرهەمی گشتی هەرێم بە تێچووی پێشبینیکراو پێشکەش بکات بە بڕی ٢٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لەم بارەوەش چەندین ڕاپۆرت بە وردەکاریی لەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێم و هەناردەکردن و فرۆشتن و بەکارهێنان و سەرمایەگوزاریی و وردەکاریی خەرجی تایبەت بە پڕۆسە و کاروباری تایبەت بە نەوت پێشکەشی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ کران. ٣. گواستنەوەی داهاتە نەوتییەکان لەسەر ئاستی عێراقی فیدراڵ بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ، بەپێی حوکمی یاسایی کارگێری دارایی فیدراڵ ژمارە (٦) بۆ ساڵی ٢٠١٩ی زایینی. لە بەرامبەر ئەم خاڵەدا، پشکی هەرێمی کوردستان بە بڕی ١٢ تریلیۆن و ٥٧٧ ملیارو ٨٧ ملیۆن و ٢٢ هەزار دینار دەستنیشان کرا، کە دەکاتە (٨٥٧ ملیۆن دۆلار بۆ هەر مانگێک)، ئەمە جگە لە گوژمەی گواستنەوەی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێم بەبڕی ٢٩ ملیۆن دۆلار بۆ هەر مانگێک و لەسەر بنەمای کۆی گشتی خەرجی فیعلی (خەرجی ڕەوەن) و(النفقات الجاریە و خەرجی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان)، بەڵام بارودۆخی سیاسی ئەوکات و دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتی د.عادل عەبدولمەهدی ڕێگر بوون لەوەی ئەم پڕۆژەیە پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت. ساڵ: ٢٠٢٠ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتەکەی مستەفا کازمی ١. حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی خۆی لەسەر نامەی وەزیری دارایی فیدراڵ د.عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی (ژمارە ٨٠٢) لە ١٩/٥/٢٠٢٠ی زایینی، لەسەر ئەم بنەمایە چەندین کۆبوونەوە لەنێوان نوێنەرانی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان ئەنجام درا، لە ئەنجامدا ڕێککەوتن لەبارەی چەندین بەندی تایبەتییەوە کرا بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسە داراییە هەڵواسراوەکان، ئەم خاڵەش ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بە نووسراوی ژمارە (١٣٢٢٩) لە ڕێککەوتی ١٥/٨/٢٠٢٠ی زایینی جەختی لەسەر دەکاتەوە. ئەم ڕێککەوتنە ئاماژە بەوە دەکات: ـ پێوسیتە وەزارەتی دارایی فیدراڵ مانگانە بڕی ٣٢٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت وەک بەشێک لە خەرجییەکانی هەرێم. ـ ئەم بڕە پارەیەش لەسەر بنەمای هاوکێشەیەکی ژمێریاری دەستنیشان کراوە. ـ ئەو بنەما هاوکێشییە ژمێریارییەش بریتییە لە خەمڵاندنی حکومەتی فیدراڵ بۆ ئەو داهاتە نەوتییانەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێن و داهاتەکانی دیکەی هەرێم. ـ ئەمەش دەیسەلمێنێت کە حکومەتی فیدراڵ بڕی هەموو داهاتەکانی خەرێمی کوردستانی بە داهاتی نەوتی و داهاتەکانی دیکەی لە شایستە فیعلییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵ بڕیوە. ٢. بە پێی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ، پشکی هەرێمی کوردستان ١٢,١٦% بوو، بەڵام هەرێمی کوردستان بڕی تەنیا ٣٢٠ ملیار دیناری لە حکومەتی فیدراڵەوە پێ دەگەیشت، سەرەڕای ئەم ڕێککەوتنەش هەرێمی کوردستان هیچ بڕە پارەیەکی لە بری مانگەکانی (ئایار، حوزەیران، تەمموز و تشرینی یەکەم)ـی ٢٠٢٠ وەرنەگرتووە و هیچ پاساوێکیش بۆ ئەم نەناردنە نەبوو، جگە لەوەش هیچ بڕە پارەیەک بۆ مووچەی پێشمەرگە خەرج نەکراوە، سەرەڕای دانانی خەرجی پێشمەرگە وەک بەشێک لە دەرماڵەکانی وەزارەتی بەرگری، بۆ زانیاریش ڕێککەوتن کراوە لەسەر پڕۆژەی دووەمی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ و ناردراوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران. تێپەڕاندنی یاسا بە پێچەوانەی بنەماکانی دەستوور تێپەڕاندنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بە پێچەوانەی بنەماکانی دەستوور: جگە لە ناڕەزایی هەرێم لەبارەی تێپەڕاندنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەبێ بەشداری نوینەرانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، دەقی ماددەی (٧)ی ئەم یاسایە دەڵێت: پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی گشتی خەرجی فیعلی (خەرجی ڕەوەن – جاری و پڕۆژەی وەبەرهینان) ئەژمار دەکرێت هەروەها مەرجی بۆ ئەم خەرجیانە داناوە بۆ هەرێم بریتییە لە ڕادەستکردنەوەی نەوتی هەرێم جگە لە داهاتی دیکەی نەوتی. هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر هەڵوێستی خۆی کردووەتەوە. هەڵوێستی خۆی بە پێی هەردوو نووسراوی ژمارە (١٨٣٩) ڕێکەوتی ٥/١٠/٢٠٢٠ و ژمارە (٣٧٩) لە ڕێکەوتی ١٨/١٠/٢٠٢٠ دووپات کردەوە، جەخت لەسەر ئەم خاڵانە دەکاتەوە: ١. ڕادەستکردنی ئەو داهاتەی لە ئەنجامی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان هاتووە، هەروەها پشتبەستن بە حوکمی یاسای کارگێریی دارایی فیدراڵی ژمارە (٦) بۆ ساڵی ٢٠١٩. ٢. دەرچوواندنی یاساکانی (نەوت و غازی فیدراڵ، دابەشکردنی داهاتی فیدراڵ، کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی، کۆمپانیای فرۆشتنی نەوت). ٣. ڕادەستکردنی داهاتی دەروازە سنوورییەکان بەو ڕێژەیەی لە یاساکەدا بڕیاری لەسەر دراوە. ٤. بە دووپاتکردنەوەی پڕەنسیپی شەفافیەت پشتبەستن بە حوکمی بڕگەی/دووەم، بەندی /ب لە ماددەی (٣٤)ـی یاسای کارگێریی دارایی فیدراڵ ژمارە (٦) بۆساڵی ٢٠١٩. ٥. حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ لارییەکی نییە لەبارەی بهڕێوەبردنی گومرگەکان بە پێی حوکمی بڕگەی/ یەکەم لە ماددەی (١١٤)ـی دەستووری عیراقی فیدراڵ. ٦. حکومەتی هەرێمی کوردستان وای دەبینێت ئەو بڕە پارەیەی حکومەتی فیدراڵ بە قەرز وەریدەگرێت پێویستە ڕێژەیەکی دادپەروەرانەی لێ دیاری بکرێت بۆ هەرێمی کوردستان، ئەم پرسەش بە ڕوونی لە ماددەی (١٠٦) ی دەستووری عێراق جەختی لەسەر کراوەتەوە. ٧. حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی نیشان دەدات بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەتی فیدراڵ لە بواری وزەدا، بە هەر دوو دۆسیەی کارەبا و غازیشەوە، بە پێی ئەو ڕێکارە یاساییانەی هە ردوو لا لەسەری ڕێک کەوتوون. ٨. نووسراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان/ نووسینگەی سەرۆک وەزیران ژمارە (٥٠٠) لە ٢٦/١١/٢٠٢٠: لە کۆبوونەوەی ژمارە (٤٥) له ڕێکەوتی ٢٥/١١/٢٠٢٠ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بۆ سەرۆکی حکومەتی فیدراڵ نارد، تیایدا جەخت لەسەر هەڵویستی نەگۆڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە لەگەڵ دیدی حکومەت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەبارەی پڕۆژ یاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٠. بەشی دووەم دیــوانی ئەنجوومــەنی وەزیــرانی حکومــەتی هەرێمــی کوردســتان نــووسراوی بــۆ ئەمیندارییه گشــتیی ئەنجومەنــی وەزیرانی عێراقــی فیــدراڵ کــردووە کــە خــۆی وەڵامــی "نــوورساوی ژمــاره ٢/٥/٨٨٥٧ لــه ڕێکــەوتی ١/٤/٢٠٢٠"ـــه کــە ئاراسـتەی وەزارەتـی دارایـی حکومـەتی هەرێـم كرابـوو بـۆ ڕاگرتنـی خەرجكردنـی مووچــەی فەرمانبەرانــی هەرێمــی كوردســتان و لــە وەڵامیــدا هاتــووە: یهكهم: سیاسهتی حكومهتی ههرێمی كوردستان پێشتریش و تا ئێستاش ئامانجی چارهسهكردنی كێشهكانه لهگهڵ حكومهتی فیدڕاڵ به پێی دهستوور و پشت بهستن به ماددهكانی بهو پێیهی ههرێمی كوردستان قهوارهیهكی دهستوورییه له چوارچێوهی دهوڵهتی عێراقی فیدڕاڵ. دووهم: دەستوور مافی بەشداریکردنی وەک بنەمایەکی دامەزرێنەری سیستەمی فیدراڵی بۆ ئەو هەرێم و پارێزگایانە مسۆگەر کردووە کە لە دەسەڵاتی فیدراڵیدا بە پێی بنەماکانی یەکسانی و دەرفەتی یەکسان و دادپەروەری ڕێک نەخراون بۆ هەرێمێک، كه ناكرێت دروست ببێت بهبێ بوونی بنهمای یهكسانی له نێوان هاووڵاتیانی ههرێمهكان و پاڕێزگاكانی تری عێراق له ڕووی سوود وهرگرتن و پیادهكردنی مافهكانیان، له ناویشیاندا مووچه و شایسته داراییهكانی فهرمانبهران، له ڕاستیدا فهرمان كردن به ڕاگرتنی خهرجكردنی مووچهی فهرمانبهرانی ههرێمی كوردستان پێشێلكارییه، به تایبهتی خهرجكردنی مووچهی فهرانبهرانی حكومهتی فیدڕاڵ له پازده پارێزگا عێراقییهكهی تر به ئاسانی دهڕوات بهبێ بوونی هیچ لێدوانێك لهسهر مهرجهكان، جهخت دهكهینهوه كه فهرمانبهرانی ههرێمی كوردستان هیچ جیاوازییهكیان لهگهڵ فهرمانبهرانی تهواوی بهشهكانی تری عێراق نییه و له چوارچێوهی قهوارهی یهك دهوڵهتدا خزمهتی گشتی جێبهجێ دهكهن. سێیهم: له ماددهی (56)ـی یاسای كارگێڕی دارایی فیدڕاڵی ژماره (٦)ـی ساڵی ٢٠١٩ دا هاتووه كه له وادهی دهرچوونییهوه دهست دهكرێت به ساڵی دارایی داهاتوو، ههروهها ماددهی یهكهم/ بڕگهی (نۆیهم) له ساڵی دارایی وا پێناسهی كردووه كه بریتییه لهو ماوهیهی كه كه تێیدا یاسای بودجهی گشتی فیدڕاڵی جێبهجێ دهكرێت، به شێوهیهك یاسای بودجهی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ تا ئێستا بڕیاری لهسهر نهدراوه، بۆیه ساڵی دارایی تا ئێستا دهستی پێ نهكردووه، ئهمهش واتای وایه كه ئهم یاسایه نهچووهته واری جێبهجێكردن، هاوكات لهگهڵ دهرنهكردنی ڕێنماییهكان كه كارئاسانی بۆ جێبهجێكردنی یاساكه دهكات له لایهن ئهنجومهنی وهزیرانهوه به گوێرهی ماددهی ٥٤ی یاساكه، ههروهها نوێنهرانی وهزارهتی دارایی فیدڕاڵی جهختیان لهسهر پێویستی دهركردنی ئهو ڕێنماییانه كردهوه له میانی كۆبوونهوهیان لهگهڵ نوێنهرانی حكومهتی ههرێمی كوردستان له ٣٠ی نیسانی ٢٠٢٠ له بهغدا. چوارهم: بۆ سهپاندنی ڕاستی جێبهجێكردنی یاسای بهڕێوهبردنی دارایی، بڕگهی یهكهم له مادده (13)ـی یاساكه، وهزیری دارایی پابهند كردووه به دهركردنی گشتاندن بۆ خهرجكردن به ڕێژەی ١/١٢ له كۆی گشتی خهرجییه ڕاستهقینهكانی تایبهت به خهرجییهكانی ساڵی دارایی ڕابردوو واته ساڵی (٢٠١٩) و لهسهر بنهمای مانگانه تاكو پهسندكردنی یاسای بودجهی گشتی ساڵی ٢٠٢٠، ههروهها بڕگهی سێیهمی ههمان مادده زانیارییه كۆتاییهكانی دارایی ساڵی ڕابردوو (٢٠١٩)ـی لهسهر بنهمای زانیارییه داراییهكانی ساڵی ٢٠٢٠ دیاری ههژمار كردووه. پێنجهم: ههرێم مانگانه مافی خۆیهتی ١/١٢ـی خهرجییه ڕاستهقینهكانی خهرجییه داراییهكانی ساڵی دارایی ٢٠١٩ وهربگرێت وهك تهواوی پارێزگاكانی تری عێراق و به پێی خشتهی ژماره (١)ـی هاوپێچكراو، لهو كاتهی ههروهها پێچهوانهی ماددهكانی یاسای كارگێڕی دارایی ماوهی سێ مانگی یهكهمی ساڵی ٢٠٢٠ هیچ خهرجییهك له شایسته داراییهكان بۆ ههرێمی كوردستان خهرج نهكراوه، جگه له خهرجییه ڕاستهقینهكانی تایبهت به دابینكردنی قهرهبووكردنهوهكانی فهرمانبهرانی ههرێمی كوردستان كه دهگاته 452 ملیار دینار، كه ئهمینداریهتی گشتی ئهنجومهنی وهزیرانی داوای ڕاگرتنی دهكات، كه ئهمهش پێشلكاری ئهو یاسایه كه پشتی پێ دهبهسترێت. شهشهم: ماددهی (١٠/ دووهم-ج) له یاسای بودجهی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی دارایی ٢٠١٩ حكومهتی فیدڕاڵ پابهند دهكات به دانی شایستهكانی ههرێمی كوردستان له ناویشیاندا قهرهبووكردنهوهی فهرمانبهران و بڕینی بڕی زیانهكان له پشكی ههرێمی كوردستان له ئهگهری ڕادهستنهكردنی ئهو بڕه نهوتهی كه بڕیاری لهسهر دراوه، ههروهها وهزارهتی دارایی فیدڕاڵ بڕی ٤٥٢ ملیار دیناری مانگانهی بۆ ههرێمی كوردستان دابین كرد وهك خهرجییهكان و قهرهبووكردنهوهی فهرمانبهران كه كۆی گشتی ساڵانه دهگاته پێنج تریلیۆن و ٢٢٨ ملیار دینار له كۆی گشتی پشكی ههرێمی كوردستان له بودجهی خهرجی جاری و خهرجی وهبهرهێنان له ساڵی ٢٠١٩ كه دهكاته بڕی ١٠,٥٩٩,٠٢٥,٨١١ دینار له ناویشیاندا دابینكردنی مووچهی پێشمهرگه كه دهكاته بڕی ٨١٦ ملیار دینار له چوارچێوهی خشتهی خهرجییه سیادییهكان، بهڵام هیچ بڕە شایستهییهكی تری ههرێمی كوردستان له ناویشیاندا مووچهی هێزهكانی پێشمهرگه خهرج نهكراوه وهك جێبهجێكردنی ماددهی (١٠/ دووهم-ج) له یاسای بودجهی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی دارایی ٢٠١٩. كۆی گشتی ئهو بڕهی كه دهبوو به ههرێمی كوردستان بدرێت، بهڵام كه نهدراوه وهك له خشتهی ژماره (٢)ـی هاوپێچكراو دهردهكهوێت، زیاتره له بههای ئهو زیانهی كه بهر داهاتی گهنجینهی گشتی فیدڕاڵی كهوتووه له ئهنجامی ڕادهستنهكردنی بڕی ٢٥٠ ههزار بهرمیل نهوتی ڕۆژانه به كۆمپانیای سۆمۆ له لایهن ههرێمی كوردستانهوه. حهوتهم: پشت بهستن به بڕگهی پێنجهمی ماددهی (٢٧)ـی یاسای كارگێڕی دارایی بۆ ڕاگرتنی خهرجكردنی مووچهی فهرمانبهرانی ههرێمی كوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بههۆی كۆمهڵێك هۆكارهوه جێبهجێ نهكراوه، لهوانه: ١. ماددهی (٢٧) له یاساكه، وهزارهتی دارایی ڕاسپاردووه به دابهزاندنی (مبالغ المترتبە) لهسهر حهواڵهنهكردنی داهاتی نهوت و غاز و ههر بابهتێكی تر له لایهن ههرێمی كوردستانهوه لهوانهش (تهمویلكردنی ساڵانهی ههرێمی كوردستان) نهك لهسهر بنهمای مانگانه، جێبهجێكردنی ئهمه پێویست به دیاریكردنی پارهداركردنی ساڵانهی ههرێمی كوردستان دهكات به پێی یاسای بودجهی گشتی فیدڕاڵ بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٠ بۆ ئهوهی وهزارهتی دارایی دهست به دابهزاندنی داهاتهكان بكات. ٢. خهرجكردنی ڕێژەی ١/١٢ له كۆی گشتی خهرجییه ڕاستهقینهكان بۆ خهرجییه جارییهكانی ههرێمی كوردستان بۆ ساڵی دارایی ساڵی ڕابردوو واته (٢٠١٩) له لایهن وهزارهتی داراییهوه لهسهر بنهمای مانگا تا ئهو كاتهی یاسای بودجهی گشتی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ پهسند دهكرێت، ڕێكارێكی یاساییه و پشت بهستووه به حوكمهكانی بڕگهی یهكهم له ماددهی ١٣ـی یاسای كارگێڕی دارایی كه به شێواز (صیغە)ـیهكی ڕهها هاتووه بێ بوونی هیچ لێدوانێك لهسهر جێبهجێكردنی بڕگهی پێنجهم له ماددهی ٢٧ی یاساكه، ههروهها هیچ بۆچوون و ئیجتیهادێك له ناوهڕۆكی دهقهكه بوونی نییه، بۆیه ههڵپهساردنی خهرجكردنی ڕێژەی ١/١٢ بۆ ههرێمی كوردستان هیچ بهڵگهیهكی یاسایی نییه، چونكه له یاساكهدا هیچ دهقێك نییه بۆ ههڵپهساردنی خهرجكردنی ئهم ڕێژهیه لهسهر بنهمای دابهزاندنی (مبالغ المترتبە) بههۆی حهواڵهنهكردنی داهاتهكان له لایهن ههرێمی كوردستانهوه. ٣. بڕی ئهو زیانهی بهر گهنجینهی گشتی كهوتووه بههۆی ڕادهستنهكردنی ئهو بڕە نهوتهی كه دهبوو ههرێمی كوردستان بیدات له لایهن وهزارهتی دارایی فیدڕاڵ بۆ ساڵی ٢٠١٩ دابهزێندراوه، بهڵام ئهم پرسه بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٠ پێویستی به دهركردنی یاسای بودجهی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ ههیه كه پڕۆژەیاساكهی به ڕێككهوتن له لایهن ههر دوو حكومهتی فیدڕاڵ و حكومهتی ههرێمی كوردستان له مانگی كانوونی یهكهمی ٢٠١٩ ئاماده كراوه، كه تێیدا پابهندییه دارایی و نهوتییهكانی ههرێمی كوردستانی دیاریكراوه بهرامبهر به خهرجكردنی شایسته داراییه جێگیركراوهكان له یاسای بودجهی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٠، بهم شێوهیه له ئێستادا میكانیزمێكی ڕوون بۆ دیاریكردنی چۆنیهتی دابهزاندنی داهاتهكان له پارهداركردن و خهرجی ساڵانهی ههرێم بوونی نییه، كه ئهم بابهتهش پێویستی به دهقێك ههیه له چوارچێوهی یاسای بودجهی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٠ یانیش له میانی لیژنهیهك كه له میانی كۆبوونهوهیهكی هاوبهش به بهشداری بهڕێزتان و بهڕێزان وهزیری دارایی فیدڕاڵ و نوێنهرانی ههرێمی كوردستان له ٢٠ـی نیسانی ٢٠٢٠ به ڕێوه چوو، پێشنیاز كرا. ٤. جەخت لهسهر پابهندبوونی تهواوهتی دهكهینهوه لهو لێكتێگهیشتنهی كه لهگهڵ ئێوهدا له مانگی كانوونی یهكهمی ٢٠١٩ دروست بووه له چوارچێوهی یاسای بودجهی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٠، هیوادارین كه ڕهوانهی ئهنجومهنی نوێنهران بكرێت له ئهگهری پێكهێنانی كابینهی نوێ، كه بارودۆخی ئهم دواییانهی عێراق حكومهتیان ههڵوهشاندهوه و كابینهی ئێستای حكومهت دهستی له كار كێشایهوه و ئێستا بووهته حكومهتی كاربهڕێكهر، كه بههۆیهوه ئهم حكومهته ناتوانێت پڕۆژهیاسای پێشكهش به ئهنجومهنی نوێنهران بكات. ههشتهم: سهرهڕای ئهوهی پێشمهرگه به پێی دهستوور بهشێكه له سیستمی بهرگری عێراق و چهندین قوربانی داوه به تایبهت له ڕووبهڕووبوونهوه و لهناوبردنی تیرۆر، بهڵام تا ئێستا شایستهكانی پێشمهرگه له مووچه و خهرجییهكانی پڕچهككردن و ئامادهكردن و مهشقپێدانهوهی خهرج نهكراوه، سهرهڕای بوونی ژمارهیهك دهق له ناو یاساكانی بودجهی فیدڕاڵی لهوهتهی ساڵی ٢٠٠٥ـوه، كه ئهمهش وایكردووه وهزارهتی دارایی و ئابووری ههرێمی كوردستان لهوهتهی ساڵی ٢٠٠٥ـوه مووچهی پێشمهرگه بخاته ئهستۆی خۆی، ههروهها لهوهتهی ساڵی ٢٠١٤ـوە به ههمان شێوه تێچووی جهنگی دژ به داعشی له ئهستۆ گرتووه سهرهڕای بوونی تهنگژەی دارایی بههۆی ئهوهی له شوباتی ٢٠١٤ـەوە پشكی ههرێمی كوردستان له بودجهی گشتی فیدڕاڵ بڕاوه، ههروهها مووچهی پێشمهرگه له ساڵی دارایی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ خهرج نهكراوه كه دهگاته بڕی ٦٨ ملیار دیناری مانگانه، سهرباری ئهوهی له خشتهی خهرجییه سیادییهكان بۆ ساڵی ٢٠١٩ جێگیر كراوه. نۆیهم: ههرێم پێشتر و ئێستاش زیاتر له ملیۆنێك ئاواره و پهناههندهی له خۆ گرتووه، كه حكومهتی ههرێمی كوردستان تێچووی خهرجی ئهو ئاواره و پهناههندانهی له هاووڵاتیانمان له پارێزگاكانی تر له ئهستۆ گرتووه به تایبهت له ڕووی چاودێری ئاسایش و تهندروستی و فێركردن و دابینكردنی پێداویستی و پێویستییهكانی بژێویان لهوهتهی ساڵی 2014، تهواوی ئهوانهش له ڕاپۆرتی هاوپێچكراو خراونهته ڕوو، كه هاوكات ڕوون كراوهتهوه حكومهتی فیدڕاڵ هیچ بهشدارییهكی نهكردووه. دهیهم: حكومهتی فیدڕاڵ لهوهتهی شوباتی ٢٠١٤ـەوە تا ساڵی ٢٠١٩ شایستهكانی ههرێمی كوردستانی ڕهوانه نهكردووه، ئهمهش وایكردووه ههرێم پهنا بباته بهر دۆزینهوهی سهرچاوه بۆ پارهداركردن و خهرجی و پێداویستییهكانی له میانی قهزر كردن و گرتنبهری تهقهشوف و ڕێكاری كهمكردنهوهی خهرجییه گشتییهكان و پاشهكهوتی ناچاری به ڕێژهیهكی زۆر له مووچهی فهرمانبهرانی ههرێم، هاوكات لهگهڵ دابینكردنی خهرجی بۆ ژمارهیهكی گهوره له پهناههنده و ئاوارهكان و تێچووی جهنگی دژ به تیرۆر، كه ههموو ئهمانه وایانكردووه ههرێمی كوردستان ڕووبهڕووی بارگرانییهكی گهورهی دارایی ببێتهوه، هاوكات ههرێم پشتوانی له ساغكردنهوهی شایستهكان دهكاتهوه له نێوان ههرێم و حكومهتی فیدڕاڵ بۆ ههموو ئهو ساڵانهی ڕابردوو، ئهمهش له میانی میكانیزمگهلێك كه له یاساكانی بودجهی گشتی فیدڕاڵ بۆ دیاریكردنی ماف و ئهركهكانی ههر دوو لا ئاماژەی بۆ كراوه. له كۆتاییدا بۆ حكومهتی فیدڕاڵ دووپات دهكهینهوه كه ههڵوێستی ههرێمی كوردستان نهگۆڕە و سیاسهتهكانی بۆ چارهسهركردنی ئهم دۆسیهیه به پێی دهستوور و یاسا و لهسهر بنهمای هاوبهشی دهبێت، داوا دهكهین لهسهر بنهمای ڕاسپاردهی هاوبهش كه ههر دوو لا له ئهنجامی كۆبوونهوهی بهغدا له ٢٠ـی نیسانی ٢٠٢٠ له نێوان نوێنهرانی (ئهمینداریهتی گشتی ئهنجومهنی وهزیران و نوێنهرانی وهزارهتی دارایی فیدڕاڵ و شاندی ههرێمی كوردستان) پێی گهیشتووین، چاو بهو ڕێكاره بخشێننهوه كه له نووسراوی سهرهوهتان ئاماژهی بۆ كراوه، كه دیاره ناوهڕۆكی ئهم لێكتێگهیشتنه هاوبهشه ڕاسپاردهی ڕاگرتنی جێبهجێكردنی نووسراوهكهتان دهكات و داوای بهردهوامی خهرجكردنی مووچهی فهرمانبهرانی ههرێمی كوردستان دهكات وهك سهرجهم فهرمانبهرانی تری حكومهتی فیدڕاڵ، هاوكات لهگهڵ پێكهێنانی لیژنهیهكی هاوبهش له نێوان ههر دوو لا به بهشداری دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و دیوانی چاودێری دارایی ههرێم بۆ دیاریكردنی ئهوهی له ئهستۆی ههرێمدایه له پابهندبوونهكان و مافهكانی له ژێر ڕۆشنایی دهستوور و یاساكانی بودجهی فیدڕاڵی بۆ ساڵهكانی 2014 تاكو 2019 به مهبهستی یهكلاییكردنهوهیان. ههروهها ئهم دهرفهته دهقۆزینهوه بۆ دووبارهكردنهوهی ههڵوێستی نهگۆڕمان به پابهندبوون به لێكتێگهیشتنی هاوبهش كه له چوارچێوهی ئامادهكردنی پڕۆژیاسای بودجهی گشتی فیدڕاڵ بۆ ساڵی دارایی 2020 لهسهری ڕێككهوتووین و تێیدا چارهسهری پابهندییه دارایی و نهوتییهكانی نێوان ههردوولامان كرد به شێوهیهكی هاوسهنگ كه خزمهت به بهرژهوهندی گشتی بكات، بۆیه ئومێدهوارین بگهینه چارهسهرێكی ڕیشهیی بۆ ئهو كێشه ههڵواسراوانه له میانی گهیشتن به ئامادهكردنی پڕۆژهیاسای فیدڕاڵی هاوبهش بۆ نهوت و غاز و دابهشكردنی داهاتهكان. هاوپێچهكان: 1- خشتهی ژماره (1) خهرجییه ڕاستهقینهكان و خهرجییه جارییهكانی ههرێمی كوردستان بۆ ساڵی دارایی 2019. 2- خشتهی ژماره (2) خهرجییه ڕاستهقینهكانی تایبهت به نهوت و غاز بۆ ساڵی دارایی 2019. 3- خشتهی ژماره (3) شایستهكانی ههریمی كوردستان به گوێرهی یاسای بودجهی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی دارایی 2019. 4- خشتهی ژماره (4) تایبهت به بڕی قهرهبووكردنهوهی زیانهكانی ههرێمی كوردستان له ئهنجامی تاوانهكانی ڕژێمی پێشوو له ساڵی 1963 تاكو ساڵی 2003. 5- ڕاپۆرتێكی تایبهت به زانیارییه تایبهتهكان سهبارهت به ژمارهی ئاواره و پهناههندهكانی ههرێمی كوردستان و تێچووهكانیان. 6- خشتهی ژماره (5) پشكی ههرێمی كوردستان له بودجهی گشتی فیدڕاڵ و بڕی ناردراو له ساڵی 2014 تاكو 2019. 7- خشتهی ژماره (6) خهرجییهكانی تایبهت به بههای كڕینی كارهبا له ههرێم به گوێرهی گرێبهستهكان لهگهڵ كۆمپانیاكانی (كار، قهیوان، فۆكس ئینهرجی، بهختیار گرووپ، ماس) كه حكومهتی ههرێمی كوردستان ئهو خهرجییانهی به دۆلار به وهبهرهێنهران داوه له ساڵی 2019. 8- خشتهی ژماره (7) تایبهته به دیاریكردنی بڕی وزهی كارهبای ئامادهكراو بۆ پارێزگای كهركووك كه له لایهن ههرێمهوه سووتهمهنی پێویستی بۆ دابین كراوه.
درەو: ئەحمەد عەزیز- کەرکوک 6/2022 وەک دەسپێک و پێش ئەوەی بچمە ناوەڕۆکی بابەتەکەوە، بە پێویستی دەزانم وەڵامی دو پرسیاربدەمەوە :- 1. ئایا ئەگەر ڕیفراندۆم ئەنجام نەدرایا، سوپای عێراق هێرشی ئەنجام دەدا و دەستی بە سەرکەرکودا دەگرت! بێگومان ئەگەر ڕیفراندۆمیش ئەنجام نەدرابایا حکومەتی عێراق هێرشی بۆ سەر کەرکوک ئەنجام دەدا وهەوڵی کۆنتڕڵکردنی دەدا، بەڵام لێکەوتە وئەنجامەکانی زۆر جیاوازتر دەبو وەک لەوەی ئێستا هەیە، لە حاڵەتێکی وەهادا، ئەوسا کورد دەیتوانی لوبی بۆ بکات وپشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ بە دەست بهێنێت لە لایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە، کە پشتیوان وهاوکاری کورد بون لە سەرەتای ڕزگارکردنی کەرکوک لە ساڵی 2003 تا کوتایی هاتنی شەڕی دژی داعش لە ساڵی 2017، چاوەڕوان دەکرا سوپای عێراق بە هەمان شێوەی پێش ساڵی 2014 بگەڕابایەتەوە بۆ کەرکوک بۆ هەمان ئەو سنور ودەسەڵاتەی هەیبو لە ڕابوردودا، بەڵام وەک دیفاکتۆ دەسەڵاتی کورد وەکو خۆی دەمایەوە و بڕیاردەر دەبو، لە سەر بنەمای ئەوەش، کە لە مادەی ١٤٠دا هاتوە، ناوچەی جێناکۆک بە هاوبەشی لە نێوان هەرێم و ناوەند بەڕێوە دەبڕێت تا ئەو کاتەی چارەنوسی یەکلای دەبێتەوە. 2. ئایا ئەگەر ڕیفراندۆم لە کەرکوک ئەنجام نەدرابایا، 16ی ئۆکتۆبەر ڕویدەدا، کەرکوک هەمان ئەو چارەنوسەی ئێسای دەبو! ئەڵبەتە من پێم وایە ئەگەر ڕیفراندۆم لە کەرکوک ئەنجامنەدرایا، 16ی ئۆکتۆبەر ڕوی نەدەدا ، حکومەتی عێراق زەفەری بە کورد نەدەبرد، چونکە هیچ لایەنێکی کورد ئەوەندە لاواز نەدەبو تا بەو شێوە وئاستە بکەوێتە ژێر فشارەکانی (عێراق – ئێران -تورکیا) لە سایەی پشتیوانی هاوپەیمانان وئەمریکا، هەروەها پەیوەندی پارتی و عێراق نادەگەیشتە بنبەست لە گەڵ عێراق ولە کەرکوک ناوچەجێناکۆکەکان دەمایەوە، پێویستە ئەوەش بوترێت16 ی ئۆکتۆبەر بە دیویکی تردا کاردانەوە بو بەرانبەر بە کورد، چونکە کاتێک داعش سەری هەڵدا لە ساڵی 2014، لایەنی کورد لە کەرکوک هەڵیان کوتایە سەر هێزەکانی سوپای عێراق(فرقەی12 لە کەیون- لە موسڵیش کورد ڕۆڵی هەبو لە داڕمانی سوپای عێراق) و چەکیان کردن و بارەگاکانیشیان تاڵان کردن، هۆکارێکی تری سەرەکیش، کە پێویستە باسی بکەین ئەوەیە، کە یەکێتی وبزوتنەوەی گۆڕان ولایەنەکانی تریش بەشدار وهاوبەشی پارتی بون لە ئەنجامدانی ڕایفراندۆم، هەر لایەنەو بە گوێرەی دەسەڵات و قەبارەی خۆی، ئەگەر نا، پارتی بە تاقی تەنیا ئەستەم بو، بتوانێت ڕیفراندۆم ئەنجام بدات لە تەواوی کوردستان و کەرکوک، جگە لە کەمپینی نەخێر، کە دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بون. دیارە کورد لە ماوەی سەدەی (100 ساڵ)ی ڕابوردو، پاش خەباتێکی بێوچان وبەخشینی ڕوبارێک خوێن لە پێناو ڕزگارکردنی کەرکوکدا، بۆ یەکەمین جار لە وەرچەرخان و ڕوداوێکی مێژویدا، لە ڕاپەڕینی ساڵی 1991 توانی بۆ ماوەی نزیەکەی یەک هەفتە کەرکوک ئازاد بکات، هاوکاتی هەر شارێکی تری کوردستان، کە بێ گومان ئەوە دەلالەتێکی سیاسی ومێژوی گەروەی کوردستانی بونی کەرکوک بو، بۆ جارێکی تر و لە پاش 12 ساڵ، لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق لە لایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، لە ساڵی 2003 ئیدارە ودەسەڵاتی کەرکوک سپێردرایەوە کورد، سەرەڕای ناڕەزایی وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەتی تورکیا، لە ماوەی ئەو 14 ساڵەی حوکمڕانی کورد لە کەرکوک، خراپترین نمونەی بەڕێوەبردن ودەسەڵاتی کوردی پێشکەش کرا، کە دەبو کورد پێچەوانەکەی بکردبایا، ئەو ئەزمونە تاڵە، تەنانەت خودی کوردی دانیشتوی ناوچەکەش لێی نیگەران وناڕازی بون، بەشی هەرە زۆری دیاردەکانی، دوئیدارەیی وململانێی تەسکی حزبایەتی و گەندەڵی دەسەڵاتی کوردستان گوێزرایەوە و شۆڕکرایەوە بۆ کەرکوک بە زیادەوە، لە نمونەی (دو ئاسایش، دو پەروەردە ودو هێزی پێشمەرگە وتاد). بۆیە پێکهاتەکانی کەرکوک لە دەرفەت وهەلێک دەگەڕان بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتی کورد خۆیان ڕزگار بکەن، ئەڵبەت کۆتای هاتنی شەڕ و سەرکەتن بەسەر داعشدا لە ساڵی 2017 و گلانی کورد بە ڕیفراندۆم لەو کاتە نامەدروس ونەگونجاوەدا، دو هەل ودەرفەتێکی زێڕین بو بۆ نەیاران، تا کۆتایی بە دەسەڵاتی کوردی لە کەرکوک و ناوچەدابڕێنداروەکان بهێنن، کە دەکاتە 51%ی گەرنگترین بەشی خاکی کوردستان لە ڕوی جیوپۆلیتیکی و ئابوری وئیستراتیجی، کە هەردەم لە ڕوانگەی عەرەب ووڵاتانی ناوچەکە بە کلیل و سەرچاوەی دەوڵەتی کوردی پێناسە کراوە وکەرکوک سومبلەکەیەتی(بڕوانە بەڵگەنامەی هاوپێچ)، هاوشێوەی کۆتای هاتنی شەڕی ئێران – عێراق لە ساڵی 1988 ، کە دەوڵەتی ئەوسای عێراق لە سەردەمی سەدام حوسێندا قۆستێوەو پڕۆسەی ئەنفالی بەدناویان دژی جولانەوەی سیاسی کورد ئەنجامدا و شۆڕشیان پێ خامۆش کرد تا بەهاری ساڵی 1991. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا کورد پێویستە چەندی تر چاوەڕوان بێت و تێبکۆشێت، تا جارێکی خەونی هێنانەدی گەڕانەوەی کەرکوک بۆ ئامێزی کورستان بە دی بهێنێت، ئایا ئەو کارەکتەرو حزبانەی لە سەر دەستی ئەوان دەسەڵاتی کورد لە کەرکوک لە باربرا و کەوتنی عەفرینیشی لێ کەوتەوە، چاوەڕوانی ئەوەیان لێ دەکرێت جارێکی تر لە لایەن ئەوانەوە کەرکوک بگەڕێتەوە بۆ سەر کوردستان! بێ گومان نەخێر، چونکە ئەوانەی کەرکوکیان بەو دەردە برد، ئێساتشی لە گەڵدا بێت هیچ پەند وعیبرەتێکیان وەرنەگرتوە لە کەوتنی کەرکوک، گەر بڕوانینە شێوازی ئێستای حومکڕانی کوردستان و سیاسەت کردنیان بەرانبەر بە کەرکوک، دەبینین هیچ گۆڕانێکی ئەوتۆیان لێ بە دیناکرێت، دور نیە ئەو بەشەی هەرێمیش کە ماوەتەوە بە دەردی کەرکوکی بچێت لە سایەی ئەوان، بۆیە ئەگەر ئەو بۆشایەی کە ئێستا هەیە لە نێو دەسەڵاتی سیاسی کوردستان پڕ نەکرێتەوە و ئەڵتەرناتیفێکی بۆ نەیەتە کایەوە، نەک کەرکوک ناگەڕێتەوە، بەڵکو ئەوەی هەشمانە لە ناو دەبرێت، وەک نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتوەکان جینین پلاسەخارت و باڵوێزی پێشوی ئەمریکا (ماسیو تولەر)هۆشداریان داوە لەو بارەیەوە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢. گەر بڕوانینە ئەو داتا وزانیاریانەی لە دوتوێی ئەم بابەتەدا دەیخەینە ڕو، دەبینین دەرئەنجامەکانی 16ی ئۆکتۆبەر هەر بەردەوامە، هەمو ئەوەی کورد بە دەستی هێنابو لە ماوەی سەد ساڵی ڕابوردو لە کەرکوک، (پارێزگاری کورد -75% ی کورد لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا – تەواوی ئەمنیەتی کەرکوک – بەڕێوەبەری بەشی هەرە زۆری فەرمانگەکان وفەرمانڕەوای کەرکوک، گشتی لێوەرگیرایەوە، ئێستا کورد لە ڕوی مافەکانێوە، گەڕاوەتەوە بۆ پێش ساڵی 2003، لە کاتێکدا هەمیشە کورد، لە پاش ساڵی 2003وە، 6 بۆ 8کورسی بە دەست هێناوە لە کۆی 12 کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە بۆ کەرکوک دیاری کراوە، واتا لە پاش ساڵی 2003وە، هەردەم کورد کەمتر لە 50%ی ڕێژە ودەنگی کەرکوکی نەبوە، بەڵام لە پێدانی مافدا ستەمی گەوەری لێ دەکرێت، ئێستا لە فەرمانڕەوای کەرکوکدا، کورد بە تەواوەتی بێ بەش کراوە، پارێزگار عەرەبە، قایمقامی سەنتەری کەرکوک تورکمانە، سەرۆکی دادگای کەرکوک عەرەبە، ئەمنیەتی کەرکوک بە دەست عەرەبەوەیە(سوپا وئەحکامی عورفی)، تەنانەت لە فەرمانگە خزمەتگوزاریەکانیش کورد ماف وئیستحقاقی خۆی پێنەدراوە، نە لە سەر ئاستی بەڕێوەبەری فەرمانگەکان و نە لە ڕێژەی کارمەند وفەرمانبەران لە کۆی داودەزگاکانی کەرکوکدا، وەک لەو گرافیکانەی لە خوارەوە نمایشی دەکەین، هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە، کە یەکێتی وپارتی سەرکەوتو نەبونە لە نوێنەرایەتی و سەرکردایەتیکردنی کورد لە عێراق و کەرکوک و ناوچەدابڕێندراوەکاندا، لە ماوەی19 ساڵی ڕابوردو تا ئێستا کەمتر لە 20%ی قۆناغی یەکەمی مادەی 140 جێبەجێکراوە. لێرەدا پێویستە بپرسین، ئایا ئەو ستەم ونادادی وناوهاوسەنگیەی بەرامبەر بە کورد دەکرێت لە کەرکوک و ناوچەکوردستانیەدابڕێندراوەکان، لە گەڵ کام یاسا وبڕگەی دەستوری دەوڵەتی نوێی عێراق یەکدەگرێتەوە، ئەوەی بەرامبەر بە کورد دەکرێت ئەگەر پێچەوانەی دەستور ویاسایە، هەڵویست وڕوڵی سەرۆک کۆمار– جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەزیرە کوردەکان لە عێراق، هەروەها حکومەت وپارلەمان کوردستان بەرانبەر بەو پێشێلکاریانە چی بوە، وەڵامەکەی بە جێ دەهێڵم بۆ خوێنەر وڕای گشتی گەلی کورد. باڵانس وڕێژەی گشتی کارمەند وفەرمانبەرانی کورد ونەتەوەکانی تر، لە داودەزگاکانی کەرکوکدا رێژەی کورد بۆ خۆی نزیکەی 50% ی کەرکوکە، بەڵام ڕێژی بەرکەوتەی لە فەرمانبەران 25.6%، بەڵام تورکمان رێژەی دانیشتوانی کەمتر لە 15%، بەڵام بەرکەوتەی نزیکەی 25.8% فەرمانی کەرکوکی هەیە, عەرەب ڕێژەی نزیکەی 35% دانیشتوان پێکدەهێنێت، بەڵام بەرکەوتەی لە ڕێژەی فەرمانبەران 47.7% هەیە. باڵانسی بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی کەرکوک، لە نێوان کورد ونەتەوەکانی تر، پێش 16 ئۆکتۆبەری 2017 باڵانسی بەڕێوەبەری فەرمانگەخزمەتگوزاریەکان، لە نێوان کورد ونەتەوەکانی تر، پاش 16ی ئۆکتۆبەری 2017 لە کۆی 106 فەرمانگە، کورد بەڕێوەبەری 34 فەرمانگەی بەرکەوتوە، لە کاتێکیدا ڕێژەی دانیشتیوانی کورد لە کەرکوک نزیکەی 50%، ڕێژەی دانیشتوانت تورکمان کەمتر لە 15%، بەڵام بەڕێوەبەری 32 فەرمانگەیان بەرکەوتوە. گرافیکی دابەش بونی ناحیەکانی کەرکوک بە سەر نەتەوەکاندا پاش 16ی ئۆکتۆبەر لە کۆی 8 ناحیە، تەنها بەڕێوەبەری 2 ناحیە کوردە (پرێ وسەرگەڕانە)، کوردێک بە وەکالەت دانراوە بۆ هەردو ناحیەکە، واتا کاتیە. گرافیکی دابەش بونی قەزاکان بە سەر نەتەوەکانی کەرکوکدا، پێش 16 ئۆکتۆبەری 2017 گرافیکی دابەش بونی قەزاکان بە سەر نەتەوەکانی کەرکوکدا پاش 16 ئۆکتۆبەری 2017 لە کۆی 8 قەزا، کورد هیچ قائمقامێکی پێنەدراوە.
مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) یەکێک لە ژێرخانە ھەرە سەرەکییەکانی دروستبوونی ”مەسەلەی کورد“ لە سەدەی بیستەمدا مەسەلەی ”بەئەمنیکردن“ی خواستە سیاسیی و فەرھەنگییەکانی خەڵکی کوردستانە. مامەڵەکردنی ئەو خواستانەیە, چەندیش بچووکبن, وەک کێشەیەکی ئەمنی و بەگژاچوونەوەشیان وەک سیاسەتی پاراستن و دابینکردنی ئاسایشی نەتەوەیی بۆ ئەو دەوڵەتانەی کورد، لە دوای جەنگی جیھانی یەکەمەوە، بوون بە بەشێک لە دانیشتوانەکانیان. ئەم مەسەلەی ”بەئەمنیکردن“ە وادەکات کورد وەک کەمینەی ناو ھەریەکێک لەو وڵاتانە، زیاتر وەک ھەڕەشە وێنابکرێت و وەک ھەڕەشەش ماماڵەی خواستەکانی بکرێت. تورکیا لەم بوارەدا لە ھەر سێ وڵاتەکەی تر کە کوردیان بەسەردا دابەشبووە، توندڕەوتر و توندوتیژتر و دژەمافتر، بووە. نووسەری ئەمریکی ڕۆبرت ئۆلسۆن لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا لەسەر مێژووی کورد، باس لەوەدەکات چۆن تورکیا لە ماوەی ١٤ ساڵدا، نێوان ساڵی ١٩٢٤ بۆ ،١٩٣٨ ھەژدە پەلاماری سەربازیی گەورە ئەنجامئەدات، لەو ھەژدەیە، ھەڤدەیان بەرامبەر بە کورد بووە. ئەم پەلاماردانە سەربازییە خوێناویانە یەکێکە لە دەرەنجامە سەرەتاییەکانی مەسەلەی ”بەئەمنیکردن“ی مەسەلەی کورد لە تورکیادا. ساڵانێکی درێژ ئەم فشارە سەربازیی و ئەمنییە گەورەیە وا لە کوردانی تورکیا دەکات بێدەنگبن، تا قۆناغی دروستبوون و سەرھەڵدانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە کۆتایی ساڵانی ھەفتادا. لەگەڵ سەرھەڵدان و بەرپاکردنی خەباتی چەکداریش لەلایەن پەکەکەوە، گوتارێکی نوێ لەدایکدەبێت، گوتاری بە تێرۆریست ناسینی ھەموو ئەو ھێزە کوردییانەی لەو تورکیادا دروستدەبن. بە مانایەکی دیکە ستراتیژیەتی بەئەمنیکردنی مەسەلەی کورد لەو وڵاتەدا، تێکەڵ بە گوتارێکی نوێ دەکرێت کە گوتاری بە تێرۆریستکردنی ھەموو ھێزە کوردییەکانی ناو ئەو وڵاتەیە، تەنانەت گەر ڕێگای ناچەکداریی و مەدەنیش بۆ بڤەرگریکردن لە خواستەکانی خەڵکی کوردستانیش، بگرنەبەر. ئەم گوتاری بەترێرۆسیت ناسین و ئەم ستراتیژیەتی بەئەمنیکردنە لەمڕۆدا شێوەیەکی ھێجگار بەرفراوانی وەرگرتوە. کردنی کورد بە ”ئەویترێکی ناحەز“ و ”تێرۆریست“ ئەو زمانەیە کە تورکیای ئەم ساتە قسەی پێدەکات، نەک تەنھا لە پەیوەندیدا بە کوردەکانی ناو سنوورە سیاسییەکانی خۆیەوە، بەڵکو لە قسەکردنیشیدا لەسەر ھەموو ئەو کوردانەی تریش کە لەگەڵ سیاسەت و ستراتیژیەکانی دەوڵەتی کوردیدا یەکناگرنەوە. لەمەدا ئەردۆگان ھەمان ئەو ڕوانینە کەمالیستییە دووبارەدەکاتەوە کە بەشێکە لە مێژووی تواندنەوە و پێشێلکردنی مافە ھەرەسەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستان لە تورکیادا. لە سەرەتای دەسەڵاتداریاندا لە ساڵی ٢٠٠٢دا، ئەردۆگان و پارتەکەی، ، ھەوڵی پیادەکردنی سیاسەتێکی جیاوازیان لە سیاسەتی فەرمی تورکیا بەرامبەر بە کورد دا، سیاسەتێک دەیخستنە دەرەوەی ستراتیژیەتی بەئەمنیکردنی مارەکراو لە گوتاری تێرۆر. ئەم دۆخە تا ئەو شوێنە ڕۆیشت ئەردۆگان لە ساڵی ٢٠٠٥دا لە دیاربەکر، لە بەردەم کۆبونەوەیەکی جەماوەریی گەورەدا بڵێت: ”کێشەی کورد کێشەی ھەموو نەتەوەی تورکە....ئێمە چارەسەر بۆ ھەموو کێشەکان ئەدۆزینەوە لەڕێگای دیموکراسیەتی زیاتر، مافی مەدەنی زیاتر، خۆشگوزەرانی زیاتر، لەھەمان ئەوکاتەدا کە دەستوری تورکیا دەپارێزین، پرنسیپەکانی سیستمی کۆماری دەپارێزین“. ئەمە سەرەتای ئەو سیاسەتە نوێیە بوو کە لە تورکیادا ناوی ”کردنەوە بەڕووی کوردا“ی لێنرابوو، Kurdish opening. بەڵام ئەم دۆخە چەند ساڵێکی کەمی خایاند و ستراتیژیەتی بەئەمنیکردنی مەسەلەی کورد و گەڕانەوە بۆ گوتاری بەتێرۆریستکردن، بە توندی ھاتەوە مەیدان. لە پەیوەندیدا بە مەسەلەی گەڕاندنەوە بۆ ستراتیژیەتی بەئەمنیکردنی مەسەلەی کورد و بە گەڕانەوەوە بۆ گوتاری بەتێرۆریستکردن، ھەندێک نووسەر باس لە بەردەوامی ”گرێی سیڤەر“ یان ”سێندرۆمی سیڤەر“ لە ناو سیاسەت و ھەڵسوکەوتی دەوڵەتی تورکیدا دەکەن. لەناو ئەم گرێ سیاسییە دەرونییە دەستەجەمعیەدا، ترسێکی گەورە لەو کەمە نەتەوایەتیانە ھەیە، کە لەناو تورکیادا دەژین. ترسی ئەوەی ئەمانە بە ھاریکاریی ھێزە دەرەکییەکان بتوانن لەناوەوەی تورکیادا خۆی، دژ بە یەکپارچەیی و سەروەری دەوڵەتی تورکیی کاربکەن و تورکیا بۆ چەندان بەشی جیاواز بەشبەش و پارچەپارچەبکەن، وەکچۆن لە پەیماننامەی سیڤەردا ھەوڵی پارچەپارچەکردنێکی تەواوی سەرزەمینی تورکیا درا و تورکیا لە ئیمپراتۆریەتێکی گەورەوە بۆ دەوڵەتێکی نەتەوەیی سنووردار، بچووککرایەوە. بە کورتییەکەی، لە سەردەمی کەمال ئەتاتورکەوە گوتارێک لە تورکیادا باڵادەستە کە گوتاری وێناکردنی کوردە وەک ھەڕەشە و مەترسییەکی ڕیشەیی، وەک بەشێک لە پیلانێکی دەرەکیی، بە تایبەتی خۆرئاوایی و ئیمپریالی، بۆ ھەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی تورکیی. ئەوەی ئەمڕۆ لە تورکیای سەردەمی ئەردۆگاندا دەیبینین بە جیھانیکردنی ئەم گوتارەیە. چیتر ئەم گوتاری وێناکردنەی کورد وەک ھەڕەشە و وەک تێرۆریست، تەنھا لەناو سنوورەکانی تورکیا خۆیدا کارناکات، بەڵکو ھەم لەناو خاکی دەوڵەتانی ناوچەکەدا، لەوانە سوریا و ھەرێمی کوردستاندا کاردەکات، و ھەم تەماح و خەونی ئەوەی ھەیە بۆ وڵاتانی ئەسکەندەنافی وەک سوید و نەرویج دا بگواسترێتەوە و لەو شوێنانەشدا کاربکات. لەم ساتەدا لەو شوێنانەدا کە ئەردۆگان دەستی پێیاندەگات درۆنەکانی ئامادەن و ئەو کەسانە دەکوژن کە ئەم ستراتیژیەتی بەئەمنیکردن و ئەم گوتاری تێرۆرە وەک ھەڕەشە وێنایاندەکەن. لەو شوێنانەشدا کە دەستیان پێناگات، داوای سزادان و تەسلیمکردنەوەی ئەو ھاوڵاتیانە بکەن، کە بەڕەچەک کوردن، بەڵام لە بەشێکی تری دونیادا،ا ھاوڵاتی وڵاتێکی سەرەوەری ترن. ئەوەی کوشتنی منداڵێک یان چالاکەوانێکی ڕۆژئاڤایی لە کەلار، بە پەلاماری کەسایەتییەکی وەک ئامینە کاکە باوەوە لە سوید گرێئەدات، بەجیھانیکردنی ئەم ستراتیژیەتی بەئەمنیکردنی مەسەلەی کورد و ئەم گوتاری بە تێرۆریست ناساننەی ھەموو ئەو کوردانەیە، کە تورکیا لە کات و ساتی جیاوازادا وەک ھەڕەشە و وەک مەترسیی بۆسەر دەوڵەتی تورکی وێنا و پێناسەیاندەکات. ئەم دۆخە بە ئاستێک گەیشتوە گرنگ نەبێت ئەو ھێزەی لە تورکیادا حوکمڕانە ئایدیۆلۆژیا و بیرۆبۆچوونی چییە، کەمالیستێکی عەلمانیی یان ئیسلامییەکی ئیخوانییە، گرنگ ئەوەیە ھەم ستراتیژیەتی بەئەمنیکردنی مەسەلەی کورد و ھەم مارەکردنی ئەم ستراتیژە لە گوتاری بە تێرۆریستکردنی چالاکاوەنەکان، ئامادەیە. ئەم ستراتیژە و گوتارە ھەم لە کەلاردا دەستبەکارە، ھەم لە سویددا. لە کەلار خەڵک دەکوژێت، لە سوید کێشە بۆ ھاوڵاتییەکی کوردیی ئەو وڵاتە دروستدەکات
راپۆرت: درەو - ئالان بەرزنجی سلێمانی بەهۆی (كۆلێرا)وە لە دەستە خوشكی شاری (توسان)ی ئەمریكاوە بووە بە دەستەخوشكی شاری (ماریۆپول)ی ئۆكرانیاو یەمەن و پاكستانو كامیرۆن لە كیشوەری ئەفریقا، كۆلێرا نەخۆشی وڵاتو ناوچە گەندەڵ و دواكەوتووەكانە، ئەوانەی بەهۆی جەنگەوە ئاوی خواردنەوەو ئاوەڕۆكانیان تێكەڵ بەیەكتر بوون یاخود بەهۆی گەندەڵی و پاشاگەردانیەوە هێشتا چارەسەری بنەڕەتیان بۆ كێشەی ئاوی پاكژی خواردنەوەو ئاوەڕۆی سەردەمیان نەكردووە، كۆلێرا چییە ؟ دۆخی سلێمانی لە كوێدایە ؟ كۆلێرا سلێمانی دەباتە ناو میدیای جیهانییەوە میدیا گەورەكانی جیهان هەواڵی بڵاوبونەوەی نەخۆشی كۆلێرایان لە سلێمانی بڵاوكردەوە، ئێستا لەكاتی گەڕان بەدوای ئەو ناوچانەی نەخۆشی كۆلێرایان تێدا بڵاوبونەوە ناوی سلێمانی لەپێش هەموو ناوچەكانی جیهانەوەیە. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی بەفەرمی هۆكاری بڵاوبونەوەی نەخۆشییەكەی بۆ (ئاوی پیس)و (خواردنی پیس) گەڕاندەوە. (10) حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشی كۆلێرا بەفەرمی لەلایەن تەندروستی سلێمانییەوە پشتڕاستكرایەوە كە سامپڵەكان لە بەغداد كۆنفێرم كراون، ئەمە جگە لە (56) حاڵەتی توشبوون كە لە تەندروستی سلێمانی پشتڕاستكراونەتەوە. ئێستا سلێمانی لەڕووی تەندروستییەوە لەحاڵەتی "كتوپڕ"دایە، لە چەند رۆژی رابردوودا (4 هەزار) كەس لە سلێمانی چارەسەری سكچونو رشانەوەیان وەرگرتووە، ئێستا (3 هەزارو 965) كەس لە نەخۆشخانەكانی سلێمانیدا چارەسەر وەردەگرن. بەرپرسانی سلێمانی بۆ ئەوەی شانی خۆیان لەبەرپرسیارێتی خراپی ئاوی خواردنەوە بتەكێنن، باسلەوە دەكەن نەخۆشییەكە هەموو عێراق دەگرێتەوەو داوا دەكەن میدیاكان ئەم بابەتە گەورە نەكەن، ئەمە لەكاتێكدایە هەواڵی كۆلێراكەی سلێمانی گەیشتوەتە میدیا جیهانییەكان. گابرێل گارسیا ماركیز رۆمانی بەناوبانگی "خۆشەویستی لەزەمەنی كۆلێرادا" نوسی، دەسەڵاتدارێتی یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی، دوای دۆسیەی قاچاخچێتی سنورەكانو خراپی ئاستی خزمەتگوزارییەكان، ئێستا رۆژگاری حوكمڕانی خۆی لەسەردەمی (كۆلێرا)دا بەڕێوەدەبات. كۆلێرا چییە ؟ كۆلێرا نەخۆشییەكە كە دەگاتە ئاستی پەتا، بەتایبەتیش لە وەرزی هاویندا، بریتییە لە هەوكردنی ریخۆڵە، بەهۆی بەكتریایەكەوە دروست دەبێت كە پێی دەوترێت (Vibrio Cholerae). نیشانەی جیاكەرەوەی ئەم نەخۆشییە بریتییە لە سكچونێكی زۆر، دەكرێت ئەمە وەكو (نەخۆشییەك لەوڵاتێك یان ناوچەیەك)دا دەربكەوێت یاخود وەكو (پەتا) یان نەخۆشییەكی بەربڵاو خۆی نیشان بدات. سەرباری ئەو پێشكەوتنەی لەبواری توێژینەوەی نەخۆشییەكان سەریهەڵداوە، بەڵام هێشتا كۆلێرا وەكو ئاڵنگارییەك لەبەردەم زانستنی پزیشكیی هاوچەرخدا راوەستاوە، جگە لە ڤاكسینی دژە پەتاكە، (پاكوخاوێنی) بە رەگەزی سەرەكی خۆپاراستن لەم نەخۆشییە دادەنرێت. لەكاتێكدا توشبوونی ئاسایی بە كۆلێرا رەنگە هەندێك نیشانەی ئاسایی هەبێت یاخود هەر نیشانەی لەسەر نەخۆشەكە دەرنەكەوێت، بەڵام توشبوونی سەخت دەكرێت ببێتەهۆی لەدەستدانێكی مەترسیداری شلەو خوێی لەشی نەخۆشەكەو لەماوەی چەند كاتژمێرێكدا بیكوژێت. كۆلێرا لەرێگەی دەمەوە دەگوازرێتەوە بەهۆی پسبوون بە پاشەڕۆی كەسی نەخۆش، لە وڵاتی پێشكەوتوو بەهۆی پاككردنەوەی ئاو و بوونی ئاوەڕۆی پێشكەوتوو، نەخۆشی كۆلێرا نەبووەتە سەرچاوەی هەڕەشەیەكی راستەقینە بۆ خەڵك. دەستنیشانكردنی ورد مەرج چارەسەری توشبوانی كۆلێرا نییە، چونكە كاری لەپێشینە لە هەر حاڵەتێكی سكچوونی توندا بریتییە لە قەرەبوكردنەوەی شلەمەنیو خوێی جەستەو پێدانی دژەبەكتریای گونجاو بە نەخۆشەكە لەكاتی پێویستدا. مێژووی كۆلێرا كۆلێرا بە نەخۆشییەكی درێرین ئەژماردەكرێت، كە بەدرێژایی مێژوو دوچاری گەلان بووە لەسەرتاسەری جیهاندا، هیپۆكرات (460 بۆ 377)ی پێش زاینو هەندێك لە زانایانی هیند لە نوسینەكانیاندا باسی جۆرە نەخۆشییەك دەكەن كە رەنگە نەخۆشی (كۆلێرا) بێت. پزیشكی بەریتانی (جۆن سنو) یەكەم كەسە كە لە سەدەی نۆزدەهەمدا ئەوەی سەلماندووە كە "لەرێگەی فەراهەمكردنی ئاوی خاوێنی خواردنەوە بۆ خەڵك، تاڕادەیەكی زۆر دەكرێت رێگری لە گواستنەوەی كۆلێرا بكرێت". لەكاتی بڵاوبونەوەی پەتای كۆلیرادا لە لەندەن لە ساڵی 1854دا، (جۆن سنو) گەیشتوەتە ئەو ئەنجامەی كە پەمپێكی ئاو لە شەقامی (برود ستریت) سەرچاوەی سەرەكی پەتاكەیە، هەرواش دەرچوو، چونكە دوای گۆڕینی پەمپەكە پەتاكە كۆنترۆڵكرا. بەكتریای كۆلێرا ساڵی (1883) لەلایەن بەكتریاناسی ئەڵمانی (رۆبەرت كوخ) دۆزراوەتەوە، ئەمەش لەكاتێكدا بووە كە پەتاكە لە میسر بڵاوبوەتەوە، بەشی یەكەم ناوی میكرۆبەكە بەواتای ئەوەدێت لەكاتی جوڵانیدا دەلەرزێت. لە ساڵی 1817وە جیهان (7) حاڵەتی بڵاوبونەوەی بەرفراوانی ئەم نەخۆشییەی بەخۆوە بینیوە كە سەرجەمیان لە خەزێنەی كۆلێرا لە نیمچە دورگەی هیندەوە سەرچاوەیان گرتووە، شەش حاڵەتی یەكەمی بڵاوبونەوەی پەتاكە لەنێوان ساڵانی 1817 بۆ 1923دا بووە، پێنج شەپۆلی نەخۆشییەكە ئەوروپای گرتوەتەوە، چوار شەپۆلیان گەیشتوەتە ئەمریكاو لەساڵی 1832دا بوەتە هۆی مردنی (150 هەزار) كەسو لەساڵی 1866دا بوەتەهۆی مردنی (50 هەزار) كەس. بەڵام حاڵەتی بڵاوبونەوەی گشتگیری حەوتەم كە یەكەم شەپۆل بووە لە سەدەی بیستەمدا، لەساڵی 1961وە دەستیپێكردووەو لە سەرەتای ساڵی 1991دا گەیشتوەتە (5) كیشوەرو تاوەكو ئێستاش بەردەوامە. كۆلێرا لە كۆێ بڵاودەبێتەوە ؟ بەپلەی یەكەم نەخۆشی كۆلێرا لەو وڵاتانەدا بڵاودەبێتەوە كە بەدەست جەنگێكی درێژخایەنەوە دەناڵێننو بەهۆی شەڕەوە سەرچاوەی ئاوی خاوێنی خواردنەوەیان تێكەڵ دەبێت لەگەڵ ئاوەڕۆكاندا. دواین ناوچەی جیهان كە هاوكات لەگەڵ شاری سلێمانیدا گومانی ئەوەی لێدەكرێت نەخۆشی كۆلێرای تێدا بڵاوبوبێتەوە شاری (ماریۆپول)ی ئۆكرانیایە، بەڵام جیاوازییەكە ئەوەیە ماریۆپول چەقی جەنگێكی سەختی نێوان روسیاو ئۆكرانیا بووە كە ماوەی سێ مانگی خایاندووەو ژمارەیەكی زۆر خەڵكی تێدا كوژراوە، بەڵام سلێمانی وەكو بەردەوام پارێزگارەكەیو دەسەڵاتدارانی یەكێتی باسی دەكەن یەكێك لەناوچە ئارامەكانی جیهانە. سلێمانی ماوەی زیاتر لە (15) ساڵە دەستەخوشكی شاری (توسان)ە لە ویلایەتی ئەریزۆنای ئەمریكا، بەڵام لەڕاستیدا ئێستا بەهۆی بڵاوبونەوەی كۆلێراوە زیاتر لە دەستە خوشكی (ماریۆپول) دەچێت. دوای سێ مانگ هێرشی بەردەوام، مانگی ئایاری رابردوو شاری ماریۆپول كەوتە دەست هێزەكانی سوپای روسیا، بەشێكی زۆری ئەم شارە بەهۆی جەنگەوە وێران بووە، تەرمی كوژراوەكان بەشێوەیەكی كاتیی لە دەوروبەری شارەكە لە گۆڕنراون، هەندێكیش لە كوژراوەكان لە حەوشەی پشتی خانوەكان یاخود باخچەو گۆڕەپانەكانی شارەكە لەچاڵنراون. ئەمە هاوكات لەگەڵ بڵاوبونەوەی خۆڵو خاشاك لە كوچەو كۆڵانەكانی شارەكەدا دۆخێكی تەندروستی ناهەمواری دروستكردووە، بەگوێرەی قسەی وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ئێستا خەڵكی شاری ماریوپۆل روبەڕووی مەترسی بڵاوبونەوەی نەخۆشی كۆلێرا بونەتەوە. راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێ: بەهۆی شەڕەوە ژێرخانی ماریۆپول زیانی بەركەوتووە، ئەمە بوەتەهۆی تێكەڵبوونی ئاوی خواردنەوە بە ئاوەڕۆكانی شارەكە. بەشێوەیەكی گشتی نەخۆشی كۆلێرا بەهۆی پیسبوونی خۆراكو ئاو و خراپی سیستمی ئاوەڕۆكانەوە بڵاودەبێتەوە، ئەوەی لە سلێمانی روودەدات بەپێی قسەی هەندێك لە پسپۆڕانی تەندروستی كە (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون بەپلەی یەكەم پەیوەندی بە پیسبوونی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەوە هەیە، بەتایبەتیش ئەو ئاوەی كە خەڵك بە تانكەر دەیكڕن بەهۆی ئەوەی ئاوی خاوێنیان وەكو پێویست بەدەست ناگات. كۆلێرا نەخۆشی وڵاتە دواكەوتووەكانە، ئەوانەی كە هێشتا توانای دابینكردنی ئاوی پاكژی خواردنەوەیان نییە بۆ خەڵكەكەیان، بەر لە شاری (ماریۆپول)ی ئۆكرانیا، دواین ناوچەی جیهان كە كۆلێرای تێدا بڵاوبووەوە كامیرۆنە لە كیشوەری ئەفریقاو پاكستانە، پێشترو لە ساڵی 2017دا هاوكات لەگەڵ جەنگی ناوخۆییو داڕمانی ئابوری وڵاتەكە، كۆلێرا لە یەمەن بڵاوبووەوە، بەمدواییە دەنگۆی بڵاوبونەوەی كۆلێرا لە ناوچەیەكی كۆریای باكوریش لەئارادایە.
(درەو): ئەنجامی یاسای چاكسازی لە دۆسیەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە هەرسێ سەرۆكایەتییەكەدا (سەرۆكایەتی هەرێم- پەرلەمان- حكومەت) بەتەنیا (210 ملیۆن) دینار پارەی بۆ خەزێنەی گشتی گەڕاندوەتەوە. سەرۆكایەتی هەرێم لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان (338) فەرمانبەر بەدەر لەیاسا پلەبەرزكردنەوەیان بۆ كراوە. بەگوێرەی راپۆرتی سێیەمی لیژنەی هەماهەنگیو بەدواداچونی تایبەت بە جێبەجێكردنی یاسای (چاكسازی لە موچەو دەرماڵەو بەخشینو ئیمتیازاتەكانو خانەنشینی) كە كۆپییەكی لەبەردەستی (درەو)دایە، دۆسیەی فەرمانبەران لە سەرۆكایەتی هەرێم بەمشێوەیە: • سەرۆكایەتی هەرێم بە تێكڕا (598) فەرمانبەری هەیە، دوای وردبینی دەركەوتووە (388) فەرمانبەریان بەدەر لەیاسا پلەبەرزكردنەوەیان بۆ كراوە، هەر لەم سەرۆكایەتییەدا (439) فەرمانبەر بەدەر لەیاسا سەرەموچەیان بۆ كراوە. بەپێی راپۆرتی لیژنەی بەدواداچونو هەماهەنگیی، هێشتا وردبینی لە دۆسیەی فەرمانبەرانی سەرۆكایەتی هەرێم تەواو نەبووە، بەڵام لەو بەشەی تائێستا وردبینی تەواوبووە بڕی (71 ملیۆنو 767 هەزار) دینار لە خەرجی موچەی فەرمانبەرانی سەرۆكایەتی هەرێم گەڕێندراوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی، كە ئەمەش بەهای ئەو پارانەیە بەنایاسایی بەهۆی پلەبەرزكردنەوەو سەرە موچەوە بە فەرمانبەرانی سەرۆكایەتییەكە دراوە. تەنیا خەرجی موچە لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان مانگانە بڕەكەی (ملیارێكو 155 هەزار) دینارە. سەرۆكایەتی پەرلەمان وردبینی دۆسیەی فەرمانبەران لە پەرلەمانی كوردستان تەواوبووە، بەگوێرەی راپۆرتی سێیەمی لیژنەی بەدواداچوونو هەماهەنگی: • پەرلەمانی كوردستان بە تێكڕا (620) فەرمانبەری هەیە، لەم ژمارەیە (53) فەرمانبەر بەدەر لەیاسا پلەیان بەرزكراوەتەوە، (36) فەرمانبەریش بەدەر لەیاسا سەرەموچەیان بۆ ئەژماركراوە. بەگوێرەی راپۆرتی لیژنەی بەدواداچوونو هەماهەنگیی، بەهۆی ئەو چاكسازیو پێداچونەوەی كە بەدۆسیەی فەرمانبەرانی پەرلەمانی كوردستاندا كراوە، بەتێكڕا بڕی (4 ملیۆنو 721 هەزار) دینار گەڕێندراوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتیی. تەنیا خەرجی موچە لە پەرلەمانی كوردستان مانگانە بڕەكەی (ملیارێكو 820 ملیۆن) دینارە. سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان (هەزارو 86) فەرمانبەری هەیە، لەم ژمارەیە دۆسیەی (هەزارو 35) فەرمانبەر وردبینی تێدا كراوەو دەركەوتووە لەناو ئەنجومەنی وەزیراندا (923) فەرمانبەر بەدەر لەیاسا پلەبەرزكردنەوەیان بۆ كراوە. بەپێی راپۆرتی لیژنەی بەدواداچوونو هەماهەنگیی، بەهۆی ئەو چاكسازییانەی لەدۆسیەی فەرمانبەرانی ئەنجومەنی وەزیراندا كراوە بڕی (133 ملیۆنو 844 هەزار) دینار گەڕێندراوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتیی. تەنیا خەرجی موچە لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان مانگانە بڕەكەی (ملیارێكو 630 ملیۆن) دینارە. دەرەنجام بەتێكڕای ئەو چاكسازییانەی لەدۆسیەی فەرمانبەراندا لە سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم (سەرۆكایەتی هەرێم- پەرلەمان- حكومەت)دا كراوە، بڕی (210 ملیۆنو 333 هەزار) دینار بۆ خەزێنەی گشتی گەڕاوەتەوە.
(درەو): دیوانی چاودێری داراییو دەستەی دەستپاكی كە دوو دامەزراوەی هەرێمی كوردستانن بۆ چاودێریكردنی پرسی دەستپاكیو كۆنترۆڵكردنی گەندەڵیی، خۆشیان لەژێر وردبینی یاسای چاكسازیی بە سەلامەت رزگاریان نەبووە، لە دیوانی چاودێری دارایی (39) فەرمانبەر بەدەر لەیاسا پلەی وەزیفییان پێدراوە، لە دەستەی دەستپاكیش (11) فەرمانبەر كە پێشتر لە 2014 لە رێكخراوەكانەوە بۆ ئەو دوو دامەزراوەیە گواستراونەتەوە. دیوانی چاودێری دارایی لە راپۆرتی چاكسازیدا بەگوێرەی راپۆرتی سێیەمی لیژنەی هەماهەنگیو بەدواداچوون سەبارەت بە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی كە كۆپییەكی دەست (درەو) كەوتووە: • دیوانی چاودێری دارایی كە دامەزراوەیەكی سەربە پەرلەمانی كوردستانە (389) فەرمانبەری هەیە، وردبینی لەدۆسیەی هەموو فەرمانبەرەكانی ئەم دامەزراوەیە كۆتایی هاتووەو دەركەوتووە (39) فەرمانبەر بەشێوەی نایاسایی پلەی وەزیفییان پێدراوەو (31) فەرمانبەریش بەدەر لەیاسا سەرەموچەی زیادەیان بۆ بەستراوە. راپۆرتەكە ئاماژە بەوەدەكات بەهۆی ئەو چاكسازییەی لە دۆسیەی فەرمانبەرانی دیوانی چاودێری دارایدا كراوە بڕی (13 ملیۆنو 907 هەزار) دینار گەڕێندراوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتیی. تەنیا خەرجی موچەی دیوانی چاودێری دارایی مانگانە بڕەكەی (749ملیۆن) دینارە. دەستەی نەزاهە لە راپۆرتی چاكسازیدا بەگوێرەی راپۆرتی سێیەمی لیژنەی هەماهەنگیو بەدواداچوون سەبارەت بە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی: • دەستەی دەستپاكی كە دەستەیەكی سەربە پەرلەمانی كوردستانە (202) فەرمانبەری هەیە، وردبینی بە دۆسیەی هەموو فەرمانبەرانی ئەم دەستەیەدا كۆتایی هاتووەو دەركەوتووە (11) فەرمانبەر بەدەر لە یاسا پلەی وەزیفییان پێدراوەو (7) فەرمانبەر بەدەر لەیاسا سەرەموچەیان بۆ بەستراوە. راپۆرتەكە باسلەوە دەكات، بەهۆی ئەو چاكسازییانەی لەدۆسیەی فەرمانبەرانی دەستەی دەستپاكیدا كراوە بڕی (3 ملیۆنو 137 هەزار) دینار گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتیی. تەنیا خەرجی موچەی فەرمانبەران لە دەستەی دەستپاكی مانگانە بڕەكەی (267 ملیۆن) دینارە. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو) ئەو فەرمانبەرانەی بەدەر لە یاسا پلەی وەزیفیان پێدراوە پێشتر لە 2014 لە رێكخراوەكان بوون و لەوێ گواستراونەتەوە بۆ ئەو دوو دامەزراوەیە. دەرەنجام: بەهۆی ئەو وردبینییەی لە دۆسیەی فەرمانبەرانی هەردوو دیوانی چاودێری داراییو دەستەی نەزاهەدا كراوە، بڕی (17 ملیۆنو 44 هەزار) دینار گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتیی.
درەو: ئەو شوێنەی ئەمڕۆ توركیا لە رێگەی درۆنەوە لە كەلار ئۆتۆمبێلێكی كردە ئامانج و چوار كەسی تێدا كوژرا، (379) كیلۆمەتر لە سنوری توركیاوە دوورە، سەرباری ئەوەی حكومەتی عێراق رەتی دەكاتەوە كە هیچ رێككەوتنێكی ئەمنی لەگەڵ توركیا هەبێت، بۆ هاتنە ناوەوەی بۆ ناو خاكی عێراق و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی، بەڵام ئەگەر ئەو قسەیەش راست بێت كە باس لە رێككەوتنێكی نێوان عێراق و توركیا دەكەن بۆ هاتنەوەی ناوەوەی توركیا بە (5) كیلۆمەتر، هێشتا (374) كیلۆمەتر زیاتر هاتووەتە ناو خاكی عێراقەوە. عێراقو توركیا لە ساڵی 1982دا رێككەوتنێكیان واژووكردووە، بەپێی ئەو رێككەوتنە تائێستاش هەریەكەیان دەتوانن (20 كیلۆمەتر) سنوری خاكی یەكدی ببەزێنن بەبیانوی پاراستنی سنورەكانەوە، كە ئەوكاتیش ئامانجی سەرەكی رێككەوتنەكە لێدانی (پەكەكە) بوو. ساڵی 1995 رێككەوتنێكی تر لەنێوان عێراقو توركیا واژووكرا، ساڵی 2007 رێككەوتنەكەی ساڵی 1982 نوێكرایەوە، بەڵام بەزاندنی سنور لە (20 كیلۆمەترەوە) زیادكرد بۆ (25 كیلۆمەتر)، ئەم رێكەوتنانە هەموویان لەسەر داوای توركیا بووەو فشار بووە لەسەر عێراق بۆ وەردەرنانی گەریلاكانی (پەكەكە) لەسەر خاكی عێراق. مانگی نیسانی ئەمساڵ توركیا هێرشێكی نوێی بۆسەر پەكەكە لە هەرێمی كوردستان لەژێر ناوی "ئۆپراسیۆنی چنگی قوفڵ" دەستپێكرد، ئەوكات لەبارەی ئەم هێرشەی توركیاوە پەرلەمانی عێراق میوانداری فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراقی كرد. فوئاد حسێن وەكو كوردێك لەبەردەم پەرلەمانی عێراقدا وتی: ئەوەی دەوترێت لەبارەی ئەوەی گوایە رێككەوتنێك هەیە كە رێگە بە توركیا دەدات بێتە ناو خاكی عێراقەوە ناڕاستە، ئەوەی هەیە تەنیا كۆنوسێكە كە لەنێوان بەغدادو ئەنكەرەدا هەبووە بەر لە ساڵی 2003، كە بەگوێرەی ئەم كۆنوسە عێراق رێگە بە توركیا دەدات تەنیا بە قوڵایی (5 كیلۆمەتر) بێتە ناو خاكی عێراقەوە، ئەمەش تەنیا بۆ ماوەی چەند رۆژێكی دیاریكراو و بە هەماهەنگیی لەگەڵ عێراق. بەپێی قسەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، توركیا بەردەوام بەبەهانەی ماددەی 51ی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكانو مافی بەرگریكردن لەخۆی سەروەری عێراق پێشێل دەكات، ئەم ماددەیەش بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی فەرمی عێراق ناكرێت جێبەجێ بكرێت. وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەر بەمدواییە قسەیەكی تریشی لەمبارەیەوە كرد، كاتێك وتی: ئەوەی روودەدات رێككەوتنی حكومەتی توركیاو پەكەكەیە لەسەر ئەوەی شەڕەكەیان بهێننە ناو خاكی عێراقەوە نەك رێككەوتنی عێراقو توركیا. سەرباری ئەوەی هەموو جارێك ناڕەزایەتی دژی هێرشی دژی هێرشەكانی توركیا دەردەبڕێتو باڵیۆزی توركیا بانگهێشت دەكات، بەڵام هێشتا وەزارەتی دەرەوەی عێراق نەیتوانیوە لەڕووی دیپلۆماسییەوە توركیا قایل بكات بە راگرتنی هێرشەكانی. مێژووی ئۆپراسیۆنەكانی توركیا مێژووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان سەرەتاكەی بۆ ساڵی 2007 دەگەڕێتەوە، بەڵام ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای توركیا دەرەوەی سنور لەدژی پەكەكە، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ هەشتاكانی سەدەی رابردوو. توركیا لە ساڵی 1983وە تائێستا لەناو سنوری وڵاتەكەیو لە دەرەوەی سنوریش ئۆپراسیۆنی سەربازی دەكات لەدژی پارتی كرێكارانی كوردستان: • لە ئایاری 1983دا توركیا یەكەمین ئۆپراسیۆنی سەربازی لە دەرەوەی سنور ئەنجامدا، ئەوەش بە رێككەوتنێك لەگەڵ حكومەتی عێراقدا، لەو ئۆپراسیۆنەدا هەزاران سەربازی تورك بەشدارییان كرد. • لە تشرینی یەكەمی 1984و ئابی 1986 توركیا دوو ئۆپراسیۆنی سەربازی تری ئەنجامدا، بەڵام لە هیچ یەكێكیاندا سەركەوتوو نەبوو لە لەناوبردنی "گەریلا"كانی پارتی كرێكاران. • دوای ماوەیەك بێدەنگی، توركیا ئۆپراسیۆنی چوارەمی لە ساڵی 1991 دەستپێكرد لەژێر ناو "گۆچان"، ئەوە ئەو ساڵە بوو كە تێیدا بارەگاو بنكە سەربازییەكانی توركیا لەسەرتاسەری پارێزگاكانی كوردسان زیادیان كرد. • لە ساڵی 1992 سەرۆك وەزیرانی كۆچكردووی توركیا (تورگوت ئۆزال) نامەیەكی بۆ (عەبدوڵا ئۆجەلان) رێبەری پارتی كرێكارانی كوردسان (لە ساڵی 1999وە لە توركیا لە زینداندایە) نوسی، تێیدا داوای لێكرد هێرشە سەربازییەكان لەدژی سوپای توركیا كەمبكاتەوە وەكو سەرەتایەك بۆ دەستپێكردنی دانوستان لەنێوان هەردوولادا، بەڵام هەوڵەكان شكستیان هێنا لە گەیشتن بە ئەنجامێكی دیار. • لە هەمان ساڵدا توركیا ئۆپراسیۆنێكی تری كردو (15 هەزار) سەرباز بەشدارییان تێدا كرد، تانكو تۆپهاوێژی قورسو فڕۆكەوانی جەنگیی بەكارهێنرا، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، هێزەكان دوای (20 رۆژ) لە دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنەكە، كشانەوە. • دوای ئەوەش ژمارەیەك ئۆپراسیۆنی تر ئەنجامدران لە ساڵەكانی 1993و 1994و 1995 بەبەشداری دەیان هەزار سەرباز، لە دواین ئۆپراسیۆندا بەهاوكاری پارتی دیموكراتی كوردستان (30 هەزار) سەرباز بەشدارییان كرد، ئۆپراسیۆنەكە ماوەی (45 رۆژ)ی خایاند بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچەی "حەفتانین"، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، دوای مانگو نیوێك توركیا لە هێرشەكە كشایەوە. • لە سەرەتای 1999دا ژمارەی ئەو ئۆپراسیۆنانەی كە توركیا لەناو هەرێمی كوردستان ئەنجامیدا بۆ لەناوبردنی "گەریلا"كانی پارتی كرێكارانی كوردستان گەیشتە (24 ئۆپراسیۆن)، لە ساڵەكانی 2000و 2007و 2008 توركیا ئۆپراسیۆنی هاوشێوەی كرد.
درەو: دوو بەرپرسی باڵای نزیك لە پەكەكە لەناو ئەو ئۆتۆمبێلەدابوون كە لەلایەن درۆنەكانی توركیاوە لە نزیك كەلار كرانە ئامانج ئەوانیش هەریەكە لە (فەرهاد دێرك و هەڤاڵ راپەڕین)ن. ئەمڕۆ لە نزیك كەلار فڕۆكە بێفرۆكەوانەكانی توركیا ئۆتۆمبێلێكیان كردە ئامانج كە (5) كەسی تێدابوو، (3) ژن و (2) پیاو، چواریان كوژران و یەكێكیشیان بە سەختی بریندارە. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لەناو كوژراوەكاندا هەریەك لە : • خاتوو هەڤاڵ راپەڕین ئەندامی كۆنگرەی گەلی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان • فەرهاد دێرك ئەندامی سەركردایەتی تەڤدەمی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان لەگەڵ دوو خاتوونی تر كە هاورێیەتی خاتو (هەڤاڵ راپەڕین)یان كردووە، شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە لە ئێستادا بەسەختی بریندارەو لە نەخۆشخانەیە، درۆنەكەی توركیا سێ جار بۆردومانی ئۆتۆمبێلەكەی كردووە، تاوەكو بەتەواوی ئامانجەكەی پێكاوە. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، ئەو كەسانە چەند رۆژێكە لە رۆژئاوای كوردستانەوە هاتونەتە هەرێمی كوردستان و ماوەی دوو رۆژە لە شاری كەلارن.
شیكاری: درەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەگەر بە ئاماری دەستەی ئاماری هەرێم بكرێت، بۆ هەولێر و دهۆك (4) كورسی زیاتر دەبێت و بۆ سلێمانی و هەڵەبجە (4) كورسی كەمتر دەبێت، پارتی پشتیوانی دەكات، ئەگەر بە ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق پرۆسەكە بەڕێوە بچێت ئەوا (4) كورسی بۆ سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر دەبێت و (4) كورسی بۆ هەولێر و دهۆك كەمتر دەبێت بۆیە لایەنەكانی دیكە پشتیوانی دەكەن. واتا ئەگەر هەڵبژاردن بە ئاماری هەرێم بكرێت، هەولێر و دهۆك (63) كورسی سلێمانی و هەڵەبجە (37) كورسیان بەردەكەوێت، بەپێی سەرژمێری پلاندانانی عێراق بەرێوەبچێت هەولێر و دهۆك (59) كورسی و سلێمانی و هەڵەبجە (41) كورسی بەردەكەوێت، جیاوازیەكەش (4) كورسیە. بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێم، پارێزگای هەولێر (36) کورسی و دهۆک (27) کورسی و پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە (37) کورسیان بەردەکەوێت. بەڵام بەپێی سەرژمێرییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک (4) کورسی کەمتریان بەردەکەوێت، بە جۆرێک پارێزگای هەولێر (35) کورسی و دهۆک (24) کورسی و پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە (41) کورسیان بەردەکەوێت. وردەکاری زیاتر لەم ڕاپۆرتەدا... دەستپێک لایەنەکان ناکۆکن لە سەر کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، وەک یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پرسی کومسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن، دابەشکردنی کەمینەکان، ناخاوێنی تۆماری دەنگدەران و دیاریکردنی سیستمی هەرڵبژاردن... لە نێو ئەو گرفتانەشدا گۆڕینی کوردستان لە بازنەیەکەوە بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن یەکێکی ترە لە ئاستەنگەکان کە کێشەی میکانزمی دابەشکردنی کورسییەکان بەسەر پارێزگاکان دێنێتە ئاراوە. لەم بارەیەوە سێ میکانیزم لە ئارادایە کە یەکێکیان تەنها پارتی دیموکراتی کوردستان بەرگری لێ دەکات کە پشت بەستنە بە (ئاماری دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بەپێی داتاکانی وەزارەت پلاندانانی هەرێم). میکانیزمی دووەمیان (ئاماری دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بەپێی داتاکانی وەزارەت پلاندانانی عێراق) کە سەرجەم لایەنەکان بەرگری لێدەکەن جگە لە پارتی، لەم ڕاپۆرتەدا جیاوازی هەردوو ئامارەکەو لێکەوتەکانی لەسەر پشکی پارێزگاکان لە کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان ڕووندەکەینەوە. دواینیان کە لە منداڵدانی میکانزمی دووەمدایە، ئەویش بە پێوەر گرتنی دابەشکردنی کوردسییەکانە، پاڵپشت بە بەرکەوتی پارێزگاکانی هەرێم لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10/10/2021. یەکەم: ئاماری دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بەپێی داتاکانی وەزارەت پلاندانانی هەرێمی کوردستان لەمانگی کۆتایی ساڵی (2020) وەزارەتی پلاندانان/ دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان پێشبینی بۆ ژمارەی دانیشتوانی هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم لە ساڵی (2020) بڵاوکردەوە، کە بەپێی ئامارەکە کۆی ژمارەی دانیشتوان گەیشتبووە (6 ملیۆن و 171 هەزار و 83) کەس. بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێم زۆرترین ژمارەی دانیشتوان دەکەوێتە سنوری پارێزگای هەولێروە کە ژمارەیان بە (2 ملیۆن و 254 هەزار و 422) کەس خەمڵێندرابوو. لە دوای پارێزگای هەولێرەوە پارێزگای سلێمانی دێت لە روی ژمارەی دانیشتوانەوە، کە بە (2 ملیۆن و 152 هەزار و 595) کەس خەمڵیندرابوو. پارێزگای دهۆکیش ژمارەی دانیشتوانی گەیشتبووە (1 ملیۆن و 648 هەزار و 611) کەس. پارێزگای هەڵەبجە، لە ریزبەندی چوارەمی پارێزگاکانی هەرێمدابوو بە (115 هەزار و 455) دانیشتوو. هەر بەپێی زانیارییەکانی دەستەی ئاماری هەرێم پشت بەست بەو داتایانە، پارێزگای هەولێر زیاتر لە (36%) ، پارێزگای سلێمانی نزیک لە (35%)، پارێزگای دهۆک زیاتر لە (26%) و پارێزگای هەڵەبجە تەنها (2%)ی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت. بەم پێیەش ئەگەر لایەنەکان لە سەر چوار بازنەی هەڵبژاردن بگەنە ڕێککەوتن و پشت بەم ئامارە ببەستن ئەوا؛ پارێزگای هەولێر (36) کورسی، پارێزگای سلێمانی (35) کورسی، پارێزگای دهۆک (27) کورسی و پارێزگای هەڵەبجە تەنها (2) کورسی بەردەکەوێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) خشتەی ژمارە (1)) نەخشەی خەمڵێندراوی دانیشوانی هەرێم دووەم: ئاماری دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بەپێی داتاکانی وەزارەت پلاندانانی عێراق پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، کە لە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەت بڵاوی کردووەتەوە، بەپێی خەمڵاندنەکانی بۆ ژمارەی دانیشتوانی عێراق و لە نێویشیاندا پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی (2021) هاتووە، کۆی ژمارەی دانیشتوان گەیشتووە بە (5 ملیۆن و 736 هەزار و 634) کەس. بەپێی داتاکانی وەزارەتی پلاندانی عێراق کە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەی پێکەوە هەژمار کردووەو زۆرترین ژمارەی دانیشتوان لەخۆ دەگرێت لەسەر ئاستی هەرێم و ژمارەیان بە (2 ملیۆن و 336 هەزار و191) کەس خەمڵێندرابوو. لە دوای ئەویشەوە پارێزگای هەولێر دێت لە روی ژمارەی دانیشتوانەوە لەسەر ئاستی هەرێم، کە بە (2 ملیۆن و 3 هەزار و 963) کەس خەمڵیندراوە. پارێزگای دهۆکیش ژمارەی دانیشتوانی بە (1 ملیۆن و 396 هەزار و 480) کەس خەمڵێندراوە. بەپێی ئەم داتایانە، پارێزگای سلێمانی هەڵەبجە لە (41%) ، پارێزگای هەولێر (35%) و پارێزگای دهۆکیش لە (24%) دانیشتوانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت. بەم پێیەش ئەگەر لایەنەکان لە سەر چوار بازنەی هەڵبژاردن بگەنە ڕێککەوتن و پشت بەم ئامارە ببەستن ئەوا؛ پارێزگای هەولێر (35) کورسی، پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە (41) کورسی و پارێزگای دهۆک (24) کورسی کورسی بەردەکەوێت. بۆ وردەکاری زیاتر (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) خشتەی ژمارە (2)) سێیەم؛ بە پێوەرگرتنی دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەموارکراو کە تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەرکارە، بەپێی ماددەی (9)ی یاساکە "هەرێمی کوردستان – عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەنرێت. بەڵام لە حاڵەتی هەموار کردنی یاساکە، هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای یەکەی کارگێڕی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) بکرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن، بە پشت بەستن بەو پێوەرەی کە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن لەسنوری پارێزگاکان کوردسییان بۆ تەرخان کرابوو، بە شێوەیەک؛ بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە (9)ی ساڵی 2020ی، بۆ هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (44) کورسی تەرخان کرابوو، بە جۆرێک پارێزگای هەولێر کە لە (4) بازنەی هەڵبژاردن پێکهاتبوو (15) کورسی و پارێزگای "سلێمانی و هەڵەبجە" لە (5) بازنەی هەڵبژاردن پێکهاتبوو (18) کورسی و پارێزگای دهۆک لە (3) بازنەی هەڵبژاردن پێکهاتبوو (11) کورسی بۆ تەرخان کرابوو. بەڵام ئەگەر ڕکابەرییەکە لەسەر (100) کورسی پەرلەمانی کوردستان بێت لە بری (44) کورسی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەوا پشکی پارێزگاکانی هەرێم بۆ ژمارەی کورسی پەرلەمانی کوردستان بەم شێوەیە دەبێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)). - ژمارەی کورسییەکانی پارێزگای هەولێر؛ (15) کوردسی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دابەشی (44) کورسییەکانی پارێزگاکانی هەرێم، لێکدانی (100) ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، دەکاتە (34) کورسی بۆ بازنەی سنوری پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. - ژمارەی کورسییەکانی پارێزگای سلێمانی؛ لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پارێزگای هەڵەبجە لەگەڵ پارێزگا سلێمانی بە بازنەیەکی هەڵبژاردن هەژمار کرابوو، بەڵام پارێزگای سلێمانی جگە لە بازنەکەی پارێزگای هەڵەبجە، (15) کوردسی بۆ تەرخان کرابوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دابەشی (44) کورسییەکانی پارێزگاکانی هەرێم، لێکدانی (100) ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، دەکاتە (34) کورسی بۆ بازنەی سنوری پارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. - ژمارەی کورسییەکانی پارێزگای دهۆک؛ (11) کوردسی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دابەشی (44) کورسییەکانی پارێزگاکانی هەرێم، لێکدانی (100) ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، دەکاتە (25) کورسی بۆ بازنەی سنوری پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. - ژمارەی کورسییەکانی پارێزگای هەڵەبجە؛ (3) کوردسی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دابەشی (44) کورسییەکانی پارێزگاکانی هەرێم، لێکدانی (100) ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، دەکاتە (7) کورسی بۆ بازنەی سنوری پارێزگای هەڵەبجە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. خشتەی ژمارە (3) چوارەم؛ کاریگەری ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی (هەرێم و عێراق) و لێکەوتەکانی لەسەر بەرکەوتی کورسی پارێزگان بۆ پەرلەمانی کوردستان پاڵپشت بەو ئامارانەی هەردوو وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و عێراق لەبارەی ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بڵاویان کردووەتەوە لێکەوتەی جیاوازی دەبێت لەسەر پشکی کورسی پارێزگاکان لە پەرلەمانی کوردستان، بەجۆرێک؛ پارێزگای هەولێر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم (36) کورسی و بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق (35) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت. پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم (37) کورسی و بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق (41) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت. پارێزگای دهۆک بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم (27) کورسی و بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق (24) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت. بەڵام ئەگەر پشت بە میکانیزمی سێهەم ببەسترێت کە لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10/10/2021 ئەنجامدراوە، ئەوا پارێزگای هەولێر (34) کورسی و پارێزگای سلێمانی (34) کورسی و پارێزگای دهۆک (25) کورسی و پارێزگای هەڵەبجە (7) کورسی پەرلەمانییان لە پەرلەمانی کوردستان بەردەکەێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (4)) خشتەی ژمارە (4)) سەرچاوەکان - وزارة التخطیط، الجهاز المرکزي للاحصاء، تقديرات سكان العراق حسب المحافظات والبيئة والجنس لسنة 2021؛ https://cosit.gov.iq/ar/?option=com_content&view=article&layout=edit&id=174&jsn_setmobile=no - وەزارەتی پلاندانان، دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتی شیكاریی دانیشتوانی ههرێمی كوردستان – عێراق؛ https://krso.gov.krd/content/upload/1/root/kurdistan-population-analysis-report-kurdish-v6-final-corrected-29052022.pdf - وەزارەتی پلاندانان، دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، نەخشەی دانیشتوان؛ https://krso.gov.krd/ku/map/%DA%BE%DB%95%D8%B1%DB%8E%D9%85%DB%8C-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86/%DA%86%DB%8C%D9%86%DB%95%D9%83%D8%A7%D9%86/%D8%AF%D8%A7%D9%86%DB%8C%D8%B4%D8%AA%D9%88%D8%A7%D9%86-1 - درەو میدیا، پێگەی پارتە سیاسییەکانی هەرێم لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10435
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت) شوناس پەیوەندییەکی قووڵی بە دانپێدانانەوە هەیە. هیچ گەلێک کێشەی شوناسی لەگەڵ خۆیدا نییە گەر کێشەی دانپێدانانی لەلایەن حوکمرانێتییەکەوە نەبێت. هەموو کۆمەڵگایەک کێشەی شوناسی کۆمەڵایەتی و ئایینیی و کولتووریی لەناو خۆیدا هەیە، بەڵام هەموو کۆمەڵگایەک کێشەی شوناسی لەگەڵ خۆیدا نییە. تەنها ئەو گەلانە کێشەی شوناسیان لەگەڵ خۆیاندا هەیە کە بە هەر هۆیەک بێت دەسەڵاتێکی بیانیی دانیان پێدانەنێت و وەک پێکهاتێکی کۆمەڵایەتیی یان ئەتنی یاخود ئایینیی نامۆ و مەترسییدار بۆ شوناسیی نەتەوەیی دەوڵەتی نەتەوەییەکەی نماییشیدەکات. بۆ نموونە کوردبوون لە هەموو ئەو دەوڵەتانەی کوردی تێدا دەژیی، کێشەیە. کوردبوون هەم کێشەیە بۆ دەوڵەتە مەرکەزییەکان و هەم کێشەیە بۆ کورد خۆی. کوردبوون کێشەیە بۆ دەوڵەتە مەرکەزییەکان، چونکە قەیرانی بۆ چەمکی ناسیۆنالیزمی ئەو ئەتنییانە دروستکردووە کە لەسەر پرنسیپی یەک خاک، یەک نەتەوە دامەزراوە. بە بوونی شوناسی کوریی لەناو جەستەی دەوڵەتی نەتەوەیی شتێک نامێنێتەوە ناوی دەوڵەتی نەتەوەیی پاکژ بێت. بەم چەشنە هەموو ئەو دەوڵەتانەی کوردی تێدادەژی لە ڕووی کۆمەڵایەتیی و ئەتنی و کولتووریی و زمانییە دەوڵەتی هۆمۆجێن و شێلگیری نەتەوەیی نین. هەر ئەم خاڵەشە بووە بە برینێکی نەتەوەیی ناو جەستەی ناسیۆنالیزمی تورکیی و فارسیی و عەرەبیی. لەلایەکی ترەوە کوردبوون کێشەی بۆ کورد خۆشی بەرهەمهێناوە، چونکە هیچ تاکێکی کورد وەک کەسێکی هەمان خاوەن ماف و خاوەن دەسەڵات و سەروەریی تەماشاناکرێت وەک تاکێکی تورکیی یان عەرەبیی یاخود فارسیی هاوماف و ئازاد نییە. بێگومان قەیرانی شوناس لە ناوخۆی هەموو کۆمەڵگاکاندا بە شێواز و مۆدێلی جیاواز بوونی هەیە، بۆ نموونە لە ئەڵمانیا لە نێوان خۆرهەڵات و بەشە خۆرئاواکەی ئەو دەوڵەتە تاوەکو ئەم چرکەساتەش کێشەی شوناس و ئابووریی و کولتووریی بوونی هەیە. لە ئەمریکا لە نێوان ئەفرۆئەمریکانەکانەکان و سپی پێستەکاندا بوونی هەیە. لە ئیسپانیا کێشەی شوناسی ئەتنیی نێوان دەوڵەتی مەرکەزیی و کاتالانییەکانمان هەیە، کێشەی ئیرلەندای باکوور و شانشینی یەکگرتووی بریتانیای مەزن هەم رەهەندێکی سیاسیی و هەم رەهەندێکی ئایینی هەیە. لە نوێترین نموونەشدا داننەنانی روسیای پوتین بە شوناسی نوێی ئۆکرانیا یەکێک بوو لە هۆکارەکانی ئەم جەنگە مەترسییدارەی نێوان هەردوو دەوڵەتەکە. لە هەرێمی کوردستانی دوای بەعسیزم جگە لە کێشە هەڵپەسراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، کێشەی ناوچەیی و ناوخۆیی قوڵمان لە نێوان یەکێتیی و پارتییدا هەیە کە جیاوازیی لە داهات و خزمەتگوزاریی و گوتارە سیاسییەکاندا بەرهەمدەهێنێت. بەبۆچوونی من، لە مێژووی نوێی کوردییدا هیچ کاتێک هێندەی ئەم قۆناغە شوناسی کوردبوون لە قەیراندا نەبووە. کوردبوون نەک بە مانای شەڕواڵ و جامانێ، بەڵکو بەمانای خۆپێناسکردنی تاکێک یان گروپێک بە شوناشێکی کۆمەڵایەتیی ئەنترۆپۆلۆژیی کە رەهەندێکی سیاسیی، کولتووریی و مێژوویی هەیە. کوردبوون ئەمڕۆ لەنێوان چەندین ئاراستەی جیاواز و ناکۆکدا دابەشبووە، پارتی مۆدێلێکی کوردبوونی بەرهەمهێناوە کە چەقی وەلائەت تیایدا بۆ نیشتیمان نییە، بەڵکو بۆ بنەماڵە و خێزانێکی سیاسیی دیاریکراوە. بۆیە کوردبوون لای پارتی کاتێک دەبێت بە مەزایا و ئیمتیازێکی کۆمەڵایەتیی کە موریدێکی گوێڕایەڵی شێخانی ئەو خێلە سیاسییە بیت. لای یەکێتیش شوناسی کوردبوون بە یەکێتییبوونەوە تێکهەکێشکراوە و یەکێتییبونیش بە بنەماڵەی تاڵەبانیی. یەکێتییبون جگە لەوەی وەک پارتییبوون لە ڕووی جوگرافییەوە لە ناوچە و جوگرافیایەکی دیارییکراودا قەتیسماوە، جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ پرنسیپە بنەماڵەییەکانی پارتیی بۆ کوردبوونیش نەماوە. لای هێزە ئیسلامییەکانیش بە میانڕەو و توندڕە و ئیخوانیی و سەلەفییەکانەوە ئیسلامییبوون چەندین رەهەندی جیاواز و ناکۆک و دژ بەیەکی هەیە، بەڵام خاڵی بنەڕەتی نێوانیان قورئانە کە سەرچاوەی شەرع و یاسایە. کۆمەڵگای کوردیی لەمڕۆدا کێشەی شوناسی نوێی هەیە کە پارتی و یەکێتی و هێزە سیاسییەکانی تر نە لێیتێدەگەن و نە دەشیانەوێت کاری تێدابکەن، بۆ نموونە پرسی سوناس و ئینتیما لای نەوەی نوێ و پرسی جێندەر و ژینگە کە بوونەتە بەشێک لە وشیاری نەوەی تۆڕەکۆمەلایەتییەکان. گەر شوناسی کوردیی لە دەسەڵاتدارێتی بەعسیزمدا لەژێر مەترسییەکی گەورەدا بووبێت، ئەوا شوناسی کوردیی لەژێر دەسەڵاتدارێتی کوردییدا لە قەیرانێکی گەورەدایە. لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا کۆمەڵگای کوردیی بە قۆناغی زۆر مەترسییداردا تێپەڕی و دەسەڵاتی مەرکەزیی بەردەوام کاری لەسەر دەستکارییکردن و سڕینەوە و گۆڕانی شوناسی کورد دەکرد. دوای قۆناغی دورستکردنی ناوچەی قەدەغەکراو و ڕاپێچکردنی دانیشتوانی گوندەکان بۆ ناو ئۆردوگاکان شتێک نەما بەناوی جوتیاری کورد بێت. ستراتیژی بەعسیزم زۆر ڕوون و ئاشکرا بوو، کورد تەنها کاتێک مافی مانەوەی هەیە کە نەبێت بە پێکهاتێکی سیاسیی. بۆ ئەم مەبەستەش بەعس دەستکارییەکی قووڵی شوناسە کۆمەڵایەتییە جیاجیاکانی کۆمەڵگای کوردیی دەکرد و هیچ گروپێکی کۆمەڵایەتی نەما کە بەعس دەستکاری شوناسە چینایەتییەکەی نەکردبێت. لە سەردەمی بەعسەوە تادەگاتە سەردەمی دەسەڵاتی کوردیی سیاسەتی شوناس بە دوو قۆناغی جیاوادا تێدەپەڕەت. لە کاتێکدا بەعس شوناسی جوتیاری کوردی نەهێشت و زۆرینەیانی کرد بە جاش و قاچاخچیی و بێکاری ناو ئۆردوگاکان، دەسەڵاتی کوردییش بە کردنی زۆرینەیان بە پۆلیس و پێشمەرگە و ئاساییش، رێگر بوو لە دروستکردنەوەی ئەو شوناسە کۆمەڵایتییە سروشتییە. هەردوو پرۆسەکە کوشتنی شوناسی کۆمەڵایەتیی جوتیاری کورد بوو بە مۆدێل و فۆرمی جیاواز. گەر سەردەمانێکی دوورودرێژ مرۆڤ لەڕێگای ئایینەکەی یان مەزهەبەکەیەوە پەیوەندارێتیی (ئینتیما) بۆ گروپەکەی هەبووبێت و شانازیی پێوەکردبێت، و ئەوا لەگەڵ سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم و سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم لەڕێگای ئایدیۆلۆژیاوە شوناسی کۆمەڵایەتیی بۆ خۆی دروستدەکرد. لەمڕۆشدا زاراوەی شوناس یان سیاسەتی شوناسسازیی دابەشبووە بۆ چەندین پارچەو کەرتی جیاجیا، چونکە کۆمەڵگا خۆی دابەشبووە بەسەر چەندین کوانو و گەردیلەی کۆمەڵایەتیی. هەموو ئەو ئایین و ئایدیۆلۆژیا عەلمانییانەی کە هەوڵدەدەن کۆمەڵگایەکی پاکژ دروستبکەن، لەهەناوی خۆیاندا سڕینەوەی هەموو شوناسەکانی تریان هەڵگرتووە کە بە نەیار یان دوژمن یاخود نامۆ بە شوناسە پێناسکراوەکەی خۆیان دەیبینن. نە کوردبوون لەخودی خۆیدا شەرمە و نە عێراقییبونیش، ئەوەی وامان لێدەکات ئەم شوناسانە بە نەنگیی یان پیرۆز بزانین ئەو دیدگا ئایدیۆلۆژییانەیە کە بڕوای بە فرەیی کۆمەڵگا نییە. هەم کۆمەڵگای عێراقیی کۆمەڵگایەکی مۆزاییک ئاسایە و هەم کۆمەڵگای کوردییش فرەشوناسە. بەعسیزمیش تاکە پرۆژەیەکی سیاسیی تۆتالیتێر بوو کە هەموو شوناسە جیاوازەکانی کۆمەڵگای عێراقیی و کوردیی لەناو پرۆسەی بەعسییبووندا سڕییەوە. زۆرینەی ئەو کێشانەی کە ئێستا کورد لەناو عێراقدا هەیەتی و عێراقیش لەگەڵ خۆیدا هەیەتی، چەندە بەرئەنجامی هێزگەلێکی نادیموکراسی و دژەفرەیی ناو جیهانی عەرەبیی و عێراقیین، ئەوەندەش بەرهەمی سیاسەتی بێشوناسی پارتیی و یەکێتیین.
درەو: وەزارەتی نەوتی عێراق لیژنەیەكی باڵای درووستكردووە بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە نەوتی هەرێم و داوا لە كۆمپانیا نەوتیەكان دەكات لە هەرێم كارنەكەن: 🔹ئەو كۆمپانیا نەوتیانەی لە هەرێم كاردەكەن دەبێت بەڵێننامەیەك پڕبكەنەوە كە نابێت لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم كاربكەن چونكە پێچەوانەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیە. 🔹 ئەگەر ئەو كۆمپانیایانەی لە هەرێم كاردەكەن و لە ئێستادا پرۆژەیان هەیە، دەبێت لەماوەی سێ مانگدا كارەكانیان تەواو بكەن. 🔹 ئەگەر ئەو كۆمپانیانەی لە كێڵگە نەوتیەكانی هەرێم كاردەكەن پابەند نەبن بە خاڵی یەكەم و دووەم، ئەوا لەلایەن بەغداوە دەخرێنە لیستی ڕەشەوەو نابێت كاریان لەگەڵدا بكرێت .
شیكاری: درەو ئەگەر ڕۆژی 23ی 9ی 2019، هاوڵاتییەک (ملیۆنێک) دیناری بۆ کڕینی سەرجەم شمەک و پێداویستییەکانی مانگێکی خێزانەکەی خەرجکردبێت. ئەوا ئەمڕۆ هەمان هاوڵاتی بۆ هەمان ئەو شمەکانەی لە ساڵی (2019) کڕیویەتی، بچێت بۆ بازاڕ پێویستە (ملیۆنێک و 440 هەزار) دیناری پێبێت. ئەمە کاتێدایە داهاتی تاک لە هەرێمی کوردستان بەراود بە (10) ساڵی ڕابردووە (52%) کەمی کردووە. خەرجی و داهاتی مانگانەی تاک و خێزان لە هەرێمی کوردستان ڕۆژی (2/10/2021) دکتۆر هەڤاڵ ئەبو بەکر پارێزگاری سلێمانی زینجیرەیەک ئاماری لە پەیجی فەرمی خۆی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند؛ "پارێزگای سلێمانی، بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی و فەرمانگا پەیوەندیدارەکان بە پشتبەستن بە ئامارو کێوماڵە بەردەوامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و وەزارەتەکانی پلاندانان لە حکومەتی ئیتحادیی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، لێکۆڵینەوەیەکی ئاماریی بەراوردکاریی لەنێوان ساڵانی (١٩٩١ بۆ ٢٠٢١)، واتە ماوەی (30) سی ساڵی ڕابردوودا کردووەو تەواوی سێکتەرە جیاجیاکانی تێدا ئاماژە پێکراوە. لە بەشێکی ئامارەکانیدا ئاماژە دراوە بە "داهات و خەرجی تاک" لە پارێزگای سلێمانی لە ساڵی (2021) تێكڕای خەرجی مانگێکی خێزان (ملیۆنێک و 123 هەزار) دینارە، تێكڕای خەرجی مانگێکی تاكەکەس (234 هەزار) دینارە. تێكڕای داهاتی مانگێکی خێزان (842 هەزار و 400) دینارە، تێكڕای داهاتی مانگێکی تاكەکەس (187 هەزار و200) دینارە. بەم پێیەش داهاتی مانگانەی هەر خێزانێک بڕی (280 هەزار و 600) دیناری کەمترە لە خەرجییەکانی، وەک چۆن خەرجی هەر تاکێکیش بڕی (46 هەزار و 800) دیناری زۆرترە لە داهاتی مانگێکی. ئەمە لە کاتێکدا لە ساڵی (2012) لە کابینەی حەوتەمی حکومەتی هەرێم (عەلی سندی -وەزیری پلاندانانی هەرێم) ڕایگەیاند داهاتی ساڵانەی تاک لە هەرێمی کوردستان (4 هەزار) دۆلاری تێپەڕاندووە، واتە مانگانە (333) دۆلاری مانگانە، لەو کاتەدا بەهای (1) دۆلاری ئەمریکی (هەزار و 166) دینار بووە، واتە داهاتی مانگانەی تاک بە دینار بریتی بووە لە (388 هەزار و 666) دینار بووە. بەم پێیەش داهاتی تاک لە هەرێمی کوردستان لەساڵی (2021) بەراورد بە ساڵی (2012) بڕی (201 هەزار و 466) دینار و بەڕێژەی (52%) کەمی کردووە. (بڕوانە خشەی ژمارە (1)) خشتەی ژمارە (1) بەرزبوونەوەی نرخ و دابەزینی هێزی کڕین پاڵپشت بەو داتاو زانیارییانەی بەرێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی/ سلێمانی، ڕۆژانە نرخی دراوو خۆراک لەبازاڕەکانی سلێمانی تۆمار دەکات، درەو دوو تۆمارەی جیاوازی بەڕێوەبەرایتییەکەی بەراورد کردووە کە لە (23/9/2029)ەو (13/6/2022) تۆماری کردوون (بڕوانە (هاوپێچی یەکەم و دووەم))، بەپێی ئامارەکە؛ نرخی سەرجەم کەل و پەل و دراوەکان بەڕێژەی جیاواز بەرز بوونەتەوە. ئامارەکان بە جۆرێکە بە تێکڕای ئەو نمونانەی درەو وەریگرتوون بە ڕێژەی (44%) بەزبوونەتەوە. بە واتایەکی تر ئەگەر ڕۆژی 23ی 9ی 2019، هاوڵاتییەک (ملیۆنێک) دیناری بۆ کڕینی سەرجەم شمەک و پێداویستییەکانی مانگێکی خێزانەکەی خەرجکردبێت. ئەوا ئەمڕۆ هەمان هاوڵاتی بۆ هەمان ئەو شمەکانەی لە ساڵی (2019) کڕیویەتی، بچێت بۆ بازاڕ پێویستە (ملیۆنێک و 440 هەزار) دیناری پێبێت. بۆ بەرچاو ڕونی بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)) خشتەی ژمارە (2) نرخی شمەک و دراو لە نێوان (23/9/2019) (13/6/2022) هاوپێچی یەکەم هاوپێچی دووەم