شوناسی کوردیی لە قەیراندا

Draw Media

2022-06-15 19:18:57



ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

 

شوناس پەیوەندییەکی قووڵی بە دانپێدانانەوە هەیە. هیچ گەلێک کێشەی شوناسی لەگەڵ خۆیدا نییە گەر کێشەی دانپێدانانی لەلایەن حوکمرانێتییەکەوە نەبێت. هەموو کۆمەڵگایەک کێشەی شوناسی کۆمەڵایەتی و ئایینیی و کولتووریی لەناو خۆیدا هەیە، بەڵام هەموو کۆمەڵگایەک کێشەی شوناسی لەگەڵ خۆیدا نییە. تەنها ئەو گەلانە کێشەی شوناسیان لەگەڵ خۆیاندا هەیە کە بە هەر هۆیەک بێت دەسەڵاتێکی بیانیی دانیان پێدانەنێت و وەک پێکهاتێکی کۆمەڵایەتیی یان ئەتنی یاخود ئایینیی نامۆ و مەترسییدار بۆ شوناسیی نەتەوەیی دەوڵەتی نەتەوەییەکەی نماییشیدەکات. بۆ نموونە کوردبوون لە هەموو ئەو دەوڵەتانەی کوردی تێدا دەژیی، کێشەیە. کوردبوون هەم کێشەیە بۆ دەوڵەتە مەرکەزییەکان و هەم کێشەیە بۆ کورد خۆی. کوردبوون کێشەیە بۆ دەوڵەتە مەرکەزییەکان، چونکە قەیرانی بۆ چەمکی ناسیۆنالیزمی ئەو ئەتنییانە دروستکردووە کە لەسەر پرنسیپی یەک خاک، یەک نەتەوە دامەزراوە. بە بوونی شوناسی کوریی لەناو جەستەی دەوڵەتی نەتەوەیی شتێک نامێنێتەوە ناوی دەوڵەتی نەتەوەیی پاکژ بێت. بەم چەشنە هەموو ئەو دەوڵەتانەی کوردی تێدادەژی لە ڕووی کۆمەڵایەتیی و ئەتنی و کولتووریی و زمانییە دەوڵەتی هۆمۆجێن و شێلگیری نەتەوەیی نین. هەر ئەم خاڵەشە بووە بە برینێکی نەتەوەیی ناو جەستەی ناسیۆنالیزمی تورکیی و فارسیی و عەرەبیی. لەلایەکی ترەوە کوردبوون کێشەی بۆ کورد خۆشی بەرهەمهێناوە، چونکە هیچ تاکێکی کورد وەک کەسێکی هەمان خاوەن ماف و خاوەن دەسەڵات و سەروەریی تەماشاناکرێت وەک تاکێکی تورکیی یان عەرەبیی یاخود فارسیی هاوماف و ئازاد نییە. بێگومان قەیرانی شوناس لە ناوخۆی هەموو کۆمەڵگاکاندا بە شێواز و مۆدێلی جیاواز بوونی هەیە، بۆ نموونە لە ئەڵمانیا لە نێوان خۆرهەڵات و بەشە خۆرئاواکەی ئەو دەوڵەتە تاوەکو ئەم چرکەساتەش کێشەی شوناس و  ئابووریی و کولتووریی بوونی هەیە. لە ئەمریکا لە نێوان ئەفرۆئەمریکانەکانەکان و سپی پێستەکاندا بوونی هەیە. لە ئیسپانیا کێشەی شوناسی ئەتنیی نێوان دەوڵەتی مەرکەزیی و کاتالانییەکانمان هەیە، کێشەی ئیرلەندای باکوور و شانشینی یەکگرتووی بریتانیای مەزن هەم رەهەندێکی سیاسیی و هەم رەهەندێکی ئایینی هەیە. لە نوێترین نموونەشدا داننەنانی روسیای پوتین بە شوناسی نوێی ئۆکرانیا یەکێک بوو لە هۆکارەکانی ئەم جەنگە مەترسییدارەی نێوان هەردوو دەوڵەتەکە. 


لە هەرێمی کوردستانی دوای بەعسیزم جگە لە کێشە هەڵپەسراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، کێشەی ناوچەیی و ناوخۆیی قوڵمان لە نێوان یەکێتیی و پارتییدا هەیە کە جیاوازیی لە داهات و خزمەتگوزاریی و گوتارە سیاسییەکاندا بەرهەمدەهێنێت.

بەبۆچوونی من، لە مێژووی نوێی کوردییدا هیچ کاتێک هێندەی ئەم قۆناغە شوناسی کوردبوون لە قەیراندا نەبووە. کوردبوون نەک بە مانای شەڕواڵ و جامانێ، بەڵکو بەمانای خۆپێناسکردنی تاکێک یان گروپێک بە شوناشێکی کۆمەڵایەتیی ئەنترۆپۆلۆژیی کە رەهەندێکی سیاسیی، کولتووریی و مێژوویی هەیە. کوردبوون ئەمڕۆ لەنێوان چەندین ئاراستەی جیاواز و ناکۆکدا دابەشبووە، پارتی مۆدێلێکی کوردبوونی بەرهەمهێناوە کە چەقی وەلائەت تیایدا بۆ نیشتیمان نییە، بەڵکو بۆ بنەماڵە و خێزانێکی سیاسیی دیاریکراوە. بۆیە کوردبوون لای پارتی کاتێک دەبێت بە مەزایا و ئیمتیازێکی کۆمەڵایەتیی کە موریدێکی گوێڕایەڵی شێخانی ئەو خێلە سیاسییە بیت. لای یەکێتیش شوناسی کوردبوون بە یەکێتییبوونەوە تێکهەکێشکراوە و یەکێتییبونیش بە بنەماڵەی تاڵەبانیی. یەکێتییبون جگە لەوەی وەک پارتییبوون لە ڕووی جوگرافییەوە لە ناوچە و جوگرافیایەکی دیارییکراودا قەتیسماوە، جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ پرنسیپە بنەماڵەییەکانی پارتیی بۆ کوردبوونیش نەماوە. لای هێزە ئیسلامییەکانیش بە میانڕەو و توندڕە و ئیخوانیی و سەلەفییەکانەوە ئیسلامییبوون چەندین رەهەندی جیاواز و ناکۆک و دژ بەیەکی هەیە، بەڵام خاڵی بنەڕەتی نێوانیان قورئانە کە سەرچاوەی شەرع و یاسایە. کۆمەڵگای کوردیی لەمڕۆدا کێشەی شوناسی نوێی هەیە کە پارتی و یەکێتی و هێزە سیاسییەکانی تر نە لێیتێدەگەن و نە دەشیانەوێت کاری تێدابکەن، بۆ نموونە پرسی سوناس و ئینتیما لای نەوەی نوێ و پرسی جێندەر و ژینگە کە بوونەتە بەشێک لە وشیاری نەوەی تۆڕەکۆمەلایەتییەکان.

گەر شوناسی کوردیی لە دەسەڵاتدارێتی بەعسیزمدا لەژێر مەترسییەکی گەورەدا بووبێت، ئەوا شوناسی کوردیی لەژێر دەسەڵاتدارێتی کوردییدا لە قەیرانێکی گەورەدایە. لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا کۆمەڵگای کوردیی بە قۆناغی زۆر مەترسییداردا تێپەڕی و دەسەڵاتی مەرکەزیی بەردەوام کاری لەسەر دەستکارییکردن و سڕینەوە و گۆڕانی شوناسی کورد دەکرد. دوای قۆناغی دورستکردنی ناوچەی قەدەغەکراو و ڕاپێچکردنی دانیشتوانی گوندەکان بۆ ناو ئۆردوگاکان شتێک نەما بەناوی جوتیاری کورد بێت. ستراتیژی بەعسیزم زۆر ڕوون و ئاشکرا بوو، کورد تەنها کاتێک مافی مانەوەی هەیە کە نەبێت بە پێکهاتێکی سیاسیی. بۆ ئەم مەبەستەش بەعس دەستکارییەکی قووڵی شوناسە کۆمەڵایەتییە جیاجیاکانی کۆمەڵگای کوردیی دەکرد و هیچ گروپێکی کۆمەڵایەتی نەما کە بەعس دەستکاری شوناسە چینایەتییەکەی نەکردبێت. لە سەردەمی بەعسەوە تادەگاتە سەردەمی دەسەڵاتی کوردیی سیاسەتی شوناس بە دوو قۆناغی جیاوادا تێدەپەڕەت. لە کاتێکدا بەعس شوناسی جوتیاری کوردی نەهێشت و زۆرینەیانی کرد بە جاش و قاچاخچیی و بێکاری ناو ئۆردوگاکان، دەسەڵاتی کوردییش بە کردنی زۆرینەیان بە پۆلیس و پێشمەرگە و ئاساییش، رێگر بوو لە دروستکردنەوەی ئەو شوناسە کۆمەڵایتییە سروشتییە. هەردوو پرۆسەکە کوشتنی شوناسی کۆمەڵایەتیی جوتیاری کورد بوو بە مۆدێل و فۆرمی جیاواز.

گەر سەردەمانێکی دوورودرێژ مرۆڤ لەڕێگای ئایینەکەی یان مەزهەبەکەیەوە پەیوەندارێتیی (ئینتیما) بۆ گروپەکەی هەبووبێت و شانازیی پێوەکردبێت، و ئەوا لەگەڵ سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم و سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم لەڕێگای ئایدیۆلۆژیاوە شوناسی کۆمەڵایەتیی بۆ خۆی دروستدەکرد. لەمڕۆشدا زاراوەی شوناس یان سیاسەتی شوناسسازیی دابەشبووە بۆ چەندین پارچەو کەرتی جیاجیا، چونکە کۆمەڵگا خۆی دابەشبووە بەسەر چەندین کوانو و گەردیلەی کۆمەڵایەتیی. 

هەموو ئەو ئایین و ئایدیۆلۆژیا عەلمانییانەی کە هەوڵدەدەن کۆمەڵگایەکی پاکژ دروستبکەن، لەهەناوی خۆیاندا سڕینەوەی هەموو شوناسەکانی تریان هەڵگرتووە کە بە نەیار یان دوژمن یاخود نامۆ بە شوناسە پێناسکراوەکەی خۆیان دەیبینن. 

نە کوردبوون لەخودی خۆیدا شەرمە و نە عێراقییبونیش، ئەوەی وامان لێدەکات ئەم شوناسانە بە نەنگیی یان پیرۆز بزانین ئەو دیدگا ئایدیۆلۆژییانەیە کە بڕوای بە فرەیی کۆمەڵگا نییە. هەم کۆمەڵگای عێراقیی کۆمەڵگایەکی مۆزاییک ئاسایە و هەم کۆمەڵگای کوردییش فرەشوناسە. بەعسیزمیش تاکە پرۆژەیەکی سیاسیی تۆتالیتێر بوو کە هەموو شوناسە جیاوازەکانی کۆمەڵگای عێراقیی و کوردیی لەناو پرۆسەی بەعسییبووندا سڕییەوە.

زۆرینەی ئەو کێشانەی کە ئێستا کورد لەناو عێراقدا هەیەتی و عێراقیش لەگەڵ خۆیدا هەیەتی، چەندە بەرئەنجامی هێزگەلێکی نادیموکراسی و دژەفرەیی ناو جیهانی عەرەبیی و عێراقیین، ئەوەندەش بەرهەمی سیاسەتی بێشوناسی پارتیی و یەکێتیین.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand