Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

درەو: مێرا جاسم بەکر؛ دامەزراوەی کۆنراد ئادێناوێر  (KAS)ی ئەڵمانی بەپێی توێژینەوەیەکی دامەزراوەی کۆنراد ئادێناوێر  (KSA)ی ئەڵمانی، سیستمی حیزبایەتی و خۆسەپێنی پارتی و یەکێتی پاڵنەری هەرە سەرەکی کۆچی گەنجانە لە هەرێمی کوردستان. # یەکێتی و پارتی دۆخێكی سیاسیی وایان دروستكرد كە بێهیوایی بەربڵاوی لێكەوتەوە و هاووڵاتییانی هەرێم لەناو هیوایەکی کەم یان لەناو بێهیواییەکی تەواو بۆ چاکسازی ئابووری و سیاسی بەجێماون و بەجێمان.  # بۆیە لە گۆشەیەکی توێژینەوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە "نیشتمان ئێستا زێدی سیاسەتمەدارانە". # دۆخەکە بە هێواشی بۆ پارتی لە ناوچە لاوەکییەکان بەرەو خراپتر دەڕوات، دیارە بۆ یەکێتیش بەرەو داڕمان دەڕوات.  # لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا، پارتی دیموکراتی کوردستان 16.6% و یەکێتی 6.1% دەنگەکیان بردەوە. # 77.3% دەنگدەران دەنگیان بە پارتی و یەکێتی نەدا. # متمانە بوون بە بزوتنەوەی گۆڕان کاڵ بووەوە و لە هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢١دا ٩٦%ی دەنگەکانی لەدەستدا بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٤.  مێرا جاسم بەکر؛ دامەزراوەی کۆنراد ئادێناوێر  (KAS)ی ئەڵمانی پوختە لەدوای لەشکرکێشی بۆ سەر عێراق بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی 2003، هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی گەشەسەندوو لە باکووری ئەو وڵاتە دەرکەوت، تەنانەت لەلایەن زۆر کەسەوە بە "عێراقەکەی دیکە" ناویان دەبرد. ناوچەکە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس گەشەسەندنی بەرچاوی ئابووری و ژێرخانی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش بە پێچەوانەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور کە تووشی قەیرانی ئابووری و ئەمنی بوون. بەڵام کاتێک لە تشرینی دووەمی ٢٠٢١دا کۆمەڵێک کۆچبەر لە سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا دەرکەوتن، بۆ زۆر کەس جێگەی سەرسوڕمان بوو کە زۆرینەی ئەو کۆچبەرانەی لە سنوورەکەدا گیریان خواردبوو، کوردی عێراق بوون.  چی وایکرد کوردانی عێراق بە کۆمەڵ کۆچ بکەن؟ دەسەڵاتی دووانەیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە دوای پێكهێنانی یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992، دۆخێكی سیاسیی وایان دروستكرد كە بێهیوایی بەربڵاوی لێكەوتەوە و هاووڵاتییانی هەرێم لەناو هیوایەکی کەم یان لەناو بێهیواییەکی تەواو بۆ چاکسازی ئابووری و سیاسی بەجێماون و بەجێمان. گرنگتر لەوەش ئەوەیە، کە ئابووری مۆدێرن وا دەکات چیتر ئەو دوو حیزبە نەتوانێن زۆرینەی لایەنگران و هاوڵاتیان لە هێزی کاردا هەڵبمژێت. لەناو نەبوونی هیچ چاکسازییەکی سیاسی و ئابووریی مانادار و پەرەسەندنی دانیشتووان. بچوکبوونەوەی هەلی کار بۆ توڕێکی بچووکی لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، کۆچی کوردی عێراق بۆ ئەوروپا بەردەوام ڕووی لە هەڵکشان دەبێت. پێشەکی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو بوو، کاتێک لە بەغدا بووم، هاوڕێیەکی کوردم تەلەفۆنی بۆ کردم و لێی پرسیم، "مێرا، تکایە دەتوانی سەردانی  لەوێ نوسینگەیەکی گەشتیاری بکەیت و بپرسیت ڤیزەی بێلاڕووس چەندی تێدەچێت؟ پێم وت لەوێ هەرزانترە". دوای  دوو ڕۆژ هاتمەوە سلێمانی و سەردانی کافێیەکم کرد کە تێیدا کارم دەکرد. لە کافێیەکەدا بەدوای هێڤاردا دەگەڕام لەوێ گارسۆن بوو، کە هەمیشە پێش دەستپێکردنی کارکردن لەگەڵیدا کەمێک گفتوگۆم دەکرد. لە یەکێک لە هاوکارەکانیم پرسی: هێڤار لە کوێیە؟. هاوکارەکە وەڵامی دایەوە "تۆ نازانی؟ ئەو لە بێلاڕووسە”. دواتر لە ئێوارەدا یەکێک لە باشترین هاوڕێکانمم ناسی. وتی: "ئاه، ناتوانم چاوەڕێ بکەم تا ڤیزاکەم وەربگرم ... هەموو ئەوانەی دەمناسین ڕۆشتوون." دوو لەو سێ کەسە ئێستا لە ئەوروپان و ئەو کەسەی پرسیاری کرێی ڤیزەی لێکردم قاچی شکا و نەیتوانی گەشتەکە ئەنجام بدات. ئەم سێ کەسە کە ئارەزووی کۆچکردنیان هەبوو، نوێنەرایەتی چینە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکانی ناو هەرێمی کوردستان دەکەن، لە چینی کرێکارەوە تا چینی ناوەڕاست و خواروو  و سەرەوە و پێشینەی پەروەردەیی جیاواز دەکەن. یەکەمیان کە بۆ دابینکردنی بڕە پارەیەک بۆ گەشتەکەی لە باوکی وەرگرتبوو، خوێندنەکەی تەواو نەکردبوو تا لە کارێکی ناجێگیرەوە باز بداتە کارێکی جێگیر تر، بەو پیشەیەی ئێستای شۆفێری بارهەڵگرە، مانگانە پارەیەکی نزیک و  زیاتر لە (200) دۆلارێک وەردەگرێت. دووەمیان لە قوتابخانەیەکی حکومی دەرچووە، بەڵام هاوشێوەی زۆرینەی رەهای گەنجان، نەیتوانی لە بواری خوێندنەکەیدا کارێک بدۆزێتەوە و لە کافێیەک کارێکی وەرگرت کە مانگانە مووچەی (450) دۆلار بوو. ئەو پاشەکەوتی چەندین ساڵەی خۆی بەکارهێنا بۆ دابینکردنی تێچووی گەشتەکەی. سێیەمیان خوێندنی لە یەکێک لە زانکۆ ئەهلییە ناسراوەکانی سەرتاسەری وڵات تەواو کردبوو، بە کارێکی جێگیر کە داهاتی مانگانەی زیاتر لە (2000) دۆلار بوو، کە بە ڕێژەیی نوخبەیەکی بچووک لە کەرتی تایبەتدا بەدەستی دەهێنێت، بەڵام هێشتا کۆچیان کردووە. ئەم دەروازەیە نموونەی پاشخانی کۆمەڵایەتی ئاڵۆزی بەشێک لە کوردەکانی عێراقە، کە لەم دواییانەدا هەوڵیانداوە کۆچ بکەن بۆ ئەوروپا. جگە لەوەش، ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی خواستی کۆچکردن کە لە ساڵی (٢٠١٤)ەوە سەریهەڵداوە. لەو کاتەوە، هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی ئابووری و سیاسی خراپدا تێپەڕیوە، کە بووەتە هۆی پەرەسەندنی خواستی کۆچکردن. ناوچەکە لە ساڵی (٢٠٠٣)ەوە لە جاران جەمسەرگیرترە و ئابووری بەزەحمەت کار پێشکەش بەو لێشاوی گەنجانە دەکات کە دەچنە ناو هێزی کارەوە. دوو حیزبی دەسەڵاتدار، پارتی و یەکێتی، لە دوای دامەزراندنی یەکەم حکومەتی هەرێم لە ساڵی (1992)ەوە باڵادەستی خۆیان  بەسەر هەرێمدا سەپاند “دوانەی قۆرخکار" دەسەڵاتی خۆیان بەسەر سیستەمی سیاسی و ئابووری هەرێمدا پاراستووە. کۆنترۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەر دهۆک و هەولێردا بە کردەوە بێ کێبڕکێیە، لە کاتێکدا یەکێتی سەرەڕای ئاڵنگارییەکانی هەڵبژاردنی هەرڵنژاردن ە دەرکەوتنی هێزی دیکە، باڵادەستی سەربازی و ئابووریی خۆی بەسەر سلێمانیدا سەلماندووە. لەگەڵ تێكچوونی سەقامگیری سیاسی و ئابووری هەرێمی كوردستان لە ساڵی (2014)ەوە، خواستی كوردانی عێراق بۆ كۆچكردن بۆ ئەوروپا زیاتر بووە، سەرەڕای ئەو بەربەستە یاسایی و قۆڵبڕین و فێڵکردنانەی زۆرێك لە كۆچبەران رووبەڕووی دەبنەوە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە پاڵنەرەکانی کۆچی بەکۆمەڵ کە لە دوای ساڵی (٢٠١٤)دا لەپەرەسەندندان و بۆیە لەو کاتەوە بە دیاردەی کۆچ شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە. لە ئەنجامدا هەر کە خەڵکێک دەرفەتێکیان بۆ ڕەخسابێت ڕۆیشتوون و لێشاوێکی کۆچبەری کورد گەیشتووەتە سنوورەکانی ئەوروپا. ئەم بێ ئومێدییە لای خەڵکی کوردستان تەنیا قەیرانێکی مرۆیی نییە، بەڵکو بووەتە چەکی سیاسەتی دەرەوە بۆ وڵاتانی وەک بێلاڕووس، کە ناڕەزایەتییەکانی کورد دەقۆزنەوە بۆ بەکارهێنانیان دژ بە رکابەرییەکانیان لە وڵاتانی ئەوروپی. بۆیە کێشەی کۆچی بەکۆمەڵی کورد لە سیاسەتی ناوچەیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێدەپەڕێنێت و بە شێوەیەکی دانەبڕاو بەستراوە بەو کێشانەوە کە حکومەتە میواندارەکان ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. کورد بە درێژایی سەدەی بیستەم بە چەندین شەپۆل لە عێراق هەڵاتووە. بەڵام شەپۆلی ئێستای کۆچ جیاوازە لە شەپۆلەکانی تر چونکە هەڵهاتنەکە دژ بە چەوساندنەوەو شەڕ و گۆشەگیری نیە لەلایەن حکومەتێکی غەیرە کوردەوە. لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا کوردەکانی عێراق بە هۆی هەرەسی 'شۆڕشی ئەیلول'ەوە کۆچیان کرد بۆ ئەوروپا و ئێران و یەکێتی سۆڤیەت. لە ساڵانی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکاندا، زۆرێک بەهۆی چەوسانەوەو ستەمی سیاسی و جینۆساید و ئاوارەبوونی زۆرەملێ کە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە ئەنجامدرابوو، هەڵهاتن. لە ساڵانی نەوەدەکاندا بەهۆی هەژاری لەڕادەبەدەر لە ئەنجامی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆسەر عێراق و عێراق بۆ سەر حکومەتی تازە دامەزراوی هەرێمی کوردستان و شەڕی ناوخۆی نێوان لایەنە سیاسییە کوردییەکان زۆر کەسی دیکەی ئاوارە کرد و بووە هۆی ئەوەی پەنا بۆ دەرەوەی عێراق ببەن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شەپۆلی کۆچبەران لە ساڵی ٢٠١٤ەوە ئاماژەیە بۆ شکستی سیستەمێکی سیاسی کە زۆربەی کوردەکانی عێراق خەونیان پێیەوە دەبینی و زۆرێکیان خەباتیان بۆ دەکرد، لە هەمووی گرنگتر، ئەوە بوو کە بڕیار بوو کەرامەتی کوردەکان بپارێزێت، چونکە نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتە و لە دوای دروستبوونی عێراقی مۆدێرن لە ساڵی ١٩٢١ەوە هەوڵی دروستکردنی دەوڵەتێکی لەو شێوەیەی داوە. ئەم توێژینەوەیە هەوڵدەدات هۆکارە سەرەکییەکانی پشت کۆچی کوردانی عێراق بۆ ئەوروپا ڕوون بکاتەوە. شیکارییەکانی پشتی بەستووە بە (12) گفتوگۆی فۆکۆس گروپی نیمچە ڕێکخراو (FGD) لە (12) ناوچەی سەرەکی هەرێمی کوردستان، لە مانگی (تشرینی دووەم تا کانوونی دووەمی 2021). پێشینەی بەشداربووان بریتی بووە لە دەرچووانی دامەزراو، دەرچووانی بێکار، جوێندکارانی زانکۆ، فەرمانبەرانی حکومەت (لە کەرتی پەروەردە، تەندروستی و ئاسایش) و ڕۆژنامەنوسان و چالاکانی مەدەنی، چالاکی سیاسی. ناوچەکانی هەر سێ پارێزگای هەرێمەکەیان لەخۆگرتبوو، بە تایبەتی ناوچەکانی سەرەکییەکانی سەرچاوەی کۆچبەران. شوێنەکان بەم شێوەیە بوون؛ -    پارێزگای هەولێر؛ شاری هەولێر، شەقڵاوە، سۆران، چۆمان -    پارێزگای سلێمانی؛ شاری سلێمانی، دەربەندیخان، سەیدسادق، ڕانیە -    پارێزگای دهۆك؛ شاری دهۆک، ئاکرێ، ئامێدی، زاخۆ نەخشەی خوارەوە ئەو ناوچانە لە سەرانسەری هەرێم نیشان دەدات کە گفتوگۆکانی (فۆکۆس گروپ) تێدا ئەنجام دراوە بۆ بۆ ئامادەکردنی ئەم توێژینەوەیە. هۆکارەکانی کۆچکردن لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە دوای ساڵی (٢٠١٤)ەوە  1.    لاوانی کورد، بەهۆی پەراوێزخستنیان لە لایەن پارتە سیاسییەکان و گوزەرانیان لە چوارچێوەی ئابوورییەکی لاوازدا، بەدوای دەرفەتێدا دەگەڕێن؛  نەبوونی ئابورییەکی سەقامگیر کە دەرەنجامەکەی  سەریکێشا بۆ فراوانبوونی مەحسوبەت و نزیکبوون لە حیزبەکانی پارتی و یەکێتی لە ساڵی 2007 تا 2014، کە لەو ماوەیەودا هەرێم زۆرتر پشتی بە بەشە بودجە حکومەتی فیدراڵی بەستبوو. پێکهاتەیەکی ئابووری وەها دروست بوو کە نەیتوانی لەگەڵ گەشەی خێرای دیمۆگرافیای خەڵکانی خوار ٣٠ ساڵ لە هەرێمی کوردستاندا بگونجێت. بە واتایەکی تر، لە کاتێکدا کە دەوروێشی و نزیکبوون لە حیزب  دەسەڵاتی دووانەیی پارتی و یەکێتیی چەسپاند، کە لە توانایدا نەبوو گەشەسەندنی لاوان بۆ ناو هێزی کار هەڵبمژێت.  2.    خۆبەدەستەوەدان و نەبوونی بەدیل بۆ سیستمی سەركردایەتی سیاسی و حزبی هەنووكە: دوای رووخانی رژێمی بەعس، كوردانی عێراق هیوایان خواست بۆ چاكسازیی ئابووریی كۆمەڵایەتی و سیاسی لە هەرێمی کوردستان. بزوتنەوەی گۆڕان، کە لە ساڵی ٢٠٠٩ دامەزرا، داوای ئەم جۆرە چاکسازیانەی دەکرد لەڕێگەی خەباتی مەدەنی، دواتریش، بەشداریکردن لە هەڵبژاردن. به‌ڵام هاوپه‌یمانیکردنی لەگەڵ پارتی و یه‌كێتی خۆڕانەگری سه‌لماند و سەرئەنجام بێكاریگه‌ریی گۆڕان و توشبوونی بە ململانێی ناوخۆیی بووه‌ هۆی پاشەکشەکردنی. لە هەڵبژاردنیشدا شکستی هێناو لەئاستی بەدیهێنانی چاوەڕوانییەکانی جەماوەریدا نەبوو، بۆیە خەڵک لەبەردەم دوو بژاردە دەمێننەوە؛ وەک ساڵانی ڕابردوودا، خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین و ڕەخنە، کە حکومەتی هەرێم بە ڕێوشوێنی سەرکوتکەری وەک دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ و لێپێچینەوە وەڵامی دایەوە. بژاردەی دووەمیش کۆچکردن بۆ ئەوروپا بوو چونکە تێگەیشتن کەوەی خەباتی سیاسی و ناڕەزایەتی قوربانی زۆری دەوێت. 3.    كەمبوونەوەی ئینتیما و نەمانی پەرۆشی بۆ پرۆژەی نەتەوەیی: بێ ئومێدی قووڵی كوردانی عێراق لە سیستەمێكی خۆبەڕێوەبەرییەوە سەرچاوە دەگرێت كە لە ساڵی 1992ەوە لە سەردەستی پارتی و یەكێتی دروست بووە، كە بەڵێنی كۆتاییهێنانیان بە چەوسانەوە و گێڕانەوەی كەرامەت و شکۆ لە نێو كوردانی عێراقدا دابوو. سیستمەکە شکستی هێناو لە گەیاندنی ئازادی بۆ هەمووان و چەسپاندنی دیموکراسی و گەرەنتیکردنی هەموو مافەکانی هاوڵاتیبوون و دابینکردنی قەرەبووی ئەو کەسانەی کە بەدەست دەستدرێژییەکانی ڕژێمی پێشووی عێراقەوە زەرەرمەند بوون، و پشتیان بە بەڵێنەکانی پارتی و یەکێتی بەستبوو بۆ گەیشتن بە خواستە نەتەوەییەکان. لە ئەنجامدا زۆرێک لە کوردەکانی عێراق وازیان لە ئایدیاڵەکانی بنیاتنانی نەتەوە هێنا و لە جیاتی ئەوە کۆچیان کرد لەپێناو پاراستنی کەرامەتی خۆیان. سیستمی حیزبایەتی لە هەرێمی کوردستان؛ پاڵنەری سەرەکی کۆچکردن ‌أ. دروستبوونی فۆرمێک لە چینایەتی لەماوەی ساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠١٤، بەهۆی بوونی ئابوورییەکی کرێخۆر کە وابەستەی پشکی بودجەی فیدراڵی بوو؛ هۆكارێكی سه‌ره‌كی كۆچی كوردی عێراق، ئه‌و قه‌یرانه‌ ئابوورییه‌ درێژخایه‌نه‌یه‌ كه‌ هه‌رێم له‌ مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2014ه‌وه‌ رووبه‌ڕووی بووه‌ته‌وه‌، له‌و كاته‌وه‌ هه‌زاران گه‌نج ده‌چنه‌ ناو هێزی كار و ساڵانه‌ لە زانکۆکان دەردەچن و خوێندن تەواو ده‌كه‌ن، به‌ڵام زۆرینه‌ی هەرە زۆریان‌ شكست دەهێنێن له‌ دۆزینه‌وه‌ی كار. زانکۆ و پەیمانگە تەکنیکییە حکومییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی چوار ساڵی خوێندنی ڕابردوودا ١٦٧ هەزار و ٦٨٣ خوێندکاریان وەرگرتووە، لە هەمان کاتدا دەیان هەزاریان لە زانکۆ و پەیمانگە تەکنیکییە ئەهلییەکان وەرگیراون. لە ئەنجامدا ساڵانە پێویستی بە ڕەخساندنی ٥٠ هەزار هەلی کار دەبێت بۆ یەکخستنی گەنجان بەپێی راپۆرتێکی بانکی نێودەوڵەتی کە لە ساڵی ٢٠١٦دا بڵاوکراوەتەوە.  پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، بۆچی هەلی کار لە ناوچەکەدا ئەوەندە کەم بووە؟ لە بنەڕەتدا، پارتی نەیتوانیوە ئابوورییەک بنیات بنێت کە تاڕادەیەک توانای دابینکردنی هەلی کار بۆ دانیشتوانی گەشەسەندوو هەبێت، چونکە پێکهاتەی سیاسی هەرێمی کوردستان دوای ٢٠٠٣ی لەسەر سیستەمی مەحسوبیەت و مەنسوبیەتی دوو حزبی (پارتی و یەکێتی) بنیات نراوە. دوای لەشکرکێشییەکەی سەر عێراق بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣، حکومەتی هەرێمی کوردستان بووژانەوەیەکی گەورەی ئابووری بەخۆوە بینی تا مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٤. لوتکەی ئەم بووژانەوەیە لە ساڵی ٢٠٠٧ تا ٢٠١٣ ڕوویدا، کە لەو ماوەیەدا هەرێم زیاتر لە ٦٦ ملیار دۆلاری لە حکومەتی ناوەندی وەرگرت وەک بەشە بودجەی فیدراڵی حکومەتی هەرێم. ئەمە جگە لەوە حكومه‌تی هه‌رێم داهاتێکی زۆری له‌ ناوخۆوه‌ به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌وانه‌ داهاتی گومرگی سنووره‌كان، باج، هه‌نارده‌كردنی نه‌وت بۆ بۆ دەرەوەی وڵات له‌ رێگه‌ی تانکەرەوە‌. پارتی و یەکێتی ئەم بودجەیەیان بەکارهێنا بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی خۆیان و دانیشتوانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان – پارتی لە هەولێر و دهۆک، و یەکێتی لە سلێمانی. حیزبەکان لە بەرامبەر پشتیوانی سیاسیان خەڵکێکی زۆریان لە کەرتی گشتی دامەزراند. لە ساڵی 2000 تا 2013 ژمارەی فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان سێ هێندە زیادی كرد لە 450 هەزارەوە بۆ 1 ملیۆن و 400 هەزار كە زۆرینەیان لە دوای ساڵی 2003 دامەزران – كاتێك لێشاوی داهاتی نەوتی فیدراڵی بۆ خەزێنەی هەرێم زیادی كرد. تا ساڵی ٢٠١٤ (٥٣%)ی کۆی هێزی کاری هەرێم لە کەرتی گشتیدا دامەزراون. پارتی و یەکێتی بەشێکی زۆر لەو کەسانەیان لە هێزە ئەمنییەکانیان دامەزراند، کە لە کەرتێکی ئاسایش و پۆلیس پشکی شێری پێکدەهێنێت (٤٢٪)ی ئەو ٧٠٠ ملیۆن دۆلارەی کە حکوومەتی هەرێم مانگانە دەداتە فەرمانبەرانی گشتی بۆ ئاسایش و پۆلیس دەڕوات. بەپێی ڕاپرسییەکی دیمۆگرافی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNFPA)ەوە ئەنجامدراوە، دوو لەسەر سێی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان بژێوی ژیانیان لە ڕێگەی مووچەی گشتییەوە دابین دەکەن. هەروەها لایەنە سیاسییەکان ئەو خزمەتگوزارییانەی لە سەرانسەری هەرێمەکەدا پێشکەشیان کرد، ئەو ناوچانەیان کردە ئامانج کە دانیشتوانی زۆری ئاوارەیان تێدایە وەک گەرمیان و ڕاپەرین، بۆ سوودی هەڵبژاردن. ئەمە لە کاتێکدا بوو وێرانبوونی ژێرخانی ناوچەكە بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەكان لە ئەنجامی خەباتی چەكداری دژ بە رژێمی بەعس لە حەفتاكان و هەشتاكان و شەڕی ناوخۆی كورد لە ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو و سزای ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سەر عێراق لە ساڵانی 1991 تا 2003، هەزاران کەس ئاوارە بوون دەست بە بونیادنانەوەی نەکرا. ئەم کەسانە لە ژینگەی شار و دەوروبەری شارەکاندا بێکار مابوونەوە، کە بەخواستی خۆیان بێت یان بە ناچارەی وابەستەی پارتە سیاسییە کوردییەکان بوون. هەروەها پاڵپشتی سیاسی لە دامەزراندن لە کەرتی گشتی تێپەڕی و گەیشتو دابەشکردنی خانەنشینی و بەشداریکردن لە بەرنامەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی (خانووبەرە، دەستپێکردنی کار و قەرزی هاوسەرگیری، سکۆلەرشیپ بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات، ئاسایشی کۆمەڵایەتی بۆ بێکاران و کەمئەندامان، و دەرماڵە بۆ خوێندکاران و هتد...). تا ساڵی ٢٠١٤، نزیکەی تەواوی دانیشتووان – ٩٨%ی ٥.٤ ملیۆن دانیشتووان – بەشەخۆراکیان وەرگرتبووە. ئەمانە بەبێ گوێدانە قەبارە یان ئاستی هەژاری خێزانەکان دابەش دەکران. بەم شێوەیە دانیشتووان بە گشتی لە ڕووی داراییەوە سوودمەند بوون لەم سیستەمە. ئەم سیستمە توانی دیاردەی "کۆچی پێچەوانە" بێنێتە ئاراوە، بەو پێیەی هەزاران کوردی ڕەوەند لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٣ گەڕاونەتەوە ناوچەو شارەکانی خۆیان. بەڵام ئابووری هەرێم زۆر پشتی بە پشکی بودجەی فیدراڵی بەستبوو کە لەسەر بنەمای داهاتی نەوتی نیشتمانی بوو، هەروەها جەختێکی کەمی لەسەر پەرەپێدانی ئابوورییەکی بازاڕی بژاردە نەدەکردەوە. جگە لەوەش، بە ١.٤ ملیۆن کارمەندی کەرتی گشتی لە کۆی شەش ملیۆن کەس، کەرتی گشتی پشتی بە پشکی خۆی لە بودجەی فیدراڵی عێراق بەست بۆ دابینکردنی کار بۆ دانیشتووانێک کە بە خێرایی گەشە دەکات. لە ساڵی ٢٠١٣دا، هەرێمی کوردستان دەستی کرد بە گەڕان و بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت بە شێوەیەکی سەربەخۆ، لە ئەنجامدا لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٤دا پشکی بودجەی فیدراڵی بە تەواوی ڕاگیرا تا بتوانن مووچەی فەرمانبەرانی حکومی بدەن، کە بۆ پشتگیری سیاسی پشتیان پێدەبەستن، ئەمەش بووە هۆی کەمکردنەوەی دەرفەتی دامەزراندن. لە کۆتاییدا، ئەم دۆخە بووە هۆی ئەوەی هەرێم نەتوانێت بەرگەی شۆکەکانی بازاڕی نەوت بگرێت. گەنجانی دەرچووی زانکۆ کە تەمەنیان لە خوار ٣٥ ساڵەوەیە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی داڕمانی ئابووریی هەرێمەوە لە ئەنجامی بڕینی بودجەی فیدراڵیدا، حکومەتی هەرێم لەماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا نەیتوانیوە هەلی کار بۆ خزمەتگوزاری شارستانی دروست بکات و لەبری ئەوە ڕێوشوێنی خۆپارێزی و "سیستەمی پاشەکەوتکردنی مووچە"ی لە ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠١٩ جێبەجێ کرد. سەرباری کەڵەکەبوونی قەرزەکانی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان، لە هەمان کاتدا نەیتوانی قەرەبووی کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی حکومی بکاتەوە. ئەمە جگە لەوەی سیستەمی پاشەکەوتی مووچە، چاکسازی ئابووری بەرچاوی لەگەڵدا نەبوو کە ببێتە هۆی ڕەخساندنی دەرفەتی کار لە کەرتی تایبەتدا. جگە لەوەش مووچە و خانەنشینی و یارمەتییەکانی دیکە بە پچڕپچڕ دەدرا و هەندێک جار بە هیچ شێوەیەک بۆ چەند مانگێک دابەش نەدەکرا. بۆیە نادڵنیایی و سەرلێشێواوی لەبارەی بەردەوامبوونی ئەم شایستە داراییانە زاڵ بوو. ب. گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیاو تۆڕە حیزبییەکان داڕمانی ئابووری بووە هۆی ئەوەی کۆمپانیاو دامەزراوە حیزب و نزیک لە حیزبە سیاسییەکان کۆنترۆڵی گرێبەستە بازرگانییەکان بکەن، بۆیە هەرێم لەڕووی ئابورییەوە زۆرتر سوودی بۆ دەست پێوەند و بازرگانی نوخبەکان و هێزە ئەمنییەکان و کادیرە سیاسییە باڵاکان بوو تا خەڵکی هەرێمی کوردستان. نوخبە سیاسییەکان بەردەوام بوون لە قازانجکردن لە کارە بازرگانییە تایبەتەکان. ئەمە جگە لەوەی پارتی  و یەکێتی لە مێژە هەموو پیشەسازییە گەورەکانیان لە ناوچەی نفوزی خۆیاندا کۆنترۆڵ کردووە، وەک بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی پێداویستی پزیشکی، بیناسازی، گەڕان بەدوای نەوت و هەناردەکردن لەنێو ئەوانی دیکەدا. هەروەها لایەنەکان خاوەنی پشکی گەورەن لە کۆمپانیاکان لە بەرامبەر دانپێدانانی مۆڵەتی یاسایی. بەم پێیە، "ژمارەیەک لە بازرگانی سەر بە حیزبەکان بوونەتە خاوەنی کارێکی چەند ملیار دۆلاری، کە دامەزراندن و داهات بۆ حیزبەکان بەدەست دەهێنێت بە قەبارەیەک کە رکابەری هەندێک لە دامەزراوە گەورەکانی کەرتی گشتی بکات" . بۆ نموونە کۆمپانیای KAR ی سەر بە پارتی و قەیوانی سەر بە یەکێتی کە خاوەنی دوو پاڵاوگەی گەورەی نەوتی هەرێمن. ئێستا قەیوان زاڵە بەسەر کەرتی بیناسازی لە سلێمانی، وەک بەڵێندەر بۆ دروستکردنی گرنگترین کارە گشتیەکانی شارەکە: وەک دروستکردنی ڕێگای 100 مەتری. هەروەها کۆنترۆڵکردنی کەرتی خانووبەرە بۆ کۆمپانیاکانی حیزب و لە نێو حیزبیشدا بۆ توێژێکی دەستڕۆیشتوو.  بەڵام ئەم کارگانە دەرفەتی کارکردنی پێویست دروست ناکەن، چ جای بتوانن خواستی گەنجان هەڵمژن. لە ئەنجامدا زۆرینەی ئەو گەنجانەی کە چاوەڕێیان دەکرد دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی زانکۆ بچنە ناو هێزی کارەوە، بێکار و بێ تۆڕی سەلامەتی مانەوە. جگە لەوەش هیچ دڵنیایییەکی باوەڕپێکراویان لە حکومەت وەرنەگرت. هاوکات کەرتی تایبەت بە پلەی یەکەم لە پارێزگای هەولێر ئامادەیە، بە تایبەتی لە شاری هەولێر. تا مانگی تەمموزی 2014، 63%ی کۆمپانیا ناوخۆییەکان و 73%ی کۆمپانیا بیانییەکانی تۆمارکراو لە هەرێم لە پارێزگای هەولێر بوون. نەبوونی دەرفەت لە پەراوێزی شارەکان، کە زۆرینەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان تێیدا دەژین، دیارە. لەوێدا کەرتی تایبەت نزیکە لەوەی بوونی نەبێت و کەرتی گشتی زۆربەی دانیشتووانی دامەزراندووە. لە دەرەوەی دامەزراندن لە کەرتی گشتی، باوترین کارەکان لە پەراوێزەکاندا لە چێشتخانە، کافێ یان چایخانەکانن، کە بە تێکڕا مانگانە ٢٠٠ دۆلار مووچە دەدەن.  ج. تێگەیشتنی خەڵک لە سیستمی دوو حیزبی لە دوای ٢٠١٤ ەوە وەک پاڵنەری کۆچکردن: ئەو کەسانەی ئیمتیازیان هەیەو سوودمەندن لە حیزب، و ئەوانەی کە سوودمەندنین. بە وتەی بەشداربووانی توێژینەوەکە، زۆرینەی ئەوانەی لە بازنەی بچووکی نوخبەکانی ناو سیستەمی پارتی و یەکێتی، کە بەرپرسانی ئیداری و سیاسەتمەداران و ستاف و کادیرەکانیان لەخۆدەگرێت، سودمەندن لە سیستمەکە. بەم پێیە، جەماوەر "وەک هاوڵاتی پلە دوو مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت لە کاتێکدا نوخبەی حیزب و سیاسییەکان و کوڕو نەوەکانیان زاڵبوون بەسەر دەسەڵاتی ئابووریدا و قۆرخیان کردووە"، ئەمەش هەستێکی نامۆبوون بڵاودەکاتەوە، وەک یەکێک لە بەشداربووان وتی. ئەو هەستەی کە کوردستان وەک نیشتمانێک تەنیا هی ژمارەیەکی دیاریکراوی خەڵکە، زیاد دەکات. لە ئاکامدا کاتێک دەوڵەت ئیتر گشتگیر نابێت و لە ڕووی داراییەوە پاداشتی کەمینەیەکی بچووک دەداتەوە، زۆرێک کۆچ بە تاکە دەرفەتیک دەزانێت کە بۆی ماوەتەوە. کەلێنی سامانی نێوان نوخبە و جەماوەر بە شێوەیەکی بەرچاو فراوانتر بووە و نوخبەکانی نێو پارتی و یەکێتی هەست پێدەکرێت کە لەلایەن دوو بنەماڵەی دەسەڵاتدارەوە: بارزانی و تاڵەبانی کۆنترۆڵ و سەرکردایەتی دەکەن. خەڵک بە تایبەت گەنجان هەستیان بە "بێ بەش کردنی زێدی خۆیان کردووە" و "نیشتمان ئێستا زێدی سیاسەتمەدارانە".  لە هیوای چاکسازییەوە بۆ کۆچ: نەبوونی بەدیلێکی سیاسی لە ناوخۆدا فرەیی سیاسی و ئازادکردنی سیستمی هەڵبژاردن و سەرهەڵدانی پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز گەیشتە هەرێمی کوردستان. بەڵام خۆبەدەستەوەدانی خەڵک لە سیاسەت لەگەڵ کەمی بەشداریکردنی دەنگدەران، ئاماژەیە بۆ بێهیوایی بەرفراوان لە پرۆسەکانی بەڕواڵەت دیموکراسی. هاوڵاتیان چیتر لەو باوەڕەدا نین کە بەشداریکردنیان لە سیستەمی سیاسیدا دەبێتە هۆی چاکسازیی گەورەی ئابووری و کۆمەڵایەتی. بەردەوامبوونی دۆخی سیاسی دەسەڵاتی دوو حزبی، سەرەڕای سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی جەماوەری بە ناوی ‘گۆڕان‌ کە لە هەڵبژاردنەکاندا تەحەدای پارتە دەسەڵاتدارەکانی دەکرد، دەبێتە هۆی بێباکی. خۆبەدەستەوەدانی لە سیاسەت کە لە ئەنجامدا دروست دەبێت، بەشدارە لە خواستی کۆچکردن بۆ ئەوروپا، کە بەڕواڵەت بەها ئابوورییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان پارێزراون. ئەم بەشە گواستنەوەیەکی کرۆنۆلۆژی لە هیوای چاکسازییەوە بۆ کۆچ دەخاتە ڕوو. تیشک دەخاتە سەر سەرهەڵدانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ داڕمانی متمانە بە خەباتی مەدەنی بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری، و بە سەرهەڵدانی لێپێچینەوەی سیاسی و پەراوێزخستن لە هەرێمی کوردستان کۆتایی پێدێت. بزوتنەوەی گۆڕان: هیوای چاکسازی  لەساڵی 1992وە تائێستا دامەزراوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتییەوە بەڕێوەدەبرێت، كە كۆنترۆڵی هاوبەشیان بەسەر ئابووری و خاك و قۆرخكردنی توندوتیژیدا هەبووە. هەر زوو دوای لەشکرکێشییەکەی سەر عێراق بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، خەباتی جەماوەر لە دژی ئەو دووانەیە زیاتر بوو. لە ساڵی ٢٠٠٦دا میدیای کوردی گەندەڵی بەربڵاوی ئەو دوو حیزبە و نەبوونی شەفافیەت و دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسیی ئاشکرا کرد. لە ئەنجامدا خەڵک ڕژانە سەر شەقام و خۆپیشاندانی توندوتیژی بەدوای خۆیدا هێنا کەسانێک کە دژایەتی پارتی و یەکێتییان دەکرد، ئومێدیان بە گۆڕان هەبوو کە داواکارییەکانیان بگوازێتەوە بۆ چاکسازیی راستەقینە لەسەر زەوی. بزووتنەوه كه له لایەن نەوشیروان مستەفا كارێزما و جێگری سکرتێری پێشووی یەكێتی دامەزراوه ، له یەكەم بەشداری لە هەڵبژاردنی هەرێمی 2009دا له كۆی 100 كورسی پەرلەمان 25 كورسی مسۆگەر كرد. بەهاری عەرەبی بووە هۆی خۆپیشاندانی بەرفراوان بە ڕێبەرایەتی گۆڕان لە ساڵی 2011، بەتایبەتی لە ناوچەی یەکێتی کە هاوکات بنکەی سەرەکی گۆڕانیش بوون. خۆپیشاندانەکان سەرەڕای سەرکوتکردنی بەکۆمەڵ و کوشتن و توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران بۆ زیاتر لە ٦٠ ڕۆژ بەردەوام بوو. ڕۆشنبیران، نووسەران، چالاکانی سیاسی و خەڵکی ئاسایی لە گۆڕەپانی ئازادی لە سلێمانی کۆبوونەوە و داوای چاکسازییان کرد.  ئەو بزووتنەوەیە ئومێدی بۆ نەوەیەکی نوێ و کۆن دروست کرد کە لە دژایەتیکردنی دووانەیی پارتی و یەکێتیدا دوای سەرانی گۆڕان کەوتن. گۆڕان هەر زوو بوو بە حیزبی پێشڕەو بۆ چاکسازی. سەركردە كاریگەرەكانی لە نێویاندا فەرماندە سەربازییە سەرەكییەكانی پێشووی یەكێتی سەركردایەتی خۆپیشاندانی جەماوەرییان كرد و لە پەرلەمان ڕووبەڕووی پارتی و یەكێتی بوونەوە و تەنانەت بوتڵیان فڕێدایە سەر سەرۆكی پەرلەمانی پارتی. لە هەڵبژاردنی هەرێمی 2013 بزووتنەوەكە 24 كورسی بەدەستهێنا، لە بەرامبەردا لیستە جیاجیاكانی پارتی و یەكێتی بەڕیز 38 و 18 كورسییان بەدەست هێنا، بەمەش گۆڕان بووە دووەم دەسەڵاتدارترین حزب، ناتالی ئەم ئاواتە بۆ لەرزاندنی پێکهاتەی دەسەڵاتی دووانەیی لە ساڵی ٢٠١٣دا بە "شۆڕشێکی بێدەنگ" ناوبرد. زاڵبوونی دەسەڵاتی دووانەیی بەسەر فرەیی سیاسیدا  گۆڕان وەك بزووتنەوەی پێشەنگی ئۆپۆزسیۆن، لە ساڵی 2014 بڕیاریدا بەشداری لە حكومەتی نوێی هەرێم بكات و هاوپەیمانی لەگەڵ براوەی هەڵبژاردنەكاندا دروستكرد، كە پارتی دیموكراتی كوردستانە. لەسەر کاغەز، بەشداریکردنی حکومەتی گۆڕان ئامانجی جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە بوو کە بە دەنگدەران درابوون. بەڵام پارتی و یەکێتی هەرچی ریفۆرمێک بوو رەتیانکردەوە کە ببێتە هۆی هەڕەشە لە دەسەڵات و هەژموونییان. لە ساڵی ٢٠١٥دا کێبڕکێیەکی سیاسی توند لەنێوان گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر یاسای سەرۆکایەتی هەرێم دروستبوو، گۆڕان داوای جێبەجێکردنی سیستمی پەرلەمانی کرد، هاوشێوەی سیستمی عێراقی فیدراڵ. لە ئاکامدا پارتی سەرەڕای کۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی هەوڵی مانەوەی لە پۆستەکەیدا دەدا، پەرلەمانی داخست و وەزیرەکانی گۆڕانی لە حکوومەت دەرکرد. لەو کاتەوە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی هەوڵی سزادانی گۆڕانیان داوە یاخود ھاوبەشییان پێکردووە بۆ نەھێشتنی ھەڕەشەو ئەگەرەکان لە دژی ڕۆڵی دووانە، بۆیە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 نیوەی كورسییەكانی لەدەستدا بە بەراورد بە ساڵی 2013. بەڵام مەبەست لێی نەهێشتنی هەر هەڕەشەیەك بوو كە بزوتنەوەكە دەتوانێت لەسەر حكومەتی نوێ بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت دروستی بكات.  دەرکردنی گۆڕان لە حکومەت، وابەستەیی بە حزبە دەسەڵاتدارەکان و ڕکابەریی نێوان حزبەکان نیشاندەری شکستی بزووتنەوەکە بوو وەک بەدیلێکی بژاردەیی بۆ دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی، و ئەو هیوایانەی پەکخست کە بزووتنەوەیەکی مەدەنی دەتوانێت سیستەمی سیاسی بگۆڕێت. لە کۆتاییدا متمانە بوون بە بزوتنەوەی گۆڕان کاڵ بووەوە و لە هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢١دا ٩٦%ی دەنگەکانی لەدەستدا بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٤. ئەم شکستە بزووتنەوەکەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بێبەش کرد بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە. ئەم گرافیکەی خوارەوە دابەزینی ئاستی کەوتنی دەنگەکانی گۆڕان لە سێ هەڵبژاردنی کۆتایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نیشان دەدات پەراوێزخستنی سیاسی: خەڵک و بەرەنگاری دەسەڵاتداران شکستی سیاسەتی هەڵبژاردن و خۆپێشاندانی ئاشتیانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی دووانەیی پارتی و یەکێتی وایکردووە خەڵک بەتایبەتی لاوان پێیانوابێ کە پەراوێزخراون و بێبەشن لە بەشداریی سیاسی. گەیشتن بەو بڕوایەی کە دوو چینی دژ بەیەک دروستبوون کە ئەوانیش، "گەل" و "دەسەڵاتداران"ن. دەسەڵاتی نیمچە بنەماڵەیی بارزانی و تاڵەبانی لە هەرێم هیواکانی بۆ خەڵک و گەنجان لەناو بردووە کە دەتوانن خواستی سیاسییان هەبێت. پلە باڵاکانی دەوڵەت و دامودەزگا سیاسییەکان لە لایەن هەردوو حیزبەوە قۆرخ کراون. جگە لە بەرپرسانی پارتی و یەکێتی، سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتیی پەرلەمان، جێگری سەرۆکایەتیی هەرێم و سەرۆکایەتیی ئەمنی لەلایەن ئەندامانی ئەو دوو بنەماڵەیە داگیرکراوە. لە ئەنجامدا بەشداربووان ڕوونیان کردەوە کە ئەوە بنەماڵەکانن کە مافی سەرکردایەتی و حوکمڕانییان لە هەرێمی کوردستان هەیە، ڕوونیان کردەوە کە گواستنەوەی دەسەڵات تەنیا لە بازنەی ئەو دوو بنەماڵەیەدا ڕوودەدات. ئاماژەیان بەوەشکردووە، “گرنگ نییە چەندە شارەزا و لێهاتوو و خوێندەوار بیت، هەندێک پۆست پێشتر بۆ نوخبەیەک تەرخان کراوە، پێشتر دەزانیت کێ سەرۆک و سەرۆکوەزیرانە. جگە لەوەش پەراوێزخستنی سیاسی خەڵک و خۆڕاگرییان لە بەرامبەر دەسەڵاتی دووانەیی حیزبی بە ڕوونی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا ڕەنگ دەداتەوە. بە واتایەکی تر هەردوو حیزب خەریکە شەرعیەتی نوێنەرایەتی هەڵبژاردنی دانیشتووان لەدەست دەدەن. لە کاتێکدا دۆخەکە بە هێواشی بۆ پارتی لە ناوچە لاوەکییەکان بەرەو خراپتر دەڕوات، دیارە بۆ یەکێتیش بەرەو داڕمان دەڕوات. لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا کە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2021 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان 16.6% و یەکێتی 6.1% دەنگەکیان بردەوە لە کۆی 3.4 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو لە سەرانسەری سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستاندا، واتە 77.3% (2.6 ملیۆن لەو 3.4 ملیۆن دەنگدەرە) دەنگیان بە پارتی و یەکێتی نەدا. واتە 22.7%ی دەنگەکانی کۆی دەنگدەران، کەمتر لە چارەکێکی دانیشتووان پێکدەهێنن. جگە لەوەش پارتی 26.5% و یەکێتی 56.9%ی دەنگەکانی لەدەستداوە، بە بەراوردکردنی ژمارەی دەنگەکانی ئەو دوو حیزبە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ساڵی 2021 بەراورد بە 2014.  ئەم گرافیکەی خوارەوە دابەزینی ئاستی کەوتنی دەنگەکانی یەکێتی و پارتی لە سێ هەڵبژاردنی کۆتایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نیشان دەدات دۆخی ترس: لێپێچینەوەی سیاسی بۆ نەهێشتنی ناڕەزایەتی یەکێک لەو هۆکارانەی کە وەک پاڵنەرێک بۆ کۆچکردن ئاماژەی پێکراوە، ترسە لە گۆشەگیری سیاسی. لە ساڵانی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان بەهۆی پێشێلکردنی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی هاوڵاتیان و ئازادی ڕادەربڕینیان مانشێتەکانی داپۆشیوە. دەسەڵاتدارانی هەرێم ناڕەزایەتیەکان سەرکوت دەکەن و فەرمانی دەستگیرکردنی پێشوەختەی ڕێکخەرانیان داوە. زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانان و ناڕازییان دەستبەسەر کراون. هەموو هاووڵاتییەکی هەرێم ئاشنایە بە کەیسی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانی ناوچەی بادینان کە زیاتر لە دوو ساڵە دەستبەسەر کراون. پێنج کەسیان بە تۆمەتی ناڕوون بە مەترسی خستنە سەر ئاسایشی نەتەوەیی سزای ٦ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندرا. دەستگیرکردن و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە ساڵانی ڕابردوودا ترسی بۆ ئەندامانی خێزانەکان و هاوکارەکانیان دروستکردووە. دەرچووی زانکۆ و چالاکێکی سیاسی لە زاخۆ ڕوونی دەکاتەوە، “کاتێک دەبینیت ئەمڕۆ کەسێک لەسەر ڕەخنەکانی دەستگیر دەکرێت، ترست هەیە ڕۆژی دواتر نۆرەی تۆ بێت”. لێپێچینەوەی سیاسی وا لە چالاکوانان دەکات باجی بەرخۆدانەکانیان بدەن. زۆرێک لە بەشداربووان باسیان لەوە کرد کە لە ئەنجامی ئەو لێدوانانەی کە لە فەیسبووکدا دراون، چۆن دەتوانرێت مرۆڤ دەستگیر بکرێت و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت. کەسێک ئاماژەی بەوەشکردووە، جارێک کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەکی شەو لە فەیسبووک پۆستم کرد و دوای سێ کاتژمێر ماڵەکەم لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئاسایشەوە گەمارۆدرا. دوو ڕۆژ و سێ شەو دەستبەسەر بووم” چالاکوانێک وتی. یەکێکی دیکە لە بەشداربووان ڕوونی کردەوە کە لە فەیسبووک شتێکی بڵاو کردووەتەوە و ڕۆژی دوای ئەوە لەلایەن ئاسائیشەکانەوە بانگی کراوە بۆ ئەوەی سەردانیان بکات و چەند کاتژمێرێک لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە. کاردانەوەی خێرای ئاسایش، چاودێریی زیادەڕۆیی لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانی پارتی و یەکێتییەوە دەردەخات. بۆ خوێندنەوەی تەواوی توێژینەوەکە بە زمانی ئینگلیزی بڕوانە؛ -    Mera Jasm Bakr, ESCAPING FROM DUOPOLY RULE; How a Two-party System Drives Iraqi Kurdish Migration En Masse?, Konrad adenauer stiftung, May 2022; https://www.kas.de/documents/266761/0/Mera+Jasm+Bakr+-+Escaping+From+Duopoly+Rule.pdf/77824695-e4c7-a379-00a7-45895fef7ad4?version=1.0&t=1653638687052     


درەو: كتێبی (بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد)   ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن و لێکەوتەکانی دوای چەند ڕۆژێک ئەنجامەكان ئاشكرا كران و، دۆخێكی ئاڵۆز هاتە ئاراوە. یەکێتی لەرادەبەدەر لەخۆبایی ببوو؛ لەبەر ئەو پێشێلکارییانەی کردبوویانن، لایەنە سیاسییەکان دڵگران و تووڕە بوون. چەندین كۆبوونەوەی جیا جیا لەنێوان لایەنەکانی بەرە کران، بۆ ئەوەی دەرچەیەک بدۆزرێتەوە کە چۆن لەم قەیران و تەنگوچەلەمەیە دەرباز بین. ئایا ئەنجامەكان ڕەت بكرێنەوه، یان چارەسەرێکی تر بدۆزریتەوە؟ ئەوەبوو بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک لە٢١ی ئایاری ۱۹۹۲دا، پارتی و یەکێتی پێکەوە کۆ بوونەوەو گفتوگۆیەکی زۆر لەسەر بابەتەكان كرا، بەڵام لەكۆبوونەوەکەدا نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێک. دوای کۆبوونەوەکەی پارتی و یەکێتی، کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی بەرەی کوردستانی کرا و چەند بژاردەیەک خرانەروو: 1)    سەرەڕای ئەو پێشێلکارییانەی کراون، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پەسەند بكرێت . 2)    ئەنجامەكان ڕەت بكرێنەوە. 3)     ڕێژەی حەوت لە سەد نەمینیت و هەموو لایەنەكان بەشداری لەپەرلەماندا بکەن . دوای گفتوگۆیەکی زۆر، دیسان لایەنەکان نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێک و کۆبوونەوەکە بەبێ ئەنجام کۆتاییی هات. رۆژی دواتر پارتی و یەکێتی لەشەقڵاوە پێکەوە کۆ بوونەوە، بۆ ئەوەی بتوانن ڕێگەی دەرچوون لەقەیرانەكە بدۆزنەوە. دوای گفتوگۆیەکی زۆر و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گشتی، هەردوولا مەبدەئییەن لەسەر چەند خاڵێک ڕێک کەوتن کەبریتی بوون لە: 1)    ئەنجامی هەڵبژاردنەکان وەک خۆی رابگەیەندرێت. واتە پارتی 51% و یەکێتی 49%. 2)    هەموو پۆست و پلەکان نیوە بە نیوە لەنێوان هەردوولادا دابەش بکرێت. 3)    سەرۆکی پەرلەمان پارتی و، جێگرەکەی یەکێتی بێت. 4)    سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران یەکێتی و، جێگرەکەی پارتی بێت. 5)    دوای دوو مانگی تر و لە ١٥ی تەمووزی ۱۹۹۲دا هەڵبژاردنی ڕابەر و لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ۱۹۹۲دا هەڵبژاردنی پەرلەمان سەرلەنوێ بكرێتەوە. 6)    هیچ لایەنێک لەدژی یەکتر لەگەڵ لایەنێکی دی رێک نەکەوێت.  7)    مەسعود بارزانی و مام جەلال بەیاننامەیەکی هاوبەش بڵاو بكەنەوە لەسەر هەڵبژاردنی ڕابەر. ئەم حەوت خاڵه، بژاردەیەکی بەردەممان بوو. بژاردەی تر، کە ڕێککەوتنی لەسەر کرا بریتی بوو لە هەڵگرتنی رێژەی (7%) و بەشداریکردنی هەموو لایەنەكان لەپەرلەمان بەپێی دەنگەکانیان . پێویستە لێرەدا ئاماژە بە فێلێکی یەکێتی بكرێت. هێشتا حوبری ڕێککەوتنەکە وشک نەببووەوە کە یەکێتی بەنهێنی چەتۆ حەویزییان ناردە لای حاکم ئەمیر حەوێزیی سەرۆکی لیژنەی هەڵبژاردنەکان و ئاگاداریان کردەوە کە پارتی و یەکێتی ڕێک کەوتوون و، ئێستا سەرکردایەتیی هەردوولایان دێنە هەولێر بۆ ئەوەی تۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان رابگەیەنیت بەشێوەیەک کە پەنجا بە پەنجا بێت نە (51%) بە (49%). ئێمەش سەردانی هەولێرمان کرد و هەموو کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆ و دەرەوەش ئامادەبوون، بەڵام هەموو لایەنەكان ئامادەنەبوون و ڕایانگەیاند کە تا هەڵبژاردنەکانی ١٥ی تشرینی یەکەم چاوەرێ دەکەن و پشتگیریی پەرلەمان و حکوومات دەکەن، ئەم هەڵوێستەیان بەڕاستی هەڵوێستێکی بەرپرسیارانە بوو. حاکم ئەمیر هات و لەبەرچاوی هەموو لایەنەکان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنە ناوخۆیی و جیهانییەكان ئەنجامەکانی ڕاگەیاند . جارێکی تر تووشی قەیرانێکی تر بووینەوە. کەوتینە دوو ڕیانێکی ناخۆش. ئەگەر دەنگ بکەین و ئەنجامەكان ڕەت بكەینەوه، بێهیواییەکی زۆر گەورە دروست دەبێت و لەبەرچاوی دنیا سووک و ڕیسوا دەبین. ئەگەر بێدەنگی هەڵبژێرین ئەوە فێلێکی گەورە کراوەو جارێکی تر پێشێلکاری ڕووی داوە. کاتێک بانگی حاکم ئەمیرم کرد هۆكارەكەم لێ پرسی، لە وەلامدا گوتی: «بەخوا چەتۆ هاتە لام و پێی گوتم، پارتی و یەکێتی ڕێک کەوتوون کارێک بکە ئەنجامەکان وەک یەک بن. منیش لەسەر ئەم بنەمایە ئەنجامی چەند ناوەندێکی هەڵبژاردنم کە پارتی زۆرینەی دەنگەکانی هێنابوو، هەڵوەشاندەوە بۆ ئەوەی ئەنجامەكان بەم شێوەیە بڵاو بكەینەوە». منیش زۆر لێی تووڕە بووم و پێم گوت: «ئەی خائین، تۆ خیانەتت لەپیشەکەت و لەو متمانەو ئەمانەتت کرد کە پێمان بەخشیبووی. دوای ئەم قسانە دەستی بەگریان کرد و گوتی: «خۆم دەکوژم، چونکە نەمزانی بەم شێوەیەیە». زۆر پاڕایەوەو تکایەکی زۆری کرد و گوتی: «ئێستا دەڕۆم و راستییەکان دەڵێم و ئاشکرا دەکەم». منیش پێم گوت: «تازە تەواو، ڕۆیشت». لەكۆتاییدا بەناچاری ڕەشنووسی پەنجا بە پەنجا پەسەند کرا، چونکە بۆ ئەو سەردەم و بارودۆخ و قۆناغە هیچ رێگا چارەیەکی تر نەبوو. ئەمە ئیجابیاتی خۆشی هەبوو، چونکە شەر ڕووی نەدا و ناوبانگ و سومعەی گەلەکەمان لەبەردەم چاوی جیهان پارێزرا و نەشكا، بەڵام هەڵەی گەورە ئەوەبوو کە هەڵبژاردنەكان لەو کاتەی کە بڕیاری لەسەر درابوو، نەکرانەوە. دواتر برووسکەیەکم بو هەموو لق و ناوچەو هێزەکان و دەزگا و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن نارد بەژمارە (٦٨٧) لە٢٣/٥/١٩٩٢. لە برووسکەکەدا بەوردی باسم لە پرۆسەکە کرد و هەموو بابەتەکانم بەوردی ڕوون کردەوەو باسی هۆکارەکانی پەسەندکردنی هەڵبژاردنیشم کرد و لە کۆتاییدا ئاماژەشم دا کە ئەوەی کراوە ڕێككەوتنە نەک پەسەندکردنی ئەنجامەکان بۆ زانیاریی زیاتری خوێنەران حەز دەکەم ئەو راستییە بخەمە ڕوو، لیستی پارتی کە بەتەنها بوو، ٤٣٧٨٧٩ دەنگی بەدەست هێنا کە دەکاتە ٤٥.٢٧% و، یەکێتی و زەحمەتکێشان ٤٢٣٨٣٣ دەنگیان بەدەست هێنا کە دەکاتە ڕێژەی ٤٣.٨١% و، دوای دابەشکردنی دەنگی حیزبەکانی تر کە ڕێژەی ٧% یان تێ نەپەڕاندبوو، ژمارەی دەنگەکانی پارتی بوو بە ٤٩١٤٩٧ دەنگ، کە دەکاتە ڕێژەی ٥٠.٨١% و ژمارەی دەنگەکانی یەکێتی و زەحمەتکێشانیش بوو بە ٤٧٥٧٣١ دەنگ کە دەکاتە ڕێژەی ٤٩.١٨%ی دەنگەکان . سەرباری هەموو ئەو گیروگرفت و کێشانەی ڕوویان دا، ڕۆژی ١٩/٥/١٩٩٢ ڕۆژێکی پیرۆز و وەرچەرخانێکی گەورەو مێژوویی بوو لەخەباتی گەلەکەماندا. هەر لەبەر بایەخی ئەم پرۆسە مێژوویییە چەندین بەڵگەنامەی تایبەت بەم پرسە گرنگە لەبەشی بەڵگەنامەکانی ئەم كتێبەدا بڵاو دەكرێنەوە. رۆژی۳۰ی ئایاری ۱۹۹۲، دکتور مەحموود و ڕەسووڵ مامەند و عادل موراد و شێخ محەمەد شاکەلی و عەبدوڵلا ئاگرین سەردانیان کردم. ئەوان خۆشحاڵی و سوپاسی خۆیان نیشان دا بەرانبەر بەم هەڵویستە نیشتمانی و نەتەوەییەی پارتی کە لە برووسکەکەمدا هاتبوو. لەبەشێکی تری كۆبوونەوەکەدا گرنگیدان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەكان دووپات کرایەوە. هەروەها رایانگەیاند کە نزیکە سۆشیالیست و پاسۆک و پارتی گەل یەک بگرن و ببن بەیەک حیزب، ڕۆژی ٤ی حوزەیرانی ۱۹۹۲، پەرلەمانی هەڵبژیردراو دەستی بە کۆبوونەوەکانی کرد. لەکۆبوونەوەی یەکەمدا حەسەن كانەبی بڵباس وەک بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکەی کرد، دواتر ئەندامانی پەرلەمان سوێندی یاسایییان خوارد. دواتر جەوهەر نامیق سالم بەسەرۆکی پەرلەمان و حەمە تەوفیق وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژیردران، بەڕاستی رۆژێکی مێژوویی بوو. سەرچاوە؛ مەسعود بارزانی؛ بارزانی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی پێنجەم، ڕاپەڕین دەرفەرت و ئاستەنگەکان ١٩٩١ – ٢٠٢٢، چاپی یەکەم حوزەیرانی ٢٠٢٢، ل ١١٧ – ١٢٠.   


ئامادەكردنی: نەوزادی موهەندیس •    ئاشكرایە سووتەمەنی لەم قۆناغ و سەردەمەدا كە هۆكارەكانی گواستنەوەی وشكانی و ئاسمانی و دەریایی لە ئۆتۆمبێل و فڕۆكە و پاپۆڕ و ....هتد.ژمارەیان گەلێك زۆر بوون و هەموانیشیان پێویستیان بە جۆرە جیاوازەكانی سووتەمەنی هەیە لە ((غازی سروشتی و بەنزین و گازۆیل و نەفتا و....هتد)). هەربۆیە وڵاتان و كۆمپانیاكان كەوتونەتە خۆ بۆ بەرهەمهێنانی باشترین جۆری سووتەمەنی بۆ هەریەكە لەو جۆرە جیاوازانەی هۆكارەكانی گواستنەوە كە سیفاتی زۆر باشیان تیادا بێت لە سووتاندن و پیسنەكردنی ژینگە و خاوێن سووتاندن و زیان نەگەیاندنی بە ماكینەی هۆكارەكانی گواستنەوەكان و نەبوونی پاشماوە و پاشەڕۆ. •    لێرەدا بەتایبەتی باس لە سووتەمەنی ((بەنزین یان گازۆلین))ی ئۆتۆمبێل دەكەین كە زۆرترین خواستی لەسەرە بۆ بەكارهێنان بەهۆی زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێلەوە لە جیهاندا. •    مەبەست چیە لە بەنزین؟ بەنزین((سووتەمەنی)): بەنزین لە ئەمریكای باكوردا بە گازۆلین ناودەبرێت یان بە پتڕۆڵ لە یەكێتی كۆمۆنوێلسەكاندا، و لەهەندێك وڵاتیشدا پێی دەوترێت ((ڕۆحی ماتۆڕ)): بریتیە لە شلەیەكی تێكەڵاو كە لەنەوتی خاوەوە وەرگیراوە كە لە بنەڕەتدا لە هایدرۆكاربۆن پێكهاتوە،وەك سووتەمەنی بەكاردێت لە مەكینەی سووتانی ناوخۆییدا. * بەنزین لە چی  پێكدێت ؟ سووتەمەنی بەنزین:  بریتیە لە شلەیەكی پێكهاتە سوك،لەگرنگترین سیفاتەكانی ئەوەیە كە ڕەنگی نیە بەڵام بۆنێكی تیژی هەیە،و توانای گڕگرتنی هەیە،C6H6 بریتیە لەناوی كیمیاوی بەنزین.كەئەو پێكهاتەیە بریتیە لە بازنەیەكی شەشی،كە بە ساكارترین بازنە یان بەش دادەنرێت لە كیمیای ئۆرگانیدا. بەشێوەیەك پێكهاتەی بەنزین بریتیە لە ساكارترین پێكهاتە هایدرۆكاربۆنیە ئەڕۆماتیەكان. •    جیاوازی چیە لە نێوان پتڕۆڵ و بەنزیندا ؟ ئەپیری پتڕۆڵ لە بنەڕەتدا وەك توێنەرەوە بەكاردێت لە تاقیگەدا. •    جیاوازی چیە لەنێوان بەنزین(( وەك توخم)) و بەنزین وەك ((سووتەمەنی)) دا؟ بەنزین((توخم)):بریتیە لەگەردێكی هایدرۆكاربۆنی،بەڵام بەنزین((سووتەمەنی)):بریتیە لە تێكەڵەیەكی هایدرۆكاربۆنی. بەنزین((توخم)): بریتیە لە هایدرۆكاربۆنێكی ئەڕۆماتی بازنەیی ، بەڵام بەنزین((سووتەمەنی)) لە هایدرۆكاربۆنات پێكدێت. •    لە بنەڕەتدا توخمی بەنزین توخمێكی ئەندامی بازنەییە و بۆن تیژە و تێكەڵ بە سووتەمەنی ئۆتۆمبێل دەكرا.نەك بۆ خۆی سووتەمەنی بێت،بەڵام بەهۆی زۆر بەكارهێنانیەوە لەئێستادا بە سووتەمەنی ئۆتۆمبێل ناودەبرێت. •    ناوی زانستی بەنزین چییە؟ بەنزین C6H6 ،فینیل،یان بێنزۆڵ: بریتیە لە شلەیەكی بێ‌ ڕەنگ و توانای گڕگرتنی هەیە،بۆنێكی خۆشیشی هەیە. •    جۆرەكانی بەنزین كامانەن؟ بۆ نموونە،بەنزینی 95 (( بۆ ئەو مەكینەی ئۆتۆمبێلانە گونجاوە كە ڕێژەی فشار تیایدا 11 یە كە ئۆتۆمبێلە نوێكان دەگرێتەوە)) .بەڵام ئۆتۆمبێلە كۆنەكان كە بە مەكینەی ئاسایی دەڕوات،ئەوا دەتوانرێت بەنزینی 90 بەكاربهێنرێت.جا گونجاوترین جۆری بەنزین بریتیە لەو بەنزینەی كە ڕێگەدەگرێت لە ((لێدانی مەكینە)).جا هەر ئۆتۆمبێلێكیش لە ڕێبەری كۆمپانیاكەدا جۆری گونجاوی بەنزینەكەی دیاریكردوە كە دەكرێت هەركەسێك سەیری ئەو ڕێبەرە بكات. •    بەنزین جۆری جیاوازی هەیە ،كامەیان گونجاوە بۆ ئۆتۆمبێلەكەت؟ پڕۆسەی دروستكردنی بەنزین بریتیە لە كرداری دڵۆپاندنی نەوتی خاو لە پاڵاوگەكاندا و لەوكاتەدا پێی دەوترێت ((بەنزینی سروشتی)) ،كە تەنها هەندێك سیفات و توخمە زیادكراوەكانی كەمە پێش ئەوەی ئامادەبێت بۆ بەكارهێنان لەلایەن مەكینەی ئۆتۆمبێلەكانەوە.جا بەناوبانگترینی ئەو سیفاتانە بریتیە لە(( ژمارەی ئۆكتان )). ژمارەی ئۆكتان: دادەنرێت لە گرنگترین سیفاتەكانی بەنزین كە بەدیاریكراوی بەمانای توانای بەنزین دێت لەسەر بەرەنگاری سووتان لەناو مەكینەدا. و گەلێك جۆری هەیە كە لەنێوان ژمارە ((0-100))یە.بەنزینی ئۆكتان بەرز بریتیە لە 95% لە ئایزۆ ئۆكتان و 5% لە نۆڕمەڵ هێپتان،واتە بەرەنگاری بۆ سووتانی سووتەمەنی بریتیە لە 95%.بەڵام سووتەمەنی ئاسایی بریتیە لە 90% لە نۆڕمەڵ هێپتان و 10% ئایزۆ ئۆكتان واتە ژمارەی ئۆكتانی نزمە یان ئاساییە و بەرەنگاری بۆ سووتانی سووتەمەنیەكەش نزمە. بەنزینی سروشتی تەنها لە ((هێپتان)) پێكدێت،لەخۆوە گڕدەگرێت لەپلەی گەرمی 85 پلەی سەدیدا، لەبەرئەوە بەكەڵك نایەت بۆ ئەو مەكینەی ئۆتۆمبێلانەی كە ڕێژەی فشاریان بەرزە،لەبەرئەوە كۆمپانیاكان هەڵدەستن بە زیادكردنی ((ئۆكتان)). جا جۆری بەنزین پشتدەبەستێتە سەر ((ژمارەی ئۆكتان))ی بەكارهاتوو بۆ ئۆتۆمبێل لەسەر ئاستی گونجاندنی ئەو بەنزینە بۆ مەكینەكە.ئەوەش دیاریدەكرێت لەسەر سیفەتی مەكینە كە پێی دەوترێت ڕێژەی پەستان.كە لەنێوان  ژمارە ((7-12))یە. جا هەركاتێك ڕێژەی پەستان لە مەكینەی ئۆتۆمبێلدا دابەزی ئەوا لەگەڵ بەنزینێكدا دەگونجێت كە ژمارەی ئۆكتانی نزم بێت. بۆ نموونە: بەنزینی 95 (( واتە ژمارەی ئۆكتانی 95 و بەرزە كە بەمانای ئەوەیە سووتەمەنیەكە بەرەنگاری زیاتر دەكات بۆ سووتانی خۆیی واتە لە پێش كاتی دیاریكراوی خۆیدا)) دەگونجێت بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە مەكینەكانیان ڕێژەی پەستان تیایاندا بریتیە لە 11 كە بریتین لە ئۆتۆمبێلە نوێكان. بەڵام ئۆتۆمبێلە كۆنەكان كە بەمەكینەی ئاسایی دەڕۆن دەتوانرێت بەنزینی 90(( واتە ژمارەی ئۆكتانی نزمە و 90 و ئەمەش بەمانای ئەوە دێت كە بەرەنگاری بۆ سووتانی سووتەمەنیەكە كەمە و لەخۆوە گڕدەگرێت پێش كاتی دیاریكراوی خۆی و دەبێتە هۆی لێدانی مەكینە)) /بەڵام بۆ ئۆتۆمبێلە كۆنەكان بەكاردێت.بەهەرحاڵ و بەشێوەیەكی گشتی ئەو بەنزینە گونجاوە كە ڕێگەدەگرێت لە ((لێدانی مەكینەی)) ئۆتۆمبێل. •    كاریگەرییە خراپەكانی بەنزین  نەگونجاو: هەركاتێك بەنزینێك بەكارهات كە ژمارەی ئۆكتانی نزم بوو بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە مەكینەكانیان بەهێزە و ڕێژەی پەستان تیایاندا بەرزە ئەوا دەبێتە هۆی،لەناوبردنی مەكینەی ئۆتۆبێلەكە بەهێواشی و قۆناغ بەقۆناغ،بەهەمان شێوە بەكارهێنانی بەنزینی ئۆكتان بەرزیش بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە ڕێژەی پەستانیان نزمە دەبێتە هۆی لەكیسچوونی بەنزینەكە كاتێك بەنرخێكی گران دەكڕدرێت و هیچ سوودێكی ئەوتۆشی نابێت بۆ ئۆتۆمبێلەكە.لەبەرئەوەی لەوكاتەدا ئۆتۆمبێلەكە ناتوانێت زەبر و ژمارەی ئەسپی دیاریكراو بەدەستبێنێت. •    جا بۆ زانینی جۆری بەنزینی گونجاو بۆ ئۆتۆمبێل،كۆمپانیاكانی ئۆتۆمبێلە نوێكان ڕێبەرێك هاوپێچی ئۆتۆمبێلەكە دەكەن كە سیفاتی ئۆتۆمبێلەكە و جۆری بەنزینی گونجاوی تیادایە.ئەگەر ئەو ڕێبەرەش نەبوو ئەوا لەسەر قەپاغی تانكی بەنزینەكە كۆمەڵێك ڕێنمایی تیادایە كە بەدڵنیایی جۆری بەنزینی گونجاویشی تیادا نوسراوە. •     لە ساڵانی بیستەكانی سەدەی بیستدا بەنزینی ئاسایی پێش بەكارهێنانی توخمە زیادكراوەكان دەبوە هۆكاری لێدانی مەكینەی ئۆتۆمبێلەكان،بەهۆی زوو سووتانیەوە،تا لێكۆڵینەوەكان دەریانخست كە زیادكردنی پێكهاتەكانی ڕەصاص ئەو كێشەیە چارەسەر دەكات و جۆری بەنزینەكەش باش دەكات.(( كۆنتڕۆڵی زوو سووتان یان لەخۆوە سووتانی بەنزینی دەكرد)). بەڵام دوای چەند دەیە ساڵێك (( بەدیاریكراویش لە سەرەتای ساڵی حەفتاكاندا)) كاریگەریە خراپەكانی توخمە ڕەصاصیەكان لە بەنزیندا دەركەوت لەسەر ژینگە و تەندروستی مرۆڤ بەهۆی ئەو گازە نەبینراوانەی كە دەریدەكاتە هەواوە كە بە توخمی سەرەتانی ناسراون،هەربۆیە توخمە ڕەصاصەكان گۆڕدرا بە جۆری تر لە توخمە زیادكراوەكان. و ئیدی بەنزێنی بێ‌ ڕەصاص بەرهەم هات لە جیهاندا،كە هەمان مەبەست و ئامانج  دەپێكێت كە بریتیە لە باشكردنی جۆری بەنزینەكە و بەرزكردنەوەی ژمارەی ئۆكتانەكەی. •    توخمە زیادكراوەكان كامانەن كە زیاد دەكرێن بۆ بەنزین بەمەبەستی باشكردنی جۆرەكەی و بەرزكردنەوەی ژمارەی ئۆكتانەكەی؟ گەلێك توخم زیاد دەكرا و دواتریش و تائێستاش زیاد دەكرێت بۆ سووتەمەنی ئۆتۆمبێل بەمەبەستی بەرزكردنەوەی ژمارەی ئۆكتانەكەی بۆ ئەوەی دیاردەی لێدانی مەكینەی ئۆتۆمبێل ڕوونەدات كە زیان دەگەیەنێت بە مەكینەی ئۆتۆمبێلەكان لەو توخمانە: 1.    لە سەرەتای ساڵانی بیستەكانی سەدەی بیستەوە تا ساڵانی حەفتاكان توخمە ڕەصاصەكان زیاد دەكرا بەڵام دواتر بەهۆی زیانەەكانی بۆ سەر ژینگە و تەندروستی مرۆڤ قەدەغەكران،گرنگترین توخمیش بریتی بوو لە چوارەم ئەپیلی ڕەصاص Methyl tertiary-butyl ether (( MTBE)) كە ڕەمزە كیمیاویەكەی بریتیە لە C5H12O.  لە سوودەكانی ئەم توخمە بریتی بوو لە كەمكردنەوەی گازی CO لەهەوادا كە زیانبەخشە ،لەگەڵ هەموو پێكهاتە كاربۆنیەكانی تریشدا.هەروەها زوو دەبێتە هەڵم،لەئاودا دەتوێتەوە. 2.    لەدوای قەدەغەكردنی توخمە ڕەصاصەكان هەندێك توخمی كیمیاوی تر زیاد كران بۆ سووتەمەنی وەك: •    هایدرۆكاربۆناتە ئەڕۆماتیەكان. •    ئیپەرەكان •    سووتەمەنی كحولی(( ئیپانۆڵ و میپانۆڵ)) •    دیاردەی لێدانی مەكینە چییە antiknock ؟ لێدانی مەكینە ڕوودەدات كاتێك سووتەمەنی گڕدەگرێت لەتێكەڵەكەیدا لەگەڵ هەوا كە نوساوە بە ڕووی ئاگرەكەوە لە سلندەری مەكینەی ئۆتۆمبێلدا پێش گەیشتنی ((پڕیشك)) كە دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی فشار بەشێوەیەكی نائاسایی.ئەو بەرزبونەوەیە وەك دەنگێكی میكانیكی دەبیسرێت و بەو دیاردەیە دەوترێت ((لێدانی مەكینە)). كاتێك كە سووتەمەنی گڕدەگرێت پێش ئەوەی بگاتە ئەو جێگەیەی كە پێویستە لەخۆوە گڕبگرێت بەبێ‌ پێویست بوونی بە پڕیشكی ئاگر ((مانای گڕگرتن پێش كاتی گونجاو و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە سوود لە سووتەمەنی وەرنەگیرێت)). •    ئەو كارلێكانەی پێش پڕیشكی ئاگر  ڕوودەدەن reaction  preflame   دەبنە هۆی دروستبوونی ئۆكسیدەبوون peroxide . •    پێویستە ئەو ئۆكسیدانە لەخۆوە گڕنەگرن. •    پێویستە لەكاتی گونجاودا گڕ بگرن. •    ئەوە دەبێتە هۆی دروستبوونی فشارێكی نائاسایی لەمەكینەدا و بەكەمی سوود لە سووتەمەنی وەردەگیرێت. •    ئایا بەنزین توخمێكی ژەهراویە؟ بەنزین توخمی ڕەصاص لەخۆدەگرێت،كە توخمێكی زیانبەخشە بە تەندروستی مرۆڤ و دەبێتە هۆكاری نەخۆشی((كەمبوونی خوێن)) و سووربونەوەی درێژخایەنی  گورچیلەكان یان سستبوونی گورچیلەكان،ڕێگەدەرگرێت لە چاكبونەوەی نەخۆشی نوقرس((نەخۆشی جومگەكان))،دەبێتە هۆكاری سووربونەوەی جگەر و داڕزانیشی،زیانگەیاندن بە زراو،ترشەڵۆكی گەدە،ڕەنگە ببێتە لەهۆشچوونی جگەری، و ....هتد. •    جیازای چییە لەنێوان بەنزینی جۆری  90 و جۆری 95دا؟ ژمارەی ئۆكتان  RON: بریتیە لە پێوەر و دەرخەری توانای سووتەمەنی لەكاتی سووتاندا. هەروەها  ژمارەی ئۆكتانیش RON:  بریتیە لە پیشاندەری  بڕی هێپتان((C7H16)) لە تێكەڵەی بەنزیندا،جا بەنزینی 95 بڕێكی زۆر لە ئۆكتان(( C8H18)) لەخۆدەگرێت لە تێكەڵەی بەنزینەكەدا بەبەراوورد بە بەنزینی 90 كە بڕێكی زیاتر و بەرزتر لە هێپتان لەخۆدەگرێت بەبەراوورد بە بەنزینی 95، جا ئۆكتان و هێپتان بریتین لە بەشێك یان دوو پێكهاتەی تێكەڵەی بەنزین نەك بەتەنها بەنزین هەر لەو دوو پێكهاتەیە پێكهاتبێت.بەڵكو بەنزین لە 500توخمی ئەندامی پێكدێت كە 25 توخمیان بەشی زۆری پێكدێنن لەگەڵ توخمە زیادكراوە كیمیاویەكاندا. •    بەنزین بۆ چی دەبێتە هەڵم وهەڵدەچێت؟ بەنزین زیاتر لە گاز((دیزڵ )) و كیرۆسین ((نەوتی سپی)) هەڵدەچێت یان دەبێتە هەڵم.نەك تەنها بەهۆی ڕێكخستنی زنجیرەیی  لەكاتی دڵۆپاندنیدا لە پاڵاوگەكاندا،بەڵكو بەهۆی ئەو توخمە زیادكراوانەوە كە بۆی زیاد دەكرێت.جا توخمی سەرەكی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بەهەڵمبوونی بەنزین بریتیە لە بیوتان.هەروەك چۆن ڕێژەی بەهەڵمبوون پشتدەبەستێتە سەر پلەی گەرمی دەوروبەر،جا هەر كات پلەی گەرما بەرز بوو ئەوا ڕێژەی بون بەهەڵم زیاد دەكات. •    هەندێك تێبینی لەكاتی تێكردنی بەنزین بۆ ئۆتۆمبێلەكان... 1.    باشترە لەكاتی بەیانیاندا بەنزین بكرێتە ئۆتۆمبێلەكانەوە بەهۆی نزمی پلەكانی گەرما. 2.    لەكاتی تێكردنی بەنزین بۆ ئۆتۆمبێلەكان دەمانچەی بەنزینەكە بخرێتە سەر ئاستی هێواش نەك زۆر خێراكەی. 3.    باشترە  هەموو كات بەنزین بكەیتە ئۆتۆمبیلەكەتەوە كە تانكیەكە نیوە بێت نەك تەواو بەتاڵ بێت چونكە تا بڕی هەوا كەمتر بێت لەتانكیدا ئەوا ڕێژەی بەهەڵبوون كەمتر دەبێت. 4.    كاتێك لە بەنزیخانەدا تانكی بەنزین یان هەر سووتەمەنیەك بەتاڵ دەكەن. بەنزین مەكەرە ئۆتۆمبێلەكەتەوە چونكە پیسی و خەوشی ناو تانكی بەنزیخانەكە دێتە ناو تانكی ئۆتۆمبێلەكەتەوە.  


(درەو): "سیستمی سیاسی ئێستای عێراق بڕوخێت تەنیا شیعە زەرەرمەند نابێت، بۆیە داوا دەكەم كۆنگرەیەكی دیالۆگی نیشتمانی سازبدەین بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر" هادی عامری وای بە سەرۆكی حزبە سیاسییەكانی هەرێم وتووە.  دوێنێ هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی (فەتح) سەردانی هەرێمی كوردستانی كردو لەماوەی رۆژێكدا  (بارزانی، عەلی باپیر، بافڵ تاڵەبانی، شاسوار عەبدولواحید‌و سەلاحەدین محەمەد بەهادین)ی بینی.  بەپێی زانیارییەك كە لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو یەكگرتووی ئیسلامی دەست (درەو) كەوتووە، لەم سەردانەیدا بۆ هەرێمی كوردستان، هادی عامری دەستپێشخەرییەكی بە سەرۆكی حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان راگەیاندووە سەبارەت بەو قەیرانە سیاسییەی كە عێراقی تێكەوتووە. سەرچاوەكە بە (درەو)ی راگەیاند، عامری پێشنیازی كردووە كۆنگرەیەكی دیالۆگی نیشتمانی بە بەشداری هەموو لایەنە سیاسییەكان (بە ئۆپۆزسیۆن‌و دەسەڵاتەوە) بەڕێوەبچێت‌و لەو كۆنگرەیەدا بڕیار لەسەر چۆنیەتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق‌و سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بدرێت.  بەر لە هاتنی بۆ هەرێمی كوردستان، عامری لە بەغداد چاوی بە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان كەوت وەكو دیارترین سەركردەی پێكهاتەی سوننە، دوای گەڕانەوەشی لە هەرێمی كوردستان بڕیارە سەردانی موقتەدا سەدر بكات بەمەبەستی ئاگاداركردنی لە دەستپێشخەرییەكە‌و هەڵوێستی لایەنەكان.  موقتەدا سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021 دوای كشانەوەی لە پەرلەمان، ئێستا تاوەكو كۆتایی ئەم هەفتەیە مۆڵەتی بە ئەنجومەنی دادوەریی داوە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بدات، دادگا وەڵامی داوەتەوە‌و دەڵێ" لە دەسەڵاتی مندا نییە پەرلەمان هەڵوەشێنمەوە".  سەدر رۆژی شەممەی هەفتەی داهاتووی وەكو وادەی سازدانی خۆپیشاندانێكی ملیۆنی لە گۆڕەپانی (تەحریر)ی بەغداد دیاریكردووە، هەمان ئەو گۆڕەپانەی كە ساڵی 2019 خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەری تێدا كراو حكومەتی عادل عەبدولمەهدی ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە كرا.  بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆكی حزبە سیاسییەكانی هەرێم، هادی عامری باسی لەوە كردووە، بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵیی، بەر لە سازدانی هەر هەڵبژاردنێكی نوێ لە عێراق دەبێت یاسای هەڵبژاردنەكان هەموار بكرێت، داواكارییەكەی سەدر بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەبێ هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە پەرلەمانەوە گونجاو نییە‌و دەبێت چارەسەری ئەم داواكارییە‌و داواكاری لایەنەكانی تر لەچوارچێوەی كۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیدا بخرێتەڕوو.  عامری سەرباری ئەوەی بەشێكە لە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، بەڵام پەیوەندی لەگەڵ موقتەدا سەدریش باشە‌و دەیەوێت پێگەی خۆی بۆ چارەسەری ناكۆكی ناوماڵی شیعە بەكاربهێنێت، لە گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆكی لایەنەكانی  هەرێمی كوردستان وتویەتی" ئەو كێشەیەی ئێستا هەیە لە كێشەی ناو ماڵی شیعە تێپەڕیوە‌و بووە بە كێشەی هەموو عێراق‌و وڵات لەبەردەم مەترسیدایە، ئەگەر سیستمی سیاسی ئێستا هەڵوەشێتەوە، هەموان زەرەرمەند دەبن نەك بە تەنیا شیعە، بۆیە دەبێت هەموان پێكەوە چارەسەری ئەم دۆخە بكەن". لە رۆژی 30ی تەموزەوە لایەنگرانی سەدر تەلاری پەرلەمانی عێراقیان كۆنترۆڵكردووە، ئەمە لەكاتێكدا رویدا لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ فالح فەیاز+ عەبادی+ عەممار حەكیم) كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران (محەمەد  شیاع سودانی) یەكلاكردەوەو ئامادەكارییان دەكرد بۆ سازدانی دانیشتنی پەرلەمان‌و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار‌و پاشان راسپاردنی سودانیی بە پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەت بەبێ بەشداری سەدرییەكان.  موقتەدا سەدر كە (73) پەرلەمانتاری خۆی لە پەرلەمان كشاندەوە بەبەهانەی ئەوەی لایەنەكانی چوارچێوە رێگریی دەكەن لەوەی لەگەڵ (حەلبوسی‌و بارزانی)دا كابینەی نوێی حكومەت پێكبهێنێت، ئەمجارە لە بری پەرلەمانتارەكانی هەزاران لایەنگری خۆی ناردە سەر پەرلەمان‌و دانیشتنەكانی پەرلەمانی پەكخست.  داواكاری سەرەكی ئێستای سەدر ئەوەیە پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە‌و هەڵبژاردنێكی نوێ بكرێت، سەدر دەیەوێت هەڵبژاردنە نوێیەكە لەلایەن حكومەتی ماوە تەواوبووی مستەفا كازمییەوە سەرپەرەشتی بكرێت، بەڵام لایەنەكانی چوارچێوە دژی بەردەوامبوونی حكومەتی كازمین‌و  پێیانوایە كازمی پاڵپشتی لە سەدر دەكات‌و هۆكار بووە بۆ ئەوەی دەنگی ئەوان لە دواین هەڵبژاردندا كەمبكات. سەرباری ئەمە، سەدرییەكان دەیانەوێت بە هەمان یاسای هەڵبژاردن (فرە بازنەیی)‌و هەمان كۆمسیۆنەوە هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی نوێ بكرێت، بەڵام لایەنەكانی چوارچێوە داوای گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن‌و كۆمسیۆن دەكەن‌و بۆ ئەمەش پەنایان بۆ بڕیاردێكی دادگای فیدراڵی بردووە كە تێیدا داوای گۆڕینی شێوازی جیاكردنەوە‌و ئەژماركردنی دەنگەكان دەكات لە شێوازەی (ئەلیكترۆنی)یەوە بۆ شێوازی (دەستیی)‌و هاوكات داوای دەستكاریكردنی پەیكەری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەكات.  لایەنە كوردییەكان بەدیاریكراویش پارتی‌و یەكێتیی هەر لە سەرەتاوە بوو بە بەشێك لە ناكۆكی ناو ماڵی شیعە، پارتی بەر لە هەڵبژاردن لێكتێگەیشتنی لەگەڵ سەدر كرد‌و دوای هەڵبژاردنیش هاوپەیمانێتی (هاوپەیمانی رزگاری نیشتمان)، یەكێتیش دوای هەڵبژاردن چووە پاڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ رێككەوتنێكی نوسراو لەگەڵ چوارچێوەدا ئیمزا بكات، شەڕی گەورەی هەردوولا ئەوە بوو كامیان پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق ببەن.


  شیكاری: درەو لەهەردوو ساڵی (2021 و 2022)، بە ڕێژەی (59%) خەرجی پرۆژەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زۆنی زەرد و (41%)ی خەرجی پرۆژەکان لە زۆنی سەوز بووە. لە ساڵی (2022) لە کۆی (851) پرۆژەی پێشنیارکراوو بەردەوام (520) پرۆژەی بە ڕێژەی (61%) لە زۆنی زەردن. پرۆژەو خەرجی پارێزگاکانی هەرێم لە ساڵی (2021) بەپێی بەڵگەنامەیەک کە پەرلەمانتار (بەڵێن ئیسماعیل) بڵاوی کردووەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2021)دا بەپێی نوراوی ژمارە (2560 لە 25/2/2021) ڕەزامەندی خەرجکردنی بڕی (349 ملیار و 720 ملیۆن) دیناری بۆ پرۆژەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە. بەپێی بەڵگەنامەکە، بڕی (205 ملیار و 370 ملیۆن) دینار بە ڕێژەی (59%) بۆ پرۆژەکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و ئیدارەکانی سۆران و زاخۆ (زۆنی زەرد) تەرخان کراوە. بڕی (144 ملیار و 350 ملیۆن) بە ڕێژەی (41%)  بۆ پرۆژەکانی سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین (زۆنی سەوز) تەرخان کراوە. (بڕوانە خشتەو چارتی ژمارە (1))          پرۆژەو خەرجی پارێزگاکانی هەرێم لە ساڵی (2022) لە ساڵی (2022) لە کۆی (851) پرۆژەی پێشنیارکراوو بەردەوام (520) پرۆژەی بە ڕێژەی (61%) لە زۆنی زەردن و (331) پرۆژەی بە ڕێژەی (39%) لە زۆنی سەوزن. بڕی (187 ملیار و 54 ملیۆن) دینار بە ڕێژەی (59%) بۆ (520) پرۆژەی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و ئیدارەکانی سۆران و زاخۆ (زۆنی زەرد) تەرخان کراوەو دەکرێت. بڕی (128 ملیار و 293 ملیۆن) بە ڕێژەی (41%)  بۆ (331) پرۆژەی سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین (زۆنی سەوز) تەرخان کراوەو دەکرێت. (بڕوانە خشتەو چارتی ژمارە (2)) بەڵگەنامەکان  


درەو: شۆڕشنامە مەسعود بارزانی لە كتێبی بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد، دەڵێت سامی عەبدولڕەحمان دەیویست پارتی بكاتە حزبێكی ماركسی لەماوەی نێوان (11 تا 16ی ئابی 1976) لە شاری بەرلینی ئەڵمانیا، كۆنفرانسی پارتی بە بەشداریی حەفتا بۆ هەشتا هەڤاڵ لە ئەندامانی پێشووی پارتی وەك سامی عەبدولڕەحمان، نووری شاوەیس‌و چەندین كادیری پێشكەوتووی پارتی بەسترا. لە كۆنفرانسەكەدا، سامی عەبدولڕەحمان هەریەكە لە: دڵشاد میران، وریا ساعاتی، ئازاد خەفاف، عەبدولڕەحمان پێداوی‌و فازڵ جەلال)ی بۆ ئەندامانی سەركردایەتی زیادكرد... كاك سامی عەبدولڕەحمان لەگەڵ چەند كەسێكی تر هەوڵیاندا سوود لە كۆنفرانسەكە وەربگرن بەمەبەستی قایمتركرددنی شوێنپێی خۆیان‌و دەستەبەركردنی ناوەندێكی بەهێز بۆ خۆیان لەناو حزبدا، بۆ ئەوەی بتوانن لە كۆنفرانسەكەدا سەركردایەتیی پارتی بگرنە دەست. بۆ ئەم مەبەستەش چەندین هەڤاڵیان بۆ سەركردایەتی زیادكرد كە بە هیچ شێوەیەك نە مافیان بوو، نەشایانی ئەو پلەیەش بوون‌و نە لە ئاستی ئەو بەرپرسیاریەتییەشدا بوون، بەڵام بۆ رێگەگرتن لە هەر جۆرە ناكۆكی‌و دووبەرەكییەك، چاوپۆشیمان لەو كارانە كرد. لە كۆنفرانسەكەدا، سامی عەبدولڕەحمان بەخۆی هەموو شتەكانی نووسی‌و لە لە كۆنفرانسدا رایگەیاند"ئێمە شتێكمان ئامادەكردووەو دەیخوێنینەوە". هەرچەندە هەڤاڵان ناڕەزایەتییەكی زۆریان نیشاندا، كەئەمە كۆنفرانسی لقە، نەك حزب... سامی عەبدولڕەحمان سوور بوو لەسەر هەڵوێستەكەی بۆ تەواوكردنی خوێندنەوەی بابەتەكەی. لە قسەكانیدا ئاماژەی بە بارەگای بارزانی كردو رەخنەی لێ گرت، بەڵام زۆرینەی بەشداربوانی كۆنفرانس بایەخ‌و گرنگییان پێنەداو وەك پێویست گوێی لێ‌ رانەگیراو ژمارەیەكی زۆری هەڤاڵان هەستانەوەو بابەتەكەیان رەتكردەوە‌و ناڕەزایەتییەكی توندیان نیشان دا. ئەو گۆڕانكاری‌و دەستكارییانەی سامی عەبدولڕەحمان لە پەیڕەوو پرۆگرامی ناوخۆی پارتیدا كردی، وێنەو روخسارێكی تەواو ماركسی بە پارتی بەخشی. لەلایەك زیانێكی گەورەی لە پارتی دا، لەلایەكی ترەوە بووە هۆی نانەوەی دووبەرەكی‌و ناكۆكی لەناو پارتیدا. ئەوان وا تێگەیشتبوون كە ئەگەر سیمایەكی ماركسی بە پارتی ببەخشن، دەبێتە هۆی پشتگیری‌و یارمەتیدانی جەمسەری رۆژهەڵات‌و وڵاتە سۆشیالیستەكان، ئەمەش تەنیا خەیاڵ بوو هیچ بنەمایەكی نەبوو. دوای گرتنی كۆنفرانس، بە هەڤاڵانی سەركردایەتی كاتیم راگەیاند كە بە هیچ شێوەیەك ئەم دەستكارییە قبووڵ ناكرێت. دووپاتم كردەوە كە راستە ئێمە دۆستی ماركسییەكانین، بەڵام ئێمە ماركسی نین. ئەوەی بەنیاز بێت روخسارێكی ماركسی بە پارتی ببەخشێت، یان پارتی بكاتە حزبێكی ماركسی، باشتروایە بچێتە ناو حزبێكی ماركسی، چونكە قاعیدەو بنكەی پارتی رێگە بەم كارە نادات. پارتی حزبێكی نەتەوەیی‌و دیموكراتییە، ئەمەیە پێناسەی پارتی. سەرچاوە: مەسعود بارزانی: بارزانی‌و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد، بەرگی چوارەم (1975 - 1990)، شۆڕشی گوڵان، بەشی یەكەم، لاپەڕەكانی (54، 55، 56، 57).    


مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)   زۆرینەی ھەرەزۆری ئەوانەی لە چەند ڕۆژی ڕابوردودا بەگژ بۆچوونەکانی دوکتۆر عەبدولواحیدی باگخوازدا چوونەوە، تەنھا لەسەر ئەو بەشەی قسەکانی وەستان کە دەیگوت ”مەکە لە کوردستان پیرۆزترە“. تا ئەو شوێنەی من ئاگاداربم کەس لەسەر ئەو بەشەی تری قسەکانی نەوەستا کە ئیھانەکردن و سوکایەتییەکی بەرچاو و گەورەیە نەک تەنھا بە بڕێکی بەرچاوی خەڵکی کوردستان، لە ڕاستیدا بە ھەموو ئەوانەی لە ھەرێمدا لەم پزیشکە ناچن، بەڵکو بە بەشێکی گەورەی دانیشتوانی سەر ئەم ئەستێرەیە. دوکتۆر عەبدولواحید لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا بە ئاشکرا و بە حەماسەتێکی گەورەوە دەڵێت: ”ئێمە یەک شتمان ھەیە کە شانازی پێوەبکەین دینەکەمانە، دینەکەشمان نەما ئەبین بە جۆرێک لەو ئاژەڵ و حەیوانانەی کە ئێستاکە ئەلەوەڕێن. ھیچمان لەو حەیوانانە زیاتر نییە“.  بێگومان ئەم گرێدانی نەبوونی دینە بە حەیوانکردنی مرۆڤەوە، ئەم لە ئینسانخستنەی ئینسانی نادینیی، تەنھا ڕا و بۆچوونی ئەو پزیشکە بانگخوازە نییە، بەڵکو ڕای زۆرێک لە ھێز و کەسایەتییە دینییە سیاسییەکانیشە، ڕای ئەو دیندارانەشە کە خۆیان بە نوێنەری خودا و نوێنەری زۆرینەی کۆمەڵگا و نوێنەریی ئەخلاق و نوێنەری دین و نوێنەری دینداران، دەزانن. ڕای نەوەیەکی دینیشە وا فێرکراوە لە دەرەوەی دیندا نە ئەخلاق ھەیە، نە ئینسانیەت، نە فیکر و بیرکردنەوەیەکی مانادار، نە ویژدان و نە ئینسانیەت. کەسانێکی زۆر لە شێوەی ئەم پزیشکە بانگخوازە ھەن، دەرەوەی دین وەک سەرزەمینی بەدڕەوشتیی و حەیوانیەت و تەعەدا و کوشتن و بڕین دەبینن و وێنادەکەن، وەک سەرزەمینی دابڕان لە ئەخلاق و ڕێز و ھاودەردەیی و ھاوسێیەتی، دابڕاویش لە ھەر فۆرمێک لە فۆرمەکانی بەرپرسیاریەت و ھەر ویژدانێک لانی ھەرەکەمی خەمخۆریی و ھاودەمی تێدابێت.  کورتکردنەوەی ئینسانبوون بۆ ئینسانیی دینیی و وێناکردنی ئینسانیی نادینیی وەک ئاژەڵ، دیدێکە لای زۆرێک بەخەستیی ھەیە و ئامادەیە.  بە ئاژەڵکردنی ھەموو ئەوانەی باوەڕیان بە تێگەیشتنی ئەم بانگخوازە بۆ دین نییە، ئیھانە و سوکایەتیکردنێکی کەموێنەیە بە زۆرینەی ھەرەزۆری مرۆڤەکانی جیھان، جۆرێکی ترسانکیشە لە دینداریی لەسەر سەندنەوەی مرۆڤبوون لە ھەموو ئەو کەسانە کاردەکات کە لە خۆی ناچن. ئەم بەئاژەڵکردنی ئەوانەی کە تێگەیشتنی ئەویان بۆ دین، واتە بۆ ئیسلام، نییە، ھەم زۆرینەی کۆمەڵگای کوردیی و ھەم زۆرینەی مرۆڤایەتیی دەگرێتەوە. لەو حەوت ملیار مرۆڤەی لە جیھاندا دەژین، تەنھا سێ ملیار مرۆڤ ھەڵگری دینە یەکخوداییەکانی وەک مەسیحیەت و ئیسلام و جولەکەن. ئەوانیتریان، یان بێدینن یان دینێکیان ھەیە زیاد لە خودایەکی تێدایە. ژمارەی ئەوانەش کە دەشێت بە موسڵمان ناوببرێن دەوروبەری ملیار و نێوێکە، لەم ملیارو نیوەش تەنھا کەمینەیەکی ھێجگار کەم ھەڵگری ئەو ڕوانینە دینییە ترسناکەی دوکتۆر عەبدولواحیدن بۆ دین. بەمانایەکی تر بە ئاژەڵ و حەیوانکردنی زۆرینەی ھەرەزۆری مرۆڤایەتیی و زۆرینەی ھەرەزۆری ئەو موسڵمانانەی وەک ئەم عەبدولواحیدە بیرناکانەوە، سوکایەتییەکە پێویستی بە لێپرسینەوە و بەرپرسایرکردن ھەیە. ھاوکات ھێما بۆ جۆرێک لە نارسیزمی دینیی دەکات کە دەشێت وەک ژێرخانی سایکۆلۆژی فاشیزم کاربکات.  پرسیاری سەرەکیی لێرەدا ئەمەیە: ئایا ڕاستە دەرەوەی دین سەرزەمینیی نەمانی ئەخلاق و شوێنی بە ئاژەڵبوونی مرۆڤە؟ ئایا ڕاستە لە دەرەوەی دیندا مرۆڤ لە مرۆڤبوون دەکەوێت و دەبێت بە حەیوان؟  بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە با سەیرێکی خێرای ھەندێک لە دەسکەوتە ھەرە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی دونیای تازە بکەین کە زۆربەیان لە دەرەوەی دین و لە ھەندێک دۆخیشدا لە ململانێدا دژ بە دین، دروستبوون.  یەکەم: پێداگرتن لەسەر بیرۆکەی یەکسانیی نێوان مرۆڤەکان لەگەڵیەکدا. بیرۆکەی یەکسانی نێوان مۆرڤەکان، ڕەش و سپی، دەوڵەمەند و ھەژار، دیندار و بێدین، نێر و مێ، کە وادەکات لە سەدەی نۆزدەھەمدا کۆتایی بە کۆیلەکردنی مرۆڤ بھێنێت، بیرۆکەی ئەوەیش کە ھەموومان ھاوڵاتین و ھەمان ماف و ھەمان بەرپرسیارێتیمان ھەیە، بە دیندار و بێدین و ھەژار و دەوڵەمەند و گەورە و بچووک و دەسەڵاتدار و خەڵکی ئاساییەوە، بیرۆکەیەکی نوێیە و لەناو دینەکانەوە نەھاتوە. بەڵکو، لە زۆرسەرەوە، لە ڕێگای ململانێکردن و بەگژاچوونەوەی وێنە دینییەکەی مرۆڤەوە ھاتوە، کە وێنەیەکە لەناوخۆیدا پڕە لە جیاوازیی و ھەڵاوێردنی ھەمەجۆرە، پڕە لە نایەکسانیی و نرخاندنی جیاواز. لە فیکری دینیدا، لەناو ھەموو دینەکاندا، مرۆڤی دیندار و مرۆڤی بێدین بەیەکتری یەکسان نین، لە کوێدا دینێک زۆرایەتی بێت لەوێدا کەمینە دینییەکانی بە چەندان شێوەی جیاواز، ئینسانبوونییان بە کەمتر و پێگەکەیان بە نزمتر دادەنێت. ئەوە جگە لەوەی ئەو مرۆڤە دینیانە ئەسڵەن قبووڵناکرێن کە خاوەنی دینی یەکخودایی نین.  دووھەم: بیرۆکەی ئازادیی ڕادەربڕین و ئازایی بیرکردنەوە و ئازادیی ویژدان، دژ بە سانسۆری دین و سانسۆری سیاسەت و  سانسۆری دەوڵەت، ڕێگەگرتن لە سزادان لەسەر ڕا و بۆچوونی تایبەت، با ئەو ڕا و بۆچوونەش لەگەڵ ڕا و بۆچونی زۆرینەی دینیی و سیاسیی و ئەخلاقیی کۆمەڵگادا یەکنەگرێتەوە، یان تەنانەت دژیشی بێت، دەسکەوتێکی تری مرۆڤایەتییە کە لەدەرەوەی دین و دژە بە دەسەڵتی دینیی ھاتۆتەکایەوە. لێرەدا مرۆڤ نەک تەنھا ئازادە کە دینی ھەبێت، بەڵکو ئازادیشە لە جۆری ئەو دینداریەدا کە ھەڵگریەتیی، بەڵام بێگومان لە سنووری ڕێزگرتن لە ئازادیی کەسانیتردا کە وەک خۆی نین و وەک ئەو ناژین و بیرناکەنەوە.  سێھەم: بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتیی و لە ”مافی دیلەکانی جەنگ“، دیسانەوە دەسکەوتێکی گرنگیی مرۆڤە لە دەرەوەی دین و دەسەڵاتی دینیدا. بۆ نموونە چەسپاندنی ئەم مافە مانای کۆتاییھێنان بە چەمکی ”غەنیمە“ و بە چەمکی بە ”سەبی“ و ”سەبایا“کردنی دیلەکانی جەنگ. یان بەکارھێنانیان وەک کۆیلەی سێکسیی. چوارەھەم: داھێنانی بیرۆکەی دەستور و لەیەکتر جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، دۆزینەوەی میکانیزم بۆ چاودێریکردنی دەسەڵاتی حوکمڕانن، ئینجا دەستگۆڕکێی دەسەڵات بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە گەندەڵبوونی، ھەموویان بەشێکن لە فیکری سیاسیی مۆدێرن کە ئەمیش لە دەرەوەی دیندا بەرھەمھاتوە. پێنجەم: ییرۆکەی ”پەیمانی کۆمەڵایەتیی“ کە تیایدا کۆمەڵگا لەسەر ھێڵە گشتیی و ھاوبەشەکانی ژیانی پێکەوەییان ڕێکدەکەون، بۆئەوەی ژیانێکی ھێمن و ڕێزدار دروستبکەن، دیسانەوە بیرۆکەیەکی مۆدێرنی نادینییە و لە دەرەوەی دیندا دروستبووە. شەشەم: لە دایکبوونی زانستە ئینسانیی و کۆمەڵایەتییەکان، کە ئەمانیش لە دەرەوەی دیندا دروستبوون ھەندێکجار لە ڕەخنەکردنی دینەوە سەرچاوەیان گرتوە. ئەم زانستانە، بۆ نموونە، لە ھەوڵی ئەوەدان، بیرۆکەی دین و بیرۆکەی خودا خۆیشی لە دەستی کەسانی وەک دکتۆر عەبدولواحید ھاوشێوەکانی ڕزگاربکەن.  بێگومان دەکرێت بەردەوامبین و نموونەی دەیەھا دەزگا و کایەی زانستیی و ئەخلاقیی نوێ باسبکەین، کە ھەموویان لە دەرەوەی دیندادروستبوون و بەشێکن لە شوناسی دونیا و ئینسانی مۆدێرن. ئەوەی ئەم دکتۆر عەبدولواحیدە لەسەر کۆی ئەم شتانە ئەیڵێت، تەعبیرە لە دووشت: یەکەمیان نەزانین و جەھلێکی ترسناک. دووھەمیان نارسیزم و خۆخوشویستنێکی ترسناکتر.   ئێستا ئەگەر بکرێت ئەم پیاوە لەسەر ئەم سوکایەتییە گەورەیە ڕووبەڕووی دادگا و لێپرسینەوە بکرێتەوە، ئەوکاتە تاقە شتێک ھاریکاری بێت بۆئەوەی بەرگریی لە خۆی بکات، پرنسیپی مافی ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی ویژدانە، کە ھەردووکیان دوو دەستکەوتی ئینسانیی گرنگیی ئەم چەند سەدەیەی دواییترن و لە دەرەوەی دین و دۆخی بەگژاچوونەوە و خەباتکردن دژ بە دەسەڵاتی سیاسیی و دەسەڵاتی دینییدا دروستبوون و ھاتونەتەکایەوە.  


درەو:   لەدوای ساڵی (2003)ەوە، کەرتی گشتی پیشەسازی لە عێراق ڕووی لە پاشەکشەیەو لە کۆی (466) کارگەی حکومی (312) کارگەیان بە ڕێژەی (67%) لە کارکردن بەردەوامن و (154) کارگەیان بە ڕێژەی (33%) کارناکەن و هیچ بەرهەمێکی پیشەسازییان نیە. لە کاتێکدا خەرجی گشتی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق لە ماوەی ساڵانی (2015 - 2021)  زیاتر لە (7 ترلیۆن و 18 ملیار) دینار بووە، لەو بڕەش تەنها نزیکەی (780 ملیار) دیناری بە ڕێژەی (11%) لە بواری وەبەرهێنان لە کەرتی گشتی پیشەسازی بە خەرج دراوە. یەکەم؛ ژمارەو ڕێژەی کارگە پیشەسازییەکانی کەرتی گشتی لە عێراق بەشێوەیەکی گشتی کەرتی پیشەسازی ڕەگەزێکی گرنگ و پایەیەکی بنەڕەتی ئابوری هەر دەوڵەتێکە، زۆرینەی وڵاتن بۆ بەهێزکردنی ئابورییەکەیان پشت بە کەرتی پیشەسازی دەبەستن تەنانەت ئەگەر کەرەستەی خاویش لە ناوخۆی وڵاتدا بەردەست نەبێت و لە دەرەوەی خۆیان هاوردەی بکەن.  بە پێی داتاکان (لە هەردوو کەرتی تایبەت و گشتی) نزیکەی (18 هەزار) پرۆژەی پیشەسازی لە عێراق بە هۆکاری جۆراو جۆر لە کارکردن وەستاون و هیچ بەرهەمێکیان نیە، لە کاتێکدا پێش ساڵی (2003) کەرتی پیشەسازی لە عێراق (23%) کۆی گشتی قەبارەی بەرهەمی ناوخۆیی پێکهێناوە . لەدوای ساڵی (2003)ەوە، کەرتی گشتی پیشەسازی لە عێراق ڕووی لە پاشەکشەیەو لە کۆی (466) کارگەو کارخانەی حکومی لە سەرجەم کەرتەکانی (میکانیک، کارەبا، کەرەستە کیمیاییەکان، پەین، بیناسازی، خۆراک و دەرمان و جل و بەرگ)، (312) کارگەیان بە ڕێژەی (67%) لە کارکردن بەردەوامن و (154) کارگەیان بە ڕێژەی (33%) کارناکەن و هیچ بەرهەمێکی پیشەسازییان نیە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (1)) خشتەو چارتی ژمارە (1) ژمارەو ڕێژەی کارگە پیشەسازییەکانی کەرتی گشتی لە عێراق دووەم؛ پاڵپشتی دارایی حکومەتی عێراق بۆ کەرتی گشتی پیشەسازی (2015 – 2021) بەپێی یاساکانی بودجەی گشتی عێراق لە ساڵەکانی (2015، 2016، 2017، 2018، 2019، 2021)، بودجەیەکی پێشومار بۆ وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق تەرخان کراوە، بە جۆرێک بۆ هەردوو بودجەی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان) بەپێی یاساکان بەبێ ساڵی (2020) بریتی بووە لە بڕی (6 ترلیۆن و 364 ملیار و 972 ملیۆن و 909 هەزار) دینار. لە کاتێکدا خەرجی و مەسروفاتی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق لە ماوەی ساڵانی (2015 - 2021)  بەهەردوو جۆری خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان) بریتی بووە لە (7 ترلیۆن و 18 ملیار و 504 ملیۆن و 211 هەزار) دینار، لەو بڕەش (6 ترلیۆن و 238 ملیار و 743 ملیۆن و 180 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (89%) چووە بۆ خەرجی بەگەڕخستن و تەنها بڕی (779 ملیار و 761 ملیۆن و 31 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (11%) لە بواری وەبەرهێنان لە کەرتی گشتی پیشەسازی بە خەرج دراوە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)) خشتەی ژمارە (2) پاڵپشتی دارایی حکومەتی عێراق بۆ کەرتی گشتی پیشەسازی (2015 – 2021) سەرچاوە؛ د.دعاء فلاح رزاق، عدد المصانع المتوقفة والعاملة في العراق و التخصيصات المالية، للوزارة الصناعة و المعادن في الموازنة العامة للسنوات (2015 - 2021)، مجلس النواب، دائرة البحوث، قسم البحوث والدراسات النيابية، مارس 2022.  


(درەو): "لەكاتی گەڕانەوەمدا لە هەولێر دوای دیدارەكەم لەگەڵ بارزانی، ویستیان فڕۆكەكەم بخەنەخوارەوە‌و بمكوژن" بافڵ تاڵەبانی بەمشێوەیە لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی كەسی یەكەمی حزبە سیاسییەكان لە سەرۆكایەتی هەرێم قسەی كردووە.  بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو كۆبونەوەكە دەست (درەو) كەوتووە، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆ كەسی یەكەمی حزبە سیاسییەكان لە سەرۆكایەتی هەرێم لە هەولێر، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی هەڕەشەی كشانەوەی كردووە لە حكومەت، ئەگەر كێشەی خۆڵ‌و خاشاك و دەرماڵەو نەخۆشخانەكانی سنوری سلێمانی چارەسەر نەكرێت، باسی لەوەكردووە چەند مانگێكە یەكێتی لەبری حكومەت خەرجی ئەو بوارانە دابین دەكات.  (درەو) زانیویەتی، بافڵ تاڵەبانی لەبەردەم كەسی یەكەمی حزبەكان‌و نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان باسی دواین دیداری خۆی لەگەڵ بارزانی كردووە كە رۆژی 4ی ئەم مانگە لە پیرمام بەڕێوەچوو، لەوبارەیەوە بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكردووە" ئەوە دیداری نێوان سەرۆكی یەكێتیی‌و سەرۆكی هەموو كورد بووە، چونكە ئەو بارزانی بە سەرۆكی هەموو كورد دادەنێت". سەرباری ستایشكردنی بارزانی، بافڵ تاڵەبانی نیگەرانی خۆی بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی‌و نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان‌و سەرۆكی حزبەكان گەیاندووە‌و باسی لەوەكردووە" دوای دیدارەكەی لەگەڵ بارزانی، لەكاتی گەڕانەوەیدا لە هەولێرەوە بۆ سلێمانی، كەسێكی جاش بە چەكی قەناس چاودێری هێلیكۆپتەرەكەی كردووە‌و ویستویەتی فڕۆكەكەی بخاتەخوارەوە‌و بیكوژێت". ئەم قسە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم‌و جێگری سەرۆكی پارتی توڕەكردووە‌و داوای لە بافڵ تاڵەبانی كردووە ناوی ئەو كەسەی پێبدات كە هەوڵیداوە تەقە لە فڕۆكەكەی بكات، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، بافڵ تاڵەبانی لەسەر پارچە كاغەزێك ناوی كەسەكەی بۆ نێچیرڤان بارزانی نوسیوە.  ناكۆكی پارتی‌و یەكێتی لە كۆبونەوەكەدا‌و لەبەرچاوی جینین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان، سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی نیگەران كردووە، هەریەكە لە سەلاحەدین محەمەد بەهادین‌و عەلی باپیرو محەمەد حاجی مەحمود وتویانە دەبوو ناكۆكی پارتی‌و یەكێتی لەم كۆبونەوەیەدا قسەی لەسەر نەكرایە‌و پێشتر یەكلابكرایەتەوە.  نیگەرانییەكان لە ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتی گەیشتوەتە ئاستێك، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، خاتوو جینین پلاسخارت لە كۆبونەوەكەدا رایگەیاندووە" من چیتر بەشداری هیچ كۆبونەوەیەكی تری لایەنە سیاسییەكانی هەرێم ناكەم كە بەمشێوەیە بەبێ ئەنجام كۆتایی بێت"، بەڵام نێچیرڤان بارزانی داوای لە پلاسخارت كردووە كۆبونەوەكان بەجێنەهێڵێت، پلاسخارت بەمەرجی ئەوەی لە كۆبونەوەی مانگی ئەیلولی داهاتوودا رۆژی هەڵبژاردن دیاری بكرێت‌و هەموو كێشەكان یەكلابكرێتەوە، ئامادەیی نیشانداوە بەشداری كۆبونەوەی داهاتووی لایەنەكان لە سەرۆكایەتی هەرێم بكات. 


  (درەو): كۆبونەوەی كەسی یەكەمی حزبەكان لە سەرۆكایەتی هەرێم بەبێ رێككەوتن لەسەر دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات، چارەنوسی هەڵبژاردن درایە دەست كۆبونەوەیەكی تر لە مانگی (ئەیلول)ی داهاتوو، پارتی‌و یەكێتی لەسەر شێوازی هەڵبژاردن رێككەوتن، بەڵام لەبارەی كورسی كۆتای پێكهاتەكان رێككەوتن نەكرا.  لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی كەسی یەكەمی حزبە سیاسییەكاندا لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كە خاتوو جینین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكانیش تێیدا بەشداربوو، جارێكی تر لایەنەكان لەبارەی چۆنیەتی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان نەگەیشتنە رێككەوتنی كۆتایی.  بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەكەدا یەكێتی‌و گۆڕان هەندێك سازشیان كردووە‌و قایلبوونی خۆیان نیشانداوە لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی تر بە شێوەی (یەك بازنە)، ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر یەكێتی سەركردایەتی بەرەی ئەو حزبانەی دەكرد كە داوای شێوازی (فرە بازنەیی) هەڵبژاردنیان دەكرد.  سەرباری لێكنزیكبوونەوە لەبارەی شێوازی هەڵبژاردن (یەك بازنە)، بەڵام پارتی‌و یەكێتی‌و لایەنەكان لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی (11 كورسی كۆتای پێكهاتەكان)‌و (تۆماری دەنگدەران) نەگەیشتنە رێككەوتن‌و بەوهۆیەوە نەتوانرا لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا وادەی هەڵبژاردن دیاری بكرێت، بۆیە سەرۆكایەتی هەرێم‌و نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ كەسی یەكەمی حزبەكاندا رێككەوتوون لەسەر ئەوەی سەرەتای مانگی (ئەیلول)ی داهاتوو جارێكی تر لەبارەی پرسی هەڵبژاردن كۆببنەوە.  بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) پارتی و یەكێتی نایانەوێت لەسەر وادەی هەڵبژاردن رێكبكەون و دەیانەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەوێتە دوای تێپەڕاندنی كێشەكانی بەغداد، واتا تا كێشەكانی بەغداد یەكلانەكرێتەوە رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری نەكرێت. سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵی وەكو وادەی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد، بەڵام بەهۆی ناكۆكی لایەنە سیاسییەكان لەبارەی چۆنیەتی هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن‌و چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمەوە، هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا دوادەكەوێت.  (درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی پێشتری كەسی یەكەمی حزبەكان لە سەرۆكایەتی هەرێمە كە حوزەیرانی رابردوو بەڕێوەچوو، جینین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان داوایكردووە رۆژی (4ی ئازار)ی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.  خاڵی سەرەكی ناكۆكی لایەنە سیاسییەكان، بەدیاریكراویش پارتی‌و یەكێتی بریتی بوون لە شێوازی هەڵبژاردن، پارتی‌و سۆسیال دیموكرات و زەحمەتكێشان و بزوتنەوەی ئیسلامی‌و حزبی شیوعی پشتیوانی ئەوەیان دەكرد هاوشێوەی هەڵبژاردنەكان پێشتر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەی (یەك بازنە)ی هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، واتە هەرچوار پارێزگاكەی هەرێم (هەولێر- سلێمانی- دهۆك- هەڵەبجە) یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت، لەبەرامبەردا یەكێتی‌و گۆڕان‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و كۆمەڵی دادگەریی‌و نەوەی نوێ داوا دەكەن هەڵبژاردنەكە هاوشێوەی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەشێوەی (فرەبازنە) بەڕێوەبچێت‌و هەر پارێزگایەكی هەرێم بكرێت بە بازنەیەكی هەڵبژاردن واتە چوار بازنە، لەمەشدا (11) كورسی كۆتای پێكهاتەكان دابەشبكربَت بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا.  یەكێتی‌و ئەو لایەنانەی كە پشتیوانی فرەبازنەیی دەكەن، پێیانوایە لەم رێگەیەوە دەتوانن رێگری لەوە بكەن جارێكی تر پارتی زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمان كۆنترۆڵ بكات، هاوكات دەتوانن كورسی كۆتای پێكهاتەكان لەژێر كۆنترۆڵی پارتی دەربهێنن. 


(درەو):  كۆمپانیای گازپرۆم‌و دانەغاز نوێنەری خۆیان نەنارد بۆ بەردەم دادگای كەرخ لە بەغداد، وەزارەتی نەوتی عێراق بەهۆی كاركردنیان لە هەرێمی كوردستان سكاڵای لەسەر تۆماركردوون.  وەزارەتی نەوتی عێراق بەردەوامە لەسەر رێوشوێنەكانی دژی ئەو كۆمپانیایانەی كە لەكەرتی نەوت‌و غازدا لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، ئەمەش لەبەر رۆشنایی ئەو بڕیارەی كە مانگی شوباتی ئەمساڵ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دژی هەرێمی كوردستان دەریكرد.  كۆمپانیای (گازپرۆم)ی روسی‌و (دانەغاز)ی ئیماراتی دوان لەو كۆمپانیایانەن كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن‌و كەوتونەتە ژێر فشاری وەزارەتی نەوتی عێراقەوە، وەزارەتی نەوت لە دادگای بازرگانی (كەرخ) لە بەغداد سكاڵای لەسەر ئەم دوو كۆمپانیا تۆماركردووە‌و تۆمەتباریكردون بەوەی ملكەچی بڕیاری دادگای فیدراڵی نەبوون.  بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی كە ئێستا وەزارەتی نەوت سەرقاڵی جێبەجێكردنی بڕیارەكەیە، دەبێت ئەو كۆمپانیایانەی لە كەرتی نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان كاردەكەن، گرێبەستی كاركردنیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق نوێ بكەنەوە‌و بیگونجێنن لەگەڵ گرێبەستەكانی عێراقدا، هەروەها هەرێمی كوردستان نەوت‌و غازەكەی رادەستی بەغداد بكات.  بەمدواییە وەزارەتی نەوتی عێراق ئیمێڵی بۆ كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێمی كوردستان ناردو داوای لێكردن گرێبەستەكانیان نوێ بكەنەوە، بەڵام زۆرینەی كۆمپانیاكان هیچ وەڵامێكی وەزارەتی نەوتیان نەداوەتەوە‌و دەڵێن ئەوان گرێبەستیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم كردووە‌و دەبێت هەرێم ئەم كێشەیە چارەسەر بكات.    رۆژی دوو  شەممەی ئەم هەفتەیە دادگای كەرخ دانیشتنی خۆی سازكرد بۆ گوێگرتن لەو سكاڵایەی كە  وەزارەتی نەوت لەسەر هەردوو كۆمپانیای (گازپرۆم)‌و (دانەغاز) تۆماریكردووە، ئەم دوو كۆمپانیایە نوێنەری خۆیان نەنارد بۆ بەردەم دادگا. بەردەوامیی فشارەكانی وەزارەتی نەوت لەسەر كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە كۆتاییەكانی مانگی تەموزی رابردوو، دوای ناردنی نامەیەك بۆ جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ پرسی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سەردانی بەغدادی كرد‌و لەگەڵ مستەفا كازمیی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوە، بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەكان مەسرور بارزانی‌و كازمیی رێككەوتنێكیان كردووە بەشێوەیەكی كاتیی‌و تاوەكو چارەسەركردنی پرسەكە، فشارەكانی وەزارەتی نەوت لەسەر كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان رابگیرێت.  چەند رۆژی رابردوو ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەكرد، پەیوەندییان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە بۆ كۆتایهێنان بە ناكۆكییەكان بەگوێرەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی. كۆمپانیای (گازپرۆم) كە یەكێكە لە گەورە كۆمپانیاكانی روسیایە لە بواری وزەدا لە ناوچەكانی گەرمیان‌و هەڵەبجە كاردەكات، كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتیش لە كێڵگەی (كۆرمۆر)ی ناوچەی قادركەرەم كاردەكات‌و غازی هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنێت.   


درەو: ئالان بەرزنجی لە یەك رۆژی خۆپیشاندانەكاندا (78) پێشێلكاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان كراوە لە كاتێكدا لە شەش مانگی یەكەمی 2022دا (22) پێشێلكاری بەرامبەر (63) رۆژنامەنوس ئەنجامدراوە، لە یەك رۆژی خۆپیشاندانەكاندا (26) رۆژنامەنووس دەستگیركراوە، لە شەش مانگی یەكەمی 2022دا ( 10 ) رۆژنامەنووس دەستگیركراوە. بە پێی ئاماری سەنتەری میترۆ بۆ ئازادی رۆژنامەوانی لە خۆپیشاندانەكانی شەمەی رابردوودا زۆرترین پێشێلكاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسانكراوە بەم شێوەیە: 🔻  78 پێشێلكاری بەرامبەر بە 60 رۆژنامەنوس و كەناڵی راگەیاندن ئەنجامدراوە, كە بریتین لە: 🔹 دەستگیركردن:26 🔹 هەڵكوتانە سەر ماڵ:4 🔹 رێگری:16 🔹 برینداربون بە گازی فرمێسك رێژ:8 🔹 زەوتكردنی كەل و پەلی رۆژنامەوانی:23 🔹 داخستنی كەناڵ: 1 بە پێی راپۆرتی لیژنەی داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان لە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە 1-1-2022 تا 31-6-2022 : 🔻  (22) پێشێلكاری بەرامبەر (62) رۆژنامەنوس و دەزگاكانی راگەیاندن ئەنجامدراوە: 🔹  (2)كەیسی دەستگیركرن، (10) رۆژنامەنووس دەستگیركراوە 🔹  (8) كەیسی رێگەنەدان بە روماڵ و جیاكاری، (20) رۆژنامەنووسكراوە 🔹  (3) كەیسی شكاندنی كەلەپولی رۆژنامەوانی و دەستبەسەرداگرتن (9) رۆژنامەنووس ئەنجامدراوە  🔹 (4) كەیسی هێرش و سوكایەتی (8) رۆژنامەنووس ئەنجامدراوە  🔹  (1) كەیسی هەڕەشە (2) رۆژنامەنووس ئەنجامدراوە  🔹  (1) كەیسی داخستنی نەسینگە و كەناڵ (11) رۆژنامەنووس لەكاردەركراون 🔹 (1) كەیسی هێرشكردنە سەر دەزگا و كەناڵی راگەیاندن   (1) بەرامبەر دەزگای رۆژنامەوانی  🔹 (2) كەیسی دەركردن  (2) دەزگای رۆژنامەوانی   


شیكاری: درەو  فرۆشی نەوتی هەرێم لە تەموزی (2022)دا بە ڕێژەی (6.8%) و بڕی (898 هەزار و 661) بەرمیل کەمی کردووە بەراورد بە تەموزی (2020). بەڵام داهاتی سافی نەوتی هەرێم (پارەی ڕادەستکراو بە حکومەت)، لە تەموزی (2022)دا بە ڕێژەی (181%) و بڕی (780 ملیۆن و 39 هەزار و 801) دۆلاری زیاتر بووە لەوەی لە تەموزی (2020) کە بۆ حکومەتی هەرێم گەڕاوەتەوە. بە دیناری عێراقی قەبارەی داهاتی گەڕاوە زۆر گەورەترە، چونکە گۆڕان لە بەهای دیناری عێراقی ڕویداوە و لە تەموزی (2022)دا بە ڕێژەی (245%) و بڕی (698 ملیار و 691 ملیۆن و 304 هەزار و  81) دیناری زیاتر بووە لەوەی لە تەموزی (2020)دا ڕادەستی حکومەتی هەرێم کراوە.   یەکەم؛ بڕی نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە سێ تەموزی (2020 – 2021 - 2022)دا بەپێی ڕاپۆتی کۆمپانیای "دیلۆیت" کە لە (10/1/2021) بڵاوی کردووەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی تەموزی (2020)دا بڕی (13 ملیۆن و 238 هەزار و 661) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە بە وڵاتانی بیانی فرۆشتووە. بەڵام هەر بەپێی ڕاپۆرتێکی دیکەی کۆمپانیای "دیلۆیت" کە لە (17/3/2022) بڵاوی کردووەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی تەموزی (2021)دا بڕی (13 ملیۆن و 58 هەزار و 810) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە بە وڵاتانی بیانی فرۆشتووە. بەم پێیەش، فرۆشی نەوتی هەرێم لە مانگی تەموزی (2021) بڕی (179 هەزار 851) بەرمیل نەوتی بە ڕێژەی (1.4%) کەمتر فرۆشتووە بەراورد بە تەموزی ساڵی (2020). بەڵام بەپێی زانیارییەکان لە تەموزی ساڵی (2022)دا حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی (12 ملیۆن و 340 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە. بەم پێیەش بەراورد بە تەموزی ساڵێک پێشتر بڕی (718 هەزار و 810) بەرمیل نەوتی بە ڕێژەی (5.5%) کەمتر فرۆشتووە. بەراورد بە تەموزی ساڵی (2020) ئاستی فرۆش زیاتر دابەزیوە، بەجۆرێک بڕی (898 هەزار و 661) بەرمیل نەوتی بە ڕێژەی (6.8%) کەمتر ساغ کردووەتەوە. (بڕوانە چارتی ژمارە (1)). چارتی ژمارە (1) دووەم؛ تێکڕای نرخی نەوتی هەرێم لە سێ تەموزی (2020 – 2021 - 2022)دا بەپێی داتاکانی کۆمپانیای "دیلۆیت" حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی تەموزی (2020)دا بڕی (13 ملیۆن و 238 هەزار و 661) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە بە وڵاتانی بیانی فرۆشتووە، هەر بەرمیلێک نەوتی لە مانگی ناوبراودا بە تێکڕای (32.62) دۆلار فرۆشتووە، لە کاتێکدا تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (43.24) دۆلار بووە. بەڵام لە مانگی تەموزی (2021)دا هەرێمی کوردستان بڕی (13 ملیۆن و 58 هەزار و 810) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە بە وڵاتانی بیانی فرۆشتووە، تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (75.17) دۆلار بووە، بەڵام هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە تێکڕای (63.23) دۆلار فرۆشراوە. بەم پێیەش، بەهای هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم لە مانگی تەموزی (2021)دا بڕی (30.61)  دۆلار بە ڕێژەی (94%) زیاتری کردووە بەراورد بە تەموزی ساڵی (2020). بەڵام بەپێی زانیارییەکان لە تەموزی ساڵی (2022)دا حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی (12 ملیۆن و 340 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە. تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (111.93) دۆلار بووە، بەڵام (بەپێوەرگرتنی تێکڕای نرخەکانی ڕابردوو) هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە تێکڕای (98.21) دۆلار فرۆشراوە. بەم پێیەش، بەهای هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم لە مانگی تەموزی (2022)دا بڕی (35)  دۆلار بە ڕێژەی (55%) زیاتری کردووە بەراورد بە تەموزی ساڵی (2021). لە کاتێکدا ئەگەر تەموزی (2022) بەراورد بکەین بە تەموزی (2020)، ئەوا بەهای هەر بەرمیلێک نەوتی فرۆشراوی هەرێم بڕی (65.59) دۆلار و بە ڕێژەی (201%) زیادی کردووە. (بڕوانە چارتی ژمارە (2)). چارتی ژمارە (2) سێیەم؛ داهات و خەرجی نەوتی هەرێم لە سێ تەموزی (2020 – 2021 - 2022)دا 1.    کۆی داهاتی نەوتی هەرێم بە (دۆلار) بەپێی ڕاپۆتی کۆمپانیای "دیلۆیت"، کۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە مانگی تەموزی (2020)دا بڕی (431 ملیۆن و 871 هەزار 599) دۆلار بووە.  بەڵام کۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە مانگی تەموزی (2021)دا گەیشتووە بە (825 ملیۆن و 747 هەزار 733) دۆلار، بەم پێیەش، داهاتی گشتی نەوتی هەرێم لە مانگی تەموزی (2021) بڕی (393 ملیۆن و 876 هەزار 134) دۆلار و بە ڕێژەی (91%) زیادی کردووە بەراورد بە تەموزی ساڵی (2020). بەڵام بەپێی زانیارییەکان لە تەموزی ساڵی (2022)دا کۆی داهاتی نەوتی هەرێم گەیشتووە بە (1 ملیار و 211 ملیۆن و 911 هەزار 400) دۆلار. واتە بەراورد بە تەموزی ساڵێک پێشتر بڕی (386 ملیۆن و 163 هەزار 667) دۆلار بە ڕێژەی (47%) داهات زیادی کردووە. ئەمە لە کاتێکدا بەراورد بە تەموزی ساڵی (2020) داهاتەکە زۆر زیاتر بەرزبووەتەوە، بەجۆرێک بریتیە لە زیادبوونی داهاتی نەوت بە ڕێژەی (181%) و بڕی (780 ملیۆن و 39 هەزار 801) دۆلار. (بڕوانە چارتی ژمارە (3)) چارتی ژمارە (3) 2.    کۆی خەرجی و داهاتی سافی نەوتی هەرێم بە (دۆلار) بەپێی ڕاپۆتەکانی کۆمپانیای "دیلۆیت"، بەنزیکەی تێکڕای (56%)ی داهاتی گشتی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم، بۆ تێچووەکانی پرۆسەی نەوتی هەرێم خەرج دەکرێت، (44%)ی داهاتیش دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی و حکومەت هەرێم، بەم پێیەش.  کۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە مانگی تەموزی (2020)دا بریتی بووە لە (431 ملیۆن و 871 هەزار 599) دۆلار، بڕی (241 ملیۆن و 848 هەزار 96) دۆلاری بەڕێژەی (56%) چووە بۆ تێچوو وخەرجی پرۆسەکە و بڕی (190 ملیۆن و 23 هەزار 504) دۆلاری بە ڕێژەی (44%) گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێم.   بەڵام کۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە مانگی تەموزی (2021)دا گەیشتووە بە (825 ملیۆن و 747 هەزار 733) دۆلار، بڕی (462 ملیۆن و 418 هەزار 730) دۆلاری بەڕێژەی (56%) چووە بۆ تێچوو وخەرجی پرۆسەکە و بڕی (363 ملیۆن و 329 هەزار 2) دۆلاری بە ڕێژەی (44%) گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێم.   بەڵام بەپێی زانیارییەکان لە تەموزی ساڵی (2022)دا کۆی داهاتی نەوتی هەرێم گەیشتووە بە (1 ملیار و 211 ملیۆن و 911 هەزار 400) دۆلار. بڕی (678 ملیۆن و 670 هەزار 384) دۆلاری بەڕێژەی (56%) چووە بۆ تێچوو وخەرجی پرۆسەکە و بڕی (533 ملیۆن و 241 هەزار 16) دۆلاری بە ڕێژەی (44%) گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێم. (بڕوانە چارتی ژمارە (4))  چارتی ژمارە (4) 3.    داهات سافی نەوتی هەرێم بە (دینار) لە خاڵی (1 و 2)دا ئاماژەمان بە کۆ و داهاتی سافی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم و ڕێژەی بەرزبوونەوەی (بە دۆلاری ئەمریکی) لە مانگەکانی تەموزی ساڵانی (2020 – 2021 - 2022)دا، لێرەدا تیشک دەخەینەسەر داهاتی سافی نەوتی هەرێم بە (دیناری عێراقی)، چونکە بەهای دیناری عێراقی بەراورد بە دۆلاری ئەمریکی لە ساڵی (2020)دا بەراورد بە ساڵانی (2021 و 2022) دابەزینی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە، هەر بۆیە داهاتیش بە دینار بە ڕێژەیەکی گەورە زیادی کردووە لە ساڵانی (2021 و 2022) بەراورد بە (2020)، بکەواتە داهات سافی نەوتی هەرێم بۆ هەرسێ (تەموز)ەکە بەم شێوەیە دەبێت؛ بەپێی ڕاپۆتی کۆمپانیای "دیلۆیت"، داهاتی سافی نەوتی هەرێم لە مانگی تەموزی (2020)دا بڕی (190 ملیۆن و 23 هەزار 504) دۆلار بووە، لە ساڵی ناوبراودا هەر دۆلارێکی ئەمریکی بەهاکە بریتی بوو لە (1 هەزار 180) دینار، بۆیە داهاتی سافی بە دینار بریتی دەبێت لە (285 ملیار و 380 ملیۆن و 752 هەزارو 713) دینار. بەڵام داهاتی سافی نەوتی هەرێم لە مانگی تەموزی (2021)دا گەیشتووە بە (363 ملیۆن و 329 هەزار 2) دۆلار، لە مانگی ناوبراودا هەر دۆلارێکی ئەمریکی بەهاکە بریتی بوو لە (1 هەزار 450) دینار، بۆیە داهاتی سافی بە دینار بریتی دەبێت لە (670 ملیار و 507 ملیۆن و 158 هەزارو 977) دینار. بەم پێیەش داهاتی سافی نەوتی هەرێم لە مانگی تەموزی (2021) بڕی (385 ملیار و 126 ملیۆن و 406 هەزارو 262) دیناری بە ڕێژەی (135%) زیادی کردووە بەراورد بە تەموزی ساڵی (2020). بەڵام بەپێی زانیارییەکان لە تەموزی ساڵی (2022)دا داهاتی سافی نەوتی هەرێم گەیشتووە بە (533 ملیۆن و 241 هەزار 16) دۆلار. لە مانگی ناوبراودا هەر دۆلارێکی ئەمریکی بەهاکەی بریتی بوو لە (1 هەزار 450) دینار، بۆیە داهاتی سافی بە دینار بریتی دەبێت لە (984 ملیار و 72 ملیۆن و 56 هەزارو 800) دینار. واتە بەراورد بە تەموزی ساڵێک پێشتر بڕی (313 ملیار و 564 ملیۆن و 897 هەزار 823) دینار بە ڕێژەی (47%) داهاتی سافی زیادی کردووە. ئەمە لە کاتێکدا بەراورد بە تەموزی ساڵی (2020) ئاستی داهاتی سافی زۆر زیاتر هەڵکشاوە، بەجۆرێک بریتیە لە زیادبوونی داهاتی سافی نەوت بە ڕێژەی (245%) و بڕی (698 ملیارو 691 ملیۆن و 304 هەزار 87) دیناری عێراقی. (بڕوانە چارتی ژمارە (5)). چارتی ژمارە (5) سەرچاوەکان -    ڕاپۆرتی دیلۆیت؛ بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی تەمموزی ٢٠٢٠ تاکو ٣٠ ئەیلولی ٢٠٢٠؛ https://govkrd.b-cdn.net/Government%20Open%20Data/Deloitte%20Reports/Deloitte%20Reports%202020/Consolidated%20RCOG%20Q3%202020.pdf -    ڕاپۆرتی دیلۆیت؛ بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی تەمموزی ٢٠٢١ تاکو ٣٠ ئەیلولی ٢٠٢١؛ https://govkrd.b-cdn.net/Government%20Open%20Data/Deloitte%20Reports/Deloitte%20Reports%202021/KRG%20Q3%202021%20Report%20on%20OIl%20and%20Gas%20review.pdf -    ئەنوەر کەریم، داهاتی حکومەتی هەرێم بۆ مانگی تەموزی 2022، درەو میدیا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10799   


مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) تێزێکی کۆمەڵناسانەی سادە ھەیە باس لەوە دەکات مرۆڤ بەرھەمی ئەو ژینگە تایبەتەیە کە لەناویدا لەدایکدەبێت و گەورەدەبێت و دەمرێت. ئەو ژینگەیە دەستنیشانی ئەوە دەکات ئەو کەسە چۆن بیربکاتەوە، چاوەڕوانی چی بێت، چۆن ھەڵسوکەوت بکات و بجوڵێتەوە. لە سەدەی ھەژدەھەمەوە مۆنتسیکیو (١٦٨٩-١٧٥٥)، گەورە نووسەری فەرەنسیی، پێ لەسەر ئەم ڕاستییە سادەیە دادەگرێت. ئەو پێیوایە ئەوە دەزگاکانن دەستنیشانی ئەوەدەکەن مرۆڤ چۆن و چی بێت؟ دەزگا گەورەکانی وڵات، دەزگاکانی حوکمڕانیی، دەزگاکانی پۆلیس، دەزگاکانی سیستمی داوەریی، دەزگاکانی خوێندن و فێربوون، وادەکەن جۆرێکی تایبەت لە خەڵک بە جۆرێکی تایبەت لە سایکۆلۆژیا و ویست و خەون و چاوەڕوانیی و کردە و کاردانەوەی تایبەتەوە لەدایکببن. ئەم دەزگایانەش ھەڵگری جۆرێکی تایبەت لە ئەخلاقیاتن و ئەو ئەخلاقیاتەش ڕۆڵی گەورە دەبینێت لەوەدا مرۆڤ چۆن سەیری خۆی و چۆن سەیری ئەو دەزگایانە بکات.  سەدەیەک دواتر ئەم دیدەی مۆنتسیکیو لای کارل مارکس (١٨١٨-١٨٨٣) دەگۆڕێت بۆ تێزێکی تازە کە ھەمان ناوەرۆک بە شێوەیەکی نوێ و پێشکەوتوتر، نمایشدەکات. مارکس پێیوایە ئەوەی مرۆڤ دەکات بە مرۆڤ، ئەوەی ئاکار و سایکۆلۆژیا و خواست و چاوەڕوانییەکی تایبەت بە مرۆڤ پێدەبەخشێت، دەزگاکان نیین بەتەنھا، بەڵکو ئەو ھەلومەرجە ئابوریی و کۆمەڵایەتییە کە خودی دەزگاکانیش لەناویاندا دروستدەبن. لای مارکس شێوازی بەرھەمھێنانی ئابوریی و جۆری ئەو ھێزانەی لە بەرھەمھێناندا بەشدارن، دەستنیشانی ئەوەدەکەن مرۆڤ چۆن بیربکاتەوە و ھەست بەچی بکات و بشتوانێت لە ڕووی مێژووییەوە چ کردەیەک ئەنجامبدات.  ئەوەی مارکس ئەنجامی ئەدات، وەک ئاریک فروم دەڵێت، شیکردنەوەیەکی قووڵتری دەزگاکانە، نیشاندانیانە وەک شتێک کە لەناو شێوازی بەرھەمھێنان و لەناو ھێزەکانی بەرھەمھێناندا، دروستدەبن و بەمەش پێماندەڵێت مرۆڤ ھەمیشە لەناو مێژوویەکی کۆنکریت و ژینگەیەکی دیاریکراوادا دەژیی و بیردەکاتەوە، نەک ئەوەی غەریزە یان ئاکارێکی نەگۆڕیی ھەبێت و ئەو غەریزە و ئاکارە نەگۆڕانە ئاراستەی بکەن. بۆ نموونە ھەلومەرجی ئابوریی و شێوازی بەرھەمھێنان و مەسرەفگەراییی ناو سەرمایەدراییە، وادەکەن حەز و ئارەزوی گەورە لە ئینساندا دروستببێت بۆئەوەی شتومەکی زۆر و زیاتر، شتومەکەی تازە و گرانبەھای ھەبێت. ئەوە سەرمایەدارییە وادەکات مرۆڤ مەسرەفگەر و پارەدۆستبێت. بەڵام لە شوێنێکدا کە سەرمایەداریی بوونی نەبێت، یان بەو شێوەیەی ئێستا لە ئارادایە بەھێزنەبێت، ئەو حەزە گەورەیە بۆ ھەبوونی شتومەکی زۆر و بۆ کەڵەکەکردنی پارە و مەسرەفگەرایی بوونی نابێت، ڕەنگە پێچەوانەکەی ئامادەبێت، واتە خەڵک زیاتر بەرەو زوھد و ڕقبوونە لە سەروەت و سامانی دنیایی بڕۆن.  من ئەم ڕاوڕێویە تیورییە سادەیەم بۆ ئەوە ھێنایەوە تا جارێکی تریش لەو ڕاستییە سادەیە کە نزیکەی سێ سەدەیە زانستە کۆمەڵایەتیی و ئینسانییەکان پێماندەڵێن ئاگاداربین، ڕاستییەک شێماندەڵێت: ئەوەی مرۆڤ دروستدەکات و ئاکار و زمان و سایکۆلۆژیایەکی تایبەتی پێدەبەخشێت، ئەو ژینگەیەیە کە لەناویدا دەژیی، ئەو ناوەندە ئابوریی و سیاسیی و دەزگاییەیە کە دەبێت بە چوارچێوەی ھەڵسوکەوت و چاوەڕوانیی و خەونبینینی کەسەکان.  ئێستا گەر لەو پێدراوە تیورییەوە بپەڕینەوە بۆ قسەکردن لەسەر دۆخی ئەمڕۆکەی ھەرێمی کوردستان، دەتوانین ئەنجامگیریەکی سادەبکەین و بڵێین ئەوەی تا ڕادەیەکی زۆر دونیای سایکۆلۆژیی و چاوەڕوانیی و دید و ڕا و بۆچوونی ژمارەیەکی گەورەی خەڵک دەستنیشاندەکات، ئەو ژینگە ئابوریی و سیاسیی و دەزگایی و ئەخلاقییەیە کە لە سی ساڵی ڕابردوودا دروستکراوە. ژینگەیەک بە ڕاپەڕین دەستپێدەکات و دوانیوەڕۆی دوێنێش لە ژمارەیەکی بەرچاوەی شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا، بە گرتنی دەیان و سەدان کەسی ناڕەزاییدەربڕ دەگات. دوای ئەوەی گازی فرمێسکڕێژیان بەناودا بڵاودەکرێتەوە و ھێزی چەکداریش مەودای جوڵە و قسەکردنیان لێدەسێننەوە.   ئەوەی خەڵکی کوردستان لەم ساتەدا ئامادەگییەکی ناوەکیی گەورەیان بۆ ناڕەزاییدەربڕین و بۆ بەگژاچوونەوەی دەسەڵاتدارانی ھەرێم تێدادروستبووە و تێدایە، پەیوەندیی نییە بە بوونی غەریزەیەکی کوردانەوە بۆ یاخیبوون، پەیوەندیشی بەوەوە نییە خەڵک لە دەرەوەوە ھانئەدرێن بۆ ئەوەی بە گژ ئەو دەسەڵاتە ”نیشتیمانپەروەرە“ ”خۆماڵییەدا بچنەوە کە چەند بنەماڵە و خێزانێکی سیاسیی بە ”قارەمانێتی“ و ”دڵسۆزی خۆیان“ دروستیانکردوە و دەیپارێزن، پەیوەندی بەوەشەوە نییە چەند ڕۆشنبیرێکی ئانارشیست خەڵکیان لە خشتەبردوە و دۆخێکیان دروستکردوە ھیچ کەسێک بە ھیچشتێک ڕازینەبێت. ھەموو ئەم جۆرە لێکدانەوانە ھەڵاتنێکی نابەرپرسیار و گەمژانەیە لە ھۆکارە ڕاستەقینەکانی ئەو دۆخی ناڕازیبوونە سەرتاسەرییەی ھەموو ھەرێمەکەی تەنیوەتەوە. ناڕەزایی بەرامبەر بە حوکمڕانی چەند خێزانێکی سیاسیی و ئەو نوخبە گەندەڵ و بچووکەی بەدەوریاندا دروستکراوە، ناڕەزایی لە سیستمە سیاسیی و ئابورییە قۆرخکراوەکەیان، لە سیستمە بیرۆکراسییە بەحیزبیی کراوەکەیان، لە سیستمی پەروەردە و سیستمی تەندروستیی کە لۆژیکی پارەپەیداکردن دەیانباتبەێڕوە، ناڕەزایی لە سیستمی داوەریی کە لەساتە گرنگەکاندا بۆ گرتن و ڕاونانی ئەوانە کاردەکات، کە شتێکی جیاواز لە قسەی خێزانە حوکمڕانەکان دەڵێن، ناڕەزایی لەو مۆدێلە حیزبییەی کە وایکردوە حیزب ببێت بە گەورەترین سەرمایەدار لە وڵاتەکەدا و لەزۆر سەرەوە دەوڵەمەندتر لە خودی دەوڵەت خۆیشی، ناڕەزایی  لەو ھێزە چەکدارانە کە بە ئەمری ئەم یان ئەو بەرپرسی حیزبی دەجوڵێنرێن و دەکرێن بەگژی ئەوانەدا زەوقی ئەو بەرپرسە وەک نەیار پێناسیان دەکات. خۆپیشاندان لە ھەرێمدا ئەم دۆخە پڕ قەیران و پڕکێشە و پڕمەترسییە دروستیدەکات. دەشێت ئەوانەی بانگێشەی خۆپیشاندان دەکەن گۆڕانیان بەسەردابێت، ئەمڕۆ ئەلف بێت و سبەینێ بێ، بەڵام ئەو دۆخە بونیادیی و نائینسانییەی کە بوونەوەری ناڕازیی و توڕە بەرھمدەھێنێت، نەگۆڕە و بەردەوامی ھەیە. خۆپیشاندان دیاردەیەکی بایۆلۆژیی نییە، بەڵکو دیاردەیەکی سیاسییە. ئەوەی خەڵک والێدەکات ناڕازیبن و ڕێگای جیاواز بۆ نیشاندان و دەرخستنی ئەو ناڕەزایەتییە بدۆزنەوە، پاڵنەری بایۆلۆژیی و غەریزیی نییە، بەڵکو پاڵنەری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییە. ئەو دونیایەیە کە بە تۆڕێکی گەورە لە گەندەڵیی و دزیی و جەردەیی و بە دنیایەک بڕیاری نابەرپرسیار و بە تەماحی شەخسیی و خێزانیی و بنەماڵەیی قۆرخکارانە، دروستکراوە.  ئەم دۆخە تاریکە بە ئاستێک گەیشتوە زیاد لە ٧٠ لەسەدی خەڵک بەشداری دەنگدانەکان نەکەن، کەی بۆیان بلوێت و بوێرن بچنە سەر شەقام، سەدام حسێنیان لێببێت بە ڕزگارکەر و بە کەسێکی بزانن سەدانجار لە حوکمڕانانی ئەمڕۆ باشتر.  پێویستە حوکمڕانانی ئەم ھەرێمە نەخۆشە ئەم ڕاستییە زۆر زۆر سادەیە زۆرباش بزانن: ئەوەی خەڵک بەوانەوە دەبەستێتەوە، نە ڕێز و پێزانینە، نە ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسییە، نە کۆمەڵێک پرنسیپی نیشتیمانیی و نەتەوەییە، بەڵکو ڕقە، ڕقە لە ھەموو شێوەکانیدا: ڕقی سیاسیی، ڕقی ئەخلاقیی، ڕقیی ئابوریی، ڕقیی دەزگایی، ڕقیی بنەماڵەیی، ڕقیی فیکریی. کەڵەکەبوونی ئەم ھەمو ڕقە ڕەچەتەیەکی ترسناکە بۆ تەقینەوەی گەورە و خوێناویی لە ئایندەدا.  


درەو: هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی ژمارەیەك چالاك و ئەندامی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێیان دەستگیركردووە، بە بەهانەی ئەوەی ئامادەكاری بۆ خۆپیشاندان دەكەن، كە لەلایەن جوڵانەوەی نەوەی نوێوە رێكخراوەو بڕیارە لەسەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت.   دەستگیركراوانی نەوەی نوێ: 🔹 هیمداد شاهین وتەبێژی نەوەی نوێ، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ 🔹 فاروق غەفور، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ 🔹 تەها ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ 🔹 یەعقوب كاكل ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ 🔹 ئازاد كەریم ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی نەوەی نوێ 🔹 ژمارەیەك خۆپەخشی نەوەی نوێ   بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) ئەو چالاكانەی نەوەی نوێ لەماڵەكانی خۆیان گیراون و هێزە ئەمنییەكان دەستیان بەسەر مۆبایل و كۆمپیوتەرەكانیاندا گرتووە. یەكێك لەو چالاكە سیاسیانەی كە دەستگیركراوە برای كەژاڵ ئەحمەدی شاعیرە، كەژاڵ باس لەوە دەكات كە چوونەتە سەر ماڵیان و لەبەردەم دایك و كەسوكاریدا براكەیان دەستگیركردووە تەنانەت مۆبایلەكەی ئەویش (كەژاڵ)یشیان بردووە.. تا ئێستا جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە فەرمی لە راگەیاندنەكانیەوە هیچ هەواڵ و لێدوانێكی لەسەر دەستگیركردنی ئەندامان و رێكخەرانی خۆپیشاندانەكان رانەگەیاندووە بە بەهانەی ئەوەی كە ترس لەناو خەڵكیدا بڵاونەكرێـتەوە بۆ خۆپیشاندانەكانی رۆژی شەممە.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand