(پژاك) له كوێی پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ریدا جێده‌گرێت؟ ئایا چه‌كدانانی (په، كه، كه) (پژاك)یش ده‌گرێته‌وه؟ بۆچی توركیا له‌مه‌ڕ (پژاك) بێده‌نگه؟

2025-05-02 10:24:21
راپۆرتی شیكاری: هێمن خۆشناو
له پرۆسه‌ی خۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و ده‌ستبه‌رداربوونی (په،كه،كه) له چه‌ك، هیچ لایه‌نێك له‌مه‌ڕ دواڕۆژو چاره‌نوسی (پژاك) به‌تایبه‌تی توركیا قسه ناكات! سه‌ره‌ڕای بێده‌نگیش پێناچێت پژاك له ئه‌جنداو ماتماتیكی ده‌وڵه‌تی توركیا، ئێران و ئه‌كته‌ره ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا نه‌بێت.
پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) كه وه‌كو باڵی پارتی كرێكارانی كوردستان (په،كه،كه)ش له ئـ‌ێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌ناسرێت له 4 نیسانی ساڵی 2004 دامه‌زراوه. ئه‌م حزبه باڵی سه‌ربازیی تایبه‌تی به‌خۆی هه‌یه‌و له‌ژێر ناوی یه‌كینه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان (یه‌ره‌كه) له چه‌ندین ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان (كوردستانی ئێران) و قه‌ندیل جموجۆڵی هه‌یه.
له‌دوای ساڵی 2004 چه‌ندین جار هێزه‌كانی ئێران و گه‌ریلاكانی پژاك روبه‌ڕووی یه‌كتربوونه‌ته‌وه، تیایدا هه‌ردوولا زیانی گیانیان به‌ركه‌وت. له هاوینی ساڵی 2011 سوپای ئێران هێزێكی زۆری به پاڵپشتی تۆپخانه‌و هه‌لیكۆپته‌ری سه‌ربازیی ئۆپاراسیۆنێكی به‌رفراوانی بۆ سه‌ر قه‌ندیل ده‌ستپێكرد، چه‌ندین گوند‌و ناوچه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆمبارانكران و سوتێندران. ئۆپراسیۆنه‌كه درێژه‌ی كێشا تا هه‌ردوولا له‌به‌رواری (29 ئه‌یلولی 2011) گه‌یشته رێككه‌وتن و ئاگربه‌ست راگه‌یه‌ندرا. له‌دوای ئه‌م به‌رواره‌ش جار جار هێزه‌كانی پژاك و ئێران به‌ره‌نگاری یه‌كتر بوونه‌ته‌وه، به‌ڵام به قه‌باره‌ی بچووك و شه‌ڕی له‌ناكاو.
پژاك كه له ئێستادا له‌لایه‌ن هاوسه‌رۆكان (ئەمیر کەریمی – پەیمان ڤیان) سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت، یه‌كێكه له ئه‌ندامانی كۆما جڤاكێن كوردستان (كه، جه، كه) كه جگه له‌م پارته چه‌ندین پارت و رێكخراوی دیكه‌ی كوردستانیش تیایدا ئه‌ندامن و (عه‌بدولڵا ئۆجالان) رێبه‌ری (په، كه، كه) وه‌كو مه‌رجه‌عی فیكری و سیاسی خۆیان ده‌بینن.
له‌دوای تێكچوونی پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد له توركیا له 22 ته‌مموزی 2015، سوپای توركیا تا ئاستێكی زۆر رێگای له په‌یوه‌ندیكردنی گه‌نجانی كورد له باكوری كوردستان به (په، كه، كه)ﻩوه گرت. ئه‌مه‌ش وایكرد رێژه‌و ژماره‌ی گه‌ریلاكانی كوردی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ناو ریزه‌كانی (په، كه، كه) به‌ره‌و هه‌ڵكشان بچێت. پێشبینی ده‌كرێت له‌ئێستادا رێژه‌ی گه‌نجانی رۆژهه‌ڵات له‌ناو كۆی سیسته‌می سه‌ربازیی (كه، جه، كه) 35٪ بێت. له‌م سۆنگه‌یه‌وه پژاك بۆته به‌شێكی گرنگ له سه‌رمایه‌ی سه‌ربازیی، سیاسیی، ئابوریی، كۆمه‌ڵایه‌تیی، رێكخراوه‌یی و دیپلۆماسیی (كه، جه، كه)و هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان ناچارن حیسابی بۆ بكه‌ن و حسابی له‌سه‌ر بكه‌ن.
ئه‌گه‌ر چی پرۆسه‌ی دیالۆگی چاره‌سه‌ری پرسی كورد له‌نێوان ئیمرالی و توركیا، كه له تشرینی یه‌كه‌می 2024 دا ده‌ستپێكراوه، خۆهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و چه‌كی دانانی (په، كه، كه) له‌خۆ ده‌گرێـت. به‌ڵام په‌یڕه‌وكردنی تاكتیكی سه‌رداپۆشین و دزه‌نه‌كردنی زانیارییه‌كان له‌مه‌ڕ پرۆسه‌كه، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به پژاك، ناچارمان ده‌كات له سۆنگه‌ی لێدوانه‌كانی پێشتری ئۆجالان خوێنده‌وه بۆ رۆڵی داهاتووی پژاك بكه‌ین.
(عه‌بدولڵا ئۆجالان) له ساڵی 2008 په‌یوه‌ست به نیگه‌رانی ئێران له كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی (په، كه، كه) له‌ناو توركیا بۆ هه‌رێمی كوردستان له رێگای پارێزه‌رانی ئاگاداری قه‌ندیل ده‌كاته‌وه تا رێوشوێنی پێویست بگرنه‌به‌ر له‌به‌رامبه‌ر ئه‌گه‌ری هه‌وڵی تێكدانی پڕۆسه‌كه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه. له ساڵی 2013شدا له‌ساته‌وه‌ختی پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ری ئۆجالان ئه‌مجاره‌ش به‌ڵام به راشكاوانه‌تر له‌باره‌ی ئێران قسه ده‌كات و پێیوایه ئێران هه‌موو كاتێك ده‌توانێ كرده‌وه‌ی چه‌كداریی دژ به توركیا ئه‌نجامبدات و دواتریش بیخاته ئه‌ستۆی (په، كه، كه)و به‌مشێوه‌یه پرۆسه‌كه له‌بار ببات. بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ندیل بتوانێ رێوشوێنی خۆی بگرێته‌به‌ر له‌به‌رامبه‌ر ئه‌گه‌رێكی له‌مشێوه‌یه‌ش ئۆجالان داوا ده‌كات:" تاكه رێگا بۆ ئه‌وه‌ی ئێران ئاسته‌نگ بكرێت، پێویسته پژاك ژماره‌ی هێزه‌كانی خۆی بگه‌ینێته 40 هه‌زار كه‌س". گرنگی ئه‌م قسه‌ی ئۆجالان رووه سیاسیه‌كه‌یه‌تی تا رووه ته‌كنیكیه‌كه‌ی. له‌هه‌مان كاتدا ئه‌م قسه‌یه بۆ دۆخی شاراوه‌ی ئه‌مڕۆ به‌رچاوروونیه‌كی هێجگار گرنگه.
فاكتێكی دیكه كه ده‌كرێت له رێگایه‌وه بزانین، ده‌وڵه‌ت و ئۆجالان به‌یه‌كه‌وه له‌باره‌ی پژاك چۆن بیر ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌م دۆخه نێوده‌وڵه‌تیه‌یه كه پێیدا تێپه‌ڕده‌بین. شه‌ڕی ئۆكرانیا، رووداوه‌كانی ناوچه‌كه له سوریا‌و لوبنان، رۆڵی ئیسرائیل له‌م پرسانه‌دا، قه‌یرانی هیندستان له‌گه‌ڵ پاكستان و رۆڵ و پلانی ئیداره‌ی ئه‌مریكا كاریگه‌ریان له‌سه‌ر یه‌كلاكردنه‌وه‌ی چاره‌نوس و ئه‌جنداكان هه‌یه سه‌باره‌ت به پژاك. ئه‌م دۆخه نێوده‌وڵه‌تییه‌ی له ئارادایه ده‌رفه‌ت بۆ توركیا ده‌ڕه‌خسێنێت تا پێگه‌و رۆڵی خۆی زیاتر بكات له‌ناوچه‌كه‌دا، له هه‌مان كاتیش‌دا روبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك دژه ده‌رفه‌تیشی ده‌كاته‌وه، ئه‌گه‌ر به‌چاوی به‌راوردكاریی سه‌یریان بكه‌ین دژه ده‌رفه‌ت له ده‌رفه‌ت بۆ توركیا زیاتره. چونكه دژه ده‌رفه‌ته‌كان له چه‌ندین لاوه توركیای خسۆته ناو به‌ره‌ی دژه هاوپه‌یمانه‌كانی له ناتۆدا.
له گفتوگۆی نێوان ئۆجالان و ده‌وڵه‌تدا، له‌سه‌ر ئه‌و هێزو توانایه رێككه‌وتن ده‌كرێت كه په‌كه‌كه له‌ناو هاوسه‌نگیه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ده‌ستیهێناوه. ئێران ركابه‌ره مێژوویی و ناوچه‌ییه‌كه‌ی توركیا، یه‌كێكه له‌و پانتایه جوگرافیایه‌ی كه (په، كه، كه - پژاك) تیایدا خاوه‌ن توانای سیاسیی، سه‌ربازیی، كۆمه‌ڵایه‌تیی و دیپلۆماسییه. له ساڵانی رابردوودا له باشوری قه‌فقاسیا به‌رژه‌وه‌ندی ئێران و توركیا به‌ره‌نگاری یه‌كتربوونه‌وه، به تایبه‌تی له پرسی ئازه‌به‌یجان – ئه‌رمه‌نستاندا. له ئێستاشدا ئه‌م بارودۆخه ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌ی ئێران تێیكه‌وتووه ده‌رفه‌تێكه بۆ توركیا بۆ ئه‌وه‌ی له گه‌ڕێكی دیكه‌ی ململانێی ناوچه‌ییدا پێگه‌ی خۆی له‌سه‌ر حسابی ئێران به‌هێزترو به‌رفراوانتر بكات. له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه رێككه‌وتنی ئۆجالان – توركیا ره‌هه‌ندێكی ئێرانیانه‌ی هه‌یه. له هه‌مان كاتدا ئه‌م ره‌هه‌نده هۆكارێكیشه كه توركیا په‌لكێشی ناو پڕۆسه‌ی دانوستان و گفتوگۆ ده‌كات له‌گه‌ڵ (په، كه، كه)و ئۆجالاندا.
له قه‌یرانه ناوچه‌یه‌كاندا له ساڵی 2011 تا 2025، ئه‌كته‌ره‌كانی ناو قه‌یرانی سوریا هه‌وڵیاندا به‌سودوه‌رگرتن له دۆخی لیبیا ئه‌جنداكانیان له سوریا رێكبخه‌نه‌وه. له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له لیبیا هه‌بووبێت، ره‌نگدانه‌وه‌ی بۆ سه‌ر سوریا دروستده‌كرد. له ئێستاشدا دیار ده‌بێت كه توركیا ده‌خوازێت له مه‌سه‌له‌ی ئێران‌دا سود له ئه‌زمونی چه‌ند ساڵه‌ی له سوریا وه‌ربگرێت و هه‌وڵده‌دات هه‌ڵه‌كانی سه‌رده‌می قه‌یرانی سوریا له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆسیه‌ی ئێران‌دا دووباره نه‌كاته‌وه.
له ساڵانی رابردوو له‌ناو ئاڵۆزییه‌كانی سوریا، كورد بووه فاكته‌ره‌ی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی هاوسه‌نگی هێز له‌م وڵاته‌دا. ده‌ستێوه‌ردانی به‌رده‌وامی توركیا له كاروباری ناوخۆیی سوریا‌و دوژمنایه‌تیكردنی كورد، بووه هۆی ئه‌وه‌ی كورد له سوریا به‌هیچ جۆرێك نه‌كه‌وێته ناو بازنه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی توركیا. هه‌روه‌ها پێشتریش له سه‌رده‌می ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌مریكا له عێراقدا، له ده‌ره‌وه‌ی ویستی توركیا كورد پێگه‌یه‌كی به‌هێزی به‌ده‌ستهێنا كه توركیا چاوه‌ڕوانی نه‌بوو. له هه‌مان كاتدا مكوڕبوونی حكومه‌تی (بنیامین نه‌تانیاهۆ) له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی گۆڕانكاری له ئێران‌دا، توركیا ناچار ده‌كات تا له گۆڕانكاریه‌كانی ئێران بێ به‌رنامه‌و پلان نه‌بێت.
ئه‌م هۆكارو فاكتانه‌ی سه‌ره‌وه پاڵ به توركیاوه ده‌نێت تا ئه‌جنداو به‌رنامه‌ی خۆی له‌مه‌ڕ ئێران به په‌له ئاماده بكات. له‌وانه‌شه هه‌ڵسوكه‌وتی به په‌له‌ی سه‌رانی توركیا بۆ ئه‌وه‌ی (په، كه، كه) كۆنگره‌ی خۆی ببه‌ستێت و بڕیاری خۆهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و دانانی چه‌ك بدات له‌مه‌وه سه‌رچاوه بگرێت. توركیا گه‌یشتووەته ئه‌و باوه‌ڕیه‌ی كه به‌بێ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ پژاك ناتوانێ له ئێران‌دا بگاته مه‌رامه‌كانی.
بۆچی توركیا پێویستی به پژاك هه‌یه؟
له ساڵی 2015 حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا)و حزبه كوردییه‌كانی دیكه له رێگای هه‌ڵمه‌تی (راسان) ویستیان رۆڵ و پێگه‌ی جارانیان له‌ناو رۆژهه‌لاتی كوردستان به‌ده‌ستبێنه‌وه، رێگا بگرن له په‌لهاویشتنی زیاتری پژاك له‌ڕووی سه‌ربازیی و جه‌ماوه‌رییه‌وه. رووداوی كوێستانه‌كانی (كێله‌شین) له ساڵی 2015و نه‌خشه‌سازی شاراوه‌ی هه‌ڵمه‌تی (راسان) ده‌وڵه‌تی توركیا بوو. میدیای سێبه‌ری (حدكا)و تاراده‌یه‌كیش (كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشان) پشتڕاستیانكرده‌وه كه توركیا له پشت ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌یان وه‌ستاوه. به‌ڵام شكستی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌و بێتوانایی حزبه كوردییه‌كانی رۆژهه‌ڵات، توركیا ناچار ده‌كات تا به‌دوای ئه‌لته‌رناتیفێكی باشتر بگه‌ڕێت كه پژاكه. به‌تایبه‌تی له‌وكاته‌دا، ئیسرائیل به ناڕاسته‌وخۆ په‌یامی به حزبه كوردییه‌كانی ئێران ناردووه كه له هاوینی ئه‌مساڵدا گۆڕانكاری به‌رفراوان له ئێران‌دا رووده‌دات و رۆڵی كوردیش له‌م گۆڕانكاریانه‌دا كاریگه‌رو یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌بێت.
توركیا چی له پژاك ده‌وێت؟
بێگومان هێشتا (په، كه، كه) كۆنگره‌ی خۆهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و چه‌كدانانی ساز نه‌كردووه، ئه‌وه‌ی دیاره له ئێستادا ئه‌م پڕۆسه‌یه گه‌یشتووەته دۆخێكی بنه‌بستبوون، كه هۆكاره‌كه‌ی ته‌واو دیارنیه، ئه‌گه‌رچی قه‌ندیل مكوڕه تا ده‌رفه‌ت به ئۆجالان نه‌درێت سه‌رپه‌رشتی كۆنگره‌ی ناوبراو بكات ئه‌وان هیچ هه‌نگاوێك نانێن.
له ئه‌گه‌ری به‌ستنی كۆنگره‌و بڕیاری وازهێنان له خه‌باتی چه‌كداریدا، هه‌موو گه‌ریلاكان چه‌ك دانانێن، به‌لانی كه‌م تا پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری به ته‌واوه‌تی ده‌گاته ئه‌نجام. زه‌حمه‌تیشه كه‌س بتوانێ هه‌مووان ناچاری چه‌كدانان و ئاوێته‌بوون له‌گه‌ڵ كاری یاساییدا بكات. له‌م سۆنگه‌یه‌وه پێویسته شوێنێك هه‌بێت ئه‌م كه‌سانه له‌خۆبگرێت، باشترین شوێنیش پلاتفۆرمی پژاك ده‌بێت تا ئه‌و كه‌سانه له‌ژێر سێبه‌ریدا بحه‌وێنه‌وه. ئه‌مه‌ش هه‌ر له‌خۆوه به‌دینایه‌ت، پێویسته رێككه‌وتنی نێوان ئۆجالان – توركیا گشتگیر بكرێت، پێویسته ئه‌و هێزه‌ی له‌ناو پژاك ده‌گیرسێته‌وه وه‌كو هێزێكی دژ به توركیا رۆڵ نه‌گێڕێت. تورك ئه‌م حسابه له‌سه‌ر پژاك ده‌كات. هه‌روه‌ها هه‌نگاوێكی به‌م شێوه‌یه رێگری له كورد ده‌كات تا نه‌چێته ناو خانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ئیسرائیل له ئه‌گه‌ری روودانی گۆڕانكاری له ئێران‌دا. توركیا به‌م پلانه ده‌خوازێت كارتی كورد له ئێران‌دا بخاته ده‌ستی خۆی. ئه‌مه‌ش به شێوه‌یه‌ك مه‌یسه‌ر ده‌بێت كه پژاك ئێنتیگره‌ی رێككه‌وتنی ئۆجالان - توركیا بكرێت. پێده‌چێت توركیا هه‌ستی به په‌یامی ئیسرائیلیه‌كان بۆ پارته كوردییه‌كانی رۆژهه‌لاتی كوردستان كردبێت، بۆیه ناخوازێ له ئێران ئه‌زموونی سوریا دووباره بكاته‌وه‌و كورد ببێته فاكته‌رێكی دژبه‌ر. له گفتوگۆیه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسێكی كوردی توركیا كه چاودێری پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ری ده‌كات پرسیارم كرد كه ئایا به‌رنامه‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ پژاك چیه؟ ناوبراو له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا ده‌ڵێـت:" توركیا چاوی لێیه پژاك رۆڵی ئوسۆ (ملیشیكانی به‌ناو سوپای نیشتیمانی سوریا) بگێڕێت له ئێران‌دا!".
ئێران ده‌سته‌وه‌ستان ناوه‌ستێت؟
له دوای ساڵی 2008 به‌دواوه، ئێرانییه‌كان هه‌ستیان به لێكه‌وته‌كانی مه‌ترسی پرۆسه‌ی ئاشتی له توركیا كردووه بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌یان. ئه‌م مه‌ترسیه‌ش له ساڵی 2013 ده‌گاته لوتكه، به‌هۆی كشاندنه‌وه‌ی گه‌ریلا له‌باكوری كوردستان بۆ ناوچه سنورییه‌كان ئێران. له هاوینی ئه‌م ساڵه‌دا له ئاستێكی باڵا ئێران له‌گه‌ڵ پارتی، یه‌كێتیی و (په، كه، كه) كۆده‌بێته‌وه. له‌م كۆبوونه‌وه‌یه ئێران به ئاشكرا نیگه‌رانی و مه‌ترسی خۆی له كۆكردنه‌وه‌ی گه‌ریلا له‌سه‌ر سنوره‌كانی به ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌وه‌كه راده‌گه‌ینێت. لایه‌نی ئێرانی له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا پرسیاری: په‌یوه‌ست به پژاك له ئه‌گه‌ری رێككه‌وتنی ئۆجالان له‌گه‌ڵ توركیا، كه‌س هه‌یه رێگا له‌و هێزه بگرێت؟ هه‌ر له‌م كۆبوونه‌وه‌یه گرژی له نێوان نوێنه‌رانی ئێران و قه‌ندیل دروست ده‌بێت. مه‌ترسی ئێران سه‌باره‌ت به پژاك هه‌ر له‌خۆوه نیه، به‌ڵكو له‌و كێشه جیۆپۆلۆتیكیه قوڵه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه له‌نێوان ئه‌م مه‌ترسیه‌ی ئێران له‌و كێشه جیۆپۆلۆتیكییه مێژوویه قوڵه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه له نێوان ته‌هران و ئه‌نقه‌ره‌دا هه‌یه وه‌كو كێشه‌یه‌كی ستراتیژیی. هه‌بوونی هێزێكی وه‌كو پژاك له ده‌ستی ئۆجالانێكی پراگماتیست زه‌مینه‌ی رێككه‌وتن خۆشتر ده‌كات له‌گه‌ڵ توركیا.
ئێران، وه‌كو ده‌وڵه‌تێكی سوپه‌ر له‌م ناوچه‌یه نه‌مومكینه دركی به‌م نیازه‌ی توركیا نه‌كردبێت. هاتنه سه‌ركاری حكومه‌تی (مه‌سعود پزیشكیان) جۆرێكه له ئاماده‌كاری بۆ به‌رگرتن له پلانه‌كانی توركیا‌و هێزه ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی دیكه. هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ریش حكومه‌تی پزیشكیان داوای له په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی كرد خوێندن به زمانه نافه‌رمییه‌كان له ئێران‌دا جێبه‌جێبكرێت كه ده‌ستوری ئێران له مادده‌ی 15 مین ئاماژه‌ی پێكردووه. هه‌رچه‌نده ئه‌م پێشنیار یاسایه له په‌رله‌مان ده‌نگی پێویستی به‌ده‌ستنه‌هێنا، به‌ڵام پزیشكیان و لایه‌نگرانی وازیان له‌م پێشنیار یاسایه نه‌هێناوه‌و ده‌خوازن له رێگای گۆڕینی ده‌قی پێشنیاره‌كه جارێكی دیكه بیگه‌ڕێنه‌وه په‌رله‌مان و ده‌نگی پێویستی بۆ كۆبكه‌نه‌وه. (فاتیمه مهاجریانی) وته‌بێژی حكومه‌تی پزیشكیان له (4 مانگی ئاداری 2025) رایگه‌یاند بۆ ئه‌وه‌ی زمانه نافارسییه‌كان به‌فه‌رمی بكرێن ئه‌وان پێشنیار یاسایه‌كیان پێشكه‌شی په‌رله‌مان كردووه. ئه‌م هه‌وڵه‌ی پزیشكیان كه له دوای پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ریی ده‌ستپێكراوه، بۆ ئه‌وه‌یه ئێران نه‌بێته تاكه ده‌وڵه‌ت له‌ناوچه‌كه كێشه‌ی له‌گه‌ڵ كورد هه‌بێت و له رێگای ئه‌م جۆره هه‌وڵانه ده‌خوازێ كارتی كورد نه‌كه‌وێته ده‌ستی توركیا وڵاتانی دیكه‌ی وه‌كو ئیسرائیل.
ئه‌گه‌ر بێت‌و پرۆسه‌ی چه‌كدادانی په‌كه‌كه‌و خۆهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌ستپێبكات و له پرۆسه‌یه‌كی سێ چوار ساڵیدا ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی كه پێویسته له ده‌ستوری توركیا ئه‌نجام بدرێت، رۆڵ و پێگه‌ی پژاك له جاران زۆر زیاتر ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر پرۆسه‌كه وه‌كو ئه‌م ساته وه‌خته به‌خاوی بمێنێته‌وه ئه‌وه پێموانیه (په، كه، كه) پردی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئـ‌ێران بڕوخێنێت.
له ئێستاشدا كه پرۆسه‌ی ئاشتیی ده‌ستپێكراوه‌ته‌وه، نامومكینه ئێران و قه‌ندیل گفتوگۆ و دانیشتنیان له‌گه‌ڵ یه‌كتر نه‌بێت، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه له‌لایه‌ك ترسی ئێرانییه‌كان بڕه‌وێندرێته‌وه، له‌لایه‌كی تر بۆ ئه‌وه‌یه ئێرانییه‌كان رێوشوێنی پێویست بگرنه‌به‌ر.
سه‌رگرتنی پلانی توركیا له‌مه‌ڕ پژاك، به‌نده به هه‌ڵوێستی قه‌ندیل! تێكچوونی په‌یوه‌ندی نێوان قه‌ندیل – ته‌هران به‌و واتایه دێت كه (په، كه، كه) هه‌موو هێلكه‌كانی خۆی بخاته سه‌په‌ته‌ی توركیاوه، كه ئه‌مه‌شیان له‌ئێستادا نا لۆژیكیه! به‌بێ هه‌بوونی گه‌ره‌نتی یاسایی و سیاسیی زه‌حمه‌ته (په، كه، كه) به‌ده‌ستی پژاك هه‌نگاوێك بنێت و به‌ره‌ی ئێران له‌خۆی تێكبدات و كێشه و قه‌یرانی نوێ بۆ خۆی دروست بكات.
