دیارموفتی لە شوێنی عەلی حەمە ساڵح دەچێتە بەغداد
2025-12-18 16:52:56
درەو:
ئەمڕۆ دەستەی بەڕێوەبردنی رەوتی هەڵوێست کۆبوەوەو بەپێی راگەیەندراوی رەوتی هەڵوێست لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عیراق و ناوخۆی ڕەوتەکە و هەنگاوەکانی داهاتووی تاووتوێکرا، هاوکات دەستەی بەڕێوەبردن لەگەڵ فراکسیۆنی هەڵبژێردراو بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوەوەو کاری داهاتووی فراکسیۆنەکە و ڕەوتەکە بەئامانجی بەرژەوەندی گشتی بڕیاری لەسەردرا.
بەپێی وێنەی كۆبوونەوەكە دیار موفتی كاندیدی رەوتی هەڵوێست لە هەولێر لەناو كۆبوونەوەی فراكسیۆنی هەڵبژێردراوی رەوتی هەڵوێستەو بڕیارە لە شوێنی عەلی حەمەساڵح بچێتە بەغداد.
لەو بارەیەوە عەلی حەمەساڵح بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست بە (درەو)ی راگەیاند:
ڕاستە بەرژەوەندی من بۆ پارێزپەندی و هەندێک بابەتی دیکە لەگەڵ چونمە بۆ بەغدا، بەڵام بۆ بەرژەوەندی گشتی پێموایە لە کوردستان بمێنمەوەو ئەم گۆڕەپانەی ئێرە چۆڵ نەکەم بۆ لێکۆڵینەوەو بەدواداچون و ڕێکخستنەوەو بە دامەزراوەییکردنی هەڵوێست و ئامادەکردنی دۆسیەکان بۆ ئەو هاوڕێیانەی دەچنە بەغدا، پێموایە ئەو هاوڕێیانە دەتوانن ئەوە بکەن لە بەغدا کە من دەتوانم بیکەم.
رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی لە هەڵبژاردنی 11/11/2025ی پەرلەمانی عێراق (5) كاندیدی بۆ پەرلەمانی عێراق سەركەوت و بۆ پەرلەمانی كوردستانیش (4) ئەندام و (156 هەزارو 987) دەنگی بەدەستهێناوە.
