رۆژنامەیەکی بەریتانیا چیرۆکی کوژرانی کچێکی کورد بڵاودەکاتەوە

Draw Media

2020-04-03 15:42:08



(درەو):
جارێکی تر تاوانی کوژرانی کچان و ژنانی کورد لەسەر کەیسی "شەرەف" بووەوە بەمانشێتی میدیاکانی ئەوروپا.
رۆژنامەی (دەیلی مەیل ) کە یەکێکە لە رۆژنامە بەناوبانگەکانی بەریتانیا چیرۆکی کوژرانی کچێکی کوردی بەناوی (بەناز مەحمود) بڵاوکردەوە.
بەپێی راپۆرتی رۆژنامەکە، بەناز تەمەنی (۲۰ ساڵ) بووەو لەگەڵ خێزانەکەیدا لە باشوری لەندەن ژیاوەو خێزانەکەی یەکێکن لە خانەوادە دیارەکانی ناو رەوەندی کورد لەو ناوچەیە.
رۆژنامەکە باسی لەوەکردووە، بەناز لە هاوسەرەکەی جیابوەتەوە بەهۆی ئەوەی ئازاری داوەو کوڕێکی تری خۆشویستووە، ئەمە لەلایەن خێزانەکەیەوە وەکو "تاوانی شەرەف" لێکدراوەتەوە، بۆیە مەحمودی باوکی و ئاری مامی، بەنازیان کوشتووە.
بکوژەکانی دوای خنکاندنی بەناز، تەرمەکەیان لە باخی ماڵەکەیان شاردوەتەوەو پۆلیس لەچوارچێوەی لێکۆڵینەوەی گەڕانیدا بەدوای بەناز، تەرمەکەی دۆزیوەتەوە.
دوای چوار مانگ پرۆسەی دادگایی، دادگا سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر هەریەکە لە مەحمودو ئاری برایدا سەپاندووە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوەی جێگای مەترسییە، ئەم جۆرە تاوانانە کە تایبەتن بە مەسەلەی "شەرەف"، لەناو هەندێک لە توێژەکانی کۆمەڵگەی بەریتانیا دوبارەدەبنەوە، بەتایبەتی  ئەو کۆمەڵگایانەی کە باوک سالارین و پیاو تێیاندا بەشێوەیەکی ستەمکارانە حوکم دەکات و دەبێت ژنان بەبێ پرسیارکردنی فەرمانەکان جێبەجێ بکەن، بەپێچەوانە دوچاری مردن دەبنەوە لەژێرناوی "پاککردنەوەی شەرەف"دا.

ئەگەر چی رووداوەكە لە ساڵی 2006 رویداوە بەڵام ئەمرۆ بەناوبانگترین رۆژنامەی بەریتانی وەك كاریگەریترین رووداو چیرۆكەكەی گێراوەتەوەو بڵاویكردۆتەوە 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand