ئێران بۆ عێراق: خۆمان خزمین
.gif)
2022-06-01 07:20:23
سهردار عهزیز
لە میانەی کۆنفرانسێک لە هەولێر، پاش پێشکەشکردنی بابەتەکەم لە سەر لادەولەی عێراق، دیپلۆماتێک لە قونسوڵخانەی ئێرانی زۆر هەوڵی دەدا کە زیاتر قسەم لە گەڵدا بکات. کاتێک بۆ پشوی نیوەڕۆ ڕۆشتینە چێشتخانەکە، بەبێ ئەوەی داوەتی بکەم یان هیچ ئاماژەیەکی پێبدەم هات و داوای ئەوەی کرد کە حەز دەکات لە سەر مێزەکەمان دابنیشێت. یەکێک لە ئەو باسانەی کە وروژاندی بە سەرهاتێک بوو لە کاتی رێگریی و سنورداخستنەکەی پەتای کۆرۆنادا بوو. ئەو ووتی کاتێک کە سنورمان داخست خەڵکێکی زۆر فشاریان بۆ هێناین کە دەبێت بیکەینەوە، تەنانەت هەندێک خەڵک ئاماژەیان بە ئەوەدا کە ئەگەر نەیکەنەوە ناچارن بە قاچاخ بڕۆن. پاش ئەمە ڕستەیەکی گوت کە من بە باشی ئەو کاتە لە مەبەست و هەموو ڕەهەندەکانی تێنەگەشتم، ئەو ووتی ئێمە خزمین. منیش وەک گاڵتەپێکردنێک بە ئەوم ووتم، کەواتە بۆچی سنورەکان هەڵناگرین.
لە دانیشتنەکەدا من هێندە بە جیددی پرسی خزمبونم وەرنەگرت. وەهام بیرلێکردەوە کە بەشێکە لەو کەلتورە فارسییە ئێرانییە، کە بەردەوام قسەی زیادو خۆش و بە ویقار دەڵێت، وەک بەشێک لە ئاڵوگۆڕی مەحەبەت کە بەشێکی زۆری درۆیە. دەربرینی هەستو سۆزی زۆرو درۆکردن بەشێکی دیارو دانپیانراوی کەلتوری ئێرانییە. ڕامیتا نەڤایی کتێبێکی نوسیوە دەربارەی تاران، بە ناوی تاران شاری درۆ. کتێبەکەی رامیتا بە دێرە شیعرێکی سەعدی شیرازی دەست پێدەکات: دروغی مصلحت امیز کە راستی فیتنە انگیز. لە هەمانکاتدا جۆرێک لە کەلتوری ئێرانی هەیە کە بە تعارف ناسراوە، جۆرێک لە زیادەرۆیی و نمایش، کە لە ناوچەی سلێمانیش بە ڕونی دەیبینین کاتێک دوو کەس بە یەک دەگەن، یان کارێک دەکەن. بە زەقی لە مەرحەبایی و لای سەرتاش زۆر زەقە. هەمیشە لە سلێمانی کاتێک کەسێک لە میانەی مەرحەبایی دەست دەکات بە ڕیزکردنی کۆمەڵێک دەربڕین وەک چاوت ماچ دەکەم و قوربانت بم و جەنابتان، هەست دەکەم ئەم کەلتورە ئێرانییە لە نمایشدایە.
ئێران و عێراق دوو وڵاتی دراوسێی ئاسایی نین. لە دروستوبونی عێراقەوە ئێران کێشەی لەگەڵ عێراقدا هەبووە. ئارش رەسینزادە نامەیەکی دوکتۆرای بە کارکردن لە سەر ئەرشیفی ساواک نوسیوە، کە چۆن شای ئێران هاوکاری کوردو شیعەی کردووە، بۆ ئەوەی عێراق نەبێتە وڵاتێک کە پان-عەرەبیزم، کە خۆی لە بەعس و پاشان ئیخوانیزمدا دەبینێتەوە بە سەر وڵاتدا زاڵ نەبێت. ترسی ئێران لە پان-عەرەبیزم ترسێکی نهێنی نەبووە، چەندینجار لە ئەرشیفی سی ئای ئەیدا ئاماژەی پێدراوە. ئەم ترسە پەیوەند بە جۆری دەسەڵاتی ئێرانییەوە نیە، گەر شا لە ناسیونالیزمی پان-عەرەبیزم دەترسا، ئەمڕۆ ڕژێمێکی تایفی وەک ئێران لە سوننیگەرایی دەترسێت وەک قوڵاییەکی جیوپۆلەتیکی.
خزمبونی دوو وڵات، چەمکێکی جێگای سەرنجە. پەیوەندی وڵاتان بە گشتی لەسەر بنەمای چەمکەکانی وەک بەرژەوەندی، مەترسی، هاوپەیمانی، نەیارێتی و دوژمنایەتی داڕێژراوە. فەیلەسوفانی وەک کانت، هۆبس و بە تایبەتی لۆک لەگەڵ تیوسەدایدس زاڵن بەسەر ئەم بوارەدا. لە ساڵانی رابوردودا چەمکی هاوڕێتی نێوان وڵاتان، ووردە ووردە خەریکە بڕەو پەیدا دەکات. بۆ نمونە لەنێوان ئەمریکاو بەریتانیادا هەمیشە ئاماژە بە هاوڕێتی تایبەت دەدرێت.
هاوڕێتی و هاوپەیمانی ڕەنگە بە جۆرێک لە جۆرەکان نزیکبن لە خزمایەتییەوە، بەڵام خزمایەتی چەمکێکی جیاوازترە. لەمدواییانەدا لە زانکۆی سواس لە لەندەن ئێرانییەک بەناوی ئارشین ئەدەب-موغەدەم کتێبێکی نوسیوە بە ناوی ئێران چیە: سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی لە پێنج پارچە مۆسیقادا. لە کتێبەکەدا چاپتەرێکی هەیە بە ناوی ئیورەیشای ئێران: بەرگری یان ئیمپراتۆریەتی فارسی. چەمکی Eurasian Iran: ‘Resistance’ or a Persian Empire؟ ئیورەیشیا لای چاودێرانی سیاسی ئەمڕۆ چەمکێکی ناسراوە. دەبینی کە چۆن ململانێ هەیە لەنێوان چین و ڕوسیاو هێزەکانی تر لە ئەو ناوچەیەی کە ئاسیاو ئەوروپا بەیەکەوە دەبەستێت. لێرەدا مەبەستی ئیرەیشیایی ئەو لە فرانخوازێتی ئێرانە.
ئارشین وەک زۆر ئێرانییەکانی تر، ئێرانییەکی ناسیونالیستە. دیارە لەبەر کەمی فارس و زاڵبونی فارس بەسەر ئەوانیتردا لە پەراوێزدا، لە مێژوی نوێدا، ناسیونالیزمی فارسی باڵاترین دیدی سیاسی و فیکری بووە لەناو کەلتوری ئێرانیدا. هەرچەندە ئارشین دەیەوێت ئارگومێنتی ئەوە بونیادبنێت کە پێکەوەگرێدانی ئاینی و سیکیولاری زۆر هەیە لەنێوان خەڵکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لێرەدا باس لە جوگرافیا مردوان دەکات: گۆڕی ڕومی لە کۆنیا، (لە کاتێکدا ڕۆمی ئێرانی نیە)، بونی گۆڕی موحەمدرەزا پەهلەوی لە قاهیرە، ئایەتوڵا میرزا شیرازی سەرکردەی شۆرشی توتن لە ساڵی ١٨٩٠ لە نەجەف نێژراوە. ئەم سیاسەتی گۆڕبازییە دەپەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆماریش، عەلی شەریعەتی لە نزیک مەقامی سەیدە زەینەبە. کە بە قسەی ئارشین لەلایەن موستەفا چەمرانەوە سەردانکراوە. (جێگای باسە چەمران گرنگترین کەسە بۆ تێگەیشتن لە سیستەمی پارالیلی ئێرانی لە ناوچەکەدا، بەڵام ئەوە جێگای باسمان نیە لێرەدا).
ئاریش کە دایکی کوردەو دەچێتەوە سەر بنەچەی کەریم خانی زەندو باوکی عەرەبە، بەڵام ئێران سەنتەریزم بەسەریدا زاڵە. هەرچەندە ئەو دەیەوێت بڵێت هاوبەشی نێوان گەلانی ناوچەکە زیاترە لە هاوبەشی نێوان ئەوروپاییەکان کە توانیویانە کۆدەزگایەکی وەک یەکێتی ئەوروپا دروست بکەن.
ئەم دیدەی بەکاربردنی یەکێتی ئەوروپا لەلایەن ئەحمەد داودئۆغلۆشەوە بەکاردەبرێت بەڵام بە نیازپیسی. بەجۆرێکی جیاوازیش لای ئۆجەلان بەکاردەبرێت. بنەمای یەکێتی ئەوروپا نزیکایەکی ئەوروپییەکان نیە لە یەکتر، بەڵکو ئەو بنەما عەقلانیەیە کە چۆن بنەماکانی ئاشتی لەبەرامبەر ژمارەیەک لە شەڕی ناکۆتادا دابڕێژرێت. سەرهتای یەکێتی ئەوروپا بە ڕێککەوتنی خەڵوزو پۆڵا دەستپێدەکات، وەک دوو سەرچاوەی وزەو پیشەسازی. بەشکردنی سەرچاوەکانی وزەو پیشەسازی دەبێتە هۆکاری کەمبونەوەی دوژمنایەتی. یەکێتی ئەوروپا لەسەر ئەو بنەمایە دروست نەبووە کە هاوبەشی هەیە، بەڵکو چۆن هاوبەشی بونیادبنرێت، ئەمە هەر لە سیستەمی ئیراسمۆسی خوێندکارانەوە هەتا ئازادی جوڵەی کرێکاران و نەمانی سنورو زۆر بنەمای تر.
چەمکی خزمایەتی یان بونی هاوبەشی جیاواز لە سیاسەت و ئابوری و ئاسایشی و ئیمپراتۆری، چەمکێکی فریودەرە. چ لە دیدی دیپلۆماتە ئێرانییەکەوە، هەروەها چ لە دیدی لێکۆڵەرە ئێرانییەکەوە، هەروەها چ لە دیدی ناسیونالیستی ناسراوی ئێرانی، حەمید دەباشی، کە نوسەری کتێبی ئێرانی بێسنورە، هەموو زەمینەسازییە چ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێران یان توێژی دایاسپۆرای ئێرانی بۆ بونیادنانی خیتابێک لە دەرەوەی خیتابی پەیوەندی نێودەوڵەتی باو، لەپێناو زەمینە سازی بۆ سەنتەربونی ئێران، ئاساییکردنەوەی بوونی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە، شاردنەوەی نیەتی حەشاردراوی ڕاستەقینەی ئێرانییەکان لە مەبەستەکەیان.
خزمبونی عێراق و ئێران یانی ڕاکێشانی کوردو شیعەو تەریککردنی سوننە، ئەمە یەکێکە لە کۆڵەکەکانی سیاسەتی ئێرانی بەرامبەر عێراق. وەک موحسن میلانی ئاماژەی پێدەدات، حوکمکردنی عێراق لەلایەن شیعەوە یەکێکە لە بنەما نەگۆرەکانی سیاسەتی ئێران، وەک ئێرانییەکان خۆیان دەڵێن لە پێناو سەرهەڵنەدانەوەی دیاردەی سەدام حوسەین جارێکی تر.
خزمبون دوورخستنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانە، هەوڵدانە بۆ دروستکردنی دۆخێک کە تیایدا ئاگایی کەسەکان، یان چوارچێوەی ئاگاییان لە قاڵب بدات. وەک گیورگ لاکئۆف پێمان دەڵێت: وشەکان لە پەیوەندییان بە چوارچێوە عەقڵییەکانەوە مانا دەبەخشن. ئێرانییەکان دەزانن کە سیاسییە عێراقییەکان لە چەمکی خزمایەتی تێدەگەن، بەڵام لە چەمکەکانی تری پەیوەندی نێودەولەتی تێناگەن. خزم چوارچێوەیەکی عەقڵی داڕێژراوە، ڕەگی قوڵی هەیە لە دونیای کۆمەڵایەتی ناوچەکەدا.
